چۆن خزمه‌تی بهژەوهندییهكانی ئه‌مەریكا بكرێت له ڕێگه‌ی پاراستنی ئابووریی كوردستانه‌وه
نووسین: مایكڵ نایت، توێژەر له ئه‌نستیتۆی واشینتۆن بۆ لێكۆڵینەوەی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیك
وەرگێڕان: هۆشمه‌ن عه‌تا
ئه‌گه‌ر ئه‌مەریكا ده‌ستوه‌ردان نه‌كات به پلانی كاریگه‌ر و میكانیزمی به‌هێز، ئه‌وا كوردستانی عێراق یه‌كه‌مین ئابووریی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێت كه داده‌ڕووخێت له‌ژێر فشاری ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه.
بۆ جاری دووه‌م له ماوه‌ی شه‌ش ساڵدا، هه‌رێمی كوردستانی عێراق، به‌شێك له وڵات كه زۆرترین پاڵپشتی و پشتگیری ئه‌مەریكایه، له مه‌ترسیی داڕمانی ئابووریدایه به هۆی تێكه‌ڵبوونی كۆمه‌ڵێك مه‌ترسیی كوشندە، له‌وانه: دابه‌زینی نرخی نه‌وت، په‌تای كۆرۆنا، چاكسازیی ئابووریی نیوه‌ناچڵ و نه‌بوونی یه‌ده‌گی نیشتمانی. له نیوه‌ی دووه‌می 2014، دابه‌زینی نرخی نه‌وت بۆ نیوه له 110 دۆلاره‌وه بۆ هه‌ر به‌رمیلێك بۆ 60 دۆلار، هه‌رێمی كوردستانی عێراقی خسته سه‌ر ئه‌ژنۆ، بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه حكومه‌ت ناچار بێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی مه‌ده‌نی پاشه‌كه‌وت بكات بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ، تا ئه‌و كاته‌ی هه‌رێمه‌كه له ڕووی داراییه‌وه دۆخی باشتر بوو كاتێك كه نرخی نه‌وت به ئه‌ندازه‌یه‌كی باش به‌رز بووه‌وه.
ئێستاش جارێكی تر نرخی نه‌وت دابه‌زیوه بۆ نیوه، له نزیكه‌ی 60 دۆلاره‌وه بۆ خوار 30 دۆلار، ئه‌مه‌ش له كاتێكدا به هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه داهاته نانه‌وتییه گه‌شه‌سه‌ندووه‌كانی كوردستان دابه‌زین، ئه‌وانیش بریتی بوون له گومرگ و ڕسومات و باج. له‌وه‌ش خراپتر، داڕمانی ئابووریی ئه‌م جاره‌ی هه‌رێم؛ ڕێگای لێ ناگیرێت ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم به‌خێرایی بڕیاری دروست نه‌دات. وه ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی شكستی هێنا له پاڵپشتیكردنی خێرا، وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا ده‌توانێت ڕۆڵێكی یهكلاكهرەوه بگێڕێت له هه‌ردوو باره‌كه‌دا.
ئابووریی كوردستان چۆن كار ده‌كات و چۆن ده‌ڕووخێت
هه‌رێمی كوردستانی عێراق وه‌ك حكومه‌تێكی هه‌رێمی نیمچه‌سه‌ربه‌خۆ له‌ناو عێراقدا، دوو جۆر سه‌رچاوه‌ی داهاتی هه‌یه: یه‌كه‌میان بریتییه له داهاتی ناوخۆیی خۆی، به‌تایبه‌تی له بواری هه‌نارده‌كردنی نه‌وت، كه بریتییه له 320،000 به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه به‌هاوبه‌شی له‌لایه‌ن هه‌رێم و كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی بواری نه‌وتدا به‌ده‌ست دێت، له‌گه‌ڵ بڕی 170،000 به‌رمیلی ڕۆژانه كه له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه له ناوخۆدا ده‌فرۆشرێ. به‌شی دووه‌می داهاتی هه‌رێمه‌كه بریتییه له پشكی هه‌رێم له داهات و بودجه‌ی ساڵانه‌ی حكومه‌تی فیدراڵیی عێراق، كه ئه‌وه‌ش ساڵانه بڕەكهی جیاوازه، وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ناكرێت، په‌یوه‌سته به دۆخی دارایی به‌غداد خۆیه‌وه.
