سیاسەتی ئێران لە ئاسیای ناوەڕاست لەسەردەمی حەسەن ڕۆحانیدا (٢٠١٣-٢٠١٧)
تەحسین وسو عەبدوڵڵا
خوێندكاری دكتۆرا لە زانستە سیاسییەكان
پوختە
لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سۆڤیەت لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، ئێران پێویستی بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێ نوێیەکانی هەبوو بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەکانی. لەم ڕوانگەیەوە تاران، کاری کرد لەسەر سیاسەتێکی دەرەکی پراگماتیکی سەربەخۆ لە “ناسنامەی شۆڕشگێڕانەی” خۆی لەم ناوچەیەدا، بۆ ئەوەی وەڵامی کاردانەوەکان بداتەوە بەرامبەر بە شوناسی شۆڕشگێڕی- پێداچوونەوەخوازی خۆی لە ئاسیای ناوەڕاستدا. ئەم ستراتیژەی سیاسەتی دەرەوە لە بنەڕەتدا؛ ئامانجی سنووردارکردنی دەستێوەردانەکانی ڕۆژئاوایە لە ناوچەکە، هەروەها ناوچەکەش تاران وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراوی یەکسان لەگەڵ ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی دیکە. ئێران بە گرتنەبەری ڕۆڵی ناوبژیوان لە ململانێکانی ناوچەییدا هەوڵی داوە وێنەی خۆی لە چاوی وڵاتانی ناوچەکەدا بگۆڕێت.
تێڕوانین بۆ “نا دڵنیایی” و “دەوردان” کە لەگەڵ دەستێوەردانی ئەفغانستاندا سەریهەڵدا، وەک فاکتەری کاریگەر لە پێداچوونەوەی ئێران بە ستراتیژییە ناوچەییەکانیدا، ئێران بە ئامانجی شکاندنی گۆشەگیریی سیاسی لە چوارچێوەی ڕێکخراوە ناوچەییەکان، ئامانجی زیادکردنی یەکگرتنی ناوچەیی و چوونە ناو پەیوەندییە بازرگانییە چالاکترەکانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا.
وشە سەرەکییەکان: ئاسیای ناوەڕاست، سیاسەتی دەرەوە، ئاسایش، ستراتیژی نوێی هەرێمایەتیکردن.
بەرایی
ئێران پەیوەندی مێژوویی و فەرهەنگی لەگەڵ دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست هەیە، ئەمەش بنەمایەکی بەهێز بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەستەبەر دەکات. ئێران جگە لە پەیوەندی مێژوویی و فەرهەنگی، هەڵکەوتەکەی لە گۆڕەپانی نێوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست، ئەو سوودە جوگرافییەی هەیە کە نزیکە لە زۆرێک لە یەدەگی وزە ناسراوەکانی جیهان، وەک نەوت و گازی سروشتی.
لەم چوارچێوەیەشدا، ئەوەی بەدی دەکرێت ئەوەیە کە ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە قازانجەکانی، هەوڵ دەدات کایەی نفوز لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست زیاد بکات لە دوای ڕووخانی سۆڤیەت، بە تایبەتیش ئامانجی ئایدۆلۆژیای ئیسلامیی بکاتە بەشێک لە سیاسەتی دامەزراندنی پێگە و نفوزی خۆی لە ناوچەکەدا.
ئەگەرچی سۆڤیەت کۆمەڵگەکانی ئاسیای ناوەڕاستی گۆڕی بوو بۆ کۆمەڵگەی سێکۆڵار و مۆدێرن، ئەمەش بەهۆی بوونی درێژخایەنی لە ناوچەکە و کۆنترۆڵی بەهێزی حکومەت بەسەر دامەزراوە ئایینییەکان و کۆمەڵگە و تاکەکاندا. ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدا کە دیدگای وڵاتانی ناوچەکە بەرامبەر ئێران دەگۆڕێت بۆ ئاڕاستەیەکی نەرێنی، هەڵوێستێکی نائارامیش لە بەرامبەر دەستپێشخەرییەکانی ئێران بەرامبەر بە ناوچەکە دروست دەکات.
تاران بە بەدیهێنانی پێکهاتەی عەلمانی نوخبەی سیاسی لە دەوڵەتە نوێیەکاندا هەوڵیدا سیاسەتی دەرەوەی ئەولەویەتی ئایینی و سیاسی خۆی بەرامبەر بە ئاسیای ناوەڕاست کەم بکاتەوە. هەر بەم هۆیەشەوە ئێران دەیەوێت دەستپێشخەرییەکانی لە سەرانسەری ناوچەکەدا بە سیاسەتێکی دەرەکی پراگماتیک زیاتر بکات نەک سیاسەتێکی دەرەوەی شۆڕشگێڕانە. بەکارنەهێنانی ئیسلام و شۆڕشی ئێران وەک فاکتەرێکی شەرعیەتدان لە ناوچەکەدا، دواجار تێگەیشتنی هەڕەشەی لەناو وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست کەم کردەوە.
بە درککردن بە پۆتانسێلی داینامیکییەت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، ستراتیژی بنەڕەتی ئێران لەو بارەیەوە ئەوەیە؛ جەختکردنەوە لە سیاسەتی دەرەوەدا، بە دەگمەن باسی هەناردەکردنی شۆڕشی بۆ ناوچەکە دەکرد، بە کورتی، سیاسەتێکی دەرەکی پراگماتیکی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوچەکەدا گرتەبەر؛ سەرەڕای ئەوەش، بە جەختکردنەوە لەسەر پەیوەندییە کولتووری و زمانەوانییەکان ، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا بە هەمان قەبارە، کردۆتە ئەولەویەتی ستراتیژییەتی خۆی.
ئەم پەیپەرە بەدوای وەڵامی چەند پرسیارێکدا دەگەڕێت، لەوانە؛ چاوەڕوانییەکانی ئێران لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست لە ئاستی سیاسیدا چییە؟ هەروەها، چۆن فاکتەرە جیهانییەکان و ڕێبازە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا ستراتیژی ئێران بەرامبەر بە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست دادەڕێژن.
زیادبوونی نیگەرانییە ئەمنییەکان سەبارەت بە ئاسیای ناوەڕاست، بە تایبەت لەگەڵ داگیرکارییەکانی ئێران بۆ سەر ئەفغانستان و بەرژەوەندی سیاسی و ئابووریی زلهێزە جیهانییەکانی وەک ئەمریکا و چین لە ناوچەکەدا، ستراتیجی ئێرانی بەرامبەر ناوچەکەی گۆڕیوە. لە چوارچێوەی ستراتیژی نوێدا، لێکۆڵینەوەکە بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا دەگەڕێت کە ئێران چۆن مانا بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەستەبەر دەکات و لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا دەتوانێت چی بەدەستبهێنێت. وێڕای تاوتوێکردنی ستراتیژییەکانی ئێران بەرامبەر بە ئاسیای ناوەڕاست، تا چەند پراکتیزەکردنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی دیکەی بەرژەوەندخوازی ناوچەکە ڕێگری لە ستراتیژییەکانی ئێران دەکەن، ئەمەش لەژێر ناونیشانی فاکتەرە جیهانییەکاندا ڕوون دەکرێتەوە.
تەوەری یەکەم: تاران و ستراتیژییەتی ناوچەیی لە ئاسیای ناوەڕاست
ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراون لەلایەن دەوڵەتانی ڕۆژئاواوە لەسەرووی هەموویانەوە ئەمریکا، تاران دەیەوێت لە ڕێگەی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییە جۆراوجۆرەکانییەوە لەسەر ئاستی هەرێمیی ئەو کاریگەرییانە کەم بکاتەوە کە لە دەرەنجامی سزاکانەوە لەسەری کەوتوون. ئاسیای ناوەڕاست بۆ ئێران یەکێکە لە ناوچە گرنگەکانی لە ڕووی ستراتیژییەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە خۆی بخزێنێتە نێو یارییە جیهانییەکان لە ناوچەکەدا. بە کورتی دەتوانین بڵێین ئێران “ئەڵقەی ونبووی گرنگە لە یەکگرتنی ناوچەییدا. هەرچەندە ئێران لە ڕاستیدا توانیویەتی پەیوەندییەکانی کاریگەریی درێژخایەن و شەراکەتی پراگماتیک لەگەڵ دراوسێکانی دابمەزرێنێت، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بە هۆی ترسی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست نەیتوانیوە سیاسەتێکی کاریگەر لە سەر وڵاتانی ناوچەکە پەیڕەو بکات ، کە پێیان وایە تاران پشتیوانی لە پەرەپێدانی “ئیسلامی سیاسی” لە ناوچەکەدا دەکات(١).
