• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 24, 2025

سیاسەتی دەرەوەی ئێران؛ بنەما و ڕەهەندەكانی

بەختیار ئەحمەد ساڵح

​​پوختە

ئاڵۆزییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران زۆرجار لە هۆکارە مێژوویی، ئایدیۆلۆژی و جیۆپۆلەتیکییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت و لە سیاسەتەکانى لە ناوچەکەدا ڕەنگ دەداتەوە. شیکردنەوەی ئەم ئاڵۆزییانە پێویستی بە ڕێبازێکی فرەلایەن هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی نەک تەنیا گێڕانەوەی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڵکو پێویستە کاریگەریی کارەکتەرە دەرەکییەکان و دینامیکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش لەبەرچاو بگیرێت. تێگەیشتنێکی ورد لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران بۆ داڕێژەرانی سیاسەت زۆر گرنگە، چونکە هەم سەقامگیری ناوچەکە و هەم چوارچێوەی ئاسایشی جیهانی لە قاڵب دەدات. لێکدانەوەی هەڵە دەتوانێت لەبرى پەرەپێدانی گفتوگۆیەکى بنیاتنەرانە، ببێتە هۆی سیاسەتی هەڵە و پەرەپێدانی گرژییەکان. لە چوارچێوەی گۆڕانی خێرای ڕووداوە سیاسسییەکانى جیهاندا، پێویستی شیکردنەوەی ئامانجە ستراتیژییەکانی ئێران لە هەموو کاتێک پێویستترە.

پێشەکى

عەلی خامنەیی ڕابەری باڵاى ئێران لە وتارێکدا لە ٢٠ی ئایارى ٢٠٢٣ سیاسەتی نوێی دەرەوەی ئێرانى خستەڕوو کە جەخت لەسەر دوو ئاڕاستەى سەرەکى دەکاتەوە: یەکەم، کەمکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان، دووەم، بەردەوامبوونی کاریگەریی ناوچەیی و فراوانکردنی قووڵایی ستراتیژی(1). بە لێکۆڵینەوە لەم وتارە دەتوانین گۆڕانکاری و بەردەوامیی سیاسەتەکانی دەرەوەی ئێران شیبکەینەوە و لێکەوتەکانی لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بەدیبکەین.

وتارەکەی خامنەیی ئەوە دەردەخات کە ئێران بەردەوامە لە جەختکردنەوە لەسەر بنەما ئایدیۆلۆژییەکانی، بەڵام لە هەمانکاتدا سیاسەتی پراگماتیکیش بۆ کەمکردنەوەی فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان پەیڕەو دەکات. ئەم ئاڵوگۆڕانه زۆرتر تاکتیکین و نوێنەرایەتی گۆڕانێکی بنەڕەتی لە سیاسەتی دەرەوەى ئێراندا ناكەن. درێژەدان بە سیاسەتى دەستێوەردان لە ناوچەکە، پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ چین و ڕووسیا و گرتنەبەری هەڵوێستی دوژمنکارانە لە دژی ئەمریکا، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە سیاسەتی دەرەوەی ئێران وەک پێشتر بەردەوام دەبێت، هەرچەندە لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە لە تارانەوە نەرمییەکی سنووردار بەدی بکرێت.

خامنەیی لە ساڵی ٢٠٢١ەوە بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەلایەن دەزگا باڵاکانەوە دیاری دەکرێت نەک وەزارەتی دەرەوە. لە ئەنجامدا ڕۆڵی وەزارەتی دەرەوە لە دانوستانە گرنگەکانی وەک ڕێکەوتنی ٢٥ ساڵەی لەگەڵ چین و ڕێکەوتنی ئێران و سعودیە لە ساڵی ٢٠٢٣دا زۆر سنووردار بوو. ئەم دانوستانانە ڕاستەوخۆ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان و ڕاوێژکارانی خامنەیی وەک عەلی شەمخانی و عەلی لاریجانی بەڕێوەدەبرا(2).

خامنەیی لە ساڵانی ڕابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی پەراوێز خستووە و کۆنترۆڵی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی خستۆتە دەست دەزگاکانی ژێر چاودێری خۆی. ئەم ڕەوتە لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئیبراهیم ڕەئیسیدا چڕتر بووەوە و دوای کۆچی دوایی ناوبراویش هەر بەردەوام بوو.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا خامنەیی بە بەهێزکردنی دەزگاکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی و پەراوێزخستنی وەزارەتی دەرەوە، کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا بەدەستهێنا. سیاسەتی بێمتمانەیی بە ڕۆژئاوا بەردەوامە لە ڕێنماییکردنی دیپلۆماسیەتی ئێران و گۆڕانکاری لە سەرۆک کۆماریشدا ئەم ڕێبازە ناگۆڕێت.

بنەما جێگیرەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران

سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە لە سەر سێ بنەمای سەرەکی بووە:

  1. ئایدۆلۆژیا و شوناسی نەتەوەیی: سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای تیۆری ويلایەتى فەقێ و شوناسی شیعەیە کە لە دەستووری وڵاتیشدا بەدامەزراوەیی کراوە. ئەم سیاسەته جەخت له بڵاوبووکردنەوەى ئایدۆلۆژیای شۆڕشی ئیسلامیی و پشتیوانی له گرووپ و هێزە هاودیدەکانى لەناوچەکە دەکات.
  2. پشتیوانی لە بەرەى موقاوەمە: ئێران لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا جەخت لەسەر پشتیوانی لە  هێز و پارتەکانى وەک حیزبوڵڵا، حوسییەکان و حەماس دەکاتەوە و وەک بەشێک لە ستراتیجی تاران بۆ فراوانکردنی هەژموونى ناوچەیی خۆی.
  3. پراگماتیزم شانبەشانی ئایدۆلۆژیا: لە کاتێکدا ئێران پێداگری لەسەر بنەما ئایدیۆلۆژییەکانی خۆی دەکات، لە کاتی قەیرانیشدا سیاسەتی پراگماتیک بەکاردەهێنێت. نموونەی ئەم ڕێبازە بریتین لە دانوستانی ئەتۆمی، پەیوەندی ئابووری لەگەڵ چین و ڕووسیا و تەنانەت پەیوەندی تاکتیکی لەگەڵ هەندێک وڵاتی ناوچەکە.

