چاوپێكەوتن لەگەڵ پەروێز ڕەحیم ؛ هێرشە مووشەكییەكانی ئێران بۆ سەر شارەكانی هەرێمی كورستان و ئایندەی پەیوەندییەكانی ئێران و هەرێم
چاوپێكەوتن لەگەڵ پەرویز ڕحیم قادر، دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان- پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە تیۆری سیاسی/ زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر.
ئێرانناسی: ئەم وتووێژەمان لەگەڵ دكتۆر پەرویز ڕحیم قادر/ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکانە. دەمانەوێت تێڕوانینی بەڕێزیان سەبارەت بە هێرشە مووشەكییەكانی ئێران بۆ سەر شارەكانی هەرێمی كورستان و ئایندەی پەیوەندییەكانی ئێران و هەرێم لەم چاوپێکەوتنەدا بخەینە ڕوو.
یەکەم پرسیارمان بەوە دەستپێدەکەین:
- بە گشتی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان لە پاش ڕاپەڕینەوە تا ئێستا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ئەم پەیوەندیانە بەپێی گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و تەنانەت ڕکابەرایەتی-بارگرژییەکانی ئێران لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و بەتایبەتی ئەمریکا و هەستکردن بە مەترسی لە ژینگەی هەرێمایەتی ئێران گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لەلایەکی تریشەوە، کاتێک کە ئێران لەئاستی ناوخۆیی ڕووبەرووی کێشە بۆتەوە، یاخود لەلایەن کوردەوە هەستی بە مەترسی کردووە، ئەوا گوشارەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان بەرز کردۆتەوە. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لە ڕاپەرینەوە تاوەکو ئێستا پرسێک کە لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی لەهەمبەر هەرێمی کوردستان نەگۆڕو و جێگیر بووە، بریتیبووە لەوەی کە پرسی کورد بە گشتی و پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە ڕوانگە و لە چوارچێوەیەکی سەربازیی-ئاسایشیدا بووە و بونیاتنراوە.
پێگەی جیۆسیاسی و جیۆئکیۆنۆمی هەرێمی کوردستان لەلایەک و بکەرایەتی ئەم هەرێمە لەپاش ساڵی ٢٠٠٣ لە گۆڕەپانی نوێی سیاسەتی عێراق و بەتایبەتی لەپاش سەرهەڵدانی “داعش” لە ناوچەکە، وایکردووە ئاستێک لە پەیوەندی ئاسایشی-سەربازیی و پاشان سیاسی و ئابووری و کولتووری لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکە وەکو (تورکیا و ئێران و وڵاتانی سوننە) و تەنانەت دەوڵەتانی سەروو هەرێمییەوە وەکو (ئەمریکا و فەرەنسا و پاشان ڕووسیا و…) ببێتە بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی ئەم دەوڵەتانە. هەر ئەمەش وایکردووە کە هەرێمی کوردستان لەناوچەی دەرەوەی نزیکی کۆماری ئیسلامیی وەکو ئەکتەرێکی ئاسایشی پێناسە بکرێت. ڕووخانی ڕژێمی سەدام و دەستووری نوێی عێراق پێگەی هەرێمی کوردستانی بەرز کردەوە و ئێران ناچار بووە کە بۆ هاوسەنگی هێز لە نێو پێکهاتەکانی عێراق گرنگی زیاتر بە هەرێمی کوردستان بدات، بەڵام ئەم گرنگییە پەیوەستە بە گۆڕانکارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان کە لەئاستی هاوکاری تاوەکو دوژمانایەتی هاتووچۆ یاخود بەرزی و نزمی بەخۆیەوە دەبینێت.
