ئێران و ئیسرائیل (لە دۆستایەتی مێژووییەوە بۆ دوژمنایەتی بێ سنوور)
بارام مەجیدخان
بەرایی
کاتێک لە ١٤ مارسی ١٩٤٨ دەوڵەتی ئیسرائیل لە لایەن دیڤید بن گۆریۆن ڕاگەینرا زۆرێک لە وڵاتانی ئیسلامیی و ناوچەکە ڕووبەڕووی شۆکێکی گەورە بوونەوە. یەکێک لەو وڵاتانەی کە هەر لەسەرەتاوە دوودڵ بوو لەوەی کە بە فەرمی بیناسێنێت ئێران بوو. لەگەڵ ئەوەی کە پەیوەندییەکی مێژوویی قووڵ، ئایینی جووی بە ئێرانەوە گرێدەدا، بەڵام بە شێوەیەکی دیفاکتۆ ئەو وڵاتەی بە فەرمی ناساند. لەسەردەمی حکومەتی دکتۆر محەممەدی موسەدیق ئەو دانپیانانە وەرگیرایەوە. پەیوەندی ئێران و ئایینی جوو لەسەردەمی کۆرش و پێشتر و دواتر، تەوەری یەکەمی ئەم باسە دەبێت پاشان بونیاتنانی دەوڵەتی ئیسرائیل و هەڵسووکەوتی ئێران بەرامبەر ئەم دەوڵەتە نوێێە تەوەرێکی تری ئەم لێکۆڵینەوەیە پێکدەهێنێت. شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هەم بۆ گەلی ئێران خاڵی وەرچەرخان بوو و هەم بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش. وەک دواهەمین شۆڕش کە لە جیهاندا ڕوویدابێت. بەتایبەت تێزەکانی شۆڕش هەر لەسەرەتای دەرکەوتنییەوە دژی ئیستعمار و داگیرکەران و ئەمریکا و ئیسرائیل وەستایەوە. ململانێکانی ئەمریکا و ئێران لە لایەک و ئێران و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە، زنجیرەیەک ململانێی قوورسی نێوان ئە دوو هێزەی لە ناوچەکە خستەڕوو. بەتایبەت پشتیوانی ئێران لە گرووپەکانی نەیاری ئیسرائیل لەژێر چەتری پشتیوانی لە ڕێکخراوە ئازادیخوازەکان و بە تایبەت بزووتنەوەی ئیسلامیی شیعی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هەمیشە و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل هەژمار کراون. هەوڵ دەدەین ئاڕاستەی ئەم ململانێ قوورسەی کە کاریگەری لەسەر ناوچەکە و جیهانیش هەیە بخەینەڕوو.
١.پێشینەیی مێژووی
مێژووی کۆن
ئێران و ئیسرائیل دووانەیەکی مێژوویین. “کتێبی پیرۆز ” ئەم دوو نەتەوەیە پێکەوە گرێ دەدات. هەزارەی یەکەمی پێش زایین کە، نەتەوەکانی ئاری سەرقاڵن بە خۆ سازدان لە پێیناو بازدان بۆ ناو جەرگەی بەرزاییەکانی ئێران و میزۆپۆتامیا، ئایین نەتەوەی یەهوودی لەوپەڕی نەهامەتی و کوێرەوەریدا دەژیان.[1]
یەکەم کۆچی جووەکان بۆ ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٧٤١ پ.ز). کاتێک پلیسەر پاشای ئاشور شاری قودسی داگیر کرد و شارەکەی وێران کرد و دانیشتوانەکەی بە دیل گرت و بۆ ئاشور و پاشان بۆ وڵاتی فارس دووری خستنەوە. قۆناغی دووەمی ڕاگواستنی جووەکان بۆ ئێران لە ساڵی (٧٣٣پ.ز) کاتێک شەلمنسەری پێنجەم (٧٢٢-٧٢٧ پ.ز) قودسی وێران کرد و دانیشتوانەکەی گواستەوە بۆ کەنار ڕووباری خاپوور لە باکووری عێراق. هەر ئەوانە بوون کە لە کەنارەکانی دەریای قەزوێن ئیمپراتۆریەتێکییان پێکهێنا. قۆناغی سێیەمی ڕاگواستنی جوو لە سەردەمی کلدانییەکان ڕوویدا لە ساڵی (٥٩٧ پ.ز). پاشا نەبوکەد نەسر هێرشی کردە سەر قودس و جووەکان و کۆتایی بە پاشایەتی یەهوودای هێنا و دانیشتوانەکەی گواستەوە بۆ میزۆپۆتامیا (بابل). جووەکانی بابل توانییان کاریگەری بخەنە سەر سیستەمی ئیداری و سیاسی ئەو وڵاتە و هەندێک پێگە و دەسەڵاتیان بۆ خۆیان دەستەبەر کرد. جووەکانی بابل هاوکاری کۆرشی پاشای هەخامەنشییەکانیان کرد لە گرتنی بابل و ڕۆڵی بەرچاوییان بینی لەسەرکەوتنە مەزنەی کۆرشی مەزن. لە بەرامبەر ئەو خزمەتە مەزنەی جووەکان بە کۆرش، ڕێگەی پێدان جووەکان بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی جۆیان لە قودس.[2]
