• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 28, 2024

چۆن چەقبەستوویی بەردەم پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێران تێدەپەڕێنرێن؟

نوسینی: سەرهان ئافاجان (Serhan Afacan)

ناوەندی توێژینەوەکانی ئێران (İran Araştırmaları Merkezi)

وەرگێڕانی: ڕابەر سیوەیلی

هەرچەندە پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێران لە شێوە سروشتییەکەی خۆیدا فرەڕەهەندو ئاڵۆزە، بەڵام لە ناو ئەو ئاڵۆزییەدا پرسی ئاسایش وەکو بابەتێکی لاوەکی دێتەبەرچاو! بە واتایەکی دیکە، ئەگەر هەردوو وڵات بتوانن لە بەرەنگاربوونەوەی “تیرۆر”دا هاریکارێکی جددیی یەکدی بن، ئەوا بە دڵنیاییەوە کاریگەریی ئەرێنیی لە سەر ڕەوتی گشتیی پەیوەندییەکانیان دروستدەبێت.

هەروەکو لە ناونیشانەکەدا ئاماژەیپێکراوە، ئەم لێکۆڵینەوەیە تیشكدەخاتەسەر ئەو لەمپەرو بەربەستانەی لە پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێراندا بەردەوامییان هەیە، لەگەڵ وردبوونەوە لە شێوازو چۆنیەتیی تێپەڕاندنی ئەو بەربەستانە. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە، پێماندەڵێت: پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەراورد بە تواناکانیان لە ئاستێکی زۆر نزمدایە! بە تایبەت لە بوارەکانی ئابووری‌و ئاسایشدا، بەڵام پێویستە ئەوەیش بگوترێت کە هەوڵی جددی هەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوانیان؛ بۆ نموونە: کۆبوونەوەی (٩)ی حوزەیرانی (٢٠١٤)، کە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیاو حەسەن ڕۆحانی؛ سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، بەڕێوەچوو، لەگەڵ کۆبوونەوەی (٢٤)ی کانوونی دووەمی (٢٠٢٤)، کە بە هەمان شێوە بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان‌و ئیبراهیم ڕەیسی؛ سەرۆککۆماری پێشووی ئێران (کە بەم دواییانە کۆچیدوایی کرد)، بەڕێوەچوو، بە زامنی بەرەوپێشبردن‌و سیستەماتیککردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات دێنەهەژمار.

دەتوانین بڵێین: بەیاننامەو لێدوانەکانی دوای کۆبوونەوەکەی (٢٤)ی کانوونی دووەم، بیرۆکەی گرنگی سەبارەت بە دۆخی ئەم دواییەی پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێران خستووەتەڕوو، بە تایبەت لە ڕووی بەهێزکردنی هاوکاریی سیاسی، ئابووری، کولتووری، زانستی‌و ئەمنییەوە. هەروەها جەختکردنەوە لە سەر ئەو بیرۆکەیەی کە هەردوو وڵات دەرفەتی بەرفراوان‌و ئیرادەی هاوبەشیان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە “دیاردەیەکی تیرۆر” لەو ناوچانەی کە هەژموونی تورکیاو ئێرانی تێدا مڵۆبووە. ئەم جەختکردنەوەیە لەلایەن ئێرانەوە پاش ماوەیەکی کەم لە دوای “هێرشە تیرۆریستییەکە”ی (٣)ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دێت، کە ڕێوڕەسمی ساڵیادی کۆچیدوایی قاسم سولەیمانی لە گۆڕستانی “گوڵیزاری شوهەداء”ی پارێزگای کرمانی کردەئامانج، هێرشەکە لەلایەن (٢) خۆکوژەوە کراو بووە هۆی گیانلەدەستدانی (٩٥) کەس. سەبارەت بە تورکیاش لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە “تیرۆر”/ پەکەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە لە (٢٧)ی مایسی (٢٠١٩) بە ناوی ئۆپەراسیۆنی (چنگ-١)ەوە لە ناوچەی خواکوڕک لە باکووری عێراق دەستیپێکردووەو لە ساڵانی دواتردا فراوانتربوو. هەروەها ئۆپەراسیۆنی چنگ، کە لە (١٧)ی نیسانی (٢٠٢٢) دەستیپێکرد، بایەخێکی زیاتری بەخشی بەو ڕێککەوتنە هاوبەشانەی نێوان هەردوو وڵات.

