• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 16, 2022

گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە سەردەمی ئیبراهیم ڕەئیسی: تورکیا و سعودیە وەک نموونە

هیوا مەجید خەلیل

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:- وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٢) كانونی دووه‌می ٢٠٢٢.

پێشەکی

لە سیاسەتی سەردەمدا باوە، کاتێک کە ماوەی سەد ڕۆژ بەسەر بەدەسەڵاتگرتنی سەرۆکێک دەرباز بوو، هەڵسەنگاندنێکی بەرایی بۆ کار و چالاکییەکانی سەرۆکەکە ئەنجام دەدرێت، وەک بەرچاوڕوونییەک بۆ پێشبینیکردنی چۆنیەتیی حوکمڕانیکردنی سەرۆکەکە لە ماوەی حوکمڕانێتیی خۆیدا لە داهاتوو. نزیکەی چوار مانگ بەسەر بوون بە سەرۆککۆماری ئیبراهیم ڕەئیسی تێپەڕیوە و دەکرێ هەڵسەنگاندنێکی خێرا بۆ کارنامەی حکومەتەکەی بکەین. لە زانستی سیاسەتدا بۆچوونێک هەیە کە دەڵێت سیاسەتی دەرەوە، درێژکراوەی سیاسەتی ناوخۆیە. دەکرێ ئەم گوتەیە بۆ ئێرانێک کە پانزدە پارێزگاکەی هاوسنوورن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی، ڕاست بێت. ئەگەر بەپێی ئەم ئارگیۆمێنتە بێت، بە سەیرکردنی داتاکان لە گشت بوارێکدا، ئێران لەدوای هاتنەسەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی بەتایبەتییش لە بواری ئابووری و داراییدا، لە پاشەکشەدایە. کەواتە ئایا بە هەمان شێوەی ناوخۆ، لەسەر ئاستی دەرەوەش، پەیوەندییەکانی لە پاشەکشەدا دەبێت؟ ئەمەی لەوە گرنگترە، بە پێچەوانەی سەرۆککۆمارەکانی پێشوو کە هەر کام بەرنامەیەکی چوار ساڵانەی ڕوونیان هەبوو، جا بەرنامەکە باش بووبێ یان خراپ، بەڵام ئیبراهیم ڕەئیسی ئەم بەرنامەیەشی نییە تا بتوانرێ هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ. بە پێچەوانەی ڕۆحانی کە درووشمی “سازش” واتە ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی هەڵگرتبوو، ڕەئیسی زۆرتر تەرکیزی خستووەتە سەر کاروباری ناوەوەی وڵات. هەر بۆیەش لە ماوەی دوو مانگی یەکەم سەرۆککۆمارییەکەیدا، سەردانی هەشت پارێزگای ئێرانی کرد. واتە ڕەئیسی دەیەوێت بەرمەبنای سیاسەتی ناوخۆیی، سیاسەتی دەرەکیی کابینەکەی دابڕێژێت. لە ڕووی سیاسەتی دەرەوە، دەکرێ تەنیا دەستکەوتی کابینەکەی ڕەئیسی بریتی بێت لە چوونەناو ڕێکخراوی هاریکاریی “شانگهای”، کە هەوڵەکانی ئێران بۆ چوونە ناو ئەم ڕێکخراوە بۆ کابینەکانی پێشووی دەگەڕێتەوە.

هەم لە سەردەمی حوکمڕانیی ئیبراهیم ڕەئیسی و هەمیش لە کابینەکانی پێشوودا، لە ئاست سیاسەتی دەرەوە، گرفتی سەرەکیی بەردەم ئێران بریتییە لەوەی کە ئێران لە ڕووی دیپلۆماسی و گفتوگۆکانەوە لاوازە، ئەمەش کۆمەڵێک هۆکاری هەیە. ئەم لاوازییەی ئێران بووەتە هۆی ئەوەی کە گفتوگۆکانی لەسەر هەر پرسێک درێژە بکێشێت و دواجار ئێران ئامانجە سەرەکییەکەی لە گفتوگۆکان بزر بکات، بۆ نموونە: گفتوگۆکان لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ لەسەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمی بوو، کەچی ئێستا بەرنامەی مووشەکە بالیستیکییەکانی ئێران و کردەوەکانی سوپای پاسداران و پرسی مافی مرۆڤیش چوونەتە پاڵ ئەم گفتوگۆیانە. یاخود، ماددەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێراق کە ئێران دەستی هەبوو لە داڕشتنی ئەم ماددەیەدا، وەک تەمبێکردنی سوننەکان بوو کە هۆڵی کۆبوونەوەکانی تایبەت بە داڕشتنی دەستووری هەمیشەیی عێراقیان بەجێ هێشت، کەچی دواجار ئەم ماددەیە بووە هۆی بەهێزکردنی سوننەکانی ناوچە جێناکۆکەکان و تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و شیعە کە بە دوو هاوپەیمانی یەکتر هەژمار دەکران. تەنانەت ئێران هەوڵی دا کە کاریگەری لەسەر ڕێککەوتنی ستراتیژی لەنێوان عێراق و ئەمریکادا دروست بکات، بەڵام لەم کارەدا سەرکەوتوو نەبوو. لەم گوتارەدا خوێندنەوە بۆ پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ کۆماری تورکیا و عەرەبستانی سعودیە دەکرێت لە سەردەمی کابینەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی.

ئێران و تورکیا

ئێران و تورکیا دوو وڵاتی زلهێزی هەرێمایەتین. پەیوەندی لەنێوان وڵاتانی زلهێز دوو خەسڵەتی تایبەتی هەیە، کە بریتین لە ململانێ و هاوکاری. بە درێژایی مێژووی دامەزراندنی ئەم دوو قەوارە سیاسییە، چ وەک ئێمپڕاتۆری عوسمانی و سەفەوی و چ وەک دەوڵەتی ئێران و تورکیای هاوچەرخ، هەردوو لایەن لە ململانێی قووڵ و هاوکات لە هاوکاریکردنی یەکتریشدا بوون.

