• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 29, 2024

سیاسەت و ستراتیجی ئێران لە وڵاتانی ئەفریقا

توێژەر: هەڤاڵ ئازاد

پوختە

لەگەڵ ئەوەی مێژووی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوییەکان، دواتریش لەسەردەمی پەهلەوییەکاندا تاڕادەیەک پەیوەندییەکان فراوان بوون، بەڵام شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٩ خاڵی وەرچەرخان بوو لە مێژووی پەیوەندییەکانی ئێران – وڵاتانی ئەفریقا. لە دوای شۆڕش کاربەدەستانی باڵای ئێران  لە سیاسەتی دەرەوەیاندا بەردەوام گرنگی زیاتریان داوە بە وڵاتانی ئەفریقا. لەم پێناوەدا سیاسەت و سیتراتیجی ئێران، بەپێی ناوچە جیاوازەکانی کیشوەرەکە داڕێژراوە. ستراتیجی ئێران دوای شۆڕشی ئیسلامیی لە کیشوەرەکەدا هەمەجۆر دەبێت، بە تایبەتی لە دوای پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران و سزا ئابووری و سیاسییەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ئێران، کە خۆیان دەبیننەوە لە بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆجیای شیعی، بەهێزکردنی پەیوەندی ئابووری و ئامانجی سیاسی و دیبلۆماسی. ئێران هەوڵدەدات لەم ڕێگەیانەوە، لە لایەک هەژموونی خۆی لە کیشوەرەکەدا فراوان بکات و لە جواگرافیایەکی جیاوازتر ڕووبەڕووی وڵاتانی ڕۆژئاوا (ئەمریکا) و ئیسرائیل ببێتەوە، لە لایەکی ترەوە پەیوەندییەکانی هەمەجۆربکات و قەرەبووی سزا ئابووری، سیاسی و دیبلۆماسییەکانی ڕۆژئاوا بکاتەوە.

کلیلە وشە: ئێران، ئەفریقا، ڕۆژئاوا، هەناردەکردنی شۆڕش، سزائابوورییەکان

چوارچێوەیەکی گشتی سیاسەت و ستراتیجی ئێران لە کیشوەری  ئەفریقا

مێژووی پەیوەندییەکانی ئێران بە کیشوەرەکەوە

کیشوەری ئەفریقا یەکێکە لە گرنگترین کیشوەرەکان، کە دەوڵەتان هەوڵدەدەن هەژموونی خۆیانی تێدا فراوان بکەن. دەوڵەمەندی کیشوەرەکە لە ڕووی سامانی سروشتی ژێرزەوی و سەرزەوی، زۆری ژمارەی دانیشتوان و گرنگی شوێنی جوگرافیاکەی، بەردەوام جێگەی سەرنجی وڵاتانی زلهێزبووە. ئەمەش وای کردووە کە کیشوەرەکە لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی شاڵاوی ئیستعماری وڵاتانی ڕۆژئاوا ببێتەوە. لە دوای وەرگرتنی سەربەخۆیی و تاڕادەیەک دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی، جارێکی تر و بە شێوەیەکی تر وڵاتانی ئەفریقا دەبن بە جێگەی سەرنجی وڵاتانی زلهێز، لە لایەک ئەمریکا، لە لایەکیترەوە یەکێتی سۆڤیەت، کە بە درێژای جەنگی سارد هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانی و بڵاوەپێکردنی هەژموونی خۆیان لە کیشوەرەکەدا دەدەن. لە دوای جەنگی ساردیش کۆمەڵێک دەوڵەتی تر هەوڵیانداوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی کیشوەری ئەفریقادا گەشەپێبدەن،(١) یەکێک لەوانە ئێران بووە. لەگەڵ ئەوەی مێژووی پەیوەندییەکانی ئێران بە کیشوەرەکەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوییەکان، بەڵام لەگەڵ هاتنی سەدەی بیستەمدا، ئێران جگە لە چەند وڵاتێکی کەمی وەک میسر، ئەسیوپیا و  ئەفریقای باشوور خاوەنی هیچ پەیوەندییەکی گرنگ نەبوو لەگەڵ وڵاتانی تری کیشوەرەکەدا.(٢)  لە سەردەمی دەسەڵاتی محەمەد ڕەزاشا و بەتایبەتی لە قۆناغی جەنگی سارددا ئێران لە بازنەی سیاسەتی ڕۆژئاوا، لەڕێگەی پێدانی هاوکاری بە وڵاتانی تازە دروستبووی کیشوەرەکە،  توانی ئەو ڕۆڵە بگێڕێت کە نەچنە ژێر نفوزی یەکێتی سۆڤیەتەوە. هەروەها لەم ڕێگەیەوە توانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقادا گەشەپێبدات، بەتایبەتی وڵاتانی باکووری ئەفریقا. نێوەندگیری جەزایر بۆ کێشەی شەتول عەرەبی نێوان ئێران-عێراق یەکێکە لە نمونەکانی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ جەزائیر.(٣) هەروەها ئێران لەم قۆناغەدا هاوسۆزی وڵاتانی کیشوەرەکە بوو بەرامبەر هەوڵەکانی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، ئەمەش دەرفەتێکبوو بۆ ئەوەی بتوانێت پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کیشوەرەکە گەشەپێبدات.

لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٩ سیاسەتی دەرەوەی ئێران گۆڕانکاری بەخۆییەوە دەبینێت، لە بازنەی سیاسەت و ستراتیجی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا دوور دەکەوێتەوە و هەوڵدەدات ئایدۆلۆژیای شیعی بکات بە یەکێک لە بنەما گرنگەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی. دوبارە لە داڕشتنەوەی سیاسەتی دەرەوەیدا ڕەچاوی سیاسەت و ستراتیجی خۆی بکات لە تەوای کیشوەرەکەدا و بەپێی بارودۆخی ناوچەکانی کیشوەرەکە ستراتیج و سیاسەتی دەرەوەی خۆی دابڕێژێت.(٤) بۆیە لە دوای شۆڕشەوە لە ڕووی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە گرنگییەکی زیاتر دەدات بە وڵاتانی ئەفریقا، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە بەشێک لە دانیشتوانەکەی لە پەیڕەوکارانی ئایینی ئیسلام بوون. وەک سوودان و نەیجیریا، کە ئێران هاوکاری سەربازی پێشکەش بەم وڵاتانە دەکرد،(٥) تەنانەت لەکاتی کوتەداکەی وڵاتی سوودان ئێران هاوکاری سەربازیی پێشکەش بە عومەر بەشیر کرد.(٦) لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی، خومەینی ڕابەری باڵای شۆڕش، دژایەتی خۆی و وڵاتەکەی بۆ سیستەمی ئەپارتایت لە ئەفریقای باشوور ڕاگەیاند، ئەمەش دەرفەتێک بوو بۆ ئێران تا بتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم وڵاتەدا گەشەپێبدات و ببێت بە هاوپەیمانییەکی گرنگی ئێران لە کیشوەرەکەدا.(٧) لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران گرووپە ئیسلامییەکانی کیشوەری ئەفریقا بە تایبەت گرووپەکانی ئەفریقای باشوور کەوتنە ژێر کاریگەری شۆڕشی ئیسلامییەوە و تەنانەت هەندێک لە سەرکردە باڵاکانی ئەو گرووپانە، لە ژێر کاریگەری شۆڕش و خودی ڕابەری باڵا خومەینی بوون بە پەیڕەوکارانی شیعە مەزهەب.(٨)

بەم شێوەیە ئێران لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی ١٩٧٩ یەکێک لەو ناوچانەی گرنگی پێدەدات، وڵاتانی کیشوەری ئەفریقایە. کرانەوەی ئێران بە ڕووی ئەفریقادا لەو قۆناغەدا دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت، کاربەدەستانی باڵای ئێران بەردەوام گرنگی زیاتر بە پێشخستنی پەیوندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی کیشوەرەکە دەدەن، بۆ ئەمەش هەوڵدەدەن زۆرترین سەردانی فەرمی بۆ کیشوەرەکە ئەنجام بدەن و ژمارەی کونسۆڵخانە و دامەزراوە ئێرانییەکان لە وڵاتانی ناوچەکە زیاتر بکەن. ئێران لە لایەکی دیکەوە لەسەر فەرمانی ڕابەری باڵا ئایەتوڵڵا خومەینی لە ڕێگەی جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی هاوکاری بۆ وڵاتانی کیشوەرەکە، توانی هەژموونی خۆی لە کیشوەرەکەدا فراوانتر بکات. لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئێران بۆ گەشەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ وڵاتانی کیشوەرەکە، یەکەمین سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی خامنەیی لە ساڵی ١٩٨٦ لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ کیشوەرەکە سەردانی هەر یەک لە وڵاتانی تەنزانیا، ئەنگۆلا، زیمبابۆی، مۆزەمبیق کرد. لە سەردانەکەیدا چەندین ڕێککەوتننامەی ستراتیجی لە نێوانیادا واژووکرا.(٩) بەم شێوەیە بەردەوام کاربەدەستانی باڵای ئێران و خودی سەرۆک کۆمارانی ئەو وڵاتە گرنگی تایبەتیان بە وڵاتانی کیشوەرەکە لە سیاسەتی دەرەوەیاندا داوە و هەوڵیانداوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتانە فراوانتر بکەن. لەم پێناوەدا سەرۆکە یەک لەدوای یەکەکانی ئێران هەوڵیانداوە سەردانی فەرمی بۆ وڵاتانی کیشوەرەکە ئەنجام بدەن و ڕێککەوتننامەی ستراتیجی گرنگ لەگەڵ وڵاتان جێبەجێ بکەن.

  عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی کیشوەرەکەدا فراوان بکات، بەتایبەتی پەیوەندییە ئابوورییەکانی تاران لەگەڵ وڵاتانی تر. لەم پێناوەدا ڕەفسەنجانی چەندین سەردانی فەرمی بۆ وڵاتانی کیشوەرەکە ئەنجامداوە و سەردانی هەریەک لە وڵاتانی سوودان، ئۆگەندا، زیمبابۆی، ئەفریقای باشوور، تەنزانیا و کینیا کردووە. ڕەفسەنجانی لە سەردانەکانیدا  لە لایەک ژمارەی کونسۆڵخانەکانی ئێرانی لە کیشوەرەکە زیاتر کردووە، لە لایەکی دیکەوە هەوڵیداوە پەیوەندی ئابووری لەگەڵ وڵاتان گەشە پێبدات و قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ کیشوەرەکە زیاتر بکات.(١٠)

محەمەد خاتەمی لەگەڵ ئەوەی هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و دراوسێ تاڕادەیەک ئاسایی بکاتەوە، بەڵام وڵاتانی کیشوەری ئەفریقایشی فەرامۆش نەکردووە و هەوڵیشی داوە پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ وڵاتانی کیشوەرەکە گەشەپێبدات، لەم پێناوەدا لە ساڵی ٢٠٠٥ لە گەشتێکی فەرمی بۆ کیشوەرەکە سەردانی هەر یەک لە وڵاتانی سیەرلیۆن، ئۆگەندا، زیمبابۆی، نەیجیریا، سەنیگال، مالی و کۆماری بینینی کرد.(١١)

محەمەد ئەحمەدی نەژاد لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران، گرنگییەکی تایبەتی بە وڵاتانی ئەفریقا داوە. بەردەوام جەختی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا کردۆتەوە، ڕایگەیاندووە کە هیچ سنوور و ڕێگرییەک نییە لەبەردەم پێشخستنی پەیوەندییەکانیان. هەروەها خواستی ئێرانی بە وڵاتانی کیشوەرەکە گەیاندووە سەبارەت بە دروستکردن و بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا.(١٢) لەم پێناوەدا ئەحمەدی نەژاد پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ چەندین وڵاتی تری کیشوەرەکە گەشەپێداوەو چەندین سەردانی فەرمی بۆ وڵاتانی ئەفریقا ئەنجامداوە. ئەحمەدی نەژاد لە ساڵی ٢٠٠٦ بە فەرمی بەشداری لوتکەی یەکێتی ئەفریقای لە وڵاتی گامبیا کرد. لەگەڵ بەشداریکردنی لە لوتکەکەدا سەرکەوتوو بوو لە دروستکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ گامبیا.(١٣)  هەروەها لە سەردانەکانیدا بۆ کیشوەرەکە سەردانی چەندین وڵاتی تری کردووە، پەیوەندییە سیاسی، دیبلۆماسی، سەربازیی و ئابوورییەکانی تارانی لەگەڵ چەندین وڵاتی تری کیشوەرەکە گەشەپێداوە. لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٩ سەردانی هەریەک لە وڵاتانی جیبوتی، کینیا، زیمبابوی، سەنیگال و کۆمۆرۆی کرد.(١٤)  لە ساڵی ٢٠١٠ جارێکی دیکە سەردانی وڵاتی زیمبابۆی،(١٥) لە ساڵی ٢٠١٣ سەردانی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقا بەنین، نەیجیر و گانای کرد.(١٦) ئێران لە ساڵی ٢٠١٠ میوانداری فۆرمی ئێران-ئەفریقای کرد  کە چل وڵاتی ئەفریقا تێیدا بەشداربوون. لە فۆڕمەکەدا لە لایەک خودی ئەحمەدی نەژاد و لە لایەکی ترەوە سەرکردە و کاربەدەستانی باڵای وڵاتانی ئەفریقا جەختیان لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی کیشوەرەکە کردبوویەوە.(١٧) لە ساڵی ٢٠١١ سەردانی وڵاتی سوودانی کردووە.(١٨) بەم شێوەیە ئەحمەدی نەژاد یەکێک دەبێت لەو سەرکردانەی کە زۆرترین گرنگی بە وڵاتانی کیشوەرەکە دەدات لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا. بەڵام حەسەن ڕۆحانی بەراورد بە سەرکردەکانی تری ئێران کەمتر گرنگیداوە بە وڵاتانی ئەفریقا، لەبری وڵاتانی ئەفریقا هەوڵیداوە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا نزیک ببێتەوە و گرژییەکانی نێوان تاران و وڵاتانی ڕۆژئاوا کەم بکاتەوە.(١٩) ئیبراهیم رەئیسی بە پێچەوانەی ڕۆحانی گرنگی زیاتری دەدا بە وڵاتانی دراوسێ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیای ناوەڕاست و وڵاتانی ئەفریقا.  رەئیسی پێیوابوو کە جیهان نەبەستراوەتەوە بە ڕۆژئاواوە. بەو مانایەی کە جیهان تەنها بریتی نییە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا. سەبارەت بە وڵاتانی ئەفریقا رەئیسی جارێکی تر ستراتیجی ئەحمەدی نەژادی لە وڵاتانی ئەفریقا جێبەجێکردەوە. رەئیسی سەرکۆنەی سیاسەت و ستراتیجی وڵاتانی ڕۆژئاوای دەکرد لە ئەفریقا و ئاماژەی بە خواست و هەوڵی ئیستیعماری ڕۆژئاوا دەکرد لە کیشوەرەکەدا. هەروەها لە ڕێگەی ستراتیجی (باشوور – باشوور) هەوڵی دەدا پەیوەندییەکانی ئێران لە ڕووی سیاسی، دیبلۆماسی، بازرگانی و سەربازیی لەگەڵ وڵاتانی کیشوەرەکە گەشەپێبدات.(٢٠) رەئیسی لە تەمووزی ٢٠٢٣ لەسەردانێکی فەرمیدا دەچیتە چەند وڵاتێکی کیشوەرەکە و چەندین ڕیککەوتننامەی ستراتیجی لەگەڵیان واژۆ دەکات، هەروەها جەخت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی کیشوەرەکە دەکاتەوە.(٢١)  بەم شێوەیە ئێران لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە بەردەوام هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کیشوەرەکە گەشەپێبدات، ئەویش لە چوارچێوەی کۆمەڵێک ئامانجی ستراتیجی گرنگ کە لە ئێستا و داهاتوودا خزمەت بە هێز و هەژموونی ئێران دەکەن لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵە

ئامانجە ستراتیجییەکانی ئێران لە ئەفریقا

لەدوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی ١٩٧٩ گۆڕانکاری ڕشەیی لە سیاسەت و ستراتیجی ئێران لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەوەدا ڕوودەدات. ئێرانی دوای شۆڕش بە ئەندازەیەکی گەورە دوور دەکەوێتەوە لە بازنەی ستراتیجی وڵاتانی ڕۆژئاوا، تەنانەت کاربەدەستانی وڵات بە مەبەستی پاراستنی ڕژێمی نوێی ئێران، دەکەونە دژایەتیکردنی فکری ڕۆژئاوایی و سیاسەتی ئەنتی ئیمپریالیزم جێبەجێ دەکەن. لە لایەکی ترەوە هەوڵدەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمەڵیک ناوچەی نوێی وەک وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیای ناوەڕاست و وڵاتانی ئەفریقا گەشەپێبدەن و هاوپەیمانی ستراتیجی نوێ فەراهەمبکەن. خامنەیی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی بەنین و سەرۆکی یەکێتی ئەفریقا لە ساڵی ٢٠١٢، ئاماژەی بە گرنگی وڵاتانی ئەفریقا بۆ ئێران کرد، ڕایگەیاند وڵاتانی ئەفریقا دەکەونە قوڵایی ستراتیجی ئێرانەوە و بەشێکی گرنگن لە داڕشتنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران.(٢٢) لەم ڕێگەیەوە لە لایەک ئایدۆلۆژیای خۆی لە ناوچەکەدا بڵاو دەکاتەوە، لە لایەکی ترەوە بازاڕی نوێ بۆ کاڵای ئێران، ساخکردنەوەی نەوت، زیادکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی بە تایبەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان، فراوانکردنی پشتێنەی بەرگری و سوککردنی سزا نێودەوڵەتییەکان لەسەر خۆی لادەبات.

ستراتیجی ئێران لە وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا

یەکەم: ئایدۆلۆجی

        ئایدۆلۆجیای ئێران لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەخۆییەوە دەبینێت و دەبێت بە وڵاتێکی ئیسلامیی و خۆی وەک پارێزەری تەواوی مسوڵمانانی جیهان دەناسێنێت. هەربۆیە هەوڵدەدات سیاسەتی هەناردەکردنی ئایدۆلۆژیای نوێی ئێران و شۆڕشی ئێرانی هەناردەی دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بکات.(٢٣) بەپێی ڕاپۆرتێکی (CIA) کە لە ساڵی ١٩٨٤ دا دەرچووە یەکێک لە ئامانجەکانی ئێران لە وڵاتانی ئەفریقا، بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆجیای ئێرانە لە کیشوەرەکەدا.(٢٤) ئێران لەڕێگەی کۆمەڵێک کەناڵی وەک لوبنانییەکانی کیشوەرەکە، بازرگانان، کونسۆڵخانەکان و ڕاوێژکارانەوە هەوڵی بڵاوکردنەوەی مەزهەبی شیعی دەدات لە وڵاتانی کیشوەرەکەدا. هەروەها ئێران چەندین گرووپ و دامەزراوەی لە وڵاتانی کیشۆرەکەدا دروستکردووە و توانیویەتی لەم ڕێگەیەوە هەم ئایدۆلۆجیای شیعە بڵاوبکاتەوە، هەمیش بەهەزاران هاوڵاتی وڵاتانی کیشوەرەکە ڕاکێشێتە نێو مەزهەبی شیعەوە.(٢٥) ئێران لە ڕێگەی کونسۆڵخانە و دامەزراوە دیبلۆماسییەکان، لە لایەک چالاکی جۆراوجۆر ئامادە دەکات، لە لایەکی ترەوە چەندین مزگەوت و ناوەندی ئایینی پەروەردەی لە وڵاتانی کیشوەرەکەدا دەکاتەوە، هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ پێگەیاندن و پەروەردەکردنی پیاوانی ئایینی نزیک لە ئایدۆلۆجیای خۆی.(٢٦) هەروەها لەڕێگەی دامەزراوە، ڕۆژنامە و زانکۆکانەوە هەوڵی بڵاوکردنەوەی زمانی فارسی و بیروباوەڕی شیعە دەدات. لە هەمانکاتدا کارئاسانی دەکات و دەرفەتی خوێندن دەڕەخسێنێت بۆ خوێندکارانی وڵاتانی کیشوەرەکە. ئەمەش فاکتەرێک دەبێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆجیای خۆی لەلای ئەوخوێندکارانە و پاشانیش هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە.(٢٧)  یەکێک لەو وڵاتانەی کیشوەرەکە کە زۆرترین سەرنجی ئێرانی لەسەرە وڵاتی نەیجیریایە. نەیجیریا بەهۆکاری پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، ئایینی و مەزهەبی ناوەندێکی گرنگە بۆ گەشەپێدان و بڵاوەپێکردنی ئایدۆلۆجیای ئێران هەم لە وڵاتەکە و هەمیش لە وڵاتانی تری کیشوەرەکە. بزووتنەوەی ئیسلامی نەیجیریا بە سەرۆکایەتی شێخ ئیبراهیم ئەلزەکزەکی، یەکێکە لەو بزووتنەوانەی کە پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ ئێراندا هەیە و ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە بڵاوکردنەوەی مەزهەبی شیعە لە وڵاتەکەدا.  بەجۆرێک لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٩ و لە ژێر کاریگەری ئێران ژمارەی شیعەکانی نەیجیریا بەردەوام ڕوویان لە زیادبوون کردووە.(٢٨)

