• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 24, 2025

پڕۆژەی ئێران؛ پێکهاتە و ڕەهەندەکانی

[1]

عەلی جەبەلی | وەرگێڕان: بارام سوبحى

 

 بەرایی

شۆڕشی ئێران لە ساڵی (1979) بە یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکان دادەنرێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخۆیەوە بینیویەتى، بەدەر لەو گۆڕانکارییە ڕیشەییەی کە لە پێکهاتەی سیاسی و کولتووری ئێراندا هێنایە ئاراوە، ڕەنگدانەوەى جەوهەری عەرەبی و ئیسلامیی هەبوو، تەنانەت تا ئێستاش لێکەوتەکانی لە هەموو ئاستەکانى سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بەردەوامن.

بە سەرنجدان لەوەی کە شۆڕش لە سروشتی خۆیدا هەڵگری ڕەهەندێکی فراوانخوازانەیە، هەربۆیە بەبێ تێگەیشتن لەو بناغە فیکریانەی کە لەدوای ئەو شۆڕشەوە ڕژێمەکەى لەسەر بنیات نراوە، تێگەیشتن لە دۆخی ئێران ئەستەمە.

یەکێک لە گرنگترین ئەو تیۆرییانەی کە ڕژێمی ئێرانى بەڕێوەدەبات، تیۆری ئیمامەتی سیاسیی و ویلایەتى فەقیهە لەلاى شیعەى دوانزە ئیمامى، بۆیە بەبێ تێگەیشتن لەو تیۆریانە، وێناکردنى بارودۆخی سیاسی ئێران زەحمەتە و ناتوانرێت، چونکە ناکرێت تەنها وەکو مەزهەبێکى فیقهى وێناى مەزهەبى جەعفەرى بکرێت، لەبەرئەوەى لەبنەڕەتدا مەزهەبێکى سیاسیە، بەجۆرێک ئیمامەت بە تەنیا لە خانەدانێکی دیاریکراودا دەبینێت، مەزهەبەکەش وەکو ئامرازێک بۆ هێنانەدى ئەو دیدگایە دەبینێت. بەم شێوەیە بیرۆکەى ستەملێکراوى باڵ بەسەر هرزى مرۆڤى شیعەدا دەکێشێت، چونکە پێیوایە ئوممەت لە ڕابردوو و ئێستادا لە وەرگرتن و ڕادەستکردنی کاروباری دەسەڵاتی خۆیدا شکستی هێناوە.

تێگەیشتن لە ڕەهەندی جوگرافیی ئێران، گرنگیی ناوچەیی ئێران ڕووندەکاتەوە. چونکە ئێران دەکەوێتە نێوان دوو ناوچەی گرنگەوە: وڵاتانی قەفقاز و دەریای خەزەر و ئاسیای ناوەڕاست لە باکوورەوە، وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لە باشوورەوە. ئێران ئاسیا و ئەورووپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەسەر چەندین ڕووبەرى ئاویدا درێژ دەبێتەوە. ئەم شوێنە دەرفەتى بۆ ڕەخساندووە کاریگەری لەسەر هەناردەکردنی نەوت ببێت و بنکەی دەریایی دروست بکات. هەروەها هانیداوە بۆ پەلهاویشتنى دەرەکى و وەرگرتنی ڕۆڵی گەورەى هەرێمیى.

لەئێستاشدا ڕەهەندێکى نەتەوەیى هەیە کە گرنگیەکەى لە ڕەهەندى جوگرافى و مەزهەبى کەمتر نییە. ئێران یەکێک لە گەورەترین ئیمپراتۆریەتەکانی جیهان بوو، کە ئامادەییەکی گەورەی مێژوویی هەبوو، ئەو بابەتەش ڕەنگدانەوەى لەسەر ستراتیژییەتی ئێران لە ناوچەکەدا هەیە. بەم شێوەیە ئێران هەوڵدەدات ڕایەکى گشتى ناوخۆیى دروست بکات، بەجۆرێک کۆمەڵگەى فارسى ئاڕاستە بکات بۆ قبووڵکردنى ئارەزوە فراوانخوازییەکانى ڕژێمەکە، لە هەمانکاتدا هەوڵی گەڕاندنەوەی ڕۆڵە مێژووییەکەى دەدات.

ئەم توێژینەوەیە هەوڵی نزیکبوونەوە لە پڕۆژەی ئێرانى دەدات، لە ڕێگەى لێکۆڵینەوە لە توانا ناوخۆییەکان و ئامرازە دەرەکییەکان کە پڕۆژەی ئێرانى لەسایەیدا دەجووڵێتەوە، لە هەر سێ ڕەهەندى: شوێنی ستراتیژی، دیمۆگرافیای مرۆیى و پاشخانی فیکرییەوە باس لە تواناکانی ئێران دەکات، چونکە ئەم ڕەهەندە گرنگانە، قوورسایی دەوڵەت و پایەکانی لە بنیاتنانی پڕۆژە ناوچەییەکەیدا دیاری دەکەن.

یەکەم: پڕۆژەی ئێران… پێکهاتە دیمۆگرافی و فیکرییەکانی

هەر وڵاتێکی جیهان بە کۆمەڵێک توانا و خەسڵەت دەناسرێتەوە، کە دەیکاتە قەوارەیەکی ناوازە و لە وڵاتانى دیکەى جیادەکاتەوە، جا پێگەکە جیۆستراتیژی بێت یاخود ئەو تایبەتمەندیانە بێت کە پەیوەندییان بە دانیشتوانەوە هەیە، یان سروشتی خودی سیستەمەکە و توانا سیاسی و ئابوورییە جۆراوجۆرەکانی بێت، لەگەڵ ئاستى لەخۆگرتنى پێکهاتە و هێزە سیاسی و فیکرییە نەیارەکانى لەناوخۆدا، ئەم توانایانە دۆخێکی سەقامگیری ناوخۆیی بە دەوڵەتەکە دەبەخشن کە ڕێگەی پێدەدات لە ناوخۆدا بجووڵێت و پاشانیش توانای ئەوەی پێدەدات ڕۆڵی دەرەکی بگێڕێت، ئەمەش ڕەنگە بیکاتە هێزێکی چالاکى هەرێمى، لە سایەى ئەوەشدا دەتوانێت پەیوەندییەکى سیاسى کاریگەر دابڕێژێت.

  1. 1. شوێنی وڵات و تایبەتمەندییە جیۆستراتیژییەکان

ژینگەی جیۆپۆلەتیکی و جیۆستراتیژی ڕەفتاری سیاسی وڵاتان دەسازێنێت، قەبارەی وڵات لەڕووی ڕووبەرەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر فرەیی دەرفەتی سامانی سروشتی هەیە. هێزی دەریایی کلیلی کۆنترۆڵکردنی زەوییە، هەروەها هەڵکەوتەی جوگرافی و سروشتی تۆپۆگرافیای زەویش کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی دەوڵەت هەیە. بەم پێیە هەڵکەوتەی جوگرافیی هەر دەوڵەتێک بنەما و دیاریکەری یەکەمی سیاسەتی دەرەوە و هەرێمی و نێودەوڵەتییەتی، لەسایەى ئەو هۆکارانەشدا پەیوەندی و ڕۆڵی دەرەوەی وڵاتان بە بەهێزى یان لاوازى بنیات دەنرێت، چونکە پەیوەندی نێودەوڵەتی ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی پێگەی دەوڵەت و سروشتی سیاسی و ئابووریی دەوڵەتە، ئەمەش لە هەمانکاتدا دەرفەت و ئاڵنگاریی پێ دەبەخشێت. لەم ڕوانگەیەوە گرنگیی جیۆستراتیژی ئێران لە گرنگی پێگە جوگرافیەکەیدایە.

ئێران دەکەوێتە نێوان هێڵى پانی (25.  40) باکووری هێڵى ئیستوائی، هێڵى درێژی (63.  44) لە ڕۆژهەڵاتی هێڵى گرینچ، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئێران دەکەوێتە ناوچەیەکی خولگەیى گەرمەوە، ئەم شوێنە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەمەجۆریی ناوچەکانی کەشوهەوا و هەمەجۆریی ڕووەکی سروشتی هەيە، هەروەها کاریگەری لەسەر جیاوازى دابەشبوونی دانیشتوان و چالاکیی ئابوورییان هەیە، دانیشتوانەکەی لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوا چڕبوونەتەوە کە کەش و هەواکەی مامناوەند و دەشتەکانیشى بەپیتە، هاوکات دانیشتوانەکەی لە ناوچە وشک و ناڕێکەکانی ناوەوە و ڕۆژهەڵات پەرش و بڵاوبوونەتەوە، بەجۆرێک چالاکی سەرەکی ئابووری دانیشتوانەکەى چالاکیی کشتوکاڵییە، بەهەردوو جۆرى ڕووەکی و ئاژەڵیەوە [1].

کۆی ڕووبەری ئێران نزیکەی (١٦٤٨) ملیۆن کیلۆمەتر دووجایە، ئەم ڕووبەرەش یەکسانە بە ڕووبەری فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، بەلجیکا و پورتوگال بەیەکەوە، لە ئاستى نێودەوڵەتیشدا لە پلەی هەژدەهەمدایە. ئێران لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ ئازەربایجان، ئەرمینیا و تورکمانستان، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ عێراق و تورکیا، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئەفغانستان و پاکستان، لە باشوورەوە لەگەڵ کەنداوی عەرەبی و کەنداوى عومان و دەریای عەرەبی [2].

ئێران دەکەوێتە سەر بانێکی بەرز کە بەرز دەبێتەوە لەنێوان دەشتەکانی دیجلە و فورات لە ڕۆژئاوا و دەشتەکانی سەنەد و چیای هیندکوش لە ڕۆژهەڵات، لەنێوان دەشتەکانی تورکستان و دەریای خەزەر لە باکوور، کەنارەکانی کەنداوی عەرەبی و دەریای عەرەبی لە باشوور، ئەم بانە لە هەموو لایەکەوە بە شاخ دەورە دراوە. لە ڕۆژئاواوە چیای زاگرۆس درێژ دەبێتەوە، لە باکوورەوە چیای ئەلبورز درێژ دەبێتەوە. لە باکووری ڕۆژهەڵات و تەنانەت باشووری ڕۆژهەڵاتیش زنجیرەیەکى پچڕپچڕ هەیە کە زۆر بەرز نییە و لە ناوچە دراوسێکانی جیای دەکاتەوە، بەناوبانگترینیان چیای کۆپێتە [3].

ئێران لە باکوورەوە دەچێتە سەر دەریای قەزوین کە دەریایەکی دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز، بڕی پشتڕاستکراوەی لە سی ملیار بەرمیل کەمتر نییە، پێشبینیش دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەى هەڵکەندن بگاتە (200) ملیار بەرمیل. هەروەها دراوسێی ئۆزبەکستانە کە گەورەترین کانگای بەرهەمهێنانى زێڕە، تاجیکستانیش خاوەنى گەورەترین کانگای بەرهەمهێنانى زیوە، یەدەگی نەوت لە کازاخستان دەگاتە (٢٥) ملیار بەرمیل، لە ئەنجامدا خواستێکى نێودەوڵەتی لەسەر ئەم ناوچەیە هەیە. وڵاتانی دراوسێ لەم ناوچەیەدا سەرقاڵی کێبڕکێیەکی توندن بۆ دابینکردنی ئەو ڕێگەیانەی کە لە ڕێگەیانەوە هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و گاز بەرەو بازاڕەکانى جیهان تێدەپەڕن. ئەوەی ئێران نیگەران دەکات، هاتنی ئەمریکایە بۆ نێو کێبڕکێیەکان، لەکاتێکدا ئەمریکا دژایەتی هەر پرۆژەیەکى گواستنەوەی بۆری نەوت لە ڕێگەی ئێرانەوە بەرەو ئەورووپا و جیهان دەکات، چونکە ئەوە هەژموونی ناوچەیی و داهاتی دارایی ئێران بەرز دەکاتەوە، هەروەها دەبێتە هۆى ئەوەى سەربارى نەیارێتى ئاشکراى ئەمریکا، جیهان زیاتر مکوڕ بێت لەسەر پاراستنى سەقامگیرى ئێران، چونکە کەس نکۆڵی لەوە ناکات کە ئێران کورتترین و ئاسانترین ڕێگەیە [4].

ئێران لە ڕێگەی ئەم پێگەیەوە سەرپەرشتی سەرچاوە نەوتییەکانی کەنداوی عەرەبی، ئاسیای ناوەڕاست، دەریای قەزوین و قەفقاز دەکات، ئەمەش وایکردووە ببێتە زلهێزێکی نەوتی، جگە لەوەی کە لەسەر ڕێگەی ئاوریشمی نێوان ئاسیا و ئەورووپا هەڵکەوتووە، زەریاى ئەتڵەسى بە زەریاى هندییەوە دەبەستێتەوە، ئەم هۆکارانە و هۆکارگەلى دیکەش وایکردوە ئێران لە کۆمەڵێک ئاوی سەرەکیدا باڵادەست بێت، ئەوانیش: کەنداوی عەرەبی، کەنداوی عومان، دەریای عەرەبی و زەریای هیندییە، ئەوەش دەرفەتى بۆ ڕەخساندوە تاوەکو هەژموونى لەسەر هەناردەکردنی نەوت هەبێت و بنکەی دەریایی دروست بکات.

هەر بۆیە ئەو پێگەیە بایەخێکى گەورەى لاى دانەرانى تیۆرە ستراتیژییەکان هەیە، ئێرانیش لەنێو کۆمەڵێک لەو تیۆرانەدایە، دیارترینیان تیۆری “پشتێنى زەوی”یە، کە دەڵێت هەر کەسێک ناوچەی پەراوێزی کۆنترۆڵ بکات؛ واتە ناوچە کەنار دەریاکان ئەوا حوکمڕانی ئۆراسیا دەکات، هەرکەسێکیش فەرمانڕەوایی ئۆراسیا بکات، ئەوا فەرمانڕەوایی چارەنووسی جیهان دەکات. هەروەها لە تیۆری “دڵی زەوی”دا دەکەوێتە ناوچەی هیلالی ناوەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە هەرکەسێک هیلالی ناوەوە کۆنتڕۆڵ بکات، ئەوا دەتوانێت دڵی زەوی کۆنتڕۆڵ بکات [5].

