• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 8, 2024

ئێران و ئیسرائیل لە دوو دەوڵەتی هاوپەیمانەوە بۆ دوو دژبەر

داهاتووی پەیوەندییەكانی ئێران و ئیسرائیل

توێژەر: د. یاسین عزەم

بەرایی

سەرباری بتەوی پەیوەندییەكانی ئێران و ئیسرائیل، لە سەردەمی دەسەڵاتی محەمەد ڕەزاشا، بەڵام دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979، كۆتایی بەو پەیوەندییانە هات، چونكە دەسەڵاتی تازەی ئێران بڕیاریدا وەك دەوڵەت دان بە ئیسرائیلدا نەنێن، تەواوی پەیوەندییەكانی خۆشی لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕاگرت. بڕیاریدا هاوكاری گرووپە فەلەستینییە بەرهەڵستكارەكانی ئیسرائیلیش بكات، بۆ ئەو مەبەستە هەر لەسەرەتاكانی سەركەوتنی شۆڕش یاسر عەرەفات، سەرۆكی ئەوكاتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فەلەستینی سەردانی تارانی كرد و بینای باڵیۆزخانەی ئیسرائیلیان خستە خزمەت بۆ ئەوەی وەك نووسینگەیەكی تایبەتی بزووتنەوەكەی بەكاری بهێنێت. ئیتر لەو قۆناغە بەدواوە پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات لەو پەڕی خراپیدایە، بە جۆرێك ئێران لە ڕێگەی یارمەتیدانی گرووپە نەیارەكانی ئیسرائیلەوە بەردەوام كێشە بۆ ئاسایشی ئەو وڵاتە دروست دەكات. هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی هێزی قودسی سوپای پاسداران لە سووریا، ناكۆكییەكانی ئێران و ئیسرائیلی قووڵتركردەوە، بەڵام ئەوەی كێشەی نێوان ئەم دوو دەوڵەتەی بەرەو بەریەككەوتنی ڕاستەوخۆ برد، هێرشەكانی ئەمدواییەی ئیسرائیل بوو بۆ سەر كونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، دواتریش كوشتنی ئیسماعیل هەنیە لە خاكی وڵاتەكەی لە لایەن ئیسرائیلەوە، جگە لەوەش، كوشتنی حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفروشان لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، وایكرد ئێران هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدات.

ئەم نووسینەی بەردەست بۆ گفتوگۆكردنی هۆكارەكانی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هاوكات ئەگەرەكانی بەردەم ڕێگریكردن لە بەردەوامی و قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو وڵات.

كورتەیەك دەربارەی پەیوەندییەكانی ئێران و ئیسرائیل، دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل

لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1947، محەمەد ڕەزاشای پەهلەوی، هاوشێوەی دەوڵەتانی ناوچەكە، كە زۆرینە مسوڵمانبوون، ئامادە نەبوو ئیسرائیل وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ بناسێنێت. بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل هاوكات بوو لەگەڵ دەیەی یەكەمی دەستبەكاربوونی محەمەد ڕەزاشا وەك فەرمانڕەوای ئێران، كاتێك لە لایەن ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل خرایە دەنگدانەوە، شانبەشانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، ئێرانیش ئامادەنەبوو دەنگی پێبدات. ئەو هەڵوێستەی ئێران لەو كاتەدا بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە شای ئێران نەیدەویست ڕووبەڕووی پیاوانی ئایینی ببێتەوە لە ناوخۆی وڵات، ئەوە جگە لەوەی كە خێزانەكەی خەڵكی وڵاتی میسر و خوشكی مەلیك فاروق بوو، بۆ ڕازیكردنی دڵی وڵاتانی عەرەبی ئەو هەڵوێستەی نواند. هەڵوێستی نەرێنی ئێران، دەربارەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەكاتێكدابوو، كە وڵاتانی وەك یەكێتی سۆڤییەت و ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژئاوا دەنگیان بە دامەزراندی دەوڵەتی ئیسرائیل دا.

لە ڕاستیدا ئەو هەڵوێستەی ئێران دڵخوازی محەمەد ڕەزاشا نەبوو، چونكە ئەو خۆی دەرچووی خوێندنگاكانی وڵاتی سویسرا بوو، لە ئەورووپا خوێندنی تەواو كردبوو، نەیدەویست لە كاروانی پێشكەوتووخوازی وڵاتانی ئەورووپی بەجێبمێنێت. هەربۆیە دوو ساڵ دوای ئەوە، ئێران وەك دووەمین دەوڵەتی زۆرینە مسوڵمان، لە دوای دەوڵەتی توركیا، بڕیاریدا دەوڵەتی ئیسرائیل بە فەرمی بناسێنێت. شای ئێران پێیوابوو داننان بە دەوڵەتی ئیسرائیل دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەك دەوڵەتێكی پیشكەوتووخواز بناسێنرێت و لە لایەن وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریكاوە پشتگیری دەكرێت. هاوكات دەبوایە خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی پیاوانی ئایینی لە ناوخۆی وڵات و سەركۆنەی وڵاتانی عەرەبی مسوڵمان لە ناوچەكە ئامادە بكات، چونكە بە بڕوای ئەوان دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر خاكی فەلەستینی زۆرینە مسوڵمان، بەمانای داگیركردنی خاكی فەلەستین دەهات لە لایەن ئیسرائیلەوە، ئەوەش لە لایەن وڵاتانی عەرەبی و پیاوانی ئایینی ئێرانەوە بە تاوان دادەنرا.

