• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 14, 2024

پێکەوەژیان و گفتوگۆی نێوان ئایينەکان

نووسینی: كەریم نەبی

وەرگێڕانی: عومەر ڕەشید

لێبوردەیی بەرهەم و دەرەنجامی پێکەوەژیانە، ئەمەش دروست نابێت تەنها پاش ژیانێکی هاوبەشی کۆمەڵێک لە خەڵکی نەبێت، کە بتوانن بیرکردنەوە و گفتوگۆ و بۆچوونەکانی یەکتر قبووڵ بکەن، ڕێزی نەریتە جیاوازەکان بگرن ئەگەرچی هەریەکە و بگەڕێتەوە بۆ ئایینێکی جیاواز، ئەمەش ئەوپەڕی شارستانییەتە کە هەڵقوڵاوی دەروونە بەرزەکانە، لێبوردەیی ئایینی لێکەوتەی لەسەر تاک و کۆمەڵ جێ دەهێڵێت، هەروەها پشکدار دەبێت لە بوونیادی ئەو ژیارەی داڕێژەری ڕەوشتە مرۆییەکانە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و قبووڵکردنی ئەوانی تر، بە شێوەیەک هەردوولا دەکەونە ژێر کاریگەری یەکترەوە، ئەمەش واتا ژیارێکی بەهێز و درێژکراوە کە باوبۆرانەکان گۆڕانی بەسەردا ناهێنێت.

پێکەوەژیان کەشێکی دەروونی و جەستەیی لەبار دروست دەکات بۆ تاک و ڕێکخراو و کۆمەڵگاکان بۆ کەمکردنەوەی ناسەقامگیری و بڵاوکردنەوەی گفتوگۆی ئاشتییانە دەربارەی هۆکاری ململانێکان، هەروەها ئەو ژینگەیەش دەڕەخسێنێت کە تێیدا پارێزگاری لە ئاسایشی یەک بە یەکی هاووڵاتییان بکرێت، ڕێگاخۆشدەکات بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی گونجاوو دەرەنجام باش.

پێشەکی

لە ئێستادا بابەتی پێکەوەژیان لە گرنگترین ئەو بابەتە هاوچەرخانەیە کە وەک یەک زانا و بیریارە موسڵمان و خۆرئاواییەکانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، چەندان کۆڕو سیمینار ڕێکدەخرێت تێیدا داوا دەکرێت پێکەوەژیانێکی جوان دروست بکرێت.

پێکەوەژیان لە زمانەوانیدا بەم شێوەیە پێناسە کراوە: واتا ژیان بە خۆشەویستی و هۆگرییەوە، ژیان لەگەڵ ئەوانەی هاوبەشتن لە شوێن و کاتدا، یان ئەو کۆمەڵگایەیە کە لە دەستە و تاقمی جیاواز پێکهاتووە، بەڵام سەرەڕای جیاوازی ئایینی و ڕەگەزی و زمانیان ئاشتییانە دەژین، واتا دەستە جیاوازەکان لە یەک تێگەیشتنیان هەیە بەبێ ئەوەی پەنا بەرن بۆ بەکارهێنانی هێز.

پێکەوەژیان لە زاراوەدا: واتا کۆبوونەوەی کۆمەڵەکەسێک لە یەک شوێندا، هۆکارەکانی ژیان پێکەوەی گرێداون وەک خواردن، خواردنەوە، بنەماکانی ژیانکردن، بەبێ ڕەچاوکردنی ئایین یان ئینتیمای تر، هەریەک لەوانە ماف و ئەرکی خۆی دەزانێت بەبێ سڕینەوەی بەرامبەر.

لە ئێستادا گفتوگۆ و پێکەوەژیانی ئایینی پێویستییەکی حەتمی نێوان ئایینەکانە، ئەمەش لەبەر بوونی ئەو ڕۆڵە گەورەیەیە کە لە ژیانی گەلان و دروستکردنی پەیوەندییە ئایینییەکانیان هەیەتی، ئەمە جگە لە کاریگەری لەسەر پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و فیکرییەکان. بەڵگەشمان دیاردەی ئوسووڵی ئایینییە کە لە بازنەی جولەکە و مەسیحییەکاندا بوونی هەیە و کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر دەرکردنی بڕیارە سیاسی و ئابوورییەکان، ناشکرێت لەو ڕۆڵەی بێئاگابین کە چۆن ئاڕاستەی سیاسەت و ڕای گشتی دەکات.

گفتوگۆی ئایینی لە جیهانی هاوچەرخدا کاریگەری هەیە لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی، چونکە تا ئێستاش ئایین داینەمۆی پەیوەندییەکان و زۆرجار پاڵنەری جەنگە سیاسی و ئابوورییەکانە، لەبەرئەوە ئەگەر گفتوگۆو پێکەوەژیانی ئایینی جددی بێت دەبێتە چارەسەر بۆ بەشێک لە کێشە سیاسی و ئابوورییەکان، ئاشکرایە لە کۆن و نوێدا ئایین سنووری نێوان گەلەکانی کێشاوەو سیاسییانە ئاڕاستەی کردوون، هەروەک لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا مەزهەب و ئایدیۆلۆژیاکان هەمان ئەو ڕۆڵە دەبینن کە ئایین بینیویەتی لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی گەلاندا، لێرەوە گرنگی مشتومڕی ئایینی دەردەکەوێت لە کاریگەری لەسەر ڕەوتی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان، ئەمە جگە لە ئاڕاستەکردنی پەیوەندییە ئایینییەکانی نێوان گەلان، لە کۆندا چەندان جەنگی ئایینی هەڵگیرساوە لەنێوان ئایینەکان و دەستەکاندا، ئێستاش ئایین بەو پاشخانەوە دەتوانێت ململانێی هاوچەرخ دروست بکات. لەبەرئەوە گفتوگۆی ئایینی دەتوانێت بە ڕێژەیەکی بەرچاو ئەو ململانێ ئایینییانە کەم بکاتەوە، دەتوانێت پەنابردن بۆ جەنگ بە هۆکاری ئایینی نەهێڵێت و ژینگەی لێبوردەیی ئایینی بسازێنێت، دەتوانێت جیاوازییە عەقیدییەکان بکاتە جێی قبووڵ و ئاشتی نێوان گەلان بەرقەرار بکات.

پێشکەوتنی گفتوگۆی ئایینی و پێکەوەژیانی ئایینی لە خۆرئاوای نوێدا وەڵامدەرەوەی دوو پێداویستییە لە یەک کاتدا، یەکەمیان لەگەڵ بەرەوپێشچوونی توێژینەوەی زانستی دەربارەی ئایین لە خۆرئاوا و سەرهەڵدانی مێژووی ئایینەکان و زانستی بەراوردی ئایینەکان، زەرووریەتی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان سەرهەڵدەدات وەک وەڵامدەرەوە بۆ پێداویستی زانستی، واتا دروستکردنی گفتوگۆ وەک ئامرازێک بۆ شارەزایی ڕاستەوخۆی ئایینی و قاڵبوونەوە لە تێگەیشتنی دیاردەی ئایینی و بەشداری گفتوگۆی ئایینی لەگەڵ ئاییندارانی ئایینێکی تایبەت.

پێداویستی دووەم کە سەردەکێشێت بۆ گفتوگۆو پێکەوەژیانی ئایینی و پێشکەوتنی لە خۆرئاوادا، بریتییە لە بەکارهێنانی گفتوگۆی ئایینی بۆ چارەسەری بابەتی ململانێی ئایینی نێوان ئەو گەلانەی ئایینیان جیاوازە لە لایەک و لەلایەکی تر نێوان ڕۆڵەکانی یەک نەتەوە کە هەڵگری ئایینی جیاواز و سەر بە مەزهەبی ئایینی جیاوازن. هەر وەک لەئاستی ململانێ سیاسی و ئابوورییەکان ڕوودەدات بە گەڕانەوەیان بۆ گفتوگۆو ڕێکەوتن بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوورییەکان، بە هەمان شێوە دەبێت پەناببرێت بۆ گفتوگۆی ئایینی لەپێناو نەمانی ململانێی ئایینی لەنێوان خەڵکانی سەر بە ئایین و دەستەکان. دەبێت ئاگاداری ئەوە بین کە لە خۆرئاوا چەند مەزهەبێکی ئایینی ناو یەک ئایین و چەندێتی ئایینە جیاوازەکان، گفتوگۆی ئایینی کردووە بە پێویستی حەتمی بۆ نزیکبوونەوەی ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان.

ئامانج چییە لە پێکەوەژیان و گفتوگۆی نێوان ئایینەکان؟ هەڵوێستی ئیسلام چیە لەو بارەیەوە؟ ئەو ئاڵنگارییانە چین ڕووبەڕووی دەبنەوە؟

گرنگی توێژینەوەکە

لەمڕۆدا گفتوگۆو پێکەوەژیانی ئاشتییانە بووەتە دیاردەیەکی بنچینەیی لە دیاردەکانی ژیانی هاوچەرخ. پاش چەندان سەدە ململانێ لە بوارەکانی سیاسەت و سەربازی و ژیاری و فکری، ئیتر گەلان دەریانخست کە شکانەوەی ئەم ململانێیانە نابنە چارەسەری کێشە جیاوازەکان کە لەنێوان گەلاندا هەڵگیرسابوو بە هۆکارە سیاسی و ئایینی و فیکرییەکان، بیریان لە گفتوگۆ کردەوە وەک جێگرەوەی ململانێکان تا ببێتە پێویستییەکی زیندوو بۆ ژیانی هاوچەرخمان و هۆکار بێت بۆ چاکسازی پەیوەندی نێوان گەلان و تاکەکان لە دەرەوە و ناوەوەدا، واتا لەسەر ئاستی پەیوەندیە ناوخۆییەکانی نێوان تاکەکانی یەک گەل، هەروەها لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی دەرەوە واتا نێوان ئەو گەلە جیاوازانەی بەشدارن لە ژیانکردن لەم جیهانەدا.

میتۆدی توێژینەوەکە

لێرەدا پشت بە میتۆدی تەواوکاری دەبەستین بۆ ئەم دیاردەیە، بە شێوەیەک ڕەچاوی میتۆدی وەسفی دەکەین بۆ وەسفی دیاردەکە، شیکاری و هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی بۆ دەکەین لەبەر تیشکی قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەر و کەلەپوری ئیسلامیدا.

بەشی یەکەم: ئامانجی پێکەوەژیان و گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و مەرجەکانی سەرکەوتنی.

ئەم بەشە دەکەین بە دوو باسەوە، یەکەمیان جۆرەکانی ئامانجی گفتوگۆی نێوان ئایینەکانە، لەسەر بنەماگەلێک کە دەکەوێتە بەشی دووەمەوە ئەوانیش مەرجە پێویستەکانی سەرکەوتنی گفتوگۆو پێکەوەژیانی نێوان ئایینەکانە.