تێڕوانینێکی گشتی بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران

ئاڵۆزییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران نەک هەر ڕەنگدانەوەی ڕەگ و ڕیشە مێژوویی و ئایدیۆلۆژییەکەیەتى بەڵکو وەڵامیشە بۆ ئەوەى لە دەوروبەرى دەگوزەرێت. ستراتیژی ئێران خۆناساندنییەتی وەک زلهێزێکی ناوچەیی، کە هەوڵدەدات لە ڕێگەی فۆرمی جۆراوجۆری دیپلۆماسی و هێزە لە برییەکانییەوە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جەختی لەسەر بکاتەوە. ئەم ڕەفتارە لەگەڵ چەمکی بەڕێوەبردنی هێزدا هاوتەریبە، کە تێیدا دەوڵەتەکان هەوڵدەدەن کایەی کاریگەری دروست بکەن و هاوسەنگی هێز بپارێزن. ئێران لە ژینگەیەکی جیۆپۆلەتیکی پڕ لە ئاڵنگاریدا دەژی، کە نەیارەکانى کار لەسەر گەمارۆدان و گۆشەگیرکردنى دەکەن، ئێرانیش لە بەرامبەردا ستراتیژییەکی فرەلایەنە پەیڕەو دەکات کە ئامانجی تێکدانی هەژموونی ڕۆژئاوا و بەهێزکردنى هێزە لەبرییەکانییەتى لەناوچەکە کە بە بەرەى موقاوەمە ناسراوە. بە گشتى تێکەڵەیەک لە فاکتەرەکانی وەک جوگرافیا، ئایین، نیگەرانییەکان لە یەکپارچەیی خاک، ئەزموونەکانی ڕابردوو، خواستی باڵادەستی ناوچەیی، دەستێوەردانی زلهێزەکانی جیهان و سیاسەتى ناوخۆیی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا بینیوە (3).

ئێران هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە پشتی بە زیاتر لە ڕەگەزێک بەستووە تا مۆدێلە سیاسیيەکەى سەرنجڕاکێشتر بکات بە شێوەیەک کە وا بکات قابلى قبووڵبێت، لەوانە قسەکردن بە ناوی ئیسلامی شۆڕشگێڕ، پشتیوانی لە بەرەى موقامەوە لە ناوچەکە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەیارەکانى ئەمریکا.  ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازە ئایدیۆلۆژی، ئابووری، کلتورى و بازرگانييەکانی کاری بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە کردووە. ئەو ڕێکەوتنانەی کە لە نێوان ئێران، چین، ڕووسیا و ڤەنزوێلا ئەنجامدراون، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئێران لەگەڵ ئەم وڵاتانە بەشداری دەکات لە دروستکردنی هاوپەیمانی بە ئامانجی داڕشتنەوەى نەزمی نوێی جیهانی(4).

تا بەر لە 7ى ئۆکتۆبەر، ڕۆژئاوا و ناوچەکە تەنها نیگەرانی پڕۆگرامە ناوەکییەکەى ئێران بوون، بەڵام لە دواى ئەو بەروارەوە دەرکەوت کە هێزە لەبرییەکانى ئێران دەتوانن هەڕەشەى جدی دروست بکەن. لەدوای شۆڕشی ئێرانەوە لە ساڵی 1979 ئایەتوڵڵا خومەینی گەڕایەوە بۆ وڵات، ئێران هەوڵی چەسپاندنی هەژموونى خۆی داوە لە سەرانسەری ناوچەکەدا بۆ ئەم مەبەستەش ئێران پشتى بە تۆڕێک لە هێزە لەبرییەکان بەستووە کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوەوە لە حیزبوڵڵای لوبنانەوە دەستی پێکرد، دواتر عێراق (لە ساڵی ٢٠٠٣) و یەمەن (لە ساڵی ٢٠١٤) زەمینەیەکی لە بارى بۆ ئێران فەراهەم کرد بۆ دروستکردنى بەرەیەک بەناوى بەرەى موقاوەمەوە، ئەمە بەرەیە کە تۆڕێکە لە هێزە لە برییەکانى ئێران، پێکهێنەرێکى سەرەکى ستراتیژی ناوچەیی و ئامرازێکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بوو بەر لە کەوتنى ئەسەد. بە شێوەیەکی چارەنووسساز، بەرەى موقاوەمە ڕێگەى بە ئێران دەدا کە دەسەڵات و کاریگەری لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دروست بکات و لە هەمانکاتدا مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نەیارە سەرەکییەکانى وەک ئەمریکا و ئیسرائیل کەم بکاتەوە. تێوەگلانی ئەم دواییەی هێزەکانى سەر بە ئێران، واتە حیزبوڵڵا و حوسییەکان لە شەڕی بەردەوامی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەززە، زیاتر پێگەی ستراتیژی تاران لە چوارچێوەی بەرفراوانی ناوچەکەدا نیشان دا (5).

تێڕوانینە باوەکان سەبارەت بە ستراتیژ و پاڵنەرە جیۆپۆلیتیکییەکانی ئێران

زۆرجار تێنەگەیشتنەکان سەبارەت بە ئێران لە دیدى زۆر سادەوە سەرچاوە دەگرێت و کردەوەکانی تەنیا بەهۆی خواستی هەژموونی ناوچەییەوە لێکدەدرێتەوە. ئەم جۆرە تێڕوانینانە زۆرجار ئەو زەمینە مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سیاسییە ئاڵۆزانە پشتگوێ دەخەن کە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە قاڵب دەدەن. بۆ نمونە، پاشهاتەکانی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ٢٠٠٣ دەریخست کە چۆن دەستێوەردانەکانی ئەمریکا دەتوانێت هەوڵەکانى نەتەوەیەک بۆ دابینکردنى ئاسایش نەتەوەیی و دروستکردنى کاریگەری خێراتر بکات. کاردانەوەکانى ئێران تەنیا کردەوەی شەڕانگێزی نین، بەڵکو زۆرجار وەڵامێکن بۆ هەڕەشەکان، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پاڵنەرەکانی ئێران ئەوەندەی پەیوەندی بە پاراستنى ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە، ئەوەندەش پەیوەندییان بە پابەندبوونی ئایدیۆلۆژییەوە هەیە. بەم پێیە تێگەیشتن لەم داینامیکیانە بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران و پێگەی ناوچەیی ئێران زۆر گرنگە.

ئاڵۆزییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەبێ داننان بە پاشخانی مێژوویی ئێران، بەتایبەتی ئەو ڕووداوانەی کە ئایدۆلۆژیای شۆڕشگێڕانەی ئێرانیان لە قاڵب داوە، تێگەیشتن لێى ئەستمە. دوابەدوای شۆڕشی ئیسلامیی لە ساڵی ١٩٧٩، ئێران دەستوورێکی پەسەند کرد کە جەختی لەسەر دژایەتى ئیمپریالیزم و سەربەخۆیی ناوچەیی دەکردەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دروستکرد. ئەم گۆڕانکارییە ئایدیۆلۆژییە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی هەژموونی هەستپێکراوی ڕۆژئاوا بوو، بەتایبەتی هەژموونی ئەمریکا کە ئێران وەک نەیارى سەرەکى لێی دەڕوانى. شرۆڤەکاران پێیان وایە کە کردەوەکانی ئێران- بە تایبەتی سەبارەت بە پڕۆگرامە ناوەکییەکەى و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزەکانى بەرەى موقاوەمەدا، لە نێوان دەستوور و ئایدۆلۆژیای شۆڕشگێڕیدا لە جوڵدایە. تێگەیشتن لەم ڕەهەندە مێژووییانە زۆر گرنگە، چونکە بەرچاوڕوونى دەدات لە سەر چۆنیەتى پرۆسەی بڕیاردان لە ئێران، هەر لەبەرئەوەشە کە ئێران ئاسایشی نەتەوەیی لەسەر بنەماى پشتیوانیکردنی لەو هێزە لەبرییانە دادەڕێژێت کە لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە هاوپەیمانن لەگەڵیدا و دوژمنایەتی بەرژەوەندی نەیارەکانى دەکەن لەناوچەکە بە تایبەت ئەمریکا و ئیسرائیل.

هێزە لەبرییەکان یاخود بەرەى موقاوەمە

هێزە لەبرییەكان خزمەت بە چەندین ئامانجى ئێران دەکەن، لەوانە کۆکردنەوەى زانیاری هەواڵگری لەبارەی نەیاران و دروستکردنى بەربەست بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانی ئێران و دواجار دروستكردنى کاریگەری لەسەر ئاراستەی سیاسی وڵاتانی دراوسێ. لە ڕێگەى ئەم هێزانەوە ئێران دڵنیادەبێت لەوەی وڵاتانی دراوسێ خۆیان بەدوور دەگرن لەوەى کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی تاراندا ناکۆکییان هەبێت، سەربارى ئەوەش ئێران بە پێدانى ئەرکە سەربازییەکان بەهێزە لەبرییەکانى مەترسییەکانی کاردانەوەی ناوخۆیی کە بە شێوەیەکی گشتی پەیوەستن بە زیانە گیانییەکانەوە، کەمتر دەکاتەوە (6).

تەواوى ئەو وڵاتانەى کە بە شێوەى ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ ئێران بوونى هەیە تیایاندا، سەرجەمیان گۆڕەپانى ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەن بەڵام ئەرکەکانیان جیاوازە، بۆ نمونە لە لوبنان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئیسرائیل، لە سووریا بەر لە کەوتنى ئەسەد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى جیهادییەکان و ئیسرائیل، لە عێراق بۆ دەرکردنى ئەمریکییەکان و لە یەمەن بۆ پاراستنى حوسییەکان و دروستکردنى گوشار لەسەر وڵاتانى کەنداو، پشتیوانى لە حەماس و جیهادى ئیسلامیش هەر لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەى ئیسرائیل دا لێکدەدرێتەوە.

ئەو پشتیوانییەى کە ئێران لە هێزە لەبرییەکانى دەیکات لە ناو وڵاتانى ناوچەکە بەشێوەى هەنگاو بەهەنگاو پەرەى سەندووە تا ئەو جێگەیەى کە ئەو هێزانە تێکەڵ بوونەتەوە لەگەڵ دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان و بوون بە بەشێک لە دام و دەزگا فەرمییەکانى وڵاتەکە و دواتر فەرماندە و ئەندامەکانیان دزە پێکراونەتە ناو سیستەمى سیاسی وڵات و بوون بە نوێنەر لە پەڕلەمان و دەچێنرێن لەناو نێوەندەکانى دروستکردنى بڕیارى سیاسی وڵاتەکە تا ڕێگرى بکەن لە دەرکردنى هەر بڕیارێک کە بەشێوەیەک لەشێوەکان هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئێران دروست بکات.

ئەم تێکەڵبوونەى نێوان بەرژەوەندی و ئایدۆلۆژیا لە قۆناغی داهاتوودا بە چەندین هۆکار وەک تایبەتمەندییەکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەمێنێتەوە، یەکەم، نوێنەرایەتی یەکێک لەو بناغانە دەکات کە کۆماری ئیسلامیی لەسەر بنیات نراوە. دووەم: ئەم ئاڵۆزییە لە هەندێک کاتدا یارمەتیدەرە، بۆ فراوانکردنی پەراوێزی بژاردەکانی بەردەستی بڕیاردەری ئێرانی و سێیەم پەیوەندی بە پەرۆشی دەسەڵاتەوە هەیە، کە ڕێگە نادات جووڵانەوەیەکى سیاسی بە تەنیا دامەزراوەکانی بڕیاردان کۆنترۆڵ بکات، بە شێوەیەک کە ببێتە مایەى هەڕەشە بۆ سەر سەرکردایەتی باڵا (7).  بە گشتی ئەم داینامیکییە پەرەسەندووانە ئەوە دەردەخەن کە سیاسەتی دەرەوەی ئێران تەنیا بەرهەمی ڕیاڵ پۆلیتیک نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و بنیاتە کۆمەڵایەتییە ڕەگ داکوتاوەکانیشە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهاندا پێناسە دەکەن.

