• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 3, 2024

داهێنانی ئێران: لە “ئێرانییەت”ەوە بۆ “فارسییەت”

 ئەحمەد محەمەدپوور

و. گەلاوێژ سۆفی

پوختە:

‘داهێنانی فیکریی ئێران’ وێنەیەکی بەهێزە کە  سەرهەڵدانی خۆی قەرزدارباری پراکتیزە ڕۆژهەڵاتگەراییەکانی شوێنەوارناسی و مێژوونووسی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم تا کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمە: پرۆژەیەکی فیکرییە کە لە ئەفسانەی تیۆری نەژادی ئاریایی، گریمانەی کۆچی ئاریاییەکان بۆ نیمچە کیشوەری هیندستان و جێگیرکردنی پێگەی دواتری نەژادی فارس وەک  تاکە بنیاتنەری ‘ڕابردووی شکۆمەندی نەتەوەیی’ ئێران سەرچاوەی گرتووە. ئەم گێڕانەوە یورۆسەنتەرییە، ‘فارسییەتی’ کردووەتە فۆرمێکی باڵای ئیتنیکی-نەژادی هاوشێوەی ڕۆڵی سپی پێستەکان لە ئەورووپا و ئەمریکا. من لەم نووسینەدا، نەک هەر لە بنەما زانستییەکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەکۆڵمەوە، بەڵکو لەوەش گرنگتر ڕوونیدەکەمەوە کە چۆن میراتی چەسپاوی لێکدانەوەی ڕۆژهەڵاتناسانەی ڕابردووی ئێران، بووەتە سەرچاوەی کاری توێژەران و دەستەبژێرانی هاوچەرخی فارس. من دەڵێم، کە بنیاتنانی مێژوویی فارسییەت وەک شوناسێکی بە ئیمتیاز، بینین و بیرکردنەوە  و زانین و ئاخاوتنی وەک فارسی کردووەتە بنەما و دۆخی سروشتی کاروبار. ئەم داهێنانە ڕەگەزیی-زمانەوانییە پشتگیری لە خوویەک دەکات کە تەنیا لە چاویلکەی فارسبوونەوە-کە بە پێناسە کەمترە لە فارسی، سەیری مێژوو و یادەوەرییەکانی گەلانی نا فارس دەکات و لێی تێدەگات.

وشە سەرەکییەکان:

ڕۆژهەڵاتناسی، ناسیۆنالیزم، ئێرانییەت، فارسییەت، خوو، جیهانی فارسی، ئەوی دیکەی ناوخۆیی

نەژاد دەرهاویشتەی مێژووی کەڵەکەبووی کۆڵۆنیالیزم… نەژاد، کۆڵۆنیالیزمێکی ئاخێوەرە Patrick Wolf, Traces of History (2016, 21)

پێشەکی

من بۆ نووسینی ئەم وتارە ئیلهامم لە ڕاپەڕینە بەردەوامەکانی ئێران وەرگرت، پاش کوشتنی ژینا/مەهسا ئەمینی، ژنێکی کورد لە تاران لە ١٦ی ڕەزبەری ٢٠٢٢ لەسەر دەستی حکومەت.

مەرگی ژینا خۆپیشاندانی گەورەی لە ئێراندا لێکەوتەوە، بە کوردستان و بەلوچستانیشەوە، دوو هەرێم کە بەرگەی ئاستێکی بەرچاو لە تووندوتیژی لەژێر دەستی دەوڵەتدا گرتووە، لە ڕیزی پێشەوەدابوون (بڕوانە Mohammadpour, 2024). زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین لە پاش کوشتنی ژینا ئەمینییەوە، وشەی ئێران-ئێرانیی هاوەڵناوی-لە هەموو کاتێک زیاتر لەلایەن ئاخێوەرانی فارسەوە١ بەکارهێنراوە: هیچ ڕۆژێک تێنەپەڕیووە بەبێ ئەوەی دەستەبژێری فارسەکان یان میدیای باڵادەست باسی ڕابردووی شکۆمەندو دێرینی ئێران و ناوازەییەکەی وەک نەتەوەیەک کە مێژوویەکی سێ هەزار ساڵەی هەیە کە پاشا کوروشی مەزن، توانی یەکەمین جاڕنامەی مافی مرۆڤ لە مێژوودا کۆبکاتەوە. هاوکات لەگەڵ وشەی ئێران، جێناوەکانی ‘ئێمە’ و ‘هی ئێمە’ لە پەیوەندی لەگەڵ کولتوور و زمان و نەتەوە و شانازی فارسی و… هتد، چەندین جار بانگەشەی بۆکراوە. ڕەنگە هیچ کاتێک نەبووبێت کە ئاڵای ئێران (ئاڵای دەوڵەتی پەهلەوی) ئەوەندەی ئێستا گەواهی ناڕەزایەتی و گردبوونەوەکان بووبێت، لە تارانەوە تا تۆرۆنتۆ و لۆس ئەنجلۆس، بە ڕێوڕەسمی نیشتمانپەروەری زارەکی و شوناسی نەتەوەیی دووپاتکراوەوە، هەمووی لەژێر ناوی ئێمەی ئێرانییەوە. لەبەرامبەردا، نا فارسی کولتوورەکانی ئێران وەک کورد و عەرەب و بەلووچ کە دەیان ساڵە لە ژێر ستەمی پێکهاتەی نەتەوەیی، ئیتنۆ ئایینی و زمانەوانی دەناڵێنن، لە گێڕانەوەی شوناسی چوونیەکی ئێرانی لەلایەن دەوڵەت و نوخبەی دەسەڵاتدارەوە بەبێ جیاوازی، پشتگوێخراون و نادیدەگیراون. ئەم ساتە وەختە، کە بەڕواڵەت ئاماژەیە بۆ خەباتێکی نەتەوەیی یەکگرتوو، دابەشبوونی لەمێژینەی لە پێناسەی نەتەوە بۆ غەیرە فارسەکان دەرخست.

گوتاری ئێمەی ئێرانی بەشێوەیەکی فراوان پشت بە چەمکی ئێران وەک خاکی ئارییەکان دەبەستێت، ئەو نەژادە دێرینە خەیاڵییەی کە بەسەرچاوەی مێژووی ئەو زمان و کولتوورە فارسییەی کە بە بنەمای شوناسی ئێرانی دادەنرێت )بڕوانە Litvak, 2017; Zia Ebrahemi, 2016). چەمکی “نەژادی ئاریایی” وەک پۆڵێنێکی کۆمەڵایەتی، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی بەتەواوی وازی لێنەهێنراوە: ئەو بۆچوونەی کە زۆربەی یان هەموو ئێرانییەکان سەر بەم نەژادە بەناو ئارییانەن- و هەربۆیەش لە ڕووی “نەژادیی”ەوە لە گەلانی سامی و تورک جیاوازن- هێشتا لەلایەن هەندێک لە زانایانەوە پەسەندکراوە، وەک ڕاسمۆس کریستیان ئێلینگ (٢٠١٣، ٢٢) ئاماژەی پێدەکات. وەک مێژوونووسانی پێداچوونەوەگەرا ئاماژەیان پێکردووە، بیری ناسیۆنالیستی ئێرانی لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دامەزراوە (بڕوانە Asgharzadeh, 2007; Matin Asghari, 2018; Vaziri, 1993; Zia-Ebrahimi, 2016). یەکەمیان ئەوەیە کە ئێران خاکی ئارییەکانە، کە ئەمەش هێڵێکی ڕەگەزی زمانەوانی لەنێوان گەلانی ئاریی و سامیدا لەخەیاڵی ناسیۆنالیستدا دەکێشێت. دووەم: سەرسامییەکی شێتانە بە ئێرانی پێش ئیسلام هەیە وەک سەردەمی زێڕین کە جەوهەری ئێرانیبوون بەرجەستە دەکات، وێنادەکرێت؛ کە زیا ئیبراهیمی (٢٠١٦، ٢) ئەمەی بە ناسیۆنالیزمی “ناسەقامگیرکەر” ناوبردووە. ئەفسانەی سەردەمی زێڕینی ئێرانی پێش ئیسلام کرۆکی ناسیۆنالیزمی ئێرانی مۆدێرن پێکدەهێنێت، کە پێیوایە سەردەمانێک حوکمڕانی خاکێکی بەرفراوانی لە خورەزمەوە تا ئانادۆڵ و عێراق کردووە و تەختی جەمشید و کورشی مەزن هێمای مەزنی و شکۆمەندییەکەی بوون. سێیەم و دواجار، ناسیۆنالیزمی فارسی پشت بە دوژمنایەتیەکی قووڵ بەرامبەر عەرەب و ئیسلام دەبەستێت. لە نووسینی نەتەوەپەرستە سەرەتاییەکانی وەک میرزا فەتحعەلی ئاخوندزادە (١٨١٢-١٨٧٨) و میرزا ئاقاخان (١٨٥٣-١٨٩٦)دا، ئیسلام وەک ئایینێکی عەرەبی سەیردەکرا کە بەشێوەیەکی سروشتی لەگەڵ بەها و شوناسی ئێرانیەکاندا ناکۆکە. بەهەمان شێوە، زمانی عەرەبی بە زمانێکی کەمتر دادەنرا کە پاش لەشکرکێشی مسوڵمانان زمانی فارسی تێکدا بوو.

ئاریانیزم بنچینەترینی ئەم سێ بنەمایەیە، “ڕەگەز”ی بایۆلۆجی لەگەڵ زمان و خاکدا ئاوێتە دەکات. بەو مانایەی کە زاراوەی ئاریایی نەک تەنیا گرووپێکی زمانەوانیی نییە بەڵکو ڕەگەزێکی جیاوازیشە کە لە خاکێکی جیاوازدا نیشتەجێیە (Sharifi, 2013, 82). ئاریانیزم بەشێوەیەکی بەرفراوان لە سەدەی نۆزدەهەمدا بەناوبانگ بوو، بەتایبەتی لەچوارچێوەی ئیتنۆلۆژیای داگیرکاریدا، تەنانەت لە سەرژمێری ساڵی ١٩٠١ی هیندستاندا کاری پێکرا. یەکێک لە بەکارهێنانە هەرە دیارەکانی ئەم زاراوەیە لەکاتی تاجەگوڵینەی ڕەزاشا لەساڵی ١٩٢٦ بوو، کاتێک فوروغی سەرۆک وەزیران ستایشی پاکی خوێنی پادشای نوێی دەکرد وتی: نەتەوەی ئێران دەزانێت کە ئەمڕۆ پادشایەکی ڕەگەز پاکی (پاکزاد)ی هەیە، و لە نەژادی ڕەسەنی ئێرانییە (ایرانی نژاد) (وەرگیراوە لە Matin-Asghari, 2020, 200). محمد ڕەزا شا پەهلەوی نازناوی ئاریامهر (ڕووناکی ئارییەکان)ی لەخۆی نابوو، کە هیج پێشینەیەکی مێژوویی لە ئێراندا نەبوو، لە ساڵی ١٩٧٣دا ڕایگەیاند:

         بەڵێ، ئێمە ڕۆژهەڵاتین، بەڵام ئاریایین. ئەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە چییە؟ چیتر ناتوانین لەوێ بین. بەڵام ئاسیا، بەڵێ. ئێمە هێزێکی ئاریایی ئاسیایین کە عەقڵییەت و فەلسەفەمان لە حکومەتەکانی ئەورووپاوە نزیکە، بەتایبەت فەرەنسا ( لە Zia-Ebrahimi, 2011, 446 وەرگیراوە). پەهلەوی، هەروەها بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە شوێنی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا “ڕووداوێکی جوگرافی” بووە (لە Zia-Ebrahimi, 2011, 446 وەرگیراوە). ئەم سروشتە “ناسەقامگیرە”ی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، ئێران لە واقیعە ئەزموونیەکەی خۆی دادەبڕێت و دەیگەڕێنێتەوە بۆ ڕابردوویەکی ئەفسانەیی و نەژادێکی جیاواز. لەناو دڵی ئەم بنیاتە ئەفسانەییەی مێژووی ئێراندا پێگەی ئیلاهییەتی زمانی فارسی وەک زمانێکی سەروو مێژوویی و سەروو هەرێمی هاوبەشی چەندین نەتەوەیە، کە کاریگەری نائارامی و ڕووخانی دەسەڵاتدارانی لەسەری نەبووە (بروانە Amanat, 2017; Dabashi, 2007; Marashi, 2008). شوناسی ئێرانی دەبوو ‘بە شێوەیەکی سەرەکی دەربڕینەکەی لە ڕێگەی زمانی فارسییەوە بدۆزێتەوە، نەک تەنها وەک ئامرازێکی تێگەیشتن، بەڵکو وەک هەڵگری سەرەکی جیهانبینی و کولتووری فارسیش’ (Yarshater, 1993, 141).

دانەپاڵی ڕۆڵی سەروومێژوویی بە زمانی فارسی لە داڕشتنی مێژووی ئێراندا، لە نێو ڕۆشنبیران و دەوڵەتمەداراندا ڕەگ و ڕیشەی پتەوی داناوە. بۆ نمونە، لە حوزەیرانی ٢٠١٧دا، شەفیعی کادکانی، شاعیری بەناوبانگ و مامۆستای ئەدەبیاتی فارسی، لێدوانێکی پڕ لە سووکایەتی سەبارەت بە زمانە نافارسەکان داو بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەو زمانانە بەشێوەیەکی سروشتی توانای بەرهەمهێنانی بەرهەمی ئەدەبی و زانستییان نییە. کادکانی بۆ بەرگریکردن لە زمانی فارسی، پەنای بردە بەر بەکارهێنانی دەربڕینی بازاڕی:” ئەم گۆرانییانە [بە بەکارهێنانی زمانە دایکییە نا فارسییەکان] کولتووری نەتەوەییمان تێکدەدەن، پاشان نەوەکەت؛ نەوەی نەوەکەت دێت و دەڵێت کە من میز بە کولتووری نەتەوەیی خۆمدا دەکەم کە کەلەپورەکەی (تەنها) چەند گۆرانییەکی ناوخۆیی و …هتد بێت” (بڕوانە Parsi-Anjoman Website, 2018).

ئەم باڵادەستییە نەژادییە پێشینەی سەدەیەکی هەیە و لە فەرمانەکەی ڕەزا شادا سەبارەت بە گۆڕینی ناوی وڵات لە وڵاتی فارسەوە بۆ ئێران دیاربوو:

لە ڕوانگەی نەژادییەوە، وەک چۆن ئێران (وڵاتی فارس) شوێنی لەدایکبوون و لانکەی نەژادی ئاریایی بووە، سروشتییە کە ئێمەش سوود لەم ناوە وەربگرین، بەتایبەتی ئەمڕۆ کە هەندێک لە وڵاتانی گەورەی جیهان بانگەشەی نەژادی ئاریایی دەکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ مەزنی نەژاد و شارستانییەتی فارسی کۆن و کاتێک هەندێک نەتەوەی دیار شانازی بە ڕەگەزی ئاریی بوونیان دەکەن (لە Ansari, 2012, 102  وەرگیراوە)

لە بیروڕام سەبارەت بە ئێرانییبوون وەک فارسبوون، من پشت بە چەمکی باریش یونلو (٢، ٢٠١٦)سەبارەت بە چەمکی ‘گرێبەستی تورکبوون’ دەبەستم، کە ئەو وەک ‘ پەیوەندییەکی نموونەیی بەڵام زۆر جار دانپێدانەنراو لە نێوان پێگەی ئیتنی تاکەکانی تورک و ئەو ڕێگایانەی کە دەیانبینن و دەبیستن و هەستیان پێدەکەن و دەزانن- هەروەها نابینن و نەبیستن و هەستناکەن و نازانن’. بە پەڕەوکردنی شوێنپێی ئونلو (٢٠١٦؛ ٢٠٢٣) فارسییەت وەک شێوازێکی ڕەگەزی زمانەوانی لەجیهاندا پێناسە دەکەم کە لە فۆرم و چوارچێوەی جۆراوجۆردا خۆی دەنوێنێت، لە کارلێک و پراکتیکەکانی ڕۆژانەوە تا دەگاتە ئەدای دامەزراوەیی و پێکهاتەیی شوناس. لەماوەی سەدەیەکدا، هەوڵێکی هاوبەش لەلایەن دەوڵەت و دەستەبژێرانەوە بۆ سەپاندنی فارسبوون وەک ‘شوناسی لەپێشینە” بەسەر نا فارسەکاندا بەشێوەیەکی سروشتی لە ئێراندا هەبووە. ئەمەش فۆرمێکی بۆردۆیی لە ‘خوو’ یان ‘هەبیتۆس’ هێناوەتەبوون – کە بریتییە لە ڕەنگڕشتن یان پێکهاتەی تێگەیشتن، چەمک و کردار” ی مەعریفی (Bourdieu, 2002, 27). بەم مانایە شوناسی ئێرانی لە هەستی سەربەخۆیی تێپەڕیوە و بووە بە شێوازێکی ئیمتیازدار لە وجود، هاوشێوەی سپی پێستبوون لە کولتووری ڕۆژئاوادا.