دروستبوونی ساردی و ته‌نانه‌ت دڕدۆنگی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا و ده‌وڵه‌تانی ئه‌ورووپا، به‌تایبه‌ت له‌پاش ڕووداوه‌كانی کوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا له‌ ساڵی ٢٠١٦، بێجگه‌ له‌ كارتێكه‌ریی ئابووری، له‌ ڕووی ئاسایشی و سیاسییه‌وه‌ وای كردووه‌ كه‌ توركیا هه‌ست به‌ دڵه‌ڕاوكێ بكات. به‌م پێیه‌ش توركیا هه‌وڵ ده‌دات له‌ ڕێگه‌ی دروستكردنی هاوپه‌یمانیی ناوچه‌یی (هه‌ر چه‌نده‌ كاتی) و هه‌روه‌ها به‌شداریی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له گۆڕانكاری و ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌، ئاسایشی خۆی بپارێزێت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌سته‌به‌ر بكات.

هاوکاریی نێوان ئێران و تورکیا زۆرتر لەسەر پرسە ئاسایشییەکان بووە، واتە ئەو پرسانەی کە مانەوەی هەردوو قەوارە سیاسییەکە تووشی مەترسی بکات، وەک پرسی کورد. دوای بەهاری عەرەبی و دوورکەوتنەوەی ئاکپارتی لە ڕۆژئاوا و خواستی بۆ بوون بە تاکە زلهێزی هەرێمایەتی، ململانێی نێوان ئەم دوو وڵاتە قووڵتر بووەتەوە، بەتایبەتییش لە سووریا و عێراق و تا دواجار ململانێیەکە خۆی لە پرسی کێشەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بینیوەتەوە کە دواتر بوو بە کێشەی ڕاستەوخۆی نێوان ئازەربایجان/تورکیا و ئێران. کەواتە ئەوەی کە ئاراستەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران دیار دەکات، زۆرتر هاوکێشە و ڕووداوە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان ئاراستەی جۆری پەیوەندیی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە دەکەن کە دەرەنجامەکەشی زۆرتر ململانێیی و ناکۆکییە نەک هاوکاری و هەماهەنگی.

بە پشتبەستن بەم واقیعەی کە باس کرا، پەیوەندییەكانی توركیا و كۆماری ئیسلامیی ئێران سەڕەرای هاوسنووری، بەڵام بەردەوام لەنێوان هاوكاری و ململانێ‌ و كێبـڕكێدا هاتوچۆ دەكات، بۆ نموونە: له‌پاش نه‌مان یاخود لاوازبوونی داعش یاخود سه‌رده‌می ئاسایشیی “پۆستداعش” له‌ عێراق، توركیا مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ ئێران له ‌ڕێگه‌ی گرووپ و ملیشیا شیعه‌كان و حكومه‌تی به‌غداوه،‌ له‌ ناوچه‌ سوننییه‌كانی موسڵ و هه‌روه‌ها له‌ ناوچه‌ توركماننشینه‌كان باڵاده‌ست بێت. ئه‌مه‌ش بۆ توركیا جێگه‌ی مه‌ترسییه‌ و هاوسه‌نگیی هێز له‌ دژی توركیا ده‌گۆڕێت و بەم پێیەش له‌ ئه‌گه‌ری په‌راوێزكه‌و‌تنی توركیا له‌ گۆڕانكارییه‌ ناوچه‌ییه‌كاندا،‌ ڕۆڵی هه‌رێمایه‌تیی كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و توركیا دۆڕاوی ئه‌م هاوكێشه‌‌ و هاوسه‌نگییه‌ نوێیه‌ ده‌بێت له‌ ناوچه‌كه‌دا.

 دەتوانین بڵێین كە گرنگتـرین فاكتەرە كاریگەره‌كان لە پەیوەندییەكانیاندا بـریتین لە:

  1. دەرهاویشتەكانی جەنگی دووەمی كەنداو له‌‌ ساڵی (1990) و جەنگی سێیەمی كەنداو له‌ ساڵی (2003) لە ناوچەكەدا.
  2. كێبـڕكێ‌ لەنێوان توركیا و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی قەفقاز و ئاسیای ناوەڕاست.
  3. كاریگەریی پەیوەندیی توركیا و ئیسڕائیل و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ناتۆ.
  4. فاكتەری نەتەوەیی كورد و تورك لە هەردوو وڵات، هەروەها ئیسلامگەرایی و ئایدۆلۆژی.
  5. گۆڕانكارییە سیاسییە ناوخۆییەكانی توركیا، هەروەها گۆڕانكارییه‌ ناوخۆییه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران (هه‌ر چه‌ند سنووردار).
  6. ڕووداوی یازدەی سێپتەمبەری (٢٠٠١) و شەڕی دژەتیرۆر و باڵاده‌ستیی ئێران و ڕۆژئاوا له‌ ناو‌چه‌كه‌دا.

سەرەڕای ئەم فاکتەرانەی سەرەوە، پەیوەندیی نێوان ئێران و تورکیا لە سەردەمی ئیبراهیم ڕەئیسی لەژێر کاریگەریی دوو فاکتەری سەرەکیدا دەبێت: یەکەم: سیاسەتی ئەمەریکا لەهەمبەر ئێران، بەتایبەتییش لە پرسەکانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، پرسی تایبەت بە مووشەکی بالستیک، کێشەی حوسییەکانی یەمەن، پرسی عێراق و سووریا و حیزبوڵڵای لوبنان و پاراستنی ئازادییە مەدەنییەکان و مافی مرۆڤ لەناو خودی ئێراندا. دووەم: سەرهەڵدان و داڕشتنەوەی هاوپەیمانەتییەکانی ناوچەکە، کە خودی ئەوەش بەرمەبنای چۆنێتیی سیاسەتی ئەمەریکا لەهەمبەر ئێراندا دەبێت. دەکرێ ئاماژە بە کۆمەڵێک لەم هاوپەیمانێتییە نوێیانە لە بوارە جیاوازەکاندا بکەین، بۆ نموونە: مانۆڕە هاوبەشە سەربازییەکانی تورکیا، ئازەربایجان و پاکستان بەبێ ئێران، زیادبوونی ژمارەی ئەو دەوڵەتە عەرەبییانە کە لەگەڵ ئیسڕائیل ڕێک دەکەون، پەیمانی پڕۆژەی شامی نوێ لەنێوان عێراق، ئەردەن و میسڕ و چەندین هاپەیمانێتیی تر.