تێنەگەیشتن لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران

تێنەگەیشتن لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەتوانێت کاردانەوەی بەرچاو لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسیدا بەدوای خۆیدا بهێنێت و تێڕوانین بۆ پاڵنەر و کردارەکانی چەواشە بکات. داننان بە چوارچێوەی مێژوویی ئێران، بە تایبەتی ئایدیۆلۆژیای دوای شۆڕش و خواستە ناوچەییەکانی، بۆ بەشداریکردنێکی کاریگەر زۆر گرنگە. تێنەگەیشتن لەم ڕەگەزانە دەتوانێت ببێتە هۆی سیاسەتی چەواشەکارانە کە گرژییەکان زیاتر دەکەن، وەک لە وەڵامەکانی پڕۆگرامە ناوەکییەکەى و پشتگیریکردنی لە هێزە لەبرییەکان دەبینرێت. سەرەڕای ئەوەش، لێکدانەوەی هەڵە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا چاوپۆشی لە دانوستان و سازان بکەن کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێکان، بۆیە تێگەیشتن لە ئامانجە ستراتیژییەکانی ئێران کە بە هەردوو کاریگەری ناوخۆیی و ناوچەیی لە قاڵب دراوە، شتێکی بنەڕەتییە.

کرۆکى پڕۆژەی ئێران لە پەرەپێدانی هەژموونى نەتەوەییدا کورت دەکرێتەوە، کە سوود وەردەگرێت لەبەرگپۆشێکی ئایینی وەک دروشمێک بۆ کۆنترۆڵکردن و دزەکردنە ناو وڵاتە عەرەبییەکانى ناوچەکە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سیستەمی سياسى له ئێران ئەوەیە کە ئاینی ئیسلام وەک گرنگترین پێکهاتە لە سیاسەتدا بەکاردەهێنرێت. لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی لە ساڵی 1979ەوە، سەرکردەکانی ئێران هەوڵیان داوە ئامانجە ئاینییەکان لە سیاسەتی دەرەوەدا بەکاربهێنن و سەرنجیان لەسەر پرسی ستەمکردن بووە لە شیعەکان لە ناوچەکە ئەگەر چی دواتر تاران پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوە جۆربەجۆرە جیهادییەکان دامەزراندووە و ئایینزاى شیعە ڕێگر نەبووە لەوەى کە ئێران پەیوەندى لەگەڵ بزووتنەوەى حەماس یاخود قاعیدە دروست بکات.

ئێران خۆی وەک درێژکراوەی سروشتی شارستانیەتێکی کۆن دەبینێتەوە و پێی وایە ئەم شارستانییەتە وەک پێویست ڕێزی لێ نەگیراوە، بە تایبەت لە لایەن وڵاتە عەرەبیەکانەوە، هەر بۆیە ئێران زۆر جار وەکو دۆست مامەڵە لەگەڵ دراوسێ عەرەبەکانى ناکات، بەڵکو بە پاساوی ئایینی خۆى وەک نێوەندێک دەبینێتەوە لەناوچەکە، کە خەمی هەناردەکردنی شۆڕش و پاڵپشتیکردنی ئاینزاى شیعە و پاراستنى ستەملێکراوەکانى جیهانى هەیە(8).

سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای ئامانجە نەتەوەییە جێگیرەکان دامەزراوە ئەگەر چی کۆماری ئیسلامیى ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ستراتیژێکی هاوسەنگی نابەستێت، بەڵکو بەئاشکرا ڕووبەڕووى سیاسەتی زلهێزەکان، بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەبێتەوە (9). ئێران سیاسەتى دەرەوەى لەسەر بنەماى پۆڵێنکردنێکى تایبەت دادەڕێژێت بەم شێوەیەى لاى خوارەوە:

  1. دوژمنەکان: وەک ئیسرائیل، ئەمریکا و سعودییە: ئێران کاردەکات لەسەر تێکدانی سیاسەتی ناوچەیی وڵاتانی دوژمن.
  2. هاوپەیمانەکان: ڕووسیا، عێراق: ئێران کاردەکات لەسەر قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان بەپێی ئاستەکانیان.
  3. گرێدراوەکان: وەک یەمەن، لوبنان، سەڵتەنەتى عومان: ئێران کاردەکات لەسەر بەهێزکردنی کاریگەری لەسەر ئەو وڵاتانەی وابەستەن بە ئێرانەوە.
  4. گرێدراوى دوژمن: ئوردون، میسر، ئیمارات، کوێت: ئێران کاردەکات لەسەر بێلایەنکردنی ئەو وڵاتانی كەگرێدراوى دوژمنن.