بە پەیڕەوکردنی سیاسەتە کاریگەرەکانی ڕووسیا لە ناوچەکەدا، واتە چالاکییەکانی وەک (چاکسازیی زمان، چاکسازی لە پەروەردە، سەرکوتکردنی دامودەزگا ئیسلامییەکان) بەتایبەت لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتی جاران هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت پایەکانی هەژموونی خۆی لە ڕووی کولتووری و ئایینییەوە لەوێ دابکوتێت، ئەمەش لە ڕێگەی دروستکردنی پیاوانی ئایینی مسوڵمان و ناسنامەی ماکرۆی نەتەوەیی سۆسیالیستی، ئاسیای ناوەڕاست بەقەد مسوڵمانانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قبوڵکردنی ئیسلامی سیاسییان نەدەبوو و بەمجۆرە تاران نەیدەتوانی ڕادیکالیزمی ئیسلامی لە ناوچەکەدا پێشبخات”(٢).
لەگەڵ داڕمانی سۆڤیەت، دیمەنی جیۆپۆلەتیکی لە قۆناغی جەنگی سارددا گۆڕانی بەسەردا هات و بەمجۆرە، پێویست بوو پێش بە ئەگەری تەشەنەکردنی بیرۆکەی شۆڕشگێڕانەی ئێران بۆ ئاسیای ناوەڕاست و قەفقاز بگیرێت.
دەبینرێت ئەو وڵاتانەی پەیوەندییان لەگەڵ ناوچەکە هەیە، دەیانەوێت لە قۆناغی نوێدا جێگەی خۆیان بۆ خۆیان بەدەستبهێنن(٣). ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێران بەبێ ململانێ ناتوانێت سەرکەوتنێک لە ناوچەکەدا بەدەست بهێنێت.
لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا، سەرەڕای سەدەیەک لە نزیکیی کولتووری، ئێران بیرۆکەیەکی ڕوونی نەبوو کە دەیەوێت لە ئاسیای ناوەڕاست چی بکات. ئەوەی کە کێشەی سەرەکی ئێران بوو بریتیبوو لە باشترکردنی دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کە لە شەڕی عێراقدا بەجێماوە، ئەمەش وایکرد کە تاران نەتوانێت ئاسیای ناوەڕاست وەک بوارێکی ئەولەویەت ببینێت. هەر بەو هۆیەشەوە کەمال خەرازی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران تەنها لە ساڵی ٢٠٠١دا ڕایگەیاند کە ناوچەکە یەکێکە لە ئەولەویەتەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران(٤).
لە کاتێکدا وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بوونی ئێرانیان بە سەرنجڕاکێش زانی لە پێناو کەمکردنەوەی نفوزی ئێستای ڕووسیا و زیادکردنی فرەچەشنی ئابووری، هەوڵیاندا وریا بن لە دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمێکی ئیسلامیدا. جگە لەوەش، ڕەنگە حکومەتەکانی ناوچەکە ڕووبەڕووی فشارەکانی ئەمریکا ببنەوە، کە هەوڵدەدات ڕێگری لە ئێران بکات بە زلهێزێکی ناوچەیی.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە کاریگەری لەسەر ستراتیژییەکانی ئاسیای ناوەڕاستی ئێران هەیە، تێگەیشتنی ئێرانە وەک دەوڵەتێکی ئیسلامی، بەتایبەتی وەک وڵاتێک کە خاوەنی ئایدۆلۆژیای شۆڕشگێڕی/پێداچوونەوەگەرایی ناسەقامگیرکەر و هەڕەشەئامێز لەلایەن کۆمەڵێک ئەکتەری ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوەیە. هەروەها تێڕوانینی سازکراوەگەرایی/کۆنستراتیڤیزم بۆ ئێران لە دیاریکەرە سەرەتاییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە، پێش هەموو شتێک، وێڕای داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی خۆی بەرامبەر بە ئاسیای ناوەڕاست، ئێران ئاگاداری سنوورداربوونی خۆی بوو لە هەناردەکردنی مۆدێلی “شۆڕشگێڕی” خۆی لەسەر ئاستی ناوچەکەدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش جەختی لەسەر پەیوەندییە کولتوورییەکان و مۆدێرنیزاسیۆن دەکردەوە، نەک لایەنی سیاسیی شوناسی ئیسلامی-مەزهەبگەرایی/شیعەگەرایی(٥). تاران لەو بڕوایەدابوو کە جەختکردنەوە لەسەر “ئیسلامی کولتووری”، لەگەڵ پەیوەندییە کولتوورییە دوورەکان لە پەیوەندییە سیاسییەکان، دڵەڕاوکێی دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست کەم بکاتەوە و ئێران وەک هێزێکی ناوازە بۆ نزیکبوونەوە لەسەر ئاستی ناوچەکە بەد دەکرێت(٦). هەروەها، سیاسەتی ئێرانی ئاسیای ناوەڕاست جەختی لەسەر ئاسایش دەکردەوە. بنەمای ئەم نیگەرانیانە، ململانێی نەتەوەیی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، شەڕی ناوخۆی تاجیکستان و کێشە ئەمنییەکان بوو کە لە ئەفغانستانەوە سەریان هەڵدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە لەم ڕوانگەیەوە دەست بکەین بە ئاوڕدانەوە لەو ستراتیژانەی کە ئێران لە بەرامبەر ئەو کێشانە بەرهەمی هێناوە و ئاستەنگ یان دەرفەتەکان لەسەر ئاستی جیهانی(٧).
یەکەم ئەزموونی ئێران کە توانای جێبەجێکردنی پراگماتیزمی لە پێش ئایدۆلۆژیای ئیسلامی لە کۆمارە نوێیەکاندا نیشان دا، هەوڵی ناوبژیوانی ئاشتی نێوان ئەرمەنستانی مەسیحی و ئازەربایجانی مسوڵمان بوو لە ناکۆکیەکانیان لەسەر قەرەباغ. ئەم دۆخە پەیوەندی بە نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێرانیشەوە هەبوو، چونکە سەرکەوتنی هەر لایەک وێنەیەکی نەرێنی بۆ ئێران دەکێشێت(٨).
ئێران و ئەرمینیا لە سەردەمی سۆڤیەتەوە پەیوەندییەکی دۆستانەی نافەرمییان هەبووە. گرنگترین هۆکاری ئەمەش بوونی دانیشتووانی ئەرمەنییەکی زۆری ئێرانە (بە پێی سەرچاوە بەردەستەکان مەزەندە دەکرێت لە نێوان یەک ملیۆن و نیو بۆ دوو ملیۆن کەس) کە زۆربەیان لە پارێزگای ئازەربایجانی تاران و ئیسفەهان(٩). ڕاستەوخۆ دوای جەنگی جیهانی دووەم، بەشێکی زۆر لە ئەرمەنییەکانی ئێران بەرەو یەکێتی سۆڤیەت ڕۆیشتن، بەڵام ئەم گرووپە بەردەوام بوون لە سەردانی ئێران و پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ کەسوکاریان لە ئێران، بە سیاسەتی فەرمی ئێران هاندانی ئەو جۆرە سەردان و پەیوەندییانە، هەردوو وڵات لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین ڕێککەوتنی بازرگانی و ئابوورییان واژۆ کردووە. بەڵام کاتێک سەیری دەکرێت، بە ئاشکرا ئەوە بەدی دەکرێت کە پەیوەندییە بازرگانییەکان گرنگترە؛ ئێران و ئەرمینیا بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی هاوبەشیان لە ئاسیای ناوەڕاستدا پاراست و هەردووکیان هەوڵیاندا کەمترین کاریگەریی سیاسی تورکیا لە ناوچەکەدا، بە تایبەت لە کۆماری ئازەربایجاندا کەم بکەنەوە(١٠).