هەرچەندە شای ئێران بڕیاریدا باڵەخانەیەك لە ئیسرائیل بكڕێت و نوێنەرایەتی ئێرانی تیادابكاتەوە، بەڵام بە هۆكاری ناڕەزایەتی پیاوانی ئایینی و بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی ئێران و هەڵوێستی توندی دەوڵەتانی عەرەبی هاوسێی ئێران، ناچاربوو دوای دوو ساڵ لە كردنەوەی نوێنەرایەتی وڵاتەكەی لە ئیسرائیل دابخات. هەرچەندە ئێران واینیشاندا كە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل كەمكردۆتەوە، بەڵام لەڕاستیدا ئێران و ئیسرائیل لەسەر ئاستی ئابووری و سیاسی و سەربازی پەیوەندییەكانیان تا دەهات ڕووبە گەشەسەندنبوو. شاردنەوەی ئەو پەیوەندییانە تەنها بۆ ڕازیكردنی دڵی پیاوانی ئایینی و وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی بوو.

دوای ئەوەی نەوتی ئێران خۆماڵیی كرا، ئیسرائیل بوو بە یەكێك لە كڕیارە گەورەكانی نەوتی ئێران و لە بەرامبەریشدا ئێران پێداویستییە سەربازییەكانی خۆی لە ئیسرائیلەوە دابیندەكرد. لە كاتی حەنگی “عەرەب-ئیسرائیل”، ئێران بەردەوام بوو لە پێدانی نەوتی خاو بە ئیسرائیل، ئەو بڕە نەوتەی كە لە لایەن وڵاتانی عەرەبییەوە بڕیاری ڕاگرتنی درا، لە لایەن ئێرانەوە پڕكرایەوە. ئەوە لەكاتێكدابوو، كە ئێران بێلایەنی خۆی ڕاگەیاند لەو شەڕە، بەڵام بە بڕوای چاودێران ئەو كارەی ئێران بە مانای لایەنگری ئیسرائیل لەقەڵەمدرا.

لە پەنجاكان و شەستەكانی سەدەی بیستەم پەیوەندییەكانی ئێران و ئیسرائیل چەندجارێك بەرزو نزمی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی لەسەروبەندی خۆماڵیكردنی نۆكەندی سوێس، كاتێك بەریتانیا و فەرەنسا هێرشیان كردە سەر میسر، هاوكات ئیسرائیل چووە پاڵ ئەو دوو وڵاتە دژ بە مسر، ئێران لایەنگری میسری كرد دژ بە ئیسرائیل و تەواوی ڕۆژنامەكانی ئێران دژ بەو هەنگاوەی ئیسرائیل وەستانەوە. لەشەستەكانی سەدەی بیستەم، شای ئێران پێیوابوو پیاوانی ئایینی ناتوانن وەك جاران ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، هەربۆیە بەشێوەیەكی ئاشكرا كەوتە بەستنی پەیوەندی ئابووری و سیاسی و سەربازیی لەگەڵ ئیسرائیل.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هاوكاری زۆری شای ئێرانی كرد، بۆ ئەوەی لەسەر تەرزی دەوڵەتی ئیسرائیل ئێران پێشبخات، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاریدا شارەزایانی ئیسرائیلی بانگهێشتی وڵاتەكەی بكات بۆ ئەوەی ئێران ببێتە وڵاتێكی پیشكەوتوو وەك ئیسرائیل لە ناوچەكەدا. بە بڕوای محەمەد ڕەزاشا ئەو پیشكەوتنەی ئێران بە بێ ئیسرائیل بەدی نایەت، هەربۆیە چاوی لە ئێسرائیل بوو بۆ ئەوەی بتوانێت ئەویش هەنگاوی هاوشێوە بنێت.

لە دەیەی حەفتاكانی سەدەی بیستەم پەیوەندییەكانی ئێران و ئیسرائیل لەوپەڕی بەهێزیدا بوو، بەڵام سەركەوتنی شۆڕشی ساڵی 1979 و كەوتنی دەسەڵاتی پەهلەوی لە ئێران، كۆتایی بە پەیوەندی لە مێژینەی نێوان ئێران و ئیسرائیل هێنا. ئەوانەی كە حكومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان دامەزراند، بە هەموو شێوەیەك ڕەتیان كردەوە ئامادەبن دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا بنێن، تەنانەت بینای باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە تاران، پێشكەش بە یاسر عەرەفاتی سەرۆكی بەرەی شۆڕشگێڕی ئەوكاتی فەلەستین كرا، لە لایەن سەرانی شۆڕشی ئێرانەوە.

ئایەتوڵڵا خومەینی كە بوو بە ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران نەك ئامادە نەبوو دان بە ئیسرائیلدا بنێت، بەڵكو بانگەشەی بۆ ئەوە دەركرد، كە ئەو دەیەوێت ئیسرائیل لەسەر ڕووی زەوی بسڕێتەوە و ئەو خاكەی داگیریكردووە لێیبسەندرێتەوە. هەربۆیە سەركەوتنی شۆڕشی 1979، ئێران و ئیسرائیلی لە دوو دۆستی گیانی بە گیانییەوە كرد بە دوو دووژمن، كە لە كەیمندان بۆ سڕینەوەی یەكتری.