سەرەتا بەتێڕوانینێکی گشتی لە بنیاتی مێژوویی فارسییەت لەڕێگەی هاوێنەی یورۆسەنتەریزم و ڕۆژهەلاتناسی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا دەست پێدەکەم. دواتر شیکاری ئەوە دەکەم کە چۆن ناسیۆنالیستە ئێرانییەکان بە سڕینەوەی جیاوازییە ئیتنۆئایینیی و زمانەوانییەکانی ئێران، ڕۆژهەڵاتێکی ناوخۆییان خولقاند. بەشی سێیەم باس لەوە دەکات کە چۆن مێژوونووسان و دەستەبژێرە ناسیۆنالیستەکانی ئێران، بە کەڵک وەرگرتن لە چەمکی ‘جیهانی فارسی’، هەوڵدەدەن سنوورە جیۆ کولتوورییەکانی فارسبوون لە دەرەوەی ئێران درێژ بکەنەوە و وێنای پرۆژەیەکی ناسیۆنالیستی فارس-سەنتەری لە کیشوەری گەورەی ئاسیادا بکەن. لە کۆتاییدا ئەوە نیشاندەدەم کە بەشێکی زۆری زانستی هاوچەرخ لەسەر ئێران لە ناوەڕۆکدا بە ئاریایی دەمێنێتەوە و بەو هۆیەوە چالاکانە بەشداری سیاسەتی دەوڵەت لە سڕینەوە و نکوڵی لە مێژوو و یادەوەری گەلانی غەیرە فارسدا دەکات (Mohammadpour & Soleimani, 2022).

شوێنەوارناسی ڕەگەزی زمانەوانی فارسییەت

شوێنەوارناسی ڕەگەزی زمانەوانی فارسییەت لە نووسینەکانی مێژوونووسە ناسیۆنالیستەکانەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەسەردەمی کۆتاییەکانی قاجار و پەهلەویدا لە ڕووی فیکرییەوە کەوتبوونە ژێر کاریگەری ئایدۆلۆژیای ئاریایی. لەکاتێکدا نەوەی یەکەمی ناسیۆنالیستە ئێرانییەکان ڕاستەوخۆ ئیلهامیان لە ڕۆژهەڵاتناسە ئەورووپییەکانەوە وەردەگرت، نەوەی دووەم کە لەسەردەمی پەهلەویدا سەریانهەڵدا، بەشێوەیەکی سەرەکی ئیلهامیان لە بڵاوکراوەکانی پێشینانیان وەردەگرت. یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکان ئەبولحسێن زەڕینکوبە، کە لە دوو قرن سوکوت (دوو سەدە بێدەنگی)دا، گێڕانەوەیەکی ڕەگەزی-شارستانی سەبارەت بە باڵادەستی ئێرانی بەسەر عەرەبە نەزان و دواکەوتووەکاندا خستەڕوو (بڕوانە Alizadeh, 2021, 26). زەڕینکوب (١٩٥٧، ٩٣) عەرەبی بە “شەیتانە برسی و ڕووتەکان وەسفکرد کە لە بیابانە ڕووتەنە مەزنەکانەوە هاتوون، کە زمانەکەیان لە لمی سووتاوی بیابان و وشکتر و بێبەرهەم ترە”. ئەم گوتارە زمانەوانییە ڕەگەزپەرستیە لەلایەن دەوڵەتی پەهلەوییەوە وەرگیرا و پەسەندکرا، و دواتر لەڕێگەی کاری ڕۆشنبیران و مێژوونووسانی لایەنگری دەوڵەتەوە وەک حەسەن پێرنیا (١٨٧١-١٩٣٥)، عەباس ئیقبال ئاشتینای (١٨٩٦-١٩٥٦) و ئەحمەد کەسراوی (١٨٩٠) بڵاوبووە کە ڕاسپێردرابوون وەشانێکی ستانداردی مێژوویی ئێران بەرهەمبهێنن. پەرتووکی خوێندنی ڕاسپێردراوی پێرنیا بەناوی مێژووی ئێرانی کۆن بەشێکی لەخۆگرتبوو بە ناوی “ڕەگەز-ڕەگەزی سپی پێست- گەلی هیندۆ-ئەورووپی”، کە بە ڕێنمایی “زانستی ڕەگەز”- واتە زانستی جیاکردنەوەی ڕەگەزەکان، فۆرم و سیفەتەکانی ئەو کەسانەی سەر بەوانن”. کارەکانی لاسایی کراونەتەوە و بوونەتە مۆدێلێک بۆ پەرتووکەکانی خوێندن لەسەرەتای سەردەمی پەهلەوی و ڕێڕەوی گشتی مێژوونووسی (Zia-Ebrahimi, 1016, 157). لەسەدەی نۆزدەدا، جوگرافیای سیاسی گۆڕاو/خاکی نەتەوە بەگشتی بە ‘ممالک ماهروسیە ایران’ یان خاکە پارێزراوەکان ناودەبرا (Matin Asgari, 2018; 2020). هەروەک وەزیری (١٩٩٣، ٦٨) جەختی لەسەر دەکاتەوە، لە سەدەی حەوتەمەوە تا پانزەهەم، تەختی ئێران لەژێر سایەی دەسەڵاتێکی یەکگرتوو یان یەک بنەماڵەدا نەبووە. ئەم نەبوونی یەکگرتووییە سیاسییە لە تۆماری گەشتیارانی ڕۆژئاوایی وەک مارکۆ پۆلۆی ڤینیسی تێبینی دەکرێت، کەبەو شوێنەدا تێپەڕی کە بەوڵاتی فارس ناوی بردووە لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٣دا (بەبێ ئەوەی ناوی ئێران بێنێت). پۆلۆ لە تێبینیەکانیدا ئاماژە بە بوونی هەشت شانشینی جیاواز دەکات لە وڵاتی فارسدا، کە هەر یەکەیان لەژێر ناوێکی جیاوازدا حوکمرانی دەکرێن. ئەم ناڕوونییە لە کایەی شیعر و ئەدەبدا زیاتر دەردەکەوێت، کە لەلایەن ناسیۆنالیستەکانەوە بۆ دروستکردنی شوناسێکی یەکگرتووی “ئێرانی” تەرخانکراوە. ئێران لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا بە کودەتاکەی ڕەزا خان لە ساڵی ١٩٢١ وەک دەوڵەتێکی مۆدێرن و شوناسێکی فەرمی سەریهەڵدا، کە بووە هۆی دامەزراندنی شانشینی پەهلەوی لە ساڵی ١٩٢٥. لەگەڵ ئەوەشدا، بنچینەکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی زیاتر لە دواوەیە و بۆ کۆتاییەکانی سەردەمی قاجاری دەگەڕێتەوە. قاجار وەک دەڵەتێکی بنەماڵەیی هیچ دامەزراوەیەکی ناوەند یان ڕەگەزنامەیەکی یەکگرتوویان نەبوو (بڕوانە Khazeni, 2009; Matin-Asgari, 2020). جگە لەوەش، ئێران وەک سەدەی ١٨ یەک مێژووی نەتەوەیی نەبووە. لەبری ئەوە مێژووی جۆراوجۆر لەسەر تەختی ئێران پێکەوە بوون، وەک پاشاکانی عەجەم کە مێژوویان تێکەڵ بە ئەفسانە کردووە و مێژووی ئیسلامی کە مێژووی تەختەکە و مێژووی جیهانی داپۆشیوە (Zia-Ebrahimi, 2016). لەلاپەرەکانی سەرەتای تاریخ و فرهەنگ (مێژوو و کولتوور)دا، لەژێر سەردێڕی ‘گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ کۆکردنەوەی ماددە بۆ نووسینی مێژووی ئێران”، مێژوونووسی بەناوبانگی ناسیۆنالیست موجتەبا مینۆڤی (١٩٤٦، ١٤-١٥) دەنووسێت:

ئێمە لەگەڵ چەندین پرسدا دەست و پەنجە نەرم دەکەین، کە پێویستە پێش پلانی نووسینی مێژوو چارەسەربکرێن. یەکەم: مەبەستمان لە زاراوەی ئێران چییە؟ سنووری جوگرافیای ئەو قەڵمڕەوییەی ئێمە پێی دەڵێین ئێران کامەیە؟ ئێمە خاک و هەرێمەکانی حوکمڕانی هەخامەنشینی و ئەشکانی و ساسانی و غەزنەوی و سەلجوق و مەغۆل و سەفەوی و قاجار هەموو بە ئێران ناودەبەین، بەڵام وەک یەک نین. دووەم- داستانی کام بنەماڵەی فەرمانڕەوا و پاشا بگێڕدرێتەوە؟ … سێیەم- دەبێت چۆن ڕیزبەندی مێژوویی و مێژووی ڕووداوەکان بخەینە ناو مەودا و پانتایی ئەو خاکەی کە تێیدا ڕوویانداوە؟ سەردەمی وا هەبووە کە ٢٠ شا و یاخیبوو لە یەک کاتدا لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو خاکەدا شەڕیان دەکرد کە ئێستا بە ئێران ناسراون… ئەو هەژمارە مێژووییەی [ئێرانی نوێ] کە ئەمڕۆ ئەرکی داڕشتنیمان پێ سپێردراوە، بەگوێرەی فەرمانی جەنابی خاوەنشکۆ، دەبێت وەک پێکهاتەیەکی جەوهەری لە مێژووی جیهان دابڕێژرێت و هاوتەریب بێت لەگەڵ چوارچێوە و ئەجێندای نوێی ئیمپراتۆری.

چەمکی ڕەگەزی ئاریایی بەشێوەیەکی بەرچاو لە دەقە بەهەمهێنراوەکانی سەدەی نۆزدەدا نەبوو، بەڵکو بۆ یەکەمجار لە نووسینەکانی میرزا ئاقاخان کرمانی (١٨٥٣-١٨٩٦)دا دەرکەوت، کە لە دەقەکانی ڕۆژهەڵاتناسانەوە وەریگرتبوو (Zia-Ebrahimi, 2014, 1048). بەهەمان شێوە، ئاخاوتن لەسەر هاتنی ئیسلام وەک لەشکرکێشی عەرەبەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەدەبیاتی ئێراندا لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە، بەتایبەتی لە نووسینەکانی ئاخونزادە و کرمانیدا بەدیدەکرێت. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە لەم قۆناغە گرنگەی گۆڕانکاریدا چی ڕوویداوە، مێژوونووسانی پێداچوونەوەخواز ئاماژەیان بە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی زەبربەخشی ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوا لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا کردووە (بڕوانە Asgharzadeh, 2007; Matin-Asghari, 2018; Sohrabi, 2011; Zia-Ebrahimi, 2016).  ئەم ڕووبەڕوو بوونەوەیە بە دەستێوەردانی سەربازی و سیاسی ئەورووپی تایبەتمەند بوو، لە کاتێکدا بەشێوەیەکی سەرەکی ئەوە دەستێوەردانی سەربازی/سیاسی ڕووسیا بوو کە پێشهاتەکانی دواتری لە قاڵب دا (Ansari, 2016; Matthee & Andreeva, 2018; Richard, 2019). پەیوەندی ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوا بۆ سەردەمی سەفەوی لە سەدەی ١٧دا دەگەڕێتەوە، کاتێک بازرگان و سەرکێش و موژدەدەرەکان دەڕۆشتن بۆ ئەسفەهانی پایتەختی ئیمپراتۆریەت. ئەم پەیوەندییە تا دوو شەڕی یەکەمی ڕووسیا-ئێران لە سەدەی نۆزدەهەمدا وەستا، کە لە ئەنجامدا ئێران دەستی لە بەشێکی فراوانی خاکەکەی هەڵگرت بۆ ڕووسیا، بەتایبەت بەپێی پەیماننامەکانی گولستان (١٨١٣) و تورکمانچای (١٨٢٨). دەستەبژێرانی قاجار کە نەیانتوانی لەگەڵ ئەم شکستانەدا خۆیان بگونجێنن، بە پرۆسەیەکی ئازار بەخشی پرسیارکردن لە خوددا تێپەڕین، کە بە بزووتنەوەی مۆدێرنیتەی ئێرانی ناودەبرێت. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، تەوژمێکی فیکری پەراوێزخراو سەریهەڵدا، کە لەلایەن ئاخوندزادە و کرمانییەوە سەرپەرشتی دەکرا، بە پێچەوانەی مۆدێرنیستە ئێرانییەکانی وەک مولکەم خان (١٨٣٤-١٩٠٨) کە ڕۆژنامەی قانوونیان لە ساڵی ١٨٩٠ بڵاودەکردەوە (بڕوانە Algar, 1973) وە مستەشار الدولە (١٨٧١) کە یەک وشە ( بەفارسی، ‘یک کلمە’ کە مەبەستی ‘یاسا’ بوو نووسیبو. لایەنگرانی مۆدێرنیتە ویستیان لەسەر ئەوە بوو کە پردێکی سەربازی و سیاسی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ڕووسیا و ئەورووپا دروستبکەن لەڕێی یاساوە، بەڵام تەیاری پەراوێز دەستیکرد بە داڕشتنی ئایدۆلۆژیایەکی ڕەگەزی زمانەوانی کە پێشنیاری پێچەوانەکردنەوەی کاریگەری ڕووداوە مێژووییەکان و لەناوبردنی ئەو توخمانەی دەکرد کە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بە میراتی عەرەب و مەغۆل و گەلانی دیکەوە پەیوەست بوون.

