سیاسەتی ئێران بەرامبەر هەرێمی کوردستان (ستراتیجی– هەژموون)
توێژەر: تەحسین وسو عەبدوڵڵا
پوختە
سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر کوردەکان لە عێراق، لە چوارچێوەی پەیوەندی نێوان تاران و بەغدا دیاریدەکرێت. لەساڵی ١٩٢١ دروستکردنی دەوڵەتێکی عەرەبی بەناوی عێراق لەڕوانگەی ئێران وەک هەڕەشە سەیرکراوە. لەپێناو کەمکردنەوە و ڕێگریکردنی ئەم هەڕەشەیە پشتگیریکردنی ئێران بۆ کوردەکانی عێراق دەستی پێکردووە. پرسی کورد یەكێک بووە لەو فاکتەرانەی کە ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە دیزاینکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق، وەک چون لە ڕابردوو ڕوویداوە لەئێستاشدا. لەساڵی ٢٠٠٣ ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن لەلایەن ویلایەتەیە کگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان وەک خاڵێکی هاوبەش بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق و ئێران دەبینرێت. لەبەرئەوە لە دوای کۆتاییهێنانی ڕژێمی بەعس لە عێراق، سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر هەرێمی کوردستانی عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە سیاسی، ستراتیجی و ئابوورییەکانی خۆی داڕێژراوە. لەدوای ٢٠٠٣ لە ئەگەر دروستبوونی هەڕەشە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، لەبەرامبەردا ئێران ئەو هەنگاوانەی کە گرتوویەتیەبەر هەم بۆ پاراستنی ڕژێم لەناوخۆ هەم لەسەر ئاستی ناوچەکە، بۆ ڕێگریکردن لەو هەڕەشانەی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی پلان و هەنگاوی زۆر پێویستی لەپێش گرتوون. لە لایەکەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق لە پەیوەندی بەردەوامدا بووە، لەلایەکی تریشەوە لە ڕێگەی ئەو پارت و گرووپانە کاری کردووە بۆ ئەوەی مەودای ناکۆکیەکانی نێوان لایەنەکان فراوانتر بکات لە پێناو بەرزکردنەوەی پێگە و نفوزی خۆی لە ناوچەکە. بەدەربڕینێکی تر، پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق بەسروشتی خۆی لە هەڵبەز و دابەزین دابووە، ئەم پەیوەندییانەش لەسەر بنەمای متمانە نییە، بەڵکو پشتبەستووە بە لێکدانەوەی سیاسەتی پراگماتیکی.
بەرایی
سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچیوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرامبەر کوردەکان بەپێی کات و شوێن سیاسەتێکی گۆڕاوی پەیڕەو کردووە و تا ئێستاش لەم جۆرە سیاسەتە بەردەوامە. واتە هەندێک کات ئێران لەگەڵ لەپاڵ کوردەکان بووە، بەڵام لە هەندێک کاتی تر بۆ دەورەدانی کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتانی تر چۆتە نێو ڕێککەوتن. بەشێوەیەکی گشتی لەڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی ئێرانەوە شوێنی کوردەکان وەک چۆن لە ڕابردوو خاوەنی شوێنێکی گرنگ بووە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا بەهەمان شێوە کوردەکان گرنگی ستراتیژیان هەیە بۆ ئێران. لەم ڕوویەوە بابەتی سەرەکی ئێمە کوردەکانی عێراق کە لە دوای ١٩٩١ بوون بە خاوەنی هەرێمێکی سەربەخۆ، بەناوی هەرێمی کوردستانی عێراق، هەرێمی کوردستانی عێراق هەم لەڕووی سیاسی هەم لەڕووی ئاسایش و سەقامگیری هەمیش لە ڕووی ئابوورییەوە جێگەی سەرنج و تێرامانە بۆ دەوڵەتی ئێران.
ئەگەر لە ڕوانگەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە هەرێمی کوردستانی عێراق ڕوویاندا، سەیری هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەین دەبینین تاران لە هەندێک کات بووە پاڵپشتی کوردەکان و بەکردنەوەی کونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر و سلێمانی کاریکرد بۆ پێشخستنی ئاستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق. چۆن عێراق هەموو کات وەک بەشێکی گرنگ و دانەبڕاو لە ڕوانگەی ئاسایشی نیشتیمانی ئێران هەژمارکراوە، لە دوای گۆڕانکارییەکانی (٢٠٠٣)شەوە ئێران عێراقی لە بەرژەوەندی نەتەوەی خۆی جیانەکردۆتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە ئێران لە ماوەیەکی کورت کاری کرد بۆ ئەوەی گۆڕانکاری هاوکێشەکان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆی هاوشان بکات. ئێران لەلایەکەوە دەیویست درێژە بە سیاسەتی ناسەقامگیری بدات لە عێراق، لەلایەکی تریشەوە لەگەڵ ئەم بارودۆخەش دەیویست لە ڕێگەی دروستکردنی بالانس لەنێوان شیعەکان، کوردەکان و سوننەکان لەعێراق بنەمای دەوڵەتێک بنیات بنێت کە لەژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵی خۆیدا بێت. چونکە بەپێی ڕوانگە و تێڕوانینی تاران، ئەگەر بێتوو سوننەکان و کوردەکان کە داوای دەوڵەتێکی سەربەخۆی دەکەن لەژێر کاریگەری ئەمریکا لەکۆنترۆڵ و دەسەڵاتی ئێران دەربچێت، ئەوا ئاسایش و بەرژەوەندی نیشتیمانی ئێران دەکەونە ژێر کاریگەری و هەڕەشەی جدی، سەرئەنجام کاریگەرییەکانی هەڕەشەکە دەپەڕێتەوە بۆ ناوخۆی ئێران. لەلایەکی ترەوە ئەگەر هاتوو سوننەکان لەعێراق ببن بە دەسەڵاتی یەکلاکەرەوە، ئەوا بۆ دروستکردنی سیستەمێک لە عێراق هەموو کات پێویستیان بە کوردەکان دەبێت بۆ ئەوەی ببنە هاوبەشی دەسەڵات، ئێران بۆ ئەوەی ڕێگری لەو هەڕەشانە بکات کە لە ئەنجامی ئەم دۆخە دێنە پێشەوە هەستا بەدروستکردنی پەیوەندی جۆراوجۆر لەگەڵ کوردەکان لەپێناو دەستەبەرکردنی مانەوەی پێکهاتەی شیعە لەدەسەڵات.