لەماوەی دەسەڵاتی ئایەتوڵڵا خومەینی و دواتریش هاتنەسەركاری عەلی خامنەیی، دژایەتی ئێران بۆ ئیسرائیل بەردەوام بوو، بەردەوام لە ڕێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانەوە هەڵوێستی خۆیان دەربارەی دەوڵەتی ئیسرائیل دەربڕی، كە لە هوتافەكانیان مردن بۆ ئیسرائیل و ئەمریكا بەرزدەكرایەوە

هەرچەندە لەسەردەمی سەرۆكایەتی محەمەدی خاتەمی، گرژییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل تاڕادەیەك خاوبووبوویەوە، بەڵام بە هاتنەسەركاری ئەحمەدی نەژاد، جارێكی دیكە گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە پەرەی سەند، بە جۆرێك ئیسرائیل پێیوابوو ئێران دەیەوێت مووشەكی ناوەكی دروست بكات و هێرش بكاتە سەر وڵاتەكەی. ئەوە لەكاتێكدا بوو كە سەرۆك كۆماری ئێران، ئەحمەدی نەژاد نییەتی خۆی بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل نەدەشاردە و لە كۆڕ و كۆبوونەوە جەماوەرییەكاندا بە ئاشكرا بانگەشەی بۆ سڕینەوەی ئیسرائیل دەكرد.

هەرچەندە پەیوەندییەیكانی ئێران و ئیسرائیل لە دەیەی یەكەم و دووەمی سەدەی بیست و یەك، لەوپەڕی خراپیدا بوو، بەڵام هیچكام لەو دوو وڵاتە هێرشی ڕاستەوخۆیان بۆسەر یەكتری ئەنجام نەدا. ئێران لە ڕێگەی سوپای قودسی پاسداران و ئەو هێزە لایەنگرانەی (فاطمیون، زەیدییەكان حوسییەكان،حەشدی شەعبی و حیزبوڵڵا)، كە لە سووریا و عێراق و لوبنان و یەمەن، دروستی كردبوون، بەردەوام كێشەی بۆ ئیسرائیل دروست دەكرد، ئیسرائیلیش ناوبەناو هێرشی بۆ سەر ئەو هێزانە ئەنجام دەدا، بەو شێوەیە ئەو دوو وڵاتە ئیدارەی ناكۆكییەكانی نێوانیان دەدا.[1]

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر كونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و وەڵامی ئێرانییەكان

لەكاتێكدا فشارێكی گەورە لە لایەن ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە لە ئیسرائیل دەكرا بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی غەزە، لە پیشهاتێكی چاوەڕواننەكراودا، ئیسرائیل هێرشێكی مووشەكی بۆ سەر كونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا ئەنجامدا. بەپێی بنەما یاساییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، كە لەسەری ڕێككەوتوون، هێرشێكی لەو جۆرە بەمانای پیشێلكردنی تەواوی ئەو یاسایانە دێت، كە لە لایەن وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە دەركراوە و دەبێت پابەندبن پێوەی. پاراستنی بینای كونسوڵخانە و باڵیۆزخانەكان لە هەر وڵاتێكدابێت، دەبێت لە لایەن وڵاتی خاوەن ماڵەوە پارێزگاری لێبكرێت، هاوكات ئەنجامدانی هێرشەكەی ئیسرائیل بە مانای هێرشی ڕاستەوخۆی ئەو وڵاتە دەهات بۆ سەر خاكی ئێران.

 بە وتەی حسەین ئەكبەری باڵیۆزی ئێران لە سووریا، لە لایەن فڕۆكەی شەڕكەری ئێف35ی ئیسرائیلی لە بەرزاییەكانی جۆلانەوە بە شەش مووشەك بینای كونسوڵخانەی ئێرانیان، لە دیمەشق كراوەتە ئامانج. هەرچەندە باڵیۆز و خانەوادەكەی سەلامەت بوون، بەڵام یەكێك لە فەرماندە باڵاكانی سوپای قودسی پاسداران بەناوی محەمەد ڕەزا زاهیدی لە ئەنجامی هێرشەكە كوژرا، ئەوە سەرباری كوشتنی چەند كەسێكی دیكە و برینداربوونی چەندین كەس. ئامانجی سەرەكی ئیسرائیل لە ئەنجامدانی هێرشەكە كوشتنی فەرماندەكەی سوپای قودسی پاسداران بوو، چونكە بە بڕوای ئیسرائیل ئەو فەرماندەیە ڕۆڵی هەبووە لە یارمەتیدانی حیزبوڵڵا و حەماس و هەر ئەوەش پاڵنەری سەرەكی كوشتنی بووە لە لایەن ئیسرائیلەوە. جگە لەوەش ئیسرائیل بەو هەنگاوە ویستی ئەوەبداتە بەرگوێی دوژمنەكانی كە ئەوان جددین لە هێرشكردنە سەر نەیارەكانیان لە هەرجێگە و پێگەیەكدابن.

لە دوای ساڵی 2015، ئیسرائیل چەندین جار هێرشی مووشەكی بۆ سەر گرووپە لایەنگرەكانی ئێران لە خاكی سووریا ئەنجامداوە، تەنانەت چەند جارێك هێرشی بۆ سەر بنكەی سەرەكی هێزەكانی سوپای قودسی پاسدارانی ئێران لە سووریا ئەنجامداوە، بەڵام ئێران جگە لە دەربڕینی هەڵوێستی توند هیچ كاردانەوەیەكی هاوشێوەی ئەنجانەداوە، پەنای بۆ هێرشی مووشەكی ڕاستەوخۆی وڵاتەكەی بۆ ئیسرائیل نەبردووە. بەڵام بەردەوام لە ڕێگەی هێزە لایەنگرەكانییەوە لە سووریا و لوبنان، هەوڵی ئەوەیداوە تۆڵەی خۆی لە ئیسرائیل بكاتەوە. بە بڕوای ئیسرائیل، هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماس لە حەوتی ئۆكتۆبەر، ئێران لە پشتییەوە بووە، هەربۆیە ویستی پەیامی تۆڵەسەندنەوەی خۆی بە ئێرانییەكانیش بدات.[2]

