ئێران له نێوان زۆنه ژێده‌ری و هه‌ژموونه دژه‌كان
توێژەر: میران حسێن – مامۆستا له زانكۆی سلێمانی
بەرایی
زۆنی ژێده‌ری چه‌مكێكه له بواره‌كانی سیاسه‌ت و جوگرافیا به‌كارده‌هێنرێت و مه‌به‌ست لێی ئاماژه‌كردنه بۆ ڕووبه‌ر و ناوچه‌كان و ده‌وڵه‌ته‌كان كه ده‌وڵه‌ته‌كانی دیكه به‌نیازن وهه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ كۆنترۆڵكردنی له ڕووی سیاسی و سه‌ربازی و ئابوورییه‌وه، په‌یوه‌سته به ئاستی هێزی ده‌وڵه‌ته‌كه بۆ نمونه هه‌ندێك ده‌وڵه‌ت وه‌كو ئه‌مریكا پێی وایه هه‌موو جیهانی زۆنی ژێده‌ری و جیگای هه‌ژموونی خۆیه‌تی له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ندێك وڵاتی دیكه هیچ كاریگه‌ری نییه له‌سه‌ر وڵاتانی دراوسێ به‌هۆی لاوازی ده‌وڵه‌ته‌كه‌وه یان توانای به‌كارهێنانی تواناكانی نییه وه‌كو عێراق .
ناوچه‌كانی زۆنی ژێده‌ری ئه‌و ناوچانه‌ن كه ده‌وڵه‌ته‌كان پێیان وایه ده‌بێت كۆنترۆڵ بكرێت له ڕووی سه‌ربازی یان سه‌پاندنی هه‌ژموون به‌مه‌به‌ستی پاراستنی به‌رژه‌وندی باڵای نیشتمانی ده‌وڵه‌ته‌كان یان ڕێگری كردن له‌وه‌ی ببێت به سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ هه‌ڕه‌شه‌ی دوژمنان و نه‌یاره‌كانیان ئه‌گه‌ر كۆنترۆڵی ئه‌و ناوچانه بكه‌ن .
سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی له ڕابردوودا زۆنی ژیده‌ری واته ئه‌و ناوچانه بوون كه ده‌بوایه ده‌وڵه‌ته‌كانی كۆنترۆڵی بكات، به‌ڵام له ئێستادا زیاتر باس له هه‌ژموونی سیاسی و ئابووری و كه‌لتووری ده‌كرێت كه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌كانه‌وه نه‌ك داگیركاری سه‌ربازی.
ناوچه‌كانی زۆنی ژێده‌ری چه‌ندین جۆریان هه‌یه وه‌كو جوگرافی، مێژوویی، دراوسێتی، به‌رژه‌وه‌ندی، نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی و ئایینزایی.. هتد.
هه‌ندێك جار چه‌ند وڵاته‌كان كێشمه‌كێشمیان ده‌بێت له‌سه‌ر ناوچه‌یه‌ك یان له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تێك كه هه‌مووان پێیان وایه ئه‌و ناوچه‌یه به‌شێكه له زۆنی ژێده‌ری خۆی، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی دروستبوونی كێشمه‌كێشم له‌سه‌ر ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنووری ده‌وڵه‌ته‌كان و كۆتایی دێت به بردنه‌وه‌ی لایه‌نێك و شكستی لایه‌نێكی دیكه، چونكه یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه له نێوان هێزه هه‌رێمایه‌تیه‌كان و زلهێزه‌كان به شكستی لایه‌نێك ته‌واو ده‌بێت.
سه‌ركه‌وتنی جه‌نگی هه‌ژموونه‌كان په‌یوه‌سته به هێزی و توانای وڵاته‌كان له ڕووی سه‌ربازی و ستراتیجی و ئابووری و سیاسی و تا چه‌ند ئاماده‌ن به‌رگری له‌به‌رژه‌وندییه‌كانیان بكه‌ن له‌و ناوچانه، جگه له باڵانسی هێز له ناوچه‌ی زۆنه ژێده‌رییه‌كان كه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت به‌پێی بارودۆخ و كات و سروشتی په‌یوه‌ندیه دیبلۆماسییه‌كان و سیستەمی حوكمڕانی و ئایین و ئابووری وهه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی .. هتد، به‌هه‌مان شێوه په‌یوه‌سته به تواناكانی ده‌وڵه‌ت له به‌كارهێنانی هه‌ژموونی خۆی به‌مه‌به‌ستی سوود وەر‌كرتن له تواناكانی له سه‌پاندنی هه‌ژموونی و كاریگه‌ری له‌سه‌ر وڵاتانی دیكه.
كۆماری ئیسلامیی ئێران وه‌كو هێزێكی ئیقلیمی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست خاوه‌ن ناوچه‌یه‌كی نفوزی خۆی هه‌یه، كه پێی وایه به‌شێكه له به‌رژه‌وندی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران و به‌شێكه له ستراتیجیای هه‌ژموونی ئێران له جیهان و ناوچه‌كه، كه ت‌یایدا ده‌بێت ئێران ڕۆڵی باڵا ده‌بینێت له ئاڕاسته‌كردنی سیاسه‌ت و ئابووری و پڕۆژه ستراتیجیه‌كان له‌و ناوچانه، به‌هۆی ئه‌مه‌ش ئێران به‌ریەکكه‌وتنی هه‌یه له‌گه‌ڵ چه‌ندین وڵاتی ئیقلیمی و زلهێزی جیهانی له‌سه‌ر چه‌ندین ناوچه له جیهاندا كه‌چه‌ندین وڵات پێیان وایه ئه‌م ناوچانه به‌شێكن له زۆنی ژێده‌ری خۆیان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست و باكووری ئه‌فریقا و ته‌نانه‌ت ئه‌ورووپاش..
چه‌مكی زۆنی ژێده‌ری
یه‌كێكه له چه‌مكه به‌كارهاتووه‌كان له جیهانی سیاسه‌ت و جوگرافیا كه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات ئه‌و ناوچانه‌یه كه له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن به‌ڵام ده‌وڵه‌ته‌كانی هه‌ژموونیان هه‌یه له‌سه‌ری له‌به‌ر چه‌ندین هۆكاری جیاواز وه‌كو ئایین و ئایینزا و نه‌ته‌وه و زمان و دراوسێتی .. هتد.
