وەرزنامەی ئێرانناسی، بۆچی؟
بارام مەجیدخان
ئێرانناسی وەک بەشێکی گرنگی ڕۆژهەڵاتناسی، جێگەی بایەخی بەشێکی زۆری ناوەندەکانی ئەکادیمی و سیاسیی جیهان و ناوچەکەیە. گرنگیی ئەم ڕەهەندە لە لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتناسی بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکەش جێگەی بایەخە، بۆ ناوەندەکانی ئەکادیمیی هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە.
ئێرانناسی هەوڵی ئەوە دەدات کە هەموو بابەتە گرنگەکانی پەیوەست بە ئێران لە سێ تەوەری سەرەکیدا بخاتە ڕوو: تەوەری یەکەم: لێکۆڵینەوە لە بابەتی دۆسیەی ناوەکیی ئێران و دوایین بەرەوپێشچوونەکانی ئەم دۆسیەیە. ڕۆڵ و پێگەی سیاسی و ئەمنی و ستراتیژیی ئێران ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی ئەم دۆسیەیە. بە لێکۆڵینەوەی گەرم لەسەر دوا قۆناغەکانی ئەم دۆسیەیە و وەرگێڕانی لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانی ئێرانی و بیانی لە پێناو بەدەستخستنی زۆرترین زانیاری سەبارەت بەم بابەتانە.
تەوەری دووەم: لێکۆڵینەوە لەسەر سیاسەتی هەرێمایەتیی ئێران و ناوچەکە. ئەم ڕەهەندە لە لێکۆڵینەوە و خستنەڕووی ڕوانگەی هەرێمایەتیی ئێران، بەرچاوڕوونی دەدات بە سیاسەتمەداران و ئەکادیمیستەکان و ئەوانەی خولیای تێگەشتنی سیاسەتی ئێرانیان هەیە، بەتایبەت وڵاتانی دراوسێی ئێران. کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت هەرێمی کوردستان، دەخوازێت تێگەیشتنی قووڵ بۆ ئەم بابەتە هەبێت.
تەوەری سێیەم: گرنگیدان بە دۆخی ناوخۆیی ئێران و لێکۆڵینەوە لە کێشە و گرفتە ناوخۆییەکانی ئێران. ڕەهەندەکانی قەومی و ئایینی و کولتووری و ئابووری؛ سەرنجی ئێرانناسیی لەسەر دەبێت، بەتایبەت بابەتی تیۆری. هەموو ئەو بابەتانەی کە ڕەهەندی فیکری و مێژوویی و کۆمەڵایەتییان هەیە. هەموو ئەم تەوەرانە لە پێناو ئەوەیە کە ئێران وەک ئەوەی کە هەیە؛ بیناسین، نەک وەک ئەوەی ئێمە دەمانەوێت یاخود حکومەتی ئێران خوازیارە هەبێ، لەم پێناوەشدا پرنسیپەکانی کاری ئەکادیمی و زانستی بنەمای کاری وەرزنامەی ئێرانناسییە.
سەرەتای ساڵی نوێ بۆ هەموو ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە چاوەڕوانیی زۆر هەیە بۆ ئەگەری گۆڕانکاریی سیاسیی گرنگ لە ناوچەکە، بەتایبەت کە خولی نوێی دانوستانەکانی ئێران و وڵاتانی ٥+١ بەڕێوە دەچێت. هەمووان بە چاوێکی پڕ لە نیگەرانی و هەم ئومێدەواری دەڕواننە ئەم دانوستانانە. لەگەڵ کشانەوەی ئەمەریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، قەیرانێکی گەورە بەرۆکی ئێران و جیهانیشی گرت. دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی ئێران و ئەمەریکا بەجێ هێشت، پاش کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتننامەکە. هەردوو هەڵبژاردنی ئێران و ئەمەریکا، گۆڕانکاریی لە سیاسەتی دەرەوەی هەردوو وڵات بەجێ هێشت. گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن دیموکراتەکانی ئەمەریکا و باڵی توندڕەوی ئێران، نیگەرانیی ئەوەی دروست کرد کە مەودای بەیەکگەیشتنی ئەو دوو وڵاتە دوورتر بکەوێتەوە. بەڵام کاریگەری و فشاری ناوخۆی ئێران و هەلومەرجی ئابووریی ئەو وڵاتە، ئێرانی گەیاندە ئاستی بیرکردنەوە لە پابەندبوون بە ڕێککەوتننامەکە. خواستێکی دوولایەنە هەیە بۆ ڕێککەوتن. لەگەڵ پێداگریی وڵاتانی وەک ڕووسیا و چین بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، بەرمەبنای بەرژەوەندییەکانی خۆیان و جیهانیش. ئەم دۆسیەیە ساڵانێکی درێژە بەکراوەیی لەسەر مێزی دەوڵەتانی جیهانە، بەڵام پێدەچێت کاتێکی زۆر بۆ کۆمەڵگای جیهانی نەمابێت بۆ دەربازکردنی ڕێککەوتننامەکە.
ئێران لەسەر ئاستی سنوورەکانی، چاودێریی وردی گۆڕانکارییەکانی ناوچەی قەفقاز و ئەفغانستان و عێراق و ناوچەی خەلیج دەکات. بۆ هەرێمی کوردستانیش، تێڕوانینی ئێران بۆ داهاتووی سیاسی لە عێراق بابەتێکی هەرە هەستیار و گرنگە بۆ کرانەوەمان بە ئاراستەی نەخشەڕێگای ڕاست و ڕەوان، بەتایبەت پاش هەڵبژاردنەکانی عێراق و دەستپێکی دانوستاندن بۆ پێکهێنانی حکومەتی بەغداد.
ڕووداوگەلێکی زۆر ناوچەکەی تەنیوە، بەتایبەت پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە کە بە ناوبژیوانیی عێراق؛ بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە. لە هەمان کاتدا پڕۆژەی ئاشتیی عەرەب-ئیسرائیل، هەژموونی خۆی بەسەر وڵاتانی کەنداودا کێشاوە، ئەمەش سیستمێکی هەرێمایەتیی ئاڵۆز و نوێی هێناوەتە ئاراوە کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردی زانستی و سیاسی هەیە، بەتایبەت کە هەرێمی کوردستانیش بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەیە.
کێشە کۆمەڵایەتی و کولتووری و یاساییەکانی ناوخۆی ئێران سەبارەت بە نەتەوەکانی ناو ئێران، لەلایەن بەشێک لە ڕووناکبیران و ڕۆشنبیرانی ئەو وڵاتە، هەمبەر ئازادییەکان و مافە دەستوورییەکان و خوێندن بە زمانی دایک خرانە ڕوو، کە کاردانەوەی میدیایی گەورەی لێ کەوتەوە. ئاشنابوون بە دۆخی کولتووری و کۆمەڵایەتیی ئێران، خواستی بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستانە. ڕای جیاواز و تێڕوانینی قووڵ لەسەر ئەم بابەتانە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هەموو ئەو بابەتانە شایەنی هەڵوێستەلەسەرکردنی زانستیانەیە.