دوابەدوای هێرشەكەی ئیسرائیل نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان سكاڵانامەیەكی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان كرد سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی ئیسرائیل بەرامبە بە وڵاتەكەی. هاوكات ئەوەشیان بۆ زیادكردبوو كە وڵاتەكەیان مافی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی هەیە. لەڕاستیدا پێشتر و دەیان جار ئیسرائیل هێرشی كردبووە سەر گرووپە لایەنگرەكانی ئێران لە سووریا، بەڵام هەرگیز، تاران پەنای بۆ وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ نەبردبوو. ئەوەی ئێرانی ناچاركرد بەو شێوە توندە بكەوێتە پڕوپاگەندەی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، بە بڕوای چاودێران بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی، ئیتر هێزە لایەنگرەكانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەكە ئومێدیان بەوە نامێنێت كە ئێران دەتوانێت پشتگیریان بكات، چونكە ئەوەتا ناتوانێت كونسوڵخانە و باڵیۆزخانەكەشی لە هێرشی ئیسرائیل بپارێزێت.

دوابەدوای هێرشە مووشەكییەكەی ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند ئەوان پەیامێكیان بۆ ئەمریكا ناردووە، سەبارەت بە دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل، سەبارەت بە ناردنی پەیامەكەیان بۆ ئەمریكا لە بری ئیسرائیل، جەختی لەوە كردەوە، كە “ئەوە ئەمریكایە پارێزەری ڕژێمی داگیركەری سەهیۆنییە، ئەگینا ئەوان ناتوانن دەستدرێژی لەو شێوەیە ئەنجامبدەن”. سەبارەت بە پەیامەكەی ئێران، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند” كە ئەوان لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لەو ڕوداوە دەكەن و دەیانەوێت بگەنە ڕاستی ڕوداوەكە و هۆكارەكانی ئەنجامدانی و نایانەوێت كێشەكە لەوە زیاتر پەرە بسێنێت”. وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەوە كردەوە كە ئەوان نایانەوێت ناوچەكە ڕووبەڕووی گرژی و ئاڵۆزی گەورە ببێتەوە و دەیانەوێت كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەربكرێت.

هاوكات بە شێك لە وڵاتانی ناوچەكەش هێرشەكەی ئیسرائیلیان سەركۆنە كرد، لە ناویاندا عەرەبستانی سعودی، لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەیاندا سەركۆنەی هێرشەكەی ئیسرائیلیان كرد و جەختیان لەسەر پاراستنی دامەزراوە دیبلۆماسییەكان كردەوە لە تەواوی وڵاتانی جیهان.[3] لای خۆشیەوە دەوڵەتی سووریا بە توندترین شێوە سەركۆنەی هێرشە مووشەكییەكەی ئیسرائیلی كرد بۆ سەر كونسوڵخانەی ئێران لە وڵاتەكەی. لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە جەخت لەوە كرایەوە، كە ئەو هێرشە تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەكانی پیشێلكردووە، هەربۆیە سووریا شانبەشانی ئێران ئامادەی ڕووبەڕوبوونەوەی ئیسرائیلە، هاوكات جەختیشی لەوە كردەوە كە ئێران مافی ئەوەی هەیە وەڵامی ئەو هێرشانەبداتەوە و هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامبدات.[4]

ئێرانییەكان بەڵێنیاندا تۆڵەی ئەو هێرشە لە ئیسرائیل بكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستە كەوتنە داڕشتنی پلانی هێرشی مووشەكی بۆ سەر خاكی ئیسرائیل، ئەوە لە كاتێكدابوو كە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریكاش داوایان لە ئێران كرد دان بەخۆیدا بگرێت و هێرشی مووشەكی بۆ سەر خاكی ئیسرائیل ئەنجام نەدات، چونكە لەوەها دۆخێكدا ڕەنگە ئیسرائیل وەڵامی بۆ هێرشەكانی ئێران هەبێت و بەوەش قەیرانەكە زیاتر پەرە دەسێنێت. ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەوەوە نەوەستا، بەڵكو پەیامێكی هەڕەشەئامێزی ئاڕاستەی ئێرانییەكان كرد و پێی ڕاگەیاندن كە لە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەوا وڵاتەكەی پشتی ئیسرائیل دەگرێت و بەتەنیا بەجێی ناهێڵێت. هەربۆیە ئێران لەوە تێگەشت، كە دەبێت هێرشەكانی بە جۆرێك بێت نەبێتە مایەی ناڕەزایەتی ئەمریكا و كارێك نەكات ئەمریكا پەلكێشی ململانێكە بكات.[5]

ئێران بەڵێنی خۆی كرد بە كردار و لە خاكی وڵاتەكەیەوە بە دەیان مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاڕاستەی خاكی ئیسرائیل كرد، دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتە بڵاویان كردەوە كە لە تۆڵەی هێرشی مووشەكی ئیسرائیل بۆ سەر كونسوڵخانەی وڵاتەكەیان لە دیمەشق، ئێران بە دەیان مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاڕاستەی خاكی ئیسرائیل كردووە. ئەوە بۆ یەكەمین جارە لە مێژووی كۆماری ئیسلامیی كە لە خاكی وڵاتەكەیەوە بە شێوەیەكی ڕەسمی هێرش بۆ سەر خاكی ئیسرائیل ئەنجام بدات، چونكە پێشتر هێرشەكانی ئێران لە ڕێگەی هێزە لایەنگرەكانییەوە بوو. هەرچەندە لە دەزگاكانی ڕاگەیاندی ئێرانەوە هێرشەكە زۆر بە گەورە و كەمەرشێكن ناوبرا، بەڵام ئیسرائیل ڕەتی كردەوە كە هێرشە مووشەكییەكەی ئێران زیانێكی ئەوتۆی بە وڵاتەكەی گەیاندبێت. سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێكیاندا ئەوەی دووپات كردەوە، كە ئێران نزیكەی 170 فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و 30 مووشەكی كروز و 120 مووشەكی بالستی، ئاڕاستەی خاكی وڵاتەكەیان كردووە. جگە لە بەشێك لە مووشەكە بالستیكەكان، هیچ كام لە مووشەكە كروز و فڕۆكە بێفڕۆكەواەكان نەگەیشتوونەتە سەر زەوی ئیسرائیل و بە ئاسمانەوە لەناوبراون.