چەند ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەی لوتکەی (٢٤)ی کانوونی دووەم، هەموو چاودێران کۆدەنگ بوون لە سەر ئەوەی بڕگەی سەرەکیی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەردۆغان‌و ڕەیسی “شەڕی دژی تیرۆر” دەبێت. هەروەکو چۆن لە (١٦)ی کانوونی دووەمی (٢٠٢٤) هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا، بە ئەندامانی پەرلەمانی تورکیای ڕاگەیاند: “تورکیا لە چوارچێوەی مافی بەرگریکردن لە خۆی، شەڕی سنووربەزاندنی دژی پەکەکە، یەپەگەو لایەنگرانیان دەکات، هەتا چالاکییە تیرۆرستییەکانی ناوبراوان بە تەواوی لاوازدەکرێت”. پاشان گوتی: “لەبەر ئەم هۆکارە بووە بە پێویستییەک بۆ هەموو دراوسێ‌و هاوپەیمانەکانمان، کە بە دڵسۆزییەوە پشتیوانی لە شەڕی ئێمە لە دژی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە بکەن”. لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەی سەرۆکی هەردوو وڵاتدا، کە لە دوای کۆبوونەوەکەی (٢٤)ی کانوونی دووەم بەڕێوەچوو، ئەردۆغان هاوخەمیی خۆی بۆ ئێران دەربڕی‌و ڕایگەیاند: “تورکیا هاوکاری ئێرانە لە شەڕی دژی تیرۆرداو پاڵپشتییەکانمان لە زیادبووندایە”. هەروەها گوتیشی: “تیشکمانخستەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوکارییەکانمان لە دژی پەکەکە، پەیەدە، یەپەگەو پژاک، کە ئاسایشی وڵاتان‌و ناوچەکەمان دەکەنەئامانج”، بەڵام بە پێچەوانەی ئەم گوتانەی ئەردۆغانەوە، لێدوانەکانی ڕەیسی لە سەر ئەم پرسە ناڕوون بوون! بە تایبەت کاتێك گوتی: “کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ دودڵییەکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو پاراستنی ناوچەکە لە تیرۆریستان نیشاننەداوە”. هەروەها ڕەیسی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش کردووەو ڕایگەیاند کە ئەو ڕێکخراوە لەلایەن ئەمریکاوە دامەزراوە، ئەوەش بە ئاماژەدان بۆ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا.

لە ڕاستیدا ئەم گوتانەی ڕەیسی جێی ڕەزامەندی نەبوون بۆ تورکیا، بە تایبەت کاتێک گوتی: “ئەمڕۆ گرووپە تیرۆریستییەکان بە سەرپەرشتیی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە تورکیا، عێراق، سوریا، ئەفغانستان‌و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کوشتارێکی زۆر دەکەن”. ئەمە لە کاتێکدا کە وڵاتەکەی خۆی لەم دواییەدا دووچاری هێرشی تیرۆریستیی داعش بووەوە، بەڵام ناوبراو هیچ ئاماژەیەکی پێنەکرد! هەرچەندە سەرۆککۆماری ئێران لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: “ئێمە پێمانوایە ئاسایشی تورکیاو وڵاتانی ناوچەکە ئاسایشی ئێمەیەو بچووکترین پشێوی لە دەوڵەتێکدا بە پشێویی هەموو ناوچەکە دەزانین”، بەڵام ئەم لێدوانە نەیتوانی ناڕوونیی کۆی قسەکانی ناوبراو پەردەپۆشبکات.