ئێران و ئەزموونی ڕۆژهەڵاتناسی

ڕۆژهەڵاتناسانی ئەورووپی بە بەستنەوەی ئەدەبیاتی فارسی بە نەریتە نەتەوەییەکانەوە، بۆ داڕشتنی گێرانەوەیەکی مێژوویی گونجاو، “پەیوەندی دەسەڵاتی پشتاوپشت”یان بۆ ناسیۆنالیستە سەرەتاییەکانی ئێران دابینکرد (Vaziri, 1993, 131) . ئەم ناسیۆنالیستانەی ئێڕان لەژێر کاریگەری ڕۆژهەڵاتناسانی وەک ئێدوارد براون، ئارسەر دو گۆبینۆ، ئێرنست ڕێنان، ئێداورد گیبۆن، مۆنستکیۆ و جۆزێف مارکوارت دا، لەناکاو لەنێوان ساڵانی ١٨٥٠ بۆ ١٩٠٦ بۆیان دەرکەوت کە ڕابردوویەکی شکۆداریان هەبووە، نەمانی ئەو شکۆمەندییەی ڕابردووش دەکرێ بەهۆی هاتنی ئیسلامەوە بووبێت. تایبەتمەندیی زانستی ڕۆژهەڵاتناسی لەو سەردەمەدا دوژمنایەتی بەربڵاوی عەرەبەکان بوو. ئیسلامۆفۆبیای ڕەگداکوتاوی ڕۆژهەڵاتناسان وایلێکردن پێیان وابێت کە سەردەمی پێش ئیسلام دەبێ سەردەمی شکۆمەندی بووبێت. ئەمە لە ستایشی مۆنتیسکیۆدا سەبارەت بە ئایینی زەردەشتی  سەرەڕای کەمی شارەزاییەکەی لەو بارەوە دەردەکەوێت. مۆنتیسکیۆ ‘ئاڤێستا’ کە کتێبی پیرۆزی ئایینی زەردەشتییە، نەخوێندبووەوە، کە وەرگێڕانە فەرەنسییەکەی ئەنکیتێل دوپەرۆن تا کۆتایی سەدەی هەژدەهەم بەردەست نەبوو. زۆرێک لە ڕۆژهەڵاتناسانی ئەورووپی کە پێشتر بە ئایینی زەردەشتی سەرسام بوون، کاردانەوەی نەرێنییان بەرامبەر بە وەرگێڕانەکە هەبوو، چونکە تەحەددای گریمانەکانیانی دەکرد لەسەر ئەم ئایینە دێرینە (بڕوانە Zia-Ebrahimi, 2016). نیگاری ئێران لە نامە فارسییەکاندا (١٧٢١) لەلایەن مۆنتیسکۆوە لە سەرچاوەی ڕاست و درووستەوە نەبوو، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەو کڵێشە و لایەنگیرییە کوێرانەیەی بوو کە ڕەنگدانەوەی پێشبینییە کولتوورییەکانی خۆی بوو. نامە فارسییەکان کارێکی ئەدەبی تەنزئامێز و زیرەکانەیە کە باس لە ئەزموونی پێکەنیناوی و ڕۆشنگەری دوو ئاغای خەیاڵی فارسی، ئوزبەک و ڕیکا دەکات، کە چەندین ساڵیان لە ژێر دەسەڵاتی لویسی چواردەهەم و ڕاسپێردراوی تەختی پاشایەتی فەرەنسادا بەسەربردووە.

ئێداورد گیبۆن (١٧٧٦-١٧٨٩) لە کتێبی (لاوازبوون و داڕمانی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆم ا)دا، شوێنەوارە دێرینەکانی پێش مەسیحییەتی لە ئەورووپا وەک سەردەمی شارستانییەتەکانی ڕۆم  و یۆنانی بە سەردەمی دەستکەوتە زانستی و هونەرییە سەرنجڕاکێشەکان دیاریکرد. کرمانی بەهەمان شێوە ئەم لێكدانەوە ڕۆمانتیکییەی مێژووی ئەورووپای بۆ مێژووی ئێران بەکارهێنا و پێیوابوو کە شێوازێکی هاوشێوە لە ئێراندا بوونی هەیە: ئەو پێیوابوو کە دەبێت سەردەمێکی شکۆدار پێش هاتنی ئیسلام هەبووبێت (Siavoshi, 2014, 256). گۆبینۆ بە ئیلهام وەرگرتن لە گیبۆن، هۆکاری شکستی فارسی بۆ مەقدۆنییەکان گەڕاندەوە بەهۆی تێکەڵبوونی ڕەگەزی فارسەکان لەگەڵ خەڵکی سامی کە بە ڕواڵەت کەمتەرخەم بوون. گۆبینۆ (١٨٥٥-[١٩٦٧]) لە وتارە کاریگەرەکەیدا لەسەر نایەکسانی ڕەگەزەکانی مرۆڤ، مرۆڤایەتی بەسەر سێ ڕەگەزدا دابەشکردووە: سپی و ڕەش و زەرد. گۆبینۆ بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ڕەگەزی سپی پێست شارستانیترین و داهێنەرترینە و لقە ئاریاییەکەی سەرچاوەی هەموو کولتوور و شارستانییەتەکان بووە. لەم نێوەندەدا ڕەگەزی ڕەشپێست لە ڕووی جەستەییەوە بەهێز بوو بەڵام لەڕووی فیکریەوە ئایەخە، ڕەگەزی زەردیش مامناوەند و چەقبەستووە. گۆبینۆ بە بەکارهێنانی بیردۆزەکەی بۆ پاساودان بە کۆلۆنیالیزم و کۆیلایەتی و ئەرستۆکراسی، کاریگەری لەسەر بزووتنەوە ناسیۆنالیستیەکان لە ئەورووپا و ئەمریکا کرد، لەوانە نازیزم و باڵادەستی سپی پێستەکان. گۆبینۆ سەرسام بوو بە ئێران، کە وەک دیپلۆماتکارێک لە ساڵانی ١٨٥٥-١٨٥٨ و ١٨٦٢-١٨٦٣ سەردانی کردبوو. گۆبینۆ ئاماژە بە ئێرانییەکان دەکات وەک نمونەیەکی ڕوون لە نەنگی و لەناوچوونی ڕەگەزیی بەهۆی تێکەڵبوونیان لەگەڵ ڕەگەزەکانی تر. پۆڵێنکردنە ڕەگەزییەکەی لەناو ناسیۆنالیستە ئێرانییەکاندا دەنگی دایەوە. بۆنمونە، حسێن کازمزادە ئێرانشار داکۆکی لە سەروەری و پاکی خوێنی ئێرانی دەکرد، لە کاتێکدا مەحمود ئەفشار (١٩٢٥، ٥) داکۆکی لە زیندووکردنەوە و پاراستنی زمان و کولتووری فارسی دەکرد وەک “کۆڵەکەی یەکێتی نەتەوەیی” و عەلی شەریعەتی (١٩٨٢-٤٢) جیاوازییەکی توندی لەنێوان ڕەگەزی ئاریی و سامیدا دەکرد.

دەتوانرێت دەربڕینی ئاگرینی دژە ڕەگەزپەرستی عەرەبی لە نووسینەکانی ئێرنست ڕێنان (١٨٨٢[٢٠١٨])دا ببینرێت، کە ئایینی بە ڕەگەزەوە دەبەستەوە و لەوەش گرنگتر پۆڵێنکردنی ڕەگەزی ئایینی ناساند. بەبڕوای ڕێنان ئیسلام و جو ئایینی سامین، پۆڵێنێک کە لە توێژینەوە لە زمانە سامییەکان وەریگرتبوو. بەڵام، ئایینی بابی لە جیهانی ئیسلامیی جیاکردەوە و بە ئاریایی لە قەڵەمیدا. ڕۆڵی سەرەکی ڕێنان لە ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا دەتوانرێت لە یەک دەستەواژەدا کورت بکرێتەوە: دژە جولەکەگەرایی (بەوهۆیەشەوە دژە ئیسلامگەرایی). بە وەسفکردنی لەشکرکێشی عەرەب بۆسەر ئێران وەک حاڵەتێکی تێکەڵی ڕەگەزی بە ڕەگەزی ئاریی بوون، ئاخوندزادە و کرمانی چارەسەریان بۆ لاوازی ئێران بریتی بوو لە بە شەیتانیکردن و سڕینەوەی میراتی ئیسلام و نەتەوەکانی دیکەی وەک مەغۆل و تورکەکان. زمان بوو بە کاری لە پێشینەیان، چونکە زۆربەی وشە فارسییەکان سەرچاوەی عەرەبییان هەیە. بۆیە پاککردنەوەی زمان وەک ستراتیژێکی یوجینی کولتووری دەبینرا، بە گریمانەی ئەوەی کە ئێران بە دڵنیاییەوە شکۆی ڕابردووی پێش ئیسلامی بۆ دەگەڕێتەوە پاش ئەوەی ئەم ستراتیژە بەدیهات.

لەو ماوەیەدا، بەناو پەیوەندییەک لەنێوان زمانە ئەورووپی و ڕۆژهەڵاتییەکاندا، بەتایبەتی سانسکریت، لەلایەن سیر ولیام جۆنز (١٧٨٦[٢٠١٣]) لەسەر بنەما و پەرەسەندنی زمانە هیندۆ-ئەورووپییەکان دامەزرا. تیۆری جۆنز سەبارەت بە نزیکی زمانە ئەورووپییەکان و سانسکریت ئیلهامبەخش بوو بۆ مێژوونووسانی ئەڵمانی بۆ دامەزراندنی پەیوەندی جەوهەری نێوان زمان و ڕەگەز. زمانی فارسی وەک لقێک لە خێزانی زمانی هیندۆ-ئەورووپی پۆڵێنکرا. جۆزێف مارکوارت (١٩٢٢) زمانناسێکی ئەڵمانی بوو، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە تیشک خستنە سەر پەرەسەندنی بیردۆزی ڕەگەزیی زمان. مارکوارت لە وتارێکدا بە ناوی “ئێرانشار”، بۆ وەسفکردنی خۆی وشەی اندرزبود بەکاردەهێنێت کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد هاوتای ‘پرۆفیسۆر’ بووە لەسەردەمی شانشینی ساسانیدا. مارکوارت سنووری جوگرافیای ئێرانشارێکی خەیاڵی لە خوارزمەوە بۆ دیاربەکر کێشا، خاکێک کە زمانی فارسی تێیدا یان زمانی فەرمی یان زمانی بازرگانی بوو. ئەو زمانە ڕەسەنەکانی ئەم ناوچانەی بە شێوەزاری زمانە ئێرانیەکان دەزانی.

لە کۆتاییدا، گێڕانەوەی ئێدوارد براون (١٩١٠) دەربارەی بزووتنەوەی دەستووری وەک دوبارە لە دایکبوونەوەی “نەتەوەی” ئێرانی کۆن بووەتە “گێڕانەوەی سەرەکی” لە گوتاری ناسیۆنالیستی زاڵی ئێراندا (بڕوانە Matin Asghari, 2019). قسەکانی ئەو دەربارەی سازگاری ئیسلام لەگەڵ ناسیۆنالیزم، بەتایبەت ڕابەرایەتی ئایینی شیعە، لەم بزووتنەوەیەدا زیادەڕۆییە. براون (١٩٥٩) لە مێژووی ئەدەبیاتی وڵاتی ئێراندا هاوسۆزی ئیسلام و عەرەب بوو، بەڵام ئەو (١٨٩٣) پێشتر تۆمەتبار کرابوو بە چەشنە چەقبەستوو و ڕەگەزپەرستییەکان،وەسفکردنی عەرەبەکان بە “مارمێلکەخۆر” و وێناکردنی تورکە ئازەربایجانییەکان بە “بێزارکەر و میزاجی و گەمژە” (وەرگیراوە لە Alizadeh, 2021, 33). ئەو مێژووی ئەدەبیاتی فارسی بۆ ئیمپراتۆرییەتەکانی ماد و هەخامەنشینی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت کە “کولتوور و شارستانیەت”ی وڵاتی فارس لە ئارییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە. بەبڕوای براون ئیمپراتۆریەتە عەرەبیە مسوڵمانەکان پێکهاتەی سیاسی و بیرۆکراتی دەستەبژێرانی فارسیان قبووڵکردووە یان بۆیان ماوەتەوە بەتایبەت ئیمپراتۆرییەتی ساسانی. سەرەڕای ئەوەش، سیستمی بەڕێوەبردنی ئیمپراتۆریەتی عەباسی لەسەر بنەمای دانایی فارسەکان بوو. براون هەوڵیدا پەیوەندییەکی ئەخلاقی و فیکری و بنەماڵەیی لەنێوان شیعەگەری و فارسەکاندا دروستبکات بەو پێیەی کە ‘فارسەکان’ پشتگیری لە عەلی و لقی شیعەی ئیسلام دەکەن چونکە حسێن کوڕی عەلی، ئیمامی سێیەمی شیعە، هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی دوا پاشای ساسانی کردووە(Alizadeh, 2021, 34)بانگەشەیەک هاوشێوەی بانگەشەکەی کازمزادە ئێرانشار.

لەدایکبوونی ئەویتری ناوخۆیی

لەکۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا، تیۆرە کولتوورییە ڕەگەزپەرستییەکان وردە وردە لەڕێگەی نووسینەکانی میرزا فەتحعەلی ئاخوندزادە و میرزا ئاقاخان کرمانییەوە هاتنە ناو ئێرانی قاجارەوە. ئەم نووسەرانە بۆچوونی ڕەگەزپەرستی و سوکایەتی پێکەریان دەربارەی عەرەب و جولەکە و تورک و مەغۆل و تەنانەت ئەمریکییە ئەفریقییەکان و ئەمریکییە ڕەسەنەکان هەبوو.

 میرزا فەتحعەلی ئاخوندزادە تورک زمانی قەیسەری بوو کە زۆربەی ژیانی لە قەوقاز بەسەربرد، کە بەو دواییانە لەلایەن ڕووسیاوە داگیرکرا. وەک وەرگێڕێکی فەرمی بۆ ڕووسەکان کاریدەکرد و تەنیا دوو جار سەردانی ئێرانی کردووە. بەرچاوترین بەرهەمی ئاخوندزادە، مکتوب کمال الدولە (نامە لە کەمال لدولە بۆ جلال الدولە؛ ١٨٦٥[٢٠١٦])، چیرۆکێکی خەیاڵی گفتوگۆ ئامێزە لەنێوان کەمال، هیندییەک کە نوێنەرایەتی ئاخوندزادە دەکات و جەلال، ئێرانییەک کە قسە بۆ ئامادەبووانی ئاخوندزادە دەکات. کەمال شیوەنی لەدەستدانی بەهەشتەکەی ئێرانی پێش داگیرکاری عەرەبە موسڵمانەکان دەکات و هۆکاری لەناوچوونەکەشی بۆ “عەرەبە بەربەریی و ڕووت و مارمێلکەخۆر و پێ پەتییەکان” دەگەڕێنێتەوە (Akhundzadeh, 1865[2016], 21). ئاخوندزادە لەم کتێبەدا حوکمی زۆروزەوەندی شانشینی فارس نیشاندەدات، کە فەرمانڕەوایی خاکە فراوانەکانی دەکرد کە لە خوارزمەوە تا ئەنادۆڵ و عێراق درێژدەبێتەوە، هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی شارستانی و کەش و هەوای خۆش و نەژادی پاکی ئێران و پاشای دادپەروەر و گەلی بەختەوەر و کشتوکاڵی گەشەسەندوو، ژنانیش کە ڕێزلێنراو بوون و نەکرابوونە کۆیلە لەلایەن عەرەبەکانەوە. تەوەرە سەرەکییەکانی ئاخوندزادە کاریگەرییەکی زۆری نووسینەکانی ڕێنانی لەسەر بوو (Marashi, 2008, 69)، لە بەشەیتانیکردنی عەرەب و وەلانانی کولتوورە جۆراوجۆرەکانی ئێرانی پێش و پاش ئیسلامدا خۆی دەبینییەوە، ئەو شوناسی ئێرانی لە یەک کاتدا وەک زمان و ڕەگەز و ڕۆحێکی ناوازە وەسفدەکات. ئاخوندزادە کە بە بەرنامەی مۆدێرنیتەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی (تەنزیمات) سەرسام بوو، پێشنیاری چاکسازی لە ئەلف و بێی فارسیدا کرد، کە بەتایبەتی لەلایەن میرزا مەلکوم خان (١٨٣٤-١٩٠٨) ڕووبەڕووی دژایەتی بووەوە. ئاخوندزادە بە نۆستالیژیکییەوە دەنووسێت: ‘چی بەسەر ئەو شکۆمەندی و خۆشگوزەرانییەی ئێوە [ئێران]دا هات لە سەردەمی جەمشید و گشتاسب و نوشیروان و خوسرەودا چێژتان لێوەردەگرت؟ ئەو ئێرانی پێش ئیسلامی بە سەردەمی زێڕین وەسفدەکرد کە تێیدا خەڵک ئازاد و شکۆداربوون، حوکمڕانی پاشا میهرەبانەکان ڕێگری لە هەژاری دەکرد و هەمووان دەستیان بە  چاودێری تەندروستی خۆڕایی دەگەشت. میرزا ئاقاخان کرمانی ڕۆمانسیزمی ئاخوندزادەی بۆ ئاریانیزم گۆڕی. ئەو یەکەم کەس بوو لە نووسینەکانیدا زاراوەی ‘نەژادی ئاریایی’ بەکارهێنا. کرمانی لەبەکارهێنانی سەرەتایی زاراوەکەدا، بە فارسی “ئاریانا’ی  نووسیوە، کە وەرگێڕانی ‘ئاریانی’ فەرەنسییە. ئەو تەنانەت زاراوە فەرەنسییەکەی کردووەتە نێو کەوانە، کە بەڕوونی ئاماژەیە بۆ سەرچاوەی بیرۆکەکە. کرمانی (٢٠٠٥، ١٢٢) لە کتێبی (سێ پیت)دا، بەدوای ئاواز و پەخشانی ئاخوندزادە دەکەوێت، باسی حوکمڕانی پاشاکانی فارس (فرس،[واتا فارسەکان]) دەکات و وێنەیەکی شاهانە و ئەرستۆکراتیانەی پیاوان و ژنانی ئێرانی دەکێشێت: کرمانی دەڵێت ژنان چارەسەریان وەردەگرت، لە نەخۆشخانە تایبەتەکاندا چاودێری تایبەتیان لە ستافی مێینەوە  وەردەگرت، لەکاتێکدا پیاوان بەجیا چاودێری دەکران. کرمانی بە داخە بۆ ئەوەی کە ژنە نەجیبزادەکانی فارس کەوتوونەتە بەر هێرشی عەرەبە ‘دڕندەکان’ەوە. هەرئەم وێناکردنەی ژن لە ئێرانی کۆندا وەک قوربانی دەستی عەرەب بوو کە دواتر سیاسەتی پەهلەوی بۆ نەپۆشینی حیجاب پێناسەکرد. کرمانی (٢٠٠٥، ١٢٣) شەهربانوو کچی پاشا وەک نمونە دەهێنێتەوە کە هێنراوە بۆ مزگەوت و مەزاتکراوە. ئەو داوا لە ئێرانییەکان دەکات کە دژی ئەم سووکایەتییە بووەستنەوە کە لەلایەن عەرەبەکانەوە بەسەریاندا سەپێنراوە (Kermani, 2005, 124-125).

