سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەمەڕ عێراق و سووریا: گرنگیی ستراتیژیی و هاوسەنگی هەرێمایەتیی
توێژەران: شێرکۆ کرمانج
عەبدوڵڵا کوێخا سادق
وەرگێڕان: پەرۆش محەمەد
پوختە
ئەم توێژینەوەیە لە ڕۆڵی ئێران دەکۆڵێتەوە لە عێراقی دوای ٢٠٠٣و لە ململانێ بەردەوامەکانی سووریا لە ئێستادا. هەروەها ستراتیژیەتی سیاسیی ئێرانیش بەرامبەر هەردوو وڵاتەکە شی دەکاتەوەو لێی دەکۆڵێتەوە. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە هەڵسەنگاندنە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران و بەکارهێنانی شەڕی بە وەکالەت لە عێراق و سووریا بۆ دەستنیشانکردنی ئامانجە ستراتیژیەکانی ئێران لەو دوو وڵاتەداو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گشتی. هەروەها هەوڵدەدا کارو کاردانەوەکانی دژبەرە هەرێمییەکانی ئێران وەکو سعودیە و قەتەریش شی بکاتەوە. توێژینەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نزیکایەتی مەزهەبیی ڕژێمەکانی سووریا و عێراق لەگەڵ گرنگیی ستراتیژیی جوگرافیای هەردوو وڵات بۆ بەستنەوەی ئێران بە حیزبوڵڵاوە هۆکاری هەرە سەرەکی تێوەگلانی ئێرانن لە سووریا و عێراق. توێژینەوەکە جەخت لەوەش دەکاتەوە کە عێراق کارتێکی سیاسییە بەدەست ئێرانەوە بەکاری دێنێ بۆ زیادکردنی توانا سیاسییە هەرێمییەکانی بە مەبەستی پاراستنی هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆ گەشتن بەم ئامانجە ئێران دەیەوێت سوپایەکی تەریب لە سووریا و عێراق دا دروست بکات کە هاوشێوەی سوپای پاسدارانی خۆی بێت.
وشە کلیلەکان: ئێران، عێراق، سووریا، سوننە، شیعە، سیاسەتی دەرەوەی ئێران، مەزهەبگەرایی، هاوسەنگی هێز و شەڕی بە وەکالەت.
بەرایی
لە دوای دروستکردنییەوە لە ١٩٢١ لەلایەن بەریتانیاوە، عێراق لە لایەن کەمینەی عەرەبی سوننیەوە حوکم کراوە، کە لە سەدا ٢٠ی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنن. دەسەڵاتی سوننەکان تاوەکو ٢٠٠٣ حوکمی کرد تا ئەو کاتەی کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا حکومەتە سوننیەکەی لە کار خست کە لەلایەن “سەدام حوسێن”ـەوە حوکم دەکرا. ئەمەش ڕێگەی بۆ شیعەکان خۆش کرد، کە لە سەدا ٦٠ی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنن، بۆ ئەوەی وەکو گرووپی زۆرینە لەوکاتەوە تا ئێستا کۆنترۆڵی حکوم بکەن. دوای لەکار لابردنی سەدام حوسێن، ئەمریکا هیواکانی لەسەر ئەوە دامەزراندبوو کە لە ڕێگەی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە سیستەمێکی سێکولاری دیموکراتی لە وڵاتەکەدا دابمەزرێنێت. بەڵام ئەو زنجیرە هەڵبژاردنانەی کە تا ئێستا ئەنجامدراون (لە ٢٠٠٥، ٢٠٠٩و ٢٠١٤) هاوکاربوون بۆ خۆتێهەڵقورتاندنی هێزە هەرێمیەکان لە سیاسەتی عێراقدا بەتایبەتی ئێران.١
سووریا وەکو دەوڵەتێکی مۆدێرن لە ١٩٢٠، ڕێکساڵێک پێش عێراق لەلایەن فەڕەنسای ئیستیعمارەوە، دروستکرا. بەڵام لە ١٩٤٦ دا سەربەخۆیی وەرگرت، چواردە ساڵ دوای ئەوەی عێراق. هەرچۆنێک بێت ساڵانی ناجێگیریی سیاسیی و کودەتای سەربازیی بەردەوام بوو تاوەکو ١٩٧٠ کاتێک حافز ئەسەد، کە سەر بە خێزانێكی شیعەی عەلەوی کەمینە بوو، دەسەڵاتی لەڕێگەی کودەتایەکی سیاسی ترەوە گرتە دەست. عەلەوییەکان لە سەدا ١٤ی دانیشتوانی سووریا پێکدەهێنن. لە ١٩٨٢ سوپا و هێزە ئەمنیەکانی ئەسەد یاخیبوونێكی سوننەکانی شاری حەمایان دامرکاندەوە کە تێیدا دەیان هەزار مەدەنییان کوشت. لە ٢٠٠٠ دا، حافز ئەسەد مرد و کوڕەکەی، بەشار ئەسەد، جێگەی گرتەوە.
لەو کاتەوەی ئەمریکا ڕژێمەکەی سەدام حسێنی لە ٢٠٠٣ ڕووخاند بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە عێراق ناجێگیر بووە، لە پەیوەندی بە سووریاش، لەگەڵ دەسپێکی خۆپیشاندانەکان لە ٢٠١١ ەوە لە دژی ڕژێمەکەی ئەسەد دۆخەکە ناجێگیرە. داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە بووە بە هۆکاری ئاڵۆزبوونی دۆخەکە، وەک توندوتیژیی مەزهەبیی، داڕمانی ئەمنی، گەشەکردنی گرووپە ڕادیکاڵ و توندڕەوەکانی وەک ئەلقاعیدە لە عێراق (کە دواتر بوو بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا، داعش). لە نیوەی ٢٠١٤ دا داعش ناوچەیەکی بەرفراوانی لە عێراق و سووریا کۆنترۆڵ کرد، ئەمەش داعشی کردبوو بە گەورەترین ڕێخراوی تیرۆرستی لە جیهاندا. لە قۆناغێکدا داعش بەوەوە دەنازی کە ناوچەیەکی فراوانی لە عێراق و سووریا کۆنترۆڵ کردووە و چەندان سەرچاوەی گەورەی داهاتی هەیە، لەوانە بیری نەوت لەو هەرێمانەی بەڕێوەی ئەبرد. دوای کۆنترۆڵکردنی هەرێمێکی جوگرافیی فراوان داعش دەوڵەت/خەلافەتێکی دامەزراند کە لە باکووری سووریاوە دەستی پێدەکرد تاوەکو ناوچەکانی ڕۆژاوای عێراق و ناوی لێنابوو دەوڵەتی ئیسلامی. هەرچەندە دوای سێ ساڵ، داعش زۆربەی ئەو ناوچانەی لەدەستدا کە لە ٢٠١٤ ـەوە کۆنترۆڵی کردبوو. دوای داعش ئەو ناوچانە کەوتنە دەست سوپای عێراق و هێزە کوردیەکان لە عێراق و هێزەکانی حکومەتی سووریاو هێزەکانی سووریای دیموکرات لە سووریا.
شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران ڕژێمی شای ڕووخاند کە دۆست و هاوپەیمانێكی نزیکی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بوو لە ناوچەکە، لەجێی ئەوە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دامەزراند کە پێچەوانەی ڕژێمەکەی پێشوو بوو بە دژی ئەمریکاییەکان. لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی لە ئێران پەیوەندیەکان لەگەڵ عێراق تێکچوون. لە ئەیلوولی ١٩٨٠ عێراق جەنگێکی لە دژی ئێران ڕاگەیاند کە هەشت ساڵی خایاند. لە ماوەی ئەم جەنگەدا حافز ئەسەدی سووریا پشتی ئێرانی گرت؛ ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ هاوپەیمانیەکی ستراتیژی دوورمەودا لەنێوان هەردوو دەوڵەتەکەدا.
لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، ئێران هاوکاری پێشکەشی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی (مەجلیسی ئەعلا) لە عێراق دەکرد، کە لە ٢٠٠٧ ناوەکەی کرا بە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی لە عێراق (لێرە بەدواوە، مەجلسی ئەعلا، کە گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بوو لە ئێران دامەزرابوو). ئێران ڕاهێنانیشی بە جەنگاوەرەکانی ڕێکخراوی بەدر دەکردو چەکی پێدەدان، کە باڵی سەربازیی مەجلیسی ئەعلا بوو، بۆ ئەوەی شەڕی عێراق بکەن. ڕێکخراوی بەدر کۆڵەکەیەکی سەرەکی هێزەکانی حەشدی شەعبیە کە بەمدواییە دامەزرا ئەویش کاتێک کە سوپای عێراق لە موسڵ لە ٢٠١٤ دا ڕووخا. 2 زیاد لەوەش، ئێران هاوکاریی و هەماهەنگی حیزبی دەعوەی ئیسلامیشی دەکرد کە گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی تری شیعیەو حیزبی حاکمە لە عێراق لە ٢٠٠٦ ەوە تا ئێستا.3 لە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە، دەکرێت ئەوە وەک هۆکارێكی تێوەگلانی ئێران لە کاروباری عێراقدا ببینرێت. لەگەڵ داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە و لەدوای ڕاپەڕینەکانی سووریا، ئێران تابێت زیاتر ڕۆدەچێتە کاروباری سیاسیی ئەو دوو وڵاتە. لەگەڵ تێوەگلانی ئێراندا، هێزی تری هەرێمی و نێودەوڵەتی کاریگەرییان هەبووە لەسەر ئاڵۆزییەکانی ئەو دوو وڵاتە بەڵام هیچیان بە قەد ئێران کاریگەرییان نەبووە. ئامانجی سەرەکی ئەم نوسینە گفتوگۆکردنە لەسەر پرسەکانی پەیوەندیدار بە دەستێوەردانی ئێران و هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە عێراق و سووریادا.
ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانی سووریا کە لە ٢٠١١ دەستی پێکرد هەرزوو بووبە ئاڵۆزی فراوان، بەتایبەتی دوای تێوەگلانی هێزگەلی دەوڵەتی و نادەوڵەتی. کاتێک ناڕەزاییەکان لە سووریا دەستی پێکرد ئێران بە “پیلانێكی ئیسرائیلی-ئەمریکی بۆ ڕووخاندنی ئەسەد” وەسفی کرد. بەهۆکاری ئەو هاوپەیمانیە بەهێزەی نێوان هەردوو وڵات یارمەتیدانی سووریا بووبە کۆڵەگەیەکی سەرەکی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران بۆ پاراستنی ڕژێمەکەی ئەسەد، پەیداکردن و سەپاندنی کاریگەریی هەرێمیی، هەروەها بۆ پاراستنی ئەمنیەتی خۆی. ململانێ بەردەوامەکانی عێراق و سووریا بەهۆی ڕۆڵ و تێوەگلانی زلهێزی وەکو ئەمریکا و ڕوسیا، وڵاتانی دراوسێ وەکو سعودیە، تورکیا و قەتەر زیاتر ئاڵۆز بووە. زیاد لەوەش تێوەگلانی هێزگەل و ڕێکخراوی نادەوڵەتی وەکو بەرەی نوسرە (لقی سووریای ئەلقاعیدە لە ٢٠١٧ ناوەکەی خۆی گۆڕی بۆ هەیدەت تەحریر ئەلشام)؛ داعش؛ حیزبوڵڵای شیعەی توندڕەوی لوبنان لەگەڵ پەیەدەی کوردی، هەموویان بەسەریەکەوە تەنگژەی سووریایان گەورەتر و ئاڵۆزتر کرد. لەگەڵ ئەم چەقبەستووییە سیاسیە ئاڵۆزەی عێراق و سووریا، کە بەهۆکاری هەندێ دەوڵەتی “خەمخۆر” خراپتر بووە، پێویست دەکات کە پێشهاتە نوێکان لە هەردوو وڵاتدا بە وریاییەکی زۆرەوە چاوی لێ بکرێت، بە شێوەیەک کە ئێران وەکو یاریکەرێكی بەهێزی هەرێمی تەماشا بکرێت کە پێشتر توێژەران بەو ڕەنگە دەستنیشانیان نەکردووە و لێییان نەکۆڵیوەتەوە.