هەروەها پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە لە دوای ٢٠٠٣ بەتایبەت لە بوارەکانی نەوت و گازی سروشتی کە ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەم بەرەوپێشچوونە لە ڕوانگەی ئابووری ئێرانەوە کاریگەری دروست دەکات وەک هەڕەشەیەک لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئێران، چونکە هەرێمی کوردستانی عێراق وەک ئەڵتەرناتیڤی ئێران نەوت و گازی سروشتی لەڕێگەی تورکیا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا هەناردەی دەرەوە دەکات. لەنێو ئەم بارودۆخەشدا ئێران بەردەوام کاردەکات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندی بەغداوە هەرێمی کوردستانی عێراق دەورە بدات و ڕێگری لەهەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات لەبواری گەشەپێدانی ئابوورییەوە. هەروەها ئێران لەلایەکی ترەوە لە بوارەکانی پەیوەندییە دەرەکییەکان لەبەرامبەر ئەو بەرەوپێشچوونەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهاندا، بەتایبەتیش ئەو گەشەسەندنەی هەم لەنێوان هەرێمی کوردسان و تورکیا هەم لەنێوان هەرێمی کودرستان و ئەمریکا بەدی کراوە.
هەروەها ئێران ترسێکی گەورەی هەیە لەوەی مۆدێلی هەرێمی کوردستانی عێراق بگوازرێتەوە بۆ کوردەکانی نێو ئێران و کاریگەری دروست بکات لەسەر بزووتنەوەی کوردی لە ئێران. لەبەر ئەم هۆکارەش ئێران هەمیشە ئەولەویانی کارکردنی لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بارودۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئێران دەرنەچێت. ئێران بۆ دەستەبەرکردنی ئەم ئامانجە لەلایەکەوە دەیەوێت کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی بەغدا کاڵ ببنەوە (١) لەلایەکی تریشەوە ئێران کاردەکات لەسەر بەرفراوانکردنی جیاوازی و ناکۆکی نێو پارت و لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی نفوز و پێگەی خۆی زیاتر بەهێز بکات. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوەیەکی گشتی سیاسەتی ئێران لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ستراتیجیەتی تاران بەرامبەر بەغدا هەژمار دەکرێت.(٢)
لە چوارچێوەی سیاسەتی ئێران بەرامبەر هەرێمی کوردستانی عێراق دوای ٢٠٠٣، کۆمەڵێک پرسیاری لەخۆدەگرێت لەوانە؛ سیاسەتی ئێران لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان لەسەر چ بنەمایەکە، یاخود ئایا پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان پشتی بە کام پێوەر بەستووە؟ ئێران لە دوای ٢٠٠٣ بۆچی هەرێمی کوردستان هەم وەک هەڕەشە هەمیش وەک دەرفەت سەیردەکات؟ پرۆسەی ڕیفراندۆم چ کاریگەرییەکی کردە سەر سیاسەتی ئێران لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان؟ بۆچی ئێران به توندی دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو؟ بۆ شیکردنەوە و وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە چوارچێوەی باسەکانی ئەم وتارە بەم شێوەیە دەبێت. سەرەتا ڕووداوی ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق لەڕوانگەی هەرێمی کوردستان و ئێران وەک خاڵی هاوبەش شرۆڤە دەکرێت، لەم ڕوانگەیەوە ئەم بابەتە دەخرێتە بەرباس، دواتر ئێران لە دوای ٢٠٠٣ چ جۆرە سیاسەتێکی لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان گرتۆتەبەر، ئایا لەسەر چ بنەمایەک ئێران سیاسەتی خۆی ئاڕاستە کردووە، پەیوەندییەکان دەخرێنە نێو کام چوارچێوە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئەمانە ئەو پرسانەن لەچوارچێوەی ئەم توێژینەوەیە شرۆڤە دەکرێن. پاشان باس بابەتی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانە، ئایا ئێران بە چ شێوەیەک کاردانەوەی هەبوو لە بەرامبەر ئەم ڕووداوە مێژووییە، لەکۆتایی بابەتەکە ئەو دەرئەنجامانە دەخرێنەڕوو لەمیانەی باسەکان وەدەست هاتوون.
یەکەم: ڕووخانی ڕژێمی بەعس خاڵی هاوبەشی ئێران و هەرێمی کوردستان
ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەگەڕێتەوە بۆ بەرلە دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، واتە مێژووی ناکۆکی نێوان ئێران و عێراق زۆر کۆنترە لە مێژووی دەوڵەتی عێراق. بەڵام ئەم ناکۆکییانە لە دوای شۆڕشی ئێران لەساڵی ١٩٧٩ و لەهەمانکات گۆڕانکاری دەسەڵاتدارێتی لە عێراق ئاستی ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە گەیشتە لوتکە، سەرەئەنجام شەڕی هەشت ساڵەی نێوانیان سەری هەڵدا، ئەم شەڕە ناکۆکییەکانی گەیاندە ئاستێکی زۆر بەرز. بەم شێوەیە ڕژێمی بەعس لە عێراق لەڕوانگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک نەیار و دوژمێکی سەرسەخت هەژماردەکرا، ئەم ڕوانگەیەش ئێرانی گەیاندە ئەو بڕوایەی کە ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق بەر لە هەر دەوڵەتێک زۆرترین خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی دەکات، بەپێچەوانەوە مانەوە یان بەهێزبوونی ڕژێمی بەعس زۆرترین لەبەرژەوەندی و پێگەی ئێران دەکات لە ناوچەکە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو باگراوەندەی کە خرایەڕوو لە بارەی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق و تێڕوانینیان بۆ ڕژێمی بەعس لەعێراق، ڕووخانی ئەو ڕژێمە وەک خاڵی هاوبەشی نێوان هەردوولا دیاری دەکرێت. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانی زیاترە چۆنیەتی ڕووخانی ڕژێمی بەعسە، بەلای کوردەکان ڕووخانی ڕژێمەکە لەلایەن ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لێکرا، بەو مانایەی کوردەکان هیچ کێشەیەکیان نەبوو لەگەڵ ئەوەی کە ئەمریکا سەرکردایەتی پرۆسەکە بکات، چونکە ئەمە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەوان یەکتری دەگرێتەوە، بێ ئەوەی هەڕەشەیەک بێت لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەوان. بەڵام بابەتەکە بۆ ئێران پێچەوانە دەبوویەوە، چونکە ئێران لەدوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ زۆرترین ناکۆکی لەگەڵ ئەمریکا هەبووە، تەنانەت ئەمریکای وەک “شەیتانی گەورە” پێناسە کردووە، لەبەر ئەمە ئێران پێیوابوو ئەگەرچی ڕووخانی ڕژێمی بەعس مانای نەمانی دوژمنێکی هەرێمی سەرسەخت بوو، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەمریکای نەیار دەبێتە دراوسێی ئێران، ئەمەش بۆ ڕژێمی ئیسلامیی ئێران جێگەی نیگەرانی زۆر بوو، بۆیە ئێران ڕێگەی نەدا خاکەکەی بەهیج شێوەیەک بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر عێراق. ئێران ئەم هەڵوێستەی بەر لەجەنگەکە ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە بەهەموو شێوەیەک دژی هەرهێرشێکی تاک لایەنە دەبیت کە بکرێتە سەرعێراق، ئەم هەڵوێستەی ئێران لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی و دەسەڵاتدارەکانەوە دووپات کرایەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێران ئامانجی سەرەکی ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن بوو لەعێراق (٣). کەواتە دەتوانین بڵێن ئێران لەگەڵ ئەوەدا بوو ڕژێمی بەعس بڕوخێت، کوردەکانیش بەهەمان شێوە ئامانجیان لەناوبردنی سەدام حوسێن بوو، بەڵام ئێران هەڵوێستی بێلایەنی هەڵبژارد لەهێرشەکە، بەپێچەوانەوە کوردەکان پاڵپشت و هاوبەشی سەرەکی ئەمریکا و هاوپەیمانان بوون لە پرۆسەی ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس. سەرباری ئەوەی ڕووخاندنی ڕژێمی عێراق زۆرترین خزمەتی بە ئێران کرد. بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئێران ترسی هەبوو لە داهاتووی سیستەمی سیاسی لەعێراق، بۆ هەڵوێستی بێلایەنی هەڵبژارد.