کرمانی (١٩٢٧[٢٠٠٦]، ٢)  لە سەد خەتابەدا (سەد وتار، کۆکراوەی تەنیا ٤٢ وتار)، دەڵێت کە چەندین پێشکەوتنی هاوچەرخی ئەورووپی هەن کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر لە ئێران بوونیان هەبووە. بۆ نمونە ئاماژە بەوە دەکات کە ‘پۆشاک و پانتۆل، کە هێمای شارستانییەتن لە ئەورووپا، لەماوەی چوار هەزار ساڵی یەکەمدا لە ئێراندا هەبوون’. جگە لەوەش، “ئەو تۆپانەی کە لە قوتابخانە پیشەسازییەکانی پاریسەوە بەرهەمدەهێنران، لە دەرباری کیانیدەکان [شانشینی ئەفسانەیی]دا لە باشترین دۆخدا بوونیان هەبووە. کرمانی دەڵێت: “زمانی فارسی بەڵگەی سارستانییەتی کۆنە، کە وەک شایەتییەکی ڕاستەقینەیە بۆ شارستانییەتی ئەم نەتەوەیە. بەڵام بەشێکی بەرچاوی سەد خەتابە تەرخانکراوە بۆ ناوزڕاندنی عەرەبەکان. لە وانەی ژمارە ٢٨ (ڕەفتاری ئێرانی و عەرەبەکان)، کرمانی وتەیەکی “فەیلەسوفە ڕۆژئاواییەکان” بەکاردەهێنێت بۆ سەلماندنی ڕەگەزە کولتوورییە جۆراوجۆرەکانی نێوان ئێرانی و تازییەکان، زاراوەیەکی بێڕێزیکردنە هەندێک لە ناسیۆنالیستە فارسەکان بۆ وەسفکردنی ‘عەرەبەکان’ بەکاریانهێناوە. کرمانی عەرەبەکان بەم شێوەیە وەسفدەکات کە ‘نەتەوەیەکن چەندین ناوی سوکایەتیپێکەر و نازناو و ناتۆرەیان بۆ ئەندامی زاوزێی پیاو هەیە لەکاتێکدا ڕۆحی مرۆڤ وەک بەشێک لەو ئەندامە دەزانن’. ئەو، عەرەب وەک مرۆڤی نزمتر وەسفدەکات کە “مارمێلکەی مردوو و مشک دەخۆن، پێستی نیوەکاڵی وشتر دەجوون و گۆشتی گامێشی بە خۆر وشککراوە و تەنانەت خراپ بووش، بە خواردنێکی خۆش دەزانن.(Kermani, 2006, 176).

ئاخوندزادە و کرمانی لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا بەسەرهەڵدانی ‘بازنەی بەرلین’ لە ئەڵمانیا، جارێکی دیکە بەناوبانگ بوون (بڕوانە Marashi, 2008, 89). پارتی سۆسیال دیموکرات بانگهێشتی حەسەن تەقیزادەی کرد بۆ بەرلین بەمەبەستی پاڵپشتی کردنی حکومەتی ئەڵمانیا لە شەڕی دژ بە ئیمپریالیزمی ڕووسیا/بەریتانیا، ئەمەش جووڵەیەکی نوێ بوو لە پێکهێنانی ناسیۆنالیزمی ئێراندا. تەقیزادە و دەستەبژێرانی هاوڕێی لەنێوان ساڵانی ١٩١٦ بۆ ١٩٢٢ گۆڤارێکیان بەناوی کاوە بڵاوکردەوە. هەڵبژاردنی ناوی کاوە، پاڵەوانی ئەفسانەی ئێران، و نیشاندانی تابلۆی یاخیبوونەکەی لەسەر بەرگی گۆڤارەکە، تێڕوانینی تەقیزادە و هاوڕێکانی سەبارەت بە شوناسی نەتەتەوەیی ئێران دەردەخات. قۆناغی یەکەمی کاوە (١٩١٦-١٩١٩) بە پلەی یەکەم بۆ برەودان بە ئایدۆلۆژیای ئەڵمانی و بڵاوکردنەوەی وتار لەسەر کولتووری دێرینی ئێران تەرخانکرابوو. تەقیزادە بابەتگەلێکی وەک ‘نەورۆز جەمشیدی’، ‘ئاڵای کاوە و کاڤیانی’، ‘نەورۆز و ساڵنامەی ئێران’ و هەروەها وتاری سەبارەت بە شانامە (پەرتووکی پاشاکان) شیعری کۆن لە ئێراندا نووسیوە. ئەم وتارانە بەمەبەستی بەخشینی ئیلهام بوو بە نەژادی ئێران و نوێکردنەوەی هەستی نەتەوەیی. تەقیزادە لە ‘نەورۆز جەمشیدی’ کە ئاهەنگێکە لەبەهاری ئێراندا، ڕایگەیاند کە ئێران یەکێکە لە بەهادارترین سامانەکانی نەژادی ‘ئاریایی’. لە قۆناغی دووەمی کاوەدا (١٩١٩-١٩١٢٢)، سەرنجی گۆڤارەکە بەرەو  تیۆریزەکردن و خستنەڕووی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بوو، بە سوودوەرگرتن لە ئەدەب و شیعری فارسی و شانامەی فیردەوسی. ئامانج لێی چاندنی ڕۆحی نەتەوەیی و برەودان بوو بە نەتەوەی ئێران وەک کولتوور و زمانەوانی جیاواز کە ڕەگوڕیشەی لە زمانی فارسی و ئەخلاقی نەتەوەیی ئێراندا هەیە. تەقیزادە، هاوشێوەی ئاخوندزادە و کرمانی ، مێژووی ئێرانی بە مێژووی فارس هاوتا کرد. هەرچەندە ئەو بەئاشکرا دژی دەستێوەردانی دەرەکی بوو، بەڵام بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی وەک بەرخۆدانی جەنگەڵ (١٩١٥-١٩٢١) کە میرزا کوچیک خان لە دژی ڕووسیا لە باکوور ڕابەرایەتی دەکرد، و ڕەئیسی عەلی دلێفاری (١٩١٥) دژی هێزەکانی بەریتانیا کە باشووری ئێرانیان داگیرکردبوو، پشتگوێخست. ئەمە زیاتر سیمای فارس-سەنتەری نەتەوەی ئێران لە کاوەدا ڕۆشندەکاتەوە، کە هیچ دانپێدانانێکی بە نەتەوە و کولتوورە نا فارسەکاندا لەخۆنەگرتبوو.

ئەگەر ئاخوندزادە و کرمانی شوناسی ئێرانییان لەسەر بۆچوونە دژە سامییەکان بنیاتنابێت، ئەوا کاوە پاڵپشتی شێوازی کۆن و ڕۆحی ئێرانیەتی دەکرد لەکاتێکدا وەرگرتنی بێمەرجی “مۆدێلی کولتووری ڕۆژئاوایی” وەک تاکە ئامرازی زیندووکردنەوەی ڕابردووی شکۆمەندی ئێران لەخۆگرت (Matin-Asghari, 2018; 2020). پاش ئەوەی ڕەزا خان لە ساڵی ١٩٢١دا دەسەڵاتی گرتەدەست، هەندێک لە ئەندامانی بازنەکە، لەنێویاندا حەسەن تەقیزادە، گەڕانەوە بۆ ئێران و پۆستی حکومییان وەرگرت. هەندێکی دیکە لە دەستەکە گۆڤارێکی نوێیان بەناوی ئێرانشار بەسەرنووسەری حسێن کازمزادە بڵاوکردەوە. ئەڤینی قوڵی کازمزادە بۆ “ئێرانشار”ی خەیاڵی، کە زاراوەیەکی پەیوەستبوو بە ئیمپراتۆریەتی ساسانییەوە(٢٢٤-٦٥١ زاینی)، ئەوەندە قووڵبوو کە تەنانەت ناوی کۆتایی خۆیشی گۆڕی بۆ ئێرانشار. گۆڤارەکە بانگەشە بۆ گەڕانەوەیەک دەکات بۆ خودی ئێرانی کە ئیلهامبەخش بێت و کاریگەری لەسەر ئەو ڕۆشنبیرانە هەبێت کە پێیان دەوترێت ڕۆشنبیری بنەچە گەر وەک جەلال ئەحمەد، سەید فەخرەدین شادمان، عەلی شەریعەتی و ئیحسان نەراقی (Gheissari, 1998, 83-108). ئێرانشار زمانی فارسی وەک پایەیەکی حاشاهەڵنەگری شوناسی ئێرانی و هە‌ڵگری خودی ئێرانی دیاریکرد. بەپێچەوانەی ئاخوندزادە و کرمانی کە ئایینیان ڕەتکردبووەوە، ئێرانشار ئایینی بەتایبەت شیعەگەرایی هێنایە ناو ناسیۆنالیزمی ئێرانییەوە. ڕۆحی ئاریایی “ئێرانییەکانی’ بە ‘ڕۆحی سامی’ ئیسلامەوە گرێدا و بەوپێیەی ئەو دووانە تەواوکەر و هاوئاهەنگن. لەوەش گرنگتر، ئێرانشار پێگەیەکی تایبەتی بە ژنان بەخشی کە وەک دایکی میللەت بەرپرسیاری پەروەردەکردنی ڕەگەزی ئێرانیان لە ئەستۆ بوو. کازمزادە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە هاوسەرگیری نێوان شەهربانوو کچی یەزدگەردی سێیەم دوا پاشای ساسانی و ئیمام حسێن نەوەی پێغەمبەر محەمەد و سێیەم ئیمامی شیعە، دەستپێکی ئەم ئەرکە خوداییە بوو. دەوترێت ئەم هاوسەرگیرییە پەیوەندییەکی ڕۆحی لەنێوان شیعە و ئاریانیزمدا دامەزراندووە و شوناسێکی ئێرانی بێهاوتای دروستکردووە کە هەردوو توخمەکەی تێکەڵکردووە. ئێرانشار چەندین بابەتی لەسەر ژنانی ئێران و پابەندبوونە نیشتمانییەکانیان بڵاوکردەوە. بۆنمونە، کازمزادە ‘لە پرسی هاوسەرگیری ئێرانییەک لەگەڵ فەرەنگییەک [ئەورووپیەک]، هۆشداری دەدات لە پیسبوونی خوێنی ئارییەکان لەڕێگەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەورووپییەکان و داوای لە ژنانی ئێرانی کرد کە هێڵی خوێنی نەتەوەکەیان بپارێزن. کازمزادە (١٩٢٤ب، ٧٤-٧٥) لە تجلیات ڕوح ایرانی دا بەم شێوەیە پێناسەی ئێرانییەت دەکات:

ڕەگەزنامەی ئێمە ئێرانییەتە و ئێرانییەت هەموو شتێکمانە، شانازیمانە، نەجیبزادەییمانە، مەزنیمانە، پیرۆزیمانە، شەرەف و ژیانمانە…پێویستە ئێرانی بین، بەئێرانی بانگ بکرێین و بە ئێرانی بمێنینەوە… هەرکەسێک خوێنی ئاریایی لە خوێنبەرەکانیدا هەبێت و خاکی ئێران بە زێدی خۆی بزانێت، جا کورد بێت یان بەلوچ ، زەردەشتی بێت یان ئەرمەنی، دەبێت بە ئێرانی دابنرێت و بە ئێرانی ناوببرێت.

کازمزادە (١٩٤٢a، ١٣٣) لە کتێبی معارف در عثمانی (پەروەردە لە شانشینی عوسمانیدا) بە ئاشکرا ستایشی سیاسەتەکانی عوسمانی دەکات، بەتایبەتی کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتن (CUP)لە ساڵی ١٨٨٩، کە بووە هۆی پاکتاوی ڕەگەزی کەمایەتییە نا تورکەکانی وەک کورد و یۆنانییەکان لە ساڵی ١٩١٧. بۆ پاککردنەوەی زمانی فارسی لە کاریگەرییەکانی زمانی عەرەبی، پێشنیاری دامەزراندنی کۆمەڵەی زاراوە یان دەستکاریکردنی زمان و وشەسازی فارسی کرد، کە دواتر دامەزراندنی فرهنگستان زبان فارسی (ئەکادیمیای زمانی فارسی) لەسەردەمی ڕەزا شادا لە ساڵی ١٩٣٥ لێکەوتەوە. ئێرانشار هەروەها پێشبڕکێی نووسین و وتاریشی ڕێکخست کە بەدەوری کەسایەتی و ڕووداوە مێژوویی و دێرینەکانی ئێراندا دەخولایەوە، وەک وێرانەکانی مەدائین کە دەربارەی ڕۆحی پڕ لە کێشەی کوروشی مەزن بوو کە شایەتحاڵی ئاژاوەگێڕی و تاڵانکردنی ئێران بوو.

 نامەی فەرەنگستان، گۆڤارێکی دیکە بوو لە بەرلین کە لەلایەن موشفیق کازمییەوە سەرپەرشتی دەکرا، یەکەم ژمارەی لە ئایاری ١٩٢٤ دەرچوو، بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام بوو، ڕاستەوخۆ پەیڕەوی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی کازمزادەی دەکرد. کازمی لەژێر کاریگەری کەش و هەوای فیکری ڕەگەزپەرستی ئەڵمانیا، ڕایگەیاند کە یەکێتی نەتەوەیی ئێران تەنیا بە هاتنە سەر دەسەڵاتی “دیکتاتۆرێکی ڕۆشنبیر”ی وەک مۆسۆلینی بەدەست دەهێنرێت، کە “خۆی وا نیشانبدات باوەڕی بەپەرلەمان هەیە، بەڵام لەکاتی پێویستدا هەڕەشە بۆ دەسکەوتنی زۆرینەی پەرلەمانی بەکاربهێنێت” ئێرانیش پێویستی بە دیکتاتۆرێکی وەها هەیە (وەرگیراوە لە Matin-Asghari, 2018, 76).