بەگوێرەى ئەو تیۆرانە، پێگەی ئێران دەبێتە دەرفەتێک تاوەکو ڕژێمی ئێران بتوانێت ڕۆڵێکی دیارى ناوچەیی بگێڕێت، بە ئامانجى پاراستنی گرنگترین لایەنە ئەرێنییەکانی ئەم پێگەیە. ئێران لەناو جەرگەى ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر ڕێگەی ئاوریشمی هەڵکەوتووە، کە ئاسانترین و نزیکترین ڕێڕەوی نەوتی نێودەوڵەتییە، هەروەها دەڕوانێتە سەر وڵاتانی کەنداو کە بە شادەمارى نەوتی جیهان دادەنرێت. جگە لەوەش دەڕوانێتە سەر دەریای قەزوین، سەربارى بوونی بۆشایی عەرەبی، وای لێدەکات تواناى پەلهاویشتنى بۆ ڕووبەرە نەرمەکان هەبێت، هاوکات بوونی کەمینە شیعەکان لە ژمارەیەک ناوچەی عەرەبی و ئیسلامیدا، وایلێدەکات وەک پێکهاتەی سیاسی بیانی بەلاى خۆیدا ڕایانبکێشێت کە هەموویان خاڵى هاوبەشیان لەگەڵ ڕژێمی ئێراندا هەیە، وەکو پێشتر باسمانکرد لە بەهێزی و لاوازی وڵاتاندا پێدراوە جوگرافییەکان گەورەترین ڕۆڵ دەگێڕن.

هەرچەندە ئەو پێگەیە دەرفەتێک بۆ ڕژێمی ئێران دەسازێنێت، بەڵام لەهەمانکاتدا دەبێتە ئاڵنگارى و بارگرانی، چونکە ئێران نەیتوانیوە ڕۆڵێکی ناوچەیی ئەوتۆ بگرێتە ئەستۆ کە هانی وڵاتانی دراوسێى بدات پەیوەندی ستراتیجی لەگەڵدا دروستبکەن، جگە لەوەى بەکارهێنانی نەرێنیانەی چەکی نەوت و هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز، وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتى ناچارکردووە بەدوای هێڵی دەریایی و وشکانی پارێزراوتردا بگەڕێن. ئەوەش وادەکات کارتەکەى لە بازاڕی جیهانی نەوتدا کەمتر کاریگەر بێت، جگە لەوەى پەلهاویشتنى ئێران زیانی بە ناوبانگی لە ناوچەکە و جیهاندا گەیاندووە، چونکە نەیتوانیوە مۆدێلێکی گەش بنیاتبنێت، سەربارى ئەوەى هەوڵە فراوانخوازییەکانى ئابوورى وڵاتەکەى تووشى داخوران کردووە، بەڕادەیەک ڕەنگدانەوەى لەسەر دۆخی ئابووری ناوخۆی وڵاتەکەشى هەبووە.

 

  1. دیمۆگرافیای ئێران

فاکتەری مرۆیی یەکێکە لە گرنگترین دیاریکەرەکانی سیاسەتی ناوخۆیى و دەرەکی وڵاتان، لە بنیاتنانی دەسەڵاتی سەربازی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی جەنگدا گرنگترین توخمە، لە دابینکردنى دەستى کار و وەبەرهێنانى سامانى دەوڵەتدا گرنگترین فاکتەرە.

سەرەڕای ڕۆڵی تەکنەلۆجیا لە سنووردارکردنى گرنگی فاکتەری مرۆییدا، بەڵام لە هێزی پلاندانان و بەڕێوەبردن و چاودێری و بەدواداچووندا، هەر بە کاریگەر دەمێنێتەوە، لەبەرامبەردا تەقینەوەی دانیشتوان و زیادبوونی ڕێژەی گەشەی دانیشتوان لە سەرووی گەشەی ئابوورییەوە، یەکێکە لە بەربەستەکانی بەردەم گەشەی ئابووری، ئەمەش دەوڵەت ناچار دەکات پشت بە قەرزی دەرەکی ببەستێت، قەرزى دەرەکیش کار دەکاتە سەر سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەت و سەربەخۆییەکەى لاواز دەکات.

أ. تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و ئایینیەکانی کۆمەڵگەی ئێران:

ئێران بە توندی هانی منداڵبوون دەدات، لەوبارەیەوە عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران داوای زیادکردنی ژمارەی دانیشتووانی ئێران دەکات، هۆشداریش لە پیربوونی میللەتەکەى دەدات، لە ئێستادا  ژمارەی دانیشتووانی ئێران (٨٣) ملیۆن کەسە، بەڵام ڕێبەری ئێران داوای زیادکردنی ژمارەی دانیشتووانی ئێران بۆ (١٥٠) ملیۆن کەس دەکات، تەنانەت بانگەشەی ئەوەش دەکات کە ڕێگری لە لەدایکبوون یەکێکە لە سیاسەتەکانی ڕۆژئاوا [ 6].

لەسەر ئاستی نەتەوەیی و ئاینى، ئێران بە یەکێک لە هەمەچەشنترین وڵاتەکان دادەنرێت، چونکە لەڕووی نەتەوەیی و زمانەوانییەوە کۆمەڵگەی ئێرانى بەسەر شەش گرووپدا دابەشبووە: فارسی زمان 50%، تورکە ئازەرییەکان 23%، کورد 11%، عەرەب 5%، تورکمان 3%، بەلوچ 3% [7].

ئەم ڕێژەیە لە لێکۆڵینەوەیەکەوە بۆ لێکۆڵینەوەیەکی دیکە زیاد یان کەم دەکات، بەڵام لەیەکەوە نزیکن، لە هەمانکاتیشدا بۆ لێکۆڵینەوە لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی ئێران، هەروەها بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی جەماوەری مرۆیى و جیاوازییە ناوخۆییەکانی گرنگە. نیشاندەری ڕادەی سەقامگیری ناوخۆییە، کە هاندەرێکە بۆ پەلهاویشتنى دەرەکی.

گەورەترین ڕێژەى دانیشتوان لەنێو ئێرانییەکاندا فارسەکانن، کە زۆرینەی ڕەهای شار و گوندەکانی بانى ناوەڕاست پێکدەهێنن، لە دەیەکانی یەکەمی سەدەی بیستەمدا فارسەکان لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بڵاوبوونەوە. لەوپەڕى باکوور و باکووری ڕۆژئاوا ئازەرییە تورکەکان هەن، بە شێوەزارێکی نزیک لە زمانی فەرمى تورکی قسە دەکەن، دراوسێی ئەوان لە کەنارەکانی دەریای قەزویندا کەمینەی مازەندەری و گەیلانی و ئەرمەنیین، بەرزاییەکانی ڕۆژئاوا ناوەندی دانیشتوانی کوردە، لە ئازەربایجانی ڕۆژئاواش دراوسێ ئازەربایجانییەکانن، لەکاتێکدا عەرەبەکان بەدرێژایی کەنارەکانی باکوورى کەنداو هەن، لەگەڵ ژمارەیەک گوندی باکووری ڕۆژهەڵاتی (خۆراسان)، بەلووچ لە نزماییەکانى سیستان هەن کە گۆشەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانی داگیرکردووە، تورکمانیش لە باشووری ڕۆژهەڵاتی قەزوین هەن.

زۆربەی ئێرانییەکان مسوڵمانن و پەیڕەوکارى مەزهەبى شیعەى دوازدە ئیمامین، ئەوان (٩٠٪)ی دانیشتوان پێکدەهێنن و زۆربەیان فارس و ئازەرین، دواتر مسوڵمانانی سوننە دێن کە دەگەنە (٨٪) و هەندێکیش دەیگەنن بە (١٥٪)، زۆرینەی هەرە زۆریان عەرەب و کورد و تورکمانن. هەروەها کەمینەی بچووکی زەردەشتی، مەسیحی، سریانی، ئەرمەنی، جوولەکە، بەهایی، مەندایی و ئێزیدی هەن و ڕێژەیان دەگاتە (٢٪) [٨].

زانای سیاسی و کۆمەڵناسی ئێرانی حسێن بەشیریه، پێیوایە زۆر هۆکار هەن کە ڕۆڵیان لە دروستبوونی ڕەوتە سیاسییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا هەیە، لە پێشەنگی ئەو هۆکارانەشدا ئاستی گۆڕانکاری و گواستنەوە لە کۆمەڵگەیەکی تەقلیدییەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن دێت، هەروەها ڕێژەی مۆدێرنبوون و گەشەسەندنی ئابووری، تەرازووى بەدیموکراسیکردنی کۆمەڵگە، کاریگەرییەکی ڕوونیان لەسەر دروستکردن و بنیاتنانی دامەزراوەکانی چینی خوارەوە و ڕایەڵ و کۆمەڵەکانیان هەیە. بەشیرییە پێیوایە کە کۆی کەلێنە مێژوویی و پێکهاتەییەکان بووەتە هۆکارێک بۆ دروستبوونى پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی هێز و ڕەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان [9].

ب. پێکهاتە سیاسییەکانی ئێران

زۆرێک لە توێژەران پارتە سیاسییەکانی ئێران بەسەر دوو ڕەوتی دیاردا دابەش دەکەن: بناژۆخوازان و چاکسازیخوازان (اصولى و اصلاحى)، هەندێکیش پراگماتیستەکان وەک ڕەوتی سێیەم زیاد دەکەن، بەڵام دکتۆر فاتیمە سەمادی، لە کتێبەکەیدا “ڕەوتە سیاسییەکان لە ئێران”، بۆچوونێکی دیکەی هەیە کە بۆ لەخۆگرتنى ڕەوتە سیاسییە فەرمییە جۆراوجۆرەکانی ئێران گشتگیرتر و فراوانترە.

ئەو ڕەتیدەکاتەوە بۆ ئاماژەکردن بە بزووتنەوەی بناژۆخوازان زاراوەی “پارێزگاران” بەکاربهێنێت. بەڵکو ڕەوتە سیاسییە چالاکەکانی ناوخۆ بەسەر چوار بەشی سەرەکیدا دابەش دەکات، ئەمەش بەو مانایە نییە کە لە چوارچێوەی هەر یەکێک لەو بەشانەدا جیاوازی زۆر نییە، بەڵکو ئەم دابەشکارییە پۆڵێنکردنى پێکهاتە سیاسییەکانە بە ئاڕاستە جۆراوجۆرەکانیانەوە:

يەکەم: ڕەوتى بناژۆخواز (اصولى):

ڕەوتى دەسەڵاتدارە، ئەم ڕەوتە پێیوایە پەیوەندییەکی ئۆرگانی لەنێوان ویلایەتى فەقیه و بوون و مانەوەی کۆماردا هەیە، داوای پاراستنی ڕێبەرایەتى زانایان دەکات، بەو پێیەى مەرجەعى شەرعین بۆ حوکمڕانی و زامنی یەکڕیزی و سەقامگیرین، – بەدیدى ئەوان – لە بابەتى ئازادییەکاندا بوونەتە پاسەوانى ئایین، ناوەندێتى ویلایەتى فەقیه بەسەر ئەم ڕەوتەدا زاڵە [10].

ئەم ڕەوتە پێیوایە کە ویلایەتى فەقیه پرسی هەڵبژاردن نییە کە مرۆڤەکان ڕۆڵ و کاریگەرییان تێدا هەبێت، بەڵکو پرسی دەستنیشانکردنە، پێیوایە کە وەلى فەقیه دەدۆزرێتەوە؛ واتە لە کۆمەڵگەدا بوونی هەیە و دۆزینەوەیشی لە ئەستۆی کەسانی شارەزادایە. ئەم ڕەوتە بە جۆرێک لە پیرۆزی دەڕوانێتە وەلى فەقیه، پێیوایە سەرکردەی شۆڕش بە پشتیوانییەکى خودایى ئاشکرا دەبێت، هەموو دامودەزگاکانیش شەرعیەتی خۆیان لە وەلى فەقیهەوە وەردەگرن. هەروەها ئەم ڕەوتە پێیوایە مۆدێلی حوکمڕانی ئیسلامی سەرەتا لەسەر بناغەی بنەما ئایدیۆلۆژییە ئیسلامییەکان دامەزراوە، هەر حکومەتێکیش کە لەلایەن خوداوە دیاری بکرێت و دابنرێت، حکومەتێکی یاساییە، تەنانەت ئەگەر هەموو خەڵکیش قبووڵی نەکەن [11].

ئەم ڕەوتە ماف بە وەلى فەقیه دەبەخشێت کە هەموو پرسەکانی کۆمەڵگە بەڕێوەببات، بەو پێیەى میراتگری ئیمامی مەعسومە، کە ئەویش میراتگری پێغەمبەرە (درودى خواى لێ بێت).

لە ناودارترین ڕێبەرەکانى ئەم بزووتنەوەیە، عەلی لاریجانی، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، محەمەد باقر قالیباف، عەلی شەمخانی، موحسین ڕەزایی. کۆمەڵێک حزب و کۆمەڵەش لەخۆدەگرێت، لەوانە:

– پارتی کۆماری ئیسلامیی (حزب جمهورى اسلامى).

– کۆمەڵگەی جەنگاوەرانى ڕۆحانی / تاران (جامعە ڕوحانیت مبارز تهران).

– کۆمەڵەی مامۆستایانى حەوزەى زانستى قوم (جامعە مدرسین حوزە علمیە قم).

– ئیسلامی پێکەوەلکاو (مؤتلفە اسلامى).

– کۆمەڵەی چالاکانی شۆڕشی ئیسلامیی (جمعیە ایثار کران انقلاب اسلامى).

– ئاوەدانکاران (اباد کران).

دووەم: ڕەوتی ڕیفۆرمخواز

ڕیفۆرمخوازان، بە پلەى جیاواز گومانیان لەسەر دامەزراوەی ویلایەتى فەقیه و دەسەڵاتەکانی وەلى فەقیه هەیە، چ لە ڕوانگەیەکی تەواو لیبڕاڵەوە بێت، یاخود لە ڕێگەی دوبارە خوێندنەوە بۆ میراتی ئیسلامییەوە بێت. ئەوان خوازیاری بنیاتنانی کۆمارن لەسەر بنەمای دیموکراسی و ئازادی زیاتر، هەروەها سنووردارکردنی یاسایی و دەستووری دەسەڵاتەکانی دامودەزگاکانی دەوڵەت و حوکمڕانی. زۆرێک لە ڕیفۆرمخوازان لە ڕێگەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکاوە، دەیانەوێت ئێران پەیوەندییەکى نزیکتری لەگەڵ ڕۆژئاوادا هەبێت. [12].

ئەم دیدگایانە لە سەردەمی شۆڕشی ئێرانەوە لە کۆمەڵگەی ئێراندا زاڵبووە، لەدوای کۆچی دوایی خومەینی لە ساڵی (1989)، بە تایبەتی لە کۆتایی ویلایەتى هاشمی ڕەفسەنجانی، دەستی بە دەرکەوتن کرد، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فەزا ئازادییەى کە ڕەفسەنجانی ڕەخساندی و دەرفەتى کردەوە بۆ پێکهاتنی کۆمەڵێک دیدگا سەبارەت بە ئازادی و دادپەروەری و بەرەنگاربوونەوەی سەرمایەداری.

لەسەرەتاوە خەسڵەتى ئەم ڕەوتە وابوو، بەبێ بەکارهێنانى چەمکەکانى ڕاست یان چەپ، لایەنگر لەنێو حیزبەکان و لەناو کۆمەڵێک لە پیاوانی ئایینیدا پەیدابکات، کەسایەتییە بەناوبانگەکانی ڕیفۆرمخوازان بریتین لە: محەمەد ڕەزا خاتەمی، سەعید حەجاریان، عەباس عەبدی و موحسین ئەمینزادە.

