چاوپێکەتن لەگەڵ ڕیحا ڕوهاڤی ئۆغڵو
ئامادەکردنى: توركیاناسی
توێژەر، ڕۆژنامەوان، نوسەرو چالاکوانی کورد لە باکووری کوردستان؛ ڕیحا ڕوهاڤی ئۆغڵو، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ناوەندی توێژینەوەکانی ڕاوێست (Rawest Araştırma Merkezi)، ئێستاش بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوە کوردییەکانە Kurdish Studies Center (KSC). بنکەی سەرەکیی ناوەندەکە لە شاری ئامەدەو توێژینەوە دەربارەی سیاسەتو کولتووری کورد لە باکووری کوردستان دەکات.
تورکیاناسی: گرنگی هەڵبژاردنیی شارەوانییەکانی تورکیا لە چیدایە؟
ڕیحا ڕوهاڤی ئۆغڵو: هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا بۆ پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی)و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)و کورد گرنگیو بایەخی جیاوازی هەیە.
ئاکپارتیو ئەردۆغان، کە هەڵبژاردنە گشتییەکانی (٢٠٢٣)یان بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند، دەیانەوێت شارەوانیی ئەستەنبوڵیش لە جەهەپەو ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو بسێننەوە. بەم جۆرە هەم سەرکەوتنەکەیان بەهێزتردەکەن، هەمیش ڕێگردەبن لە دروستبوونی کەسایەتیی کاریزمایی ئیمام ئۆغڵو. لەم ڕوانگەیەوە ئاکپارتی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان وەک دەرفەتێک بۆ لاوازکردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆنو لێدان لە سەرکردەکانی دەبینێت.
سەبارەت بە جەهەپە وەک بەهێزترین پارتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن، دوای شکستی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ پارتەکە کۆنگرەیبەستو بە پشتیوانیی ئیمام ئۆغڵو، ئۆزگور ئۆزێل وەک سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرا، بۆیە ئەو دوو کەسە هەموو هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ بردنەوەی ئەستەنبوڵو هەموو ئەو شارەوانییانەی کە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩دا جەهەپە بەدەستیهێنان، لەبەرئەوەی قەدەری هەریەک لە ئۆزێلو ئیمام ئۆغڵو پەیوەستە بە بەردەوامیدان بە سەرکەوتنەکانی (٢٠١٩)وە. ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا جەهەپە ئەستەنبوڵو شارە گەورەکان لەدەستبدات، کەمال کلیچدار ئۆغڵوو پشتیوانانی، کە لە کۆنگرەی پارتەکەیاندا لاوازکران، دەکرێت فشاربکەن بۆ کۆنگرەی نائاسایی پارتەکە، ئەمەش لە پێناو دووبارە گەڕانەوە بۆ کورسی دەسەڵات لە حیزبەکەیاندا. لە لایەکی دیکەوە دۆڕاندنی ئەستەنبوڵ مەترسییەکی گەورەیە لە سەر کەسایەتیی ئیمام ئۆغڵوو ئامادەکارییەکانی بۆ خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨دا.
گرنگترین خاڵ لەم هەڵبژاردنەدا بۆ کوردەکانیش بەدەستهێنانەوەی ئەو شارەوانییانەیە لە ڕێگەی دەنگەوە کە بە هۆی دانانی قەییومەوە لە جێگەی سەرۆکشارەوانییەکانی لەدەستیداون. هەروەها قەرەبووکردنەوەی لەدەستدانی دەنگەکانی پارتی یەکسانیو دیموکراسی گەلان (دەمپارتی). هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩ بە بەدەستهێنانی ٥ ملیۆنو ٨٦٦ هەزارو ٣٠٩ دەنگ، توانیی (١١.٧٪)ی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ خۆی مسۆگەربکات، کەچی لە هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢٣دا تەنها ٤ ملیۆنو ٨٠٣ هەزارو ٧٧٤ دەنگی بەدەستهێنا، ئەمەش ڕێژەی (٨.٨٪)ی پەرلەمان دەکات. سەرەڕای بەشداریکردنی یەک ملیۆنو نیو دەنگدەری نوێی کورد لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣، کەمبوونەوەی دەنگی هەدەپە بەرپرسانی پارتەکەی توشی شۆک کرد. هەرچەندە هەدەپە کۆنگرەیبەستو هاوسەرۆکانو بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی گۆڕان، بەربژێری شارەوانییەکان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی لقو ناوچەکانی حیزبەکەوە دیاریکران، بەڵام قورسە بتوانن لەم هەڵبژاردنەشدا ڕێژەی دەنگەکانیان بەرزبکەنەوە. ڕکابەری پارتی ڕەفاهی نوێ (یەرەپە)و پارتی بانگەوازی ئازاد (هوداپار) بەرانبەر بە ئاکپارتی لە شارە کوردییەکان ڕەنگە سوودی بۆ دەمپارتی تێدا بێت، بەڵام ئاکپارتییش لە ڕێگەی گواستنەوەی شوێنی دەنگدانی ژمارەیەکی زۆر پۆلیسو هێزی ئەمنییەوە، تا ڕادەیەک گرنتیی بردنەوەی ژمارەیەک شوێنی بەدەستهێناوە.
تورکیاناسی: لەم هەڵبژاردنەدا دەمپارتی لە بریی پشتیوانی لایەنێکو دژایەتیی لایەنێکی دیکە، کاندیدی خۆی بۆ شارەوانییەکان دیاریکردووە، کەواتە پشتیوانیی هەدەپە بۆ جەهەپە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩ هەڵە بوو؟ ئایا بوونی کاندیدی دەمپارتی لە شارە گەورەکان لە بەرژەوەندیی ئاکپارتی نییە!
ڕیحا ڕوهاڤی ئۆغڵو: بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە سایەی پشتیوانیی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩، لە هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٣)یشدا بە شانازییەوە بانگەشەی بردنەوەی دەکرد، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ فشاری دەوڵەتو کێشە ناوخۆییەکانی دەمپارتیو کۆمەڵێک هەڵەی ستراتیژی حیزبەکەی بچووککردەوە، بۆ نموونە: بەرانبەر بە کەمکردنەوەی بەربەستی هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ (٧.٥٪) بەدیلێکیان بۆ جۆشدانی جەماوەر نەبوو، کاندیدەکانی؛ هاوڵاتیانیان نەخرۆشاند، بەستنی هاوپەیمانی ڕەنجو ئازادی لەگەڵ پارتی کارکەرانی تورکیا (تیپ) بە سوودی ئەو پارتەو زیانی هەدەپە/دەمپارتی کۆتاییهات. هەر بەم هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر دەنگدەری دەمپارتی بایکۆتی هەڵبژاردن یاخود دەنگدان بە کەمال کلیچدار ئۆغڵویان کرد. پشتیوانیی هەدەپە بۆ ئۆپۆزسیۆن هەڵە نەبوو، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکەو تواناکانی هەدەپە ئەو دۆخەی هێنایەئاراوە. هەرچەندە دەکرا لەگەڵ ئەردۆغانیشدا ڕێککەوتنبکرێت، بەڵام ڕەوتی دژەئەردۆغانی لە باکوور زۆر بەهێز بوو، ئەمەش ڕێگر بووە لە ڕێککەوتنێکی لەو جۆرە.
