• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
February 1, 2022

ھایدرۆپۆلەتیکی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان؛ بەرەو ھاوکاریی كردەیی

نووسەران:

بەردیا ڕەوغەنی

خوێندكاری دكتۆرای ئەندازیاریی ژینگە، كۆلێژی ئەندازیاریی شارستانی، پەردیسی فەنی.

محەمەد فرشتەپور

توێژەری پۆست دكتۆرا، بەشی زانستی و ئەندازیاریی ئاو، زانكۆی فەردەوسی مەشهەد.

محەمەدعەلی عەلیایی

دكتۆرای ئەندازیاری و بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو، كۆلێژی ئاوەدانكردنەوە، پەردیسی فەنی تاران.

سەرچاوە: فصلنامه ژئوپلیتیك، سال شانزدهم، شماره دوم، تابستان 1399.

وەرگێڕان: موجاهید وەهاب

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (11)ی كانونی دووەمی 2022ی گۆڤاری ئایندەناسی

پوختە

کەمبوونەوەی بەردەوامی ئاوی ژێرزەوی لە زۆربەی ناوچەکانی جیھان کێشەی گەورەی دروست کردووە، ھەر لەم سۆنگەوە سەرچاوە ئاوییەکانی دەرەوەی سنوور بەتایبەت گەنجینە ئاوهەڵگرەکان، بە سەرچاوەیەکی گرنگ لە ناوچە وشک و نیمچەوشکەکان ھەژمار دەکرێن. لەگەڵ زیاتر لە دەیەیەک، سەرنجی ھونەری و سیاسی لە بەرزترین ئاستی نێودەوڵەتی بۆ گەنجینە ئاوهەڵگرەکانی دەرەوەی سنوور، بەرەوپێشچوونی زۆر کەم لە بەرەوپێشچوونی ڕێکكەوتنەکان لەم بوارەدا بەدی کراوە. زانیارییە زانستییەكانی تایبەت بە نزیکەی ٦٠٠ گەنجینە ئاوهەڵگری سنووربڕەكان زۆر لاوازە، تا ئاستێک کە باسکردنی ئەو بوارانەی کە شایەنی ئاڵنگاری و گفتوگۆ بن، تەنیا بە گومانێکی پسپۆڕانە بەکۆتا دێت. ئەم توێژینەوەیە سەرنج دەخاتە سەر گرنگترین ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لە کیشوەرەکانی ئەورووپا، ئەفەریقا، ئەمەریکا و لە ئەزموون و ئەنجامەکانی ھەر کام لەو ڕێكکەوتنانە دەکۆڵێتەوە. لە کۆتاییدا بە سەرنجدان لە خاڵە بەھێز و لاوازەکان لە بەستن و زەمەنی پیادەکردنی ئەم ڕێککەوتنانە، چێوەیەک بۆ نووسینەوەی ڕێکكەوتننامەی بەکاربەری دەخرێتە ڕوو کە دەتوانێت لە چارەسەری کێشەی تایبەت بە گەنجینە ئاوهەڵگرەکانی سنووربڕ سوودی لێ ببینرێت.

وشە كلیلییەكان: گەنجینە ئاوهەڵگری سنووربڕ، هایدرۆپۆلەتیك، ڕێككەوتننامە، هاوكارییە كردەییەكان.

 

  1. پێشەکی

گەنجینە ئاوهەڵگرەکانی سنووربڕەکان (آبخوان­های فرامرزی)[1]، سەرچاوەی ئاوی ژێرزەویی سنووربڕن کە لەنێوان دوو یان چەند وڵاتدا ھاوبەشن. ئەم سەرچاوانە لە ڕابردوودا ڕۆڵێکی گرنگیان لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و دروستکردنی خۆراکدا ھەبووە و پەیوەستن بە بژێویی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیھاندا، بەڵام بەردەوام لەچاو ڕووبارە سنووربڕەکانەوە گرنگییەکی کەمتریان پێ دراوە (Puri et al, 2001: 9 Eckstein and Eckstein, 2005: 680 ;Puri and Aureli, 2005: 661).

لە میانەی لێکۆڵینەوەیەکی بەردەوام لەلایەن ناوەندی ھەڵسەنگاندنی سەرچاوە نێودەوڵەتییەکانی ئاوی ژێرزەوی (International Groundwater Resources Assessment Centre)، تاوەكو ئێستا ٥٩٢ گەنجینە ئاوهەڵگر دۆزراونەتەوە کە سنوورە سیاسییەکانی وڵاتان دەبڕن (IGRAC, 2015). لەم ژمارەیە؛ کیشوەرەکانی ئەورووپا، ئاسیا، ئوقیانووسیا، ئەفەریقا و ئەمەریکا بەپێی ڕیزبەندی خاوەنی ٣١٨، ١٢٩، ٧٣ و ٧٢ گەنجینەی ئاوهەڵگری سنووربڕن. زیاتر لە (٨%)ی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان بە ھۆکاری لێوەرگرتنی زیاد لە پێویست تووشی گرفت بوون، ھەر چەند زۆربەی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان لە ئەورووپا و ئاسیا و ئەفەریقا لە ئێستادا تووشی ھیچ گرفتێک نەبوون، بەڵام لەبەر پەیوەستبوونی زیاتر بە ئاوی ژێرزەوی بۆ دروستکردنی خۆراک، ئەم سەرچاوانە لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا بە خێراییەکی زۆر بەرەو گرفت ھەنگاویان ناوە (Wada and Heinrich, 2013:1). لە ساڵی (٢٠٠٠)دا و دوای دروستبوونی گرووپی بەڕێوەبردنی گەنجینە ئاوهەڵگرە ھاوبەشە نێودەوڵەتییەکان (Internationally Shared Aquifer Resources Management)، ھەوڵی زۆر بۆ دۆزینەوەی گەنجینە ئاوهەڵگرە ھاوبەشەکان لە سەرانسەری دنیا و ھەروەھا زیادکردنی ئاستی ھۆشیاری لەھەمبەر گرنگییە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکانی ئەم سەرچاوە بەھادارانە خراوەتە گەڕ (Eckstein and Eckstein, 2005: 679;Puri and Aureli, 2005: 662; Davies et al, 2013: 321).

لە بەڕێوەبردنی ھاوکارانەی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان، جیاوازییەکانی نێوان وڵاتانی کاریگەر (وەکوو پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی-ئابووری، تواناكانی بەڕێوەبردن، پێشکەوتنی ژێرخان، ئینتیما سیاسییەکان و ھەروەھا لایەنی مافناسی) بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی ھەندێک ناکۆکی. لەگەڵ ئەوەشدا ھەر ئەم ناکۆکییانە دەبێتە دەرفەتێك بۆ تواناسازی و دروستبوونی ھاوکاری لە بواری ھونەری، کۆمەڵایەتی، یاسایی و ئابووری (UN Water, 2008) و پێویست بە پێناسەی ڕۆڵی وڵاتان لە باسی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکانەوە دەكات (Rivera and Candela, 2018:13). بۆ نموونە؛ گۆڕانکاریی کەشوھەوا کاریگەرییەکی زۆر بەسەر سەرچاوە ئاوییەکاندا دروست دەکات وەکوو: گوڕی لافاو و وشکەساڵی، کەمبوونەوەی ئاو، داڕمانی زەوی، لەناوچوونی کێوە سەھۆڵینەکان و ناوچە داپۆشراوەکان بە بەفر، کەمبوونەوەی ئاو و لەناوچوونی سووڕی ژینگە. لەگەڵ ئەوەشدا ھاوکاری لەسەر بوارە سنووربڕەکان لەنێوان وڵاتە سوودمەندەکان (ھەر چەند لە ڕووی پێشکەوتنەوە جیاوازییان ھەبێت)، دەتوانێت ھاوکارییان بکات تا بە زیادبوونی زانیاریی ھاوبەش و تێگەیشتن لە کاریگەرییە ئیحتیمالییەکانی ئەم دیاردەیە، پانتایی ڕێکارەکان بۆ ڕێگرتن، ئامادەبوون و گەڕانەوە زیاد دەکات و بە دۆزینەوەی باشترین و کەمتێچووترین ڕێگەچارە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی كەشوھەوا خۆ بگونجێنن.

لە وڵاتی ئێران وردبوونەوە لە سیاسەت و بەرنامەکانی پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان، نیشاندەری بوونی گرفتی گەورەیە لەم بوارەدا. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی پێشکەوتن و ئایندەناسی (2018)، نەبوونی بەڕێوەبردنی یەکپارچەی سەرچاوە ئاوییەکان، گرنگینەدان بە ڕۆڵی بەشداریی خەڵک لە پاراستن و وەبەرھێنان لە سەرچاوە ئاوییەکان و لاوازیی ھاوکاریی نێوان لایەنە جیاوازەکانی پەیوەندیدار بە بابەتی ئاو؛ تەنیا بەشێکی بچووک لە کێشەکان و گرفتەکانی سیاسەتی پاراستنی چەندێتی و چۆنێتی سەرچاوە ئاوییەکانی وڵاتە. ئەم گرفتانە لە بواری سنووربڕی، کاریگەریی نەرێنیی زیاتری بەدوادا دێت.

تاوەکوو ئێستا ڕێکكەوتننامەی زۆر لەسەر سەرچاوە ئاوییە ھاوبەشەکانی سەرزەوی  بە ھۆی بەردەستبوونی ئەم سەرچاوانە و ئاسان بەکاربردن و مانەوەیان لەنێوان وڵاتان واژۆ کراوە، بەڵام لە ھەمان کاتدا سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی گرنگییەکی زۆریان لە بەردەوامیی کۆمەڵگەدا ھەیە. بە ھۆی ئاڵۆزییەکانی سیستمی گەنجینە ئاوهەڵگرە ھاوبەشەکان، ھێشتا گرنگیدان بە بابەتە ھونەرییەکانیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان بە بەراورد لەگەڵ ڕووبارە سنوورییەکان؛ پێشکەوتنی کەمتری بەخۆوە بینیوە. لەگەڵ ئەوەشدا، وردبوونەوە لە ئەزموونی کەم و ھەندێک جار سەرکەوتوو لە بواری بەڕێوەبردنی ئاوی ژێرزەویی ھاوبەش لە گۆڕەپانی  نێودەوڵەتی، دەتوانێت پێشەکییەک بێت بۆ سەرکەوتن بەسەر ئاڵنگارییەکانی داھاتوو لە ناوچەکانی تر.