         ئێران لە کیشوەرەکەدا لە ڕووی ئایدۆلۆجیاوە لە ململانێیەکی بەردەوامدایە لەگەڵ سەلەفییەتی سعودییە و سیۆنیزمی ئیسرائیل. ئەم ململانێیەش لە دوای جەنگی ئێران – عێراق، ئێران توندتر دەبێت. ئێران بە مەبەستی سنووردارکردنی هێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست, بە تایبەت ئیسرائیل و سعودیە هەوڵیداوە لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی مەزهەبی شیعی لە وڵاتانی ئەفریقا، گرووپە جوداخوازەکان لەدەوری فیکر و مەزهەبی شیعی کۆبکاتەوە.(٢٩)

وەک ئاماژەی بۆ کرا ئێران بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی مەزهەبی شیعە لە وڵاتانی ئەفریقا هەوڵیداوە سوود لەو لوبنانییە شیعانەی کە لە کیشوەرەکەدا دەژین وەربگرێت، هەروەها لەڕێگەی ئەم گرووپانەوە لە گرووپە توندڕەوە سونییەکانی کیشوەرەکە نزیک ببێتەوە لە دژی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا بەکاریان بێنێت.(٣٠)  یەکێکی تر لەو ڕێگایانەی کە ئێران لە بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆجیاکەیدا بەکاری دەهێنێت هێزی نەرم و دامەزراوە کولتوورییەکانە. یەکێک لەوانە دامەزراوە کولتوور و پەیوەندییە ئیسلامییەکانە (ICRO) کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی کولتوور و بیروباوەڕی شیعی ئێران لە دەرەوە، ئەم دامەزراوەیە چالاکییەکانی لە وڵاتانی کیشوەرەکەدا چڕکردۆتەوە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆجیای ئێران، ساڵانە بە دەیان مسوڵمانی شیعی کیشوەرەکە وەک گەشت دەنێرێت بۆ شاری قوم.(٣١) کۆنگرەی ئەهلوبەیتی نێودەوڵەتیش یەکێکی دیکەیە لەو دامەزراوانەی کە ئێران لە بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆجیای خۆی لە وڵاتانی کیشوەرەکە سوودی لێدەبینێت. ئەم دامەزراوەیە لە زۆرێک لە وڵاتانی کیشوەرەکەدا چالاکی ئەنجام دەدات. هەروەها دامەزراوەی کولتووری ئێران و زانکۆی ئەلموستەفای نێودەوڵەتیش لەو دامەزراوانەن کە لە وڵاتانی کیشوەرەکەدا چالاکی جۆربەجۆر ئەنجام دەدەن. هەموو ئەو دامەزراوانەی ئێران کە لە کیشوەرەکەدا بەشێوەیەکی ئەکتیڤ کاردەکەن، لە ڕێگەی چالاکییەکان و بە تایبەتی بەخشینی دەرفەتی خوێندن بە خوێندکارە لێهاتووەکانی وڵاتانی ئەفریقا سیاسەتی بە شیعیکردن جێبەجێدەکات.(٣٢) هەروەها ئێران لە ڕێگەی تەلەفیزیۆن و میدیای تایبەت بەخۆییەوە لە کیشوەرەکەدا هەوڵی بڵاوکردنەوەی زمانی فارسی و بیروباوەڕی شیعی دەدات. ناسراوترین و چالاکترین کەناڵی ئێران لە کیشوەرەکەدا، کەناڵی هاوسایە کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوای کیشوەرەکەدا بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی پەخشدەکات و بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆجیای ئێران لە وڵاتانی کیشوەرەکەدا.(٣٣)

دووەم: ئابووری

ئێران لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی کە زۆرترین سزای ئابووری دەدرێت لە لایەن ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکاوە. ئەمەش وایکردووە کە ئێران تا ڕادەیەک گۆشەگیر بکرێت، هەر بۆیە ئێران بەردەوام هەوڵیداوە قەرەبووی سزا ئابوورییەکانی ڕۆژئاوابکاتەوە، ئەویش لەڕێگەی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی وڵاتانی ئەفریقا.(٣٤)