زۆنی ژێده‌ری ڕووبه‌ڕێكی پێویسته به مه‌به‌ستی گه‌شه‌كردنی ده‌وڵه‌ت هاوشێویه‌ی مرۆڤ له‌كاتێكدا ده‌وڵه‌ته‌كان وه‌كو مرۆڤێكی زیندوو ده‌بێت گه‌شه بكه‌ن و سنووره‌كانی به‌پێی ده‌سه‌ڵات و ئابووری دیاری ده‌كرێت، ئه‌و چه‌مكه ده‌توانرێت پێناسه بكرێت وه‌كو تیۆ‌رێكی سیاسی كه ئاماژه به پێویستی ده‌وڵه‌ت ده‌كات بۆ ڕووبه‌ڕێكی دیكه له زه‌وی هه‌رچه‌ند گه‌شه‌كردن به واتایه‌كی دیكه پاساو هێنانه‌وه‌یه بۆ گه‌شه‌كردنی ده‌وڵه‌ته‌كان له‌سه‌ر خاكی ده‌وڵه‌ته‌كانی دیكه به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی پێداویستی گه‌له‌كان بێ ڕچاوكردنی به‌رژه‌وندی گه‌ڵانی ئه‌و وڵاتانه به‌شێوه‌یه‌كی بگونجێت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و ده‌وڵه‌ته (1).
فه‌رهه‌نگی و بسته‌ر چه‌مكی (space raum living)، به‌كارهێناوه به‌مه‌به‌ستی ئاماژه كردنی بۆ زۆنی ژێده‌ری و اتا به‌رفراوانی خودی ئابووری بۆ زه‌وی ده‌وڵه‌ت یان زۆنی پێویست بۆ كۆمه‌ڵگا یان دامه‌زراوه‌یه‌ك یان ڕێكخراوێك به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی ژیان بۆی، شاره‌زایانی ستراتیجی و په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان چه‌مكی (lebensraum ) به‌كارده‌هێنن واته ناوچه‌ی زینده‌گی و ناوچه‌ی ژیان و مانه‌وه(2)، پیتر تایلۆر پێی وایه بیرۆكه‌ی (lebensraum) له لای زانای ئه‌ڵمانی ڕاتزل دروستبووه واته بیرۆكه‌ی مانه‌وه كه شیكردنه‌وه‌ی یه‌كسانه به كێشه‌كانی ئه‌ڵمانیا سه‌باره‌ت به سنووره نا دادپه‌وره‌ره‌كان و چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌وه به‌رفراوانبوونه(3)، له لای خۆیه‌وه سه‌یار كه‌وكه‌ب جه‌میل پێی وایه چه‌مكی زۆنی ژێده‌ری له‌ڕووی فه‌لسه‌فه‌وه وه‌كو واتا و ناوه‌ڕۆك واتای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت زۆنێكی ستراتیژیه یان بوارێكی جوگرافی به‌پیته بۆیه هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن(4)، فه‌رهه‌نگی سیاسی پێی وایه زۆنی ژێده‌ری تێورێكی سیاسییه کە ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زانا ئه‌ڵمانه‌كان واته زۆنێكی هه‌رێمایه‌تییه كه په‌یویسته بۆ مانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێك دانیشتوانی زۆره و خاوه‌ن چالاكی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌یه، له‌كاتێكدا كه سنووره سیاسییه‌كان په‌یوه‌ست ده‌بێت به ڕێكه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ش ڕێگەی به ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌كان ده‌دات سه‌رپێچی سێ یاسای نێوده‌وڵه‌تی بكه‌ن له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌كانی دیكه(5) .
له‌ڕووی مێژوویه‌وه زانا ئه‌ڵمانه‌كان یه‌كه‌م كه‌س بوون كه ئه‌م بیرۆكه‌یان باس كرد به‌مه‌به‌ستی پاساوهێنانه‌وه بۆ داگیركردنی وڵاته‌كانی دیكه و به‌هێزكردنی ئه‌ڵمانیا ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا كه لایه‌نێكی سه‌ره‌كی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و دووهه‌م بێت (6) و پاش جه‌نگی جیهانی دووهه‌م جه‌نگی سارد دروستبوو له نێوان هه‌ریه‌ك ئه‌مریكا و یه‌كێتی سۆڤێت و هه‌موو جیهانی دابه‌شی دوو ناوچه‌ی هه‌ژموونی و زۆنی ژێده‌ری بوون له نێوان هه‌ردوو وڵات کرد، له‌م قۆناغه‌دا زۆنی ژیده‌ری گۆڕدرا بۆ هه‌ژموون(7).
چه‌مكی زۆنی ژێده‌ری به‌ره‌وپێشچوونی به‌خۆیه‌وه بینی و ئامرازه‌كانی جێبه‌جێكردنی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه وه‌كو مرۆڤایه‌تی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ… هتد، به‌ڵام ئامانجه‌كان وه‌كو خۆیان ماوه‌نه‌ته‌وه و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه و چه‌مكی زۆنی ژێده‌ری گۆڕا به زۆنی كێشمه‌كێشم له نێوان ده‌وڵه‌ته‌كان، كه به‌هۆی ئه‌م چه‌مكه‌وه ده‌یان جه‌نگ و ئاژاوه و كۆده‌تا و پشێوی له‌سه‌ر ئاستی جیهان دروستكرد.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دوو جۆر ئامراز هه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی زۆنی ژێده‌ری هێزی نه‌رم، وه‌كو ئابووری، ئایین، ئایینزا، نه‌ته‌وه، ڕۆشنبیری، سیاسه‌ت، دیبلۆماسیه‌ت و هێزی ڕه‌ق كه هێزی سه‌ربازی و كۆده‌تا و ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازییه (8).
زۆنه ژێده‌رییه‌كانی ئێران
له ڕووی سیاسی و ئابووری و دیبلۆماسی و سه‌ربازییه‌وه، ئێران یه‌كێكه له گرنگترین وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست، چه‌ندین فاكتەر هه‌بووه كه یارمه‌تیده‌ر بووه بۆ ئێران كه وه‌كو وڵاتێكی به‌هێز ده‌ربكه‌وێت، وه‌كو هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی كه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر بارودۆخی جیۆستراتیجی ناوچه‌كه و ڕووبه‌ری و ژماره‌ی دانیشتوانی و هه‌ڵكه‌وته‌ی له‌سه‌ر چه‌ندین ده‌ریا وه‌كو ده‌ریای قه‌زوین و كه‌نداو و ئۆقیانوسی هیندی (9) و یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی نه‌وت و غاز له جیهاندا، خاوه‌ن ئابووریه‌كی به‌هێز و هه‌مه جۆر و خاوه‌ن هێزێكی سه‌ربازی گه‌وره و كاریگه‌ره و ئێران خاوه‌ن شارستانیه‌تێكی دێرینه، كه هه‌موو ئه‌م فاكته‌رانه كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی زۆر جار ئێران سه‌ركه‌وتوو بێت له جێبه‌جێكردنی ستراتیجه‌كانی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست و جیهان، ئه‌مه‌ش هانده‌ر بوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ببێته خاوه‌ن چه‌ندین زۆنی ژێده‌ری و هه‌ژموون له هه‌موو كێشوه‌ره‌كانی جیهان و ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری وڵاتانی دیكه ئه‌نجامبدات به‌مه‌به‌ستی ده‌ركه‌وتی ئێران وه‌كو هێزێكی باڵاده‌ست و خزمه‌ت به ستراتیج و ئاسایشی ئێران بكات له هه‌موو جیهان.
