ئێران لەژێر تارمایی شەڕی هەشتەم و بارودۆخی ناوخۆیی
بارام مەجیدخان
شەڕی هەشتەم ئەو گوزارشتەیە کە لۆمۆندی دیپلۆماتێک بۆ ئەگەری ڕوودانی شەڕی هەشتەمی ئیسرائیل لەگەڵ دراوسێکانی بەکاری هێناوە. بە واتا ئیسرائیل لە ساتی دامەزراندنییەوە. لە ساڵی ١٩٤٨ وە، حەوت شەڕی لەگەڵ دراوسێکانی کردووە کە دواجار لە ساڵی ٢٠٠٦ و لە لوبنان ڕوویدا. کاتێک ئیسرائیل لە یەکی نیسانی ئەمساڵ کونسوڵخانەی ئێرانی لە دیمەشق کردە ئامانج، کاردانەوەی ئێران بەرامبەر ئەو ڕووداوە لە ناوەڕاسی هەمان مانگدا تارمایی شەڕی هەشتەمی لەگەڵ ئێران لە ناوچەکە چاند. بڕیاری وەڵامدانەوەی دەستبەجێ، ئەو ڕێکارە بوو، کە هەردوولا لە سەری کۆک بوون. بەڵام بە بێ زیان گەیاندنی فراوان بە یەکدی. لە ماوەیەکی کورت و بە بێدەنگی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ناوچەیەکی هەستیاری ئێران لە ئەسفەهان کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی تێدایە. ئەمەش وەک ئاماژەیەک کە توانای ئەنجامدانی هێرشی هاوشێوە و مەترسیداری هەیە. لە لایەکی دیکەوە هەڕەشەکانی ئێران بۆ دوژمنە سەرسەختەکەی دەکرێت لە لایەن ئیسرائیلەوە بە جدی وەربگیرێت. هەرچەندە ئێران لە مێژووی دۆسییەی ئەتۆمی خۆییدا، دانی بەوەدا نەناوە کە بۆ ئامانجی سەربازی ئەو پرۆژانە جێبەجێدەکات، بەڵام بە شێوەی نافەرمی هەڕەشەکانی ئێران ئەو واتایە دەخاتە بەردەم کە زۆر نزیکە لە بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. هەڕشەی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل بە چەکی تایبەت و کاریگەر، توانای ئێران و باڵادەستی بالستی ئەو وڵاتە دەخاتەڕوو. ڕووداوەکانی بەهاری ئەمساڵ شێوازێک لە ڕاگرتنی باڵانسی هێزی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل هێناوەتە ئاراوە. بە شێوەیەکی شاراوە ئارگیۆمێنتی دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بۆ پاراستنی باڵانسی هێز لە ناوچەکە لە ناو ئیدارەی ئەمریکی بە نهێنی ئیش دەکات. ماوەی درێژی ڕاوەستانی دانووستانەکانی پەیوەست بە دۆسییەی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ ئاژانس و وڵاتانی جیهان ئەو تێزە بەهێزتر دەکات. هەنگاوەکانی ئێران و ئیسرائیل لە پێناو سیاسەتی خۆپارێزی (deterrence policy) بە شێوەیەکی دڵنیاکەر، سەقامگیر نەبووە. ئەگەرەکان بە کراوەیی ماونەتەوە. ئەگەری دووبارە تەقینەوەی دۆخەکە هەر لە ئارادا ماوە.
پەیوەندی نێوان سیاسیەتی ناوخۆ و سیاسەتی دەرەوە هەمیشە چەمکێکی بنەڕەتی و بونیادی قوتابخانەی ڕیالیزم بووە. ڕەنگدانەوەی ئەم دووە لە سیاسەت و کاریگەرییان لە سەر یەکدی پارامترێکە کە دەکرێت ڕێژەی دیموکراسی بوون و گەشەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی حکومەتی لێ بخوێنینەوە. بە بیانوی دۆخی تایبەتی سیاسەتی دەرەوە و فشارە ناوخۆییەکان زیاد بکرێن ئەوە جەفایە بە بەرژەوەندی نیشتمانی و گەل. لە هەلومەرجی ئێستای سیاسەتی هەرێمایەتی و دەرەوەی ئێران، ئابووریی و ڕێژەی زۆری هەڵاوسان و لە دەستدانی بەهای دراوی ئەو وڵاتە لە لایەک و فشارە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان بۆ سەر هاونیشتمانییانی ئێران، ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە. لە کاتێکدا هیچ باڵێکی سیاسی لە چوارچێوەی حکومەتی ئەو وڵاتە چالاکی فەرمییان نییە و دەسەڵات یەکدەست درێژە بە کارەکانی خۆیی دەدات. فشارەکانی وەزارەتی ناوخۆیی ئەو وڵاتە لە سەر هاوڵاتییان لە چوارچێوەی پاراستنی ئابڕووی گشتی کۆمەڵایەتی و کولتووریی دوا بزماری ئێرانە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەی دوای ژینا ئەمینی.