ئێران؛ ڕێپێوانێکی مێژوویی لە شۆڕشێکەوە بۆ شۆڕشێکی دیکە
بارام مەجیدخان
بەرایی
لە سەدەی ڕابردوودا لە ئێران دوو شۆڕشی گەورە ڕویان داوە، یەکەمیان شۆڕشی مەشروتە کە پشتبەستوو بە ئایدیای و فیکری ڕوناکبیرانەی ڕۆژئاوا بوو. دووەمیان شۆڕشی ئیسلامی ئێران، کە دەقاودەق دژی پرنسیپەکانی ڕۆژئاوا بوو. ئەم پارادۆکسە لەسەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران جێگای تێڕامان و تێفکرینی زۆرە.[1] شۆڕشەکانی ئێران زۆرجار بەراورد دەکرێن بە شۆڕشەکانی جیهان و بە تایبەت شۆڕشی فەرەنسا. لە ڕاستیدا ئەوەی شۆڕشەکانی ئێران لە جیهان جیا دەکاتەوە ئەو کۆنسێپتەیە، کە سەرهەڵدانی شۆڕش لە ئێران درێژەی ئەو ڕەوتە مێژووییەیە کە دژی پاشای ستەمکار لە کۆی مێژووی ئێراندا بە دیدەکرێن. وەک شۆڕشی گیئۆماتا لەسەردەمی هەخامەنشیەکان و پاشان زەنگیەکان و ئەو سەرهەڵدانانەی کە ناوبەناو لە مێژووی ئێراندا بەدی دەکرێن.
ئەوەی کە جێگەی سەرنجە لە بەراوردکردنێکی نێوان هەردوو شۆڕشی سەدەی بیستەمی ئێران واتە شۆڕشی مەشروتە کە ساڵی ١٩٠٥ دەستی پێکرد و شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ کە بە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ناسراوە. هەردوو شۆڕش بە ئامانجی خستنی پاشای ستەمکار ڕویان داوە. جیاواز لە کات و هەیکەلی و داڕشتنی هەر دوو شۆڕش. شۆڕش لە ئێراندا، شۆڕشی چینە هەژارەکان دژی چنییە سەرمایەدارەکانی وڵات و گۆڕینی هاوکێشەی یاسای و کۆمەڵایەتی نەبووە هێندەی دژایەتی کردنی کەسی پاشا و دامودەزگاکەی بووە.
تێگەیشن لە هەمومەرجی هەنووکەیی ئێران و خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران بەبێ گوزەرکردن بە مێژووی هاوچەرخی ئێران و تێپەڕبوونێکی خێرا بە مێژووی قاجاریەکان و پاشایەتی پەهلەوی و گوزەر بە مێژووی سیاسی ئەو دوو زنجیرە لە فەرمانڕواییەکانی ئێران مەیسەر نابێت. ئاڕاستەی ڕووداوەکان ئەو ڕاستیەمان بۆ دەسەلمێنن کە مێژووی هاوچەرخی ئێران لێوان لێوە لە ڕووداوگەلی جێگەی تێڕامان. زنجیرەی گۆڕانکارییەکان، ڕووەو ئەو شاڕییەمان دەبەن کە پەیوەندیەکی بەهێز لە نێوان ڕووداوەکان هەیە. ئەم لێکۆڵینەوەیە هێندە پشت ئەستورە بە بنەما بنچینە سۆسیۆلۆجییەکان، هێندە ڕووداوەکان لە ڕەهەندی مێژوویی و ڕاستەڕێی کۆمەڵێک ڕووداوی لێکنەپچڕاو نابینێت. چۆن بەرەنجامی شۆڕشی مەشروتە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕەزا خانی بەرهەم هێنا، ئایا بەرەنجامی شۆڕشی ئیسلامی ئێران چی بەرهەم دەهێنێت؟
گەڕانەوە بۆ ڕەگە مێژووییەکان
شۆڕشی یەکەم: مەشروتە
زنجیرەی فەرمانڕەوایی قاجاریەکان بە گرنگترین قۆناغی مێژوویی ئێران هەژمار دەکرێت. بۆ گەیشتن و تێگەیشتن لە مێژووی نوێی ئێران هیچ هەڵبژاردنێکی دیکەمان بە دەستەوە نییە جگە لەوەی بە شاڕێی مێژووی قاجارەکاندا تێپەڕببین. قۆناغی ناسرەدین شای قاجار بە درێژترین و کاریگەرترین قۆناغی ئەو مێژووە ناوزەد دەکرێت. لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی دەرەوەی سنوورەکان و ئاڵۆزبوونی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئێران و سەرهەڵدانی بزووتنەوە ڕیفۆرمیستیەکانی ئێران، پرێنسس ملکم خان بۆ یەکەمجار بە ئامادەکردنی پێش نووسێک بۆ دەستووری ئێران توانی خواستی خەڵک لەو ڕەشنووسە بە دیکۆمێنت بکات. پاشان بوو بە هەوێنی یەکەم دەستووری ئێران لەسەردەمی موزەفەرەدین شای قاجار و سەرتای شۆڕشی مەشروتەی ئێران. هەلومەرجی تایبەتی ئێران لە چاخی قاجاریە و یەکەم خواست بۆ ڕاگەیشتن و پێگەیشتن لە پێشکەوتنەکانی دنیای دەرەوە و گواستنەوەی تەکنەلۆجیای نوێی سەربازی بۆ ئێران خەوی لە عەباس میرزای شازادەی جێنشین زڕاندبوو. ئەو نامانەی کە ئاڕاستەی ناپلیۆن بناپارتی کردن بۆ دەستگیرۆیی ئێران ڕووەو پێشکەوتن، یەکەم زەنگی بزووتنەوەیەکی ڕیفۆرمیستی بوو کە لە ئێران بیسترا.
پاشان “میرزا تەقی خان ئەمیر کەبیر” سەرۆک وەزیران درێژەی بە ڕێڕەوی چاکسازی و ڕیفۆرم لە ئێران دا و توانی قۆناغێکی تر ئێران بەرەوپێش ببات. ئەو توخمەی کە ئەمیر کەبیر چاندی لەسەرزەمینی پاشایەتی ئێران بوو بە ڕێبازێک کە درێژە پێدەری سەید جەمال ئەفغانی بوو. ئەمیر کەبیر بە پلانی ناو دەربار کوژراو و پاشانیش سەید جەمال دەربەدەر بوو و میرزا ملکم خانیش ئاوارەی فەرەنگ[1] بوو.
وڵات ڕووەو ئاژاوە و فیتنەیەکی گەورە ملی نابوو. سەرەتاکانی شۆڕشی خەڵک بە دیار کەوتبوون. لە ژێر فشاری مەرجەعیەتی شیعە و ڕووناکبیرانی کاریگەر بە تێزی ڕۆژئاوایی توانیان شۆڕش بەرەو جێگیری ببەن بە پێکهێنانی یەکەم پەرلەمانی ئێران لە ( ١٩٠٥) کە بە ساڵی دەسپێکی شۆڕشی مەشروتە هەژمار دەکرێت. شۆڕشی مەشروتە لە کاتێکدا ڕوویدا کە لە ئێران نە یاسا هەبوو، نە سیستەمێکی ئابووری پێگەیشتووی چینی مامناوەند کە خواستی ئابووری و سیاسی هەبێت. ئەوەی هەبوو دەسەڵاتی ڕەهای پادشایەکی ستەمکار بوو کە گەل لە شێوازی حوکمڕانییەکەی ناڕازی بوو. بەڵام ئەم ڕاپەڕینەی گەل کە ئاوێتە بوو بە بیری ڕووناکبیرانی تازە پێگەیشتووی وڵات کە لە ژێر کاریگەری مەدرەسەی دارئەلفنون بوون و ڕۆژئاوایی بیریان دەکردەوە و مەرجەعیەتی ئایینی ڕێبازی شیعە لە ئێراندا بوون. هەردوو چینەکە کاریگەریی زۆریان بە سەر کۆمەڵگەی ئێرانەوە هەبوو. لە لایەکی ترەوە دەستی بێگانە، بە تایبەت ئینگلیزەکان لە ئێران کراوە بوو بۆ کاریگەری خستنەسەر هەر دوو چینەکە. عەشایەر و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لە دەرەوەی تاران شێوازێک لە ئازادی و پاشاگەردانی پێوە دیاربوو. سەنتەر نائارام بوو. پەراوێزەکانی دەرەوەی پایتەختیش بە هەمان شیوە نائارام بوو. سەنتەر و پەراوێز پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆیان بە یەکەوە هەبوو. لەسەرتاسەری مێژووی ئێران حاڵەتێک بە دیناکەین کە پایتەخت نائارام بووبێت و دەرەوەی پایتەخت ئارام بووبێت. بۆ ئارام کردنەوەی ئێران و شارەکانی پێویست بوو کە هێزێکی پۆڵایین سەرهەڵبدات. خەڵک لەو پاشاگەردانییەی پایتەخت بێتاقەت ببوون. چاوەڕوانی هێزێکی ئارامبەخشیان دەکرد. ڕەزا خانی میرپێنج کە پاشان بە ڕەزا شا ناوزەد کرا سەری هەڵدا. ئینگلیزەکان پشتیوانییان دەکرد. خەمی خەڵکی ڕەواندەوە و خوازیاری ئێرانێکی ناوەندگەرا و بەهێز بوو. دەسەڵاتە لۆکاڵیەکانی سەرکوت کرد و تا ڕادەیەکی زۆر پەنجەی خستە سەر ئاوەدانکردنەوەی ئێران و هێڵی ئاسنی شەمەندەفەری لە ئێران جێبەجێکرد و تا ڕادەیەکی زۆر بووە جێگەی سەرنجی خەڵک. سوڵتان ئەحمەد شای قاجار ئێرانبەدەر کراو و پاشان لە ئیتالیا کۆچی دوای کرد. هەرچەندە ڕەزا خان بە دروشمی کۆماری خوازی هاتە مەیدان، بەڵام ئەویش تاجی پاشایەتی لەسەر نا. شۆڕشی مەشروتە کە بە دروشمی سەروەری یاسا پابەندکردنی دەسەڵاتەکانی پاشا و ئازادیخوازی سەریهەڵدا جێگەی خۆی دا بە سیستەمێکی پاشایەتی نوێ و دەسەڵاتە ڕەهاکانی پاشا گوازرانەوە بۆ پاشایەکی نوێ بە پەیڕەوکردنی سیستەمێکی دیکتاتۆری. ئەوەی کە لە شۆڕشی مەشروتە زۆر جێگای سەرنجە ئەوەیە کە هەموو مێژوونووسانی ئێران لەسەر ئەوە هاوڕان کە شۆڕشی مەشروتە خەڵکی ئێرانی لە ڕەعیەتەوە کردە میللەت. بە واتا بنچینەی هاوڵاتیبوون و ئاشنابوون بە مافە بنەڕەتییەکانیان گەورەترین دەسکەوتی ئەو شۆڕشە بوون.
شۆڕشی دووەم: شۆڕشی ئیسلامیی
” منیش پەیامی شۆڕشەکەی ئێوەم بیست… بەڵێن دەدەم کە حکومەتی داهاتووی ئێران لەسەر بنەمای دەستوور و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئیرادەی نیشتمانی و بە دوور لە ستەم و زۆرداری و گەندەڵی دەبێت” (محەمەد ڕەزا شا- ئۆکتۆبەری ١٩٧٨)
محەمەد ڕەزا شا پێیوابوو خۆشەویستە لە ناو گەلی ئێراندا. ئەو وەهمەی محەمەد ڕەزا شا تێیدا دەژیا، دوو سەرچاوەی هەبوو. یەکەمیان ئەو گەشەسەندنە بوو کە ئێران ساڵانێک بوو پێشوازی لێدەکرد و دووەم ئەو حکومەتە بوو کە محەمەد ڕەزا شا دەسەڵاتی ڕەهای خۆی پێ جێبەجێ دەکرد. ڕاوێژکارە ناڕاست و زمان لوسەکانی محەمەد ڕەزا شای گەیاندبووە ئەو وەهمەی کە لە تەکیدا دەژیا. شا بوو بە قوربانی ئەو پڕوپاگەندانەی کە بۆیان دروستکردبوو.[2]
ئێران لە نێوان هەر دوو شۆڕشی سەدەی بیستەمدا بە بارودۆخێکی زۆر قورسدا تێپەڕی کرد. کۆمەڵێک ڕوودای یەک لە داوی یەک وەک زنجیرەیەکی لێک نەپچڕاو ئاڕاستەی مێژووی سەدەیان ڕووەو ڕووداوێکی گەورە برد. شۆڕشی ساڵی (١٩٧٩) کە دواتر بە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە ناوبانگ بوو. بۆیە دەبێژم دواتر کە سەرەتاکانی ئەم شۆڕشە هەر هێزە ئیسلامییەکان بە تەنها نەبوون کە بەشداریان تێدا کرد، بەڵکو هێزە نیشتمانی و نەتەوەیی و چەپەکانی ئێرانێش بەشێوەیەکی بەرچاو ڕۆڵیان هەبوو لە هەڵگیرسانی شۆڕش.
شۆڕشی ساڵی (١٩٧٩) ئەگەر بەراوردی بکەین بە تێزەکانی ترۆتسکی لە پێناسەکردنی شۆڕش بەو مانایەی کە چەپگەراکان شیکردنەوەی بۆ دەکەن، تا ڕادەیەکی زۆر کارێکی لۆجیکییە کە: ” دیارترین تایبەتمەندی شۆڕش بەشداری گەلانە لە ڕووداوە مێژووییەکان. لە هەل و مەرجی ئاسایی دەوڵەت چ پادشایی بێت یاخود دیموکراتیک خۆێ بۆ ئاستێکی باڵاتر لەگەڵ هەڵدەکێشێت. پاشان مێژوو لەسەر دەستی پسپۆڕەکان و شارەزایان و وەزیر و نوێنەرانی خەڵک دەنووسرێتەوە. بەڵام لە دۆخی شۆڕشدا گەلان بەربەستەکانی بەردەم شانۆی سیاسی ڕادەماڵن. نۆێنەرەکانی پێشتری خۆیان ڕادەماڵن و بە دەستوەردانی خۆیان بونیاتی ڕژێمێکی نوێ دەنێن. دادوەریکردن سەبارەت بەم بابەتە بە مامۆستاکانی ئەخلاق دەسپێرین.. لە ڕوانگەی ئێمەوە مێژووی شۆڕشەکان بریتیە لە چوونەناوەوەی توندوتیژیی گەل بۆ سەر شانۆی سیاسەت” [3] لەگەڵ ئەوەی محەمەد ڕەزا شا بە پشت گوێخستنی و وەدەرنانی هێزە سیاسییەکانی ئێران و مەرجەعیەتی شیعە، بە پشت بەستن بەو گەشە ئابوورییەی کە ئێران لەسەرخۆ هێواش تییدەپەڕاند و بەرزبوونی نرخی جیهانی نەوت سەرسام و لووت بەرز بەرامبەر گەلەکەی و هەموو نەیارەکانی وەستابوو. چینی ناوەڕاست و گەشەکردووی ئێرانی لە خۆێ تۆراندبوو. ئەو هێزە سیاسی و ئایینیانەی لە محەمەد ڕەزا شا لە گۆڕەپانی سایسی وەدەر نابوون بریتیبوون لە: هیزە میللی و مەزهەبییەکان و حیزبی تودە کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ڕووداوەکانی سەدەی ڕابردووی ئێراندا هەبوو.
دوو قەیرانی گرنگ لە پێش شۆڕشی ئێران ڕەوتی ڕووداوەکانی زیاتر گەشەپێدا. یەکەمیان لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی نەوت کە داهاتێکی زۆری بۆ ئێران هێنابووە کایە، کە لە ئەنجامدا هەڵاوسانی ئابووریی بە دوای خۆیدا هێنا. ئەمەش دڵگرانی و ناڕەزایەتی چینی مامناوەندی ئێرانی لێکەوتەوە. دووەمیان ئەو فشارە زۆرە بوو کە لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە لە ئێران دەکرا کە چاکسازی لە سیستەمی کۆنترۆڵی پۆلیسی لە ئێراندا بکات و فشارەکانی لەسەر نەیارەکانی کەم بکاتەوە و پابەند بێت بە بنەماکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا.[4]
داهاتە نەوتییەکانی ئێران لە ساڵەکانی (١٩٧٣-١٩٧٤) محەمەد ڕەزا شای گەیاندە ئەو ئاستەی کە پێیوابوو، لە کۆتایی سەدە، ئێران دەبێتە یەکێک لە شەش وڵاتە پیشەسازییە گرنگەکەی جیهان.[5] لە هەمانکاتدا محەمەد ڕەزا شا لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو متمانەی بە ئەمریکا لەدەستدابوو. بە هەموو توانایەوە باوەشی بۆ وڵاتانی جیهان کردبۆوە کە هاوکاری بکەن لە بەدەستهێنانی تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی. خەونی بە بەدەستهێنانی ئەم تەکنۆلۆژیایەوە دەست گەیشتنی ئێران بە وزەی ئەتۆمی شای ئێرانی ڕووەوە شێوازێک لە سەرلێشێواوی نێودەوڵەتی بردبوو. ئەمریکا متمانەی بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران نەمابوو. وڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقای باشوور و چەندین وڵاتی دیکە ئەو وێستگانە بوون کە شای ئێران پەنای بۆ دەبردن. لەم هەلومەرجە ئاڵۆزە نێودەوڵەتییە و ناوخۆییەی ئێران ڕووداوگەلێک بەڕێوەبوون کە شا پێشبینی نەدەکردن. ئێران لە لێواری گۆڕانکارییەکی گەورەدا بوو. هێزە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان چاوەڕوانیان دەکرد. ئەویش شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ بوو. ئەو شۆڕشەی کە لە ئاکامی ململانێیەکی قورسی مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی ئێرانەوە بەڕێکەوتبوو. ئەویش ململانێی نێوان سەڵتەنەت و مەرجەعیەت بوو. کە لە ئەنجامدا مەرجەعیەت توانی بەسەر سەڵتەنەتدا سەر بکەوێت. خەونی کۆماریخوازی خەونێک بوو کە ڕەگی لە شۆڕشی مەشروتەی ئێراندا هەبوو. بۆ ماوەیەکی کاتی ڕەزا شای گەورە ئەم دروشمەی بەرزکردەوە کە ئەنجامدا ئەویش تاجی پاشایەتی لەسەر نا. کاتێک لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە ڕووداوەکانی هەردوو شۆڕشی ئێران دەکەین، ڕۆڵی خەڵکی ئێران لە ڕووداوەکان هەڵدەسەنگێنین ئەنجامگەلی ورد دێنە ئاراوە. ئەوانیش:
- بونیاد و بنچینەی هەموو ڕووداوەکانی سەدەی ڕابردوو لەسەر شانی خەڵکی ئێران بووە و هەر ئەوانیش ئاگردانی شۆڕشەکانیان بە دەستەوە بووە. هەرچەندە خەڵک نەیان توانی لە هەر دوو شۆڕشەکە بە ڕاستی نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن و حکومەتی دڵخوازی خۆیان دیاری بکەن، بەڵام توانای تۆڵە کردنەوەیان لە دەسەڵاتداران هەبووە. ئەویش بە ئەنجامدانی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکان بە ئاڕاستەی چاکسازی و پاشان نائومێدی.
- بزووتنە چاکسازییەکانی ئێران لە سەد ساڵی ڕابردوو نەیانتوانی بگەنە ئەنجام، بەڵام دەرهاویشتەکانی هەموو گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام بووە لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا. لە ئێران بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر کردە نەتەوەیەکی بێدار و چاوکراوە کە ئامێزیان بۆ ڕووداوە جیهانی و ناوخۆییەکان ئاوەڵاکردوە. بونیادی کۆمەڵایەتی ئێران لە کۆمەڵگەیەکی داخراوەوە گۆڕدرا بۆ کۆمەڵگەیەکی کراوە.
- لە ڕەحم و منداڵدانی هەردوو شۆڕش دوو پەڕلەمان لەدایکبوون. یەکەمیان لەسەردەمی مەشروتە لە بەهارستانی تاران و دووەمیان مەجلیسی شورای میللی لەسەردەمی پەهلەوی. ناوچەی بەهارستان هەمیشە ناوەندی ململانێی قورسی سیاسی و تۆڵەسێن بووە لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا. سوڵتان ئەحمەد شای قاجار سوێندی وەفاداری بۆ گەلی ئێران تێدا خوارد بەڵام پابەند نەبوو بە سوێندەکەی و تۆڵەی بەهارستان لێی مردنی بوو لە غەریبی لە ئیتالیا. ڕەزا خانی باوک سوێندی وەفاداری تێدا خوارد کە پارێزەری مافی گەلەکەی بێت، بەڵام پابەند نەبوو بە سوێندەکەی و بە دروشمی کۆماریخوازی هات و پاشان تاجی پاشایەتی لەسەر نا. تۆڵەی بەهارستان لە ڕەزا شا مردنی بوو بە بێکەسی و بە تەنهای لە دورگەی ژوهانسبۆرگی ئەفریقای باشوور. محەمەد ڕەزا شای کوڕ سوێندی وەفاداری بۆ گەلەکەی خوارد و ئاکامی ئەویش مردنی لە میسر و لە دەرەوەی نیشتمانەکی خۆی!
شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ بە کۆماری ئیسلامی ئێران جێگیر و خۆی ناساند. سەرەتاکانی شۆڕش و سەرکردەکانی ڕووبەڕووی ململانێی قورسی ناوخۆیی و سەرهەڵدانی کێشە و گرفتی شێوازی بەڕێوەبردن بووەوە. تا بە جێگیرکردنی دەستووری وڵات و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی گشتی توانرا بنەماکانی بەهێز بکرێت. شەڕی ئێران-عێراق (1980-1988)خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی هاوچەرخی ئێران. شەڕی هەشت ساڵی ئێران-عێراق هێز و تواناکانی ئێرانی یەکخست بە ئامانجی پارێزگاریکردن لەسەروەری خاکی ئێران و شۆڕشەکەی. کۆتایی هاتنی ئەو شەڕە ئێرانی خستە سەر ئاڕاستەی بونیاتنانەوەی وڵات. لە ڕاستیدا کۆتایی هاتنی شەڕ، ئێرانی بەهێز کرد و عێرای لاواز کرد.
ئێران بە دوو خەونی مێژووی سیاسەتی خۆی لە پاش شەڕ ڕێکخستەوە. یەکەمیان پەرەپێدان و دووبارە درێژەپێدان بە بەرنامەی ئەتۆمی خۆی کە لەسەردەمی محەمەد ڕەزا شا دەستی پێکردبوو و هاوکات پەرەپێدان بە بەرنامەی سەربازی و موشەکییەکانی لە پێناو بەرفراوانکردنی کاریگەری و هەژموونی خۆی لە ناوچەکە. حکومەتەکانی دوای کۆتایی هاتنی شەڕ وەک هاشمی ڕەفسەنجانی (١٩٨٩-١٩٩٧) سەید محەمەدی خاتەمی ( ١٩٩٧-٢٠٠٥) ئەحمەدی نەژاد (٢٠٠٥-٢٠١٣) و حەسەنی ڕۆحانی(٢٠١٣-٢٠٢١) و ئیبراهیم ڕەئیسی هەریەک لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی جیاوازی؛ ئابووری و کولتوری و سیاسی و سەربازی درێژەیان بە کاری خۆیان دا. خاڵی هاوبەشی هەموو ئەم حکومەتانە ئەوەبوو کە سیاسەتی ئابووری و سیاسی و سەربازییەکانی قورسای زۆری لەسەر شانی هاوڵاتیانی ئێران دانابوو. ئەمەش ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی لێ هاتە بەرهەم. ئەو ناڕەزایەتیانەی کە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوبەناو دەرکەوتوون کە گرنگتینیان ئەمانەی خوارەوە بوون:
١. لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بە ٢٥ ڕۆژ یەکەم خۆپیشاندانی سەرتاسەری دژی حیجابی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ وەک دەسپێکی یەکەم خۆپیشاندان لە ئێران لە لایەن ژنانی ئەو وڵاتە شۆڕشی خستە بەردەم ئاڵەنگارییەکی گەورە.
٢. لە ٢٠/٦/١٩٨١ خۆپیشاندانی سەرتاسەری دژی دکتۆر بەنی سەدر کە لە ناوەڕۆکدا سازمانی موجاهیدینی خەلق ڕۆڵیان هەبوو وەک یەکەم خۆپیشاندانی سیاسی شۆڕش کە لە ئەنجامدا دکتۆر بەنی سەدر لەسەر کار لابرا. پاشان شەڕی ئێران-عێراق دەرفەتی بە ئەنجامدانی هیچ ناڕەزایەتییەک نەدا کە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بکرێت.
٣. لە ساڵی ١٩٩٤ خۆپیشاندانی خەڵکی شاری قەزوین کە لە دژی بڕیاری پەڕلەمانی ئێران وەستانەوە بۆ بە پارێزگاکردنی ئەو شارە. کە مەترسی زۆری لای حکومەت دروستکرد کە پزیسکی ئەو خۆپیشاندانانە نەپەڕنەوە بۆ تاران. ئەم خۆپیشاندانە دژی بڕیارێکی ئیداری حکومەت بوو.
٤. خۆپیشاندانی کەمپی زانکۆی تاران لە ساڵی ١٩٩٩ کە دژی یاسای ڕاگەیاندن و چاپەمەنی بوو. کە دژی داخستنی ڕۆژنامەی سەلام کە چەپگەرابوون (پاشان ناونران باڵی ئیسڵاحی) ئەم خۆپیشاندانانە بە توندی سەرکوت کرا و وەک خۆپیشاندانێکی سیاسی و ململانێی نێوان باڵی سیاسی چەپ و ڕاستی ئێران. پاشان کاریگەرییەکان و دەرەنجامەکانی وەک سوتەمەنی سیاسی لە نێوان ئەو دو باڵە لە هەڵبژاردنەکانی ئێران بەکار دەهات. ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ کرانەوەی ژینگەی سیاسی و مافی ڕادەربڕینی چاپەمەنی.
