ئێران لە گێژاوی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا
گفتوگۆی ئێرانناسی (1)
د. هه ورامان فەریق
بەرایی
وەرزنامەی ئێرانناسی، لەم ژمارە بەدواوە، لە ڕێگەی تەوەری گفتوگۆی ئێرانناسییەوە شەنوكەوی دۆخی ئێران و پرسەكانی پەیوەست بە ئێران دەكات. لەم گفتوگۆیەدا ـ كە 8/11/2024، واتە سێ هەفتە پێش ڕووداوەكانی حەلەب لە سووریا ئەنجام دراوە ـ ڕا و بۆچوونی چاودێر و شارەزایانی كاروباری ئێران دەخاتەڕوو. بۆ ئەمجارە، بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانكارییە هەنووكەییەكان، دۆخی شڵەقاوی ناوچەكە و لە هەمووی گرنگتر، گەڕانەوەی دۆناڵد تڕەمپ بۆ سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، میوانداری بەڕێزان (م. بارام مەجیدخان، د. هەردی مەهدی، د. یاسین تەها، د. ئەژی ئازاد)ی كردووە. تەوەری ئەمجارەی گفتوگۆ دۆخی نێوخۆیی ئێران، پێكدادانی ئێران و ئیسرائیل و سێبەری شەڕی ئیسرائیل ـ حەماس لەسەر بەرەی مقاوەمە و كاریگەری هاتنەوەی تڕەمپە لەسەر ئایندەی ئێران.
ئێرانناسی: سەرەتا لە دۆخی نێوخۆیی ئێرانەوە دەستپێدەكەین، دۆخی نێوخۆی ئێران لە دوای هاتنەسەركاری پزیشكیان و گۆڕانكارییە خێراكانی ناوچەكە چۆن دەبینیت؟
- د. ئەژی ئازاد: دكتۆرا لە مێژوو و شارەزای كاروباری ئێران
وەك بەراوردێك، كاتێك ڕۆحانی لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی كۆماری 2013 سەركەوتنی بەدەستهێنا، بەڵێنیكی سەرەكی ئەوە بوو كە دۆسێیی ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بهێنێتە دەرەوە، ئێران بە ڕووی جیهاندا بكرێتەوە و ئابوورییەكی كراوە لە ناوخۆی ئێران بهێنێتەكایەوە. ئەم بابەتە بە ڕادەیەك گرنگ و چارەنووسساز بوو، كە ڕۆحانی لە لێداوانێكیدا ئاماژەی بەوە كردبوو كە دووساڵی یەکەمی کابینەکەی تەنیا بۆ چارەسەركردن و بەستنی ڕێككەوتننامەی وزەی ناوەكی (بەرجام) تەرخان كرابوو، هەموو هەوڵەکانی وەزارەتی دەرەوەی کابینەکەی بۆ ئەم بابەت تەرخان كرابوو، ئەوە بوو ڕێکەوتننامەکە لە مانگی حەوتی ٢٠١٥ کرا و دووساڵی دوای ئەوەش سەرکەوتنی گەورەی ئابووری بەدەستهێنا، بە ڕادەیەك كە ڕێژەی هەڵاوسانی ئێران هاتە خوار ڕێژەی ١٠% و بووە تاک ژمارەیی، دۆلار لە چوار هەزار تمەن مایەوە، بازاری ئێران جێگربوونێكی بەخۆیەوە بینی كە ئەمە گەورەترین سەرکەوتنی هەشت ساڵی كابینەی ڕۆحانی بوو.
دۆخی كابینەی پزشكیانیش لەم كاتەدا هاوشێوەی سەرەتای هاتنەسەر دەسەڵاتی ڕۆحانی و بگرە ئاڵۆزتر و قوورسترە، شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حیزبوڵڵا سەری كێشاوەتە ڕووبەرووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا، بە دڵنیاییەوە بەشێك لە بودجە و دارایی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ لایەنی سەربازیی خەرج دەكرێت و بەو پێیەی بەشێك لە لایەنەكانی ئێران گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە ئێران دەبێت بەرەو دروستكردنی چەكی ناوەكی و موشەكی بەهێزتر وەك بەشێك لە سیاسەتی سڵپێكردنەوە (بازدارندگی) بڕوات، درێژبوونەوەی شەڕەكە دەستی كابینە لە سیاسەتی ئابووریدا دەبەستێتەوە. پەنابردنی كابینە بۆ ڕابەڕی ئێران بۆ ئەوەی لە سندوقی گەشەپێدانی نیشتمانی (صندوق توسعه ملی) فریای حكومەت بكەوێت، ئاماژەیەكی ڕوونە كە پزشكیان بووەتە میراتگری حكومەتێك كە خەزێنەی بەتاڵە و هەڵاوسان لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە و دۆلاریش بە بەردەوامی لە بەرزبوونەوە دایە. لێداونە ڕاشكاوەكانی عەلی لاریجانی لە بەرنامەیەكی تەلەفیزیۆنیدا بە ڕوونی دۆخی هەنووكەیی كابینەی پزشكیانمان پیشان دەدات، كاتێك لە ئاماژەدانی بە كورتهێنانی بودجە، دۆخی وڵاتی بە ساڵانی كۆتایی شەڕی ئێران و عێراقی چوواند و ئەوەی خستەڕوو كە لە ئێستادا زیاتر لە 30% بودجە بۆ چارەسەركردنی كورتهێنانی بودجە تەرخان كراوە. خودی پزشكیان بەردەوام لە لێداونەكانیدا بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بێت دەیەوێت ئەم دۆخە بۆ خەڵكی ئێران ڕوون بكاتەوە، لە دوایین لێدواندا سەبارەت بە بڕینی كاتی كارەبا لە شارەكاندا، ئاماژەی بەوە كردووەكە ئەم هەنگاوە ناچارییە و حكومەت چارەیەكی تری بۆ نەماوەتەوە، یان لە لێداونێكی دیكەیدا لە بواری بەرهەمهێناندا ڕایگەیاند چیتر وڵاتی تورکمانستان ئامادە نییە لە بورای غازدا چیتر ڕێکەوتنمان لەگەڵ بکات، چونکە دەڵێن ئیمە لەگەڵ دەوڵەتێك كە ڕێكەوتنمان لەگەڵیدا هەیە و پابەند نییە و پارەكەمان ناداتێ ڕێكەوتنی نوێ ناكەین. پزشكیان بە ئەدەبیاتە تایبەتەكەی خۆی ئەوەی ڕوون كردەوە كە ئێمە لەگەڵ وڵاتاندا هاوشیوەی ناوخۆی وڵات مامەڵە دەكەین، بۆ نمونە لەگەڵ وەبەرهێنەرێك ڕێككەوتنێك كراوە بەڵام دوای دوو ساڵ هێشتا پارەكەی نەدراوە. ئەم لێدوانانە دۆخی شپرز و دەستەوەستاوی كابینەی پزشكیان ڕوون دەكاتەوە. یان لە نموونەیەكی تردا، قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمان، لە لێدوانێكی چاوەڕواننەكراودا لە دانیشتنێكی ئاسایی پەرلەماندا بە ئاماژە بە ناهەوسەنگیی دۆخی وزە لە ناوخۆدا ڕایگەیاند، ئەگەر لە ڕابردووا بە نەفرۆشتنی نەوت وڵامی هەڕەشەكانمان دەدایەوە و وەكو كارتێكی فشار بەكارمان دەهێنا، بەڵام لە ئێستا نە نەوت و نە بازارێكی نەوتمان بۆ نەماوەتەوە و تەنانەت هەڵگرتنی سزاكانیش گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لەم دۆخەدا ناكات.