دوای هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریكا سەركۆنەی هێرشەكەی ئێرانیان كرد. نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش كرد، كە كۆبوونەوەیەكی بەپەلە سەبارەت بە هێرشەكەی ئێران ئەنجامبدات و داوای كرد سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە. هەرچەندە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان دژ بە هێرشەكەی ئێران وەستانەوە، بە ڵام وڵاتی چین، هەڵوێستێكی جیاوازی هەبوو، داوای لە ئێران و ئیسرائیل كرد كارێك نەكەن لەوە زیاتر ناوچەكە دووچاری قەیرانی گەورەتر ببێتەوە، هاوكات داوای كۆتاییهێنان بەشەڕی ئیسرائیل و غەزەشی كرد.[6]

كوشتنی ئیسماعیل هەنیە و حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلوفورشان، لە لایەن ئیسرائیل و هەڵوێستی ئێران لەو بارەیەوە

دوای كوشتنی ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە تارانی پایتەختی ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە. ئێران بەڵێنیدا وەڵامی ئەو هێرشەی ئیسرائیل بداتەوە، هەنیە لەسەر بانگهێشتی ئێران و بۆ بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی دەستبەكاربوونی سەرۆك كۆماری نوێی ئێران، مەسعود پزیشكیان لە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە بوو. بەڵام لە لایەن ئیسرائیلەوە لە جێگەی مانەوەكەی لە ئوتێلێكی ئەو شارە لە شەوی 31ی ئۆكتۆبەری 2024، كرایە ئامانج و كوژرا. دوای كوشتنی هەنیە، دواتریش لە 27ی سێبتەمبەردا لە هێرشێكی مووشەكی بۆ سەر شاری بەیروت هەریەكە لە حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتی حیزبولڵا و عەباس نیلفورشان، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكان لە سوپای پاسدارانی ئێران، كوژران.[7]

هەرچەندە دوای كوشتنی ئیسماعیل هەنییە، ئێران بەڵێنیدا تۆڵەی خوێنی ئەو سەركردە فەلەستینییە بكاتەوە، بەڵام هەڕەشەكانی ئێران هیچیان نەبوون بە كردار، بەشێك لە سەرچاوەكانی هەواڵ باسیان لەوە دەكرد كە دواكەوتنی وەڵامی ئێران بۆ هێرشە مووشەكییەكەی ئیسرائیل پەیوەندیدارە بە فشارە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئێران و داواكاری دان بەخۆداگرتن، ئەوە لە لایەك و بەڵێنی هاوكاریكردنی ئێران بۆ گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ ڕێكەوتنی ناوەكیی و وەستاندنی شەڕی غەزە. هەموو ئەو باس و خواسانە لەسەر مێزی گفتوگۆی لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان بوو، بەڵام ئێرانییەكان لە زاری سەرچاوە سەربازییەكانەوە سووربوونی وڵاتەكەیان بە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل و تۆڵەی كوشتنی هەنیە دەكردەوە. بارودۆخەكە بەو شێوەیە بوو تا ئەوكاتەی ئیسرائیل لە هێرشێكی چاوەڕوان نەكراودا ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا و فەرماندەیەكی باڵای سوپای قودسی پاسدارنی لە بەیروت كوشت. ئیتر ئەوە ئێرانییەكانی زیاتر هاندا بۆ ئەوەی بە خێرایی و لە ماوەیەكی كەمدا وەڵامی ئەو هێرشەی ئیسرائیل بدەنەوە.[8]

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سوپای پاسدارانی ئێران بە ڕۆژنامەی ئیعتیمادی ڕاگەیاند، كە كوشتنی حەسەن نەسروڵڵا و نیلفروشان لە لایەن ئیسرائیلەوە بەمانی بەزاندنی هەموو هێڵە سوورەكانی ئێران دێت، هەربۆیە وڵاتەكەی لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا وەڵامی ئەو هێرشەی ئیسرائیل دەداتەوە، ڕۆژنامەی كەیهانیش ئەوەی بڵاوكردەوە كە ئێران سەرقاڵی خۆئامادەكردنە بۆ ئەنجامدانی هێرشی مووشەكی بۆ سەر خاكی ئیسرائیل و چەند جێگەیەكیش لەناویاندا ژێرخانی ئابووری ئیسرائیل و چەند ناوچەیەكی سەربازی بۆ ئەوەی ببێتە ئامانجی هێرشە مووشەكییەكانی ئێران. ڕۆژنامەكە جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی دوودڵ نییە لە ئەنجامدانی هێرشە مووشەكییەكە و ئەوە تەنها دیاریكردنی كاتی ماوە و بە دڵنیاییەوە ئێران هێرش بۆسەرخاكی ئیسرائیل ئەنجام دەدات.[9]