گرنگتر لەمانە، نوێترین پرس کە بووە هۆی لەهەمبەر یەک وەستانی ئێران و تورکیا لە سەردەمی کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی، بریتی بوو لە کێشەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا کە ئێران نەیتوانی لەم کێشەیەدا بەباشی گەمە بکات و بووە هۆی باڵادەستبوونی تورکیا لە ناوچەی قەفقاز. بە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە قەرەباغ چووەتە سەر ئازەربایجان، ڕێگەی گواستنەوەی کاڵاکانی ئێران بۆ ئەرمەنستان بڕدراوە کە جاران بەبێ باجدان کاڵای هەناردەی ئەرمەنستان دەکرد، بەڵام لە حاڵی حازردا ئەم خاکە لە دەست ئازەربایجاندایە و ئەم وڵاتەش داوای باجی گومرگی لەسەر بارهەڵگرەکانی ئێران دەکات. بەڵام کێشەکە لە گواستنەوەی چەند بارهەڵگرێک گەورەترە و ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم بارگرژییەی نێوان ئازەربایجان/تورکیا و ئێران ببێتە هۆکارێک بۆ گۆڕینی نەخشەی جیۆسیاسی لە ناوچەکە بە سوودی تورکیا، تەنانەت ئەگەر نەخشەی جیۆسیاسیی ناوچەکەش نەگۆڕدرێت، ئاماژەکان وەها نیشان دەدەن کە نەخشەی جیۆئابووریی ناوچەکە دەگۆڕدرێت، چونکە بەم گۆڕانکارییانەوە دەستی ئێران بۆ گەیشتن بە قەفقازیا و ناوچەکانی دەریای ڕەش کورت دەبێت و لە هەمبەردا تورکیا باڵادەستتر دەبێت. تەنانەت لە دیداری نێوان ئیبراهیم ڕەئیسی و مەولوود چاوشئۆغلو لە ڕێکەوتی ١٥/١٠/٢٠٢١، چاوش ئۆغلو لەهەمبەر نیگەرانییەکانی ئێران لەسەر کێشەکانی ناوچەی قەفقاز ڕایگەیاند کە بۆ بەرزکرنەوەی ئاستی سەقامگیری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ناوچەی قەفقازی باشوور، برەو بە هاوکاریی دوولایەنەی نێوان ئێران و تورکیا دەدەن. بەڵام سەختە ئەم هاوکارییە دوولایەنەیە بێتە دی، بە هۆی جیاوازیی بەرژەوەندی و جیهانبینیی ئەم دوو دەوڵەتە، چونکە هەروەک ئاماژەمان پێ دا، کاتێک کە تورکیا دەستوەردان لە کێشەی ئازەربایجان دەکات، ئەوە بەو مانایە دێت کە تورکیا بەنیازە یان ستراکتۆری جیوپۆلەتیکی لە ناوچەکە بگۆڕێت، یاخود بەنیازی ئەوەیە کە ببێتە ئەکتەرێکی بەهێزی هەرێمایەتی، ئەمەش مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دروست دەکات، بەتایبەتییش لەلایەن ئێرانەوە کە ئەگەری ئەوە هەیە ئەم ناکۆکییە هەستی نەتەوەیی لەلایەن ئازەرییەکانی سەر بە ئێران بجووڵێنێت. ئەمەش لە گوتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیدارەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە ڕێکەوتی ٦/١٠/٢٠٢١ دەردەکەوێت، کە ڕایگەیاند ئێران لە دژی هەر جۆرە گۆڕینێکی سنوورە نێودەوڵەتییەکانی باشووری قەفقازە.

ئەگەر باس لە ئامانج و ستراتیژیی ئێران لەهەمبەر تورکیا بکەین، دەتوانین بڵێین کە ئامانج و ستراتیژیی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ تورکیا بەم شێوەیە پۆلێن دەکرێت:

١. تورکیا دەروازەیەکە بۆ گەیشتن بە ئەورووپا و بە ئێران وەکوو ڕێڕەوێک بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە کەنداو. ئەوەی جێگەی سەرنجە کە پاش ئاڵۆگۆڕەکانی نێوان ئەرمینیادا ئازەربایجان، تورکیا هەردوو ڕێگەی گەیشتنی ئێران بە وڵاتانی ئەورووپی لە کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆدایە، هەر ئەمەش وا دەکات کە ڕۆڵ و کاریگەری و گرنگیی تورکیا بۆ ئێران بەرجەستەتر ببێتەوە.

٢. هاوبەشی و هاوکاری لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و تەنانەت هەندێ جار هاوکاری لەگەڵ تورکیا بۆ شکاندنی گەمارۆ و ئابڵووقە ئابووری و داراییەکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران. تەنانەت ئەمەریکا لەم پەیوەندییەدا چەندین سزای بەسەر کەسایەتییە سیاسی و بازرگانی و بانکییەکانی تورکیادا سەپاندووە.

٣. ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر پێویستی بە داهاتی بە هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ تورکیا و تەنانەت بەستنەوەی ئاسایشی وزەی ئەورووپا بە ئێرانەوە هەیە، هەر بۆیە تورکیا هەوڵ دەدات ئەم پێگەیەی خۆی لە هاوکێشەکانی نێوان ڕووسیا و ئەورووپا و ئێران بەباشی بەکار بهێنێت.

٤. تورکیا و ئێران مەترسییەکی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە کە بریتییە لە پرسی کورد و بزووتنەوە کوردییەکان لەو دوو وڵاتە، هەر چەندە ئێران بەناڕاستەوخۆ هەوڵی داوە لە هاوکێشە ئاسایشی و سیاسییەکانی ناوچەکە لە دژی تورکیا ئەم کارتە بجووڵێنێت، بەڵام لە کۆتاییدا هەردوو وڵات ئەم پرسە لە چوارچێوەی هەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان پێناسە و پۆلێنی دەکەن. باشترین نموونەش ئەوە بوو کە سەرەڕای بارگرژی لە پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧دا، کەچی هەردوو دەوڵەت پێکەوە و بەهاوبەشی لە دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان چەندین دانیشتن و کۆبوونەوەی ئاست بەرزیان ئەنجام دا و ژووری ئۆپەراسیۆن و هەماهەنگی و هاوکاریی سەربازیی هاوبەشیان پێک هێنا و وڵاتانی تری وەکوو عێراق و سووریایان هێنایە سەر خەت و پێکەوە شکستیان بە  هەوڵەکانی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە باشووری کوردستان هێنا. تورکیاش بەردەوام بۆ سنووردارکردنی پەکەکە پێویستی بە ئێران هەبووە و لە هەندێ قۆناغ پێکەوە لە دژی پەکەکە جەنگاون، بەم جیاوازییە کە ئێران گەمە بە کارتی کورد دەکات لە پەیوەندییەکانی، بەڵام تورکیا بە هۆی هەستیارییەوە لەبەرامبەر کورد، ئەم بوێرییەی نییە و ئەم ڕیسکە ناکات. بەڵام تورکیا یاری بە کارتی تورک دەکات لە ناوخۆی ئێراندا و لە بەرامبەردا ئێران بە هۆی هەستیاریی پرسەکە، تا ئێستا زیادتر لەم بوارەدا بەرگریکار بووە تاوەکوو هێرشبەر.