کیشوەری ئەفریقا بە بازاڕە فراوانەکەی و سامانە سروشتییە هەموجۆرەکەی بەردەوام جێگەی سەرنجی ئێران بووە. ئێران پێیوایە کە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تاران و وڵاتانی ئەفریقا پەیوەندییەکی تەواوکارییە هەردوو لایەن دەتوانن لە ڕووی ئابوورییەوە هاوکار و پشتیوانی یەکتربن. ڕێکخراوی جیهادی سازاندەگی کە لە ساڵی ١٩٨٣ دامەزراوە، کارئاسی کردووە بۆ ئێران لە دۆزینەوەی بازاڕی نوێ و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی تاران لەگەڵ وڵاتانی تری کیشوەرەکە، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە دانیشتوانەکەی مسوڵمانن.(٣٥) لەم پێناوەدا ڕەفسنجانی لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا سەردانێکی فەرمی بۆ چەندین وڵاتی کیشوەرەکە ئەنجامدەدات، لە سەردانەکەیدا هەوڵی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی تاران لەگەڵ وڵاتانی کیشوەرەکە دەدات و چەندین ڕێککەوتننامەی ئابووری گرنگ لەگەڵ وڵاتان واژۆ دەکات.(٣٦)

لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاد، کاتێک سزاکانی ڕۆژئاوا لەسەر ئێران توندتر دەبێت، پەیوەندییە ئابوورییەکانی تاران لەگەڵ وڵاتانی کیشوەرەکە دەبێت بە دەرچەیەکی گرنگ بۆ ئێران تا بتوانێت کاریگەری سزاکانی ڕۆژئاوا لەسەرخۆی کەم بکاتەوە. هەربۆیە لەم قۆناغەدا قەبارەی هەناردەکردنی کاڵای ئێرانی بۆ کیشوەرەکە ڕوو لەزیادبوون دەکات.(٣٧) هەروەها ئێران چەندین ڕێککەوتننامەی ئابووری گرنگ لەگەڵ چەندین وڵاتی کیشوەرەکە واژۆ دەکات، لەم چوارچێوەیەدا ئێران دەست بە کردنەوەی کارگەیەکی دروستکردنی ئۆتۆمبیلی ئێرانی لە وڵاتی سەنیگال دەکات.(٣٨)

دوای سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ، ئێران جارێکی دیکە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک کە قەبارەی سزا ئابوورییەکان کەم بکاتەوە، ڕوودەکاتەوە وڵاتانی ئەفریقا و هەوڵدەدات پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا ببوژێنێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا حوسەین ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران لە وڵاتی تەنزانیا لە کۆبوونەوەی ئابووری نێوان تەنزانیا – ئێران، ئاماژەی بەوەی کرد کە گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا لە پێشینەی سیاسەتی دەرەوەی تاراندایە.(٣٩) هەروەها لە لوتکەی دووەمی ئێران ئەفریقا لە ٢٦-٢٩ نیسانی ٢٠٢٤ کە وەزیری ئابووری ٣٠ وڵاتی ئەفریقا تێدا بەشداربوون، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکۆنەی سیاسەتی ڕۆژئاوای کرد لە کیشوەرەکەدا، ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوام ڕۆژئاوا هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە سروشتییەکانی ئەفریقایان داوە و تەنها لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێناوە. بەڵام ئێران ئەفریقای لەپێناو ئەفریقا دەوێت و هەوڵدەدات لە چوارچێوەی (قازانج – قازانج) پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کیشوەرەکە بگەیەنێتە لوتکە. لە لوتکەکەدا بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانیان کۆمیتەی هابەشی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانیان دامەزران.

ئێران لە چوارچێوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کیشوەرەکە، نەوت بە نرخێکی هەرزانتر هەناردەی وڵاتانی دەکات، ئێران دەیەوێت لە لایەک هەژموونی خۆی لەو وڵاتانەدا فراوانتر بکات،(٤٠) لە لایەکی دیکەوە هەوڵدەدات یۆرانیۆمی پێویست دابین بکات. بۆ ئەم مەبەستەیش بەردەوام هەوڵیداوە ڕێککەوتننامەی تایبەت لەگەڵ ئەو وڵاتانە واژۆ بکات.(٤١) دەرئەنجام ئێران لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت ببێت بە خاوەنی هەژموونێکی ئابووری فراوان لە چەندین وڵاتی کیشوەرەکە، قەبارەی هەناردەی ئێران ڕوو لەزیادبوون دەکات و تاڕادەیەک دەرچەیەک بۆ دەرچوون لە سزا نێودەوڵەتییەکان دەدۆزێتەوە.