لە ڕۆژی سێشەممە 1/10/2024، ئێران بە نزیكەی 180 مووشەكی بالیستی، هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا، لە ڕاگەیەندراوێكی سوپای پاسدارانی ئێراندا، ئەوەیان دووپات كردەوە كە هەڵدانی ئەو مووشەكانە بە ئاڕاستەی خاكی ئیسرائیل، لە تۆڵەی كوشتنی ئیسماعیل هەنیە و حەسەن نەسوڵڵا و عەباس نیلفورشان بووە. هاوكات لە بەیاننامەكەیاندا سوپای پاسداران جەختیان لەوە كردەوە لە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، ئەوا ئێران زۆر لەم جارە بەهێزتر وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە.[10] هەرچەندە ئێران هێرشەكەی ناونابوو”وعد صادق2″ و لە لایەن دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە زۆر بە كاریگەر پیشان دەدرا، بەڵام ئیسرائیل ڕەتیكردەوە كە هێرشەكەی ئێران زیانێكی ئەوتۆی پێگەیاندبن، هاوكات جەختیشیان لەوە كردەوە كە بە دڵنیایی وەڵامیان بۆ هێرشەكەی ئێران دەبێت.

دوای هێرشە مووشەكییەكانی ئێران، ئیسرائیل ڕایگەیاند ئەوان لە ماوەیەكی نزیك وەڵامێكی توندی ئێرانییەكان دەدەنەوە، سەرچاوەكانی هەواڵ لە زاری لێپرسراوانی باڵای ئیسرائیلەوە ئەوەیان ئاشكرا كرد، كە ئەو وڵاتە چەند ناوچەیەكی دیاری كردووە بۆ ئەوەی هێرشیان بكاتە سەر، لەناویاندا دامەزراوە ناوەكییەكان و دامەزراوە نەوتییەكان بوونیان هەیە. ئەوە سەرباری دامەزراوە سەربازییەكان كە یەكێكە لە هەڵبژاردەکانی ئیسرائیل بۆ ئەوەی هێرشی بكاتە سەر. هەرچەندە ئەمریكا دژایەتی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی ئیسرائیلی نەكرد، بەڵام داوای لەو وڵاتە كرد، كە لە هێرشەكانیاندا دامەزراوە نەوتی و ناوەكییەكان نەكەنە ئامانجی هێرشەكانیان. وەك سەرچاوەكان ئاماژەی بۆ دەكەن ئیسرائیل بە پەنهانی بەڵێنی بە ئەمریكادابوو كە هێرش ناكەنە سەر ئەو دامەزراوانە و تەنها دامەزراوە سەربازییەكان دەكەنە ئامانج.[11] هەڕەشەكانی ئیسرائیل لە كاتێكدابوو، كە ئێرانییەكان بەردەوام هەڕەشەی ئەوەیان دەكرد لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەكەیان، بە دڵنیایی وەڵامی دەدەنەوە عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێكەوتنێكیدا ئاماژەی بەوە كرد هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی وڵاتەكەی بەمانای بەزاندی هێڵی سووری ئێران دێت، هەربۆیە هەر هەوڵێكی لەو شێوەیە بێگومان بێ وەڵام نابێت، هاوكات ئاماژەی بەوە كرد، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوەكییەكان بكات بێگومان وەك خۆی وەڵامی دەدەینەوە.[12]

سەرچاوەكانی هەواڵ سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی ئێران ئاماژەیان بەوە كرد، كە هێرشەكە پێش هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا ئەنجام دەدرێت، هەرچەندە نزیكەی چەند هەفتەیەك بەسەر هێرشەكانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل تێپەڕی بوو، بەڵام ئیسرائیل لە ئامادەكاری ئەنجامدانی هێرشەكەیدابوو. لێپرسراوێكی باڵای ئەمریكا لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ئاماژەی بەوە كرد، كە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، سەرۆكی ئەمریكای ئاگاداركردووە لە كات و شوێنی ئەنجامدانی هێرشەكەی بۆ سەر ئێران و بەڵێنی بە سەرۆك بایدن داوە كە دامەزراوە سەربازییەكانی ئێران بكاتە ئامانج، هاوكات ئەوەشی خستەڕوو هێرشەكە پێش هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا ئەنجام دەدرێت، پاساوی ئەوەشی بۆ ئەوەگەڕاندەوە كە ڕەنگە ئێرانییەكان ئەوە بە نیشانەی لاوازی ئەمریكا و ئیسرائیل بزانن. هەربۆیە ئیسرائیل بە شێوازی خۆی ئەو كارە ئەنجام دەدات.[13]

 دوای تێپەڕینی سێ هەفتە لە هێرشەكەی ئێران لە ڕۆژی 26ی ئۆكتۆبەری2024، هێرشی بۆ سەر خاكی ئێران دەستپێكرد، لە ڕاگەیەنراوی فەرمی سوپای ئیسرائیل ئەوە هاتبوو كە وڵاتەكەی لەڕێگەی هێزی ئاسمانییەوە هێرشێكی بەرفراوانی كردۆتە سەر ئێران. سوپای ئیسرائیل ئەوەشی دووپات كردەوە كە لە هێرشەكەیاندا چەند بنكەیەكی سەربازی ئێرانیان لە چەند ناوچە و شارێكی جیاواز كردۆتە ئامانج. ئەو فڕۆكە شەڕكەرانەی كە چالاكییەكەیان پێسپێدرابوو، بە سەلامەتی گەڕانەوە خاكی وڵاتی ئیسرائیل و ئامانجەكەیان پێكا. وتەبێژی سەربازی سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێكیدا ئەوەی دووپات كردەوە، كە هێرشەكە لەسەر ڕاسپاردەی كەسایەتییە سیاسییەكانی ئیسرائیل بووە، لە تۆڵەی هێرشەكانی ئەمدواییەی ئێران بۆ سەر وڵاتەكەیان.