٥. تورکیا و ئێران و قەتەر لە لایەک بەرگری و پشتیوانییان لە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و بزووتنەوە ئیسلامییەکان بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات کرد و لە لایەکی تریش لەم ساڵانەی دواییدا بەتایبەتی لەپاش شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی، بەرەیەکی هاوبەشیان لە ناوچەکەدا لەبەرامبەر بەرەی سعودیە و ئیمارات و میسڕ دروست کرد. تەنانەت هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران هەوڵیان دا کە لێکترازان و دابڕانێک لەنێوان وڵاتانی عەرەبی دروست بکەن و هەر بۆیە لە بارگرژییەکانی نێوان قەتەر و سعودیە و ئیمارات لایەنگرییان لە قەتەر کرد و لە گەمارۆ و ئابڵووقەکان ڕزگاریان کرد و تەنانەت تورکیا هێزی سەربازیی ڕەوانەی ئەو وڵاتە کرد. هەر چەندە ئامانج و ستراتیژیی تورکیا و ئێران لەم بوارەدا جیاوازە، بەڵام ئەم هاوکێشەیە دەریدەخات کە تەنانەت پشتیوانیکردنی قەتەر لە گرووپە میلیشیایی و توندڕەوەکان لە سووریا، ڕێگر نەبووە لەوەی ئێران یارمەتیی قەتەر بدات، لە کاتێکدا لانی کەم ئێران لە سووریا لە دژی ئەو گرووپانە دەجەنگێت. هەر ئەمەش وا دەکات بڵێین کە ئێران مۆدێلی سیاسیی ئیخوانی سوننە زۆر زیاتر بە گەنجاوتر دەزانێت لەبەرامبەر مۆدێلی سیاسیی وڵاتانی دیکەی عەرەبیی وەکوو سعودیە. هەر چەندە ئەمە بۆ ئێران تاکتیکیە و گوشار خستنە سەر سعودیە و دروستکردنی ناکۆکی لە ڕێگەی دابڕانی وڵاتانی سوننە و عەرەبی کەنداو و لاوازکردنیان ئامانجێکی ستراتیژییە.

٦. به‌ هۆی ڕووداوه‌كانی ناوخۆی توركیا و ئاڵوگۆڕ له‌ هاوكێشه‌ سه‌ربازی و ئاسایشییه‌كان له‌ سووریا و عێراق، كه‌ به‌ ناوچه‌ی ده‌ره‌وه‌ی نزیكی توركیا یاخود بازنه‌ی ئاسایشی توركیا هه‌ژمار ده‌كرێت، داهاتووی سووریا (ڕژێمی ئەسەد) و هاوسەنگی لە عێراق یەکێک لەو بوارە ستراتیژییانەیە کە ئێران و تورکیا ناچاریان دەکات، تەنانەت لە سەردەمی کابینەکەی ئیبراهیم ڕەئیسییش، سەرەڕای ناکۆکییەکان، پێکەوە پەیوەندی و هاوکارییان هەبێت. بەو پێیەی کە تورکیا پاڵپشتی لە ئۆپۆزیسیۆنی چەکداریی سووریا دەکات و ئێران هەموو هەوڵی ئەوەیە کە ڕژێمی ئەسەد بمێنێتەوە. بۆیە تورکیا و ئێران ناچارن سەرەڕای جیاوازییە سیاسی و ناسنامەییەکەیان، ڕکابەرایەتی و ململانێ و لە هەندێ بواردا هاوکاری و هەماهەنگی بکەن. بەڵام لە کۆتاییدا زۆربەی جاران ئەوە ناکۆکی و ململانێی جیۆسیاسییە کە زاڵە بەسەر پەیوەندییەکانیان، بەتایبەتی لە جیهانی ئیسلامی و عەرەبی کە تورکیا لە سەردەمی ئەردۆغان و کۆماری ئیسلامی هەوڵی سەپاندنی هەژموون و بەرفراوانکردنی نفووزیان دەدەن، ئەمە جگە لە بەرژەوەندی و ململانێکانیان لە قەفقاز و ئاسیای ناوەڕاست. هەندێ جاریش ئەگەر بۆ تورکیا پرسێکی تاکتیکی و ئامرازییش بێت، ئەوە دژایەتیی ئەمەریکا و ئیسڕائیل کۆیان دەکاتەوە.

٧. توركیا له‌ ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌ر بارگرژی و نائارامییه‌كی سه‌ربازی و سیاسی له‌ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌دا، له‌ژێر گوشاری هاتنی به‌لێشاوی په‌نابه‌راندایه‌، بۆ نموونە؛ وەکوو ئه‌وه‌ی كه‌ له ‌سووریا ڕووی دا، بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌رفه‌تێك بوو بۆ توركیا له‌ ململانێ‌ سیاسییه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاواییدا، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا به‌ هۆی بارودۆخی تایبه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووریی توركیاوه‌، ده‌توانێت هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددیی ئاسایشی بێت بۆ توركیا. بۆیه‌ توركیا هه‌وڵ ده‌دات كه‌ جارێكی تر ئه‌م لێشاوه‌ له‌ په‌نابه‌ر و ئاواره‌، ڕوو له‌ توركیا نه‌كات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته،‌ توركیا هه‌وڵ ده‌دات کە لەگەڵ ئێران ئەم پرسە چارەسەر بکات و دوایین نموونەش هاوکاری لەگەڵ ئێرانە بۆ ڕێگرتن لە هاتنی لێشاوی پەنابەر و کۆچبەرانی ئەفغانستانیی پاش دەرچوونی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە ئەفغانستان.

پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە

جیۆپۆلەتیکیی ئێران و تورکیا وا دەکات تورکیا بە چاوپۆشین لە سیستم و سیاسەتی نێودەوڵەتی، بە ڕکابەری مێژووی ئێران هەژمار بکرێت، بەپێچەوانەوە سعودی بە ڕکابەری ئێران هەژمار ناکرێت، بەڵکوو لەدوای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی و هاتنەکایەی ئایدۆلۆژیای هەناردەکردنی شۆڕش، سعودیە بە پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووەتە نەیار/ڕکابەری ئێران. ئەگەری هەیە هەر کاتێک کە سیستمی سیاسی لە ئێران بگۆڕدرێت، یاخود ئێران لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لەسەر پرسە جیاوازەکان ڕێک بکەوێت، سعودیە بە بەربەست و ڕکابەر لەبەردەم ئێران و سیاسەتەکانی هەژمار ناکرێت و بەپێچەوانەشەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران و سعودیە؛ دوو دەوڵەتی كاریگەری ناوچەكه‌ن و لە ڕووی سەرچاوەكانی نەوت و غازه‌وه‌ دەوڵەمەندن، هه‌روه‌ها خاوەن پێگەی گرنگی ستـراتیژین لە ناوچەكەدا. به‌گشتی، ئێران و سعودیە بە دوو ناوەندی شیعە و سوننی لە جیهانی ئیسلام، هەروەها دووجەمسەریی كو‌لتووری، هزری و مەزهەبی هەژمار دەكرێن. پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، سعودیە و ئێران دوو ستوونی دکترینی “نیكسۆن” بۆ پاراستنی ئاسایش و دژایەتیكردنی كۆمۆنیزم لە ناوچەكە بوون. ئێران لە ڕووی چەك و سیاسییەوە و سعودیەش لە ڕووی ئابووری و داراییەوە. بەڵام لەپاش ساڵی (1979)وە، بە هۆی سیستمی سیاسیی نوێی ئێران و سیاسەتی دژەڕۆژئاوایی و سەربەخۆییخوازیی ئێران و پرسەكانی هەناردەكردنی شۆڕش و دژایەتیی سیستمی نێودەوڵەتی لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران، هەروەها جۆری پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و پرسی ئیسڕائیل، ئەم هاوكێشەیە تێك چوو. هەر بۆیەش پەیوەندیی سعودیە و ئێران بە كۆمەڵێك هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە، بەتایبەت بە دەستپێكردنی جەنگی ئێران و عێراق و پاڵپشتیی سعودیە لە ڕووی دارایی و چەكەوە لە عێراق، ئەم پەیوەندییانە بارگرژیی تێ كەوت.

گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا، بووە هۆی ئەوەی كە مەزهەبی شیعە وەك هێزێكی كاریگەر دەربكەوێت و ڕۆڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمەی بەرجەستە كردووە، هەر لە ڕووخانی سەددام حسێن لە ساڵی (٢٠٠٣)ه‌وه‌ تا جەنگی سی و سێ ڕۆژەی حیزبوڵڵا لە لوبنان لەگەڵ ئیسڕائیل لە ساڵی ٢٠٠٦دا، گۆڕانكاریی جیۆپۆلەتیكیی لە بەرژەوەندیی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا دروست كردووە. لە ڕوانگەی وڵاتانی سوننە و نوخبە سیاسییەكانیانەوە، ئامرازی سەرەكیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ نفووز و كۆنتـرۆڵی ناوچەكە، گرووپە شیعەكانی لایەنگری

ئێرانن لە ناوچەی كەنداو، عێراق، سووریا، لوبنان، بەحرێن، سعودیە و… گرنگی و هەستیاریی ئەم ناوچانە، بەتایبەت لە ڕووی ئاسایشی وزەوە، ئەم پرسەی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش زۆر هەستیار كردووە.

سعودیە خاوه‌ن نزیكه‌ی ٢٠٪ یاخود ٢٦٤ ملیار به‌رمیل له‌ یه‌ده‌گی نه‌وتی جیهانه،‌ كه‌ ده‌كاته‌ یه‌ك له‌سه‌ر پێنجی نه‌وتی هه‌موو جیهان‌، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ئه‌م وڵاته‌ ده‌توانێت ڕۆژانه‌ ١٢ ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م بهێنێت. هه‌روه‌ها له ‌ڕووی سه‌رچاوه‌كانی گازی سروشتییه‌وه‌، سعودیە له‌پاش ڕووسیا و ئێران و قه‌ته‌ر، پله‌ی چواره‌می له‌ جیهاندا هه‌یه‌. ئه‌م سه‌رچاوانه‌ ئه‌و توانا و هێزه‌ی به‌خشیوه‌ته‌ سعودیە كه‌ ئه‌م وڵاته له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و جیهانی، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنان و نرخ و به‌كارهێنانی وزه‌ هه‌بێت. لێره‌شه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ پێگه‌ی سعودیە بۆ ئه‌مریكا گرنگیی تایبه‌تی هه‌یه‌، بۆیه‌شه‌ كه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نفووز و ڕۆڵی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنی سعودیەیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هاوكێشه‌ جیۆپۆلەتیكیی و جیۆئیكۆنۆمییه‌ ناوچه‌یی و جیهانییه‌كاندا جێگه‌ی سعودیە بگرێته‌وه‌. له‌ ڕاستییشدا ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ئێستای ئێران له‌ ناوچه‌كه‌، فاكته‌رێكی به‌هێزه‌ بۆ مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامیی ئه‌و ڕژێمه‌ سیاسییه‌ی ئێران‌. بۆیه‌ ئه‌مەریكا ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی گوشارهێنان بۆ سه‌ر ئێران له‌ ڕێگه‌ی وڵاتانی سوننه‌وه‌، كه‌ خاوه‌ن پێگه‌ی جیۆئیكۆنۆمین له‌ ناوچه‌كه‌دا، ئێران لاواز بكات و له‌ سنووره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئابڵووقه‌ی بدات و قه‌تیسی بكات. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی گۆڕانكاری له‌ پێگه‌ و هێزی ئێران. لە لایەکی ترەوە، سعودیە وه‌ك ڕێبه‌ر و پێشه‌نگی جیهانی ئیسلامی ده‌ناسرێت. بۆیه‌ سعودیە له ‌ڕووی جیۆکولتورییەوە بووەته‌ جێگه‌ی نیگه‌رانیی كۆماری ئیسلامیی ئێران، كه‌ هه‌وڵ ده‌دات ڕێبه‌رایه‌تیی جیهانی ئیسلامی وه‌ئه‌ستۆ بگرێت. ئه‌مه‌ش بووەته‌ هۆی ململانێی توند له‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا.