ئەم ڕەوتە بەسەر چوار ئاڕاستەدا دابەشدەبێت:

1- ڕیفۆرمخوازانى نەریتی: ئەم ئاڕاستەیە لە چوارچێوەی دەستووردا لێکدانەوەیەکی دیموکراسیانەی بۆ ویلایەتى فەقیه هەیە، بە تایبەتی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەنجومەنى شارەزایان (مجلس خبرگان)دا، ئەو پارتانەى لایەنگرى ئەم ئاڕاستەیەن: متمانەى نیشتمانی (اعتماد ملی)، ئەنجومەنی جەنگاوەرانى ڕۆحانیی (مجمع ڕوحانيون مبارز)، ئەنجومەنی ئیسلامیی بۆ ژنان (مجمع إسلامي بانوان)، پارتی هاوپشتی (حزب همبستكى).

  1. ڕیفۆرمخوازە میانڕەوەکان: ئەم ئاڕاستەیە حوکمڕانی دەستووری و ڕۆڵی نوخبە لە دروستکردنى بڕیاردا بە پێویست دەزانن، تێکەڵەیەکە لە بیری لیبڕاڵ و پراگماتیزم، ڕێبازێک پەیڕەو دەکات کە لیبرالیزم و عەلمانیەت تێکەڵاو دەکات.

3- ڕیفۆرمخوازە ڕادیکاڵەکان: ئاڕاستەیەکى چەپی تەقلیدین، دواتر بوون بە گردبوونەوەیەکى ڕۆشنبیرانی سیاسی، بیری سیاسیشیان لە سنووری داواکردنی کۆماردایە، داوای جۆرێک لە عەلمانیەت دەکەن کە فۆرمێک لە سەربەخۆیی بە دامەزراوەکان دەبەخشێت. لایەنەکانی بریتین لە فەرمانگەی یەکگرتووی ناوبژیوانی (دفتر تحكيم وحدت) و پارتی بەشداری (حزب مشاركت).

  1. ڕیفۆرمخوازانی ئۆپۆزسیۆن: ڕیفۆرمخوازە نەیارەکان و ناسیۆنالیستە ئایینییەکان لە ڕاست و چەپ لەخۆدەگرێت، پشتیوانى لە دەستورێکى لیبراڵ و کۆمارێکى پوخت دەکات، لەنێو پارتەکانیدا تەڤگەری ئازادی (نهضت آزادي)، هاوپەیمانی نیشتمانی ئایینی (ائتلاف ملي مذهبي) و بازنەى ئێرانی سبەینێ (حلقة إيران فردا) هەیە [13].

سێیەم: بزووتنەوەی سەوز

بەپێی ئەو پێناسانەی کە بۆ بزووتنەوەکە کراوە، حیزبێکی سیاسی نییە کە دامەزراوە و سەرکردایەتییەکی یەکگرتووى هەبێت، بزووتنەوەیەکی فراوانیش نییە کە چەندین نوێنەرایەتی سیاسیی هەبێت، بەڵکو تەنها گوزارشتە لە نەیارانى سەرکەوتنی ئەحمەدی نەژاد وەک سەرۆک کۆماری ئێران لە بەرامبەر حوسێن موسەوی و کاندیدەکانى دیکەدا، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (2009)دا، ژمارەیەک لە ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى ئەو ئەنجامەیان ڕەتکردەوە، گومانیان لە ئەنجامى هەڵبژاردنەکان هەبوو، هەزاران لایەنگرى موسەوى ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمى (کوا دەنگەکەم)یان بەرزکردەوە، ئەمەش بووە هۆی پێکدادان لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا، ئەو ناڕەزایەتیانەش ناوی بزووتنەوەی سەوزیان لێنرا، دواتر لایەنگر و هەوادارانى ئەم بزووتنەوەیە پشتیوانییان لە خۆپیشاندانى ئاشتیانە دەکرد و توندوتیژییان ڕەتدەکردەوە، داوای نوێکردنەوە و چاوخشاندنەوەیان بە دەسەڵاتە ڕەهاکانی وەلى فەقیهدا دەکرد.

موسەوی سەلماندى کە توانای دانانى کاریگەری لەسەر ئەو جەماوەرە هەیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ توانا سیاسییەکانی وەک سەرۆک وەزیرانی پێشوو، پێش ئەوەى ئەو پۆستە هەڵبوەشێنرێتەوە، هەروەها لە ساڵی (1981) لە حکومەتی محەمەد عەلی ڕەجایی وەزیری دەرەوە بووە، هەر ئەوەش وایلێکرد کە بتوانێت دیدگای سیاسی ئەم ڕەوتە نوێیە بخاتەڕوو. دوبارە هەڵسەنگاندنی ئامادەیى ئێرانى لە دەرەوەى وڵات کردە پێشینەى کارەکانى، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە نەیتوانی ببێتە ڕەوتێک یان یان حزبێکی سیاسی؛ بەهۆی ئامادەنەبوونی هەریەکە لە حوسێن موسەوی ڕێبەری و مەهدی کەڕوبی پیاوی دووەمی ناو بزووتنەوەکە، جگەلەوەى بەشێک لە چالاکانی ئەم بزووتنەوەیە ئێرانیان بەجێهێشت.

چوارەم: بزووتنەوەی نەژادی

ئەم بزووتنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەحمەدی نەژاد و کەسە نزیکەکانی، بەو پێیەی خۆی و لایەنگرانی بەتایبەتی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا توانیان بزووتنەوەی بناژۆخوازەکان لەت و پەرت بکەن و بزووتنەوەیەکی نوێیان دروستکرد کە بە بزووتنەوەی نەژادی ناسرا، هەندێکیش ناویان لێنا “بزووتنەوەی لادەران”. سەرەڕای مەیلی بناژۆخوازی، ئەو سیاسەتانەی کە ئەحمەدی نەژاد پەیڕەوی کرد، بەتایبەتی سیاسەتە ئابوورییەکانى، هەروەها پشتیوانییە بەردەوامەکانی بۆ زاواکەی و بەڕێوەبەری ئۆفیسەکەی ئەسفەندیار ڕەحیم مەشاعی، سەرەڕای هەموو ئەو تێبینیانەى کە لەسەرى هەبوو، بەس بوو بۆ ئەوەی ئەحمەدی نەژاد پشتگیری ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکى لەدەستبدات [14].

توێژەر فاتیمە سەمادی پێیوایە بزووتنەوەی نەژادی بزووتنەوەیەکە خاوەنی تایبەتمەندی و خەسڵەتى خۆیەتی، پۆڵێنکردنیشى بە بزووتنەوەی بناژۆخوازی هەڵەیە، ئەگەرچی ئەحمەدی نەژاد لەگەڵ بناژۆخوازان هاوڕایە لەبارەى باوەڕبوون بە ویلایەتى ڕەهای فەقیه لەسەر بنەمای دانان، بەڵام سەبارەت بە ڕۆڵی پیاوانی ئایینی لە بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەتدا جیاوازی لەگەڵیاندا هەیە، هەوڵ بۆ حکومەتێکی دوور لە پیاوانی ئایینی و کاریگەرییان دەدات، لە پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ئەمریکادا، گوتارێک پەیڕەودەکات کە تێکەڵەیەکە لە چەپ و ڕاستى تەقلیدی و لە ڕیفۆرمخوازەکانیشەوە سەرچاوە دەگرێت، کە هیچ نەنگیەک لە گفتوگۆکردن لەگەڵیاندا و هەوڵدان بۆ دانوستان لەگەڵیاندا نابینێت [15].

 

  1. ئاڕاستە مەزهەبیەکانى سیستەمی سیاسی ئێران

ڕژێمی ئێران یەکێکە لەو ڕژێمە سیاسیانەی کە لەسەر بنەمای ئایین وەک بیرۆکەی حوکمڕانی دامەزراوە، کە تیایدا پیاوی ئایینی ئەرکەکانی دەوڵەت ڕادەپەڕێنن، بیرۆکەی جیاکردنەوەی ئایین و سیاسەت یان تەنانەت جیاکارى لەنێوانیاندا ڕەتدەکاتەوە. تەنانەت بە پێویستیشى دەزانن ئەم بیرۆکەیە بۆ هەموو وڵاتانى ئیسلامى هەناردە بکرێت، بیرۆکەی بان نەتەوەیى (ئومومیەت) یەکێکە لەو بیرۆکە گرنگانەی کە دەوڵەتى لەسەر بنیاتنراوە، هەر بۆیە جیهان بەسەر خۆبەزلزان و ستەملێکراودا دابەش دەکەن، پێشیانوایە یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانیان پاڵپشتیکردنی ستەملێکراوانە، تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی سنوورەکانیشیان بێت.

ڕژێمی ئێران لەسەر مەزهەبى شیعەى دوانزە ئیمامى دامەزراوە، شوێنکەوتووانیشی لە ئێراندا بوونەتە زۆرینە. لە مەزهەبى شیعەى دوانزە ئیمامیدا دەوڵەت پێگەیەکی بەرزی هەیە، بەو پێیەی بە لقێکی ئیمامەت دادەنرێت، کە دەوڵەت یەکێکە لە نمایندە هاوچەرخەکانی، یەکێکیشە لە بنەچەکانی ئایینەکە، شیعەکانیش یەکەم کەس بوون کە گرنگیان بە تیۆری ئیمامەت و ڕوونکردنەوەی تایبەتمەندییە ئایینی و دونیاییەکانی داوە.

دکتۆر محەمەد زیائەدین ڕەیس لە کتێبەکەیدا (تیۆرییە سیاسییەکانى ئیسلام)، باس لەوە دەکات کە شیعەکان یەکەم کەس بوون کە بەشێوەیەکی زانستی لەسەر ئیمامیان نووسیوە، یەکەم کەسیش بوون هەوڵی سەلماندنی مەزهەبەکەیان داوە بە بەڵگەی لۆژیکی، جا بەڵگەکان لەسەر بنەمای ئایینی یان بنەمای عەقڵانی بووبێت. شیعەکان ئەم جۆرە زانستەیان دروستکردووە، هەر ئەوانیش بوون دۆزیویانەتەوە و لەنێو بابەتەکانى زانستى کەلامدا پێگەیەکى تایبەتیان پێبەخشیوە، وەک دەزانرێت زانستى کەلام تایبەتە بە بیروباوەڕى ئاینی، لە ئەنجامی گفتوگۆ و مشتومڕی نێوان شیعە و موعتەزیلی و ئەهلی فەرموودە سەریهەڵداوە، پرسەکانی تایبەت بە ئیمامەت لە ئەنجامی گفتوگۆی نێوان شیعەکان و نەیارەکانیان لەوانە خەواریجەکان و موعتەزیلییەکان و سوننەکان سەریهەڵداوە. ئەم ڕاستییە بووەتە هۆی ئەوەی کە شیعەکان ئەم زانستە بە سیمای خۆیانەوە بچەسپێنن، بەو شێوەیەش فۆرمولەیان کردوە کە جێگەى ڕەزامەندى خۆیان بێت، هەر ئەوانیش بوون کە زاراوە تەکنیکیەکانیان بۆ ئیمامەت هەڵبژارد و ئەم ناوەشیان بۆ داتاشى، هەر ئەوانیش بوون کە زانستەکەیان دابەشکرد و بابەتەکانیان پۆڵێنکرد، مەودا و سنوورەکانی زانستەکەشیان دیاریکرد [16].

بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخى زۆرێک لەو ململانێیانەی کە هەن، یەکێک لە فاکتەرە یارمەتیدەرەکان تێگەیشتنە لە سەرەتا یەکەمینەکانى بابەتەکە و ئەو یاسایانەی کە لەسایەیدا دامەزرا، کە وەکو دۆخى ئێران ڕەهەندى ئایینیان هەبوو، بەو پێیەی پرسی ئایینی یەکێکە لەو بابەتانەی کە هەر لە سەرەتاوە بەتوندی خۆی بەسەر واقیعی کولتووری و سیاسیدا سەپاندووە.

بۆ تێگەیشتن لە ئاڕاستە فیکری و سیاسییەکانی ڕژێمی ئێران، کە دەگوترێت لەسەر دوو پایەی بنەڕەتی دامەزراوە و بەیەکەوە گرێدراون، کە یەکەمیان پەیوەندی بە تیۆری ئیمامەتەوە هەیە لەلاى شیعەى دوانزە ئیمامى، دووهەمیشیان تێگەیشتنە لە ویلایەتى فەقیه کە ناوەند و بنەمای دەسەڵاتە لە مامەڵەی ناوخۆیی و دەرەکیەکاندا و لقێکە لە تیۆری ئیمام.

أ: دامەزراندنی تیۆری ئیمامەت

پرسی ئیمامەت یەکێکە لە یەکەم و گەورەترین و ئاڵۆزترین بابەتە مشتومڕاوییەکان لە مێژووی ئیسلامدا. سەرچاوەی دروستبوونى زۆربەی گرووپە ئیسلامییەکان لە بنەڕەتدا ناکۆکییەکی سیاسی بووە، پاشان گواستراوەتەوە بۆ باقی بابەتەکانی پەیوەست بە عەقیدە.

سەرەتای سەرهەڵدانی خەواریجەکان ڕەتکردنەوەی شێوازی حوکمڕانی باو و هەوڵدان بوو بۆ گۆڕینی، پاشان گرووپى شیعە هاتە ئاراوە کە لە سەرەتای دەرکەوتنیدا بانگەشەى خۆشەویستی عەلی کوڕى ئەبو تالیبی دەکرد، دواتر شیعەگەری وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە گرووپە نەیارەکانی عەلی پەرەی سەند، جا چ دژایەتیکردنی خەواریجەکان بێت یان ڕەتکردنەوەی بەیعەتدان بە موعاویەى کوڕى ئەبى سوفیان بێت.

لەگەڵ گواستنەوەی سیستەمی حوکمڕانى لە خەلافەتەوە بۆ حوکمڕانی بۆماوەیی، شۆڕشەکانى ڕەتکردنەوەى ئەم گۆڕانکارییە دەرکەوتن، لەگەڵیدا تیۆری تەکفیری فەرمانڕەواکان سەریهەڵدا، بەم شێوەیە بیرۆکەی قەرەبووکردنەوە وەک پاساوێک بۆ واقیعی نوێ سەریهەڵدا.