شەڕی بە وەکالەت لە سیاقی عێراق و سووریا دا
بەر لەوەی لە خۆتێهەڵقورتاندنی ئێران و بکەرەکانی تر لە کاروباری عێراق و سووریا دا بکۆڵینەوە گرنگە کە زاراوەی ‘شەڕی بەوەکالەت” پێناسە بکەین. سەرەتا، مرۆڤ تا ئەندازەیەک بە دڵنیاییەوە دەتوانێ بڵێت کە سەرەڕای گرنگیی لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا، بە تایبەتی لە ماوەی جەنگی سارددا (١٩٤٥-١٩٩١)، شەڕی بەوەکالەت بە ئەندازەی پێویست توێژینەوەی لەبارەوە نەکراوە. مەمفرد پێیوایە کە “ململانێی بەوەکالەت ڕەنگدانەوەی هێڵێکی دێرینە لە مێژووی جەنگدا”. “شەڕ بە هەرزانی” ، شەڕی بە وەکالەت، بە درێژایی سەدەکان تەلیسمێکی ستراتیژیی هەبووە کە دەوڵەتەکان نەیانتوانیوە خۆیان بگرن و پەنای بۆ نەبەن.”5 مەمفرد شەڕی بەوەکالەت ئاوا پێناسە دەکات کە “دەرگیربوونێکی ناڕاستەوخۆی لایەنێکە [دەوڵەتێکە] لەڕێگەی لایەنی سێیەمەوە لە ململانێیەکدا کە لایەنەکە دەخوازێت کاریگەریی لەسەر دەرئەنجامە ستراتیژییەکانیدا هەبێت.” پاشماوەکانی شەڕی دووەمی جیهانی لەگەڵ کاریگەریان لەسەر جەنگی سارد نیشانی دەدات کە تێوەگلان لە شەڕی بەوەکالەتدا ڕێگەیەکە کە لەمیانیدا زلهێزەکان تواناو هێزی خۆیان لەسەر وڵاتانی جیهانی سێیەم بەکاردێنن و لە یەککاتدا هەم بەرژەوەندی زلهێزەکان زیاتر دەکات هەم ئەگەری ڕوودانی ململانێی ڕاستەوخۆ و فراوان کەمتر دەکاتەوە. هەرچەندە کۆتایی جەنگی سارد دواییهێنا بە سیستەمی دووجەمسەری جیهانیی و سیستەمێکی نوێی ڕێکخستنی جیهانی هێنایە کایەوە، بەڵام شەڕی بەوەکالەت وەک خۆی مایەوە و وەک فاکتەرێک لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا کەڵکی لێوەردەگیردرا. سەردەمی تەکنەلۆژیای زانیاریی و فراوانبوونی جیهانگیریی لەدوای جەنگی سارد وایکرد دەکتەرە نادەوڵەتییەکان ڕۆڵی گەورەتر ببینن لە پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکاندا. ئەمە بە سادەیی بەو مانایە دێت کە ئەوە چیتر تەنیا زلهێز و هێزە هەرێمیەکان نین، کە بتوانن کاریگەر بن لە شەڕی بە وەکالەت چونکە لە ئێستادا دەکتەرە نادەوڵەتییەکان بەردەوام وەک بکەرێکی هەرزان و ڕێگەیەکی بەسوود دەردەکەون بۆ کەمکردنەوەی مەترسی ململانێ و تێوەگلانی ڕاستەوخۆی زلهێزەکان.6
هۆکاری پشت ئەوەی کە حکومەتێک پەنا بباتە بەر بژاردەی شەڕی بەوەکالەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دژبەرەکەیدا زۆرن. یەکەم، شەڕ و ڕووبەڕوبوونەوەی ڕاستەوخۆی دەوڵەتان لەبری شەڕی بەوەکالەت ڕەنگە وەکو کردەیەکی “بێ پاساو”، “گرانبەها”، “نایاسایی”، یان “نەکردە” دەربکەوێت. دووەم، “شەڕی بەوەکالەت” لە سیاقە نێودەوڵەتییەکەدا بەراورد بە “شەڕی ڕاستەقینە”7 کەمتر نەرێنیە. لە سەروو ئەمانەوە، دوو هۆکاری تر هەیە کە ئێران شەڕی بەوەکالەت بەکاردێنێت: یەکەم، ئێران ئاگاداری ئەوەیە کە بەراورد بە دژبەرەکانی توانا سەربازییەکانی لاوازە بە تایبەتی لە ئاستی ئەمریکا و ئیسرائیل دا. دووەم، ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ وەکیلەکانی بەکاردێنێت بۆ ئەوەی وردەوردە زیاتر ڕۆبچێتە ناو دامودەزگاکانی حکومەت لە عێراق و سووریا دا، دامەزراوە فەرمییەکان بێهێز و وەکیلەکانی بەهێز بکات.8
کۆمەڵێک فاکتەر و ڕووداوی بە خەسڵەت مەزهەبیی لە پشت شەڕی بەوەکالەتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. چەندین قۆناغی گرنگ هەیە لە سەدەی بیستدا کە وایان کرد مەزهەبگەرایی سەرهەڵداتەوە و بەردەوام بن. یەکەم، دامەزراندنی شانشینی عەرەبستانی سعودیە بوو لە ١٩٣٢ کە هەر زوو تەبەنی فیکری وەهابیەتی کرد؛ وەهابیەت فۆرمێکی ئیسلامی سوننەیە لە سەدەی هەژدە لەلایەن “محەمەد عەبدولوەهاب”ەوە بنەماکانی داڕێژرا کە دووەم گەورە مەزهەبی ئیسلامی، واتە شیعەی، وەکو بیدعە و کوفر ناساند.9 دووەم هۆکار، شەڕی پانزە ساڵەی ناوخۆیی لوبنان بوو، کە لە ١٩٧٥ دەستی پێکردو تێیدا سوننەو شیعە لە ناوچەی جیاوازی وڵاتەکەدا شەڕی یەکدیان دەکرد. سێیەم قۆناغ دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو لە ١٩٧٩ کە بارگاویی بوو بە فیکری شیعەگەراییەوە، کە بەشێوەیەکی گشتی دژی بانگەشەی سوننە دەوەستایەوە لەپەیوەندی بە پرس و پڕۆسەی شوێنگرتنەوەی پێغەمبەری مسوڵمانان. لەمانە مەترسیدارتر ئەوە بوو کە ڕژێمە نوێکەی ئێران هەناردەکردنی شۆڕشە ئیسلامییەکەی بۆ وڵاتە مسوڵمانەکانی تر وەک ئەرکێکی سەرەکی سەر شانی خۆی دەبینی. چوارەم، شەڕی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران بوو، کە لایەکیان نوخبەیەکی سیاسی سوننی و لایەکەی تر دامودەزگای ویلایەتی فەقیهی شیعە، کە شێوازێکی بەڕێوەبردنی ئیسلامییە، بەڕێوەی دەبرد. پێنجەم ڕووداو دامەزراندنی دوو حیزبی ئیسلامی شیعیی بوون: حیزبی دەعوەی ئیسلامیی لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و مەجلیسی ئەعلا لە ١٩٨٢ لە باشوری عێراق، کە زۆرینەی دانیشتوانی شیعەی عێراقی تێدا دەژی. شەشەم، داپڵۆسینی دڕندانەی ڕاپەڕینی شیعەکانی عێراق بوو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە ١٩٩١ کە تێیدا دەیان هەزار هاووڵاتی شیعە کوژرا و مەزارگا پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلاش بۆمباران کران. حەوتەم، لابردنی ڕژێمی سەدام حوسێن بوو لە ٢٠٠٣، کە بە هۆیەوە سوننە کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراقیان لەدەستچوو. هەرزوو دوای ئەمە توندوتیژی مەزهەبی تەقیەوە کە پەراوێزخستنی سوننە هۆکارێکی بوو؛ هۆکارێکی تریش ڕەتکردنەوەی سوننەکان بوو بۆ ئەو واقیعە تازە سەپاوە لە عێراق کە زاڵێتی شیعەی لەخۆنیشان دەدا. هەشتەم ڕووداو ڕاپەڕینەکانی سووریا بوو کە لە ڕووکاردا بۆ ئازادیی و دادپەروەریی بوو، بەڵام هەرزوو سەری کێشا بۆ توندوتیژی مەزهەبی، بەتایبەتیش کاتێک گرووپە ڕادیکاڵە سوننییەکانی وەک بەرەی نوسرە و داعش دەستیان گرت بەسەر ئۆپۆزسیۆنە چەکدارییەکاندا. هەموو ئەم هۆکار و پێشهات و ڕووداوانە دوژمنایەتیی نێوان سوننەو شیعەیان لە عێراق و سووریا دا خراپتر و زەقتر کردو هاوکاربوون بۆ دەستێوەردانی هێزە هەرێمی و دەکتەرە نادەوڵەتیەکان لە ململانێکانی ناو هەردوو وڵاتدا. بە تایبەتی، ئەم ڕووداوانە بواریان دا بە ئێران شەڕی بەوەکالەت وەکو ئامرازێک بەکاربێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی عێراقی دوای شەڕ و ئاڕاستەکردنی پەرەسەندنە سیاسییەکانی سووریا لە دوای ڕاپەڕین و ململانێکانی ئەو وڵاتە.
دەستێوەردانی ئێران لە عێراق
کار و کردەوەکانی ئێران لە عێراقی دوای-جەنگ دەکرێ لە سیاقێکی فراوانتری ستراتیژیەتی ئەو وڵاتەدا بۆ ناوچەکە تەماشا بکرێت کە مەبەست لێی دابینکردن و مانەوەی پێگەی خۆیەتی. داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣، دواتریش، گۆڕینی ڕژێم لە عێراق دەرگایەکی کردەوە بۆ ئێران کە لێیەوە بە ئاسانی بچێتە ژوورەوە و تێوەگلێ لە کاروباری ناوخۆی عێراق. شیعەکانی عێراق، ئەو زۆرینەیەی کە ساڵانێک بوو داپڵۆسێنرابوون، بە ڕووخانی ڕژێم، خۆیان لە پێگەیەکی تەواو جیاوازتردا بینیەوە زۆر بەرزتر لەوەی کە پێشتر ئەزموونیان کردبوو لە سەردەمی حوکمڕانی ستەمکارانەی سەدامدا.10 لە دەرئەنجامدا شیعەکانی عێراق مافی زیاتر، ئاستی زیاتری بەشداری سیاسیی و لە هەمووشی گرنگتر کۆتایی پەراوێزخستنی ئابووریی و کۆمەڵایەتییان دەویست. ئێران وەکو وڵاتێکی زۆرینە شیعە ئەم دەسەڵاتە نوێیەی شیعەکانی عێراقی بەکارهێنا بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز و کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەمریکا و سعودیە لە وڵاتەکەدا.11 هاوکات، ئێران کەڵکی لەو پەیوەندییە مێژووییەی لەگەڵ گرووپە شیعەکاندا کە پێشتر بارەگایان لە ئێراندا هەبوو، وەرگرت، ئەوانیش، وەک ئاماژەی پێکرا، حیزبی دەعوە و مەجلیسی ئەعلا بوون. ئەمە جگەلەوەی پەیوەندی دروست کرد لەگەڵ ئەو بزوتنەوە نوێیانەی تازە دروست ببوون وەکو بزوتنەوەی موقتەدا سەدر و میلیشیاکانی تری وەکو عەسایبی ئەهلی حەق.12 ئەم پەیوەندییە و دۆستانەییانە پێگەیەکیان بۆ ئێران دروستکرد کە لەوێوە کاریگەریی لەسەر سیاسەت لە عێراق دا هەبێت.