پرسیاری سەرەکیی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەمەیە کە ئەزموونە جیھانییەکانی تایبەت بە ئەنجامدانی ڕێكکەوتنەکان تا ئێستا تا چەند سەرکەوتوو بووە، یان بە شێوازێکی تر دەبێت بزانرێت کە وڵاتە سوودمەندەکان تا چ ئەندازەیەک مەیلیان بۆ پەیوەستبوون بە ڕێکكەوتنەکانەوە ھەبووە و بەردەوامی و کردەیی ئەم ڕێکكەوتنانە بە چ شێوەیەک بووە. ھەروەھا دەبێت بزانرێت کە چۆن دەتوانرێت لەم ئەزموونانە بۆ چارەسەری ئاڵنگارییەکانی داھاتووی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان سوود وەربگیرێت. ھەروەھا بە سەرنجدان لە هەڵكەوتەی ئێران لە جوگرافیایەكی وشک و نیمچەوشک و بەشداربوون لە چەندین ناوچەی ئاویی سنووربڕ، کە لەژێر کاریگەریی بەکارهێنانی بێسنووری لە وڵاتانی وەکوو ئەفغانستان و تورکیا، پێویستە چوارچێوەیەکی ڕێك لەھەمبەر ھاوکارییەکان، دەزگا پێویستەکان و چۆنێتیی بەشداریی تەواوی سوودمەندانی ناوخۆیی و ناوچەیی بخرێـتە ڕوو. بە دەربڕینێكی وردتر: لە باکووری ڕۆژھەڵاتی ئێران، دوو وڵاتی ئەفغانستان و تورکمەنستان ھەن کە بە ھۆی بوونیان لە ناوچەی وشک و نیمچەوشک، تووشی کەمئاوین و پێویستیی ھاوشێوەیان ھەیە. لەم ناوچەیەدا زۆربوونی دانیشتووان، دابەشبوونی ناڕێکیی ئاو، سەرچاوەی ئاوی ھاوبەش، سیاسەتە ھەڵەکانی کشتوکاڵ، نەبوونی بەڕێوەبردنی دروست و یەکپارچە بەسەر سەرچاوە ئاوییەکان و نەبوونی ڕێککەوتننامەی وەبەرھێنان کێشەکانی زیاتر کردووە. ھەروەھا لە بەشی باکووری ڕۆژئاوای ئێران لەگەڵ سێ وڵاتی ئەرمینیا، ئازەربایجان و تورکیا و لە ڕۆژئاواش لەگەڵ عێراق، خاوەنی گەنجینە ئاوهەڵگری ھاوبەشە و لەنێوان ئەم وڵاتانەدا ئێران لە ڕووی وەبەرھێنانی ئاوی ژێرزەوی و بەشی ئەو لە سەرجەم ئاوی بەدەستھاتوو؛ لە ڕیزبەندیی یەکەمدایە، بەڵام چێوەیەکی زانستی بۆ ڕێگری لە سەرھەڵدانی ھەر جۆرە ئاڵنگارییەکی ئاوی لە ناوچەکەدا پێویستە. لەم توێژینەوەیەدا ھەوڵ دراوە دوای لێكدانەوەی خێرای چەمكەكان و تایبەتمەندییەکانی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەكان، لە چەند ئەزموونی ھاوکاریی نێوان وڵاتانی ھاوبەش لە گەنجینە ئاوهەڵگرەکان لە کیشوەرەکانی ئەمەریکا، ئەفەریقا و ئەورووپا بکۆڵینەوە و شیکردنەوەی بۆ بکرێت و خاڵە بەھێز و لاوازەکانی دەربکرێت. لە ھەنگاوی دواتردا بە سەرنجدان لە ئەزموونی ڕێکكەوتننامەكانی ڕابردوو، چوارچێوەیەک بۆ پێشکەوتنی ھاوکاری لەنێوان وڵاتی ئێران و وڵاتانی دراوسێ لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوەی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان و داڕشتنی ڕێککەوتننامەی بەکاربردن بخرێتە ڕوو.

٢. میتۆدی توێژینەوە

ئەم توێژینەوەیە درێژەی توێژینەوەی فرشتەپور و هاوكاران (2015)ە و بە سەرنجدان لە گرنگیی بابەتی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان، یەکەمین ھەنگاوە بۆ چوونەناوەوەی باسی ھونەری و گشتگیر لە نووسینەوەی ڕێککەوتننامەکان لەمەڕ پرسی ئاوی ھاوبەشی ژێرزەوی ئەژمار دەکرێت. لەم توێژینەوەیەدا لە شێوازی وەسفی-شیكاری بۆ شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ڕێککەوتننامە گرنگەکان لە بارەی وەبەرھێنان لە گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان لە سێ کشوەری جیھان سوود وەرگیراوە. زانیارییەکانی ئەم توێژینەوەیە بە پەیوەستبوون بە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکە لە کتێب، گۆڤار و بڵاوکراوە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و سوودوەرگرتن لە ئینتەرنێت وەرگیراون.

٣. بنەما تیۆرییەکانی توێژینەوە

٣١. پێناسە و تایبەتمەندییەکانی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان

گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان بەشێک لە سەرچاوە ئاوییەکانی ھەر وڵاتێکە کە لە ڕاستیدا لە سنوورە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان تێپەڕ دەبێت و ھاوشێوەی سەرچاوە ئاوییە ھاوبەشەکان سوودیان لێ وەردەگیرێت. کۆنڤانسیۆنی مافی بەکارھێنانی كەناڵە ئاوییەكان (نۆكەند) لە بەكارهێنانی غەیرەکەشتیوانی (The Convention on the Law of Non-Navigational Uses of International Watercourses) کە بەگشتی بە کۆنڤاسیۆنی كەناڵە ئاوییەكانی ڕێکخراوی نەتەوە یەگگرتووەکان (The UN Watercourse Convention) ناسراوە، لە ساڵی ١٩٩٧ لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کرا و وەکوو ڕێککەوتنێکی پابەندی بە ئامانجی بەکارھێنانی دروست و لۆجیکی لە پێناو پێشکەوتنی بەردەوام ناسێنرا. ئەم ڕێککەوتننامەیە لە ڕێكەوتی  ١٧ی ئۆگۆستی (٢٠١٤)ەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە و ھەروەکوو لە ناوەکەی دیارە، سەرنجی لەسەر ئاوی سەرزەوییە و ئاوی ژێرزەوی تەنیا لە پێناسەی گشتیی كەناڵە ئاوییەكاندا ھاتووە. ئەم پێناسەیە ھیچ سەرنجێکی نەخستووەتە سەر تایبەتمەندییەکانی وەکوو مەرجى ھایدرۆجیۆلۆجیکیی گەنجینە ئاوهەڵگرەکان (Villar, 2016: 4)، لە کاتێکدا بۆ ڕێکخستنی چوارچێوەی ھاوکارییەکان؛ ئەم تایبەتمەندییە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠٠٨دا پێشنیارێک کە لە (١٩) مادە پێک ھاتبوو لە چوار بەشی پێشەکی، بنەما گشتییەکان، پاراستن، پارێزگاری و بەڕێوەبردن و لە کۆتاییدا ڕێنماییەکانی تر بە ئاراستەی تەواوکاریی کۆنڤانسیۆنی ١٩٩٧ بە تیشک خستنە سەر گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێک خرا : 27)2009McCffrey, )، لەگەڵ ئەوەشدا ئیعتباری کۆنڤانسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکانی نییە. ھێنانەکایەی زمانی ھایدرۆلۆجی بۆ ئەدەبیاتی مافی كاناڵە ئاوییەكانی (نۆكەند) نێوەدەوڵەتییەکان، بەڕەھایی کارێكی خوازراوە و ئەو تواناییەی ھەیە تا ڕێكکەوتنی نێوان وڵاتان لە بارەی ئاوە ھاوبەشەکانی ژێرزەوی بخاتە ژێر کاریگەرییەوە (Mccaffrey, 2011: 282). پێویستە بوترێت کە پەسەندکردنی ڕێنماییە ڕەشنووسەکان جارێکی تر لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی حەفتا و چوارەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٩دا دەبێت (UNGA, 2016).

گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان بەو گرفت و ئاڵۆزییانەی کە لە دۆزینەوەیاندا ھەیە، بەسەر شەش جۆردا دابەش دەبن (وێنەی (١) .Eckstein and Eckstein, 2005: 681-685). لە ھەر کام لەم مۆدێلانە، پەیوەست یان ناپەیوەستبوونی ھایدرۆلیکی بە گەنجینە ئاوهەڵگرەکان و هەروەها پەنگخواردووبوون و نەبوونی گەنجینە ئاوهەڵگرەكان، بارودۆخی ئاڵنگاریی تایبەت دروست دەکات کە لە ئەنجامدا ئاڵۆزبوونی ڕێکخستن و ھەڵسەنگاندنیان زیاد دەبێت.

لە مۆدێلی یەکەمدا(A) ، گەنجینە ئاوهەڵگرێکی ئازاد کە لەگەڵ ڕووبارێکدا پەیوەندییەکی ھایدرۆلیکیی ھەیە نیشان دراوە، کە ھەر کام بە درێژایی ھێڵی سنووری دەڕۆن (واتە ڕووبارەکە سنووری نێوان دوو وڵات دیاری دەکات). بە ھۆی پەیوەندیی ھایدرۆلیکیی نێوان گەنجینە ئاوهەڵگر و ڕووبارە سنووربڕەکە، ئاوی ژێرزەوی لەم مۆدێلەدا دەچێتە نێو کۆنڤانسیۆنی كاناڵە ئاوییەكان (١٩٩٧) و بنەماکان و یاساکانی. بۆ نموونە: دەتوانین ئاماژە بۆ گەنجینە ئاوهەڵگری “Hueco Bolson”  لەنێوان ئەمەریکا و مەکسیک بکەین.

لە مۆدێلی دووەمدا(B)  ، گەنجینە ئاوهەڵگرێکی ئازاد لەلایەن سنوورێکی نێودەوڵەتی دەبڕدرێت و بە شێوەی ھایدرۆلیکی لەگەڵ ڕووبارێکدا پەیوەستە کە ئەویش لەلایەن ئەو سنوورەوە بڕدراوە. جیاوازیی ئەم مۆدێلە لەگەڵ مۆدێلی یەکەم لەوەدایە کە سنووری سیاسیی ھەم ڕووبارەکە و ھەم گەنجینە ئاوهەڵگرەکەی بڕیوە و لە درێژایی ڕووبارەکە نییە. ئەم مۆدێلەش دەچێتە ناو کۆنڤانسیۆنی كەناڵە ئاوییەكان. لەم مۆدێلەدا ئاراستەی لێژیی هایدرۆلیكی (دیاریکەری ئاراستەی جووڵەی ئاو) دیاریکەری کاریگەرییە سنووربڕەکانن. وەکوو نموونەیەک بۆ ئەم گەنجینە ئاوهەڵگرە، دەتوانین ئاماژە بە گەنجینە ئاوهەڵگری “San Pedro” لەنێوان مەکسیک و ئەمەریکا بکەین.

لە مۆدێلی سێیەمدا(C) ، گەنجینە ئاوهەڵگرێکی ئازاد بە درێژایی سنووری سیاسی دەڕوات و بە شێوەی ھایدرۆلیکی لەگەڵ ڕووبارێک پەیوەستە کە ھەمووی لەنێو وڵاتێکدایە. بەو شێوەیە کە باس کرا، دەبێت تایبەتمەندیی سیستمێکی ڕووبار-گەنجینە ئاوهەڵگر دەبێت لە ڕووبارێکدا ھەبێت تا بچێتە ناو کۆنڤانسیۆنی كاناڵە ئاوییەكان، بۆیە ناکرێت ئەم مۆدێلە بخەینە ناو ئەم یاسایە. نموونەی ئەم مۆدێلە، گەنجینە ئاوهەڵگری ئازادی ناوچەی ئاویی نێوان مەکسیک و نیومەکسیکۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانە، کە تەنیا لەلایەن ڕووباری “Mimbers” کە لەو وڵاتەدایە؛ تێر دەکرێت.