بازنەی بەرلین کاریگەرییەکی درێژخایەنی لەسەر مێژوونووسان و دەستەبژێرانی ئێرانی ئەو سەردەمە و نەوەکانی دواتریان بەجێهێشت. بۆ نمونە، مەحمود ئەفشار، سەرنووسەری گۆڤاری ئایندە، زیندووکردنەوەی ڕۆحی نەتەوەیی ئێرانی وەک توخمێکی گرنگ بۆ گەیشتن بە یەکێتی نەتەوەیی ناساند، کە وایلێکرد سیاسەتی ‘پان-ئێرانیزم’ دابڕێژێت. لە چاپی یەکەمی ئایندەدا، ئەفشار لە وتارەکەیدا بەناوی “نمونەی ئێمە: یەکێتی نەتەوەییمان” ڕوونیکردەوە کە مەبەستی لە یەکگرتوویی نەتەوەیی ئێران چییە. چەمکی یەکێتی نەتەوەیی لە دوو توخم پێکهاتووە: “سەربەخۆیی سیاسی” و “یەکپارچەیی خاک”. ئاماژەی بەوەشکردووە، کە وەرگرتن و فراوانکردنی بەربڵاوی زمانی فارسی دەتوانێت یەکێتی نەتەوەیی بەهێز بکات:

هەرکەسێک گرنگی بە مێژووی ئێران و زمان و ئەدەبیاتی فارسی و ئایینی شیعە دەدات، دەبێت ئەوە لەبیر نەکات کە ئەگەر پەیکەری یەکگرتوویی لەم وڵاتەدا ڕووخا، ئەوا هەموو شتێک لەناودەچێت. بۆیە پێویستە هەموومان بە یەک دڵ و یەک دەنگ هەوڵبدەین کە زمانی فارسی لەسەرانسەری ئێراندا بڵاوببێتەوە و هەنگاو بە هەنگاو شوێنی زمانە بیانییەکان بگرێتەوە. ئەمەش تەنها لەڕێگەی دامەزراندنی قوتابخانەی سەرەتایی لە هەموو شوێنێک و دەرکردنی یاسا بۆ خوێندنی زۆرەملێ و گشتی و بێبەرامبەر و دابینکردنی سەرچاوەی پێویست بۆی بەدەست دێت (Afshar, 1925, 5-6).

ئەفشار ئامۆژگاری دەوڵەتمەدارانی پەهلەوی کرد کە کۆچی زۆرەملێ وەک ڕێگایەک بۆ بەهێزکردنی یەکێتی نەتەوەیی ڕەچاوبکەن. ئەمەش بە واتای گواستنەوەی کۆمەڵگەی فارسی زمان بۆ ناوچە نا فارسی زمانەکان و بەپێچەوانەوە و هاندانی هاوسەرگیری و کارلێکی نێوان گرووپە جیاوازەکان. ئەفشار جەختی لەسەر گرنگی فێرکردنی زمانی فارسی لە ئازەربایجان و کوردستان و خوزستان و بەلوچستان دەکردەوە، چونکە فرەزمانی هەڕەشەیەکی حەتمییە بۆسەر یەکێتی نەتەوەیی ئێران. بۆ بەدەستهێنانی ئێرانییەتی تەواو، جگە لە پەروەردە و پەیوەندیکردن، ئەفشار پێشنیاری چەند ڕێوشوێنێکی کرد وەک گۆڕینی ناوی شوێنە نافارسیەکان بۆ ناوی فارسی.

فارسیگەرایی و بانگەشەی کۆزمۆپۆلیتانیزم

لەگەڵ گەیشتنی ڕەزا شا بە دەسەڵات، “ئەفسانەی ڕزگارکەر” بەدیهات (Ansari, 2012, 65). ناسیۆنالیزمی ئێرانی بوو بە بزوێنەری دەوڵەت (Gheissari, 1998; Sharifi, 2013)، بە درووشمی پیرۆزی ‘ یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک وڵات’. هەروەک محەمەد تەوکولی تارقی (٢٠١١، ٩٦) جەختدەکاتەوە کە “پێکهێنانی شوناسێکی نەتەوەیی ئێرانی مۆدێرن” لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە “لە نزیکەوە بە زمانی فارسییەوە گرێدراوە”. هەرچەندە ڕەزا شا لە وتارەکانیدا بە ئاشکرا باسی کێشەی نەتەوە نافارسەکانی نەدەکرد، بەڵام هەڵوێستی ئەو بەرامبەر شوناسی ئێرانی بە ئاشکرا لە هەڵمەتە جینۆسایدیە سیستماتیکییەکانی دژ بە لوڕ و عەرەب و کورد و قەشقای و بەختیاری و ئەوانی تر ڕەنگدانەوەی هەبوو (بڕوانە Cronin, 2003). لەژێر دەسەڵاتی پەهلەویدا، ڕۆشنبیران بەرەبەرە دوژمنایەتی خۆیان بەرامبەر عەرەب فراوانتر کرد، تا ڕق و کینە بەرامبەر شوناسە نافارسەکانی تر لەخۆ بگرێت. بەم شێوەیە بنەما بنەڕەتییەکانی بیری ناسیۆنالیستی ئێرانی – واتە فارسیگەرایی و شیعەگەرایی- بوون بە خووی دەروون-ناسیۆنالیزمی فارسی (Adib-Moghaddam, 2017).

ساتەوەختێکی سەرەکی لە پارادایمی ناسیۆنالیزنی ئێرانیدا لە ساڵانی ١٩٣٠دا لەگەڵ هاتنی ‘نەیتیڤیزم’ یان بنەچەگەریدا: شیعەگەرایی و فارسیگەرایی سەریهەڵدا. ئەم ڕەوتە جەلال ئەحمەد ڕێبەری بوو لەداڕشتنی تیۆری غرب زادگی (ژەهراوی بوون بە ڕۆژئاوا) سەریهەڵدا، دەستەواژەیەک کە بۆ یەکەمجار لەلایەن ئەحمەد فەردیدەوە داڕێژرا (بڕوانە Boroujerdi, 1996)، ئەم ڕەوتە حیکمەتە وەرگیراوەکانی شوناسی ئێرانیشی پاراست، کە لەسەر بە فارسکردنی گەلانی ئێران و هەروەها جەختکردنەوە لە شیعەگەرایی وەستابوو. تەقی ئارانی (١٩٠٣-١٩٤٠) ناسیۆنالیستێکی مارکسی، دوو بابەتی لەسەر زمانی فارسی بڵاوکردەوە: یەکەمیان لە شوباتی ١٩٢٤ لە ئیرانشار چاپکراوە و دووەمیان لە ئابی هەمان ساڵدا لە نامە فەرەنگستان دا. هەردوو وتارەکە پێناسەیەکی نەژادییان لە زمان و شوناس پێشکەشکرد: ئارانی زمانی فارسی بە پایەی بنەڕەتی و یەکگرتوویی دەوڵەتی نەتەوەیی ئێران دەبینی و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە زمانی فارسی بەرجەستەی کولتووری ئێرانی و پاکی ڕاستەقینەی میراتی نەتەوەیی و “ئامرازی بیرکردنەوەی زانستی و عەقڵانییە” (بڕوانە Mirsepassi, 2021, 107). بۆ نمونە، ئارانی (١٩٢٤، ٢٥١) لە وتارەکەیدا لە نامە فەرەنگستان جەخت لەوەدەکاتەوە:

کەسانی بێئاگا (پان-تورک) پێناچێت ئەوە بزانن کە ئازەربایجانییەک تورک بوون بە شەرمەزاری دەزانێت. پێدەچێت ئەوان لەوە تێنەگەن کە وشەی ‘ئازەری’ بۆ ئازەربایجانییەکان ئەو ئاگرەیە کە باوباپیرانیان لە ڕۆحیاندا دایانگیرساندووە و بۆ سووتاندنی ئارەزووی دوژمنەکانیان هێشتوویانەتەوە. پرسی ئازەربایجان بابەتی ژیان و مردنە لە ئێراندا و بۆ هەموو ئێرانییەک ڕوونە کە ئەم پارێزگایە وەک سەرێک وایە بۆ میللەت[ئێران].

ئارانی لە توێژینەوە سەرەکیەکانی ئێراندا، بە خەبات بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و چینی کرێکار ناسراوە (بڕوانە Matin-Asgari, 2018). عەلی میرسەپاسی (٢٠٢١) سەرسامە بە ئارانی بەهۆی جیهانگیرییە ڕادیکاڵەکەی و هەوڵەکانی بۆ تیۆریزەکردنی نەتەوەیەکی کۆسمۆپۆلیتی ئێرانی، کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و یەکسانیخواز کە بەربەستە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی خۆی تێپەڕاندووە بۆ پاراستنی هاوسەنگی لەگەڵ گەلانی مۆدێرندا. بەڵام پلانی ‘پراکتیکی و پێشکەوتنخوازانەی ئارانی چەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە فارسی زمانێکە کە دەتوانێت خۆی لەگەڵ بارودۆخی هاوچەرخدا بگونجێنێت، گرنگترینیان پەرەپێدانی زانستییە’ (Mirsepassi, 2021, 136). میرسەپاسی (٢٠٢١، ١٣٥) بە ستایشکردنی پرۆژەکەی ئارانی، دەڵێت کە پرۆژەکە ‘پلاتفۆرمێکی گونجاو بۆ هەڵسەنگاندنی دووانەی نێوان ڕەسەن و بیانی کە ناوەندی بیریی نەریتگەرایی و ڕۆژهەڵاتناسی بووە ‘ دابیندەکات. جیهانگەرایی ئاران، سەرەڕای ئەوەی کە گوایە پشتی بە ئەخلاق و عیرفان (سۆفیگەری) بەستبوو، ڕێگرنەبوو لە چاوپۆشیکردنی لە چەوساندنەوەی ئیتنۆزمانەوانی لە ئێراندا. زمانی فارسی لای میرسەپاسی هەروا وەک چەقی ئێرانییەت (ئێرانگەرایی) دەمێنێتەوە (بڕوانەLitvak, 2017, 10) و چارەنوسی ئەوەیە کە ‘ئاسۆیەکی خەیاڵی بنیات بنێت کە توانای وەرگرتنی باشترین تایبەتمەندییەکانی زانستی مۆدێرن و ئێرانێکی ئاوەدان دابمەزرێنێت’ (Mirsepassi, 2021, 161). هەربۆیە ئامادە نییە دان بەوەدا بنێت کە دیدگای ئارانی بۆ ‘ئێرانی کۆزمۆپۆلیت’ لەڕێگەی وەرگرتنی ‘بەها شارستانییەکان و شێوازە مۆدێرنەکانی بیرکردنەوە’وە (Mirsepassi, 2021, 10) بە فارسی/شیعە-سەنتەری دەمێنێتەوە و شوناسی نا تەباکان ڕەتدەکاتەوە.

ئارانی لە هەڵمەتی فارسگەرایی و دژە تورکی/ئازەریدا تەنیا نەبوو. ئەحمەد کەسرەوی، ڕۆشنبیرێکی تورکی (ئازەری) زمان، ئاهەنگ دەگێرێت بۆ بەشدارییە فیکرییەکانی ئارانی و دەڵێت لەگەڵ ئەو “هەمان ئامانجیان هەیە” (Matin-Asgari, 2018, 107). دوژمنایەتی کەسرەوی بەرامبەر کولتوورە نافارسییەکان و جەختکردنەوەی لەسەر پاکتاوی زمانەوانی و کولتووری لە ئێران بە نزیکەیی هیچ گرنگییەکی لە بازنە ڕۆشنبیرییەکانی ئێراندا نەبوو. زانایانی وەک ئەفشین مەتین-ئەسغەری (٢٠١٨). تەوەکولی-تارقی (٢٠١٥)، و میهرزاد بوروجێردی (١٩٩٨) کەسرەوییان وەک تیۆرستێکی پێشەنگی دژە مۆدێرنیتە دیاریکردووە و وەک پردێکی گرنگ لەنێوان گوتاری لایەنگرانی ڕۆژئاوا و دژە مۆدێرنیتە کاردەکات. دیدگای کەسرەوی سەبارەت بە زمان و میژووی نافارسەکان لەبەرهەمەکانیدا خراوەتەڕوو: مێژووی پێنج سەد ساڵەی خوزستان (١٩٣٣) و مێژووی هەژدە ساڵەی ئازەربایجان (١٩٣٨). بیرۆکەکانی کەسرەوی، بەتایبەتی سەبارەت بە پاککردنەوەی ئایینی و زمانەوانی، ئیلهامیان لە بازنەی بەرلین وەرگرتووە.

کەسرەوەی گەلی تورکی ئازەربایجانی بە “ئازەری’ ناوبردووە و جەختی کردەوە کە ئەوان سەربە ڕەگەزی ئاریایین. بە بۆچوونی ئەو، دانیشتووانی ئازەری زمان لە ئازەربایجان کە لەژێر هەژموونی تورکیادا بوون، ناچاربوون زمانی تورکی وەرگرن، کە ئەو بە زمانێكی بیانی دەزانێت. کەسرەوی بەئاماژەدان بەو شوێنە ناوەندییەی کە ئازەربایجان لە ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا داگیری دەکات، ڕایگەیاند کە نابێت ئازەربیجانییەکان بەزمانێکی تری وەک وەک زمانی تورکی قسە بکەن جگە لەزمانی دایکیان. تەنانەت گوتاری ناسیۆنالیستی ئەو تا ئەو ئاستە ڕۆشت کە پێشنیاری “سڕینەوەی” زمانە نافارسییەکانی ئێران بکات: ‘هەموو ئەوەی بەرگریم لێکردووە و ویستوومە، نەهێشتنی ئەو زمانانەیە کە لە ئێراندا قسەیان پێدەکرێت: تورکی، عەرەبی، ئەرمەنی، ئاشوری و نیمچە زمانەکانی [وەک کوردی و شوشتاری]، بۆ ئەوەی هەموو ئێرانییەکان تەنها بەیەک زمان قسە بکەن، کە ئەویش فارسییە’ (Khasravi, 1944, 1).

کەسرەوی (١٩٢٧[٢٠٠٦]) لە شهریاران گمنام (پاشایانی نەناسراو)دا هەوڵیدا یادی پاڵەوان و فەرمانڕەوا نەناسراوەکانی سەدەکانی ١٣ و ١٤ بکاتەوە کە گوایە لەبەشە جیاوازەکانی ئێرانەوە هاتوون بۆ ڕزگارکردنی ئیرانییەکان لەدەسەڵاتی تازییەکان (عەرەبەکان). بە وەبیرهێنانەوەی ئاخوندزادە و کرمانی، ئەو عەرەبی بە ‘مارمێلکەخۆر’ ناوزەد دەکرد و وەک گاڵتەپێکردنێک بە نیمچەدورگەی عەرەبی بە تازیکستان (خاکی تازییەکان) ناودەبات کە وێران و بێ بەرەکەتە و گەلەکەی لەگەڵ مارمێلکە و کوللە یان مار و خشۆکەکاندا دەژین (Khasravi, 1927[2006], 141).

کەسرەوی لە هاوچەرخەکانی خۆی بە دەستکاریکردنی مێژوو بەمەبەست بۆ پاساودان بە دەستێوەردانە سەربازی و سیاسییەکانی دەوڵەت جیادەکرێتەوە لەناوچەکانی ئازەربایجان و کوردستان و خوزستان، کە ئەو بە داڵدەی هەستی دژە ناسیۆنالیستی دەیبینین. کارەکانی نمونەیەکی سەرەکی مێژووی شێواوی ئێرانە، کە ئامانج لێی لەکەدارکردنی مێژووی نەتەوەیی کورد و عەرەبە لە بەرژەوەندی گێڕانەوەی ناسیۆنالیستی ئێران. کەسرەوی لە کتێبی مێژووی هەژدەساڵەی ئازەربایجاندا (١٩٣٨) ڕەخنەی توند لە سمایل ئاغا سمکۆ، ناسیۆنالیستێکی کورد کە بەرەنگاری دەسەڵاتی ڕەزاشا بووەوە و خەباتی بۆ ئۆتۆنۆمی کوردستان دەکرد تا ساڵی ١٩٣٠ کەوتە بۆسەی حکومەتی ئێرانەوە و کوژرا دەگرت. کتێبەکە سمکۆ وەک خیانەتکار و جەردە و یاخیبوویەک نیشاندەدات کە یەکێتی نیشتمانی و ئاسایشی ئێرانی خستۆتە مەترسییەوە. کەسرەوی لە مێژووی پێنج سەد ساڵەی خوزستاندا (١٩٣٣)، هەوڵی لەکەدارکردنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دەدات، وێناکردنی شێخ خەزال وەک یاخیبوویەکی بێبەزەیی و شەڕەنگێز و خیانەتکار کە سەرپێچی لەدەسەڵاتی ڕەزاشا کردووە و پیلانی دژی میللەت گێڕاوە.