لە بابەتە هەستیارەكانی وەك FATF و ڕێككەوتننامەی وزەی ناوەكی (بەرجام) كە بە بۆچوونی پزشكیان و ڕاوێژكارە ئابوورییەكانی كابینەكەی، چارەسەربوونی بەشیكی گەورە لە كێشە ئابوورییەكانی ئێران بە یەكلاییكردنەوەی ئەم دوو بابەت بەستراوەتەوە، پشتگیری ناوەندەكانی دەسەڵات و ڕێژەی ئەو دەستكراوەییەی كە بە پزشكیان و وەزارەتی دەرەوە دەیدەن، بۆ چارەنووسی ئەم دوو بابەت گرنگە. نیزام پێشتر لە بابەتی بەرجامدا، لە دوو سالی یەكەمی ڕۆحانی تاوەكو دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكا دا كە ڕیكەوتننامەی وزەی ناوەكی بگاتە ئەنجام.
لە بابەتەی كێشەی بوون بە ئەندامی دامەزراوەی FATF، قەناعەتێكی گشتی دروست بووە كە ئێران بەبێ ئەم ئەندامبوونی، كێشە بانكی و گواستەنەوەی پارەی و بەشێوەكی گشتی كاروبارە بازرگانییەكەی چارەسەر نابێت و دەركەوت كە ئەندامبوونی لە ڕێكخراو و دامەزراوەكانی تری وەك “شانگهای” ناتونێت ڕۆڵی جێگرەوە ببینێت. كێشەی سەرەكی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەم دوو دامەزراوە بۆ دوو بابەتی سەرەكی دەگەڕێتەوە، یەکەم؛ ئێران لەگەڵ ئەو پێناسەیە نییە کە ڕێکخراوەكە بۆ بەشێك لە گرووپە چەكدارییەكانی وەك حەماس یان حیزبوڵڵا هەیەتی و پێیوایە بە هیچ شێوەیەك، ئەم گرووپە پرۆكسیانە ناچنە چوارچێوەی گرووپە تیرۆریستەکانەوە، بۆ نمونە ئێران پێیوایە حەشدی شەعبی ناچێتە چوارچێوەی پێناسەی گرووپی تیرۆریستییەوە لەبەر ئەوەی لە حکومەتدا بەشدارن و فەرمانبەریان هەیە و مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە. دووەم؛ مادام بەپێی پێناسەی ڕێكخراوەكە، ئەم گرووپانە مەترسیدار یان تیرۆریستین، بارزگانیكردن لەگەڵ ئێراندا بە مەترسیدار باس كراوە و لە ئەنجامدا ئێران ناتوانێت ببێتە ئەندام، ئەگەر ببێتە ئەندامیش چیتر نابێت لە ڕێگەی ڕایەڵەی بانكییەوە یارمەتی ئەم گرووپانە بدات. ئەگەر بیەوێت بە هەر شێوازێكیش یارمەتیان بدات ئەوا ئەگەری بلۆکبوونی پارەكان لە ئارادایە و وەك ئەوەی بەشێك لە ئوسوڵگەراكان باسی لێوە دەكەن، مەترسی ئەوەیان هەیە لەڕێگەیەوە دەستی ئێران لە یارمەتیدانی گرووپە پرۆكسییەكان ئاشكرا بێت. لە لایەكی ترەوە ئەندامنەبوونی ئێران لە بواری فرۆشی نەوتیش كێشەی بۆ دروستبووە، ئێران نەوت بە چین دەفرۆشێت بەڵام پارەكەی بە ئاسانی وەرناگرێتەوە، یان ئەوەتا لە بەرامبەر نەوتەكەیدا كاڵا سەرەكیی و پێداویستییەكانی نێو ئێران وەردەگرێت. بۆیە ئەم گرێكوێرەی كە ئێستا ئێران لەم بابەتەدا تووشی بووە بە ڕادەی ڕێككەوتننامەی وزەی ناوەكی ئاڵۆزە.
لە ئێستادا چارەنووسی بە ئەندامبوونی ئێران لە FATF دوای چەندین ساڵ دەستاودەستبوونی لە نێوان پەڕلەمان و ئەنجومەنی پاسەوانی دەستوور و ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوندییەكانی نیزام، لەم ئەنجومەنەی كۆتاییدا ماوەتەوە و بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە. لە دوایین گۆڕانكاریدا، ئامولی لاریجانی، سەرۆكی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی نیزام، ڕایگەیاندووە لە 42 یاسای دامەزراوەكە، (40)یان جێبەجێ كراوە، هەرچەندە كە پێیوابووە بە هۆی سزاكانەوە، چوونە نێو ئەم ڕێكخراوەكە قازانجێكی گەورەی بۆ ئێران نابێت.
سەبارەت بە ڕێككەوتننامەی وزەی ناوەكیش سەرباری لێدوانە بەردەوامەكانی پزشكیان و وەزیری دەرەوەی ئێران كە ئێران پێویستە چارەنووسی ئەم ڕێكەوتنە یەكلایی بكاتەوە و بەمشێوەیە ئێستا كرانەوەی ئابووری ڕوو نادات، بەڵام تا ئەو كاتەی چارەنووسی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حیزبوڵڵا یەكلایی نەبێتەوە، سیاسەتی تڕەمپ بەرامبەر ئێران ڕوون نەبێتەوە، چارەنووسی ئەم ڕێككەوتننامەیە كە بەشێكی گەورەی ئابووریی ئێرانی پێوە بەستراوەتەوە، یەكلایی نابێتەوە. عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێداوەنەكانیدا بەردەوام جەختی لە گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێككەوتننامەكە كردووە، بەڵام ئاماژەشی بەوە كردووە چیتر ڕێككەوتنەكە بە شێوەی ڕابردوو نە سوودی ماوە و نە واقیعییە، چونكە نە دۆخی جیهانی و نە ئاستی وەبەرهێنانی یۆرانیۆم و تێڕوانینی ئێران بۆ ڕێككەوتننامەكە وەك ڕابردوو نەماوە. لە لایەكی ترەوە، بەردەوامیی هەڕەشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران یان هەر هەنگاوێك دژ بە ئێران، دۆخی سیاسیی ناوخۆی ڕادیكاڵتر دەكات و دەرفەت بۆ لایەن و گرووپە بەرهەڵستكارەكانی حكومەت دەڕەخسێنیت كە لەژێر دروشمی شۆڕشگێڕانە، دژ بە هەر هەنگاوێكی كابینەی پزشكیان بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆسێیانە بووەستنەوە، ئیتر لە ڕێگەی پەڕلەمان بێت، یان خۆپێشاندان و مانگرتن یان هەنگاوی تێكدەرانە وەك هێرشكردنە سەر كونسوڵخانەكان بێت، وەك ئەو نموونانەی كە لە سەردەمی سەرۆكایەتی ڕۆحانی بینرا. لە دوایین گۆڕانكاریی تایبەت بەم پرسە، بڕیارنامەی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ناوەكی دژ بە پابەندنەبووەكانی ئێران بە ڕێككەوتننامەی وزەی ناوەكی بوو كە لە لایەن بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەمریكا و ئەڵمانیا پێشنیار كرابوو. ئەم بڕیارە وەك زەمینەیەك بۆ مەكانیزكی پەلەپیتكە (Trigger Mechanism) خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، دۆخێك كە تێیدا سزاكانی سەر ئێران دەگەڕێتەوە وەك ئەوەی لە پێش ڕێككەوتننامەكە سەپێنداربوو. كاردانەوەی ئێران بۆ ئەم بڕیارە ئەوە بووە كە ئەوانیش لە بەرانبەردا، ژمارەی سەنتریفیوجەكان بۆ پیتاندنی زیاتری یۆرانیوم زیاتر دەكەن.
بەشێوەیەكی گشتی ئەم دوو بابەتە بەیەكەوە بەستراون و ئەزموونی دەیەی ڕابردوو ئەوەی دەرخستووە كە بازاڕ و ئابووری ئێران لە دەرەوەی ئەم ڕێككەوتننانە بە ئابووری جیهانی گرێ نادرێت و ئێران لە گۆشەگیرییەكی جیهانی لە ڕێككەوتننامە جیهانییەكان، كریدۆر و ڕێگە بازرگانییەكان، ئاڵوگۆڕ و مامەڵە باززگانییەكان بێبەش دەبێت و پشتبەستن بە سیاسەتی “سووڕانەوە بەرەو ڕۆژهەڵات” جگە لە وابەستەبوونی و داخستنی دەرگا ئابوورییە جیهانییەكان، قازانجێكی ئەوتۆ كە ئابووری نەخۆشی ئێرانی پێ چارەسەر بكات، بەدوای خۆیدا ناهێنێت. ئەمە لە كاتێكدا كە ئابووریی ناوخۆی ئێرانیش بە هۆی گەندەڵی سیستماتیك -بابەتێك كە ڕۆژگارێك باسكردنی تاوان بوو- دەناڵێنێت و بە ئوسوڵگەرا و ڕیفۆڕمخوازەوە، دان بە بوونی گەندەڵییەكی كوشندە دەنێن، كە لە توانای هیچ كابینەیەك نەبووە و نییە ڕێشەكێشی بكات، یان لانی كەم ڕووبەڕووی بووەستێتەوە. گەندەڵییەكانی وەك ڕانتی نایاسایی و نادادپەرەورانە، مۆنۆپۆڵی كەرتە جیاوازە ئابوورییەكان لە لایەن كەسایەتی و لایەنە دەسەڵاتدارەكانەوە، بازاڕی ڕەش و قازانجی هەندێ گرووپ لە بەردەوامیی سزاكانی سەر ئێران، بە وتەی بەشێك لە چاودێران پێویستی بە “نەشتەرگەرییەكی قورس” و بڕیارێكی قورس هەیە، كە زۆر لە توانا و دەسەڵاتەكانی كابینەكانی حكومەت گەورەترە. لە دۆخێكی وەهادا تەنیا چارەسەر، كرانەوە بە ڕووی ئابووری جیهانی لە ڕێگەی چوونە نێو دامەزراوە و ڕێكخراوە جیهانییەكان، ڕێككەوتننامەی وزەی ناوەكی بەبێ وابەستەبوونی بە جەمسەرێكی دیاریكراوە.
ئێرانناسی: دۆخی كۆمەڵایەتی و بەڵێنەكانی پزشكیان سەبارەت بە ئازادییەكان، بۆ پرسی حیجاب، كێشەی فلتەركردنی ئینتەرنێت و … چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
كێشە و گرفتەكانی جێبەجێكردنی بەڵێنە كۆمەڵایەتییەكانی پزشكیان لە بەڵێنە ئابوورییەكان كەمتر نییە و ئاڵۆزییەكانی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەوەی لەم چەند مانگەی دوای جێگیربوونی كابینە دەبینرێت، پزشكیان جەختی لەسەر بەڵێنەكانی خۆی دەكات و كاری بۆ هەندێكیانی كردووە، بەڵام زۆر بە هێمنی و بە دوور لە هەڵای ڕاگەیاندن دەیانەوێت زەمینەی كۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ بڕەخسێنن و لە چوارچێوەی دروشمی ڕێككەوتنی نیشتمانی (وفاق ملی)، تا ئەو شوێنەی پێیان بكرێت، كۆدەنگی لایەنە جیاوازەكان بۆ پرسە هەستیارەكان بەدەست بێنن.
لە بابەتی حیجابدا، ئەوەی كە تا ئێستا دەبینرێت و باس دەكرێت بۆ نمونە لە تاران، چالاكی و گەڕانی ئۆتۆمبێلەكانی ناسراو بە “گشت ارشاد” یان كارمەندانی “امر به معروف و نهی از منكر” بەشێوەكی بەرچاو كەم بۆتەوە و هەواڵەكانی تایبەت بە ڕێگری و فشاری سەر ئافرەتانی بێحیجاب كەمتر دەبیسترێت. لە پەرلەمانیش هێشتا پرۆژەیاسای تایبەت بە حیجاب و گەشتی ئیرشاد دەرنەچووە و پێدەچێت نیزام لە ئێستادا نایەوێت ئەم بابەتە جارێكی تر كێشەی كۆمەڵایەتی لێ بكەوێتەوە و سەربكێشێت بۆ ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەكان. لە دوایین لێدوانیدا، قاڵیباف ڕایگەیاندووە پرۆژەی یاسای “عفاف و حجاب” ئامادە كراوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەردەچێت، كە یەكێك لە خاڵەكانی ئەوە دەبێت ڕێگری لە ڕووبەڕووی ڕاستەوخۆ و تێكبەربوونێك بگرێت، “گەشتی ئەرشاد” و خستنە بەندینخانە نامێنێت، هەروەها لە پرۆژەیاساكە شێوازی حیجاب بە سێ شێوازی لابردنی حیجاب (كشف حجاب)، حیجابی ناتەواو و نەگونجاو (بدحجاب)، خۆڕووتكردنەوە (برهنگی) دیاری كراوە و سزای دارایی بۆ ڕوونكراوەتەوە. پرۆژەیاساكە ئەگەر بەمجۆرە بێت، هەر لە ئێستاوە كۆمەلێك كێشە و گرفتی نوێ دەهێنێتەكایەوە بەتایبەتی كە پێوەرەكانی دیاریكردنی ئاستی حیجابی ژنان ناڕوونی پێوە دیارە. ئایا ئەم پرۆژەیاسایە تا چ ڕادەیەك جێبەێ دەكرێت و كاردانەوەی شەقامی ئێرانی چۆن دەبێت؟ بابەتێكە كە پێویستە لە مانگەكانی داهاتوودا چاوەرێی بین. لەگەڵ ئەمەشدا، ئوسوڵگەرا ڕاستڕەوەكان و بەشێك لە مەرجەعە شیعەكان بەم دۆخە ڕازی نین و لە ڕێگەی پەڕلەمان و هەندێك خۆپیشاندانی بچوك و پەرتەوازەوە دەیانەوێت ئەم دۆخەی ئێستای حیجاب لە دۆخی ئاساییبوون و دیاردەبوون دەربێنن. بابەتی حیجاب بەو پێیەی بابەتێكی هەم شەرعی و هەم دەستوورییە، هەم بۆ بەشێك لە نیزام وەك شووناس و سیمبولی ئیسلامێتی نیزام، لە بەرامبەردا بۆ بەشێك لە كۆمەڵگە وەك ئاماژەیەكی ناڕەزایەتی و ئازادی و بەرهەمی ناڕەزایەتییەكانی ژینای لێهاتووە، چارەسەركردنەكەی بە هیچ شێوەیەك ئاسان نییە.
لە نێو بەڵێنە سەرەكییەكانی پزشكیان، لابردنی فیلتەری سەر ئینتەرنێت و بەشێك لە ئاپەكانی سۆشیال میدیا وەك ئینستاگرام و تویتەر (X) و خێراكردنی باندی ئینتەرنێت، ئاسانتر و كەم كێشەتر لەوانی دیكە بێت، بەو پێیەی كە دۆخی خراپی ئینتەرنێت و پەیوەستبوونی هەزاران پیشە و كار بە ئاپەكانی وەك ئینستاگرام، ناڕەزاییەتی بەشێكی گەورەی لە ئوسوڵگەراكانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە. بەشێك لە پەڕلەمانتاران و ئوسوڵگەراكان، مەرجی ئەویان داناوە كە پێویستە ئەم تۆڕ و ئەپانە پابەندی ڕێنمایی و چوارچێوەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بن، بە واتایەكی تر بەشێك لە نیزام چاوەڕێی ئەوە دەكات كە ئەم تۆڕە كۆمەڵایەتییانە ڕێگە بە كۆماری ئیسلامیی ئێران بدەن كە چاودێری چالاكییەكانیان لە ناوخۆی ئێران بكات. وەزیری پەیوەندیی و تەكنەلۆژیای ئێرانیش لە دوایین لێدوانیدا بە شێوەیەكی ناڕوون ئەم بابەتەی دووبارە كردەوە، كە لێكدانەوەی جیاوازی بۆ كرا. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا و سەرباری ئەوەی كە لەم بابەتەشدا هاوشێوەی بابەتەكانی دیكە دەستی پزشكیان بەتەواوی كراوە نییە و لە ئەنجومەنی ناسراو بە “شورای عالی فضای مجازی” -كە بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەم بابەتە دەدەن- دەبێت ڕای ئەرێنی ئەندامەكانی دیكەش وەربگرێت، لادانی فیلتەرینگ تاقیكردنەوەی گرنگە بۆ پزشكیان كە سەركەوتن تێیدا دەتوانێت پشتیوانییەكی باشی كۆمەڵایەتی بەدوای خۆێدا بهێنێت. لە ماوەكانی پێشوودا ڕەزامەندی حكومەت بۆ ڕێجستەركردنی مۆبایلی ئایفۆن سەرباری ڕەخنەكان لە تێچوونە مادییەكەی، وەك زەمینەیەك بۆ كۆمەڵێك كرانەوە لە بورای پەیوەندییەكان و ئەوەی كە “فەزای مەجازی” پێی دەڵێن، خوێندنەوەی بۆ كرا.
لە دەرئەنجامێكی گشتیدا، چارەسەری ئەم بابەتانە پەیوەندییەكی زۆری بەوەوە هەیە كە ناوەندەکانی دەسەڵات لە ئێران (مەبەستم ناوەندە بەهێزەکانی وەك بەیتی ڕابەڕ و سوپای پاسداران)، تا چەندێک دەیانەوێت لەگەڵ ئەم کابینەیە بڕۆنە پێشەوە و هاوتەریب و هاوكاری بن؛ ئەمان سەرەتا بە جۆرێك دیزاینی (نەك ساختەكاری) هەڵبژاردنەكانیان كرد كە دەرفەت بۆ پزشكیان بڕەخسێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە هەڵبژاردنەكاندا سەربكەوێت، لە دانانی هەندێک بەرپرسی سوننە و کورد، هەروەها تێپەڕاندنی تەواوی وەزیرەكانی كابینە لە پێدانی شیاوێتی پەڕلەمان لە ڕێگەی قاڵیبافەوە (سەرۆك پەڕلەمان)، ئاسانكاریان بۆ كرد، ڕابەری ئێران تاوەكو ئێستا لە چەندین بۆنەدا پشتیوانی خۆی بۆ كابینە پیشانداوە، سەرجەم ئەمانە ئاماژەگەلێكن كە ناوەندی دەسەڵات پشتیوانی لە پزشكیان و هێنانەكایەوەی دۆخێكی نوێ دەكات، دۆخێك كە تێیدا ئوسوڵگەرا ڕاستڕەو و تووندئاژۆكانی وەك “بەرەی پایەداری” و ئەوەی كە لە ئێستادا “جەلیلییەكان”یان پێ دەوترێت، تا ڕادەیەك دەستیان لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن و كابینەی حكومەت كورت ببێتەوە. بەڵام ئەم دۆخە پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی بە گۆڕانكارییە نێودەوڵەتییەكانەوە و ململانێی گرووپ و لایەنە ناوخۆییەكانەوە هەیە بۆ ئەوەی بەردەوامی هەبێت.