دوابەدوای هێرشەكەی ئیسرائیل، لێپرسراوێكی باڵای ئەمریكا ئەوەی ئاشكرا كرد، كە هێرشی ئیسرائیل كۆتاییپێهاتووە، هەربۆیە داوا لە ئێران دەكەم دان بەخۆیدا بگرێت و وەڵام نەداتەوە، بۆ ئەوەی دۆخی ناوچەكە لەوە زیاتر بەرەو ئاڵۆزی هەنگاو نەنێت. چونكە لە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران، ئەوە جارێكی دیكە ئیسرائیل هێرش دەكاتەوە سەر ئێران، ئەوەش ڕەنگە لێكەوتەی خراپی هەبێت بۆ ئێران و ناوچەكەش.[14]

 هەرچەندە لێپرسراوانی باڵای سەربازی ئێرانی ئەوەیان ئاشكرا كرد، كە هێرشەكەی ئیسرائیل بە جۆرێك بووە، كە شایەنی باسكردن نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەیان بەوەكرد وڵاتەكەیان مافی وەڵامدانەوەی ئەو دەستدرێژیانەی ئیسرائیلی هەیە. لەگەڵ ئەوەی بەشێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ئێران لە هەوڵی كەمكردنەوەی كاریگەری هێرشەكانی ئیسرائیل، لەسەر ئێران بوون، بەتایبەتی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، ئەوەی بڵاوكردەوە كە بانگەشەكانی ئیسرائیل سەبارەت بە ئامانجگرتنی 20 بنكەی سەربازی ئێران دوورن لە ڕاستییەوە و ئاماژەی بەوە كرد، هێرشەكان زۆر لەوە كەمتر بوون كە ئیسرائیل ئاماژەی بۆ دەكات.[15]

عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران، دوای ڕۆژێك لە هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەكەی ڕایگەیاند، كە نابێت ئەو هێرشانەی ئیسرائیل بە كەم سەیر بكرێن، هەروەك چۆن نابێت لە قەبارەی خۆی زیاتریش گەورە بكرێن، ئەو لێدوانەی خامنەیی لە وەڵامی دەزگاكانی ڕاگەیاندنی وڵاتەكەیدا بوو، كە لە قەبارەی هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەكەیان كەمكردەوە. خامنەیی جەختی لەوە كردەوە، كە ئیسرائیل هەڵەی كردووە لەو حساباتەنەی كە بۆ هێرشی سەر ئێران كردوویەتی. ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران باسی لە هێز و توانای خەڵكی ئێران و سوپاكەی كرد، ئاماژەی بەوەش كرد لێپرسراوانی ئێرانی دەزانن، كە چۆن ئیسرائیل تێبگەیەنن، لەو هەڵەیەی كە كردویەتی.

 هەرچەندە هەوڵەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەو ئاڕاستەیە، كە داوا لە ئێران دەكەن، دان بەخۆیدا بگرێت، بەڵام تاران جەخت لەوە دەكاتەوە كە مافی خۆیەتی وەڵامی بۆ هەر دەستدرێژییەكی ئیسرائیل هەبێت. سەرۆك كۆماری تازە هەڵبژێردراوی ئێران، مەسعود پزیشكیان، لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی هەوڵ بۆ ئەوە نادات كە بكەوێتە شەڕەوە، بەڵام لە هەمانكاتدا ئامادەی وەڵامدانەوەی هێرشەكانی ئیسرائیلە بۆ سەر وڵاتەكە. لە بەرامبەریشدا سوپای ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوە دەكات لە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران، ئیسرائیل وەڵامی دەبێت، ئەوەش جارێكی دیكە بارودۆخەكە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەبات.[16]

ئەنجام

  • لەگەڵ ئەوەی دوای ساڵی 2015، سوپای ئیسرائیل چەندینجار هێرشی مووشەكی بۆ سەر هێزە لایەنگرەكانی ئێران لە سووریا و تەنانەت هێرشی بۆ سەر سوپای قودسی پاسداران كە بنكەكەیان لە سووریا بوو ئەنجامدا، هیچ كاتێك ئێران وەڵامی ئەو هێرشانەی نەدایەوە، تەنها بە دەربڕینی بەیاننامە و لەسەر ئاستی ڕۆژنامە و دەزگاكانی ڕاگەیاندن بوو. بەڵام كاتێك ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر كونسوڵخانەكەی ئەنجامدا، ئێرانییەكان بڕیاریاندا بۆ یەكەمین جار لە ڕێگەی خاكی وڵاتەكەیانەوە هێرشی مووشەكی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامبدەن، چونكە لەوە دڵنیابوون وڵاتانی ناوچەكە و بەشێك لە زلهێزەكان هاوهەڵوێستی ئێرانن، چونكە ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر بنكەیەكی دیبلۆماسی كردووە كە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە دەبێت ئەو بنكانە پارێزراوبن.
  • هەرچەندە ئێران شەڕی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، بەڵام بەردەوام لە ڕێگەی گرووپە لایەنگرەكانییەوە لە ناوچەكە گرفت بۆ ئیسرائیل دروست دەكات، ئەوش پاڵ بە ئیسرائیلەوە دەنێت ناوبەناو هێرش بۆ سەر ئەو گرووپانە ئەنجام بدات.
  • كوشتنی هەنیە و نەسروڵڵاو نیلفروشان، بەلای ئێرانەوە بەزاندنی هێڵی سوور بوو، هەربۆیە بڕیاریدا هێرشی مووشەكی لە وڵاتەكەیەوە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدات. بە بڕوای چاودێران هێرشەكانی ئێران بەجۆرێك بوون، كە نەبێتە مایەی توڕەكردنی ئیسرائیل كە وەڵامێكی وەهای ئێران بداتەوە ناوچەكە دووچاری شەڕێكی گەورەی نێودەوڵەتی ببێتەوە، هاوكات وەڵامی هێرشی ئیسرائیل بۆ ئێرانیش بە جۆرێك بوو ئێران بتوانێت تاڕادەیەك دان بەخۆیدا بگرێت و وەڵامی ڕاستەوخۆی نەداتەوە. بەڵام ئەو هەنگاوانە گرووپە لایەنگرەكانی ئێران ناوەستێنێت و بەردەوامدەبن لە هێرش و پەلامارەكانیان بۆ سەر خاكی ئیسرائیل.
  • لە قۆناغی ئێستادا هیچكام لە ئیسرائیل و ئێران لە بەرژەوەندیاندا نییە، شەڕەكە بە جۆرێك فراوانبێت، نەتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێت. ئێران لە ئێستادا لە دۆخێكی ئابووری سەختدایە و نایەوێت وڵاتەكەی دووچاری شەڕێكی گەورەی دەرەكی ببێتەوە. ئیسرائیلیش نایەوێت بەرەی شەڕەكەی لە ئێستادا فراوانبێت و توانای كۆنترۆڵكردنی نەمێنێت. ئەوە سەرباری ناڕەزایەتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئەگەری كردنەوەی بەرەی شەڕی گەورە و بەرفراوان لە نێوان ئێران و ئیسرائیل.

