لە چاوەڕوانیی هەڵگەڕانەوەدا
پرسی کورد و دەستتێوەردانی سەربازیی تازەی تورکیا لە ناوچەکەدا
وەرگێڕان: پەرۆش محەمەد ساڵح
نووسەران
ئەروین ڤان ڤین: توێژەرە لە بەشی توێژینەوەی ململانێ لە پەیمانگای کلینگەنداڵ و سەرۆکایەتیی تیمێك دەکات کە لە ئابووریی سیاسیی ململانێ دەکۆڵێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. توێژینەوەكانی لە بواری بەکارهێنانی سیاسیی گرووپە چەکدارەکان لە پڕۆسەکانی دروستکردنی دەوڵەت و ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکاندایە.
ئەنگین یوکسەل: توێژەرە لە بەشی توێژینەوەی ململانێ لە پەیمانگای کلینگەنداڵ کە سەرنجی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها کاندیدی دکتۆرایە لە زانکۆی لیدن کە لێکۆڵینەوە دەکات لە ڕێگە مێژوویی و هاوچەرخەکانی ڕووسیا لە بابەتی شەڕدا.
هاشم تەکینەش: پێشتر توێژەر بووە لە بەشی توێژینەوە لە ململانێ لە پەیمانگای کلینگەنداڵ و لە ئێستادا خوێندکارە لە زانکۆی لیدن.
سەرچاوە: پەیمانگای “کلینگەنداڵ”ی هۆڵەندی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، خانەیەکی بیر و ئەکادیمیایەکی سەرەکییە لە پرسە نێودەوڵەتییەکاندا. لە ڕێگای شرۆڤە، ڕاهێنان و دیبەیتەکانەوە؛ ئیش لەسەر تواناداركردنی حکومەت، ئابووری و کۆمەڵگە مەدەنییەکان دەكەن کە بەشدار بن لە هێنانەدیی دنیایەکی هێمن و دادپەروەرانە.
بەرایی
دەستتێوەردانە تازەکانی تورکیا لە بەشێکی سووریا و ئێراق و تورکیا خۆیشی، لەوە دەچێت زۆر هێزی سیاسی و سەربازیی جیاوازی کوردی بەرەو ڕووخان ببات لە ڕێگەی ستراتیژێکی هاوئاهەنگی هەرێمییەوە کە کاری سەربازیی زەمینی و داپڵۆسین پێکەوە گرێ دەدات. بەڵام ئەو چوارچێوە و تاکتیکە “دژەتیرۆر”ییەی کە تورکیا بۆ چارەسەری کێشەی کورد بەکاری دێنێت، زۆر زەبروزۆری تێدایە و کەم مساوەمە و ڕێکكەوتنی تێدایە بۆ باشکردنی مافەکانی کوردی کەمینە. ئەگەری زۆرە ئەم شێوازە ڕێگری بکات لە بەرەنگاربوونەوەی ئاشتیخوازانە و نەشتوانێ هاوکاریی بۆ گرووپە چەکدارییەکانی وەکوو پەکەکە و پەیەدە کەم بکاتەوە، سەرەڕای کردەوە دیکتاتۆری و دەسەڵاتخوازییەکانی ئەم دوو گرووپە خۆیان. زیاد لەوەش، میلیتاریزمی نوێی تورکیا سەرکێشیی ئەوەشی تێدایە ململانێ لە ڕۆژهەڵایی ناوەڕاستدا زیاد بکات بە هۆی ئەوەی دەستتێوەردانەکانی تورکیا لە سیاقێکی نێودەوڵەتی و سەروونەتەوەییدا ڕوو دەدەن.
زەمینە
ئوپەراسیۆنی داگیرکاریی “کانی ئاشتی”ی مانگی ١٠ی ٢٠١٩، دەستی گرت بەسەر هێڵێک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کە پێک هاتووە لە شارەکانی گرێسپی و سەرێکانی. ئەمە وای کرد پەیەدە وەکوو هێزی سەرەکی کوردیی سووریا و یەپەگە وەکوو باڵی سەربازیی ئەو هێزە پەنا ببەنەوە بۆ سووریا و ڕووسیا، بۆ ئەوەی بیانپارێزێ لە هەڕەشەی داگیرکاریی تەواوی خاکەکەیان لەلایەن تورکیاوە. ئەم پڕۆسەیە ئەو ئەگەرەی لەناو برد کوردانی سووریا لە داهاتوودا بە ئۆتۆنۆمی بگەن. ئەمە هەروەها پێگەی ڕژێمی سووریای لە باکووری ڕۆهەڵاتی وڵاتەکە بەهێز کرد.
بەڵام ئەمە تەنها دەرئەنجامی هەنووکەیی ئۆپەراسیۆنەکە بوو. ئەمە دانانی خشتێکی تر بوو لەسەر ئەو دیوارە ستراتیژییەی تورکیا لە ناوچەکەدا لە دژی کوردەکان دەستی پێ کردووە کە پێک هاتووە لە “ئازاد”کردنی خاکە سنوورییەکانی شاری ئەلباب لە باکووری سووریا و هەروەها داگیرکردنی ناوچەی زۆرینە کوردی عەفرین، زنجیرەیەك هێرشی تری تورکیا دژی پەکەکە لە کوردستانی ئێراق، هێرشی ئاسمانیی تورکیا دژی ئەو هێزانەی پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە لە شەنگال و لەگەڵ فراوانکردنی کۆنترۆڵی سەربازیی تورکیا بەسەر شاری شرناخ و هەکاری لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی خۆی.
بەکورتی ئەنکەرە دەستی کردووە بە هێرشێکی هەرێمی دژی دوژمنە کوردە سەرەکییەکانی: پەکەکە و پەیەدە کە وەکوو یەک دەیانبینێ. هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکیان زاڵبوونی سوپای تورکیای دەرخستووە و جموجووڵی هێزە کوردییەکانی کەمتر کردووەتەوە. خۆسەپاندنە سەربازییەکانی ئەنکەرە کە لەدوای شکستی دانوستانی ئاشتیی ئاکەپە و پەکەکە لە ساڵی (٢٠١٥)ەوە دەستی پێ کردووە، ڕێگرییەکی گەورەی خستووەتەوە بەردەم “بەهاری کوردی” لە ناوچەکەدا.