لەم هەڵبژاردنەشدا دەمپارتی هەوڵیداوە ڕێگەی سێیەم بگرێتەبەر، بەڵام هێشتا بە تەواوی دەستبەرداری پشتیوانیی جەهەپە نەبووە، بۆ نموونە: دەیتوانی لە بریی مێرال دانش بێش، باشاک دەمیرتاشی خێزانی سەڵاحەدین دەمیرتاش کاندیدبکات بۆ شارەوانیی ئەستەنبوڵو دەنگی زیاتری بەدەستدەهێنا. هەروەها لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردندا لە ئەستەنبوڵ لە بەرژەوەندیی جەهەپە کاندیدی بەربژێرنەکردووە. ئەم هەڵوێستانەی دەمپارتی دەنگدەرانی توشی سەرلێشێوان کردووە. ئێستا ڕەنگە نزیکەی (٧٥٪)ی دەنگدەرانی دەمپارتی لە ئەستەنبوڵ دەنگ بە ئیمام ئۆغڵو بدەن. ئیمام ئۆغڵو سەربکەوێت، لە سایەی دەنگی کوردەوەیەو بشدۆڕێت، بە هۆی دابەشبوونی دەنگی کوردەوەیە، بەڵام ئەگەر کاندیدەکەی ئەردۆغانو ئاکپارتی؛ مورات کوروم، سەربکەوێت، هیچ منەتێکی دەنگدەری کوردیان ناکەوێتەسەرشان. لەم ڕوانگەیەوە دەمپارتی ستراتیژێکی زۆر مەترسیداری لە ئەستەنبوڵ گرتووەتەبەر.
تورکیاناسی: پێشتر دەگوترا ئەوەی ئەستەنبوڵ بباتەوە، تورکیاش دەباتەوە، بەڵام سەرەڕای بردنەوەی ئەستەنبوڵ لە ٢٠١٩، جەهەپە نەیتوانی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ بباتەوە، کەواتە دەکرێت هاوکێشەکە پێچەوانەببێتەوەو ئاکپارتی ئەستەنبوڵیش بباتەوە؟
ڕیحا ڕوهاڤی ئۆغڵو: بەرەی ئۆپۆزسیۆنو جەهەپە بە هۆی ناکۆکیو ململانێ ناوخۆییەکانیەوە نەیتوانی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ بباتەوە. کەمال کلیچدار ئۆغڵو لاوازترین کاندید بوو لەو سێ کەسەی کە چاوەڕێدەکرا یەکێکیان کاندیدی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بن. جگە لەوەیش، پارتی باش وەک پارتێکی نەتەوەپەرست کلیچدار ئۆغڵوی ماندووکردو پشتیوانیی تەواوی نەکرد. پشتیوانیی لەڕادەبەدەری هەدەپەیش بۆ کلیچدار ئۆغڵو بەشێک لە دەنگدەرە نەتەوەپەرەستە تورکەکانی ئاڕاستەی هەڵبژاردنی کاندیدی دیکە کرد، تەواوی دەنگدەری هەدەپەیش دەنگی بە کلیچدار ئۆغڵو نەدا. مورات کوروم وەک کاندیدی ئاکپارتی توانای ڕکابەریی ئیمام ئۆغڵوی نییە. بانگەشەکانیشی بەهێز نین، بوونی کاندیدی یەرەپەیش بۆ ئەستەنبوڵ بەربەستێکی دیکەی بەردەم کاندیدەکەی ئاکپارتییە. تا ڕادەیەک دۆخەکە لە بەرژەوەندیی ئیمام ئۆغڵو دەردەکەوێت، بەڵام هێشتا سێبەری ئەردۆغان بە سەر ئەستەنبوڵەوە ماوە.
