• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
February 25, 2024

هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی ئێران؛ هەڵسەنگاندن، شیکاریی و پێشبینییەکان

ئامادە کردن: ئێرانناسی

بەرایی

لە ڕاپۆرتێکی شیکارییدا تیشک دەخەینە سەر هەڵبژاردنەکانی خولی دوانزەی پەڕلەمانی ئێران کە بەپێێ یاساکانی وڵات بڕیارە لە یەکی مارسی ٢٠١٤ لە ئێران بۆ هەڵبژاردنی ٢٩٠ ئەندامی ئەنجوومەنی شواری ئیسلامیی ئەنجام بدرێت. لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان ( مجلس خبرگان رهبری). کە بڕیار لەسەر بە ئەندامبوونی ٨٨ ئەندام بۆ ماوەی هەشت ساڵی ئەو ئەنجوومەنە دەدرێت. ئەم هەڵبژاردنانە لە دۆخی ئێستای وڵات و هەلومەرجی نێو دەوڵەتی گرنگی زۆریان هەیە. بەپێی ڕای زۆرێک لە شارەزایان باس لەسەر بەشداری کەمی خەڵکی ئێران لەو هەڵبژاردنانە دەکرێت. لە ڕاپۆرتردا هەوڵدەدەین کە ڕەهەندەکانی ئەم هەڵبژاردنانەو پاشخانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانیی لە ئێران و چوار چێوە یاسایی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بخەینەڕوو. پرسیاری سەرەکی ئێمە لەم ڕاپۆرتەدا ئەوەیە: ئایا ڕێژەی بەشداری خەڵک لەم هەڵبژاردنانە بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر لە چ ئاستێکدا دەبێت؟ کاریگەرییەکانی ئەم هەڵبژاردنە لەسەر دۆخی گشتی وڵات و سیاسەتی ناوخۆ چی دەبێت؟ کاریگەریی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ژن. ژیان. ئازادی. لەسەر ڕێژەی بەشدای خەڵک بە چ ئاڕاستەیەکدا دەڕوات.

پێشینەی هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی ئێران و ئەنجوومەنی دانایان

  • ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی

بڕگەکانی دەستووری ئێران لە مادەی ٥٧ تا بڕگەی ٩٠ باس لە چوارچێوەی ئاسایی ئەم ئەنجوومەنە گرنگەی ئێران دەکات و لە بڕگەکانی دواتریش بە ڕاستەوخۆ یان پەیوەست بە ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستوور باسی لێوە کراوە. بەپێ دەستووری ئێران ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی دەسەڵاتی زۆر فراوانی هەیە بە بەراورد بە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکار و دەسەڵاتی دادوەری. کە بەپێی مادەی ٦٣ دەستووری ئێران هەر چوار ساڵ جارێک ئەم ئەنجوومەنە پێش وادەی تواوبوونی ئەرکەکانی هەڵدەبژێردرێن. بۆ ئەوەی هیچ کات وڵات بە بێ پەڕلەمان نەبێت. ژمارەی ئەندامەکانی ٢٧٠ کەسە. بەڵام لە دوای دوا هەمواری دەستووری ئێران هەر دە ساڵ جارێک دە ئەندام بە ژمارەی ئەندامای زیاد دەکرێت. کە خولی ١٢ ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی بۆ ٢٩٠ ئەندامی پەڕلەمانە. [1]