هەڵە نابێت، ئەگەر بڵێین: چاوەڕوانییەکانی تورکیا لە ئێران بۆ “ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”، کە لەم کۆبوونەوەیەدا خۆی بۆ ئامادەکردبوو، بە گوێرەی پێویست نەهاتەدی! ئەمەش هۆکاری سەرەکیی چەقبەستوویی پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێران بوو. ئەوەی لێرەدا گرنگە، هەڵسەنگاندنە بۆ ئەو دوو لێدوانە ڕەخنەگرانەیەی یاشار گیولەر؛ وەزیری بەرگریی تورکیا، کە لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵدا سەبارەت بەو پرسە ئێرانی بەئامانجگرت! گیولەر یەکەم لێدوانی لە بەرنامەیەکی کەناڵی سی_ئێن_ئێن تورکدا بوو، کاتێك گوتی: “ئێمە لەگەڵ دۆستە ئێرانییەکانمان قسەدەکەین، ئەوان لەم خاڵەوە تێپەڕین‌و ڕۆیشتن بۆ ئەوێ، ئێمەش بە دوایاندا دەڕۆین، بەڵام ئێمە لە فڕۆکەیبێفڕۆکەوانەوە سەیردەکەین، کە فڕۆکەی سیهایە!” هەروەها گیولەر لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا، کە (١٣)ی مایسی ئەمساڵ لە ڕۆژنامەی میللیەتدا بڵاوکرایەوە، تیشکیخستەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران‌و وڵاتەکەی‌و بە زمانێکی ڕەخنەگرانە گوتی: “بە داخەوە، دۆستە ئێرانییەکانمان بە هەمان شێوەی ئێمە سەیری تیرۆریستانی پەکەکە ناکەن”. لە ڕۆشنایی ئەم گوتانەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی کە مادام هاریکارییەکی ڕیشەیی لە نێوان ئێران‌و تورکیا لە “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا” ئەوەندە گرنگە، کەوایە پێویستە ڕەهەندە کێشەدارەکانی نزیکبوونەوەی ئێران لە پەکەکە لە ڕوانگەی تورکیاوە ڕونبکرێتەوە، پێش ئەوەی تیشکبخرێتەسەر ئەوەی کە چۆن بتوانرێت بەستەڵەکی پەیوەندییەکان بتوێنرێتەوە.

جەوهەری ململانێکە چییە؟

گرنگە ئاماژە بەو خاڵە بکەین کە پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک)، کە درێژکراوەی پەکەکەیەو لە ساڵی (٢٠٠٤)ەوە لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێراندا دەستی بە “چالاکیی تیرۆریستی” کردووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لە هەمان ساڵدا دەسەڵاتدارانی تاران بە فەرمی پەکەکەیان بە “ڕێکخراوێکی تیرۆریستی” ناساند. هەرچەندە تواناو کاریگەریی ڕێکخراوی “تیرۆریستی”ی پژاک بەراورد لەگەڵ پەکەکە سنووردارە، بەڵام هەروەک وەزیری بەرگریی تورکیا لە (١٣)ی مایسدا ڕایگەیاند: “ئەگەری ئەوە هەیە پەکەکە ببێت بە هەڕەشەیەکی بەرچاو بۆ سەر ئێران. باوەڕم وایە کە دۆستە ئێرانییەکانمان ئاگادارن کە پەکەکە کێشەیان بۆ دروستدەکات، هەر بۆیە هیوادارم چارەسەرێک بۆ ئەم بابەتە بدۆزرێتەوە”.