شیعەکان پێیانوایە کە ئەوان یەکەمین و بەتەمەنترین گرووپە دەرکەوتووەکانن، ئەوان لەدوای کۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ) سەریانهەڵدا، چونکە یەکەمین ناکۆکی لەسەر پرسی خەلافەت لە سەقیفەى بەنی ساعیدە دەرکەوت، کە بەپێی بۆچوونی شیعەکان کۆمەڵگەى ئەوکاتە بەسەر سێ گرووپدا دابەشبوون: گرووپێکیان پێیاندەگوترا شیعەکان کە گرووپى عەلی کوڕى ئەبو تالیب بوون، لەوەوە هەموو جۆرەکانی شیعە بڵاوبوونەتەوە” [17]، گرووپى ئەنسار بە سەرۆکایەتی سەعدى کوڕى عوبادە، گرووپى موهاجیرین بە سەرۆکایەتی ئەبوبەکرى سدیق، هەندێک لە زانایانی ڕۆژهەڵاتناس لەم بۆچوونەدا لەگەڵ شیعەکاندا هاوڕان [18].

هەندێک لە شیعەکان خۆیان لەو مێژووە بە کۆنتر دەبینن، ئەم گرووپە جیاوازی لەنێوان شیعەی ئایینی و شیعەگەری سیاسیدا ناکەن، بەڵکو وەک یەک دەیانبینن، یەکێک لەو کەسانەى ئەم بۆچوونەى هەیە، بیرمەندی شیعە محەمەد باقر سەدرە، کە دەڵێت: شیعەگەرى لەسەرهەڵدانیەوە، هیچ ڕۆژێک تەنها ڕەوتێکی ڕۆحى پوخت نەبووە، بەڵکو شیعەگەری لە باوەشی ئیسلامدا لەدایکبووە، بەو پێیەى تێزی ئیمام عەلی (سەلامی خوای لەسەر بێت) بۆ سەرکردایەتیکردن، لەدوای پێغەمبەر (د.خ)، بەیەک ئاست لەڕووی هزری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، بەردەوامە لە پێشەنگایەتیکردن”. [19].

سەدر بەم بۆچوونەى پێیوایە کە ئاڕاستەی شیعەگەرى پێش مردنی پێغەمبەر (د.خ) دروستبووە. بۆچوونێک هەیە پێیوایە شیعەگەری سیاسی لە شیعەگەری ئایینی یان عەقیدەیى یان ڕۆحى کۆنترە، ئەم بۆچوونەش لەلایەن بیرمەندى عێراقی ئەحمەد ئەلکاتب لە کتێبەکەیدا “شیعەگەری سیاسی و شیعەگەری ئایینی”دا پشتیوانى لێدەکرێت [20].

لەڕاستیدا شیعەگەری لە سەرەتادا هەڵوێستێکی سیاسی بوو. پشتگیریکردن بوو لە یەکێک لەو بەرە سیاسیانەى کە لەوکاتەدا هەبوو، بە بەڵگەی ئەوەی کە شیعەکانی عوسمان و شیعەکانی موعاویە هەبوون، ئەوەش هەڵوێستێکی سیاسیى بوو، شیعەگەریش بریتییە لە پرۆسەی وەسفکردنی چەند گرووپێکی سیاسی بە وەلائى جۆراوجۆرەوە، لە سەرەتا یەکەمینەکاندا لە دەوری کەسایەتییە ئایینی و سیمبولە سیاسییە جۆراوجۆرەکان گردبوونەوە، کە لە گۆڕەپانەکەدا ناو و ناوبانگیان هەبوو، هیچ ئامرازێکی فیکری و تیۆری سیاسی تایبەتیان نەبوو، ڕەنگە شیعەگەرایی عەلی یەکێک بووبێت لەو فۆرمانە.

دەکرێ بڵێین شیعەگەرایى وەک بەرهەمێکی مێژووکرد لە دروستبوونیدا بە چەند قۆناغێکدا ڕۆیشتووە، کە تیایدا سیاسەت و ئایین لە قۆناغە جیاجیاکان و بە ڕێژەیەکی جیاواز تێکەڵ بوون. شیعەکان وەک هەر گرووپێکی ئایینی و سیاسی دیکە، چەندین قۆناغیان تێپەڕاندووە، هەتا گەیشتونەتە فۆرمى کۆتایى بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕبوون:

قۆناغی یەکەم:

دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ) و دەرکەوتنی لایەنگرانی عەلی بوو، کە بۆچوونیان وابوو دەبێت لەدواى پێغەمبەر (د.خ) عەلى ببێت بە خەلیفە، لەسەر بنەمای وەسیەت یان دەقێک نا، بەڵکو لە خۆشەویستییەوە بۆی، لەنێویاندا هاوەڵان و شوێنکەوتووان هەبوون. ئەم قۆناغە تا دوای کۆچی دوایی عوسمانى کوڕى عەفان و بەیعەتدان بە عەلى وەکو خەلیفە بەردەوام بوو، بەڵام بیرێکی تایبەت بەخۆی بەرهەم نەهێنا.

ئەم پشتگیرییە بۆ عەلی پێش خەلافەتەکەی لەسەر ئاستی تاک و کەسایەتیەکاندا مایەوە، نەبووە حزبێک یان گرووپێکی تایبەت کە هەڵوێستێکی سیاسی یەکگرتوویان هەبێت و ڕایەڵێکى ڕێکخستنی ناوخۆیی پێکەوە کۆیان بکاتەوە. تاوەکو لەم ڕێگەیەوە دروست بێت وشەی شیعە بەسەر لایەنگران و پشتیوانانى عەلیدا ببڕێت.

بوونی شوێنکەوتووانی عەلی کە وایاندەبینى عەلى لەپێشترە بۆ خەلافەت کارێکى ئاساییە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە عەلی لە یادەوەری ئیسلامیدا کەسایەتییەکی ناوازەیە، لەبەر پێشینەی مسوڵمانبوونى و پێگەی بەرزی لەلای پێغەمبەر (د.خ)، هەروەها خودانی عەقڵێکی بەرز و هزرێکى بەتوانا بوو. بەڵام لایەنگران و هاوسۆزەکانی لە سەردەمی هەر سێ خەلیفەکەى پێشیدا، دۆخێکی سیاسی یان گرووپێکی خاوەن خواستی سیاسی تایبەت و دیدگای ئایدیۆلۆژییان پێکنەهێنا، ڕەنگە هۆکارەکەى دوودڵی عەلی بووبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەى دەسەڵات یان لە داواکردنی دەسەڵات، چونکە بە باشتر زانینى بەشداریکردنى لە دەوڵەتی تازە پێکهاتوودا، مەودای مشتومڕ و کێبڕکێ بۆ دەسەڵات لە خوارەوە بەرتەسکتر کردەوە، هەروەها دەرفەتی سەرهەڵدانی هاوپشتی سیاسی کەمکردەوە، کە هەتا ماوەیەکی کەم پێش کوژرانی عوسمان بەرچاو نەکەوت. ئیدى ئەو کاتە دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و کێبڕکێی سیاسی سەریهەڵدا، گرووپە خاوەن بەرژەوەندییە ناکۆکەکان دەرکەوتن، کە لە سروشتی دەسەڵات و بزووتنەوەی بڕیاردان لەناو ئەو دەسەڵاتەدا نیگەران بوون [21].

قۆناغی دووەم:

سەرەتا بە بەیعەتدان بە عەلی بۆ خەلافەت دەستی پێکرد، بەتایبەتی دواى سەرهەڵدانی دژایەتی و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بەرامبەری، لانیکەم لە سێ بەرەوە، یەکەمیان ئەو بەرەیە بوو کە تەڵحە و زوبێر سەرۆکایەتیان دەکرد، هۆکاری سەرەکی دژایەتیان لەگەڵ عەلی داواکردنی خوێنی عوسمان بوو، بەرەى موعاویەى کوڕى ئەبو سوفیان لە شام، بەرەى خەواریج، لەبەرامبەر ئەم سێ بەرەیەدا هەر کەسێک پشتگیرى و پشتیوانى لە عەلى بکردایە بە شیعەى عەلى ناودەبرا. پاشان بەشێکیان لەدواى عەلى، پشتگیرییان لە نەوەکانی کرد و دژایەتی حوکمڕانی (ئومەوی و عەباسی)یان کرد.

شیعە ئۆپۆزسیۆنەکان لەسەرەتاوە لەسەر بنەمای بیروباوەڕێکى تایبەت نەبوون، بەڵکو لەسەر هەڵوێستێکی سیاسی جیاواز بوو، بۆیە دەبینین بزووتنەوەی شیعە لە سەردەمی سەرەتای خۆیدا، پێش ئەوەی گەشە بکات بۆ مەزهەب و تایەفە، کە لە ئیمامى جەعفەرى سادق و هیشامى کوڕى حەکەمى خوێندکارییەوە دەست پێدەکات، لەسەر ئاڕاستەى فیقهى سوننى دەژمێردران، تەنانەت هەندێک لە پایەکانى ئەم ئاڕاستەیە نموونەى وەکو ئیمام ئەبو حەنیفەى لەخۆگرتبوو، کە دامەزرێنەری یەکەم قوتابخانەی فیقهی سوننە بوو [22].

قۆناغی سێیەم

قۆناغى سەرهەڵدانی بیرۆکەی دەق و وەسیەت و دەرکەوتنى مەزهەبی شیعەیە بە مانا وردەکەی.

لەم قۆناغانە و دواتردا، دوای دەرکەوتنی شیعە وەک مەزهەبێک، شیعەکان لەبارەى ئیمامەتەوە یەک بۆچوونیان نەبوو، ناکۆکییان لەبارەى دەقەکان هەبوو، کە ئایا ڕوونە یان شاراوەیە، پاشان لە پەسندانى عەلیدا جیاوازییان هەبوو، ئایا حوکم و چاکەى کەسانى پێشووى هەڵدەوەشێنێتەوە، یان ئەم باشترە لەگەڵ مانەوەى دەسەڵاتى کەسانى پێش خۆى، دروستە لە بوونى ئەودا ئیمامەت بکەن؟ پاشان کێ شایەنی ئیمامەتە و مەرجەکانى تێدایە، بەمجۆرە گرووپە شیعەکان زۆر بوون.

ڕاستییەکە ئەوەیە دیاردەی شیعەگەرایى لەناکاو دروستنەبووە و بە یەکجاریش دەرنەکەوتووە، تەنانەت لەسەر یەک شێوەش جێگیرنەبووە، بەڵکو دوای زنجیرەیەک ململانێی ئاڵۆز قۆناغی جیاوازی گرتەبەر، لەو ڕێگەیەوە چەندین کۆمەڵە و گرووپى جۆراوجۆرى لێکەوتەوە.

دواى شەهیدکردنى حوسێنى کوڕى عەلى کوڕى ئەبو تالیب، عەلى (زەینلعابدین)ى کوڕى خۆى بۆ عیبادەت و فێرکردن تەرخانکرد، لەنێو لایەنگرانی باپیریدا پێگەیەکی هەبوو، دواتر محەمەد (باقر)ى کوڕى ئەو پێگەیەى بە میراتى بۆمایەوە، زەید لەکاتى مردنى باوکیدا منداڵ بوو، بۆیە (باقر)ى براى ئەرکى پەروەردەکردن و فێرکردنى لە ئەستۆ گرت.

زۆرێک لە بیرۆکەکانی ئیمامەت دەگەڕێنرێنەوە بۆ باقر، سەرەتا یەکەمینەکانى تیۆری ئیمامەت لای شیعەکان لە سەردەمی ئەوەوە دەستپێدەکات، یان بۆ ئەو دەگەڕێنرێتەوە، سەرەتای یەکەمی بە بەرتەسککردنەوەی زانست و تێگەیشتن لێى پێکهات، ئەم گۆڕانکارییەش تێگەیشتنی ئاینی بۆ ئیمامەکانی ئەهلی بەیت سنووردارکرد، بەم شێوەیە زۆرێک لەو فەرموودانەی کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ باقر دەرکەوتن.

پاشان دوای مردنی باقر ناکۆکی لەنێوان شیعەکاندا لەسەر ئیمامەت دروستبوو، هەندێکیان بە مافى جەعفەرى کوڕى محەمەد (جەعفەر سادق)یان دەزانی، هەندێکیشیان بە مافی (زەیدى کوڕى عەلی)یان دەزانى. لەسەر ئیمامەت جیاوازی لە هەڵوێستى جەعفەر و زەیددا هەبوو، زەید پێویستی دەرچوون و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمى بە ئەرک دەزانی، جەعفەر پێیوابوو کە ئیمامەت تەنها بە وەسفکردن بەدەست دێت، مەرج نییە خروج لە ئاستیدا ڕووبدات، جەعفەر مامەڵەی لەگەڵ ئەو شۆڕشانەدا نەکرد کە سەریانهەڵدا، خۆشی بۆ ئەوە تەرخان نەکرد. لێرەوە ناکۆکی لەنێوان شیعەکاندا دەستی پێکرد، دوای ئەوانیش لەنێو لایەنگرانیاندا توندتر بوویەوە. ئەوانەی باوەڕیان بە ئیمامەتی جەعفەرى کوڕى محەمەد هەبوو پێیان دەگوترا جەعفەرییەکان، ئەوانەی باوەڕیان بە ئیمامەتی زەیدى کوڕى عەلی لەدوای محەمەدى کوڕى عەلی هەبوو پێیان دەگوترا زەیدییەکان، دیدگای هەریەکەیان کاریگەریی لەسەر بیرۆکەى حکومڕانى لەلاى شوێنکەوتوانیان هەبوو.

سەبارەت بە ناکۆکى لەبارەى شایستەیى ئیمامەت بەگشتى، گەورەترین ناکۆکی لەوبارەیەوە پەیوەندی بە سەلماندنییەوە هەیە، ئایا بە دەقێکی ئایینی پشتڕاست کراوەتەوە یان بە هەڵبژاردنی میللەت دەبێت؟ بەم پێیە بۆچوونەکان لەسەر ئەم بابەتە بەسەر چەند گرووپێکدا دابەشبوون، کە بەناوبانگترینیان چوار گرووپن:

گرووپی یەکەم: پێیانوایە ڕێگەی ئیمامەت بەهۆى دەقە، جا دەقەکە لە خوداوە بێت یان لە پێغەمبەرەکەیەوە (د.خ)، ئەم کەسانە جیاواز بوون سەبارەت بەوەی کێ ئەو کەسەی باسکردوە، بۆیە سێ بۆچوونیان هەیە [23]:

بۆچوونی یەکەم: ئەو کەسەی دادەنرێت عەلی کوڕى ئەبو تالیب و هەردوو کوڕەکەی حەسەن و حوسێنە، ئەمەش بۆچوونى زەیدییەکان و دوانزە ئیمامیەکانە؛ زەیدییەکان دەقەکە بە شاراوەیى دەبینن، بەڵام دوانزەییەکان دەقەکە بە ئاشکرا دەزانن.

بۆچوونی دووەم: ئەو کەسەی دادەنرێت ئەبوبەکرى سدیقە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە ئایا دەقەکە ئاشکرایە یان نادیارە، هەندێک لە ئەهلى فەرمودە بە ئاشکراى دەزانن، لەکاتێکدا دەڵێن ئەبو حەسەنى بەسرى وتویەتى دەقەکە لەبارەى ئەبوبەکرەوە نادیارە.

بۆچوونى سێیەم: ئەو کەسەى باسکراوە عەباسە، بەڵام بەڵگەیەکى ئاشکرایان نییە.