ئێران نیگەران بوو لەوەی تورکیا بتوانێت نەتەوەی تورک لە کۆماری ئازەربایجان بۆ زیانگەیاندن بە ئێران کەڵک وەربگرێت. بۆیە بینینی ئەوەی کە ئێران نفوزی سیاسی تورکیا لە ئاستێکی نزمدا دەهێڵێتەوە، بووەتە یەکێک لە توخمە جەوهەرییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران. لە کۆتایی وتووێژەکاندا داوای لە هەردوو ئازەربایجان و ئەرمینیا کرد کە بە دانوستان ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن و ڕێگە نەدەن ڕکابەرییە نەتەوەییەکانیان ناسەقامگیری ناوچەکە تێکبدات.
ئەو ڕاستییەی کە گۆڕینی نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە ئایدۆلۆژیای شۆڕشگێڕانەی ئێران بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست ئاسان نابێت، بووژانەوەی ئیسلامیی لەگەڵ ئێران لە شەڕی ناوخۆی تاجیکستاندا زیاتر دەرکەوتووە. بەڵام تاران هەمیشە ڕەتیدەکاتەوە هیچ ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆی لە شەڕی چەکداری تاجیکستان هەبێت و بانگەشەی ئەوە دەکات کە شەڕی ناوخۆی نێوان خێڵە ناوچەییەکانە و شەڕێکی پیرۆز نییە بەناوی ئیسلامەوە و ڕۆڵی نێوەندگیری لە شەڕەکەدا بینیووە(١١). بەم هەڵوێستە نێوەندگیرییە دەکرێ بڵێین ئێران هەوڵ دەدات هەڵوێستی لایەنگری ئاشتەوایی پیشان بدات نەک شۆڕش بۆ ناوچەکە هەناردە بکات. لە مانگی ئابی ساڵی 1995، ئیماملی ڕەحمانۆڤ، سەرۆک وەزیرانی تاجیکستان و عەبدوڵڵا نوری، ڕێبەری بزووتنەوەی ئیسلامی تاجیکستان بانگهێشتی تاران کران و بە یاوەری ڕەفسەنجانی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە، نەک لە ڕێگەی شەڕی چەکدارییەوە(١٢). بڕیاری تاران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕە ناوخۆییەکان و جەنگ، ڕۆڵی بنیاتنەری لە خێراکردنی پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی لە تاجیکستان بووەتە هۆی ئەوەی ئێران ناوبانگی نێوەندگیری ڕاستگۆ و وڵاتێکی دۆست بەدەستبهێنێت.
تاران جگە لە ستراتیژییەکانی، نەیدەویست دەستوەردان لە سوننیزمی تەقلیدی گەلانی ئەفغانستان و ئاسیای ناوەڕاست بکات، بەڵکو هەڵوێستی توندی خۆی لە بارەی بڵاوبوونەوەی سەلەفیزم پاراست، کە بە تەعریبکردنێکی ئایدیۆلۆژیی دەیزانی کە زیانی بۆ هاوسەنگییە ناوچەییەکان هەبوو(١٣).
لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ئێران لەسەر بنەمای پەیوەندییە ئەمنییەکان لە دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست نزیکتر بووەوە؛ چونکە ئەم دەوڵەتانە کەمتر پشتیان بە پشتیوانی سەربازی ڕووسیا بەست و هەوڵیان دا هێزی سەربازی خۆیان دابمەزرێنن. سەرەڕای ئەمەش هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ زیادکردنی نفوزی خۆی لە ناوچەکە و دواتر شەڕی ئەفغانستان کێشەیەکی نوێی بۆ ڕۆڵی ئێران لە ئاسیای ناوەڕاست دروست کردووە. بۆ ئێران ئەمە بەو مانایەیە کە زلهێزێکی نوێی دەرەکی بەرەو بوارێک پێشڕەوی دەکات کە ئێران کاریگەریی ستراتیجی و ئیعتباریی پەرەپێداوە.
بۆ دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست، هەڵکەوتەی جوگرافیای ئێران ڕۆڵێکی گرنگی لە گەشەسەندنی ئابوورییەکانیاندا هەبوو. ئێران هەوڵیداوە ئەم دۆخە بکاتە دەرفەتێک بە دەستپێشخەری جۆراوجۆر، بەتایبەتی بە واژۆکردنی چەندین گرێبەستی بۆری گازی سروشتی بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئێرانەوە لە ئاسیای ناوەڕاست هەناردە بکرێت بۆ ئەورووپا. سیاسەتمەدارانی ئێران جگە لەم سوودە جوگرافییە، لێکچوونە کولتوورییەکانی ناوچەکە و ئێرانیان وەک هۆکارێک هێناوەتەوە بۆ ویستی خۆیان بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی نزیکی ئابووری(١٤).
تەوەری دووەم: کاریگەری فاکتەرە جیهانییەکان
سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەرامبەر بە ناوچەکە هاوکاتە لەگەڵ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، گرنگی بە پەرەپێدانی ستراتیژی نوێ دەدات لە دژی ململانێی ڕووسیا، ئەمریکا، چین و تورکیا بۆ کاریگەری لە ناوچەکەدا. ئێران لە کاتێکدا لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا هەوڵ دەدات بۆ گۆڕینی ئەو وێنە شۆڕشگێڕە- پێداچوونەوەگەراییەی کە لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەجێی هێشتووە و بۆ پەرەپێدانی ستراتیژی ئەڵتەرناتیڤ بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە پێکهاتەی نێودەوڵەتیدا، هاوکات هەوڵدەدات بە ئەندامێتی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەکەدا کاریگەر بێت، وەک ئەندام بوون لە (ڕێکخراوی هاریکاری ئابووری Economic Cooperation Organization “ECO”، کۆمیتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئاسیا و زەریای هێمن Economic and Social Commission for Asia and the Pacific ” ESCAP”) و چوونە ناو ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای (Shanghai Cooperation Organization ” SCO “) وەک ئەندامێکی چاودێر(١٥).
لە دوای هەڵوەشاندنەوەی سۆڤیەتەکانەوە، مۆسکۆ هەوڵی داوە بەردەوام بێت لە ڕۆڵی پێشەنگی دەسەڵات لە خاکەکانی سۆڤیەتی پێشوودا. ڕووسیا هەوڵیدا سیاسەتی ئەڵتەرناتیڤ دابڕێژێت بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە هاتنە ناوەوەی زلهێزەکانی دیکە بۆ ناوچەکە بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی دەسەڵات کە ڕاستەوخۆ دوای داڕمانەکە سەریهەڵدا. وەک لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا هاتووە، پەرەپێدانی هاوکاریی دوولایەنە و فرەلایەنە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە بەستێن و پەیوندی قووڵیان هەیە لەگەڵ مۆسکۆ، بووەتە ئاڕاستەیەکی ئەولەویەتی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا. ڕووسیا کە نزیکبوونەوەی ئێران لە ناوچەکە بە مەترسیدار بۆ خۆی دەزانێت، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئێران بە بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانی شۆڕشی ئیسلامیی بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و پارەدارکردنی ناسیۆنالیزمی ناوخۆیی، پشتیوانی لە بزووتنەوە ئایینییەکان دەکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە نفوزی خۆی لە قەفقاز و ئاسیای ناوەڕاستدا بڵاوبکاتەوە. لە ڕوانگەی مۆسکۆ ئەم ئاڕاستەیە لە سیاسەت و ستراتیجیەتی تاران زیان بە پێگە و نفوزی خۆی دەگەیەنێت.
