نوێگەری لە دیدی مەلای گەورەی كۆیەدا
د. كازم عەلی تۆفیق
ڕیفۆرم و نوێگەری بەشێکی گرنگی پێکهێنەری سرووشتی ژیانی مرۆڤە، دوورکەوتنەوە و پاشەکشە لێی بەرهەمەکەی بەجێمان و دواکەوتنی مرۆڤە لە دەوروبەرەکەی، چونکە نوێبوونە پرۆسەیەکی چەسپاوە و بەردەوام لە دەوروبەری مرۆڤدا بەدی دەکرێت، نموونەی نوێبوونەوەی شەو و ڕۆژ و بەردەوامی گۆڕانی وەرزەکانی ساڵ و … هتد، گەر مرۆڤ سەرنجی ئەم گۆڕانکارییانە نەدا، پێویستە پێداچوونەوە بە هزر و بیریدا بکات، ئاخر ناکرێ و ناگونجێ هزری ڕیفۆرم و نوێگەری خوتخوتەی خەیاڵ و ئاوەزی نەدات، لەم چوارچێوەدا لەناو كورددا چەندین نوێگەر و بیرمەند هەڵكەوتوون، كە ڕۆڵی بەرچاویان لە نەخشی مەعریفەی ئیسلامی‌دا هەبووە، مەلای گەورەی كۆیە یەكێكە لەو كەسایەتیانە كە جێ پەنجەی دیارە و لە نووسینەكانیدا دیدگای خۆی خستووەتەڕوو.
ڕیفۆرم و نوێگەری بەشێکی گرنگی پێکهێنەری سرووشتی ژیانی مرۆڤە، دوورکەوتنەوە و پاشەکشە لێی بەرهەمەکەی بەجێمان و دواکەوتنی مرۆڤە لە دەوروبەرەکەی، چونکە نوێبوونە پرۆسەیەکی چەسپاوە و بەردەوام لە دەوروبەری مرۆڤدا بەدی دەکرێت، نموونەی نوێبوونەوەی شەو و ڕۆژ و بەردەوامی گۆڕانی وەرزەکانی ساڵ و … هتد، گەر مرۆڤ سەرنجی ئەم گۆڕانکارییانە نەدا، پێویستە پێداچوونەوە بە هزر و بیریدا بکات، ئاخر ناکرێ و ناگونجێ هزری ڕیفۆرم و نوێگەری خوتخوتەی خەیاڵ و ئاوەزی نەدات، لەم چوارچێوەدا لەناو كورددا چەندین نوێگەر و بیرمەند هەڵكەوتوون، كە ڕۆڵی بەرچاویان لە نەخشی مەعریفەی ئیسلامی‌دا هەبووە، مەلای گەورەی كۆیە یەكێكە لەو كەسایەتیانە كە جێ پەنجەی دیارە و لە نووسینەكانیدا دیدگای خۆی خستووەتەڕوو.
مەلای گەورە زانایەکی دیاری باشووری کوردستان بووە لە سەدەی ڕابردوودا، گەورەی بنەماڵەی جەلیزادە بووە، کەسایەتییەکی بەناوبانگ و زانستپەروەر و نوێگەر بووە. باوەڕی بە لاساییکردنەوەی کوێرانە نەبووە، هەوڵیداوە لە ڕێگەی بیرە نوێگەرییەکانییەوە کە هەڵقوڵاوی قورئان و فەرموودەکان بووە، جارێکی تر کۆمەڵگەی کوردی بگێڕێتەوە بۆ سەر ڕێبازی ئیسلامی و لەو پێناوەشدا لە هیچ شتێک سڵی نەکردووەتەوە، خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز بووە لە ڕووبەڕوونەوە و بەگژاچوونەوەی هەموو ئەو دیاردە و تێگەیشتنە نەشازانەی پێچەوانەی مەبەستەکانی قورئان بوون، هیچ ساتێکیش دڕدۆنگ نەبووە لە باسکردن و لێدان لەو بۆچوونە باوانەی کە پێچەوانەی ئەم تێگەیشتنە بوو بن. خاوەنی دید و بۆچوونی خۆی بووە بۆ تێگەیشنی لە دین و ژین، زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین لە سەردەمی خۆیدا هیچ هاوشانێکی لە ڕووی زانستی و سیاسی و بوێری و نوێگەرییەوە نەبووە.
زۆر جیاواز لە زانا و کەسایەتییەکانی دەوروبەری بیری کردووەتەوە، بەردەوام هەوڵیداوە لە نووسین و وتار و فەتوا و دادوەرییەکانیدا بازنەی ئایینزا (مذهب) تێبپەڕێنێت. هەوڵی داوە تێڕوانینەکانی ڕەنگدانەوەی ڕۆحی شەریعەت بێت و لێی دوور نەکەوێتەوە. ئەو لە بەشێک لە بیروڕاکانیدا تەواو لە زانایانی دەوروبەری جیاواز دەرکەوتووە، ئەو بیروبۆچوونانەی ڕەت کردووەتەوە کە باوەڕیان وابووە پێچەوانەی بنەما سەرەکییەکانی قورئانن.
تێڕوانیینەکانیشی فرە ڕەهەند بوون و تایبەت نەبوون بە لایەنێکی دیاریکراوەوە، دەکرێت ئاماژە بە هەندێکیان بکرێت وەک: تێگەیشتن لە قورئان و باوەڕی ئیسلامی و کەسایەتی و ڕۆڵی ئافرەت لە کۆمەڵگەدا، واتای بیدعە و سوننە و نوێگەری لە پرۆگرامی خوێندندا، هەر یەکێکیش لەم تایبەتمەندییانە پێویستییان بە توێژینەوەی ورد و فراوان هەیە، بەڵام هەوڵ دەدەین بە کورتی دەربارەی هەندێکیان بدوێین.
