• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 24, 2025

ئێرانی دوای بەشار ئەسەد

توێژەر: پەیڕەو ئەنوەر

بەرایی

ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد و حزبی بەعس لە سووریا دوای زیاتر لە نیو سەدە حکومڕانی و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگەی سووری بە ئاگر و ئاسن، ڕۆژی ٨ی دیسێمبەری ٢٠٢٤ دەڕوخێت و لەناو دەچێت. بەشار ئەسەد بە فڕۆکەیەک بۆ مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیای فیدڕاڵ ڕادەکات. ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام دەبێت بە سەرۆکی کاتی ئیدارەی بەڕێوەبردنی سووریای دوای ئەسەد و دواتریش خۆی وەک سەرۆک کۆماری سووریا دەناسێنێت، بەمەش دینامیکیەتی ململانێ و دابەشبوونی ڕەگەزەکانی هێز و سروشتی ململانێکان گۆڕانی بەسەردادێت و ئەکتەرە سیاسی و سەربازییەکان بەشێوەی تر لەگەڵ یەکتر دەکەونە ململانێوە. ئەم قۆناغە تازەیەی سووریا کە هێزە نێودەوڵەتی، هەرێمی و ناوخۆییەکان ڕۆڵی تێدادەبینن لە دیزاین و داڕشتنەوەی سیستەمی سیاسی و دبلۆماسی و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگەکەی و هەریەکەیان بەپێی قەبارەی هێز و هەژموونەکەی بەشداردەبێت لەم دینامیکییە ئیتنۆ-مەزهەبی و سیاسییەی نێو سووریای دوای ئەسەد.

هەژموونی ئێران لەدوای ڕووخانی ئەسەدەوە بەتەواوی پوکاوەتەوە و لاوازبووە! پرسیار و گریمانەی ئەوەش دەکرێت کە ئایا ئێران دەتوانێت بگەڕێتەوە؟ لەدوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ١٩٧٩ ڕژێمەکەی ئەسەد دەبێت بە هاوپەیمان و هاوڕێی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەوپێیەی سێ دوژمنی سەرەکی کۆیان دەکاتەوە، یەکێکیان ئیسرائیل، دووەمیشیان سەدام حوسێن و حزبی بەعس لە عێراق و ئەوەی تریشیان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.(١) ئەم سێ دوژمنە هاوبەشە هەردوو ئەکتەری ئێران و سووریا دەکات بە هاوپەیمانی ستراتیژی و بەشێک لە سیستەمی هەرێمی ناوچەکەی لەسەر دادەڕێژرێت و بنیاتدەنرێت. ئێران و سووریا ساڵی ١٩٨٠ دەبن بە هاوپەیمانی ستراتیژی یەکتر و پەیماننامەی هاوکاری واژوودەکەن بەتایبەت هاوکاری سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سوپای ئیسرائیل لە لوبنان؛ هاوکات بەرهەڵستی ڕژێمی بەعسی عێراقی. ئەگەرچی حزبی بەعسی سووریا هاوئایدۆلۆژیای حزبی بەعسی عێراقییە، بەڵام ناسنامەی مەزهەبی لەیەکتریان جیادەکاتەوە و زیاتر لە ئێرانی نزیک دەکاتەوە و بەمەش تاوەکو چرکەساتی ڕووخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد وەک هاوپەیمان مانەوە و لەپڕۆژەی هیلالی شیعیش سووریا قووڵایی ستراتیژی پڕۆژەکە و ڕێڕەوێکی سەرەکی و شادەمارێکی هەستیاری سیاسەتی جیۆسیاسی، جیۆستراتیژی و جیۆپۆلەتیکی ئێران بوو و تارانی بە بەیروتەوە دەبەستەوە و بەمەش جۆرێک لە قووڵایی ستراتیژی بۆ ئێرانی و هیلالی شیعی و بەرەکە بنیاتنابوو.