لە ساڵانی داگیرکاریی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، لە نێوان ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١١، ئێران جۆرەها میلیشیا و گرووپی شیعیی دروست و پارەدار کرد. هاوکات، هاوکاری دەکردن و ئاڕاستەی دەکردن لەناو هێزە سیاسیە شیعیەکاندا تاوەکو هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق دا. لە هەمانکاتدا، ئێران پشتی ئەو حکومەتە شیعیەی دەگرت کە لە بەغدا دەسەڵات بەدەست بوو.13 بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان تاوەکو نیوەی ساڵی ٢٠٠٧ ، ئەو میلیشیایانەی ئێران هاوکاری دەکردن، بەرپرسبوون لە ئەنجامدانی نیوەی ئەو هێرشانەی دەکرانە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.14 لە ٢٠٠٣ وە، میلیشیا شیعیەکان، لەوانە: سوپای مەهدی (لە ٢٠١٤ ناوەکەی گۆڕا بۆ سەرایای سەلام) و عەسایب ئەهلی حەق لەلایەن سوپای قودسی پاسداران (ئەم یەکەیەی سوپای پاسداران بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنە نهێنیەکان لە دەرەوەی ئێران) و حیزبوڵڵاوە ڕادەهێنران و ڕێکدەخران. ئەم بانگەشانە بنەمای لەسەر ئەو شوێنپەنجە و شوێنەوارانە داناوە کە بەو چەکە ئێرانیانەوە بوون کە دژی هێزەکانی هاوپەیمانان لەلایەن میلیشیاکانەوە بەکارهاتبوون. ئەفسەرانی سەربازی ئەمریکا لە عێراق دەڵێن، ئێران بە بەهای نزیک لە ٣ ملیۆن دۆلار چەکی لە چەشنی سەکۆی ڕۆکێت و نارنجۆک داوە بە میلیشیا شیعیەکان لە عێراق.15 ئامانجی سەرەکی ئێران لەمەدا سەرلێشێواندن و هەراسانکردنی هێزەکانی ئەمریکا بووە بۆ ئەوەی فشاریان لێ بکات عێراق بەجێبهێڵن. بە کورتی ئامانجی ئێران لێدان بووە لە بەرژەوەندی و ئامانج و سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە گشتی و لە عێراق بە تایبەتی. کەواتە مادام ئێران هێندە بوێر بێت گرفت بۆ ئامانج و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بکات، ئەوا دەبێت لەلایەن هەموو هێز و لایەنەکانی ناوچەکە بە هەند وەربگیرێت.
لە دوای ئەوەی پارێزگا سوننیەکانی عێراق کەوتنە دەست داعش، تێوەگلانی ئێران لە عێراق و پاڵپشتیەکانی بۆ حکومەتە شیعیەکەی و میلیشیا شیعیەکان بەرفراوانتر بوون و زیاتر دەرکەوتن. ئێران ئەوەی پێی کرا کردی بۆ ئەوەی عێراق و حکومەتە شیعیە-باڵادەستەکەی لە ڕووخان ڕزگار بکات. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە “ڕاوێژکارە سەربازییە ئێرانییەکان لە مەیدانی جەنگدا ئامادەن و کاریگەریی زۆریان لە یارمەتیدانی عێراقییەکاندا لە دژی داعش هەیە”.16 سەرچاوە ئێرانییەکان ئەوەیان پشتڕاستکردۆەتەوە کە ئێران ڕاستەوخۆ لە شەڕدایە دژی داعش و ڕاوێژکارێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لە مەیدانی جەنگدا لە شاری سامەڕا لە باکووری بەغداد کوژراوە.17 سەرکردەی باڵای سەربازیی ئێران، قاسم سلێمانی، کە بەرپرسی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بوو لە سەروبەندی کەوتنی موسڵ لە ٢٠١٤ بە بەردەوامی هەر لە عێراقدا کارا بوو.18 لە پشت پەردەوە سلێمانی و ئەو ٨٠ هەزار میلیشیایەی لە ژێر فەرمانیدا بوون ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا لە ڕزگارکردنی موسڵ و ناوچەکانی تر لە داعش، ئەمەش تێوەگلانی ئێران لە کاروباری عێراقدا بە زەقی دەردەخات.
ستراتیژیەتی ئێران لە عێراق
سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە هەمبەر عێراق لە دەیەی ڕابردوودا دوو دیوی هەبووە: دژە-ئەمریکاو ڕوو لە شیعە. لە داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە, لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١١، واتە تا ئەو کاتەی ئەمریکا هێزە سەربازیەکانی لە عێراق کشاندەوە، ئێران سیاسەتە دژە ئەمریکاییەکەی لە ڕێگەی پلانێکی تاکتیکیەوە جێبەجێ دەکرد کە پێکهاتبوو لە هێرشکردنە سەر و زیانگەیاندن بە هەموو شێوەیەک بە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەڕێگەی میلیشیا شیعیەکانەوە. ئامانجەکانی ئێران، یەکەم، لەنزیک مەودادا ئەوەبوو کە ناسەقامگیریی دروست بکات تاوەکو ڕێگری بکرێت لەوەی ئەمریکا بە ئامانجە ستراتیژیەکانی بگات لە عێراق. دووەم، لەدوورمەدادا، تاوەکو ڕێگری بکات لەوەی ئەمریکا شوێن پێی خۆی لە عێراق قایم بکات یان بنکەی سەربازیی دابنێت. بە مانایەکی تر مەبەستەکە ئەوە بوو کە ڕێکەوتننامەی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق کاریگەریی نەبێت، بگرە ئەمریکا لە وڵاتەکەدا لاواز بکات نەک بەهێز.20 ئامانجی سێیەم ئەوەبوو کە ئەمریکا دوورخاتەوە لەوەی کە بیر لە هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران بکاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر لە داهاتوودا گفتوگۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران شکست بێنێت یاخوود وازی لێبهێنرێت ڕێک وەک ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کردی (٢٠١٧-٢٠٢١). ئامانجی چوارەم گرفت دروستکردن بووە بۆ بەهێزبوونی هەر هێزێکی سوننی لە عێراق کە ڕەنگە مەترسیەکی دوورمەودا بۆ سیستەمە دینی و سیاسییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروست بکات. ئامانجی پێنجەم و کۆتا دڵنیابوونەوە بوو لەوەی کە عێراق جارێکی دیکە نەبێتەوە بە مەترسی سەربازیی لەسەر ئێران، ئەڵبەت دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە عێراق لە هەشتاکاندا هێرشی کردە سەر ئێران و لە کۆتایی جەنگەکەشدا سوپای عێراق تا ئەندازەیەک سەرکەوتوو بوو.
ستراتیژیەتی دووەمی ئێران لەمەڕ عێراق بەو مەبەستە دانراوە کە هێزە شیعیەکان پڕتوانا و بەهێزو پڕچەک بکرێن، بەتایبەتی لە کۆنترۆڵکردنی دامەزراوە حکومییەکان و دامودەزگا ئەمنییەکان. بۆ گەشتن بەم ئامانجە ئێران نەک هەر یارمەتی حکومەتە هەڵبژێردراوە زۆرینە شیعەکانی داوە، بەڵکو دەستێوەردانیشی کردووە لە دروستکردن و ئاڕاستەکردنی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا. ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردە سیاسییە شیعیەکاندا بە چاکی بەکارهێناوە بۆ فراوانکردنی کاریگەرییەکانی لەسەر ئاڕاستە سیاسییەکانی عێراق و ئەو دیوی عێراقیش. ئێران کە خۆی وڵاتێکە شیعە تێیدا زاڵە، هەم لە ڕووی دانیشتوان هەم لە ڕووی سیاسیەوە لەو باوەڕەدایە کە تەنیا کاتێک بە ئامانجە ستراتیژیەکانی دەگات ئەگەر هاتوو هاوپەیمانە شیعیەکانی کۆنترۆڵی دەسەڵات و دامەزراوەکانی عێراق بکەن. ئیدی لەو ڕێگەیەوە، ئێران دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی لە عێراق دا بسەپێنێت، باڵادەستی خۆی فراوان بکات و بیگەیەنێتە سووریا و لوبنان.22 بەمشێوەیە ستراتیژیەتی ئێران لە عێراق لەسەر سێ کۆڵەکە وەستاوە، ئەوانیش یارمەتیدانی حکومەتە زۆرینە شیعیەکەیە، لەگەڵ کۆمەکی میلیشیا شیعیەکان، لەپاڵ ئەمانەش دروستکردنی کۆمەڵێک تۆڕی وەکیل و هاریکار.
عێراق زۆر گرنگە بۆ ئێران چونکە دەروازەی گەیشتنی ئێرانە بە سووریا، کە هاوپەیمانێکی تری ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوێشەوە ئێران دەتوانێ دەستی کۆمەک و یارمەتی بگەیەنێت بە حیزبوڵڵا. لە ڕێگەی کاریگەرییەکانیەوە لەسەر حکومەتی عێراق، ئێران دەیەوێت ئەو هاوسەنگی هێزە بپارێزێت لە ئاکامی ڕووخانی سەدام حوسێن بەدەستیهێناوە کە بوو بە هۆی پوکانەوەی سیاسیانەی سوننەکان و هەستانەوەی شیعەکان. ئەم هەستانەوەیەی شیعە وای کردووە زۆربەی سیاسی و چاودێرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەن بەو باوەڕەی کە هیلالێکی شیعی دروستبووە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە لە ئێران دەستپێدەکات و بە عێراق و سووریا دا تێدەپەڕێت بەرەو باشووری لوبنان، کە ناوچەی باڵادەستیی حیزبوڵڵایە.23 سەرەڕای بەرژەوەندی سیاسی و ئەمنی، ئێران بەرژەوەندی ئابووری زۆر گرنگیشی لە عێراقدا هەیە. “ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئێران و عێراق گەیشتووە بە ١٢ بلیۆن دۆلار” لە ٢٠١٣ و ئەگەری ئەوەش هەیە “ئەو بڕە بگاتە دوو ئەوەندە” لە ٢٠١٤.24 لە ٢٠١٧ دا، ئێران ڕۆژانە ٨ ملیۆن مەتر سێجا گاز بۆ عێراق دەنێرێت.25 ئەو گەمارۆ ئابووریە نێودەوڵەتیانەی خراونەتە سەر ئێران وایکردووە عێراق ببێ بە هاوبەشێکی بازرگانی گرنگ بۆ ئێران. ئێران دەیەوێت عێراق وەکو بازاڕێک بۆ شمەکەکانی بەکاربێنێت، هاوکات لەڕێگەی عێراقیشەوە ئەو کەرەستەو ئامێرانەی دەستبکەوێت کە گەمارۆیان خراوەتە سەر.