٥. خۆپیشاندانی بزووتنەوەی سەوزی ئێران لە ١٦/٥/٢٠٠٩ کە لە لایەن میرحسەینی موسەوی و دژی نەیارەکەی کە دکتۆر مەحمودی ئەحمەدی نەژاد بوو. کە تێیدا موسەوی حکومەتی بە ئەنجامدانی ساختەکاری تۆمەتبار کرد. لە هەموو شارەکانی ئێران بە ڕابەرایەتی کەڕوبی و موسەوی خۆپیشاندانی دژی حکومەت سازکرا. لە ئێران و بە تایبەتی تاران نزیکەی چوار ملیۆن کەس بەشداریان تێدا کرد. کە وەک مەزنترین خۆپیشاندانی دژی حکومەتی مێژووی ئێران تۆمار کرا. لە ئەنجامدا موسەوی و کەڕوبی هەتاوەکو ئێستاش لە ماڵەوە دەستبەسەر کراون.
٦. لە ساڵی ٢٠١٨ و لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شمەک لە شاری مەشهەدی ئێران دەستی پێکرد و پاشان هەموو ئێرانی گرتەوە. ئەم خۆپیشاندانە لە ڕاستیدا ململانێی شاراوەی باڵەکانی حکومەت بوو لە نێوان لایەنگرانی دکتۆر حەسەنی ڕۆحانی و محافزکارە توندڕەوەکانی ناو ئێران کە لە ڕابەری ئێران نزیکبوون.
٧. خۆپیشاندانەکانی مانگی ئابانی خوێناوی، کە ١٥/١١/٢٠١٩ لە دژی گرانبوونی نرخی بەنزین دەستی پێکرد و هەموو ئێرانی گرتەوە. ئەم خۆپیشاندانانەدا بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز ١٥٠٠ کەس کوژراون بە بێدەنگی و لە کاتێکدا کە هێڵەکانی ئینتەرنێتی هەموو ئێران بۆ ماوەیەک لە کارخران.
٨. خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ کە ماوەی چەند مانگ بەردەوام بوو. خۆپیشاندانی پیشەیی بوون. بە تایبەت خانەنشینان و مامۆستایان و کرێکاران تێیدا بەشداربوون دژی کەمی مووچەکانیان.
٩. ڕووداوەکانی مەهسا ئەمینی و دوا خۆپیشاندانەکانی ئێران لە ١٧/٩/٢٠٢٢ کە تا ئێستا بەردەوامییان هەیە.[6]
هۆکارەکانی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێستای ئێران لە بەر ڕۆشنایی ئامار و داتاکان
کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ئەزموونی دەسەڵاتی شیعە لە ئێراندا ڕووداوێکی تازە نەبوو وەک زۆرینەی خەڵک پێێانوایە. لە پێنج سەد ساڵی ڕابردوودا حکومەتی سەفەوی ئەزموونی یەکەم حکومەتی شیعەی پێشکەش بە گەلی ئێران کرد. کە هەم ئەزموونێکی خوێناوی بوو، هەم گەشەی ئابووری بە خۆیەوە بینی و دواتر داڕمانی ئابووری و جەنگ کۆتایی بەم ئەزموونە لە مێژووی ئێراندا هێنا. لە پاش شۆڕش، گەلانی ئێران لە جەدەل و موناقەشەیەکی بەدەوامی چل ساڵە لەگەڵ ئەم ئەزموونە و چارەسەر نەکردنی کێشەکان ئەم دۆخەی ئێستایان خولقاندووە. کە لە سێ تەوەری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوری تیشک دەخەینە سەریان.
١.هۆکاری ئابووری و خستنەڕووی هەندێک داتا
- ژمارەی دانیشتوانی ئێران لەسەرەتای شۆڕشی ئیسلامی ٣٦ ملیۆن بووە کە ئێستا ٨٤ ملیۆنە. لەم ژمارەیە ٤٢ ملیۆن ژنە و ٤٢ ملیۆن پیاوە. لە ڕیژەی ژنان ١٦٪ لەسەردەمی شای ئێران لە دایکبوون و ٨٤٪ لەسەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
- نرخی بێکاریی ژنان ١٦٪ و نرخی بێکاری پیاوان ٧.٩٪ بەراورد کراوە کە ڕێژەی بێکاری ژنان دو هێندەی پیاوانە. کە نرخی بێکاری ژنان دو هێندەی پیاوانە.
- نرخی بەشداری ئابووری ژنان ١٣.٣٪ و نرخی بەشداری پیاوان ٦٨.٧٪ بووە. واتە بەشداری ئابووری پیاوان پێنج هێندەی ژنانە.
- نرخی بێکاری گەنجان لە تەمەنی نێوان ١٨ بۆ ٣٥ ساڵی. بۆ ژنان ٢٨.٢٪ بۆ پیاوان ١٣.٧٪ واتە نرخی بێکاری ژنان لەم ڕێژەی تەمەنەدا دو هێندەیە.
- ئاستی خوێندن لە زانکۆکان کە ٢١٠٤٠٠٠ کەسن لە زانکۆکان لەم ژمارەیە ١٠٤١٠٠٠ پیاوان و ١٠٦٣٠٠٠ کەس ژنان. واتە ئاستی بەشداری ژنان لە زانکۆکان ٢٠٠٠٠ کە زیاترە. ئەم داتایە ڕادەی ڕۆشنبیری لای ژنانی ئێران ڕوو لە هەڵکشانی بەردەوامە دەخاتەڕوو.
- جیاوازی تێکڕای ئاستی هەژاری لە نیوان فەقیر و دەوڵەمەند لە چەند ساڵی ڕابردوو لە ١١٪ بەرزبووەتەوە بۆ ١٤٪
- ساڵی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٩ قۆناغی داڕمانی ئابووری ئێرانە. ئەگەر لە شەش ساڵی داهاتوو نرخی گەشەی ئابووری لە ئێران ساڵانە ٨٪ بێت، (کە لە وڵاتی چین ناگاتە ئەو ڕێژیە) ئەوا ئەوکات دەگەنەوە ساڵی ٢٠١٠ کە کارێکی نەکردەیە و گوزارشت لە ئاسۆی ئابووری ئێران دەکات لەو ساڵانەدا. دورنمایەکی زۆر تاریک دەخاتە پێش چاومان.
- لە ٦٠٪ خەڵکی ئێران بیمەی تەندروستیان نییە. کە ئەمەش نائومیدی زۆری دروستکردووە.
- ٪١٨خەڵکی ئێران لەسەر هێڵی هەژاری ڕەهادا دەژین. ڕێژەیەکی ئێجگار بەرزە بە بەراورد لەگەڵ ستانداردەکانی جیهانی.
- لە بیست ساڵی ڕابردوودا٨٠٪ بازرگانی ئێران لەگەڵ ٢٣ وڵاتی جیهان بووە. لە سێ ساڵی ڕابردوودا ٥٧٪ بازرگانی لەگەڵ بە تەنها سێ وڵاتی عێراق و ئیمارات و چین بووە. ئەمەش بە واتای دابڕانی بازرگانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە .[7]
ئەم ژمارانە هەموو ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن: دورنمای ئێرانێک کە چاوەڕوانی داهاتوویەکی گەشی ئابووری بکات بۆ وڵاتەکەی لە ئارادا نییە. ئەمەش قورسترین هۆکارە بۆ نائومێدبوونی گەنجان و توڕەییان لە سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات. ئەم کێشە ئابووریانە ساڵانە زیاتر و زیاتر دەبن. ئەمە جگە لە کێشەکانی گەندەڵی ئیداری و ئابووری سیستماتیک و کێشەکانی پەیوەست بە ژینگە و تەندروستی و کۆچ … لەبەر ئەم هۆکارانە تەقینەوەی کۆمەڵگەی ئێران بە ڕووی دەسەڵاتدا شتێکی سرووشتییە.
٢. دۆخی سیاسی ئێران
- کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی بی ئۆپۆزسیۆنترین کابینەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. مەبەست ئۆپۆزسیۆنی ناو سیستەمی سیاسی ئێران. خڕبوونەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لای ئەم کابینەیە و چارەسەر نەکردنی کێشە ئابووریی و سیاسییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران گاپێکی گەورەی لە نێوان خەڵک و دەسەڵات دروستکردووە. فشارەکان لەسەر شانی خەڵک بە قورسی دیارە.
- حکومەت بێلایەنی خۆی بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان تا ڕادەیەکی زۆر لەدەستداوە.
- قەیرانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بە واتای متمانەی خەڵک بە حکومەت بۆ گرفتە یاسایی و بەدواداچوونەکانی کەیسەکانی پەیوەست بە دادگاکان بەردەوامی هەیە.
- خەڵکی ئێران پێیانوایە حکومەتەکەیان کارا نییە. ڕێکخراو و سیستماتیک نییە. دان بە کێشەکاندا نانێت، هەمەڕەنگ و هاوکار نییە.
- قەیرانی نەبوونی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕاستەقینە و حزبی سیاسی (بە باڵەکانی ناو سیستەم خۆیەوە) لە بەڕێوەبردنی وڵات و نەبیستنی دەنگی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و بە میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگە.
- بەشداری لاوان و گەنجان لە بەڕێوەبردنی وڵات و ڕادەی کەمی بەشداری سیاسی لە حکومەتدا.
قەیرانە سیاسییەکانی حکومەت لە دەستگیرکردن و سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکانی ناو وڵات و کەم کردنەوەی ڕادەی ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان و چڕکردنەوەی چاودێری سیاسی لەناو کۆمەڵگەدا، ژێرخانی کۆمەڵایەتی و نوخبەی ڕووناکبیر و چینی ناوەڕاست کۆمەڵگەی لە خۆی تووڕەو بێزارکردووە. ئاسۆی بەرفراوانکردنی ئازادییە سیاسی مەدەنییەکان لە ئێستادا بە تاریکی ماوەتەوە.
٣. کێشە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان
- ئێران یەکێکە لە وڵاتە گەنجەکانی دنیا. گەنجان و زۆرینەی خەڵک هیواخوازی گەڕانەوەن بۆ ڕابردوو (وەک لە دروشمەکانیان بۆ سەردەمی ڕەزا خان دیارە)و بازدان بۆ داهاتوو. خەڵکی ئێران بە گشتی ڕۆشنبیرن. ڕادەی چاپی کتێب لە ئێران لە چاو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە. حکومەت توانای لە خۆگرتنی ئەو سەرمایە ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتییەی خەڵکی نییە.