باسی یەکەم: ئامانجی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و لێبوردەیی نێوانیان

بێگومان چەندان ئامانج هەیە لە پێکەوەژیاندا، بە نزیکبوونەوەی ئایین و مەزهەب و دەستەکان دەستپێدەکات، پاشان بنەماکانی ڕێکەوتن و چەند ئایینی و پێشکەوتنی شێوازەکانی گوتاری ئایینی و پشتیوانی میانڕەوی لە ئایینداریدا، کۆتایی دێت بە بەدیهاتنی تێگەیشتن و لێکتێگەیشتنی نێوان ئایینەکان.

یەکەم: گفتوگۆی ئایینی و لێکنزیکبوونەوەی نێوان ئایینەکان

لە گفتوگۆو پێکەوەژیانی نێوان ئایینەکاندا چەندان ئامانج هەیە، بەشێکیان ئامانجی سیاسین کە بیرکردنەوەیە لە گەشەی گفتوگۆو بەرەوپێشبردنی، لە گرنگترینیان بابەتی نزیکبوونەوەی نێوان ئایینە جیاوازەکانە، هەروەها نزیکبوونەوە لە نێوان ئامانجی یەکەمدا، ئەمە بە ڕەچاوکردنی گەشەی مەسیحییەت لە دیالۆگی ئایینی و تیشک خستنەسەر نزیکبوونەوەی نێوان مەزهەبە مەسیحییەکان، بەتایبەت نزیکبوونەوەی نێوان پرۆتستانت و کاسۆلیکی، هەروەها نیوان هەردووکیان لەگەڵ مەسیحییەتی خۆرهەڵاتی ئەرسەدۆکسی.

لە گفتوگۆ و پێکەوەژیانی ئایینیدا ئامانجی لاوەکیش هەیە ئەویش دەرەنجامی دوو ئامانجی گەورەن کە بریتین لە نزیکبوونەوەی نێوان ئایینەکان و مەزهەب و دەستەکان. یەکێ لە دەرەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی پرۆسەی ئەم نزیکبوونەوەیە بەدیهاتنی کۆمەڵێک ئامانجی لاوەکی گرنگن، لەوانە ڕێگری لە دەمارگیری ئایینی نێوان شوێنکەوتووانی ئایینەکان و دەستەکاندا، هەروەها ڕێگری لە توندڕەوی ئایینی و زێدەڕۆیی لە ئایینداریدا کە دەرەنجامەکانیان توندوتیژی و توندڕەوییە. یەکێ لە ئامانجەکانی تری ڕێگرییە لە مشتومڕی ئایینی بەرگریکارانە و بڵاوکردنەوەی خۆشەویستی و بنەماکانی لێبوردەیی ئایینی. دوا دەرەنجامی ئەم ئامانجانە بڵاوکردنەوەی ئاشتی نێوان گەلان و شوێنکەوتووانی یەک ئایین و کەمکردنەوەی توندڕەوی ململانێ سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکانە، کە ئایین یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵگیرسانیان، هەروەها کەمکردنەوەی ململانێی ڕۆشنبیری و فکری و ئایینی کە هۆکارەکەی ڕاجیایی نێوان ئایینەکان و خۆسەپاندنی ئایینێکی دیاریکراو یان مەزهەبێکی دیاریکراوە بەسەر تەواوی ئایین یان مەزهەبەکاندا.

نزیکبوونەوەی ئایینەکان لە یەکتری کە ئامانجی سەرەکی پێکەوەژیانی نێوانیانە، هەوڵ نادات بۆ داڕشتنی دەستە و مەزهەبی ئایینی نوێ، وتووێژی نێوان ئایینەکان سەرەتا پارێزگاری لە سەربەخۆیی هەریەک لە ئایینەکان دەکات، داوا لە شوێنکەوتووانیان ناکات لە بیروباوەڕی خۆیان دابەزن لەپێناو لێکنزیکبوونەوەدا، هەروەک هەوڵیش نادات ئایینێکی هەڵبەستراوی نوێ دروست بکات تا هەموان ڕازی بکات و واز لە ئایینە بنچینەییەکەی خۆیان بهێنن.

گفتوگۆو پێکەوەژیانی نێوان ئایینەکان و نزیکبوونەوەی نێوانیان ئامانجێکی ئایینی و مرۆیی گرنگە، لەوانە کۆکردنەوەی ئایینەکانە لەسەر یەک ئامانجی ڕۆحی هاوبەش، ئەوەش بنەمای وەزیفەی ئایینە کە وەستانی ژیانی مرۆڤایەتییە لەسەر هۆکار و پشتیوانگەلێکی ئایینی و ڕۆحی، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ بەرەوباڵابردنی بەهای مرۆیی و بوونیادی بنەمای ئایینی ڕەوشتی بۆ مامەڵەی نێوان تاکەکان لە لایەک و نێوان گەلان لەلایەکی تر.

ئەم ئامانجە ئایینییە ڕۆحییە هەڵگری چەندان مەبەست و دەرەنجامە، پاشخانێکی ئایینی ڕۆحی دروست دەکات کە پەیوەندییە مرۆییەکانی لەسەر بوونیاد بنرێت، ئەمەش ئامانجێکی باڵاتر بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی دروست دەکات بە وتووێژی نێوان ئایینەکان، هەروەها ئەم وتووێژەی نێوان ئایینەکان مەودای نێوان ئایینەکان نزیک دەکاتەوە و شارەزایی لە ئایینەکان و زانستی کەڵەکەبوو بە درێژایی سەردەمەکان و لێزانییە ئایینییە جیاوازەکان دەخاتە خزمەتی ئەو گەشە ئایینی و بەها ڕەوشتیە هاوبەشەوە کە سەردەکێشێت بۆ یەکخستنی مرۆڤایەتی و بەهێزکردنی پەیوەندی گەلان، هەروەها دانانی سنوور بۆ ململانێ و پێکدادانەکان و بەدیهاتنی برایەتی مرۆیی بۆ ئایندەیەکی دوور.

هەروەها لێکنزیکبوونەوەی ئایینەکان بە وتووێژی هاوبەش بەرامبەر دوژمنی هاوبەشی هەریەک لە ئایینەکان دروست دەبێت، کە ڕێبازە بێ ئایینەکانی وەک شیوعییەت و عەلمانیەت و لایەنی تر کە ئایدۆلۆژی ئیلحادی و دژە ئایینەکان نوێنەرایەتی دەکەن. ئەو ڕەوتە لادەرانە سەرکەوتووبوون لە غەزوی ژیانی فکری مرۆڤ و لاوازکردنی بنەما ئایینی و ڕەوشتییەکان لە ژیانی مرۆڤایەتییدا، هەوڵیاندا بۆ کەنارگیرکردنی ئایین لە ژیان، بەشێکی تر لەو ڕەوتانە هەوڵیاندا بۆ لابردنی ئایین و بەتاڵکردنەوەی ڕۆڵی لە ژیانسازی مرۆڤ، وەک ئەوەی شیوعی و ڕەوتە مادیە ئیلحادییەکان کردیان. هیچ ئایینێکی زیندوو نییە کە تووشی غەزوی شیوعی نوێ نەبووبێتەوە، چونکە ئەم ڕەوتانەی کە ئایین ڕەت دەکەنەوە دەستکردی خۆرئاوان، یەکەمی ئایینەکانیش کە ڕووبەڕووی ئەو غەزوە بوونەتەوە ئایینە بنچینەییەکانی خۆرئاوایە کە بریتین لە مەسیحییەت و یەهودییەت، پاشان سەریکێشاوە بۆ ئایینەکانی تری وەک ئیسلام و ئایینەکانی خۆرهەڵاتی دوور.

کەواتە لێرەدا هەڕەشە و مەترسی گشتی هاوبەش هەیە دژ بە ئایینەکان و بوونیان، ئەمەش ئەگەرێکی مەترسیدارە و وتووێژی نێوان ئایینەکان دەکاتە زەروورەتێکی گەورە بۆ دەربازکردنی ئایینەکانی جیهان لە فەوتان و لەناوچوون و گێڕانەوەی بنەما ئایینییە ڕەوشتییەکان بۆ ناو ژیانی گەلان. خۆرئاوا زۆر زیاتر پێویستی بەو گفتوگۆیە هەیە بۆ دەربازکردنی ئایینەکانی مەسیحییەت و یەهودییەت، ڕزگارکردنیانە لەو ڕەوتە بەهێزانەی دژە ئایینن. چونکە ئیسلام و ئەو ئایینانەی تر کە لە خۆرهەڵاتدان تا ئێستاش ئەوەندەیان هێز هەیە کە بەرەوڕووی هێرشی ئیلحاد ببنەوە، دەشتوانن هاوکاری یەهودییەت و مەسیحییەتی خۆرئاوا بکەن و ڕزگاری بکەن، ئەویش بە پێشکەشکردنی یارمەتی ئایینی و پشتیوانی لە ڕۆحی ئایینی خۆرئاوا و بەخەبەرهێنانی شارەزا ئایینییە خەوتووەکان و پێدانی هۆشیاری ئایینی و زیندووکردنەوەی ئایین وەک بنەمای سەرەکی بۆ ژیانی مرۆڤایەتی.

کەمکردنەوەی مەودای نێوان ئایینەکان لە ڕێگای وتووێژەوە ئامانجێکی گرنگی تری هەیە ئەویش بەدیهاتنی ئامانجی هاوبەشی ئایینەکانە، ئایینەکان جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە لە ئامانج و پرسەکانیاندا بەڵکو لە تێڕوانین و شێوازی چارەسەری پرس و ئامرازەکانی بەدیهاتنی ئەو ئامانجانەدا جیاوازن. لێرەدا دەکرێت ئایینەکان سوود لە یەکتر وەربگرن بۆ بەدیهاتنی ئامانج و چارەسەری پرسەکان، پێمان وایە ئامانجی هاوبەشی نێوان هەموو ئایینەکان بەدیهاتنی بەختەوەرییە بۆ مرۆڤەکان لە دونیا و دواڕۆژدا.

بەدەر لەو جیاوازییە بنچینەییانەی پەیوەستن بە بیروباوەڕ و پێکهاتەیانەوە، ئایینەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە یەک ئامانجیان هەیە ئەویش بەدیهاتنی بەختەوەری مرۆڤەکانە لە ڕێگای سیستەم یان تەرزی ئایینییەوە کە ناوەڕۆکی ئایین بکاتە کردەیی لە ژیانی مرۆڤەکاندا. بە چاوپۆشی لەو ڕێگایەی بە با باشترین شێوە پەیوەندی لێوە دروست دەکرێت لەگەڵ برا مرۆڤەکە لە لایەک و لەگەڵ خودا یان پەرستراوەکەی لەلایەکی ترەوە.

چونکە مرۆڤ ئەگەرچی ئایینی جیاواز بێت بەڵام واقیع و هەلومەرج و ژیانکردن و کێشەی ژیانیان وەک یەکە، ئایینەکان میکانیزم و مەنهەجیان جیاوازە بۆ ڕێکخستنی ژیانی مرۆڤ و بەرەوڕووبوونەوەی واقیعی مرۆڤ و چارەسەری کێشەی بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی. لێرەدا گرنگی وتووێژ دەردەکەوێت لە نێوان ئایینەکاندا بەتایبەت پاش یەکبوونی کێشەی مرۆڤەکان و هاوشێوەبوونیان لە هەموو شوێنەکاندا، ئیتر ئایینەکان بوونەتە خاوەن هەڵوێستی سیاسی و ئایینی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، ناتوانێت کەنارگیری بکات لە کێشەی مرۆڤەکان و پرسە هەنووکەییەکاندا.

بەدەر لەو هاوکارییە بەرهەمدارەی نێوان ئایین و وتووێژە بەکارەی لە نێوانیاندا دەبێت بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، دەکرێت لەو گفتوگۆیەدا پشکی ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی ئایینی هەبێت کە کێشەیەکی گشتییەو بەرۆکی هەموو ئایینە زیندووەکان دەگرێت، دیاردەی توندڕەوی ئایینی و کوشتن و توندوتیژی بە نزیکەیی لە هەموو کۆمەڵگاکاندا بڵاو بووەتەوە. ئەم کێشەیە دوو ڕەهەندی هەیە: ڕەهەندێکی ناوخۆیی کە هۆکارە بۆ دابەشکاری لایەنگرانی یەک ئایین لانی کەم بۆ دوو بەش: بەشێکیان پابەندن بە ئایینەکەوە لەسەر سیستەمە بنچینەییەکەی، بەشەکەی تری توندڕەوانێکی دەرچوو لەو سیستەمەن، بەهۆی ڕاڤە توندەکانیان و دوورکەوتنەوە لە ڕێنمایی ئایینەکەیان وای کردووە پەیوەندی هەڵسوکەوتیان پێچەوانەی بەشەکەی یەکەمبێ. بەڵام ڕەهەندە دەرەکییەکەی بریتییە لە نوێنەرایەتی بازنە فراوانەکەی توندڕەوی ئایینی کە کاریگەری نەرێنی دروست دەکات لەسەر پەیوەندی ئایینەکان بەیەکەوە، بەتایبەت لەو کۆمەڵگایانەی فرە ئایینن. دەرەنجام کۆمەڵگاکە وێران دەکەن و ئارامی کۆمەڵایەتی دەشێوێنن و کێشە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی دروست دەکەن، هەروەها کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

دووەم: گفتوگۆی ئایینی و نزیکبوونەوەی نێوان مەزهەب و دەستەکان

ئاشکرایە نزیکبوونەوەی نێوان ئایینەکان پشکی شێری بەردەکەوێت لە چارەسەری ئەو بابەتە مرۆییانەی ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە لە هەموو شوێنێکدا. بە لەبەرچاوگرتنی ڕاجیایی ئەزموونە ئایینییەکان و جیاوازی ئەو چارەسەرانەی ئایینەکان پێشکەشی باوەڕدارەکانی دەکەن. هاریکاری ئایینەکان هاوکارە بۆ پێکهێنانی دیدێکی گشتگیر بۆ ئەو بابەتە و گەیشتن بە چارەسەری هەمەجۆر و کارا بۆ کێشە مرۆییەکان بەتایبەت ئەگەر ئایینەکان کاریگەرییەکی چاک و دروستیان هەبوو لەسەر چارەسەری کێشەکانی گەلان و بوونیادی داهاتوویەکی باشتر بۆ مرۆڤایەتی.

ئەمە جگە لە سوودی گفتوگۆی ئایینەکان بۆ نزیکبوونەوەی نێوانیان لەسەر ئەو ئاستەی پێشووتر باس کرا، گفتوگۆی ناوخۆیی نێوان مەزهەب و دەستەکانی یەک ئایین سەردەکێشێت بۆ بەدیهاتنی نزیکبوونەوەی نێوان ئەو دەستە و مەزهەبە ناوخۆییانە. لە ڕاستیدا بەبێ هەماهەنگی و نزیکبوونەوەی نێوان هەوادارانی یەک ئایین، نزیکبوونەوە و هەماهەنگی نێوان ئایینەکان بەدی نایەت، ئەو دەرەنجامە ئەرێنییە یان نەرێنییە کە دەرەنجامی وتووێژی ناوخۆییە کاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر وتووێژی دەرەکی نێوان ئایینەکان دروست دەکات، لە ڕاستیدا هەندێک جار گفتوگۆی ناوخۆیی شێوازی گفتوگۆی دەرەکی دەگرێت، چونکە زۆربەی دەوڵەتانی جیهان فرە ئایین و مەزهەبن، ئەو پاڵنەرانەی گفتوگۆی ناوخۆیی دروست دەکەن پاڵنەرێکی هاوکارە بۆ چارەسەری کێشەی ئایینەکان و چاکسازی لە پەیوەندیان بەیەکەوە.

بێگومان گفتوگۆی ئایینی نێوان دەستە و مەزهەبەکان کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بنجە یەکەمینانەی لێوەی دروست بوون و گەشەیان کردووە، سەردەکێشێت بۆ جۆرێک لە یەکێتی ئایینی لەگەڵ پارێزگاری لە سەربەخۆیی دەستە و مەزهەبە لاوەکییەکان.

سێیەم: گفتوگۆی ئایینی و پشتیوانی بنەمای هەماهەنگی و فرەئایینی

گفتوگی ئایینی بە سروشتی خۆی گۆڕانکاری بە سەردا دێت بەهۆی مشتومڕەوە (الجدل)، گفتوگۆی ئایینی لەخۆگری بنەماکانی هەماهەنگی و نزیکبوونەوەی نێوان ئایینەکانە بەڵام مشتومڕ ئاماژەیە بۆ ئامرازەکانی ڕاجیایی و دوورکەوتنەوەی نێوان ئایین و مەزهەبەکان، قورئانی پیرۆز ئاماژەی بەو سروشتە ئەرێنییە داوە لە گفتوگۆی نێوان ئایینەکانداو دەفەرموێت (قُلْ يَا أَهْلَ الْكِتَابِ تَعَالَوْاْ إِلَى كَلَمَةٍ سَوَاء بَيْنَنَا وَبَيْنَكُمْ أَلاَّ نَعْبُدَ إِلاَّ اللّهَ وَلاَ نُشْرِكَ بِهِ شَيْئًا وَلاَ يَتَّخِذَ بَعْضُنَا بَعْضًا أَرْبَابًا مِّن دُونِ اللّهِ فَإِن تَوَلَّوْاْ فَقُولُواْ اشْهَدُواْ بِأَنَّا مُسْلِمُون) واتا: بڵێ ئەی ئەوانەی کتێبتان بۆ ڕەوانەکراوە وەرن بەدەم بانگەواز و بەرنامەیەکەوە کە هاوبەش و هاوسەنگە لە نێوان ئێمەش و ئێوەشدا (ئەویش ئەمەیە) جگە لە (اللە) کەسی تر نەپەرستین، هیچ جۆرە هاوەڵێکی بۆ بڕیار نەدەین، هیچ لایەکمان لاکەی ترمان (بە پیرۆز و فەرمانڕەوا دانەنێین) لەجیاتی ئەو زاتە و نەیپەرستین (خۆ ئەگەر لەم بانگەوازدا) سەرپێچییان کردو گوێیان پێ نەدا، ئەوە پێیان بڵێ: کە ئێوە بە شایەت بن کە ئێمە موسڵمانین و ملکەچی فەرمانی پەروەردگارین.

ئەم ئایەتە پیرۆزە داوای گفتوگۆی نێوان موسڵمانان و شوێنکەوتەی ئایینەکانی تر دەکات بۆ هەماهەنگی نێوان یەهودیەت و مەسیحیەت و ئیسلام وەک بنەمایەک بۆ وتووێژی نێوانیان، هەروەها پاڵنەرە بۆ دوورکەوتنەوە لە ئامرازەکانی ڕاجیایی کە پێشکەوتنە مێژووییەکانی هەر دوو ئایینی یەهودیەت و مەسیحییەت هاوکارێتی. بەڵام ئیسلام جیاوازی نێوان هەرسێک ئایینەکەی تێپەڕاندووە، داوای گەڕانەوە دەکات بۆ فۆڕمێکی ئاسان و فیتری کە یەکتاپەرستییەکەی ئایینی ئیبراهیمییە سەلامی خودای لەسەر بێت، ئەوەی ناوزەد کراوە بە ئایینی فیترەت، هەڵبژاردنی ئیبراهیم سەلامی خودای لەسەر هەڵبژاردنێکی بە مەبەستە، چونکە پێغەمبەرێکی نێردراوە و هەرسێک ئایینی یەهودیەت و مەسیحیەت و ئیسلام دانی پێدا دەنێن و دانراوە بە باوکی هەموو پێغەمبەران سەلامی خودایان لەسەر (ۆجَعڵۡنَا فِی ذُرِّیَّتِهِ ٱلنُّبۆَّةَ ۆٱلۡکِتَٰبَ) واتا: پێغەمبەرایەتیمان کردە کاڵای باڵای نەوەکانی، کتێبە ئاسمانەکانیشمان بۆ ناردن. ئایینەکەشی کردە بنەما بۆیان، خودای گەورە وەسفی ئیبراهیمی کردووەو دەفەرموێت (مَا كَانَ إِبْرَاهِيمُ يهوديًّا وَلاَ نصرانيًّا وَلَكِن كَانَ حَنِيفًا مُّسْلِمًا) واتا: کە ئیبراهیم نە جوولەکە بووە و نەگاور، بەڵکو ملکەچ و موسڵمان بووە و لە دەستەی موشریک و هاوەڵگەران نەبووە. ئایەتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئیبراهیم سەلامی خودای لە سەر بێت مێژووەکەی لەپێشتر بووە و ئایینەکەشی پێش یەهودییەت و مەسیحییەت بووە، بریتی بووە لە ئیسلام، هێما بووە بۆ فەرمانبەرداری و ڕادەست بوون بە ویستی خودا لە لایەک و لە هەمان کاتدا هێما بووە بۆ ئایینی فیتری دروست پێش ئەوەی گرێی و گۆڵی ئایینی و لاهوتی بلکێ بە عەقیدەی یەکتاپەرستییەوە.

چوارەم: گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و پێشکەوتنی شێوازی وتاری ئایینی

یەکێک لە ئامانجەکانی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان گۆڕینی شێوازی وتاری ئایینییە لە بواری پەیوەندی نێوان ئایینەکان کە شێوازێکی مشتومڕی ئایینی بەرگریکارانەیە بەرەو شێوازی وتووێژ. ئەمەش بە گواستنەوەیەکی جۆریی ئەژمار دەکرێت لە شێوازی هەڵسوکەوتی نێوان ئایینەکان، کە مێژوویەکی دوورودرێژ مشتومڕی ئایینی دەمارگیرانە جێگای گرتبووەوە، جووڵەکەشی بریتی بوو لەو بەرگرییەی دەیڕوانییە پەیوەندی نێوان ئایینەکان لەسەر بنەمای ئاڵنگاری و ململانێ و کێبڕکێ، پاڵنەری ئەمانە هۆکارگەلی مێژوویی و ئایینی بووە لە ڕابردووی ئایینەکاندا.