پەیوەندی ئایینی جوو بە ئێرانەوە لەسەردەمی ئاشورییەکان کە ژمارەیەکی بەرچاو لە جووەکان وەک دیل لە ئاشوورەوە گوازراونەتەوە بۆ هەمەدان کە پایتەختی مادەکان بوو. مادەکان بە چاوی ڕێزەوە دەیانڕوانییە بەندکراوانی جوو. هەر ئەوەش بوو کە لەسەردەمی کۆرشی مەزن جووەکان، ڕۆڵی گەورەیان بینی لە پێشڕەواییەتی کردنی سوپای کۆرش بە سەر بابل.[3]بەڵام بەشێکی زۆری جووەکان لەگەڵ کۆرش نەگەڕانەوە بۆ بابل و لە ئێران لە حەلون، هەمەدان، نەهاوەند، ئەهواز و شوش نیشتەجێ بوون. هەر بۆیەش مەزارە پیرۆزەکانی وەک دانیاڵی نەبی لە شوش و حەبەقوقی نەبی تویسرکان بۆ جووەکانی ئێران بە پیرۆزی ماونەتەوە.[4]
لە تۆمارەکانی ئایینی یەهوودی لە مێژوودا و بە تایبەت لە کتێبی پیرۆز ئاماژە با ناوی پاشاکانی ئێران دراوە بە تایبەت کۆرشی مەزن کە وەک ڕزگارکەری نەتەوەی بەنی ئیسرائیل لە میزۆپۆتامیا ناوزەد کراوە. هەروەها ناوی پاشاکانی وەک خەشایار شا و ئەردەشێری یەکەم و ئەردەشێری دووەم لە تۆمارە ئایینیەکانی ئایینی جوو ئاماژەی پێکراوە . [5]ئەوەی جێگەی سەرنجە شانامەی فیردەوسی کە وەک سەرچاوەیەکی مێژووی زارەکی و نووسراوی ئێران زۆر پشتی پێدەبەسترێت هیچ ئاماژەیەک بە ناوی کۆرشی مەزن نەکراوە! کتێب و تۆمارەکانی جوو، ڕۆڵی گەورەیان بینی لە بەرز ڕاگرتنی ناوی کۆرشی مەزن لە مێژوودا. بەڵام لە تۆماری کۆرشدا هیچ ئاماژەیەک بە جووەکان نەکراوە، وەک ئەوەی ئەو لێبوردەییەی بەرامبەر بە جوو کراوە هەمان کردار بووە کە بە نەتەوەکانی بن دەستی ئێران لەسەردەمی کۆرشی مەزندا کراوە. لە لایەکی ترەوە لە بەردە نووسەکانی تەختی جەمشید لە شیرازی ئێستا هیچ وێنەیەک لە نەتەوەی بەنی ئیسرائیل بەدی ناکرێت. پەیوەندی جوو لەگەڵ گلانی ئێران لە مێژوودا پەستی و بڵندی زۆری بە خویەوە بینیوە. تا دواجار لە شۆڕشی مەشرووتەی ئێران مافی نوێنەرایەتی لە پەڕلەمانی مەشروتە(مجلس ملی) بەخشییە کەمینە ئایینییەکانی وەک مەسیحی و جوو و زەردەشتییەکان.[6]
٢. بونیاتنانی دەوڵەتی ئیسرائیل و هەڵوێستی ئێران
– سەردەمی پاشایەتی
١٤ مارسی ١٩٤٨ ئەو مێژووە بوو کە ئیسرائیل وەک کیانێکی نێودەڵەتی، ئیعلانی سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند. تورکیا لە ڕیزی پێشەوی وڵاتانی جیهان بوو کە ئیسرائیلی بە فەرمی ناساند. ئێران لەسەردەمی حکومەتی ساعدی مەراغەیی لە ٢٨ مارسی ١٩٤٩ بە شێوەی دیفاکتۆ دانی بە ئیسرائیلدا نا، نەک بە شێوەی فەرمی. پاشان حکومەتی دکتۆر محەممەدی موسەدیق لە ئێران لە ساڵی ١٩٥١ ئەو دیفاکۆیەیی هەڵوەشاندەوە و داننانی بە ئیسرائیلدا هەڵوەشاندەوە. حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی ئێران و هەڵوێستیان بەرامبەر بە ئیسرائیل گۆڕانکارییان بە سەردا هات.