لە مۆدێلی چوارەمدا(D) ، گەنجینە ئاوهەڵگرێکی ئازاد کە بەتەواوەتی لە دیوێکی سنووردایە، نیشان دراوە کە لەگەڵ ڕووبارێک کە لە سنوور تێپەڕیوە؛ پەیوەندیی ھایدرۆلیکیی ھەیە. لەم حاڵەتەدا ھەمیشە گەنجینە ئاوهەڵگرەکە لەلای خوارەوە دەبێت. لەم مۆدێلەدا ڕووبارەکە نێودەوڵەتییە، لە کاتێکدا گەنجینە ئاوهەڵگرەکە بە شێوازی جوگرافیایی بە ناوخۆیی ئەژمار دەکرێت. ھەر بەو شێوەیە کە باس کرا، ئەم سیستمی ڕووبار-گەنجینە ئاوهەڵگرە بەدڵنیاییەوە دەچێتە ناو کۆنڤانسیۆنی كاناڵە ئاوییەكان. نموونەی ئەم مۆدێلە، ناوچەی ئاویی “بین النھرین”  (Mesopotamian)ی پەیوەست بە ڕووبارەکانی دیجلە و فوڕاتە.

لە مۆدێلی پێنجەمدا (E)، گەنجینە ئاوهەڵگرێکی دەورەدراو دەبینین کە پەیوەندیی ھایدرۆلیکیی لەگەڵ پانتاییەکی ئاوی سەرزەوی نییە، مەگەر لەو شوێنەی کە گەنجینە ئاوهەڵگرەکە تێر دەکرێت. ئەم جۆرەی گەنجینە ئاوهەڵگرە ناچێتە ناو کۆنڤانسیۆنی كاناڵە ئاوییەكان، ئەگەرچی لە چوارچێوەی ڕەشنووسی ٢٠٠٨ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگونجێت (20 : 2015 (Hatami  and  Babaei,.

بۆ نموونەی ئەم گەنجینە ئاوهەڵگرە، دەتوانین ئاماژە بۆ گەنجینە ئاوهەڵگری گوارانی (Guarani Aquifer) لەنێوان ئەرژەنتیتن، بەڕازیل، پاراگوای و ئۆرۆگوای بکەین کە ٩٠%ی دەورە دراوە.

مۆدێلی شەشەم(F) ، گەنجینە ئاوهەڵگرێک نیشان دەدات کە ھیچ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ پانتایی ئاوی سەرزەوی نییە و پەیوەست نییە بە سووڕی ھایدرۆلۆجیکییەوە و بۆیە ھیچ جۆرە تێربوونێکی واتادار لەم گەنجینە ئاوهەڵگرەدا ئەنجام نادرێت. بۆ نموونەی ئەم جۆرە گەنجینە ئاوهەڵگرە، دەکرێت ئاماژە بە گەنجینە ئاوهەڵگری چەو و لمی نۆبیان (Nubian Sandstone Aquifer) لە چوار وڵاتی لیبیا، چاد، میسڕ و سوودان بکەین. ئەوەی کە ئەم جۆرە گەنجینە ئاوهەڵگرە بچێتە نێو کۆنڤانسیۆنی كەناڵە ئاوییەكان گومانی لەسەرە. ڕەشنووسی ٢٠٠٨، مافی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان بە گشتگیرییەکی زیاتر ئەم جۆرە گەنجینە ئاوهەڵگرانە دەخاتە سنووری خۆیەوە (de Oliveira, 2019: 133).

وێنەی (1)

جۆرەكانی مۆدێلی چەمكی لە گەنجینە ئاوهەڵگرییەكانی سنووربڕی

٤ .ھایدرۆپۆلەتیکی گەنجینە ئاوهەڵگرەکان: ئەزموونی ھاوکارییە نێودەوڵەتییەکان

لە جوگرافیای سیاسیدا، ڕۆژبەڕۆژ ڕۆڵ و گرنگیی ھایدرۆپۆلەتیک زیاتر دەبێت. ئەم زانستە بە میحوەرییەتی ئاو، سەرنج دەخاتە سەر ڕەفتاری سیاسیی وڵاتانی ھاوبەش لە پانتاییەکی ئاوی (Mokhtari Hashi, 2013: 53). ئاو بە یەکێک لە سەرەکیترین ھۆکارەکانی سنووردارکردنی پێشکەوتنی ھەر وڵاتێک ئەژمار دەکرێت، کە دەبێتە ھۆکاری ئەوەی کە ھەریەک لە وڵاتان بڕیاری جیاواز بدەن. لەم نێوەندەدا نەبوونی یەکسانیی ھێزی سیاسی لەنێوان وڵاتانی ھاوبەش لە ناوچەیەکی ئاویدا، بابەتی ھایدرۆھەژموونی دێنێتە کایەوە کە وڵاتانی بەھێزتر بەبێ ڕەچاوکردنی هەڵكەوتەی ھایدرۆلۆژیکی و جوگرافیایی، زیاتر لە بەشی خۆیان لە ناوچەکە وەردەگرن (Mokhtari Hashi and Ghaderi Hajat, 2008: 43). بۆیە زانستی ھایدرۆپۆلەتیک ڕێگەچارەیەکی گونجاوە بۆ ئەم جۆرە دیالۆگانە.

لە دەیەکانی ڕابردوودا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەوڵی داوە بە شێوەیەكی فراوانتر لە پڕۆسەی ناسین و دانانی یاسا لە پێناو فەراهەمكردنی میکانیزمی عادیلانە و عەقڵانییەكانی وڵاتانی بەشداربووی ئێستا لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ھاوبەشەکانی ئاوی ژێرزەوی بەشداری بکات. ڕەشنووسی یاسای نێودەوڵەتی بۆ گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان، لە ساڵی ٢٠٠٨ وەکوو یەکەمین ھەنگاو بۆ ڕێکخستنی وەبەرھێنان لە گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان ئەژمار دەکرێت (Eckstein, 2011).

ئەوەی كە دیارە ژمارەیەكی کەمی پێشنیاری بەڕێوەبردنی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان بوونەتە ھۆی داڕشتنی ڕێکكەوتننامەیەکی فەرمی لەنێوان وڵاتان کە ھەندێکیشیان واژۆ نەکراون و نەچوونەتە بواری جێبەجێکردن. لە درێژەی ئەم توێژینەوەیەدا، باسی چەند ھاوکارییەکی هابەش لە سێ کیشوەری ئەمەریکا (باکوور و باشوور)، ئەفەریقا و ئەورووپا دەکەین و ڕێكکەوتنامە داڕێژراوەکان دەخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

1-4. کیشوەری ئەمەریکا  (ئەمەریکای باکوور – گەنجینە ئاوهەڵگرە ھاوبەشەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و مەکسیک)

یەکێک لە ناوچە گرنگ و پڕکێشمەکێشەکان لە باسی ئاوە سنووربڕەکان لە سنووری نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و مەکسیکە. بەگشتی تاوەكوو ئێستا ٣٦ گەنجینە ئاوهەڵگر لەم ناوچەیە دۆزراونەتەوە کە لە نێویاندا تەنیا لەسەر شانزەیان زانیارییەکانی بەردەست جەخت لەسەر سنووربڕییان دەکاتەوە. نەبوون یان سنوورداربوونی زانیاری لەسەر گەنجینە ئاوهەڵگرەکانی تر لەم ناوچەیەدا، بۆشاییەکی گەورەی لە میکانیزمی ھەڵسەنگاندن و بەڕێوەبردنی ئەم گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕانە دروست کردووە (Sanches and Eckstein, 2017: 495). لە مەکسیک، بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان لەسەر بنەمای ناوچە ئاوڕێژەكانە و پەیڕەوی سنوورە سیاسییەکان نییە، بۆیە پلاندانان لەم ناوچەیەدا لەلایەن دوو سنووری جیاوازی ھایدرۆلۆژیکی و سیاسییەوە تووشی ئاڵنگاری دەبێتەوە. بە پێچەوانەی مەکسیک، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ھەر ویلایەتێک بۆ ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی کۆمەڵێک دەسەڵاتی یاسایی لە سنووری قەڵەمڕەوی خۆی داناوە. ئەم بابەتە دەبێتە ھۆی سیستمێكی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی جیاواز لە ھەردوو سنوورەکە. بۆ نموونە: ھەردوو شاری سان دیگۆ و ئەمپریال، بەشێکی سیستمی گەنجینە ئاوهەڵگری ھاوبەشی ساندێگۆ-تیخوانا (Tijuana-SanDiego) لە باکووری ئەمەریکا پێك دەهێنن. ھەر کام لەم شارانە بە شێوەی سەربەخۆ ئاوی ژێرزەویی خۆیان بەڕێوە دەبەن. لە لایەکی ترەوە، ھەر ئەم گەنجینە ئاوهەڵگرە لە دیوی مەکسیک لە لایەنی بەڕێوەبردنەوە بە بەشێک لە ناوچەی ھایدرۆلۆژیکی ئەژمار دەکرێت و لەژێر کۆنترۆڵی یاسا پەسەندکراوەکانی ئەنجوومەنی ئەو ناوچەیە وەبەرھێانی لێ دەکرێت. تاوەکوو ئێستاش لە بارەی ئەم گەنجینە ئاوهەڵگرە ئاستی ھاوکارییەکان زۆر نزمە، کە لە کۆتاییدا کاروباری بەڕێوەبردنی گەنجینە ئاوهەڵگرەکە سنووردار دەکات (Sanches and Eckstein, 2017: 497).

لەنێو ئەم دوو وڵاتەدا نموونەی زۆر لە ھاوکاریی ناوچەیی لەنێوان شارە سنوورییەکان ھەیە، کە بەگشتی لەسەر ئاوی سەرزەوین. یەکەمین ھەنگاوی فەرمی بۆ بەڕێوەبردنی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکانی نێوان ھەردوو وڵات، کۆنووسی ٢٤٢ وەکوو تەواوکاریی ڕێکكەوتنی (١٩٤٤)ە کە تیایدا وەبەرھێنانی ئاوی ژێرزەوی لەنێوان ھەردوو ویلایەتی ئەریزۆنا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سونورا لە مەکسیک سنووردار کراوە (Sanches and Eckstein, 2017: 497). لە دەیەی ٢٠٠٠دا، چەند ڕێکخراو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و چەند دامەزراوە وەکوو دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی سەرچاوەکانی ئاو(WRRIs)  لە تەکساس، نیومەکسیکۆ و ئەریزۆنا لە ھەندێک لێکۆلینەوە و گفتوگۆی نێودەوڵەتی لە وەڵامی پێویستیی خێرا بۆ لێکۆڵینەوە لە گەنجینە ئاوهەڵگرە ھاوبەشەکان بە درێژایی سنووری ئەمەریکا-مەکسیک دەستیان بە ھاوکاری کرد. لە ئەنجامدا کۆنگرێسی ویلایەتە یەگرتووەکان لە ڕێكەوتی ٢٢ی دیسەمبەری ٢٠٠٦ (Alley, 2013)، یاسای گشتیی ١٠٩-٤٤٨ وەکوو یاسای ھەڵسەنگاندنی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان-مەکسیک (Transboundary Aquifer Assessment) پەسەند کرد کە بەپێی ئەو یاسایە لە ماوەیەکی ١٠ ساڵیدا، ٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئەم بابەتە تەرخان كراوە (IBWC, 2009) کە تا ساڵی ٢٠١٧، تەنیا ٣ میلۆن دۆلاری ئەو بڕە دابین کراوە (Carter et al, 2017: 4). ھەنگاوی دواتر، داواکاری لە مەکسیک بۆ ھاوکاری بوو. بەم شێوەیە ڕێکاری گفتوگۆ، ھاوکاری و فێربوونی بەرانبەر دەستی پێ کرد کە لە کۆتاییدا و لە ساڵی ٢٠٠٩ بووە ھۆی ڕێكکەوتنی فەرمیی ھەردوو وڵات، تاوەکوو زەمینەی لێکۆڵینەوەی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕە نێودەوڵەتییەکان بھێنێتە ئاراوە.