- لە ڕابردوودا پەیوەندییەكانی ئێران و هەرێم ئاسایی و لە چەند وێستگەدا ئێران هاوكاری كوردانی باشووری كردووە، بۆچی پەیوەندییەكانی ئێران و هەرێم گەیشتووەتە ئەم ئاستە؟
چەندین فاکتەر و پرسی دیکەی نوێ هاتۆتە ئاراوە کە کاریگەری لەسەر ئاست و جۆری پەیوەندییەکان و تێراونینی ئێرانییەکان لەهەمبەر هەرێمی کوردستان هەیە. بۆ نموونە لەلایەک پرسە ئابووری و بازرگانییەکان و ڕۆڵ و نفووزی تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەپاڵ پرسی وزە و بەتایبەتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان وەکو ئەڵتەرناتیڤێک بۆ گاز و نەوتی ئێران و لەلایەکیتریشەوە پاش بەهاری عەرەبی و سەرهەڵدانی داعش و ڕۆڵی ئێران لە سووریا و هەوڵدان بۆ جێگیرکردن و پێگەیاندنی ئەڵقەکانی ناسراو بە پرۆژەی هیلالی شیعی لە ئێرانەوە بۆ کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست، هەروەها بارگرژییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و سەپاندنی سزا و ئابلوقە داراییەکان بۆسەر ئێران و بەم پێیە، بەرزبوونەوەی ئەگەری پێکدادانی سەربازی لەنێوانیان (هەرچەندە ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی هێزە بەنوێنەرایەتییەکانی لایەنگری ئێران وەکو حەشدی شەعبی و حیزبوڵلای لوبنان و…) وایکردووە هەرێمی کوردستان بۆ ئیران هەم وەکو فاکتەرێکی ئاسایشی و هەم وەکو ئەکتەریکی نادەوڵەتیی ئاسایشی، هەم دەرفەت بێت و هەمیش هەڕەشە. لە ڕوانگەیەکیترەوە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان و دوورکەوتنەوەی لە ئێران هەڕەشەیە بۆ بەرژەوەندی ئێران لە عێراق و ناوچەکە و تەنانەت ناوخۆی، بەڵام لاوازبوون و نزیکبوونەوەی لە ئێران دەرفەتێکی ئاسایشییە.
هەموو ئەم فاکتەرانە وادەکات کە ئێران لەئێستادا بە گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان هەم مەترسییەکان لەخۆی دووربکاتەوە و هەمیش لەم ڕێگەیەوە دوژمنێکی دەرەکی کە توانای سەربازی بەسەریدا زاڵە و لە ڕێگەی بەغداوە و دەستوەردان لە پەیوەندییەکانی پارتە سیاسییەکان لەناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە، کۆنترۆڵی سیاسی و ئابووری کوردستان دەکات.
- بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دوو هێرشە بەرنامە بۆ داڕێژراوەی كە لە لایەن ئێرانەوە كرانە سەر سەرمایەدارەكانی هەرێمی كوردستان، پێتانوایە كە ئەمە سیاسەتی گشتیی ئێرانە یان بەشێك و باڵێك لە نێو دەسەڵاتی ئێران؟ ئایا تاوانباركردنیان بە هەبوونی پەیوەندی نێوان ئەم سەرمایەدارە دیارانە لەگەڵ مووساد یان ئەمریكا یان هەر هێزێكی دیكە تەنیا بۆ ڕەوایەتیدانە بە پەلامارەكانیان؟ ئەو تاوانباركردنە لە كوێوە سەرچاوە دەگرێت؟
ههستكردن به دڵهڕاوكێی ئاسایشی و ههڕهشه لهههمبهر هەرێمی کوردستان لهلایهن ئێرانهوه، بەهۆی سیاسهت و ستراتیژی و تێگهیشتنی ئێرانه له پرسه ئاسایشی و هاوكێشه ناوخۆیی و دهرهكییهكانی. لە ئەدەبیاتی سیاسی-مەزهەبی-ئایدیۆلۆژیایی کۆماری ئیسلامیدا هەرێمی کوردستان بە “ئیسرائیلی دووەم” پێناسەکراوە، هەر ئەمەس وایکردووە کە هەر هێرشێک بۆسەر هەرێمی کوردستان وەکو هێرش بۆ ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ڕەوایەتی ناوخۆیی و ئایدیۆلۆژیایی وەربگرێت، لەم چوارچێوەیەدا ساناترین ئامانج بۆ ئێران هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستانە، چونکە لەلایەک هەرێمی کوردستان توانای بەرگریی سەربازیی و ئاسمانیی نییە و تەنانەت بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی بەهۆی دڵنیابوون لە توانا، هێز و هاوکێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەک و نفووز و باڵادەستیان لە عێراق لەلایەکی دیکەوە، بەبێ تێچوویەکی ئەوتۆی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دەتوانن ڕای گشتی ناوخۆییان ڕازی بکەن کە لەئێستادا لەژێر گوشاردایە و هەمیش لەئاستی هەرێمایەتی وەڵامی داواکارییەکانی لایەنگرانی ئێران کە بە بەرەی موقاوەمە ناسراون، بداتەوە. جگەلەمانەش پەیام بۆ ئەمریکا بنرێت کە لە پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکات و لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت نزیک لەشوێنی هێرشە مووشەکییەکە بنکە و بارەگای دیپلۆماسی و سەربازی هەیە.
جێگەی ئاماژەیە کە بائامانجگرتگی بازرگانانی کورد لە هەرێمی کوردستان بە وردی دیراسەکراوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، چونکە هەم ئێران دەتوانێت بەهۆی کۆمپانیا و سامانەکەیانەوە باشتر ڕەوایەتی پەیوەندیان بە ئیسرائیل بخاتەڕوو و هەمیش شوێنی نیشتەجێبوونیان کە زیاتر ڤێلاییە قوربانی کەمتری مرۆیی لێدەکەوێتەوە-چونکە ئێران نایەوێت بە کوژارانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی مەدەنی زیاتر بکەوێتە ژێر بەرپرسیارییەتی ناوخۆیی و دەرەکی- هەروەها نزیکی شوێنی نیشتەجێبوونی بازرگانەکان لە دامەزراوە و بنکە ئەمریکییەکان باشتر پەیامەکانی ئێران دەنێرێت و ئامانجەکانیان دێنێتەدی. جگە لەمانەش ئەمە جۆرێکە لە جەنگی ئابووری لە دژی هەرێمی کوردستان لە وادەکات سەرمایەدار. وبازرگانان لە گیانیان دڵنیا نەبن و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان دروست دەکات و لەمەش گرنگتر گوشارێکی دیکەیە لە خودی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە هیلالی شیعی، هەروەها بەرەی موقاوەمە و تەنانەت لەکاتی بڕیار یان گوشاری دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان لەچوارچێوەی بڕیاری هێزە شیعییەکانی لایەنگری ئێران بڕیار بدەن.
- پاکێجی ئیسرائیل و ئەمريکا بۆ تێکەڵ بە پەیوەندیەکانی هەرێم و ئێران کراوە؟
لەم چەند ساڵەی ڕابردوو ئێران ڕووبەڕووی چەندان هێرشی سایبەریی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی (بەتایبەت دواینیان لە نەتەنز و ئەسفەهان)، هەروەها تێکدان و تەنانەت کوشتنی زانا ئەتۆمی و مووشەکییەکان بەتایبەت (فەخریزادە) بۆتەوە، کە لە هەموویاندا ئیسرائیل بە تۆمهتبار زانراوە وەکو هەوڵێک بۆ وەپاشخستنی بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و وەکو سیاسەت و ستراتیژیی بەرگریی دەسپێشخەرانە لەلایەن ئیسرائیلەوە؛ هەرچەندە ئیسرائیل بەدەگمەن بهرپرسیارێتیی ئەم هێرشانەی گرتۆتە ئەستۆ. هەروەها لەم ساڵانەدا لە سووریا بە سەدان هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر کۆگا و دامەزراوە مووشەکی و بنکە سەربازییەکانی ئێران و لایەنگرانی و، تەنانەت کوشتنی سەدان ئەندام و فەرماندەی پلەبەرزی سوپای قودسی ئێران لە سووریا، کە لە هەموویاندا ئیسرائیل تۆمەتبار کراوە. بۆیە ئەم هێرشانە وەکو وهڵام و تۆڵەکردنەوەیەک دێت بۆ ئیسرائیل و پاڵپشتی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە. هەروەها ئێران لە بەرامبەر وهڵامنەدانەوەی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل، ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر دەبووەوە و زۆر بە لاواز دەردەکەوت و، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر لایەنگرانی ناوچەیی و تەنانەت ڕای گشتیی ناوخۆیی لە ئێران کردبوو و ئەم هێرشانە وەکو نمایشێکی توانای مووشەکی و هێرشبەرانەی ئێران بۆ سهر خاکی ئیسرائیل، وەکو دەرفەت و وهڵامێک وایە بۆ ئەو لاوازی و ڕەخنانە.
لە ڕاستیدا، بەمەرجێک هەرێمی کوردستان نەبێتە پێگەیەک بۆ بنکە سەربازیی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕۆژاوا بەگشتی، هەروەها نەبێتە جێگرەوەیەک بۆ وەزەی ئێران و فاکتەرێک بۆ پچڕانی ئەڵقەی بەیەکگەیشتنی هیلالی شیعی و لەلایەکیتریشەوە هاوسەنگی هێز لە عێراق بپارێزێت، هەرێمی کوردستان قەڵغان و دەرفەتێکە بۆ دوورکردنەوەی مەترسییەکان لە ئێران و تەنانەت پاراستنی ئاسایشی ئابووری ئەو وڵاتە بەتایبەتی لە سەردەمی بارگرژی لەگەڵ ئەمریكا. بەڵام ئەگەر ئەمانە ڕوو نەدات ئەوە هەرێمی کوردستان، چونکە دەوڵێت نییە و لەژێر گوشاری ناوخۆیی و بەغدایە، وەکو هەڕەشە پێناسە دەکرێت و هەرێمی کوردستان وەکو ئیسرائیلی دووەم-لە ئەدەبیاتی سیاسی-ئایدیۆلۆژیایی کۆماری ئیسلامیی – باشترین دەرفەت و ئامانجە کە ئێران بتوانێت وەکو هاوپەیمانی ئێران و ئیسرائیل وێنای بکات و هێرشی بکاتە سەری.