له كۆتاییه‌كانی ساڵی 2019، ئابووریی هه‌رێم به‌باشی كاری ده‌كرد، ئه‌ویش به هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وته‌وه، به جۆرێك كه نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی برێنت گه‌یشته نزیكه‌ی 64 دۆلار. خه‌رجیی به‌كاربردن و قه‌رز و پابه‌ندییه خزمه‌تگوزارییه‌كانی فه‌رمانبه‌ران نزیك ده‌بووه‌وه له 1.2 ملیار دۆلار، به‌ڵام ئه‌مانه زیاتر تێكه‌ڵه‌یه‌ك بوون له داهاتی جۆراوجۆر، له‌وانه: فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆی نه‌وت (نزیكه‌ی 700 ملیۆن دۆلار)، پشكی هه‌رێم له به‌غداد (328 ملیۆن دۆلار)، داهاتی نانه‌وتی ناوخۆیی هه‌رێم (261 ملیۆن دۆلار). ئه‌مساڵ له چوارچێوه‌ی ئه‌و خۆئامادهكردنانهی هه‌رێم و به‌غداد بۆ بودجه، كورد پێشبینیی ده‌كرد داهاتێكی گه‌وره‌تری به‌ده‌ست بگات، ته‌نانه‌ت دوای ڕاده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێم به به‌غداد كه ده‌یكرده زیاد له 1.44 ملیار دۆلار، به پشتبه‌ستن به نرخی به‌رزی نه‌وت له كۆتایی 2019.
به‌ڵام به هۆی ئه‌م قه‌یرانانه‌ی ئێستاوه، ئه‌و وێنه‌ی كه بڕیار بوو بكێشرێت؛ سڕایه‌وه. سه‌رباری كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی به‌كاربردنی بۆ نزیكه‌ی 950 ملیۆن دۆلار، هه‌رێم له ئێستادا ته‌نها 648 ملیۆن دۆلار به‌ده‌ست ده‌هێنێت، به جۆرێك كه بڕی (328 ملیۆن دۆلار) له به‌غداوه بۆی دێت، فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆی نه‌وت به بڕی (270 ملیۆن دۆلار)، داهاتی ناوخۆیی غەیرەنهوتی(50 ملیۆن دۆلار). له ئه‌نجامدا هه‌رێم تووشی كورتهێنان ده‌بێته‌وه به بڕی 300 ملیۆن دۆلار، ئه‌مه‌ش وای له سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم كردووه بیر له كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕە پاره‌یه بكه‌نه‌وه كه ده‌یده‌نه وه‌به‌رهێنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه نزیك ده‌بێته‌وه له (مانگانه ده‌گاته 270 ملیۆن دۆلار)، وه‌ك به‌دیلێك له‌جیاتیی پاشه‌كه‌وتكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه له ماوه‌ی 2015-2019 جێبه‌جێ ده‌كرا بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی بودجه.