سیماکانى سیاسەتی دەرەوەی ئێران

  1. بەرەى موقاوەمە کە تۆڕێکە لە کاراکتەرە نادەوڵەتییەکان و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، ڕەگەزێکى گرنگی ستراتیژی ناوچەیی ئێرانە. ئەم بەرەیە نوێنەرایەتی ئامرازێکی سەرەکی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەکات. لە هەمووی گرنگتر، بەرەى موقاوەمە ڕێگە بە ئێران دەدات دەسەڵات و هەژموونى خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی نیشان بدات و مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نەیارە سەرەکییەکانى وەک ئەمریکا و ئیسرائیل کەم بکاتەوە (10).
  2. پرۆژەی ئێران لە ناوچەکەدا پشت بە هێزى ڕەق و نەرم دەبەستێت و سوود لە نەبوونی پڕۆژەی عەرەبی وەردەگرێت و بوونی ئیسرائیل دەقۆزێتەوە. بوونی ئێران لەعێراق دوای داگیرکردنی لە لایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣ و لە لوبنان دواى کشانەوەی ئیسرائیل لێی لە ساڵی ٢٠٠٦، فراوانتر بوو و لە ڕێگەی شەڕى ناوخۆیی سووریاشەوە بوونی ڕاستەوخۆی خۆی لە گۆڕەپانی سووریا سەپاند و چەکداری لە پاکستان و ئەفغانستانەوە هێنا و ململانێی یەمەنی لەگەڵ حوسییەکان قۆستەوە بۆ پشتگیریکردن و دەست وەردان لەو وڵاتە (11).
  3. شرۆڤەکارانى سیاسەتی دەرەوەی ئێران زۆرجار سەرنج دەخەنە سەر لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەڵام چاوپۆشی دەکەن لەوەى لەناوەوەى ئێران دەگوزەرێت. پێشهاتە ناوخۆییەکان، وەک زیادبوونی ناوەندگەرایی دەسەڵات، بەئەمنیەتیکردنی سیستەمی سیاسی و پتەوکردنی دەستە پاوانخوازانەی نوخبەی دەسەڵاتدار، بە قووڵی سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران لە قاڵب دەدەن. تێگەیشتن لەم گۆڕانکارییە پێویستە بۆ پەرەپێدانی تێڕوانینێکی هەمەلایەنە سەبارەت بەوەی کە چۆن کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران هەیە (12).
  4. سیاسەتی دەرەوەی ئێران پەیڕەوى لە کۆمەڵێک دیاریکەر دەکات، بەشێوەیەک کە دیاریکەری ئاسایش پەیوەندییەکانی دەرەوەى ڕێکدەخات بەتایبەت لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، ئێران هەر لە سەرەتاوە بە گومانەوە لە ڕۆژئاواى ڕوانیوە و گیربووە لە مامەڵەکردنى لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیدا و هەوڵى داوە سەربەخۆتر دەربکەوێت، بەڵام ئەم سیاسەتە دەسەڵاتى ئێرانى زۆر ماندوو کردووە و سەرەڕای هەوڵدان بۆ هاوسەنگکردنی، بەڵام جارجارە شکست دەهێنێت.
  5. ئێران بەدوای سەربەخۆیی ئابووریدا دەگەڕێت وەک مەرجێک بۆ دەرچوون لە چەکی گەمارۆ ئابوورییەکان تا وەک هێزێکی باڵادەست دەربکەوێت و پەرە بە لایەنە سەربازییەکانى بدات.
  6. بەپێی دەستووری ئێران، سیاسەتی دەرەوەی ئێران شەرعیەتى داوە بەدەستێوەردانی ناوچەیی بە بیانووی داکۆکی لە مافی موسڵمانان. بەشێوەیەک کە کار دەکات بۆ ڕەتکردنەوەى هەموو جۆرەکانى خۆسەپاندن، پاراستنى سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکى وڵات، داکۆکى کردن لە مافى مسوڵمانەکان، لایەنگرى نەکردن لە هێزە ستمەکارەکان و پاراستنى پەیوەندى دروست لەگەڵ تەواوى ئەو وڵاتانەى کە دوژمن نین.
  7. لە مادەى 154 دەستورى ئێراندا هاتووە کە :”کۆماری ئیسلامیی ئێران بەختەوەری مرۆڤ لە هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا بە بەرزترین بەهاى خۆی دەزانێت و سەربەخۆیی، ئازادی، سەروەری یاسا بە مافى هەموو گەلانی جیهان دەزانێت و بەو پێیەش پشتگیری لەخەباتی ڕەوای ستەملێکراوان دەکات لە دژی ستەمکارەکان لە هەموو بەشەکانی جیهاندا، بەڵام خۆی لە هەموو جۆرە دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆیی گەلانی دیکە بەدوور دەگرێت” (13).

گۆڕانی سیاسەتى دەرەوەى ئێران بەرەو ناوەندگەرایی

لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئیبراهیم ڕەئیسی (٢٠٢١-٢٠٢٤) بەڕوونى هەست بەکەمبوونەوەی کاریگەرییەکانی وەزارەتی دەرەوە و زیادبوونی ڕۆڵی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و سوپای پاسداران کراو کە بووە هۆى لادان لە کەناڵە دیپلۆماسییەکان بە ئاڕاستەى سیاسەتێکى دەرەکی زیاتر سەربازیی(14)، لە چاوپێکەوتنێکی دزەپێکراوی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆمار لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران، زەریف ئاماژەی بەوە داوە کە وەزارەتی دەرەوە هیچ کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر چالاکییە مەیدانییەکانی سوپای پاسداران نەبووە، بەڵکو بە ناچاری لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان داکۆکی لە کارەکانی قاسم سولەیمانی و سەرکردەکانی دیکە کردووە (15). سیاسەتی دەرەوەی ئێران گۆڕانکاری بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، لەوانە زیادبوونی ناوەندگەرایی دەسەڵات، بەهێزبوونی مەیلی دژە ڕۆژئاوایی، میلیتاریزم و کۆنترۆڵی تاکڕەوانەی نوخبەی دەسەڵاتدار. ئەم ڕەوتانە دوای مردنی ڕەئیسی بەردەوام بوون و ڕۆڵی وەزارەتی دەرەوە پەراوێزخرا و دامودەزگاکانی وەک ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و سوپای پاسدارانی کاریگەری زیاتریان لە سیاسەتی دەرەوە دروستکرد، هەروەها ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی ڕووسیا و چین بەهێزتر کرد و خۆی لە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ڕۆژئاوا دوور خستووەتەوە (16). بە گشتى گۆڕانکارییەکان دەکرێت لەم خاڵانەدا کورت بکرێتەوە:

  1. گۆڕینی میکانیزمە فەرمییەکان بە پرۆسەی نافەرمی: سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ڕێگەی یاسایی و دیپلۆماسی دوورکەوتووەتەوە و بەرەو پرۆسەی نافەرمی و ئەمنی هەنگاوی ناوە. بە چڕبوونەوەی دەسەڵاتی زیاتر لە دەستی ڕابەری باڵادا، ڕۆڵی وەزارەتی دەرەوە لاواز بووە و لە بەرامبەردا ڕۆڵدراوە بە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان.
  2. دوورخستنەوەی وەزارەتی دەرەوە لە پرۆسەی بڕیاردان: لەم ساڵانەی دواییدا وەزارەتى دەرەوەى ئێران ڕۆڵێکی بچووکتری لە سیاسەتی دەرەوەدا گێڕاوە و دامەزراوەکانی وەک سوپای پاسداران و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە هەنگاوی دیپلۆماسییان گرتووەتەبەر. ڕێکەوتنی ٢٥ ساڵەی ئێران و چین (٢٠٢١) و ڕێکەوتنی ئێران و سعودیە (٢٠٢٣) نموونەی ئەم پرۆسەیەن کە وەزارەتی دەرەوە ڕۆڵی پەراوێزی تێدا گێڕاوە.
  3. هەنگاو بەرەو ڕۆژهەڵات و زیادبوونی دژایەتی بەرامبەر ڕۆژئاوا: ئێران لەبری دروستکردنى پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و چین پتەوتر کردووە. ئەم گۆڕانکارییە لە ستراتیژیدا لە وەڵامی چڕبوونەوەی سزاکان بوو، هەروەها ئێران پەیوەندی بە ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای و گرووپی بریکس کردووە.
  4. زیادبوونی میلیتاریزم لە سیاسەتی دەرەوەدا: ڕۆڵی سوپای پاسداران لە سیاسەتی دەرەوەدا زیاتر بەرچاو کەوتووە. بەکارهێنانی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەک ئامرازی دیپلۆماسی، وەک هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، هەرێمى کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٤، نموونەی ئەم گۆڕانکارییە لە ڕێبازدا. ئەم سیاسەتە گرژی و ئەگەری سزای زیاتری بەسەر ئێراندا زیاتر کردووە.
  5. سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان: زیادبوونی کۆنترۆڵی حکومەت بەسەر کۆمەڵگە و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی بەرەو هاوکاری زیاتر لەگەڵ چین و ڕووسیا بردووە. ئەم وڵاتانە بەبێ گوێدانە پرسەکانی مافی مرۆڤ پشتیوانی لە ئێران دەکەن و هاوکارییەکانیان لە بوارەکانی وەک ئاسایشی ئەلیکترۆنی و هەواڵگریدا فراوانتر کردووە.

لە داهاتوودا ئێران چ سیاسەتێک پەیڕەو دەکات؟

ئێران پابەندبوونی خۆی ناشارێتەوە بۆ هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل، ستراتیژەکەشی ئەوەیە کە ئیسرائیل لەژێر فشاری بەردەوامدا بمێنێتەوە و لەسەر سنوورەکانی بیخاتە ناو ململانێى بەردەوامەوە. ئێران پێى وایە ئیسرائیلییەکان وڵاتەکەیان بەجێدەهێڵن ئەگەر هەست بکەن لەژێر فشاری بەردەوام و هەڕەشە سەربازییدان لەبەرئەوەى ئیسرائیلییەکان ڕەگ و ڕیشەیان لەو خاکەدا نییە و لە ژێر فشاردا لێی هەڵدێن و کۆچی پێچەوانەش بە مانای کۆتایی هاتنی ئیسرائیل دێت. کرۆکى ستراتیجی ئێران ئەوەیە کە ئیسرائیل شەکەت بکات لە ڕووی سەربازییەوە و لە ڕووی سیاسییشەوە لەسەر شانۆی جیهانی گۆشەگیری بکات تا بەدەست قەیرانى بەردەوامەوە بناڵێنێت (17)، بەڵام بە لاوازبوونى بەرەى موقاوەمە و هاتنەوە سەرکارى ترامپ، کارەکە هەروا ئاسان ناچێتە سەر. ئێران لە سەردەمی سەرۆکایەتی ترامپ-دا ڕووبەڕووى چوار ساڵی زۆر سەخت و ئاڵۆز دەبێتەوە. بژاردەی لەبار بۆ ئێران زۆر نییە و بۆ مانەوەى پێویستە بە وریاییەوە سیاسەتەکانى پەیڕەو بکات نەوەک بە دروشم.

ئابووری ئێران لاوازە، ئەگەر سیاسەتی زۆرترین فشارى ترامپ چڕتر بکرێتەوە، ئێران ڕووبەڕووی کێشەی بێشومار دەبێتەوە. بۆیە پێدەچێت ئێران بە دوای ڕێگەیەکدا بگەڕێت بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بەو پێیەى ئێران ناتوانێت لەسەر سیاسەت و شێوازەکانی پێشوو بەردەوام بێت. ئێران نابێت هیواى زۆر لەسەر فرۆشتنی نەوت بە چین هەڵچنێت، چونکە ئەگەری زۆر هەیە چین لەژێر فشاری ئەمریکا بڕی ئەو نەوتەی لە ئێران دەیکڕێت کەم بکاتەوە و لەم حاڵەتەشدا دۆخەکە زۆر قورس دەبێت بۆ ئێران.

یەکێک لەو ڕێوشوێنانەی لە خولى یەکەمى سەرۆکایەتییەکەى ترامپدا گیرایە بەر، هاودەنگ کردنى وڵاتە عەرەبییەکان بووە دژ بە ئێران بۆ پیادەکردنى سیاسەتێکى دژە ئێرانی، هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت ئێران پەیوەندییەکانى لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئاسایی بکاتەوە  تا ئەو وڵاتانە بەرەو ئەمریکا هەنگاو نەنێن. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ئەگەر هەیە ئێران کاربکات تا گرژییەکانى لەگەڵ ئەورووپادا کەم بکاتەوە بەو پێیەى کە ئەورووپا لە ئێستادا لە زۆر ڕووەوە ناکۆکە لەگەڵ سیاسەتەکانى ترامپ.

کێشەی سەرەکی ترامپ لەگەڵ ئێران، پرسی ئەتۆمی و دەستوەردانەکانییەتى لە ناوچەکە، ئەمەش بەو مانایەیە کە بابەتەکە دەکرێت دەرفەتێکی باش بێت بۆ دانوستان، بەتایبەتی کە پلانی هەمەلایەنەی هاوبەش لە ڕووی کردارییەوە بوونی نەماوە و هەردوولا دەتوانن بگەنە ڕێکەوتنێکی نوێ. ئێستا بارودۆخی دانوستانی ئێران لەچاو ڕابردوو سەختترە هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت گرنگترین کارى ئێران ڕێگریکردن بێت لە چڕبوونەوەی گوشارەکان.