پێشکەوتنی وتووێژ لە مێژووی هاوچەرخدا لە بواری سیاسەت و ئابووری و فکری و دەرکەوتنی فیکرەی وتووێژی ئایینەکان و وتووێژی ژیاری سەردەکێشیت بۆ پێویستی بیرکردنەوە لە شێوازی شوێنگرەوەی مشتومڕی نێوان ئایین و ژیارەکان، ئەمەش بە پێشکەشکردنی بژاردەی گفتوگۆی نێوان ئایین و ژیارەکان دەستپێدەکات بەرەو باوەڕی بەیەکگەیشتنی ئایین و ژیارەکان وەک بانگەشەیەک بۆ گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە لە سەردەمەکانی ململانێدا، ئەوەش شێوازی مشتومڕی بەرگریکارانەیە کە دەبێت لەبری ئەوە پشت ببەسترێت بە گفتوگۆ.

لە بەشێک لە سەردەمەکانی لێبوردەیی ئایینیدا پەنا براوە بۆ گفتوگۆو وتووێژی بیروباوەڕی ئایینی لە یەهودییەت و مەسیحییەت و ئیسلامدا. ژینگە ئیسلامییەکە لەم جۆرە دیبەیت و مێزگرد و کۆڕانەی بە خۆوە دیوە کە تێیاندا لایەنەکان گفتوگۆیان تێدا کردووە بە شێوازی بابەتی و گیانی لێبوردەییەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم شێوازە دەگمەن بووە لە سایەی ململانێی نێوان ئایینەکاندا.

پێنجەم: گفتوگۆو پاڵپشتی میانەڕەوی لە ئایینداریدا

لە سروشتی بنچینەیی هەریەک لە گفتوگۆی ئایینی و مشتومڕی ئایینی بەرگریکارانە، چەندەها شتی گرنگ لە دایک دەبێت لە ڕێکخستنی پەیوەندی ئایینی نێوان گەلان و تاکەکان. گفتوگۆی ئایینی بە سروشتی خۆی ئاماژە بە ئازادی ڕادەربڕینی ئایینی دەکات، لە گفتوگۆدا ئازادی تەواو هەیە لە دەربڕینی بۆچوونی ئایینیدا بۆ ئەو کەسەی نوێنەرایەتی ئایینەکەی یان مەزهەبەکەی دەکات لە تێکڕای بابەتە ئایینییە پێشنیازکراوەکان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئایینەکانی تردا، هەروەک چۆن لە هەمان کاتدا ڕێز لە بۆچوونی ئایینی تر دەگرێت کە گوزارشت لە بۆچوونی ئایینەکانی تر دەکات و بەشداری گفتوگۆکە دەکەن، ئەمەش هەڵقوڵاوی ئەو عەقیدەیەیە کە بڕوای بە فرە ئایینی هەیە و دان بە ئایینەکانی تردا دەنێت، هەروەها هەڵقوڵاوی هەستکردنە بە ڕێزی ئایینەکانی تر و داننان بە ڕاجیایی ئەزموون و شارەزاییە ئایینییەکان.

بەڵام مشتومڕی ئایینی بەرگریکارانەی هێرشبەرانە بڕوای بە ئازادی گوزارشتی ئایینی نییە، ڕێگری دەکات لە دەربڕینی بۆچوونی ئایینەکانی تر، هەڵقوڵاو لەوەی کە هەر لە بنەمادا باوەڕی بە فرەئایینی و ئازادی بیروباوەڕ نییە، ئەوەش ئەو مشتومڕەیە کە ڕێزی هەستی پێچەوانە ئایینییەکان ناگرێت و هەمیشە حەز بە سووک سەیرکردنی بیروباوەڕی ئەوانی تر دەکات و گاڵتەیان پێ دەکات و گومانیان بۆ دروست دەکات.

ئەو بنەمایانەی لە پێشەوە باسکران ئاماژە بەوە دەدەن کە دەرەنجامی کۆتایی گفتوگۆی نێوان ئایین و مەزهەبەکان بێگومان سەردەکێشن بۆ حاڵەتی هاوسەنگی و میانڕەوی ئایینی، لە کاتێکدا مشتومڕی ئایینی بەرگریکارانەی هێرشبەرانە سەردەکێشێت بۆ توندڕەوی ئایینی و زیادەڕەوی و دەمارگیری مەزهەبی. لەگەڵ میانڕەوی و هاوسەنگیدا کۆمەڵێک سیفات لە دایک دەبن کە دژ و ناساز دەبن لەگەڵ ئەو سیفاتانەی توندڕەوی ئایینیان لێوە لە دایک دەبێت. میانڕەوی و هاوسەنگی دەرەنجامی پێویستن بۆ گفتوگۆ. گوێگرتن بۆ ئەوانی ترو گفتوگۆ لەگەڵیان سەردەکێشێت بۆ تێگەیشتن و قاڵ بوونەوە بەڕادەی نزیکبوونەوە و تێگەیشتنی ئایینی لەسەر ئاستی واتا و بەڵگە ئایینییەکان بۆ ئەو بابەتە ئایینییەی پێشنیار دەکرێت بۆ گفتوگۆ.

شەشەم: گفتوگۆی ئایینی و گەیشتن بە تێگەیشتن و لێکتێگەیشتنی نێوان ئایینەکان

گفتوگۆی نێوان ئایینەکان کۆشش دەکات بۆ بەدیهاتنی تێگەیشتن و لێکتێگەیشتنی نێوان ئایینەکان، ئەمە دەبێتە جیاکەرەوەیەکی بنەڕەتی نێوان گفتوگۆی ئایینی و مشتومڕی ئایینی. یەکەمیان هەوڵ دەدات بۆ تێگەیشتن لە ئایین و مەزهەبەکان بە بەکارهێنانی گفتوگۆ وەک ئامرازێکی زانستی و فێرکاری و پێشکەشکردنی پرسیارگەلێکی ئامانجدار بۆ بەدیهێنانی تێگەیشتن و زانینی واتاکان، ئەمە جگە لەوەی ئامانج لە تێگەیشتن گفتوگۆ دەکاتە هۆکار بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان ئایینەکان بۆ زانینی خاڵی بە یەک گەیشتن لەپێناو هاوکاری و یەکتر بەهێزکردندا، هەروەها دەبێت خاڵی ڕاجیایی دیاری بکرێت لەپێناو لێتێگەیشتن و نزیککردنەوەی نێوانی لایەنەکان. نابێت لەبەر ئامانجی گفتوگۆکە وازیان لێ بهێنرێت، چونکە خاڵی ڕاجیایی تایبەتمەندی و ناسنامەی ئایینەکان دیاری دەکەن، کەسایەتی ئەو ئایینە دەردەخات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئایینەکانی تردا، پەیوەندیەک لەنێوان ئایینەکاندا بوونیاد دەنێت لەسەر بنەمای قبووڵکردنی فرەئایینی و ئازادی بیروڕا و ئایینداری وەک بنەمایەکی سەرەکی چەسپاو بۆ گفتوگۆی نێوان ئایینەکان.

باسی دووەم: مەرجی سەرکەوتنی گفتوگۆو لێبوردەیی نێوان ئایینەکان

بۆ سەرکەوتنی پێکەوەژیان و گفتوگۆی نێوان ئایینەکان لە بەجێ گەیاندنی کارەکانیدا، بێگومان دەبێت چەند مەرجێک بەدی بێت: لەوانە سەربەخۆیی و دیموکراسی گفتوگۆ، پاشان بەردەوامی و ڕۆحانییەتی گفتوگۆ.

یەکەم: سەربەخۆیی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان

بەبێ ڕۆچوون لە درێژەدان بەم بابەتە کە دواتر دەگەڕێینەوە سەری، پێمان وایە کە گفتوگۆی نێوان ئایینەکان پێویستە ئازاد بێت لە شوێنکەوتنی هەر ئایینێک لە ئایینەکان یان مەزهەبێک لە مەزهەبەکان تا ئەو ترسە لەلای شوێنکەوتووانی بڕەوێتەوە کە گفتوگۆکە بۆ بەرژەوەندی ئایینێکی تر بێت، یان لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئایینێکی تردا بێت. سەرەتا دەڵێین: هەریەک لەو ئایینانەی بەشداری گفتوگۆکە دەکەن ئامانجی تایبەت بە خۆیان هەیە و دەیانەوێت بەدی بهێنن.

بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و دەربازبوونیان لە شوێنکەوتەیی ئایینێکی دیاریکراو پێویستە بە شێوەیەک بیر بکرێتەوە بە نیەتی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و ڕێکخستنی سەربەخۆیی ئایینەکان لە یەکتری بەتایبەت لە دامەزراوە باڵاکاندا، گفتوگۆ لە بوونیادە هەڕەمییەکەیدا بێگومان دەبێت لەو بنکەیەوە دەست پێ بکات کە هەر ئایینێک گرنگی پێ دەدات لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی. ئەوە سروشتییە کە هەر ئایینێک ڕێکخستنێکی هەبێت تایبەت بە گفتوگۆی نێوان مەزهەبە ئایینییە ناوخۆییەکە وەک یەک ئایین و نێوان ئایینەکانی تریش، گونجاوە بۆ هەر ئایینێک کە هەنگاوە یەکەمینەکانی گفتوگۆ ئایینییەکە بۆ بەرژەوەندی خۆی ڕێکبخات، دەبێت گفتوگۆی ئایینی لەگەڵ مەزهەبێکی دیاریکراو پێش بخرێت بەسەر مەزهەبەکانی تردا، هەروەک دەبێت گفتوگۆ نێوان ئایینێکی دیاریکراو پێش بخرێت بەسەر ئایینەکانی تردا. هەموو ئایینەکان لە گفتوگۆدا هەلومەرجی تایبەت و هەنگاوی لەپێشینەیان هەیە بۆ حاڵەتە ئایینی و ناوخۆییەکەی، گفتوگۆی ئایینی لە خۆرئاوادا بە کردەیی ملکەچی ئەو هەنگاوە لەپێشینانەیە، دەبینین گفتوگۆی نێوان کاسۆلیکی و پرۆتستانت پێگە و گرنگی یەکەمی هەیە لەسەر ئاستی ناوخۆیی.

هەنگاوی لەپێشینە ئەوەیە کە ژینگەی هەر ناوچەیەکی ئیسلامی وەک خۆی دیاری بکرێت، ئەگەر لە کۆتاییدا بۆمان دەرکەوت کە ئایینی ئیسلام لەگەڵ هەموو ئایینە جیهانییەکان بەو شێوازە دەچێتە گفتوگۆکانەوە، ئەمە بۆ ئایینەکانی تریش ڕاستە تەنانەت مەسیحییەتیش ئەگەرچی جیهانییە و ئایینێکی خۆرئاواییە و بەرکەوتنی گەورەی هەیە لەگەڵ یەهودییەت و ئیسلامدا بەڵام ئەو زیاتر پێویستی بە گفتوگۆ هەیە لەگەڵ ئایینەکانی تر، لەبەر ئەوە گەشەی گفتوگۆی مەسیحییەتمان بەلاوە نامۆ نییە لەگەڵ ئایینەکانی تردا.