گرژییەكانی ئێران ـ ئیسرائیل
ئێرانناسی: ساڵێك زیاتر بەسەر جەنگی ئیسرائیل ـ حەماس، ئیسرائیل حزبوڵڵادا تێپەڕیوە. گرژییەكان بە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە و لەناوبردنی سەرجەم سەركردەكانی حزبوڵڵا كەمتر بوونەتەوە، پێتوایە ئاقاری ئەم گرژییانە بەرەو كوێیە و كاریگەری لەسەر ئێران چۆن دەبێت؟
- بارام مەجیدخان: شارەزای كاروباری ئێران
لە کاتێکدا چاوی دنیا لە سەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بوو. ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و یواف گالانت وەزیری بەرگری لە پۆستەکەی دوورخستەوە. ئەوەی کە جێگەی سەرنج بوو لێدوانی گالانت بوو لە سەر داهاتووی شەڕ لە ناوچەکە. ئەو پێیوابوو کە ئەم شەڕە تا چەندین ساڵی تر درێژە دەکێشیت! کێشەکانی نێوان وەزیری بەرگری و سەرۆک وەزیران گەیشتە میدیاکان و کاریگەرییەکانی مەترسی دورستبوونی بۆشایی سەربازی لێدەکرا، کە ئەمە ڕووی نەدا. بارودۆخی ناوخۆیی ئیسرائیل و هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا و وادەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی نوێ، بۆشاییەکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی دروستکردووە. کە وەک بۆشاییەک هەم دەرفەتە و هەم مەترسییە بۆ سەر بارودۆخی ناوچەکە. بە تایبەت شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
بۆ ئیسرائیلیەکان دەرفەتە بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و داخستنی ئەو دۆسیەیە بۆ هەمیشە. دۆسیەی ئەتۆمی تاکە چەکی دەستی ئێرانە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو سیستەمی جیهانی. ئێران لە ڕێگەی ئەم دۆسیەوە دەتوانێت وتووێژەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان زیندوو بکاتەوە (لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەیەکی نوێ).
بۆ ئێرانیش دەرفەتە کە لەم مەودایەدا بتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، تا دابارینی هەلومەرجی نوێ تارمایی هێرش و هێرشی پێچەوانە بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی دوور بخاتەوە. هێشتا دیار نییە سەرۆکایەتی نوێ لە ئەمریکا بە هەمان میکانیزمی کۆن ئێش دەکات یاخود گۆڕانکاری بنچینەیی بە سەر سیاسەتەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت. ترامپی نوێ، هەمان ترامپی خولی پێشووتری ئەمریکا نابێت.
باری ئابووری سەختی ناوخۆی ئێران و دابەزینی نرخی دراوی ئێران و ڕێکخستنەوەی ئەو دۆخە سەختە تەحەدایەکی گەورەیە لە بەردەم حکومەتی نوێی پزشکییان. ئێران حکومەتی پزشکییان وەک دەرفەت بەکار دەهێنێت بۆ کەم کردنەوەی گرژییەکان. بەڵام جووڵە دیپلۆماسییەکانی عێراقچی و سەردانی بۆ وڵاتانی ناوچەکە پێناچێت کاریگەری لە سەر دانانی سنورێک بۆ ڕووداوەکانی داهاتوو هەبێت. ئەوەی گرنگە ئەو ڕووداوانی کە لە داهاتوودا لە ناوچەکە ڕوو دەدەن زۆر قوورستر و گەورەتر دەبن لەوەی کە ئێستا ڕوودەدەن. بەلام ئەگەر پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترامپ ئێران گورزی سەربازی لە ئیسرائیل بوەشێنێت، یاخود ئێسرائیل هێرشی پێشوەخەت بکاتە سەر ئێران ئەوا دۆخی ناوچەکە دەچێتە هێڵی سوور و خوێناوی کە کۆنترۆڵکردنی سەخت دەبێت و عێراق و بەشێک لە ناوچەکە ئەگەری تێوەگلانیان لەو شەڕە هەیە. سروشتی شەڕێکی لەو شێوەیەش بە هەمان پرەنسیپەکانی شەڕی تەقلیدی نابێت، بەڵکو شەڕێکی تەرکیبی و هەمە لایەن دەبێت. واتە جوگرافیای شەڕ فراوانتر و بەکارهێنانی چەکی نوێ و هێرشی چاوەڕواننەکراو..ئەمەش بارودۆخی ناوچەکە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و پێشبینی بۆ کاتی کۆتایی بە نادیاری دەمێنێتەوە. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا لە پرۆژەی ئیسرائیل و ئەمریکا بەرنامەی ڕوخاندنی حکومەتی ئێران لە ئارادایە؟ دەتوانین بڵێین بە دڵنیاییەوە نەخێر. تا ئێستا هیچ ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەیەک بۆ حکومەتی ئێران ئێستا نییە.