هەرچەندە ئێران و ئیسرائیل لەسەردەمی پاشایەتی هەرگیز بە فەرمی ئیسرائیلی نەناساند. بەڵام هەردوو وڵات هەوڵی ئەوەیان دەدا کە بەرمەبنای جیۆپۆلەتیکی هاوبەش پەرە بە پەیوەندییەکانییان بدەن. گۆڕانکارییەکانی جیهانی عەربی و ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی کە لە نێوان ئیسرائیل وڵاتانی عەرەبی ڕوویاندا بە تایبەت لە ساڵی ١٩٥٦ بە دواوە و ڕووداوەکانی کەناڵی سویس، دەرگای بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتری نێوان ئیسرائیل و ئێران کردەوە.[7] کۆلکەی هاوبەشی نێوان ئێران و ئیسرائیل کە وەک هەڕەشە بۆ سەر هەردوو وڵات سەیر دەکرا عێراق بوو. کاری هاوبەشی ئێران و ئیسرائیل کێشەی کوردی عیراق بوو، لە ساڵەکانی ١٩٦٠ بەدوادوە. ساواک و دەزگای موساد بە نهێنی پشتیوانییان لە کێشەی کورد لە عێراق دەکرد بۆ لاوازکردنی عێراق کە وەک هەڕشە بۆ سەر ئیسرائیل و ئێران دەردەکەوت. [8] بەڵام پەیوەندییەکانی ئێران و ئیسرائیل تەنها لەسەر بنەمای ترسی هاوبەش نەبوو. بەڵکو شای ئێران ڕووبەڕووی ڕەخنە و گازەندەی حکومەتی جۆزێف کەنەدی ببووەوە. ئێران ئومێدی لەسەر ئیسرائیل و لۆبی ئیسرائیلی لە ئەمریکا هەڵچنیبوو کە فشارەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران کەم بکاتەوە. لەم پێناوەشدا دەستەیەکی ئیسرائیلی لە تاران نیشتەجێ بوون کە بەشێوەیەکی دیفاکتۆ وەک سەفارەتی ئیسرائیل لە تاران کاروبارەکانیان ڕادەپەڕاند. کاری هاوبەشی ئێران و ئیسرائیل لەسەردەمی پاشایەتی مێژوویەکی ئاڵوزی هەیە کە شۆڕشی ئێران کە تێڕوانینی جیاوازی لەسەر ئەو مێژووە هەبوو، ڕابردووی ئەو پەیوەندییە دبلۆماسی و سیاسی و ئابوورییانەی لێڵ و ئاڵۆزتر کرد. پرۆفیسۆر سەید حەسین ئەمین کاتێک باس لە پەیوەندیەکانی نێوان ئێران ئیسرائیل دەکات. هەم باس لە مێژووی پەیوەندی جوو لەگەڵ مسوڵمانان دەکات لە ناوچەکە و هەم ئەو هەستیارییەی کە لە پاش دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل لە نێوان جوو و مسوڵمانان دروست ببوو.[9] ناساندنی دیفاکتۆی ئیسرائیل لە لایەن ئێرانەوە گومان دەخرێتە سەر عیزەتوڵڵای ئینیتزام نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەرتیلی لە جووەکان و ئەمریکا وەرگرتبێت. بەڵام هەندێک پێێان وایە ئەو دەنگۆیانەی کە باسی تێوەگلانی ئینتزام دەکەن لە لایەن عەرەبەکانەوە بۆ ئینتزام دروست کرابێت بۆ لێدان لە کەسایەتی ئەو نوێنەرەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان. بەڵام خودی ساعد، سیاسەتمەدارێکی پاک بوو. ساعد حەزی لە پارە نەبوو. بە هەژاریش مرد. (یەکێک لە هاوڕێکانی لە گۆڕستانێکی گشتی و بێ ناونیشان ناشتی).
لەسەر ئاستی ناوخۆ گەلانی ئێران پشتیوانیان لە گەلی فەلەستین و مافی خوراوی ئەوان دەکرد بەڵام تێڕوانینی دەسەڵاتدارانی ئێران لەسەردەمی پاشایەتی و لە ئاستی نێودەوڵەتی پێچەوانەی ئەم خواستەی گەلانی ئێران بوو. ئەمەش پارادۆکسێک بوو لە ئێران بە گشتی لە ناویدا دەژیا. ئیسرائیل باسی لە ئاشتی بۆ ناوچەکە و ژینگە سیاسیەکەی دەکرد بەبێ ئەوەی تا ئێستاشی لەگەڵ بێت یەک هەنگاوی بۆ ئاشتی لە ناوچەکە نابێت. ئەمەش بێزاری زۆری بۆ گەلانی ئێران دروست کردبوو. هەر ئەوەش ئەو پەیوەندیە مێژووییە بەنرخەی جوو لە ناو مسوڵمانان و گەلی ئێران و دنیای عەرەبی گۆڕی بۆ دوژمنایەتییەکی قووڵ. لە لایەکی ترەوە کرۆکی پەیوەندیەکانی محەمەد ڕەزا شای ئێران لەگەڵ ئیسرائیل خواستی هەردوولا بوو بۆ فرۆشتنی نەوت بە ئیسرائیل. پەیوەندی ئێران و ئیسرائیل لەم بوارەدا هێندە نهێنی و ئاڵۆز بوو کە بەرپرسی ژووری بازرگانی ئیسرائیل لە هەندێک وردەکاری ئەم بابەتە ئاگادار نەبوو. [10]
–سەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران
شۆڕشی ئێران خاڵی وەرچەخان بوو بۆ ئێران و بۆ ناوچەکە و بۆ جیهانیش. یەکەم بەرکەوتنی شۆڕش لەگەڵ جیهانی دەوروبەری خۆی، بەرکەوتنێکی ئایدۆلۆجی بوو. شۆڕشی ئێران میراتگری بەشێکی زۆری ئەو بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی سەردەمی سیستەمی پاشایەتی بوو. بەشێک ئەو کۆدژییانەی کە دیدگای تازەی شۆڕش سازگار نەبوو لەگەڵیان، سیاسەتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بوو. پەیوەندییەکانی ئێران و ئیسرائیل لەگەڵ هەبوونی فشاری ناوخۆیی و فشاری وڵاتانی مسوڵمان و عەرەبی نزیکەی سی ساڵ بەردەوام بوو. لەگەڵ هەبوونی بەرزی و نزمی لەم پەیوەندییانەدا. بەڵام کاتێک شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران ڕووییدا ئەم پەیوەندییانە پچڕاو و کۆتاییان پێهات و سەردەمێکی نوێی پڕ لە ململانێی قوورس دەستیان پێکرد. ئەو هۆکارانی کە لە پشت پچڕانی پەیوەندییەکانی ئێران و ئیسرائیلەوە بوون بەشێکیان بریتیین لە: سروشتی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە سروشتێکی دژە ئیستعمار و خواستی بۆ پشتیوانی کردن لە ستەملێکراوانی جیهانی هەبوو. ئێران حکومەتی ئیسرائیلی بە داگیرکاری خاکی مسوڵمانان دەبینی و دەوڵەتی ئیسرائیلی بە ناشەرعی لە قەڵەم دەدا. شۆڕشی ئێران لە نێوان بلۆک بەندییە جیهانییەکانی شەڕی سارد هاتبووە دەرەوە و درووشمی دژ بە هەردوو جەمسەرەکەی بەرز کردبووەوە(نە شرقی، نە غربی، جمهوری اسلامی). هەرچەندە پاشان لە ژێر کاریگەریی شەڕی ئێران و عێراق ئەم دژە جەمسەربوونە زۆری نەخایاند و پەیوەندییەکانییان لەگەڵ یەکیێتی سۆڤییەت ئاسایی بووەوە، بەڵام کێشە و ململانێکان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هەر بەردەوام بوون. ململانێکانی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل فرە جەمسەر بوون. بابەتی هۆلۆکاست (جینۆسایدکردنی جووەکان لە جەنگی جیهانی دوەەم و لەسەر دەستی هیتلەر) کە ئێران ئینکاری دەکرد. ئەو ڕووداوە لە مێژوودا زیاتر لە پێویست گەورە کراوە و بۆ شەرعییەتدان بە کیانی جوو لە جیهاندا پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت. لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کە لە پاش ڕاگرتنی شەڕی نێوان ئێران عێراق دەستییان پێکردەوە بە هەڕشە بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی ئێسرائیل وێنا دەکرا. ئیسرائیل، بە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەمپەڕی زۆریان بۆ ئێرانییان دروستکرد کە ئەو ئەتۆمی ئێران نەگاتە ئەنجام. بە شێوەیەکی گشتی ململانێی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل ئەم دەرەنجامانەی خوارەوەی لێکەوتەوە کە گۆڕانکاری بنجینەیی بوون لە پچڕانی پەیوەندی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە:
- شەڕی ڕاگەیاندنی قوورس لە نێوانییاندا.
- پشتیوانی لە کاراکتەرە نادەوڵەتییەکان و ئاڕاستەکردنیان دژی ئیسرائیل.
- گەشەکردنی دامەزراوەی بەرگری و هێرشبەرانەی ئێران دژی ئیسرائیل.
- بابەتی و هۆلۆکۆست و هەڵسەنگاندنی مێژووی ئەم بابەتە دژی ئیسرائیل.
- یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی کە دژی ئیسرائیل وەستاونەتەوە.
- شەڕی بە وەکالەت بە تایبەت لە ڕێگەی حیزبوڵڵای لوبنانەوە.
- گرێدانی هاوپەیمانی لەگەڵ سووریا.
- دروستکردنی کێشە بو پرۆسەی ئاشتی ئیسرائیل لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
- پشتیوانی لە جووەکانی نەیاری ئیسرائیل و ناجووەکانی دژ بە ئیسرائیل.[11]
شۆڕشی ئێران لە دەسپێکی سەرکەوتنی شۆڕشەکەوە چەند قوناغێکی سەختی تێپەڕاند. قۆناغی یەکەم کە کۆتایی سەردەمی جەنگی سارد لە خۆ دەگرێت لە نێوان ساڵەکانی (١٩٧٩-١٩٩١) کە لەم نێوەندەدا شەڕی ئێران عێراق وەک کارەساتێکی قوورس شۆڕشی ماندوو کرد. پەیوەندی ئیسرائیل و ئێران زیاتر دژایەتی یەکتربوو لە چوارچێوەی شەڕی ڕاگەیاندنی ئێران دژی ئیسرائیل لە لایەک و دژایەتی ئیسرائیل بۆ ئێران لە چوارچێوەی یارمەتیدانی عێراق بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەو جەنگەدا. قۆناغی دووەم لە ساڵی (١٩٩١- ٢٠٠٢) لە قۆناغەدا جەنگی سارد کۆتایی پێهاتبوو بە شکستی یەکیێتی سۆڤییەت. لەم قۆناغەدا ئێران سەرقاڵی ئاوەدانکردنەوەی وێرانکارییەکانی دوای شەڕی ئێران عێراق بوو. هەروەها دەسپێکی پلانی وردی ستراتیژی ئەتۆمی و تەکنۆلۆجیای سەربازی ئێران بوو. [12] قۆناغی سێیەم لە نێوان ساڵەکانی (٢٠٠٢-٢٠١٥) کە لەم قۆناغەدا دۆسییەی ئەتۆمی ئێران مشتومڕی زۆری لە نێوان ئێران و وڵاتانی (٥+١). ئەم قۆناغە پڕکارترین قۆناغی دەزگای دیپلۆماسی ئێران بوو لە مێژوودا، کە ڕێککەوتننامەی (بەرجامی) لێکەوتەوە. لە هەموو ئەم قۆناغانەدا ئیسرائیل بە وردی چاودێری گەشەکردن و چالاکییەکانی ئێرانی دەکرد و هەموو دەرفەتێکی دەقۆزتەوە بۆ لاوازکردنی ئێران و گۆشەگیرکردنی ئەو وڵاتە لە ناو سیستەمی نێودەوڵەتی و سیاسەتی جیهانیدا.