بابەتی گرنگ لە پشتی ئەم هەڵوێستەی ئێران داهاتووی دەوڵەتی عێراق بوو، چونکە ئەم دەوڵەتەی دوای سەدام لەعێراق دێتە ئاراوە زۆرترین کاریگەری دەکاتە سەر ئێران. کوردەکانیش بە هەموو شێوەیەک کاریان بۆ ئەوە دەکرد کە لە داهاتووی دەوڵەتی عێراق شوێن و پێگەی بەهێز بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، لەگەڵ ئەمەشدا کاریان کرد بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بەرەوپێش بەرن، ئەمەش بەلای ئێرانەوە زۆر گرنگ و جێگەی تێڕامان بوو، چونکە بۆ ئێران بابەتی یەکگرتووی خاکی عێراق لە ئەولەویاتی ستراتیجی دابوو، بۆیە هەموو ئامرازێکی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ئەم ستراتیجیەی خۆی بەردەوامی پێ بدات.(٤) لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، ئەگەرچی ڕووخانی ڕژێمی بەعس وەک بنەمایەکی سەرەکی خاڵی هاوبەش بوو لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، بەڵام هەردوو لایەن ڕوانگەیان بۆ داهاتوو بەرەو ڕووی بەریەککەوتن دەبنەوە، بەو مانایەی ڕوانگەی هەریەکەیان بۆ داهاتوو جیاواز بوو، لەلایەکەوە بەرژەوەندییەکانی کورد و هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرژەوەندی ئەمریکا یەکدەگرێتەوە، بەڵام لەڕوانگەی ئیران ئەمە دەبێتە خاڵی بەریەککەوتن.
بەپێی توێژینەوە و تێڕوانینی پسپۆران، ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن لەعێراق وەک خاڵێکی هاوچەرخ هەژمار دەکرێت هەم بۆ ناوخۆی عێراق و هەم بۆ کۆی گشتی ناوچەکە. ئەگەر ڕووخانی ڕژێمی بەعس بۆ هەرێمی کوردستان سەرەتای دەرکەوتن بێت وەک یاریکەرێکی سەرەکی لە عێراق، بۆ ئێرانیش بەمانای جێگیرکردنی پایە سەرەکییەکانی هەژموون دێت، لە ڕووی سیاسی، سەربازی، ئابووریی و کولتوورییەوە. کەواتە لەچوارچێوەی ئەوەی لەسەرەوە باسکراوە ڕوانگەی ئێران لە بەرامبەر ئەمریکا، پێکهاتەی شیعە، بوونی هەرێمی کوردستانی عێراق و پرسی ئابوورییەوە سەرچاوەی گرتووە. بەم شێوەیە لە ژێر ڕۆشنایی ئەم فاکتەرانە دەتوانرێت خوێندنەوە بۆ هەڵوێستی ئێران بکرێت.
دووەم: هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی سیاسەتی ئیران
یەکێک لە فاکتەرە هەرە گرنگەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی دەروەی ئێران لە بەرامبەر عێراق پرسی کوردە تاڕادەی ئەوەی کە پرسی شێواز و ئاستی پەیوەندییەکان دیاری دەکات، بەو مانایەی پرسی کورد لە سیاسەتی ئێران بەرامبەر عێراق دەستنیشانی چۆنیەتی پەیوەندییەکان دەکات. بەدەربڕینێکی تر دەتوانین بڵێین بابەتی کورد لە عێراق هەم هۆکاری ئاڵۆزییە لە پەیوەندییەکانی ئێران – عێراق هەمیش هۆکاری لەیەکتر نزیکبوونەوەی ئەم دوو دەوڵەتەیە، لەمبارەوە نموونەی بەرچاو هەن لەڕابردوو، وەک ڕێککەوتنی جەزائیر، کە کوردەکانی عێراق فاکتەری سەرەکی ئەم ڕێککەوتنەی نێوانیان بووە. (٥)
لەدوای ساڵی ١٩٩١ لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی گۆڕانکاری خێرا، گەورە و کاریگەر ڕوویاندا، ئەم گۆڕانکارییانە لە ڕوانگەی دەوڵەتانی دراوسێی عێراق زۆر گرنگ بوون، بەتایبەت بۆ ئێران و تورکیا. هەروەها هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە خاوەنی شوێنێکی گرنگ و تایبەتمەندە، سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەباکوورەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، لەڕۆژهەڵات لەگەڵ ئێران، لەڕۆژئاوا لەگەڵ سووریا و لەباشووریشەوە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق هاوسنوورە، لەلایەکی تریشەوە ئەم هەرێمی ١٧٪ی عێراق پێکدێنێت. لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ هەرێمی کوردستان بووە خاوەن قەوارەیەکی یاسایی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق. (٦) لەدوای ئەمەش هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستەبەرکردنی پاڵپشتی لەبواری نێودەوڵەتی، ڕاستەوخۆ کاریگەری کردە سەر سیاسەتی دەوڵەتانی ناوچەکە، بەتایبەت ئەو دەوڵەتانەی هاوسنوورن لەگەڵ هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی پرۆژەی “هیلالی شیعی” لەچوارچێوەی سیاسەتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەنی شوێنێکی ستراتیجی زۆر گرنگە. دەوڵەتی ئێران بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی “هیلالی شیعی” و جێگیرکردنی هەرێمی کوردستان لەنێو ئەم پرۆژەیە هەموو ئامرازێک بەکاردەهێنێت. چونکە لەڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە دەکرێت هەرێمی کوردستان ببێتە لەمپەرێک لەبەردەم جێبەجێکردنی پرۆژەکە و بەیەکەوە بەستنەوەی عێراق و سووریا کە ئێران ئامانجیەتی.(٧)
جگە لەوەی هەر پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر بەشەکانی تری کوردستان. لەم ڕووەوە بەهۆی ئەوەی کوردەکانی ڕۆژهەڵات، واتە ئەو بەشەی کوردستان کە بەئێران لکێنراوە، لەڕووی سیاسییەوە دەکەونە ژێر کاریگەرییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە هەمیشە ئێران بەچاوێکی ئەمنی، سیاسی و ستراتیجییەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکات. ئێران بۆ لێدان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردەکانی ڕۆژهەڵات دەیەوێت لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە ئەم ستراتیجەی جێبەجێ بکات و ڕێگری لە بەرفراوانبوونی کاریگەری بزووتنەوە کوردی لەنێو خۆی ئێران بکات.