سەربەخۆیی گفتوگۆ لە بنەمادا لە پرەنسیپی سەربەخۆیی ئایینەکان و ئازادبوونیان لە شوێنکەوتنی ئایینی تر هەڵقوڵاوە، لەسەر ئایینەکانیش پێویستە دوور بکەونەوە لە مەیلی دەسەڵاتداری بەسەر ئایینەکانی تر و حەزکردنی بە سەپاندنی هەیمەنەی خۆیان، لە کاتێکدا دەکرێت لەڕێگەی دروستکردنی دەزگای باڵا بۆ گفتوگۆی نێوان ئایینەکان یان دامەزراوەی جیهانی سەربەخۆ بەدی بێت کە ئەندامەکانی دەسەڵاتی ئەوەیان هەبێت بە سەربەخۆیی تەواو، ڕێکخستنی شێوازی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان بەڕێوەبەرن بەبێ لایەنداری بۆ هەرکام لەو ئایینانەی بەشدارن لە دەزگا یان دامەزراوە باڵا جیهانییەکە دەکەن. ئەو دامەزراوە باڵا جیهانییە ئامانجگەلی هاوبەش دیاری دەکات بۆ گفتوگۆی نێوان ئایینەکان. ئەوانە ئامانجی باڵان و ناکرێت لێیان بێنەخوار بۆ ئاستی خزمەت بە ئایینێکی دیاریکراو لەسەر حسابی ئایینەکانی تر، یان خراپ سوودی لێوەرگیرێ بۆ سەرکردایەتی ئایینێک بەسەر ئایینەکانی تردا. پێویستە پەیوەندی هەبێت لەنێوان سەربەخۆیی گفتوگۆی نیوان ئایینەکان و بنەمای سەربەخۆیی ئایینەکان، تەنانەت سەربەخۆیی خودی گەلەکانیش چونکە بەبێ هەستکردن بەو سەربەخۆییە گفتوگۆی نێوان ئایینەکان دروست نابێت، تا بتوانیت ئامانجەکانی بهێنێتە دی کە خێرە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی.

دووەم: دیموکراسی گفتوگۆ

دیموکراسی لە گفتوگۆی نێوان ئایینەکان بەدوای سەربەخۆیی گفتوگۆو شوێننەکەوتنی ئایینێکی دیاریکراو دێت، هەروەها پەیوەندی هەیە بە سەربەخۆیی هەریەک لە ئایینەکان و هەستکردنی شوێنکەوتووانی ئایینەکان بەوەی کە هاوئاستن لە پەیوەندیان بەیەکەوە، بۆ ئایینێکی دیاریکراو نییە دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت بەسەر ئایینەکانی تردا جا بە هەر شێوەیەک بێت. لەڕاستیدا سەربەخۆیی و دیموکراسی گفتوگۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی دروست دەکات لە تێڕوانینی ئایینەکان بۆ خودی خۆیان و پەیوەندیان بە ئایینەکانی ترەوە، ئەم بابەتە وا دەردەکەوێت کە زۆر قورسە، چونکە سەربەخۆیی و دیموکراسی گفتوگۆ بەبێ قوربانیدان بەدی نایەت بەتایبەت لەلای هەندێک لە ئایینەکان کە بڕیاری پێشەنگی بۆ خۆی داوە و بەو هەستەوە مامەڵە لەگەڵ ئایینەکانی تر دەکات.

ئەو ئایینانەی پێشتر دەرکەوتوون وا هەست دەکەن بنەمان بۆ ئایینە تازە پەیدابووەکان، هەر بۆیە ناتوانن بە تێڕوانینی سەربەخۆیانە بۆیان بڕوانن، دەیانەوێت ئەو ئایینانە شوێنکەوتەی ئایینەکەی خۆیان بن. یەکێ لە دیاردەکانی دیموکراسی لە گفتوگۆی ئایینیدا ئەوەیە کە مافی هەر ئایینێکە دەربڕینی ئازادانەی هەبێت بۆ تێگەیشتن و بیروباوەڕەکانی، لەڕێگەی نوێنەرە شەرعییەکانی بۆ گفتوگۆکە بەبێ دەستوەردان لە کاری ئەو لایەنانەی پەیوەندیان پێوەی نییە، ڕۆڵی لایەنەکان لە دەرەوەی ئەو ئایینەدا کورتدەبێتەوە لە پێشکەشکردنی پرسیاری ئامانجدار بۆ تێگەیشتنی زیاتر و دەربڕینی بۆچوون لەسەر ئایین یان هەڵوێستەکانیان دەربارەی ئەو بابەتەی پێشکەشکراوە بۆ توێژینەوە و گفتوگۆ، و هەوڵدانی هاوبەش بۆ گەیشتن بە چارەسەری دەستنیشان کراو یان یەکهەڵوێستی ئایینی ئەگەر گونجا، یان گۆڕینەوەی ڕاوبۆچون و هاوهەڵوێستی نیوانیان بۆ گەیشتن بە نزیکبوونەوە لە دیدگای پێشکەشکراودا.

یەکێکی تر لە جوانییەکانی دیموکراسی گفتوگۆ، نابێت فشاری ئایینی لەسەر لایەنەکان دروست بکرێت لەپێناو بە لاڕێدا بردنی گفتوگۆکە لە خزمەت لایەنێکی دیاریکراو، یان بەکارهێنانی گفتوگۆکە بۆ بەدیهاتنی بەرژەوەندی ئایینێکی تایبەت لەسەر حیسابی ئامانجە گشتییە هاوبەشەکە لە گفتوگۆی نێوان ئایینەکان. ئامانج لە گفتوگۆ گۆڕینەوەی بۆچوونە نەک ڕەتکردنەوەی، لە گفتوگۆی نێوان ئایینەکان سەرۆک و خزمەتکار نییە، بەڵکو یەکسانی تەواو هەیە لەنێوان لایەنەکان و نێوان ئایینەکانیان.

سێیەم: بەردەوامی گفتوگۆ

یەکێ لە سروشتەکانی گفتوگۆ بەردەوامییە، ئەمەش لە هەموو شێوەکانی گفتوگۆدا داواکراوە وەک گفتوگۆی سیاسی و ئابووری، بەڵام لەم شێوانەدا بە کۆتایی دەگەن، لەگەڵ گەیشتن بە چارەسەری تەواوی کێشە سیاسی و ئابوورییەکان، یان کۆتایی دێت پێش ئەوەی بگات بەو دەرەنجامە ئەرێنییە، بەڵام گفتوگۆی نێوان ئایینەکان گفتوگۆیەکی بەردەوامی بێ پچڕانە، بابەتی گفتوگۆکان کۆتایی نایەن، بواری گفتوگۆش هەمیشە کراوەیە.

بابەتی ئایینی لە پێشکەشکردنی چارەسەر بۆ کێشە مرۆییە هاوچەرخەکان ناوەستێت، هەروەها کێشەی ئایینەکان لە پەیوەندیان بەیەکەوە زۆر و هەستیارن پێویستی بە لەسەرخۆیی و ئارامی و کۆششی گەورەی لایەنەکان هەیە.

گفتوگۆی نێوان ئایینەکان کارێکی پێکەوە گرێدراوو بەردەوامە، کۆتایی نییە، بۆ بەردەوامی گفتوگۆ بێگومان دەبێت لایەنەکان نەوەکانی لەسەر پەروەردە بکەن و ئامادەیان بکەن بۆ گفتوگۆی نێوان ئایینەکان لەسەر ئەو بڕوایەی کە کارێکی پێکەوە گرێدراوە، بەریەککەوتنی ئایینەکان شتانێکی حەتمیە و هاوکارە بۆ بەردەوامی متمانە بەوەی گفتوگۆ پێویستە و دەبێت باوەڕ بە ئامانجی گفتوگۆ هەبێت، کە بەدی دێن ئەگەر بە دڵسۆزی بکرێت.

چوارەم: ڕۆحانییەتی گفتوگۆ

گفتوگۆ پشت دەبەستێت بە پێوەرە ڕۆحانییەکان و قبووڵکردنی ئەو بەها ئایینییەی لە ئایینی لایەنەکاندا هەیە، ئەوە گفتوگۆیەکی ڕۆحانییە باوەڕدارانی هەموو ئایینەکان دەگەیەنێت بەو بەها و بنەما ئایینی و ڕەوشتییانەی ئایینەکانی دونیا لە خۆیان گرتووە، بە پێچەوانەی گفتوگۆی سیاسی و ئابووری و شێوەکانی تری گفتوگۆ کە گرنگی بە بابەتە هەنووکەییەکان دەدەن کۆتاییش دێن بە کۆتایی هاتنی هۆکارەکانی یان بەگەیشتن بە چارەسەری کۆتایی. بەڵام بابەتی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان لە سروشتی خۆیاندا بابەتگەلێکی ڕۆحانین، گفتوگۆ لەم بارەیەوە گەشە بە هەستی ئایینی گشتی دەدات، شارەزایی ئایینی لەلای لایەنەکان زیاد دەکات و سەردەکێشێت بۆ گۆڕانکاری لە کەسایەتیە ئایینییەکان، لە تێگەیشتنی بۆ خۆی و ئەوانی تریش قووڵتر دەبێت، بە شێوەیەک لایەنی گفتوگۆکار پوختەی ئایدیای ڕۆحی هەموو ئایینەکانی دەست دەکەوێت. چونکە گفتوگۆی نێوان ئایینەکان گفتوگۆیەکی ڕۆحانییە پێویستی بە زمانێکی ئایینییانەیە کە بتوانێت ماددە ڕۆحانیی و بەها ئایینەیە بەرزەکانی هەر ئایینێک بگەیەنیت.

پێنجەم: یەکێک لە گرنگترین مەرجەکانی سەرکەوتنی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان ئەوەیە کە گفتوگۆکە لە نێوان ئاییندارانی شوێنکەوتەی ئایینەکاندا بێت لەگەڵ شارەزایی باش لەڕووی زانست و ڕۆشنبیرییەوە بە ئایینەکانی تر، چونکە گفتوگۆیەک بوونیاد نرابێت لەسەر نەزانی هەرگیز سەرکەوتوو نابێت. گفتوگۆی نێوان ئایینەکان لە ڕاستیدا گفتوگۆی نێوان زانایانێکە کە شارەزان بە ئایین و ڕۆشنبیری ئایینەکانی تر و خۆشحاڵن بە هەڵسوکەوت لەگەڵیان، لە گفتوگۆکانیاندا عەقڵ بڕیاردەرە نەک هەست و سۆز، پشت بە لۆژیک و مەنهەجی زانستی دەبەستن. لە گفتوگۆی نێوان ئایینەکانەوە تێدەگەن کە ئەمە گفتوگۆی نێوان زاناکانە نەک گفتوگۆی نێوان خەڵکە ئاساییەکە، ئەوانەی کە هەست و سۆزیان بڕیاردەرە لەوێدا عەقڵ هیچ ڕۆڵێکی نابێت بۆ گفتوگۆو وتووێژ.

ئەو جۆرە کەسانە دەمارگیری ئایینی بەسەریاندا زاڵ دەبێت و ئیش ناکەن بە بنەمای لێبوردەیی، لە کاتی گفتوگۆیان لەگەڵ شوێنکەوتەی ئایینێکی تر پشت نابەستن بە عەقڵ.

شەشەم: یەکێک لە مەرجەکانی تری سەرکەوتنی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان ئەوەیە کە لایەنەکان هەست بە جۆرێک لە خۆشەویستی بکەن لەبەرامبەر لایەنەکانی تری گفتوگۆ، دەبێت گیانی لێبوردەیی و خۆشەویستی و حەزی زانین و خزمەتی مرۆڤایەتی باڵ بکێشێت بەسەریاندا. لەگەڵ وەرگرتنی سوودی ڕۆحی لەو گفتوگۆیە لە دەرەنجامی شارەزابوون لە ئایینەکەی تر و ڕێگاکەنی گەیشتن بە ڕاستی تێیدا. هەروەها قاڵ بوونەوە لە ئەزموونی یەک ئایین و زانینی ئەزموونگەلی ئایینەکانی تر دوور لەو ڕاجیاییە عەقیدیانەی بوار نەهێڵنەوە بۆ تێڕامانی ئایینی و زانینی لایەنە باشەکانی ئایینەکانی تر.

بەشی دووەم: بنەماکانی پێکەوەژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی لە ئیسلامدا و ئاڵنگارییەکانی بەردەمی.

ئەوە چەسپاوە کە پێکەوەژیان لە ئیسلامدا بنەمایەکی جاویدانی گرنگە جا لەنێوان موسڵمان و کەسی تر بێت یان نێوان دەوڵەتێکی موسڵمان لەگەڵ ناموسڵمان، هەموو ئەمانە بوونیاد نراون لەسەر ئاشتی و لێبوردەیی و دادپەروەری و یەکسانی و گرنگیدان بە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بەردەوام ئیسلام ڕووبەڕووی ئاڵنگاری دەبێتەوە و تۆمەتبار دەکرێت و ئەم وێنە ڕاستەقینەیەی لەلایەن دوژمنەکانی دەشێوێنرێت.

باسی یەکەم: بنەما و لایەنەکانی پێکەوەژیان لە ئیسلامدا

ئەم باسە بنەماکانی پێکەوەژیان و لایەنەکانی لەخۆدەگرێت، پێکەوەژیانی موسڵمان لەگەڵ ناموسڵمانان ئیتر ئایا لە کۆمەڵگای موسڵماناندا دەژین یان دەرەوە وەک کۆمەڵگا خۆرئاواییەکان کە بەشێک لە موسڵمانان لەبەر بەدەستهێنانی ڕۆزی یان خوێندن یان شتی تر کۆچیان بۆ کردووە.

یەکەم: بنەماکانی پێکەوەژیان لە ئیسلامدا:

پەیوەندی موسڵمان و ناموسڵمان لە کۆمەڵگای موسڵماناندا وەستاوە لەسەر بنەمایەکی ڕۆشن، ئەویش:

ا- ئاشتی نەک جەنگ: پەیوەندی نێوان موسڵمان و ناموسڵمان یان دەوڵەتی ئیسلامی و نا ئیسلامی وەستاوە لەسەر چاکەو مامەڵەی باش، یەکێ لەو ئایەتانەی ئاماژە بە ئاشتیخوازی موسڵمان دەکات ئەوەیە کە دەفەرموێت (وَإِن جَنَحُواْ لِلسَّلْمِ فَاجْنَحْ لَهَا وَتَوَكَّلْ عَلَى اللّهِ إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ) واتا: جا ئەگەر دوژمنان بەلای ئاشتیدا دایانشکاند و حەزیان پێ کرد تۆش ئامادەیی خۆت دەربڕە و پشت بە خودا ببەستە چونکە بەڕاستی ئەو زاتە بیسەر و زانایە. یان دەفەرموێت (قُل لِّلَّذِينَ آمَنُوا يَغْفِرُوا لِلَّذِينَ لَا يَرْجُونَ أَيَّامَ اللَّهِ لِيَجْزِيَ قَوْمًا بِمَا كَانُوا يَكْسِبُونَ) واتا: بڵێ بەوانەی کە ئیمانیان هێناوە: چاوپۆشی بکەن لەوانەی بەتەمای ڕۆژە سەختەکان نین کە خودا پێشی دەهێنێت بۆ لێپرسینەوەیان، تا پاداشتی قەومی نالەبار بداتەوە بەگوێرەی ئەو کاروکردەوەیەی کە ئەنجامی دەدەن.

گیانی لێبوردەیی لە فەتحی مەککەدا لەلای پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) دەردەکەوێت کە لێبوردە بوو بەرامبەر هەموو خەڵکی مەککەی، لە کاتێکدا دەیتوانی دیلیان بکات یان بیانکوژێت، بەڵکو پێیوتن (بڕۆن ئێوە ئازادن) لەم فەرموودەیەوە ئەوە تێدەگەین کە مامەڵەی ئیسلام بەرامبەر هاوبەشدانەران لێبوردەیی و چاکەیە.

دادگەری لەنێوان خەڵکیدا: یەکێکە لەو بنەما گرنگانەی پەیوەندی موسڵمانی بە ناموسڵمانەوە لەسەر وەستاوە تا ژیانێکی ئاشتییانە بژین، دادگەری بنچینەی دەسەڵاتە، دادگەری بریتییە لە پارێزگاری لە ماف و بڵاوکردنەوەی ئاسایش و میهرەبانی و ئاشتی لەنێو خەڵکیدا، خودای گەورە دەفەرموێت (إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُكُمْ أَنْ تُؤَدُّوا الْأَمَانَاتِ إِلَى أَهْلِهَا وَإِذَا حَكَمْتُمْ بَيْنَ النَّاسِ أَنْ تَحْكُمُوا بِالْعَدْلِ إِنَّ اللَّهَ نِعِمَّا يَعِظُكُمْ بِهِ إِنَّ اللَّهَ كَانَ سَمِيعًا بَصِيرًا) واتا: خودا فەرمانتان پێدەدات کە هەموو سپاردەکان بگەڕێننەوە دەست خاوەنەکانیان و هەر کاتێکیش داوەریتان کرد لەنێوان خەڵکیدا، دادپەروەرانە فەرمانڕەوایی بکەن، چونکە بەڕاستی خودا بەجوانی و چاکی و تەواوی ئامۆژگاری و فەرمانتان پێدەدات، بەڕاستی خودا هەمیشە و بەردەوام بیسەر و بینایە. وشەی (الناس) گشتییە موسڵمان و ناموسڵمان دەگرێتەوە، موسڵمان فەرمان پێکراوە کە دادگەر بێت لەگەڵ هەموو خەڵکیدا. ئەمەش حوکمدان دەگرێتەوە لەنێو خەڵکیدا لە بابەتی خوێن و ماڵ و ئابڕوودا، جا کەم بێت یان زۆر، خزم بێت یان بێگانە. کەسی چاک بێت یان خراپ، دۆست بێت یان دوژمن.

ب – یەکسانی لەنێو خەڵکیدا: یەکێ لە بنەما گرنگەکان کە پەیوەندی موسڵمانی بە ناموسڵمانەوە لەسەر وەستاوە بۆ ئەوەی ئاشتییانە بژین، بنەمای یەکسانییە، ئەوەی کە یەکێتی خێزانی مرۆیی جەختی لێ دەکاتەوە، خودای گەورە دەفەرموێت (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ) واتا: ئەی خەڵکینە ئێمە هەمووتانمان لە نێر و مێیەک دروست کردووە و کردوومانن بە چەندەها گەل و تیرە و هۆزی جۆربەجۆر، تا یەکتر بناسن و پەیوەندیتان خۆش بێت بەیەکەوە، بەڕاستی بەڕێزترینتان لای خودا ئەو کەسانەتان کەزۆرتر لەخوداترسە و فەرمانبەرداری خودایە، بێگومان خودا زانا و ئاگایە بە هەمووان. واتا لە ئادەم و حەوا دروستکراون، یەک بنجتان هەیە ڕێزتان بەهۆی تەقواوەیە، ئەگەرچی ڕەگەزو زمان و ڕەنگ و کۆمەڵگاکانتان جیاواز بێت، هەموویان لە ئادەمن و ئادەمیش لە خۆڵە، هیچ ڕێزێکی عەرەب نییە بەسەر غەیرە عەرەبدا ، یان سپی بەسەر ڕەشدا، یان بەهێز بەسەر لاوازدا، ڕێزی زیادە لەسەر بنەمای باوەڕ و تەقوایە.

پاش ئەوەی ئیسلام بانگەشەی یەکسانی نێوان مرۆڤەکانی کرد و دەمارگیری بە هەموو شێوەکانییەوە هەڵدەوەشاندەوە، دەچێت بەرەو بنەمای یەکترناسینی نێوان مرۆڤەکان، ئەوەش ئەو مەبەستە مرۆییەیە کە دەبێتە هۆی بەدیهاتنی چاکە بۆ تاک و کۆمەڵگا. فەزڵی نێوان خەڵکی لە کاروباری ئایین و بیروباوەڕیاندا تایبەتە بەخودای گەورەوە، نەک ژیانی دنیایان، ئەوە دەکەوێتە دواڕۆژ.

بەم شێوەیە ئیسلام دەرگای ئاشووبی نێوان مرۆڤەکانی داخستووە، بانگیان دەکات کە ڕاجیاییە ئایینییەکان نەیانبات بەرەو دەمارگیری کە هیچ سوودی نییە، تا بە هۆیەوە بکەونە ئاشووب و کێشەوە، پێویستە هەست بە پەیوەندی خێزانە گەورەکە بکەن کە دەبێتە هۆی ئارامی و ئاشتییانەی نێوانیان.

دووەم: پێکەوەژیانی ئایینی

بنەمای قورئانی پیرۆز پێکەوەژیانی ئایینییە لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا، بە شێوەیەک کە موسڵمانان شان بەشانی کۆمەڵەکانی تر بژین لە یەهودی و مەسیحی و کەسانی تر، خودای گەورە دەفەرموێت (لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ ۖ قَد تَّبَيَّنَ الرُّشْدُ مِنَ الْغَيِّ ۚ فَمَن يَكْفُرْ بِالطَّاغُوتِ وَيُؤْمِن بِاللَّهِ فَقَدِ اسْتَمْسَكَ بِالْعُرْوَةِ الْوُثْقَىٰ لَا انفِصَامَ لَهَا ۗ وَاللَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ) واتا: بەهیچ جۆرێک زۆر کردن نییە لە وەرگرتنی بیروباوەڕی ئیسلامدا، چونکە بەڕاستی ڕێبازی چاک و دروست؛ ڕوون و ئاشکرا بووە و جیا بووەتەوە لە گومڕایی و سەرکێشی، جا ئەوەی باوەڕی نەبێت بە تاغوت و باوەڕی دامەزراو بهێنێت بە خودا، بێگومان ئەو کەسە دەستی گرتووە بە بەهێزترین هۆکاری ڕزگارییەوە، کە هیچ پسان و هەڵوەشاندنەوەیەکی بۆ نییە، خودای گەورەش بیسەر و زانایە. هەروەها دەفەرموێت (وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ لَجَعَلَ النَّاسَ أُمَّةً وَاحِدَةً ۖ وَلَا يَزَالُونَ مُخْتَلِفِينَ) واتا: خۆ ئەگەر پەروەردگارت بیویستایە ئەوە هەموو خەڵکی دەکرد بە یەک تاقم و کۆمەڵ، بەڵام بەردەوامیش ئەو خەڵکە جیاوازن. بەردەوام خەڵکی جیاوازن لە کۆمەڵێک ئاییندا مەگەر خودا ڕەحم بکات و لەسەر ئیسلام کۆیان بکاتەوە و هیچ جیاوازییەک لەنێوانیاندا نەمێنێت.