ئێران لەدوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩

لەدوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە، سیستەمی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی وڵاتەکە دەستکاریکرا و داڕێژرایەوە. پەیوەندییەکی تازە لەنێوان هاوڵاتی و دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران هاتەکایەوە. سیستەمێک لەسەر بنەمای مەزهەبی شیعە و ویلایە فەقی هاتەکایەوە و پیاوانی ئاینی بوون بە سیاسەتوان و بڕیاربەدەست و داڕێژەری سیاسی. ئەگەرچی ئەم شۆڕشەی ئێران نەبووە هۆی دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراسی لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی و دەوڵەتی مەدەنی، بەڵکو سیستەمێکی تری دەسەڵاتخوازی بنیاتنایەوە پێچەوانەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین، ناوەڕاست و باشووری ئەورووپا و چەند وڵاتێکی ئەفریکی کە بەشێوەیەکی ڕێژەیی ڕووخانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکە بووە هۆی سیستەمێکی دیموکراسی و کراوە.(٢) سەرەڕای ئەوەش ئەو دەستەبژێرە سیاسییەی کە ڕژێمی پاشایەتییان ڕووخاند لە ئێران و بنەمای حکومڕانیان گۆڕی لە وڵاتەکە، ستراتیژێکی مەزهەبیان داڕشت بۆ ئاڕاستەکردن و بەڕێوەبردنی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران. لەسەر ئەم بنەمایەش بیرۆکە و ستراتیژی هەناردەکردنی شۆڕشیان دیاریکرد و بووە کارنامەی سەرەکی و ڕووکاری بنەڕەتی سیستەمە سیاسییەکە و دواتریش پڕۆژەی هیلالی شیعی لەسەر بنیاتنراوە. ئێران بەشێوەیەکی گشتی لەدوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ەوە بەو دیدە لەئاستی هەرێمی و تەنانەت نێودەوڵەتیش کاریدەکرد کە شیعە وەک هێز، مەزهەب، یاریکەرێکی سیاسی لە قۆناغی هێرشبردن و هەستانەوە و بە ئاگاهاتنەوەدایە و چیتر وەک ڕابردوو ناتوانێت لە قۆناغی بەرگری و بێ جووڵەیی و ماتەم و لەخۆدان بمێنێتەوە و ئێران دەیەوێت ڕابەرایەتی ئەم هەستانەوەیە بکات و خۆی وەک ناوەند و ناوکی پرسەکە دەربخات و مانیفێستۆ بکات.

پڕۆژەی هیلالی شیعی

هیلالی شیعی (بە عەرەبیالهلال الشيعي، بە ئینگلیزی(Shiite Crescent  چەمک و دەستەواژەیەکی جیۆپۆلەتیکییە و گوزارشتە لە کۆمەڵێک مانای جیاواز. بەکورتی ئەم زاراوەیە گوزارشتە لەو خواستە ئێرانی-مەزهەبییەی کە دەیەوێت لەڕووی جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆلەتیکەوە بکشێت و بێتە دەرەوەی خۆی و ببێت بە زلهێزێکی ناوچەیی و هەرێمی و ڕۆڵی لەنێو سیستەمە هەرێمییەکەدا هەبێت. یان بەلایەنی کەمەوە بەشێک لە بەهاکانی نێو سیستەمەکە و ڕێسای یارییەکە دابڕێژێت و بەڕێوەی ببات. لەدوای ٢٠٠٣ەوە زیاتر دەستەواژە و پڕۆژەی هیلالی شیعی دێتە سەرزاران و دروست دەبێت و دەکەوێتە کار، بەڵام قۆناغی دوای ڕووخانی بەعس و سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی بەدیاریکراوی زەمینەسازی و ڕێگە خۆش دەکەن بۆ زیاتر جووڵان و کارکردنی پڕۆژەی هیلالی شیعی. ئامانجی ژمارە یەکی پڕۆژەکە بریتییە لە بەستانەوەی سووریا و لوبنان و بەرزاییەکانی جۆلان بە تارانەوە لەڕێگەی هەردوو ڕێڕەوی سووریا و عێراقەوە.(٣) تاران دەیەوێت لەڕێگەی پڕۆژەی هیلالی شیعییەوە پردێکی وشکانی Land Bridge بنیاتبنێت بۆ بنیاتنان و نۆژەنکردنەوەی یەکەیەکی جیۆپۆلەتیکی تازە بۆ جیهانی شیعە بە ڕێبەرایەتی و جەمسەربەندی ئێران. ئەگەرچی ژمارەی شیعەکانی جیهان ١٠٪ کە زۆرینەیان لە ئێران و وڵاتانی دەوروبەری وەک عێراق کۆبوونەتەوە و کەلەپورە مەزهەبییەکەیان لەو دوو ناوەندەیە، بەڵام لەدوای ١٩٧٩ەوە ئێران هەوڵیداوە سەرکردایەتییەکی تازە بۆ کۆمەڵگەی شیعی دابڕێژێت و کۆیان بکاتەوە و ڕۆڵی کۆکەرەوە ببینێت بۆئەوەی باشتر بچێتە قۆناغی هەستانەوە و هەژموون و بڕیار و باڵایی.

هیلالی شیعی وەک زاراوە و دەستەواژە یەکەمجار لەلایەن شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردنەوە بەکارهێنرا وەک ئاماژە، هێما و هەژموونی ئێران و شیعە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. دواتر ساڵای ٢٠٠٥ وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی سعودیە باس لە مەترسییەکانی پڕۆژەی هیلالی شیعی دەکات و هاوکات حوسنی موبارەک، سەرۆکی ئەوکاتی میسر باسی ئەوەدەکات کە شیعەکانی وڵاتانی عەرەبی دڵسۆزترن بۆ ئێران تا ئەو وڵاتانەی کە تێیدا دەژین و نمونەی ئەوە دەهێنێتەوە کە ئێران کاریگەری لەسەر شیعەکانی عێراق هەیە کە ٦٥٪ دانیشتووی ئەو وڵاتەن. هەموو ئەو لێدوان و تێگەیشتن و ڕوانگانە ئەوە دەردەخەن کە وڵاتانی سوونە مەزهەب هیلالی شیعی وەک ڕێرەوێکی جیۆپۆلەتیکی-مەزهەبی مەترسیدار دەبینن بۆسەر پێگە، هەژموون، ئاسایش، سیاسەت و حکومڕانی خۆیان و خودی سیستەمە هەرێمییەکە.

پێگە و ئامانجی ستراتیژی پڕۆژەی هیلالی شیعی بۆ ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ هەوڵدەدات ببێت بە زلهێزێکی ناوچەیی و ڕۆڵی ئیمپڕاتۆری سەفەوی جاران ببینێت و سوود لە ڕەگەزەکانی هێزی وەک قووڵایی مێژوویی و جوگرافی وەربگرێت و وەک ئەکتەری ژمارە یەکی نێو سیستەمی سیاسی هەرێمی مامەڵەبکات و ڕێسا و بەهاکان دابڕێژێتەوە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەی، هیلالی شیعی دەتوانێت بەمشێوەیە کۆمەکی بکات و سوودی پێ بگەیەنێت:

١-ئێران پێویستی بە بریکارە Proxy بۆ ئەوەی جەنگەکەی بۆ بەڕێوەببات و ببێت بە خاوەنی زۆرینەی ڕەگەزەکانی هێز و بەمەش دەبێت لەڕووی جوگرافییەوە ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بە گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییە سەربازییەکانی، پڕۆژەی هیلالی شیعی کە پانتاییەکی وشکانییە دەتوانێت ببێت بە پردی گەیاندنی هاوکارییە سەربازییەکانی تاران وەک ناوەند بۆ بریکارەکانی وەک هێزێکی پەراوێزی، چونکە تێچووی ئەم ڕێگە وشکانییە هەرزانترە لەڕووی ئابوورییەوە بە بەراورد بە ڕێگەی ئاسمانی.

٢-پڕۆژەکە لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا وەک ئاڵنگاری و هەڕەشەیەک بوو بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەوپێیەی کە بەردەوام لە ڕێگەی سزای ئابوورییەوە ڕووبەڕووی ئێران و بریکارەکانی دەبوونەوە.

٣-ئێران هەوڵیدەدا لە ڕێگەی ئەم پڕۆژە جیۆسیاسییەوە مەترسی لەبەردەم ڕکابەرە هەرێمییەکانی وەک سعودییە و ئیسرائیل دروستبکات لەڕووی ئاسایش، ئابووری، دبلۆماسی، سیاسەتی دەرەوە و جیۆپۆلەتیک و جوگرافیای سیاسی.

٤-پڕۆژەی هیلالی شیعی ڕاستە ئامانجێکی سەربازی و هێزی ڕەقی هەبوو، بەڵام لەلایەکی ترەوە ئێران هەوڵی دەدا هێزی نەرمی شیعی وڵاتەکەی بەهۆیەوە بڵاوبکاتەوە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و کولتوور و مەزهەبی شیعە و چیرۆک و گێڕانەوە و میراتە مەزهەبییەکەی.

ئێران و بەرەی موقاوەمە

بەرەی موقاوەمە ئاماژەیە بۆ ئەو تۆڕە چەکدار و میلیشیایەی کە لە ڕێگەی حزبوڵڵا لە لوبنان، حەماس لە کەرتی غەززە، حوسییەکان لە یەمەن و حەشدی شەعبی لە عێراق بەڕێوەدەبرێن و ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمان و سیاسەت و ستراتیژی ئێراندان.(٤) ئەم بەرەیە وەک بەربەست و ڕێگرییەکی سەربازی و چەکداری خۆیان ڕێکخستووە لەبەردەم سیاسەت و هەژموونی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوام وەک هێزێکی بەرهەڵستکار ڕۆڵ دەبینن و دەجەنگێن و ململانێکان بەڕێوەدەبەن.

لەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس و سەدامەوە لە عێراق لە ٢٠٠٣، ئێران خێرا پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئەو حکومەتە شیعییەی ئەوکات و دواتریش گرووپە چەکدارە شیعەکان لە عێراق دروستکرد و بەخێرایی کردی بە ئەڵقەیەکی بەستراو بە بەرەی موقاوەمە. لە ٢٠١٤ ئەم بەرەیە ڕۆڵێکی کارای بینی لە تێکشکاندنی داعش و بەتەواوی هەژموونی ئابووری و ئاینی و تەنانەت فەرهەنگی خۆشی لەو وڵاتە پتەوترکرد. لە سووریاش ئێران بەهەمانشێوە سوپای ئەسەدی کرد بە ئەڵقەیەکی تر و دواتریش حزبوڵڵای لوبنانی و حەماسی فەڵەستینی و حوسییەکانی یەمەن تا بەرەکە بەتەواوی پتەو و گەشەی کرد و بوو بە بلۆکێکی چەکداری شیعی و ئەکتەرێکی نا-دەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەکتەرە دەوڵەتییەکان لەسەرووی هەموویانەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و سعودیە و تەنانەت هەر ئەم بەرەیە چەندینجار هێرشی موشەکیان بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدا. ئێران پاڵپشتی لۆجیستی و چەکداری و چەک و تەقەمەنی دەکردن و زیاتر هانیدەدان و دەیبزواندن بۆ بەگژداچوونەوەی نەیارەکانیان و لاوازکردنیان.