لەگەڵ هەڵوێستی ئێران لە شەڕی ناوخۆی تاجیکستان کە پێشتر باسمان کرد، کە لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستی کرد ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆئەوەی تاران وەک هاوبەشێکی یارمەتیدەر نەک وەک هەڕەشەیەکی ئایدیۆلۆژی سەیر بکرێت. مۆسکۆ ڕایگەیاندووە کە سیاسەتی ئێران بۆ پرسە ناوچەییەکان هاوشێوەی ئاڕاستەی سیاسەتەکانی ڕووسیایە؛ تاران وەک هاوبەشێکی گرنگ بۆ ئاسیای ناوەڕاست و حەوزی خەزەر دەبینێت. لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ئێران لە دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست نزیکتر بووەوە، بەو پێیەی وڵاتانی ناوچەکە کەمتر پشتیان بە ڕووسیا و پاڵپشتییەکانی دەبەست. لە لایەکی دیکەوە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ڕووسیا و ئێران بە هۆی پێکهاتە ئابوورییەکانیان کە لەسەر بنەمای هەناردەکردنی وزە و لێکچوونەکانی ئەو کاڵایانە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەرەکی دەکەن، ناکۆکییان هەیە. پێدەچێت کێبڕکێی نێوان هەردوو وڵات لەسەر ڕێگەکانی گواستنەوە و بازاڕەکان کە ڕاستەوخۆ دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاستیش دەگرێتەوە، لەگەڵ هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران زیاتر بەدی کراوە(١٦).
ئەمریکا کە لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ئاسیای ناوەڕاست، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لەگەڵ ناوچەکە پەرەپێداوە، بۆ سنووردارکردن و هاوسەنگکردنی کاریگەرییەکانی ئێران، چالاکییەکانی لە ناوچەکەدا بەردەوام بووە. لە لایەکی دیکەوە ئێران، هاوکارییە سەربازی-تەکنیکییەکانی ئەمریکا لەگەڵ دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست و جموجۆڵە ناوچەییەکانی ناتۆ و خواستی جیهانیی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردن و زاڵبوون بەسەر هەرێمی خەزەر وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ گەمارۆدان و گۆشەگیرکردنی ئێران دەبینێت(١٧). لە ماوەی پێش ١١ی سێپتەمبەردا، گەمارۆ ئابوورییە جۆراوجۆرەکانی ئەمریکا و سنووردارکردنی دارایی لە دژی ئێران، کاریگەریی خوازراویان نەبوو. لەسەر ئاستی ناوچەیی، میلیتاریزەکردنی هەرێمی خەزەر و خێراکردنی پێشبڕکێی چەک، وڵاتانی خەزەری گەیاندووەتە لێواری شەڕی “سەرچاوە”، کە لە ژێر کاریگەری کێبڕکێی ئەمریکا و ڕووسیا لە بواری سەرچاوەکانی وزەدا بوون(١٨). هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر و دەستێوەردانەکانی دواتر لە ئەفغانستان بووە هۆی تێکچوونی ژینگەی ئەمنی ئێران لە ئاسیای ناوەڕاست.
لە ئەنجامی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ماوەی دوای ٢٠١٤ نیگەرانییەکانی ئێران کەمی کرد. لە کاتێکدا کە قازانجی ئەرێنی کشانەوەی ئێران لە سیاسەتەکانی ناوچەکەدا جەختی لەسەر دەکرێتەوە، هەروەها جەخت لەسەر دەرەنجامە نەرێنییەکانی کشانەوەی ئەمریکا دەکرێتەوە. دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئابی ٢٠٢١ ، تاڵیبان و بزووتنەوە توندڕەوەکانی دیکەی سوننە زاڵ بوون بەسەر هەموو یان بەشێک لە ئەفغانستان؛ مەترسییەکی ڕوونە کە ئێران، ڕووسیا و دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست ناچار دەبن چارەسەرێک بدۆزنەوە(١٩).
ئەم ڕووداوانە کاریگەری نەرێنی لەسەر گەشەسەندنی ئاسیای ناوەڕاست هەبووە، بە پلەی یەکەم بەدیهێنانی پڕۆژەی گرنگی بۆری و گواستنەوە-پەیوەندی کە دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکانی جیهان بۆ کەرەستەی خاو و بەرهەمە نیشتمانییەکان دابین دەکات. بە تایبەتی هەوڵی ئەمریکا بۆ پێگەی ئەفغانستان وەک بەدیلێک بۆ ڕێڕەوی ترانزێتی ئێران، کە بازاڕەکانی پاکستان و هیندستان بە بازاڕەکانی ڕووسیا و چینی ئاسیای ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە، تارانی نیگەران کرد.
پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ چین لە چوارچێوەی ستراتیژییەکانی ناوچەکەدا گرنگی تایبەتی هەیە. ئێران لە پێناو هاوسەنگکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ئاسیای ناوەڕاست لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی چین و پاراستنی پەیوەندییە سەقامگیرەکان لەو ناوچەیەی کە کاریگەریی کولتووری-مێژوویی هەیە، سەرنجی لەسەر هاوکارییە سودبەخشەکانی هەردوولایە. لە کاتێکدا هەردوو وڵات لە چوارچێوەی ئاسایشدا پشتیوانی لە دامەزراندنی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە لە ئەفغانستان دەکەن، ئێران هەوڵ دەدات هاوسەنگییەکی ستراتیژی لە ناوچەکەدا دروست بکات بە دامەزراندنی هاوبەشی لەگەڵ زلهێزێکی جیهانی وەک چین، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ زیادکردنی کاریگەرییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا (٢٠). لە چوارچێوەی ئابووریدا، زیادبوونی کاریگەریی چین لە ناوچەکەدا؛ دەکرێ وەک یەکێک لە ئاستەنگەکانی ستراتیژییەکانی ئێران بەرامبەر بە ناوچەکە سەیر بکرێت. پێش هەموو شتێک بەرهەمە ئێرانییەکان کە دەچوونە ناو بازاڕەکانی ئاسیای ناوەڕاست نەیانتوانی بەرەنگاری کێبڕکێی چینی ببنەوە و مەحکوم بوون بە نەمان. لەلایەکی دیکەوە، پەکین ئاسیای ناوەڕاستی وەک ناوەندێکی ترانزێتی هایدرۆکاربۆنی ناوچەیی سەیر کردووە کە کۆنترۆڵی ڕۆیشتنی نەوت و گاز دەکات(٢١). بەدەستهێنانی کاریگەری لەسەر هەرێمەکە بە واتای کۆنترۆڵکردنی بازاڕی وزەی ناوچەکە دێت و وەک بەشێک لە ستراتیژی (ڕێگەی ئاوریشمی نوێ) دادەنرێت، کە کۆمەڵەیەکی تێکەڵاو لە دەستپێشخەرییەکانی یەکگرتنی ئابوورییە کە هەوڵدەدەن ڕۆژهەڵات و ئاسیای ناوەڕاست بەیەکەوە ببەستنەوە. بەڵام پێگەی ئێران لە ڕێگەی گەیشتن بە چین بۆ ئاسیای ناوەڕاست، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ڕێڕەوی ئابووری چینەوە هەیە. ئەم دۆخە ڕەنگە دەرفەتێک بۆ بەرژەوەندییە ناوچەییەکانی ئێران بخوڵقێنێت، چونکە لە ئەنجامی فراوانبوونی پیشەسازیی بەرفراوانی ئێران، بەکارهێنانی وزە و پشتبەستنی چین بە سەرچاوەی دابینکردنی دەرەکی زیادی کردووە. بۆیە دەکرێت بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئامانجی سەرەکی دیپلۆماسی چین بەرامبەر بە ئاسیای ناوەڕاست و ئێران جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی وەک ناوەندی مۆدێرنیزاسیۆنی ئابوورییە. هەر لەبەر ئەوەشە کە بەرژەوەندییە سەرەکییە ئابوورییەکانی چین لەسەر بنەمای دەستڕاگەیشتن بە نەوت و گاز دامەزراوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وزە کە بە خێرایی گەشە دەکات(٢٢).