***
ئێران و بەرەی مقاوەمە
ئێرانناسی: زۆرێك لە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە لە دوای هێرشە سنوودارەكانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازییەكانی ئێران لە 29 ئۆكتۆبەری 2024، سیستەمی بەرگری ئێس 300ی ئەو وڵاتە بەتەواوەتی لە پەلوپۆ كەوتووە. لە كاتێكدا كە ئێران هەڕەشەی بەرپەرچدانەوی ئیسرائیل دەكرد و تا ئەم چركەساتە، هیچ جووڵەیەكی نەكردووە و باڵەكانی بەرەی خۆڕاگری لە عێراقەوە ناوەناوە هەڕەشە و هێرش دەكەنە سەر ئیسرائیل، خوێندنەوەت بۆ ئەم پێشهاتە نوێیانە چییە؟
- د. یاسین تەها: دكتۆرا لە مێژوو و شارەزای كاروباری عێراق
لەپاش گواستنەوەی جەنگی ئیسرائیل لە غەززەوە بۆ لوبنان “بەرەی مقاوەمە”ی ئێرانی كەوتە بەردەم پێشهاتێكی نوێ، لە دوای سەركەوتنی ترەمپیشەوە لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا، دۆخەكە بەتەواوی كەوتە بەردەم گۆڕانكاریی. لەبارەی دۆخی بەرەی مقاوەمە لە وڵاتانی سەر بە میحوەرەكە ئەم خاڵانە دەشێت جێگەی سەرنج و بایەخ بن:
یەكەم: لوبنان و حیزبوڵڵا
لە جەنگی لوبناندا سەركردایەتی كلاسیكی و باڵای “حیزبوڵڵا”ی لوبنان تەسفیەكران لەسەروو هەموویانەوە “حەسەن نەسروڵڵا”ی ئەمینداری گشتی و جێگرەوە گریمانكراوەكەی “هاشم سەفیەدین”، ئەمەش وایكرد سەركردایەتی نەوە گەنجەكانی حیزبوڵڵا ڕاستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆ ئێران بەوپێیەی ئەوانەی ئێستا لە سەركردایەتی حیزبە جەنگاوەرەكەدا ماون لە لوبنان ئەزموون و شارەزایی ئەوەیان نییە سەركردایەتی جەنگ و بارگۆڕانە سیاسییەكان بكەن، ئەمەش بۆ ئێران هەم ئامادەیی ڕاستەوخۆیە لەبەرەی جەنگی ئیسرائیل، هەم كێشەی گەورەش دروستدەكات لای لوبنانییەكان و عەرەب و وڵاتانی پەیوەندیدار و پەراوێزە لوبنانییەكەی نێو حیزبوڵڵاش لا دەبات. لە ئێستادا تەنانەت لە ناو شیعەی لوبنان و دەرەوەی لوبنانیش بۆچوون و مقۆمقۆی ئەوە هەیە، كە ناچاركردنی “حیزبوڵڵا” بەبەشداریكردن لە شەڕی پشتیوانی غەززە بڕیارێكی دروست نەبووە، بەوپێیەی ئێستا سەركردە یەكەمینەكانی “حیزبوڵڵا” لە ژیاندا نەماون، ڕووی ڕەخنەو ناڕەزاییەكان زیاتر ئاڕاستەی ڕێبەری شۆڕشی ئێرانی دەكرێن كە فەرماندەی گشتی “بەرەی مقاوەمە” یە. لەم میانەیەشدا بڵاوكراوەیەكی “سامی كەبارە” زاوای نەبیه بڕی سەرۆكی پەڕلەمان و سیاسەتوانی دێرینی شیعەی لوبنان دەشێت وێنەكە ڕوونتر بكاتەوە. سامی كەبارە، باس لەوە دەكات عەلی خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئێرانی وڵاتی لوبنانی لە جەنگەوە تێوەگلاندووە، ئەمەش ژیان و گوزەرانی خەڵكەكەی خستوونەتە بەر مەترسی و بازرگانی پێوەكردن، لە بەرامبەریشدا كەس نەچووە بە هانایانەوە و چەك و چۆڵی ئێرانیش نەیتوانیوە بیانپارێزێت. هەر لەبەر ئەمەش لوبنانییەكان بەرەو ئەوە دەچن بەپێی بڕیاری 1701خۆیان كێشەی خۆیان چارەسەر بكەن. بڕیارە نێودەوڵەتییەكەش دوورخستنەوە و چەكدارانی حیزبوڵڵایە لە سنووری ئیسرائیل و ئاگربەستی درێژخایەنە و ئەگەر ئەمە سەربگرێت ئەوە حیزبوڵڵا لە باڵكراوەیی و گورزی قورس لە جەنگەكە دەچێتە دەرەوە و جگە لە لەدەستدانی سەركردایەتی، خاڵەكانی تەماسیش لەگەڵ ئیسرائیل لە دەستدەدات و دەكشێتەوە بۆ ناوخۆی لوبنان.
دووەم: سووریا
لە جەنگەكانی ئەمدواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سووریا تاڕادەیەكی زۆر بێدەنگی هەڵبژاردووە و بە گەرمی بەدەم “بەرەی مقاوەمە”وە نەچوو. سوورییەكان و ئێرانییەكان پاساو بەوە دێننەوە كە ئەگەر ڕژێمی بەشار ئەسەد، بچێتە جەنگەوە لەگەڵ ئیسرائیل ئەوە لەیەکكاتدا بەرگەی بارگرانییەكانی گرووپە چەكدارەكان و سوپای توركیا و سوپای ئەمریكا و هێرشی ئیسرائیلیش لەیەككاتدا ناگرێت. بەپێی ئەم لێكدانەوەیە وەها باشترە بۆ “بەرەی مقاوەمە” سووریا ئەم دانبەخۆداگرتنە پەیڕەو بكات، بەتایبەت كە پردی گەیاندنی ئێران و عێراقە بە لوبنان لە ڕێگەی وشكانییەوە. بەڵام لە پشت ئەم پاساوەوە هەست بە ساردی زۆر دەكرێت لە نێوان ئەسەدە و “بەرەی مقاوەمە” و “حیزبوڵڵا”ی لوبنان بەتایبەت، چونكە كاتێك ئەسەد كەوتە مەترسی، حیزبوڵڵا بەچەك و خوێن چوون بە هانایەوە و شەڕی زۆریانكرد و قوربانی زۆریان دا، بەڵام “بەشار ئەسەد” تەنیا بە بەیاننامەیەكی درەنگوەخت ئیدانەی كوشتنی ئەمینداری حیزبوڵڵای لوبنانی كرد، بێئەوەی كاردانەوەی تری هەبێت بۆ پاڵپشتی لە بەرەی جەنگی لوبنان. زۆر بۆچوونی دیكە هەن باس لەوە دەكەن لە پاش “حەسەن نەسروڵڵا” چی دیكە ئەسەد گەرموگوڕ نابێت لەگەڵ “حیزبوڵڵا” و هاوشانی ئێرانیش زیاتر بەرەو وڵاتانی عەرەبی دەڕوات و لەگەڵ ڕووسەكان پەیوەندی پتەوە، بەشێویەكی گشتییش هەوڵدەدات بە ئاگری جەنگی ئیسرائیل و گەمارۆ و سزای ئەمریكی نەسووتێت.