٣. سەردەمی ململانێکان
دوژمنی فانی (mortal enemy) ئەو دەستەواژەیە کە ئیسرائیل بەرامبەر نەیار و دوژمنەکانی خۆی بە کاری دەهێنێت. سووریا گونجاوترین شوێنە بۆ بەکارهێنانی ئەم ئیدیۆمە. ئێران و ئیسرائیل لە سووریا لە قۆناغی شەڕێکی ڕانەگەێینراون دژ بە یەکتر. بە پێی لێدوانەکانی وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران بێت. لە ساڵی ٢٠١٨ بە دواوە. ئیسرائیل زیاتر لە سەد و پەنجا جار لە بنکە سەربازییەکانی ئێران و هێزەکانی هاوسۆز لە ئێرانی داوە. سەرچاوەکانی بیانیش ئاماژە بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا دەکەن کە نزیکە لەو ڕێژەیە.[13] کێشەی سووریا لە پاش بەهاری عەرەبی کۆمەڵێک ڕەهەندی جیاوازی وەرگرت. ڕەهەندی عەرەبی و ناوچەیی، ڕەهەندی نێودەوڵەتی و ڕەهەندی ناوخۆیی. لەسەر هەرسێ ئاست وڵاتانی خاوەن بەرژەوندی لە سووریا، هەوڵی پتەوکردنی پێگەکانی خۆیان دەدەن لە سووریا لە ڕێگەی بریکارەکانیان لە ناو سووریا. بە تایبەت ئێران کە هاوپەیمانییەکی درێژخایەنی لەگەڵ ڕژێمی دەسەڵاتداری سووریا هەیە. ڕەگی ئەم هاوپەیمانییە بۆ سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق دەگەڕێتەوە. سووریا بۆ ئێران ناوەندی ستراتیژی و گرنگە بۆ پشتیوانی لە حیزبوڵڵای لوبنان و هەروەها مەترسی خستنەسەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
ئاستی ململانێکان لەسەر خاکی عێراق جیاوازتر لە ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئارامی دەستی پێکرد. شیعەکان لە پاش ڕووخانی ڕژێم لە عێراق هەستیان بەوە کرد کە ئەمریکا و حکومەتی عێراق(کە لەژێر پاراستن و قەیمومیەتی ئەمریکادا بوو) ناتوانن پارێزگارییان لێ بکەن، کەوتنە دروستکردنی گرووپی میلیشیایی و دزەکردنە ناو ڕیزەکانی دەوڵەت لە عێراق، مەترسییەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە هەستی پێ کرا. [14]بەڵام ڕاستەوخۆ کاریگەری بە سەر عێراقەوە نەبوو. پەیوەندییەکانی ئەمریکا ئیسرائیل ڕێگا خۆشکەر بوو بۆ ئیسرائیلییەکان کە جێپێی ئەمنی و سیخوری خۆیان لە عێراق جێگیر بکەن. ئەمەش هەمیشە بۆ ئێران وەک هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر بەژەوەندییەکانی لێکدراوەتەوە. بە تایبەت ئێران پێداگری دەکات لە هەبوونی پێگەکانی ئیسرائیل لە هەولێر و بە چاودێری ئەمریکا و ئاگاداری هێزە کوردییەکان. هەر ئەم ئارگیۆمێنتە دەرەنجامی هێرشی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بۆ سەر هەرێمی کوردستان لێکەوتووەتەوە.
بابەتی لوبنان و ململانێی ئێران ئیسرائیل لە ناوچەیە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بوونی حیزبوڵڵای لوبنانەوە هەیە. بە تایبەت لە پاش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، حیزبوڵڵا وەک دیوارێک بۆ بەرگری کردن لە لوبنان و دژایەتی ئیسرئیل دەرکەوت. ئەگەر خواستی قووڵمان هەبێت بۆ ئەو سیاستەو ئاڵۆز قووڵەی لوبنان پێوستە لە حیزبوڵڵا بە باشی بگەین و بیناسین. بۆ ناسینی حیزبوڵڵاش پێویستە کە حەسەن نەسروڵڵای سەرۆکی ئەو حیزبە بناسین.[15] حەسەن نەسروڵڵا هەمیشە میدیاکانی بەکارهێناوە بۆ خستنەڕووی دیدگاکانی خۆی. زۆرینەی وتارەکانی لە میدیاکان فۆکەسی لەسەر لوبنان و سووریا هەیە. پاشان وەک بەرگریکارێکی قوورسی سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکە پشتیوانی لە هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات.
پشتیوانییەکانی ئێران بۆ حیزبوڵڵا لە بەرزترین ئاستدایە. پشتیوانی ئێران لە حیزبوڵڵا، کاریگەری خستووەتە سەر ئەمنی دەوڵەتی ئیسرائیل. ئیسرائیل وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی خۆی لەو دۆسیەیە دەڕوانێت. حیزبوڵڵای لوبنان بەهێزترین هێزی سەربازیی و ئایدۆلۆجییە لە ناوچەکە، کە یارمەتی ڕاستەوخۆی ئێرانی لە پشتە. بە واتایەکی تر شکستی پڕۆژەی حیزبوڵڵا لە ناوچەکە واتای شکستی پرۆژەی سیاسی ئێرانە لە میحوەری مقاوەمە.
حوسییەکان و پەیوەندییان لەگەڵ ئێران و هاتنیان بۆ بەرەی مقاومە دژی بەژەوەندیەکانی سعودیە لە لایەک و پاشان ئیسرائیل ئەمریکا لە لایەکی تر دیاردەیەکی تازە بوو. وەک سیاسەتی هەرێمایەتی و کاریگەری ئەم گرووپە چەکدارە لە ساڵی ٢٠١٥ زیاتر بەدەرکەوت. کاتێک حوسییەکان لە لایەن سعودیە و ئەمریکا خرانە ژێر گوشارێکی توندەوە. بەڵام بە پشتیوانی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ توانیان پەرە بە چەکەکانیان بدەن و وڵاتانی خەلیج و کۆمپانیا نەوتییەکان و سعودیە بخەنە ژێر فشارێکی قوورس. لە ساڵی ٢٠٢٢ بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو توانییان پەرە بە موشەکەکانیان بدەن و وەک هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەت ئیسرائیل دەربکەون. ڕۆڵی حوسییەکان لە شەڕی ئیسرائیل و غەزە لەسەرەتادا بە جدی وەرنەگیرا تا ئەوکاتەی توانییان موشەکە دوورهاوێژەکانیان ڕووبەڕووی ئیسرائیل بکەنەوە و گێچەڵ لە دەریای سوور بە کەشتییە بارهەڵگرەکان بگێڕن. حوسییەکان و چالاکییەکانیان ڕەهەندێکی نێودەوڵەتیشی وەرگرت. [16]
٤. ڕوبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ
– ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر و چڕبوونەوەی ململانێکان
ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر پێشبینی کراو نەبوو. ئیسرائیلیەکان ئەم ڕووداوەیان بە ڕۆژی ڕەشی میژووی ئیسرائیل ناوزەد کرد. ئۆپراسێۆنی تۆفانی ئەقسا کە لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی غەزە (حەماس و جیهادی ئیسلامی) جێبەجێکرا گورزێکی کوشندە بوو بۆ ئیسرائیل. لە یەکەم ڕۆژی ئۆپراسیۆنەکە نزیکەی ١٣٠٠ کەس کوژران و نزیکەی ١٣٠ ئیسرائیلی بە دیل گیران.[17] ڕۆڵی ئەمریکا لەو ڕووداوانە بە ئاشکرا بەدەرکەوتن. لەگەڵ هەڵچوونی ئیدارەی ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەر چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی جوو لە ناوخۆ و دەرەوەی ئیسرائیل کاردانەوەی توند بوو بەرامبەر ئیدارەی غەزە و گرووپەکانی باڵادەستی ئەو سنوورە. سترایتژی ئەمریکا لەسەر بنەمای هەڵسوکەوتی فرەلایەن لەگەڵ ڕووداوەکان بوو. یەکەم :بەربەست دانان، لە پێناو فراوان نەبوونی شەڕەکە بۆ وڵاتانی تر، بەتایبەت بۆ لوبنان و ئێرانیش. دووەم: کۆتایی هێنان بە شەڕەکە و سنوور دانان لەپێناو ئەوەی کەمترین قوربانی مەدەنی لێبکەوێتەوە. سێێەم: دڵنیا بوون لەوەی کە فریاگوزارییە مرۆییەکان دەگاتە غەزە و فەلەستینییەکان دەستیان بە خۆراک و دەرمان و پێداویستی نیشتەجێبوون دەگات.[18] بەڵام ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر دەریان خست کە ئامرازی سەربازیی بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی ناتوانێت کارساز بێت. نە فەلەستینییەکان دەتوانن لە ڕێگەی ئامانجی سەربازی، واقعی هەبوونی ئیسرائیل بگۆرن و نە ئیسرائیلییەکان دەتوانن چارەسەری کێشەی فەلەستین لە ڕێگەی هێرش و جەنگی فراوان و کاولکاری ئاڕاستەکەی بگۆڕن.