ئێران لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا ئامانجی پێشکەوتنێکی نێودەوڵەتی بوو بە بوون بە ئەندامی دامەزراوەی کۆنفرانسی ئیسلامیی. لە ساڵی ١٩٩٢ وڵاتانی تازە سەربەخۆ لە ئاسیای ناوەڕاست و قەفقاز داوای هاوکاری و پشتیوانییان لە ئێران کرد بۆ ئەندامبوون لە ڕێکخراوی هاوکاری ئابووریی فراوانکراو (ECO)(٢٣). ئەو کات ئامانجە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەکە بریتی بوو لە زیادکردنی بازرگانی لە ناوچەکە، نەهێشتنی ئاستەنگ و کێشەکانی بازرگانی ترانزێت، یەکگرتنی زیاتری وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بە ئابووری جیهانی و زیادکردنی هاوکاری لە بەکارهێنانی سامانە سروشتییەکان و وزە. بەڵام کەمترین ئاستی هاوبەشی ئابووری، کولتووری و سیاسی کە پێویستە بۆ سەرکەوتوویی کارکردنی ڕێکخراوی ناوچەیی لە ئیکۆدا لە نێو دەوڵەتەکاندا بوونی نییە(٢٤). بۆ ئێران، ئیکۆی فراوان و بەهێز تەنیا دەتوانێت گۆشەگیری لە ناوچەکە کەم بکاتەوە و لە فشارەکانی ئەمریکا ڕزگاری بێت و یەکگرتنی ئێران بە ئابووری جیهانی مسۆگەر بکات. ئیکۆ توانی بتوانێت ئامادەیی ئابووری خۆی لە ئاسیای ناوەڕاستدا بپارێزێت بە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ تاران بۆ تاوتوێکردنی داڕشتنی داهاتووی خۆی لە ناوچەکە لەگەڵ وڵاتانی ئەندام(٢٥).
دەستپێشخەرییەکی دیکە کە سوودێکی جیۆستراتیژی بۆ ئێران دەڕەخسێنێت، چالاکییەکانیەتی بۆ پەیوەستبوون بە “SCO”. بۆ تاران، بەبێ گوێدانە بەرژەوەندییە ئابووری، سیاسی و ئەمنییەکانی دیکە، بوون بە ئەندامێکی تەواو لە ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای “SCO” یارمەتی دەدات بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانی خۆگرتن و بەدوای کاریگەریی ناوچەییدا(٢٦).
ئێران کە لە مانگی تەمموزی ٢٠٠٥ لەگەڵ هیندستان و پاکستان “پلەی چاودێری فەرمی” لە ڕێکخراوەکەدا بەدەستهێنا، لە مانگی نیسانی ٢٠٠٧دا داواکارییەکی فەرمی بۆ ئەندامێتی پێشکەش کرد، لە مانگی ئازاری ٢٠٠٨دا جارێکی دیکە داوای ئەندامێتی تەواوەتی کرد. ئەم بڕیارە بەپەلەیەی خواستی ئێران بۆ پەیوەست بوون بە هاوپەیمانییەکی دامەزراوەیی ئاشکرا دەکات. لە هەمانکاتدا ئاڕاستەکردنی ‘ڕوانگەی ڕۆژهەڵات’ لە سیاسەتی دەرەوەی سەردەمی ئەحمەدی نژاد و بڕیاری ئەندامبوون لەو ڕێکخراوە، ئەولەویەتەکانی سیاسەتی دەرەوەی پەیوەندیدار بوون(*)(٢٧). بەربەستی سەرەکیی ئێران بۆ ئەندامبوون ئەوە بوو کە وڵاتانی ئەندامی ئەو ڕێکخراوە بڕیاریان دا کە ئەندامێتی تەواو بە هیچ دەوڵەتێک نادەن کە کەوتۆتە ژێر گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی و لابردنی گەمارۆکان، هەڵوێستی تارانی بەرامبەر بە ئەندامێتی تەواو نەرم کردووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئێران ستراتیژییەکانی خۆی لەسەر ئاستی جیهانی جێبەجێ دەکات. تاران بەتوندی پشتیوانی لە هیواکانی یەکێتی ئاسیا کردووە کە ڕووسیا، هیندستان، چین و وڵاتانی دیکەی ئاسیا تێیدا بەشداربن. ئامانجەکە هاوکاری نەک تەنها لە سەرچاوە سەرەکییەکانی جیهان – نەوت و گاز – بەڵکو بیرۆکەی دروستکردنی سەنگێکی بەرپەرچدانەوەی بۆ ڕۆژئاوا، بە تایبەت ئەمریکا، بە کۆکردنەوەی کۆمەڵگەکان بەرەوپێش برد. ئەحمەدی نەژاد لە هەوڵی دروستکردنی یەکگرتوویی بچووک لە ناوچەکەدا، لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٠، “کۆنفرانسی وڵاتانی فارسی زمان”ی سازکرد، کە سەرۆک کۆماری ئێران، ئەفغانستان و تاجیکستانی کۆکردەوە. بە پشتبەستن بە هەموو ئەو هەڵسەنگاندنانە، ئێران وەک ئەندامی ڕێکخراوە فرەلایەنەکان؛ ئامانجی دەستەبەرکردنی تێکەڵبوونی خۆی بوو لە ناوچەکەدا، ڕێگریکردن لە سنووردارکردنی ئێران لەلایەن ڕۆژئاواوە و هاندانی فراوانبوونی فرەلایەنی(٢٨).
تەوەری سێیەم: پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان
کاتێک سەیری پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی ئێران لەگەڵ دەوڵەتە نوێیەکانی ئاسیای ناوەڕاست دەکەین، بە ئاشکرا ئەوە بەدی دەکرێت کە تاران دەرفەتەکان بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی لە پێناسەکردنی ڕۆڵی سەرکردایەتی هەرێمی خۆی لە سەر ئاستی ناوچەکە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی دەرەکی گشتگیر و گۆڕانکاری لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان جێ بکاتەوە.
بوونی ئایین و کولتوورێکی هاوبەش، لە بابەتی جۆراوجۆردا لێکتێگەیشتنی هاوبەش بە دوای خۆیدا دێنێت. لەم خاڵەوە گرنگە بزانین نەک هەر هاوبەشی زمانێکی هاوبەش کە لەگەڵ ئەفغانستان و تاجیکستان هەیەتی، بەڵکو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئێران مێژوویەکی هاوبەش و کولتوورێکی هاوبەش و تەنانەت چارەنووسی هاوبەشی لەگەڵ دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست هەیە. بۆ تێگەیشیت لە زمان، کولتوور و لێکتێگەیشتنی هاوبەش، گرنگە بە خێرایی ئاماژە بە ئاستی پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە بکەین.
یەکەم: ئێران – ئازەربایجان
ئێران، هەوڵی دروستکردنی چەمکێکی نوێی بەهەرێمبوون دەدات بۆ زیادکردنی نفوزی خۆی لە ناوچەکانی دراوسێی وەک قەفقاز و ئاسیای ناوەڕاست و کاردانەوە و کاریگەری دوو لایەنە. ئێران بۆ ئەوەی پەیوەندی و نفوزی خۆی لە ناوچەکەدا زیاتر بکات، ستراتیژێکی سیاسەتی دەرەکی گرتۆتە بەر کە ئەولەویەت دەدات بەو وڵاتانەی کە لەگەڵیاندا تووشی کێشەی مێژوویی بووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئێران لە ستراتیجی “بەناوچەگەرایی نوێ”دا هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئازەربایجان دەدات(٢٩). بە تایبەت لە سەرچاوەی پەیوەندییە کێشەدارەکان لەگەڵ ئازەربایجان؛ لەوانە بەردەوامی ململانێی نەتەوەیی لە قەرەباغ، نائومێدی ئازەربایجان لە ئێران و ناکۆکی لەسەر نەوتی خەزەر. ئەم کێشانە؛ گومان کردن لە یەکتر، تۆمەت خستنە پاڵ یەکتر لە دەستوەردان لە کێشە ناوخۆییەکانی، بەشداری کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕۆژئاوا لە کەرتی ئازەربایجانی دەریای خەزەر و نیگەرانییەکانی ئێران سەبارەت بە هاوکاری قووڵی سەربازی و ئابووریی ئازەربایجان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بەدوای خۆیدا هێنا(٣٠).
بە گوێرەی ئازەربایجان، ستراتیژیەتی ئێران بەرامبەر بە هاوپەیمانییەکانی ئازەربایجان؛ “ئێران دەیەوێت لەگەڵ دۆست و دۆست، لەگەڵ دوژمنانی دوژمن بێ”. پەیوەندییەکان لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاددا بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی ئەم گوتارەدا گرژ بوون. هەردوو وڵات بەرەو ڕووی یەکتر بوونەوە لەسەر ئاستی گوتاری سیاسییدا، کاتێک لە ئێران هەندێک لە شاعیر و ڕۆشنبیرانی ئازەربایجان دەست بەسەرکران ، هەروەها بەیاننامە سیاسییەکانی تاران لە دژی سەردانی شیمۆن پێرێس، سەرۆکی پێشووی ئیسرائیل بۆ باکۆ (٣١).