سێیەم: یەمەن
لەپاش گەڕانەوەی ترەمپ كەسیاسەتی جڵەوگیری و هەڕەشەكردن پەیڕەو دەكات پرسیاری زۆر لەسەر توانای حوسیییەكان درووستبووە بۆ بەردەوامی لە جەنگی دژە ئیسرائیل و دروستكردنی مەترسی لە دەریای سوور لەسەر كەشتییە بازرگانییەكان. ئەوەشی زیاتر بارگرانییە بۆ حوسییەكان ئەو هەماهەنگییە پتەوەیە كە لەنێوان شازادەی جێنیشنی سعودی و ترەمپدا هەیە و تێكڕای وڵاتانی كەنداو خۆشبین و گەشبینن بە گەڕانەوەی ترەمپ و پێشینەی مامەڵەكردنیان لەگەڵیدا هەیە، ئەمەش هیچ لە بەرژەوەندی حوسییەكانی یەمەن نییە.
چوارەم: عێراق
بۆچوونی زاڵ و بڵاو ئەوەیە پاش گەڕانەوە ترەمپ چیتر ناوچەی خۆڵەمێشی لە عێراقدا نامێنێتەوە بۆ تەراتێنی گرووپە چەكدارەكانی شیعەی سەر بە “بەرەی مقاوەمە” بۆ موشەك هاویشتن. ئەم گرووپانە لە ساڵی ڕابردوودا هەڵمەتی پڕوپاگەندە و چالاكی سنوورداری سەربازییان زۆربووە بۆ پاڵپشتیكردنی غەززە و لوبنان، هەڕەشەی ئەوەشیان دەكرد بازاڕی نەوت پەك بخەن و 12 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە لە ئاوی كەنداو ڕاگرن، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی ترەمپ و پێشینەی كوشتنی “قاسم سولەیمانی” و ” ئەبو مەهدی موهەندیس” دا چی دیكە قوورسە ئەو گرووپانە لە دەوڵەتدا بەشداربن و لە جەنگیشدا “مقاوەمە” بن. هاوكاتی ئەمەش بۆچوونی زاڵ ئەوەیە ترەمپ عێراق و ئێران وەك پاكێج تەماشا بكات و میكانیزمی سزادان و گوشاركردن و بە ئامانجگرتنی سەربازییش پەیڕەو بكات بۆ بەرپەرچدانەوەی باڵە ئێرانییەكانی عێراق.
بە شێوەیەكی گشتییش لە سایەی باڵادەستبوونی ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان و بەهۆی بارودۆخی گەڕانەوەی ترەمپەوە بۆ كۆشكی سپی دەكرێت بگوترێت كە چوار ساڵی سەخت چاوەڕوانی “بەرەی مقاوەمە”ی ئێرانی دەكات كە جیاواز دەبێت لە ساڵانی سەردەمی ویلایەتی بایدن و دیموكراتەكانی ئەمریكا، ئەمە جگە لە كێشە و بارگرژییە سیاسی و یاسایی و ئەمنییەكانی پایتەختی بەرەكە (ئێران) لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ و هەڵۆكانی حیزبی كۆماری لە ئەمریكا، ئەمەش وا دەكات دۆخەكە بەڕووی ئەگەری جۆراوجۆردا كراوە بێت لەوانەش گەڕانەوە گوشارە توندەكان و واڵاكردنی دەستی ئیسرائیل بۆ بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییە ئێرانییەكان.
ئایندەی ئێران
ئێرانناسی: ئایندەی ئێران، لە دوای خۆپیشاندانەكانی خەڵكی ئێران دژ بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریی (1388)، دۆخی شڵەژاوی ئێران، بەردەوامیی ناڕەزایەتییەكان لە كابینەكانی دواتر و بەتایبەت لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” ییەوە، جێگەی مشتومڕ و لێتوێژینەوەی شارەزایان بووە. تڕەمپ و بایدن و كامێلا هاریسیش لە كاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردنی ئەمریكا بەردەوام قسەیان لەسەر ئایندەی ئێران دەكرد. دەمەوێت بپرسم لە ژێر سێبەری هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا و بە هاتنەوەی تڕەمپ، ئایندەی ئێران بەرەو كوێ دەچێت؟
د. هەردی مەهدی: دكتۆرا لە مێژوو و شارەزای كاروباری ئێران
گەرچی لەبارەی تڕەمپەوە زۆربەی شرۆڤەكان و توێژینەوەكان بە پیاوێكی پێشبینینەكراو وەسف كراوە، بەڵام ئەگەر كەمێك لەم دێڕە كڵێشەییە تێپەڕین، دەردەكەوێت كە بەو ڕێژەیەش ناپێشبینی نەكراو نییە. بەڵكو دەكرێت ئەو چوار ساڵەی كە ئەو سەرۆكایەتی بەدەستەوە بووە و ئەو چوار ساڵەی ڕابردووش كە سەرۆك نەبووە لەم نێوەندەدا، بۆیە دەكرێت هەندێك ستراتیجی لێ دەربهێنێرت، هەم بۆ پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ جیهاندا و هەم بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەم لەگەڵ ئێراندا. لەبارەی ئێران، دۆخی پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئێراندا دەبێت لەسەر بنەمای دوو دیدی تڕەمپەوە شرۆڤە بكرێت.
یەكەمیان، تڕەمپ هیچكات نایەوێت جەنگێكی كراوە لەگەڵ ئێراندا هەڵگیرسێنێت، پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەی كە پێیانوایە ئەو فشارانەی كە دەیكات، بۆ جەنگە. چونكە تڕەمپ پێیوایە كە دەتوانێت ئێران بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ. كەوات ستراتیجی یەكەمی بریتییە لەوەی كە ڕووخاندنی ئێران لە ئارادا نییە، بەڵكو چاكسازیكردن لە ڕەفتاری ئێراندا ئامانجییەتی.