هۆکارێکی تر لە پشت ڕۆڵگێڕانی ئێران لە عێراقدا ئەوەیە کە لە سەردەمی جەنگی عێراق-ئێران، عێراق ببووە مۆڵگەی چەندان هێزی نەیاری ئێران، بۆ نموونە موجاهیدینی خەلقی ئێران. لە کاتی ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام حوسێن دا موجاهیدین نزیکەی ٣٤٠٠ چەکداری هەبوو کە لە نزیک سنوری ئێران دانرابوون لە کامپی ئەشرەف. ئێران هەوڵیداوە ئەم گرووپە لەلایەن عێراقەوە کۆتایی پێبهێنرێت و گەر بکرێت ئەندامەکانی تەسلیمی ئێران بکرێن. کاتێک کامپەکە لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکادا بوو تا ٢٠٠٩، داواکاری لەوجۆرە ڕەتدەکرانەوە. بەڵام لە سەردەمی حکومەتەکەی مالکی کە شیعە تێیدا باڵادەست بوون، ئیدی گرووپەکەیان ناچار کرد عێراق جێبهێڵێت.26 فشارەکانی ئێران بوو بەهۆی ئەوەی چەند هێرشێک بکرێتە سەر کامپەکە لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە کە هێرشێکیان لە ٢٠٠٩ و ئەویتر لە ٢٠١١ ڕوویداو تێیدا سەدان ئەندامی موجاهیدین کوژران یان بریندار کران. لەژێر فشاردا ئەندامەکانی ڕێخراوەکە لە کۆتاییدا دەستیان کرد بە چۆڵکردنی کامپەکە و زۆرینەیان ڕوویان لە ئەورووپا کرد.27 ئەمە ئەو ئامانجەیە کە ئێران لە ڕێی هاوپەیمانە شیعیەکانیەوە دەیویست پێی بگات و پێی گەیشت. ئەم دەسکەوتە ستراتیژیانە ئەو تێزەی ئەم توێژینەوە دەسەلمێنێت کە ئێران هێزێکی هەرێمییە و ڕۆڵێکی کاریگەر لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگێڕێت، وەک شەڕکردن دژی داعش و دەستێوەردان لە کاروباری عێراق و سووریا و یەمەن.
کاتێک داعش ڕووبەرێکی زۆری لە خاکی عێراق داگیرکرد و هەڕەشەی لە بەغدا کرد، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی ئێران، ڕایگەیاند کە ئێران ئەوەی لەدەستی بێت دەیکات بۆ ئەوەی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە هەڕەشەکانی داعش بپارێزێت. ڕۆحانی ناوی شوێنە پیرۆزەکانی وەک کەربەلا، نەجەف، کازمیە و سامەڕای هێناو پاشان وشیاریدا بە “زلهێزەکان و خزمەتکارەکانیان لەگەڵ تیرۆریستەکان” کە ئێران “هەموو شتێک دەکات بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە”.28 هەرزوو دوای داگیرکارییەکانی داعش، ئێران قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی نارد بۆ عێراق بۆ هاوکاری حکومەتەکەی لە دژی داعش.29 ئەو پرسیارەی لێرەدا دێتە پێشەوە ئەوەیە: داخۆ عێراق بۆچی ئەوەندە گرنگە بۆ ئێران؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە مرۆڤ دەبێ هەڵسەنگاندن بۆ پێگەی جوگرافی و سیاسی عێراق بۆ ئێران بکات لەگەڵ وردبوونەوە لە دابەشبوونی دیموگرافی دانیشتوانی عێراق. یەکەم، زۆرینەی دانیشتوانی عێراق ڕێک وەک ئێران مسوڵمانی شیعەن. هەروەها عێراق شوێنی زۆر لە مەزارگە پیرۆزەکانی شیعەی تێدایە، لەوانە: ئیمام عەلی لە نەجەف، ئیمام حوسێن لە کەربەلا، ئیمام کازم لە بەغدا، ئیمام هادی و ئیمام عەسکەری لە سامەڕا. ئەم شوێنانە بۆ هەموو شیعەی جیهان گرنگن، بەڵام بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم شوێنانە دڵی مێژووی شیعەن. لەوەش زیاتر، ئێران سنوورێکی هاوبەش بە عێراقی دەبەستێتەوە کە درێژییەکەی ١٤٥٨ کیلۆمەترە. لە حوزەیرانی ٢٠١٤ داعش شاری جەلەولای داگیرکرد کە تەنها ٢٥ کیلۆمەتر لە سنوری ئێرانەوە دوورە. ئێران وەڵامی ئەم هەڕەشەیەی داعشی بەوە دایەوە کە هاوکاری عێراق و سوپا لاوازەکەی زیاتر کرد بۆ ڕێگریکردن لەوەی کە داعش ببێتە هەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشی ئێران. بێجگە لەمانە، ئێران دەیەوێت یەکپارچەیی خاکی عێراق بپارێزێت. ئێران لە هەڵوەشانەوەی عێراق زۆر دەترسێت چونکە دانیشتوانی ئێرانیش وەک عێراق دابەشی چەندین گرووپی نەتەوەیی و مەزهەبیین. ئێران زیاتر لەوە دەترسێت ئەگەر داعش یان هەر گرووپێکی دیکەی سوننی-قەومی نەوەستێنرێن ئەوە حکومەتە شیعیەکەی عێراق بە یەکێکی سوننە جێگەی پڕدەکرێتەوە. لەپاڵ ئەمانەش، ئێران هەوڵی جددیش ئەدات ئەو هەوڵانە شکست پێبێنێت کە لەلایەن عێراقییەکان و ئەمریکیەکانەوە دەدرێن بۆ دروستکردنی سوپایەکی پرۆفێشناڵی نامەزهەبی بۆ عێراق. ئێران ئامانجی ئەوەیە کە هێزێکی سەربازی هاوتەریب بە سوپای عێراق هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێران لەو میلیشیایانەی کە دامەزراون بنیادبنێت. بەمشێوەیەش زاڵبوون بەسەر کاروباری ناوخۆی عێراق و دەستگرتن بەسەر ئاڕاستەکانی ئەو وڵاتەدا ئاسانتر دەبێت بۆ ئێران.
لە تشرینی دووەمی ٢٠١٦ ئەنجومەنی یاسادانانی عێراق پێگەی حەشدی شەعبیان بەیاسایی کرد، بەوەی کە بە فەرمی تێکەڵ، یان کران بە بەشێک لە سوپای عێراق، بەڵام بەشێکی سەربەخۆ. لەم ساتەدا دەبێت چاوەڕێ بین و ببینین داخۆ سەرۆک وەزیران وەک فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان چەندێک دەسەڵاتی بەسەر یەکەکانی حەشدی شەعبی دا دەبێت. لەوانەش گرنگتر، ڕاستە ئێران بە نیگەرانییەوە لە سەرهەڵدانی داعشی دەڕوانی بەڵام داعش ئەو دەرفەتەی ڕەخساند بۆ ئێران کە نیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدات کە ئەو هێزێکی گرنگە لە ناوچەکە و دەبێ وەک ئەوە دانی پێدابنرێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لە گۆشەنیگای ئێرانەوە بەشداری ئەو لە ڕێگریکردن و تێکشکاندنی داعشدا پێگەی ئێران بەهێزتر دەکات لە دانوستانە ئەتۆمیەکاندا لەگەڵ ڕۆژاوا.31 مرۆڤ دەتوانێت ئەمە بە ئاسانی ببینێت لەو ڕێککەوتنەدا کە لە تەموزی ٢٠١٥ لەنێوان ئێران و بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ڕوسیا و چین دا واژۆکرا، کە بە ڕێککەوتنی پێنج کۆ یەک ناسراوە.
لە بنچینەدا ڕێک وەک ئەوەی حەسەن ڕۆحانی ڕوونی کردەوە، ئێران “سەقامگیری و ئاسایشی عێراق وەک هی خۆی تەماشا دەکات.”32 بەرژەوەندییەکانی ئێران لە عێراق لق و پۆپی زۆرە، بۆیە سیاسەتە ستراتیژیەکانی ئێران لەو وڵاتەدا پاڵنەر و هاندەری جیاوازیان هەیە و هەندێجار دژبەیەکن. بۆ نموونە، لەلایەکەوە ئێران دەیەوێت عێراق ناسەقامگیر بکات بۆ ئەوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ شوێن پێ قایمکردن لاواز بکات؛ لەلایەکی ترەوە ئێران هەموو شتێکی کردووە بۆ ئەوەی وا بکات شیعە دەسەڵاتدار بکات و لە حکومەتدا زاڵیان بکات و مەزارە پیرۆزەکانی شیعەش بپارێزێت. ئەم دووڕیانە سیاسیە ئاستەمە، واتە دژایەتیکردنی ئەمریکا لەلایەک و هێشتنەوەی شیعەکان لە دەسەڵاتدا لەلایەکی دیکە، وایکردوە ئێران زۆر بەقووڵی ڕۆبچێتە ناو قەیرانی ئێستای سووریا و عێراق. ئەم بارودۆخە سیاسیانە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن و ڕەچاو بکرێن.
دەستێوەردانی ئێران لە سووریا
هەرچەندە شەڕی ناوخۆی سووریا لەلایەن میدیا و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ڕۆژئاوا بایەخی زۆری پێدراوە بەڵام ڕاگەیاندن و نوسینەکان لەبارەی پرسەکانی پەیوەست بەم قەیرانەوە زۆر سادەن. سادەکردنەوەکە لەوە دەردەکەوێت کە زۆرجار کێشەکە وەکو شەڕی نێوان چاکە و خراپە پیشان دەدرێت؛ خراپە ڕژێمەکەی ئەسەد و چاکەش هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، کە وا پیشاندەدرێت چاکەخوازەکان تەنها ئازادی و نیزامێکی نوێ و دیموکراسییان بوێت. ئەم تێگەیشتنە بۆ پرسی سووریا لە ناوەندە ئەکادیمی و ڕاگەیاندنەکاندا زاڵ بوو تا ئەو کاتەی کە دوو گرووپی توندڕەوی تیرۆرستی، داعش و نوسرە، دەرکەوتن و بوون بە بەهێزترین ڕێکخراوی بەرەی ئۆپۆزسیۆن. ئەمە نیشانیدا کە ڕاستییەکان لەسەر ئەرزی واقیع زۆر ئاڵۆزترن. هەر چۆنێک بێت بەڵام ئەوەی نکۆڵی لێناکرێت ئەوەیە کە دەرکەوتەکان و دەرئەنجامەکانی ئەم ململانێیە سنورەکانی سووریایان بەزاند و کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی جوگرافی و سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی جیهانی دروستکرد.33 یەکێ لە دیوەکانی ململانێکە کە پێویستی بەوەیە بەتایبەتی بایەخی پێبدرێت جۆرو ڕادەی تێوەگلانی ئێرانە لەو کێشەدا.