ئه‌وله‌ویاته‌كانی سیاسه‌تی ئه‌مەریكا له كوردستان
ڕزگاركردنی كوردستان له ئه‌مڕۆدا نه‌ك كوشتنی له سبه‌ینێدا
ئابووریی هه‌رێمی كوردستان له‌وانه‌یه لاوازترین ئابووریی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بێت، ناتوانێت ده‌ستی بگات به یه‌ده‌گی سیادی عێراق كه نزیك ده‌بێته‌وه له 60 ملیار دۆلار، به قه‌رزێكی زۆر جڵه‌وگیر كراوه كه زیاتره له 10 ملیۆن دۆلار یان “نزیكه‌ی له سەددا حه‌فتای گه‌شه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیی (GDP) ساڵانه‌ی كوردستان”، هه‌روه‌ها هه‌رێم ناتوانێت بچێته گفتوگۆی قه‌رزه سیادییه‌كانه‌وه یان پاكێجی هاوكاری وه‌ربگرێت، ئه‌وه له كاتێكدایه كه هه‌رێم یه‌كێكه له به‌هێزترین هاوڕێكانی ئه‌مەریكا له ناوچه‌كه، هه‌رێمێك كه له‌دایك بووه له سایه‌ی پاراستن و چه‌تری ئاسمانی ئه‌مەریكا و دواتریش پشتگیریی بێچه‌ندوچونی ئه‌مەریكا له مافه‌كانی كورد له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقیدا. به‌م پێیه واشنتن ده‌بێت ئه‌م پلانه كاریگه‌رانه‌ی خواره‌وه وه‌ربگرێت بۆ پاراستن و مانه‌وه‌ی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان:
- گره‌نتیكردنی پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی 2020ی عێراق؛ كاتێك نرخی نه‌وت داده‌به‌زێت بۆ نزیكه‌ی 30 دۆلار، هه‌رێم ناتوانێت خه‌رجییه‌كانی له ڕێی فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆی نه‌وته‌وه ده‌ست بكه‌وێت، به‌شێكی به هۆی ئه‌وه‌ی كه ده‌بێ هه‌میشه یانزه دۆلار كه‌متر حساب بكرێت بۆ نه‌وتی هه‌رێم، چونكه ئه‌و بڕە ده‌ڕوات بۆ كرێی بۆری و كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخ له‌لایه‌ن بازرگانه‌كانه‌وه. له هه‌مان كاتدا، حكومه‌تی ناوه‌ندی به هۆی چاوه‌ڕێكردنی سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێوه، به‌ڕێكردنی بودجه‌ی ساڵانه‌ی دوا كه‌وتووه. بۆ ئه‌وه‌ی كورد دووچاری دوو لێدانی كوشنده نه‌بێته‌وه، كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مەریكا له عێراق پێویسته به‌رده‌وام هانی به‌غداد بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و 328 ملیۆن دۆلاره‌ی كه مانگانه له بودجه‌ی 2019 بۆ هه‌رێم ده‌هات؛ به‌رده‌وام بێت (كه بۆ ئه‌مساڵ درێژ كراوه‌ته‌وه تاوه‌كوو یاسای نوێی بودجه په‌سه‌ند ده‌كرێت). كاتێكیش كه بودجه تێده‌په‌ڕێنرێت، پێویسته واشنتن ده‌سه‌ڵات و كاریگه‌ریی خۆی به‌كار بهێنێت له‌ناو عێراق و لای دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه داراییه‌كان بۆ دڵنیابوونه‌وه له‌وه‌ی كه كورده‌كان سزا نه‌درێن. هه‌رێم به لایه‌نی كه‌مه‌وه پێویستی به 700 ملیۆن دۆلار مانگانه هه‌یه له به‌غداده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی كورتهێنان له داهاتی نه‌وتی و نانهوتییهكانیان پڕ بكه‌نه‌وه. هه‌روه‌ها كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مەریكا پێویسته دڵنیا ببنه‌وه له‌وه‌ی كه هه‌رێم پشكی خۆی وه‌ربگرێت له هه‌ر هاوكارییه‌كی دارایی یان پاكێجێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كه دابین ده‌كرێت بۆ عێراق له‌لایه‌ن بانكی جیهانی یان هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی تره‌وه.