سەرهەڵدانی پەیەدە وەکوو هۆکارێ بۆ میلیتاریزمی نوێ دژی کورد
لە ساڵی ٢٠١٥دا هێزەکانی یەپەگە لە شەڕی کۆبانێدا دەوڵەتی ئیسلامییان تێک شکاند، پێکەوە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و هەندێ بەشی سوپای سووریای ئازاد و هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا. لەپێش شەڕەکەوە، یەپەگە/پەیەدە کۆنترۆڵی باکووری ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژئاوا (عەفرین)ی سووریای کردبوو. لەدوای شەڕەکەوە، ئەمەریکا یارمەتیی بەردەوامی یەپەگەی دەدا لە شەڕی دژی داعشدا کە ئەمەش کۆنترۆڵی یەپەگەی بەسەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا خێراتر کرد. تورکیا بە هۆکارێکی زۆر دەبوو لەگەڵ دەوڵەتۆکەیەکی دەستی پەیەدەدا تەعامول بکات بە درێژایی سنووری باشوری وڵاتەکەی. لە ئەنجامدا تورکیا ئامانجی خۆی گۆڕێ لە ڕووخاندنی دەوڵەتی ئەسەدەوە بۆ وەستاندنی پەیەدەی کوردی.
تورکیا ئەم ستراتیژییەی بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کرد و نەیهێشت ناوچە کوردییەکانی سووریا پێکەوە گرێ بدرێن بە داگیرکردنی سێگۆشەی ناوچەی باکووری شاری ئەلباب لە سووریا لە ساڵەکانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ (هەروەها لەدەست داعش ئازادی كردن)، لەگەڵ داگیرکردنی ناوچەی زۆرینە کوردی عەفرین لە ٢٠١٨ و ناچارکردنی پەیەدە کە بوونی هێزەکانی سووریا و ڕووسیا لە سنوورەکانی سووریا-تورکیادا قبووڵ بکات لە ٢٠١٩. ئەم داگیرکارییانە دوژمنکاری سووریای بۆ تورکیا نوێ کردەوە و لە ڕۆژئاواشدا کاریگەریی خراپی هەبوو لەسەر ناوبانگی تورکیا لە مەسەلەی عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی.
ئەو ئاشتییەی کە نەبوو
تورکیا هەمیشە بەم شێوازە سەربازییە نزیکی پرسی کورد نەبووەتەوە. لە ڕاستیدا لەنێوانی ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥دا تورکیا دەیویست پەیەدە بکاتە ڕیزی خۆیەوە لە شەڕی دژی ئەسەد. سەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلیم دوو جار سەردانی ئەنکەرەی کرد بۆ پرسوڕا لەگەڵ کەسانی پلە باڵای تورکیا. دەستپێکی بینینی پەیەدە وەکوو هەڕەشەیەک لەلایەن تورکیاوە ئەو کاتە بوو کە پەیەدە تاکلایەنانە ئۆتۆنۆمیی ڕاگەیاند و ڕەتی کردەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنێ و پەیوەندی بکات بە ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە. وەک چۆن بۆ تورکیا، بوونی دەوڵەتۆکەیەک کە پەیەدە بەڕێوەی بەرێت، کێشە بوو، پەیەدەش پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سووریدا بە کێشە دەبینی. لە کۆتاییدا تورکیا دەسەڵاتی بەسەر ئۆپۆزسیۆنی سووریدا دەچێت (کە بەپێی کات و کەسەکان گۆڕاوە) کە ئەمیش لە سەرەتاوە لە بارەی داواکارییەکانی کوردەوە لە مەسەلەی مافە گشتییەکانەوە هەڵوێستی ڕوون نەبوو.
زیاد لەوەش تورکیا لە نیوەی نەوەدەکانەوە پەیوەندیی لەگەڵ پارتی دیموکراتیی کوردستانی و بارزانیدا لە عێراق دروست کردووە، ئەم پڕۆسەیە لەدوای (٢٠٠٥)ەوە زیادی کردووە دوای ئەوەی کە دەستووری ئێراق دانی نا بە هەرێمی کوردستانی ئێراقدا. پەیوەندیی تورکیا-پارتی، هەتا توانیی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمیش تێپەڕێنێ و هەر بەردەوام بێت و زیاتر پێش بکەوێ تاوەکوو ئەمڕۆ، هەر چەندە لە ئاستی نایەکسان و بە گرژیی زیاترەوە.
لەوەش بترازێ، ئاکەپە دانوستانی چڕی لەگەڵ پەکەکەدا تاوەکوو ٢٠١٥ ئەنجام دا، بۆ ئەوەی پرسی کورد بە ئاشتی چارەسەر بکات دوای ئەوەی هەوڵەکانی ١٩٩٣ و ٢٠٠٩ شکستیان هێنا. ئاکەپە لەنێوان ساڵەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٥دا کۆنترۆڵی سیاسەتی کرد بوو لە تورکیادا، چونکە ئابووریی تورکیا لە گەشەکردندا بوو بۆیە لە پێگەی هێزەوە دانوستانی کرد. سەرۆکی هەردوو لا؛ عەبدوڵا ئۆجالان (سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە) و ئەردۆغان (سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا) لە لێدوانە گشتییەکانیاندا پەسەندی پێکەوەژیانی کورد و تورکیان دەکرد لە ڕووە مەدەنی و ئایینییەكەوە لە ماوەی دانوستانەکاندا. ئۆجەلان ئاوای نووسی: خەڵکی تورکیا کە ئاشنای ئەنادۆڵی کۆنن، وەکوو تورکیا دەبێت ئەوە بزانن کە پێکەوەژیانیان لەگەڵ گەلی کورددا دەگەڕێتەوە بۆ پەیمانی مێژوویی برایەتی و هاریکاری لەژێر ئاڵای ئیسلامدا… ئێستا کاتی دژبەری، ململانێ و ڕق نییە لە یەکتری، بەڵکوو کاتی هاوکاری، یەکێتی و یەکگرتنە. ئەردۆگان خۆی چەند جارێک بەڕوونی ئەوەی گوتووە کە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد؛ شتێکی حەتمییە.
سەرەڕای هەندێك بەرەوپێشچوون، دانوستانەکان لە کۆتاییدا شکستیان هێنا. بەربەستی کوشندە ناوچانەكانی سووریا بوون کە لەلایەن پەیەدەوە کۆنترۆڵ کرابوون، کە پەیوەندییەکی نزیکی بە پەکەکەوە هەیە. ئەردۆغان سوور بوو لەسەر ئەوەی کە نابێت دووەم دەوڵەتۆکەی کوردی لەسەر سنوورەکانی هەبێت، لە کاتێکدا ئۆجالانیش سوورتر بوو لەسەر ئەوەی کە دەستکەوتەکانی پەیەدە لە بواری ئۆتۆنۆمیدا نابێت لەناو بچن. محەمەد ئەلاجا کە ڕۆژنامەنووسێکی تورکە لە ئەنکەرە، دەڵێت پەکەکە سووریای وەکوو دەرفەتێکی گرنگ بینی تاوەکوو کیانێکی نیوەیاسایی و دانپێدانراوی نێودەوڵەتی بە هۆی پەیەدەوە دروست بکات، کە ئەمەش پێگەی نایاسایی و ئیدانەکراوی پەکەکە لە تورکیادا بگۆڕێت. ڕاستبینانە بێت یان نا، نوخبەی سیاسیی تورکیا ئەم هەنگاوەیان وەکوو ئەوە بینی کە توانای ئەوەی هەبێت ململانێکانی پەکەکە بباتە پێشەوە و بیگۆڕێت. هۆکارێكی تری شکستی دانوستانەکانی ئاشتی ئەوە بوو پەکەکە ڕەتی کردەوە کە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، هەروەک چۆن تورکیاش ڕەتی کردەوە ڕێگە بدات بە خۆسەریی کوردی لە بەڕێوەبردن و پەروەردە بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا. ئەو پرسانەی تریش کە کاریگەرییان هەبوو، ململانێی ئاکەپە-گولەنییەکان و سەرکەوتنەکانی هەدەپە بوون لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٥ کە خەریک بوو پەکەکە بکات بە نوێنەری بێهاوتای کوردەکان و وای کرد ئاکەپە زۆرینەی پەرلەمانی لەدەست بدات و بە شێوەیەکی کاتییش نەیهێشت ئەردۆغان سیستمی سەرۆکایەتی جێبەجێ بکات.
بەکورتی هەردوو لایەنی دانوستان لەوە دەچێت “ئامانجی باڵاتر”یان هەبێت لە گەیشتن بە ئاشتی لە تورکیادا: پەکەکە ئەولەویەتی دا بە سەرکێشییەکەی لە سووریا و ئاکەپەش بەردەوامی لە دەسەڵاتدا. گۆڕانی ئاکەپە بۆ هێزێکی دەسەڵاتگەر و هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی ڕاستڕەوی نەتەوەپەرستی مەهەپە و گەشەکردن و زیادبوونی دەسەڵاتگەریی پەیەدە لە سووریا، ڕێگرییان کرد لە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانیان لەو کاتەوە.
گەڕانەوە بۆ ستراتیژی ئەمنیەتی تورکیا
لە هەلومەرجێکی لەم جۆرەدا و لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووی شەڕی ناو شارە زۆرینە کوردییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی بوویەوە دوای ئەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی شکستیان هێنا، ئەنکەرە گەڕایەوە بۆ ستراتیژە مەبدەئییەکەی خۆی کە بەئەمنیکردنی کێشەی کوردە. ڕەگوڕیشەکانی ئەم ستراتیژیەتە لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیادا بەدی دەکرێت. عوسمانییەکان پرسی کوردیان وەکوو کێشەی جێبەجێکردنی حوکمی ناوەند دەبینی لە پەراوێزەکانی ئیمپراتۆریەتدا و دەیانویست بە تێکەڵەیەک لە هێز و ئاسیمیلەکردن چارەسەری بکەن. ئەوان بەگشتی، لە گۆشەنیگای “ڕۆژهەڵاتناسیی عوسمانییانەوە”، پرسی کوردیان وەکوو عەشرەتگەریی دواکەوتوو یان بەرەنگاریی نەزانانەی نیعمەتەکانی ئیمپراتۆریەت دەبینی. لە دۆخێکدا کە شەڕ، دەستتێوەردانی دەرەکی و ئیدارەکردنی کەمینە یاخیبووەکان بە شێوەیەکی زۆر سەخت بەرۆکی گرتبوو، کۆماری تورکیای تازە لە سالی 1923-دا دروست بوو. ئەم کاردانەوە لە پێناوی مانەوەدا لە دەیەکانی دواتردا بەدامودەزگایی کرا لە ڕێگای گەشەپێدانێکی ناوەندیانەی دەوڵەتی تورکیاوە کە بناغەکەی تێگەشتنێکی بیرتەسکانە بوو لە ناسنامەی نەتەوەیی و حوکمی تاکڕەوی بە “سیفاتی دیموکراتییەوە”.
بەم شێوەیە لێی بڕوانی، ئەرکی تورکیا ئەوە بوو دانیشتووانە لاسار و لەیاسادەرچووەکانی سەر سنووری وڵاتەکەی؛ ئاوێتە و ئاوێزانی “کۆمەڵگا خەیاڵکرد”ەکەی وڵاتەکەی بکات لە دیدێکی کۆڵۆنیاڵانەوە بە ئامانجی بەشارستانیکردنیان. تاکە ئامرازی ئاڵوگۆڕیش تەنها هێز بوو، چونکە کوردەکان ڕەتیان کردەوە ئاوێتە بن و بتوێنەوە. لەم سیاقەدا دەوڵەتی تورکیا زاراوەکانی “جوداخواز، جەردە و تیرۆریست” بەکار دێنێت، بۆ ئەوەی ناڕازییبوون بە نایاسایی بکات. ئەم شێوە ناولێنانە ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەنکەرە هیچ بەتەنگی ئەوەوە نییە هاوڵاتییە کوردەکانی کە کەم و زۆر بەئاشتیانە تەعبیر لە خەم و ناڕازیبوونەکانیان دەکەن، جیا بکاتەوە لەوانەی کە سەربازییانە و تیرۆریستانە دەریدەبڕن. ئەم شێوە ناولێنانە دیسانەوە ڕەنگدانەوەی ڕەتکردنەوەی بەردەوامی ئەنکەرەیە، بۆ ئەوەی پرسی کورد وەکوو کێشەی کەمینەیەکی گرنگ ببینێ کە لەدوای مافەکانی دەگەڕێ.