سێیەم: سیاسی و دیبلۆماسی

وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا لە ڕوانگەی سیاسی و دیبلۆماسییەوە گرنگییەکی تایبەت دەبەخشنە وڵاتان، بەتایبەتی ئێران. ئێران لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی ١٩٧٩ ئێران پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەپچڕێنێت و کەناڵەکانی دیبلۆماسی کەم دەبێتەوە. بۆیە پێویستە دەکات بۆ شەرعییەتی ڕژێمە نوێیەکە سەرلەنوێ پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ چەندین وڵاتی نوێدا ببەستێت. بەپێی ڕاپۆرتێکی (CIA) لە ساڵی ١٩٨٤ زیادبوونی چالاکییەکانی ئێران لە ئەفریقا دەگەڕێنێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی زیاتری پشتیوانی نێودەوڵەتی. لەبەر ڕۆشنای ڕاپۆرتەکەی سی ئای ئەی ڕووندەبێتەوە ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵدەدات لە وڵاتانی ئەفریقا نزیک ببێتەوە و پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتانە گەشەپێبدات، بۆ ئەوەی پێگەی نێودەوڵەتی خۆی پێبەهێز بکات.(٤٢) لەم ڕوانگەیەوە دەبینین ئێران بەردەوام هەوڵی زیادکردنی کونسوڵخانەکانی خۆیداوە لە کیشوەرەکەدا، لە ئێستا زیاتر لە ٢٠ وڵاتای کیشوەرەکە کونسوڵخانەی خۆی کردۆتەوە.(٤٣)

یەکێک لە ئامانجە ستراتیجییەکانی ئێران لە ئەفریقا دروستکردنی پەیوەندی دیبلۆماسییە لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا. ئێران دەیەوێت لەڕێگەی ئەم پەیوەندییانەوە پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ خۆی زیاد بکات، بەتایبەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی جیهانی. ئێران هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئەم پەیوەندییانەوە قەبارەی گەمارۆکانی سەرخۆی کەم بکاتەوە، لە لایەکی تریشەوە سوود لەم پەیوەندییانە وەربگرێت سەبارەت بە هەر کەیسێکی تایبەت بە ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش.(٤٤) بەتایبەتی بڕیارەکانی تایبەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران. لەم ڕوانگەیەوە ئێران توانیویەتی پشتیوانی چەندین وڵاتی ئەفریقا بەدەست بهێنێت و دەنگی ئەو وڵاتانە لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرژەوەندی خۆی بەکاربێنێت. بۆ نمونە وڵاتی گابۆن و کینیا لە دژی ئەو بڕیارانە بوون کە تایبەت بوون بە سزاکانی سەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران.(٤٥)

وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا (لوتی ئەفریقا) بەهۆی گرنگی جیۆستراتیجییەکەی، نزیکییان لە گەرووی بابل مەندوب، کەنداوی عەدەن و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها گرنگی شوێنی جوگرافیاکە لە ڕووی هێڵی گواستنەوەی نەوت، بۆتە جێگەی سەرنجی ئێران، بۆیە هەوڵدەدات لەم وڵاتانە نزیک ببێتەوە و پەیوەندی ستراتیجییان لەگەڵدا گەشە پێبدات، پاشانیش وەک کارتێکی فشار لە دژی ئیسرائیل و وڵاتانی تری عەرەبی بەتایبەتی سعودیە بەکاریبێنێت.(٤٦) لەم پێناوەدا ئێران بەردەوام هەوڵدەدات پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا بەتایبەتی ئەریتریا پێشبخات و هەژموونی سیاسی خۆی لە دەریای سووردا زیاد بکات و بپارێزێت.(٤٧) هەروەها ئێران لە ڕێگەی پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هێزە نافەرمییەکانی ئەو ناوچانە بەتایبەتی ئەل شەبابی سۆماڵ، دەتوانێت کەرەستەی سەربازیی بەشێوەیەکی نافەرمی بگوازێتەوە بۆ کیشوەرەکە و لەوێشەوە هاوکارییە سەربازییەکانی بگەیەنێت بە حوسییەکانی یەمەن.(٤٨) ئێران لە بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیجییەکانی لە کیشوەرەکەدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بەربەست دەبێتەوە کە گرنگترینیان، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا، سعودیە و ئیسرائیلە. بەو مانایەی سیاسەت و ستراتیجی ئێران لە وڵاتانی ئەفریقا پێچەوانەی سیاسەت و ستراتیجی ئەم وڵاتانەیە، بە تایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا. لەبەر ئەمەیە کە ئێران لە پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی لەم وڵاتانەدا ڕووبەڕووی ئاڵنگاری دەبێتەوە.(٤٩) تەنانەت لە ژێر فشار و مەترسییەکانی سزاکانی ئەم وڵاتانە چەندین وڵاتی ئەفریقا ناچاربوون لە چەندین ڕێکەوتننامەی گرنگ بکشێنەوە کە لەگەڵ ئێراندا ئەنجامیاندابوو.(٥٠)