تورکیاناسی: دوای هەر هەڵبژاردنێک، زۆرێک لە کاندیدە سەرکوتووەکانی هەدەپە/دەمپارتی لەلایەن حکومەتەوە دووردەخرێنەوەو قەییوم لە جێگەیان دادەنرێت. بۆ ئەم هەڵبژاردنەش هەمان پێشهات ڕودادەت؟
ڕیحا ڕوهاڤی ئۆغڵو: دانانی قەییوم یاسایی نییە، دەستتێخستنی سیاسییە، لەبەرئەوە لە هەر ئانوساتێکدا دەکرێت دەسەڵات بەهانە بدۆزێتەوە بۆ دانانی قەییوم، تەنانەت لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بەڵگەنامەی بردنەوەی هەڵبژاردنی بە چەند کاندیدێکی سەرکەوتووی هەدەپە نەداوە. تا ئێستا هیچ گۆڕانێک بە سەر سیاسەتی ئاکپارتیدا نەهاتووە، هەر بۆیە دانانی قەییوم لە ماوەیەکی کەم دوای هەڵبژاردنەکان لەلایەن ئەردۆغانەوە جێگەی سەرسوڕمان نییە.
تورکیاناسی: قەییوم لە هەڵبژاردنەکاندا سوودی بۆ ئەردۆغان دەبێت، یاخود زیانی لێ دەدات؟
ڕیحا ڕوهاڤی ئۆغڵو: قەییوم کەسێکی بیرۆکراتەو گرووپێکیش لە دەوروبەری خۆی دەهێنێتە شارەوانییەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی دیوارێک لە نێوان خەڵکو شارەوانیدا. بیهێنەبەرچاوت، سەرۆکی شارەوانی یان پارێزگاری سلێمانی لاببرێت، کەسانێک لە بەغدادەوە بنێردرێت بۆ جێگەکەیان. جگە لەمانەش، قەییومەکان تەندەری پڕۆژەکان دەدەن بە کۆمپانیایەک لە شارێکی دیکەیە، واتە نە سوود لە توانای هاوڵاتیانی شارەکە وەردەگرێت، نە قازانجی پڕۆژەکانیشی بۆ خەڵکی شارەکە دەبێت، بەڵام سەرۆکشارەوانیی هەڵبژێردراو بەم جۆرە مامەڵەناکات، لەبەرئەوەی پێویستی بە پشتیوانیی خەڵکە.
لە لایەکی دیکەوە دانانی قەییوم زیانی سیاسیو یاسایی بۆ ئاکپارتی لە ئاستی تورکیادا نابێت، ئەمەش کاریگەریی لە سەر کەمبوونەوەی دەنگەکانی نابێت، ئەمەش ئاسانکاری بۆ دانانی قەییوم دەکات. لێرەدا بەرپرسیاریەتی لە سەر شانی بەرەی ئۆپۆزسیۆنە. پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دانانی قەییوم وەک لێدان لە پڕۆسەی دیموکراسی نابینن، پێیان وایە کێشەیەکە لە نێوان کوردو دەوڵەتداو پێویستناکات قسەی تێدا بکەن. ئەگەر لەگەڵ دانانی قەییوم لە ساڵی ٢٠١٩ جەهەپە لە تەواوی تورکیادا خۆپیشاندانی سازبکردایەو دانانی قەییومی وەک کێشەیەک لە سیستەمی دیموکراسیی تورکیادا ناوزەدبکردایە، ئاکپارتییش بەو ئاسانییە بەردەوام نەدەبوو لە دانانی قەییوم، هەر بۆیە جێبەجێکردنی هەمان سیاسەت لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵیش ئەگەرێکی بەهێزە.
تورکیاناسی: هوداپار لە چەند شارێک کاندیدی هەیەو لە شارە گەورەکان پشتیوانی لە کاندیدی ئاکپارتی دەکات. بە بۆچوونی ئێوە ئەگەر هەیە ئاکپارتییش پشتیوانیی کاندیدەکانی هوداپار بکات؟
ڕیحا ڕوهاڤی ئۆغڵو: هوداپار ئەگەر لە شارە گەورەکانیش پشتیوانیی ئاکپارتی بکات، ئەوا لە تەواوی شارەکانی باکووری کوردستانو چەند شارێکی ناوچە تورکییەکانیش کاندیدی خۆی هەیە، تەنانەت لە هەندێک قەزادا بە هۆی کاندیدی یەرەپەو هوداپارەوە ڕەنگە کاندیدی ئاکپارتی بدۆڕێت.