سێیەم: بنەماکانی سیاسەتی تاران بەرامبەر هەرێمی کوردستان
پەیوەندی نێوان هەولێر و تاران بە چەندین قۆناغی گرنگ و هەستیاردا تێپەڕیوە. لەڕاستیدا سیاسەتی ئێران بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەشێكە لە سیاسەت و بەرنامەکەی بەرامبەر عێراق و ناوچەكە. (٨) لەم چوارچێوەیەدا، لە هەندێك قۆناغدا پەیوەندییەكانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە ئاستێكی باشدا بوون، بەتایبەت لەسەرەتای گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە عێراقدا، ئەو كاتە هێزە شيعەكانی هاوپەیمانی ئێران زۆر پێویستییان بە كورد هەبوو، ئێرانیش لەڕێگەی كوردەوە هەوڵیدەدا پێگەی شیعەكان لە عێراقدا بەهێز بكات. بەڵام، لەگەڵ بەهێزبوونی پێگەی شیعەكان لە بەغدا و دروستبوونی ناكۆكی نێوان بەغدا و هەولێر، پەیوەندییەكانی ئێران و هەرێمی کوردستانیش بەرەو گرژی و ئاڵۆزی زیاتر ڕۆیشت، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران توانی لە ڕێگەی هێزە هاوپەیمانەكانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق تاڕادەیەكی زۆر كۆنترۆڵ بكات. (٩)
ئێران سیاسەتێکی ڕیالیستی لە بەرامبەر کوردەکانی عێراق پەیڕەو دەکرد لەقۆناغی بەر لە ڕووخانی سیستەمی سیاسی عێراق، هەروەها ئێران لە داهاتووی دەوڵەتی عێراقیش لە ڕۆڵ و پێگەی کورد تێگەیشتبوو، بۆیە بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە، بەجۆرێک لە چوارچێوەی ستراتیجیەتی خۆی بۆ عێراق کوردەکان خاوەن گرنگیەکی تایبەت بوون. لەم بارەوە لەسەردانێکی جەلال تاڵەبانی بۆ تاران مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٣ بەر لە ڕووخانی ڕژێمی سەدام، لەمیانەی سەردانەکەیدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران کۆبوونەوەی ئەنجامدا لەبارەی داهاتووی سیستەمی سیاسی لەعێراق و چونیەتی دووبارە داڕشتنەوەی بنەماکانی دەوڵەتی عێراق، لەمیانەی ئەو سەردانەدا تاران بەڵێنی بەردەوامبوونی پشتگیری بۆ کوردەکان لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق دووپات کردەوە. (١٠)
لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپ و زیادبوونی ناكۆكی و ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران، هەرێمی كوردستان زیاتر كەوتە ژێر هەڕەشە و هێرشەكانی میلیشیا شیعەكان و ئێران، لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا بەردەوام بە موشەك و درۆن پەلاماری كوردستان دەدرێت. بۆ یەكەمجار لە 8 كانوونی دووەمی 2020 ئێران بە موشەكی بالیستی ڕاستەوخۆ هەرێمی كوردستانی(بنكەی سەربازی هەریری) بە ئامانج گرت، ئەم كردەوە سەربازییەی ئێران لە دەرئەنجامی كوشتنی قاسم سولەیمانی بوو وەکو کاردانەوەیەک دژی ئەمریكا لە عێراق. لە 13 ئاداری 2022 بۆ جارێكی دیكە ئێران بە 12 موشەكی بالیستی ماڵی شێخ باز سەرمایەدار و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كار گرووپی كردە ئامانج.(١١) دیسان، لە 30 دیسەمبەری 2023، میلیشیا شیعەكان بە درۆن هێرشیان كردە سەر بنكەیەكی هێزی پێشمەرگە لە پیرمام، هەروەها لە 15 كانوونی دووەمی 2024، بە 11 موشەكی بالیستی هەولێر و ماڵی سەرمایەداری كورد پێشڕەو دزەییان كردە ئامانج. ئەمە بەدەر لەوەی كە ئێران و گرووپە پرۆكسییەكانی بە دەیان جار بنكەكانی پارتە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات و بنكەی سەربازی هەریر و فڕۆكەخانەی هەولێریان بە بیانوی لێدان لە هێزەكانی ئەمریكا بە موشەك و درۆن بە ئامانج گرتووە. (١٢)
لەڕاستیدا، زیادبوون و توندبوونەوەی هێرشی درۆنی میلیشیا شیعەكان و هێرشە ڕاستەوخۆكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان زۆر هۆكار و فاكتەری لە پشتەوەیە كە گرنگترینەکانیان ئەمانەن:
- ئێران، هەرێمی كوردستان بە تایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان بە یەكێك لە مەترسییەكان دەبینێت لەسەر بەرنامەو ئەجێنداكانی لە عێراقدا، کە لە ئێستادا ئێران تاڕادەیەكی زۆر توانیویەتی هەژموونی خۆی بە سەر لایەنە شيعەكاندا بسەپێنێت. بەتایبەت دوایدەرپەڕاندنی سەدر لە پرۆسەی سیاسی، تەنانەت ئێران تاڕادەیەك توانیویەتی لە ڕێگەی هێزە چەكدارە پرۆكسییەكانی دەست بە سەر ناوچە سوننەنشینەكانیشدا بگرێت. تاكە ناوچە كە بە تەواوەتی لە ژێر كۆنترۆلی ئێراندا نییە هەرێمی كوردستانە و بەتایبەتیش ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی، بۆیە ئێران بە هەموو شێوەیەك هەوڵدەدات دەسەڵاتی خۆی بە سەر ئەو ناوچەیەشدا بسەپێنێت. ئەویش هەم لەڕێگەی لاوازكردنی پارتی و هەم دروستكردنی بەدیلێك لە هەرێمی كوردستان كە سەربە تاران بێت. لە ڕاستیدا، ئێران بەوە ڕازی نییە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوچەكە سیاسەتێكی هاوسەنگ لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە پراكتیزە بكات و تاران نایەوێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بكات. ئێران بەردەوامە لە دژایەتیكردن و گوشار خستنەسەر هەرێمی كوردستان چ بە شێوەی ڕاستەوخۆ بێت یان لە ڕێگەی هاوپەیمانەكانییەوە بێت، بێگومان ئەمەش ئەو خاڵە دەسەلمێنێت كە ئێران ئاستی داواكاری و خواستەكانی زیاترە لەوەی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بكات. بەڵكو ئەوەی تاران مەبەستیەتی ئەوەیە كە دەیەوێت هەرێمی کوردستان بكاتە هێزێكی پرۆكسی لە ناوچەكەدا، هاوشێوەی ئەو هێزانەی كە لە عێراق ،سووریا، یەمەن و لوبنان دروستی کردوون. (١٣)
- ئێران بەردەوام ترسی لەوە هەیە هەرێمی كوردستان ببێتە ناوەندێك بۆ تێكچوون یان لێدان لە بەرنامە و سیاسەتەكانی لە عێراقدا، ترسی لە دروستبوونی هاوپەیمانی پارتی لەگەڵ هێزە سوننەكان و هێزە شيعەكاندا هەیە بەتایبەت ئەوانەی لە ئێران دوورن. لە دوای هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری 2021 و دروستكردنی هاوپەیمانی سێقۆڵی نێوان پارتی، سەدر و سوننەكان، ئێران بە تەواوەتی گوشارەكانی لەسەر پارتی توند كردووە و ئەم هەنگاوەی پارتی بە لێدانی ڕاستەوخۆ لە پێگە و بەرژەوەندییەكانی لێكداوەتەوە. بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هاوپەیمانییەکی هاوشێوە، سیاسەت و بەرنامەی ئێران ئەوەیە هەم لە ناو سوننەكان و هەم لە ناو كوردەكاندا زیاتر پاڵپشتی هاوپەیمانەكانی بكات و لە پێگەی نەیارەكانی بدات. ئێستا لەناو سوننەكان ئێران زۆر بە چڕی كار بۆ لێدان لە پێگەی حەلبوسی و پارتەكەی دەکات. لادانی حەلبوسیش لەسەرۆكایەتی پەرلەمان بەشێک بوو لەم گەمە سیاسییە. بەهەمان شێوەش، لە هەرێمی کوردستان، ئێران زۆر بە چڕی كاردەكات تاکو ئەو هێزە كوردییانەی كە لە ئێران نزیكن ببنە دەسەڵاتدار. (١٤)
- ئێران نەك هەر لەگەڵ ئەوە نییە هەرێمی کوردستان تاڕادەیەك سەربەخۆ بێت یان سیاسەتێكی هاوسەنگ لەسەر ئاستی ناوچەكە پراكتیزە بكات، بەڵكو دەیەوێت هەرێمی کوردستان بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان لە توركیا، دەوڵەتە عەرەبییەكان و ئەمریكا دوور بخاتەوە، بەو واتایەی ئێران لەو پەیوەندییەی كە حكومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ توركیا و دەوڵەتانی عەرەبی و ئەمریكا هەیەتی زۆر نیگەرانەو دەیەوێت عێراق و لە نێویشیدا هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی ئێراندا هەڵسوكەت بكات. ئێران توانیویەتی لەسەر ئاستی عێراق ئەم ئامانجە بپێکێت، لە ژێر كاریگەری ئێراندا، عێراق تائێستا نەیتوانیوە سیاسەتێكی هاوسەنگ لەگەڵ توركیا و دەوڵەتانی عەرەبی پراكتیزە بكات و پەیوەندییەكانی بەرەوە پێشەوە ببات.
- لێدان لە پێگەی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش سێكتەری نەوت و گاز هۆكارێكی دیكەی گوشارەكانی ئێرانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان. ئێران نەك هەر لەگەڵ ئەوەدا نییە هەرێمی كوردستان هەرێمێكی سەقامگیر و بەهێز بێت، بەڵكو بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات لە پێگەی هەرێمی کوردستان بدات بەتایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە، ئێران نیگەرانە لە هەوڵەكانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە ئەكتەرێكی گرنگ لەسەر ئاستی ناوچەكە بە تایبەت لە ڕووی وزەوە. بەتایبەت کە ماوەیەكە هەرێمی کوردستان هەوڵەكانی چڕ كردوەتەوە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی و پەرە بە كەرتی وزە بە تایبەتیش گاز بدات، بۆ ئەوەی بتوانێت لە داهاتوویەکی نزیكدا گاز هەناردەی دەرەوە بكات، كە ئەمەش دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگی داهات بۆ هەرێمی کوردستان. لەم ڕووەوە، هێرشەكانی ئێران بۆ لێدان لە ماڵی سەرمایەداری کورد شێخ باز یەكێك لە پەیامەكانی ئەوە بوو كە ئێران ڕێگە نادات هەرێمی کوردستان ببێتە ئەڵتەرناتیڤی گازە سروشتییەكەی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە. بە هەمان ئاڕاستەش ئێران كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر بڕیاری دادگەی فيدڕاڵی بۆ هەڵوەشاندنی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان. (١٥)
- ئێران لە ڕێگەی گوشار دروستكردن، ھەوڵدەدات ھەرێم لە پرس و مەلەفی ھێزەكانی كوردی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی زیاتر سازش بۆ ئێران بكات هەم بە چەككردنیان و هەم دوورخستنەوەیان لە سنوورەكان یان لە هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی هێزەكانی موجاهیدین لە عێراق کە لە ساڵی 2016 وەدەرنران. (١٦) هەر بۆ ئەم مەبەستە ئێران لە مانگی ئاداری 2023 ڕێككەوتنێكی ئەمنی سێقۆڵی لەگەڵ هەولێر و بەغدا واژوو كرد بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان و دوورخستنەوەی هێزە كوردییەكان لە سنوورەكان، بەڵام دیارە ئێران لەوەش زیاتر داوای ڕادەستكردنی سەركردەكانیان و دەركردنیان بە تەواوەتی لە كوردستان دەکات. هەروەها خاڵێكی دیكەش كە بۆ ئێران زۆر گرنگە ئەوەیە هەرێمی كوردستان نەبێتە ناوەندێك بۆ ورووژاندنی كوردەكانی ئێران بۆ ئەوەی داوای مافەكانی خۆیان بكەن، بەتایبەت، دوای كوشتنی ژینا ئەمینی، و بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئێران و لە ناوچە كوردییەكان، ئێران هەرێمی کوردستان و گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆنی كوردی تۆمەتبار كرد بەوەی دەستیان لە خۆپیشاندانەكان هەیە هەر بەو بیانوەش بەموشەك بارەگاكانی كوردەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی بۆردوومان كرد.(١٧)
تاران بۆ گوشارخستەنە سەر هەرێمی کوردستان چەندین ئامرازی جۆراوجۆرە بەکاردەهێنێت لەوانە؛
- وەشاندنی گورزی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هێرشە موشەکییەکانەوە بەتایبەت بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان. تاران چەندین جار ئەم هێرشانەی ئەنجامداوە.
- لە دۆسیە گرنگ و هەستیارەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە جیگەی ناکۆکین، تاران بە تەواوی بەو ئاڕاستەیە کار دەکات کە ئەم دۆسیانە وەک کارتێکی فشار لە دژی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت.