كۆماری ئیسلامیی ئێران خاوه‌ن چه‌ندین زۆنی ژێده‌رییه، وه‌كو:
– زۆنی ئیسلامیی: كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌پێی ده‌ستووری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران مافی به‌خۆی داوه ده‌ستێوه‌ردان بۆ به‌هاناوه‌چوونی هه‌موو مسوڵمانان جیهان ئه‌نجام بدات (10)، هه‌میشه ئێران له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه به جۆرێك خۆی نیشان بدات ڕابه‌رایه‌تی هه‌موو مسوڵمانانی جیهان بكات، به‌پێی تیۆ‌ری ئوم قورا و تیۆ‌ری مه‌هده‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاستی ئیسلامیی ئێرانی له هه‌وڵی ئه‌وه دایه هه‌موو جیهانی ئیسلامیی كۆنترۆڵ بكات و ئێران ببیته وڵاتێكی سه‌ره‌كی له سه‌ر ئاستی هه‌موو جیهانی ئیسلامی، بۆیه هه‌موو جیهانی ئیسلامی به به‌شێك له زۆنی ژێده‌ری و ناوچه‌ی هه‌ژموونی خۆی ده‌زانێت، پێی وایه ئێران ده‌بێت ڕابه‌رایه‌تیان بكات(11)، له پرسی دژایه‌تیكردنی ئیسرائیل و هه‌ڵویستی به‌رامبه‌ر به فه‌ڵه‌ستین وه‌كو به‌رگریكارێك له جیهانی ئیسلامی خۆی نیشانده‌دات.
– زۆنی شیعی: كۆماری ئیسلامیی ئێران له ڕێگەی ئه‌نجامدانی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ چه‌ندین پارت و ده‌وڵه‌ت و بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری له هه‌وڵی دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی شیعه‌یه له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو وڵاتانی جیهان، به‌مه‌ش كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی هه‌موو ناوچه شیعه نیشینه‌كانی جیهان ده‌دات، دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی هه‌ژموونی جوگرافی و سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری و سه‌پاندنی هه‌ژموونی له‌سه‌ر ناوچه‌ی شیعه‌نشینه‌كان له جیهانی ئیسلامی وه‌كو سه‌ره‌تایه‌ك بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌ژموون و حوكمكردنیان و سود وه‌رگرتن له هه‌له‌كان بۆ كۆنترۆڵكردنی جوگرافیای ئیسلامی و، سوود وه‌رگرتن له سه‌رچاوه ئابووری و دانیشتوانی ئێران و باكگراوندی مێژوویی و شارستانیه‌یه‌تی ئه‌و وڵاته، تا ببێته وڵاتی سه‌نته‌ر له جیهانی شیعی، بۆیه ستراتیژیه‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران كارده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی باوه‌ڕێكی ستراتیژی دروستبكات كه تاكه هێزی شیعه‌یه له جیهانی ئیسلامی، ده‌بێت هێزه ئیسلامییه‌كانی دیكه وه‌كو فاكت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه ستراتیژیه بكه‌ن، به‌رگری له ئاسایشی نیشتمانی ئێران له ڕێگەی دروستكردنی فاكته‌ری هزری جیۆپۆلتیكی له ده‌ره‌وه‌ی سنووری ئێران كه ئه‌م وڵاتانه وه‌كو بازنه‌یه‌كی ناوخۆیی ته‌ماشا ده‌كرێت، ئێران ده‌به‌ستێته‌وه به بازنه‌یه‌كی ده‌ره‌كی كه خاڵێكی سه‌ره‌كیه له پرۆسه‌ی به‌رفراوانبوونی ئایینزایی ئێران كه كۆتا ئامانجێتی بە گه‌یشتن به جیۆپۆڵتیكی شیعه‌یه و سه‌پاندنی هه‌ژموونی ئێران له‌سه‌ر ئاستی جیهان و ده‌ره‌كه‌وتن وه‌كو هێزێكی جیهانی كه كۆتا ئامانجی ئێرانه و ئێران پێی وایه ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست زۆنی ژێده‌ری هه‌رێمایه‌تی یه‌كه‌م و سه‌ره‌كی بۆ ئێران كه له ڕێگەی ئه‌و زۆنه هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ڕۆڵێكی هه‌رێمایه‌تی ده‌دات و گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی(12).
– زۆنی وڵاتانی دراوسی: كۆماری ئیسلامیی له هه‌وڵی ئه‌وه دایه هه‌ژموونی ئابووری و سیاسی و ستراتیجی هه‌بێت به‌سه‌ر هه‌موو وڵاتانی دراوسێ، پێی وایه پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی له ناوچه‌كه په‌یوه‌سته به مانه‌وه‌ی هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر وڵاتانی دراوسی ئێران، دژایه‌تیكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌و وڵاتانه زیان به‌ستراتیجیه‌تی ئێران ده‌گه‌یه‌نێت .
وڵاتانی دراوسێ ئێران هه‌ریه‌ك له عێراق و توركیا و ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیا و توركمانستان و ئه‌فغانستان و پاكستان و وڵاتانی دره‌یای قه‌زوین و كه‌نداوی فارس و سه‌رجه‌م ئه‌و وڵاتانه په‌یوه‌ندی بازرگانی و ئابووری و سیاسی و دیبلۆماسییان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئێران، ئێران به مافی خۆی ده‌زانێت كه ئه‌و وڵاتانە له ژێر كۆنترۆڵی هه‌ژموونی ئێران‌دا بن، هه‌ر وڵاتێك هه‌وڵبدات هه‌ژموونی خۆی ب‌سه‌پێنیت له‌و وڵاتانه ئه‌وا ئێران به هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌زانێت بۆ سه‌ر خۆی (13).
– زۆنی فارسی زمان: جگه له ئایین و ئایینزا كۆماری ئیسلامیی ئێران له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه هه‌ژموونی هه‌بێت به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانەی كه فارسی زمانن یان به شێوه‌زارێك نزیك له زمانی فارسییه‌وه ئاخاوتن ده‌كه‌ن، وه‌كو ئه‌فغانستان و كۆماره‌كانی ئاسیای ناوەڕاست و ڕه‌وندی فارسی و ئێرانی له وڵاتانی كه‌نداو كه سه‌دان ساڵه كۆچیان كردووه بۆ ئه‌و وڵاتانه، ئێران ئه‌م نزیكایه‌تییه له زمان و كو‌لتوور به‌كارده‌هێنێت به‌مه‌به‌ستی سه‌پاندنی هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه (14).
له لایه‌كی دیكه‌وه كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی دراوسێ ئێران بسه‌پێنێت له ژێر ناونیشانی ئێرانشەهری وه‌كو كورد و ئه‌فغان به‌ناوی نه‌ته‌وه ئاریاییه‌كان(15) .