تورکیاناسی: پێشبینیی ڕکابەرییەکی سەختی نێوان هوداپارو دەمپارتی لە ناوچە کوردییەکان دەکەن؟
ڕیحا ڕوحاڤی ئۆغڵو: ئێستا ڕکابەریی هوداپارو دەمپارتی لە سەر ژمارەو ڕێژە نییە، بەڵکو زیاتر ململانێی ئایدۆلۆژیی نێوان ئەو دوو پارتە ڕەنگدانەوەی بە سەر شەقامی باکووری کوردستانەوە هەیە، لە ئاستی تورکیادا ڕکابەریی هوداپارو دەمپارتی تا ڕادەیەک نەهاتووەتەکایەوە، لە هەمان کاتدا ئەگەر ڕێژەی دەنگی هوداپار زیادبکات، ئەوە لە سەر حسابی ئاکپارتییە.
لەگەڵ ئەوەشدا زیادبوونی کارەکتەری سیاسی لە مەیدانی باکووری کوردستاندا؛ هەم ڕکابەریو هەم گرژییەکانیش زیاددەکات، لە بنەڕەتدا دەمپارتی وەک بەشێک لە حیزبوڵڵای کوردی لە هوداپار دەڕوانێتو بە هۆی ئەوەوە پێی وایە حیزبوڵڵا لە ڕابردوودا بەرپرس بووە لە هێرشەکانی سەر پارتەکانی پێش دەمپارتی، کە لە سەر هەمان هێڵی کارکردنن، بۆیە هوداپار وەک پارتێکی ڕێگەپێدراوی سیاسی پەسەندناکات. بەرپرسانی هوداپاریش هەوڵدەدەن لە ئاستی تورکیاو بۆ ڕایگشتیی وڵات بسەلمێنن کە پارتەکەیان درێژکراوەی حیزبوڵڵا نییە، هاوپەیمانیەتییان لەگەڵ ئاکپارتیدا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ ئەم کارەی بۆ ئاسانکردنو جۆرێک لە دەرکەوتنی بە لایەنی ئەرێنی بۆ هێنانەئاراوە.
دەم پارتییش نیگەرانە لە گەورەبوونی هوداپار، بەڵام پێویستە بزانین ئەم حیزبانە هەم سوود لە ئەزموونی یەکدیو هەم سوود لە پڕۆسەی سیاسی وەردەگرن، واتە زیادبوونی کاراکتەری سیاسی کاریگەریی لە سەر ڕەوتی سیاسیو ململانێکان هەیە. بۆ نموونە: چەندین ساڵە لەبەرئەوەی هەدەپە/دەمپارتی داوای خوێندن بە زمانی دایک لە قوتابخانەکاندا دەکەن، بایەخیان بە وانەی بژاردەی کوردی نەداوە، بەڵام کاتێک هوداپار خۆی دەکات بە خاوەنی وانەی بژاردەی کوردیو کاری لە سەر دەکات، دەمپارتییش ئامادە نییە مەیدان بۆ هوداپار چۆڵبکات، بۆیە جۆرێک لە هاتنەپێشەوەی بۆ بابەتەکە پێوە دیارە.
لە لایەکی ترەوە، دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣، سەڵاحەدین دەمیرتاش بانگەشەی دەستپێکردنی گفتوگۆی لە نێوان هەدەپەو هوداپار کرد، بەڵام سەرۆکی هوداپار؛ زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو، ڕایگەیاند: “با سەرەتا دەستی خوێناوییان بشۆن.” ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ڕوداوانەی کە هوداپار پێی وایە “ستەم بووە لەلایەن هەدەپەوە لە ئەندامو لایەنگرانی هوداپار کراوە”، بەڵام لە چەند هەفتەیەک لەمەوپێش یاپیجی ئۆغڵو لە لێدوانێکی دیکەدا ئاماژەی بەوە داوە کە “نە هوداپار بەرپرسە لە کارەکانی حیزبوڵڵا، نە هەدەپە/دەمپارتییش بەرپرسە لە کارەکانی پەکەکە”، واتە بە هۆی بارودۆخی سیاسییەوە کاراکتەرەکان ناچارن ڕۆڵی نوێ بگێڕن لە مەیداندا.