- بەکارهێنانی دادگای باڵای فیدڕاڵی لە عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان کە ئێران ڕۆڵێکی باڵای هەیە لە دەرکردنی هەموو ئەو بڕیارانەی لەدژی هەرێمی کوردستان دەرکراون.
- جگە لەو هێرشە موشەکیانەی لە نێو خاکی ئێرانە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، تاران بەردەوام لە ڕێگەی هێرشی درۆنی گرووپە چەکدار و میلیشیانی عێراقەوە گوشاری زیاتر بخاتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ناچاری بکات ببێتە بەشێک لە ستراتیجییەتی تاران لە عێراق و ناوچەکە.
- هەروەها تاران یەكێکی دیکە لە ئامرازەکانی گوشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی هەندێک لە هێزە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە یارمەتی ڕاستەوخۆیان دەدات بۆ ئەوەی پێچەوانەی سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێم ڕەفتار بکەن.
چوارەم: سیاسەتی تاران لە هەمبەر ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان
سێ ڕۆژی دوای دەرکردنی بڕیاری ڕیفراندۆم واتە ١٠ حوزەیرانی ٢٠١٧ ئێران لەسەر ئاستی وهزارهتی دهرهوهی ههڵوێستی وڵاتهكهی لهبارهی ڕیفراندۆمی ههرێمی كوردستان ڕاگهیاند و گوتی: “ههڵوێستی بنهڕهتی و ڕوونی كۆماری ئیسلامیی ئێران، پشتگیریکردنە لە یهكپارچهیی خاکی عێراق. ههرێمی كوردستان بهشێكه له دەوڵەتی عێراق و بڕیاری تاكلایهنه و له دهرهوهی ڕێسا و چوارچێوه نیشتمانی و یاساییهكان، بهتایبهتی دهستووری عێراق، ئهویش له دۆخی ئاڵۆزی ئێستای عێراق و ناوچهكه و پلانی ناحهزان بۆ بهردهوامیی ناسهقامگیری له عێراقدا، تهنیا درێژه به دروستبوونی كێشهی نوێ لهو وڵاته دهدات”. ههروهها لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژه بەوەش کرا كه: “عێراقێكی یهكپارچه، سهقامگیر و دیموكراسی، گهرهنتیی بهرژهوهندییهكانی ههموو پێكهاته نهتهوهیی و مهزههبییهكانی دهكات. ئهمڕۆ عێراق زیاتر له ههموو كاتێكی دیكه پێویستیی به ئارامی و یهكێتیی نیشتمانی ههیه و، ناكۆكییهكانی ههولێر و بهغدا، دهبێت له چوارچێوهی گفتوگۆ و لێكتێگهیشتنی نیشتمانی و دهستووریی عێراقدا چارهسهر بكرێن”. (١٨)
دژایەتی هەڵوێستی ئێران لەبەرامبەر ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم دەتوانین لە چوارچێوەی ئەم هۆکارانە شرۆڤە بکرێت : (١٩)
- دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لە هەرێمی کوردستانی عێراق ڕاستەوخۆ کاریگەری پۆزەتیڤی دەبێت لەسەر کوردەکانی ئێران، ئەم ڕیفراندۆمە چالاکییە جوداخوازییەکانی کورد لە دژی دەوڵەت بەرەو قۆناغێک دەبات کە ڕاستەوخۆ یەکگرتووی خاکی وڵات دەخاتە مەترسیەوە.
- پشتگیریکردن و هەڵوێستی پۆزەتیڤی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم لەڕوانگەی ئێرانەوە وەک هەڕەشەیەکی گەورە لێکدرایەوە، تاران پێیوابوو بوونی دەوڵەتێکی هاوسنوور کە پشتگیری بکرێت لەلایەن ئیسرائیلەوە گەورەترین تەحەدیە لەبەرامبەر ئاسایش و بەرژەوەندی نەتەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چونکە ئێران به هۆی سروشتی سیستهمی سیاسی و ستراتیژیی ناوچهیییەکەی، دژایهتییهكی زۆری لهگهڵ ئیسڕائیل ههیه. ههروهها مەترسی تری تاران ئهوهیه، كه ئیسڕائیل سهرچاوهكانی وزهی كوردستان له پاڵ كارتی “ئاو” له ململانێ ناوچهیییهكاندا بۆ وڵاتانی نهیاری خۆی بهكار بهێنێت. له لایهكی تریشهوه لەڕوانگەی تارانەوە، ئیسڕائیل دهتوانێت له ڕێگهی هاوپهیمانێتی لهگهڵ دهوڵهتی سەربەخۆی كوردستان هاوكێشهی ستراتیژیی سێگۆشهی “سووریا، ئێران و عێراق” له دژی خۆی پووچهڵ بكاتهوه.
- دەوڵەتی ئێران لەلایەکەوە ترسی ئهوهی ههیه كه دهوڵهتێكی كورد-سوننه له سنوورهكانی دروست ببێت كه پهیوهندییهكی پتهوی لهگهڵ سعوودیا و وڵاتانی دیكهی عهرهبیدا ههیه. لەلایەکی تریشەوە بوونی پێگەی سەربازیی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لەسەرووی هەمووشیانەوە بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەتوانرێت هەم چالاکییەکانی ئێران لەناوچەکە سنووردار بکات هەمیش گوشاری زیاتر بخاتە سەر ڕژێمی سیاسی ئێران، لێرهوه ستراتیژییەکانی ئێران لەسەر ئاستی ناوچەکە بەرەو ڕووی بەربەست و ڕێگری گەورە دەبێتەوە.
- ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق، لەهەمانکاتدا کاردەکاتە تێڕوانینی پێکهاتەکانی تریش بەتایبەت سوننەکان، هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە ئەم بابەتە کاریگەری ئەمەش بکاتە سەر تەواوی نەخشەی سیاسی ناوچەکە، ئەمەش پێگە و نفوزی ئێران لەعێراق لاواز بکات، بۆیە زۆر بەتوندی دژی پرۆسەکە وەستایەوە.
- هەروەها ئەگەر لەئەنجامی ڕیفراندۆم دەوڵەتێکی کوردی بێته ئاراوە، هۆی جیاوازی و ناكۆكییهكانی توركیا و ئێران، ئهگهری ئهوه ههیه كه له داهاتوودا ئەم دەوڵەتە پهیوهندیی لەگەڵ تورکیا دروست بکات له بوارهكانی سیاسی و ئابووری و سهربازیی و ئاسایشییەوە ئهمهیش لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تاران یەکناگرێتەوە.