جگە لەمانەش، ئێران هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی ململانێکانی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا وەکو بەربەستێک دەبینێت لەبەرامبەر ستراتیژی سەربازییەکەی لە ناوچەکەدا بەناوی یەکگرتوویی و یەکێتیی گۆڕەپانەکان(وحدت میدان ها)، بەم واتایە کە تا ئەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان نەچێتە ژێر ڕکێفی ئەجێندای ئێران و بەم پێیەش یەکێتیی گۆڕەپانەکان بۆ ئێران نەیەتەدی، ئەوا هەرێمی کوردستان بەشێکە لە بەرەی دوژمن و هێرشەکان و گوشارەکان هەر بەردەوام دەبێت. جگە لەمانەش، بەهۆی کوشتنی “قاسم سولەیمانی”یەوە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، ئێران بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لە بکەرانی ئەم هێرشە بۆ سەر گەورەترین فەرماندەی سەربازیی خۆی کردووە. هەر لەم چوارچێوەیەدا بوو کە لە ڕێکەوتی (٨-٥-٢٠٢١) بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک لە ماڵپەڕی “یاهوو نیوز” کە وردەکاریی کوشتنی سولەیمانی، هەروەها ڕۆڵی ئیسرائیل لەو هێرشەدا و تەنانەت ئاماژەدان بە بەشداری ئەندامێکی گرووپی دژە تیرۆر لە باکووری عێراق کە “پەیوەندییەکی قووڵیان لەگەڵ دێلتا فۆرسدا هەیە”، ئێران دووبارە پرسی تۆڵەکردنەوەی بەرز کردەوە. بۆیە ئەوە باشترین دەرفەت بوو بۆ ئێران کە ڕای گشتی ڕازی بکات تۆڵەی کردۆتەوە، لەکاتێکدا نە ئەو کات و نە لە ئێستاشدا هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر لەو بارەیەوە نەخرایەڕوو و تەنانەت ترەمپ سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا لەم ماوەیەدا باسی لە بەشدارینەکردنی ئیسرائیل لەو هێرشەدا کرد! ڕاستییەکەشی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی هەموو هەوڵێک دەدات کە هەم جەنگ و پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دروست نەبێت و هەمیش بە لایەنگرانی بڵێت کە تۆڵەی کوشتنی ئەفسەران و لایەنگرانی دەکاتەوە، هەر بۆیە چونکە لەئاستی ڕای گشتیی خۆی کاری لەسەر ئەوە کردووە کە هەرێمی کوردستان ئیسرائیلی دووەمە، ئەوە هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان وەکو هێرش بۆ ئیسرائیل وێنا دەکات، لەکاتێکدا هەموو ئەکتەرەکان بەباشی ئەوە دەزانن کە ئەم بانگەشەیە دوورە لە ڕاستییەوە و چەندین بنکە و نوێنەرایەتی ئاشکرای ئیسرائیلی لە دراوسێیەتی و سنوورەکانی ئێراندا هەیە کە مەودای جوگرافی زۆر نزیکترە لە هەرێمی کوردستان. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامیی لەم دژایەتییە کەڵک و ڕەوایەتی وەردەگرێت بۆ مانەوە و بەرهەمهێنانەوەی ئەویتری ناسنامەیی خۆی، بەم پێیەش هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراق باشترین ئامانجن لە ناوچەکەدا بۆ کۆماری ئیسلامیی. تەنانەت لە ڕێگەی بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیەوێت ڕای گشتی عێراقی لە دژی هەرێمی کوردستان بجووڵێنێت، بۆیە بەشێک لەو بانگەشە و پرۆپاگەندانە بۆ ئەوەیە کە هێزە شیعییە عێراقییەکانیش دژی هەرێمی کوردستان هەڵوێستیان هەبێت.
- ئامانجی ئێران لە تێکەڵ کردنی ئەم وەرەقەیە چیە؟
ئێران بەتێکەڵکردنی ئەم وەرەقەیە هەم پەیام بە ئەمریکا و ئیسرائیل دەنرێت کە توانا و ئیرادەی هێرشکردنی هەیە یاخود نمایشی هێز و توانا مووشەکییەکانی دەکات و لەلایەکی تریشەوە نایەوێت جەنگەکە بەجۆرێک لە کۆنترۆڵ دەرچێت کە ئەمەریکا تێوەبگلێت، چونکە تێوەگلانی ئەمریکا بەواتای هێرشکردنە سەر ئێران و پرۆکسییەکانی دێت بە شێوەیەکی بەرفراوان و ئەو کاتە خودی ئێران لە جەنگەکە بەناچاری و لەوپەڕی لاوازی ناوخۆیی و ئابوورییەوە بەشداری دەکات و ئەمەش بە واتای لێدانە لە هەموو ستراتیژییەکانی بەرگری ئێران، چونکە بە شێوەیەکی گشتی، ئێران لە ستراتیژیی نوێی بەرگری خۆی بۆ دەربازبوون لە گەمارۆ جیۆسیاسییەکان، هەروەها لە دۆکترینی سەربازیی خۆی، کەڵک لە “ستراتیژیی بەرگریی دهسپێشخهرانه”(Preemptive Defense Strategy) و “دوکتورینی جەنگی ناهاوسەنگ” ( Asymmetric War Doctrine) وەردەگرێت. ئێران بە گرتنەبەری ئەم ستراتیژە هەوڵدەدات بەرەی جەنگ لە سنوورەکانی خۆی دوور بخاتەوە و لە دوورەوە ئامرازەکانی ڕێگری و گەمارۆدان لە دژی ئیسرائیل بەکار بهێنێت. بەم پێیە، ئەم هێرشەش دەکەوێتە ئەو چوارچێوەیەوە کە ئێران مەترسییەکان لەخۆی بەهۆی ئەم پێشدەستییەوە دوور بکاتەوە. بۆیە دەبینین ئێران خۆی ڕاستە وخۆ لەعێراق و سووریا و تەنانەت دەریای سوور هێرش ناکاتە سەر ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان، بەڵکو لە ڕێگەی هێزە پرۆکسییەکانەوە ئەمە دەکات، بەڵام لەبەرامبەردا خۆی ڕاستەوخۆ بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ و هێرش ناکاتە سەر ئەمریکییەکان، چونکە دەزانێت ئیدارەی بایدن ناچار دەبێت وەڵامی سەبازیی هەبێت و ئەمەش تاوەکو ئێستا ئەو خاڵەیە کە ئێران خۆی لێ پاراستووە و نایەوێت جەنگ بەرفراوان بێت و بەرفراوانبوونی جەنگ لە زیانی خۆی و لە قازانج ئیسرائیل دەزانێت.
- بەرامبەر سیاسەتەی ئێران، هەرێم چی لە ئێران دەوێت؟
هەرێمی کوردستان بەئاشکرا و بەشێوازی جۆراوجۆر و تەنانەت بە کرداریش ڕایگەیاندووە و ئەوەی سەلماندووە کە هەڕەشە نییە بۆسەر ئاسایشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام بەپێچەوانەوە ئێران چونکە پرسی کورد بەگشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی بە پرس و تەنانەت ئەکتەرێکی ئاسایشی دەزانێت، هەر لەم چوارچێوەیەدا مامەڵەی لەگەڵ دەکات کە ناسنامە ئایدیۆلۆجیایی-شۆڕشگێڕانەکەی بەسەریدا دەسەپێنێت، بە واتایەکی دیکە، ئێران ئەو پەیام و داواکارییە وەرناگرێت کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت وەکو هەرێمێکی دەستووری و دانپیانراو لەچوارچێوەی عێراق ڕەفتاری لەگەڵدا بکات، بەڵکو دەیەوێت وەکو بزووتنەوەیەک هاوشێوەی جەنگی ئێران عێراق، هەروەها لە چوارچێوەی پەیوەندی لەگەڵ حزبەکان نەک حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات لە چوارچێوەی ستراتیژی و بەرژەوەندی ئێران لەناوچەکەدا، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش بەشێک بێت لە بەرەی خۆڕاگری-موقاوەمەی شیعی-ئیسلامی لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل.