لە نیوەی ساڵانی هەشتا، ستراتیژێکی گەشەپێدراوی تورکیای بەخۆوە بینی لە وەڵامی سەرهەڵدانی پەکەکەدا کە پێک هاتبوو لە بەکارهێنانی هێز و لادان لە ڕێگا باوەکان و گەشەدانی زیاتر لەو ڕێگایەدا بە مەبەستی دامرکاندنەوەی یاخیبوون و سەپاندنی ئاسیمیلەیشن. بەکارهێنانی ئەمە، دەرئەنجامی هەبوو لە ساڵانی نەوەد دوای ئەوەی پەکەکە شکستی هێنا لەوەی سەرکەوتنەکانی لە شەڕی گەریلایی هەشتاکان بکات بە ڕاپەڕینی جەماوەری یاخود بیکات بە فشاری سیاسی بۆ ئاشتی، هەروەها واشی کرد کە تورکیا ڕێباز و کەرەستەی شەڕکردن و چۆنێتیی ئۆپەراسیۆن بگۆڕێت. ئەدای سەربازیی تورکیا لە نیوەی نەوەدەکان، ئەوەی نیشان دا کە یاخیبوونی سەربازیی کوردەکان بەتەنها بەشی ئەوە ناکات ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆیی بەدەست بێنن. ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییەی “کانی ئاشتی” لە سووریا، دیسانەوە هەمان شتی سەلماندەوە. هەر چەندە ئەمە پەکەکەی نەوەستاندووە لە هەوڵدان و بەرزکردنەوەی تێچوونی شەڕەکە بۆ تورکیا.
ئەم ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنە لە ناوخۆی تورکیادا، ئەوەشی لەخۆ گرتووە کە تورکیا پاڵپشتی لە دەستوپێوەندەکانی لە بەشێکی گرنگی کۆمەڵگای کوردیدا دەکات، بۆ ئەوەی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردی دروست نەبێ. لە سەرەتاوە ئەمە ئیشی دەکرد لەسەر دابەشبوونە دینی، ئایدۆلۆژی و خێڵەکییەکان بۆ ڕاکێشانی دەنگدەر و پشتیوانی کوردەکان. بۆ نموونە، بنەڕەتە مارکسییەکەی پەکەکە گرفتئامێز بوو بۆ کوردە ئاییندار و پارێزگارەکە کە ئەمەش ڕوونی دەکاتەوە بۆچی پەکەکە پشتیوانی زۆرتری نییە. هەر چەندە کوردەکان لە سەرەتاوە ئەم تاکتیکی خۆگونجاندنە هەڵیخەڵەتاندن، بەڵام ئەنکەرە فەشەلی هێنا لەوەی وەلائی کوردەکان بەرەو دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی درێژخایەن ئاراستە بکات.
خێراکردنی گەشەکردنی ئابووری لە ناوچە کوردییەکان بەگشتی لە کۆتاییدا بیری لێ کراوەتەوە لە ستراتیژیەتی تورکیدا. لە کاتێکدا پاڵپشتییەکی کەمی ناوەند بۆ پڕۆژە ئابوورییەکان؛ هەندێ دەرفەتی ڕەخساند بۆ کوردەکان و بزنسی لۆکاڵیی زیاد کرد، بەڵام هەمیشە بە شێوەیەکی پێویست یارمەتی نەدراون و بەیەکسانی دابەش نەکراون و هەر کاتێ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ویستبێتی ئەولەویەتیان پێ نەدراوە. هەروەها پەکەکەش خووی هێرشکردنە سەر پڕۆژەکانی گەشەپێدانی برەو پێ دا، بەتایبەتی ئەو پڕۆژانەی کە ڕەمزی دەوڵەتبوون وەکوو بەنداو و هێڵی بۆری لەگەڵ بەکارهێنانی هەڕەشەی مافیایی لەو کوردانەی خاوەن بزنسن و ڕۆڵیان لەو پڕۆژانەدا هەبووە.
بە مانایەکی تر، ستراتیژی داپڵۆسین، بەکارهێنان و گەشەپێدانی تورکیا؛ بەئاسانی ڕێگریی کرد لە پەکەکە لەدوای نەوەدەکان، بەڵام نەیتوانی کۆتایی بە پرسی کوردی بێنێ. بەپێچەوانەوە، ڕێگاچارەی بەئەمنیکردنی تورکیا بە شێوەیەکی زۆر ناسنامە، ئاگایی و چالاکیی سیاسیی کوردیی زیاتر کرد. کردەکانی داپڵۆسین -وەکوو سزادان، زیندانیکردنی بەرفراوانی نەیاران، ڕاگواستن و گواستنەوەی خەڵکی بەکۆمەڵ-، واقیعی پلە دوو بوونی کوردەکانی تورکیای سەلماند. ئەو ناڕازیبوونانەی لەم کردانەی دەوڵەتەوە کۆ بوونەوە، بوون بە هۆی زیادبوونی مەیلی زیاتر بۆ چالاکیی سیاسیی وەکوو لە سەرهەڵدانی هەدەپە و بەردەوامیبەخۆدانی سەربازیدا دیارە، پەکەکەش باش و زیندوو مایەوە.
بەکارهێنانەوەی ستراتیژێکی تێکشکاو
ئەگەر دەیەیەک لە داپڵۆسین و زەبروزەنگ تەنها ئاماژەی بە چارەسەری کێشەی کورد دابێت، مایەی سەرسوڕمانە کە ئەنکەرە هەر هەمان ستراتیژی بەکار هێناوە لە ساڵی (٢٠١٥-٢٠١٦) بە هێز و وزەیەکی تازەوە و خەریکی فراوانکردنیەتی لە ناوچەکەدا. پاڵنەری سەرەکیی ئەم برەوپێدانەش، ئەو ڕەگداکوتانە قووڵەی “دەقی بەئەمنیکردنە” لەناو نوخبەی دەسەڵاتداری تورکیا و گرێدانی ئەمەشە بە چەمکە بنچینەییەکانی ناسنامەی دەوڵەتی تورکیا وەکوو ناوەندی، یەکگرتوو، نەتەوەیی و بەم دواییانەش پەیدابوونی لەناکاوی یەیەدە/یەپەگە لە سووریا بە یارمەتیی پەکەکە. بە ئەگەری زۆرەوە ئەم بەکارهێنانەوەی هێز و زەبروزەنگە ڕووی داوە، سەرەڕای فەشەلی سیاسیی دەقی بەئەمنیکردنەکە و تێچوونە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەی نەک بە هۆکاری ئەو فەشەلە. ڕەتکردنەوەیەکی کەلەڕەقانەی پەکەکە بۆ هەڵوەشانەوە دوای دەستگیرکردنی سەرۆکەکەی عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٩٩٩، ئاماژەیەکی ڕوون بوو کە بەئەمنیکردن عەسای سحری نەبوو. بەڵام ستراتیژیەتی تورکیا دوای ٢٠١٥ لە بارەی پرسی کوردەوە، لەسەر ئەو بۆچوونە وەستاوە کە نەزعەی سەربازی کورد -بەتایبەتی پەکەکە لە تورکیا و ئێراق و پەیەد لە سووریا-؛ شێوەیەک لە تیرۆریزمە کە دەکرێ تەنها بە کامپەینی دژەیاخیبوونی ماوەدرێژ کۆتایی پێ بهێنرێ.