لە سنوورێکی دیاریکراویشدا گرنگی تەواوی بە عەقڵ داوە، باوەڕی بەوە هەبووە کە عەقڵ دژی دین نییە و پێویستە ڕۆڵی عەقڵ لە تێگەیشتنی دەقەکاندا نادیدە نەگیرێت و پێی وایە کە کەسانی ڕینمونیکراو ئەوانەن کە باوەڕیان بە عەقڵ و نەقڵ هەیە، هیچیان بێ بایەخ سەیر ناکات(1).
له‌م سۆنگه‌يه‌شه‌وه ده‌بينين ناوبراو توانيویەتى نوێگهریيهكى به‌رچاو بكات و له چه‌ندين پرسدا دوور له ده‌مارگيرى و شوێنكه‌وتنى زۆرينه ڕاى خۆى هه‌بێت و ئه‌وه په‌سه‌ند بكات كه له‌گه‌ڵ ئه‌و بنه‌مايانه و ئاوهزى دروست و سروشت و تايبهتمهنديى شه‌ريعه‌ت ده‌گونجێن.
یەکەم: پوختەی ژیاننامەکەی
مەلا محەممەدی کوڕی مەڵا عەبدوڵڵای کوڕی مەلا ئەسعەدی کوڕی مەلا عەبدوڵڵای کوڕی مەلا عەبدولڕەحمانی كاكی جەلییە”(2)، دایکی عائیشەخانی کچی مەلا ئەبوبەكری ئاغا حەوێزییە(3)”، دایک و باوکی لە بنەماڵە ناسراوەکانی کۆیە بوون، مەلای گەورە دەربارەی ڕەچەڵەکی خۆی دەڵێت “بەر ئەتڵەسی پشت مەخمور”(4)، واتە: بەر و پشتی لێفەکە لە قوماشی بەنرخن، مەبەستی ئەوەیە: کە لە لایەنی دایکی و باوکییەوە لە بنەماڵە ناودارەکانی کۆیەیە.
لە کۆتایی مانگی ڕەجەب لە ساڵی (١٢٩٣ کۆچی – ١٨٧٦ زایینی) لە شاری كويه لە دایک بووە، وەک خۆی لە کۆتایی تەفسیرەکەیدا دەڵێت: “لە آخری ماهی ڕجب اللە بە ولد بوويم”(5).
چەندین نازناوی هەبووە وەک: “کاک حەمەد، مەلا محەممەدی ئەفەندی، سەرۆکی زانایان، مەلای گەورە، جەنابی مەلا”(6)، بەڵام لە هەموویان ناسراوتر دوانی کۆتایین، وەک مەسعود محەممەد باسی دەکات(7). مەلای گەورەی کۆیە ساڵی “١٣٦٢ک” لە شاری کۆیە بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە. سەرجەم خەڵکی ناوچەکە خەمبار دەبن و ناوشار تازیەباری ڕادەگەیەنن و قازی محەممەدیش لە شاری مهاباد سێ ڕۆژ ماتەم ڕادەگەیەنێت(8).
لە دایکبوون و گەورەبوون و گەشەکردنی هەر لەو شارە بووە، چەند مانگێکی کەم نەبێت کۆیەی جێ نەهێشتووە. بەڵام ناوبانگ و زانستەکەی سنووری کۆیە و کوردستانی تێپەڕاندووە،
دووەم: قورئان لای مەلای گەورە
قورئان تەنها وتەی پارێزراوی خوای گەورەیە لە سەر زەویدا، دوایین پەیامی ئاسمانیشە کە لە ڕێگەیەکی ئەمین و دروستەوە بە مرۆڤەکان گەیشتووە. مەلای گەورە قورئانی زۆر لا گەورە و بەڕێزە، پلە و پایەیەکی یەکجار مەزن و گەورەی هەیە، باوەڕی وایە کە هیچ وتە و وشەیەک چەند بەرز و جوان بێت لە گەڵ قورئاندا بەراورد ناکرێت، تەنانەت ئەگەر وتەی پێغەمبەریش بێت (د. خ.)، چونکە خوا بێ وێنەیە، بە هیچ کەس و شتێک بەراورد ناکرێت، قورئانیش وتەی ئەوە و بێ هاوتایە. هەر بۆیە کاتێک کەسایەتییەکی وەک حسێن کاشیف، کە نوسەرێکی شیعەی هاوچەرخی خۆیەتی، بەرواردی مەسنەوی و قورئان دەکات، مەلای گەورە بەرپەرچی دەداتەوە: “”(9). بەڵام بەداخە بۆ ئەوەی موسڵمانان هەست بەم گەورەیی و ڕێزەی قورئان ناکەن و وازیان لێهێناوە و پشتیان لێکردووە، لێی تێناگەن و تەنیا ئاشنای چەند دروشمێکی ڕواڵەتیانەن، وەک پێویست گرنگی پێنادەن، هەر ئەمەشە بووەتە مایەی لەدەستدانی شکۆ و مەزنی خۆیان، بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو ڕێز و گەورەییەی پێشوویان پێویستە جارێکی تر موسڵمانان بگەڕێنەوە بۆ ڕامان و تێگەیشتن لە قورئان، وەک چۆن هاوەڵان لێی تێگەیشتوون و سوودیان لێ بینیوە.
سەرنجەکانیشی لە چەند ڕوویەکەوەیە، لەوانە:
یەکەم: تێگەیشتن لە ڕۆحی قورئان و ئاشنابوون بە مەبەستەکانی، دوورکەوتنەوە لە خوێندنەوەی ڕواڵەتیانە.
خوێندنەوەی ڕواڵەتیانەی قورئان یەکێکە لەو گرفتانەی بەشێک لە موسڵمانانی سەرقاڵ کردووە، بەڵام مەلای گەورە داوا دەکات زانایان خۆیان بە دوور بگرن لەم بابەتە، وەک دەڵێت “حەقی خوێندنەوە کە تەئەممول و تەدەببور و تەفەککورە، لە مەعنا گەیشتنە، ڕەشخوێنی هیچ ئیعتیباری پێ نییە، مەقسەد فەهمی مەعنایە”(10)، ڕەخنەش لە سەلەفییەکان دەگرێت کە تەنها ڕواڵەتیانە لە دەقەکان دەڕوانن(11).
بۆیە کاتێک تەفسیری ئایەتی سورەتی ئەلواقیعە دەکات دەڵێت: کەسی وا هەیە ئامادە نییە بە بێ دەستنوێژ دەست لە قورئان بدات، بەڵام سوێندخواردنی درۆ بە لایەوە زۆر ئاساییە، ئەوانە ئەگەر لە ڕوحی قورئان تێگەیشتبان، هەرگیز وایان نەدەکرد(12).
دووەم: گرنگیدان بە سیاقی ئایەتەکان و دوورکەوتنەوە لە وەرگرتنی ئەسباب نزول لە تێگەیشتن لە دەقە شەرعییەکاندا.
ئەسباب نزول واتە هۆکاری دابەزینی ئایەتەکان، لە پێناسەکەیدا وتراوە: ئەو ئایەتانە دەگرێتەوە کە لە کاتی هاتنە خوارەوەیاندا پەیوەستبوون بە ڕووداوێکەوە، یان پرسیارێکەوە.(13)
زانایانی تەفسیر بایەخێکی یەکجار زۆریان پێداوە، بەڵام مەلای گەورە بە پێچەوانەی زۆرینەی زانایانەوە داوا دەکات لە تەفسیرکردنی قورئانی پیرۆزدا گرنگی بە زەمینە (سیاق)ی هاتنی ئایەتەکان نەوەک ئەسباب نزول بدرێت، هەروەها ڕای وایە زۆرینەی گێڕانەوەکانی ئەسباب نزول گرفتی تێگەیشتن لە دەقەکانی قورئان دروست دەکات، باشترین چارەسەریش بریتییە لە دوورکەوتنەوە لە ئەسباب نزول.
سێیەم: ئافرەت لە دیدەی مەلای گەورەدا
کۆمەڵگەی کوردی وەک زۆربەی لایەنەکانی تری ژیان بابەتی ژن و ئافرەتی فەرامۆش کردبوو، وەک پێویست بایەخیان پێنەدەدا، زۆرجاریش بە چاوی سووک لە ئافرەتیان دەڕوانی، تەنانەت زۆر جار ئەگەر لە بەر كێشی شیعریش بووبێت لە هۆنراوە و پەندەکانیشدا دەرکەوتووە، بۆ نموونە مەحوی لە چوارینەیەکدا دەڵێت:
هەی لە ژن کەمتر! موعەتتەل بۆ چی؟ نەی ژەن! لێدە نەی(14).
محەممەدی مەلا کەریم ڕەخنە لە مەحوی دەگرێت و پێی وایە ژن بووەتە قوربانی دروستکردنی وشەئارایی بە مەبەستی هاوسەنگکردنی لە گەڵ وشەی نەیژەندا(15).
أ- ئەم فۆرمە کۆمەڵایەتییەی کە بەشێکی بە هۆی تێنەگەیشتن بووە لە دین، لای مەلای گەورە قبووڵ نەکراو بووە، لە ژیانیشیدا تەواو پێچەوانەی ئەم بیرکردنەوەیە ڕەفتاری کردووە، هەوڵیشی داوە تێگەیشتنی خۆی لە ئەرزی واقیعدا بە کردار جێبەجێ بکات. بۆیە دەبینین یەکەم کەسە لە شاری کۆیە کچەکەی دەنێرێتە قوتابخانەی حکومی، کە لەو کاتەدا کوڕ و کچ تێکەڵ بوون، هەرچەندە ئەمە لە لایەن مەلاکانەوە ڕەتکراوە بوو(16).
ب- ژن لای مەلای گەورە کەسایەتییەکی مەزنی هەیە و پێکهێنەری خۆشییەکانی ژیانی دونیا و دواڕۆژە، تەنانەت لە بەهەشتیشدا ژن پلە و پایەی تایبەتی هەیە.
هەر ئەمەیە وا لە مەلای گەورە دەکات لە تەفسیری ئایەتی ٢٥ی سورەتی بەقەرەدا بڵێت: ﴿وَلَهُمْ فِيهَا أَزْوَاجٌ مُطَهَّرَةٌ﴾ سێ فائیدەی تێدایە: یەکەم: بەهەشت تەنها مافی پیاوان نییە، بەڵکو بۆ ژنیشە. دووەم: بوونی ژن لە بەهەشتدا نیعمەتێکی گەورەیە. سێیەم: ئەگەر موسڵمان لەم ئایەتە تێبگەیشتنایە پلە و پایەی ئافرەتی لە لا بەنرخ دەبوو، ژنی لا بەحورمەت دەبوو، ئەوکات بە خۆشی پێکەوە دەژیان(17).
هەروەها دەڵێت “ژن و پیاو لە دونیا و دوارۆژدا هاوڕێ و هاودەمی یەکترن، بۆیە پێویست دەکات لە حاڵی خۆیان تێبفکرن و ئیسڵاحی خۆیان بکەن، لە دونیادا بە خۆشی ژیان بەسەر ببەن، چونکە لە دوارۆژیشدا هاوڕێی بەردەوامن”(18).
مەلای گەورە کاتێک باسی کەسایەتی ئافرەت لە قورئاندا دەکات لە گەڵ واقیعدا بەراوردی دەکات بە تایبەت کۆمەڵگەی کوردی، پێی وایە زۆر لە یەک دوورن، لەم ڕوانگەیەشەوە ڕەخنە لە پیاوی موسڵمان دەگرێت کە مافی ژنان پێشێل دەکەن، وەک مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ ناکەن، ڕەچاوی ڕێنماییە قورئانییەکان ناکەن و بوونەتە هۆکارێک کە ئافرەتانی ئەورووپایی خۆبپارێزن لە موسڵمانبوون و هاوسەرگیری لەگەڵیاندا ڕەت بکەنەوە.(19)
هەروەها دەڵێت: “ئەی ئەهلی ئیمان تەضییقیان مەکەن، جەفایان مەدەن، تاکو مەجبوور نەبن فدیەی نەجات بدەن و ڕازی ببن و ناچار بە خولعیان بکەن، ئەوە لەئامەتە”، دواتر دەڵێت: “سوبحانەڵڵا! ئەو لەئامەتە ئێستاش بەردەوامە، ژن بە نەزەر خوا و ڕەسولی خوا خزمەتیان زۆرە، لازمە لای مێرد موحتەرەم بێ، بە هیچ وەجهێ ڕەنجیدەی نەدا”.(20)
ج- ئافرەت و ڕۆڵی دایکایەتی
تەوەرێکی دیکەی گەورەیی کەسایەتی ئافرەت لای مەلای گەورە پەیوەستە بە ڕۆڵی دایک لە پەروەردەی منداڵ و نەوەکانی ئایندەدا، ئەو بە پێویستی دەزانێت کە ڕێز لە ئافرەت بگیرێت تا نەوەیەکی دروست و خاوەن کەسایەتی گەورە ببێت، چونکە ژن دەبێتە دایک و ئەویش زۆرترین کاریگەری لە سەر منداڵەکەی دادەنێت، بەڵام کورد لەم بوارەدا زۆر لە دواوەیە، وەک دەڵێت: “هەر گەلێک پیاوەکانی ئازا و دلێر بوون، ئەوە دایکیان ئازایە”(21). پەروەردەی دایک بۆ منداڵەکەی پەیوەست نییە بە دوای لەدایکبوون و گەورەبوونی منداڵەوە، بەڵکو “منداڵ ئەخلاقی فیتری لە وەختی تەکوین لە دایکییەوە وەردەگرێت، زەڕڕەی حەیات ئەگەر چی لە پیاو پەیدا دەبێت، بەڵام تەتەوڕاتی لە ناو ڕەحمی دایکدایە، نۆ مانگ لەوێدا دەمێنێت، کەیفیاتی ڕۆحی و بەدەنی لە ڕۆح و بەدەنی دایکی وەردەگرێت، تا گەورەش دەبێت لە باوەشی دایکییەتی، دیسان تەربییە لەو وەردەگرێت”(22). هەر ئەوەش بە هۆکاری حەرامبوونی هاوسەرگیری ئافرەتی موشریک لە گەڵ پیاوی موسڵمان دەزانێت.(23)
ئەم تێگەیشتنە قووڵە وای لە مەلای گەورە کردووە بڵێت: ئەگەر ئافرەتێک لە هاوسەرەکەی جیابووەوە، دوای جیابوونەوەشی لە پێشترە بۆ شیردانی منداڵەکەی لە ئافرەتی بێگانە، ئەگەر کرێکەشی گرانتر بوو، چونکە بۆن و بەروباوەشی دایک گەلێک چاکترە بۆ ڕۆح و فیترەتی منداڵەکەی لە خزمەت و شیردانی بێگانە، بۆ ئەخلاقیش گەلێک تەئسیری هەیە، چونکە شیردان سروشتی منداڵ دەگۆڕێت، سوبحانەڵڵا قورئان چەند گرنگی بەم بابەتە داوە، بەڵام موسڵمانان چەند بێ موبالاتن.(24)
چوارەم: بابەتی بیدعە
مه‌لاى گه‌وره زۆر هه‌وڵى داوه ده‌قه شه‌رعييه‌كان به پشت به‌ستن و تێگه‌يشتن له مه‌به‌ست و ئامانجه‌كانيان ڕاڤه بكات، هه‌ر وه‌ك جه‌ختى له‌وه كردووەته‌وه هه‌ڵێنجان و ههڵگۆزينى حوكمهكانيش به هه‌مان ميكانيزم و ڕێكار بن. دياره بۆ پراكتيزه‌كردنى ئه‌م ڕێبازه‌ش چه‌ند بنه‌مايه‌كى گرنگمان هه‌يه كه پێويسته ڕه‌چاو بكرێن، له‌وانه گرنگيدان به سياقى ده‌قه‌كان و سه‌يركردنى شه‌ريعه‌ت وه‌ك يه‌ك پاكێجى ته‌واوكار و به‌ش به‌ش نه‌كردنى، هاوكات گه‌ڕانه‌وه بۆ بنه‌ما نه‌گۆڕ و چه‌سپاوه‌كان و زاڵكردنيان به‌سه‌ر ئه‌و ده‌ق و تێگهيشتنانهى سروشتى ناجێگير و جوڵاو و ئه‌گه‌رى گۆڕانكاريیان هه‌يه.