یەکێک لە دەستکەوتەکانی ئەم ڕێککەوتنە، واژۆی ھاوکاریی دوولایەنە لەنێوان ئەمەریکا و مەکسیک بوو کە بووە ھۆی دروستکردنی تیمی کاری دوولایەنە و دەستپێکی ھەنگاوی لێکۆڵینەوەی ھونەریی دوولایەنە. ھەروەھا لەم پڕۆگرامەدا، ھەندێک بۆشایی زانیاری وەکوو زانیاری و شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی پێویست بۆ ئەپدەیتی مۆدێلی ژمارەیی ڕێڕەوی ئاوی ژێرزەوی دۆزرایەوە. ھەر چەندە تا پێش ساڵی ٢٠١٦، لێکتێنەگەیشتنەكان ڕێگر بوون لە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە. گرنگیدان بەم بابەتانە دەتوانێت وەکوو ئەزموونێکی گرانبەھا بۆ بەڕێوەبردنی گەنجینە ئاوهەڵگرەکان لە سیستمە ھاوشێوەکان ئەژمار بکرێت (Callegary et al, 2018).

ئاڵنگارییە دروستبووەکان بە ھۆی ھەڵەتێگەیشتنی ھەردوو لا دەبن بە سێ بەشەوە: ١. ئەو ڕێگایانەی کە بە ھۆیانەوە کارە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدرێن، ٢. ئەو پرۆتۆکۆلانەی کە دەبێت ئەنجام بدرێن، ٣. تێگەیشتن و پێناسەی دەستەواژە ھونەرییەکان لای وڵاتەکان. یەکەم ھەڵەتێگەیشتن لە دەستپێکی بەرنامەکەدا ڕووی دا کە بەشێک لە تیمی ویلایەتە یەکگرتووەکان وای دەزانی کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتی مەکسیک کار بکات بەبێ ئەوەی ڕێککەوتنی دوولایەنەی دامەزراوەیی پێویست بێت. نموونەیەک لە خاڵی دووەم کاتێک ڕووی دا کە تیمی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشنیارەکانی خۆی بۆ باسی ئەرکە نێودەوڵەتییەکان پێش دانیشتنەکانی لیژنەی ڕاوێژکاریی دوولایەنە نەنارد و ئەو پێشنیارانەی تەنیا لە کاتی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەکان خستە ڕوو. ئەم کارەش بووە ھۆی ڕەتكردنەوەی زۆربەی ئەرکە پێشنیارکراوەکان. نموونەیەک لە خاڵی سێیەمیش لە کاتی بەکارھێنانی کورتکراوەی “TAAP” ڕووی دا. تا ماوەیەك دوای واژۆی ڕاپۆرتی ھاوبەش، تیمی ویلایەتە یەکگرتووەکان کاتێک ئەم دەستەواژەیەی بەکار دەھێنا کە دەیویست ئاماژە بەو پڕۆژانە بدات کە سەرچاوەی داراییان لەژێر یاسای “TAA”ی ساڵی ٢٠٠٦ باس کراوە. لە کاتێکدا کە لە لایەن مەکسیکەوە، ئەم دەستەواژەیە بۆ گەڕانەوە بۆ بەرنامەی گشتیی دوولایەنە بەکار دەھات. ئەنجامی ئەم کارە؛ سەرلیشێواوی و لە کۆتاییدا وەستانی چەندین ساڵەی کارە دوولایەنەکان لە یەکێک لە گەنجینە ئاوهەڵگرەکان بوو.

2-4. گەنجینە ئاوهەڵگری گوارانی (ئەمەریکای باشوور)

لە ئەمەریکای باشوور ٢٩ گەنجینە ئاوهەڵگری سنووربڕی ھاوبەش بوونیان ھەیە کە لە بارەی زۆربەیانەوە زانیارییەکی کەم لەسەر پانتایی، تایبەتمەندیی جیۆلۆجی، ڕێژەی ئاو، ڕێژەی وەبەرھێنان و ڕۆڵیان لە پێشکەوتن ھەیە (Villar, 2016: 1). ھەر چەند ئەمەریکای باشوور خاوەنی ڕێژەیەکی زۆری ئاوی سەرزەوییە، بەڵام نزیکەی ٤٠% بۆ ٥٠%ی پێداویستیی وڵاتانی ئەم ناوچەیە لە ئاوی ژێرزەوی دابین دەکرێت. گرنگیی ئەم بابەتە لەم ناوچەیەدا لەبەرانبەر شێوازی بەڕێوەبردنیدا مەترسیدارە و لە ئەدەبیاتی ھونەریدا بە Hydroschizophrenia ناو دەبرێت )1 :2016 ,Villar).

لەم ناوچەیەدا تەنیا یەک ڕێکكەوتنی نێودەوڵەتی واژۆ کراوە کە بەتایبەتی باسی ئاوی ژێرزەوی دەکات، ڕێککەوتننامەی گەنجینە ئاوهەڵگری گوارانی کە لە ساڵی ٢٠١٠-دا لەنێوان ئەرژەنتین، بەڕازیل، ئۆرۆگوای و پاراگوای واژۆ کرا. ئەم ڕێکكەوتننامەیە یەکەمین ڕێکكەوتن لە بارەی ئاوی ژێرزەویی سنووربڕی بوو کە لەژێر کاریگەریی بڕیاری (١٢٤/٦٣)ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دانرا و تاکە بڕیار بوو کە بێ کێشە و ڕووبەڕووبوونەوە بۆ سوودوەرگرتن لە گەنجینە ئاوهەڵگرەكان پەسەند کرا (Villar and Ribeiro, 2011: 1).

گەنجینە ئاوهەڵگری گوارانی گەورەترین سەرچاوەی ئاوی ژێرزەوییە لە جیھاندا کە پانتاییەکەی ٤٥٠٠٠ کیلۆمەتری سێجا و ڕووبەرەکەی ٢/١ ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشەیە (1 :2013 ,Newton). زۆرترین ڕووبەری ئەم گەنجینە ئاوهەڵگرە لە وڵاتی بەڕازیلە کە خاوەنی زۆرترین ڕێژەی بەکارھێنان گەنجینە ئاوهەڵگرەکەشە (٦/٩٣%ی کۆی ئاوی دەرھێنراوە) ( OAS, 2009 و World Bank, 2009). پێویستە بوترێت کە زۆربەی گەنجینە ئاوهەڵگرەکە (٩٠%)ی داخراوە (Confined) و تەنیا لە ڕێگەی ٦٥٠/١٢٤ کیلۆمەتر چوارگۆشەوە دەتوانرێت گەنجینە ئاوهەڵگرەکە تێر بکرێت (LEBAC/UNESP, 2008).

پڕۆژەی سیستمی گەنجینە ئاوهەڵگری گوارانی (Guarani Aquifer System) لە ڕۆژی ٢٣ی مانگی مەیی ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەرژەنتین، بەڕازیل، ئۆرۆگوای و پاراگوای بە پشتیوانیی ڕێکخراوە جیاوازە نێودەوڵەتییەکان دەستی پێ کرد. ئەم پڕۆژە شەش ساڵییە (٢٠٠٣ تا ٢٠٠٩) بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ئاسانکارییە ژینگەییەکان (Global Environmental Facility) سپۆنسەریی دارایی کرا و لەلایەن بانکی نێودەوڵەتیی وەکوو ئاژانسی جێبەجێکار (Implementing Agency) و ڕێکخراوی  “OAS” (Organization of American States) وەکوو ئیدارە و بەڕێوەبەر(Executive Agency)  ئەنجام درا. لە ساڵی ٢٠٠٥دا ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەکە بۆ واژۆی لایەنەکان ئامادە کرا. بەڵام جیاوازیی قووڵ لە بارەی یاساکان، ڕێگەی نەدا واژۆی کۆتایی لەسەر بکرێت. لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٠، ھیچ  گفتوگۆیەک لەنێوان لایەنەکانی ڕێککەوتن ئەنجام نەدرا. بەڵام لەو ماوەیەدا لە چوارچێوەی پڕۆژەی “GAS”، ھاوکاریی ئەرێنییان لەگەڵ یەکتر ھەبوو (Sindico et al, 2018: 5).

یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکان سەبارەت بە گەنجینە ئاوهەڵگری گوارانی، بەشداریکردنی سەنتەرە تایبەتمەندەکانە لە ڕیزبەندکردنی ئەم گەنجینە ئاوهەڵگرە وەکوو سەرچاوەیەکی سروشتیی ھاوبەش بوو: 36) 2011 (Borghetti etal, .

بەبێ ئەم زانیارییانە، بەدڵنیاییەوە وڵاتەکان شێوەی ھاوبەشبوونی ئەم گەنجینە ئاوهەڵگرەیان وەلا دەنا. ھەروەھا بەشداریی زانایان ھاوکار بوو تا لەو بارەیەوە پەیوەندییەک لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دروست بێت و تا ئاستێک ھاوکاریی داراییش بۆ پڕۆژەکە وەربگیرێت. لە ئەزموونەکانی تری ئەم پڕۆژەیە، ئەزموونی پڕۆژە تاقیکراوەکان بوو. لەم گەنجینە ئاوهەڵگرە، چوار پڕۆژەی ئەزموونی داڕێژران کە یەکێکیان لە بارەی چۆنێتیی چارەسەری کێشەکان بۆ بەکارھێنانی سەرچاوەکانی ئاو لەم ناوچەیە بوو. لە بارەی گەنجینە ئاوهەڵگرە گەورەکانی وەک گوارانی، گرنگیی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو لە ئاستی ناوچەیی زیاتر دەردەکەوێت. ئەم جۆرە گەنجینە ئاوهەڵگرانە بەزۆری خاوەنی تایبەتمەندیی فیزیایی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ناوچەیین کە بەپێی شوێنی وەرگرتنی ئاو ئەم تایببەتمەندییانە دەگۆڕدرێن. لەم ڕووەوە ھەنگاوەکانی بەڕێوەبردن بۆ گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕە گەورەکان دەبێت بۆ ئەو ناوچانەی کە لەنزیک سنوورەکانی وڵاتانن؛ لە ئاستی ناوچەیی ئەنجام بدرێن (Kettelhut, 2013). زۆربەی کێشەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی خێرا لەنێوان وڵاتان، بە ھۆی نەبوونی زانیاری و داتا لە بارەی ئەم سەرچاوە ئاوییانەوە بوو. لەبەر ئەوە یەکێکی تر لە خاڵە ئەرێنییەکانی پڕۆژەی “GAS”، پێدانی زانیاری و داتای پێویست بە وڵاتانی ناوچەکە بوو تا بواریان پێ بدرێت بتوانن ڕێککەوتننامەی بەڕێوەبردنی تایبەت بە گەنجینە ئاوهەڵگری گوارانی واژۆ بکەن.