– زۆنی مێژوویی: ئێران له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه كه هه‌ژموونی هه‌بێت به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه كه پێشتر به‌شێك بوون له ئیمپراتۆریه‌ته فارسییه‌كان، كه كۆنترۆڵی به‌شێكی به‌رفروانی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست كردووه(16).
زۆنه ژێده‌رییه دژه‌كانی ئێران
له به‌رامبه‌ر زۆنه ژێده‌رییه‌كان ئێران ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی زلهێز و هه‌رێمایه‌تی هه‌ن كه هاوهه‌ژموونن له‌گه‌ڵ ئێران له ژماره‌یه‌ك ناوچه و ده‌وڵه‌ت، ئه‌م وڵاتانه كێبڕكێ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئێران له سه‌پاندنی هه‌ژموونیان له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه، هەمووان ڕكابه‌رێتی یه‌كتری ده‌كه‌ن له هه‌ژموونیان له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه به‌هۆی ئه‌وه‌ش كێشه‌ی به‌رده‌وام هه‌یه له نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه.
یه‌كه‌م: زۆنی ژێده‌ری عه‌ره‌بی:
ژماره‌یه‌ك وڵاتی عه‌ره‌بی هاوهه‌ژموونن له‌گه‌ڵ ئیران، ڕکابه‌رێتی ئێران ده‌كه‌ن له‌سه‌ر كۆنترۆڵ كردنی هه‌ندێك ناوچه كه هه‌ردوولا له هه‌وڵی كۆنترۆڵ كردنین، سنووری هه‌ژموونیان وڵاته عه‌رەبی و ئیسلامی و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست ده‌گرێته‌وه.
1- زۆنی ژێده‌ری سعودی: عه‌ره‌بستانی سعودی وه‌كو وڵاتیكی ئیسلامی و عه‌ره‌بی و كه‌نداو چه‌ندین بازنه‌ی زۆنی ژێده‌ری هه‌یه: –
– زۆنی ژێده‌ری ئیسلامی: عه‌ره‌بستانی سعودی به‌هۆی بوونی شوێنه پیرۆزه‌كان وه‌كو مه‌ككه و مه‌دینه و سازكردنی ڕێوڕه‌سمی حه‌جی مسوڵمانان، بۆته خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی گه‌وره له ناو مسوڵمانان و خاوه‌ن هه‌ژموونێكی گه‌وره هه‌یه له‌سه‌ر هه‌موو وڵاته ئیسلامییه‌كان و هه‌موو مسوڵمانانی جیهان .
– زۆنی ژێده‌ری سوونی: عه‌ره‌بستانی سعودی به‌هۆی بوونی ڕێبازی سه‌له‌فی – سوونی كه ده‌سه‌ڵاتداره له عه‌ره‌بستانی سعودی ئه‌و وڵاته بووه به یه‌كێك له سه‌نته‌ره‌كانی مسوڵمانی سوونه له جیهاندا و هه‌ژموونی هه‌یه به‌سه‌ر هه‌موو وڵاته سوونه‌كان له هه‌موو جیهاندا(17).
– زۆنی ژێده‌ری عه‌ره‌بی: پاش پاشه‌كشێ عێراق له ساڵی 1990 و میسر له دوای ڕێكه‌وتننامه‌ی كامپ د‌یڤید له ساڵی 1978 عه‌ره‌بستانی سعودی وه‌كو ده‌وڵمه‌ندترین وڵاتی عه‌ره‌بی له ڕووی ئابوورییه‌وه بوو به به‌هێزترین وڵاتی عه‌ره‌بی و خاوه‌نی هه‌ژموونێكی گه‌وره‌یه به‌سه‌ر هه‌موو وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان(18).
– زۆنی ژێده‌ری كه‌نداو: عه‌ره‌بستانی سعودی گه‌وره‌ترین وڵاتی كه‌نداوه له ڕووی ڕووبه‌ر و له ڕووی دانیشتوان و له ڕووی ئابوورییه‌وه، بۆیه هه‌ژموونی هه‌یه به‌سه‌ر سه‌رجه‌م وڵاتانی كه‌نداو (19).
2-: زۆنی ژێده‌ری قه‌ته‌ری: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی قه‌ته‌ر یه‌كێكه له وڵاته بچووكه‌كان، به‌ڵام خاوه‌ن ئابوورییه‌كی به‌هێزه ئه‌مه‌ش ده‌ره‌فه‌تی به‌قه‌ته‌ر به‌خشیوه كه ڕۆڵێكی به‌رچاو ببینێت له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی ناوچه‌كه و كاریگه‌ری زۆر به‌هێزی هه‌بێت له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه و خاوه‌ن چه‌ندین زۆنی ژێده‌رییه: –
– زۆنی ژێده‌ری عه‌ره‌بی: وڵاتی قه‌ته‌ر هه‌ژموونی هه‌یه به‌سه‌ر سه‌رجه‌م وڵاته عه‌رەبییه‌كان بێ جیاوازی و ئه‌مه‌ش به ڕوونی ده‌ركه‌وت له كاتی شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی كه قه‌ته‌ره كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌بوو له‌سه‌ر هه‌ڵگیرسانی زۆربه‌ی شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی(20) .
– زۆنی ژێده‌ری ئیسلامی: وڵاتی قه‌ته‌ر خاوه‌ن هه‌ژموونێكی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر وڵاته ئیسلامییه‌كان و ڕۆڵی گه‌وره‌ی هه‌یه، به‌تایبه‌تی له پرسه‌كانی تایبه‌ت به قاعیده و بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان و نێوه‌ندگیری له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداره ئیسلامییه‌كان له جیهاندا، له لایه‌كی دیكه‌وه به‌هۆی باكگراوندی ئیخوانی قه‌ته‌ر جیاواز له وڵاتانی كه‌نداو قه‌ته‌ڕ هه‌ژموونی هه‌یه به‌سه‌ر سه‌رجه‌م وڵات و پارته ئیخوانییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان (21).
– زۆنی ژێده‌ری عێراقی: عێراق له‌گه‌ڵ هاتنی حیزبی به‌عسه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵات له ساڵی 1968 و تا ساڵی 1990 خاوه‌ن هه‌ژموونێكی زۆر گه‌وره بوو له‌سه‌ر سه‌رجه‌م وڵاته عه‌رەبییه‌كان و یه‌كێك بوو له وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان كه هه‌ژموونی هه‌بوو به‌سه‌ر سه‌رجه‌م وڵاته عه‌رەبییه‌كان، به‌ڵام پاش داگیر كردنی كوێت له ساڵی 1990 و ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له 2003 عێراق پێگه‌ی خۆی له‌ده‌ستدا وه‌كو وڵاتێكی خاوه‌ن هه‌ژموون سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی به‌هێزه و توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه ببێته وڵاتێكی خاوه‌ن هه‌ژموون و زۆنی ژێده‌ری جۆراو و جۆر، به‌ڵام عێراق ده‌وڵه‌تێكی جیۆپۆلتیكی نێگه‌تیڤه واته ده‌وڵه‌تێكه خاوه‌ن توانایه‌كی جیۆپۆلتیكین، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه سوود له تواناكانیان وه‌ربگرن (22).