لە ناوخۆدا ستراتیژی ئەنکەرە؛ دژەتیرۆریزمێکی تەواو بەئەمنیکراوە. ئەو ئامرازانەی بەکاری دێنێت؛ قەدەغەی هاتوچۆی ناوشار، ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی لەناکاو، هێزی تایبەت، هێزی ئاسمانی (بەتایبەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) و ئەگەر پێویستیش بکات کاولکردنی تەواوی ناوچەیەکە. لە ناوچەکەدا ستراتیژی تورکیا لەسەر ئەو مەبدەئە تازەی “دەستتێوەردان بۆ ڕێگریکردن” دامەزرواوە کە هاوشێوەی ڕێبازی “هێرش بۆ ڕێگریکردن”ە کە لە ستراتیژیەتی نەتەوەیی ئەمەریکادا لە ٢٠٠٢ جێگیر کرا. ئەم ستراتیژە بانگەشەی ئەوە دەکات کە مافی ئەوەت هەیە هێرش بکەیت بۆ مەبەستی ڕێگریکردن. ئەمە چیتر ئۆپەراسیۆنی دژەتیرۆر لە دەرەوەی سنوور وەکوو کردەیەکی کاتی تەماشا ناکات، بەڵکوو وەکوو ئامرازی هەمیشەیی بۆ سەقامگیریی ناوچەیی لێی دەڕوانێ. ئەنکەرە پاساوی درێژەپێدانی ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەوە دەداتەوە کە پشتیوانیی ئەو دەوڵەتانە -سووریا و ئێراق- دەکات لە پاراستی نەزم و یەکگرتوویی خاکەکەیان، ئەڵبەت بەبێ داواکاری و ڕەزامەندیی خۆیان. بەڵام ئەو شێوازەی کە ئەنکەرە “دەستتێوەردان بۆ ڕێگریکردن”ی تێدا بەکار دێنێ -بەکارهێنانی هێزی پاشکۆ (سووریا)، دەرکردن و دروستکردنەوە (سووریا)، بنکەی سەربازیی هەمیشەیی (ئێراق و سووریا) و داگیرکردن (ئێراق و سووریا)-؛ کاریگەریی دوورتر و زیاتری دەبێت بۆ هەرێمەکە، چونکە بنکەی سەربازیی هەمیشەیی و ئیدارەی هەندێ ناوچە دەداتە تورکیا کە سەر بە ئەنکەرە نین.
فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە دژەتیرۆرییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا بۆ ئێراق و سووریا، جیاوازییەکی گەورەی هەیە لەگەڵ ئەو کردارانەی تورکیا لە دژی دانیشتووانە کوردەکەی خۆی بەکاری هێناوە لە ساڵانی نەوەدەکان و دوو هەزارەکان. ئەمە جیاوازییەکی زۆر گرنگە، چونکە کێشەی کورد لە پرسێکی ناوخۆییەوە دەکات بە فاکتەری ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا. چەند ڕەگەزێکی جێ سەرنج هەن لەمەدا.
وەکوو سەرەتا، ئەمە شەڕی دژی پەکەکە لە سنووری ئێراق و لە بناری چیای قەندیل -بنکەی سەرەکیی پەکەکە- دەکات بە هەمیشەیی. لە ٢٠١٥-ەوە تورکیا زیاتر لە ٤٠٠ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە باکووری ئێراق ئەنجام داوە، بۆ ئەوەی هێڵی پەیوەندی پەکەکە بە دەرەوە بپچڕێنێت و نەهێڵێت ئەندامی تازە پەیوەندی بە ڕیزەکانی پەکەکەوە بکەن، بنکەکانیان وێران بکات و پەیوەندیی پەکەکە و پەیەدە لە سووریا و پژاک لە ئێران بپچڕێنێ (تورکیا ئەو دوو ڕێخراوە بە لقی پەکەکە دەزانێ). لە مانگی ٨ی ٢٠١٨، “ئوپەراسیۆنی سووربوون” زیاتر لە ١٢ بنکەی سەربازیی تورکی لە باکووری ئێراق دامەزراندووە کە ناوچەیەکی دابڕاوی ١٥ تا ٢٠ کیلۆمەتر قووڵی پێک هێناوە لە ئاڤاشین، خواکورک و باسیان وەکوو بەربەستێک لە دژی چەکدارانی پەکەکە کە بیانەوێ بپەڕنەوە ناو تورکیا. تورکیا هەروەها لە شەنگالی باکووری ڕۆژئاوای ئێراق هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدات کە لەژێر کۆنترۆڵی پەکەکەدایە. هەم هێرشانە بەم دواییانە فراوان کراوە بۆ مەخمووریش. لە کۆتاییدا ئەنکەرە بوونی سەربازی خۆی لە خواکورکی ئێراقیش فراوان کرد کە دەکەوێتە نزیک سنووری تورکیا و ئێران لە ئۆپەراسیۆنی “چنگ”دا لە ٢٠١٩، لەمەشدا ١٠ بنکەی سەربازیی هەمیشەیی تر زیاد کران. لە مانگی ٦ی (٢٠٢٠)ەوە تورکیا وردە وردە سوود لە یارمەتیی سەربازیی ئێرانیش وەردەگرێت دژی پەکەکە و پژاک و لە بەرامبەردا ئیدانەی سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا دەکات دژی ئێران. هەر چەندە هێڵەکانی یارمەتیی پەکەکە سنووریان بۆ دانراوە، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر مەترسییان بۆ دروست نەبووە. سەختیی زنجیرەچیای قەندیل وای کردوە ئەگەرێکی لاواز بێت سەربازانی تورکیا بتوانن بگەن بە جێگایەک بەبێ یارمەتیی هێزی ئاسمانی و بە قوربانییەکی کەمەوە لە شەڕێکی گەریلایی ئیزعاجکردندا دەربچن.
ڕەگەزێکی تری شەڕە هەرێمییەکەی تورکیا دژی کورد، خۆی لەوەدا دەبینێتەوە ئەو دەستکەوتانەی پەیەدە/یەپەگە لە شەڕی ناوخۆی سووریادا بەدەستیان هێناوە؛ پێچەوانەیان بکاتەوە. هەر چەندە شەڕی دژی داعش و ئیزعاجکردن ڕۆڵیان هەبوو، بەڵام تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانی درعی فورات – ٢٠١٦-١٧، چڵە زەیتوون -٢٠١٨ و کانی ئاشتی – ٢٠١٩ی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە پەیەدە و یەپەگە دەست پێ کرد. ئەم دەستپێشخەرییانە نەیهێشت پەیەدە ناوچەکانی جەزیرە و عەفرین پێکەوە ببەستێ، دەستی گرت بەسەر تاکە ناوچەی زۆرینە کوردیدا (عەفرین، لەپێش ٢٠١١) لە سووریا و پەیەدەشی ناچار کرد ڕێگە بدات هێزەکانی سووریا و ڕووسیا بڕۆنە هەندێ ناوچەی گرنگی سنووریی تورکیا-سووریا. زیانە مەدەنییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنانە، ئاوارەکردنی نزیکەی ١٥٠,٠٠٠ کوردی عەفرین و زیاتر لە ٢٠٠،٠٠٠ کورد و عەرەب و ئەوانی تر لە سەرێکانی و گرێسپی. لەپێش ئەمەشەوە پێشکەوتنەکانی پەیەدە/یەپەگە بوو بە هۆی ئاوارەبووی دەیان هەزار لە تەلحەمیس، تەلڕەفعەت و زۆر ناوچەی تر لە ساڵەکانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦. لەدوای کۆتا ئۆپەراسیۆن، ئەردۆگان پێشنیاری ئەوەی کرد کە ئەو ئاوارە عەرەبە سوورییانەی لە تورکیان، جێی کوردە دەرکراوەکان لە سووریا بگرنەوە: “گرنگ ئەوەیە ئەم ڕووبەرە گەورەیە (مەبەستی گرێسپی و سەرێکانییە) لەژێر کۆنترۆڵدا بێ، شێوەژیانی ئەم ڕووبەرە لەژێر کۆنترۆڵدا بێ، گونجاوترین خەڵک بۆ ئێرە عەرەبەکانن، ئەم ناوچە گونجاو نییە بۆ شێوە ژیانی کوردەکان. بۆچی؟ چونکە لە ڕاستیدا ئێرە ناوچەیەکی بیابانییە”.
کۆتا ڕەگەزی ستراتیژی دژەتیرۆری هەرێمی تورکیا، ناردنەدەرەوەی کردەی لەمێژینەی دابەشکردنی کۆمەڵگای کوردییە لە ڕێگەی ئیشکردن لەسەر درزە کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندییە جیاوازەکان لە سەرکردایەتیدا. ئەم پاڵپشتی کردنەی تورکیا بۆ پارتی وەکو دەستوپێوەند زۆر گرنگ بووە بۆ ئەنکەرە بۆ لەتکردنی بەرەی کوردی. لایەنی ناکۆکی ئەمە ئەوەیە بناغەی ئەم پەیوەندییە، ئۆتۆنۆمیی هەرێمی کوردستانی ئێراقە کە تورکیا لەوە دەترسا ببێ بە پێشینە بۆ خەونی سەربەخۆیی کوردانی ناوچەکە. ئەم پەیوەندییە هۆکارەکەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستانی ئێراق بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە فرۆشی نەوت دەبەستێ بۆ ئەوەی بمێنێتەوە و بەردەوامیی ئەم فرۆشتنە پشت بە تورکیا دەبەستێ، بە هۆی جوگرافیای بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوتەوە. ئەنکەرە زیرەکانە یاری بەم کارتە دەکات لە ڕێگای هاندانی هاریکاریی نێوان هەردوو حکومەتەوە کە تێیدا نوخبەی پارتی قازانج دەکەن لە ئاڵوگۆڕی زیاتر، ئیمتیازاتی بزنس، فرۆشتنی نەوت، گەندەڵی بە مەکرەمەی تورکیا. ئەردۆگان چەندین جار میوانداریی باڵای سەرکردەکانی پارتیی کردووە ساڵانی ڕابردوو، هەتا دوای ئەوەی بارزانی ڕیفراندۆمی کرد بۆ سەربەخۆیی لە ٢٠١٧. بە مانایەکی تر، سەرکردایەتیی پارتی زۆری هەیە لەدەستی بدات ئەگەر پاڵپشتیی ئەجێندایەکی ئازادیی نەتەوەیی بۆ کورد بکات کە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی تورکیا بێت. سەرەڕای دووربوونی پارتی لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە سووریادا، پارتی بووە بە عەمیلی تورکیا زیاتر لەوەی کە خۆی بیەوێ دانی پێدا بنێ کە ئەمەش لە بێدەنگیی پارتیدا ڕوون دەبێتەوە لە ئاست بوونی هێزی سەربازیی هەمیشەیی تورکیا لە باکووری ئێراق.
ئەنکەرە سوود لەو دوژمنایەتییە ئایدۆلۆجییەی نێوان گرووپەکانی سەر بە ئۆجالان و بارزانی دەبینێت لە سووریا، ئێراق و هەتا ناوخۆی تورکیاش بۆ “پەرتکردن و زاڵبوون”. هەردوو لایەن ئامانجیانە بەرپرسیارێتیی سەرکردایەتیکردنی مقاومەی کوردی بگرنە ئەستۆ. پارتی پیاوسالار، پارێزگار و خێڵەکییە بە سروشتی خۆی و وابەستەی تەسەوفی نەقشبەندییە و هاوپەیمانی ئەمەریکاشە. پەکەکە هێشتاش مەیلی بۆ مارکسیزم ماوە و پەیوەندیی بە سووریا و ئێرانەوە هەیە و خەونی ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتیی نوێی هەیە کە زیاتر یەکسانیخواز و لەخۆگر بێت –هەڵبەت دەبێت لەژێر سەرکردایەتی خودی پەکەکەدا بێت. ئەنکەرە هێرشی کردووەتە سەر هەر پارتێکی سیاسیی کوردی کە پەیوەندیی بە ئایدۆلۆژیای ئۆجالانەوە هەبێ، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردیی سەر بە بارزانی لە تورکیا خۆشیدا قبووڵ دەکات. بەکورتی، پەیوەندیی تورکیا بە پارتییەوە، وای کردووە بەشی ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستانی ئێراق ببێ بە ناوچەیەکی ئاڵۆزی بەرخۆدانی کورد.