بەڵام گەورەترین گرفت لە بارەی ئەم ڕێکكەوتنە، ئەنجامنەدانی ھەنگاوی ھاوبەش لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە بوو. لە کاتی واژۆی ڕێککەوتننامەکە لە مانگی ئاگۆستی ٢٠١٠، تەنیا ئەرژەنتین و ئۆرۆگوای ئەم ڕێکكەوتننامەیان پەسەند کرد. ھیچ پڕۆژەیەکی ھاوبەش بۆ بەردەوامیی لێکۆڵینەوە یان چاودێری لەسەر گەنجینە ئاوهەڵگرەکە بوونی نییە و ژێرخانی ڕێکخراوەیی کە دروست ببوو، دەسەڵاتەکانی خۆی لەدەست دا و ھەروەھا سیستمی زانیاریی تایبەتمەندکراو بە گەنجینە ئاوهەڵگری گوارانی ھێشتا بەردەست نییە. دەبێت بوترێت کە قۆناغی سێیەمی پڕۆژەکە کە پێدەچێت لە ساڵی (٢٠١٧)ەوە كاری لەسەر دەكرێت، بە ھۆی پەسەندنەکردنی کۆتایی ڕێککەوتننامەکە لەلایەن پاراگوای ھێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە (Sindico et al, 2018: 6).

٤٣. گەنجینە ئاوهەڵگری نۆبیان (کیشوەری ئەفەریقا)

 سیستمی گەنجینە ئاوهەڵگری چەو و لمی نۆبیان (The Nubian Sandstone Aquifer System) ناسراو به “NSAS”، خاوەنی ڕووبەری نزیکەی ٢/٢ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە کە بە گەورەترین گەنجینە ئاوهەڵگری فۆسیلی (fossil) دەناسرێت (114: 2013Ahmed, ). ئەم گەنجینە ئاوهەڵگرە لە سووچی باکووری ڕۆژھەڵاتی ئەفەریقایە و بە درێژایی سنوورەکانی وڵاتانی لیبیا، میسڕ، سوودان و چاد فراوان بووە. بڕی ئاوی کۆبووەوە لەم گەنجینە ئاوهەڵگرە، بە نزیکەی ٣٧٣٠٠٠ کیلۆمەتر سێجا دەخەمڵێنرێت. ئەم گەنجینە ئاوهەڵگرە کە گەورەترین سیستمی ئاوی ژێرزەویی نوێنەبووەوەیە (تجدید ناپذیر)، کە بە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ بەکارھێنان بە مەبەستی خواردنەوە و کشتوکاڵ لەلایەن وڵاتانی میسڕ، لیبیا، چاد و سوودان ئەژمار دەکرێت کە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا وەبەرھێنانێکی بەرچاو لەم سەرچاوەیە بەتایبەت لەلایەن وڵاتانی میسڕ و لیبیاوە کراوە (Nijsten et al, 2018: 26).

بە درێژایی چوار دەیەی ڕابردوو، وڵاتانی ناوبراو چەند ھەوڵێکیان بۆ وەبەرھێنانی زیاتر لەم گەنجینە ئاوهەڵگرە ئەنجام داوە. لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٧٠، میسڕ و لیبیا ھەوڵێکیان بە مەبەستی دروستکردنی ھاوکاری لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە لە بارەی بەڕێوەبردنی گەنجینە ئاوهەڵگری نۆبیان دەست پێ کرد. لە ساڵی ١٩٩٢، ئەم ھاوکارییە بە شێوەیەکی فەرمی گەیشتە کۆدەنگییەکی ھاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی گەنجینە ئاوهەڵگرەکە. لەگەڵ ئەوەشدا تاکە ناچاركردنێك بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە، لە ڕاستیدا یاسا ناوخۆییەکانی کۆمەڵەکە بوو کە پێكهاتە و ڕێکاری ناوخۆیی و شێوازی بڕیاردان و بودجە و دارایی دامەزراوەکانی دیاری دەکرد. وڵاتی سوودان لە ساڵی ١٩٩٦ و وڵاتی چاد لە ساڵی ١٩٩٩ ھاتنە نێو ڕێککەوتنەکەوە. ھەروەھا دوو ڕێککەوتنی تر لە ساڵی ٢٠٠٠ لەنێوان وڵاتانی ھاوبەش لە گەنجینە ئاوهەڵگرەکە واژۆ کرا، کە ئاماژەی بەرەوپێشچوونی ھاوکارییەکان لەنێو وڵاتانی ھاوبەشی گەنجینە ئاوهەڵگری نۆبیان بوو و ئەوەی پیشان دا كە بۆ بەکارھێنانی بەردەوامی سەرچاوەکانی گەنجینە ئاوهەڵگرەكان، پێویستی بە پاراستنی بەردەوام و ڕێكوپێك، ئەپدەیتكردن و خستنەڕووی زانیارییەکانە کە لەم بوارەدا وڵاتان لە “بەرنامەی پەرەپێدانی یەك ستراتیژیی ناوچەیی بۆ سوودوەرگرتن لە ‘NSAS'” لەسەر بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان گەیشتنە ڕێککەوتن (Nijsten et al, 2018). دابینکردنی سەرچاوە داراییەكان لەم بوارەدا ھاوکارییە ساڵانەکانی وڵاتانی ھاوبەش لە گەنجینە ئاوهەڵگرەكە و ھاوکارییەکانی دامەزراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لەخۆ دەگرێت. لە ڕاستیدا وڵاتانی میسڕ و لیبیا ٣٥%، سوودان ٢٠% و چاد ١٠%ی بودجە دابین دەکەن (Quadri, 2017: 2).

پێویستە بوترێت گەرچی ڕێڕەوی ھاوکارییەکانی وڵاتانی سنووری ئەم گەنجینە ئاوهەڵگرە بەخاوی دەڕوات، بەڵام بە شێوازێکی بەردەوام بوونی ھەیە. ھەروەھا ڕێککەوتننامەی “SAP” یان بەرنامەی كاریی ستراتیژی (Strategic action plan) لەلایەن وڵاتانی گەنجینە ئاوهەڵگری نۆبیان و کۆمەڵەی ھاوبەش لە ساڵی ٢٠١٣ پەسەند کرا (IAEA, 2013) و لایەنە جیاوازەکانیان بۆ ڕێککەوتن لە پانتاییەکی گەورەتردا ناچار کرد و بۆ بەڕێوەبردنی بەردەوامی گەنجینە ئاوهەڵگرەکە ھانی دەدان (Nijsten et al, 2018: 30).

بە شێوەیەكی گشتی دانانی چوارچێوەیەكی بەڕێوبردنی ھاوبەش کە تیایدا داتا و زانیارییەکان بخرێنە ڕوو، لە خاڵە بەھێزەکانی ڕێککەوتنەکانی ئەم گەنجینە ئاوهەڵگرەیە و نەبوونی پابەندی یاسایی لە کاتی بەڕێوەنەبردنی ئەرکەکان لەلایەن لایەنەکەوە لە خاڵە لاوازەکانیەتی کە ھۆکاری سەرەکیی نەبوونی پشتیوانییەكی پێویست بۆ یاسا پەسەندکراوەکانە (بەزۆری لە ئەنجوومەنە ناوچەییەكان).

٤٤. گەنجینە ئاوهەڵگری جەنەوا (کیشوەری ئەورووپا)

یەکێک لەو ئەزموونە سەرکەوتووانەی کە لە بواری بەڕێوەبردنی گەنجینە ئاوهەڵگرە ھاوبەشەکان دەتوانین وەك نموونە بیهێنینەوە، گەنجینە ئاوهەڵگری جەنەوا (Genevese transboundary aquifer )یە. ئەم گەنجینە ئاوهەڵگرە لەنێوان وڵاتی سویسرا و فەڕەنسایە و بۆ ئاوی خواردنەوەی نزیکەی ٧٠٠ ھەزار کەس بەکار دێت. نزیکەی ٨٠%ی ئاوی خواردنەوەی جەنەوا لە دەریاچەی جەنەوا و ٢٠%ی لە بیرەکانی سەر گەنجینە ئاوهەڵگری جەنەوا دابین دەکرێت (de  los Cobos, 2018: 1). ھەڵبەت پێویستە بوترێت کە تێرکردنی سروشتی ئەم گەنجینە ئاوهەڵگرە زیاتر لە ڕێڕەوی ڕووباری ئارڤ (Arve River)ە کە لە چیاکانی مۆنت بلان سەرچاوە دەگرێت و نزیکەی ٩٠%ی كەوتووەتە خاکی فەڕەنساوە. لە دەیەکانی ٦٠ و ٧٠، ئاستی گەنجینە ئاوهەڵگرەکە بە ھۆی ڕاکێشان و بەکارھێنانی زیاد لە ئەندازە، زیاتر لە حەوت مەتر دابەزیبوو کە بووە ھۆی لەناوچوونی نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی گشتیی ئاوی ژێرزەوی لە ماوەیەكی 20 ساڵیدا (de los Cobos, 2018: 1).

لە ساڵی ١٩٧٥دا فەڕەنسا ڕایگەیاند کە چیتر سوود لەو گەنجینە ئاوهەڵگرە وەرناگرێت و سوود لە سەرچاوەکانی تری وڵاتەکەی خۆی وەردەگرێت، بەڵام حەزی ئەوەی هەیە کە دەرفەتی بەشداریکردنی لە تێرکردنی گەنجینە ئاوهەڵگرەکە و بەکارھێنانی لە داھاتوودا پارێزراو بێت. لە ئەنجامدا بڕیار درا کە فەڕەنسا ساڵانە بەشێک بە گوڕی دوو ملیۆن مەتری سێجا لە گەنجینە ئاوهەڵگرەکە وەربگرێت. لەم سۆنگەیەوە ڕێککەوتننامەیەکی ٣٠ ساڵە لە ساڵی ١٩٧٨ واژۆ کرا (کە بە شێوەیەکی بەردەوام ھەر پێنج ساڵ جارێک درێژ دەکرێتەوە، مەگەر ئەوەی لەلایەن ھەر کام لە لایەنەکان بە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی یەک ساڵە بەکۆتا بێت). لەم ڕێککەوتننامەیەدا بابەتی وەکوو لیژنەی وەبەرھێنان (ئەندامان، ئامانج و شێوازی کارکردن)، بەرنامەی بەڕێوەبردنی ساڵانەی گەنجینە ئاوهەڵگرەکە، دامەزراوەکانی تێرکردنی گەنجینە ئاوهەڵگرەکە، ڕێژەی مافی دەرھێنانی ئاو، نرخی ئاو (کە لەژێر کاریگەریی خەرجییەکانی دروستکردن و وەبەرھێنان لە دامەزراوە نوێیەکان بوو) و یاسا جیاوازەکانی تر (وەکوو بابەتی تایبەت بە کوالێتیی ئاو) باسی لێوە کرابوو. ھەر جۆرە ناکۆکییەک لە ئەنجامی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، دەبێت بگاتە دەست لیژنەی ناوچەیی هاوبەشی فەڕەنسا و سویسرا و لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی گرفتەکە؛ دەبێت بابەتەکە لەلایەن لیژنەیەکی ڕاوێژکاری گفتوگۆی لێوە بکرێت و چارەسەر بکرێت. ئەم لیژنەیە دوای پەسەندکردنی ڕێکكەوتننامەکە ڕۆڵی چاودێریکردن لەسەر بەڕێوەبردنی دەرھێنانی ئاو لەم گەنجینە ئاوهەڵگرە دەبینێت.