يه‌كێك له‌و پرسه گرنگانه‌ى هه‌ميشه زيندوون و ده‌بنه جێگه‌ى مشتومڕى ئايینداران بريتيیه له تێگه‌يشتن له چه‌مكه‌كان و پيناسهى زاراوهييان و مه‌وداى گشتاندن و سهپاندنيان، له گرنگترين ئه‌م ده‌سته‌واژانه‌ش: ده‌سته‌واژه‌ى (بيدعهيه)، كه ده‌كرێت ڕاسته‌وخۆ حوكمى (ته‌بديع و ده‌ركردن له سوننه به دواى خۆي‌دا بهێنێت)، به كردارييش وه‌ك ده‌بينين له مێژووى ئيسلاميدا هه‌ر له سه‌رده‌مى پێشينى ئوممه‌ته‌وه تا ئيمڕۆ به‌شێكى زۆر له دابه‌شبوون و شپرزه‌يى و ئاشوب و ناته‌بايى گرۆى مسوڵمانان و ئايینزاكانى له‌سه‌ر ئه‌م پرسه بووه، به جۆرێك له سه‌رده‌مانێكدا وه‌ك كوشنده‌ترين چه‌ك بۆ لێدانى به‌رامبه‌ر و تيرۆرى هزرى و كوشتنى كه‌سايه‌تيى به‌كار هاتووه، تا ئه‌و ئاسته‌ى دژايه‌تيكردنى (بيدعه و موبتهديعان) به پێشتر له دژايه‌تيى (كوفر و كافران) زانراوه! به پاساوى ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ى دووه‌م بێگانه‌يه و له خۆ نيیه و كار و به‌رهه‌مى تێكه‌ڵ به ئايينمان نابێت، به‌ڵام ئه‌وەى يه‌كه‌م خۆره‌ى له‌مه‌ڕ خۆمانه و فرياى نه‌كه‌وين، بنه‌ما و بنچينه و دار و ديوارى دينه‌كه‌مان دهڕمێنێت. دياره ئه‌م بانگه‌شه‌يه ده‌كرێت له ڕواڵه‌تدا په‌سه‌ند بێت و له ناوهرۆكيشدا هه‌ندێك ڕاستيى تێدابێت، به‌ڵام كێشه‌ى گه‌وره ئه‌وه‌يه بيدعه چييه و كێ موبتهديعه؟ ئايا زێده‌ڕۆيى له‌م پهسنانهدا و چهسپاندنيان به‌سه‌ر نه‌ياراندا مه‌ترسى و ده‌رهاويشته و لێكهوتهكهى كه خۆى (له په‌رته‌وازه‌يى مسوڵمانان و چه‌ند به‌ره‌كى و لاوازبوونيان و ته‌نانه‌ت كافركردنى يه‌كدى)دا دەبینێتەوە، له خودى بيدعه گه‌وره‌تر نييه!
ڕه‌نگه وروژاندنى ئه‌م پرسياره له ناخى هه‌ندێك له زانايان و هه‌ستكردنيان به‌م مه‌ترسيیه گه‌وره‌يه و بهركهوتنيان به‌و دۆخه ترسناكه وايكردبێت داواى گه‌ڕانه‌وه بۆ بنه‌ماكان و دوركه‌وتنه‌وه له گه‌لێك له مشتومڕه بێ به‌رهه‌مه‌كانى زانستى كه‌لام بكه‌ن.
مه‌لاى گه‌وره‌ش كه له سه‌رده‌مانێكى پڕ له ئاشوب و فيتنه و ناجێگيردا ژياوه و بينێویەتى مسوڵمان چۆن كراونه‌ته ئامانج و چه‌ندين ئاريشه‌ى گه‌وره‌يان هه‌يه، به‌ڵام ئه‌وان جارێ له مێژوودا ده‌ژين، زۆر خه‌مى بووه له پيناو يهكڕيزياندا كار بكات، دياره به ته‌نيا ئه‌م هه‌سته پاڵنه‌ر نه‌بووه بۆ مه‌لاى گه‌وره و ئه‌و زانايانه‌ى چوون ئه‌و بيريان كردووەته‌وه، به‌ڵكو پاڵنه‌رى سه‌ره‌كى تێگه‌يشتنى دروستيان بۆ ئايين و خوێندنه‌وه‌ى مهبهستگهراييانه و ئاوهزى فراوانيان بووه، كه واى كردووه بيركردنه‌وه‌يان له ده‌رى زۆرينه‌ى بيركردنه‌وه‌كان بێت.