یەمەن؛ پولێکی تری تیۆری دۆمینۆ

یەمەن و پایتەختەکەی و حوسییەکان وەک ئەڵقەیەکی بەرەی موقاوەمە بۆ ماوەیەک لەژێر بۆردومانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی بوو، بەڵام کەمتر چاوی لەسەربوو بەهۆی دیمانیکیەتی دۆخی سووریا و ڕووداوە گریمانەییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوەی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات پچڕانی هەموو ئەڵقەکانی بەرەی موقاوەمە و تێکشکاندنی پڕۆژەی هیلالی شیعی و دابڕانیەتی لە یەکتر. بەشێوەیەکی سەرەکی ئیسرائیل سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە پەیڕەو دەکات Divide & Rule  دیارە پەرتکردن ئاسانتر زاڵت دەکات بەسەر نەیاردا. ئیسرائیل ئەمجارە کار لەسەر ئەوە دەکات ڕەگەزەکانی هێز[گۆڕاو و نەگۆڕ] ی بلۆکی هیلالی شیعی تێکبشکێنێت و لەناوببات.

هێزی نەگۆڕ[مێژوو، جوگرافیا، حەشیمەت، کولتوور] هێزی گۆڕاو [ئابووری، سەرباز و تەکنەلۆژیا] و ڕشتەکانی تری پێکهاتەی هێز. ئەم هەوڵەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ پوکاندنەوەی قووڵایی ستراتیژی ئێرانە لەدەرەوەی خۆی، ناچارکردنیەتی تەنها لەنێوخۆیدا بمێنێتەوە و چیتر پەل و پۆ نەهاوێت و نەکشێت. دیارە ئەم پڕۆژەیە کاردەکات ئێران لە ئەکتەربوون بخات. لە ئەکتەرێکی هەرێمی خاوەن هەژموون و جیۆپۆلەتیکەوە بۆ ئەکتەرێکی پەرژینکراو و باڵکراوی بێ چەکی ئەتۆم، بەڵام بەبێ بیرکردنەوە بۆ ڕووخان یان گۆڕینی ڕژێم Regime Change چونکە ئێران لەناوخۆیدا یەکەیەکی ئیتنیکی-ئاینی و ئایدۆلۆژی ئاڵۆزە لەئەگەری گۆڕینی ڕژێم ئاسان جیاوازییەکانی ناوی بەڕێوەنابرێت. فشار و هێرشەکان بۆ لاوازکردنە لەڕووی جیۆپۆلەتیک، جیۆئابووری و جیۆکولتووری! بەلایەنی کەمەوە نەتوانێت لەدرێژمەدوادا بێتەدەرەوە و ئاسایش و سیستەمی هەرێمی تێکبدات. دوای سەنعا عێراق کێڵگە، پول و ئەڵقەیەکی تری ئەم ستراتیژ و ڕووداوە گریمانەییانە دەبێ و دەرەنجامیش ئێرانی دوای ئەسەد وەک ئێرانی پێش ئەسەد ناتوانێت ڕۆڵ ببینێت.

ناسنامەی هێز و دەوڵەت لە سووریای دوای ئەسەد

یەکێک لە ڕووکارە سەرەتاییەکانی پەیکەری حکومڕانی ئێستای سووریا ئاماژەیە بۆ هەژموونێکی زاڵ و باڵادەستی کۆماری تورکیا بەسەر دەستەبژێری سیاسی و کۆمەڵگەی سووریادا. گۆڕانی ئەم هێزەش Power Shift  گوزارشتە لە هێز و هەژموون لە ناوەندی پڕۆژەی ئێرانیزمەوە بۆ هێز و هەژموونی تورکی. سووریا جۆلانێ دەکات لەنێوان دوو هێز و پڕۆژەی هەرێمی! پێشتر کەمینەیەکی شیعی ناسنامەی دەوڵەت و کۆمەڵگەی سووریی ئاڕاستەدەکرد، ئەمجارە زۆرینەیەکی سوونی کۆمەڵگە و سیاسەت و حکومڕانی دادەڕێژێتەوە.