ناسیۆنالیزمی ئاریایی وەک فۆرمێکی ئایدۆلۆژی زاڵ، گوتاری ئایینی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی گرتۆتەوە. لە نووسینەکانی عەلی شەریعەتی (١٩٣٣-١٩٧٧) کە بە ئایدلۆژیای سەرەکی گوتاری ئیسلامی دادەنرێت، بیری نەژادی هاوشێوەی ئاخوندزادە و کرمانی دەبینینەوە. بەبڕوای شەریعەتی ئیسلامی شیعە بەرهەمی عەقڵی ئاریاییە. لەبازنە ڕۆشنبیرییەکانی ئێراندا، شەریعەتی بە ‘بنیاتنەرەوی شۆڕشگێڕانەی شیعەگەرایی لەڕێی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ مارکسیزم’ (Matin-Asgari, 2018, 209)، و ‘کۆسمۆپۆلیتیزمی دوای کۆلۆنیالیزم’ (Saffari, 2017, 165)، و ڕوونکردنەوەی ‘ئیسلامی شیعە وەک ئایدۆلۆژیایەکی شۆڕشگێڕی مۆدێرن ‘ (Mirsepassi, 2011, 124) ناسراوە. شەریعەتی وەک ئاخوندزادە و کرمانی دەڵێت کە ڕۆحی ئێرانی لەو ئاژاوە زیانبەخشانە ڕزگاری بووە کە لە ماوەی سێ هەزار ساڵی ڕابردوودا لەلایەن یۆنانی و عەرەب و تورکەکانەوە دوچاری بووە. ئەم ڕۆحە کە تایبەتمەندی و بەهرەی ئاریایی پێبەخشراوە، نزیکییەکی ڕۆحی و کولتووری لەگەڵ شیعەگەرایی هەیە. شەریعەتی دوو شەپۆلی هێرشی کولتووری بۆسەر سوناسی ئێرانی ئاشکرا دەکات. یەکەمیان یۆنان زادگی (Heleni-struck-ness)، کە دەگوترێت بەخێرایی لەلایەن کولتووری نەتەوەیی بەهێزی ئێرانەوە تێپەڕێنرا (Shariati, 1982, 220). دووەمیان عرب زادگی (Arab-struck-ness) بوو، کە فەتحی عەرەب ناسراوە (Shariati, 1982, 225). نووسینەکانی شەریعەتی لەسەر ئیسلامی شیعە ڕەنگدانەوەی کاریگەری گەورەی بیرمەندانی دیاری ڕۆژهەڵاتناسی وەک هونەری کۆربین، جۆرج جۆرداک و لویس ماسینۆنە. بۆ نمونە، کاریگەری ماسینۆن بەڕوونی لە کتێبەکانی شەریعەتی حەللاج و سەلماندا دیارە.

شەریعەتی (١٩٨٢، ٣٩٢) بەجیاکردنەوەی ئیسلام لە چوارچێوە جیۆ-فەرهەنگییەکەی، دەڵێت کە عەرەب شکستخواردوو و بێتوانا بووە لە دەستگرتن بە پەیامی قووڵی قورئان وەک ئەوەی پێغەمبەر محەمەد گوتویەتی، سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە بەزمانی عەرەبی بووە. شەریعەتی، عەرەب بە خراپترین و سوکترین شێوە باسدەکات:

…و نەتەوەی عەرەبە سەرەتایی و نەزانەکان، کە گەورەترین و ئازیزترین سەرمایەی ژیان و جیهانەکەیان وشترە، [نەتەوەیەک] کە تەماحەکەی لە ملی وشترەکانیان بەرزتر نابێتەوە، [لەڕووی فیکرییەوە] دەستکەوتەکەیان ناتوانێت لە کۆڵی وشترەکەیان بەرزتر بێت، وەک ئەوەی خۆیان و وشترەکانیان لە یەک خزم و یەک جۆرن، بۆیە ناوی مرۆڤ بۆ ناونانیان بەکاردەهێنن؛ لەچاوی عەرەبدا وشتر عەرەبە، نەک ئاژەڵ .

ئەم وتانە هی ڕۆشنبیرێکە کە لە لایەن زۆربەی مێژوونووسان و دەستەبژێرانی فارسەوە وەک بیرمەندێکی شۆڕشگێڕ و کۆمەڵناسێکی ئایینی ڕێزی لێدەگیرێت. پێناسەی شەریعەتی بۆ تایبەتمەندییە نەژادی و دەروونییەکانی عەرەبەکان لەم وتەیەی خوارەوەدا ڕوونکراوەتەوە:

[کەسێکی] ئاریایی یان هندی زۆرجار هەست بە نادڵنیایی دەکات لەکاتی ئامادەبوونی کەسێکی بەڕەچەڵەک سامی. ترسیان لەوە هەیە کە ئەو سامییە لەناکاو سەر و دەموچاویان بگرێت، هاوشێوەی پشیلەیەکی کێوی، یان وەک باڵندەیەکی جوان و توڕە هێرشیان بکاتەسەر (فیلمەکانی ئەلفرێد هیچکۆک دەهێنێتەوە یاد). ئەوان نیگەرانن لەوەی کە سامییەکە وەک هەڵۆیەکی تووڕە و دەنووک تیژ، بتوانێت هێرش بکاتەسەریان، بەمەبەستی دەرهێنانی چاوەکانیان و بریندارکردنیان (Shariati, 1982, 378).

شەریعەتی جیاوازی نێوان عەرەب و ئارییەکان لەبوارەکانی توانای دەروونی و بابەتی خەیاڵدا گشتگیر دەکات و عەرەب وەک کەم عەقڵ و بیرتەسک نیشاندەدات. شەریعەتی (١٩٨٢-٣٧٦) بەئاماژەدان بە ڕۆژهەڵاتناس گیب نیکلسن، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ‘تایبەتمەندییەکی دیکەی ڕەگەزی سامی کە لە ئارییەکان جیایاندەکاتەوە دیدگایانە … سامییەکان درەختەکە دەبینن، بەڵام ئارییەکان هەم درەختەکە و هەم دارستانەکە دەبینن’.

توێژینەوە فارسییەکان وەک ئیمپریالیزمی زمانەوانی

لەم چەند دەیەیەی دوایدا، هەندێک لە زانایانی لێکۆڵینەوەی ئێرانی دەستیان کردووە بە نوێکردنەوەی ئەوەی پێی دەڵێن “ئێرانی کۆسمۆپۆلیتی” لەژێر ڕۆشنایی ئەو خزمایەتییە زمانەوانی و کولتوورییەی کە دەگوترێ لە گێڕانەوە ئەدەبی و مێژووییەکانی سەردەمی ئیسلامدا دۆزیویانەتەوە (بڕوانە Amanat & Ashraf, 2019). لەسەر بنەمای بیری مارشاڵ هۆدجسۆن (١٩٧٤) سەبارەت بە “جیهانی فارس”، ئەم زانایانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زمانی فارسی لە مێژوودا وەک زمانی هاوبەشی ناوچەیەکی فراوانی ئاسیا و ئەورووپا ڕۆڵی گێڕاوە کە لە بەنگال و هیندستانەوە درێژدەبێتەوە بۆ تەختی ئێران و ئۆراسیا.

‘جیهانی فارسی’ زاراوەیەکی نوێیە کە زمانی فارسی وەک ناوەندێکی سەروو کولتووری  وێنادەکات کە نەریتە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی ئەو سەردەمە پێکەوە دەبەستێتەوە. هۆدجسۆن ئەم وێناکردنە زمانەوانییەی لەڕووی بەکارهێنانی زمانی فارسییەوە پێناسەکردووە، بەپلەی یەکەم لەشێوەی نووسراودا، کە پاش فەتحی ئیسلامی سەریهەڵدا و زیاتر لە ١٤ سەدەی خایاند. بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە پێشکەوتنی زمان و کولتووری فارسی هەوڵێکی هاوبەشی نێوان بنەماڵە فەرمانڕەواکانی ئێران و چینە خوێندەوارەکانە لەماوەی خەلافەتی ئیسلامیدا تا ئەو ئاستەی کە تەنانەت بنەماڵە فەرمانڕەواکانی تورک وەک غەزنەوی و سەلجوقی و مەغۆلەکان زمانی فارسییان پەرەپێدا و بڵاوکردەوە. محەمەد تەوەکولی بەئاماژەدان بە ڕەگ و ڕیشە ڕۆژهەڵاتناسییەکانی چەمکی جیهانی فارس دەڵێت کە زمانی فارسی ‘زمانی هاوبەشی کۆمەڵگە و دیالۆگی نێوان تائیفە و مەزهەبەکان’ بووە لە ‘جیهانی کۆسمۆپۆلیتی پێش مۆدێرن’ وەک ئەوەی بەهاوسۆزییەوە باسیدەکات:

باشە، چەمکی شارستانییەتی فارسی هاتەئاراوە … وەک هەوڵدانێک بۆ گرتن و تێپەراندنی دابەشبوونی توێژینەوە هەرێمییەکان کە باشووری ئاسیا هیندین و بە هیندی قسەدەکەن و زمانەکەیان [ناڕوون] سانسکریتە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئێرانی یان عەرەبییە. ئەو هات تا بڵێت کە فارسی زمانی هاوبەشی چەندین نەتەوەی جیهانی پێش مۆدێرن بووە، کە ئێرانییەکان، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ئیمپراتۆریەتی تورکی، هندستان لە باشووری ئاسیا، ئیمپرتۆریتی مەغۆل و تەنانەت ئاسیای ناوەڕاست، هەموویان بە فارسی قسەیان کردووە. تەنانەت ئەمڕۆش کە گوێ لە هەواڵەکانی ئۆکرانیا دەگرم، گوێم لە وشەی فارسی دەبێت و دەڵێم “ئەوە لەکوێوە هاتووە؟” (وەرگیراوە لە Marashi, 2014).

لەکاتێکدا شێوازی ڕەسەنی هۆدجسۆن بۆ جیهانی فارس بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای کارە ئەدەبییەکان بوو، گۆڕینی ئەم چەمکە لەلایەن زانایانی فارسەوە لەبنەڕەتدا پرۆژەیەکی سیاسی بووە کە ئیمپراتۆریەتێکی خەیاڵی زمانەوانی دروستدەکات، ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکانی نێوان کولتوورە ئاسیاییەکان وەردەگێڕێت کە تا ڕاددەیەکی زۆر پرۆسەیەکی  فارسی باڵادەستە. بۆنمونە، بۆ نەهێشتنی نەژادی فارسی، مانا کیا (٢٠١٤، ٩٠) دەڵێت کە ئەو زاراوەی  ‘فارسەکان’ی بۆ ئاماژەدان بە کۆمەڵێک کەس کە هاوبەشی فێربوونی زمانێکن’.  ئەو دەڵێت کە تەنانەت لەسەردەمی پێش مۆدێرندا، زمانی فارسی ڕێگەی بە خەڵکی ناوچە و کولتوورە جیاوازەکان داوە کە بیر لە کۆمەڵگە و بنەڕەتی خۆیان بکەنەوە. بە بۆچوونی کیا (٢٠١٤، ٩٠)، فارسەکان [واتە ئەوانەی زمانەکەیان دەزانی] لە ئێران و توران و هیندستان تێگەیشتنێکی هاوبەشیان بۆ مانای جوگرافیا هەیە و چۆن ئەم مانایانە بناغەکانی بنەچە و کۆمەڵگە پێکدەهێنن. لەشوێنێکی دیکەدا، لەکاتێکدا دان بە سنوورە زانستییەکانی نووسینەوەی مێژوو و یادەوەرییەکانی ئەو نەتەوانەدا دەنێن کە دەگوترێت لە جیهانی فارسدا جێگیربوون یان بوونیان سەرچاوەی گرتووە، کیان و ماراشی (٢٠١٦) ڕوونیدەکەنەوە کە ئەم جیهانە بۆ ئەوان مانای چییە:

چۆن مێژووی ئەو کۆمەڵگەیانە بنووسین کە لە جیهانی فارسییەوە سەرچاوەیان گرتووە؟ … لەوانەیە وەڵامی ئەم پرسیارە بەم شێوەیە بێت: جیهانێکی کولتووری بەشێوەیەکی بەرفراوان بەیەکەوە بەستراونەتەوە و میراتێک لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست و سەرەتای مۆدیرندا ڕەگی داکوتاوە، بەدرێژایی هەزاران ساڵ ئەزموونی گۆڕانکاری پەرەسەندنی کردووە. ئەمڕۆ زیاتر لە دە دەوڵەت و کۆمەڵگەی نەتەوەیی جیاواز سەریانهەڵداوە کەلەم بۆشاییە ژینگەییە ئاسیاییەدا نیشتەجێن (ئێران، هندستان، پاکستان، ئەفغانستان، تورکمانستان، ئازەربایجان، تورکیا، کوردستان، ئەرمینیا، جۆرجیا، کازاخستان، تاجیکستان، ئۆزبەکستان، مالیزیا، ئیندۆنیزیا و  شین جیانگ).

ئەم بەرجەستەکردنەی بواری کولتووری هەمەچەشن  وەک جیهانی فارسی، هیچ بەهایەکی شیکاری نییە، بەڵام ڕەنگدانەوەی بیری سەرەتایی نوخبەی ناسیۆنالیستەکانە کە چەمکی شوناسیان بە زمان و خوێندنەوەی هەڵبژێردراوی مێژووەوە بەستەوە. ئەم ئارەزووە نۆستالژیە لەم وتەیەی خوارەوەی حەمید دەباشی (٢٠١٦، ١٤٦)دا، یەکێک لە زانایانی لێکۆڵینەوەی پۆست کۆلۆنیالیزمەوە دەردەکەوێت:

بیرۆکەی ئێرانێک لەدەرەوی سنوورەکانی ئێستای کە لێرەدا پێشنیاری دەکەم، ڕەچەڵەکی ئیمپریالیزمی ئەم نەتەوەیە لەخۆدەگرێت و لەچوارچێوەی کایەیەکی گشتی نێونەتەوەییدا دایدەڕێژێتەوە کە هەموو ئەو گەلانە لەناو چەمکێکی ئینتەرپۆلاسیۆنی نەتەوەدا لەدەرەوەی هەژموونی کۆلۆنیالیزمدا توانای دەداتێ و لەخۆیدەگرێت.

دەباشی (٢٠١٢، viii) لە جیهانی مرۆڤگەرایی ئەدەبی فارسیدا، زمانی فارسی بە ناوەندێکی سەروومێژوویی ‘مرۆڤگەرای ئەدەبی’ وەسفدەکات کە لەناو جوگرافیای ئێراندا وەک ‘ناوەندی بومەلەرزە’ سەرچاوەی گرتووە و گەشەیکردووە.