- بەها ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان لە حکومەت بانگەوازی بۆ دەکات بەهای خۆیانی لە دەستداوە.
- گرنگی نەدان بە ڕوانگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەنجان بە تایبەت بە خوێندکارانی زانکۆکان.
- دابەشبوونی کۆمەڵایەتی لە ژێر ناونیشانی لایەنگرانی حکومەت و زۆرینەی ڕەهای خەڵک.
- پێشێلکردنی مافی کەمینە ئایینی و ئیتنیکیەکانی ئێران. بە تایبەت کەمینەی ئایینی بەهایی لە ئێران کە لە ژێر فشاری زۆری حکومەتدان و ویژدانی خەڵکی ئێران ئازاردەدات بەو جیاوازییەی کە دەسەڵات دروستی کردووە.(لەسەردەمی ڕژێمی پاشایەتیش هەمان گرفت هەبوو) هەروەها کەمینەی ئیسلامی سوننی کە مافەکانیان بە پێی یاسا و عورفی حکومەت پێشیل دەکرێت.
- نەسازانی نەوەی نوێ لە ئێران لەگەڵ بەها کۆمەڵایەتییەکانی حکومەت.
- بێگانە بوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لەگەڵ سیستەمی ئیداری و ئابووریی ئێران و کێشەی بەردەوامی جیاوازی کۆمەڵایەتی و گەندەڵی.
- کێشەی ژنانی ئێران لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ کە پێدەچێت حکومەت هیچ شێوازێک لە سازش پیشان نەدات.
ئێران وەک هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تەک کێشەی کۆمەڵایەتی و کۆچ و نەسازانی حکومەت لەگەڵ ئەو سەرمایە کۆمەڵایەتییە کێشەی بونیادی هەیە. بە تایبەت کێشەی سیستەمی سیاسی ئایینی وڵات هەمبەر کەمینە ئایینی و ئیتنیکییەکانی ئێران. بابەتی مافی ژنان لە سیستەمی سیاسی ئێران. ئەمەش هۆکاری سەرەکی بوون بۆ خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران.
دۆخی نێودەوڵەتی ئێران
ئێران لە ماوەی چل و سێ ساڵی ڕابردوودا هێندەی ئێستا کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی گۆشەگیری نەکردووە. کێشە ناوخۆییەکانی ئێران کاردانەوەی قورسی بە سەر ڕەوەندی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات داناوە، خۆپیشاندانی بەرفراوانی ڕەوەندی دەرەوە ئاماژەیە بەوەی کە ناڕەزایەتی قورس لە سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات لە ئارادایە کە توانیویانە کاریگەری بەسەر دەزگای دیبلۆماسی وڵاتانی جیهان دابنێن. وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بە تایبەت کاردانەوەیان هەبووە بەرامبەر بە خۆپیشاندانەکانی ئێران. هەلومەرجی نێودەوڵەتی ئێران بە تایبەت هەڵوێستی چین بەرامبەر بە ئێران لەسەردانی سەرۆکی چین بۆ سعودیە و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، ئێران و هەلومەرجە نێودەوڵەتییەکەی تۆشی شۆک و شڵەژان کرد. سەبارەت بە ئێران لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکان جەخت لەسەر دوو خاڵ کرایەوە؛ دورگەکان جێگەی مشتومڕی ئێران-ئیمارات و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران چاوەڕونکراو نەبوو. هەرچەند هەر زوو کاردانەوەی ئێرانی بەدوای خۆێدا هێنا بەبێ ناوهێنانی وڵاتی چین. فرۆشتنی درۆنی شەڕکەر بە ڕووسیاش جەمسەرێکی تری ناکۆکی نێوان ئێران و ئۆکرانیا لە لایەک و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ئاسۆی پەیوەندییەکانی ئێرانی لە هەمبەر ئەو وڵاتانە لێڵ و تاریک کردووە لە لایەکی تر.
[1] دەرەوە
[1] محمد علی همایون کاتوزیان _ ١٣٩٨_ تضاد دولت و ملت: نظریە تاریز و سیاست در ایران_ -تهران_ نشر نی
[2] همایون کاتوزیان ١٣٩١ ایرانیان دوران باستان تا دورەی معاصر – ترچمە: حسین شهیدی – تهران نشر مرکز-
[3] یرواند آبراهامیان-١٤٠٠-ایران بین دو انقلاب- ترجمە: احمد گل محمدی و محمد ابریم فتاحی- چاپ ی ام -تهران نشر نی
[4] یرواند آبراهامیان-١٤٠٠-ایران بین دو انقلاب- ترجمە: احمد گل محمدی و محمد ابریم فتاحی- چاپ ی ام -تهران نشر نی
[5] پیتر منسفیلد.١٤٠٠- تاریخ خاورمیانە- ترجمە: کیانوش امیری-تهران- نشر نیما
[6] https://ir.voanews.com/a/major-protests-in-iran-post-revolution/6316847.html
[7] فاصلی.محمد. sep 23. 2022 ڕیشەیابی بحران ایران. یوتیوب. https://www.youtube.com/watch?v=mNUN7W5Wzz0&t=28s
وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٦)، ساڵی دووەم، كانونی دووەمی 2023