خاڵێکی دیکە کە دەبێت جەختی لە سەر بکەینەوە، ئەوەیە کە تورکیا بە شێوەیەکی گشتی لە شەڕی دژ بە “تیرۆر”دا تەنها باڵەو ئێرانیش وەک زۆرێک لە وڵاتانی دیکە هەر لە سەرەتاوە خۆی لە پڕۆسەی هاوکاری‌و ئاسانکردنی کارەکانی تورکیا لەم بوارەدا بەدوورگرتووە. ئەم هەڵوێستەی ئێرانیش لە مانگی ئابی (٢٠١١)دا گەیشتە لوتکە، کاتێك ڕۆژنامەکانی تورکیا پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە موراد قەرەیلانی سەرکردەی ئەو “ڕێکخراوە تیرۆریستییە” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوە، بەڵام دوای دوو ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی، ئازادکراوە. هەرچەندە ئەم دەنگۆیانە لەلایەن ناوەندە سیاسی‌و میدیاییەکانی ئێرانەوە هەر زوو ڕەتکرانەوە، بەڵام لە ساڵانی دواتریشدا دەنگۆی هاوشێوە دووبارەدەبووەوە. هەر سەبارەت بەو پرسە، ئێران لە سەر ئاستی باڵاو لەلایەن عەلی ئەکبەر ساڵحی وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئێرانەوە بە فەرمی نیەتی وڵاتەکەی نیشاندا، کاتێک دوای ماوەیەکی کەم لە سەرقاڵیی ڕۆژنامەکانی تورکیا بەم تۆمەتانە، لە تشرینی یەکەمی (٢٠١١)دا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەو گوتی: “قەرەیلان هەرگیز لەلایەن ئێرانەوە دەستگیرنەکراوە. ئەگەر بمانگرتبایە، بۆ ئازادماندەکرد! ئەمە دەرفەتێکی زۆر باش دەبوو بۆ یارمەتیدانی برا تورکەکانمان. دەکرا چ بەرژەوەندییەکمان هەبێت بۆ گرتن‌و ئازادکردنی قەرەیلان! دووپاتیدەکەینەوە کە پەکەکەو پژاک گرووپی تیرۆریستین”. خاڵی سەرنجڕاکێش لەم لێدوانەدا ئەوە بوو کە وەزیری دەرەوەی ئێران دۆسیەی “تیرۆری پەکەکەو قەرەیلان”ی وەک کێشەی “برا تورکەکان” دەبینی‌و سەبارەت بە وڵاتەکەی خۆی وەکو هەڕەشە وێناینەکرد! هاوکات بابەتی گرنگتر ئەو پرسیارە بوو کە بۆچی ئێران قەرەیلان ئازاددەکات، ئەگەر دەستگیریبکات! ئێمە دەتوانین کەمێک پرسیارەکە فراوانتربکەین‌و بپرسین: دەکرێت هۆکاری ئەو هەڵوێستەی ئێران کە هاندەرە بۆ پەکەکە، چی بێت!”

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەر لەوەی لە (٢٢)ی نیسانی (٢٠٢٤) بە سەردانێکی فەرمی بچێتە عێراق، لە (٤)ی نیساندا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی کردو لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بە بەیاننامەیەك جەختیکردەوە لە سەر بەهێزیی ئیرادەی تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە “ڕێکخراوێکی تیرۆریستی”، هاوکات ڕەزامەندییشی دەربڕی لە سەر “هاوکاریی ستراتیژی” لەگەڵ عێراقدا، کە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە بەهێزی دەکات. پاشان لە درێژەی بەیاننامەکەدا گوتی: “جەختکراوەتەوە لە سەر ئەوەی کە لە داهاتوودا لە ناوچەکەماندا جێگەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان‌و لایەنگرانی ئەوان نابێتەوە. گرنگە بۆ هەموو ئەو لایەنانەی هانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەدەن، عاقڵانەتر مامەڵەبکەن‌و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تیرۆر بۆ هەمیشەیی‌و بەبێ دواکەوتن کۆتاییپێبهێنن”. هەرچەندە لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بە ناوی هەموو “ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان” درابوو، بەڵام ئامانجی سەرەکیی تورکیا بریتییە لە “پەکەکە، کەجەکە، پەیەدەو یەپەگە”.