گرووپی دووەم: پێیانوایە ڕێگەی ئیمامەت بەهۆى دەقەوە نییە، بەڵکو بانگەواز و دەرکەوتنە (خروج)، ئەمە بیروباوەڕى زەیدییەکانە جگەلە سێ کەسیان: عەلى و حەىسەن و حوسێن، بیروباوەڕى ئەبو عەلى جەبائیە (لە 303 کۆچى مردوە)، ساڵحیە لەم وتەیەدا لەگەڵ زەیدییەکان ناکۆکە.

گرووپى سێیەم: پێیانوایە ڕێگەی ئیمامەت گرێبەست و هەڵبژاردنە، ئەمەش عەقیدەی ساڵحییە لە زەیدییەکان و موعتەزیلە و زۆربەی زانایانی ئەشعەری و خەواریج و مورجیئەکانە.

کۆمەڵەى چوارەم: پێیانوایە ڕێگەی ئیمامەت میراتە، کە عەقیدەی عەباسییەکانە، ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئیمامەت بە میرات لە باوکیانەوە عەباسى کوڕى عەبدولموتەلیب بۆ ئەوانە، بەڵگەکەشیان ئەوەیە کە هیچ میراتێک بۆ کچەزا نییە هەتا مام لە ژیاندا بێت.

تیۆری شیعەى جەعفەری بەم شێوەیە پوخت دەکرێتەوە:

* ئیمامەت یەکێکە لە بناغەکانی دین: دوانزە ئیمامیەکان پێیانوایە ئیمامەت یەکێکە لە بناغەکانی ئایین، ئیمانیش تەواو نییە تەنها بە باوەڕبوون پێی نەبێت، ئیمامەت میهرەبانییەکە لەلایەن خوداوە، واتە هەموو سەردەمێک دەبێت ئیمامێکی ڕێنوێنی هەبێت کە درێژەپێدەری پێغەمبەرایەتییە، دروست نییە سەردەمێک بەبێ ئیمام بێت. ئیمامەت بەشێکى بنچینەییە لە کتێبە عەقیدەییەکانى مەزهەبى دوانزە ئیمامى. بەو پێیەی شیعەکان لەم بوارەدا پێشەنگ بوون، زۆرێک لە گرووپەکان شوێنیان کەوتن، بەتایبەتی لەکاتى دانانى ئیمامەت لە بابەتەکانی بنەماکانی ئاییندا، تەنانەت ئەگەر هاوڕاى شیعەکانیش نەبن، بەنموونە وەک سوننەکان کە ئیمامەت وەک یەکێک لە بنەماکانی ئایین نابینن.

– ئیمامى بێ هەڵە (مەعسوم)

شیعە دوانزە ئیمامیەکان مەرجی بێ هەڵەیی ئیمامیان داناوە. بە بڕوای ئەوان، ئیمام دەبێت لە هەموو هەڵە و پەڵەیەک، جا چ ئاشکرا بێت یان شاراوە، لە منداڵییەوە تا مردن، بە ئەنقەست بێت یان بە هەڵە، پارێزراو بێت [24].

دوانزە ئیمامیەکان کۆمەڵێک پاساو بۆ سەلماندنى ئەم بانگەشەیەیان دەهێننەوە، لەوانە: شەریعەتی ئیسلامی نەمرە، تا ڕوودانى قیامەت بەرژەوەندییەکەی نەمر و بەردەوامە، پێغەمبەرەکەى (محەمەد د.خ) کۆتا پەیامبەرە، بۆیە ئەم شەریعەتە هەر دەبێت پارێزەرێکى هەبێت، ئەو پارێزەرەش نابێت هەموو یان بەشێکى ئوممەت بێت، چونکە ئوممەت تووشى هەڵە و لەبیرچوونەوە دەبێت، خراپکارى دەکات و دەستبەرداری ئەو شتانە دەبێت کە فێری بووە [25].

سەبارەت بەم بابەتە ئەبو جەعفەر محەمەد بن یەعقوب بن ئیسحاق کولەینی دەڵێت: ئیمام ئەو کەسەیە کە هەڵبژێردراوە و پەسەندکراوە، ڕێنمایى کراوە و ڕێنمایى کارە، ئەو کەسەیە کە لەمێژە چاوەڕوان کراوە، خودا بۆ ئەو کارە دروستیکردووە و هەڵیبژاردووە، لە زانستى غەیبى خۆى بەهرەمەندى کردووە، لە باقى پاشماوەکانى ئادەم پاڵفتەى کردووە، لە باشترین نەوەکانى نوح و مستەفایە لە بنەماڵەى ئیبراهیم، نەوەى ئیسماعیل و دەستەبژێرى پێغەمبەرە (د.خ)، لەژێر چاودێرى خودایە، دەیپارێزێت و بە پاراستنی خۆی دایدەپۆشێت، لە تەڵەکانى شەیتان و سەربازەکانى دوورخراوەتەوە، لە وەسوەسەی خراپەکاران و هەناسەی هەموو گوناهبارێک دوورخراوەتەوە، لە کاریگەرییەکانی خراپە دوورخراوەتەوە، لە نەنگى و کەموکوڕى ڕزگارکراوە، بەدەرە لە هەڵە و سەرپێچى، لە هەموو بەدڕەفتارییەک پارێزراوە، لە گەنجیدا بە لێبوردەیی و ڕاست و دروستی ناسراوە، لەگەڵ تەواوبوونیدا دەگەڕێتەوە بۆ پاکیزەیی و زانست و فەزیلەت”.[26]

* ئیمامەت دەقێکە لە خوداوە:

دوانزە ئیمامیەکان ئیمامەت بە پێگەیەکی خودایى دەبینن، ئیمامیش لەلایەن خوداوە بەهۆی پێشناسینی خۆیەوە هەڵبژێردراوە، پێغەمبەریش فەرمان دەکات کە بە دەقێکی ڕوون ئاماژەی پێبدرێت، ئەو دوانزە ئیمامەش بریتین لە: عەلی کوڕى ئەبو تالیب، هەردوو کوڕەکەی حەسەن و حسێن، عەلی کوڕى حسێن کوڕى زەینلعابیدین، محەمەد کوڕى عەلی باقر، جەعفەر کوڕى محەمەد سادق، موسا کوڕى جەعفەر کازم، عەلی کوڕى موسا ڕەزا، محەمەد کوڕى عەلی جەواد، عەلی کوڕى محەمەد هادی، حەسەن کوڕى عەلی، محەمەد کوڕى حەسەن عەسکەری.

شیعەکان پێیانوایە ئیمامى دوانزەهەم محەمەدی کوڕی حەسەنی عەسکەری دیارنەماوە، بیرۆکەی چاوەڕوانی ئیمامی دوانزەهەم بیرۆکەیەکی قبووڵکراوە و تا ئەمڕۆش کەسانێک هەن کە باوەڕیان پێی هەیە، بەڵام فەقیهەکان جگە لە پەرەپێدانی تیۆرەکەیان هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نەبوو، بۆیە بەرمەبناى هەوڵەکانى پێش خۆی و بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە سەرهەڵداوە، خومەینی دەستیکرد بە پەرەپێدانی تیۆری ویلایەتى فەقیه.

بیرۆکەی ویلایەتى فەقیه لەسەر گواستنەوەی بیرۆکەی ئیمامەت لە چاوەڕوانییەوە بۆ چالاکبوون دامەزراوە، هەوڵەکانی خومەینی تەواوکەری هەوڵەکانی پیاوانی ئایینی شیعەی پێش خۆى بوو، کە پێیانوابوو پێویستە لەو دۆخە دەربچن و ئیجتهیاد بۆ ئەو قۆناغە بکەن کە بەبڕواى شیعەى جەعفەرى، ئیمامى دوانزەهەم نادیارە، ئەوان تیۆری ویلایەتى فەقیهیان وەک چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە هێنایە ئاراوە.

لە سەرچاوە شیعیەکاندا سەبارەت بە لەدایکبوونی بیرۆکەی ویلایەتى فەقیه جیاوازی هەیە، خومەینی یەکەم کەس نەبووە کە ئەوەی وتووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو کەسە بوو کە پەرەی پێدا و جێبەجێی کرد، کەسانێک هەن پێیانوایە باوکی شەرعی ئەو بیرۆکەیە شێخ محەمەد کوڕى مەکی حوزەینیە کە لە ساڵی (٧٦٨ کۆچی/١٣٦٦ی زایینی) کۆچی دوایی کردووە، هەندێکی تریش پێیانوایە دەگەڕێتەوە بۆ ئەحمەد نەراقی کە لە ساڵی (1245 کۆچى / 1820 زاینى) کۆچی دوایی کردووە، بەدووریش نازانرێت کە نەراقی ئیلهامى ئەم بیرۆکەیەى لە کتێبی “اللمعە الدمشقیە” لە نووسینی ئیبن مەکی وەرگرتبێت، پاشان دایڕشتۆتەوە و پەرەى پێداوە، ئەم بیرۆکەیە لەلاى خومەینى دەنگى دایەوە، کارى لەسەر پەرەپێدان و جێبەجێکردنى کرد [27].

ب. خومەینی و خومەینیزم…پێکهاتنی ئایینی و سیاسی

ڕوحوڵڵا مستەفا خومەینی لە ساڵی (1902) لە شاری خومەین لەدایکبووە، باوکی پیاوێکی ئایینی بووە. منداڵ بووە کە دایکى کۆچی دوایی کردووە، خوێندنی ئایینی لە زێدی خۆی و پاشان لە ئەراک و قوم وەرگرتووە، شوێنکەوتوانی پێیانوایە کە لە تەمەنی سی ساڵیدا گەیشتووەتە پلەی ئیجتیهاد. بەشداری سیاسی ئەو بە ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک دەستی پێکرد کە لە ساڵی (١٩٦١) لەلایەن حکومەتی شاوە پێشکەشکرا و داوای هەڵوەشاندنەوەی پابەندبوونی سوێندخواردن لەسەر قورئانى بۆ ئەندامانی پەرلەمان دەکرد، کە خومەینی دژی بوو.

لە ساڵی (1963) لە ڕێگەی خۆپیشاندان و پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لە قوم، دژایەتییەکەی لەگەڵ ڕژێم پەرەی سەند و بووە هۆی دەستگیرکردنی بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک. لە ساڵی (1963) دوورخرایەوە بۆ تورکیا، نزیکەی ساڵێک لەوێ مایەوە، پاشان چووە نەجەف، لەوێ تیۆری ویلایەتى فەقیهی پەرەپێدا، زۆرینەى زانایانى شیعە لەوکاتەدا دژایەتى ئەو بۆچوونەیان دەکرد، حکومەتى عێراقیش وەڵامى داوایەکى ئێرانى دایەوە و لە پایزى (1978)دا خومەینى لە وڵاتەکەى دەرکرد، ئەویش لە پاریس نیشتەجێبوو، دوای توندبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، لە سەرەتای شوباتی (١٩٧٩) گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەى، لە یازدەهەمی هەمان مانگدا حکومەتەکەى شا ڕوخا [28].

سەبارەت بە ویلایەتی فەقیه، خومەینی پێیوایە هەتا ئیمام دەردەکەوێت، وەلى فەقیه ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات، لەسەر ئەو بنەمایەش دەڵێت: “بەو پێیەی باوەڕمان وایە کە حوکمەکانی پەیوەست بە بنیاتنانی حکومەتی ئیسلامی هێشتا بەردەوامە، شەریعەتیش ئاژاوە ڕەتدەکاتەوە، پێویستە حکومەتیش پێکبهێنین، کەواتە عەقڵ بڕیار دەدات کە ئەو کارە پێویستە”. [29] پاشان دەڵێت: ئەمڕۆ لە سەردەمى دیارنەبوونى ئیمامدا، بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارى دەوڵەت دەقێک لەسەر کەسێکى دیاریکراو نییە، بۆچوونەکە چییە؟ ئایا حوکمەکانى ئیسلام پەکبخەین یان دەمانەوێت واز لە ئیسلام بهێنین؟ یان دەڵێین ئیسلام هاتووە تەنها بۆ ئەوەى ماوەى دوو سەدە فەرمانڕەوایى خەڵکى بکات و دواى ئەوە فەرامۆشیان بکات؟ یان دەڵێین ئیسلام کاروبارەکانى ڕێکخستنی دەوڵەتی فەرامۆش کردووە؟ سەرەڕای بوونی دەقێک بۆ ئەوەی کەسێک لەبرى ئیمام کار بکات لە ئەگەری نەبوونی ئیمامدا، تا ئێستاش تایبەتمەندییەکانی حوکمڕانی شەرعى لە هەر کەسێکدا کە شایستە بێت بۆ حوکمڕانی بەسەر مرۆڤەکاندا بە هەبوو هەژمار دەکرێت، ئەو تایبەتمەندیانەش بریتین لە زانینی یاسا و دادپەروەری، لەم سەردەمەدا لە زۆربەی زاناکانماندا هەن، ئەگەر یەکگرتوو بوونایە دەیانتوانی حکومەتێکی جیهانی دادپەروەرانە و بێهاوتا دروست بکەن و پێکبهێنن.”[30]

ویلایەتى فەقیه جیاوازە لە ئیمام، بانگەشەى پاکیزەیى (مەعسوم)ى یان ئەو پێگەیەى ئیمام هەیەتى بۆ وەلى ناکرێت، خومەینی دەڵێت: “نابێت ئەوانەی سەرەوە بە هەڵە تێبگەین، یان کەسێک خەیاڵی ئەوە بکات ئەگەر شایستە بوو بۆ وەلى فەقیه، ئەوا پێگەکەى بۆ پلەى پێغەمبەرایەتی یان بۆ پێگەی ئیمام بەرزدەبێتەوە. چونکە لێرەدا قسەکانمان لەبارەى پلە و پێگەیە” [31].

نوێنەرایەتیی فەقیه بەناوی ئیمامی (مەعسوم) نوێنەرایەتییەکی وەلائى دەسەڵاتخوازانەیە کە پەیوەندی بە پۆستەکانەوە هەیە، بەبێ ئەوەی بۆ بەها و پلە درێژببێتەوە، ئەم خاڵە سروشتى باڵادەستى لە حکومەتەکە داناماڵێت، بەڵکو ڕوونکردنەوەیەکی لۆژیکیە بۆ ئەو بڵندى و هەمەگیرییەى کە خومەینی بە چەمکی دەسەڵاتى دەبەخشێت، مانا قووڵەکەی نوێنەرایەتیش بەردەوامبوونى ئیمامەتە، دۆخى چاوەڕوانی دەگۆڕێت بۆ ئامادەبوون، قەرەبووى بۆشایى دیارنەمانى ئیمام بە کاریگەرى نوێنەرەکانى دەکاتەوە. [32].

لە بیری سیاسی شیعەدا تیۆری ویلایەتى فەقیه، چەقى وەرچەرخانى چۆنایەتی پێکدەهێنێ، چونکە وەک تەوەرێکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی سیاسی شیعەدا، لەسەر شەپۆلی شۆڕش هات هەتا گەیشتە قۆناغی جێبەجێکردنی کردەیی.

جەخت دەکاتەوە لە دەقێکى پیرۆز، کە میکانیزمێک بۆ جێگرتنەوەى (مەعسوم) لە غیابی ئەودا دروستدەکات، کە لەسەر بنەمای دامەزراندنی ئەو کەسەیە کە لەڕووی تایبەتمەندیەوە نزیکترینە لێی، ئەم دامەزراندنەش لەسەر بنەمای بۆچوونی کەسانى خودان شارەزاییە بەبێ ئەوەى مافی دانانی پێوەرەکان و تایبەتمەندییەکانیان هەبێت، بەڵکو بەپێی ئەو مەرجانەی لە دەقەکەدا هاتووە، تەنها ئەو کەسە دەستنیشان دەکەن کە باشترینە و نزیکترینە لە (مەعسوم)ەوە [33].

دیباجەى دەستووری هەموارکراوی ئێران لە ساڵی (1989)، جەخت لە پرسی ویلایەتى فەقیه وەک باڵاترین دەسەڵات لە ئێراندا دەکاتەوە، ئەم بیرۆکەیەش لە دەقی دەستوورەکەدا چەسپێنراوە، بە تایبەتی لە ماددەی (٥٧)دا، کە شەرعیەتی دەستووری بەم پرەنسیپە بەخشیوە، هەروەها سەروەریی سیاسی و مەزهەبی بە ڕێبەری باڵا بەخشیوە، جگە لەوەی باوەڕبوون بە ویلایەتى فەقیه دەکاتە یەکێک لە پایە سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران [34].

وەلى فەقیه نمایندەى باڵاترین دامەزراوەى سیاسى و ئایینیە، بە دامەزراوەى سەرکردایەتى گوزراشتى لێکراوە، لە ماددەى (110) دەستووردا ئەرک و دەسەڵاتەکانی بەم جۆرە دیاریکراوە:

– داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پاش ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی دیاریکردنى بەرژەوەندییەکانى ڕژێم.

– سەرپەرشتیکردنی دروست جێبەجێکردنی سیاسەتە گشتییەکانی سیستەمەکە.

– دەرکردنی فەرمانی ڕیفراندۆمی گشتی.

– فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان.

– ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتی و کۆکردنەوەی گشتی (نەفیر عام).

– دانان و دەرکردن و قبووڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەی هەریەکە لە:

– یاساناسانی ئەنجومەنی داڕشتنەوەى دەستوور.

-بەرپرسى باڵاى دەسەڵاتی دادوەری.

– سەرۆکی دەزگای ڕادیۆ و تەلەفزیۆن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران.

– سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەیی هاوبەش.

– فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیی.

– سەرکردایەتی باڵای هێزە چەکدارەکان و هێزەکانى ئاسایشی ناوخۆ

– چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان هەر سێ باڵەکەی هێزە چەکدارەکان و ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

– چارەسەرکردنی کێشەکانی سیستەم کە بە شێوازی ئاسایی چارەسەر ناکرێت، لە ڕێگەی ئەنجومەنی دیاریکردنى بەرژەوەندییەکانى ڕژێمەوە.

– واژۆکردنی مەرسومى دەستبەکاربوونی سەرۆک کۆمار دوای هەڵبژاردنی لەلایەن گەلەوە. سەبارەت بە شایستەیی کاندیدەکان بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، لەبارەی ئەو مەرجانەی لەم دەستوورەدا لەوبارەیەوە دیاری کراون، پێویستە لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، پێش دەنگدانى ئەنجومەنی داڕشتنەوەى دەستوور، ڕەزامەندی سەرکردایەتی بەدەست بهێنێت.

– دوورخستنەوەی سەرۆک کۆمار، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی وڵات، دوای ئەوەی دادگای باڵا بڕیاریدا کە ئەرکە دەستوورییەکانی پێشێلکردووە، یان دوای ئەوەی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی بەپێی مادەی (89)ی دەستوور دەنگیدا بەوەى کە لێهاتوویی سیاسی نییە.

– دەرکردنی لێبوردن یان کەمکردنەوەی سزای سزادراوان لە چوارچێوەی پێوەرە ئیسلامییەکان، لەسەر بنەمای پێشنیاری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری.

رێبەر دەتوانێت کەسێکی دیکە بۆ ڕاپەڕاندنى ئەرک و دەسەڵاتەکانی ڕاسپێرێت [35].

جگەلەوانەش تیۆری ویلایەتى فەقیه ڕەهەندێکی فراوانخوازانەی هەیە، بەو پێیەی چەمکی هەناردەکردنی شۆڕش پەیوەندییەکى ئاڵوگۆڕانەى بە چەمکى بان نەتەوەییانەى ویلایەتى فەقیهەوە هەیە، کە دوورە لە پابەندبوون بەهەر گرێبەستێک یان یاسایەکی نێودەوڵەتیەوە، بایەخ بە سەروەرى هاوسێکان یان پەیماننامەکانى سنور نادات، هیچ سەروەرییەک نییە کە ڕێگری لە سەپاندنی دیفاکتۆ (ئەمرى واقیع) بکات، هیچ سەربەخۆیییەک نییە کە ڕێگری بکات لە پەڕینەوەى ویلایەت بۆ دەوڵەتانی دیکە، چ دراوسێ بن یان دوور.

محەمەد تەقى میسباح یەزدى پێیوایە کە ویلایەتى فەقیه ”شەرعیەتی خۆی لە دەسەڵاتێکى یاسایى خوداییەوە وەردەگرێت، نەک هەر ئەوەندە بگرە هیچ ویلایەتێک لەبنەڕەتەوە شەرعیەتى نابێت ئەگەر بە مۆڵەت و دانانى خودایى نەبێت، دانپێدانان بە شەرعیەتى هەر حکومەتێک بەدەر لەم شێوازە، ئەوا بەجۆرێک لە هاوبەشى دانان لە دەسەڵاتى یاسادانانى خودایى دادەنرێت. بە واتایەکی تر خودای گەورە پێگەی حوکمڕانی و ویلایەتى بەسەر خەڵکیدا بە ئیمامی (مەعسوم) بەخشیوە، ئیمامیش کە هەموو مەرجەکانى تێدایە وەلى دادەنێت. جا چ لە کاتی بوونى و نەگرتنەدەستی دەسەڵاتدا بێت یان لە کاتی دیارنەبوونیدا بێت، گوێڕایەڵیکردنى -لەڕاستیدا- گوێڕایەڵیکردنى ئیمامى مەعسومە، ڕەتکردنەوەشى وەک ڕەتکردنەوەى ئیمامى مەعسومە، هەروەها وەک نکوڵیکردنى دەسەڵاتی یاسادانانی خوداییە” [36].

بەگوێرەى چەمکی (ئومولقورا: ام القرى) کە محەمەد جەواد لاریجانی بانگەشەى بۆ دەکات، وەلى فەقیه دوو پێگەى هەیە، پێگەی یەکەم: سەرکردایەتی یاسایی کۆماری ئێرانە کە لە دەستووردا پێناسەکراوە و ئەرک و دەسەڵاتەکانیشی دیاریکراوە. پێگەکەى دیکە ویلایەتى جیهانى ئیسلامیە کە وەکو ئەرکێکى شەرعى دانى پێدانراوە. لەسەر ئەم بنەمایەش ئێران (ئومولقورا) و (خانەى موسڵمانانە: در الاسلام)ە، ئەرکی سەرکردایەتیکردنی جیهانی ئیسلامی لەسەرە و میللەتیش ئەرکی ویلایەتى خۆى لە ئەستۆیە [37].

بەرمەبناى ئەو تێڕوانینە، پاشخانى مەزهەبى ئێران ئیمامەت بە مانا گشتیەکەى کە شیعەى دوانزە ئیمامى هێناویەتى، ویلایەتى فەقیه وەک بیرۆکەیەکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ تیۆری ئیمام دەبینێت. وەلى فەقیه دەسەڵاتەکانی ئیمامی نادیار ڕادەپەڕێنێت، بەڵام نەگەیشتۆتە پلەى ئیمامەکە، بیرۆکەی ویلایەتى فەقهیش دەتوانرێت بگشتێنرێت و هەناردەى زیاتر لە وڵاتێک بکرێت.

 

دووەم: ململانێی ئەتۆمی و دیاریکەرەکانی پەیوەندی ئێران لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکاندا

یەکێک لە گرنگترین ئەو ئاریشانەى کە ئێران لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، پەیوەندییەتی لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتی و ژینگەی هەرێمایەتیدا، ڕەنگە ئەمەش بۆ ئەو بناغەیە بگەڕێتەوە کە سیستەمى ئێرانى لەسەر دامەزراوە، کە بریتیە لە بنەمای سەربەخۆیی لە بڕیاردان و ئازادبوون لە هەژموونى دەرەکی و هەناردەکردنی ڕژێمی ئێرانى وەک ناوەندێکی هەرێمى کە پێویستی بە ملکەچبوون و دڵسۆزی سیاسی هەیە لەلایەن ڕژێمەکانی دیکەوە بۆی، لە بەرامبەردا ئەمەش کێشە سیاسیە دەرەکییەکانى بۆ سیستەمى ئێرانى دوو هێندە کردووە.

  1. 1. دیاریکەرەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران

کۆمەڵێک دیاریکەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران دیارى دەکەن، دیاریکەری ئەمنی بە ڕێکخەرى پەیوەندییەکانی دەرەوەى بەتایبەتى لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دادەنرێت. سەرکردایەتی شۆڕشی ئێران ڕوانگەیەکی گوماناویی بۆ ڕۆژئاوا و چەواشەکارانەى لە مامەڵەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیدا گرتۆتەبەر، لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت بە سیمایەکى زۆر سەربەخۆییانە دەربکەوێت، بەڵام ئەم سیاسەتە ڕژێمی ئێرانی زۆر ماندوو کردووە، سەرەڕای هەوڵەکانى بۆ هاوسەنگکردن، بەڵام جارجارە شکست دەهێنێت.

ئێران هەوڵى سەربەخۆیى ئابورى دەدات، وەک پێشمەرجێک بۆ جڵەوکردنى بڕیارەکان و دەرچوون لە بەندوباوى گەمارۆ ئابورییەکان و پیشاندانی ڕژێمی ئێرانى وەک هێزێکی کۆنترۆڵکەر لەسەر زەوی، هەروەها گەشەپێدانى لایەنى سەربازی، کە لەو ڕێگەیەوە هەوڵى دامەزراندنى هێزێکی بەرپەرچدانەوەى هەرێمى دەدات.

بەگوێرەى دەستورى ئێران، مافى دەستوەردانى هەرێمى بە سیاسەتى دەرەوەى ڕژێمەکە دەدات، بەپاساوى بەرگریکردن لە مافى مسوڵمانان، هەوڵدەدات “هەموو جۆرەکانی ستەمکاری ڕەتبکاتەوە، جا چ پراکتیزەکردنى بێت یان ملکەچبوون بێت بۆی، پاراستنی سەربەخۆیی تەواو و یەکپارچەیی خاکی وڵات، بەرگریکردن لە مافی هەموو موسڵمانان، لایەنگری نەکردنى هیچ کام لە زلهێزە ستەمکارەکان، پاراستنی پەیوەندیی ئاشتیانەی دوولایەنە لەگەڵ هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە دوژمنایەتى ناکەن” [38].

لە ماددەی (١٥٤)ى دەستوورى ئێراندا هاتووە: ​​«کۆماری ئیسلامیی ئێران بەختەوەری مرۆڤ لە هەموو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا بە بەرزترین ئایدیالی خۆی دەزانێت، سەربەخۆیی و ئازادی و سەروەری یاسا بە مافی هەموو گەلانی جیهان دەزانێت، بەو پێیەش لە هەموو بەشەکانی جیهان پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای ستەملێکراوان لە دژی چاوچنۆکەکان دەکات، بەڵام بە تەواوی خۆی لە هەموو جۆرە دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆیی گەلانی دیکە بەدوور دەگرێت” [39].

سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە هەندێک لە ڕێکارەکانیدا لەنێوان ڕەوتی ڕیفۆرمخواز و بناژۆخوازدا جیاوازە، ڕەوتی ڕیفۆرمخواز کۆنترۆڵی ویلایەتى فەقیه کەمدەکاتەوە و داوای کرانەوەی زیاتر بەڕووى جیهاندا دەکات، هەرچى ڕەوتى بناژۆخوازەکانە بناغەى سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەى لەسەر بنەمای دوژمنایەتیە لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا، هەر هەوڵێک بۆ بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە، ڕەخنەی ڕاشکاوانە لە هەندێک هەوڵ بۆ کردنەوەی دەرگای دیالۆگ لەگەڵ ئەمریکادا دەگرێت. پێیوایە هێڵی ئیمام لەگەڵ هێڵی دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا ناگونجێت، چونکە ئەمریکا دوژمنی یەکەمی شۆڕشە [40].

ئەم ڕەوتە زۆرتر لەژێر کاریگەری فاکتەری ئایدیۆلۆژی ڕژێم و بەتایبەتى تیۆری ویلایەتى فەقیهدایە، کە چەقى بیرۆکەی سیاسەتی ئێرانە لە ناوخۆ و دەرەوەدا، بە تایبەتمەندى گشتاندن (تعمیم) دەناسرێتەوە، پێیوایە دەبێت نەک تەنها شیعەکانى جیهان، بەڵکو هەموو ئوممەتى ئیسلامیی ملکەچى هەژموونى بن، بڕواى بە بژاردەى وەلى زۆر و زەوەند نییە.

نوخبەی مەزهەبی ئێران وەک یەکێک لە پێویستییەکانی عەقیدەی شیعەگەرایى، باوەڕیان بە ویلایەتى فەقیه و ناوەندایەتییەکەی هەیە، باوەڕیان بە پەلهاویشتنى ویلایەتى فەقیه هەیە تاوەکو هەموو شیعەکان نەک تەنها لە سنوورى ئێراندا، بەڵکو هەموو مسوڵمانان لە سەرانسەرى جیهاندا بگرێتەوە، باوەڕیان بە هەژموونی ڕێبەری باڵا بەسەر تەواوى زانایاندا هەیە، ئەمەش وایکردووە وەکو ڕەعیەتى وەلى فەقیه تەماشاى مەزهەبە شیعەکانى دەرەوەى ئێران و گرووپە شیعیە ناوخۆییەکان بکەن، هەروەها لەسەر ئاستى وەسیەت و ویلایەت، بەهەمان لۆژیکی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێرانیدا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، لە دیدگاى سیاسی ئەم نوخبەیەدا، ئابووری و باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان بابەتێکی لاوەکییە، بەڵام پرسى سەرەکى شۆڕش و هەژموون و فراوانخوازییە [41].