دوای هەڵبژاردنی ڕۆحانی بۆ سەرۆک کۆمار و پێشکەوتنی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، پەیوەندییەکانی ئێران و ئازەربایجان کەوتنە سەر ڕێگەی ئاساییبوونەوە، لە یەکەمین سەردانی ڕۆحانی بۆ باکۆ لە ساڵی ٢٠١٥ کۆڕێکی بازرگانی ڕێکخرا بۆ هەم قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان و هەم پشتیوانی لە پرۆژە سودبەخشەکانی هەردوولا. لە مانگی نیسانی ساڵی 2014، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان سەردانێکی فەرمی بۆ ئێران ئەنجامدا بوو. لەم سەردانەدا، ڕۆحانی جەختی لەوە کردەوە کە هیچ بەربەستێک لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیاندا نییە، ئێران نایەوێت ئازەربایجان لە زیادبوونی هاوبەشی بازرگانی و وزە و بڕیارە ستراتیژییەکان کە لە ئەنجامی دانوستانەکان سەبارەت بە توێژینەوە ئەتۆمییەکان دەدرێن، بەدەر بێت(٣٢).
بە گشتی سەرەڕای بەستێنی نەتەوەیی و ئایینی نێوان ئازەربایجان و ئێران؛ لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان هەمیشە ئاڵۆز و گوماناویین، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئازەربایجان و ئێران دەرفەتی ئەوەیان هەیە بە دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی گومان و دژایەتی کە زاڵن بەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیاندا، بەشێوەیەکی ڕیشەیی سروشتی پەیوەندییەکانیان بگۆڕن.
دووەم: ئێران – تاجیکستان
لەسەر بنەمای پەیوەندییە کولتوورییە هاوبەشەکان، ئێران پەیوەندیی کولتووری بەهێزتری لەگەڵ تاجیکستان هەیە بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەی ئاسیای ناوەڕاست. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش تاجیکستان وەک هاوبەشی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکدا بەدی کراوە. ئەم هاوبەشییەش لە لایەن ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووی ئێرانەوە بە سیاسەتی “یەک ڕۆح لە دوو جەستە” وەسف کراوە(٣٣). هەروەها زیادبوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە بەڵگەنامە فەرمییەکان و وتارەکانی سەرکردەکانی تاجیکستان و وێنەی ئێران لە نێو جەماوەردا بە گشتی ڕەنگ دەداتەوە. ئەم جەختکردنەوەیەش لەسەر وێنەیەکی کولتووری هاوبەشدا بە تەواوی زاڵە. ئیماملی ڕەحمان، سەرۆکی تاجیکستان لە وتاری ساڵانەی ساڵی 2005دا جەختی لەسەر ئەم دۆخە کردەوە و وتی: “ئێمە پەیوەندییە مێژوویی، کولتووری و مەعنەوییەکانی نێوان تاجیکستان و ئێران بە میراتێکی گەورە و بەنرخی ڕابردوو دەزانین، بەهێزبوونی زیاتر ئەم پەیوەندییانەش بە قازانج بۆ هەردووکیان دەزانین “. گوتاری پتەوکردنی پەیوەندییەکان کە لە لوتکە ئاسایی و چەندین ڕووداوی دیکەدا ئاماژەی پێکراوە (٣٤).
لە سەردەمی سەرۆک کۆماری پێشوو ڕۆحانیدا، پەیوەندییەکانی تاجیکستان و ئێران دەستکەوتی زیاتری بەدەستهێنا. لە دوشانبێی پایتەختی تاجیکستاندا ڕێککەوتننامەی هاوکاری لە لایەن هەردوو سەرۆک کۆمارەوە واژۆ کرا، دواتر ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان وەزیرانی ناوخۆی هەردوولا، ڕێککەوتنی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی مادەی هۆشبەر، ڕێککەوتنی هاوکاری نێوان ژوورەکانی بازرگانی ئێران و تاجیکستان، دامەزراندنی ئەکادیمیای فارسی ئێران و… لیژنەی زمان و چاکسازی تاجیکستان ئیمزا کرا. بەهۆی خواستی زیادکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان، بازرگانانی ئێران هەندێک دەستپێشخەری شەراکەتیان لە تاجیکستان کردووە و بۆ ڕێککەوتنە بازرگانییەکان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و تاجیکستان لە ساڵی 2014دا 228 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند(٣٥).
سێیەم: ئێران – ئێران تورکمانستان
پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ تورکمانستان تاڕادەیەک فراوانترین و سەرکەوتووترین پەیوەندییەکانی بووە. لە ساڵی ١٩٩١ ئێران بووە یەکەم وڵات کە تورکمانستانی وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناساند؛ تاران، ئاشق ئابادی پایتەختی تورکمانستانی بە “دەروازەی ئاسیای ناوەڕاست”ی ئێران وەسف کرد. ئێران تورکمانستانی وەک هاوپەیمانی سەرەکی خۆی لە ئاسیای ناوەڕاست بینیووە کە سنوورێکی بە درێژایی 900 کیلۆمەتر لەگەڵیدا هەیە و هەردوو وڵات سیاسەتی پەناگە و بێلایەنی ئەمنییان گرتەبەر(٣٦).
جگە لە هەموو ئەو فاکتەرە ئەرێنیانە، ئاستەنگیش لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی ئێران و تورکمانستانیشدا هەیە. تۆمەتی زوڵم و چەوساندنەوە لە دژی پێکهاتە شیعەکان لەناو تورکمانستان و سنووردارکردنی پراکتیزە ئایینییەکانیان هەندێک کات ساردی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دروست کردووە. ستراتیژییە ئەمنییەکان کە ئەوەندە گرنگن کە لایەنە کێشەدارەکانی پەیوەندییەکان پشتگوێ بخەن، دەکرێ بڵێین ئەم ڕەهەندە ئەمنیەتییە لە پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرۆکایەتیی ڕۆحانیدا فراوانتر بووە و گوتارەکانی سەرکردەکانی هەروولا بە گشتی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان کە ناوەڕۆکی فراوانبوونەکە پێکدەهێنن و هەڵوێستێکی هاوبەش لەگەڵ توندڕەوی ئیسلامیدا چڕ بووەتەوە. ئێران ترسی لە بزووتنەوە توندڕەوەکانی سوننی کە سەقامگیری ناوچەکە بخەنە ژێر هەڕەشە و مەترسییەوە، بۆیە سەقامگیری ئاسیای ناوەڕاستی بە گرنگ دەزانێت بۆ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی خۆی. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لە کۆبوونەوەکانی سەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە، ئێران هۆشداری دا لە بڵاوبوونەوەی توندڕەوی ئیسلامیی کە دەبێتە هۆی تایفەگەری لە ئاسیای ناوەڕاست. لە کاتێکدا تورکمانستان نیگەران بوو لە ئەگەری هەڕەشەکردن لە بزووتنەوە ئیسلامییەکان بۆ سەر ڕێژیم. (٣٧).