جێی باسە، ئەو دۆخەی لەم کێشمەکێشمەدا سەرنجی هەموو لایەک بۆ خۆی ڕادەکێشێت، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە لە شاری سلێمانی، کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێراندا هەیە. هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئاخەبەری تورکیدا لە (٤)ی شوباتی ئەمساڵدا، دوای بیرهێنانەوەی ئەو سنووردارکردنە جددییانەی کە پێشوو تورکیا لە گواستنەوەی ئاسمانیدا بە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانیدا سەپاندبووی، گوتی: ‘هەمیشە بە سلێمانی دەڵێین: ئەگەر خۆتان لە  “تیرۆر”و هاوکاریی گرووپە تیرۆرستییەکان بپارێزن، دەتوانین واز لەم سزایە بهێنین، بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوامبن، دەبێت هەنگاوی زیاتر پیادەبکەین”. هاوکات وەزیری دەرەوەی تورکیا بەردەوامە لەو هۆشدارییانەو لە (١٩)ی ئاداری ئەمساڵیشدا بەم شێوەیە ڕەخنەی لە بەرپرسانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان گرتووە: “پەیوەندی‌و دڵسۆزیی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ پەکەکەدا، لەوە زیاترە کە ئێمە تەنها وەکو کێشەیەک لێیبڕوانین، بەڵکو بووە بە هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانیی وڵاتەکەمان”. لە لایەکی دیکەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکری پارێزگاری سلێمانی لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ محەممەد تەیب سەحرایی پارێزگاری کرماشانی ئێران، کە ڕۆژی (١٠)ی ئادار لە بینای پارێزگای کرماشان کرا، ڕایگەیاندبوو: “زۆر سوپاسگوزارین بۆ پاراستن‌و هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران‌و بە تایبەتی لەگەڵ کرماشاندا زیاتر پەرەبسێنێت”.

لە ڕاستیدا دەتوانرێت هەڵوێستی لێبوردەیی ئێران بەرانبەر بە پەکەکە، لە ڕێگەی سیاسەتی تارانەوە لە کێبڕکێی ناوچەیی بەرانبەر بە تورکیا بە گشتی‌و عێراق بە تایبەتی ڕوونبکرێتەوە. ئێران زۆر دڵخۆش نییە بە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە-بەغداو ئەنقەرە–هەولێر! تەنانەت بەدگومانیشە بەرانبەر بە هەنگاوە ئەرێنییەکانی ڕێککەوتنی ئاسایشی ئاو لە نێوان تورکیاو عێراق لە لایەك‌و پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لە لایەکی دیکەوە، کە بە هاوبەشی لەگەڵ تورکیا، عێراق، قەتەرو ئیماراتدا بونیاددەنرێت.

ململانێی نێوان تورکیاو ئێران لە چوارچێوەی “تێرۆریزمی پەکەکە”دا تەنها لە پەیوەندییەکانی بەرەی “ئێران-سلێمانی-پەکەکە”دا سنووردار نییە! بەڵکو دەبێت لە هەڵوێستی ئێران بەرانبەر بە پەیکەری پەکەکە لە قەندیل‌و هەروەها پەیەدەو یەپەگەش شارەزابین. هەرچەندە بەراورد بە پەکەکە، پەیەدەو یەپەگە، وەک پرسێکی جیاواز سەیردەکرێن، بەو پێیەی لە قوڵایی ململانێکانی سوریادا چالاکییان هەیە، بەڵام وەزیری دەرەوەی تورکیا لە گوتارەکەیدا گوتی: “ئێمە جیاوازیی نێوان سوریاو عێراقمان نەهێشتووە. گرنگ نییە هێرشەکە لە کوێوە بێت، ئێمە ڕێکخراوەکە لە هەردوو وڵات دەکەینەئامانج”. دووپاتیشیکردەوە کە ئەم جیاکارییە بۆ تورکیا کارێکی ڕەوا نییە. ئەمەش لە ڕاستیدا بەرەو کێشەیەکی گەورە هەنگاودەنێت، ئەگەر ئێران ئەو ڕێکخراوانە بە “ڕێکخراوی تیرۆریستی” نەناسێنێت.