- دڵنیابوونه‌وه له‌وه‌ی كه هه‌رێم پاره‌ی كۆمپانیاكانی نه‌وت بدات؛ وه‌زاره‌تی وزه‌ی ئه‌مەریكا زۆر به‌جددی كاری له‌گه‌ڵ هه‌رێم كردووه بۆ ئه‌وه‌ی پشتگیریی دارایی پڕۆژەكانی سه‌رخانی كه‌رتی نه‌وت و غاز بكات، به‌ڵام ئه‌م په‌یوه‌ندییه داده‌ڕمێت ئه‌گه‌ر هاتوو كورده‌كان نه‌یانتوانی هه‌قده‌ستی وه‌به‌رهێنه‌كان بده‌ن. پێویسته وه‌زاره‌ت ده‌ستبه‌جێ به هه‌رێم ڕابگه‌یه‌نێت كه ئه‌و پلانه‌ی ئێستایان كه بریتییه له دواخستنی پێدانی هه‌قده‌ستی كۆمپانیاكان له چوار مانگ دواكه‌وتنه‌وه بۆ لانی كه‌م نۆ مانگ دواخستن، وا ده‌كات كه متمانه‌ی وه‌به‌رهێنه‌كانی تر نه‌هێڵێت. له‌جیاتیی ئه‌وه، سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم پێویست ده‌كات ده‌ستبه‌جێ به شێوازی تێلیكۆنفرانس له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌كان كۆ ببنه‌وه تا گفتوگۆ و بیروڕا بگۆڕنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به كۆی ده‌نگ بگه‌نه ئه‌وه‌ی هه‌قده‌سته‌كانیان بۆ ماوه‌یه‌ك دوا بخرێت، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه به قه‌رزی سه‌پێنراو له‌سه‌ر هه‌رێم دابنرێت. ئه‌م پلانه پێویسته به‌خێرایی جێبه‌جێ بكرێت، چونكه ئه‌گه‌ر وه‌به‌رهێنێك بكه‌وێت، ئه‌وانی تریش به‌شوێنیدا ده‌ترسن و ده‌كشێنه‌وه.
- هاوكاری بكرێت تا غازی سروشتیی كوردستان جێگه‌ی گازی هاورده‌كراو (دیزڵ) بگرێته‌وه؛ وه‌زاره‌تی وزه‌ی ئه‌مەریكا له دۆخێكی باشدایه بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاریی هه‌رێم بكات له‌و پلانه‌ی هه‌یه‌تی بۆ فراوانكردنی دابه‌شكردنی گازی سروشتی بۆ ئه‌و وێستگانه‌ی كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنن، كه هێشتا پشت ده‌به‌ستن به هاورده‌كردنی گازی گران. ئه‌م هه‌نگاوه به‌ته‌نها وا ده‌كات مانگانه به ده‌یان ملیۆن دۆلار بۆ هه‌رێم بگه‌ڕێنێته‌وه و له هه‌مان كاتیش‌دا بڕی به‌رهه‌می كاره‌با زیاد ده‌كات بۆ نزیكه‌ی 750 مێگاوات به نرخێكی كه‌م. ده‌شكرێت هه‌ر به‌و بۆرییانه، له داهاتووشدا نه‌وت هه‌نارده‌ی توركیا بكرێت.
- كڕینی نه‌وتی كوردستان؛ یه‌ده‌گی ستراتیژیی نه‌وتی ئه‌مەریكا كه به‌شێكه له وه‌زاره‌تی وزه‌ی ئه‌مەریكا، له‌م دۆخه‌ی نزمی نرخدا نه‌وت ده‌كڕێت، له كاتێكدا زۆربه‌ی ئه‌م كڕینانه له ناوخۆدا ئه‌نجام ده‌درێت و له وه‌به‌رهێنه ئهمەریكییهكانی ده‌كڕێته‌وه، له هه‌مان كاتدا بوار هه‌یه كه بڕێكیش له ده‌ره‌وه بكڕێت، بۆ نموونه؛ واشنتن ده‌توانێت بڕێك نه‌وتی كوردستان بكڕێت به شێوازی قه‌رزی نه‌رم له‌م كاته هه‌ستیاره‌ی ئێستادا.
