گۆڤاری ئێرانناسی، بۆچی؟
د. یوسف گۆران
سه‌رۆكی سەنتەری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی
گۆڤاری ئێرانناسی سێیه‌مین گۆڤاری تایبه‌تمه‌ندی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئایندهییمانه، كه له بواری ئه‌كادیمیی جیاجیادا ده‌ریده‌كه‌ین، به‌ڵام ده‌ركردنی گۆڤارێكی تایبه‌ت به ئێران؛ دیاره بڕیارێكی ههڕەمهكی یان ته‌نانه‌ت ته‌نها ئه‌كادیمی بۆ دیراسه‌كردنی دراوسێیه‌كی گرنگی هه‌رێم و عێراق نه‌بووه، به‌ڵكوو به‌لامانه‌وه پێداویستییه‌كی نیشتمانییشه، به هۆی ڕۆڵ و كاریگه‌ری دیاری ئێران له‌سه‌ر ڕووداو و چاره‌نووسی ئێستا و ئایندهی ناوچه‌كه به‌گشتی و كوردستان به‌تایبه‌تی.
ده‌ركردنی گۆڤاری تایبه‌تمه‌ند (تخصصی) له كولتووری لێكۆڵینه‌وه ستراتیجی و ئایندهییهكاندا دیارده‌یه‌كی باوه و نوێ نییه، وڵاتان و دامه‌زراوه ئه‌كادیمی و لێكۆڵیارهكان له سۆنگه‌ی خوێندنه‌وه و دیدی تایبه‌تیان بۆ ئاسایش و بهرژەوهندیی نیشتمانیی خۆیان گرنگی به وڵاتانی كاریگه‌ر (چ هه‌رێمی و چ نێوده‌وڵه‌تی) و هاوسێکانیان ده‌ده‌ن، به‌م شێوه‌یه لێكۆڵینه‌وه و گۆڤاری تایبه‌ت و ته‌نانه‌ت دامه‌زراندنی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان ده‌كه‌ن.
شاراوه نییه ئێران، چ وه‌ك ده‌وڵه‌ت و چ وه‌ك كایه‌یه‌كی جیۆپۆله‌تیكی و كولتووری، بەردەوام كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دراوسێكانی، به‌تایبه‌ت كوردستان و عێراق هه‌بووه. هەزاران ساڵە و سەردەمێکی درێژخایەنە گه‌لانی دانیشتووی ڕۆژهه‌ڵات و بەوانەی ئێستای ئێرانیشەوە كاریگه‌ریی به‌هێزیان له ناوچەکەدا، به‌تایبه‌ت لە كوردستان و عێراقدا هەبووە و هه‌یه. له‌م ماوه مێژووییه درێژەدا وه‌ك نووسه‌ری ئه‌مەریكی گراهام فوله‌ر ده‌ڵێت، ئێران وه‌ك چۆن چینییه‌كان داینه‌مۆی سه‌ره‌كیی شارستانیه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا بوون، نەتەوەکانی ئێرانیش به هه‌مان شێوه بۆ باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا، له هه‌ندێ وێستگه‌ی مێژوویی‌دا هه‌مان ڕۆڵی هه‌بووه.
پێكهاته‌ی جیۆپۆلهتیكیی ئێران و دابه‌شبوونی قورسایی دانیشتووان و نەتەوەکانی ئێران به‌لای ڕۆژئاوا و باشووری وڵاتەکەوە له لایه‌ك و بوونی بیابانی گه‌وره له ناوه‌ڕاست و ڕۆژهه‌ڵات له لایه‌كی ترەوە، هۆكاری سه‌ره‌كی بوون بۆ ڕووكردن و ئاڕاسته‌كردنی ده‌سه‌ڵات و گه‌لانی ئێران به‌ره‌و دراوسێیه ڕۆژئاواییه‌كانی، به‌مه‌ش كوردستان و عێراق هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پشكی شێریان تێیدا هه‌بووه. به‌م شێوه‌یه كولتوور و سیاسه‌ت و ئایین و ئایینزا، ڕۆڵی سهرەكییان له داڕشتنی مێژووی ناوچه‌كه‌ماندا بینیوه.
هه‌ر چه‌نده ئێستا به به‌راورد بە ڕۆژگاره كۆنه‌كان و ئەو دەوڵەتانەی کە لەو جوگرافیایەدا حوکمڕان بوون، ئێرانی ئێستا شارستانیه‌ت و زلهێزێكی جیهانی نییه، به‌ڵام هێشتا وه‌ك ده‌وڵه‌ت و وه‌ك كولتوور هه‌ژموونی به‌سه‌ر زۆر له وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌كه‌دا هه‌یه و ده‌كرێت وه‌ك هێزێکی کاریگەری ناوچه‌یی هەم پێناسه بكرێت و هەم ببێتە بابەتی لێکۆڵینەوە ستراتیژی و ئایندەییەکان.