یەکێکی دیکە لە کێشە گرنگەکان چیای قەندیلە، کە ناوچەیەکی پەیوەستە بە سلێمانییەوەو لە سەر سنووری ئێران‌و عێراق هەڵکەوتووە. سەرچاوە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پەکەکە لە دیوی ئێرانی چیای قەندیلدا بنکەو بارەگای هەیەو تەنانەت وەزیری بەرگریی تورکیا لە (٢)ی مایسدا بە ڕوونی ئاماژەی بەم خاڵە کردووە. هەرچەندە ئێران بە شێوەیەکی نەریتی هەوڵدەدات تورکیا دڵنیابکاتەوە لەو بەشەی قەندیل، کە دەکەوێتە سنووری وڵاتەکەیەوە، هیچ مەترسییەکی بۆ تورکیا تێدا نییە، ئەمە ڕاست نییە! چونکە داواکانی تورکیا بۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە قەندیل لەلایەن ئێرانەوە وەڵامنادرێتەوە. تەنانەت نموونەیەکی بەرچاو لە دوودڵیی ئێران سەبارەت بەم پرسە لە مانگی ئاداری (٢٠١٩)دا بە ڕوونی بەدیکرا، ئەویش کاتێك سولەیمان سۆیڵو؛ وەزیری ناوخۆی ئەو کاتەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا، کە (٦)ی ئادار لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵدا کردی، ڕایگەیاند: “بە هاتنی شاندێک لە ئێرانەوە هەندێک هەڵسەنگاندن کراوە. بۆ یەکەم جارە ئەمە دەڵێم: بە هیوای ئەوەی لەگەڵ ئێراندا پێکەوە ئۆپەراسیۆنێک لە دژی پەکەکە بکەین. بەیەکەوە کارکردن ماوەیەکی لەمێژینەیە، کە ویستی دەوڵەتی تورکیا بووە”، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵێکی لەو شێوەیە لە ڕۆژنامەکانی تورکیادا، کە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش کراوە، دەستبەجێ لایەنی ئێرانی‌و تەنانەت ئاژانسی هەواڵی فارسییش ئەو هەواڵەیان ڕەتکردەوە. هەرچەندە سۆیڵو ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسێکی سەربازیی ئێران دوای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، گوتوویەتی: “هێزە چەکدارەکانی ئێران بە توندی دژی ئەو ڕێکخراوانە دەجەنگن کە بە نیازن پشێوی لە وڵاتەکەماندا دروستبکەن”، بەڵام ئەمانەو لێدوانە هاوشێوەکانی ئێران ئەوە دەردەخەن کە تاران هیچ هەنگاوێک بۆ زامنکردنی ئاسایشی تورکیا ناگرێتەبەرو قەندیل وەک هەڕەشەیەک نابینێت.

جێی باسە، لەم چەند ساڵەی دواییدا هێزی قودسی سوپای پاسداران لە سەر ئاستی باڵای ئێران بایەخێکی زۆری پێدراوە. بە تایبەت لە دوای کوژرانی فەرماندە “محەمەد هادی حاج ڕەحیمی”، کە لە هێرشەکەی (١)ی نیسانی سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا. دوابەدوای ئەو ڕوداوە، فەرماندە “ئیرەجی مەسجیدی”، کە ڕابردوویەکی قووڵی لە سوپای پاسداراندا هەبوو، وەک یاریدەدەری بەرپرسی هەماهەنگیی فەرماندەی سوپای قودس؛ ئیسماعیل قائانی دەستنیشانکراو لە ڕاستییشدا بووە یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی سوپاکە لە دوای قائانی‌و محەمەد ڕەزا فەلاح زادەی جێگری.