بەشێک لە کاراکتەرانی نێو حکومەتی ئێستای سووریا لە تورکیا خوێندوویانە و پەروەردەبوونە، لە تورکیا ژیاون و خەریکی سیاسەتبوونە. ئەم گۆڕانە دینامیکییەی هێز، کورد ئاسان سەندویچ دەکات و سنورداری دەکات، پۆتێنشاڵ و ماتەوزەکانی پەرت و دابەش دەکات. هەردوو پڕۆژە هەرێمییەکە لە ڕواڵەتدا مەزهەبیین، بەڵام لە ناوەڕۆک و قووڵایی، ناسیۆنالیزم و ڕەگ-نەژادیین. زۆرجار لەشێوەی ناسیۆنالیزمی ئاینی دەجووڵێت و کاردەکات.

گۆڕانی بنەماکانی سیستەمی هەرێمی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەتوانێت جیۆپۆلەتیک، هاوسەنگی هێز، ڕۆڵەکان و ناسنامە و پەیکەری دەوڵەتانیش دەستکاری بکات. پێشتر باس لە سیناریۆی دابەشکردنی سووریا، فیدڕاڵیزم و نا-ناوەندێتی سیاسی دەکرا، ئەمڕۆ باس لە سووریای ناوەندگەرا و دەوڵەتێکی سادە و خاوەن دەسەڵات و سەروەری دەکات. گۆڕانی هێز هەمیشە سیاسەتی ناسنامە و پەیوەندی نێوان دەوڵەت-کۆمەڵگە و دەوڵەت-دەوڵەت بەخێرایی دەگۆڕێت. بەشێوەیەکی گشتی دەکرێت وێنەکە وابخەینەڕوو کە سووریای دوای ئەسەد دینامیکیەتێکی گۆڕاوی سیاسی زۆرلەخۆدەگرێت، بەڵام دوو ئاماژەی جێگیری خەمناکیش بۆ کوردانی ڕۆژئاوا لە قۆناغی دوای ئەسەد زاڵە و دەبینرێت:

یەکەم: ستراتیژی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت یەکێتی ئەورووپا و ئەمریکا بۆ ستاتۆی ڕۆژئاوا گۆڕاوە و بەئاشکرا پێیان وایە دەبێت چەک دابنێن و ببن بە بەشێک لە دامەزراوەی سەربازی سووریا بەبێ هیچ پێشمەرج، خواست و داواکارییەک.

دووەم: دەسەڵاتی سیاسی لە سووریای تازە لەسەر بنەمای ناوەندگەرێتی دادەڕێژرێتەوە و هیچ شێوە و ستاتۆیەکی فیدڕاڵی یان دابەشکردنی دەسەڵات لەخۆناگرێت. لەبری پەرتکردن، دوبارە دەسەڵاتەکان چڕ و کۆدەکرێنەوە لە ناوەندێکی بەهێزدا بۆ بەڕێوەبردنی هەمووان. دیارە هەردوو ئاماژە ستاتۆی کوردانی ڕۆژئاوا لەڕووی ئاسایش، بوون، ناسنامە، کۆمەڵگە و پەیوەندییەکان دەخاتە مەترسییەوە. زیاتر لە ١٠٠ ساڵە بەم چیڕۆک و پاڕادایمە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەبرێت و ڕێکدەخرێت.

دەوڵەتی بەهێز و ناوەندگەرا و کۆمەڵگەی لاواز، ناسنامەی پەیوەندی نێوان دەوڵەت-کۆمەڵگەیە بۆ ئێمە، ئەم مۆدێڵە هەم هێزە کۆلۆنیالیزمەکان و هەمیش دەستەبژێری سیاسی لەناوچەکە سوودی لێدەبینن و بەرژەوەندییەکانی خۆیانی پێ دەپارێزن. لەلایکی ترەوە، مۆدێڵی دەسەڵاتی سوونی لە سووریا لە ڕێگەی کاراکتەرێکی وەک ئەحمەد شەرعەوە بەتەواوی کۆتایی بە هەژموونی پڕۆژەی شیعەگەرایی دەهێنێت، چونکە سووریا ڕۆڵی ئەڵقە و ڕایەڵەی گەیەنەری دەبینی لەم پڕۆژەیەی ئێراندا و دەسەڵاتی شیعەی ئێرانی لە کەنداوی عەرەبییەوە دەگەیاند بە دەریای سپی ناوەڕاست ئەمەش لەڕووی جیۆسیاسی و جیۆپۆلەتیکیەوە بایەخێکی گەورە و سەنگینی هەبوو بۆ هیلالی شیعی.

قۆناغی دوای ئەسەد و کاریگەرییەکانی

هەرزوو و لەسەرەتای گۆڕانی ڕژێم لە سووریا، شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئەبو محەمەد جۆلانی گفتوگۆ و دانوستانیان دەستپێکرد لەبارەی داهاتووی سووریاوە؛ لەکاتێکدا دەستەی ڕزگاری شام و سەرۆکەکەی کە ئەبو محەمەد جۆلانییە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە و تەنانەت ١٠ ملیۆن دۆلاریش وەک خەڵات دانراوە بۆ لەناوبردنی جۆلانی.

دینامیکیەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵا بنیاتنراوە. ئەوەی دوێنێ و ئەمڕۆ تیرۆریستە، دەکرێت بەیانی ببێت بە دۆست ئەگەر خۆی لەگەڵ بەها، ئۆردەر و ڕەگەزە سەرەکییەکانی سیستەمەکە بگونجێنێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ئەمریکا لە ڕۆژی یەکەمەوە تیشک دەخاتەسەر چەمکێک بۆ سووریای داهاتوو [پڕۆسەی سیاسی گشتگیر Comprehensive Political Process] بنەمای ئەم چەمکە بریتییە لە فرەیی سیاسی و بەشداری هەمووان لە داڕشتنی سیاسەت و یاسادانان و حکومڕانیدا بەتایبەت لە قۆناغی گواستنەوەدا.

سووریا وەک وڵاتێکی دوای-داگیرکاری Post-colonialism و کۆمەڵگەی دوای جەنگ دەرفەتێکی کەمی خودی و بابەتی هەیە بۆ گەیشتن بە پڕۆسەی سیاسی گشتگیر. ئەوەی زیاتر وەک سیناریۆ چاوەڕوانکراوە زیاتر مۆدێلی لیبیا و عێراقە کە دوورە لە وەرچەرخانی دیموکراسی، گەشەپێدانی سیاسی و دەوڵەتی دامەزراوە و هاوڵاتی. سووریا وەک جیۆپۆلەتیک سەرنجێکی زۆری لەسەرە، بەڵام وەک حکومڕانی، بنیاتنانەوەی دەسەڵات، سیاسەتی ناوخۆ و گەشەی دیموکراسی جێگەی ئومێد و هیوا و نمونەیەکی جیاواز نییە و لەگەڵ ئەوەشدا لەڕووی سیاسەتی دەرەوە هیچ ئومێدێک نەماوە بۆ گەڕانەوەی هەژموونی ئێرانی بۆ سووریا و بوونی پەیوەندییەکی دۆستانە لەنێوان سووریای ئێستا و ئێراندا، چونکە لەبنەڕەتدا بەها و سیاسەت و ئایدۆلۆژیا و بنەمای حکومڕانی هەردوو دەوڵەتەکە دژ بەیەکە.

هاوکات کەوتنی ڕژێمی بەعس و هەڵاتنی ئەسەد لە سووریا کەوتنی ڕووسیا و ئێرانیش بوو لەناوچەکە! ڕووسیا لە ٢٠٠٨ ەوە لە جۆرجیا، دواتر لەڕێگەی سووریا و کەیسی ئۆکڕایناوە هەوڵیدا بگەڕێتەوە بۆ شانۆی جیهان و سیستەمی سیاسی نێودەوڵەتی. ئێرانیش لەدوای ٢٠٠٣ ەوە هەوڵیدا لەڕێگەی عێراق و سووریاوە پڕۆژەکەی سەربخات و ئەکتەرێکی هەرێمی کاریگەر و خاوەن بڕیاری یەکلاکەرەوە بێت.

سووریا نزیک لە ئاو و دەریایە، دینامیکیەتی جیۆپۆلەتیکی سووریا خزمەتێکی گەورەی بە ئێران و سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا و گەڕانەوەی بۆ جیهان دەکرد. کەوتنی سووریا گۆڕانی پاڕادیم و ململانێکانە. بچووکبوونەوە و پاشەکشەی ئێران و ڕووسەکانە. ڕەگەزەکانی هێز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەمیشە لە گۆڕاندایە. ئەمڕۆ ڕەگەزەکانی هێزت نەگۆڕن، بەیانی گۆڕانی بەسەردادێت و دەکەوێت. ڕەگەزەکانی هێزی ئێرانی دوای ئەسەد لە لاوازی، پاشەکشە و دابەزیندایە.

یەکێک لە درز-بۆشاییەکانی نێو حکومڕانی جیهانی نەبوونی دەستوور و ڕێسایەکی نووسراوە Global governance is shaped by an unwritten constitution  ئەم بۆشایی و کەلێنە وایکردووە بەئاسانی هێز و ئەکتەرەکان بەریەک بکەون و پێکدابدەن. هێز سیمای دینامیکیەت وەربگرێت و بەردەوام لە جووڵە و گۆڕاندابێت.

کەیسی سووریا باشترین نموونەی حکومڕانانی جیهانە. زیاتر لە دەیەیەکە سووریا پڕە لە ئەکتەری دەوڵەتی و نا-دەوڵەتی. ئەکتەری هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەریەک بەپێی دۆخی جیۆپۆلەتیکی و ستراتیژی و بەرژەوەندییەکانی خۆی لە گۆڕەپانی سووریادا خۆی نمایشدەکات و بەهاکانی دەسەپێنێت.