هەربۆیە هەرێمی کوردستان دەیەوێت نەچێتە ژێر باری ئەم داواکارییەی ئێران. لەم چوارچێوەیەدا، هەرێمی کوردستان بەهۆی هاوسنووری و فاکتەری جوگرافیا و کولتوور و مێژوو و پاشان هاوکێشە سیاسییەکانی پاش ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراق، ویستی ئەوەی هەیە کە ئێران هاوپەیمانێکی سروشتی هەرێمی کوردستان بێت، چونکە هەم ئێران و هەمیش هەرێمی کوردستان لە تەنیایی ستراتیژی(Strategic loneliness)دا دەژین لەناوچەکەدا و هاوپەیمانیی سروشتی یاخود هاوپەیمانی ستراتژیان نییە، کە بەداخەوە سیاسەتی ناوخۆیی، هەروەها ناسنامە و ئایدیۆلۆژیای فەرمی کۆماری ئیسلامیی و تەنانەت ڕوانگە و تێگەیشتی بەرپرسان و سیاسەتدارێژەرانی ئێرانی ئەمەیان قبووڵ نەکردووە، بۆیە دەیانەوێت وەکو ئەکتەرە میلیشاییە چەکدارەکانی دیکەی ناوچەکە “پەیوەندی شوێنکەوتوو-پشتیوان” لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا بوونی هەبێت. هەرێمی کوردستان بەپێچەوانەوە دەیەوێت بەهۆی ناسنامەکەی و پێگە دەستوورییەکی و هەڵکەوتە جوگرافیاییەکەی و ڕابردووە هاوبەشە مێژوویی و کولتوورییەکانەوە ئەوە بگۆڕدرێت، وەکو ئەکتەرەکانی دیکەی ناوچەکە هاوسەنگی لەنێوان پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا و ئەمریکا و..هتد بوونی هەبێت و تەنانەت زیاتر لەئێران نزیک ببێتەوە و ئێران لەبەغدا پشتیوانی و پاڵپشتی بێت. بەهۆی کاریگەری ئەو فاکتەرە عەینی و زەینییانەی کە لەسەرەوە خستمانەڕوو، تائێستا ئەمە نەهاتۆتە دی و هەر بەهێزبوونێکی هەرێمی کوردستان وەکو هەڕەشە بۆسەر ئێران سەیرکراوە و لەلایەکی دیکەشەوە، ئێران نایەوێت هەرێمی کوردستان لەبازنەی ئەکتەرێکی لۆکاڵی و حزبی و شوێنکەوتوو دەربچێت و ڕۆڵ و بکەرایەتی لەسەر هاوکێشەکانی عێراق و ناوچەکە هەبێت. لە ڕاستیدا لەلایەک فاکتەری کورد لە ناوچەکە و لەلایەکی دیکەوە جۆری سیستەمی سیاسی ئێران و ناسنامەکەی، لەپاڵ هاوکێشە جیۆسیاسییەکان وایکردووە کە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ ئەنجام بێت و تەنانەت ئێران بۆ لێدانی نەرم و ڕەق لە هەرێمی کوردستان بەردەوام هەرێمی کوردستان بە ئیسرائیلی دووەم ناوزەد بکات.
- لە بەڕێوەبردنی ئەم قەیرانە، هێرش و تاوانبارکردنی هەرێم لە لایەن ئێران و کاردانەوەی توندی هەرێم خزمەت بە چارەسەری دۆخەکە دەکات؟
ئەم سیاسەتی ئێران نەک بەشێک لە چارەسەری نییە، بەڵکو وایکردووە کە حکومەتی عێراق و بەرپرسانی باڵا کاردانەوەیان هەبێت و ئەمەش نیشان دەدات کە بە زیانی ئێران شکاوەتەوە چی لە ڕووی ڕای گشتییەوە کە ئامانجێکی سیڤیلی مووشەکباران کردووە و چی لە ڕووی پەیوەندییەکانی بەکورد و شیعەکان لە عێراق. بەڵام سەبارەت بەهەرێمی کوردستان، ئەوە هەرێمی کوردستان ناچارە و تەنانەت پێویستە کە توندترین کاردانەوەی هەبێت لەبەرامبەر تێکدانی ئاسایش و پاراستنی گیان و سامانی هاوڵاتیانی خۆی و ئەمەش بۆ ئێران چاوەڕوانکراو نەبوو، چونکە لە ڕابردوو بە ئیدانەکردنێک دۆخەکە تێپەڕیبوو چی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و چی لە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا. بەڵام ئەمجارە بەپێچەوانە شکایەوە، هەر ئەمەش دەریدەخات کە ئێران لەم هێرشە ئامانجەکانی نەپێکا، جونکە هاوکات بوو لەگەڵ هێرش بۆ سووریا و پاکستان، لە سووریا ئەو شوێنەی کە کرایە ئامانج دەرکەوت داعشی لێنییە وەکو تۆڵە لەبەرامبەر هێرشەکانی خۆکوژی سەر مەراسیمی ساڵوەگەری کوژرانی قاسم سولەیمانی (کە تەنانەت هەر ئەوەش گومانی لەسەرە لەلای خودی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامییەوە)، هەروەها هێرش بۆ ناوقووڵایی خاکی پاکستان بەبیانوی بەئامانجگرتنی گرووپە توندڕەوەکان (جیش العدل) لەلایەن پاکستانەوە وڵامی توندی سەربازیی لەناو خاکی ئێران درایەوە و هێرشەکەی سەر هەولێریش کاردانەوەی توندی حکومەت و جەماوەر و عێراقی لێکەوتەوە و دەرکەوت کە کەسێکی بازرگان و سیڤیل کراوەتە ئامانج. بەم پێیەش تێچووی ئەم هێرشەی ئێران جگە لەپەیامی سەربازیی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل، زۆر بەرز بوو.