ئه‌مه و به گه‌ڕانه‌وه بۆ پرسى سه‌ره‌كيمان كه تێگه‌يشتنى چه‌مكى بيدعه بوو، ده‌توانين له نووسين و هه‌ڵوێسته‌كانى مه‌لاى گه‌وره‌وه چه‌ند خاڵێك ههڵێنجين، كه ده‌كرێت ناويان بنێين تێگه‌يشتنى ئه‌و بۆ بيدعه كه زۆر به كورتى و له شێوه‌ى بنه‌ما دهيانخهينهڕوو:
1.پێداچوونه‌وه به پێناسه‌ى زاراوه‌ي بيدعەدا، به جۆرێك بڵێين ئه‌و بيدعهيهى له ئايیندا مه‌ترسیيه (داهێنراوێكه له ديندا كه له‌گه‌ڵ ديندا يه‌ك نه‌يه‌ته‌وه).(25) كه‌واته لێره‌وه ده‌ڵێين: داهێنراو له غهيره بوارى دينيدا (كه لێره‌دا به ته‌نيا باوه‌ڕ و په‌رستشه‌كان ده‌گرێته‌وه) بيدعه نييه، له‌وانه‌شدا كاتێك بيدعهيه كه له‌گه‌ڵ ديندا نه‌گونجێت، خۆ ئه‌گه‌ر بۆ خزمه‌تى پرسێكى دينى بێت و تێكه‌ڵ به خودى پرسه‌كه نه‌كرێت، بۆ ده‌بێت دژايه‌تيى بكه‌ين، به نموونه: بانگدان به موكهببەره، دانانى تهقويم بۆ كاتى نوێژه‌كان، سوودوه‌رگرتن له تلسكۆب بۆ بينينى مانگ و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەربازی نوێ و هه‌ندێك به‌ڵگه‌ى كه‌لامى بۆ چه‌سپاندنى پرسه‌كانى باوه‌ڕ، داهێنانن له‌و دوو بواره‌دا، به‌ڵام له‌خزمه‌تى بواره‌كاندا، نه‌ك لێدان، يان تێكه‌ڵبوونى داهێنراوه‌كه به حوكمه شهرعيیهكهوه.(26)
2.جياكردنهوهى بنه‌ماكانى عه‌قيده له گفتوگۆ و ورده‌كارييه‌كانى زانستى كه‌لام، مه‌لاى گه‌وره پێى وايه زۆرێك له بابه‌ته‌كانى زانستى كه‌لام په‌يوه‌ندييان به بير و باوه‌ڕه‌وه نييه و ئه‌و مشتومڕه‌ى واى كردووه زانايان يه‌كدى به كافر و فاسق و موبته‌ديع بزانن بابه‌تگه‌لێكن په‌يوه‌نديى ڕاسته‌وخۆيان به بيروباڕهوه نييه. دياره به تێگه‌يشتن له‌وه‌ى زۆرينه‌ى هۆكارى تهبديعكردنى مسوڵمانان له نێوخۆياندا ئه‌م پرسانه‌ن بێگومان ده‌ركردنى ئه‌م بابه‌تانه له عهقيدهدا ده‌بێته به‌رته‌سككردنه‌وه‌ى به‌كارهێنان و پيادهكردنى ئه‌م چه‌مكه(27).
3.بيركردنه‌وه له گه‌وره‌يى خوا و بڕيار نه‌دان له برى خاوه‌نى شه‌رع و تێفكرين له فه‌لسه‌فه‌ى خه‌لق و گومانى باش بردن به به‌رامبه‌ر. مه‌لاى گه‌وره پێى وايه گه‌ر مرۆڤ بير له گه‌وره‌يى په‌روه‌ردگار و بهخشندهيى و لێبورده‌يى بكاته‌وه و تێبگات له‌وه‌ى بڕياردان له پاشه‌ڕۆژ و چارەنووسی مرۆڤ ته‌نیا كارى خوايه و بير له فه‌لسه‌فه‌ى دروستكردنى بكاته‌وه، خۆى سه‌رقاڵ ناكات به پۆلێنكردنى خه‌ڵك و ناردنيان بۆ به‌ره‌ى گومڕاهان، به تايبه‌ت گه‌ر گومانى باش به به‌رامبه‌ر ببه‌ين، بۆيه مه‌لاى گه‌وره به‌ڕێزه‌وه باسى زانايان ده‌كات و ته‌نانه‌ت گومانى باش به‌وانه‌ش ده‌بات كه زۆر به خراپ ناوزه‌د كراون.(28)
4.گرنگيدان به مه‌به‌ستى خاوه‌نى شه‌رع و مكلف، مه‌لاى گه‌وره پێى وايه گرنگه به ڕواڵه‌تى هه‌ندێك ده‌ق بڕيار نه‌ده‌ين، به‌ڵكو له مه‌به‌ستى پشتيان تێبگه‌ين(29)، هه‌ر وه‌ك پێى وايه خواى باڵا له‌سه‌ر نييه‌تى مرۆڤه‌كان سزا و پاداشتيان ده‌دات، نه‌ك له‌سه‌ر ڕواڵه‌تى كاره‌كانيان. له نمونه‌ى يه‌كه‌م ڕاجيايى ياران له كردن و نه‌كردنى نوێژ له ڕۆژى ڕۆيشتن بۆ به‌نى قوڕه‌يزه، له نموونه‌ى دووه‌م دووباره‌كردنه‌وه و نه‌كردنه‌وه‌ى نوێژ له‌لايه‌ن ئه‌و دوو هاوه‌ڵه‌ى به تهيموم نوێژيان كرد. كه ڕه‌نگه گه‌ر ئێمه بوينايه نوێژخوينانى نموونه‌ى يه‌كه‌م و دووبارهكهرهوهى نوێژه‌كه له نموونه‌ى دووه‌ممان به موبته‌ديع ناوبردبا، به‌ڵام ده‌بينين يه‌كه‌ميان له‌به‌ر شێوازى هه‌ڵسوكه‌وت و تێگه‌يشتنيان له مه‌به‌ستى پەیا‌مبه‌ر (د. خ.) و دووه‌ميان له‌به‌ر پاكيى نيه‌تى و هه‌وڵدانى بۆ ڕه‌زامه‌نديى خوا، له‌لايه‌ن پهيامبهرهوه (د. خ.) به‌ڕێزه‌وه په‌سن ده‌كرێن.(30)
5.ڕاجيايى سوننه‌تى خوا و سروشتى مرۆڤه و له هه‌ر شتێكيشدا بوارى ئيجتیهادى تێدابێت، ده‌بێت چاوه‌ڕوانى ڕاجيايى بكه‌ين، مه‌لاى گه‌وره پێى وايه ڕاجيايى له بنه‌ما گشتييهكاندا نييه، له خوار بنهماكانيشهوه چ پرسى كه‌لامى و چ پرسى فيقهى هه‌موو ئه‌وانه‌ى ڕێگه‌دراوه ئيجتيهاديان تێدا بكرێت، ده‌بێت قبووڵى ڕاجياييان تێدا بكه‌ين، چوون هيچ واتايهكى نييه ڕێگه بده‌ين به ئيجتیهاد، به‌ڵام قبووڵى ئه‌نجامه‌كه‌ى نه‌كه‌ين، ئه‌نجاميش هه‌رچى بێت چوون به ئيجتیهاد و نيه‌تى دروست پێى گه‌يشتووين، نابێت يه‌كدى له‌سه‌ر تۆمه‌تبار بكه‌ين.(31)
به‌م پێيه مه‌لاى گه‌وره هه‌وڵ ده‌دات به بنه‌ماى زانستى و كرداريانه بوارى تبديع و به بيدعهدانان به‌رته‌سك بكاته‌وه، به‌ڵام مه‌خابن ئێستا له ژياندابايه ئیرهيى به‌و زه‌مه‌نه ده‌برد كه ڕه‌خنه‌ى لێى هه‌بووه، له‌به‌ر گه‌وره‌يى كاره‌ساتى ئه‌و تبديع و پهرتهوازهييهى ئيمڕۆ له‌نێوماندا هه‌يه.