هەر لەسەرتاوە ئێران و سەرکردایەتی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی بێ ئاگایی خۆیان لەو ئۆپراسێۆنە ڕاگەیاند. ئەم ئاڕاستە میدیاییە لەگەڵ خواستی وڵاتە یەکگرتووەکانیش یەکی دەگرتەوە، لە پێناو فراوان نەبوونی شەڕەکە. فۆکەس خستنەسەر کەسایەتییەکی دیاری بزووتنەوەی حەماس (یەحیا سینوار) بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکەیە بۆ چواچێوەی یەکەمی ڕێکەوتننامەی ئۆسلۆ و فشار خستنەسەر حکومەتی ئیسرائیل و نیشاندانی خاڵە لاوازەکانی ئیدارەی ناتانیاهو. لە گەرمەی ڕەشەکوژی و بۆمبارانی غەزە لە لایەن ئیسرائیلەوە پرۆژەی ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل کەوتە ناو گێژاو و دوورنمایەکی تاریک. بەڵام ژوورەکانی بیر و پسپۆڕانی خاوەن ڕا ئەوە ناشارنەوە کە بە هاوکاری سعودیە و ئیمارات و قەتەر و مەغریب و هەروەها وڵاتە یەکگرتووەکان پێویستە پرۆسەی ئاشتی لە فۆرمێکی تردا بخرێتەڕو. هەرچەندە هەموو ئەوەی پێێدەگوترا پرۆسەری ئاشتی عەرب ئیسرائیل بەر مەبنای ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ داڕێژرابوو، ئێستا ئاسویەکی تر پێویستە بخرێتەڕوو. ئەویش بەوە مەیسەر دەبێت کە ئیدارەی فەلەستینی خواستی بۆ گۆڕانکاری بنچینەیی هەبێت لە پێناو پەراوێز خستنی ئیدارەی غەزە لە فەلەستین.
هەر لەسەرەتایی کێشەکانی غەزە وڵاتە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە هیچ بەڵگەیەکیان بە دەستەوە نییە لە تێوەگلانی ئێران لەو ئۆپراسیۆنانەدا. بەڵام زانیارییە هەواڵگرییەکانی پشتی پەردە (کە هەڵوێستی سیاسی ئامادە دەکەن) هەموو ئاماژە بوون بەوەی پەیوەندی ئێران و ئیسرائیل لە ناوچەکە بەرەو توندوتیژی زیاتر دەڕوات. هەڵوێستی حیزبوڵڵای لوبنان لە زاری سەرۆکی حیزبەکەیانەوە هەر لەسەرەتاوە بە شێوەیەکی موحافیزکارانە و هەڵوێستی ئارامی ئێران لە مەڕ ڕوداوەکان لۆمەی زۆری خستە سەرشانی هەردوو لایەن کە ئێران نایەوێت شەڕی خۆی لەگەڵ ئەمریکا ئیسرائیل لەسەر خاکی خۆی بکات. ئەمە ئەو ستراتیژە بوو لە ئێران پەیڕەوی دەکرد.
– لە لێوارەکانی شەڕی ڕاستەوخۆ
هێرشی ئیسرائیل بۆ کونسۆڵخانەی کۆماری ئیسلامیی لە دیمەشق لوتکەی تەقینەوەی ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران بوو. هێرشەکە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە ئیسرائیل بە هۆی ئەو ڕەشەکوژی و تاوانانەی کە لە غەزە دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامی دەدا لە ژێر ڕەخنەی توندی ئەمریکا و وڵاتانی جیهاندا بوو. ئەمریکا تێبینی لەسەر شێوازی ئیدارەدانی شەڕەکە هەیە. بەڵام لە هەمانکاتدا وەک هاوپەیمانی ئیسرائیل پشتگیری تەواوی بۆ ئیسرائیل هەیە و جەنگەکە بە ڕەوا دەزانێت. هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسۆڵخانەی ئێران لە دیمەشق بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەک هێرشکردنە سەر خاکی ئەو وڵاتە سەیر کرا. چاوەڕوانییەکان بۆ کاردانەوەی ئێران درێژەی کێشا بە هۆکاری مانگی ڕەمەزان و پلانی ورد و حیساب بۆکراو لە لایەن ئێرانەوە بوو. کاردانەوەی ئێران بە هێرشێکی فراوان کە سەدان درۆن و موشەک ئەنجام درا چەند ڕاستییەکی ئاشکرا کرد کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل بە بێ هاوکاری وڵاتانی وەک ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپایی هێندەش بەهێز نییە کە نەتوانرێت لێوەی تێپەڕێت. لە لایەکی ترەوە بۆ ئێران وەک ئەزموونێک وابوو کە توانای موشەکی و درۆنی خۆی بەرامبەر ئیسرائیل ئەزموون بکات. بەڵام دەرەنجامە سیاسییەکان ئاماژەی ترمان ئاڕاستە دەکەن. کە ئیسرائیل لە دوای ئەنجامدانی هێرشەکانی ئێران لەگەڵ ئەنجامدانی چەندین تاوانی مەترسیدار دژ بە خەڵکی سیڤیل و بێتاوانی غەزە، خۆی وەک قوربانی تیرۆر لە جیهاندا هەژمار دەکات و بە شوێن هاوپەیمانییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوەیە دژ بە ئێران.