بە پێداچوونەوەیەک بۆ ٣٠ ساڵی یەکەمی ڕێکكەوتنەکە و بەو ئەزموونەی لە داڕشتنی پڕۆژەکە و جێبەجێکردنی بەدەست ھاتووە، دەتوانین بڵێین کە کلیلی سەركەوتنی ئەم پڕۆژەیە، چارەسەری کێشەی سەرچاوە ئاوە سنووربڕەکانە لە ئاستی ناوچەیی نەک لە ئاستی نیشتمانی. ھەروەھا دڵنیایی دەدات کە ھەموو بوارە ھونەرییەکان (وەکوو لیکۆڵینەوە ھایدرۆلۆژیکییەکان، بەڕێوەبردنی وێستگەکانی دەرھێنانی ئاو، ھەڵسەنگاندی ھایدرۆلیکیی ناوچەیی) بەردەوام دیاریکراو بوون و لەلایەن ڕۆڵگێڕانی ناوچەیی بڵاو کراونەتەوە و دواتر ئەم زانیارییانە گەیشتووەتە لای خاوەن بڕیارەکان لە ئاستی ناوچەیی. بە واتایەكی تر: ڕۆڵی لیژنەی دروستکراو وەکوو بەشداریکەری سەرەکی لە سەنتەری ھەموو کۆڕ و کۆبوونەوکان، بۆ گەیشتن بەم سەرکەوتنە گرنگ بوو (de los Cobos, 2018: 9).

٤٥ .هەڵسەنگاندنی خاڵە بەھێز و لاوازەکانی ڕێکكەوتننامەکان

لە کۆی ئەو هەڵسەنگاندنانەی كە لەسەر گەنجینە ئاوهەڵگرەكان كرا، بەو ئەنجامە دەگەین کە لە ھاوکاری بۆ گەیشتن بە سوودوەرگرتنی بەردەوام لە سەرچاوەی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان، پێویستە دوو بنەما ڕەچاو بکرێت: یەکەمیان ئەوەیە کە ڕێکكەوتنەکان تەنیا و تەنیا بە شێوەیەکی پسپۆڕیانە لەسەر گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان بێت نەک ئەوەی ڕێکكەوتنێکی پەراوێزی بێت. دووەم: ڕێکكەوتنەکان جەخت لەسەر ھاوکاری و ئەرکە ھاوبەشەکان بکاتەوە تا ئەوەی ڕێکەوتنێکی زۆرەملێ بێـت لەسەر بەشکردنی مافەکان لەسەر گەنجینە ئاوهەڵگرەکە (Eckstein, 2011: 284).

کاتێک کە ڕێکكەوتنەکان لەسەر بنەمای گەنجینە ئاوهەڵگرێکی تایبەت دادەڕێژرێن، تایبەتمەندی و ڕێکارە تایبەتەکانیان تیشکی دەخرێتە سەر. ڕێکكەوتننامە گشتگیرەكان بەگشتی ئەو تایبەتمەندییەیان نییە و بەبێ ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییەکانیان لەوانەیە ببنە ڕێککەوتنێکی ناکاریگەر و تەنانەت تێکدەر. بۆیە دەبێـت سیستمی بەڕێوەبردن، دابینکردن و پاراستنی دیاریکراو بۆ ھەر گەنجینە ئاوهەڵگرێک دابنرێت. تایبەتمەندییە جیاوازەکانی ھەر گەنجینە ئاوهەڵگرێک دەتوانێـت لە ڕووی میکانیزمەکانی دەرکردن، سەرچاوەکانی تێرکردن، چوارچێوەی ھایدرۆلیکی و جیۆمۆرفۆلۆژیکی لەبەر چاو بگیرێت. ھەروەھا دەتوانین بۆ ھەر گەنجینە ئاوهەڵگرێک حاڵەتێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووری لەبەرچاو بگیرێت. هەڵسەنگاندنەكان ئەوە پیشان دەدەن کە پێویستە پڕۆسەی بڕیارسازی لە دەوڵەت ناوەندییەكانەوە بۆ کۆمەڵگە ناوچەیی و بەڕێوەبەرەکانیان لە ھەردوو دیوی سنوور بگەڕێتەوە، تا بتوانن بگەنە ڕێگەچارەیەکی گونجاو و بەردەوام.

یەکێک لە گرفتەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سەرکەوتوو لە ئاوە سنووربڕەکان، دیاریکردنی مافەکانی ھەردوو لا لە ئاوەکەیە. لەژێر سایەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ھەردوو لا دەتوانن بە شێوەیەکی لۆژیكی و بەئینسافەوە لە ئاوە سنووربڕەکان سوود وەربگرن، بەڵام بەو مەرجەی کە نەبێتـە ھۆی زیانگەیاندن بە وڵاتانی تری بەشداربوو. بەم حاڵەوە دیاریکردنی ئەوەی ئەم یاسا بنەڕەتییانە چ شتگەلێك لەخۆ دەگرن، لێوانلێوە لە جیاوازیی بیروڕا و دەتوانێت ببێتە ڕێگرێک بۆ هاوكاری و هاتنەكایەی ڕێکكەوتننامەکە.

لە بەرانبەردا بەشداریکردن لە چوارچێوەی ڕێکارێکی ھاوکارانە، لەلایەن زۆربەی وڵاتانەوە بە ھەڕەشەیەکی کەم بەرامبەر بە دەسەڵات و تەنانەت بە ئاسایی دادەنرێت، چونکە وەھا ڕێککەوتنێک تەنیا کار لەسەر بەڵێننامە و زانیارییەکانی تایبەت بە ئاوە ھاوبەشەکان دەکات و لە بارەی خاوەندارێتی و مافی ئەم ئاوانە دەست وەرنادات. ئەم بابەتە دەتوانرێت بە ھۆکارێکی گرنگ بۆ دەستپێکی ھاوکاری و متمانە دروستکردن دابنرێت. لە ھاوکارییە ڕێکارییەكاندا، میحوەری سەرەكیی ھاوکارییەکان لەسەر بنەمای گۆڕینەوەی ڕێكوپێكی زانیاری و داتاكانی وەکوو جیۆلۆجی، ھایدرۆلۆژیکی، کەشوھەوا، ژینگەیی سیستمی گەنجینە ئاوهەڵگرەکان و پێشبینییە پەیوەندیدارەکانە. بەداخەوە زۆرێک لە سەنتەری زانیارییەکان کە لە وڵاتان دروست دەکرێن، تا سنووری سیاسیی وڵاتەکە بڕ دەکات کە بە سیندرۆمی نەخشەی خاڵی (Blank map syndrome) ناو دەبرێت کە وڵاتان لە وردەکاریی نەخشەکە لە دەرەوەی سنوورەکانیان بێئاگان. پێویستییەکانی گۆڕینەوەی زانیارییەکان لە ھاوکاریی ڕێکاری، ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکان، تەکنیکەکان، ڕێکارەکان، تیۆرەکان و تەکنەلۆژیایە کە لەم بوارەدا بە مێتادەیتا (Metadata) ئەژمار دەکرێت. بە دیوێكی تر: بەشی سەرەکیی کارەکە دوای نووسین و واژۆی ڕێککەوتنەکە دەست پێ دەکات. خاڵە بەھێز و لاوازەکانی ڕێککەوتننامە واژۆکراوەکان لەنێوان سوودمەندان لەو گەنجینە ئاوهەڵگرانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرا لە خشتەی (١) کۆ کراوەتەوە و بەپوختی باس کراوە.

خشتەی (١)

خاڵە بەھێز و لاوازەکانی ڕێککەوتننامە واژۆکراوەکان لەو گەنجینە ئاوهەڵگرانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرا

٥. چوارچێوەی پێشنیارکراو: بەرەو ھاوکارییە کردارییەکان

لە بواری ناوچە ئاوڕێژە سنوورییەکانی وڵاتی ئێران، كۆمەڵێك لێكۆڵینەوەی گشتگیر کراوە. بۆ نموونە: لە ڕاپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی پەرەپێدان و ئایندەناسی (2018) بە هەڵسەنگاندنی پێنج ناوچەی ئاوڕێژی سنووربڕ (دیجلە-فوڕات-ئەروەندرود (شەتەلعەرەب)، ناوچەی ئاراس، ناوچەی ئەتراک، ناوچەی ھیرمەند و ناوچەی ھەریرود)، دەركەوت کە لە ڕووی چەندێتی، پێوەری ئاڵۆزی ئاو (تنش آب) و پێوەری پیسبوون، لە ھەلومەرجێكی زۆر مەترسیداردان. بەپێی ڕاگەیاندنی سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەویی نێودەوڵەتی، وڵاتی ئێران خاوەنی شەش گەنجینە ئاوهەڵگری سنووربڕە لە ڕۆژھەڵات و پێنج گەنجینە ئاوهەڵگر لە ڕۆژئاوایە (Fereshtehpour et al, 2015). گەنجینە ئاوهەڵگرەكانی ڕۆژئاوا پانتاییەکی فراوانتریان ھەیە بە بەراورد لەگەڵ گەنجینە ئاوهەڵگرەکانی ڕۆژھەڵات. لەگەڵ ئەمەشدا، وتوێژە سنووربڕەکان لە ڕۆژھەڵات بە هۆی ھەرێمی کەشوھەوای وشک و نیمچەوشک کە لەم ناوچەیەدا ھەیە، زیاتر لەبەرچاون (Shahbazbegian  et  al, 2016: 170; Najafi  and  Vatanfada, 2013: 135). بەپێی ئەوەی كە باس كرا و ئەزموونەکانی ڕێكکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، چوارچێوی خوارەوە بۆ ھاوکاریی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پێشنیار دەکرێت.

بەپێی وێنەی (٢)، لە سەرەتادا دەبێت لێکتێگەیشتنی سەرەتایی لەنێوان وڵاتە ھاوبەشەکانی گەنجینە ئاوهەڵگرەکە ئەنجام بدرێت و سەرچاوەیەکی دارایی بۆ گرتنەبەری ھەنگاوی ھونەری و جێبەجیکردنی دواتر دابین بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە دەتوانرێت لە توانستی ھونەری و دارایی ناوەندە پسپۆڕە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (United Nations Environment Programme )، بەرنامەی ئاوەدانكردنەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان (United Nations Development Programme)، کۆمسیۆنی ئابووریی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوی وڵاتانی ئاسیا و ئۆقیانووسیا (ئیسکاپ) (United Nations Economic and Social Commission for Asia and the Pacific)، کۆمسیۆنی ئابووریی کۆمەڵایەتیی ڕۆژئاوای ئاسیا (ئیسکوا) (United NationsEconomic and Social Commission for Western Asia )، تۆڕی بەرگری بەرانبەر کارەساتە سروشتییەکانی ئاسیا و ئۆقیانووسیا (APDRN)Asian Pacific Disaster Resiliance Network) ) و بەتایبەت سەنتەری ناوچەیی بەڕێوەبردنی زانیاریی کارەساتەکان بۆ ئاسیا و ئۆقیانووسیا (APDIM) (Asian and Pacific Centre for the Development of Disaster Information Management)  سوود وەربگیرێت.