پوختەی توێژینەوە
لە کۆتاییدا چەند خاڵێک وەک پوختەی توێژینەوە دەخەینە ڕوو:
1. مەلای گەورە یەکێکە لە زانا گەورەکانی گەلی کورد کە دەتوانین بڵێین، نەک لە سەردەمی خۆیدا، بەڵکو بە درێژایی مێژووی کورد کەم وێنە بووە.
2. مەلای گەورە ڕێزی بۆ هەموو زانایان و ئایینزاکان هەبووە، بەڵام نەکەوتووەتەوە ژێر کاریگەری تەواوی هیچ کامیان، بەڵکو لە هەموان ڕای حەق و بەهێزی وەرگرتووە و بەرپەرچی ڕای لاوازیشی داوەتەوە لە هەر کێوە دەرچووبێت.
3. مەلای گەورە زۆر خەمی یەک ڕێزی و تەبایی مسوڵمانانی بووە، پێشی وابووە ئەمە کاتێک دەبێت کە مسوڵمانان خۆیان بە پرسی لاوەکییەوە سەرقاڵ نەکەن و لە بری مشتومڕی بێسوود، هەوڵی کارکردن بدەن.
4. مەلای گەورە ڕیفۆرمخوازێکی گەورەی ئایینی بووە، بەڵام نەک بە دەرچوون لە دەق و ڕازیکردنی بەرامبەر، بەڵکو بە تێگەیشتنی دروست بۆ شەریعەت و مەبەستەكانی و گەڕانەوە بۆ بنەما جێگیر و نەگۆڕەکان و ڕەچاوکردنی هەلومەرجە جۆراوجۆرەکان.
5. مەلای گەورە لە تەفسیرەکەیدا زۆر بەرپەرچی تێگەیشتنی هەڵە و خورافات و چیرۆکی هەڵبەستراو و هەڵێنجانی نادروست دەداتەوە و زۆر بوێرانە ڕای خۆی پشت بەست بە سیاقی ئایەت و مەبەستەکانیان دەردەبڕێت.
6. مەلای گەورە زۆر گرنگیی بە ڕۆڵی ئافرەت، زانستی نوێ، پێشکەوتن، خوێندنەوە داوە و هانی خەڵکی داوە بۆ گرنگیدان بەم بوارانە.
7. مەلای گەورە پێی وابووە کە گرنگە تێگەیشتن لە چەمکەکان نەشێوێنرێن و مرۆڤی موسڵمان بە تێگەیشتن لە گەورەیی خوا و فەلسەفەی ئایین و شەریعەت بڕیار بدات، بۆیە لای ئەو تەبديع و تەفسيق و هەجر و تەكفير زێدەڕۆییان تێدا کراوە و پێویستە موسڵمان نەبێتە دادوەر و لە جیاتی خاوەنی شەرعیش بڕیار نەدات.
————–
سەرچاوەکان:
1-تەفسیری کوردی لە کەلامی خواوەندی، مەلای گەورە -مەلا محمدی جەلیزادە، سلێمانی: ناوەندی ڕێنوێن، چاپی دووهەم، ٢٠٢٠).
2-المصقول في علم الأصول: الملا محمد جليزاده الكويي، تحقيق: عبدالرزاق بيمار، مؤسسة المطبوعات العربية، بيروت: لبنان، ط1، 1401هـ/1981م، من منشورات وزارة الأوقاف والشؤون الدينية في العراق – بغداد.
3-بيرەوەری و ڕوانینەکانی مەلای گەورە: کۆکردنەوە و ئامادەکردنی هێمن عمر خۆشناو، چاپخانەی فام، چاپی2، 2023ز.
4-گەشتی ژیانم: مەسعود محەممەد، چاپخانەی ئاویر، هەولێر.
5-صفحات من حياة الملا محمد الكويي -مەلای گەورە (1876–1943) ولمحات عن شعره: مغديد حاجي، مطبعة وزراة الثقافة، أربيل، ط2، 2008
6-مەلای گەوره، مومتاز حيدري، پێشەکی: د. عزالدين مصطفى ڕسول، پێداچوونەوەی: كريم شارەزا، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر: كوردستان، چ2، 2009.
7-مەلای گەوره زانا وئەدیب وشاعير: عبدالخالق علا‌ءالدین، چاپخانەی منارە، هەولێر: كوردستان، چ2، 2009.