هەموو هاووڵاتیەکی ئێران لە چوارچێوەی یاساکانی وڵات مافی خۆپاڵاوتنی هەیە. پاڵێوراوان لە وەزارەتی ناوخۆێ ئێران ناونووسی دەکەن. پاشان ناوەکانی پاڵێوراوان لە ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستوور بڕیار لەسەر ئەهلیەتی بە ئەندام بوونیان دەدرێت. بابەتی دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی پارێزەران ( لە ١٢ ئەندام پێک دێن کە ٦ ئەندام لە لایەن ڕابەری کۆماری ئیسلامی دیاری دەکرێن و ٦ ئەندامی تر لە لایەن دەسەڵاتی دادوەریو دوای پەسەندکردنی لە پەڕلەمانی ئێران دیاری دەکرێن) دەستوور هەمیشە مایەی مشتوومڕی زۆری سیاسی و فیکری بووە لە ئێران. هەندێک پێیانوایە ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستوور دەسەڵاتی چاودیریکردنی هەڵبژاردنەکانی هەیە نەک پەسەند کردن یاخود ڕەتکردنی پاڵیوراوان. بەڵام نەریتی باو لە ئێران بە ئاڕاستەی چاودێریکردن هەنگاوی نەناوە. چاودێرانی دۆخی سیاسی و پەڕلەمانی لە ئێران پەیوەست بە دیموکراتیەتی ئایینی لەو وڵاتە، ئەنجوومەنی پارێزەران دەستووریان وەک فیلتەر و بەربەستێک لە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئێران داناوە. ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستوور چاودێری و دەستەبژێری پاڵێوراوانی هەڵبژارندەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجوومەنی دانایان دەکات. ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستوور نە کات و نە کارمەندی پێویستی لەبەردەستە بۆ پیاچوونەوە بە کارنامەی پاڵێوراوان بە تایبەت لە ناوچە دوورە دەستەکانی ئێران. بۆیە بە شێوەیەکی نهێنی ناوەندەکانی ئەمنی و زانیاری دۆسیەی ئەوکەسانە دەخەنە بەر دەستی ئەنجوومەنی پارێزەریانی دەستوور.

  • یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی لە (٢٤-٣-١٩٨٠) دەستی بە کارەکانی کرد. لە هەڵبژاردنێکی گەرمدا. زۆرێک لە ڕەوت و پارتە سیاسیەکانی ئێران بەشداریان تێدا کرد. ڕێژەی خەڵک لەم هەڵبژاردنە زیاتر لە ٥٠٪ دەنگدەران بەشداریان تێدا کرد لە کۆی بیست ملیۆن و ٨٥٧ هەزار کەس مافی بەشداری کردنیان هەبوو کە لەو ژمارەیە زیاتر لە دە ملیۆن و ٥٧٥ هەزار ٩٦٩ کەس بەشداریان تێدا کرد. براوەی هەڵبژاردن حیزبی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو.
  • دووەم خولی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی ئێران لە (١٥-٤-١٩٨٤) لە کاتێکدا هەڵبژێردرا کە ئێران لە گەرمەی شەڕی لەگەڵ عێراقدا بوو. سەید حەسەنی بەنی سەدر سەرۆککۆمار لەسەر کارەکەی دوور خرابوویەوە. بارودۆخی ناوخۆی ئێران لە ژێر کاریگەری و فشاری شەڕ و گرتنەوەی شاری خوڕەمشەهر لە لایەن ئێرانەوە بوو. لەم خولەدا ٢٤،١٣٤،٤٩٨ مافی بەشداری کرنیان هەبوو. کە لەو ژمارەیە ١٥،٦٠٧٣٠٦ بەشداریان تێدا کرد. واتە ٦٤.٦٤٪ خەڵک بەشداریان تێدا کرد. لەم خولەی پەڕلەمان سەرەتای کەوتنە ڕووی هەر دوو باڵی چەپ و ڕاست لە ئێراندا بوو. براوەی هەڵبژاردن باڵی ڕاستی ئێران.
  • سێیەم خولی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی لە ( ٨-٤-١٩٨٨) هەڵبژاردنی بۆ کرا. لەم خولەدا ئایەتوڵڵا خامنەیی وەک سەرۆککۆمار و میر حسەینی موسەوی وەک سەرۆکوەزیران هەڵبژێردران. سازمانی موجاهیدنی خەلقی ئێران هەڵوەشێنرا و شۆڕشی ئێران کەوتە قۆناغێکی جیاوا لە خولەکانی پێشوو. ٢٧،٩٨٦٧٣٢ کەس مافی باشداری کردنیان هەبوو کە لەو ڕێژەیە ١٦،٧١٤٢٨١ واتە ٧٢٪ خەلک بەشداریان تێدا کرد. براوەی هەڵبژاردن مەجمەعی ڕۆحانیەتی موبارز.
  • چوارەم خولی پەڕلەمانی ئێران لە ( ١٠-٤-١٩٩٢) لە کاتێکدا ئەنجامدرا کە ڕوداوگەلی زۆر بەسەر ئێراندا هاتبوو. ئایەتوڵڵا خومەینی ڕابەری شۆڕش کۆچی دوای کردبوو. ئایەتوڵڵا خامنەیی وەک ڕابەری نوێ دەستبەکارببوو. شەڕی ئێران و عیراق وەستابوو. ڕەفسەنجانی وەک سەرۆککۆمار دەستینشان کرا. ٣٢،٤٦٥٥٥٨ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو کە لەو ڕێژەیە ١٨،٧٦٧٠٤٢ بەشداریان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد. واتە ٨١.٥٧٪ . براوەی هەڵبژاردن جامیعەی ڕۆحانیەتی موبارز بوو.
  • پێنجەم خولی پەڕلەمانی ئێران لە ( ٨-٣-١٩٩٦) ئەنجامدرا. کە تێیدا ٣٤،٧١٦٠٠٠ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. لەو ڕێژەیە ٢٤،٧٨٢٣٨٤ دەنگیاندا. واتە 71.1٪ ی خەڵک بەشداریان کردبوو. کە ئەم ڕێژەیە باڵاترین ڕێژەی دەنگدان بوو لە چاو چوار خولی پێشووی پەڕلەمانی ئێران. براوەی هەڵبژاردن جامیعەی ڕۆحانیەتی موبارز بوو.
  • خولی شەشەمی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی لە (١٩-٢-٢٠٠٠) ئەنجام درا. لە خولەدا سەید موحەممەدی خاتەمی سەرۆککۆمار بوو. باڵی ئیسڵاحی لە ئێران توانیان کۆنتڕۆڵی پەڕەمان بکەن. لەم خولەدا ژمارەی ئەندامانی پەڕلەمان لە ٢٧٠ کەسەوە بۆ ٢٩٠ کەس بەرز بووەوە. ٣٨،٧٢٦٤٣١ مافی دەبگدانیان هەبوو. لەو ڕێژەیە ٢٦،٨٢٠١٥٧ دەنگیاندا. واتە ٣٥/٦٧٪ خەڵک بەشداریان تێدا کرد. لەم خولەدا تیرۆرە پلان بۆ داڕێژراوەکانی ئێران لە دەرەوی وڵات دەستی پێکردبوو. ئەو قەتڵە زنجیرەییانە باس و خواستی زۆری لێکەوتەوە چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی دەرەوە. براوەی هەڵبژاردن ڕیفۆرمخوازان.
  • خولی حەوتەمی پەڕلەمانی ئێران لە (٢٠-٢-٢٠٠٤) ئەنجامدرا. لەم خولەدا کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان لە هەمبەر دۆسییەی ئەتۆمی ئێران دەستی پێکرد. ئەم دۆسییەیە ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی وەرگرت. لە خولەدا ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو بریتیبوون لە ٤٦،٣٥١٠٣٢ کەس. کە لەو ڕێژەیە ٢٣،٧٣٤٦٧٧ بەشداریان کرد. واتە ٢١/٥١٪ خەڵک بەشدار بوون. براوەی هەڵبژاردن نەریتخوازان بوون (اصول گرایان).
  • خولی هەشتەمی پەڕلەمانی ئێران لە (٢٤-٢-٢٠٠٨) ئەنجام درا. ڕێژەی بەشداری خەڵک لەم هەڵبژاردنە ٦٥٪ بوو. ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو ٤٣،٨٢٤٠٠٠ کەس بوون کە لەو ڕێژەیە ٢٢،٣٥٠٢٥٤ دەنگیانداوە. واتە ٥١٪ خەڵک بەشداریان تێێدا کردوە. براوەی هەڵبژاردن نەریتخوازان ( اصول گرایان) بوون.
  • خولی نۆیەمی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی لە ( ٢-٣-٢٠١٢) ئەنجامدرا. ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو ٤٨،٢٨٨٧٩٩ کەس بوون کە لەو ژمارەیە ٣٠،٩٠٥٦٠٥ کە دەنگیاندا کە ٦٤٪ دەنگدەران بوون. براوەی ئەم جارەی هەڵبژاردنەکانیش نەریت خوازەکان بوون.[2]
  • خولی دەیەمی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی لە (١٦-٢-٢٠١٦) ئەنجامدرا. کە ٥٤،٩١٥٢٢٥ کەس مافی بەشداریکردنیان هەبوو. لەم ڕیژەیە ٣٣،٩٥٦٦٥١ کەس بەشداریان کرد. واتە ٨١/٦٣٪ خەڵک بەشدار بوون. براوەی ئەم هەڵبژاردنە هەر سێ باڵی ئیسلاحی ( اصلاح طلب) نەریتخواز ( اصول گرا) و سەربەخۆکان بوون. لەم خولەدا باڵی ڕیفۆرمخواز جارێکیتر ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوە بوون بەرامبەر باڵی نەریتخواز.
  • خولی یانزەهەمی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی لە ( ٢١-٢-٢٠٢٠) ئەنجامدرا. کە تێیدا ٥٧،٩١٨١٥٩ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. کە لەو ژمارەیە ٢٤،٥١٢٤٠٢ بەشداریان لە هەڵبژاردندا کردووە واتە ٤٢٪ خەڵک بەشدارییان لەو خولەی پەڕلەماندا کردووە کە کەمترین ڕێژەی بەشداریی بووە لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی ئێراندا. کە باڵی نەریتخواز براوەی ئەم خولەی هەڵبژاردن بوون. ڕەخنەی زۆر لەم خولەی هەڵبژاردنەکان گیراوە کە لە هەندێن ناوەند سندوقەکانی هەڵبژاردن زۆر زیاتر لە ماوەی خۆی درێژ کراوەتەوە. [3]