سەرچاوەکان

  • Toprak, Kenan, 2021, Nijerya’ya Şiiliğin Girişi ve Yayılmasında/Gelişiminde İran’ın Rolü, Africania-İnönü Üniversitesi Uluslararası Afrika Araştırmaları Dergisi, Cilt 1, Sayı 2, s. 39-40.
  • Karaoğlu, Orhan, 2022, Dini Diplomasi ve Şiileştirme Bağlamında İran’ın Afrika’daki Faaliyetleri: Fas, Tunus, Cezayir Örneği, Türkiye Ortadoğu Dergisi, Cilt 9, Sayı 2, s. 146.
  • Çomak, Hasret & Sancaktar, Caner & Çınar, Huriye Yıldırım, 2017, Afrika Politikası Yüzyılda Güvenlik, Refha ve Demokrasi Arayışı, İstanbul, İnkılap Kitabevi, s. 780-781.
  • eker Talha, Cafer, 2017, İran’ın Afrika Politikası ve Kaşılaşan Zorluklar; Ahmedinejad Döneminde 2005 – 2013, İran Çalışmalar Dergisi, Cilt 1, Sayı 1, s. 104. Mari, Najla, 2017, Iran in the Face of yhe International Scramble for Africa, JOURNAL FOR IRANIAN STUDIES, Year 1, issure 2, p, 64-66.
  • Yiğit, Recep, 24,5,2024, Mezhepsel sıkışmışlığın arasında Afrika, https://www.yirmidort.tv/dunya/mezhepsel-sikismisligin-arasinda-afrika-180160 , 20/7/2024.
  • Şanlı, Sare, 2024, İkinci İran Afrika Zirvesi ve İran Afrika Siyaseti, İndependent Türkçe Sitesi, https://www.indyturk.com/node/722566/t%C3%BCrki%CC%87yeden-sesler/i%CC%87kinci-i%CC%87ran-afrika-zirvesi-ve-i%CC%87ran%C4%B1n-afrika-siyaseti , 6\7\2024.
  • Yaşa, Feyza, 2022, Güney Afrika’da İran’ın Şiî Politikasının Etkileri: el-Cihad ve Kıble Hareketleri, Turkish Journal of Shiite Studies, Cilt / Volume: 4 Sayı / Issue: 1, s. 105.
  • Çomak, Hasret & Sancaktar, Caner & Çınar, Huriye Yıldırım, 2017, Afrika Politikası Yüzyılda Güvenlik, Refha ve Demokrasi Arayışı, İstanbul, İnkılap Kitabevi, s. 781
  • arı, İsmail, 2023, İran’ın Sahraaltı Afrika’da Yumuşak Güç Stratejileri, Oratdoğu Analiz Dergisi, Cilt 14, Sayı 129, s. 17-18
  • Karaoğlu, Orhan, 2022, Dini Diplomasi ve Şiileştirme Bağlamında İran’ın Afrika’daki Faaliyetleri: Fas, Tunus, Cezayir Örneği, Türkiye Ortadoğu Dergisi, Cilt 9, Sayı 2, s. 147.
  • eker Talha, Cafer, 2017, İran’ın Afrika Politikası ve Kaşılaşan Zorluklar; Ahmedinejad Döneminde 2005 – 2013, İran Çalışmalar Dergisi, Cilt 1, Sayı 1, s. 104.
  • Aydın, Hasan, 2018, İran’ın Afrika’daki Sessiz Yürüyüşü ve Karşısındaki Engeller, Afrika Araştırmacılar Derneği, pdf , 7/7/2024.
  • Aydın, Hasan, 2018, İran’ın Afrika’daki Sessiz Yürüyüşü ve Karşısındaki Engeller, Afrika Araştırmacılar Derneği, pdf , 7/7/2024.
  • Çomak, Hasret & Sancaktar, Caner & Çınar, Huriye Yıldırım, 2017, Afrika Politikası Yüzyılda Güvenlik, Refha ve Demokrasi Arayışı, İstanbul, İnkılap Kitabevi, s. 781-782.
  • Directorate of Intelligence Report, Sub-Saharan Africa Growing Iranian Activity (US: CIA, December 1, 1984).
  • Şahin, Mehmet; Seyedi Asl, Seyedmohammad, 2020, İran Dış Politikasında Kamu Diplomasisinin Kullanımı, Ortadoğu Etütleri, 12-1, s. 175.
  • Çomak, Hasret & Sancaktar, Caner & Çınar, Huriye Yıldırım, 2017, Afrika Politikası Yüzyılda Güvenlik, Refha ve Demokrasi Arayışı, İstanbul, İnkılap Kitabevi, s. 780.
  • Alizada, Nazrin, 2018, Siyasi Manevra Stratejisi Bağlamında İran’ın Afrika Açılımı, ankara Kriz ve Siyaset Araştırma Merkezi, Yayın No 26, s. 11-12.
  • Aydın, Hasan, 2018, İran’ın Afrika’daki Sessiz Yürüyüşü ve Karşısındaki Engeller, Afrika Araştırmacılar Derneği, pdf , 7/7/2024.
  • Alizada, Nazrin, 2018, Siyasi Manevra Stratejisi Bağlamında İran’ın Afrika Açılımı, ankara Kriz ve Siyaset Araştırma Merkezi, Yayın No 26, s. 12.
  • Şanlı, Sare, 2024, İkinci İran Afrika Zirvesi ve İran Afrika Siyaseti, İndependent Türkçe Sitesi, https://www.indyturk.com/node/722566/t%C3%BCrki%CC%87yeden-sesler/i%CC%87kinci-i%CC%87ran-afrika-zirvesi-ve-i%CC%87ran%C4%B1n-afrika-siyaseti , 6\7\2024.
  • Mari, Najla, 2017, Iran in the Face of yhe International Scramble for Africa, JOURNAL FOR IRANIAN STUDIES, Year 1, issure 2, p, 60-62.
  • Topçu, Muhammed, 2022, İran’ın Afrika’daki Yol Ayrımı, https://www.akem.org.tr/post/analiz-i-ran-%C4%B1n-afrika-daki-yol-ayr%C4%B1m%C4%B1 , 8\7\2024.

Send this to a friend