لە ساڵی ٢٠١٦ و دوای کوشتنی ئەلنەمر کە شێخێکی شیعەی سعودیە بوو، ئێرانییەکان هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی سعودیە لە تاران، لە بەرامبەریشدا وەک بەرپەرچدانەوە، سعودیە ستافی دیپلۆماسی ئێرانی لە ڕیاز دەرکرد، ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی فەرمییانەی پەیوەندیی دیبلۆماسی لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا. کاتێک کە ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرۆککۆماری نوێی ئێران دەستبەکار بوو، سعودیە و بەحرێن ئەو دوو وڵاتە بوون کە نامەی پیرۆزباییان کە ئەتەکێتێکی دیبلۆماسییە، ئاراستەی ئێران نەکرد.

سەرەڕای ئەمەش، ڕەئیسی لە یەکەمین گوتاری بوون بە سەرۆککۆمار، ڕایگەیاند کە ڕێگر نییە لە گەڕانەوەی پەیوەندیی دیبلۆماسیی ئاسایی لەنێوان ئێران و سعودیە بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێ سعودیە لە یەمەن دەربچێت، ئەمەش وەک پێشمەرجێک بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتە هەژمار دەکرێت. هەر بۆیەش، هەر لە کاتی هاتنەسەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی، تا هەنووکەش هیچ بەرەوپێشچوونێک لە پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان ئەم دوو دەوڵەتەدا بەدی ناکرێت.

کەواتە هەروەک باسمان کرد، کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان سعودیە و ئێران بێژمار و قووڵن، هەر لە ناکۆکیی ئایینزایی بگرە تا پرسی جیهانی عەرەب، کێشەی سووریا و جەنگی یەمەن. جەنگی یەمەن ئەم دەرفەتەی بە ئێران بەخشی کە بتوانێت بە کەمترین تێچوو، سعودیە گیرۆدەی جەنگێکی تاقەتپڕووکێنی درێژخایەن بکات تا ئاستێک کە ئابووریی سعودیە بە هۆی ئەم جەنگە شەکەت بکات. هەروەک چۆن لە ئایاری ساڵی ٢٠١٧، لە چاوپێکەوتنێکدا، محەمەد بن سەلمان ڕایگەیاند کە هیچ خاڵێکی هاوبەشیان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەی ئێران نییە. ئەگەرچی تا ئێستا ئێران و سعودیە پێنج جار کۆ بوونەتەوە کە چواریان لە سەردەمی ڕۆحانی و یەک کۆبوونەوەش لە سەردەمی ڕەئیسی بووە، بەڵام هیچ لێکەوتەیەکی بەرچاو و پێشکەوتنێکی ئەوتۆ لەم کۆبوونەوانە نەکەوتووەتەوە.

سەرەڕای گشت ئەم ناکۆکییانەش، بەتایبەتییش لە سەردەمی ئیبراهیم ڕەئیسی، دەتوانین بڵێین کە کۆمەڵێک هۆکار هەن ئێران و سعودیە ناچار دەکات دواجار لەسەر هەندێ خاڵ ڕێک بکەون. هەر چی سەبارەت بە ئێرانە:

  • ڕێککەوتن لەگەڵ سعودیە، بەو مانایە دێت کە وڵاتانی تریش ناچار دەبن لەگەڵ ئێران ڕێک بکەون و ئێران بە هێزێکی هەرێمایەتی هەژمار دەکرێت.
  • ڕێککەوتنی سیاسی دەبێتە هۆی کردنەوەی دەرگای ئابووری و بازرگانی بەسەر ئێراندا لە ناوچەکە.
  • ئێران هەوڵ دەدات وەها نیشان بدات کە بەنیازی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە و هێنانەدیی ئاشتییە، لە ڕاستیدا ئێران درەنگ ئەم هەنگاوەی لەهەمبەر وڵاتانی عەرەبی گرتە بەر و ئیسڕائیل لەم بوارەدا شوێنی ئێرانی گرتووە.

هەر چی سەبارەت بە سعودیەیە:

  • سعودیە ڕوانگەی خۆی بۆ ٢٠٣٠ ڕاگەیاندووە کە بریتییە لە پاکێجێکی دە ساڵانە بۆ چاکسازیی ئابووری، سیاسی، سەرمایەگوزاری، وەبەرهێنان و گەشتیاری، بەبێ دابینکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا. سعودیە ناتوانێت ئەم پاکێجە جێبەجێ بکات. ئەوەی کە ئاسایشی سعودیەی تێک داوە، بە پلەی یەکەم ئێرانە.
  • کشانەوەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان و عێراق و ناکارایی ئەمەریکا لە ئیدارەدانی ناکۆکی و ململانێیەکانی ناوچەکە و بەتایبەتییش ئەو پرسانەی کە ئێران لایەنێکی پرسەکەیە، وای کردووە کە سعودیە ناچار بێت لەسەر هەندێ پرس دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بکاتەوە.