3-زۆنی ژێده‌ری میسری: میسر یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین وڵاتانی عه‌ره‌بی له ڕووی دانیشتوانه‌وه و ڕۆڵی سه‌ره‌كی هه‌یه له جیهانی عه‌ره‌بی و خاوه‌ن چه‌ندین زۆنی ژێده‌رییه:
– زۆنی ژێده‌ری عه‌ره‌بی: میسر یه‌كێكه له وڵاته عه‌ره‌بیه‌كان كه زۆرترین كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر ڕێكخراوی كۆمكاری عه‌ره‌بی هەیە، له‌په‌نجاكان و شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ڕابه‌رایه‌تی هه‌موو جیهانی عه‌ره‌بی ده‌كرد، له ئێستاشدا به‌هۆی پێگه‌ی ستراتیژی میسر به‌هێزه و هێزه سه‌ربازییه‌كانی هه‌ژموونێكی سنوورداری هه‌یه به‌سه‌ر وڵاته عه‌رەبییه‌كان به‌تایبه‌تی وڵاتانی دراوسێی میسر و وڵاتانی كه‌نداو .
– زۆنی ژێده‌ری ئه‌فریقی: میسر یه‌كێكه له وڵاته عه‌رەبییه‌كانی كه هه‌ژموونێكی سنوورداری هه‌یه به‌سه‌ر وڵاته ئه‌فریقییه‌كان.
-زۆنی ژێده‌ری ده‌ریای ناوەڕاست: میسر هه‌ژموونی هه‌یه به‌سه‌ر وڵاتانی ده‌ریای سپی ناوەڕاست به‌هۆی كۆنترۆڵ كردنی نۆكه‌ندنی سوێس كه كاریگه‌ری هه‌یه به‌سه‌ر ئەو وڵاتانی كه له‌سه‌ر ده‌ریای سپی ناوەڕاستن .(23)
4-زۆنی ژێده‌ری ئیماراتی: به‌هۆی بوونی وه‌كو وڵاتێكی خاوه‌ن ئابوورییه‌كی به‌هێز و بوونی وه‌كو سه‌نته‌رێكی بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو یه‌كێكه له وڵاته عه‌رەبییه‌كانی كه خاوه‌ن هه‌ژموونێكی گه‌وره‌یه له ناوچه‌كه و له جیهاندا، وخاوه‌ن چه‌ندین زۆنی ژێده‌رییه: –
-زۆنی ژێده‌ری عه‌ره‌بی: ئیمارات خاوه‌ن هه‌ژموونێكی زۆر گه‌وره‌یه له‌سه‌ر هه‌موو وڵاته عه‌رەبییه‌كان.
– زۆنی ژێده‌ری كه‌نداو: پاش عه‌ره‌بستانی سعودی ئیماراتی عه‌رەبی یه‌كگرتوو دووهه‌م به‌هێزترین وڵاته له وڵاتانی كه‌نداو و كاریگه‌ری زۆر به‌هێزی هه‌یه له‌سه‌ر وڵاتانی كه‌نداو.
– زۆنی ژێده‌ری ئیسلامی: به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستانی سعودی ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌كگرتووه ڕۆڵێكی گه‌وره‌یان هه‌یه له ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی هه‌ژموونی شیعه و ئیخوان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست، بۆیه هه‌ژموونێكی گه‌وره‌ی هه‌یه له‌سه‌ر هه‌موو وڵاته ئیسلامییه‌كان و مسوڵمانان (24).
دووهه‌م: زۆنی ژێده‌ری توركی:
توركیا یه‌كێكه له وڵاته گه‌وره‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست كه خاوه‌ن توانایكی ئابووری و سه‌ربازی و ته‌كنه‌لۆژی و دیبلۆماسی و سیاسیه، كاریگه‌ری زۆری هه‌یه له‌سه‌ر چه‌ندین ناوچه له جیهاندا، چه‌ندین زۆنی ژێده‌ریی هه‌یه: –
– زۆنی ژێده‌ری ئیسلامی: كۆماری توركیا خاوه‌ن هه‌ژموونێكی زۆر گه‌وره‌یه له‌سه‌ر وڵاته سوونه‌كان، یه‌كێكه له جه‌مسه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی مسوڵمانه سوونه‌كان له جیهاندا، به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستانی سعودی ڕابه‌رایه‌تی مسوڵمانانی سوونه ده‌كه‌ن له جیهاندا(25)، به‌هه‌مان شێوه كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر سه‌رجه‌م پارته ئیخوانییه‌كان له جیهاندا به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له توركیا كه له ئێستادا ڕابه‌رایه‌تی ئیخوانیزم ده‌كات له جیهاندا، ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بوو له شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی و سه‌رخستنی ئیخوانه‌كان له‌سه‌رجه‌م وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان(26).
2- زۆنی ژێده‌ری تورك زمان: توركیا خاوه‌ن زۆنێكی ژێده‌ری توركیه و سه‌رجه‌م وڵات و ناوچه‌كان ده‌گرێته‌وه كه به‌زمانی توركی یان شێوازه توركییه‌كان ئاخاوتن ده‌كه‌ن، كه هه‌موو وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ئا‌زره‌به‌یجان و هه‌رێمی سنگیانگی چینی ده‌گرێته‌وه، هه‌ژموونی هه‌یه به‌سه‌ر كه‌مایه‌تی تورك زمانه‌كان له هه‌ریه‌ك له ئێران و عێراق و سووریا و ئه‌فغانستان و قوبڕس و بولگاریا … هتد (27)
3- زۆنی ژێده‌ری دراوسێ: توركیا خاوه‌ن هه‌ژموونه به‌سه‌ر هه‌موو وڵاتانی دراوسێ به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌هێزترین وڵاته له ئاستی وڵاتانی دراوسێ، جگه له‌وه‌ی هه‌ژموونی هه‌یه به‌سه‌ر وڵاتانی له‌سه‌ر ده‌ریای ڕه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی توركیا كۆنترۆڵی ده‌رچه‌ی ده‌ریای ڕه‌ش ده‌كات به‌ره‌و ڕووی هه‌موو جیهان، هه‌ژموونی هه‌یه به‌سه‌ر وڵاتانی ده‌ریای سپی ناوەڕاست وه‌كو یه‌كێكه له وڵاته به‌هێزه‌كانی سه‌ر ده‌ریای سپی، هەروەها هه‌ژموونی هه‌یه له‌سه‌ر ده‌ریای سپی به‌تایبه‌تی خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای سپی(28) .