کۆی ئەو یانزە خولەکەی ڕابردووی پەڕلەمانی ئێران بە گشتی لە هەموو باوردۆخێکدا لە کات و ساتی خۆییدا ئەنجام دراون. نە ڕووداوەکانی ناوخۆیی ئێران و نە شەڕی ئێران لەگەڵ عێراق نەیانتوانی پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژارادن لە ئێران بوەستێنن. کەمترین ڕێژەی بەشداری لەم یانزە خولەی پەڕلەماندا خولی یانزەهەم بووە کە ڕێژەی بەشداری تێیدا ٤٢٪ بووە. وە زۆرترین ڕێژەی بەشداری لە خولی پینجەمی پەڕلەمان بووە کە ٧١٪ خەڵک بەشداریان تێێدا کردوە. زۆرترین ماوەی براوەی هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا باڵی نەریتخواز بوون کە هەمیشە سەبگەری پەڕلەمانی ئێرانیان بە دەستەوە بووە. لە ڕێگە یاساییەکان کە زۆرجار بە توندکردنی یاساکان لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێناوە. هەر بۆیە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار کەمتر توانیویان ئەو ڕێوشوێنە توندانە بگرنەبەر، بەرامبەر دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک نەیانتوانیوە باڵی ڕیفۆرمخوازی خاتەمی و ئیسڵاحی ڕەفسەنجانی و خەتی میانڕەو و مەعتەدیلی ڕۆحانی لاواز بکەن.

  • ئەنجوومەنی دانایان (مجلس خبرگان)

ئەنجوومەنی شارەزایانی دەستوور بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی کە لە دەستووری ئێران بۆی دیاریکراوە، هەر هەشت ساڵ جارێک بە دەنگدانی ڕاستەوخۆی خەڵک هەڵدەبژێردرێن. ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایان (٨٨) ئەندامە. ئەو دەسەڵاتانەی کە لە دەستووری ئێران بۆی دیاریکراوە، ئەرکی دانان و لادانی ڕابەر بەو مەرجانەی کە دیاریکراون لە ئەستۆی ئەم ئەنجوومەنەیە. تا ئێستا پێنج خولی کاری خۆی تەواوکردووە. خولی شەشەمی ئەنجومەنی شارەزایان لەگەڵ خولی دوانزەی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی پێکەوە بەڕێوە دەچن. لەبەرئەوەی ئەم ئەنجوومەنە بە کرداری ڕۆڵی ڕاستەوخۆی لە ژیانی سیاسی و یاسای و ئابووری خەڵکدا نییە، گەرمترین چاوەڕوانی لەم ئەنجوومەنە هەیە.

ئەم خولەی ئەنجوومەنی شارەزایان بووە جێگەی مشومڕ کاتێک ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستوور، ئەهلییەت و توانایی دکتۆر حەسەنی ڕۆحانی وەک کاندید بۆ ئەم ئەنجوومەنە ڕەتکردەوە. کاردانەوەکان ڕەتکردنی حەسەنی ڕۆحانی زۆر بوون. وەک سایتی تابناک لە زاری کەسێکی نزیک لە باڵی میانڕەوی ڕۆحانی نووسیویەتی: کاتێک لە شەمەنەفەری شۆڕش کەسانێک بەبێ ڕێزییەوە فڕێ دەدرێنە خوارەوە! کەواتە ئێمە بۆ سواری ئەو شەمەنەفەرە ببین! باڵی کۆنەپارێز لە ئێران فیلتەرەکانی بەردەم ئەنجوومەنی شارەزایانیان بە تەواوی بەرتەسک کردووەتەوە، کە هیچ کام لە باڵی میانڕەو و ئیسڵاحی لەو ئەنجوومەنە نوێنەریان نەبێت. یاخود ئەگەر هەبێت ژمارەیەکی زۆر کەمن، کە هیچ کاریگەرییەک لەسەر داهاتووی دەسەڵاتەکانی ڕابەر نەبێت. لە کاتێکدا کە ڕابەر بەپێی دەستوور نەتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات یا لە کاتی نەمانی ڕابەر هیچ گرفتێک بۆ باڵی کۆنەپارێز دروست نەبێت. جێی ئاماژە پێکردنە کە ئەنجوومەنی شارەزایان هەموویان لە ڕەگەزی نێرن و هەمووشیان لە چینی ڕۆحانیەتی ئایینیین واتە مەلاکان کە دەبێت لە ڕووی پلەی مەلایەتی لە ئاستی باڵادا بن نوێنەری مەزهەبی سوننەش لە کوردستان و سیستان و بەلوچستان کورسییان هەیە لەو ئەنجوومەنە.

شیکاری ڕاپرسییەکان

ڕێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠ ئاستەکەی گەیشتە ٤١٪ کە بە بەراورد لەگەڵ خولەکانی تری هەڵبژاردن، ڕێژەی بەشداری خەڵک زۆر دابەزیوە. ڕاپرسی زۆر ئەنجامدراون بە تایبەت ئەو ناوەندانەی ڕاپرسی کە نزیکن لە حکومەت و لە تازەترین ڕاپرسی کە پێگەی ئینساف ( انصاف) بڵاوی کردووەتەوە، ڕێژەی بەشداری گشتی لە ئێران ٣٠٪ بووە. لە ناوەندی پارێزگای تارانی پایتەخت ٢٢٪ و لە ناوەندی شاری تاران ١٥٪ پێشبنینی دەکرێت.[4]

ئەم ڕاپرسییەی کە لە زۆرێک لە پێگە و ماڵپەڕەکانی ئێران بڵاوکرایەوە یا دزەی پێکراوە، بووە جێگەی سەرنجی میدیاکانی دەرەوەی ئێرانیش لەوانە پێگەی ئێران ئینتەرناشناڵ کە بە نزیک لە سەڵتەنەتخوازەکانی دادەنرێت. ئەوەی کە جێگەی سەرنج بوو ئەوەیە کە لە بڕگەیەکی ئەو ڕاپرسییەدا پرسیار ئاڕاستەی ئەو کەسانە کراوە کە ڕاپرسییان لەگەڵ کراوە کە لە کاتی هەڵبژاردندا گوێ بۆ کام یەک لەم سەرکردانە دەگرێت و کاریگەرە لەسەرتان؟ لە نێوان ڕەئیسی سەرۆککۆمار و خاتەمی و ئەحمەدی نەژاد و ڕۆحانی؟ ئەحمەدی نەژاد ٣٠٪ دەنگەکانی بردووە کە لەسەر هەمووانەوەیە. ئەحمەدی نەژاد کە لە کایەی سیاسی بە تەوای دوور خراوەتەوە هێشتا وەک سەرکردەیەکی ڕەخنەگری سیستەمی حکومەت لەسەرکردەکانی دیکە زۆرتر هێڵە سوورەکانی بەزاندووە کە لە مێژووی ئەو کۆمارەدا ئەو جورئەتە نەبووە.

هەڵبژاردن و کاردانەوەکان

هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسلامیی لە ئێران لە هەموو کات زیاتر کەوتوەتەبەر ڕەخنەی پاشماوەکانی باڵی ڕیفۆرم و ئیسلاحی لە ئێران لە لایەک و ناڕەزاییەتییەکانی خەڵک و نوخبەی سیاسی لە ناوخۆ و دەروەی وڵات لە لایەکی دی. ئەمەش کاربەدەستانی ئێرانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی تۆشی دڵەڕاوکێ و ترسکردووە لە ساردبوونەوەی خەڵک لە هەڵبژاردن. هەر وەک حەدادی عادل کەسایەتی فەرهەنگی و سیاسی باڵی نەریتپارێزی ئێران بە نیگەرانییەوە، ڕەخنەکانی ئاڕاستەی شورای پارێزەرانی دەستوور دەکات و دەڵێت: “دوژمن هەمیشە لە هەوڵی ساردکردنەوەی خەڵکدایە و خوازیارن کە وای نیشان بدەن کە هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بوونی نییە. یەکێک لەو فاکتەرانەی کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ڕێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردن هەیە شێوازی کارکردنی شورای پارێزەرانە” پاشان ڕوی دەمی ئاڕاستەی ئەو ناوەندە دەکات و دەڵی: دەستتان شل بکەن و کارەکە قورس مەکەن”[5] کە مەبەستی ڕەتکردنەوەی بە لێشاوی پاڵێوراوانی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامییە کە لە پێناو زامنکردنی یەکدەستکردنی سیستەمی سیاسی لە ئێران کاری کردووە. خەفەکردنی باڵەکانی تری ناو سیستەم کە لەسەردەمە جیاوازەکان بە شێوەیەکی ڕەمزیش بووبێت بەشداریان کردووە و هەمیشە ڕێژەیەک کورسی پەڕلەمانی ئێرانیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە. هەر لەوێشەوە وەک سەکۆیەکی سیاسی بۆ خۆیان بەکاریان هێناوە تا لە دەنگدەرەکانیان دابڕاو نەبن.

ئەنیستیتۆتی واشنگتۆن[6] لە هەڵسەنگاندنێکی کورت بۆ هەڵبژاردنەکانی ئێران ئاماژەی بەوە داوە کە:” لە ڕاپرسییەک کە لە ٢٥ ی جووڵای ئەنجامدراوە ٦٨٪ خەڵکی ئێران لەم خولەی ئێستای پەڕلەمانی ئێران ناڕازین. پەڕلەمانی ئێستای ئێران کەمترین ڕۆڵی لە سیاسەتی دەرەوە و دۆسییەی ئەتۆمی ئێراندا هەبووە”.

لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئێرانیش، ئەحمەدی زەیدئابادی ڕۆژنامەنووسی سیاسی لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە تێلگرام ئاماژەی بە دۆخی گشتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی کردووە و پێێوایە کە: لە چوارچێوەی گوتاری زاڵی باڵی نەریتخواز و کۆنەپارێز لە ئێران هیچ گوتارێکی تر ناتوانێت بوونی هەبێت. گرووپی پاستۆر(ئەو شوێنەیە کە سەرۆکایەتی کۆمار تێیدا نیشتەجێێە) خوازیاری یەکدەستکردنی دەسەڵاتی سیاسییە لە ئێران. خستنە دەرەوەی نەیارەکانی خۆی لە کایەی سیاسی لە ئێران. لەم پێناوەشدا ڕێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دادەبەزێنێ لەو پێناوەدا. بەشداری کەمی خەڵک بۆ ئەم قۆناغە، دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران لە دەستی دەسەڵاتدارانی نەریتخواز چڕ دەکاتەوە. ئەمەش لە کورت مەودادا دەسەڵات سوودمەند بێت لێێ، بەڵام لە درێژخایەندا زیانی زۆر بە هەیکەلی دەسەڵات دەگەێنێت”. [7]