چوارەم: ئێران – کازاخستان
پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ کازاخستان لە لایەنی ئابووری ستراتیژییەکانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا دێتە پێشەوە؛ لێرەدا خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە کازاخستان گەورەترین ئابووری لە ئاسیای ناوەڕاستدا هەیە. لە ئاهەنگی ٢٥ ساڵەی سەربەخۆیی کازاخستان، ڕۆحانی جەختی لەسەر ئەم بابەتە کردەوە و ڕایگەیاند کە ئێران گرنگییەکی زۆر بە پەرەپێدانی هاوبەشی لەگەڵ کازاخستان دەدات: “سیاسەتەکەمان هەمیشە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییە باشەکانی دراوسێیەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بووە”(٣٨). نەزەربایڤ سەرۆکی کازاخستان لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە بە هەمان شێوە جەختی کرد کە ئێران وڵاتێکی گرنگ و دۆستە بۆ کازاخستان لە جیهانی ئیسلامیدا. نەزەربایڤ ئاماژەی بە گەشەسەندنی خێرای ئابووری ئێران دوای لابردنی گەمارۆکان کرد و جەختی کردەوە لەوەی کە ئێران بەشدارییەکی گەورەی لە پڕۆسەی داماڵینی چەکی ئەتۆمیدا کردووە و هیوای خۆی دەربڕی کە سیاسەتی ئێران کاریگەریی ئەرێنی لەسەر هەموو دەوڵەتانی قەزوین دەبێت. لە ڕووی هاوکاریی ئابوورییەوە، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی، بەتایبەتی گواستنەوەی کەلوپەلی بازرگانی و گواستنەوەی نەوت، دەرفەتی دەستپێکردنەوە یان پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە چەند پڕۆژەیەک دەڕەخسێنن. کازاخستان لە پلەی یەکەمدایە لە هەناردەکردنی دانەوێڵە بۆ ئێران، و هیوادارە بە دامەزراندنی تێرمیناڵی گواستنەوەی دەریایی و دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئاکتاو و ئێران، ئامادەبوونی خۆی زیاد بکات(٣٩).
پێنجەم: ئێران – ئۆزبەکستان
لە چوارچێوەی ستراتیژی نوێی بە هەرێمبووندا، یەکێک لەو وڵاتانەی ناوچەکە کە ئێران لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا تووشی کێشە دەبێت، ئۆزبەکستانە. هەرچەندە پەیوەندییەکانی ئۆزبەکستان و ئێران هەوڵدەدەن ڕەگ و ڕیشەی لە پەیوەندییە کولتووری و مێژووییەکانی نێوان دوو وڵاتدا دابڕێژێت، بەڵام ئۆزبەکستان ئەو وڵاتەیە کە زۆرترین ئامادەیی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندایە و هۆکاری زۆریش بۆ ئەمە هەیە. سەرەتا بۆ ئۆزبەکستان پەیوەندی لەگەڵ ئێران بە واتای هاتنە ناوەوەی بیرۆکەی ئیسلامی بۆ ناو ئۆزبەکستان و بڵاوبوونەوەی نفوزی ئێران لەو وڵاتەدا. دووەم: ئۆزبەکستان پەیوەندی دووری خۆی لەگەڵ ئێران بە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا نیشان دا بە وتنی “ئۆزبەکستان؛ هەوڵ دەدات وەک “قەڵایەک بۆ بەرەنگاری بڵاوبوونەوەی ئێران و کاریگەریی ڕووسیا لە ناوچەکەدا بێت” خستەڕوو(٤٠).
ئیسلام کەریمۆڤ سەرۆکی پێشووی ئۆزبەکستان، سیاسەتی دژایەتیکردنی ئێرانی گۆڕی و حەزی لە هاوکاری لەگەڵ ئێران بوو. ئەم پێشهاتانە چەندین سەردانی دوولایەنەی شاندەکانی حکومەت و ڕاوێژکاری بەردەوام لە نێوان وەزیرانی دەرەوە و بەرپرسانی باڵای دیکەدا بەدوای خۆیدا هێنا. هەردوولا هانی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان داوە لە چوارچێوەی ئابووریدا؛ ئێران و ئۆزبەکستان؛ ڕێککەوتن لەسەر پەرەپێدانی هاوکاری لە بواری کشتوکاڵ، گواستنەوە، بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، بیناسازی، بەرهەمهێنانی دەرمان و بواری بانکییدا(٤١).
شەشەم: ئێران – قیرقزستان
لە نێو وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستدا، ئەو دەوڵەتەی ئێران لاوازترین پەیوەندی دوو قۆڵی لەگەڵدا هەیە، قرغیزستانە. بەهۆی ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراون، پەیوەندییە بازرگانییەکانی تاران و بیشکەک نەگەیشتوونەتە ئاستی خوازراو. لە میانەی سەردانە فەرمییەکاندا، بەرپرسانی باڵای ئێران و قیرغیزستان پێداچوونەوەیان بەو هەنگاوانە کرد کە بۆ باشترکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان گیراونەتەبەر و بەو پێیەش ئامانج ئەوە بوو کە قەبارەی بازرگانی نێوان ئێران و قیرغیزستان کە لە ئاستی 50 ملیۆن دۆلاردا بوو، بۆ دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بەرزبکرێتەوە. جگە لەوەش پەرەپێدانی پەیوەندییە کولتوورییەکان وەک یەکێک لە ستراتیژییەکانی زیادکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات سەیر دەکرێت(٤٢). ڕۆحانی یەکەم سەردانی وڵاتی بیانی بۆ قیرغیزستان ئەنجامدا بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی SCO. ئەم سەردانە سەرەتای پێشهاتە گرنگەکان بوو. ساڵی 2015 ڕۆحانی پێشوازی لە ئەلمازبەک ئاتامبایڤ، سەرۆکی قیرغیزستان کرد و بڕیاردرا لە بوارەکانی کشتوکاڵ، بازرگانی، گواستنەوەی ئاسمانی و وشکانی نێوان هەردوو وڵات هاوکار و هەماهەنگی یەکتر بکەن. ڕۆحانی جەختی لەوە کردەوە کە قیرغیزستان بنکەی ئەمریکای لە ماناس داخست و تیشکی خستەسەر ئەوەی کە هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات لە گۆرەپانی نێودەوڵەتیدا زیاتر دەبێت(٤٣).
دەرەنجام
- سیاسەتی ئێران لە ئاسیای ناوەڕاست، هاوشێوەی لایەنە گرنگەکانی دیکەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران، بەشێکی دانەبڕاو لە ستراتیژی گشتیی ئەو وڵاتدا. لە ئەنجامی ئەم ستراتیژییەتە تاران توانیویەتی هەندێک ئەنجام لە ئاسیای ناوەڕاست بەدەست بهێنێت.
- لە ئەنجامی هەوڵەکانیدا بۆ کەم کردنەوە و لابردنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و دانوستانە ئەتۆمییەکان، ئێران ئەو دەرفەتە لەدەست نادات کە خۆی بخاتە سەر شانۆی ڕوادوە سیاسییەکان لەناوچەکە، لێرەدا ڕەنگە تاران بتوانێت هاوبەشییە کولتوورییە بەرفراوانەکانی لەگەڵ ناوچەکەدا هەڵسەنگێنێت و لە هەمان کاتدا پەیوەندییە ناوچەییەکانی لە چوارچێوەی هێزی نەرمدا پەرە پێبدات.
- ئێران پێداچوونەوە بە ستراتیژییە ئەمنییەکانی خۆیدا دەکات لەسەر ئاستی ناوچەکە، لەم ڕوانگەیەوە بە پلەی یەکەم پشتگیری لە دامەزراندنی ڕژێمی سەقامگیر لە ئەفغانستان دەکات لە بەرامبەر ئەو بۆشاییەی دەسەڵاتدا کە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و قورسایی ئەکتەرەکانی وەک چین و ڕووسیا دروست بووە، دەیەوێت ڕۆڵێکی چالاکتر لە ئاوەدانکردنەوەی ئەفغانستان لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە.
- ئێران کێبڕکێی ناوچەیی خۆی لەگەڵ ئەکتەرەکانی وەک ڕووسیا و تورکیا بە هۆکارێکی گرنگ دەزانێت کە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی و پەیوەندییەکانی ئاسیای ناوەڕاست لە قاڵب دەدات. هەرچەندە هێشتا پێگەی تاران لە بواری داڕشتنەوەی جیۆپۆلەتیکی ناوچەییدا دیاری نەکراوە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵی پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەدات، هەم پەیوەندییەکانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زیاتر کردووە و هەم هەوڵدەدات پێگەیەکی پتەوتر بۆ خۆی لە ناوچەکەدا بەدەستبهێنێت.
- لە کۆتاییدا، هەرچەندە ئێران گرنگی بە پەیوەندییە ئەمنییەکانی ناوچەکە دەدات، بەڵام پەیوەندی بازرگانی، گواستنەوەی وزە لەگەڵ ناوچەکەدا بە پایەی سەرەکی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دادەنرێت. هەر بەم هۆیەشەوە پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ڕەوتێکی ئەرێنی نیشان دەدات. جگە لەوەش، بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران، هاوکاری ئابووری نەک وەک کۆتایی، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ بەرپەرچدانەوەی پەرەسەندنی ئامادەبوونی ئەکتەرانی دەرەوەی ناوچەیی سەیر دەکرێت.