بەمجۆرە، دەباشی جیهانی فارسی بۆ جیهانی ئێران وەرگێڕا. هەوڵە فیکرییەکەی دەباشی، سەرەڕای هەڵوێستی پۆست کۆلۆنیالیزمی، لەکۆتاییدا دەبێتە هۆی شەرعیەتدان و پاساودانی فارسیگەرایی بە کەمکردنەوەی ئێرانی فرەنەتەوەیی بۆ کولتووری فارسی و بە ئارەزووە ناسیۆنالیستیەکەی بۆ هێشتنەوەی فارسی بە هاوتای ئەدەبی جیهانی بەبەکارهێنانی پارچەیەکی ئەدەبی وەک شانامە. دەباشی بەم کارە، خۆی لەگەڵ هەوڵە فیکرییە ناسیۆنالیستەکانی ئاخوندزادە و کرمانی و کازمزادە هاوتەریب دەکات، بە بەردەوامیدان بە چوارچێوەیەکی یورۆسەنتەری بنەڕەتی، هەڵبەتە بە ڕووکەش فارسی. ڕێبازی فارس-سەنتەری دەباشی تەنانەت ڕووبەڕووی دژایەتی دەبێتەوە لەلایەن لایەنگرانی جیهانی فارسیشەوە، وەک نیل گرین (٢٠١٩، ٦):

ڕوپێوییەکەی دەباشی کەلە جوگرافیای ئێرانی مۆدێرن دەست پێدەکات و کۆتایی دێت، مێژووی جیهانی فارسی وەک تێلیۆلۆژیایەکی ناسیۆنالیستی هێڵکاری دەکات. لەوەتەی هۆدجسۆن زاراوەی ‘فارسییەت’ی داهێناوە، مێژوونووسانی جیهان لەگەڵ میراتی چوارچێوە نەتەوەییەکانی پێشوودا لەململانێدا بوون بەوجۆرەی کە دەباشی بەشێوەیەکی بەرچاو زیندووی دەکاتەوە.

جێگەی ئاماژەپێکردنە، گرین ڕازی نییە بە چیرۆکە شێواوەکەی دەباشی، بەڵام دەکەوێتە بەردەم هەمان تەڵەی ڕۆژهەڵاتی و بنچینەیی فارسەکان و شکۆداریان دەکات وەک تایبەتمەندییەکی بێ کات کە پێناسەی قەوارە جیۆ-سیاسی و کولتوورییە جیاوازەکان دەکات لە بەشێکی گەورەی کیشوەری ئاسیادا:

… پێویستە ئێمە بەشێوەیەکی شیکاری پەیوەندییە شارستانییەکانی فارس لەگەڵ ئیسلامدا بە سروشتی و نەتەوەیی نەزانین. ئاخر لەڕووی ئایینییەوە، ڕەفتاری جامی بوو لەگەڵ کەسایەتی ئینجیلی جۆزیف (یوسف)دا کە زۆرترین سەرنجی خوێنەرانی جولەکە و مەسیحی بۆ زمانی فارسی ڕاکێشا، لەکاتێکدا، بۆ خوێنەرانی سیخ و هیندۆس، فارسی وەک کۆگای چیرۆکی گورو و خوداوەندەکان و چێژە دونیاییەکان بوو، بەهەمان شێوە کۆگای ئەخلاقی ئیسلامیش بوو. لەڕووی جوگرافییەوە، بۆ عوسمانییەکان، ئەوە تەیمورید هیرات بوو کە وەک مۆدێلی سەرەتایی کولتووری فارسی کاری دەکرد، لەکاتێکدا بۆ مەغۆلەکانی هیندیش تەیموریدی سەمەرقەند بوو. ئیمپراتۆریەتی چینگ پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتە سنوورییەکانی وەک بەدەخشان و لاداخ هەبوو کە بووە هۆی دەستپێکردنی دیپلۆماسییەتی فارسی، لەکاتێکدا ئیمپراتۆریەتی بەریتانی پەیوەندی لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی مەغۆلی هیند و جێگرەوەکانی هەبوو. بۆ چەندین سەدە خەڵکی هیندستان و ئاسیای ناوەڕاست و تەنانەت سیبریاش لەجیاتی هەر شوێنێکی ئێران، چاویان لە بلخ بامی (بەڵخی کۆن)، بخارا شریف (بوخارا شەریف) یان حزرت دلهی (دەلهی پیرۆز) بوو ، وەک ناوەندی فێربوونی زمانی فارسی(Green, 2019, 7).

دامەزراندنی چەمکی جیهانی فارسی- بەبێ گوێدانە کەموکوڕییە فیکری و تیۆرییەکانی- تەنها لەسەر بنەمای زمانی فارسی، هەڵەی میتۆدۆلۆژی و تیۆری زانیاری جددی هەیە. شەهاب ئەحمەد، مێژوونووسێکی ئیسلامی، دەڵێت کە دەستەواژەکانی وەک “فارس-تورکی” یان “جیهانی فارس” زاراوەی ڕێنمایی و نۆرمە و مەیلی ئەوەیان هەیە کە هەندێک توخمی زمانەوانی و نەژادی لەبەرچاو بگرن، بەم شێوەیە سروشتی فرەزمانی و فرە کولتووری ئەم گەردوونە پشتگوێ دەخەن (Ahmed, 2015, 84). زۆربەی مێژوونوسان و زانایانی ئێرانی بەبێ ئەوەی بزانن ملکەچی سەرنجڕاکێشی گوتارێکی کۆکراوەی بیرهێنانەوەی ناسیۆنالیستە سەرەتاییەکان بوون. ئەم دیاردەیە لە هەوڵە بەردەوامەکانیان بە ئیدیعا و چەسپاندنی چەمکی ‘جیهانی فارسی’ بۆ مەبەستی ناسیۆنالیستی دەردەکەوێت. بەم دواییانە، ئەم زاراوەیە بەشێوەیەکی نەفامانە بۆ دروستکردنی چەمکە گوماناوییەکانی وەک ‘خودی فارسیەت’ (Kia, 2020)، ‘مۆدێرنیتەی فارسیەت’ (Jabbari, 2023) و ‘سوفیگەرایی فارسیەت’ (Amir Arjomand, 2020) بەکارهاتووە. ئەم بەکارهێنانە گرنگە لێکدانەوەیەکی لایەنگرانەی کیشوەری ئاسیا بەرەوپێش دەبات و ئاڵۆزییەکانی ئەم فەزا مێژوویی و کولتووری و زمانەوانییە دەسڕێتەوە. بۆنمونە کیا (٢٠٢٠، ١٥) بانگەشەی ئەوە دەکات کە زمانی فارسی ‘زمانی گشتگیری ئیسلامیی’ بۆ هەردوو مسوڵمان و نا مسوڵمان، کە لەگەڵیان ژیاون، خزمەتێکی زۆری کردووە، بەڵام ئەو بەڵگە مێژووییانە پشتگوێ دەخات سەبارەت بەوەی کە فارسی هەرگیز ئەو زمانە سەروو ناوچەییە نەبووە کە بە جیهانی فارسی یان زمانی هەموو خانەدانەکانی ‘ئێرانی’ ناوزەدکراوە (Green, 2019, 13). بۆ دڵنیایی، زاراوەی ‘ئێران’ بە مانا ناسیۆنالیستییەکەی لە ئەدەبیاتی سەدەکانی ناوەڕاستدا دەرناکەوێت و تەنها لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا بووە بە قەوارەیەکی سیاسی.

دەستەواژەی ‘جیهانی فارسی’ زۆرێک لەو بنەمالە فەرمانڕەوایانە دەگرێتەوە کە لە ماوەی پانزە سەدەدا حوکمرانی تەختی ئێرانیان کردووە. ئەم بنەمالە فەرمانڕەوایەنە نە بەشێوەی زنجیرەیی شوێنی یەکتریان دەگرتەوە؛ نە لەسەر میراتە سیاسی و کولتوورییەکانی یەکتریان بنیاتدەنا کە لەناویدا زمانی فارسی وەک زمانی هاوبەشی چەندین نەتەوە گەشەبکات. هەندێک لە خانەدانەکان (وەک سامانیەکان) زۆر زیاتر لەوانی تر گرنگییان دەدا (بۆنمونە، تاهیری و سەفەری پێشینانیان) بەبەرەوپێش بردنی زمانی فارسی، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە زمانی فارسی زمانی هەموو ئێرانییەکان بووە و بەو هۆیەوە جیهانێکی فارسی دروستکردبێت. عاسیف ئەشرەف (٢٠١٩، ١)، توێژەر لەبواری جیهانی فارس، دان بەوەدا دەنێت کە زاراوەی ‘فارسیەت’ ناولێنانی خودی  ئەو کەسانە نییە کەلەو ناوچەیەدا ژیاون.

بەڵام بۆ ناوچەیەک کە وا پێشبینی دەکرا زمانی فارسی تایبەتمەندییەکەی بێت، شتێکی فزوڵییە کە هاو واتایەک لەزمانی فارسیدا بۆ ‘فارسییەت’ نەبێت. لەوانەیە ئەو کەسانەی لە ناوچەی بەناو فارسی دەژین، زۆر بەکەمی ئاگاداری فەزای کولتووری هاوبەش بووبن.

گرین (٢٠١٩، ٣٨) پشتگیری لە هەڵوێستی دووفاقی ئەشرەف دەکات، هەڵبەتە بەشێوازێکی مشتومڕئامێز:

نمونەی کورد و ئەفغانییەکان ئەوە نیشاندەدات کە چۆن دوو گەلی خاوەن زمانی تایبەت بە خۆیان – کرمانج و پەشتو – زمان و ژانری مێژووی فارسییان (تاریخ) هەڵبژاردووە کە لە لایەن دەرباری ئیمپراتۆرییەوە پەسەندکراون بۆ نووسینی مێژووی سەرەتایی خۆیان. ئەمە لە حاڵەتی شەرفنامەدا ڕوویدا لەلایەن شەرەفەدین بەتلیسی (d. 1599)، کوردێک کە پێشتر لەژێر پاراستنی عوسمانی و سەفەوییەکاندا بوو.

زانایانی جیهانی فارسی سەرقاڵی سەلماندنی باڵادەستی زمانی فارسی بوون لە ئەورووپا و ئاسیای ناوەڕاست – وەک ئەوەی زمانی هاوبەشی ناوجەکە بێت – بە مەبەست زمانە نا فارسییەکانی ئێران بە نیمچە زمان/زراوەی ‘زمانی دایک’ یان ‘خۆجێیی’ ناوزەد دەکەن. ڕەتکردنەوەی بوون / یان پەیوەندی زمانە ڕکابەرەکان پشتگیری بانگەشەکانی یەکسانی لەگەڵ زمان و کولتوورە هیندی و /یان چینییەکان دەکات. ئەم جۆرە بانگەشە درۆینانە سەبارەت بە باڵادەستی زمانەوانی و کولتووری وای لەزانایانی فارسی کرد ‘بازنە’ی ئەو وڵاتانە سنورردار بکەن کە پێیانوایە لە ئاستی ئێراندان بۆ هەڵبژاردنی ‘برا گەورە’ ی کاریگەر، وەک هیندستان (بڕوانە Eaton, 2019) و چین، وەک ئەوەی زمانەکانی وەک ئەفغانی و ئوردوو، کە تەنها جارجار ئاماژەیان پێدەکردن، گرنگ و بەربڵاو نەبوون.

لەڕووی ئیتنۆگرافییەوە، ئەو ناوچەیەی کە لەڕووی جیۆ-فەرهەنگییەوە لە جیهانی فارسیدا یەکخراوە، میوانداری ژمارەیەکی بێشوماری کۆمەلگەی ئیتنۆزمانی کردووە لەهەردوو قۆناغی سەردەمی پێش ئیسلام و ئیسلامدا. هەبوونی چەندین نەتەوەی ئیتنۆزمانەوانی وەک کورد، تورک، عەرەب، لوڕ و بەلوچ، شایەتی پێکهاتەی فرە کولتووری و فرە زمانی ئێرانن. فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی زەمینەی تاقیکردنەوەیەکی گەورەی بۆ داکۆکیکارانی جیهانی فارسی دابینکردووە. هەندێک لە کۆنترین دەقە نووسراوە کوردییەکان مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی شازدە و حەڤدە، کاتێک شاعیرە کلاسیکییەکانی وەک عەلی تەرماخی (١٥٩١-١٦٥٣)، مەلای جزیری (١٥٧٠-١٦٤٠) و فەقێ تەیران (١٥٩٠-١٦٦٠) دەرکەوتن. یەکێک لەبەرهەمە دیارەکانی ئەم قۆناغە، مەم و زین بوو لەنووسینی ئەحمەدی خانی (١٦٥٠-١٧٠٧)، کە درامایەکی کلاسیکی کوردییە و لە ساڵی ١٦٩٢دا نووسراوە و چیرۆکی تراژیدی دوو خۆشەویستی کورد و دژایەتییان لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی دەگێڕێتەوە. ئەدەبی زارەکی کوردی مێژووەکەی زۆر کۆنترە. ئایینی ئێزدی کۆمەڵێک سروتی پیرۆزی هەیە کە بە قەول ناسراون، لەکاتێکدا ئایینی یارسان جۆرێکی هاوشێوەی هەیە کە بە کەلام ناسراوە. هەردوو ژانرەکە بەشێوەی شیعری گۆرانی نووسراون کە شوێن ڕێسا تایبەتەکانی زانستی هۆنینی کوردی دەکەون (Kreyenbroek, 2015). لەگەڵ ئەوەشدا، دوو ئینسایکلۆپیدیای کوردی، کوردیکا لەنووسینی ئاکۆ جەلیلیان و فەرهەنگی زارەکی موکریانی لە نووسینی سەلاح پایانیانی (ئینسایکلۆپیدیای مێژووی زارەکی کورد)، مێژوو و دەوڵەمەندی ئەدەبی کوردی و (زمان) ەکان نیشاندەدات. تا ئێستا هەشت بەرگ لە کوردیکا و بیست و یەک بەرگی فەرهەنگی زارەکی موکریانی چاپ کراوە. لە ٢١ بەرگەکەی فەرهەنگی زارەکی موکریانی، پانزە بەرگی تەرخان کراوە بۆ ئەلفوبێی کوردی، و شەش بەرگی بۆ جل و بەرگی ژنانی کورد و مێژووی زارەکی ژنانی کورد و خواردن و ئەدەبیاتی منداڵان و مۆسیقا و شیعر. ئەم بەرهەمانە و بەرهەمی دیکەی کوردی و غەیرە فارس نەناسروان هەربۆیە لەلایەن توێژەرانی بەناو جیهانی فارسەوە بەنادیاری ماونەتەوە.

تێبینی کۆتایی

ئەم وتارە ئەوەی دەرخستووە کە ڕۆحی ئاریایگەرایی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بەردەوام بووە لە زیندووکردنەوەی زانستی هاوچەرخ و سیاسەتی نەتەوەیی لە ئێراندا. لەسەردەمی پاش ساڵی ١٩٧٩دا، ئەم بنیاتە ئیتنۆ ڕەگەزییە بەهێز و بەردەوام کرا لەلایەن ڕۆشنبیرانی ئێرانی هاوچەرخەوە، کە نەک هەر شکستیان ‌هێنا لە داننان بە سڕینەوەی زانستی ‘ئەوانی دیکەی نەخوازراو’ بەڵکو ستایشی میراتی باوکی دامەزرێنەرانی فارسیگەرایی دەکرد (بڕوانە Ansari, 2019, 80; Dabashi, 2015, 163). لەم ڕوانگەیەوە، ڕۆشنبیرانی فارس وەک باڵێکی پابەندی دامودەزگای دەوڵەت کاردەکەن، یان لە ڕێگەی بێدەنگییەکەیەوە یان لەڕێگەی پەسەندکردنی ئاشکرای پێکهاتەی سیاسی فارسی شیعە سەنتەریەوە. بۆ نمونە، میهرزاد بوروجێردی (٢٠٢٠) وێنایەکی لەبار لە دەوڵەتمەدارانی سەردەمی پەهلەوی وەک فروغی تەقیزادە دەخاتەڕوو، کە چالاکانە سیاسەتە شەڕانگێزی و جینۆسایدەکانی شایان داڕشت و پشتگیریان کرد، داوای دووبارە هەڵسەنگاندنەوە و ناسینەوەی ڕۆڵی خۆیان دەکرد لە پرۆسەی ‘مۆدێرنیتەکردنی’ ئێراندا. بەپشتگوێخستنی تێوەگلانی ئەم دەستەبژێرانە لە دەیان ساڵ لە سڕینەوەی زمانەوانی و کولتووریدا، بوروجێردی (٢٠٢٠، ١١٣) بە بوێرییەوە جەختدەکاتەوە ‘ئەم بەڕێوەبەر فیکریانەی سەرشانۆ لێهاتوویی کارگێری و ڕیالیزمی پراگماتیکی بەکاردەهێنن بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی گۆڕانکاری ‌هێواش و ڕێکوپێک و بەم کارە شەرعیەت بە کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی سەرووی خۆیان دەبەخشن’.

