ئێران: سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆ
بارام مەجید خان
ئێران زۆركات چەقی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە. ئەگەر ئەو تیۆرەی ڕیالیستەکان لەبەرچاو بگرین کە “سیاسەتی دەرەوە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ناوخۆیە” ئەوا ئەم بنەمایە تا چەند لەگەڵ بارودۆخی ئێستای ئێران گونجاوە؟ دیارە هەر دەوڵەتێک لە ژینگە و هەلومەرجی تایبەت بە خۆیدا دەژی. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەرج نییە سیاسەتی دەرەوە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ناوخۆ بێت، بەڵکو زۆر جار ئەم بنەمایە ڕێک بە پێچەوانەوە کار دەکات.
گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان لە ئێران بە ڕادەیەک دەست و پەنجەی لەگەڵ داخوازییەکانی خەڵکی ئێران نەرم کردووە، کە بووەتە بابەتی ڕۆژی هەموو تاک و خێزانێکی ئێران. چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەت چینی ناوەڕاستی هەژاری ئێران لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی ڕابردوو شەقامەکانی ئێرانیان پڕ کرد لە دەنگی ناڕەزایی لە هەمبەر دۆخی نالەباری ئابووریی و ئەو هەڵاوسانە تاقەت پڕوکێنەی کە پەستانی زۆری خستووەتە سەر کۆمەڵانی خەڵکی ئێران. بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی حکومەتی ئێران بە پشوودرێژی و سنگ فراوانییەوە ڕووبەڕوویان بوویەوە و بە بەراورد بە بەرفراوانی خۆپیشاندانەکان کەمترین قوربانی لێکەوتەوە. فشارەکانی خۆپیشاندەران بۆ چاکسازی و بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووریی ژیانی خەڵک کاریگەریی لەسەر حکومەت داناوە بەوەی کە زیاتر لە جاران ئێران پێویستی بە ڕێکەوتن لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا هەبێت. هاوتەریب لەگەڵ خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بابەتی ئینتیما و شووناسی کولتووری و نەتەوەیی زیاتر لە هەموو قۆناغێکی شۆڕشی ئێران ڕۆشنتر لە ناوەندەکانی زانستی و کولتووری گشتی خەڵک هەستی پێدەکرێت. ململانێی شووناس و هەویەی زمانیی بە تایبەت زمانی کوردی وەک شێوازێک لە دەربڕینی ناڕەزایەتی لە سیاسەتە ڕەسمی و یاسا بنەڕەتییەکانی ئێران لەگەڵ دەربڕینی ناڕەزایەتی مامۆستایان سیاسەتی کولتووری دەخاتە بەردەم کێشەی دوورمەودای کولتووری و کۆمەڵایەتی. لەگەڵ گەشەکردنی هەویەی زمان و کولتوور لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای شۆڕشی ئێران هەنگاویان بۆ پێشەوە ناوە. چەندین ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب بە زمانی کوردی بوونیان هەیە. بەڵام ڕێگریکردن لە بە فەرمیناساندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان تا ئێستا گرێکوێرەی داخوازییەکانی خەڵکە لەگەڵ ئەوەی کە دەستووری ئیران ڕێگای بەو مافە داوە.
لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە، ئێران لە ململانێیەکی قورسدایە لەگەڵ وڵاتانی (٥+١) درێژترین دۆسیەی دبلۆماسی نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو تا ئێستا دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانە. جهیان و ئێران لە چاوەڕوانی چارەسەری ئەم دۆسیە و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکكەوتننامەکە و لە لایەکی ترەوە بە گوێرەی لێدوانی کەمالی خەرازی وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران و ڕاوێژکاری ئێستای ڕابەری ئێران “ئێران توانای دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیی هەیە، بەڵام فەرمانی دروستکردنی نییە” ئەمەش نیگەرانییەکانی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان زیاتر دەکات بۆ ڕێکەوتن یا ڕووبەڕووبوونەوەی یەکجاری لەگەڵ ئەم دۆسیەدا. سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی بەشداریکردنی لوتکەی وڵاتانی کەنداو ڕایگەیاند کە بژاردەی دبلۆماسی بژاردەی یەکەمی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. ریزبەندی و جەمسەربەندییە ناوچەیی و جیهانییەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی شەڕێکی ساردی نوێ لە ناوچەکەدا لە ئاستی ڕوودان زۆر نزیکبووەتەوە. لەگەڵ سەردانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ “ریاز” و سەردانی پێشبینی کراوی سەرۆکی ڕووسیا بۆ ئێران لە چوارچێوەی دانیشتنەکانی ئاستانە و بە دیارخستنی ئاسۆیەکی نوێ بۆ چارەسەری کێشەکانی سووریا ئەم جەمسەربەندییانە تۆختر دەبنەوە. دۆسیەی موشەکە بالستییەکانی ئێران بەردەوام مایەی نیگەرانی وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا و ئیسرائیلە. ئێران درۆن و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە ڕووسیا دەفرۆشێت لە جەنگ لە دژی ئۆکرانیا ئەمەش مایەی نیگەرانی وڵاتانی ئەورووپایە کە کاریگەریی نەرێنی لە سەر دانوستانەکانی ئێران و ڕۆژئاوا دادەنێت. لە لایەکی ترەوە ئەم بابەتە ئەوە دەخاتەڕوو کە دۆسیەی توانا سەربازییەکانی ئێران بابەتی دانوستان نییە لەگەڵ هیچ لایەنێک. هەلومەرجی نوێی ئێران لە ناوچەکە لەگەڵ ئەوەی کە ئێران زیاتر لە حکومەتی ڕۆحانی پێداگرە لەسەر مافەکانی لە چوارچێوەی بەرجام، بە شوێن ڕێکەوتنێکی ئابڕومەندایە لەگەڵ جیهان. ئێران لە ژێر فشارێکی زۆری ئابوورییدایە، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە سیاسەتە بنچینەییەکانی نەهاتووەتە ئاراوە. ڕۆڵی ناوچەی ئێران و کاریگەرییەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ ئەوەی کە پاشەکشەیەکیان پێوە دیارە بە تایبەت لە لوبنان و یەمەن و عێراق و سووریا، بەڵام ناکاتە ئەوەی کە بڵێین ڕۆڵی ئێران کۆتایی پێهاتووە، بەڵکو لەکاتی پێوستدا دەتوانێت کارلێکی قورسی هەبێت بەرامبەر مەترسی هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتتریش بەرامبەر بە ئیسرائیل.