هەرچەندە کەسانێک لە باڵە جیاوازەکانی باڵی ڕیفۆرمخواز و میانڕەو بەشدارییان لەو هەڵبژارنەدا کردووە، بەڵام ئەم سیناریۆیە وەک سیاسەتی ڕووکەش لیکدەدرێتەوە. ڕەتکردنەوەی دکتۆر حەسەنی ڕۆحانی وەک پاڵێوراو بۆ ئەنجوومەنی شارەزایان کاردانەوەی توندی ئەو باڵە و باڵی ڕیفۆرمخوازی سەید موحەممەدی خاتەمی بە داوی خۆییدا هێناوە. لە تەک ئەو ڕەتکردنەوە بەربڵاوانەدا ناوی دوو وەزیری پشێوی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران و چەندین کەسایەتی دیاری ئەمنی و دادوەرێش هاتووە. هەرچەندە ئەو ڕەخنانەی کە باڵی ڕیفۆرمخواز و میانڕەو ئاڕاستەی دەسەڵاتی ئەنجوومەنی شارەزایانی دەکەن بێ وەڵام نەبووە. لەسەردەمی سەرۆکایەتی کۆماری دکتۆر حەسەنی ڕۆحانیش هەمان گرفت و بەربەست لە بەردەم پاڵێوراواندا هەبوو، بەڵام ئەوکات گرنگییان بەو ڕەخنانە نەداو و پشتگوێیان خست. لە هەموو خولەکانی هەڵبژاردنەکانی ئێران ئۆپۆزسیۆنی دەرەوی وڵاتیش وەک نەریتێکی سیاسی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن. بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە تا چەند دەتوانیت ڕێژەی کاریگەری لەسەر ڕێژەی بەشداری خەڵک هەبێت. بە تایبەت هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاش ئەو هێرشانەی کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران کرایە سەریان و گۆشەگیر کردنییان لە هەرێمی کوردستان توانای موناوەری سیاسییان ماوە یا نا؟ ئەوەش لێدەگەڕێن بۆ کاتی هەڵبژاردنەکان و کاردانەوەکان و لێکەوتەکانی ئەو هەڵبژاردنە. هەندێک لە چاودێران چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی دەرەوە پێێانوایە کە ئەم هەڵبژاردنانە کەمترین شانسی ڕێژەی بەشداری خەڵکی هەیە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام لەهەمانکاتدا زۆرترین گرنگی هەیە هەم بۆ حکومەت و هەم بۆ نەیارانی حکومەت پەیوەست بە دۆخی ناوچەکە و هەلومەرجی نێودەوڵەتی ئێران. مەحەکێکی سیاسی زۆر بەهێزە بۆ پێوانەکردنی شەرعیەتی سیاسی ئێران لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیش. لە کاتێکدا ئێران لە ڕووی سیاسەتی هەرێمایەتی لە ژێر گوشاری زۆردایە. شەڕی غەززە و دەرەنجامەکانی و فشار لەسەر حوسییەکانی ئەمەن و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی ئێران و لەهەمانکاتدا سەرقاڵبوون بە هەڵبژاردنێکی وا حەیسیەتی لە ئێران کارێکی ئێجگار قوورسە لەم دۆخەی ئێستادا. هەرچەندە مێژووی هەڵبژاردن لە ئێران ئەوەمان پێدەڵێن کە لە هەلومەرجی شەڕی ئێران و عیراقیش بۆ ساتێک هیچ هەڵبژاردنێک لە ئێران ڕانەوەستاوە.

لەگەڵ ئەوەی بە پێی یاسا دامەزراندی پارتی سیاسی لە ئێران ڕێگە پێدراوە، بەڵام لە پاش پارتی کۆماری ئیسلامیی (حزب جمهوری اسلامی) کە لەسەرەتاکانی شۆڕشی ئیسلامیەوە دامەزراوە هیچی تر دانەمەزراوە. بەڵکو ئەم ناونیشانە زۆرجار سەندیکا و ڕێکخراوەکان لە ژێر چەتری یاسای پارتە سیاسییەکان بەکاریان هێناوە. بەڵام ڕەوت و باڵی سیاسی بەهێز لە چوارچێوەی سیستەمی هەڵبژارنەکانی ئێران دامەزراون. کە ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین. ئەم قەوارانە لە خولەکانی پێشووتری ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی کاریگەریی زۆریان هەبووە.

  • باڵی ئوسوڵگەرا یان نەریتخوازەکان. زۆرجاریش بە بناژۆخوازەکان ناوزەد کراون. ئەم باڵە زۆرترین ماوەی خولەکانی پێشووی پەڕلەمان زۆرینەی کورسییەکانیان بۆ خۆیان مسۆگەرکردووە. ئەم باڵە خۆیان بە میراتگری شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەزانن. لە مێژووی خۆیدا کەسایەتییە بەهێزەکانی شۆڕشی ئیسلامیی سەرکردایەتییان کردووە. خۆیان بە نزیکترین باڵ لە ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەزانن. ئێستا لە ناوخۆیاندا بە چەندین ناونیشان خۆیان دەناسێنن. باڵی نەریتخوازی کۆن و نەریتخوازی نوێ. هەر ئەم باڵی ئوسوڵی و نەریخوازانە بوون کە پشتگیرییان لە ئیبراهیم ڕەئیسی کرد بۆ سەرۆکایەتی کۆمار.
  • جەبهەی پایەداری کە لەسەرۆککۆماری پێشوو مەحمودی ئەحمەدی نەژاد نزیکبوون، ڕابەی فیکریان ئایەتوڵڵا محەممەد تەقی میسباحی یەزدی بوو. لە خولی ئێستا پەڕلەمان هەرچەند زۆرینە نیین، بەڵام زیاتر لە ٤٠٪ کورسییەکانیان بە دەستەوەیە. پێناچێت لە هەڵبژادنی ئەمجارە بتوانن زۆرینە بە دەست بهێننەوە. بەشێکی زۆری سەرکردە پەڕلەمانییەکانی بە فیلتەری ئەنجوومەنی شارەزایاندا تێپەڕیان نەکردووە. ئەحمەدی نەژاد کاریگەری ڕاستەوخۆی بە سەریانەوە نەماوە، بەڵام وەک کەسایەتییەکی دیار هێشتا بنکەی جەماوەری خۆی لەدەستنەداوە.
  • جەبهەی ڕیفۆرمخوازەکان. لە دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی مەهسا ئەمینی لە ئێران، بە هۆی بێسەنگی هەڵبژاردنیانەوە دوا بزمار بە تابووتی باڵی ڕیفۆرمخواز لە ئێران کەوت. سەید محەمەدی خاتەمی سەرکردایەتییان دەکات. لە بڵاوکراوەی فەرمی بەرەی ڕیفۆرمخواز بە ئاشکرا ڕایان گەیاندوە کە بۆ هەڵبژاردنی خولی دوانزەی پەڕلەمانی ئێران هیچ لیستێکیان نابێت. بە هۆکاری ئەوەی زۆربەی کاندیدەکانیان ڕەتکراونەتەوە و ئیمکانی دروستکردنی لیستییان بە هەردوو ئەنجوومەنی شارەزایان و ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی ئێراندا نابێت. خولی دوانزەی پەڕلەمانی ئێران ڕیفۆرمخوازەکانی ئێران دەخاتەوە سووڕێکی تری متبوونی سیاسی.
  • باڵی میانڕەوەکان. کە خۆیان بە میراتگری کولتووری سیاسی هاشمی ڕەفسەنجانی دەزانن. دکتۆر حەسەنی ڕۆحانی سەرۆککۆماری پێشوو سەرکردایەتییان دەکات. خۆکاندیدکردنی ڕۆحانی بۆ ئەنجوومەنی شارەزایان و ڕەتکردنەوەی لە لایەن ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستوور، هەرەسێکی گەورە بوو بۆ سەرۆککۆماری پێشوو و باڵە سیاسییەکەی. لەم هەڵبژاردنەی ئەم خولەی پەڕلەمان حەسەنی ڕۆحانی لە کایەی سیاسی ئێران دەرکرایە دەرەوە. داهاتووی سیاسی ئەو باڵە هاوشێوەی باڵی ڕیفۆرمخواز بەرەو دهاتوویەکی نادیاری سیاسی دەڕوات.

[1] قانون اساسی جمهوری اسلامی ایران

[2] https://shorturl.at/yHQ49

[3] https://shorturl.at/ixyF4

[4]https://ensafnews.com/486995/%D9%86%D8%AA%D8%A7%DB%8C%D8%AC-%D9%86%D8%B8%D8%B1%D8%B3%D9%86%D8%AC%DB%8C-%DB%8C%DA%A9-%D9%86%D9%87%D8%A7%D8%AF-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%AA%DB%8C-%D8%A7%D8%B2-%D9%85%DB%8C%D8%B2%D8%A7%D9%86-%D9%85%D8%B4/

[5] https://shorturl.at/bxRV3

[6] https://www.washingtoninstitute.org/fa/policy-analysis/chrkhh-antkhabat-2024-dr-ayran-aghaz-myshwd

[7] https://t.me/ahmadzeidabad/1698

Send this to a friend