نمونەیەکی دیکەی درەوشاوە عەلی میرسەپاسی، کۆمەڵناسێکی فارسییە، کە ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی سەرەتایی لە داڕشتنی مێژووی سیاسی ئێراندا کەمدەکاتەوە. میرسەپاسی (٢٠٠٠؛ ٢٠١١؛ ٢٠٢١) لەڕێگەی هەڵبژاردنی کەسایەتیە ڕۆشنبیریەکان و نووسینەکانیان بۆ پشتگیری شیکاریە خۆپەرستییەکانی خۆی بۆ مۆدێرنیتەی ‘ئێرانی’، بەشێوەیەکی سیستماتیکی خۆی بەدوور دەگرێت لەوەی کە چۆن زمانی فارسی و شیعە بوون بە بەردی بناغەی درووستبوونی شوناسی ئێرانی  فرەنەتەوەیی لەسەر حسابی نکوڵیکردن لە ‘مێژووی غەیرە فارسەکان’. لەشیکردنەوەی خۆپیشاندانەکانی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢-٢٠٢٣، ڕاپەڕینێکی نەتەوەیی بە باکگراوندی کوردییەوە بە دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ سەریهەڵدا، میرسەپاسی هەوڵی شێواندن و بە ناسیاسی کردنی  سەرچاوەی بزووتنەوەکەی دا لەڕێگەی شاردنەوەی لەمەرکەزیەت و فرە نەتەوەیی و سروشتی نەهێشتنی کۆڵۆنیالیزم. هەروەها میرسەپاسی بەگێڕانەوەی سادە و ناتەواو هەوڵدەدات ڕەچەڵەکی ‘ناسیۆنالیستی’ ساختە بۆ بزووتنەوەی ژینا دروستبکات و بەزۆر بە بزووتنەوەی دەستووری ١٩٠٦ بیبەستێتەوە.

بەم شێوەیە، ئەم نووسینە هەستی بەردەوامی گەورەتر لە گۆڕانکاری هزری ناسیۆنالیستی ئێراندا دەستنیشان دەکات. ئەگەر گۆڕانکارییەکی بەرچاو هەبێت، ئەوا لەزیادبوونی ئەوانەدا نییە کە بە ئێرانی دادەنرێن، بەڵکو لە فراوانبوونی چەمکی “ئەویدیبوونی” عەرەبەوە بۆ هەموو غەیرە فارسەکانی وەک کورد و تورک و ئازەری و بەلوچە. فراوانبوونی چەمکی “ئەوی دیکەی ناوخۆیی” لەساڵی ١٩٣٠وە بووەتە هۆی دوبارە پێناسەکردنەوە و دابەشکردنی “demos” یان ‘گەلایەتی’ بەسەر هاوڵاتی نمونەیی بەرامبەر بە ڕەعیەت یان ‘هاوڵاتی ناسەروەر’، کە کاریگەری خراپی لەسەر نافارسەکان، بەتایبەتی عەرەب و کورد و بەلوچ هەبووە. ئەم سێ نەتەوەیە، زیاد لە کۆمەڵگە نافارسەکانی دیکە، بەهۆی زمان و ئایینەکەیانەوە دووچاری هەڵمەتی جینۆساید و سیاسەتی تواندنەوە و توندوتیژی سیستماتیکی لەلایەن حکومەتەوە بوونەتەوە لەژێر ناوی پاراستنی یەکپارچەیی خاک و “نەتەوە”. ئەم سڕینەوە زانستی و سیاسییە درێژخایەنە کە لەلایەن ڕۆشنبیرانی فارسەوە پشتگیری لێکراوە، خەڵکی ئەم کۆمەڵگەیەی کردووە بە میوانی هەمیشەیی بە ڕەگەزنامەی مەرجدار.

  1. Adib-Moghaddam, A. (2017). Psycho-nationalism: Global thought, Iranian imaginations.
  2. Cambridge University Press.
  3. Afshar, M. (1925). Our ideal: Iran’s national unity. Ayandeh, 1, 5–8.
  4. Ahmed, S. (2015). What is Islam? Princeton University Press.
  5. Akhundzadeh, F. A. (1865[2016]). Maktoubat-e Kamal al-Dowla and its attachments. Ed.
    1. Haghdar (1st edn.). Bashgah-e Adabiat.
  6. Algar, H. (1973). Mīrzā Malkum Khān: A study in the history of Iranian modernism. University of
  7. California Press.
  8. Alizadeh, N. (2021). Imagined Iran after the arrival of Islam in Aryanist Orientalist, nationalist,
  9. and Islamist historiography. Journal of History School, 50, 25–53.
  10. Amanat, A. (2017). Iran: A modern history. Yale University Press.
  11. Amanat, A., & Ashraf, A. (2019).The Persianate world: Rethinking a shared sphere. Brill.
  12. Amir Arjomand, S. (2020). The emergence and development of Persianate Sufism: Khorasan,
  13. ninth to twelfth centuries. Journal of Persianate Studies, 13(1), 1–35.
  14. Ansari, A. (2012). The politics of nationalism in modern Iran. Cambridge University Press.
  15. Ansari, A. (2016). Iran’s constitutional revolution of 1906 and narratives of the enlightenment.
  16. Gingko Library.
  17. Ansari, A. (2019). Modern Iran since 1797: Reform and revolution. Routledge.
  18. Arani, T. (1924). Azerbaijan Yek Masʾaley-e Hayati va Mamati baray-e Iran [Azerbaijan: An
  19. existential question for Iran]. Farangestan, 5, 247–254.
  20. Asgharzadeh, A. (2007). Iran and the challenge of diversity: Islamic fundamentalism, Aryanist
  21. racism, and democratic struggles. Palgrave Macmillan.
  22. Ashraf, A. (2019). Introduction: Pathways to the Persianate. In A. Amanat & , and A. Ashraf (Eds.),
  23. Introduction: Pathways to the Persianate. Brill.
  24. Boroujerdi, M. (1996). Iranian intellectuals and the West: The tormented triumph of nativism.
  25. Syracuse University Press.
  26. Boroujerdi, M. (1998). Contesting nationalist constructions of Iranian identity. Critique: Critical
  27. Middle Eastern Studies, 7(12), 43–55.
  28. Boroujerdi, M. (2020). Rethinking the legacy of intellectual-statesmen in Iran. In R. Jahanbegloo
  29. (Ed.), Mapping the role of intellectuals in Iranian modern and contemporary history. Rowman &
  30. Bourdieu, P. (2002). Habitus. In J. Hillier & E. Rooksby (Eds.), Habitus: A sense of place. Ashgate.
  31. Browne, E. G. (1893). A year amongst the Persians. Adam & Charles Black.
  32. Browne, E. G. (1910). The Persian Revolution of 1905–1909. Cambridge University Press.
  33. ASIAN STUDIES REVIEW 19Browne, E. G. (1959). A literary history of Persia. Ebnesina.
  34. Cronin, S. (2003). The making of modern Iran: State and society under Riza Shah, 1921–1941.
  35. Dabashi, H. (2007). Iran: A people interrupted. New Press.
  36. Dabashi, H. (2012). The world of Persian literary humanism. Harvard University Press.
  37. Dabashi, H. (2015). Persophilia: Persian culture on the global scene. Harvard University Press.
  38. Dabashi, H. (2016). Iran without borders: Towards a critique of the postcolonial nation. Verso.
  39. Eaton, R. M. (2019). India in the Persianate age: 1000–1765. University of California Press.
  40. Elling, R. C. (2013). Minorities in Iran: Nationalism and ethnicity after Khomeini. Palgrave.
  41. Gheissari, A. (1998). Iranian intellectuals in the 20th century. University of Texas Press.
  42. Gibbon, E. (1776–1789). The decline and fall of the Roman empire. Strahan & Cadell.
  43. Gobineau, A. (1855[1967]). The inequality of human races. Trans. A. Collins. H. Fertig Press.
  44. Green, N. (2019). The Persianate world: The frontiers of a Eurasian lingua franca. University of
  45. California Press.
  46. Hodgson, M. (1974). The venture of Islam: Conscience and history in a world civilization.
  47. University of Chicago Press.
  48. Jabbari, A. (2023). The making of Persianate modernity: Language and literary history between Iran
  49. and India. Cambridge University Press.
  50. Jones, W. (1786[2013]). The third anniversary discourse, on the Hindus, delivered 2nd of February,
  51. 1786. In Lord Teignmouth (Ed.), The works of Sir William Jones: With the life of the author.
  52. Cambridge University Press.
  53. Kasravi, A. (1927[2006]). Shahryaran-e Gomnam [Unknown kings]. Negah Publishing Inc.
  54. Kasravi, A. (1933). Tāriḵ-e pāns
  55. ad sāla-ye Ḵuzestān [Five-hundred-year history of Khuzestan].
  56. Kasravi, A. (1938). Tāriḵ-e hejdah sāla-ye Āzarbāyjān [Eighteen-year history of Azerbaijan] (10th
  57. ). Tehran.
  58. Kasravi, A. (1944). Ma va Hamsayegan [Our neighbours and us]. Parchameh Haftagi, 6(5), 1–6.
  59. Kazemzadeh, H. (1924a). Maʿaref dar Osmani [Education in the Ottoman realm]. Iranshahr, 3,
  60. 127–143.
  61. Kazemzadeh, H. (1924b). Tajalliyat-e ruh-e Irani [The manifestations of Iranian soul] (2nd edn.).
  62. Negah-e Parvin.
  63. Kermani, M. A. K. (2005). Seh Maktoub [Three letters]. Ed. B. Chubineh. Nima Verlag.
  64. Kermani, M. A. K. (2006). Sad Khatabeh [One hundred lectures]. Ed. M. J. Mahjoub. Sherkat-e
  65. Khazeni, A. (2009). Tribes and empire on the margins of nineteenth-century Iran. University of
  66. Washington Press.
  67. Kia, M. (2014). Imagining Iran before nationalism: Geocultural meanings of land in Azar’s
  68. In K. Scot-Aghaei Kamran & A. Marashi (Eds.), Rethinking Iranian nationalism
  69. and modernity. University of Texas Press.
  70. Kia, M. (2020). Persianate selves: Memories of place and origin before nationalism. Stanford
  71. University Press.
  72. Kia, M., & Marashi, A. (2016). Introduction: After the Persianate. Comparative Studies of South
  73. Asia, Africa and the Middle East, 36(3), 379–383.
  74. Kreyenbroek, P. G. (2015). The Yezidi and Yarsan traditions. In M. Stausberg, Y. Sohrab-Dinshaw
  75. Vevaina, & A. Tessmann (Eds.), The Wiley–Blackwell companion to Zoroastrianism. John Wiley
  76. & Sons.
  77. Litvak, M. (2017). Constructing nationalism in Iran: From the Qajars to the Islamic Republic.
  78. Marashi, A. (2008). Nationalizing Iran: Culture, power, and the state. University of Washington
  79. Marashi, A. (2014). Iran and India: Two countries separated by a common language. KGOU.
  80. https://www.kgou.org/world/2014-06-19/iran-and-india-two-countries-separated-by-a-com
  81. mon-language .
  82. Markwart, J. (1922). Iranshahr. Iranshahr, 1(4), 71–77.
  83. 20 MOHAMMADPOURMatin-Asgari, A. (2018). Both Eastern and Western: An intellectual history of Iranian modernity.
  84. Cambridge University Press.
  85. Matin-Asgari, A. (2020). The making of Iran’s illiberal nation-state (1921–1926). In
  86. Jahanbegloo (Ed.), Mapping the role of intellectuals in Iranian modern and contemporary
  87. Rowman & Littlefield.
  88. Matthee, R., & Andreeva, E. (2018). Russians in Iran: Diplomacy and power in the Qajar era and
  89. I.B. Tauris.
  90. Minovi, M. (1946). Tarikh va Farhang [History and culture]. Kharazmi Publisher.
  91. Mirsepassi, A. (2000). Intellectual discourse and the politics of modernization: Negotiating modernity in Iran. Cambridge University Press.
  92. Mirsepassi, A. (2011). Political Islam, Iran, and the Enlightenment: Philosophies of hope and
  93. Cambridge University Press.
  94. Mirsepassi, A. (2021). The discovery of Iran: Taghi Arani, a radical cosmopolitan. Stanford
  95. University Press.
  96. Mohammadpour, A. (2024). Decolonizing voices from Rojhelat: Gender-othering, ethnic erasure,
  97. and the politics of intersectionality in Iran. Critical Sociology, 50(1), 85–106.
  98. Mohammadpour, A., & Soleimani, K. (2022). Silencing the past: Persian archaeology, race,
  99. ethnicity, and language. Current Anthropology, 63(2), 185–210.
  100. Montesquieu, C. S. (1721). The Persian letters of Montesquieu. G.G. Harrap.
  101. Parsi-Anjoman Website. (2018). The warning of Dr Shafiei Kadkani about the linguistic plans of
  102. the enemies. Parsi-Anjoman Website. https://parsianjoman.org/?p=6237.
  103. Pirnia, H. (1928). Tārikh-e Irān-e qadim: Az āqāz tā enqerāz-e Sāsāniyān [History of ancient Iran:
  104. From the beginning to the fall of the Sasanians]. Khayyā
  105. Renan, E. (1882[2018]). What is a nation? And other political writings. Columbia University Press.
  106. Richard, Y. (2019). Iran: A social and political history since the Qajars. Cambridge University Press.
  107. Saffari, S. (2017). Beyond Shariati: Modernity, cosmopolitanism, and Islam in Iranian political
  108. Cambridge University Press.
  109. Shariati, A. (1982). BazShenasi Hoviate Irani [Recognising Iranian identity], Vol. 27. Sepideh
  110. Bavaran Press.
  111. Sharifi, M. (2013). Imagining Iran: The tragedy of subaltern nationalism. Lexington Books.
  112. Siavoshi, S. (2014). Construction of Iran’s national identity: Three discourses. In K. Scot-Aghaei
  113. Kamran & A. Marashi (Eds.), Rethinking Iranian nationalism and modernity. University of
  114. Texas Press.
  115. Sohrabi, N. (2011). Revolution and Constitutionalism in the Ottoman Empire and Iran. Cambridge
  116. University Press.
  117. Tavakoli-Targhi, M. (2011). Refashioning Iran: Orientalism, Occidentalism, and historiography.
  118. Palgrave Macmillan.
  119. Tavakoli-Targhi, M. (2015). Ahmad Kasravi’s critiques of Europism and Orientalism. In
  120. Talattof (Ed.), Persian language, literature, and culture. Routledge.
  121. Ünlü, B. (2016). The Kurdish struggle and the crisis of the Turkishness contract. Philosophy &
  122. Social Criticism, 42(4–5), 397–405.
  123. Ünlü, B. (2023). The Turkishness contract and the formation of Turkishness. In A. Alemdaroğlu &
  124. M. Göçek (Eds.), Kurds in dark times: New perspectives on violence and resistance in Turkey.
  125. Syracuse University Press.
  126. Vaziri, M. (1993). Iran as imagined nation: The construction of national identity. Paragon House.
  127. Wolfe, P. (2016). Traces of history: Elementary structures of race. Verso Books.
  128. Yarshater, E. (1993). Persian identity in historical perspective. Iranian Studies, 26(1–2), 141–142.
  129. Zarrinkoub, A. (1957). Do Qarn Sokout [Two centuries of silence]. Entesharate Amirkabir.
  130. Zia-Ebrahimi, R. (2011). Self-orientalization and dislocation: The uses and abuses of the ‘Aryan’
  131. discourse in Iran. Iranian Studies, 44(4), 445–472.
  132. Zia-Ebrahimi, R. (2014). ‘Arab invasion’ and decline, or the import of European racial thought by
  133. Iranian nationalists. Ethnic and Racial Studies, 37(6), 1043–1061.
  134. Zia-Ebrahimi, R. (2016). The emergence of Iranian nationalism: Race and the politics of dislocation.
  135. Columbia University Press.

 

 

Send this to a friend