نەتەوەی كورد، چ له هه‌رێمی كوردستانی عێراق و زۆر نێوچەی دیکەی كوردستان، ڕاسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ له‌ژێر هه‌ژموون و كاریگه‌ریی ئه‌م دراوسێیه‌دا بووه، جگه له‌وه‌ی هەنووکە كورستانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕاستەوخۆی ناوەندگەرای ده‌وڵه‌تی ئێراندایە، به‌ڵام ڕاستییەکەی له سه‌رده‌می دروستبوونی ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وییەوە ئه‌م جوگرافیا سیاسییە نوێیە كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر ڕووداوه سیاسییه‌كان و دابه‌شبوونی كوردستان و چاره‌نووسی میرنشین و پاشان شۆڕشه‌كانی كورددا هه‌بووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وه‌ك ئاماژەمان پێ دا، بۆ نەتەوەی كورد بەگشتی، ئێران و نه‌ته‌وه‌ی فارس کە لە هاوسێ کۆنەکانیەتی، مێژوی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌وراز و نشێویی زۆری بەخۆوە بینیوه، به‌ڵام تا ئێستا لێكۆڵیارانی كورد وه‌ك پێویست نهپەرژاونهته سه‌ر لێکۆڵینەوە و توێژینهواندنی سه‌رجه‌م بواره‌كانی تایبه‌ت به ئێرانناسی.
گرنگه ئه‌م گۆڤاره هه‌وڵ بدات نه‌ك ته‌نها گرنگی به لایه‌نی سیاسیی توێژینه‌وه‌كان بدات كه ئێستا به‌شی هه‌ره زۆری لێكۆڵینه‌وه كوردییه‌كانمان بۆ ئێران پێك دەهێنێت، به‌ڵكوو ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ئه‌م گۆڤاره ناساندنی ئێرانه به‌ده‌ر له سۆنگه‌ی پهیوەندییهكانی به جیهانی ده‌ره‌وه و به كوردستان، به‌ڵكوو ناساندنی له ئاستی نێوخۆیی و له سه‌رجه‌م بواره ئابووری و دامه‌زراوه‌یی و ڕۆشنبیری و كولتوورییه‌كاندا، ده‌ستكه‌وت و كێشه نێوخۆییه‌كان، پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیتنی، تێڕوانین و خوێندنه‌وه‌ی ناوخۆییان بۆ خود و بۆ “ئەوی تر” لە دیدی خۆیانەوە، ده‌ستخستنه سه‌ر ئه‌و هۆكاره نێوخۆییه هه‌مه‌چه‌شنانه‌ی كه وای كردووه به‌رده‌وام جووڵه و توانا و هێزی جیاواز له هه‌ناوی ئه‌م كۆمه‌ڵگەیه بێتە دەرەوە و فۆرمی جیاواز بۆ ته‌عبیركردن له‌خۆ بگرێت.
له لایه‌كی دیکەشه‌وه بۆ خوێنه‌ر و لێكۆڵه‌ر و ته‌نانه‌ت سیاسه‌تمه‌داری كوردستانیش گرنگه بابه‌تییانه به‌ئاگای ئه‌و بوار و لایه‌نانه بن كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگە و قه‌واره‌ی هه‌رێم جێ دەهێڵێت، واته گرنگه بۆ ئێمه‌ی كوردستانی له‌سه‌ر بنه‌مای ڕەچاوكردنی بهرژەوهندیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی خۆمان، زیاتر بایه‌خ به‌و بوار و بابه‌تانه بده‌ین كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگە و هه‌رێمی كوردستان له سه‌رجه‌م بواره‌كاندا هه‌یه، چونكه ئێرانناسی یان دیراسه‌كردنی “جیهانی ئێرانی” فراوانه و ڕەههند و بهرژەوهندیی جیاجیا له‌خۆ ده‌گرێت. بۆیه ئه‌گه‌ر وریا نه‌بن، وه‌ك ناوه‌ند و لێكۆڵیاری ستراتیجی و ئاینده‌ناسیی كوردی، دوور نییه تووشی ونبوون یان دووركه‌وتنه‌وه له ئامانجی به‌رهه‌مدار ببین، به واتایه‌كی تر: دروستكردنی هاوسه‌نگییه‌ك لەنێوان دیراسه‌كردنی بابه‌تییانه‌ی كۆمه‌ڵگە و کۆی ئێران له سه‌رجه‌م بواره‌كاندا و ده‌ستنیشان و هه‌ڵبژاردنی ئه‌و بوار و بابه‌تانه‌ی كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت به ڕەچاوكردنی بهرژەوهندیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی هه‌رێمیمان ئه‌ركێكی قورس و ئاڵۆزه، به‌ڵام ئه‌سته‌م نییه و پێویسته هه‌ڵسووڕاوان و هاوکارانی ئه‌م گۆڤاره هه‌وڵی پێویست بۆ به‌دیهێنانی بده‌ن.
به‌و هیوایه‌ی ئه‌م گۆڤاره ببێته ناوه‌ندێكی كوردستانی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م قه‌ڵه‌می ئەو كه‌سانه‌ی كه گرنگی به لێكۆڵینه‌وه یان بوارێكی تایبه‌ت به ئێرانناسی ده‌ده‌ن و خه‌می ئه‌وه‌یان لایه كه له ڕوانگه‌ی بهرژەوهندیی نیشتمانی و هه‌رێمییه‌وه خوێندنه‌وه و دیدی كوردستانیانه گه‌ڵاڵه بكه‌ن و هاوكاریی ناوه‌ند و بڕیارده‌ره كولتووری و ئابووری و دامه‌زراوه‌یی و سیاسییه‌كانمان بن بۆ ناسینی باشتری ئه‌م بواره و سه‌ره‌نجام به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیی دوولانهیهی به‌رهه‌مدار له‌سه‌ر بنه‌مای بهرژەوهندیی نیشتمانیی هه‌ردوو لاش بێتە کایەوە.
وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (١) تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢١ ساڵی یەکەم.