حوجره و خۆیندنی ئیسلامی
ئامادەكردنی: ئایینناسی
حوجره: وشەیەکی عەرەبییە، لە زمانی عەرەبیدا ئەم وشەیە زیاتر لە یەک مانای هەیە، لە کاتی بەکارهێناندا لە ڕستەدا ماناکەی دەگۆڕێت، بە مانای ژیری (العقل) هاتووە، هەروەک چۆن مانای قەدەغەکراو دەدات (الحرام)، هەروەها بە مانای پاراستن دێت (الحمایة)، بەڵام مانای بنەڕەتی ئەم زاراوەیە بریتییە لە ژوور (الغرفة) کە شوێنی ژیان کردنە. ئەم وشەیە لە زمانی کوردیدا هەر لە سەردەمانی پێشووەوە کە بە مێژووی کوردستاندا بگەڕێینەوە دەبینین وشەی حوجرە دیارە و ئاشنایە لە هەموو قۆناغەکاندا هەبووە و سەرچاوەیەکی گرنگی زانست و ئەدەبیات بووە.
بە هەمان شێوەی حوجرە لە کوردستاندا خانەقا یاخود تەکیەش هەیە کە نزیکە لە حوجرەوە بەڵام خانەقا زیاتر بۆ یادی خودایە و شوێنکەوتووانی تەریقەت زۆرتر ڕووی تێدەکەن هەرچەندە هەندێک زانستیشی تێدا دەخوێنرێت. کەواتە حوجرە بەو شوێنە دەوترێت کە زانستخوازی ئایینی ئیسلام (فەقێ)ی تێدا دەمێنێتەوە و لە ماوەی وەرگرتنی ئەم زانستە شوێنی ژیان و خوێندنی ئەم فەقێیە دەبێت، لە زۆربەی شوێنەکاندا حوجرە بەشێکە لە مزگەوت و لێی جیا ناکرێتەوە.
سەبارەت بە زاراوەی خوێندنی ئیسلامی لە دوو وشەی سەرەکی پێکدێت، خوێندن بریتییە لە وەرگرتنی زانست بە گشتی سەبارەت بە هەر بابەتێک کە بنەما و ڕێسای تایبەتی هەیە، زاراوەی دووەم ئیسلامی ئاماژەیە بە دەستخستنی زانستە ئیسلامییەکان کە تەنها قورئان و فەرموودە ناگرێتەوە بە تەنها بەڵکو خوێندنی زانستەکانی (النحو والصرف) زمانی عەرەبی و ڕەوانبێژی و چۆنیەتی دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و مەنتیق………هتد کە هەموو ئەمانە بەیەکەوە مانای تەواوی زاراوەی خوێندنی ئیسلامی ڕوون دەکەنەوە.
هەموو کات هەر دوو زاراوەی حوجرە و خوێندنی ئیسلامی ئاوێتەی یەکترن و حوجرە ئەو شوێنەیە کە زانستە ئیسلامییەکانی تێدا دەخوێنرێت و ئەندامانی ناو حوجرەش بە فەقێ ناوزەد دەکرێن. ئەوەی جێگای سەرنجە بە تێڕوانین لە مێژووی کورد دەبینین کە حوجرە شوێن و پێگەی تایبەتی هەبووە لە پێگەیاندنی کەسانی سەرکردە و ڕۆشنبیر و ئەدیب وەک بەشێکی دیاری مێژووی کولتووری کوردی دەردەکەوێت.