- کارتەکانی فشاری ئێران بۆ سەر هەرێم لە داهاتوودا چین؟
ئەگەر بەخاڵ وەڵام بدرێتەوە دەتوانین بەم شێوەیە سەرەکیترین و گرنگترین کارتەکانی ئێران پۆڵین بکەین:
یەکەم- دروستکردنی ناکۆکی ناخۆیی لەنێو پارتە سیاسییەکان و دوورخستنەوەیان لە یەکتری و بەم پێیەش دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ بەشێکی زۆر لە حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.
دووەم- کۆماری ئیسلامیی ئەگر هەست بکات کە هێرشی لەم شێوەیە تێچوویەکی گەورەی بۆ نییە، ئەوە ئەم هێرشانە دووبارە دەکاتەوە و بە تەواوی دۆخی ئاسایش و ئابووری و تەنانەت سیاسیی هەرێمی کوردستان تێکدەدات.
سێیەم- کۆماری ئیسلامیی لە ڕابردوو و ئێستادا بە ئەگەری زۆریشەوە لە داهاتوویەکی نزیک، حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و دامەزراوەکانی بەکاردێنێت بۆ گوشارخسنە سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە پرسی مووچەی کارمەندان، هەروەها پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. جگە لەمانەش هەموو هەوڵێک دەدات کە هەموو ڕێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەرزۆک و کاتی بێت. تەنانەت بەکارهێنانی داگای فیدراڵی و زۆرینەی پەڕلەمانی لە دژی هەرێمی کوردستان لەو چوارچێوەیەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.
چوارەم- کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕووی ڕاگەیاندن و ڕای گشتییەوە زۆر چالاکە و هەوڵدەدات کە لەلایەک لێکترازانی کۆمەڵایەتی لەبوار و پرسە جۆراوجۆرەکان لەناو هاوڵاتیان و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت پارچەکانی کوردستان دروست بکات و بەتایبەتی ناڕەزایەتی جەماوەری لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکات. بەم پێیەش ڕای گشتیی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک ئاڕاستە بکات کە خوازیاری لاوازبوون یاخود ڕووخانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن، لەلایەکی تریشەوە گوشارەکانی بە جۆرێک بەرز بکاتەوە کە حکومەت ناچار بکات نەتوانێت هیچ سیاسەتێک بەپێچەوانەی بەغدا و ئێران بگرێتەبەر. هەروەها کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە، مەترسییەکی گەورەیە لە داهاتوو لەسەر ئاسایشی سەربازیی هەرێمی کوردستان و ئەگەرێکی بەرزە کە لە داهاتوودا لە ناکۆکییە سیاسییەکاندا بەکاربهێنرێت.
پێنجەم- ئێران بە پاساوی ئامادەیی و بوونی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە ڕێگەی بەغداوە هەم گوشار لە حکومەت دەکات و هەمیش ئەگەر کاردانەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات بەرز بێتەوە، ئەوە لێکترزانی نەتەوەیی لەنێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان دروست بکات. لەم ڕێگەشەوە هەم ئاسایشی خۆی دەستەبەر دەکات و هەمیش دابڕان و لێکترزانی نەتەوەیی دروست دەکات کە لە هەردوو بواردا لە بەرژەوەندی و قازانجی ئێران و لە زیانی هەرێمی کوردستان و پرسی کوردە بەگشتی.
شەشەم- کۆماری ئیسلامیی لە ڕێگەی میلیشا چەکدارەکانەوە دەتوانێت بەردەوام هەڕەشەی ئاسایشیی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دروست بکات و تەنانەت کێشەی گەورە بۆ دامەزراوە و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەناوخۆ و لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دروست بکات. ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوت و کێشە دروستکردن بۆ بەرهەمهێنانی گازی سروشتی و دۆخی نائاسایشی لە ناوچەکانی سنووری مادەی ١٤٠ ئەو ڕاستییە دەردەخات.