ئێران زۆر کەناڵی دبلۆماسی بەکارهێنا بۆ ئەوەی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان پاشگەز بێتەوە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەتایبەتی سولەیمانی چەندین جار لەگەڵ پارت، کەسایەتی و گرووپی جیاجیا کۆبوونەوەی ئەنجامدا ، تەنانەت لەگەڵ بەڕیز مەسعود بارزانیش کۆبوونەوەی ئەنجامدا و هەڵوێستی وڵاتەی لەدژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە ئاشکرا ڕاگەیاندبوو. هەروەها قاسم سولەیمانی بەڵێنیدا ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان پاشگەزبێتەوە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئەوا تاران ئاسانکاری دەستەبەر دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی بەغدا.(٢٠)
سەرباری هەموو ئەو هەڕەشە و فشارانەی ئێران بەکاریهێنا بۆ پاشگەزبوونەوە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەڵام سەرکردایەتی سیاسی بڕیارەکەی لەوادەی دیاریکراودا واتە لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ ئەنجامدا و لە ٩٢٪ی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە”بەڵێ” دەنگی لەسەردا. ئێران ئەم ڕیفراندۆمەی هەرێمی کوردستانی بە هەڵەیەکی گەورە وەسفکرد و ڕایگەیاند هەڵسوکەوت لەگەڵ دەرئەنجامەکەی ناکات. ئێران ڕایگەیاند لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بەغدا کاردەکەن بۆ گرتنەبەر ڕێگەی پێویست لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان. لەم ڕوویەوە هێڵی فڕۆکەوانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان وەستێنرا، دەروازە سنوورییەکان داخران و بازرگانی بە بەرهەمە نەوتییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان قەدەغەکرد. هەروەها لەلایەکەوە بابەتی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان تورکیا و عێراقیش هاتە ڕۆژەڤەوە، لەلایەکی تریشەوە تاران و ئەنقەرەش گفتوگۆیان لەسەر ئاستی باڵا دەست پێکرد بۆ هەماهەنگی نێوانیان لەبارەی کاردانەوەیان لەبەرامبەر ڕیفراندۆم. لەم ڕوانگەیەوە لە٤ی ئۆکتۆبەر ساڵی ٢٠١٧ لە تاران کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆک کۆماری ئێران ئەنجامدرا، لە کۆبوونەوەکە خەجت لەسەر دژایەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و کارنەکردن بە دەرئەنجامەکەی کرایەوە. (٢١) ئێران وەک کاردانەوە لەبەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەڵسا بە ڕێککەوتن لە نێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراق و بەشێک لە هێزە کوردییەکان بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر هەرێمی کوردستان، سەرەتا لە ناوچەکانی کەرکوکەوە دەستیان پێکرد، لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ هێرشەکانیان دەستپێکرد، لەئەنجامدا هەموو ئەو ناوچانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەئەنجامی شەڕی داعش کۆنتڕۆڵی کردبوون خرانەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی. سەرباری هەڵوێستی توندی ئێران و هەموو ئەو ڕێکارانەی ئێران لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان لەدوای ڕیفراندۆم گرتیەبەر بەڵام تاران نەیدەویست پەیوەندییەکانی بەتەواوی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بپچڕێنێت.
تاران، لەماوەیەکی کەم دوای ڕێفراندۆم دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە و پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر ئاسایی بوونەوە. لەم ڕوانگەیەوە لە ٢١ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ سەرۆک وەزیرانی پێشووی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و جێگرەکەی قوباد تاڵەبانی سەردانی تارانیان کرد و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆککۆماری ئێران حەسەن ڕۆحانی و سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەی ئێران کوبوونەوەیان ئەنجامدا، لەمیانەی کۆبوونەوەکانیاندا بابەتەکانی ڕێزگرتن لە یەکپارچەیی و یەکگرتووی خاکی عێراق، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ و پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان تاران و هەولێر جەختی لەسەرکرایەوە. پاشان دەسەڵاتدارانی تاران دووپاتیان کردەوە کە ڕۆڵی نێوەندگیری دەگێڕن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو لەبارەی کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ. هەروەها لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٨ لە چاوپێکەوتنێکی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەو کاتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مۆنیتۆردا ڕەخنەی سەرنجی خستەسەر گرنگی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران، نەنانەت ڕایگەیاند لەپێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە ئامادەیی دەربڕی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ ئێران. لەلایەکی تریشەوە لە ٢-٣ی ئایاری ساڵی ٢٠١٨ چوارەمین کۆنفرانسی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران لەهەولێر، لەمیانەی ئەو کۆنفرانسەدا دەسەڵاتداران چاویان بە مەسعوود بارزانی کەوت و گفتوگۆ ئاڵوگۆڕ کرا لەبارەی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان تاران هەولێر، دوای ئەمەش ئاستی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ڕووی لەهەڵکشان کرد. دوای کرانەوەی دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئێران هەرێمی کوردستان و ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان تاران و هەولێر گرنگی هەرێمی کوردستان لەڕوانگەی ئێرانەوە ڕووی لە هەڵکشان کرد. لەچاوپێکەوتنێکی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەتاران نازم دەباغ لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکادا جەختی لەسەر زیاتر بەرەوپێشچوونی پەیوەندی هەرێم لەگەڵ تاران کرد و ئەم پەیوەندییانەش لەگەڵ حکومەتی عێراق بەیەکەوە بەردەوامی پێدەدرێت. هاوکات لەگەڵ ئەمەش تا ڕادەیەک پەیوەندی ئێران لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە بەراورد لەگەڵ پێشووتر بەرەو باشتر هەنگاوی نا، چونکە زۆربەی جومگە هەستیارەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ئاڕاستە دەکرێن. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەڵوێستی گرووپ و لایەنە شیعەکانیش لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردابێت بە بەراوورد لەگەڵ پێشووتر. لەم بارەوە مەسعوود بارزانی لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ سەردانی بەغدای کرد و گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی داهاتووی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی بەغدا کراو.(٢٢) دەکرێن ئەمە وەک دەرئەنجامی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر لێکدانەوەی بۆ بکرێت.
دەرئەنجام
بەشێوەیەکی گشتی سیاسەتی ئێران لەبەرامبەر کوردەکانی عێراق/ هەرێمی کوردستانی پێویستە لەچوارچێوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق شرۆڤە بکرێت، هەرچۆنێک بێت پرسی کورد لە عێراق یەکێک لەفاکتەرە هەرە گرنگ و کاریگەرەکانی دیزاین کردن و شێوە پێدانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتەیە، بەدرێژایی مێژوو دەوڵەتی ئێران مەسەلەی کوردی وەک کارتێکی سیاسی لەبەرامبەر عێراق بەکارهێناوە. لەپاش دەستوەردانی سەربازی ئەمریکا لەعێراق سیاسەتی ئێران لەبەرامبەر هەرێمی کوردستانی عێراق یاخود پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر لەسەر بنەمای سەربازیی و ئابووری بووە، لەوەی لەسەر بنەمای سیاسی و دبلۆماسی بێت. بەمانایەکی تر، جۆری پەیوەندی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر لەڕەهەندی ئەمنی و ئابوورییەوە سەرچاوەی گرتووە نەک ڕەهەندی سیاسی، هەروەها وەها دەردەکەوێت لەم پەیوەندییەدا واتە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران فاکتەری زاڵ دەوڵەتی ئێرانە.
ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق لەساڵی ٢٠٠٣ هەم بۆ ئێران هەمیش بۆ هەرێمی کوردستان وەک خاڵی وەرچەرخان دادەنرێت، لەبەرئەوە دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان لەدوای ٢٠٠٣ چووە نێو قۆناغێکی نوێ هەم لەناوخۆی هەم لەسەر ئاستی عێراق هەمیش لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهانیدا، لەم بارودۆخەشدا هەرێمی کوردستان لەڕوانگەی ئێرانەوە بوونە جێگەی سەرنج، لەبەرامبەر ئەمەشدا ئێران لە قۆناغی دوای نەمانی ڕژێمی بەعس بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی پێشوو بەهێزترەوە خزایە نێو هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە بواری هەواڵگری، سەربازیی، کولتووری و ئابوورییەوە. ئەگەر ئێران تا ئەم سەردەمە کوردەکانی عێراقی لەڕوانگەی ئاسایش و سیاسەتی هەرێمی وەک دەرفەت ببینێت، ئەوا لەقۆناغی دوای ٢٠٠٣ هەرێمی کوردستان بۆ ئێران وەک فاکتەری هەڕەشە و دڵگرانییش هەژماردەکرێت. لەم ڕوویەوە گۆڕانکاری و پێشڤەچوونەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بووە جێگەی سەرنج و تێڕامانی ئێران، ئێرانیش کاردەکات بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانکاری و گەشەسەندنانە هاوشان بکات لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆی لەناوچەکە. بەگوزارشتێکی تر، ئێران گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستانی لەقۆناغی دوای ٢٠٠٣ لە عێراق وەک مەترسی و هەڕەشە دەبینی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی، لەهەمانکاتدا پەیوەندی دروستکرد لەگەڵ هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانیش بەردەوامن و ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو فراوانبوون دەچن. چونکە ئێران وەها بیر دەکاتەوە بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە هاوکێشەکان دەستەبەر بکات و ڕێگری بکات لە ترس و هەڕەشەکان دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە پێویست دەزانێت. لەسەر ئەم بنەمایەش ئێران لە دوای ٢٠٠٣ هەریەکە لەشارەکانی هەولێر و سلێمانی کۆنسوڵخانەی خۆی کردەوە.
پەراوێزەکان
- رەحیم، پ. (ئەیلول، ٢٠١٦)، “ستراتیژیەتی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانی عێراق”، پێنوس، https://shorturl.at/nwC27 . (ڕێککەوتی سەردان ١/٤/٢٠٢٤).
- هیتوتی، ن. (٢٠٢٤). ئێران و هەرێمی کوردستان: پەیوەندی دۆستانە یان بوون بە هێزێکی پڕۆکسی؟، ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕوداو، https://shorturl.at/bszG2 (ڕێککەوتی سەردان ٢/٤/٢٠٢٤).
- Wsu Abdullah, T. (2018), İran’ın Irak’taki Kullandığı Siyasi Araçlar; (2003’ten Günümüze), (Yayınlamamış Yüksek Lisans Tez), Gazi Üniversitesi, Ankara, S 53.
- Arıkan, P. (2006) . “ABD’nin Irak Müdahalesi ve İran’ın Tutumu”. Şahin, M. ve Taştekin, M. (Editörler). Körfez Savaşı, Ankara. Platin Yayınları, S 168.
- Keneş, B. (2012). İran: Tehdit Mi, Fırsat Mı?. (2. Baskı). İstanbul: Timaş Yayınları, 260.
- غەفور، ع. (٢٠٠٥). جوگرافیای کوردستان، هەولیر، دەزگای ئاراس، ل١٤.
- Semin, A. (Ağustos, 2015). “Kuzey Irak’taki Başkanlık Krizi, IŞİD ve İran”, BİLGESEM Analiz, (1238), S 6.
- Tok, L. (Ekim, 2015). “İran’ın Kuzey Irak Politikası /İran ve Iraklı Kürtler”, ÜMRAN Derneği, https://shorturl.at/beAIS (Erişim tarihi 1/4/2024).
- Demir, D. (Şubat, 2017). “ABD’nin Irak’ı İşgaline Kadar Kuzey Irak’taki Kürt Varlığı ve İran’ın Bölgesel Güvenlik Politikası”. KAFKASAM, https://shorturl.at/euyG0 / (Erişim tarihi 1/4/2024).
- حەمەکەریم، ا. (٢٠١٣). پەیوەندییە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ١٩٩١ – ٢٠٠٣ (ئێران، تورکیا و سووریا)، تاران: چاپخانەی تاران، ل١١٨.
- Ahmed, Z. and Shukri, N. (2023). What Do Iran’s Protests Mean for Iraq and the Kurdistan Region? Briefly Analysis, Washington Institute. https://shorturl.at/dnqwy (Visit data: 3.4.2024).
- Kurdistan 24). (2020) https://shorturl.at/lnFRT , Rudaw (2024). https://shorturl.at/bpDQZ , (Visit data:2.4.2024).
- هیتوتی، ن. سەرچاوەی پێشوو.
- هیتوتی، ن. (٢٠٢٢). ستراتیژیی ئێران بۆ لێكترازاندنی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی. ویبسایتی پێنووس. https://shorturl.at/fhEGP (ڕێککەوتی سەردان ٤/٤/٢٠٢٤).
- Chalak, Ch. (2022). PUK will obstruct KRG plans to export natural gas if process is not transparent: co-chair, RUDAW, https://rb.gy/m090zk (Visit data: 4.4.2024).
- Zaman, A. (2013). Iran renews ultimatum for Iraq to disarm Kurdish opposition groups, Al-Monitor, https://rb.gy/cscck3 (Visit data: 4.4.2024).
- Ahmed, Z. and Shukri, N. , ibid.
- ڕەحیم، پ. (تەموزی ٢٠١٧)، “ئێران و پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان”، وێبسایتی پێنووس. https://rb.gy/k8slsv (ڕێککەوتی سەردان ٤/٤/٢٠٢٤).
- Azad, H. (December 2019). “Geçmişten Günümüze İran’ın Kürtleriyle İlişkileri ve Bağımsız Referandumuna Yaklaşımı”, Bölgesel Çalışmalar Dergisi, 2(3), S 177.
- Al-Abyad, S. (2017). “Kurdish Referendum Between Turkish Threat and Iranian Caution”. https://rb.gy/uidmem (visit data: 4/4/2024)
- موحەمەد، ه. (٢٠١٧). “کورد و دراوسێکانی”، ناوەندی کوردستان بۆتوێزینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان، http://www.kurdistanc.com (ڕۆژی سەردان ١/٤/٢٠٢٠).
- Azad, a.g.m, S 178-179.