بیرۆکەی تەقییە کە بیرۆکەیەکی مەزهەبیە، لە سیاسەتی ئێراندا چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی ئامادەیە، ئێرانییەکان لە ڕێگەی ڕەوایەتیدان بە بەکارهێنانى لە بواری دیپلۆماسیدا، وەک ڕێگەیەک لە ڕێگەکانى پاراستنی بەرژەوەندییەکان، بە شێوەیەکی کردەیی چەمکی تەقیەیان پەرەپێداوە. هەمان شت بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێرانیش دەگونجێت. نموونەی ئەوەش پەیوەندی ئێرانە لەگەڵ ئەمریکادا، چونکە ئێران لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە ڕێکەوتنى تایبەت لەگەڵ ئەمریکادا دەکات، بەڵام لەهەمانکاتدا بە شەیتانی گەورەش ناوی دەبات [42].

تێکەڵکردنى تەقیەى مەزهەبى و پراگماتیزمی سیاسی، ڕەفتارێکی ئێرانییە کە گوتاری گشتی شۆڕشگێڕانە کۆنترۆڵ دەکات، پراگماتیزم لە پەیوەندییەکانی ڕژێمی ئێراندا لە ناوخۆ و دەرەوەدا ئامادەیە، لەڕاستیدا لە دانوستانە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکاندا فاکتەری سەرەکییە، هەروەها پێش هەموو پێودانگە ئایینی و مەزهەبیەکان دەکەوێت.

پەیوەندی ئێران لەگەڵ هیندستان لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ پاکستاندا باشترە، پەیوەندی لەگەڵ ئەرمینیا لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئازەربایجاندا باشترە، هەرچەندە زۆرینەى دانیشتوانەکەى شیعەن، هەروەها پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی بێدینی وەک ڕووسیا، چین و کۆریای باکوور لە پەیوەندى لەگەڵ دەوڵەتە ئاینیەکان باشترە.

  1. 2. ململانێی ئەتۆمی ئێران

بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە سەردەمی محەمەد ڕەزا شاى پەهلەویدا دامەزرێنرا، چونکە بەلاى شاوە گرنگیدان بە وزە، بەشێکی گەورە بوو لە هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی ئێران بۆ زلهێزێکی ناوچەیی، بەم شێوەیە بە هاوکاری و هاندانی ئەمریکا بووە دامەزرێنەرى ژێرخانی بەرنامەى ئەتۆمی وڵاتەکەی، چونکە ئەمریکا پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ ئێران هەبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی کۆتایی بە شۆڕشی محەممەد موسەدیقى سەرۆک وەزیران هێنا و لە ساڵی (١٩٥٣) شاى بۆ دەسەڵات گەڕاندەوە. ئەم هاوکارییانە لە چوارچێوەی بەرنامەی ئەتۆمى بۆ مەبەستى ئاشتیخوازانە هاتە ئاراوە. پاشان ئەمریکا ئاسانکاری بۆ دابینکردنى کەرەستەی پێویست بۆ ڕیاکتۆری ئەتۆمی کرد. ئێرانیش ڕێکەوتنی دیکەی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپادا واژۆ کرد، وەک فەرەنسا لە ساڵی (١٩٧٥)، ئەڵمانیا لە ساڵی (١٩٧٦). ئەمەش بە قۆناغی یەکەمی دامەزراندنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دادەنرێت.

قۆناغی دووەم لەدوای سەرهەڵدانى شۆڕشی ئێران بوو، هەرچەندە سەرکردەکانى شۆڕش لە سەرەتاوە بەرنامەى ئەتۆمییان فەرامۆشکرد، بەڵام دواى هەڵگیرسانى جەنگ لەگەڵ عێراق و بۆردومانکردنى دامەزراوە ئێرانیەکان لەلایەن عێراقەوە لە ساڵى (1982)، بەهێزەوە بۆى گەڕانەوە. بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک ڕێکەوتنیان لە ساڵى (1986) لەگەڵ پاکستان و لە (1987) لەگەڵ ئەرژەنتین واژوکرد [43].

قۆناغی سێهەم لە کۆتایی جەنگی دووەمی کەنداو و دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی (1991) دەست پێدەکات تا دەگاتە ساڵی (2004)، بەو پێیەی لەم ماوەیەدا ئێران هەوڵەکانی بۆ سەرخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی چڕتر کردەوە، ئەمەش وایکرد بتوانێت لێکۆڵینەوەی پێشکەوتوو لەو بوارەدا ئەنجامبدات، لە ئەنجامدا توانی دامەزراوەی گرنگى ئەتۆمی دابمەزرێنێت، بەڵام زۆر بە نهێنی؛ لە ترسی هەر هێرشێکی سەربازی کە ببێتە هۆی لەناوبردنی ئەوەى کە بنیادى ناوە و کارکردنى بەرنامە ئەتۆمیەکەى بوەستێنێت. ئێران بۆ بەدەستهێنانی کەرەستەی پێویست بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ڕێکەوتنی لەگەڵ کۆریای باکوور و ڕووسیا و چیندا واژۆ کرد [44].

قۆناغی چوارەم بریتیە لە قۆناغى بەرەنگاربوونەوەى بەرنامەى ئەتۆمى ئێران بە ئاشکرا لەلایەن ئەمریکاوە، هەروەها کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتیە لەلایەن ئەمریکاوە، بەمەبەستی سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا، تاوەکو ناچاری بکات دەستبەرداری خواستەکانی بۆ خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی ببێت و ڕازی بێت بە بەکارهێنانی بەرنامەکەى تەنها بۆ مەبەستی ئاشتیانە، لەگەڵ سەلماندنى ئەم ڕاستیە بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم [45].

لەگەڵ پەرەسەندنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و فراوانبوونی پرۆسەی دانوستانەکان بۆ پێشگرتن لێى، ئەم فشارانە هاتنە ئاراوە، بەو پێیەی ئامانجی سیاسەتی ئەمریکا سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوو. ئەمەش پایەیەکی بنەڕەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە و بەشێکە لە ستراتیژەکەی بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، بەتایبەتی دوای پەلامارەکانى (١١/ ئەیلول/2001)، توانی وڵاتە گەورەکانیش بهێنێتە سەر ئەو باوەڕە.

لە ساڵی (٢٠١٥) زلهێزە نێودەوڵەتییەکان و ئێران گەیشتنە ڕێکەوتنێک، کە کەمکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانى لەخۆگرتبوو، لە بەرامبەر هەڵگرتنی ئەو سزا ئابوورییانەی کە بەسەر ئێراندا سەپێنرابوو، بەڵام ئیدارەی ئەمریکا لە ساڵی (٢٠١٨) پاشەکشەى لەم ڕێکەوتنە کرد، سەرلەنوێ قەیرانی نێوانیان دەستى پێکردووە و فشارەکانی ئەمریکاش دەستى پێکردەوە.

قۆناغی پێنجەم دوای کشانەوەی تاکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی دەستیپێکرد، بەو پێیەی سزای ئابووری و سیاسی بەسەر ڕژێمی ئێراندا سەپاند، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکاش خراپتر بوو، بەتایبەتی لە سەردەمی دەسەڵاتی ترەمپدا. دوای گەڕانەوەی بایدن، جارێکی دیکە پرسی دانوستانی ئەتۆمی پەسەندکرد. هەردوولا بە تامەزرۆییەوە چاویان لە دروستکردنی ڕێکەوتنێکی نوێیە سەبارەت بەم دۆسێیە، بەڵام ئێران بەدوای گەرەنتی نێودەوڵەتیدا دەگەڕێت تاوەکو ئەمریکا ناچار بکات جارێکی دیکە نەکشێتەوە، پێدەچێت ئیدارەی نوێی ئەمریکاش بە سەرۆکایەتی بایدن ئامادەبێت ئەو گەرەنتیانە دابین بکات، بۆیە پەیامی ئەرێنی بۆ تاران ناردووە و پێداگری لەسەر گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش دەکات.

 

  1. دیاریکەرەکانی پەیوەندی ئێران لەگەڵ ئەمریکا، ڕووسیا و چین

ڕەنگە تێڕوانینی ئێرانی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەنێوان تیۆری و کردەوەی سەرکردەکانیدا جیاواز بێت، چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک کۆمەڵگەیەکی ستەمکار دەبینن، کە دەرامەتى وڵاتانی ئیسلامی بەفیڕۆ دەدات و لە شەڕ و قەیرانەکانیدا بەکاریدەهێنێت، ئێرانیش خۆى وەک فریادڕەسى ئەو دۆخە دەبینێت.

أ: دیاریکەرەکانی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکادا

دوای کودەتاکەی ئەفغانستان لە ساڵی (1978) کە لەلایەن سۆڤیەتەوە پاڵپشتی دەکرا، لە چوارچێوەی ململانێی نێوان ئۆردوگای کۆمۆنیستی سۆڤیەت و سەرمایەداری ئەمریکادا بوو، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا ئاسانکارییان بۆ شۆڕشی ئێران کرد، تاوەکو ڕێگە لە هاتنە سەر دەسەڵاتی چەپەکانی ئێران بگرن، ئەگەرى ڕوودانى ئەو دۆخەش زۆر ئاسان بوو. ئەم ئاسانکارییەش بەڵگە نییە لەسەر ڕەزامەندى جەمسەری سەرمایەداری لە شۆڕشی خومەینی، بەڵکو لە هەستکردن بە مەترسی فراوانبوونی ڕژێمی کۆمۆنیستەوە سەرچاوەی گرتبوو.

دەتوانین بڵێین گرنگترین دیاریکەرەکانی سیاسەتی پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمریکا بریتین لە:

* ئەو بیرە ئایدیۆلۆژییەی کە ڕژێمی ئێرانى لەسەر بنیاتنراوە:

بیرۆکەی ویلایەتى فەقیه، بیرۆکەیەکی تایبەت نییە بەو ناوچە جوگرافییەی کە ڕژێمی ئێرانى تێیدا نیشتەجێیە، بەڵکو بیرۆکەیەکە هەموو ئەوانە تێدەپەڕێنێت و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی هەموو جیهان دەدات، سیستەمە نێودەوڵەتییەکان وەک بەربەستێک لەبەردەم کردەوەی سەربازی و جووڵەی سیاسی خۆی لە ناوچەکەدا دەبینێت، ئەمە جگەلە ترسی بناژۆخوازەکان لە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چونکە پێشتر هاوپەیمانى شا بووە، بۆیە دروشمەکانی شۆڕشی ئێرانى بەشێوەیەکی سەرەکی ئاڕاستەی ڕژێمی ئەمریکا بوو. هەروەها ڕژێمی ئێران، ئەمریکا بە پشتگیریکردنى عێراق لە جەنگی یەکەمی کەنداو (1980-1988) تۆمەتبار دەکات.

* بەرنامەی ئەتۆمی ئێران

ئەمریکا پێیوایە ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى، ئەوا دەبێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە ناوچەی کەنداودا، ئەوەش ئێران والێدەکات بتوانێت هاتوچۆی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان کۆنترۆڵ بکات.

دیدگاى ئەمریکا لەسەر چەکی ئەتۆمی ئێران، لە چەندین پاساوەوە سەرچاوەى گرتووە، کە گرنگترینیان بریتین لە:

– سنووردارکردنی خواستى هەرێمى ئێران، واتە لەداهاتوودا کێبڕکێ لەگەڵ هەژموونى ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو و ناوچەی عەرەبی بە گشتی دەکات.

– ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى، ئەوا دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیرى ناوچەى کەنداو کە ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی لە بەهێزکردنیدا بینیوە.

– ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى، هانی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەدات تاوەکو ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەمەش واتای ئەوەیە ناوچەکە دەچێتە قۆناغى پاشاگەردانى تەناهیەوە.

* نەوتی کەنداو

ئەمریکا لە ڕابردوو ئێستاشدا مکوڕە لەسەر ئاسایشی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، بەتایبەتى ناوچەی کەنداوی عەرەبی. هەروەها بۆ پاراستنى ناوچەکە، پێداگرە لەسەر فراوانکردنى بوونى سەربازى و هەژموونى سیاسى، بەمەبەستى دەستەبەرکردنی هەناردەکردنى نەوت بەبێ هیچ بەربەستێک. ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى لەلایەک، لەلایەکى دیکەش ببێتە خاوەنى نەوت، ئەوا دەبێتە هێزێکى کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. هەر لەبەر ئەمەشە ئەمریکا هەوڵدەدات پێش بە هەڵکشانى ئێران بگرێت و هەژموونى لە ناوچەکەدا سنووردار بکات.

 

* فراوانخوازی ئێران لە ناوچەکەدا

ئێران بە هەموو توانای خۆیەوە هەوڵدەدات کەرەستەی سیاسی و سەربازی بۆ خۆى لە ناوچەکەدا پەیدابکات، لەم پێناوەشدا کەڵک لە نەبوونی پڕۆژەیەکی عەرەبی و بوونی پڕۆژەیەکی قەوارەی ئیسرائیلی وەردەگرێت. لە هەمانکاتدا ئەمریکا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەم فراوانخوازییە دەدات، تاوەکو لە قاڵبى بدات نەوەکو کۆتایى پێبهێنێت. بە مەبەستی زیاتر ماندووکردنی ئێران و وەبەرهێنانی فراوانخوازى ئێران لە بێزارکردنى ڕژێمە عەرەبییەکاندا، بەتایبەتى دەوڵەتانی کەنداو. ئەم پرۆسەیە زۆرجار لە خواستەکانى ئەمریکا دەردەچێت، ڕەنگە لەبەر یەکێک لەم دوو هۆکارە بێت:

هۆکاری یەکەم: ناتەبایی بڕیاردەرانی ئەمریکا لەبارەى ڕژێمی ئێرانەوە.

هۆکاری دووەم: خواستەکانى ئێران کە ڕووبەرەکانى ئەمریکا تێدەپەڕێنێت.

ئەمەش بەردەوام دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژیی لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتۆندا، بەڵام گرژییەک لە چوارچێوەی کۆنتڕۆڵدا، بەجۆرێک نابێتە هۆی ڕووخانی ڕژێمی ئێران و زیانێکى تۆقێنەر بۆ ئێران. هەروەها ئێران لە هەڵمژینی گورزەکانی ئەمریکا و سوود وەرگرتن لە ڕووبەرەکان و وەبەرهێنان لە بۆشاییەکان و هەوڵدان بۆ هەڵکشانى زیاتر، توانایەکى بێ ئەندازەى نیشانداوە. ئەمریکا لە مانەوەی ئێران سوودمەندە، لەڕاستیدا ئەوە هەر ئەمریکا بوو لەدواى داگیرکردنى عێراق لە ساڵى (2003)، دەرفەتی فراوانخوازی لە عێراقدا بۆ ڕەخساند، ئەمەش دەرفەتەکانی ڕژێمی ئێرانی بۆ فراوانخوازى لە دەرەوەدا زیاتر کرد.