تورکیا دەیەوێ سوودوەرگرتن لە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق بگوازێتەوە بۆ سووریا بە پشتگیریکردنی ئەنەکەسە -گرووپێک کە پێک هاتووە لە زیاتر لە دوانزە حیزبی کوردیی سووری کە لە هەولێر، قامیشلی و ئەستەنبوڵ کار دەکەن کە نزیکن لە پەدەکەی بارزانییەوە. بە پێچەوانەی پەیەدەوە، ئەنەکەسە دژی ڕژێمی ئەسەدە. هەروەها دەشیەوێ یەکگرتوویی خاکی سووریا بهێڵێتەوە لەسەر بناغەی فیدڕالیزم. بەڵام هیچ زەوییەکی بەدەستەوە نییە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، هیچ هێزێکی بەدەستەوە نییە لەو ناوچە (پەیەدە ڕەتی کردەوە ڕێگە بدات ٦٠٠٠ پێشمەرگەی مەشقپێکراوی پارتی بڕۆنە ناوچەکانی) و کاریگەریی سیاسیی زۆر کەمی هەیە. پشتیوانیی تورکیا بۆ ئەنەکەسە، دەنگی کوردانی سووریا پەرت دەکات و چیرۆکی تورکیاش بۆ شەڕی دژی تیرۆر (پەیەدە) بەهێز دەکات، چونکە تورکیا ئاماژە دەکات بەوەی کە توانای ئیشکردنی لەگەڵ گرووپە کوردییە میانڕەوەکاندا هەیە. مەولوود چاوشئۆغلۆی وەزیری دەرەوەی تورکیا، زۆر بەباشی ستراتیژی تورکیای کورت کردەوە کاتێ وتی: “ئێمە لەگەڵ ئەوانداین (ئەوانەی لەگەڵ ئۆجالان نین)، دژی گرووپە تیرۆریستییەکان. زۆر پێویستە جیاوازی بکەین لەنێوان تیرۆریستەکان و کوردەکانی تر”. بەڵام دەبوو ئەوەشی زیاد بکردایە کە تورکیا تەنها ئەم جیاوازییە دەکات لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی.
هیچ ئەنجامێک بەدی ناکرێت
بۆ چاوێکی نائاگا، خونواندنی سەربازییانەی تورکیا، وا دیارە ئەنجامی هەبێت. پەکەکە لە سووچێکی چیاکانی قەندیلدا گەمارۆ دراوە، چانسی پەیەدە بۆ بنیادنانی ئۆتۆنۆمییەکی زیاتر؛ دامرکاوەتەوە، هەدەپەی تورکیا لە پەلوپۆ خراوە و دابەشبوونی ناو پارتە کوردییەکان زۆر زۆرە. بەڵام بە ئەگەری زۆر، ئەم دەرئەنجامانە تەمەنیان کورتە لەبەر چەن هۆکارێک:
یەکەم و گرنگترین شت، عەسکەرتاریەتی تورکیا دژی کورد؛ شوێن ڤێرژنی “ڕێوشوێنی جیهانی تیرۆریزم” کەوتووە بەوەی کە وەکوو تیرۆریست مامەڵە لەگەڵ هەر کەسێکدا دەکات کە بە ئاشتییانە یاخود سەربازییانە پشتگیریی ئۆتۆنۆمی، مافی گەلی کورد و نوێنەرایەتیی سیاسیی کوردی بکات. بۆ نموونە زیاد لە ٥٠٠٠ ئەندامی هەدەپە، زۆربەی سەرکردایەتیی ئەو پارتە و زیاتر لە ١٥٠ ڕۆژنامەنووسی کورد، تەنها بە گومانی بوونی پەیوەندییان بە پەکەکەوە دەستگیر کراون و لە زیندانن. شارە زۆرینە کوردییەکانی باشووری تورکیا وەکوو جەزیرە و سوور، نیوەخاپور کراون. بەمەبەست و بەهەڕەمەکی جێبەجێکردنی یاسای دژەتیرۆری تورکیا، ئازادیی ڕادەربڕینی سنووردار کردووە و هەزاران چالاکوان، ئەکادیمی و ڕۆژنامەنووسی تورکی بێدەنگ کردووە. ئەم ڕێکارانە چەندەها ناعەدالەتیی تازەی دروست کردووە و شکستی هێناوە ئەلتەرناتیڤی ئەرێنی پێشکەش بکات. دەرئەنجامێک ئەگەری زۆرە لێی بکەوێتەوە، زنجیرەیە تر شەڕ و ململانێیە.
دووەم شت، ئەنکەرە قووڵایی بەرخۆدانی کورد بە کەم سەیر دەکات. زۆرینەی ئەوانەی لە زیندانن، دادگایی کرابن یان نا، بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی ئاکەپە و دەنگدەرانی کوردی لە تورکیاش هەر دەنگ دەدەن بە هەدەپە. زیاد لەوەش، هەر چەندە گرووپەکانی چەشنی پەکەکە و پەیەدە دەسەڵاتگەرن بە سروشتی خۆیان و میتۆدی بێدەنگکردن بەکار دێنن و بەشداریی کردەی تیرۆریستی دەکەن، بەڵام گرووپی دەنگدەریان هەیە کە هێز و توانایان پێ دەدەن. ئەم دەنگدەرانە زیاد دەکەن لە وەڵامی ئەو جۆرە کردانەی لە سەرەوە ڕیزمان کردن. بۆ نموونە، پەکەکە لە ستراتیژی ٢٠٢٠دا وازی لە هەموو قسەکردنێک لە بارەی دانوستانەوە (هەر چەندە ئۆجالان پاڵپشتیی دەکات) هێناوە و داوای بەرەنگاربوونەوەی گشتی دەکات لە دژی تورکیا. عەسکەرتاریەتی تورکی بەبێ مساوەمە پەیوەندیی خەڵکی بە پەکەکەوە خێراتر دەکات.