ستراتیجی دووەمی تڕەمپ ئەوەیە كە ئێران نابێت ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی. كە ئەمە هاوبەشە لەگەڵ سەرجەم سەرۆكەكانی ئەمریكادا. بەڵام لە ڕوانگەی ئەم دوو دیدگایەی تڕەمپەوە، كە دوو دیدگای جێگیر بوون، هەم لە كاتی سەرۆكایەتییەكەیدا، هەم لە كاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردیدا، هەم لەو كاتەشدا كە بایدن و هاوپەیمانەكانی لەگەڵ ئێراندا تووشی كێشە دەبوون، ئەو هەمان دیدگای دوبارە كردووەتەوە. بۆ گەیشتن بەم دوو خاڵە تڕەمپ چەند ستراتیجێكی گرتووەتە بەر. یەكەم لە دەرەوە و لە ڕێگەی فشار بۆ سەر هاوپەیمانەكانی خۆی، بۆ ئەوەی ئاسانكاری بازرگانی بۆ ئێران نەكەن. دووەم كۆنتڕۆڵكردنی هەوادارە ئێرانییەكان لەیەنگر و پڕۆ ئێرانییەكان لە دەرەوەی ئێران لە ڕێگەی حكومەتەكانی خۆیانەوە. بۆ نمونە لەناو عێراق، لوبنان و یەمەن، بەجۆرێك كە بەهێزیان بكات لە پێناو ئەوەی كە پڕۆئێرانییەكان لاواز ببن. كەواتە ستراتیجێكی ئەمریكا بەرامبەر ئێران چاككردنی ڕەفتاری ئێرانە لە ڕێگەی لاوازكردنی لە دەرەوەی خۆیەوە.
ستراتیجێكی دیكەی تڕەمپ ئەوەیە كە زۆرترین فشار بخاتە سەر ئابووری ئێران و دەستڕاگەشتنەكانی لە دەرەوەی خۆی. بۆ ئەم خاڵەش تڕەمپ و كابینەكەی كار لەسەر ئەوە دەكەن كە ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئێران كەمتر بكەنەوە وەك چۆن جۆ بایدن بۆی فەراهەم كردبوو. دووەم، بلۆككردنی هەرچی زیاتری پارەكانی ئێران لە دەرەوە، كە خاوەندارییان دەكات، چ بە فرۆش بێت، یان دەستی بەسەردا گیرابێت. بۆیە سزاكان لەسەردەمی تڕەمپ دا زیاتر دەبن. بەڵام ئەوە ناكاتە ئەوەی كە بیەوێت كۆماری ئیسلامیی ئێران بڕوخێنێت. بەڵام لە سنووری خۆیدا دەیەوێت ڕایبگرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی ناوخۆیی ئێران وەك ئەو كاتە نییە كە تڕەمپ بەجێی هێشتبوو. واتە لەسەردەمی بایدندا هەم لەڕووی نەختینە، هەم فرۆشتنەوە، هەم لەڕووی پەیوەندییەكانییەوە بووژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە. ئەوە سێ خاڵی گرنگ كە هاوكاریی ئێرانییەكان دەكەن.
خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەوەیە كە ئەورووپییەكان هەم لە چین و هەم ئەمریكای سەردەمی تڕەمپ نیگەرانن. چ لە بواری دۆسییەی ژینگە، چ دۆسییەی تیرۆر، چ پرسی ناتۆ و هاوكاری بێئەندازەی ئەمریكا بۆ ئەورووپییەكان. لەمەشدا لێدوانێكی ئەم چەن ڕۆژەی ڕابردووی ماكرۆن بەڕوونی دەربڕی ئەو نیگەرانییەیە كە گوتی: لەمەودوا دەبێت ئەورووپا خۆی لە نێوان كاركردن بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكادا یەكلایی بكاتەوە. واتە ئەورووپا دەبێت بۆ خۆی كار بكات، نەك لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی چین و ئەمریكادا. لێرەوە وادیارە كە ئەورووپییەكانی لەوە تێگەیشتوون كە بوونەتە ئامرازێكی سیاسەتكردن لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتە و بەكار دەهێنرێن. ئەمەش دیسانەوە بووەتە خاڵێكی تر كە بە جۆرێك لە جۆرەكان درز دەخاتە نێو ئەو پاكێجە تەواوەی كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر ئەورووپا و ئێران فشاریان دروستكردبوو. بۆیە دەكرێت ئەورووپییەكان هەلێكی نوێ بن بۆ ئێرانییەكان و هەناسەدانێكی دیكەی ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا دۆخەكە هیچكات باشتر نابێت لەسەردەمی بایدن و لەوەدەچێت دۆخەكە لە حاڵەتێكدا ڕابگیرێت، كە حاڵەتێكی لاوازییە.
لەڕووی ناوخۆی ئێرانەوە، بە گوێرەی ئەو بەرنامەیەی كە بەشێكی بەرچاو لە بانگەشەكانی هەڵبژاردن بۆ مامەڵە یان سزادانی ئێران تەرخان كرابوو، بەڕوونی تڕەمپ پشتیوانی لە خەڵكی ئێران دەكات نەك پەلاماردانی. بۆ نمونە ئاماژەی بەوە دەكرد كە هاوكاری ئێرانییەكان دەكەین كە حكومەتی شایستەی بە خۆیان بێتەسەر كار، سزا ئابوورییەكان تووندتر دەكەین و سزای زیاتری سوپای پاسداران و هێزەكانی تر دەدەین كە بوونەتە هۆكاری ستەمكردنی زیاتر لە خەڵكی ئێران. كەواتە دەكرێت لەسەردەمی تڕەمپدا، خۆپیشانەكان بەهێز ببنەوە، ناڕەزایەتی زیاتر ببێت و ئابووریی ئێران زیاتر داتەپێت. بەڵام ئێران هیچكات ناتوانێت وەك سەردەمی بایدن ڕێگە بە خۆی بدات كە هەڕەشەی كردەیی لە ئیسرائیل بكاتەوە. پەلاماری ئیسرائیل و شوێنێكی تر بدات.
خاڵێكیتر كە ئێرانییەكان خۆیان باشتر دەزانن، ئەوەیە كە بایدن بۆ بڕیاردان هاوپەیمانان و تەنانەت دوژمنەكانیان هاوبەشی پێدەكرد، بۆیە بڕیاردان لە سەردەمی دیموكراتەكاندا هەمیشە درێژخایەن بووە، بەڵام پرۆسەی بڕیاردان لە لایەن تڕەمپەوە هەمیشە كورت خایەنە و چل و هەشت كاتژمێر زیاتر ناخایەنێت. بۆیە تڕەمپ تاكە شتێك بیكات كە لە بەرژەوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت بۆ ڕاگرتنی ئێران، ڕاگرتنی جەنگە. ڕەنگە ئەو جەنگ ڕاگرتنە ببێتە یەكێك لە دەستكەوتەكانی ساڵی یەكەمی كابینەی تڕەمپ.
ئێرانناسی: سوپاس بۆ بەڕێزان (م. بارام مەجیدخان، د. هەردی مەهدی، د. یاسین تەها، د. ئەژی ئازاد) بۆ بەشداریتان لەم گفتوگۆیە