کاتێک کە بەشار ئەسەد پەنای برد بۆ هێز بە مەبەستی دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتەکەی، ئیدی شەڕێکی ناوخۆیی مەزهەبیی سەریهەڵدا هاوشێوەی ئەوەی دوای ڕووخانی سەدام لە عێراق ڕوویدا. سووریا بوو بە مەیدانی جەنگ بۆ هەموو ئەو گرووپە جیاوازانەی کە لە ژێر ناوی “ئیسلامگەرایی سوننی”دا سوننەکانی ناوچەکە هاوکاریان دەکردن لەلایەک و هێزە شیعیەکانی حکومەتی سووریا و هاوپەیمانەکانی وەک حیزبوڵڵا و حکومەتی عێراق و ئێران لەلایەکی دیکە. هەندێک ئەکادیمی کردەوەی زلهێزەکانی ناوچەکە لە پەیوەند بە ململانێکانی سووریا و عێراقی دوای سەدام وەک نیشانەی چڕبوونەوەی “شەڕی سارد”ی سوننە-شیعە لە ناوچەکەدا دەبینن.34
لەسەروبەندی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژئاوا لە لە ٢٠١١ لە گۆڕێدا بوو، ئێران کێشەی سووریای وەکو دەرفەتێک لە چەشنی عێراق دەبینی بۆ ئەوەی دەسەڵات و کاریگەریی خۆی لە ناوچەکە و دەرەوەشدا بسەپێنێت. بەمشێوەیە تێوەگلانی ئێران لە شەڕی ناوخۆی سووریا دا دەکرێت وەکو ململانێیەکی گەورەتری هەرێمی تەماشا بکرێت لە نێوان ئێران و سعودیە لەلایەک؛ لەلایەکی ترەوە وەکو ململانێی ئێران و زلهێزەکانی ڕۆژئاوا کە فشار لە ئێران دەکەن تاوەکو بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆتایی پێبێنێت. لەم توێژینەوەدا ئێمە لە ڕۆڵی ئیسرائیل بەجیا لە ڕۆژئاوا ناکۆڵینەوە چونکە ئەوانیش هەمان شێوەی ئیسرائیل دژی فراوانبوونی کاریگەریی ئێرانن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەو پشتیوانییەی ڕژێمەکەی ئەسەد لە ئێرانەوە وەریگرتووە ئەوەندە کاریگەر نەدەبوو ئەگەر ئێران ئەو دەسەڵاتە زۆرەی بەسەر حیزبوڵڵادا نەبووایە.36 لە سێ دەیەی دواییدا، پەیوەندی نێوان ئێران و حیزبوڵڵا زۆر گەشەی کردووە، هەتاوەکو حیزبوڵڵا دەسەڵاتی زیاتر بووبێت ئێرانیش توانای سوودبینینی لەم پەیوەندیە زیاتر بووە. لە ڕاستیدا، ئەوە پاڵپشتی لۆجستیە، وەکو ڕاهێنان پێکردن و پێدانی کەرەسەی پێشکەوتووی سەربازیی، کە میحوەری ئێران-حیزبوڵڵای کردووە بە هێزێکی کوشندە.37 تێوەگلانی حیزبوڵڵا و چوونە بەرەی ئەسەد زیاتر دیوە مەزهەبییەکەی شەڕی سووریا ڕۆشن دەکاتەوە. هەموو یاریکەرەکانی ململانێکەی سووریا “ڕۆڵی خۆیان بەربنەمای هێڵە مەزهەبییەکان دیاریکردووە وەکو پاساوێک بۆ تێوەگلانیان”، بەڵام پاڵپشتی ئێران و حیزبوڵڵا “چەندێک بۆ نزیکایەتی دینی بووە ئەوەندەش بۆ بەرژەوەندی ستراتیژی بووە”.38 بەمشێوەیە، حیزبوڵڵا دەستێکی ئێرانە کە دەیەوێت وەکو پارێزەری شیعە و عەلەویەکان دژی زۆرینەی سوننە لە سووریا ئامادە بێت؛ هاوکات وەکو بەشێک لە ستراتیژی ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل کاریگەریی هەبێت؛ لەپاڵ ئەمانەدا، بەمەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگی دەسەڵات لە هاوکێشە سیاسیە ناوخۆییەکانی لوبنانیشدا ڕۆڵ بگێڕێت.
دەستێوەردانی ئێران لە سووریا تەنها لە ڕێگەی پاڵپشتیەکانی بۆ حیزبوڵڵا نەبوووە کە هاوشانی هێزەکانی ئەسەد شەڕیان دەکرد. ئێران ڕاستەوخۆش لەگەڵ و لە پشت ڕژێمەکەی سووریا دا وەستاوە. چەندان ڕاپۆرت ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە لە یەکەم ساڵی قەیرانی سووریا دا قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی پاسداران دووجار سەردانی دیمەشقی کردووە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە هەرزوو دوای سەرهەڵدانی ململانێکان، ئێران ١٥ هەزار چەکداری “بژاردە”ی لە سوپای قودس ناردووە بۆ ئەوەی هاوشانی سوپای سووریا و هێزە ئەمنیەکانی شەڕ بکەن.39 تا ناوەڕاستی ٢٠١٦، هێزە ئێرانی و غەیرە ئێرانییەکان لە سووریا دا ژمارەیان گەشتبووە ٧٠ هەزار چەکدار، کە بە ژمارە ٥٠ هەزار لە هێزی چەکداری ئەسەد زۆرتر بوو. جگە لە چەکدار، ئێران پاڵپشتی پسپۆڕیی و کەرەستەشی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگریی سووریا دابینکردوە.41 دەگوترێت کە ئێران هێڵە فڕۆکەوانیە مەدەنیەکانی ئێران (هێڵی ئاسمانی ئێران و هێڵی ئاسمانی یاس) بۆ گواستنەوەی کەرەستەی سەربازیی وەکو موشەک و ڕۆکێت و دژە فڕۆکە و سەرباز و چەک بۆ سووریا بەکارهێناوە. لەگەڵ بەردەوامبوونی ململانێکان و فراوانبوونیدا ئێران گرووپێکی٥٠ هەزار سەربازیی لە دەرەوەی سوپا پێکهێنا و ڕاهێنانی پێکردن و ناوی لێنان جەیشی شەعبی بۆ ئەوەی هاوشانی سوپای سووریا شەڕ بکەن و بۆ داهاتوش وەکو سوپایەکی هاوتەریب لە سووریا سوودیان لێ ببینێت ڕێک وەکو سوپای پاسداران لە ئێران و حەشدی شەعبی لە عێراق. دواتر ئەم هێزە لەلایەن حکومەتی سووریاوە بەیاساییکراو ناوی لێنرا هێزەکانی بەرگری نیشتیمانی.43
بەگشتی، ئێران بە دوو شێوە لە سووریا تێوەگلاوە. یەکەم، ئێران سوودی لە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان وەرگرتووە، لەوانە: حیزبوڵڵا و جەیش شەعبی، کە وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژیەکانی بەکاریان دەهێنێت. لە ئەنجامدانی ئەمەدا ئێران دەیویست باری سەرشانی خۆی و ڕژێمی سووریا سووکتر بکات؛ هەروەها بە مەبەستی بەکارهێنانی هێزی مرۆیی سووریا لەسەر خاکی خۆیاندا. دووەم، ڕاستەوخۆ پاڵپشتی لە ڕژێمی سووریا کرد، چونکە ڕووخانی ڕژێمەکە پرسی یاساییبوونی هەبوونی ئێرانییەکانی لەوێدا دروست دەکرد و زیاتر سووریای ناسەقامگیر دەکرد. بەم پێیە دەستێوەردانی ئێران لە سووریا دا بەو مەبەستە بووە کە بە ئامانجی ستراتیژی خۆی بگات. ئەگەر ئێران بتوانێت بەردەوام بێت لەو هاوکارییە بەرچاوەی کە پێشکەشی ڕژێمی سووریای دەکات، ئەمە بەو مانایە دێت هیچ ڕێککەوتنێکی ئاشتی بەدەستنایەت بەبێ بەشداریی کاریگەریی ئێران، ئەمەش ڕۆڵی ئێران وەکو یاریکەرێکی بەتوانای هەرێمیی دەردەخات.
ستراتیژیەتی ئێران لە سووریا
شەراکەتی نێوان ئێران و سووریا ئەو کاتەوە دروستبوو کە شەڕی نێوان ئێران و عێراق لە ئەیلولی ١٩٨٠ سەریهەڵدا. لەگەڵ درێژەکێشانی شەڕەکە شەراکەتەکە بەهێزتر بوو و “سووریاش هاوکاریی بەنرخی دیبلۆماسی و سەربازیی پێشکەشی ئێران کرد بۆ ئەوەی یارمەتی ئێران بدات کە لە شەڕەکەدا شکست نەهێنێت، بە ڕادەیەک کە هێزەکانی ئێران توانیان عێراقییەکان لەسەر خاکەکەیان لە ئایاری ١٩٨٢ بەتەواوی دەربکەن”.45 لە هەمان ساڵدا، سەرەڕای پێویستیی عێراق بە داهاتی نەوت، بەڵام ڕژێمی سووریا بۆڕی سەرەکی نەوتی عێراقی داخست، کە لە کۆتایی چلەکانی سەدەی بیستدا دروست کرابوون بۆ گواستنەوەی نەوتی کێڵگەکانی کەرکوک بۆ بەندەرەکانی سەر دەریای ناوەڕاست. بەرەوپێشچوونێکی دیکەی گرنگ کە بوو بە هۆی پتەوکردنی پەیوەندیەکانی ئێران و سووریا داگیرکردنی عێراق بوو لەلایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣ لەگەڵ ئەو شەڕە ناوخۆییە کە بە دواییدا هات.