[1] بیش از چهار دهە مناقشە،ایران و اسرائیل چە خواهد كرد؟ لەماڵپەڕی www.independentpersian.com، لە بەرواری 21/10/2024، بڵاوكراوەتەوە.

[2] كیوان حسینی، حمله به کنسولگری ایران در سوریه؛ اسرائیل به دنبال چیست؟، لە ماڵپەڕی https://www.bbc.com/persian/articles، لە بەرواری 14/ فروردین 1303 بڵاوكراوەتەوە.

[3] حمله هوایی به کنسولگری ایران در دمشق؛ تهران خواستار نشست فوری شورای امنیت شد، لەماڵپەڕی https://www.bbc.com/persian/articles، لە بەرواری 13/فروردین 1303 بڵاوكراوەتەوە.

[4] سوریه: حق پاسخگویی برای جمهوری اسلامی ایران محفوظ است، لە ماڵپەڕی https://www.mehrnews.com/news، بەرواری سەردان 5/ آبان 1403.

[5] پیام ایران به واشنگتن: پاسخ به اسرائیل حتمی است اما نه عجولانه و تنش‌زا، لەماڵپەڕی https://parsi.euronews.com/2024/04/12/irans، لەبەرواری 16/4/2024، بڵاوكراوەتەوە.

[6] سپاه پاسداران با صدها موشک و پهپاد به اسرائیل حمله کرد؛ تل‌آویو از مهار ۹۹ درصدی حملات ایران خبر داد، لەماڵپەڕی https://parsi.euronews.com/2024/04/13/iran-began،

[7] الردع بلا حرب: كيف سترد إسرائيل على هجمات «الوعد الصادق 2» الإيرانية؟، لە ماڵپەڕی https://epc.ae/ar/details/scenario، لە بەرواری 9/اوتبر/2024، بڵاوكراوەتەوە.

[8] حنان عزیزی، الصحافة الإيرانية… دعوات لاستهداف البنية التحتية في إسرائيل، لە ماڵپەڕی https://www.majalla.com/node، لە بەرواری 12/اوكتوبر/2024 بڵاوكراوەتەوە.

[9] حنان عزیزی، الصحافة الإيرانية… دعوات لاستهداف البنية التحتية في إسرائيل، لە ماڵپەڕی https://www.majalla.com/node، لە بەرواری 12/اوكتوبر/2024 بڵاوكراوەتەوە.

[10] وزارت خارجه ایران: پاسخ ترور نیلفروشان را می‌دهیم، لە ماڵپەڕی https://farsi.alarabiya.net/iran، لە بەرواری 14/اكتوبر/2024، بڵاوكراوەتەوە.

[11] واشینگتن‌پست: نتانیاهو به بایدن گفت قصد دارد به تاسیسات نظامی ایران حمله کند، لە ماڵپەڕی https://www.iranintl.com/، لە بەرواری 23/مهر/1403.

[12] عراقچی: اسرائیل پاسخ متناسب به هر حمله علیه ایران را دریافت خواهد کرد، لە ماڵپەڕی https://farsi.alarabiya.net/iran< لە بەرواری 20/اكتوبر/2024 بڵاوكراوەتەوە.

[13] مسؤول أميركي يكشف لواشنطن بوست موعد الرد الإسرائيلي على إيران وطبيعة الأهداف، لە ماڵپەڕی https://www.alhurra.com/israel، لە بەرواری 15/اكتوبر/2024 بڵاوكراوەتەوە.

[14] إسرائيل تشن هجوما على إيران وانفجارات تهز طهران، لە ماڵپەڕی https://www.aljazeera.net/news< لە بەرواری 26/اكتوبر/2024، بڵاوكراوەتەوە.

[15] ماذا قالت إيران وإسرائيل وأميركا بعد الهجوم الإسرائيلي على إيران؟، لە ماڵپەڕی https://www.aljazeera.net/news، لە بەرواری 26/10/2024، بڵاوكراوەتەوە.

[16] نتنياهو يؤكد أن الهجوم على إيران “حقق أهدافه”، وخامنئي يعلّق: لا نضخّم ولا نقلل من الرد الإسرائيلي، لە ماڵپەڕی https://www.bbc.com/arabic، لە بەرواری 27/اكتوبر/2024، بڵاوكراوەتەوە.

Send this to a friend