ب. دیاریکەرەکانی پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا

لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ئێران بووەتە یەکەم کڕیارى چەکی ڕووسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. پێکەوە لە ساڵانی نەوەدەکاندا ڕێکەوتنێکی ئەتۆمییان واژۆ کرد، بەمەبەستى تەواوکردنی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر، سەرەڕای هاوکاری و هاوبەشی سیاسی و ئابووری و سەربازیی نێوان هەردوو وڵات، بەڵام بەهۆی کۆمەڵێک دیاریکەرەوە پەیوەندییەکانیان بە وریاییەوە بەڕێوەدەبەن کە گرنگترینیان بریتین لە:

– ململانێی مێژوویی نێوان هەردوو وڵات:

لە ماوەی پێنج سەدەی ڕابردوودا، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا هەمیشە پڕ بووە لە شەڕ و ململانێ، واتە لەهەر سێ قۆناغەکەى ڕووسیادا: قەیسەر، ئیمپراتۆریەت و سەردەمی سۆڤیەتدا. لەو سەردەمانەدا ڕووسیا هەرکاتێک ویستبێتى پەلامارى ئێرانى داوە و داگیرى کردوە، تا ئەوپەڕی سنوور دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆیدا کردووە، هەروەها هێزەکانی ڕووسیا لەهەردوو جەنگە جیهانیەکەدا ئێرانیان داگیرکردووە.

داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت ڕۆڵێکی سەرەکی لە گۆڕینی ڕەوتی پەیوەندییەکانیاندا بینی، ئێران یەکێک بوو لە سودمەندە هەرە دیارەکان لێی، گۆڕانکارییەکان و پێشهاتە ناوخۆییەکانی هەردوو وڵات لە ساڵانی نەوەدەکاندا، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بنیاتنانی پەیوەندییە ئاساییەکانى نێوان هەردوولادا هەبوو.

ڕووسیا بۆ باشترکردنی پەیوەندییە دەرەکیەکانی لەگەڵ وڵاتانی جۆربەجۆر، لەوانەش ئێران سیاسەتێکی دەرەکى نوێی گرتۆتەبەر. بەم پێیە هەردوولا لە ساڵی (١٩٩٥) ڕێکەوتنێکیان بۆ دروستکردنی ڕیاکتۆری ئەتۆمی بوشەهر لە ئێران ئەنجامدا، دوای ئەوەی ئەڵمانیا دەستبەرداری ئەو پڕۆژەیە بوو. بەڵام بە درێژایی ساڵانی نەوەدەکان دەرفەتەکانی نزیکبوونەوە بە سنووردارى مایەوە. لەگەڵ گەیشتنى پوتین بە دەسەڵات لە ساڵی (٢٠٠٠)، پەیوەندییەکانیان پەرەی سەند [46].

بەم پێیە وا دیارە ئێران وەک هاوپەیمانێکی کاتی مامەڵە لەگەڵ ڕووسەکاندا دەکات، کە بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی ستراتیجی و هاوکاری هاوبەش لە ئاستە بەرزەکاندا، ناتوانرێت متمانەیان پێ بکرێت. چونکە تائێستا ناکۆکییە مێژووییەکان لە عەقڵیەتی ئێرانیەکاندا ماوەتەوە.

سەرەڕای باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هاوکاری هاوبەش لە چەندین دۆسیەدا، بەڵام هێشتا وریایی ئێران بەردەوامە.

– هاوسەنگی ڕووسیا لە ناوچەکەدا

ڕووسیا هەوڵدەدات سوود لەو دژایەتییانە وەربگرێت کە لە ناوچەکەدا هەیە، هەوڵیشدەدات ئەو بۆشاییانە پڕبکاتەوە کە ئەو دژایەتییانە دەیسەپێنێت، ڕووسیا ڕژدە لەسەر هێشتنەوەى پەیوەندییە بەهێزەکانى لەگەڵ قەوارەی ئیسرائیل لەلایەک، پەیوەندییەکانیشى لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو لە لایەکی دیکەوە. ئەمەش کاریگەری لەسەر قووڵایی پەیوەندییەکانی ئێران و ڕووسیا هەیە، چونکە ئێران دەخاتە دۆخێکی وریاییەوە لە بەرامبەر هەر حاڵەتێکی نائاسایی، کە لە ڕێگەیەوە ڕووسیا ڕەنگە هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە لایەنی ئێرانی بکاتە قوربانی، هەروەها ڕووسیا لەگەڵ پەرەپێدانی توانا ئەتۆمییەکانی ئێران نییە بە شێوەیەک کە ببێتە هەڕەشە لەسەر لایەنی ڕووسی، هەروەها حەز دەکات ئێران وەک وڵاتێکی بەهێز بمێنێتەوە، بەڵام بە شێوەیەک کە نەبێتە هۆی گۆڕانی بۆ زلهێزێکی نێودەوڵەتی.

ج. دیاریکەرەکانی پەیوەندی لەگەڵ چین

چین هەوڵدەدات ڕۆڵی سیاسی خۆی لە ناوچەکەدا زیاتر بەهێز بکات، هەوڵیشدەدات سوود لە ئامادەیی ئێران وەربگرێت، ئێرانیش پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین وەک دەرفەتێک بۆ دەربازبوون لە گۆشەگیری دەبینێت، هێڵی ژیانیشی بۆ دابین دەکات کە یارمەتی دەدات بۆ تێپەڕاندنی کاریگەری سزاکانی ئەمریکا، هەروەها دەیکاتە وڵاتێکی ناوەندی بۆ پڕۆژەی پشتێن و ڕێگەی چینی، هەر بۆیەش پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات لە ئاستێکی بەرزی متمانەداری دوولایەنەدایە.

لە سەرەتای دامەزراندنی پەیوەندییەکانی ئێران و چینەوە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئیمپراتۆریەتەوە لە وڵاتى فارس، ڕەهەندی بازرگانی بەسەریدا زاڵ بووە، ئەوەش پەیوەندى بە ڕێڕەوی وشکانی ڕێگەی ئاوریشمەوە هەیە، چونکە کاروانە بازرگانییەکانی چین لە باکووری چینەوە دەستیان پێدەکرد و بە وڵاتى فارسدا تێدەپەڕین تا دەگەیشتنە ڕۆژئاواى ئەورووپا، لێرەوە چین و ئێران بوونە هاوبەشى بازرگانى.

دوای شۆڕشی ئێران و دانپێدانانی چین بە دەسەڵاتى نوێدا، پەیوەندییەکە زیاتر قووڵتر بوویەوە، لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقیشدا چین یەکێک بوو لە وڵاتانەى چەکى بۆ ئێران دابیندەکرد، ئێرانیش ئەوەى لەیاد نەکرد و بەو هۆیەوە چین توانى متمانەی پیاوانی ئایینی ئێران بەدەستبهێنێت. دواتر پەیوەندییەکە چووە قۆناغی هاوکاری ستراتیژی نێوان هەردوو وڵاتەوە، تاوەکو لایەنە ئابووری و بازرگانی و سەربازییەکانیش بگرێتەوە، جگەلە پەیوەندییە سیاسییەکان، چونکە هەردوولا دەزانن واشنتۆن سیاسەتی گەمارۆدان و ئابڵوقەدانى لەدژیان گرتۆتەبەر، هەر ئەمەش وایکردوە ڕادەی پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات قووڵتر ببێتەوە [47].

پەراوێزەکان

[1] فؤاد العبادي، السياسة الخارجية الإيرانية وأثرها على أمن الخليج، ڕسالة ماجستير، جامعة الشرق الأوسط، الأردن، كلية الآداب والعلوم، قسم العلوم السياسية، 2012، ص25.

[2] سليم كاطع علي، البعد الإيراني في السياسة الخارجية الأمريكية، مجلة دراسات دولية، مركز الدراسات الاستراتيجية الدولية، جامعة بغداد، العدد (60)، ص161.

[3] محمود شاكر، إيران، المكتب الإسلامي، بيروت، ط8، 2000، ص74.

[4] بشير موسى نافع وطلال عتريسي، إيران الدولة والأزمة، مركز الجزيرة للدراسات، الدوحة، ط1، 2008، ص73.

[5] فؤاد العبادي، السياسة الخارجية الإيرانية، مرجع سابق، ص27.

[6] قناة الحرة، إيران تشجع على الإنجاب وسط نسب بطالة قياسية، (5/11/2020)، تاريخ الاطلاع: 20/6/2021، في: https://cutt.us/X3gNQ

[7] فاطمة الصمادي، التيارات السياسية في إيران، المركز العربي للأبحاث ودراسة السياسات، الدوحة، ط1، 2012، ص14.

[8] موسى نافع وطلال عتريسي، إيران الدولة والأزمة، مرجع سابق، ص19.

[9] فاطمة الصمادي، التيارات السياسية في إيران، مرجع سابق، ص13.

[10] بشير موسى نافع وطلال عتريسي، إيران الدولة والأزمة، مرجع سابق، ص57.

[11] فاطمة الصمادي، التيارات السياسية في إيران، مرجع سابق، ص72.

[12] بشير موسى نافع وطلال عتريسي، إيران الدولة والأزمة، مرجع سابق، ص57.

[13] فاطمة الصمادي، التيارات السياسية في إيران، مرجع سابق، ص144.

[14] فرح الزمان شوقي، دائرة نجاد تستعد لإشعال سباق الانتخابات الرئاسية الإيرانية، العربي الجديد، (28/2/2017)، تاريخ الاطلاع: 5/4/2021، في: https://cutt.us/oSu3s

[15] فاطمة الصمادي، التيارات السياسية في إيران، مرجع سابق، ص339.

[16] محمد ضياء الدين الريس، النظريات السياسية الإسلامية، مكتبة دار التراث، مصر، ط7، 1976، ص95.

[17] الحسن بن موسى النوبختي، فرق الشيعة، منشورات الرضا، بيروت، ط1، 2012، ص32.

[18] محمد عمارة، الإسلام وفلسفة الحكم، دار الشروق، القاهـرة، ط1، 1998، ص132.

[19] محمد باقر الصدر، نشأة الشيعة والتشيع، تحقيق عبد الجبار شرارة، مركز الغدير للدراسات الإسلامية، لبنان، ط1، 1993، ص92.

[20] أحمد الكاتب، التشيع السياسي والتشيع الديني، مؤسسة الانتشار العربي، بيروت، ط1، 2010، ص30.

[21] وجيه قانصو، الشيعة الإمامية بين النص والتاريخ، دار الفارابي، لبنان، ط1، 2016 ، ص192.

[22] لؤي صافي، العقيدة والسياسة معالم نظرية عامة للدولة الإسلامية، المعهد العالمي للفكر الإسلامي، واشنطن، ط1، 1996، ص63.

[23] أحمد محمود صبحي، الإمام المجتهـد يحيى بن حمزة وآراؤه الكلامية، منشورات العصر الحديث، مصر، ط1، 1990، ص159.

[24] محمد ڕضا المظفر، عقائد الإمامة، مركز الأبحاث العقائدية، قم، 2001، ص75.

[25] أبو جعفر الطوسي، تلخيص الشافي، تقديم السيد حسين بحر العلوم، مكتبة العلمين الطوسي وبحر العلوم، النجف الأشرف، 1928، الجزء الأول، ص134.

[26] محمد بن يعقوب الكليني، أصول الكافي، منشورات الفجر، لبنان، ط1، 2007، ص121.

[27] فهمي هويدي، إيران من الداخل، مركز الأهرام للترجمة والنشر، القاهرة، ط4، 1991، ص104.

[28] بشير موسى نافع وطلال عتريسي، إيران الدولة والأزمة، مرجع سابق، ص51.

[29] ڕوح الله الخميني، الحكومة الإسلامية، دروس فقهية، النجف الأشرف، 1970، ص48.

[30] المرجع نفسه، ص49.

[31] المرجع نفسه، ص50

[32] علي فياض، نظريات السلطة في الفكر السياسي الشيعي المعاصر، مركز الحضارة لتنمية الفكر الإسلامي، بيروت، ط1، 2008، ص173.

[33] ياسر عبد الحسين، السياسة الخارجية الإيرانية، شركة المطبوعات للتوزيع والنشر، بيروت، ط1، 2015، ص41.

[34] المرجع السابق، ص43.

[35] الدستور الإيراني، ترجمة المؤسسة الدولية للديمقراطية والانتخابات، 2014، المادة الأولى، ص24.

[36] عبد الستار الراوي، أبجدية تصدير الثورة الإيرانية، نيسان، (7/8/2015)، تاريخ الاطلاع: 5/4/2021، https://cutt.us/XIAG0

[37] محمد جواد لاريجاني، مقولات في الاستراتيجية الوطنية (شرح نظرية أم القرى الشيعية)، ترجمة نبيل العتوم، مركز العصر للدراسات الاستراتيجية والمستقبلية، لندن، ط1، 2013، ص102.

[38] الدستور الإيراني، مرجع سابق، المادة (152)، ص31.

[39] المرجع نفسه، المادة (154)، ص31.

[40] فاطمة الصمادي، التيارات السياسية في إيران، مرجع سابق، ص73.

[41] محمد السيد الصياد، أزمة البيت الشيعي: موقف النخب الدينية من احتجاجات العراق ولبنان، المعهد الدولي للدراسات الإيرانية، الرياض، 2019، ص6.

[42] علي حسين باكير، قراءة في كتاب إيران تهديد أم فرصة، مركز الجزيرة للدراسات، ط1، 2012، ص3.

[43] سوسي نازية وآنجلي آسية، العلاقات الأمريكية الإيرانية: الملف النووي الإيراني نموذجاً 1990/2015،رسالة ماجستير، جامعة مولود معمري تيزي، الجزائر، كلية الحقوق والعلوم السياسية، قسم العلوم السياسية، 2015، ص22.

[44] مسعود أحمد سليمان، القوة النووية وأثرها على السياسة الخارجية دراسة لحالة إيران وإسرائيل،رسالة ماجستير، جامعة الشرق الأدنى، كلية الدراسات العليا والعلوم الاجتماعية، قسم العلاقات الدولية، ص33.

[45] المرجع نفسه، ص33.

[46] صابر كل عنبري، العلاقات الإيرانية الروسية فرص التعزز ومخاوف الانفراط، (22/3/2018)، تاريخ الاطلاع: 25/6/2021، في: https://cutt.us/tDU53

[47] عبد الرؤوف مصطفى الغنيمي وأحمد شمس الدين ليلة، العلاقات الصينية-الإيرانية آفاق الشراكة الاستراتيجية في عالمٍ مُتغير، المعهد الدولي للدراسات الإيرانية، (5/10/2020)، تاريخ الاطلاع: 26/6/2021، في:https://cutt.us/YUH7q

[1] سەرچاوەكە بە عەرەبی. على جبلى: المشروع الایرانى المقومات و الابعاد، مرکز الفکر الاستراتیجى للدراسات، لاپەڕەکانى (6 – 24) و (34 – 41).

Send this to a friend