لیستی سەرچاوەکان
- Sebastien Peyrouse, “Iran’s Growing Role in Central Asia? Geopolitical, Economic and Political Profit and Loss Account”, Aljazeera, April 2014 https://shorturl.at/vIGrl (last visited: 15.09.2024)
- Adam Tarock, “Iran Policy in Central Asia”, Central Asia Survey,1997, 16:2 s.190.
- Shireen Hunter, “Iran’s Pragmatic Regional Policy,” Journal of International Affair, 2003, 56: (2) pp. 133-147.
- Vladimir Mesamed, “Iran: Ten years in post-Soviet Central Asia,” Central Asia and the Caucasus 1, 2002, No. 13:1.
- Mohiaddin Mesbahi, “Iran and Central Asia: paradigm and policy”, Central Asian Survey, 2004, No.23:2, p.117.
- Meshabi, ibid, p.117.
- تەحسین وسو عەبدوڵلا، “فاکتەرە کاریگەرەکانی ناکۆکی نێوان ئێران و ئازەربایجان”، وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٩)، ساڵی سێیەم، ٢٠٢٣.
- تەحسین وسو عەبدوڵڵا، پراگماتیزم و دۆگماتیزم لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ناوەندی چاویکورد، کانوونی دووەمی ٢٠٢٣. https://shorturl.at/iX7Kh (ڕۆژی سەردان: ١٥/٩/٢٠٢٤)
- Tarock, ibid. p.190.
- Tarock, ibid. p.188.
- Tarock, ibid. p.191.
- Mohiaddin Mesbahi, “Tajikistan, Iran and the international politics of the ‘Islamic factor”, Central Asian Survey, 1997, sayı.16:2 pp.141-158.
- Adam Tarock, “Iran Policy in Central Asia”, Central Asia Survey, 1997, sayı. 16:2 p.190.
- Shanahan, “Bad Moon Not Rising: The Myth of the Gulf Shia Crescent,” Lowy Institute Analysis Paper, 2008.
- Rollie Lal, “Central Asia and it’s Asian Neighbors: Security and Commerce at the Crossroads”, RAND Cooperation, 2006, p.11.
- Tahseen W. Abdullah & Ahmad B. Ahmad, The Challenges of the Islamic Republic of Iran’s Foreign Policy in Central Asia, Polytechnic Journal of Humanities and Social Sciences (Polytechnic J. Hum. Soc. Sci.), Vol.4 No.1 (2023).
- تەحسین وسو عەبدوڵڵا، پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست: بەشی دووەم، ناوەندی چاویکورد، کانوونی دووەمی ٢٠٢٣. https://shorturl.at/1Q8cD (ڕۆژی سەردان: ١٦/٩/٢٠٢٤)
- Guli Yuldasheva, “Geopolitics of Central Asia in the context of Iranian Factor”, Caucasian Review of International Affairs, 2008, No. 2:3, p.133.
- Yuldasheva, ibid. p.134.
- Mark N. Katz, Russia, “Iran, and Central Asia: Impact of the U.S. Withdrawal from Afghanistan”, Iran Regional Forum, 2013, No.3, p.3.
- Guli Yuldasheva, Iranian- Chinese Relationship in the Central-Asian Policy context, Latvian Institute of International Affairs, September 2014.https://shorturl.at/BVLlv (last visited: 18.09.2024)
- Nikolay A. Kozhanov, “Iran in Struggle for Influence in post-Soviet Central Asia: main goals and driving factors”, The Washinton Institute for Near East Policy, Augustus 2012. https://shorturl.at/fzg9T (last visited: 19.09.2024)
- Shuja, 2005. “China,Iran and Central Asia: The Dawning of a New Partnership.” Contemporary Review 1676: p. 145–151.
- Pierre Pahlavi, Afshin Hojati, “Iran and Central Asia: The Smart Politics of Prudent Pragmatism” ed.Emilian Kavalski, The New Central Asia: Regional impact of International Actors, World Spesific Publising, 2010, p.232.
- Anita Sengupta, “Region, Regionalization, regionalism: The Myth of Tsentralnaya Azzia Revisted” ed. K. Warikoo& M. Singh, Central Asia since Independence, New Delhi: Shipra, 2004, pp.273-275.
- Pahlavi, Hojati, ibid, p.233.
(*) ئێران لە مانگی تەموزی ساڵی ٢٠٢٣ لە لوتکەی بیست و سییەمینی ڕێکخراوکە بووە ئەندامی تەواو لە ڕێکخراوی هاریکاری شەنگاهای، کە ژمارەی ئەندامی تەواو لە ڕێکخراوەکە (١٠) دەوڵەتن، ئەوانیش؛چین، کازاخستان، قیرغزستان، ڕووسیا، تاجیکستان، ئۆزبەکستان، هیند، پاکستان، ئیران و بیلاروسیا.
- Pierre Pahlavi, “The place of Shi’ism in Iranian grand strategy”. Défense nationale et sécurité collective, 2008, 8/9, pp.43-52.
- Shahram Akbarzadeh, “Iran and the Shanghai Cooperation Organization: Ideology and Realpolitik in Iranian Foreign Policy”, Australian Journal of International Affairs, 2014, No.69:1, p.102.
- Richard Weitz, “Iran and the SCO: new opportunities, new challenges”, The Central Asia- Caucasus Analyst, Augustus 2015, https://shorturl.at/IPD5C (last visited: 21.09.2024).
- Stephen Blank, Is Iran Making a Comeback in Central Asia? The Central Asia- Caucasus Analyst, October 2014, https://shorturl.at/INuNB (last visited: 21.09.2024).
- Fariz İsmailzade, “A breakthrough in Iran-Azerbaijan Relations?”, Central Asia- Caucasus Issues, February 2016, https://shorturl.at/lRwn3 (last visited: 23.09.2024).
- Alan Salahzadeh, “Iran’s Domestic and Foreign Policies”, National Defence University, Department of Strategic and defense Studies Series 4, 2013, No 49, p.30.
- Sabir Askeroğlu, İlham Aliyev’in Tahran Ziyareti: Azerbaycan-İran İlişkileri, İran Araştırma Merkezi İRAM, Mart 2017, https://shorturl.at/5GiCt (erişim tarihi: 24.09.2024).
- Ahmadinejad sees no limit to expansion of ties with Tajikistan, Mehr New Agency, 17 Ocak 2006, https://rb.gy/ukm62l (last visited: 24.09.2024).
- Tajikistan president website, https://rb.gy/hb8f37 (last visited: 25.09.2024).
- Islamic Republic of Iran, Ministry of Foreign Affairs, Iranian, Tajik FMs discuss mutual relations, cooperation, October 2021, https://rb.gy/jkggw9 (last visted: 25.09.2024).
- Samuel Ramani, Has Iran Finally Found a Security Partner in Central Asia? The Diplomat, May 2016, https://rb.gy/z5hd8c (last visited: 27.09.2024).
- Ramani, ibid, 2016.
- Ruhani: İran her alanda Kazakistan ile ilişkilerini geliştirmek istiyor, Pars Today, Haziran 2018, https://rb.gy/pp6qh8 (erişim tarihi: 27.09.2024).
- تەحسین وسو عەبدوڵڵا، پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست: بەشی یەکەم، ناوەندی چاویکورد، کانوونی دووەمی ٢٠٢٣. https://shorturl.at/YUX4a (ڕۆژی سەردان: ٢٧/٩/٢٠٢٤)
- Bruce Pannier, “Central Asian states look to Iran as they seek to expand regional transit corridors”, Middle Institute, July 2024. https://shorturl.at/HEeOE (last visited: 27.09.2024).
- President Rouhani to visit Kyrgyzstan, Islamic Republic News Agency IRNA, September 2015, https://shorturl.at/FaBs9 (last visited: 27.09.2024).
- Mustafa Melih Ahıshalı, İran’ın üyeliğinin önündeki engeller kalkmıştır, Anadolu Ajansı, Eylül 2015, https://shorturl.at/3wB6a (erişim tarihi: 27.09.2024).