ئێران لەسەر ئاستى ناوخۆ بەرەو هاوپشتی نەتەوەیی هەنگاو دەنێت و دووردەکەوێتەوە لە هەر کارێک کە درز لە نێوان گەل و حکومەتدا دروست بکات، هاوپشتی نەتەوەیی توانای بەرگەگرتنی ئێران لە گۆڕەپانی دەرەکیدا زیاد دەکات.

حکومەتی نوێی ئێران بە سەرۆکایەتیی مەسعوود پزیشکیان هەوڵیداوە سیاسەتێکی جیاواز پەیڕەو بکات، بەڵام قەیرانەکانی ئەم دواییە ڕێگریان لە جێبەجێکردنی ئەو پلانانە کردووە. بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، پێویستە ئێران خۆی لە کردەوەی وروژێنەر و قسەکردن بەدوور بگرێت و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا دەست پێبکات. تەنیا بەم شێوەیه دەتوانێت پێگەی خۆی له نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر بکات و ڕێگری له بڵاوبوونەوەی شەڕ بکات و سەقامگیری ئابووری و سیاسی نێوخۆی بپارێزێت. ئێران دەبێ لە یەک کاتدا پەیڕەوى لە دوو ڕێگا بکات: بەهێزکردنی دیپلۆماسی ناوچەیی و دانوستان لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژئاوا.

سیاسەتى دروستکردنى ئەوپەڕى فشار

ئایا پێشبینی دەکرێت کە ترامپ هەروەک خولى یەکەمى سەرۆکایەتییەکەى پەیڕەوى لە سیاسەتى دروستکردنى ئەوپەڕى فشار بکات دژ بە ئێران و پێی وابێت کە بەو شێوەیە دەتوانێت ئێران ملکەچ بکات؟ ئەگەر چی ئەستەمە پێشبینی ئەوە بکرێت کە ئەو سیاسەتە دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بەڵام دەبێت ئەوەش لە یاد نەکرێت کە لە خولی یەکەمى سەرۆکایەتییەکى ترامپ ئەو گوشارانەى کە خرایە سەر ئێران ئەو وڵاتەى زیاتر بە ئاڕاستەى توندڕەوى برد و لەسەر ئاستى ناوخۆش توندڕەوەکانى زیاتر باڵادەست کرد و لە بەرامبەردا میان ڕەوەکان پاشەکشێى زیاتریان کرد، ئەگەر چی سیاسەتى نەرمى ئۆباما لەگەڵ ئێران چارەسەر نەبوو لەجڵەوکردنى ئێران لەبەرئەوەى ئەو وڵاتە زیاتر پەلى کێشا لەناوچەکەدا و زۆرترین هێرشى هێزە لە برییەکانى ئێران ئەو کاتانە ڕوویان دا کە ئەمریکا پابەند بوو بەڕێکەوتنى پلانى کارى هاوبەشى نێوان ئەمریکاو ئێران. دواى توندکردنەوەى سزاکانیش لە خولى یەکەمى سەرۆکایەتییەکەى ترامپ، ئێران دەستوەردانەکانى لە ناوچەکە کەمتر نەکردەوە و بە هاتنى بایدن-یش دۆخەکە نەگۆڕا بەو پێیەى زۆرینەى تیمەکەى بایدن لە هەمان ئەو تیمە بوون کە پێشتر لەگەڵ ئۆبامادا کاریان کردبوو هەر بۆیە بینیمان کە ئێران لە جاران بەهێزتر بوو(18)، بەڵام بە لاوازبوونی توانای هێزە لەبرییەکانى ئێران، لە ئەنجامی بەرفراوانی و کاریگەری هێرشە سەربازییەکانى ئیسرائیل، ئاڵنگارییەکى نوێ بۆ ئێران دروست دەکەن. توانا سەربازییەکانی حەماس بە تایبەتی لە غەززە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە زۆر لاواز بووە، پێشبینیش ناکرێت حیزبوڵڵا بەم توانایەى ئێستاوە بتوانێت بەردەوام بێت و ڕووبەڕووى دابەزینێکی هاوشێوە دەبێتەوە، بە هۆى هێرشە ئاسمانییەکانى ئەمریکا و هاوپەیانەکانى بۆ سەر حوسییەکان لە یەمەن و ئەگەرى کردنەئامانجى هێزەکانى حەشدی شەعبی لە عێراق، ئەو دوو هێزەش کەم کاریگەر دەکەن و  ئەمەش لە تواناى دانوستانى ئێران کەمتر دەکاتەوە، لە لایەکى دیکەشەوە باشتربوونى پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن کاریگەرى لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەبێت، بەو پێیەى کە گەرمبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، پاڵنەرەکانی مۆسکۆ بۆ بەهێزبوونى پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران کەمتر دەکاتەوە(19).

پێشبینی دەکرێت لە بەرامبەر سیاسەتی ئەوپەڕى فشاری ئەمریکادا، ئێران لە بواری ئابووری، سیاسی، سەربازی و دیپلۆماسیدا چەندین ستراتیژی جۆراوجۆری بگرێتەبەر، ئەوەى لە خوارەوە دێت گرنگترین ئەو ستراتیژانەن کە ئەگەر هەیە ئێران بیگرێتە بەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى سیاسەتى ئەوپەڕى فشارى ترامپ:

  1. ئابوری موقاوەمە: بە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دۆلار، ئێران هەوڵی دەدات دراوی جێگرەوە وەک یوانی چینی و ڕوبڵی ڕووسی و ڕوپیەی هیندستان لە بازرگانی دەرەکیدا بەکاربهێنێت.
  2. پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵات: بە بەرفراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی وەک چین، ڕووسیا، هیندستان و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی وەک ڤەنزوێلا و عێراق وەک بەشێک لە ستراتیژی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی سزاکان.
  3. پەرەپێدانی پیشەسازییە ناوخۆییەکان: بە گرنگیدانى ئێران بە زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و خۆبژێوی لە کەرتە هەستیارەکانی وەک وزە، دەرمان و کشتوکاڵ.
  4. دیپلۆماسی ناوچەیی و جیهانی: بەپتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژهەڵات، ئێران هەوڵی داوە پێگەی خۆی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر بکات بە ئەندامبوون لە ڕێکخراوەکانی وەک ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای و گرووپی بریکس.
  5. ستراتیژی سەربازی و ئەمنی: بەپەرەپێدانی تواناکانی بەرگری و ڕێگری، لەڕێگەى پەرەدان بە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوو و سیستەمی بەرگری ئاسمانى.
  6. ئاسایشی ئەلیکترۆنی: وەبەرهێنان لە شەڕی ئەلیکترۆنیدا توانای بەرەنگاربوونەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی بە ئێران داوە و تەنانەت دەشتوانێت هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئەنجام بدات.
  7. سوود وەرگرتن لە فشارە ناوخۆییەکان لە ئەمریکا: ئێران بە بەهێزکردنی هەژموونى خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێچووی بوونی ئەمریکای لە ناوچەکەدا زیاد دەکات و ناکۆکی ناوخۆیی لە داڕشتنی سیاسەتی ئەمریکادا دروست دەکات، هەروەها ئێران جیاوازییەکانی نێوان دیموکرات و کۆمارییەکان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەقۆزێتەوە بۆ گۆڕینی کەش و هەوای سیاسی بە قازانجی خۆی.

دەرەنجام

  1. سیاسەتی دەرەوەی ئێران کاردانەوەیە بەرامبەر بەوەى لە دەورى دەگوزەرێت و لە هەمانکاتدا پشت بە زیاتر لە ڕەگەزێک دەبەستێت بۆ سەپاندنى هەژموونى خۆى لەوانە پشتیوانی لە بەرەى موقاوەمە لە ناوچەکە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەیارى نەیارەکانى.
  2. تێنەگەیشتن لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەتوانێت لێکەوتەى نەرێنی هەبێت لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پاڵنەر بێت بۆ سیاسەتی چەواشەکارانە و زیاترکردنى گرژییەکان.
  3. دیاریکەری ئاسایش پەیوەندییەکانی دەرەوەى ئێران ڕێکدەخات بەتایبەت لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و هەر لە سەرەتاوە ئەو وڵاتە بە گومانەوە لە ڕۆژئاواى ڕوانیوە.
  4. سوپای پاسداران بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی چالاکییە مەیدانییەکانی لە یەمەن، عێراق، سوریا و لوبنان و ئاڕاستەکردنى سیاسەتى دەرەوە ئەگەرچی بەهۆى ئەگەرى لاوازبوونى بەرەى موقاوەمە و گەڕانەوەى ترامپ وەک سەرۆک کۆمار، پێشبینی دەکرێت ئێران لەسەر ئاستى ناوچەکە سیاسەتى دەرەوەى خۆى بگۆڕێت تا بەدوور بێت لە ئەگەرى بەریەککەوتنى سەربازى و توندبوونەوەى سزا ئابوورییەکان.
  5. ئێران لە ڕێگەی بەکارهێنانى زنجیرەیەک ستراتیژ لە موقاوەمەى ئابووری، دیپلۆماسی کارا، بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری و کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەمریکا هەوڵدەدات بەرگەی سیاسەتی ئەوپەڕى فشاری ئەمریکا بگرێت.

 

 

سەرچاوەکان

  1. معالم السياسة الخارجية الإيرانية.. قراءة في خطاب خامنئي.. (https://2u.pw/ulYz27ps)
  2. Saeid Jafari Why will Iran’s Foreign Policy not Change even after Raisi’s Death? (https://carnegieendowment.org/sada/2024/07/why-will-irans-foreign-policy-not-change-even-after-raisis-death?lang=en)
  3. هدى ڕؤوف: هل تتجه السياسة الخارجية الإيرانية نحو مزيد من التشدد أم الانفتاح؟( https://2u.pw/FL4ecUot)
  4. Shahram Akbarzadeh: Iran in the Middle East: Introduction (https://mecouncil.org/publication_chapters/iran-in-the-middle-east-introduction/(
  5. https://2u.pw/nNOS0NDk
  6. https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/altaml-m-alamn-alsybrany-walmraqbt-astratyjyt-ayran-almzdwjt-llamn-alqwmy
  7. شروق صابر: 40 عامًا على الثورة الإيرانية: السياسة الخارجية بين الإيديولوجيا والمصلحة” (https://acpss.ahram.org.eg/News/16834.aspx).
  8. عبد الكريم بدرخان: كيف ينظر الفُرس إلى العرب؟ (https://www.syria.tv/%D9%83%D9%8A%D9%81-%D9%8A%D9%86%D8%B8%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%8F%D8%B1%D8%B3-%D8%A5%D9%84%D9%89-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A8%D8%9F )
  9. https://www.noonpost.com/13172/
  10. شهرام أکبر زاده: إيران في الشرق الأوسط https://mecouncil.org/ar/publication_chapters/%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%82%D8%AF%D9%91%D9%85%D8%A9/).
  11. https://n9.cl/g1p4l
  12. حمید ڕضا عزيزي: بنية سياسة إيران الخارجية المتغيرة: الانعكاسات على العلاقات الخارجية (https://n9.cl/cvd73)
  13. إيران 1979 (المعدل 1989): (https://www.constituteproject.org/constitution/Iran_1989?lang=ar)
  14. حمید ڕضا عزيزي: بنية سياسة إيران الخارجية المتغيرة: الانعكاسات على العلاقات الخارجية(https://n9.cl/cvd73).
  15. رمضان بورصة: الحرب أم الدبلوماسية.. ما هي أولويات إيران الآن؟(https://n9.cl/5xv1a).
  16. Hamidreza Azizi: Iran’s Evolving Foreign Policy Structure: Implications on Foreign Relations(https://mecouncil.org/publication/irans-evolving-foreign-policy-structure-implications-on-foreign-relations/).
  17. دينس ڕوسنت: نياهو يتصرّف بطريقة تعود بالفائدة على خامنئي (https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/ntnyahw-ytsrwf-btryqt-twd-balfaydt-ly-khamnyy).
  18. https://www.institutmontaigne.org/en/expressions/what-does-iran-really-want
  19. مستقبل السياسة الخارجية الإيرانية في عهد حكومة بزشكيان الجديدة (https://www.iranintl.com/ar/202407090363).

 

 

Send this to a friend