وێنەی (٢)

فلۆچارتی پێشنیارکراو بۆ ھاوکاریی ئێران لەگەڵ دراوسێکانی بۆ داڕشتنی ڕێککەوتننامەی کاریگەر و بەکاربەر لە بارەی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان

قۆناغی دواتر، ڕێکخستنی ڕێکخراوەیی ناوەندە گرنگ و کاریگەرەکانە. بۆ ئەم مەبەستە، لەسەر پێشنیاری ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی پەرەپێدان و ئایندەناسی (2018)، لیژنەیەكی دیپلۆماسیی ئاو دروست دەکرێت. ئەندامەکانی ناو ئەم لیژنەیە دەکرێ لە وەزارەتی وزە، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ، بەڕێوبەرایەتیی پلاندانان و دارایی وڵات، بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگە، بەڕێوبەرایەتیی کەشوھەوای وڵات و کۆمسیۆنی ئاو و کشتوکاڵی پەرلەمان بن، تا بتوانین بە زیادکردنی ھاوکاریی نێوان توانستی پسپۆڕیی دەزگا جێبەجێکارەکانی ناوخۆی وڵات و توانستی دبلۆماسیی وەزارەتی دەرەوە بگەینە ئەنجامی بەرچاو بە ئاراستەی کۆنترۆڵکردنی کاریگەرە نەرێنییەکان کە بە ھۆی کەمبوونەوەی ئاستی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان دێنە ئاراوە. ئەرکی سەرەکیی ئەم لیژنەیە، ستراتیژی، پلاندانان، پاراستن و سیاسەتڕێژییە لەمەڕ بابەت و ئاڵنگارییەکانی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان. سەرۆکی ئەم لیژنەیە لە ئەستۆی وەزیری وزەیە و نووسینگەی لیژنەكەش دەبێت لە ئەستۆی وەزارەتی وزە بێت. بەڕێوەبەرایەتیی پلاندانان و بودجە دەبێت ھەڵسەنگاندنی ساڵانەی خۆی لەسەر پرسی کاریگەری و چاودێریکردنی کارەکان ھەبێت. لە دوو قۆناغی دواتردا (کە لایەنی ھونەریی ھەیە) دەبێ بە دانانی وێستگەیەکی زانیاریی ھاوبەش لەنێوان وڵاتانی سوودمەند، سەرەتا بۆشاییە زانیارییەکان بناسرێنەوە و دواتر ڕێکخستنی زانیارییە کۆکراوەکان لە سەرچاوە جیاوازەکان کاری لەسەر بکرێت و لە کاتی پێویستدا زانیارییە بێكەڵكەكان لا بدرێن.

دوای دانانی سەنتەر یان وێستگەی زانیاری، دەبێ ھەڵسەنگاندنێکی ورد لە گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکانی وڵات لەسەر بنەمای پێوەرە جیاوازەکانی وەک چەندێتی، چۆنێتی، کۆمەڵایەتی و ئابووری بکرێت، تا ڕیزبەندییەکی ورد لە ڕووی چەندێتی و چۆنێتی لەنێوان گەنجینە ئاوهەڵگرەکان بۆ بڕیاردان و دیاریکردنی بودجە بکرێت. لەم قۆناغەدا دەبێت ھاوشێوەی (وێنەی ١)، مۆدێل و جۆری گەنجینە ئاوهەڵگرەکە لە ڕووی پەیوەندیی ھایدرۆلیکی لەگەڵ ڕووبارەکان و سنوورداربوونیان دیاری بکرێت. لە ھەنگاوی دواتردا دەبێ لیژنەی جیاوازی ھونەری، جێبەجێکار و ڕاوێژکاری دروست بکرێت تا بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زانستی، زانیارییەکانی بەردەست زیاد بکات و بتوانن بە ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتی کە لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکان ئەنجام دەدرێت، کار لەسەر ڕەفتاری خەڵکی لە ڕووی بەکارھێنانی ئەم سەرچاوە ئاوییە گرنگانە بکەن. بۆ ئەم مەبەستە دەکرێت سوود لە ڕاگەیاندنی گشتی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاریی گشتی، بەشداریی زیاتری خەڵک و زیادکردنی توانای بەشداربووان بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ژێرزەوی وەربگیرێت.

دوای ئەنجامدانی ئەم کارانە، دەتوانرێت ڕێککەوتننامەیەکی گشتی (تێروتەسەل) لەنێوان وڵاتانی ھاوبەش لە گەنجینە ئاوهەڵگرەکەدا دابڕێژرێت کە بۆ گرەنتیی جێبەجێکردنی دەبێت خاڵی گرنگی تێدا زیاد بکرێت. بۆ نموونە؛ وڵاتانی ناوچەی گەنجینە ئاوهەڵگرەکە لەوانەیە شێوازی بڕیاردانیان جیاواز بێت کە پێویستە تا ئاستی گونجاو ڕێکاری چارەسەر و گفتوگۆکان لە یەکتر نزیک بێت (وەکوو گەنجینە ئاوهەڵگری سنووربڕی ئەمەریکا-مەکسیک کە لە یەکێکیاندا ڕێکاری ویلایەتی و لەوەی تردا ڕێکاری ناوچەیی بۆ بڕیاردان لە ناوچەی گەنجینە ئاوهەڵگرەکە بوونی ھەبوو). لەگەڵ ئەوەشدا تا دەکرێت دەبێت ڕەخنە و گرفتەکان لە ئاستی ناوچەییدا چارەسەر بکرێت و تەنیا لە حاڵەتی تایبەتدا ناوەندە حکومییەکان بێنە ناو بابەتەكەوە (ھاوشێوەی گەنجینە ئاوهەڵگری جەنەوا). بە واتایەكی تر: لیژنەکان لەو ناوەندانە پێک بھێنرێن کە بەرپرسی دابینکردنی ئاوی ھاوڵاتیانی ئەو ناوچەیەن، وەکوو کۆمپانیاکانی ئاوی ناوچەیی، وەکوو نوێنەری حکومەت لە شوێنی گەنجینە ئاوهەڵگرەکە، وەکوو بڕیارساز و ئەنجوومەنەکان وەکوو نوێنەری ڕاستەوخۆی خەڵک، بە مەبەستی باشترکردنی بڕیارەکان و ڕۆڵی ڕاوێژکارییان.

لەم ڕێکكەوتننامەیەدا پێویستە ئەرک و ھەنگاوەکانی ھەردوو لا لە خولی زەمەنییە جیاوازەكان (بۆ کەمکردنەوەی دەرھێنان لە گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکە) ڕوون بکرێتەوە و ھەروەھا پێشبینیی جیاوازی یاسایی بۆ بڕیار و ھەنگاوی پێویست لە کاتی پابەندنەبوونی یەکێک لە لایەنەکان بە بەڵێنەکانەوە ئەنجام بدرێت. بۆ ئەم کارە دەکرێت لە هەرەمەكانی فشار لە بوارەکانی تر (وەکوو بوارە ئابوورییەکان) سورد وەربگیرێت، بەو واتایەی کە ھاوکاری لە بواری ئابووری پەیوەست بێت بە پابەندبوون بە بەڵێنەکانەوە. ئەم ڕێککەوتننامەیە دەبێت لە خولە زەمەنییە دیاریکراوەکان لە ڕووی جێبەجێکردنەوە لەلایەن ناوەندە حکومییەکان (وەکوو لیژنەی دبلۆماسیی ئاو) ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و لە ئەگەری پێویستدا پێداچوونەوەی پێدا بکرێت. پێویستە بوترێت کە چوارچێوەی پێشنیاركراو، ھەنگاوە سەرەتاییەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ھاوکارییەکی كردەیی دەگرێتە بەر.

٦. ئەنجام

جیھان لە دۆخی زیاتر بەكارهێنان و كەوتنە پێشی بەكارهێنانی ئاوە بە بەراورد بە توانای نوێبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، ئەم دیاردەیە دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەیەکی فراوان لە ڕێژەی ئاو. کێبڕکێ لەسەر وەبەرھێنان لەسەر سەرچاوە ئاوییە ھاوبەشەكان، ئەگەرچی لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کەم سوودی بۆ لایەنی باڵادەست دەبێ، بەڵام بە شێوەیەکی ڕەھا لە ماوەی درێژخایەندا کاریگەریی نەرێنیی ئەم وەبەرھێنانە بێسنوورە تووشی ھەموو وڵاتانی ھاوبەش لە ناوچە ئاوییەکە دەبێت. سەرنەكەوتنی زۆربەی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو لە دانانی سیاسەتی سنووردارکردنی وەبەرھێنان لە سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی، دەرچەیەكی نیگەرانکەری ڕووبەڕووی ئەم وڵاتانە و تەنانەت ھەموو جیھان کردووەتەوە.

لەگەڵ بوونی ئەزموونی فراوان و بەبەھا لە ھاوکاریی وڵاتانی هاوبەش لە ڕووبارە سنووربڕەكان و سەرەڕای زیاتر لە دەیەیەک بایەخدانی ھونەری و سیاسی لە بەرزترین ئاستی نێودەوڵەتی بۆ گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان، پێشکەوتنێکی زۆر کەم لە داڕشتن و بەرەوپێشبردنی ڕێکكەوتننامەی تایبەت بەم سەرچاوانە بەدی دەکرێت. زانیاریی زانستیی تایبەت بە نزیکەی ٦٠٠ گەنجینە ئاوهەڵگری سنووربڕ کە پێدەچێت لە ھەموو وڵاتێکدا بوونیان ھەیە؛ زۆر لاوازە، تا ئاستێک ناسینەوەی ناوچەکانی ناکۆکیلەسەر، پیسبوونیان و…؛ زیاتر لە گومانێکی پسپۆڕانە نییە. کەمیی زانیاری و داتاکان لەم بوارەدا، دەبێتە ھۆی وەڵامنەدانەوەی ئاڵنگارییەکانی بەردەممان.

لەم توێژینەوەدا دوای هەڵسەنگاندنی مۆدیلەکانی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان، کە جیاوازییەکانیان لەگەڵ سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی نیشان دەدات، لێکۆڵینەوە لەسەر ھەندێک لە گرنگترین ئەزموونەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی لە کیشوەرەکانی ئەورووپا، ئەفەریقا و ئەمەریکا کراوە و ڕێککەوتننامەکان و بەڕێوەبردنی ھەندێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەویی ھاوبەش؛ تیشکی خراوەتە سەر. ئەنجامەکان ئەوە دەردەخەن کە لە چوار گەنجینەی ئاوهەڵگر كە لەم لێکۆڵینەوەدا كاری لەسەر كراوە و بە بەشێك لە گرنگترین گەنجینە ئاوهەڵگرەکانی ئەمەریکا، ئەورووپا و ئەفەریقا دادەنرێن، جگە لە گەنجینە ئاوهەڵگری ھاوبەشی فەڕەنسا-سویسرا، ڕێککەوتننامەکانی تر بە ھۆکاری جیاواز وەکوو پەسەندنەکردنی ناوخۆیی ڕێکكەوتننامەكان، پشتیوانینەکردنی دارایی لەلایەن ناوەندە فەرمی و نێودەوڵەتییەکان و… ھتد، نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان بەو شێوەی کە دیاری کرابوون. لەسەر ئەم بنەمایە و بە سەرنجدان لە ئەزموونەکان، لە توێژینەوەی بەردەست چوارچێوەیەک بۆ ھاوکاریی كرداریی ئێران و دراوسێکانی لە بارەی داڕشتنی ڕێکكەوتننامەی کاریگەر لەسەر گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکان پێشنیار کراوە. ئەم چوارچێوەیە لەسەر بنەمای خاڵە بەھێز و داپۆشینی خاڵە لاوازەکانی ئەو ڕێكکەوتننامانەی كە لەم توێژینەوە كاریان لەسەر كراوە، خراوەتە ڕوو.

