• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 11, 2025

میدیا نێودەوڵەتییەکان؛ نێوەندێک بۆ کۆنترۆڵکردنی جیهان

د. ئیبراهیم سەعید فەتحوڵا

بەرایی

لە ئێستادا میدیا نێودەوڵەتییەکان وەک نەرمەهێزێک هەژموونی بە تەواوی جیهاندا بڵاو بووەتەوە و پەیامەکانی توانایەکی بێوێنەیان هەیە لە داڕشتنی بیرۆکە و ئاڕاستەکردنی سیاسەت و  گەڵاڵەکردنی ڕای گشتیی جیهانی. میدیا نێودەوڵەتییەکان هەروەک چۆن بوونەتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەوتی زانیاری و بڵاوکردنەوەی بەها و کولتووری تایبەت، ئاوهاش لە ڕێگەی بایەخبەندیی پەخش و بڵاوکردنەوەیانەوە ڕەوتی قەیرانە جیهانییەکان ئاڕاستە دەکەن و بوونەتە پلاتفۆڕمێک بۆ کارلێکی کولتووری و پەیوەندیی نێوان گەلان، کە لە کۆتاییشدا خزمەت بە بەرژەوەندیی زلهێزەکان و هەژموونی سیاسی و کولتووریی ئەوان دەکەن. ئەم بابەتە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵ  و کاریگەریی میدیا نێودەوڵەتییەکان لە کۆنترۆڵکردنی جیهاندا، هەنگاوێکە بۆ شیکردنەوە و خستنەڕووی ئەو چەمکانەی پەیوەستن بە دۆزەکانی پەیوەست بە میدیا نێودەوڵەتییەکان و ئایندەی ئەو میدیایە لە سایەی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی بواری کۆمینیکەیشن.

چۆن لە میدیا نێودەوڵەتییەکان تێبگەین؟

میدیا نێودەوڵەتییەکان بوونەتە سیستمێکی چالاکی میدیایی کە لە سەر ئاستی جیهانی خۆیان نمایش دەکەن. ئەم سیستمە کار دەکات لە سەر گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری و ناوەرۆکی کولتووری و کاتبەسەربردن و دروستکردنی وێنەی ئەرێنی و نەرێنی لە نێوان وڵاتە جیاوازەکانی جیهاندا، بە واتای کاتێک باس لە میدیا نێودەوڵەتییەکان دەکرێت، دەبەسترێتەوە بەو میدیایەی ئاڕاستەی تەواوی گەلانی جیهان دەکرێت(١).

ئامانجی ئەم میدیایە ڕووماڵکردنی فراوانی ڕووداوە نێودەوڵەتییەکان و بەرزکردنەوەی لێکتێگەیشتنە لە نێوان گەلان و کولتوورەکاندا، هەروەها کار دەکات بۆ تیشک خستنە سەر پرسە جیهانییە جیاوازەکان. بۆیە میدیا نێودەوڵەتییەکان بەوە ناسراون کە سنووری ناۆخۆیی دبەزێنن و پەیامەکانانیان لە ڕێگەی کەناڵە ناسراوەکانەوە ئاڕاستەی تەواوی جیهان دەکەن، بە واتایەکی دیکە: بریتییە لەو میدیایەی کاریگەرییەکانی بواری ناوخۆیی دەبەزێنێت و بەرەو تەواوی جیھان پەل دەھاوێت، بەمەش لە لایەک جۆرێک لە خۆسەپاندن و لە لایەکی دیکەوە کارلێک لە نێوان کولتوورە جیاوازەکاندا دروست دەکات.

میدیا نێودەوڵەتییەکان بەو پێیەی بەردەوام لە پێشکەوتن و گۆڕاندا بوون، لەگەڵ زۆر لقی دیکەی مەعریفەی مرۆییدا تێکەڵ دەبن، وەک: زانستی سیاسی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، یاسای نێودەوڵەتی، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئابووریی نێودەوڵەتی، تەکنەلۆژیا، کولتووری جیهان… تا دوایی. بۆیە ھەر پێشکەوتنێک کە لە یەکێک لەو بوارانەدا دروست دەبێت، بێگومان بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری دەکاتە سەر میدیا نێودەوڵەتییەکانیش(٢).

میدیا نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان پشت بە چەند ئامراز و جۆرێکی میدیا دەبەستن، وەک:  ئاژانسە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان، ڕۆژنامە و گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان، تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ نێودەوڵەتییەکان، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمهێنانی فیلم، دراما، گۆرانی، ڕیکلام، یارییە ڤیدیۆییەکان، ئینتەرنێت و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییە جیهانییەکان، هەموو ئەمانەش لە ئێستادا بوونەتە بەشێکی سەرەکیی ژیانی هاوچەرخ، بەشداری لە بنیاتنانی هۆشیاریی جیهانی سەبارەت بە چەندین پرس دەکەن، بوونەتە پردی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان گەلان و سەپاندنی هەژموونی کولتووری، هاوشێوەی میدیا بە گشتی بە دیوە نێگەتیڤەکەیدا بووەتە چەکێکی مەترسیدار بە دەست زلهێزەکانەوە کە لە ڕێگەیەوە مرۆڤیان کۆنترۆڵ کردووە(٣).

شۆڕشەکانی بەنێودەوڵەتیبوونی میدیا

بەنێودەوڵەتیبوونی میدیا لە بەرەنجامی ئەو شۆڕش و وەرچەرخانە تەکنەلۆژی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و سەربازییانە هاتە ئارا، کە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەوە تا ئێستا جیهانی بەخۆوە سەرقاڵ کردووە. ئەم گۆڕانکارییە وایان کردووە میدیا سنوورە جوگرافی و کولتوورییەکان تێپەڕێنێت و ببێتە ئامرازێکی کاریگەر لە سەرتاسەری جیهاندا. کە دەوترێت شۆڕشەکان، بەو مانایە دێت کە زیاد لە بوارێک ئاوێتەی یەکدی بوون و لە بەرەنجامی ئەو بوارانەدا میدیا بەرەو بەنێودەوڵەتیبوون هەنگاوی ناوە و چیدی میدیایەک نییە کاریگەرییەکانی لە چواچێوەی سنوورێکی لۆکاڵیدا بێت، بەڵکوو میدیایەکی نێودەوڵەتییە و پەیامەکانی چ لە ڕووی ناوەرۆکەوە بێت یاخود زمانی پەخش و بڵاوکردنەوەی، تەواوی دانیشتووانی گۆی زەوی دەدوێنێت.

دیارترین ئەو هۆکارانەی میدیای بەرەو نێودەوڵەتیبوون برد، بریتی بوو لە پێشکەوتنی هۆکانی گواستنەوە و  تەکنەلۆژیای کۆمینیکەیشن. ئەگەر پەرەسەندنی چاپەمەنی و بڵاوبوونەوەی بیرۆکە و زانیاری لە سەر ئاستێکی بەرفراوان ڕێگەی خۆش کردبێت بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان لە مەودایەکی دووردا، ئەوا گەشەسەندنی هۆکانی گواستنەوە و گەیاندن بە تایبەتی پەرەسەندنی گواستنەوەی زەمینی و دەریایی وای کرد چیدی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان لە سنوورێکی دیاریکراودا خۆی قەتیس نەکات و پەیامەکانی بە تەواوی جیهاندا بڵاو بکاتەوە، بەمەش سەرهەڵدانی ئاژانسە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکانی لێ کەوتەوە کە بوونە نێوەندێک بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان بە سەرتاسەری جیهاندا. بەدوای ئەواندا سەرهەڵدانی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن وای کرد سنوورەکان لە سەرانسەری کیشوەرەکاندا واڵا بن لە بەردەم جەمارەری جیهانیدا. بەڵام هەموو ئەمانە لە لایەک و شۆڕشی ئینتەرنێت و پەخشی مانگی دەستکرد لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا لە لایەک، بە تایبەت شۆڕشی پەخشی تەلەڤزیۆنیی مانگی دەستکرد بە کردەیی جیهانی کردە ئەو گوندەی کە بووە فاکتەری یەکلاکەرەوە و بەزاندنی بەربەستە جوگرافییەکان لە لایەن میدیاوە(٤).

 لە پاڵ گەشەی تەلنەلۆژیای گەیاندن و پەیوەندیکردن، جەنگ و ململانێ جیهانییەکان و ئەو پرسانەی پرسی تەواوی دانیشتووانی جیهان بوون، هۆکارێکی دیکە بوو بۆ گەشەکردنی میدیا نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەت لەگەڵ گەشەکردنی بزووتنەوە ئیمپریالیزمییەکان و دەرکەوتنی ئەو هێزە پاوانخوازییانەی چاویان لە کۆنترۆڵکردنی سەرتاسەی جیهان بوو،  میدیا بووە هێزێکی کاریگەر کە سنووری بەزاند و ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە ڕەوایەتیدان بە سیاسەتی پاوانخوازی و کۆنترۆڵکردنی گەلان لە لایەن ئەو هێزانەوە، هاوشێوەی جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم کە وای کرد میدیا ڕووماڵی ڕووداوە جیهانییەکان بکات، ئەمەش پێویستیی ئاڵوگۆڕی زانیاریی لە نێوان وڵاتان زیاتر کرد. هەردوو جەنگی جیهانی بوونە بزوێنەری بنەڕەتیی گەشەسەندنی میدیای نێودەوڵەتی، بەو پێیەی میدیا بووە ئامرازێکی پڕوپاگەندە و کۆنترۆڵکردن لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی. دوای هەردوو جەنگەکەش، بە تایبەت لە سەردەمی جەنگی سارد و دوای جەنگی سارد،  پێشهاتە جیهانییەکان میدیایەکی نێودەوڵەتیی ئاڵۆزتر و کاریگەرتری داڕشت. ئەو چالاکییە میدیاییانە کە ناوی میدیای ئاڕاستەکراو یان میدیای نێودەوڵەتیی ئاڕاستەکراوی بۆ دانرا، ئامانجی سەرەکیی قسەکردن بوو لەگەڵ خەڵکی وڵاتانی دیکە و پێدانی زانیاری پێیان، بە مەبەستی دروستکردنی کاریگەری و قەناعەتپێکردنیان(٥).

شۆڕشی جیهانگیری و گەشەی ئابوورییش وای کرد میدیا نێودەوڵەتییەکان ببنە یەکێک لە بزوێنەرە سەرەکییەکانی جیهانگیری، بەو پێیەی ڕاستەوخۆ بەشداریی لە کۆکردنەوەی کولتوورەکان و ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی ئابووری و بڵاوکردنەوەی بەهاکانی جیهانگیری کرد، بە تایبەت فراوانبوونی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان و پەرەسەندنی بازرگانیی نێودەوڵەتی بوونە هۆی زیادبوونی پانتایی بۆ ڕووماڵی میدیا نێودەوڵەتییەکان، بە واتایەکی دیکە: لە سەردەمی ئێستای جیهانگیریدا میدیا بووەتە نێوەندێکی ستراتیژی  کاریگەر لە سەر ڕەوتی ئابووری و سیاسەت(٦).

 

کێ خاوەنی میدیا نێودەوڵەتییەکانە؟

هەروەک چۆن لە سەر ئاستی سەربازی و ئابووری ژمارەیەک هێز کۆنترۆڵی جیهانیان کردووە، ئاوهاش لە سەر ئاستی میدیایی ئەو هێزانەی بوونە نێودەوڵەتی و جیهانیان لە ڕێگەی پەیامەوە کۆنترۆڵ کردووە؛  زیاتر لە چوارچێوەی چەند وڵاتێکی زلهێزدایە، بەڵام ناکرێت لە یەک دیدگاوە ئەو لایەنانە دیاری بکرێن کە جڵەوی میدیا نێودەوڵەتییەکانیان بەدەستە و بوونەتە خاوەنی میدیا نێودەوڵەتییەکان، چونکە ئەو بابەتە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە کە زۆر لایەن تیایدا بەشدارن، لەوانە: حکومەتەکان، کۆمپانیا گەورەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت کەسانی کاریگەر.

دەکرێت حکومەت و وڵاتە زلهێزەکان میدیا وەک ئامرازێک بەکار بهێنن بۆ کاریگەری لە سەر ڕای گشتیی جیهانی، بە تایبەت هەندێک وڵات دارایی و بودجەیەکی زەبەلاح بۆ پلاتفۆڕمی میدیایی دابین دەکەن بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی بۆچوونەکانیان لە سەر پرسە جیهانییەکان، لە سەر ئەم بنەمایە میدیا نێودەوڵەتییەکان دەبنە ئامرازی سیاسی بەدەست ئەو دەوڵەت و حکومەتانەوە و هاوشێوەی بی بی سی (بەریتانیا)، ئاڕ تی (ڕووسیا)، سی جی تی ئێن (چین) و دەنگی ئەمەریکا و سەوا و ئەلحوڕە (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا). ئەگەرچی شێوازی بەڕێوەبردن و پارەدارکردنی ئەو میدیا نێودەوڵەتییانە چونیەک نین و بە گوێرەی سیستمە سیاسییەکان گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام لە دەرئەنجامی کۆتاییدا ئەو میدیا نێودەوڵەتییانە بوونەتە ئامرازی ململامێ نێودەوڵەتییەکان، ڕکابەرە سیاسییەکان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بە چاوی دوژمن دەڕواننە پەیامەکانی یەکدی. بۆ نموونە؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بەرامبەر سەپاندنی سزا بەسەر کەناڵی ئاڕ تی (ڕووسیا)، پاساوی ئەوەی هێنایەوە کە گوایە ئەو کەناڵە جگە لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست، ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕووسیاوە(٧).

 بە هەمان شێوە، کۆمپانیا گەورەکانی میدیا یاریزانێكی دیارن لە بازاڕی میدیای نێودەوڵەتیدا، بە تایبەت چەند کۆمپانیایەکی زەبەلاح کۆنترۆڵی زۆربەی میدیا نێودەوڵەتییەکانیان کردووە، لە نێو ئەو کۆمپانیایانەدا زۆر جار کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بە نموونە دەهێنرێنەوە کە چۆن دەستیان بەسەر بازاڕی میدیادا گرتووە نەک تەنها لە ئەمەریکا، بەڵکوو لە تەواوی جیهاندا، لەوانە: “وارنەر میدیا”، “نیوز کۆرپ”، “کۆمپانیای واڵت دیزنی”، “سی بی ئێس”، “کۆمکاست” و “ڤیاکۆم”، کە دەستکەوتی ساڵانەی داراییان بە ٢٧٥ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. هەندێک لەو کۆمپانیایانەش خاوەنی دەزگای میدیایین لە وڵاتە کانی دیکەدا، بۆ نموونە؛ نیوز کۆڕپ خاوەنی ٣ ڕۆژنامەیە لە ٣ وڵاتدا: ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ئەمەریکا، زە سەن لە بەریتانیا و ڕۆژنامەی ئوسترالیا لە ئوسترالیا.

 هەروەک ئەو کۆپانیایانە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە پیشەسازییەکی فیلمدا کە ساڵانە نزیکەی ٢٠٠ فیلم بەرهەم دەهێنن و زۆربەیان لە سەرانسەری جیهاندا نمایش دەکرێن. بۆ تێگەیشتن لە کاریگەریی ئەم کۆمپانیایانە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەسە ئەوە بزانین  لە ساڵی ٢٠١٩دا سینەمای ئەمەریکی کە بە هۆڵیوود ناسراوە ، ٤٢.٥ ملیار دۆلاری لە داهاتی بۆکس ئۆفیس قازانج کردووە. بە پێی خەمڵاندنەکان، لانی کەم ٣٥%ی ئەو پارەیە لە نمایشەکانی وڵاتانی دیکەوە بێت. ئەم ڕێژەیەش لە پلاتفۆڕمەکانی ستریمینگی دیجیتاڵیدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، وەک نێتفلێکس و دیزنی پڵەس و ئەوانی تر کە کارەکانیان لە هەموو شوێنێکی جیهان پیشان دەدەن و زۆربەی پلاتفۆڕمەکانی ستریمینگ دیجیتاڵی یان خاوەندارێتیی بۆ یەکێک لەو شەش کۆمپانیا گەورانە دەگەڕێتەوە، یان بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیایانە پیشان دەدەن(٨).

ئەم کۆمپانیایانە و چەند کۆمپانیایەکی دیکە کە بارەگا سەرەکییەکانیان لە چەند وڵاتێکی ئەورووپا و ژاپۆنە،  جگە لەوەی کۆنترۆڵی زانیارییەکان و بیروڕا و کاتبەسەربردنیان کردووە، دەسەڵاتێکی گەورەیشیان هەیە لە کاركردنە سەر ڕای گشتیی جیهان، هەروەک قازانجێکی ماددیی یەکجار زۆر لە بازاڕی میدیای نێودەوڵەتیدا بەدەست دەهێنن.

لە پاڵ ئەو کۆمپانیایانەدا، کۆمپانیاکانی وەک: گوگڵ، یوتیوب، فەیسبوک و ئینستاگرام، ئێکس و تیکتۆک؛ ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە دیاریکردنی ئەوەی کە خەڵک چ هەواڵ و ناوەرۆکێک دەبینن، بە تایبەت ئەلگۆریتمەکانی ئەم پلاتفۆڕمانە کۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان دەکەن، ئەمەش وای کردووە ئەو کۆمپانیایانە کاریگەرییەکی زۆریان هەبێت لە داڕشتنی کارنامەی میدیا نێودەوڵەتییەکاندا. بۆ نموونە: یوتیوب جەختی لەوە کردووەتەوە کە زیاتر لە ٢٣٠ کەناڵی لا بردووە کە پەیوەندییان بە میدیاکانی سەر بە ڕووسیاوە هەیە. ئەو بڕیارانە دوای ئەوە هات کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سزای بەسەر میدیای دەوڵەتی ڕووسیادا سەپاند و بەوە تۆمەتباری کردن کە زانیاریی ناڕاست سەبارەت بە شەڕی ئۆکراین بڵاو دەکاتەوە(٩).

هەندێک ڕێکخراو و دامەزراوەی قازانجنەویست وەک: هیومان ڕایتس وۆچ، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و پەیامنێرانی بێسنوور؛ بەشدارن لە ڕێنماییکردنی مشتومڕی میدیا نێودەوڵەتییەکان. لەگەڵ گەشەسەندنی ئەپەکانی سۆشیالمیدیا، هەندێک لە کەسایەتییەکان لە ڕۆژنامەنووس و سیاسی و ئەستێرەی بوارە جیاجیاکان توانییان ببنە بەشدار لە داڕێژەرانی گوتاری میدیا نێودەوڵەتییەکان، هەندێکیان لە پلاتفۆڕمە بەدیلەکان (وەک ویکیلیکس) زانیاریی هەستیاریان ئاشکرا کرد کە بوونە بەربەست لە بەردەم گێڕانەوەی فەرمیی میدیا باوەکاندا(١٠).

 لە کۆی هەموو ئەو نێوەندانەی کۆنترۆڵی میدیا نێودەوڵەتییەکانیان کردووە، ناکرێت ئەو ڕاستییە بەدوور بگیرێت کە بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکان ڕۆڵیان هەیە لە ئاڕاستەکردنی ڕووماڵکردنی میدیا نێودەوڵەتییەکاندا،  کە پلەی یەکەم خزمەتکردنە بە ئەجێندای وڵاتە ڕۆژئاواییە سەرمایەدارەکان، جا لە لایەن حکومەتەکانی ئەو وڵاتانەوە بێت یان کۆمپانیاکانیان یان گرووپەکانی فشار.

قۆرغکردنی بازاڕی میدیا نێودەوڵەتییەکان

وەک چۆن لە بازاڕی ئابووریی جیهاندا کۆمەڵێک یاریزان بازاڕەکەیان بۆ خۆیان قۆڕغ کردووە و ململانێی ئەو لایەنانە دەکەن لە سایەی یاساوڕێساکانیان لا دەدەن کە بێنە ناو ئەو بازاڕەوە، ئاوهاش بازاڕی میدیا نێودەوڵەتییەکان بازاڕێکی ئاڵۆزە و هەموو میدیایەک ناتوانێت خۆی وەک میدیایەکی نێودەوڵەتی نمایش بکات.

فۆڕنەر وەک توێژەرێکی بواری میدیای نێودەوڵەتی کۆمەڵێک خەسڵەتی دیاری کردبوو کە میدیا نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەیانەوە دەناسرێنەوە، وەک: مەبەستدارێتی، جۆری کەناڵەکان، تەکنیکی پەخش و بڵاوکردنەوە، شێوەی ناوەرۆک، کاریگەریی کولتووری و سروشتی سیاسی(١١)، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت کۆی هەموو ئەو خەسڵەتانە پەیوەستە بە هێزی سیاسی و ئابوورییەوە، بە واتایەکی تر: ئەو دەمە میدیا بتوانێت سنووری لۆکاڵی ببەزێنێت و بەرەو نێودەوڵەتی هەنگاو بنێت کە پشتیوانییەکی بەهێزی سیاسی و ئابووریی هەبێت لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی.

 دەکرێت میدیا بە هێزێکی سەربازی بشوبهێنرێت، هەروەک چۆن هەموو هێزێکی سەربازی توانای ئەوەی نییە ببێتە هێزێک کە لە سەر شانۆی جیهانی خۆی نمایش بکات و ڕەنگە توانای جووڵەی لە چوارچێوەی وڵاتێکدا بێت و  لە ئەگەرێکی زۆردا توانای دەستوەردانی لە تخومێکی هەرێمیدا هەبێت، ئاوهاش هەموو میدیایەک ناتوانێک ببێتە نێودەڵەتی و کاریگەرییەکانی بەسەر کۆی جیهاندا بڵاو بکاتەوە، ئەو میدیایانەی بوونەتە نێودەوڵەتی و کاریگەرییان دروست کردووە، گوزارشت لەو هێزە تەقلیدیانە دەکەن کە لە سەر ئاستی سیاسی و سەربازی توانای کۆنترۆڵکردنی جیهانیان هەیە.

ئەو میدیا نێودەوڵەتییانەی قۆرغی بازاڕەکەیان کردووە، لە بنەمادا پاڵپشتی و پشتگیرییەکی بەهێزی سیاسی و ئابووری و تەکنەلۆژییان هەیە. بازنەیەکی بازاڕیان دروست کردووە، هەر میدیایەک بیەوێت بچیتە نێو بازنەکەوە دەبێت لە سایەی ئەواندا کار بکات و بە فلتەری ئەواندا بڕوات. لەم سۆنگەیەوە میدیای نێودەوڵەتی تەنها ئامرازێک نییە بۆ گەیاندنی هەواڵ و زانیاری و ناوەرۆکە جۆراوجۆرەکان، بەڵکوو ئامرازێکی ستراتیژییە بۆ کاریگەریدانان لە سەر بیروڕای گشتی و پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئەو لایەنانەی لە پشت میدیاکەوەن(١٢).

 لە بازاڕی میدیای نێودەوڵەتیدا دەسەڵاتی ئابووری و سیاسیی سەرمایەدارییەکان ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن لە کۆنترۆڵکردندا، لە ڕێگەی چەند میکانیزمێکەوە توانای کۆنترۆڵکردنی ڕەوتی زانیاری و داڕشتنی ئەجێندا جیهانییەکانیان هەیە، بە تایبەت کۆمپانیا گەورەکان زاڵن بەسەر میدیادا، چونکە سەرچاوەی دارایی زۆریان هەیە، لە بەرامبەردا وڵاتە زلهێزەکان سیاسەتی میدیایی خۆیان بەسەر میدیا نێودەوڵەتییەکاندا دەسەپێنن، حکومەتەکان میدیا نێودەوڵەتییەکان بەکار دەهێنن بۆ داڕشتنی سیاسەتی بیروڕای گشتی لە دەرەوەی وڵاتەکانیان، بۆیە ئەوەی دەبینرێت لە بازاڕەکەدا میدیای ئەو وڵاتانەن کە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی هەژموونی سیاسی و ئابووری و سەربازییان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا چەند میدیایەک دەرکەوتوون وەک میدیایەکی نێودەوڵەتی دەناسرێن و خاوەندارێتییان لە دەرەوەی وڵاتە ڕۆژئاواییەکانە، لەوانە ئەلجەزیرە ئینتەرناشناڵ کە وەک یەکێک لە میدیا نێودەوڵەتییە دیارەکان دەناسرێت. ھەر لە سەرەتای پەخشیەوە بە شێوازێکی جیاواز لە میدیای بینراوی عەرەبی خۆی نمایش کرد، چ لە ڕووی ناوەرۆکەوە یاخود زمانی پەخشی  کە سەرنجی زۆربەی بینەرانی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، هەروەها لە  ڕووی بەرنامە و شێوازی پێشکەشکردن و بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای نوێی پەخشەوە(١٣).

ئەگەرچی ئەلجەزیرە خۆی وەک میدیایەکی سەربەخۆ دوور لە هەژموونی گێڕانەوە میدیاییەکانی ڕۆژئاوا  ناساند، بە تایبەت دوای ھێرشەکانی ١١ی سێبتەمبەری ٢٠٠١ چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئوسامە بن لادن سەرۆکی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە ئەنجام دا و بە هۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان وای کرد ئازادانە بچێتە ئەفغانستان و ڕووماڵی ڕووداوکان بکات(١٤). بەڵام ناتوانرێت بخرێتە نێو ئەو میدیایانەی لە دژی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا و سیستمی سەرمایەداری کار دەکەن. هەروەک زۆرێک پێیان وایە میدیای ئەلجەزیرە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ چووەتە نێو بازنەی بەرژەوەندییەکانی هێزە سەرمایەدارەکان، چ لە ڕووی ئەو ئەو سامانە زۆروزەوەندەی تەرخانی کردووە بۆ کۆمانیاکانی دابینکاری تەکنەلۆژیای بەرمەمهێنان و پەخش، یاخود لە هێنانەپێشەوەی دەنگە ناڕازییەکانی دژی گەندەڵیی ڕژێمە سیاسییە عەرەبییەکان،  بە تایبەت بابەتەکانی پەیوەست بە نەبوونی ئازادی و دیموکراسی(١٥) کە بە مانای بانگەشە دێت بۆ بەهاکانی سیستمە دیموکراسییە سەرمایەدارییەکانی ڕۆژئاوا، هەروەک دەوڵەتی قەتەر کە سەرپەرشتیی کەناڵەکە دەکات بەردەوام پەیوەندییەکی ستراتیژیی لەگەڵ ئەمەریکادا هەبووە، واشنتن وەک هاوپەیمانێکی گرنگی خۆی تەماشای دەوحە دەکات، چ وەک سەرچاوەیەکی دابینکردنی وزە بۆ وڵاتەکەی یاخود وەک شوێنێکی گرنگ بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە کردوویەتیە بنکەیەکی سەربازیی ستراتیژی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی(١٦).

بۆیە گەر ئەلجەزیرە ببێتە هەڕەشە بۆ سیستمی سەرمایەداریی جیهانی، یاخود بچێتە بەرەی دژ بە سیاسەتەکانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، ئەوا بێگومان هاوشێوەی میدیاکانی ئێران و ڕووسیا لە نێو دنیای پەخشی دیجیتاڵیدا بلۆک دەکرێت و بەر بە پەیامەکانی دەگیرێت.

جۆرێکی دیکەی ئەو قۆرغکارییەی لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا بەدی دەکرێت؛ هاوپەیمانیی میدیا، ئابووری، سیاسەتە . هەندێک وڵات هاوکاریی کۆمپانیا گەورەکانی میدیا دەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی هەندێک گێڕانەوە لە میدیا دەوڵەتییەکاندا، لە ڕوانگەیەوە ئەو ڕاستییە بەرجەستە بووە کە دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی ڕێگە بە وڵاتان و کۆمپانیاکان دەدەن کە میدیا نێودەوڵەتییەکان کۆنترۆڵ بکەن، ئەمەش وا دەکات بیروڕای گشتی لە سەر ئاستی جیهان لەقاڵب بدەن و کاریگەرییان لە سەر پرسە جیهانییەکان هەبێت. ئەم کۆنترۆڵە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەکان بەکار دەهێنرێت. ئەم ستراتیژە لە زۆربەی وڵاتە پێشکەورتووەکانی جیهاندا پەیڕەو دەکرێت و میدیا بە چەندین شێوە کاریگەریی کردووەتە سەر سیاسەتی گشتی(١٧).

تاکجەمسەری لە میدیای نێودەوڵەتیدا

لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە  تا نەمانی یەکێتیی سۆڤیەت و بلۆکی سۆشیالیستی، باس لەوە دەکرا کە میدیا نێودەوڵەتییەکان لە لایەن دوو جەمسەرەوە کۆنترۆڵ کراون کە بریتی بوون لە بلۆکی ڕۆژهەڵاتی سۆشیالیستی بە سەرۆکایەتیی یەکێتیی سۆڤیەت و بلۆکی ڕۆژئاوایی سەرمایەداری بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەڵام بە نەمانی یەکێتیی سۆڤیەت و هەڵوەشاندنەوەی بەرەی سۆشیالیستی، چەمکی تاکجەمسەری لە نێو میدیای نێودەوڵەتیدا هاتە ئاراوە.

لە ئێستادا لەگەڵ گەشەی تەکنەلۆژیای پەخشدا، تاکجەمسەری لە میدیای نێودەوڵەتیدا تەنها بە واتای هەژموونی لایەنێک (وڵاتێک، کۆمەڵێک وڵات، یان قەوارەی میدیایی) بەسەر ڕەوتی زانیاری و گوتار و ناوەرۆکە میدیاییەکان لە سەر ئاستی جیهانیدا نایەت، بەڵکوو بە مانای هەژموونی دیسکۆرسی سەمایەدارییە بەسەر جەماوەردا بە گشتی(١٨)، کە ئەمەش کاریگەریی لە سەر شێوازی پێکهاتنی بیروڕای گشتی و ئاڕاستەکردنی کارنامەی میدیایی بەجێ دەهێڵێت.

 هەژموونی دیسکۆرسی سەرمایەداریی ڕۆژئاوایی، بە تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەسەر میدیا نێودەوڵەتییەکاندا، وای کردووە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بە پێی سروشتی گۆڕانکارییەکان ئاوێتەی میدیا نێودەوڵەتییەکان ببن و وەک پێوەرێک بۆ سەرکەوتن یان شکست تەماشای بکەن، واتە میدیا بووەتە بەشێکی دانەبڕاو و یەکێک لە پایە گرنگەکانی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا(١٩).

باڵادەستیی دەزگا میدیاییەکانیان بەسەر تەواوی جیهاندا وای کردووە لە یەک دیدگاوە ڕووداوەکانی جیهان بگوازرێتەوە، هەر ئەو دەزگایانەش بایەخبەندیی میدیا بە ڕووداو و ڕووماڵی جیهانی دیاری بکەن. لەم سۆنگەیەوە ڕەخنەگرانی ئەم تێرمە پێیان وایە هەواڵ و شیکارییەکان لە ڕوانگەی یەک جەمسەرەوە کە جەمسەری ڕۆژئاواییەوە هەناردە دەکرێن بۆ تەواوی جیهان، ئەمەش لایەنگری لە گێڕانەوەی میدیادا دروست دەکات و هەندێک بابەت کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا ناکەن؛ پشتگوێ دەخرێن یان پەراوێز دەخرێن، سەرەنجام کاریگەریی لە سەر کارنامەی سیاسی و ئابووری دەبێت، بە واتایەکی دیکە: میدیای باڵادەست لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی تەنها هەواڵ بڵاو ناکاتەوە، بەڵکوو کاریگەری لە سەر سیاسەت دروست دەکات بە داڕشتنی ڕای گشتی لە سەر پرسە گەورەکانی وەک شەڕ، سزا، قەیران، هەڵبژاردن. بۆ نموونە میدیا نێودەوڵەتییەکان بۆ پاساوهێنانەوە بۆ دەستتێوەردانی سەربازی یان سزا بەسەر هەندێک وڵاتدا بەکار دەهێنرێت، هەروەک هەندێک گرنگی دەدرێت بە هەندێ پرس، لە کاتێکدا پرسەکانی دیکەی هاوشێوە پەراوێز و پشتگوێ دەخرێن ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندییە سیاسی یان ئابوورییەکانی ئەو جەمسەرەدا  نەگونجێن کە کۆنترۆڵی میدیا نێودەوڵەتییەکانیان کردووە.

ئەگەرچی لەگەڵ گەشەکردنی تەکنەلۆژیا و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان، هەندێ لە نووسەران پێیان وا بوو چیدی لایەنێک ناتوانێت قۆرغی بازاڕی میدیا بکات و دەرفەت بۆ هەمووان ڕەخساوە، واتە چەمکی تاکجەمسەری گۆڕاوە بۆ فرەجەمەسەری پەیامەکان بڵاو بکەنەوە، بەڵام ئەم بۆچوونانەش جارێکی تر کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکانی هاوشێوەی گوگڵ، فەیسبوک، تۆڕی X ، یوتیوب؛ دەستیان بەسەر ئەو بازاڕەشدا گرت، ئەمەش چەمکی تاکجەمسەری زیاتر خۆی زەق کردەوە، بە شێوەیەک هێزێکی زۆریان هەیە لە دیاریکردنی ئەوەی کە چ ناوەرۆکێک دەگاتە وەرگرەکان. ئەم پلاتفۆڕمانە دەتوانن بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان کۆنترۆڵ بکەن، تەنانەت هەندێک ناوەرۆک بە ناوی زانیاریی چەواشە (زانیاریی هەڵە)، یان بە پشتبەستن بە پێوەرە ناڕوونەکان بلۆک بکەن و ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بگرن، لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین ئەم ستراتیژە بە ڕوونی بەرجەستە بووە کاتێک کەناڵە ڕووسییەکان بە تۆمەتی ئەوەی زانیاریی ناڕاست بڵاو دەکەنەوە لە نێو سەکۆکانی سۆشیالمیدیادا بلۆک کران و بەر بە پەخشی پەیامەکانیان گیرا(٢٠).

تاکجەمسەری لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵێک ئاڵنگاریی هێناوەتە ئارا، لەوانە زاڵبوونی یەک گێڕانەوە لە سەر شانۆی جیهان وا دەکات هەمەجۆریی دیدگاکان کەم بێتەوە، دۆخێک بێتە ئاراوە لەگەڵ خۆیدا زانیاریی هەڵە و دەستکاریکردنی زانیاری بۆ خزمەتکردنی هەندێک ئەجێندای سیاسی و ئابووری دروست ببێت، سەرەنجام میدیای دژەڕۆژئاوا لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی پەراوێز بخرێت و توانای ململانێی نەمێنێت بە هۆی کۆنترۆڵی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان لە سەر ژێرخانی دیجیتاڵیی جیهانی.

میدیا نێودەوڵەتییەکان و لێشاوی بێقەیدومەرجی ھەواڵ و زانیارییەکان

لێشاوی بێقەیدومەرجی هەواڵ و زانیارییەکان لە لایەن میدیا نێودەوڵەتییەکانەوە لە چلەکانی سەدەی ڕابردووەوە قسەی لە سەر دەکرێت و تا ئێستا درێژەی هەیە،  زۆر جار بووەتە جێگەی مشتومڕی زۆرێک لە وڵاتان و تەنانەت لە نێو کۆبوونەوەکانی یونسکۆدا قسەی لە سەر کراوە، بە تایبەت لە لایەن وڵاتانی تازەپێگەیشتووەوە بەردەوام جەختی لە سەر دەکرێتەوە. مەبەست لێی ئەوەیە کە وڵاتانی پێشکەوتوو لە سەر بنەمای کارکردن بە تیۆری لیبراڵ کۆنترۆڵی تەواوی میدیای نێودەوڵەتییان کردووە و لە سەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆیان پەیامەکان بە بێ قەیدومەرج و بە بێ گوێدانە تایبەتمەندی و پێداویستیی گەلانی دیکە بڵاو دەکەنەوە .

لایەنگرانی ئەم تێرمە ڕەخنە لە وڵاتانی ئەمەریکا و ئەورووپای ڕۆژئاوا دەگرن و پێیان وایە ئێستا ئەو وڵاتانە کۆنترۆڵی میدیای نێودەوڵەتییان کردووە، ئەم ڕاستییانەش دەکەنە پاساوی خۆیان کە ئەو ئاژانسانەی ھەواڵ کە کۆنترۆڵی ھەواڵەکانی جیھان دەکەن بریتین لە ئاژانسەکانی (ڕۆیتەرز، فرانس پرێس، ئاسۆشێتد پرێس) کە سەنتەری سەرەکییان لە بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەمەریکایە. لێکۆڵینەوەکانیش دەریانخستووە کە ٩٠%ی ھەواڵەکانی جیھان لە لایەن ئەو ئاژانسانەوە بەرھەم دەھێنرێ. دیارترین ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی لە سەر ئاستی جیھان وەرگریان ھەیە لە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەورووپا دەردەچن، گرنگترین ماڵپەڕ و ڕادیۆ و کەناڵی تەلەڤزیۆنی کە ئاڕاستەی جیھان دەکرێن ئەمەریکی و ئەورووپیین. بە هەمان شێوە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆنترۆڵی ئەو زنجیرە و فیلمە سینەماییانە دەکەن کە ئاڕاستەی جیھان دەکرێن و  زۆرترین ئاژانسەکانی ڕیکلام لە ئەمەریکا و ئەورووپان و وڵاتەکانی دیکەش تەنھا لقی ئەو ئاژانسانە و نووسینگەی بچووکی ئەو ئاژانسانەی تێدایە.

تیۆرە ڕەخنەییەکانی بواری میدیا بە وردی لە سەر چەمکە هەڵوەستە دەکەن و پێیان وایە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی زانیارییەکانەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی جیهان دەدەن، ئەم ڕاستییەش لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ساڵ بە ساڵ زیاتر بەرجەستە دەبێت کە بە هۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای کۆمینیکەیشن و میدیاوە وڵاتە ڕۆژئاواییە پیشەسازییەکان توانیویانە لەو بوارەدا سەرکەوتوو بن(٢١).

دەوڵەتانی تازەپێگەیشتوو لە سەر بنەمای ئەو ڕاستییانە ڕەخنە لە میدیای ئەمەریکی و ئەورووپای ڕۆژئاوایی دەگرن، ڕەخنەکانیشیان لەوەدا چڕ دەکەنەوە کە ئەو میدیایانە بە مەبەستەوە کار دەکەن و زیاتر گرنگی دەدەن بە بەرژەوەندیی خۆیان، بە تایبەت ئەو ھەواڵ و زانیارییانەی پەیوەستن بە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو؛ بە تەواوی لە لایەن ئەو کەناڵانەوە ناخرێنە ڕوو، بەڵکوو کەموکوڕی تێدا هەیە، ھەروەھا گوزارشتێکی ڕاستەقینە نین لە خواستی دانیشتووانی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو. لە بەرامبەردا میدیا نێودەوڵەتییەکان دژی ئەوەن گۆڕان لە شێوازی کاری حۆیاندا بکەن، وەڵامی ئەو ڕەخنانەش بەوە دەدەنەوە کە ڕژێمی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتانە ڕێگرن و سانسۆر دادەنێن لە بەردەم کاری میدیاییدا، ئەمەش وای کردووە کارکردن لەو وڵاتانە ئاسان نەبێت.

میدیا نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی وێنەی ئەرێنی و نەرێنی

بەو پێیەی میدیا نێودەوڵەتییەکان کۆنترۆڵی هەواڵ و زانیاریی گواستنەوەی بیروبۆچوونەکانیان کردووە و  بوونەتە گوێزەرەوەی ڕووداو و گۆڕانکارییە جیهانییەکان، هەر ئەوانیش وێنای جەلاد و قوربانی، خێر و شەڕ، ستەمکار و  ستەملێكراو دەکەن، لە سەر ئەم بنەمایە چەمکی دروستکردنی وێنەی میدیایی، جا وێنەی گەلان بێت یاخود وێنەی پرس و دۆزە جیهانییەکان، بووەتە بابەتێکی گرنگی توێژینەوەکانی پەیوەست بە میدیای نێودەوڵەتی. زۆرێک لە بیرمەندە ڕەخنەگرەکانی بواری میدیا، هاوشێوەی چۆمسکی و برنارد لويس و ئیدوارد سەعید، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە چۆن میدیا توانای خوڵقاندنی دۆخێکی هەیە کە کۆنترۆڵی بیرکردنەوەی وەرگرەکان دەکات(٢٢).

وێنەی میدیایی بریتییە لە کۆمەڵێک تایبەتمەندی کە میدیا نێودەوڵەتییەکان لە مێشکی وەرگردا دروستی دەکەن،  لە ڕێگەی ئەو وێنانەوە ماناکانی پەیوەست بە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دیاری دەکرێت. زۆر جار میدیا نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی ناوەرۆک و بەرنامەکانیەوە وێنەیەک بۆ وڵاتێک یان گەلێک دەنەخشێنن جا بە ئەرێنی بێت یاخود نەرێنی، لە بنەڕەتیشدا ئەوە وێنەیەکە ڕاستی نییە، بەڵکوو میدیاکان بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دروستیان کردووە(٢٣).

لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا هەندێک گەل و وڵات بە پشتبەستن بە بەرژەوەندییەکان، ململانێ، یان نزیکیی کولتووری، بە شێوەیەکی ئەرێنی یاخود نەرێنی وێنا دەکرێن، ئەم وێناکردنانە ڕەنگە کاریگەرییان هەبێت لە سەر شێوازی سەیرکردنیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. بۆ نموونە؛ ڕەنگە هەندێک گەل لە چوارچێوەی مرۆیی یان کۆمەڵایەتیدا وەک قوربانیی ململانێکان یان وەک پاڵەوان لە بەرەنگاربوونەوەی ستەمدا وێنا بکرێن، بە پێچەوانەوە، ڕەنگە هەندێکی دیکە وەک ستەمکار یان شێواو نیشان بدەن، ئەمەش سروشتی میدیایە بە گشتی کە لە بنەڕەتدا خزمەت بە سیاسەت و ستراتیژی ئەو لایەنانە دەکات کە پارەی بۆ دابین دەکەن، لێرەوە ئەرکی میدیا دەبێتە ئەرکێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی(٢٤).

 لە ئێستادا توێژینەوە زانستییەکانی پەیوەست بە وێنەی میدیایی یەکێکن لە دیارترین ئەو بابەتانەی جێگەی گرنگی و بایەخن، بەو پێیەی ڕۆڵی میدیا لە داڕشتنی وێنەی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان و دامەزراوە جۆراوجۆرەکان ڕوون دەکاتەوە، بە تایبەتی دوای ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژییانەی کە لە بواری کۆمینیکەیشندا هاتوونەتە ئارا(٢٥).

میدیا نێودەوڵەتییەکان وەک ئامرازێکی دیپلۆماسیەتی گشتی

دیپلۆماسیەتی گشتی دەچێـتە خانەی ئەو ھێزە نەرمەی (Soft Power) کە زۆرێک لە وڵاتان پەنای بۆ دەبەن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گەلان و وڵاتان بە لای خۆیاندا، بە واتایەکی دیکە: لە بریی بەکارھێنانی ھەڕەشە و ھێزی سەربازی، لە ڕێگەی ئەم جۆرە دیپلۆماسیەتەوە میللەتان دەخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و بە سیاسەت و کولتوور و بەھا و دابونەریت و پرەنسیپەکانی خۆیان ئاشنایان دەکەن(٢٦).

لە دیپلۆماسیەتی گشتیدا زیاد لە ئامرازێک بەکار دێت بۆ دروستکردنی پڕۆسەی پەیوەندیکردن بە گەلانی دیکەوە. یەکێک لە ئامرازە دیارەکانی میدیای نێودەوڵەتییە، بەو پێیەی میدیای نێودەوڵەتی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە بەرزکردنەوەی پەیوەندیی نێوان گەلان و فراوانکردنی بازنەی لێکتێگەیشتن لە دەرەوەی کەناڵە فەرمییە تەقلیدییەکان و توانایەکی کاریگەری هەیە لە سەر بیروڕای گشتیی بیانی و پەیوەندیی درێژخایەن لەگەڵ گەلانی تر.

دیارترین ئەو ڕۆڵەی میدیا نێودەوڵەتییەکان دەیگێڕن لە بواری دیپلۆماسیەتی گشیدا، بریتییە لە خستنەڕووی وێنەیەکی ڕوون و ڕاستگۆیانە لە کولتوور و بەها و ئامانجەکانی وڵاتێک، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی متمانە و کەمکردنەوەی لێکتێگەیشتنە هەڵەکان، بە تایبەت میدیا نێودەوڵەتییەکان لە کاتی قەیرانەکان یان ڕووداوە گەورەکاندا دەبێتە ئامرازی پەیوەندیی نێوان وڵاتە زلهێزەکان و گەلانی وڵاتانی دیکە، ئەمەش دەرفەت بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێست و سیاسەتەکان دەڕەخسێنێت، جگە لەوەی لە ڕێگەی بەرنامەی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی، ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی، فێستیڤاڵە کولتوورییەکان، میدیا نێودەوڵەتییەکانەوە دەتوانن ببنە سەکۆی بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان و بەرەوپێشبردنی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ قەیرانەکان، ئەمەش ئەو توانایەیە کە میدیای نێودەوڵەتی هەیەتی و ڕەنگە دیپلۆماسیەتی فەرمیی وڵاتان ئەو توانایەیان نەبێت، چونکە دیپلۆماسیەتی تەقلیدی ھەوڵ دەدات بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان دروست بکات، ھەر چی دیپلۆماسیەتی گشتییە لە ڕێگەی میدیا نێودەوڵەتییەکانەوە ھەوڵ دەدات کاریگەری لەسەر جەماوەرێکی بیانی دروست بکات کە ڕەنگە بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ بێت و لە ئایندەدا شوێنەوارەکانی دەربکەوێت(٢٧).

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە زۆرترین سوودی لە میدیای نێودەوڵەتی وەرگرتووە وەک ئامرازێکی کاریگەر لە خزمەت دیپلۆماسیی گشتیدا. ئەمەریکا بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی نەرم و ئامرازە جۆراوجۆرەکانی میدیا، توانیویەتی وێنەیەکی جیهانیی کاریگەر بنیات بنێت و کاریگەری لەسەر بیروڕای گشتیی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و کولتووری و ئابوورییەکانی.

 دەنگی ئەمەریکا (VOA) هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە وەک بەشێک لە چالاکیی  دیپلۆماسیەتی گشتیی ئەمەریکا دامەزراوە بۆ گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری دەربارەی  کولتوور و بەهاکانی ئەمەریکا بۆ جیهان بە چەندین زمان. هەروەک کەناڵی سی ئێن ئێن یەکێکە لە دیارترین کەناڵە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان کە گوتاری سیاسیی ئەمەریکی بە تەواوی جیهاندا  پەخش دەکات و پرسە جیهانییەکان لە ڕوانگەی ئەمەریکییەوە ڕووماڵ دەکات، ئەمە جگە لەوەی سینەمای ئەمەریکی ئامرازێکی کاریگەرە بۆ بڵاوکردنەوەی بەها ئەمەریکییەکان، وەک ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ. فیلم و بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە بەرەوپێشبردنی وێنەی ئەمەریکا وەک هێزێکی کولتووریی جیهانی.

هەناردەکردنی مۆسیقای ئەمەریکی (وەک جاز و هیپ هۆپ) جگە لەوەی ڕەنگدانەوەی فرەچەشنی و کراوەیی کولتووری ئەمەریکیایی پیشان دەدات، پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵ گەلانی دیکە دروست دەکات، لە ئێستاشدا کۆمپانیا ئەمەریکییەکانی وەک فەیسبوک و تۆڕی ئێکس و ئینستاگرام وەک پلاتفۆڕمێکی جیهانی کە کارلێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بینەرانی جیهاندا دەکات، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بیرۆکە و سیاسەتی ئەمەریکا بەرەوپێش دەبەن، بە تایبەت بەکارهێنانی ئەکاونتی سۆشیالمیدیای باڵوێزخانەکان و بەرپرسانی ئەمەریکا بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵک بە زمانە جیاوازەکان و ڕوونکردنەوەی هەڵوێستەکانی ئەمەریکا. خستنەڕووی بەرنامەکانی ئاڵوگۆڕی کولتووری و پەروەردەیی وەک پڕۆگرامی فولبرایت و پڕۆگرامی IVLP ، وای کردووە ئەمەریکا ببێتە پێشەنگی پەروەردە و هاوکاریی نێودەوڵەتی، ئەم گرنگییەش لە ڕاستییەوە سەرچاوی گرتووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە درێژایی ماوەی هەژموونی خۆی میدیا نێودەوڵەتییەکانی وەک یەکێک لە پایە گرنگەکانی سەرخستنی سیاسەتی دەرەوەی بەکار هێناوە(٢٨).

بەگەڕخستنی میدیا نێودەوڵەتییەکان وەک ئامرازێکی دیپلۆماسیەتی گشتی لە لایەن ئەمەریکاوە، وای کردووە وێنەی ئەمەریکا وەک وڵاتێکی بەرپرسیار لەسەر قەیرانە جیهانییەکان پیشان بدرێت، بە تایبەت لە بواری هاوکارییە مرۆییەکان و دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکان و سەرکردایەتیکردنی جیهان، ئەمەش بووەتە مایەی پێشخستنی بەها ئەمەریکییەکان وەک ئازادی، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ. نموونەکانی بەکارهێنانی میدیای نێودەوڵەتی وەک بەشێک لە دیپلۆماسیەتی گشتی لە لایەن ئەمەریکاوە یەکجار زۆرن، لەوانە: لە سەردەمی جەنگی سارددا، ئەمەریکا لە ڕێگەی پەخشی ڕادیۆ نێودەوڵەتییە ئاڕاستەکراوەکانی هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یەکێتیی سۆڤیەت بەرپا کرد. لە دوای ١١ی سێپتەمبەریش، میدیا نێودەوڵەتییەکانی ئەمەریکا ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە ڕوونکردنەوەی هەڵوێستەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە پرسەکانی تیرۆر و هەوڵدان بۆ باشترکردنی وێنەی خۆی لە جیهانی ئیسلامیدا(٢٩).

میدیا نێودەوڵەتییەکان وەک شێوازێکی نوێی ئیمپریالیزم

تێرمی ئیمپریالیزمی میدیایی یاخود تیۆری ئیمپریالیزمی ئەلکترۆنی، لە بەرەنجامی توێژینەوەکانی پەیوەست بە سترەکتوری میدیا نێودەوڵەتییەکان هاتووەتە ئارا. لایەنگرانی ئەم تێرمە پێیان وایە لە ئەم قۆناغەی ئێستای مرۆڤایەتیدا میدیا بووەتە شێوازێکی نوێی ئیمپریالیزم.

 ئیمپریالیزمی میدیایی جۆرێکە لە ئيمپریالیزمی کولتووری و فیکری، کە میدیا وەک ئامرازێک بەکار دەهێنرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی هزری جەماوەر و کاریگەریکردنە سەر کولتوور و بەها و بیروباوەڕەکانیان لە سەرتاسەری جیهاندا. ئەم جۆرە ئیمپریالیزمە ئامانجی بڵاوکردنەوەی باڵادەستیی کولتوورێک یان سیستمێکی فیکریی تایبەتە بەسەر کولتوورە ناوخۆییەکانی وڵاتانی دیکەدا، بە تایبەت لە سەردەمی جیهانگیریدا بە ڕوونی بەرجەستە بووە و هێزە ئیمپریالیستییە میدیاییەکان هەوڵی سڕینەوەی تایبەتمەندییە کولتوورییە ناوخۆییەکان دەدەن و بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ڕێگەی میدیا و پەیامەکانیەوە دەسەپێنن.

ئەم شێوازە نوێیەی ئیمپریالیزم کار بۆ پێشخستنی بەها و بنەماکانی زلهێزەکان یان کۆمپانیا جیهانییەکان دەكات، تا بیرکردنەوەی مرۆڤ و ئاڕاستەکردنی بۆچوونەکانیان بە جۆرێک بەگەڕ بخەن بە بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن بچنە بازنەی خزمەتکردنی بەرژەوەندیی ئابووری و کولتووریی وڵاتە زلهێزەکان، بە تایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەروەها لاوازکردنی شوناسە ناوخۆییەکان و بچووککردنەوەی کولتوور و نەریتە ناوخۆییەکانی وڵاتانی دیکە(٣٠).

لە ئێستادا ئیمپریالیزمی میدیا لە ڕێگەی پەخشی کەناڵەکانی سەتەلایت و ئینتەرنێت و سۆشیالمیدیا  و بەکارهێنانی بەرنامەی تەلەڤزیۆنی و فیلم و گۆرانی و  ڕیکلام، کار لە سەر بڵاوکردنەوەی هەندێک کولتوور دەکات وەک ئامرازێک بۆ کاریگەریدانان لە سەر توێژی گەنجان لە سەرتاسەری جیهاندا. بۆیە لایەنگرانی ئەم تێرمە پێیان وایە ئەم شێوازە نوێیەی ئیمپریالزم بە شێوەیەکی نەرمونیان و سەرنجڕاکێش  کار لە سەر  شێواندنی شوناسی کولتووری زۆرێک لە وڵاتان کردووە، بە تایبەت تێکدانی میراتی کولتووری و زمانەوانیی زۆرێک لە نەتەوەکانی دنیا، لە سەروویانەوە ئەو نەتەوانەی بە هۆی لاوازیی بەرهەمێنانی میدیاوە خۆیان ڕادەستی ئەو کولتوورە کردووە کە هێزەکانی ئیمپریالیزمی میدیایی بڵاوی دەکەنەوە. بە هۆی بەرکەوتنی بەردەوامیان بەو کولتوورە، بە خۆیان بزانن یا نەزانن لاسایی کولتووری ئیمپریالیستە میدیاییەکان دەكەنەوە و کولتووری ڕەسەنی خۆیان لەبیر دەکەن، یاخود بە چاوێکی کەم و بێبایەخ تەماشای دەکەن(٣١).

لە سەر ئاستی جیھان زۆر بیرمەندی بواری کۆمیونیکەیشن و میدیا بڕوایان بەم تێرمە ھەیە و پێیان وایە کە داگیرکاریی وڵات و گەلان بەر لە زایین دەستی پێ کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام بە چەند شێوازێکی جیاواز: شێوازی یەکەم تا ساڵی ھەزاری زایین بەردەوام بووە و بریتی بووە لە داگیرکاریی سەربازی، شێوازی دووەم لە ھەزاری زایینەوە دەستی پێ کردووە و تا ساڵەکانی ١٦٠٠ی زایین بەردەوام بووە و بریتی بووە لە  ئیمپریالیزمی تەبشیری یاخود مەسیحی، شێوازی سێیەمیش لە دوای ئیمپریالیزمی مەسیحی دەستی پێ کردووە و تا ساڵی ١٩٥٠ بەردەوام بووە کە بریتی بووە لە ئیمپریالیزمی بازرگانی، دوایین شێوازیش ئیمپریالیزمی ئەلکترۆنی و میدیایە کە تا ئێستا بەردەوامە(٣٢).

تیۆرە ڕەخنەییەکانی بواری میدیا  ئێستا ئەو پرسیارە دەورووژێنێت کە ئایا میدیا خۆی بووەتە ئیمپریالیست، یاخود بوونەتە ئامرازێکی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەش قسە لەسەر هەردوو فۆڕمەکە دەکرێت، بۆ نموونە میدیا نێودەوڵەتییە ئاڕاستەکراوەکان کە لە لایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێن؛ دەبنە ئامرازێک بە دەست هێزە ئیمپریالیستەکانەوە، لە بەرامبەردا کۆمپانیا زەبەلاحەکانی میدیا، ئەوانەی سەرمایەکانیان زیاترە لە سەرمایەی چەند دەوڵەتێک، خۆیان بوونەتە هێزێکی ئیمپریالیستی بە جۆرێک خۆیان لە ئاستی حکومەت و دەوڵەتاندا دەبینن، یاخود هاوشێوەی نێوەندێکی ستراتیژیی سەربەخۆ ڕەفتار دەکەن کە ناچنە ژێر باری هیچ ڕێنماییەکەوە، بەڵام لە دەرەنجامی کۆتاییدا ئەو کۆمپانیایانە لەوە گەیشتوون کە مانەوە و قازانجیان بەندە بە بوونی ئەو سیستمە سەرمایەدارییەی کۆنترۆڵی جیهانی کردووە، بۆیە لە پرسە هەستیارەکاندا لەگەڵ دەوڵەتە زلهێزەکان و  دەزگا هەواڵگیرییە هەستیارەکاندا هاوئاهەنگ دەبن و بە یەک ئاڕاستە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی دەوڵەتە زلهێزەکان کار دەکەن. لەم سۆنگەیەوە بە هەردوو بارەکەدا وڵاتانی ئەمەریکا و ئەورووپای ڕۆژئاوا لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بوونەتە ئیمپریالیزم لە بواری میدیادا. لە ڕێگەی بەرنامەکانیانەوە ھەوڵ دەدەن بازاڕ بۆ کاڵا و بیری ئابووری بدۆزنەوە، ھەروەھا بۆچوونی سیاسیی خۆیان بسەپێنن و ڕوویەکی جوانی دابونەریتی  ڕۆژئاوایی جێگیر بکەن. لە بەرامبەر ئەو هێزە گەورانەدا ھەندێ لایەنی دیکە ھاتوونەتە ئارا کە ھەوڵ دەدەن بە ئاڕاستەیەکی دیکە کار بکەن و خۆیان وەک ئیمپریالیزمی میدیایی ناوچەیی بسەپێنن و ئەوانیش بە ئاڕاستەیەکی دیکە کار بکەن. بۆ نموونە تورکیا یاخود ئێران هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی دراماکانیانەوە کولتوور و سیاسەت و بەرژەوەندییەکانیان بەسەر وڵاتانی نزیک خۆیاندا بسەپێنن، واتە لە ڕێگەی میدیاوە هەژموونگەریی کولتووری و سیاسییان لە ناوچەیەکی دیاریکراودا بڵاو بکەنەوە.

لە پاڵ چەمکی ئیمپریالزمی میدیاییدا، چەمکی وابەستەیی هاتووەتە ئارا، بە تایبەت لە وڵاتانی جیهانی سێیەم. ئەم چەمکە پێی وایە ھەروەک چۆن پێشتر هێزە ئیمپریالیستییەکان هەندێ وڵاتی ژێردەستیان وابەستەی خۆیان کردووە، واتە چەند وڵاتێک وابەستەی ئیمپریالیزمە گەورەکان بوون، ئاوھاش ھەندێ میدیا بوونەتە وابەستەی ئیمپریالیزمە میدیاییەکان، جا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بێت کە بە پێی ستراتیژێکی دیار و ئاشکرا خۆیان دەکەنە وابەستەی میدیا گەورەکان لەبەر بەرژەوەندیی یاخود قەناعەت بە پەیامەکانی، یاخود بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ واتە بە بێ ستراتیژ و بە بێ ئەوەی ئاگادار بن بە هۆی لێشاوی بابەتەکانەوە وابەستەیان دەبن و پەیامەکانیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم دۆخەش ڕەهەندێکی مێژوویی هەیە و پەیوەستە بەو هەژموونەی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی بەسەر جیهانەوە هەیانبووە و هەوڵیان داوە کولتووری خۆیان بەسەر وڵاتانی جیهانی سێیەمدا بسەپێنن(٣٣).

نەتەوەی کورد لە ستراتیژی میدیا نێودەوڵەتییەکاندا

کە باس لە پەیوەندییەکانی نێوان کورد وەک نەتەوەیەک لەگەڵ میدیا نێودەوڵەتییەکاندا دەکرێت، زیاد لە بوارێک خۆی دەورووژێنێت، دیارترینیان ئەوەیە ئایا میدیای نێودەوڵەتیی کوردی هەیە، یاخود میدیا نێودەوڵەتییەکان چ وێنەیەکیان بۆ کورد دروست کردووە تا بە تەواوی جیهانی پیشان بدەن.

نەتەوەی کورد وەک زۆرێک لە نەتەوە بندەست و بێدەوڵەتەکان، ناتوانێت لە بازاڕی میدیا نێودەوڵەتییەکاندا خۆی نمایش بکات، ئەمەش پەیوەستە بە خەسڵەتەکانی میدیای نێودەوڵەتی کە نەک لای کورد بگرە لای زۆرێک لە دەوڵەتە سەربەخۆکان  بوونی نییە. بۆیە میدیای کوردی لە باشترین دۆخدا دەتوانێت وەک میدیایەکی نەتەوەیی خۆی نمایش بکات کە پەیامەکانی ئاڕاستەی هاوڵاتیی کوردزمان لە پارچەکانی کوردستان و جیهان بکات. بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کورد وەک گەلێک لە لایەن میدیا نێودەوڵەتییەکانەوە فەرامۆش کرابێت، بەڵکوو لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە میدیا نێودەوڵەتییەکان ئاوڕیان لە کورد داوەتەوە، بە تایبەت وەک بەشێک لە هەڵمەتی دیپلۆماسیەتی گشتیان، لە ئێستاشدا دوو دامەزراوەی گرنگی میدیای ئاڕاستەکراوی نێودەوڵەتی کە دەنگی ئەمەریکا و دەنگی ڕووسیایە، پەخشی بەرنامەکانیان بە زمانی کوردی بڵاو دەکەنەوە، بەڵام هەردوو میدیا میدیای نێودەوڵەتیی کوردی نین، بەڵکوو میدیای نێودەوڵەتیی ئەمەریکا و ڕووسیان و وەک بەشێک لە پڕۆسەی دیپلۆماسیەتی گشتی ئاڕاستەی کورد دەکرێت(٣٤).

پرسی کورد لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوام وەک بابەتێکی هەستیار و ئاڵۆز تەماشا کراوە، بەو پێیەی پەیوەست بووە بە چوارچێوەیەکی سیاسی و کولتووری و مرۆیی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت. زۆر جار میدیا نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کوردی بەسەردا دابەش کراوە  مامەڵەیان لەگەڵ کوردا کردووە، واتە ئاوڕدانەوەیان لە پرسی نەتەوەی کورد لە سایەی بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا بووە، ئەمەش زۆر جار بووەتە هۆی پشتگوێخستنی پرسی کورد یان شێواندنی، ئەم ڕاستییەش لە ڕووماڵی ڕووداوەکانی پەیوەست بە پرسی کورد (لە تورکیا، عێراق، سووریا، ئێران)دا دەردەکەێت کە لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی حکومەتە ناوەندەکان چارەسەر دەکرێن، نەک لە ڕوانگەی مافە کولتووری و نەتەوەییەکانی کوردەوە. بۆ نموونە خەباتی چەکداریی کورد لە تورکیا لە لایەن میدیا نێودەوڵەتییەکانی ئەمەریکاوە فەرامۆش کراوە یاخود وەک گرووپی یاخی یان تیرۆرستی تەماشا کراوە، چونکە تورکیا وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی تەماشا کراوە، بە هەمان شێوە میدیا نێودەوڵەتییەکانی ڕووسیا بۆ پاراستنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ ئێران بە لای پرسی کورد و مافی کەمینەکانی ئێراندا ناچێت(٣٥)، کە ئەمەش وای کردبوو بە درێژایی سەدەیەک کورد بە هۆی نەبوونی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەر و هاوسەنگی میدیایی لە سەر شانۆی نێودەوڵەتی بناڵێنێت.

ناوبەناو لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا قەیرانە مرۆییەکانی پەیوەست بە کورد (وەک ئاوارەبوون، شەڕ و پاکتاوی نەتەوەیی) دەردەخەن، بەڵام وەک بەشێک لە ململانێی بەرفراوانتر لە ناوچەکەدا دەخرێنە ڕوو. لە ماوەی جەنگ دژ بە ڕێکخراوی داعشدا، میدیا نێودەوڵەتییە ڕۆژئاواییەکان بە شێوەیەکی ئەرێنی ڕوانییانە کورد، تیشکیان خستبووە سەر هەندێک خەباتی کورد، وەک ڕۆڵی هێزە کوردییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریادا، جەخت لە سەر پرسەکانی مافی مرۆڤ کرایەوە کە پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە، بە تایبەتی لە گۆشەگیرییان لە وڵاتانی وەک تورکیا و ئێران، بەڵام هەموو ئەو پرسانە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزەکانەوە سەرچاوەی گرتبوو(٣٦).

زۆر جار میدیا نێودەوڵەتییەکان هێزە کوردییەکانی سووریایان، بە تایبەت پەیەدە، وەک شۆڕشگێڕ دژی تێرۆرستان لەقەڵەم دەدا، لە بەرامبەردا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی تەماشای پارتی کرێکارانی کوردستان و بزاوتە چەکدارەکەی دەکەن لە تورکیا، لە کاتێکدا بنەچەی ئایدۆلۆژیی ئەو دوو هێزە یەکن و لە یەک جودا نین،  ئەمەش لە بنەمادا دەگەڕێتەوە  بۆ ئەو پەیوەندییە ستراتیژییانەی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەگەڵ تورکیادا هەیانە و زیاد لە بەرژەوەندییەک پێکەوە دەیانبەستێتەوە(٣٧).

  بەدەر لە پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و سەربازییەکانی لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکان،  بۆ ئەوەی کورد وێنەی لە میدیای نێودەوڵەتیدا جوان ببێت؛ پێویستی بە هەوڵێکی ستراتیژیی هەمەلایەنە هەیە کە تیشک بخاتە سەر بنیاتنانی گێڕانەوەیەکی ئەرێنی و دادپەروەرانە کە ڕەنگدانەوەی واقیع و خواستەکانیان بێت.

بەو پێیەی کورد خاوەنی قەوارەیەکی سیاسیی سەربەخۆ نییە کە بەرژەوەندیی هاوبەشی لەگەڵ زلهێزەکاندا هەبێت و  لە ڕێگەی زەبری ئەو بەرژەوەندییانەوە وێنەی خۆی لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا بە ئەرێنی پیشان بدات، پێویستی بە گرتنەبەری میکانیزمی جیاواز هەیە تا وێنەیەکی ئەرێنی بۆ خۆی لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا بخاتە ڕوو.

بەدەر لە دەوڵەتان و کۆمپانیاکان، کارەکتەری سەرەکی لە دیاریکردنی گوتاری میدیا نێودەوڵەتییەکاندا بریتین لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بە تایبەت هیومان ڕایتس وۆچ و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، بۆیە هەر ڕاپۆرتێکی ئەو ڕێکخراوانە بە ئەرێنی و نەرێنی لەسەر کورد، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە نێو میدیا نێودەوڵەتییەکاندا. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زۆرێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، وەک ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان، بە شێوەیەک نەرێنی لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان قسەیان کردووە(٣٨)، ئەمەش بێگوومان ڕەنگدانەوەیەکی نێگەتیڤی دەبێت بۆ حکومڕانیی کوردی، چونکە یەکێک لە میکانیزمەکان بۆ جوانکردنی وێنەی کورد لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا، داکۆکیکردنە لە مافی مرۆڤ و مافی ژنان و پاراستنی کەمینەکان.

دەرکەوتنی کەسایەتییە ئاستبەرزەکان لە بواری هونەر، وەرزش، زانست، ئەدەب لەسەر ئاستی میدیا نێودەوڵەتییەکان؛ جێگەی گرنگی و بایەخن. بۆ نموونە ئەو گرنگیدانەی میدیا نێودەوڵەتییەکان بە کەسایەتییەکی وەک کۆچەر بیرکار ی دا، لە پای بەدەستهێنانی بەرزترین خەڵاتی نێودەوڵەتیی میدالیای فیڵدزە لە بواری بیرکاریدا کە هاوتای خەڵاتی نۆبڵە(39). ئەو ڕاستییەی بۆ تەواوی جیهان سەلماند کە کورد دەتوانێت هاوبەشی کاریگەر بێت لە گەیشتن بە ئاشتی و گەشەپێدان، هەروەها وەڵامدانەوەیەکی هەموو ئەو هەڵمەتە نەرێنییانە بوو کە کوردیان بە هەڕەشەی ئەمنی پیشان دەدا و وەک نەتەوەیەکی بێژیار و شارستانیەتیان دەشوبهاند.

بەرهەمهێنانی بەرهەمی هونەری و سینەمایی نێودەوڵەتی، بەرهەمهێنانی فیلمی دۆکیۆمێنتاری و تایبەت بە مێژوو و کولتووری کورد، نمایشکردنی چیرۆکی مرۆیی بە شێوازێکی سینەمایی کە توانای ڕاکێشانی بینەری جیهانی هەبێت؛ بابەتگەلێکن کە میدیا نێودەوڵەتییەکان بە بایەخەوە تەماشای دەکەن، بە تایبەتی ناوچە کوردییەکان زەمینەیەکی لەبارن بۆ چەندین چیرۆکی سەرنجڕاکێش. بۆ نموونە؛ یەکێک لە زۆرترین ئەو بابەتانەی لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا گرنگیی پێ درا، دۆزینەوەی کەللەسەری ئەو ژنە نێردەتاڵە بوو کە لە ئەشکەوتی شانەدرەی کوردستان دۆزرایەوە(40)، کە بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٤ زۆرترین ڕووماڵی لە بارەوە کرا و وشەی کوردستان چەند جارێک دووبارە بووەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ستراتیژی میدیا نێودەوڵەتییەکان بۆ گرنگیدان بە نەتەوەی کورد لە سەر زیاد لە ئاستێکە و ئەگەر بواری سیاسی لەمپەری لە بەردەمدا بێت، ئەوا چەندین بواری تر هەیە کە دەکرێت ببێتە جێگەی گرنگییان.

ئەنجام

میدیا نێودەوڵەتییەکان بوونەتە ئامرازێکی هەژموون و کاریگەری لە سەر ئاستی جیهان، کە زۆر جار بەرژەوەندیی وڵاتانی گەورە و کۆمپانیا جیهانییەکان لە پەیامەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە و وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی فیکری و کولتووری و کاریگەریی سیاسی بەسەر وڵاتان و گەلاندا بەکار دەهێنرێن.

میدیا نێودەوڵەتییەکان لە یەک کاتدا وەک چالاکییەکی دیپلۆماسیەتی گشتی و وەک هێزێکی نوێی ئیمپریالیستی دەرکەوتوون، ئەمەش وای کردووە وێنەیەکی ئەرێنی یان نەرێنی بۆ هەندێک گەل یان پرس دروست بکەن، جگە لەوەی گێڕانەوەکانی زۆر جار لە لایەن هێزە باڵادەستە ڕۆژئاواییەکانەوە بە تایبەت ئەمەریکا کۆنترۆڵ دەکرێن، کە مەیلیان هەیە ئەو ڕووداوانە لە پێشینەدا دابنێن کە پەیوەندییان بە وڵاتە کاریگەرەکان یان ناوچەکانی گرنگی جیۆپۆلەتیکییەوە هەیە، لە هەمان کاتدا ناوچەکانی دیکە پشتگوێ دەخەن.

میدیا نێودەوڵەتییەکان توانایەکی گەورەیان هەیە بۆ داڕشتنی ڕای گشتیی جیهانی، جا چ لە ڕێگەی هەواڵی خێرا، فیلمی دۆکیۆمێنتاری یان هەڵمەتی میدیایی بەرفراوانەوە بێت، یان بە هەماهەنگی لەگەڵ پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکانی بواری پەخشی ئینتەرنێتی.

لەو نێوەندەدا نەتەوەی کورد گەر بیەوێ وێنەی خۆی لە جیهاندا باشتر بکات، ئەوا پێویستی بە وەبەرهێنانە لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا تا گێڕانەوەیەکی هاوسەنگ و کاریگەر بنیات بنێت، ئەم وەبەرهێنانەش تەنها لە بواری سیاسیدا قەتیس ناکرێت، بەڵکوو بواری فەرهەنگی و مرۆیی بەرفراوان هەیە کە دەکرێت کورد سوودی لێ ببینێت.

 

سەرچاوەکان:

  1. د. فاروق خالد ، الاعلام الدولی و العولمة الجدیدة، عمان، دار اسامە للنشر و التوزیع، 2008، ص12.
  2. بطرس حلاق، الاعلام و الاتصال الدولی، دمشق، الجامعة الافتراضیە السوریە، 2020، ص10.
  3. عيسى موسى، عزام محمد الجويلي، جميل خليل محمد، الاعلام الدولی، عمان، دار المعتز للنشر و التوزیع، 2025، ص217.
  4. سامي الشريف، قضايا في الاعلام الدولي، القاهرە، الناشر دار النهضة العربية، 2007، ص15.
  5. لمام فتحية، الإعلام الدّولي الموجه للعالم العربي نموذج فرانس 24 العربية البي بي سي العربية والحرة، الجزائر، مجلة الحوار الثقافي المجلد 7، العدد 1، 2017، ص101.
  6.  Veton Zejnullahi, The Process of Globalization and Its Impact on Media, April 2016European Journal of Multidisciplinary Studies 1(4):150, p151.
  7. Vittoria Elliott, Russia-Backed Media Outlets Are Under Fire in the US—but Still Trusted Worldwide https://www.wired.com/story/russia-backed-media-outlets-are-under-fire-in-the-us-but-still-trusted-worldwide/, SecuritySep 24, 2024.
  8. 8. الستة الكبار 6 شركات أمريكية تتحكم في 90% من الإعلام في أمريكا، (8 تشرين الأول، 2022)

 https://www.alaalem.com/-%C2%AB%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%AA%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%A8%D8%A7%D8%B1%C2%BB-6-

  1. Vittoria Elliott, Russia-Backed Media Outlets Are Under Fire in the US—but Still Trusted Worldwide https://www.wired.com/story/russia-backed-media-outlets-are-under-fire-in-the-us-but-still-trusted-worldwide/, SecuritySep 24, 2024.
  2. Alberto Quian and Carlos Elías, Strategies and Reasons for the Impact of WikiLeaks on World Public Opinion, Esp.Investig.Sociol. ISSN-L: 0210-5233. Nº 162, April – June 2018, p. 92.
  3. عبد الرزاق محمد الدليمي، الاعلام الدولي في القرن الحادي و العشرين، عمان: الاردن، دار المسيرة، 2011، ص٢٦٢.
  4. سلام عبدالمهدي كريم الجبورى، دور قناتي الحرة و الـ (BBC) الفضائيتين الناطقتين باللغة العربية في اثارة الوعي السياسي لدى طلبة الجامعات في الاردن و الامارات، رسالة ماجستير، الاردن، جامعة الباترا، كلية العلوم و الاداب، قسم الصحافة و الاعلام،2014، ص٤٣.
  5. وسام فاضل راضي و د.شريف سعيد حميد، الاعلام الاذاعي والتلفويوني العربي، بغداد، دار الكتب والوثائق، 2014، ص128.
  6. عادل خالد الكساسبة، تقييم الاعلاميين الاردنيين لتغطية فضائية الجزيرة لاحداث مصر 2011-2014، الاردن، رسالة ماجستير، جامعة الشرق الاوسط، كلية الاعلام، 2015، ص٢٦.
  7. فيصل صبحي مصباح اسليم، سياسة قناة الجزيرة في صناعة الإعلام العربي ودورها في ثورات الربيع العربي، المجلة العربية لدراسة السياسات و البيئة، لمجلد 8، ملحق العدد الرابع، أكتوبر 2017، ص٨٣.
  8. موضي البوعينين، تأثير السياسة الخارجية الأمريكية على سلوك قطر الخارجي، المجلة العلمية لكلية الدراسات الاقتصادية و العلوم السياسية، المجلد 8، العدد 16، يوليو 2023، ص70.
  9. ماهر داود درعاوي، دور الاعلام الامريكي في صنع السياسة الخارجية الامريكية: قناة الحرة الامريكية انموذجا، رسالة ماجستير، فلسطين، جامعة بير زيت، 2011، ص١٠.
  10. محمد حسام الدين إسماعيل، الاتجاهات الحديثة فى مجال الإعلام الدولى والدراسات الثقافية، المجلة العلمية لبحوث الصحافة، العدد1، 2025، ص24.
  11. محمود سفيان رياض قنيطة، دور الاداة الاعلامية في تنفيذ السياسة الخارجية الامريكية تجاه القضية الفلسطينية 2009-2017م، رسالة ماجستير، كلية الاداب و العلوم الانسانية، فلسطين، جامعة الاقصى. 2020، ص٨٥.

.20  Vittoria Elliott, Russia-Backed Media Outlets Are Under Fire in the US—but Still Trusted Worldwide https://www.wired.com/story/russia-backed-media-outlets-are-under-fire-in-the-us-but-still-trusted-worldwide/, SecuritySep 24, 2024.

  1. عبد الله ثاني قدور، ماهية التدفق الإعلامي الدولي و تطورات خطاباته، الجزائر، قاعدة بيانات الملخصات العلميه، 2001، ص1.
  2. بۆ زانیاریی زیاتر، بڕوانە:

– نعوم تشومسكى، السيطرة على الإعلام الانجازات الهائلە لپروباجندا، ترجمە امیمە عبداللطیف، القاهرە، مكتبة الشروق الدولیة، 2003.

– برنارد لويس و إدوارد سعيد، الإسلام الأصولي في وسائل الإعلام الغربية من وجهة نظر امريكية، بیروت، دار الجیل، 2008.

  1. وسام فاضل راضي ، دور القنوات الفضائية الإخبارية في تشكيل الصورة الإعلامية والسياسية عن العراق، مجلة الباحث الاعلامي، مجلة فصلية محكمة، كلية الاعلام جامعة بغداد، العدد5، 2008، ص ص5-6.

 .24 Robert E Gutsche Jr, Media Control: News as an Institution of Power and Social Control, Bloomsbury Publishing plc, London، 2015, p25.

.25  Babasaheb Bhimrao, Role and Impact of Media on Society a Sociological Approach with Respect to Demonetisation, International Journal of Research in Humanities, Arts and Literature. 2017, p127.

  1. حيـدر احمـد علـو القطبـي، دور قناة الحرة في الدبلوماسية الشعبية الامريكية، رسالة ماجستير، كلية الاعلام جامعة بغداد، 2006، ص19.
  2. د. ثريا احمد البدوي، الجهود التسويقية للدبلوماسية العامة الامريكية عبر شبكات التواصل الاجتماعي: دراسة تحليلية لخطابات القائمين بالاتصال والمستخدمين، مجلة رؤى استراتيجية، مركز الإمارات للدراسات والبحوث الاستراتيجية، ص93.
  3. محمود سفيان رياض قنيطة، دور الاداة الاعلامية في تنفيذ السياسة الخارجية الامريكية تجاه القضية الفلسطينية 2009-2017م، رسالة ماجستير، كلية الاداب و العلوم الانسانية، فلسطين، جامعة الاقصى، 2020، ص85.
  4. منيرة بودردابن، الدبلوماسية العامة للولايات المتحدة الأمريكية: دراسة في دور الوكالة الأمريكية للتنمية، المجلة الجزائرية للأمن والتنمية، 2016 ، ص123.
  5. یاس خضیر البیاتی، الاعلام الدولي والعربي،بغداد، دار الكتب للطباعە والنشر، 1993، ص ص58-59.
  6. حنان عبد الوهاب عبد الحميد القاضي، الاستعمار الالكتروني وعلاقته بابعاد الاغتراب لدي الشباب الجامعي بالتطبيق علي استخدامات شبكات التواصل الاجتماعي، المجلة المصریة لبحوث الاتصال الجماهیري، المجلد5، العدد، 2، 2023، ص ص٢٦٩-٢٧٠.
  7. عبیر الرحبانی، الإستعمار الإلكتروني والإعلام، عمان، دار الاسامة للنشر والتوزیع، 2015، ص ص٧٦-٧٧.
  8. مفیدة الطایر، النظرية النقدية كبراديغم لتحليل الزوايا القاتمة في العولمة الإعلامية، مجلة العلوم الاجتماعية والإنسانية، الجزائر، العدد العاشر، 2015، ص122.
  9. ئيبراهيم سەعيد، كورد لە بازنەى ديبلۆماسيەتى ميللیى دەوڵەتە زلهێزەكاندا، سلێمانی، زنجیرە بڵاوکراوەکانی ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان، ٢٠١٨، ل٧.
  10. ابراهيم سعيد فتح الله، الخطاب الاعلامي في الاذاعات الدولية الموجهة للكورد، اطروحة دكتوراه، جامعة السليمانية، كلية العلوم الانسانية، قسم الاعلام، 2012، ص300.
  11. حسون جاسم العبيدي ، حزب العمال الكردستاني (PKK) وازمة الهوية، مجلة السياسة و الدولية، العراق، جامعة المستنصرية، العدد 17، 2010، ص35.
  12. حنان عزو بهنان، قضية حزب العمال الكردستاني وانعكاساتها على العلاقات العراقية–التركية 2007 -1984، مجلة دراسات إقلیمیة، العراق، جامعة موصل، السنة 5، العدد 12، ٢٠٠٨، ل٩٩.
  13. حقوق الإنسان وحرية التعبير: المحاكمات في إقليم كردستان العراق، بعثة الامم المتحدة لمساعدة العراق، مكتب مفوضية الامم المتحدة السامية لحقوق الانسان – العراق، بعداد، 2021.
  14. جائزة فيلدز العالمية في الرياضيات تُسرق من لاجئ كردي (2-8-2028)، https://www.bbc.com/arabic/science-and-tech-45040634
  15. الكشف عن وجه امرأة “نياندرتال”، عمرها 75 ألف عام، (2-5-2024).

https://www.bbc.com/arabic/articles/cq5nyy28lleo#

 

Send this to a friend