8-مباحث في علوم القرآ‌ن، مناع بن خليل القطان (ت ١٤٢٠هـ)، مكتبة المعارف للنشر والتوزيع، ط3، ١٤٢١هـ/٢٠٠٠م.
9-دیوانی مەحوی، لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەی مەلا عەبدولکەریمی مدرس و محمدی مەلا کەریم، چاپی دووهەم، انتشارات کردستان.
10-مێژووی کۆیە: طاهر أحمد حەويزي، چاپخانەی كاروان، چ2، 2007.
11-عەقیدەی ئیسلامی: مەلای گەورە. لێکۆڵینەوەی: أ. د. جمال باجلان، مجموعة دراسات جامعية، ناوەندی ئارا، السليمانية، 1441هـ/2020م
12-صحيح البخاري: أبو عبد الله، محمد بن إسماعيل بن إبراهيم بن المغيرة ابن بردزبه البخاري الجعفي، تحقيق: جماعة من العلما‌ء، السلطانية، بالمطبعة الكبرى الأميرية، ببولاق مصر، ١٣١١ هـ، بأمر السلطان عبد الحميد الثاني.
پەراوێزەكان:
(١)تەفسیری کوردی لە کەلامی خوداوەندی ١/٣٢. (تەفسیری کوردی لە کەلامی خوداوەندی، مەلای گەورە -مەلا محمدی جەلیزادە، سلێمانی: ناوەندی ڕێنوێن، چاپی دووهەم، ٢٠٢٠).
(٢)المصقول في علم الأصول: الملا محمد جليزاده الكويي، تحقيق: عبدالرزاق بيمار، مؤسسة المطبوعات العربية، بيروت: لبنان، ط1، 1401هـ/1981م، من منشورات وزارة الأوقاف والشؤون الدينية في العراق – بغداد، 5 – 13.
(٣)تەفسیری کوردی، 4/701 و بيرەوەری و ڕوانینەکانی مەلای گەورە: کۆکردنەوە و ئامادەکردنی هێمن عمر خۆشناو، چاپخانەی فام، چاپی2، 2023ز، 87.
(٤)تەفسیری کوردی، 4/700.
(٥)المصقول، 13، و تەفسیری کوردی، 4/701، وگەشتی ژیانم: مەسعود موحەممەد، چاپخانەی ئاویر، هەولێر، 15.
(٦)تەفسیری کوردی: 4/703، وگەشتی ژیانم، 16، وصفحات من حياة الملا محمد، 32.
(٧)صفحات من حياة الملا محمد، پەراوێزی ژمارە ٣، ل٣٦.
(٨)گەشتی ژیانم، 376، و مەلای گەوره ممتاز حيدري، 79، (مەلای گەوره، مومتاز حيدري، پێشەکی: د. عزالدين مصطفى ڕسول، پێداچوونەوەی: كريم شارەزا، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر: كوردستان، چ2، 2009)، مەلای گەوره زانا وئەدیب عبدالخالق علا‌ءالدین، 170. (مەلای گەوره زانا وئەدیب وشاعير: عبدالخالق علا‌ءالدین، چاپخانەی منارە، هەولێر: كوردستان، چ2، 2009).
(٩)تەفسیری کوردی٤/٥٦١.
(١٠)تەفسیری کوردی ١/١١٥.
(١١)تەفسیری کوردی ١/٢٦٨.
(١٢)تەفسیری کوردی ٣/٧٦٧.
(١٣)مباحث في علوم القرآ‌ن لمناع القطان، 78، مباحث في علوم القرآ‌ن، مناع بن خليل القطان (ت ١٤٢٠هـ)، مكتبة المعارف للنشر والتوزيع، ط3، ١٤٢١هـ/٢٠٠٠م.
(١٤)دیوانی مەحوی ٣٥٨، لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەی مەلا عەبدولکەریمی مدرس و محمدی مەلا کەریم، چاپی دووهەم، انتشارات کردستان.
(١٥)سەرچاوەی پێشوو ٣٥٨، پەراوێزی ٢.
(١٦)مێژووی کۆیە ١/١٢٠. (مێژووی کۆیە: طاهر أحمد حەويزي، چاپخانەی كاروان، چ2، 2007).
(١٧)تەفسیری کوردی، ١/٤٢.
(١٨)تەفسیری کوردی، ١/٤٢.
(١٩)تەفسیری کوردی، ١/٤٢.
(٢٠)تەفسیری کوردی ١/٣٧٧.
(٢١)تەفسیری كوردی 1/257.
(٢٢)تەفسیری کوردی ١/١٩٥.
(٢٣)سەرچاوەی پێشوو ١/١٩٥.
(٢٤)سەرچاوەی پێشوو ١/٢٧٠.
(٢٥)تەفسیری کوردی ٢/٤٠٠ – ٤٠١.
(٢٦)تەفسیری کوردی ٢/٤٧٩ – ٣/٨٦ – ٤/٨ – ٣٨٢.
(٢٧)تەفسیری کوردی ٣/٤١٤.
(٢٨)تەفسیری کوردی ٣/٣٥٦ – ٥١٦ – ٥٨٩ و٤/٦٢.
(٢٩)تەفسیری کوردی ٣/٢١٢.
(٣٠)فەرموودەکە بوخاری بە ژمارە 4119 لە کیتابی (المغازي) بابی (مرجع النبي صلى الله عليه وسلم من الأحزاب ومخرجه إلى بني قريظة ومحاصرته إياهم) گێڕاویەتییەوە.
(٣١)تەفسیری کوردی ١/٧٤٨ – ٤/٣٣٣ – ٥٤٥ – ٦١١. وعەقیدەی ئیسلامی: مەلای گەورە ٣/٣٠١.