- ئایا هەرێم توانای بەرگریکردن لە خۆی هەیە؟
لە ڕووی سەربازییەوە توانا و هێزەکان بەراورد ناکرێت و پێویستی بەپێداچوونەوە ئامادەکاری زیاتر هەیە، هەرچەندە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان توانایەکی بێوێنەیان هەیە، ئەگەر بەدروستی و وشیارییەوە بەکاربهێنرێت لە هاوکێشە سەربازیی و ئاسایشییەکاندا، بەڵام لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و جەماوەرییەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەمە بکات بەمەرجێک کە ناکۆکییە ناوخۆییەکان بەتایبەتی لەم پرسانەدا لەنێوان هێزە سیاسییەکان و جەماوەر و حکومەت کۆتایی پێبهێنرێت، لە بەغداش کورد بە یەکگوتار بەشداری و گوشار بکات ئەو کاتە دەتوانێت ئەم هەڕەشە سەربازییانە کەم بکاتەوە. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ئەگەر تێچووە سیاسی و ئابوورییەکان بۆ ئێران بەرز ببێتەوە، ئەوە گەورەترین بەرگرییە.
هەروەها کارکردن لەسەر ڕای گشتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ڕازیکردنی ئەمریکا و هاوپەیمانان بە پاراستنی هەرێمی کوردستان لە هێرشە مووشەکییەکان و لەلایەکی تریشەوە پەیڕەوکردنی دیپلۆماسییەکی چالاکی هەرێمایەتیش بەشێکن لەو خۆڕاگری یاخود بەرگرییە. جگە لەمانەش، کورد تاوەکو کار لەسەر داڕشتنی قوڵایی ستراتیژی خۆی نەکات ناتوانێت لە ڕووی سەربازییەوە خۆی بپارێزێت، ئەمەش ئەرکی ئەکادیمییەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانە بە هاوبەشی. جگە لەمانەش، سەرەڕای ڕەخنەکان، بەڵام هەرێمی کوردستان لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە سیما و وێنایەکی پەسندکراوتری هەیە لە کۆماری ئیسلامیی لە ڕووی گرنگیدان بە بەها و نۆرمە ڕۆژئاواییەکان و مافەکانی مرۆڤ و تەنانەت دیموکراسی و فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ..هتد، هەر ئەمەش دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ گوشارخستنەسەر کۆماری ئیسلامی لەئاستی ڕای گشتی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی و تەنانەت عەرەبی ناوچەکە.
- ئایا فشارەکانی ئێران ئەگەر ناڕاستەوخۆ لە لایەن میلیشیاکانی هاوسۆز لە گەڵ ئێران ئەنجام بدرێت کاریگەری نەرێنیی لە سەر پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا بە جێ دەهێڵێت؟
تاوەکو ئێستا کەم تێچووترین سیاسەتی ئاسایشی و سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان هێرشی میلیشیاکان بووە، لەبەرامبەریشدا حکومەتی عێراق لاوازترین کاردانەوە و هەڵوێستی هەبووە. هەر بۆیە ئەگەر هەرێمی کوردستان نەتوانێت گوشار لە حکومەتی بەغدا بکات بۆ ڕاوەستاندنی ئەوە بەدڵنیاییەوە بەردەوام دەبێت. هەروەها لاوازی ئابووری هەرێمی کوردستان لەپاش ساڵی ٢٠١٤ەوە تاوەکو ئێستا و گوشارە ئابووری و داراییەکانی بەغدا بۆسەر هەرێمی کوردستان وایکردووە کە هەرێمی کوردستان نەتوانێت لە قۆناغ و پێشهاتە جیاوازەکاندا کاردانەوە و هەڵوێستێکی توندی لە دژی بەغدا هەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، ئەگەر هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا یەکدەست و یەکگوتار بن، ئەوە دەکرێت هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێز بێت، بەڵام بەپێچەوانەکەی ئەگەرێکی لاوازە و هەر بۆیە هەم پەیوەندییەکان بەردەوام بووە و هەمیش حکومەتی بەغدا کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نەبووە، ئێرانیش لەم ڕێگەیەوە گوشار و هێرشی کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان و تەنانەت ئەمریکییەکان. بەم پێیەش ڕاستییە تاڵەکە ئەمەیە کە تا ئەو کاتەی حکومەتی عێراق لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ بکرێت و هێزە سیاسییە شیعییەکان باڵی سەربازیی و سیاسیان هەبێت و دەوڵەتی قووڵ یاخود دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا لەعێراق بوونی هەبێت و هەر ئەو هێزانە باڵادەست بن و لەلایەکی دیکەشەوە، هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسە سیاسی و ئاسایشییەکان یەکگرتوو و یەکهەڵوێست نەبن، ئەوا ئەم هێرشانە دووبارە دەکرێتەوە و بەغدا و تەنانەت ئێرانیش دڵنیان لەوەی کە ئەم هێرشانە کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوانیان نییە!
ئێرانناسی: زۆر سوپاس بۆ بەڕێز دكتۆر پەروێز.