4- هه‌ژموونی مێژوویی: توركیا هه‌ژموونی هه‌یه به‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و وڵاتانه‌ی كه پێشتر له ژێر كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوون له هه‌رسێ كێشوره‌ی ئاسیا و ئه‌فریقا و ئه‌ورووپا، توركیا كه خۆی به‌میراتگه‌ری ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌زانیت پێی وایه مافی هه‌یه ده‌ستێوه‌ردان ئه‌نجامبدات له‌سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌ی كه پێشتر له ژێر كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا بوون (29).
سێ: زۆنی ژێده‌ری ڕووسی
پاش ڕووخانی یه‌كێتی سۆڤێتی پێشوو و سه‌ربه‌خۆ بوونی كۆماره‌كانی یه‌كێتی سۆڤێت له ساڵی 1991 كۆمه‌ڵیك له كۆماره‌كانی یه‌كیتی سۆڤێت سه‌ربه‌خۆبوونی خۆیان ڕاگه‌یاند،، كۆماری ڕووسیای فیدراڵ یه‌كێك بوو له‌و ده‌وڵه‌تانه.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی ڤلادیمیر پۆتین بۆ سه‌رۆكایه‌تی ڕووسیا و به‌هێزبوونه‌وه‌ی ڕووسیا له ڕووی سه‌ربازی و ئابووری و سیاسی قۆناغی هه‌ڵسانه‌وه‌ی ڕووسیا ده‌ستپێكرد، كه قۆناغێكی نوێ بوو و ت‌یایدا پۆتین له ژێر كاریگه‌ری تیوه‌ره‌كانی بیرمه‌ندی ڕووسی ئه‌لیكسه‌ندر دۆگین ده‌ستیكرده‌وه به دووباره بونیادنانی ستراتیجیایه‌كی نوێ بۆ ڕووسیا به‌مه‌به‌ستی دووباره دروستكردنی هه‌ژموونی ڕووسیا به‌سه‌ر كۆماره‌كانی یه‌كێتی سۆڤێتی پێشوو و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپا له‌ژێر ناوی ئۆراسیای نوێ له ژێر چه‌تری ستراتیجیای ڕووسیا(30)، زۆر به توندی دژی هه‌ر هه‌وڵێك ده‌وەستێتەوە کە هەر یه‌كیك له‌و وڵاتانه دژی سیاسیه‌تی ڕووسیا بێت وه‌كو ئه‌وه‌ی ڕوویدا له جۆرجیا و ئۆكرانیا، به‌پێی سیستەمی (دراوسێی نزیك) كه ڕووسیا به‌كاریده‌هێنێت بۆ ئه‌و وڵاتانه (31).
له لایه‌كی دیكه‌وه به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتنی ڕووسیا به‌خه‌ونه مێژووییه‌كه‌ی به گه‌یشتنی به ده‌ریا گه‌رمه‌كه‌كان، ڕووسیا هه‌ژموونی خۆی سه‌پاند به سه‌ر وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا كه پێی وایه به‌شێكن له‌به‌رژه‌وندی باڵای ڕووسیا .
چواره‌م: زۆنی ژێده‌ری ئه‌مریكا:
ئه‌مریكا وه‌كو وڵاتێكی سوپه‌ر پاوه‌ر هه‌موو جیهان به زۆنی ژێده‌ری خۆی ده‌زانێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا خاوه‌ن هێزیكی گه‌وره‌یه له هه‌موو بواره‌كانی سیاسی و دیبلۆماسی و ئابووری و سه‌ربازی.. هتد، بۆیه ده‌ستێوه‌ردان له‌هه‌موو جیهان ئه‌نجام ده‌دات و هه‌ژموونی هه‌یه به‌سه‌ر هه‌موو جیهاندا، به‌تایبه‌تی پاش ڕووخانی یه‌كێتی سۆڤێتی پێشوو له‌ساڵی 1991(32).
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌ندێك ناوچه هه‌یه بۆ ئه‌مریكا گرنگی تایبه‌تی هه‌یه وه‌كو هه‌ردوو كێشوه‌ری ئه‌مریكای باكوور و باشوور، به‌پێی بنه‌مای مۆنرۆ (33)، ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی جیهانه و بوونی ئیسرائیل و ڕێره‌وییه بازرگانییه جیهانییه‌كان، كێشوه‌ری ئه‌ورووپا كه پشتێنه‌ی پاراستنی ئۆقیانوسی ئه‌تڵه‌سیه و ژاپۆن و كۆریای باشوور و تایوان و فلپین و ئوسترالیا كه پشتێنه‌ی پاراستنی زه‌ریای ئارامن .
به‌ریەککه‌وتنی زۆنە ژێده‌رییه‌كان
سه‌رجه‌م كێشمه‌كێشمه‌كان له جیهاندا له ئه‌نجامی به‌ریەکكه‌وتنی زۆنه ژێده‌رییه‌كانه، كاتێك دوو یان زیاتر زۆنی ژێده‌ری هه‌بێت له یه‌ك ناوچه یان ده‌وڵه‌تێك ئه‌وا كێبڕكێ دروست ده‌بێت له نێوانیان له‌سه‌ر كۆنترۆڵ كردنی ئه‌و ناوچه‌یه و لایه‌نێك سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له كۆنترۆڵ كردنی ئه‌و ناوچه‌یه .
كۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی به‌ریەککه‌وتن بوو له‌گه‌ڵ وڵاتانی زلهێز و هه‌رێمایه‌تییه‌كان له سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی هه‌ژموونی ئێران.
له ئاسیای ناوەڕاست به‌ریەکكه‌وتنی بۆ دروستبوو له‌گه‌ڵ زۆنی ژێده‌ری توركیا – ڕووسیا -ئه‌مریكا، له كه‌نداو به‌ریەککه‌وتنی بۆ دروستبوو له‌گه‌ڵ زۆنی ژێده‌ری ئه‌مریكی -سعودی – ئیماراتی، له كه‌رتی غه‌ززه به‌ریەککه‌وتنی بۆ دروستبوو له‌گه‌ڵ زۆنی ژێده‌ری توركی – میسری – سعودی – قه‌ته‌ری، له ئه‌فغانستان به‌ریەککه‌وتنی بۆ دروستبوو له‌گه‌ڵ زۆنی ژێده‌ری ئه‌مریكی – قه‌ته‌ری – توركی- سعودی، له پاكستان له‌گه‌ڵ زۆنی ژێده‌ری سعودی – ئه‌مریكی- چینی، له لوبنان تووشی به‌ریەکكه‌وتن بوو له‌گه‌ڵ زۆنی ژێده‌ری سعودی – فه‌ره‌نسی – ئه‌مریكی، له سووریا تووشی به‌ریەکكه‌وتن بووه له‌گه‌ڵ زۆنی ژێده‌ری توركی – ئه‌مریكی – ڕووسی- سعودی – ئیماراتی – قه‌ته‌ری، له عێراق به‌ریەککه‌وتنی بۆ دروستبووه له‌گه‌ڵ زۆنی ژێده‌ری ئه‌مریكی – توركی – سعودی – ئیماراتی – قه‌ته‌ری، له ئه‌رمینیا تووشی به‌ریەککه‌وتنی بوو له‌گه‌ڵ زۆنی ژێده‌ری ڕووسی- فه‌ره‌نسی، له یه‌مه‌ن تووشی به‌ریەکكه‌وتن بوو له‌گه‌ڵ زۆنی ژێده‌ری ئه‌مریكی – میسری- سعودی – ئیماراتی، له ئازه‌ربایجان تووشی به‌ریەککه‌وتن بووه له‌گه‌ڵ زۆنی ژێده‌ری توركی- ڕووسی، له‌هه‌رێمی كوردستان تووشی به‌ریەککه‌وتن بوو له‌گه‌ڵ زۆنی ژێده‌ری ئه‌مریكی – توركی – ئه‌ورووپی.