لەو بڕوایەدا نیم پەکەکەو دەمپارتی، هەروەها حیزبوڵڵاو هوداپار لەم ڕوانگەیەوە خۆیان بدەنەبەر نەشتەری ڕەخنەی خۆیان، بەڵام دۆخی سیاسی سەرکردەی پارتە سیاسییەکان زیاتر ڕووبەڕووی یەکدی دەکاتەوە. ئەوەی دیارە دەمپارتی بە زمانێکی توندتر قسەدەکات، بەڵام هوداپار تا ڕادەیەک میانڕەوتر دەردەکەوێت، لێدوانو هەڵوێستی کەسایەتیو دامەزراوەکانی هەردوولا لە کاتو شوێنی خۆیدا نییە. هوداپار لە ٢٠١٨ داواکاریی سەردانی هەدەپەی کرد، بەڵام هەدەپە ڕەزامەندیینەداوە. دەمیرتاش پرسەنامەی بۆ کوژرانی دوو بەرپرسی هوداپار لە ئەدەنە ڕاگەیاند، بەڵام هوداپار بەهەندیوەرنەگرت. جگە لەمەش، پرسەنامەی ئاڕاستەی دەمیرتاش نەکرد بە بۆنەی کۆچیدوایی باوکیەوە. هوداپار لە باتمان سەردانی نوسینگەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی دەمپارتیی کرد، بەڵام لە بەرانبەر وێنەگرتنی کاندیدی هەردوولا دەمپارتی هۆشداریی توندی داوە بە کاندیدەکەی خۆی، واتە هەر لایەک وەڵامی پێویستی دەستپێشخەریی ئەرێنیی بەرانبەر لە کاتی خۆیدا ناداتەوە. لە بریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ڕابردوو، ئەگەر بۆ داهاتوو بڕوانن، کارەکان ئاسانتردەبێت.
دەمپارتی لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣، سەرقاڵی دووبارە خۆڕێکخستنەوەیە، بەڵام بە هۆی ئایدۆلۆژیاو ئەو سیاسەتەوە کە پەیڕەویدەکات، نەیتوانیوە کێشە ناوخۆییەکانی تێبپەڕێنێت. هوداپاریش وەک پارتێکی نەناسراو ئێستا لە ئاستی تورکیادا خەریکە دەناسرێتو پشتیوانیی سیاسی بەدەستدەهێنێت، بە تایبەت لە ناوچە کوردییەکاندا، هەرچەندە لە ڕووی هێزو ژمارەوە جیاوازییان هەبێت، بەڵام دەمپارتیو هوداپار پێکەوە لە شەقامی باکووری کوردستاندا باسدەکرێن.
تورکیاناسی: ئایا کوردەکانی تورکیا دابەشبوون بە سەر گرووپو پارتی سیاسیی ئایینیو چەپڕەودا؟
ڕیحا ڕوهاڤی ئۆغڵو: پۆلێنکردنەکە بەم جۆرە دروست نییە، چونکە گەورەترین پارتی کوردەکان (دەمپارتی) سکۆلارو چەپڕەوە، بەڵام زۆرینەی ئەندامو لایەنگرانی ئاییندار، پارێزکارو کۆمەڵایەتین، واتە کۆمەڵگەی کوردی لە سەر بنەمای پشتیوانی لە کارەکتەرە سیاسییەکان دابەشنەبووە، بەڵکو خەڵک لە سەر بنەمای داکۆکی لە مافەکانیان پشتیوانی لە پارتێکی سیاسی دەکەن. دەمپارتی جەخت لە سەر مافە نەتەوەییەکانی کورد لە تورکیا دەکاتەوە، بەڵام پەیوەندییەکانی لە ئایینەوە دوورە، هوداپار بە پێچەوانەوە. بەڵام ئێستا دەمپارتی هەوڵی نزیکبوونەوە لە ئایینو خەڵکی دیندار دەدات، هوداپاریش قسە لە سەر مافە نەتەوەییەکانی کوردو پێویستیی دابینکردنیان دەدات.