سەرەڕای ئەم خوێندنەوەی سەرەوە، بۆ ئەوەی کە لە سیاسەتی ئێران لەهەمبەر سعودیە و ناوچەکە لە چوارچێوەیەکی بەرفراوانتردا تێبگەین، سەرەتا پێویستە لە گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمەریکا لە ناوچە تێبگەین کە گرنگترینیان بریتین:

  • ئەمەریکا خەریکی کشانەوەی بەشێک لە سیستمی بەرگریی خۆیەتی لە هەر یەک لە عێراق و سعودیە و وڵاتانی کەنداو، ئەمەش دەکرێ وەک هێمایەک بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران خوێندنەوەی بۆ بکرێت. هەڵبەت لە کورتمەودادا و لە درێژمەودا ئەم سیاسەتەی ئەمەریکا بە زیانی ئێران دەشکێتەوە، چونکە مەبەستی سەرەکیی ئەمەریکا لەم کارە، ڕووبەڕووبوونەوەی هەر یەک لە ڕووسیا و چینە. بەڵام لە حاڵی حازردا و بە هۆی ناسەقامگیری لە ستراتیژی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، ئەم سیاسەتەی ئەمەریکا ترسی لەناو حکومەتەکەی ئالی سعود دروست کردووە و وەها هەست دەکات کە گۆڕانکارییەکان پێگەی سعودیە لە ناوچەکەدا لاواز دەکەن.
  • بە هۆی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ئەمەریکا گوشار دەخاتە سەر سعودیە، تا لە چوارچێوەی ڕێکخراوی ئۆپێک؛ بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکاتەوە تا لەمە زیاتر کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمەریکا زیانمەند نەبن. سیاسەتی گوشارهێنانە سەر سعودیە و کشانەوەی پاترییەکانی سیستمی بەرگری و ترسی سعودیە لە فراوانخوازییەکانی ئێران، سعودیە بەرەو نزیکبوونەوە لە ئیسڕائیل هان دەدات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ناچارە کە درێژە بە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئێرانیش بدات. سعودیە لە ڕێگەی گرتنەبەری ئەم سیاسەتە، دەیەوێت خۆی لە گوشاری گشت لایەنەکان ڕزگار بکات، بەڵام هاوکات سەختە بتوانێ وەک ئەوەی کە خوازیارە، لەگەڵ ئەم وڵاتانە بە ڕێککەوتن بگات.
  • بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، لە ڕێگەی شێخ نەهرۆی کەسنەزانییەوە؛ ئەمەریکا پشتیوانیی خۆی بۆ ڕەئیسی نیشان دا، ئەوەش بە داواکردن لە شێخ نەهرۆ کە داوا بکات دەروێشەکان دەنگ بە ڕەئیسی بدەن، بەو بیانووەی کە ڕەئیسی سەر بە ئالی بەیتە. ئەم کردەوەیەش وەک هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ کابینەی ڕەئیسی لەلایەن ئەمەریکاوە لێک درایەوە، بەڵام هاوکات نیگەرانییەکانی سعودیەی لە کابینەکەی ڕەئیسی زیاتر کرد، چونکە کابینەیەکی هەماهەنگ لەنێوان خامنەیی/بەیتی ڕەهبەری، سوپای پاسداران و پەرلەمان دامەزراوە کە گشتیان سەر بە ڕەوتی ئوسوڵگەراکانن (پارێزگارەکان)، واتە ئەو ڕەوتەی کە زۆرترین کێشەی لەگەڵ جیهانی دەرەوە، بەتایبەتییش جیهانی عەرەبی سوننە هەیە، ئەمەش بۆ سعودیە کە خۆی بە سەرقافڵەی وڵاتانی سوننەمەزهەب هەژمار دەکات؛ قابیلی قبووڵکردن نییە.

ئەوەی کە بۆ ئێران لە ئێستادا گرنگیی هەیە، بریتییە لە سیاسەتی ئەمەریکا. بە هۆی بارودۆخی ئابووری و سیاسیی ناوخۆی ئێران، چاوەڕوان دەکرێت کە ڕەئیسی لەگەڵ ئەمەریکا ڕێک بکەوێت و تەنانەت کۆمەڵێک تەنازولاتیش بکات و لە هەمبەردا ئیدارەی جۆبایدن ڕادەیەک لە گەمارۆکانی سەر ئێران سووک بکات. خودی ئەمەریکاش بەنیازی ئەنجامدانی ئەم کارەیە.

بەڵام لە کۆتاییدا ئەستەمە سعودیەی و ئێران بگەنە ڕێککەوتنێک تەنانەت کورتخایەن بێت، بە هۆی زۆریی پرس و بابەتەکان، وەک کێشەکانی یەمەن، سووریا، حیزبوڵڵای لوبنان، عێراق، دۆسێی ئەتۆمی، هەڕەشەکانی ئێران لە گەرووی هورمۆز بۆ سەر بارهەڵگرە نەوتییەکان و چەندین پرسی تر. بەڵام سەرەڕای گشت ئەمانەش، ئەگەری ئەوە هەیە کە باڵوێزخانەکانی هەردوو لایەن لە وڵاتی یەکتردا دووبارە بکرێنەوە.

پوختە

یەکەم: یەکێک لە ئامرازەکانی بوونی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بریتییە لە هەبوونی دیبلۆماسییەکی ئابووریی بەهێز. ئابووریی ئێران هەم بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی کابینەکانی ڕابردوو کە سەختە کابینەی ڕەئیسی بتوانێ هەڵەکان ڕاست بکاتەوە (هەژاری، بەرنامەی ئەتۆمی، وشکەساڵی، دەستوردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە)، هەمیش بە هۆی گوشار و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان کە ئەویش هەمدیس لە دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بووە، وای کردووە کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ داتەپینی زۆرتر بەخۆیەوە ببینێت، بۆیە سەختە ئێرانی سەردەمی ئیبراهیم ڕەئیسی بتوانێ ببێتە دراوسێیەکی باش بۆ وڵاتانی ناوچەکە، چونکە ئایدۆلۆژیای هەناردەکردنی شۆڕش؛ شادەماری مانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، کە لەگەڵ بەرژەوەندیی گشت وڵاتانی ناوچەکە ناکۆکە و بە هەڕەشە لەسەر مانەوەی ئەم وڵاتانە هەژمار دەکرێت. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ناکۆکیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتییش تورکیا و سعودیە، قووڵتر و بەهێزتر بێت. لوتکەی ئەم ئایدۆلۆژیایە لە “سیاسەتی مەیدان” لەهەمبەر “سیاسەتی دیبلۆماسی”ی ئێران وەدەرکەوت، کە نەک تەنیا ئیبراهیم ڕەئیسی پشتی لەم سیاسەتە نەکردووە، بەڵکوو وەک جاران هەر بەردەوامە و تا ئەو کاتەی کە لە ئێران سوپای پاسداران بوونی هەبێت، سیاسەتی مەیدانیش بەردەوامیی دەبێت. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، سیاسەتی مەیدان یارمەتیدەری مانەوەی ئێران بووە لەم بارودۆخە دژاورە ئابوورییەی کە ئێران تێی کەوتووە.