سێیەم، تاکتیکەکانی سیاسەتی بەئەمنیکردنی ئەنکەرە بووە بە هۆی تاڵانکردنی تەواوی عەفرین لەلایەن شوێنکەوتەکانی تورکیاوە، ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری کوردانی سووریا و زیادبوونی قوربانیی مەدەنی لە ئێراق. لە باکووری ئێراق و تورکیا، گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی دەڵێت لە (٢٠١٥)ەوە ٤٨٠٠ کەس مردوون، ١٠٠،٠٠٠ کەس دیار نەماون و ٤٠٠،٠٠٠ کەسیش ئاوارە بوون. ئەم ئەنجامانە دەبنە هۆی کاردانەوەیەکی هاوشێوەی ناو تورکیا خۆی. لە ئێراق زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکانی تورکیا ناڕەزایەتیی گشتیی لێ کەوتووەتەوە بە هۆی زیان و قوربانییەکانەوە، پەدەکە ترسی لە مانەوەی هەمیشەیی تورکیا هەیە لە هەرێمی کوردستانی ئێراق و دەنگی ناڕەزایی بڵندترە لە بەغداوە. لە سووریا هێزەکانی تورکیا ڕووبەڕووی یاخیبوون بوونەتەوە لەلایەن دوو گرووپەوە کە پەیوەندییان بە یەپەگەوە هەیە: تووڕەیی زەیتوون و هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین.
چوارەم، هەتا پەدەکەی بارزانی و ئەنەکەسە ناڕەزاییبوونی خۆیان ناشارنەوە لە دەستتێوەردانە سەربازییەکانی تورکیا. هەر چەندە پەیەدە و ئەنەکەسە لەژێر گوشاری ئەمەریکادا لە خولێکی دیکەی دانوستاندان کە دەکرێ عەسکەرتاریەتی تورکیا ئەهوەن بکاتەوە، بەڵام جیاوازییەکانیان ئەگەری زۆرە نەهێڵێت بگەن بە ڕێککەوتنێکی جددی.
پێنجەم، ناوبانگی نێودەوڵەتیی تورکیا خراپ بووە بە هۆی عەسکەرتاریەتی دژەکوردەوە. هەر چەندە ئۆپەراسیۆنی “کانی ئاشتی” سەرکەوتنی تاکتیکی بوو، بەڵام مۆتەکەیەک بوو لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، چونکە پەیەدە هاوسۆزیی جیهانیی بەدەست هێنا. هەروەها تورکیا لە دوورمەودا کێشەیەکی بۆ خۆی دروست کردەوە، بە تێوەگلانی سوپاکەی لە سووریا. ئەم خۆنیشاندانەی تورکیا لەوانەیە هانی ڕژێمی ئەسەد یاخود هەندێ وڵاتی کەنداو بدات کە یارمەتیی گرووپە چەکدارە کوردییەکان بدەن لە دژی.
لە کۆتاییدا، لە ئەگەری ئەوەدا کە دەستتێوەردانە هەرێمییەکانی تورکیا ئاسانکاری بکات بۆ هاتنەوەی گرووپە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکان، ئەوە نێوبانگە نێودەوڵەتییەکەی تورکیا زیاتر لەکەدار دەبێت. بۆ نموونە؛ ئەو کردە سەربازییانەی تورکیا کە پەیەدە/یەپەگە لاواز دەکات لە سووریا، کە هێزەکانی نزیک لە پەکەکە بەئامانج دەگرێ لە شەنگال و مەخـمووری ئێراق کە پاڵ بە پارتییەوە دەنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یەکێتی، بە حوکمی پەیوەندییەكانی بە پەکەکەوە؛ هەموو ئەم کردەوانەی تورکیا بۆشایی ئەمنی دروست ئەکەن و زەمینەی لەبارن بۆ گەشەکردنی گروپە ئیسلامیە ڕادیکاڵەکان.
چی بکرێت؟
کاتێ سەیری هەموو فاکتەرەکان دەکرێت، ڕیکاری داپڵۆسینی ئەنکەرە ئەگەری زۆرە تۆوی خولی دواتری ململانێکان بچێنێت، بەو پێیەی ناعەدالەتی، وێرانکاری و نێهیوایی دروست کردووە بەبێ خستنەڕووی هیچ شتێکی ئەرێنی. فەلسەفەی پشتی ئەم ڕێکارە، هەر تواندنەوەی بەزۆری کوردە لەناو دەوڵەتی ناوەندیی تورکیادا لەسەر بنەمای ناسنامەیەکی بەرتەسکی تورکی لە ناوەوە و داپڵۆسینی بزووتنەوە کوردییەکان لە دەرەوە.
لەبەر ئەم هۆکارە، بەبێ دووبارە پێناسەکردنەوەی مانای “تورکبوون”، چارەسەری پرسی کورد سەخت دەمێنێتەوە. تاوەکوو ئەو کاتە، یەکێتیی ئەورووپا (لە ناویدا هۆڵەندا) پێویستە فشارەکانی زیاد بکات لەسەر تورکیا بۆ ئەوەی دەستتێوەردانە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا کەم بکاتەوە و دەرگای بەشداریی سیاسی لە ناوخۆدا بکاتەوە بۆ نوێنەرە کوردەکان، تاوەکوو بەشداریی کارا بکەن لە سیاسەتی نەتەوەییدا، ئەمەش وەکوو باشترین و ماوەدرێژترین فاکتەر دژی عەسکەرتاریەتی پەکەکە و پەیەدە و مۆدێلی دەسەڵاتگەریی خۆیان بەکار بهێنێت.
دەستتێوەردانە هەرێمییەکانی تورکیا، دەکرێ ڕێگرییان لێ بکرێ بە یارمەتیدانی هێزەکانی پاسەوانی سنوورەکانی ئێراق لە ڕێگەی کۆمسیۆنی هاوکاریی یوئێنەوە بۆ ئێراق (یونامی)، یان کۆمسیۆنی ڕاوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپاوە. لە کۆتاییدا هێزەکانی ئێراق دەبێ تورکەکان دەربکەن و پەکەکەش بێدەنگ بکەن لە خاکی خۆیاندا. یەکێتیی ئەورووپا دەبێ بەتوندی ئیدانەی دەرکردنی کوردەکان بکات لەلایەن تورکیاوە لە سووریادا و لە هەمان کاتدا دانیش بنێ بە ڕۆڵی تورکیادا کە ملیۆنان ئاوارەی لەخۆ گرتووە و نەیهێشتووە دووبارە ئیدلب بکەوێتەوە دەست ڕژێمی ئەسەد. سیاسەتی ناوخۆیی تورکیا سەختە کاریگەریی لەسەر دابنرێت، بەڵام یەکێتیی ئەورووپا دەبێ سوور بێت لەسەر ئەوەی تورکیا کار بکات لەسەر داواکارییەکانی کۆمسیۆنی ئەورووپا وەکوو دووبارە زیندووکردنەوەی سەربەخۆیی دادگا و وەستاندنی هێرشکردنە سەر پارێزوانانی مافەکانی مرۆڤ، دەبێت کەمتر بایەخ بە یەکێتیی گومرگی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا بدرێت.
بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.