بۆیه ئابلۆقه‌ی زۆنه ژێده‌رییه‌كان بۆته هۆی تووشی شكست یان پاشه‌كشێ زۆر گه‌وره بێته‌وه له زۆربه‌ی زۆنه ژێده‌رییه‌كانی ئێران، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م زۆنه ژێده‌رییه‌كانی ئێران زۆنی ژێده‌ری وڵاتی دیكه‌یه كه هه‌ندێكیان زۆر به‌هێزترین له ئێران، ته‌نها ئێران له‌زۆنی ژێده‌ری شیعه‌دا سه‌ركه‌وتوو بووه، له‌كاتێكدا شیعه ته‌نها له چوار وڵات‌دا زۆرینه‌ی دانیشتوانه (ئێران – عێراق – ئازەربا‌یجان – به‌حرین)، له وڵاته‌كانی دیكه‌دا شیعه كه‌مینه‌ن، به‌هۆی زاڵ بوونی شیعه‌گه‌رایه‌تی به‌سه‌ر سیاسه‌تی ئێران نه‌یتوانیوه وه‌كو پێویست سوود له زۆنی ژێده‌ری فارسی و ئیسلامی و ئێرانشه‌هری و مێژوویی وه‌ربگرێت.
ئه‌و ئابڵۆقه‌یه‌ی كه له‌سه‌ر ئێران دراوه له لایه‌نی هێزه جیهانییه‌كان وه‌كو ئه‌مریكا و ڕووسیا و توركیا و عه‌ره‌بستانی سعودی و جیهانی عه‌ره‌بی، كارده‌كه‌ن له‌سه‌ر ڕێگریكردن له پڕۆژه‌كانی ئێران له ناوچه‌كه و جیهان، بۆ نمونه بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له هه‌ریه‌ك له عێراق و سووریا و كه‌نداو و قه‌رغیزستان و پاكستان و ئۆزبەكستان و توركیا، شكاندنی هه‌ژموونی ڕووسیا نوێ له‌سه‌رده‌می ڤلادیمیر پۆتین و شكاندنی هه‌ژموونی توركی له كۆماره‌كانی یه‌كێتی سۆڤێتی پێشوو له باشووری ڕووسیا و قه‌وقاز و ئاسیا ناوەڕاست و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست، پشتێنه‌ی عه‌ره‌بی – كه‌نداو – سوونه كه زۆر پابه‌ندن به ئایینزای سوونه‌وه، ژماریه‌ك ده‌وڵه‌ت له خۆده‌گرێت كه هێزێكی سه‌نته‌راڵی و گه‌وره‌ن له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست وه‌كو شورایه‌ك وان له‌به‌رده‌م پرۆژه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران وه‌كو وڵاتانی كه‌نداو و ئوردون و میسر(34).
نمونه‌كانی به‌ریەککه‌وتنی زۆنی ژێده‌ری ئێرانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه
چه‌ندین نمونه‌ی زیندوو هه‌یه له‌سه‌ر به‌ریەککه‌وتنی زۆنه ژێده‌رییه‌كانی ئێران و وڵاتانی دیكه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا هه‌یه، بۆنمونه جه‌نگی ئه‌رمینیا و ئها‌زه‌ربا‌یجان له نێوان زۆنی ژێده‌ری توركی و ئێرانی، ڕووخانی ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د و هه‌ڵهاتنی و سه‌ركه‌وتنی هه‌ژموونی توركیا له سووریا(35)، سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كانی به‌حرین له لایه‌ن وڵاتانی كه‌نداو به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌رەبستانی سعودی و ئیماراته‌وه كه به‌ریەککه‌وتنی ئێران بوو له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستانی سعودی و ئیمارات(36)، كردنه‌وه‌ی كۆریدۆری زه‌نگه‌زور كه ڕێكه‌وتنی هه‌ردوو توركیا و ڕووسیا بوو دژی هه‌ژموونی ئێران له ئاسیای ناوەڕاست و قه‌وقاز (37) و جه‌نگی عاسفه حه‌زم له لایه‌ن عه‌ره‌بستانی سعودی و ئیمارات و میسر و وڵاته عه‌رەبییه‌كان دژی حووسیه‌كانی یه‌مه‌ن(38)، پاڵپشتی عه‌رەبستانی سعودی و فه‌ره‌نسا و ئه‌مریكا له نه‌یاره‌كانی حزبووڵڵای لوبنانی(39)، ڕۆڵی میسری – قه‌ته‌ری له كه‌رتی غه‌ززه له میانی جه‌نگی ئیسرائیل و كه‌رتی غه‌ززه(40)، ناكۆكییه‌كانی نێوان حكومه‌تی عێراقی و هه‌رێمی كوردستان له نێوان زۆنی ژێده‌ری ئێرانی له‌گه‌ڵ زۆنی ژێده‌ری ئه‌مریكی – توركی- ئه‌ورووپی.
ئه‌نجام
كۆماری ئیسلامیی ئێران سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌ن هه‌ژموونێكی به‌رفراوانه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، خاوه‌ن ستراتیژیایه‌كی گه‌وره‌یه به‌مه‌به‌ستی ده‌ركه‌وتن وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی زلهێز له ناوچەكه و جیهان، پاراستنی به‌رژه‌وندییه باڵاكانی ئێران و خزمه‌تكردنی سیاسه‌ته‌كانی به‌ڵام ڕووبه‌ڕووی هه‌ژموونی و زۆنی ژێده‌ری وڵاتانی دیكه ده‌بێته‌وه ئه‌مه‌ش تواناكانی ئێران بۆ به‌رفراوانبوونی هه‌ژموونی سنووردار ده‌كات و تووشی به‌ریەککه‌وتنی به‌رده‌وامی ده‌كات له‌گه‌ڵ دۆست و دوژمنه‌كانی .
لیستی سه‌رچاوه‌كان
(1) Holocaust Encyclopedia
(2) سموحي فوق العادة، معجم الدبلوماسية و الشؤون الدولية، مكتبة لبنان، بيروت , ,1974ص.4
(3) بيتر تايلور و كولن فلنت، الجغرافية السياسية لعالمنا المعاصر، ترجمة: عبد السالم ڕضوان، ج،1 ط،2 المجلس الوطني للثقافة و الفنون و اآلداب، الكويت,1978,ص104_.105
(4) سيار كوكب جميل، المجال الحيوي للخليج العربي، دراسة جيوسياسية، مركز الامارات للدراسات و البحوث الاستراتيجية، سلسلة دراسات استراتيجية، العدد )85(، ,2003ص.52
(5) احمد عطية الله، القاموس السياسي، دار النهضة العربية، القاهرة ,1968، ص.1226.