خۆتێهەڵقورتاندنە پەسەندکراوەکەی ئێران لە کاروباری ناوخۆی سووریا و پاڵپشتی لە ڕژێم لە دژی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، وەکو پێشتر باسکرا، شتێکی نهێنی نییە. هۆکارەکانی ئەوەی کە ئێران سووریا وەکو هاوپەیمانێکی گرنگ لە ستراتیژیەتی هەرێمیی خۆیدا دەبینێت زۆرن. لە ڕاستیدا چەندان ئامانجی ستراتیژی هەیە کە ئێران دەیەوێت لەو هاوپەیمانییە بەدەستیان بێنێت لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی ڕژێمەکەی ئەسەدەوە. یەکەمین و گرنگترینیان، لە گۆشەنیگای هەرێمییەوە، جگە لە عێراق، سووریا تاکە وڵاتە لە ناوچەکەدا کە دەکرێت وەکو هاوپەیمانی ئێران لەقەڵەم بدرێت. دووەم، سووریا تاکە وڵاتی عەرەبیە کە لە ڕووی سیاسی و لۆجستیەوە پشتیوانی لە ئێران کردبێت. بۆ ئەمە هەر ئەوەندە بەسە مرۆڤ هاوکارییەکانی سووریا بۆ ئێران لە شەڕی دژی عێراق دا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بهێنێتەوە یاد. سێیەم، سووریا بووەتە کەناڵ و کۆریدۆری سەرەکی بۆ گەیاندنی چەکی ئێران بە حیزبوڵڵا هەر لە دامەزراندنیەوە لە ١٩٨٥ تا ئێستا. توانای حیزبوڵڵا بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل وایکردووە حیزبوڵڵا ئامرازێکی سەربازی سەرەکی ئێران بێت دژی ئیسرائیل. هەروەها حیزبوڵڵا هەم وەک ئامرازێکی سەربازی هەم سیاسی بە قوورسی تێوەگلاوە لە شەڕی ناوخۆی سووریا، کە هاوشانی ئێران و سووریا شەڕی کردووە. چوارەم، کەوتنی ڕژێمەکەی سووریا کاریگەریی ئەمنی ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق دەبێت کە هاوپەیمانێکی تری گرنگی ئێرانە لە ناوچەکەدا. لابردنی ئەسەد گرووپە سیاسیە سوننیەکان بەهێز دەکات و ڕەنگە پێگەی هێزە چەکدارە سوننیەکانیش لە عێراق بەهێز بکات. هەموو ئەمانە ڕەنگە پێگەی حکومەتە زۆرینە شیعیەکەی عێراق لەق بکات کە ئێران بەرژەوەندی لەوەدایە لە دەسەڵاتدا بیهێڵێتەوە. پێنجەم، ڕووخانی ڕژێمەکەی سووریا دەکرێت ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ دەرکەوتنی میحوەرێکی سوننی و نیزامێکی نوێی هەرێمیی کە لە بنچینەدا دژی ئێران بێت. لە دۆخێکی وا دا، زۆر نەڕۆشتوین گەر بڵێین، ئێران لەوانەیە ڕووبەڕووی هیلالێکی سوننی دۆستی ڕۆژئاوا ببێتەوە کە لە سووریاوە بۆ ئوردن و سعودیە و ئیماراتی عەرەبی درێژ بێتەوە. شەشەم، سووریا و عێراقی دوای سەدام تەنها دوو دەوڵەتی عەرەبی ئیسلامین کە لەلایەن حکومەتێکی شیعەوە بەڕێوە دەبرێن، کە هەمان ئایدۆلۆژیای ئیسلامی ئێرانیان هەیە. بە ڕوانین لەم پەیوەندی نێوان ئەم دوو وڵاتەدا کە لێرە بە کورتی باسمان کرد، شتێکی سەیر نابێت کە ئێران بەو شێوە لە شەڕی ناوخۆی سووریا دا تێوەگلاوە و بەتوندی لە پشت ڕژێمەکەی ئەسەد وەستاوە.
بەبێ ئەوەی بە وردی دەستنیشانی ئەوە بکەین داخۆ بنچینەی هاوپەیمانێتییەکەی ئێران-سووریا چییە لە شێوەی ئێستایدا، ئەوا دەکرێت بڵێین کە ئەم شەراکەتە دەکرێت لەو گۆشەنیگایەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت کە ئێران دەیەوێت لەم ناوچەیەدا بوونێکی کاریگەر و ئاڕاستەکەری هەبێت. ئامانجی سەرەکی ئێران ئەوەیە ڕووبەڕووی دەستێوەردان و خۆتێهەڵقورتاندنی هێزەکانی ڕۆژئاوا ببێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێران بۆ پاڵپشتیکردنی گوتارە دژە-ڕۆژئاوایی و ستراتیژەکەی هەندێ هەنگاوی هاویشتوە بۆ پاڵپشتی حکومەتەکانی عێراق و ڕژێمەکەی ئەسەد و حیزبوڵڵا؛ بە ئەندازەیەکی کەمتریش هاوکاری حەماس و هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکانی تری فەلەستین و یاخیبووە حوسییەکانی یەمەنیشی کردووە. بەمجۆرە، لە ٢٠١٥ ـەوە ئێران ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، کەم تا زۆر، جڵەوی چوار پایتەختی وڵاتی عەرەبی (بەغدا و دیمەشق و بەیروت و سەنعا) گرتۆتە دەست؛ بەمشێوەیەش ئیمپراتۆریەتە مێژووییەکەی زیندوو کردۆتەوە.46
ڕەهەندی نێودەوڵەتیی و هەرێمیی ئاڵۆزیەکانی سووریا
هەرچەندە باسکردن لە ڕەهەندی نێودەوڵەتی قەیرانی سووریا لە دەرەوەی بازنەی شرۆڤەکانی ئەم بابەتە دایە، بەڵام ئەم توێژینەوە ناتەواو دەبێت گەر باسی ڕەهەندە نێودەوڵەتییەکەی قەیرانی سووریا نەکرێت.47 بەهاری عەرەبی و دووبارە ڕێکخستنەوەی نیزامی سیاسی زۆر لە وڵاتە عەرەبیەکان کاریگەریەکی گەورەی هەبوو لەسەر دۆخی سیاسی و جوگرافی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. یەکێ لە پێشهاتە هەرە سەرەکییەکانی بەهاری عەرەبی قەیرانی سووریایە. ئەم قەیرانە مەیدانێکی دیکەی جەنگی دروستکرد بۆ هێزە هەرێمیەکان کە شەڕی بەوەکالەت بەکاربێنن بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا.48 تێڕوانینی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەربارەی ڕژێمەکانی عێراق و سووریا زۆر جیاوازە. ئەمریکا بە دەنگی بەرز و بە ئاشکرا پاڵپشتی حکومەتەکەی عێراقی کردووە هەرچەندە لە هەندێ ئەدای ناڕازی بووە، بە تایبەتی لە بابەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کورد و سوننە و پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران. بەڵام کە دێتە سەر سووریا، ئەوە شتێکی جیاواز دەبینین، ڕوانینی ئەمریکا و هێزەکانی دیکەی ڕۆژئاوا بەوە دەناسرێتەوە کە وتاری توندە دژی ئەسەد بەڵام کە کار دێتە سەر هەنگاوی کردەیی بێبڕیار و ناڕوونن. ئەمە زۆر جیاوازە لەو شێوازەی ڕوسیا لە سووریا مامەڵە دەکات، ئەو هاوپەیمانێکی بەهێزی ڕژێمی سووریایە و هەنگاوی بەرجەستەی ناوە لە شێوەی یارمەتی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی سەربازیی بۆ ڕژێمەکە. لە ئازاری ٢٠١٥، جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمریکا گوتی “هیچ چارەسەرێکی سەربازیی بۆ [قەیرانی سووریا] بوونی نییە؛ تەنها چارەسەری سیاسی هەیە.” ڕووسیا هەر کە هەستی بەوەکرد کە ئەمریکا ڕاستەوخۆ دەستێوەردانی سەربازی ناکات لە سووریا، وردە وردە تێوەگلانی سەربازی خۆی زیاد کرد و لە ئەیلولی ٢٠١٥ گەیشتە لوتکە. لە پەیوەند بە عێراق، ڕوسیا بە هەمان ئەندازە تێوەنەگلاوە لە پێشهات و ڕووداوە سیاسیەکانی عێراقی دوای ٢٠٠٣. ڕۆژئاوا بە گشتی ڕەتی کردووەتەوە دەستێوەردانی سەربازیی بکات هەرچەندە هەندێ لە سەرکردەکانی خۆیان بەدوور نەگرتووە لە بەکارهێنانی زمانێکی توند دژی بەشار ئەسەد و ڕژێمەکەی، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەڵگەکان دەرکەوتن کە ڕژێمەکە چەکی کیمیایی بەکارهێناوە دژی هاووڵاتیان.
تێڕوانینی دژە ئەمریکایی ئێران و سووریا سەرنجی ڕووسیای ڕاکێشاوە. ڕووسیا لەڕووی مێژووییەوە هەوڵیداوە کاریگەریی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا سنوردار بکات. لەبەرئەوە پاڵپشتیکردنی ڕژێمەکەی ئەسەد ڕێگەیەکی ترە بۆ وەستانەوە دژی ڕۆژئاوا لە گرفتێکی گرنگی سیاسی و جوگرافیدا. سەرەڕای کەمی دانیشتوان، ڕووبەر، سەرچاوە و داهاتی ئابووری کەچی سووریا گرنگییەکی جوگرافی و سیاسی هەیە لەبەرئەوەی هێزێکی سەربازی بەهێزی هەیە، هیچ نەبێ پێش شەڕە ناوخۆییەکەی، هەروەها شوێنەکەی کە دەکەوێتە چەقی ڕۆژهەڵات ناوەڕاستەوە. بەڵام گرنگی سووریا بۆ ئەمریکا لە سووریا خۆیەوە نایەت بەڵکو لە پەیوەندی سووریادایە بە ئیسرائیلەوە کە هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، هەروەها بەهۆی پەیوەندی سووریا و گرنگیەکەی بۆ وڵاتانی کەندا و و حیزبوڵڵایە. هاوپەیمانی سووریا لەگەڵ ئێران و هەڕەشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بۆ ئەمریکا مایەی گرنگی پێدانە. سووریا هەرگیز هاوبەشێکی بازرگانی ئەمریکا نەبووە و هەرگیزیش هەڕەشەی ڕاستەوخۆ نەبووە بۆ سەر بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی ئەمریکا. بە پێچەوانەی ئەمەوە سووریا لە ڕووی ستراتیژیەوە گرنگە بۆ ڕوسیا، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە. یەکەم، ڕووسیا بنکەیەکی دەریایی هەیە لە تەرتوسی سووریا کە لەڕووی ستراتیژیەوە گرنگە و تاکە بنکەی سەربازی ڕووسیایە لە دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران. دووەم، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا، هێشتان زیهنیەتی جەنگی سارد لە فیکریدا بەهێزە و بۆ ئاسایشی نیشتیمانی ڕووسیاش زۆر گرنگە بەلایەوە کە یەکێ لە دواهەمین هاوپەیمانە سەربازییەکانی بهێڵێتەوە کە سووریایە. سێیەم، سووریا بڕێكی زۆر بەرهەمە سەربازیە ڕووسیەکان دەکڕێت و گەر ئەو ئابڵوقە نێودەوڵەتیە لەبەرچاو بگرین کە خراوەتە سیەر ڕووسیا دوای داگیرکردنی کرایمیا و بەشێکی ئۆکرانیا ئەوا ڕووسیا پێویستی بە هاوپەیمان و پارەیە.50 چوارەم، ڕووسیا لەوە دەترسێت کە قەیرانی سووریا بگوازرێتەوە بۆ ناوچەکانی دەریای ڕەش و باکووری قەوقاز، لەوێدا ڕووسیا لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی چەندان گرووپی ئایینی و نەتەوەیی جیاوازە. زۆر لەم گرووپانە پەیوەندیان دروستکردووە لەگەڵ گرووپە ئیسلامییە جیاوازەکاندا و سەرچاوەن بۆ پێدانی ئەندام و لایەنگر بە گرووپە ئیسلامییە سەربازییەکانی وەکو ئەلقاعیدە و داعش.51 ئەگەر تەنها ئەو ئەگەرە بە هەند وەرگرین کە ئەو یاخیبووە سوننیانەی ئێستا لە سووریا دا چالاکن هەوڵی ئەوە بدەن پەناگەیەکیان لە باکووری قەوقاز دەستبکەوێت، ئەوەندە بەسە کە وا لە ڕووسیا بکەن هەوڵی زۆر بدات و یارمەتی هێزەکانی بەشار ئەسەد زیاد بکات بۆ کۆتاییهێنان بەو هەڕەشەی ئەم هێزە چەکدارە ئیسلامییانە دروستیان کردووە.52
لە ماوەی دە ساڵی سەرەتای شۆڕشی ئیسلامییدا (١٩٧٩-١٩٨٩) پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو زۆر نزم بوو. ئێران سوور بوو لەسەر هەناردەکردنی شۆڕشە ئیسلامییەکەی، لە وەڵامی ئەمەدا وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداویش پاڵپشتی عێراقیان کرد لە شەڕی هەشت ساڵەی کەنداودا. دوای شەڕەکە، سەرۆک محمد خاتەمی (١٩٩٧-٢٠٠٥) ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ باشبوونێکی کەمی پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو. هەرچەندە پەیوەندییە سیاسیەکان لە ٢٠٠٥ بەدواوە بە گشتی لاواز بووە، بەهۆی توندیی وتاری سیاسەتی دەرەوەی ئەحمەدی نەژاد و سەرهەڵدانی ئاڵۆزی مەزهەبیی لە عێراق و سووریا. ئێران و چالاکی وەکیلەکانی لە سووریا کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبووە لە تێوەگلانی هێزە هەرێمییەکانی تر بە تایبەتی قەتەر و سعودیە لە سووریا. ئەوانیش ‘وەکیل’ەکانی خۆیان بەکارهێناوە و تێوەگلانی خۆیان بە کارتی مەزهەبی پاساو داوە. وەکیلەکانی ئەوان سەر بە ‘کامپ’ی سوننەن کە هاوشانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن شەڕ دەکەن، لەوانە: سوپای سووریای ئازاد، بەرەی نوسرە، ئەحرار ئەلشام، داعش و چەندان گرووپی تر.
تێوەگلانی قەتەر لە سووریادا پابەندە بە بەرژەوەندی ئابووریەوە. ڕێککەوتنێکی گەورەی نێوان ئێران و سووریا لەسەر گواستنەوەی گاز دەکرێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئابووری قەتەر. قەتەر دەیویست بۆریەکی گازی سروشتی لە ژێر زەویدا بۆ تورکیا ببات کە بە سعودیە و ئوردن و سووریا داتێپەڕ دەبوو بۆ دەریای ناوەڕاست و لەوێشەوە بۆ ئەورووپا. تورکیا ئەم پلانەی بەدڵ بوو چونکە ئەمە تورکیای دەکرد بە یاریکەرێکی گرنگ لە گواستنەوەکەدا، جگە لەوە قازانجیشی لێدەکرد. بەڵام ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد ئەمەی بەدڵ نەبوو، چونکە بۆریە پێشنیارکراوەکە ڕووسیای لە هاوکێشەکە دەکردە دەرەوە. لەجێی ئەوە و لە ٢٠١٠ دا سووریا لەگەڵ ئێران و عێراق پێشنیاری بنیادنانی بۆریەکی کرد بۆ گواستنەوەی گاز بۆ ئەو ئەورووپا ڕاستەوخۆ لە کێڵگەکانی ئێران و عێراقەوە بە تێپەڕین بە سووریادا.53 بەشداری قەتەر لە پڕۆژەیەکی وادا بەشێکە لە دەستپێشخەرییەکی گەورەتری ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی خۆی وەکو هێزێکی هەرێمیی نیشان بدات کە سەرەڕای بچوکی ڕووبەرەکەی کەچی دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە پاراستنی سەقامگیری ناوچەکەدا. قەتەر و سعودیە لەو باوەڕەدان کە شوێنگرتنەوەی ئەسەد بە حکومەتێکی دۆستی خۆیان دەسەڵاتی زیاتریان ئەداتێ بەسەر حکومەتە زۆرینە شیعەکەی عێراقدا. گۆڕینی ڕژێم لە دیمەشق سودی بۆ وڵاتانی کەنداو ئەوەیە کە پێگەیان لە لوبنانیش بەهێزتر دەکات، ئەمەش بێگومان لێدان دەبێت لە پێگەی حیزبوڵڵای دۆستی ئەسەد و ئێران. هەروەها، فشارێکی زۆری جەماوەری لە کەنداودا هەیە بۆ ئەوەی هاوکاری گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا بکرێت و دەسەڵاتدارانی وڵاتانی کەنداویش ناتوانن فەرامۆشی بکەن.54 بە کورتی ئەوەی وڵاتانی کەنداو دەیانەوێت بیکەن، دووبارە دامەزراندنەوەی ئەو هاوسەنگی هێزەیە لە بەرژەوەندی خۆیان کە دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣ لە دەستیان چووە. لەوە ترسناکتر، وڵاتانی کەنداو لەوە دەترسن شیعەکانی ناوچەکە دەسەڵات پەیدا بکەن. بڕ و ڕادەی ئەم کێشانە زیاتر دەبن ئەگەر ئێران بتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بێنێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی هەڵکشانی دەسەڵاتی میحوەری ئێران؛ بەمشێوەیە ڕادەی کاریگەریی ئێران لە پێشهات و ڕووداوە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قووڵترو فراوانتر دەبێت لە ڕێگەی پاڵپشتیەکانیەوە لە حکومەتە شیعیەکان و وەکیلەکانی لە ناوچەکەدا.55 لێکنزیکبوونەوەی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو لەم ساڵانەی ڕابردوودا دەکرێت لە ڕوانگەی ترسی هەردوولایان لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە تەماشا بکرێت، ئەمەش گۆڕانکارییەکی سیاسییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە پێویستی بە لێکوڵینەوەی وردتر هەیە.
دەرئەنجام
ئێمە گفتۆگۆمان لەبارەی هۆکارەکانی دەستێوەردانی ئێران لە عێراقدا دوای داگیرکردنی لە ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکاوە کرد، هەروەها لەبارەی هۆکارەکانی دەستێوەردان لە سووریاش دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئەو وڵاتە لە ٢٠١١ وە. ئێمە باسمان لە ئامانجە ستراتیژیەکانی ئێرانیش کرد لەو دوو وڵاتەدا. ئەو هاوپەیمانییە ستراتیژیەی لەنێوان ڕژێمی ئەسەد و ئێران دا هەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەمەش وایکردوە خۆتێهەڵقورتاندنی ئێران لە قەیرانی سووریا دا بکاتە کردەیەکی پێویست. لە ڕاستیدا، دەکرێت بڵێین پاڵپشتیکردنی ئێران شتێکی چاوەڕوانکراو بوو لەبەر گرنگی ئەو ڕژێمە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی ئێران نەک هەر لە سووریا بەڵکو لە لوبنان و وڵاتانی تریش. بەهەمانشێوە لە عێراق، ئێران جگە لەوەی بەدوای ئامانجی سیاسی و جوگرافی خۆیەوەیەتی، بەڵام خۆتێهەڵقورتاندنەکەی لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەدا بە ئەندازەیەکی زۆر بەهۆکاری نزیکایەتی ئایینی و مەزهەبی شیعەکانی عێراقە لە ئێران. ئێران دەیەوێت خۆی وەکو پارێزەری مسوڵمانە شیعەکان لە ناوچەکەدا نیشان بدات، بۆ ئەم مەبەستەش ئێران “ناچار”ە هاوکاری هەر حکومەتێکی عێراق بکات کە شیعەکان زۆرینە و باڵادەستن. بە هەمانشێوە دەکرێت بڵێین پێکەوە، پاڵنەرە مەزهەبی و بەرژەوەندییە ستراتیژییە تایبەتییەکان ئاڕاستەی کار و کاردانەوەکانی هێزە هەرێمییەکانی تریان کردووە لە هەمبەر هەڵکشانی زیاتری دەسەڵاتی ئێران. سعودیە و قەتەر چالاکانە هەوڵیانداوە زۆنێکی جیاکەرەوە دروست بکەن لە دژی پلانەکانی ئێران بۆ دروستکردنی میحوەرێکی شیعە کە لە ئێران، عێراق، سووریا و حیزبوڵڵا پێکدێت.
لایەنێکی شەڕی بەوەکالەتی ئێران، کە لە سووریا و عێراق بەکاری دێنێت کە پێویستی بە سەرنج و بایەخی تایبەتە، ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزەیە کە ئێران لەگەڵ وەکیلەکانی هەیەتی. لەناو وەکیلەکانیدا یەکێکیان زۆر گرنگە ئەویش حیزبوڵڵایە. ئەو ڕێکخراوە لە دامەزراندنیەوە لە هەشتاکانی سەدەی بیستەوە پاڵپشتی دارایی، ڕاهێنان و هاوکاری سەربازیی و ناسەربازیی لە ئێرانەوە وەرگرتووە. دەرئەنجامێکی گرنگی ئەم توێژینەوە دەربارەی شەراکەتی ئێران و حیزبوڵڵا تێگەیشتنە لەو ڕۆڵە گرنگەی سووریا دەیبینێت لە ئاسانکاریی بۆ لایەنە ڕۆژانەییەکانی ئەم شەراکەتە. بە مانایەکی تر، ڕژێمی ئێستای سووریا دەستگەیشتنی ڕاستەوخۆی ئێران بە لوبنان دابین دەکات. لەبەرئەوە، دەکرێت بڵێین لە کاتێکدا ئێران حیزبوڵڵا بەکاردێنێت بۆ هێشتنەوەی ڕژێمی ئێستای سووریا، لەهەمانکاتدا مانەوەی ئەم ڕژێمە گرنگ و بنچینەییە بۆ هێشتنەوە و کارکردنی میحوەری ئێران-عێراق-سووریا-حیزبوڵڵا.
هۆکارێکی تری گرنگی پشت دەستێوەردانی ئێران لە عێراق و سووریا بۆ ئەوەیە کە خۆی دڵنیابێتەوە لەوەی کە ئەم دوو وڵاتە شکسخواردووە هەڵناوەشێنەوە و بەش بەش نابن لەسەر هێڵە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان. ترسی ئێران تەنها لە هەڵوەشانەوەی عێراق و سووریا نییە بەڵکو ئەوەیە ڕووخانی ئەم دووانە ببێتە مۆدێل و نموونەیەک بۆ ئەو وڵاتانەی لە ناوچەکە کە لەسەر هێڵی نەتەوەیی و دینییدا دابەشن، لەناویاندا ئێران خۆی. یەکێ لەو ڕێگەیانەی ئێران بەکاریهێناوە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵوەشانەوەی عێراق و سووریا پاڵپشتیکردنی تەواوی حکومەتە شیعیە/عەلەویەکەی هەردوو وڵاتەکەیە، ئەویش لەڕێگەی دروستکردنی هێزی سەربازیی هاوتەریبی سوپا لە هەردوو وڵاتدا لەو میلیشیایانەی کە خۆی دروستی کردوون و یارمەتیداون. ئەم سوپا هاوتەریبانە لە شێوەی سوپای پاسدارانی ئێران دروستکراون کە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ئایاری ١٩٧٩ دامەزراوە.
سەرچاوەکان:
1 Michael Rubin, “Has Iran overplayed its hand in Iraq?” American Enterprise Institute for Public Policy Research, July 28, 2014, p.7; Sherko Kirmanj, Identity and Nation in Iraq (Boulder, USA: Lynne Rienner, 2013), p. 204.
2 Kirmanj, Identity and Nation in Iraq, p. 145; Joseph Felter and Brian Fishman, Iranian strategy in Iraq: Politics and “other means” (New York: Military Academy West Point NY Combating Terrorism Center, 2008), p. 7-8.
3 Simon Tisdall, “Iran has bee n isolated by the Arab spring”, The Guardian, May 17, 2011.
4 Andrew Mumford, Proxy Warfare (Cambridge: Polity Press, 2013), p.1.
5 Mumford, Proxy Warfare, p.3.
6 Mumford, Proxy Warfare, p. 30, 39.
7 Center for Strategic and International Studies, Deterring Iran After the Nuclear Deal (New York: Rowman Littlefield, 2017), p. 23.
8 Muhammad Abd al-Wahhab, Risalah fi al-radd ala al-rafidah (A letter in response to
rejecters), (Riyadh: University of Imam Muhammad bin Sa’ud, 1791), p. 29.
10 Vali Nasr, The Shia Revival: How Conflicts within Islam Will Shape the Future (New
York: W. W. Norton & Company, 2006); Michael G. Roskin and James J. Coyle, Politics
in the Middle East: Cultures and Conflict (Upper Saddle River, NJ: Pearson/Prentice
Hall, 2004).
11 Karim Sadjadpour, “Guidelines for approaching Iran”. Carnegie Endowment for International
Peace, June 19, 2007, http://carnegieendowment.org/files/sadjadpour_iran_final1.
pdf (accessed April 20, 2014).
12 Sam Wyer, “The Resurgence of Asa’ib Ahl Al-Haq,” The Institute for the Study of War,
- 6.
13 Michael Eisenstadt, Michael Knights, and Ahmed Ali, “Iran’s Influence in Iraq”,
Washington Institute for Near East Policy, April 2011, http://www.washingtoninstitute.
org/uploads/Documents/pubs/PolicyFocus111.pdf (accessed May 25, 2016).
14 Kimberly Kagan, “Iran’s Proxy War against the United States and the Iraqi Government,”
The Institute for the Study of War, Iraqi Report, May 2006–August 2007.
15 Kagan, “Iran’s Proxy War against the United States”; Sudarsan Raghavan, “Iran said
to support Shiite Militias in Iraq”. The Washington Post, August 15, 2006; Greg Bruno
and Jayshree Bajoria, “Iran’s Revolutionary Guards,” Council on Foreign Relations, June
14, 2013, p. 1-5, http://www.relooney.fatcow.com/SI_Peter-Iran/IRGC-Economy_6.pdf
(accessed July 23, 2014).
16 Tim Lister, “Battle for Tikrit: Despite billions in aid, Iraqi army relies on militia, and
Iran”. CNN News, Nov 3, 2015, http://edition.cnn.com/2015/03/11/middleeast/listeriraq-
iran/ (accessed May 15, 2015).
17 Al-Monitor, “Iran military adviser killed in Iraq”, December 9, 2014.
18 Fars News Agency, “Iran’s General Soleimani to Play Major Role in Mosul Operations,”
http://en.farsnews.com/newstext.aspx?nn=13950516001188 (accessed Aug 16,
2017).
19 Lucas Tomlinson, “US officials: Up to 100,000 Iran-backed fighters now in Iraq,” Fox
News < http://www.foxnews.com/politics/2016/08/16/us-officials-up-to-100000-iranbacked-
fighters-now-in-iraq.html > (accessed August 16, 2017).
20 Felter and Fishman, Iranian strategy in Iraq.
21 Foreign Policy, “Trump Can Have This Iran Deal or No Iran Deal,” January 24, 2017
http://foreignpolicy.com/2017/01/24/trump-can-have-this-iran-deal-or-no-iran-deal/
(accessed August 16, 2017).
22 James Phillips, “Iran’s Hostile Policies in Iraq,” The Heritage Foundation, no. 2030,
April 30, 2007, pp. 1-7.
23 Robin Wright and Peter Baker, “Iraq, Jordan see Threat to Election From Iran:
Leaders Warn against forming religious state”. The Washington Post, December 8, 2004;
Amir M. Haji-Yousefi, “Whose Agenda is served by the Idea of a Shia Crescent?”
Alternatives: Turkish Journal of International Relations 8 (1), 2009, pp. 114-135.
24 Al-Monitor, “Iran-Iraq trade reached $12 billion in 2013”, July 1, 2014.
25 Iraqi Economic Center, “Iran exports 8 million cubic meters of gas per day to Iraq,”
July 29, 2017, http://en.economiciraq.com/2017/07/29/iran-exports-8-million-cubicmeters-
of-gas-per-day-to-iraq/ (accessed August 16, 2017).
26 Kenneth Katzman, Iran’s Activities and Influence in Iraq, (Washington DC: Congressional
Research Service, Library of Congress, December 26, 2007).
27 Reuters, “Iraq moves batch of Iranian dissidents from camp,” February 18, 2012,
http://www.reuters.com/article/us-iraq-iran-camp-idUSTRE81H08T20120218
(accessed August 17, 2017).
28 Agence France-Presse, “Iran will do everything to protect Iraq shrines: Hassan Rouhani,”
June 18, 2014, http://tribune.com.pk/story/723618/iran-will-do-everything-toprotect-
iraq-shrines-hassan-rouhani/ (accessed May 14, 2015).
29 Imran Khan, “Why is Iraq so important to Iran?”. Al-Jazeera net, August 10, 2014,
http://blogs.aljazeera.com/blog/middle-east/why-iraq-so-important-iran (accessed
May 14, 2015).
30 Aljazeera, “Iraq’s parliament passes law legalising Shia militias,” November 27,
2016, http://www.aljazeera.com/news/2016/11/iraq-parliament-passes-law-legalising-
shia-militias-161126133010696.html (accessed August 17, 2017).
31 Alireza Nader, “What are the Iranians doing in Iraq?,” Newsweek, January 29, 2015.
32 Islamic Republic News Agency, “Iran not seeking permission for supporting Iraq”,
September 25, 2014, http://www.irna.ir/en/News/2738699/ (accessed May 15, 2015).
33 For details see Sherko Kirmanj, “The Syrian Conflict: Regional Dimensions and
Implications,” Journal of International Studies 10, 2014, pp. 57-75.
34 Stephen J. Flanagan, “The Turkey-Russia-Iran Nexus: Eurasian Power Dynamics,”
The Washington Quarterly 36 (1), 2013, pp. 163-178.
35 Jeremy M. Sharp and Christopher M. Blanchard, “Armed Conflict in Syria: U.S., and
International Response,” Congressional Research Service, July 12, 2012, pp.1-45,
http://fpc.state.gov/documents/organization/195385.pdf (accessed April 21, 2014).
36 For details on Iran Hezbollah relations see Marius Deeb, Syria, Iran, and Hezbollah:
The Unholy Alliance and its War on Lebanon (Stanford, US: Hoover Institution Press,
2013).
37 David A. Pattena, “Taking advantage of insurgencies: effective policies of state-sponsorship,”
Small Wars & Insurgencies 24 (5), 2014, pp. 878–905.
38 Aaron Reese, Sectarian and regional conflict in the Middle East, Middle East Security
Report 13 (The United States: Institute for the Study of War, July 2013).
39 Al-Mokhtsar, “IRGC sends Fifteen Thousand of the ‘elite’ to Damascus,” February 8,
2012, http://www.almokhtsar.com/node/35363 (accessed May 15, 2015).
40 Majid Rafizadeh, “Iran’s Forces Outnumber Assad’s in Syria,” November 24, 2016,
https://www.gatestoneinstitute.org/9406/iran-soldiers-syria (accessed August 17, 2017).
41 US Department of the Treasury, “Treasury Sanctions Syrian, Iranian Security Forces
42 US Department of the Treasury, “Treasury Sanctions Major Iranian Commercial
Entities”. June 23, 2012, http://www.treasury.gov/press-center/press-releases/Pages/
tg1217.aspx (accessed May 15, 2015); US Department of the Treasury, “Treasury Targets
Iranian Arms Shipments”. March 27, 2012, http://www.treasury.gov/press-center/
press-releases/Pages/tg1506.aspx (accessed May 15, 2015).
43 Scott Lucas, “Syria & Iran Follow-Up: The Real Story of Syria’s Iran-Hezbollah
50,000-Man Militia in 3 Easy Steps”. EA Worldview, February 12, 2013,
http://www.enduringamerica.com/home/2013/2/12/syria-iran-follow-up-the-realstory-
of-syrias-iran-hezbollah.html (accessed May 25, 2016).
44 For further details see Jubin M. Goodarzi, Syria and Iran: Diplomatic Alliance and
Power Politics in the Middle East (London: I.B.Tauris, 2009).
45 Jubin M. Goodarzi, “Syria and Iran: Alliance Co-operation in a Changing Regional
Environment”. Ortadoğu Etütleri 4 (2), 2013, pp. 31-54.
46 Reuters, “Iran expands regional ‘empire’ ahead of nuclear deal,” March 24,
2015, http://www.reuters.com/article/us-mideast-iran-region-insight-idUSKBN-
0MJ1G520150323 (accessed August 18, 2017).
47 For details Sherko Kirmanj, “The Syrian Conflict: Regional Dimensions and
Implications,” Journal of International Studies 10, 2014, pp. 57-75.
48 Efraim Inbar, “Israel’s national security amidst unrest in the Arab world”,
The Washington Quarterly 35 (3), 2012, pp. 59-73.
49 BBC News, “Syria conflict: US wants to ‘re-ignite’ peace talks, says Kerry,” March 15,
2015, http://www.bbc.com/news/world-middle-east-31897389 (accessed August 19,
2017).
50 Rebecca M. Nelson, “U.S. Sanctions and Russia’s Economy,” Congressional Research
Service, February 17, 2017, https://fas.org/sgp/crs/row/R43895.pdf (accessed August
19, 2017).
51 Mohanad Hage Ali, “Meet ISIS’ new breed of Chechen militants,” Al-Jazeera net,
August 31, 2014, http://english.alarabiya.net/en/perspective/analysis/2014/08/31/Meet-
ISIS-new-breed-of-Chechen-Militants-.html (accessed May 16, 2015).
52 Igor Delanoe, “The Syrian Crisis: A Challenge to the Black Sea Stability,” February
2014, http://www.khas.edu.tr/cms/abaum/dosyalar/files/CIESPolicyBrief02.pdf (accessed
May 19, 2014).
53 Jiri Valenta and Leni Friedman Valenta, “Why Putin Wants Syria,” Middle East
Quarterly, vol. 23, no. 2, pp. 1-16; Steve Austin, “Crude Oil and the Syrian Conflict,” Oil
Price Net, November 12, 2013, http://oil-price.net/en/articles/crude-oil-syrian-conflict.
php (accessed May 16, 2015).
54 Kirmanj, “The Syrian Conflict,” pp. 57-75; Eric Draitser, “The war on Iran begins
in Syria,” RT, August 28, 2013, http://rt.com/op-edge/us-war-iran-begins-syria-096/
(accessed May 20, 2016); David B. Roberts, “The Arab World’s Unlikely Leader:
Embracing Qatar’s Expanding Role in the Region,” Project on Middle East Democracy,
March 13, 2012, http://www.pomed.org/wordpress/inc/uploads/2012/03/
POMED-Policy-Brief_Roberts.pdf (accessed June 26, 2015).
55 Yoel Guzansky and Gallia Lindenstrauss, “The Emergence of the Sunni Axis in the
Middle East,” Strategic Assessment 16 (1), 2013, pp. 37-48.