ئەسەد و ڕژێمەکەی ئەمڕۆ ئەو دینامیکیەتەی هێزیان لەدەستداوە و سیستەم، بەها و پاڵپشتییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکەی لە پوکانەوەیە. لێرەوە هێزی تر دێنەپێشەوە، جوگرافیای سیاسی و ئایدۆلۆژیای تازە. سووریا لەڕووی جیۆسیاسییەوە، یەکەمین وڵاتی عەرەبییە لەبەری ڕۆژئاوایەوە کە بەسەر دەریای سپی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەڕوانێت و لەبەری ڕۆژهەڵاتیش دراوسێی عێراقە و ئەویش دەرگای باکووری وڵاتانی عەڕەبییە. لەباکوور لەگەڵ تورکیا و لەباشووریش لەگەڵ لوبنان و ئیسرائیل دراوسێیە.

هەریەک لەو دراوسێیانەشی پێگە و ناسنامەی جیاواز و دژبەیەکیان هەیە لەناو سیستەمە هەرێمییەکەدا. ئەم دینامیکیەتەی دابەشبوونی هێز، بەرژەوەندی و ناسنامەکان، سووریا زیاتر بۆ یەکەیەکی ئاڵۆز و پڕ ڕووداو دەگۆڕێت. بەلایەنی کەمەوە چیتر سووریا ناتوانێت بۆ سنوور و سەروەرییەکانی بگەڕێتەوە و دیاردەی دەوڵەت وەک خاوەن دەزگا، پەیوەندی، مۆنۆپۆلی توندوتیژی و زەبروزەنگ ببینین.

بنیاتنانەوەی سووریا; هێز و هەژموونە دژبەیەكەكان

مامەڵە و هەڵوێستە گریمانەییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ سووریا تاوەكو ئێستا بەشێوەیەكی تیۆری، پاراستنی سنوور، سەروەری، مافی پێكهاتەكان، ڕێزگرتن لە فرەچەشنی و فرەیی و ئاسایش و یەكخستنی سوپا و دینامیكیەتی كۆمەڵگەی سوورییە. ئەم دیدە پڕاگماتییە ئاسانە، بەڵام گواستنەوەی بۆ خوارەوە و سەرەوەی كۆمەڵگە و جێبەجێكردنی ژینگە، كولتوور، كێڵگە و دامەزراوە و ماتەوزەی كۆمەڵگەیی دەوێت.

لەڕووی هەرێمییەوە، دوای گۆڕانی پاڕادایمی هێز و پاشەكشەی پڕۆژەی هیلالی شیعی، هەردوو پڕۆژەی توركیا و ئیسرائیل لە ململانێدان بۆ ساندویچكردن-قوتدانی سووریا. هەردوو هێزو ئەکتەر خاوەن ڕەگەزە نەگۆڕ و گۆڕاوەكانی هێزن لە سووریا و توانای بزواندن و جیۆپۆلەتیك و جیۆسیاسی و سەربازیان هەیە توركیا لە باكووری سووریا و ئیسرائیل لە باشوور.(5)

پڕۆژەی توركیا لەسەر بنەمای عوسمانیزمی نوێ و گەڕانەوە بۆ سیستەمی ویلایەت و پڕۆژەی ئیسرائیلیش زیاتر بەستنەوەی سووریایە بە پڕۆژەی داود. كەمینەكانی سووریا لەدوو دەرگای جیۆپۆلەتیكی گرنگی سووریا ئامادەن. عەلەوییەكان لە ڕۆژئاوای سووریا و كەناری دەریای سپی ناوەڕاست وەك شریتێكی ئاوی. دروزەكان لە باشووری سووریا و نزیك لە ئیسرائیل. هەردوو كەمینەكان لەئەگەری هەڕەشە لەلایەن دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعەوە ئاسان دەكرێن بە ئەكتەری نادەوڵەتی لەلایەن هەردوو پڕۆژە هەرێمییەكەیەوە[تورکیا و ئیسرائیل]

بەشێوەیەكی گریمانەیی بەهۆی فاكتەری ناوخۆیی، هەرێمی و جیهانی قۆناغی گواستنەوە و وەرچەرخانی دیمۆكراسی لە سووریا پڕ ئاڵنگارییە و لەباشترین نمونەدا لە كەیسی عێراق و لوبنان باشتر نابێت. هێز و هەژموون لە سووریا دابەشبوو و پەرتە، ئایدۆلۆژیای جیاواز و ململانێی دژ بەیەك و ئەكتەری جیاواز. چوارچێوەی ململانێ و ئاڕاستە دژ بەیەكەكان پۆتێنشیاڵ و ماتەوزەی كۆكردنەوە و یەكخستنی هێز، بنیاتنانەوەی دەزگا و سەروەری و ئاسایش یەكجار سەخت و دژوار دەكەن. سووریا دراوسێ كۆمەڵێك ئاین، مەزهەب و ئیتنیكی جۆراوجۆرە و ئاشتی و ئاسایش و دەوڵەتی بەئاسانی تێدا بنیاتنانرێت ئەگەرچی هەژموونی شیعە لەسووریای تازەدا کۆتایی پێهاتووە و ئێران هیچ ڕۆڵێکی تێدانابینێت و ئاسان نییە پێگەی جارانی بەدەستبهێنێتەوە.