سێیەم: پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی

قورئانی پیرۆز دامەزرێنەری ژیانێکی ئاشتییانەیە لەنێوان ڕۆڵەکانی کۆمەڵگادا، بیریان دەخاتەوە کە یەک بنچینەیان هەیە، ئەویش ئادەم و حەوایە، لەوانەوە گەل و هۆز و جۆرایەتی و جیاوازی ئایین و ڕەنگ دروست بووە، فەزڵی عەرەب نییە بەسەر غەیری خۆیدا، یان سپی بەسەر ڕەشدا، هەموویان وەک یەکن، تەرازووی فەزڵی نێوانیان تەقوا و نزیکییە لە خودای گەورە، پێویستە سود لەو ڕاجیای و جیاوازییەی نێوانیان وەربگرن بۆ ناسینی بەردەوام و هاریکاری بەرهەمدار و سوودی هاوبەش، خودا گەورە دەفەرموێت (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ) واتا: ئەی خەڵکینە ئێمە هەمووتانمان لەنێرو مێیەک دروست کردووە و کردوومانن بە چەندەها گەل و تیرە و هۆزی جۆربەجۆر، تا یەکتر بناسن و پەیوەندیتان خۆش بێت بەیەکەوە، بەڕاستی بەڕێزترینتان لای خودا ئەو کەسانەتان کەزۆرتر لەخوداترسە و فەرمانبەرداری خودایە، بێگومان خودا زانا و ئاگایە بە هەمووان. هەر دەبێت ناسین لەنێوانیاندا هەبێت، ئەگەر هەر یەکەیان بە تەنها بمێننەوە ئەو یەکترناسینە دروست نابێت، کە هۆکارە بۆ هاوکاری و پشتیوانی و میراتگری و پێدانی مافی خزمان. بەڵام خودای گەورە لە گەل و هۆز دروستی کردوون، بۆ ئەوەی ئەو مەبەستانە بەدی بێن.

چوارەم: پێکەوەژیانی ئابووری

خودای گەورە فەرمان بە باوەڕداران دەکات وەفادار بن بەرامبەر گرێبەستەکان، چونکە داخوازی باوەڕ ئەوەیە کە وەفا بکرێت بەرامبەر بە گرێبەستەکان، واتە بەتەواوی جێبەجێ بکرێن، نابێت کەمتەرخەمیان تێدا بکرێت، ئەمە ئەو گرێبەستەش دەگرێتەوە کە لەنێوان خودا و بەندەدا هەیە، لە پابەندی بە پەرستشەکانەوە و هەستان پێیان بە جوانترین شێوە، نابێت هیچیان لێ کەم بکرێتەوە، گرێبەستی نێوان مرۆڤ و پێغەمبەرەکەی بریتییە لە فەرمانبەرداری و شوێنکەوتنی، نێوان مرۆڤ و دایباب و خزمانی بریتییە لە چاکەو سەردانیکردنیان و نەپچڕانی پەیوەندی پێیانەوە، نێوان مرۆڤ و هاوڕێکانی بە پێدانی مافەکانیان و لەگەڵبوونیان لە هەژاری و دەوڵەمەندی و ناڕەحەتی و خۆشحاڵیاندا، نێوان مرۆڤ و خەڵکی تردا بە گرێبەستەکانی وەک کڕین و فرۆشتن، موسڵمان لە مامەڵەی لەگەڵ موسڵمان و ناموسڵماندا پابەند دەبێت بەو پەیماننامانەی پێوەی پابەندکراوە، نابێت ناپاکی و ستەم بکات و کەمتەرخەمیان بەرامبەر بکات چونکە ئەوە پابەندیە بە ئایینی خوداوە کە دەفەرموێت: (يا أيها الذين آمنوا أوفوا بالعقود أحلت لكم بهيمة الأنعام إلا ما يتلى عليكم غير محلي الصيد وأنتم حرم إن الله يحكم ما يريد) واتا: ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە، بەئەمەک و بەوەفا بن بەرامبەر بەڵێن و پەیمانەکانتان، ماڵات بۆتان حەڵاڵ کراوە، بێجگە لەوانەی کە بەسەرتاندا دەخوێنرێتەوە، لە کاتێکدا ڕاوتان بۆ حەڵاڵ نییە کە لە ئیحرامدان، بەڕاستی خودای گەورە فەرمان دەدات بە هەر شتێک کە بیەوێت.

پێنجەم: پێکەوەژیانی سیاسییانە

پێشتر باس کرا پەیوەندی نێوان موسڵمان و ناموسڵمان، دەوڵەتی ئیسلامی و نا ئیسلامی وەستاوە لەسەر چاکەو مامەڵەی باش، خودای گەورە فەرمانی بە باوەڕداران کردووە کە قبوڵی ئاشتی و ئاشتەوایی بکەن، ئەگەر دوژمنەکانیان ئەوەیان ویست، خودای گەورە دەفەرموێت (وَإِن جَنَحُوا لِلسَّلْمِ فَاجْنَحْ لَهَا وَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ ۚ إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ) واتا: جا ئەگەر دوژمنان بەلای ئاشتیدا دایان شکاند و حەزیان پێ کرد تۆش ئامادەیی خۆت دەربڕە و پشت بەخودا ببەستە چونکە بەڕاستی ئەو زاتە بیسەرو زانایە. خودای گەورە بە پێغەمبەرەکەی دەفەرموێت: ئەگەر مەیلیان بەلای ئاشتی و وازهێنان لەجەنگ هەبوو، جا یان بە هاتنیان بۆ ناو ئیسلام یان بە سەرانە دان یان ڕێکەوتن و هاوشێوەکانیان وەک هۆکارەکانی ئاشتی و ئاشتەوایی. ئەمەش بانگەشەیەکی ڕاشکاوە بۆ پێکەوەژیان لەگەڵ ئەو دەوڵەتە دراوسێیانەی دژایەتی دەوڵەتی ئیسلامی و موسڵمانان ناکەن کە لەنێوانیاندا ئاشتی و ئارامی هەبێت، پێغەمبەریش (صلی اللە علیە وسلم) جەخت لە پێکەوەژیان و هاریکاری لەگەڵ ناموسڵمان دەکات بۆ سەرخستنی ستەمدیدە و بڵاوکردنەوەی ئاشتی و ئارامی لە جیهاندا.

حوکمی پشتبەستن بە ناموسڵمان

جەماوەری زانایان پێیان وایە دروستە داوای هاوکاری لە ناموسڵمان بکرێت لە بەشێک لەو کارانەی شارەزان تێیدا بە مەرجێک بەشێک لە دینداریان نەبێت، جا شوێنکەوتەی کتێبە ئاسمانییەکان بن یان هاوبەشدانەر بن، لە چیرۆکی کۆچ بەرەو مەدینەدا هاتووە کە پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) عەبدوڵڵای کوڕی ئورەیقیتی بە کرێ گرت وەک ڕێنیشاندەر، لە کاتێکدا بێباوەڕ بوو، بەڵام شارەزای ڕێگاکە بوو. زانایان ڕاجیان لە پشت پێ بەستنیان لە کاتی جەنگدا. جەماوەری زانایان لە کاتی پێویستدا ڕێگایان پێداوە، ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئیسلام بڕوای بە پێکەوەژیان هەیە لەگەڵ کافران تەنانەت لەو بابەتە گرنگانەی نهێنی و ئەمانەتن. هەروەها بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە دروستە لەو کارانە سوودیان لێ وەربگیرێت کە تێیدا شارەزان و سوودیان هەیە و متمانەداریشن.

باسی دووەم: دیارترینی ئەو ئاڵنگارییانەی بەرەوڕووی پێکەوەژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە.

پێکەوەژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا بەتایبەت کۆمەڵگا خۆرئاواییەکان ڕووبەڕووی چەندان لەمپەر یان ئاڵنگاری دەبێتەوە، پێش ئەوەی بەدی بێت لەبەردەچێت، دیارترینیان:

یەکەم: دیاردەی ترسان لە ئیسلام (ئیسلامۆفۆبیا)

کەسانێک لە خۆرئاوا هەڵدەستن بە دژایەتی ئیسلام یان پێغەمبەری ئیسلام و مێژووی ئیسلام. ڕۆژانەو بەدەیان شێوازی جیاواز دژایەتی موسڵمانان دەکەن، دەزگا ڕاگەیاندنەکانیان بە خۆرهەڵات و خۆرئاوادا بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام موسڵمانان بە لێدوان یان خۆپیشاندانی ئا شتیانە و وتاردان، یان بە وەڵامدانەوەیان لەڕێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە وەڵامیان دەدەنەوە، دەبینین ڕقلەدڵەکان بیانوو بە هەڵەتێگەیشتنی موسڵمانان دەهێننەوە، تۆمەتباریان دەکەن بە ناتێگەیشتوویی، یان زۆر هەستیاری، نەماندی موسڵمانان هەستیاری توندیان هەبێت ئەگەر گاڵتە بە عەقیدەی ئایینیان نەکرێت.

ئەم کارە گەیشتووە بە دەوڵەتە گەورەکانیش بەتایبەت ئەمریکا، کە پێیان وایە هەموو موسڵمانێک تیرۆریستن. ئایینی ئیسلامیش ئایینێکی تیرۆریستییە، تا ئەو ڕادەیەی ئیسلام سەرتاپای تیرۆریستییە و ئایینەکەشی ئایینی تیرۆریستانە، هەڵدەستن بە هۆنینەوەی زانیاری هەڵبەستراو تا لەگەڵ ئەو وەسفانەیاندا یەکبگرێتەوە.

کاتێک ڕووداوی ١١ی سێپتەمبەر ڕوویدا پێی خۆشحاڵ بوون، چونکە بەشدارەکان لە موسڵمانان بوون وەک ئەوان دەیانوت، ئیتر پەنجەی تۆمەت بۆ هەموو موسڵمانان ڕاکێشرا، ئەوەیان بیر چووەوە کە ڕووداوی هاوشێوەی ئەوە لە ئەمریکا ڕوویداوەو ئەمریکییەکانیش پێی هەستاون، بەم شێوەیە تۆمەتبارکردنەکە بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە کە گوایە موسڵمانان کاری تیرۆریستیان ئەنجام داوە.