دووەم: سیاسەت لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە بەرمەبنای گەمەی سفری دامەزراوە، ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠٢٠، لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەی ئەبراهام تا ڕادەیەک گۆڕانکاری بەسەر ئەم هاوکێشەیەدا لەنێوان هەندێ وڵاتی عەرەبی و ئیسڕائیلدا هاتووە، بەڵام تا هەنووکەش ئێران لە سیاسەتی دەرەوەیدا لە ناوچەکە پەیڕەوی لەم هاوکێشەیەی دەکات، بۆیە سەختە لە سەردەمی ڕەئیسی هیچ گۆڕانکارییەک لەم گەمە سفرییەی ئێران لە ناوچەکەدا بێت.

سێیەم: لەگەڵ گشت ئەم هۆکارانەی سەرەوە، ئەگەرێکی گرنگ لەئارادایە کە بریتییە لە لێکنزیکبوونەوەی ئێران و ئەمەریکا. ڕاستە ئێران تا ئێستا پابەندی گفتوگۆکانی ڤیەننا تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمییەکەی ئێران نەبووە و کابینەکەی ئیبراهیم ڕەئیسییش ئەم دۆسیەی تا ڕادەیەکی باش پشتگوێ خستووە، بەڵام ئەگەر زیاتر لەوە ئێران بخرێتە پەراوێزی جیوپۆلەتیکییەوە، ئەمە کاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر ئابووریی ئێران دروست دەکات، بۆیە ئەگەر هەیە کە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم لاوازییەی، ئێران ناچار بێت کە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی خۆی لەگەڵ ئەمەریکا ڕێک بکەوێت، بەتایبەتییش لەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی کە لە ئەگەری فرۆشتنی مووشەکەکانی ئێس ٤٠٠ لەلایەن ڕووسیاوە بە ئێران، کۆدی ئەم مووشەکە فرۆشراوانە، ڕووسیا بە ئیسڕائیلی دەدات. ئەمەش دوودڵیی بۆ بەرپرسانی ئێرانی دروست کردووە. بەناچاری سەرلەنوێ گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمەریکا دەست پێ دەکاتەوە، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر ڕێڕەوی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ هەر یەک لە تورکیا و سعودیە دروست دەکات.

سەرچاوەکان:

فردوس رابینسون،  ایران و ترکیه، تشابهات بسیار، اختلافات اساسی، ۷ ژوئیه ۲۰۱۲.

https://www.bbc.com/persian/iran/2012/06/120526_l23_lp_neighbours_iran_turkey_fr_tehran_ankara_fr

پەرویز ڕەحیم قادر (٢٠١٦)، نادڵنیایی له‌ ئاسایشی هەرێمیی ئێران، ماڵپەری پێنووس.

http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-12-28/item/844-2018-09-02-18-56-38.

الی گرانمایە، مسیر همه سیاست گذاری ها در منطقه از ایران می گذرد، دیپلوماسی ایرانی، ٢٩ اردیبهشت ١٤٠٠.

http://irdiplomacy.ir/fa/news/2002611/%D9%85%D8%B3%DB%8C%D8%B1%D9%87%D9%85%D9%87%D8%B3%DB%8C%D8%A7%D8%B3%D8%AA%DA%AF%D8%B0%D8%A7%D8%B1%DB%8C%D9%87%D8%A7%D8%AF%D8%B1%D9%85%D9%86%D8%B7%D9%82%D9%87%D8%A7%D8%B2%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86%D9%85%DB%8C%DA%AF%D8%B0%D8%B1%D8%AF

اسرا الفاس، العلاقات الإيرانية السعودية بعد تولي رئيسي الرئاسة الإيرانية، میادین نت، ٢٥/٧/٢٠٢١.

https://www.almayadeen.net/articles/blog/1490623/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%84%D8%A7%D9%82%D8%A7%D8%AA%D8%A7%D9%84%D8%A5%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D9%86%D9%8A%D8%A9%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%B9%D9%88%D8%AF%D9%8A%D8%A9%D8%A8%D8%B9%D8%AF%D8%AA%D9%88%D9%84%D9%8A%D8%B1%D8%A6%D9%8A%D8%B3%D9%8A%D8%A7%D9%84%D8%B1%D8%A6%D8%A7%D8%B3%D8%A9%D8%A7%D9%84%D8%A5%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D9%86%D9%8A%D8%A9

هل تتجه العلاقات السعودية-الإيرانية نحو انفراجة؟ (DW)، 17.10.2021.

https://www.dw.com/ar/%D9%87%D9%84%D8%AA%D8%AA%D8%AC%D9%87%D8%A7%D9%84%D%B9%D9%84%D8%A7%D9%82%D8%A7%D8%AA%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%B9%D9%88%D8%AF%D9%8A%D8%A9%D8%A7%D9%84%D8%A5%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D9%86%D9%8A%D8%A9-%D9%86%D8%AD%D9%88%D8%A7%D9%86%D9%81%D8%B1%D8%A7%D8%AC%D8%A9/a-59524972

روابط ایران و ترکیه در دوره رئیسی؛ تقابل یا همکاری؟ دنیای اقتصاد، 20 November 2021.

https://donyaeeqtesad.com/%D8%A8%D8%AE%D8%B4%D8%B3%D8%A7%DB%8C%D8%AA-%D8%AE%D9%88%D8%A7%D9%86-62/3782316-%D8%B1%D9%88%D8%A7%D8%A8%D8%B7%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%AA%D8%B1%DA%A9%DB%8C%D9%87-%D8%AF%D8%B1%D8%AF%D9%88%D8%B1%D9%87%D8%B1%D8%A6%DB%8C%D8%B3%DB%8C%D8%AA%D9%82%D8%A7%D8%A8%D9%84%DB%8C%D8%A7%D9%87%D9%85%DA%A9%D8%A7%D8%B1%DB%8C

رئیسی: ایران و ترکیه باید آماده ارتقای روابط از سطح کنونی به همکاری‌های همه جانبه باشند. خبرکزاری تسنیم، ٢٤ آبان ١٤٠٠.

Mohammed alsulami, Where to now for Saudi-Iranian dialogue? 21/10/2021.  https://www.mei.edu/publications/where-now-saudi-iranian-dialogue,

Send this to a friend