تورکیاناسی: فاتیح ئەربەکانی کوڕی نەجمەدین ئەربەکان؛ پارتی خۆشگوزەرانی نوێ (یەرەپە)ی دامەزراندو لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ پشتیوانیی لە ئەردۆغان کرد بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار، لە هەمان کاتدا توانیی ٥ کورسیی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا لەگەڵ ئەردۆغاندا نەگەیشتە ڕێککەوتن، کاندیدی بۆ شارەوانییەکان دیاریکردووە، بە زمانێکی توندتر لە ئۆپۆزسیۆنیش بەرانبەر بە حکومەت دەوەستێتەوە، باس لە هەڵکشانی زۆریی ئەندامو لایەنگری پارتەکەش دەکرێت. پێتان وایە ئەم هەڵبژاردنە وەرچەرخان لە سیاسەتی ناوخۆیی تورکیادا بهێنێتەئاراوە؟
ڕیحا ڕوهاڤی ئۆغڵو: فاتیح ئەربەکان پەندی لە پارتی دەڤای عەلی باباجانو پارتی ئایندەی ئەحمەد داودئۆغڵو وەرگرتووەو ستراتیژێکی گرنگی دیاریکردووە. پارتی دەڤاو ئایندە دژی ئەردۆغان وەستانەوە، چوونە بەرەی جەهەپەو ئۆپۆزسیۆنەوە، ئەمەش دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەوەی ئەردۆغان سەرۆکی ئەو دوو حیزبە، کە پێشتر هاوڕێی خۆی بوون، بە دوژمن وێنابکات. ئەوانەی لە ئاکپارتی ڕەنجابوون، نەیاندەتوانی بچنەناو پارتی دەڤاو ئایندەوە، کە چووبوونە بەرەی جەهەپە-وە، ئەمەش هۆکار بوو بۆ لاوازبوونی ئەو دوو پارتە.
فاتیح ئەربەکانیش لە ئاکپارتی نیگەرانە، بەڵام لە ڕێگەی پشتیوانی لە ئەردۆغانەوە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣دا توانیی مەیلی دەنگدەری دڵڕەنجاو لە ئاکپارتی بەدەستبهێنێت، بۆیە ئێستا ئەربەکان ڕوویدێت داوای دەنگ لە ناڕازییەکانی ئاکپارتی بکات. لە چەندین شار ئەندامو بەرپرسە دەستلەکارکێشاوەکانی ئاکپارتی لەلایەن یەرەپەوە کاندیدکراون، بەڵام لە ناو یەرەپەیشدا سەرکردایەتییەکی بەهێز نییە. پێدەچێت کاندیدە هەڵبژێردراوەکانی یەرەپە لە پێناو سوودوەرگرتنی زیاتر لە بودجەو پڕۆژەکانی حکومەت بچنەوە ڕیزەکانی ئاکپارتی. ڕەنگە یەرەپە بتوانێت لە ئەگەری تەقینەوەی دۆخی ناوخۆیی ئاکپارتیدا باڵی پارێزکاری پارتەکە بۆ خۆی ڕابکێشێت، بەڵام ئاماژەیەک دیار نییە بۆ هێشتنەوەی ئەو باڵە لە ناو حیزبەکەی فاتیح ئەربەکاندا.