لەلای ئەوان ئەوە دەرکەوت کە ناویان نابوو (ئیسلامۆفۆبیا) واتا ترس لە ئیسلام، لە بیریان چووە کە جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان موسڵمان و ئیسلامدا، مەرج نییە هەر کارێک موسڵمانێک پێی هەستا بەتایبەت کاری خراپ بلکێنرێ بە هەموو ئیسلامەوە، ئایا ئەگەر ئەمریکییەک تاوانێکی ئەنجامدا دروستە گشتگیری بکەیت بەسەر تەواوی ئەمریکادا؟ یان هەڵەی مەسیحییەک بکرێتە ماڵ لەسەر ئایینی مەسیحی؟

پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ڕاستەقینەی فکری خۆرئاوا کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست باڵادەست بوو، بۆمان دەردەکەوێت کە بەشێک لە گەورە نووسەران بەو پەڕی ڕێزو شکۆ و شانازییەوە باسی ئیسلام و موسڵمانان و پێغەمبەریان کردووە.

بۆ نموونە نووسەرێکی گەورەی وەک تۆماس کارلیل کە دادەنرێت بە گەورەترین عەقڵی ئینگلیزی لەپاش شکسپیر، پێغەمبەر و ژیاننامەکەی لە کتێبەکەیدا (پاڵەوانەکان) داناوە زۆر بە گەورە وەسفی کردووە، دەربارەی دەڵێت: هیچ شتێک لەو بەڵگەیە گەورەتر نییە لەسەر ڕاستییەتی پێغەمبەرایەتی محەممەد کە دامەزرێنەری ئایینێکە زیاتر لە دووسەد ملیۆن کەس خۆراکی ڕۆحیان لێوە وەردەگرن، زیاتر لە دوانزە سەدە خۆگر بوو لەبەردەم هێرشەکانی لەبەریەک هەڵوەشانی، پاشان دەبێت ئەوەمان بیر نەچێت کە محەممەد لە هیچ مامۆستایەک وانەی نەخوێندووە، بۆم دەرکەوتووە کە محەممەد خوێندن و نووسینی نەزانیوە، هەر ئەوەی دەربارەی سارا و ژیانکردنی ئەوێی زانیوە، هەموو زانیارییەکانی ئەو ئەوە بووە کە بە چاو بینیوێتی و بە دڵ وەریگرتووە لەم گەردوونە بێکۆتاییەدا، بە خودا نەخوێندەواری محەممەد سەرسووڕهێن بووە.

هەمان شت لە فکری جان جاک ڕۆسۆی فەڕەنسیدا هەبوو پاشان لەلای گۆستاف لۆبون بۆ لامرتین و لەوەوە بۆ گارودی و کەسانی تریش، هەموویان گەواهیدەری گەورەیی ئیسلام بوون، زۆر جوان باسی پێغەمبەریان (صلی اللە علیە وسلم) کردووە، لە کاتێکدا موسڵمانیش نەبوون.

لەڕووی ژیارییەوە ئەو ترسە ڕاست نییە کە لە ئیسلام هەیانە، هیچ ڕاستیەتێکی نییە، بابەتەکە تەنها دژایەتی کردنی ئیسلامە پێش ئەوەی ئەو دژانە تێی بگەن، هەر لەبەر ئەوەیە ئەو شەپۆلە لە ترس و دڵەڕاوکێیە بووەتە نەخۆشییەکی دەروونی لەلای خۆرئاواییەکان، هەر بۆیە پڕوپاگەندەی ترس لە ئیسلام بڵاو دەکەنەوە و بە درۆی لە ئیسلام ترسان گەلەکانیان دەخەڵەتێنن، سۆز و هەڵچوونەکانیان پاڵ دەنێن لە دژی ئیسلام، هەر بۆیە ڕێگر دەبن لە بڵاوبوونەوەی خودی ئیسلام وەک حەقیقەتێکی ئایینی ئاسمانی لە کاتێکدا بیرمەند و فەیلەسووفە خۆرئاواییەکان دانی پێدا دەنێن و باوەڕی پێ دەهێنن.

کەواتە ئەم ترسە درۆینە هەڵبەستراوە تەنها سیاسەتێکە بۆ وەستان لەڕووی حەقیقەت، بۆ ئەوەی بە ناوەندی میللەتە ئەوروپییە هەژارەکەدا بڵاو نەبێتەوە، کە بەهۆی ئەو ژیارە مادییەوە هەژار کەوتوون نەبادا ڕۆحیان ببووژێنێتەوە، هاوسەنگی ماددی و ڕۆحی، جەستەیی و عەقڵیان بۆ دروست بکات، هەر بۆیە ڕێگری دەکەن لەوەی پێکەوەژیانیان بۆ دروست بێت لەگەڵ موسڵماناندا.

دووەم: دەرکەوتنی کۆمەڵە توندڕەوەکان

توندڕەوی دیاردەیەکی کۆنی جیهانییە، ڕیشەی مێژوویی هەیە، چەندان ڕەهەندی هەیە، هەندێک جار ئابوورییە، یان ڕەوشتییە یان سیاسییە، توندڕەوی لە کام ئاڕاستەوە بێت لە کۆتاییدا دەبێتە مەترسییەکی دڵڕەقانە، ئەو توندڕەوییەی کەسانێک دەیلکێنن بە ئیسلامەوە ستەمێکی گەورەیە چونکە توندڕەوی ئایین و نیشتمانی نییە.

توێژەری دادپەروەری عەقڵ کراوە و ویژدان زیندوو دەبینێت ئەو تاوانە توندڕەویانەی ڕۆژانە دەربارەی مافی خەڵکی بەگشتی دەکرێن ڕاستییەکەی ئەوەیە کە “توندڕەوی بێ ئایینە و زادەی دەمارگیرییە، بریتییە لە لادانی فکری و ئایدۆلۆژی، هەموو ئایینەکان بانگەشەی خۆشەویستی و ئاشتی دەکەن. ئیسلام ئایینی میهرەبانییە، خودای گەورە پێغەمبەری ئیسلامی نەناردووە (تەنها بە ڕەحمەت نەبێت بۆسەر هەموو جیهانیان).

کۆمەڵگای ئیسلامی لەم ساڵانەی کۆتاییدا بەدەستی دەرکەوتنی چەند گروپێکی دەمارگیری توندڕەوەوە دەناڵێنێت، ئەو کۆمەڵانە بەبێ جیاوازی ناوەکانیان، خەریکی بەکافردانانی کۆمەڵگەن، خوێنی بێتاوان حەڵاڵ دەکەن، وێرانە و کاولکاری بە زەویدا بڵاو دەکەنەوە، عەقیدەی ئیسلامی بە باوەڕ و شەریعەتەکەیەوە دژایەتی ئەو کارانە دەکات.

لەژێر ڕۆشنایی ئەمەدا پێویستە تەواوی دەوڵەتانی جیهان بەرەوڕووی ئەم دیاردەیە ببنەوە و دژایەتی بکەن و بەری پێ بگرن، هەروەها دژایەتی هەموو ئەو لایەنانە بکەن کە پاڵپشتی لەو ڕێکخراوە توندڕەوانە دەکەن و هەموو ئەو دەنگانەش کە برەو بە تائیفەگەری دەدەن، بە هەموو جیهان دەڵێین: ئیسلام ئایینێکە برایەتی و ئاشتی و خۆشەویستی و چاوپۆشی لەنێوان خۆیی و تەواوی مرۆڤایەتیدا دروست دەکات، بەپێچەوانەی ئەوەی دڵڕەقان باسی دەکەن، لەم بارەیەوە دەقی قورئانی زۆرە کە بانگەشەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ناو مرۆڤەکان دەکات، بەبێ جیاوازی لایەنداری و عەقیدە و بنچینەیان.

سێیەم: هەڵوێستی فیقهییانەی توند.

کێشەی سێیەم کە ڕووبەڕووی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بنەمای هەڵسوکەوتی مرۆڤانە دەبێتەوە لە ئیسلامدا، ئەویش ڕاڤەکردنی بەشێک لە هەڵوێستی فیقهییانەی توندە، کە وا دەردەکەوێت کە دژە بە گیانی پێکەوە ژیان و هەڵوێستی مرۆڤانە.

ئەوەی ڕاستە ئەوەیە کە ئیسلام ڕێگری ناکات لە کاری هاوبەش لەگەڵ لایەنی تر لە شوێنکەوتەی ئایین و بیروباوەڕەکان، بەپێی جیاوازی ئاستیان، ئەو شتەی ئیسلام ڕێگری دەکات کە ناو دەبرێت بە (دەستوەردان لە ژیانی تایبەت) لە سەر ئاستی خواردن و پۆشین و خەوتن و ..هتد، لە لایەک بە ئامانجی پارێزبەندی خودیە بۆ موسڵمان و لەلایەکی ترەوە بۆ ئەوەی ئەوانی تر هەست بکەن کە لەسەر ئاڕاستەیەکی دروست نین.

کۆتایی

یەکێک لە نیشانە دیارەکانی خۆرئاوا لەپاش ڕووداوی ١١ی سێپتەمبەر، ئاشکراکردنی دژایەتییانە بۆ ئیسلام و موسڵمانان، بەڵام لەسەر موسڵمان پێویستە گرنگی بدات بە پێکەوەژیان لە کۆمەڵگای موسڵمان و ناموسڵماندا ئەگەرچی ئایین و مەزهەبیشیان جیاواز بێت، بێگومان شوێنەواری گەورە جێ دەهێڵێت کە وێنەی ڕاستەقینەی عەقیدە و ئایینەکەمان پیشان بدەین. هەروەها دەبێت پەیوەندی موسڵمان و ناموسڵمان یان دەوڵەتی ئیسلامی و نائیسلامی لەسەر بنەمای چاکەو ڕەفتاری باش بێت.

ئێستا باس لە جوانییەکانی ئیسلام و ناسنامە ڕاستەقینەکەی دەکرێت و لە زۆربەی وڵاتە ئەوروپی و ئەمریکییەکاندا بووەتە باسی ڕۆژ، ئەمەش جەخت لە پێویستی بانگەواز دەکاتەوە بۆ لای خودای گەورەو ئیشکردن بۆ ناساندنی ئیسلام و ڕێنماییە بەرزەکانی.

هەروەها دەبێت پێکەوەژیانی نێوان موسڵمانان و نێوان موسڵمان لەگەڵ ناموسڵماناندا لە شوێنکەوتەی ئایینەکانی تر، لەسەر بنەمای متمانە و ڕێزی هەردوولا بێت، لەپێناو چاکە بێت بۆ مرۆڤایەتی، لەو بوارانەی گرنگی هاوبەشی هەیە، ئەوەی کە بەرکەوتەی نزیکی دەبێت لەگەڵ ژیانی مرۆڤ، نەک لە شتانێکی بێکەڵکدا.

Send this to a friend