مەسجیدی، کە پێشتر لە پۆستە گرنگەکانی وڵاتەکەی لە عێراقدا کاریکردووە، ناوێکی نامۆ نییە بۆ ناوەندە سیاسی‌و سەربازییەکانی تورکیا. کاتێک ئۆپەراسیۆنەکانی “دژەتیرۆر”ی تورکیا لە باکووری عێراق بەردەوامییان هەبوو، ناوبراو باڵیۆزی ئێران بوو لە بەغدا، بەڵام کاتێك هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە (١٣)ی شوباتی (٢٠٢١) ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەی گارە دەستپێکرد. مەسجیدی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕوداودا لە (٢٣)ی شوباتدا، لێدوانی مشتومڕاویی سەبارەت بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ نەهێشتنی بوونی پەکەکە لە شنگال داوە. بە واتایەکی دیکە، مەسجیدی لە کاتێکدا ئەو لێدوانانەی دا لە دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە شنگال، کە یەکێکە لە ناوچە گرنگەکانی جموجوڵی پەکەکە، گفتوگۆ لە سەر گارە دەکرا، بەڵام ناوبراو بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هەڕەشەی پەکەکە بۆ سەر تورکیا بکات، بانگەشەی ئەوەی کرد کرد کە شەنگال هیچ پەیوەندییەکی بە تورکیاوە نییەو گوتی: “لەبەر ئەم هۆکارە هەر هەڕەشەیەک ڕەتدەکەینەوە، جا لە تورکیاوە بێت یان هەر لایەنێکی دیکە”. تەنانەت گوتیشی: “هەر دەستێوەردانێکی سەربازی لە عێراق ڕەتدەکەینەوە. هێزی چەکداری تورکیا نابێت ببێت بە هەڕەشە بۆ سەر خاکی عێراق‌و داگیریبکات”. دوابەدوای ئەو لێدوانانە، باڵیۆزی ئێران لە ئەنقەرە بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کراو لە سەر ئەو پرسە داوای ڕوونکردنەوەی لێکرا.

هەرچەندە پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێران لە شێوە سروشتییەکەی خۆیدا فرەڕەهەندو ئاڵۆزە، بەڵام لە ناو ئەو ئاڵۆزییەدا پرسی “ئاسایش‌و ئەمنیەت” وەکو بابەتێکی لاوەکی دێتەبەرچاو! بە واتایەکی دیکە، ئەگەر هەردوو وڵات بتوانن لە بەرەنگاربوونەوەی “تیرۆر”دا هاوکاری جددیی یەکدی بن، ئەوا بە دڵنیاییەوە کاریگەریی ئەرێنی لە سەر ڕەوتی گشتی پەیوەندییەکان دروستدەبێت. ئامانجی گەیشتن بە قەبارەی بازرگانیی (٣٠) ملیار دۆلار، کە زۆرجار لەلایەن سەرکردەکانی هەردوو وڵاتەوە جەختی لە سەر دەکرێتەوە، هەر لە چوارچێوەی ئەم لایەنەدا خۆی دەبینێتەوە. هاوکات بۆ ئەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان بگاتە خاڵێک کە لەگەڵ تواناکانیاندا یەکانگیر بێت، پێویستیان بە بنیاتنانی زەمینەیەکی هاوبەش‌و گشتگیرترە لە شەڕی “دژی تیرۆر”دا، تاوەکو ئەو چەقبەستووییە تێبپەڕێنرێت. زاڵبوون بە سەر ئەم دۆخەشدا بەندە بە ئیرادەیەکی ڕوونەوە. کاتێک تاران ئەم ئیرادەیەی نیشاندا، ئەو بەربەستانە هەتا ڕادەیەکی باش تێدەپەڕن.

لینکی بابەتەکە لە ئینتەرنێت

https://www.iramcenter.org/turkiye-iran-iliskilerindeki-tikaniklik-nasil-asilir-2498

 

Send this to a friend