چوارچێوەی پێشنیارکراو لە چوار بەش پێک دێت کە لە بەشی یەکەمدا دەبێت لێکتێگەیشتنی سەرەتایی لەنێوان وڵاتانی سوودمەند لەگەڵ دابینکردنی سەرچاوەی دارایی سەرەتایی (وەکوو بەکارھێنانی توانستی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان) ئەنجام بدرێت. لە بەشی دووەمدا، پێویستە ھەموو ناوەندە گرنگ و کاریگەرەکان لە چوارچێوەی لیژنەی دبلۆماسی چالاک بن. لە بەشی سێیەمدا دەبێت بە مەبەستی ڕێکخستن، کۆکردنەوە و ھاوتاکردنی بنکە جیاوازەکانی زانیاری، ھەڵسەنگاندنی گشتی بۆ بارودۆخی گەنجینە ئاوهەڵگرە سنووربڕەکانی وڵات بکرێت و لە کۆتاییدا و لە بەشی چوارەمدا بە لەبەرچاوگرتنی شێوازی حوکمڕانیی وڵاتانی ناوچەی گەنجینە ئاوهەڵگرەکە، ڕێککەوتننامەیەکی گشتی و پوخت واژۆ بکرێت. پێویستە بوترێت کە چوارچێوەی پێشنیارکراو، پەیكەربەندییەكی چالاكی ھەیە و دوای ڕێکخستنی ڕێککەوتننامەی ھاوبەش، چالاکییەکانی پەیوەست بە نوێكردنەوەی زانیارییەکان لە هەر خولێك (وەکوو کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی داتا نوێیەکان، دابینکردنی سەرچاوەی دارایی نوێ و… ھتد) بەردەوام دەبێت. توێژینەوەی بەردەست، ھەنگاوی سەرەتایی بۆ گەیشتن بە ھاوکاریی كرداری ھەڵگرتووە و بە پەرەپێدانی زیاتری، دەستكەوتی باشتر بەدەستەوە دەدات.

سەرچاوەكان:

  1. Ahmed, E. H. M. (2013). “Nubian Sandstone Aquifer System” Merit Research Journal of Environmental Science and Toxicology, v. 16, p. 114–118.
  2. Alley, W.M., (2013). “Five-Year Interim Report of the United States – Mexico transboundary Aquifer Assessment Program: 2007–2012”.
  3. Borghetti, N. R. B., Borghetti, J. R., & Rosa Filho, E. F. (2011). A integração das águas: revelando o verdadeiro aquífero Guarani.Curitiba: Edição da autora.
  4. Callegary, J.B., Heilman, J.A., Tapia Villasenor, E.M., Knight, J.E., (2018). San Pedro River Aquifer Data Release – Transboundary Aquifer Assessment Program (TAAP):U.S. Geological Survey Data Release.https://doi.org/10.5066/F72805RX
  5. Carter, N. T., Mulligan, S. P., & Seelke, C. R. (2017). US-Mexican Water Sharing: Background and Recent Developments. Congressional research service, Congressional Research Service 7-5700 www.crs.gov.
  6. Davies, J., Robins, N. S., Farr, J., Sorensen, J., Beetlestone, P., & Cobbing, J. E. (2013). “Identifying transboundary aquifers in need of international resource management in the Southern African Development Community region.” Hydrogeology Journal, 21(2), p. 321-330. https://doi.org/10.1007/s10040-012-0903-x
  7. de los Cobos, G. (2018). “The Genevese transboundary aquifer (Switzerland-France): The secret of 40 years of successful management.” Journal of Hydrology: Regional Studies, 20, p. 116-127.https://doi.org/10.1016/j.ejrh.2018.02.003
  8. de Oliveira Vieira, E., Sandoval-Solis, S., de Albuquerque Pedrosa, V., & Ortiz-Partida, J. P. (2019) Integrated Water Resource Management Cases from Africa, Asia, Australia, Latin America and USA. Springer Nature Switzerland AG.
  9. Development and Foresight Research Center (2018) “Investigating the effects of water planning programs of neighboring countries in shared basins on Iran”. 11th, 97-13-1029.[In Persian]
  10. Eckstein, G.E., (2011). “Managing buried treasure across frontiers: the international Law of Transboundary Aquifers.” Water International 36, p. 573–583.https://doi.org/10.108002508060.2011.598642
  11. Eckstein, Y., Eckstein, G. E. (2005) “Transboundary Aquifers: Conceptual Models for Development of International Law.” Ground Water, 3(5), p. 679-690. https://doi.org/10.1111/j.1745-6584.2005.00098.x
  12. Fereshtehpour, M., Roghani, B., Mianabadi, H (2015). “Transboundary groundwater governance challenges”.Geopolitics Quarterly, 11 (3), pp. 170-204.[In Persian]
  13. Hatami, M. & Babaei, H. (2015). “Analyzing 2008 International Draft Articles on the Law of Transboundary Aquifers” Public Law Research, 16(44), 9-33.http://qjpl.atu.ac.ir/article_666.html.
  14. IAEA, UNDP, GEF, (2013). Regional strategic action programme for the Nubian Aquifer System. Available at: https://www.iaea.org/sites/default/files/sap180913.pdf.
  15. IBWC, (2009). Joint Report of the Principal Engineers Regarding the Joint Cooperative Process United States-Mexico for the Transboundary Aquifer Assessment Program. pp. 11 August 19, 2009.
  16. IBWC/CILA, (2017). “Minutes between the U.S. and Mexican section’s of the IBWC.” Project IBWC/CILA 2017. http://www.ibwc.state.gov/Treaties_Minutes/Minutes_ByProject.html Accessed February 10, 2017.
  17. IGRAC, (2015). Transboundary Aquifers of the World – The Special Edition for the 7 World Water Forum. Available at: https://www.un-igrac.org/ggis/transboundary-aquifers-world-map.
  18. Kettelhut, J. T. (2013). Lessons learned from The Guarani Aquifer System Project Adopted In The La Plata Basin Framework Program. Environmental Development, 7, p. 109-118.
  19. Margat, J., Gun, J. (2013). Groundwater Around the World: A Geographic Synopsis. Leiden: CRC Press/Balkema.
  20. McCaffrey, S. C. (2011). “The International Law Commission’s flawed Draft Articles on the Law of Transboundary Aquifers: the way forward.” Water International, 36(5), p. 566-572. https://doi.org/10.1080/02508060.2011.597094
  21. Mokhtari Hashi, H. (2013) “Hydropolytic of Iran; Geography of the water crisis on the horizon of 1404, Geopolitics Quarterly, 9 (31), p. 49-83.[In Persian]
  22. Mokhtari Hashi, H., Ghaderi Hajat, M. (2008) “Middle East Hydropolytics on the horizon of 2025 Case Study: Tigris and Euphrates basins, the Jordan River and the Nile River, Geopolitics Quarterly, 4 (11), p. 36-74.[In Persian]
  23. Najafi, A., VatanFada, J. (2012). “Promoting transboundary water management, alternative ways in the Middle East case study: Iran and its neighbors’ transboundary waters”. Geopolitics Quarterly, 8 (28), 135-155.[In Persian]
  24. Newton, J. (2013). “Case Study of Transboundary Dispute Resolution: The Guarani Aquifer. Oregon State University Program in Water Conflict Management and Transformation.” http://www. transboundarywaters. orst. edu/research/case_ studies/GuaraniAquifer_New. htm. Accessed, Feb. 26, 2019.
  25. Nijsten, G. J., Christelis, G., Villholth, K. G., Braune, E., & Gaye, C. B. (2018). “Transboundary aquifers of Africa: Review of the current state of knowledge and progress towards sustainable development and management.”Journal of Hydrology: Regional Studies, 20, p. 21-34. https://doi.org/10.1016/j.ejrh.2018.03.004
  26. Puri, S., & Aureli, A. (2005). “Transboundary aquifers: a global program to assess, evaluate, and develop policy.” Groundwater, 43(5), p. 661-668. https://doi.org/10.1111/j.1745-6584.2005.00100.x
  27. Puri, S., Appelgren, B., Arnold, G., Aureli, A., Burchi, S., Burke, J., … & Pallas, P. (2001). “Internationally shared (transboundary) aquifer resources management: their significance and sustainable management” IHP-VI, Series on Groundwater No 1 p. 66 (Paris: UNESCO) Available at:http://unesdoc.unesco.org/images/0012/001243/124386e.pdf.
  28. Quadri, E. (2017). “The Nubian Sandstone Aquifer System–A case of cooperation in the making.” In World Water Congress XVI, International Water Resources Association (IWRA). Cancun, Mexico.
  29. Rivera, A., & Candela, L. (2018). “Fifteen-year experiences of the internationally shared aquifer resources management initiative (ISARM) of UNESCO at the global scale.” Journal of Hydrology: Regional Studies, 20, p. 5-14.
  30. Sanchez, R., & Eckstein, G. (2017). Aquifers shared between Mexico and the United States: Management perspectives and their transboundary nature.Groundwater, 55(4), 495-505. https://doi.org/10.1111/gwat.12533
  31. Shahbazbegian, M., Bagheri, A., Mousavi Shafaei, S. M., (2016). “Analysis of the mechanisms leading to Hirmand River water harvesting in Afghanistan, with emphasis on the state-building project in that country”. Geopolitics Quarterly, 12 (43), p. 168-190.[In Persian]
  32. Sindico, F., Hirata, R., & Manganelli, A. (2018). “The Guarani Aquifer System: From a Beacon of hope to a question mark in the governance of transboundary aquifers.” Journal of Hydrology: Regional Studies, 20, p. 49-59. https://doi.org/10.1016/j.ejrh.2018.04.008
  33. Villar, P. C. (2016). “International cooperation on transboundary aquifers in South America and the Guarani Aquifer case.” Revista Brasileira de Política Internacional, 59(1).
  34. Villar, P. C. and Ribeiro W. C. )2011(. “The Agreement on the Guarani Aquifer: a new paradigm for transboundary groundwater management?” Water International, 36 (5), p. 646-660.https://doi.org/10.1080/02508060 .2011.603671
  35. Wada, Y., & Heinrich, L. (2013). “Assessment of transboundary aquifers of the world—vulnerability arising from human water use”. Environmental Research Letters, 8(2).
  36. World Bank (2009). “Environmental Protection and Sustainable Development of the Guarani Aquifer System Project.” Project ID: P068121. Available at:http://projects.worldbank.org/P068121/environmental-protection-sustainable-development-guarani-aquifer-system-project.

 

[1] Transboundary Aquifers

Send this to a friend