ئەنجام
ململانێی ئێران و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست کاریگەری فراوانی بە سەر هاوپەیمانییەتی و ڕەسمی سیاسەت لە ناوچەکە هەیە. ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ئێران و ئیسرائیل دژ بە یەکتر ئەو پەندەی ناپلیۆنمان بیر دەخاتەوە کە “کاتێک دوژمنەکەت کە لە کاتی قسەکردندا هەڵە دەکات، قسەکەی پێ مەبڕە با بەردەوام بێت لەسەر هەڵەکەی” دەبێت بڵیین لە ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ کێ قسەی بە کێ نەبڕی تا بەردەوام بیت لەسەر هەڵەکەی. لەگەڵ هەبوونی ڕەگی زۆر لە کێشەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل تا ئێستا داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناڕوونی ماوەتەوە و ئاسۆی ئارامی و ئاشتی بە ناوچەکەوە دیار نییە. بەڵام کۆلکەی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە کە هەردوولا نایانەوێت ئێران لە شەڕی ئیسرائیلەوە بگلێت. هەم ئیسرائیل و هەم ئێرانیش خوازیاری فراوانبوونی شەڕەکە نیین. هەموو کاراکتەرەکانی پەیوەست بەم دۆسییەیە بە حەزەرەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ بابەتەکە دەکەن.
[1] پرفیسور امو ن نتصر- اران یهود اسرائیل، ڕشتە گفتگوهای ڕادیویی -نگارش مناشە امیر http://www.yahudiran.com/html/part2-05.php
[2] دکتر حصام کصایی.دکتر وداد بن عبدالحمن الجروان القرنی-٢٠٢٣-المعهد الدولی للدراسات الایرانیە. https://shorturl.at/vDPY9
[5] کتێبی پیرۆز .
[6] الهام شهبازی. ١٣٩٣. خردنامە شمارە ١٢ بهار و تابستان. chrome-extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://ensani.ir/file/download/article/20140616144305-9945-45.pdf
[7] https://www.jstor.org/stable/10.7249/mg1143osd.7
[8] Kaye, D. D., Nader, A., & Roshan, P. (2011). A Brief History of Israeli-Iranian Cooperation and Confrontation. In Israel and Iran: A Dangerous Rivalry (pp. 9–18). RAND Corporation. http://www.jstor.org/stable/10.7249/mg1143osd.7
[9] پروفسور سید حسن امین- -(-١٣٨٣اردیبهشت) – ماهنامەی حافظ شمارە ٢ chrome-extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://ensani.ir/file/download/article/20120326162059-3040-19.pdf
[10] محمد تقی پور. مبادلات و مناسبات اقتصادی ایران و اسرئیل. فصلنامە مطالعات تاریخی. chrome-extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://ensani.ir/file/download/article/20140409115659-9908-14.pdf
[11] الهام شهبازی. ١٣٩٣. خردنامە شمارە ١٢ بهار و تابستان.
[12] https://www.jstor.org/stable/45242223 Haji-Yousefi, A. M. (2003). FOREIGN POLICY OF THE ISLAMIC REPUBLIC OF IRAN TOWARDS ISRAEL, 1979-2002. Strategic Studies, 23(1), 55–75
[13] Aftandilian, G. (2018). The US-Iran and Israel-Iran Conflict. In A SECURITY ROLE FOR THE UNITED STATES IN A POST-ISIS SYRIA?: CHALLENGES AND OPPORTUNITIES FOR U.S. POLICY (pp. 15–18). Strategic Studies Institute, US Army War College. http://www.jstor.org/stable/resrep20104.10
[14] Pirnie, B. R., & O’Connell, E. (2008). Counterinsurgency in Iraq (2003-2006): RAND Counterinsurgency Study–Volume 2. RAND Corporation. http://www.jstor.org/stable/10.7249/mg595-3osd
[15] Dekel, U., Siboni, G., & Einav, O. (Eds.). (2017). The Quiet Decade: In the Aftermath of the Second Lebanon War, 2006-2016. Institute for National Security Studies. http://www.jstor.org/stable/resrep17017
[16] Veilleux-Lepage, Y., & Archambault, E. (2022). Houthi Movement. In A Comparative Study of Non- State Violent Drone use in the Middle East: Yannick Veilleux-Lepage and Emil Archambault ICCT Report (pp. 33–39). International Centre for Counter-Terrorism. http://www.jstor.org/stable/resrep45524.9
[17] Armed Conflict Location & Event Data Project. (2023). Fact Sheet: Israel and Palestine Conflict (October 2023). Armed Conflict Location & Event Data Project. http://www.jstor.org/stable/resrep53456
[18] Feierstein, G. M., Rudman, M., Ford, R. S., Abercrombie-Winstanley, G., & Winer, J. M. (2023). Expert Views: US diplomacy and the Israel-Hamas war. Middle East Institute. http://www.jstor.org/stable/resrep53887