(6) Stephen J. Lee. Europe, 1890-1945. P. 237.
(7) Murray Low; Kevin R Cox; Jennifer Robinson (27 December 2007). The SAGE Handbook of Political Geography. SAGE. pp. 462–463.
(8) د.عبد السميع ڕمضان حسين عبد الوهاب، المجال الحيوي لدولة إيران
دول الجوار الجغرافي نموذجا(“دراسـة جيوبوليتيكية)، العدد( 26) 2022،ص 1109-1111
(9) د.عبد السميع ڕمضان حسين عبد الوهاب، المجال الحيوي لدولة إيران
دول الجوار الجغرافي نموذجا(“دراسـة جيوبوليتيكية)، العدد( 26) 2022،ص 1079.
(10) الدستور الايراني
(11) عمار مرعي الحسن، التنافس التركي الايراني علي العراق بعد 2003، بغداد دار الكتب العلمية، ط 1، 2014،ص29
(12) عبدالرؤوف الغنيمي، فراس الياس، المشروع الجيوسياسي الايراني و الامن الاقليمي، الرصانة، 2022، ص42-43
(13) د.عبد السميع ڕمضان حسين عبد الوهاب، المجال الحيوي لدولة إيران
دول الجوار الجغرافي نموذجا(“دراسـة جيوبوليتيكية)، العدد( 26) 2022،ص 1117-1136
(14) د.عبد السميع ڕمضان حسين عبد الوهاب، المجال الحيوي لدولة إيران
دول الجوار الجغرافي نموذجا(“دراسـة جيوبوليتيكية)، العدد( 26) 2022،ص 1130
(15) هەورامان فەریق، چەمكناسی: ئێرانشەهری،گۆڤاری ئێرانناسی، ژماره4 ته‌مووزی 2022،لا142
(16) Shapour Ghasemi, History of Iran, Safavid Empire 1502 – 1736
(17) Kepel, Gilles (2002). Jihad: The Trail of Political Islam. trans. Anthony F. Roberts, p.72
(18) خالد الدخيل بروز الدور السعودي في إطار النظام العربي الراهن، مجلة الدراسات الفلسطينية، المجلد، 18 العدد 72، 2007، ص 5
(19) لينا الخطيب، معهد كارنيغي، الدور السعودي النافذ في الخليج و الشرق الأوسط، 2015.
(20) عدنان كاظم جبار الشيباوي، سارة جباركريم الغزالي، محفزات و محددات الدورالاقليمي لدولة قطرفي الشرق الاوسط دراسة في الجغرافية السياسية، مجلة اوروك – المجلد التاسع – العدد الرابع، ص150-158
(21) رانج علا‌ء الدين، تانر مانلي، قطر تبني على دورها كوسيط في الصراعات لتوسيع نفوذها الجيوسياسي،مجلس الشرق الاوسط للشؤون الدولية، 2023
(22) مجموعة مؤلفين، الحواف الحادة في جيوبولتيك العراق مع الممرات البرية،مركز دانة لتحليل السياسات و الاستشارات، 2024، ص57
(23) محمد هادي النجداوي، الدور الإقليمي لمصر (سيناريوهات ما بعد الثورة) منشورات مؤسسة خالد الحسن مركز الدراسات و الأبحاث،2013.
(24)د. كرار البديري، الدور الاماراتي في صراعات الشرق الاوسط، مركز المستقبل للدراسات الاستراتيجية، 2016.
(25) غراهام فولر، الجمهورية التركية الجديدة، تركيا كدولة محورية في العالم الاسلامي، مركز الامارات للدراسات و البحوث الاستراتيجية،2009
(26) العلاقة التركية الإخوانية.. الواقع و المستقبل https: //www.skynewsarabia.com/blog/1429081
(27) غـــدی حســن قندیـــل، التنافــس التركـــی-الایرانـــی فـی آسیــا الوسطـــى،مجله الدراسات الایرانیه،السنه السادسه – العدد الخامس عشر – أبریل ٢٠٢٢،ص80
(28) احمد سليمان سالم الرحاحلة، الدور التركي الجديد في منطقة الشرق الأوسط “الفرص و التحديات، ڕسالة ماجستير، جامعة الشرق الأوسط، 2014.
(29) أحمد علي جلال، عبدالعال عبد الرحمن الديربي، محمد شاكر محمد، أثر التدخل التركي في المنطقة العربية على األمن القومي العربي: دراسة حالة الفترة من 2021-2011، مجلة كلية السياسة و الاقتصاد – العدد الثاني و العشرون – أبريل 2024، ص27
(30) میران حسێن، كۆریدۆری زنگزور؛ گورزێكی ستراتیجیی لە ئێران، وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (13)، ساڵی چوارەم، كانونی یەكەم 2024
(31) زهرا‌ءكریم حسین، المجال الحیوی لروسیا الاتحادیه بعد 2012 الفرص و التحدیات – ڕسالة ماجستير – جامعة الكوفه – 2023، ص69 .
(32) بلعريف ڕشي، استاراتيجية الهيمنة الامريكية العالمية: الادوات و التداعيات، مجلة الاكاديمية للدراسات الاجتماعية و الانسانية، المجلد 14، العدد، 01، 2022.
(33) زينب حسن عبد اسود، التوسع الامريكي في القارة اللاتينية و فق مبدأ مونرو و سياسة العصا الغليظة و سياسة دبلوماسية الدولار، 1833-1913، مـــجلــــة العلــــوم الانسانية /كلية التربية للعلوم الانسانية / المجلد /22العدد الرابع كانون اول 2020
(34) سعید ڕ‌فعت، حسابات السیاسه العربیه و علاقاتها بالتطورات الجاریه بالمنطقه، مجلة الشؤون العربية العدد 132، امانة الجامعة العربية، ص 7
(35) تركيا و مهمة ملء الفراغ العسكري الإيراني في سوريا
/www.aljazeera.net/politics/2025/2/11
(36) د. عبدالستار الراوي، جمهورية البعد الواحد، التدخلات الايرانية في البحرين، 2016
(37) میران حسێن، كۆریدۆری زنگزور؛ گورزێكی ستراتیجیی لە ئێران، وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (13)، ساڵی چوارەم، كانونی یەكەم 2024
(38) عبد الباقي شمسان،اليمن ما بعد عاصفة الحزم، مجلة دراسات عربية، العدد 14، أيار 2015.
(39) دوافع الدعم العسكري الغربي للجيش اللبناني
، futureuae.com/tar/Mainpage/Item/4095
(40) ملامح الدور المصري لإنهاء الحرب على غزة