کۆتایی

کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری و هەڕەشە و بەربەستی جیۆپۆلەتیکی و سیاسی دەبێتەوە لەسەر هەردوو ئاستی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەیدا. ڕژێمەکەی ئەسەد دوای سەردەمێکی دوورودرێژ لە حکومڕانی و بەڕێوەبردن و ستەمکردن بە پاڵشتی هەردوو ئەکتەری ڕووسیای فیدڕاڵ وەک هێزێکی نێودەوڵەتی و ئێران وەک هێزێکی هەرێمی دەڕووخێت و لەناودەچێت، بەڵام ئەم لەناوچوونە کاریگەری لەسەر ئێران و هەژموون و سیاسەتی دەرەوەی و پڕۆژەی هیلالی شیعیش دەبێت کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لەبواری جێبەجێکردندایە و کارایە.

بەکورتی و پوختی، ڕووخانی ئەسەد و هاتنی سووننەکان بۆ دەسەڵات لە سووریا لەڕێگەی کاراکتەرێکی وەک ئەحمەد شەرعەوە هەڵگری چەند پەیام و ئاماژەیەکە بۆ سیاسەت و حکومڕانی و ململانێکان لەناوچەکە. یەکەم: دووبارە داڕشتن-دیزانیکردنەوەی نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسەرکردایەتی ئیسرائیل و دۆستەکانی و بەمەش ئیسرائیل بەپلەی یەکەم و تورکیا بەشێوەیەکی ڕێژەیی ڕۆڵیان لەم داڕشتنەوە نوێیەدا دەبێت. دووەم: ئێرانی دوای ئەسەد ئەکتەرێکی بێ ڕۆڵ و کاریگەری دەبێت یان بەلایەنی کەمەوە بڕیار و کاریگەرییەکانی سنوردار دەبێت و لەنێو سیستەمە هەرێمییەکەدا ناتوانێت وەک سەردەمی ئەسەد یاریزانی سەرەکی بێت و پڕۆژە جیۆسیاسی و جیۆپۆلەتیکییەیەی کە هیلالی شیعی بوو درزی تێکەتووە و بەرەی موقاوەمە و بریکارەکانیشی لاوازبوونە و بە بئامانجگیراون و لەسەرووی هەمووشیانەوە ڕووبەری ئاوی بەهۆی سووریاوە لەدەستداوە و بەمەش لەقۆناغی هێرشبردنەوە دەچێتەوە قۆناغی بەرگری و نینۆککردن و کشانەوە بۆ ناوەوەی خۆی و لەدەستدانی ناسنامە و حکومڕانییە هەرێمییەکەی.

هاوکات مێژووی ئێران لەدوای ئەسەد و ٢٠٢٤دا، مێژووییەکە زیاتر بە ئاریشەکانی ناوخۆی خۆیەوە خەریک دەبێت و لەپرسی سیاسەتی دەرەوە زیاتر چاوی لەسەر پڕۆژە ئەتۆمییەکەی دەبێت و وەک کەرەستەی فشار و مانەوە بەکاریدەهێنێت نەک سیاسەتی هەرێمی و ناوچەیی و تۆکمەکردنەوەی بەرەکەی، بەتایبەت دوای گەڕانەوەی دۆناڵد تڕەمپ بۆ کۆشکی سپی و بوونی بە سەرۆک بۆ خولی دووەم چونکە سیاسەتی ترەمپ ڕاستەوخۆ و خێرا و یەکلاکەرەوەیە و دژ بە ئێران و بریکارەکانییەتی و ڕیاڵیزمانە و پڕاگماتییانە مامەڵە لەگەڵ دۆسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات و بڕوای بە دبلۆماسیەتی درێژخایەن و دانوستانی تاقەت پڕوکێن نییە، ئەمەش خزمەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئێران ناکات و هەڕەشەیە بۆسەر سیاسەت و پڕۆژەکانی ئێران بەتایبەت لە سووریای دوای ئەسەد.

لیستی سەرچاوەکان:

١-https://moderndiplomacy.eu/2025/01/07/the-future-of-irans-foreign-policy-in-the-complex-geopolitics-of-the-post-assad-middle-east/

٢-https://www.nonviolent-conflict.org/iranian-revolution-1977-1979/

٣-https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/middle-east-faqs-volume-1-what-shia-crescent

٤-https://www.britannica.com/topic/Axis-of-Resistance

٥- https://www.dw.com/en/iran-turkey-ties-tested-by-assads-downfall-in-syria/a-71037109

 

Send this to a friend