تورکیاناسی: لە مانگەکانی ڕابردوودا پەکەکە چەند هێرشێکی خوێناویی کردەسەر سوپای تورکیا، ئەو هێرشانە تا چەند کاریگەریی لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەبێت؟
ڕیحا ڕوهاڤی ئۆغڵو: کۆمەڵگەی تورکیو سیاسەتەکەی تا ڕادەیەک ئەو دۆخەی قبوڵکردووە، بەڵام هەر کاتێک ژمارەی سەربازە کوژراوەکان زیاترببێت، دەمپارتی، جەهەپەو ئەو پارتانەی کە لەگەڵ دەمپارتیدا پەیوەندیو گفتوگۆیان هەیە، ئاسانتر تاوانباردەکرێن بە نزیکبوونەوەو پشتیوانییان لە تیرۆر. بە گشتی لە جیهاندا لێپێچینەوە لە دەسەڵات دەکرێت لە سەر کوژرانی ژمارەیەک سەرباز لە جەنگو هێرشی دوژمندا، بەڵام لە تورکیا لە ڕێگەی ستراتیژێکی باشی دەسەڵاتەوە هاوڵاتی لێپێچینەوە لە ئۆپۆزسیۆن دەکات. لە ئۆپراسیۆنەکانی شاخی گارەدا ئۆپۆزسیۆن پشتیوانیی دەسەڵاتی نەکرد، بە پێچەوانەوە تۆمەتباریکردو بەرپرسیاریەتیی دەروونیی خستەئەستۆ، بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند، لەبەرئەوە کاریگەریی پێشهاتی لەو جۆرە لە سەر دەنگی لایەنەکان پەیوەستە بە هەڵوێستو ستراتیژی کارکردنیانەوە.
تورکیاناسی: نەتەوەپەرستیو فاشیزم ڕۆژبەڕۆژ لە تورکیا لە هەڵکشاندایە، باشترین نموونەش هێرشی هاندەرانە لە یاریگاکاندا بۆ سەر یاریزانانی یانەی ئامەدسپۆر. بە بۆچوونی ئێوە کێ بەرپرسە لەم دۆخە؟ تاچەند زیانی بۆ کورد دەبێت؟
ڕیحا ڕوهاڤی ئۆغڵو: ئەوەی بە سەر ئامەدسپۆر هات لە سزادان، جیاکاریو هێرشەکان بۆ سەر یاریزانو هاندەرانی، ڕەنگدانەوەی نەتەوەپەرستیی دەمارگیرە لە بواری وەرزشدا. لەم چوارچێوەیەدا هەریەک لە ئاماژەی سەکردە سیاسییەکان بۆ تاوانبارکردنی ئامەدسپۆر، ڕەفتاری بەرپرسانی دەوڵەت بەرانبەر بە ئامەدسپۆر وەک یانەیەکی دوژمن، سزا ئارەزووبازئاساکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بۆ سەر ئامەدسپۆر، پچڕانی پشتیوانیی شارەوانییەکان بۆ یانە وەرزشییەکان بە هۆی دانانی قەییومەوە، هۆکار بوون بۆ سەرهەڵدانی ئەو دۆخە. بە گوێرەی پێوانەکانی ئێمە ئامەدسپۆر بە لایەنی کەمەوە یەک ملیۆن هاندەری هەیە، ئەمەش یانەکەی هێناوەتە ڕیزبەندیی یەک تا پێنجەمی یانەکانی تورکیا. ئامەدسپۆر تا گەورەتر بێت، پشتیوانیی زیاتری دەبێت، بۆ نموونە: کاندیدانی هوداپارو ئاکپارتی لە ئامەد پیرۆزبایی لە سەرکەوتنەکانی یانەکە دەکەن، ئەمەش کاریگەریی لە سەر ئاساییبوونەوەی دۆخی یانەکە دەبێتو دەریدەخات کە یانەکە تەنها موڵکی دەمپارتی نییە.