- هاوكاریی پێشمه‌رگه؛ ئه‌مەریكا له ئێستادا مانگانه بڕی 17 ملیۆن دۆلار دابین ده‌كات بۆ هێزه ئه‌منییه‌كانی هه‌رێم، كه له یه‌ك كاتدا شه‌ڕی داعش و ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كه‌ن. هه‌ر چه‌نده ئه‌م هاوكارییه دابه‌زیوه به شێوازێك كه ساڵی پار 23 ملیۆن دۆلار بووه و بڕیاریشه له مانگی نیسانی ئه‌مساڵیشدا كۆتایی پێ بێت. له‌جیاتیی ئه‌وه، واشنتن ده‌توانێت به‌رده‌وامی به هاوكارییه‌كان بدات و بۆ ماوه‌یه‌ك كه پێویسته، وه بڕەكهشی زیاد بكات، بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئاستی ساڵی 2019.
- هاوكاری بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی هه‌رێم له بانكمید؛ وا ده‌رده‌كه‌وێ كه هه‌رێم بڕی یه‌ك ملیار دۆلار سه‌رمایه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه له بانكێكی لوبنانی، ئه‌و بڕە ده‌توانێت پێشبینییه ئابورییه‌كان له قۆناغی نزیكدا بگۆڕێت. وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا به‌و پێیه‌ی له جیهاندا گه‌وره‌ترین وه‌به‌رهێن و ئه‌كته‌رێكی گه‌وره‌ی خزمه‌تگوزارییه داراییه‌كانه، ده‌توانێت ڕۆڵێكی باش بگێڕێت له خێراكردنی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕە پاره‌یه.
- دڵنیاكردنه‌وه‌ی بارزانی بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی؛ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ویستی خۆی نیشان داوه بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی، به‌ڵام ده‌توانرێ بوترێت كابینه‌ی پێشوو ئه‌م هه‌وڵه‌ی قورس كردووه به هۆی ئه‌وه‌ی كه‌مكردنه‌وه و پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی لا برد له كۆتایی ماوهكهیدا، به جۆرێك كه 200 ملیۆن دۆلار خه‌رجیی گه‌ڕانده‌وه بۆ سه‌ر شانی كابینه‌ی نوێ. به هۆی سه‌رقاڵبوونی حكومه‌تی نوێ به ڕێكاره‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه، ڕێكاره‌كانی ئه‌نجامدانی چاكسازی ئاسته‌نگیان بۆ دروست بووه. پێویستی بڕینی مووچه و ده‌رماڵه، تاقیكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌من له‌به‌رده‌م سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێ‌دا. حكومه‌تی ئه‌مەریكا پێویسته به‌گه‌رمی هانی ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌وڵانه بدات، فشار له سه‌ركرده كورده‌كان بكات له سلێمانی، هه‌ولێر و دهۆك تا به‌ئاشكرا پشتگیریی ئه‌و هه‌وڵانه بكرێت كه ده‌درێن بۆ چاكسازی، نه‌ك بۆ قۆستنه‌وه‌ی دۆخه‌كه بۆ به‌ده‌ستهێنانی قازانجی سیاسیی ماوه‌كورت.
- هه‌موو ئه‌م هاوكارییانه ده‌توانن سوودی دیكه‌ش بگه‌یه‌نن؛ له‌وانه: زیادبوون و به‌هێزبوونی سیاسه‌تی ئه‌مەریكا له هه‌رێم، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم نه‌یویست پشتگیریی سه‌ركه‌وتنی سه‌رۆكوه‌زیرانی تازه هه‌ڵبژێردراو بكات و كوردستانیش له‌و كێشه‌یه ڕزگار بكات، ئه‌وا ئه‌مەریكا ده‌توانێت فشار له هه‌رێم بكات، چونكه سه‌رۆكوه‌زیرانی تازه بەنیازی تێپه‌ڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵه. ئه‌گه‌ر ئه‌و پلانانه سه‌ركه‌وتوو نه‌بن، واشنتن بژارده‌ی زۆر كه‌می له‌به‌ر ده‌ست ده‌بێت بۆ هاوكاریكردنی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان.