حکومەتی کازمی…ئەگەر و پێشهاتەکانی
یاسین تەها
بە پیرۆزباییەكی كورت و نابەدڵ، عادل عەبدولمەهدی، پاش پێنج مانگ لە بەڕێكردنی كاری رۆژانە، جڵەوی حوكمڕانی عێراقی رادەستی حكومەتی كازمی كرد، پاش ئەوەی 15 وەزارەتی كابینەكەی، متمانەی زۆرینەی 225 پەرلەمانتاری ئامادەبووی لەكۆی 329 ئەندامی پەرلەمان وەرگرت، بەبێ ئەوەی وەزارەتەكانی نەوت و دەرەوەی تێدا بێت.
بەسەرنجدان لە رەوتی پێكهێنانی كابینەكانی پێشوو، دەردەكەوێت، هەندێ پێشهاتی ئەرێنی روویانداوە؛ شەشەم سەرۆك وەزیران دەستبەكاربووە لە پرۆسەیەكی سیاسییدا كە تەمەنی 15 ساڵە، سەرۆك وەزیران و هەندێک لە وەزیرەكانیشی نەوەی دووەم و سیێیەمی سیاسییە ئەفەندییەكانی شیعەن كە خاوەن بنەماڵە، مێزەر و میلیشیای چەكدار نین، دەشێت ئەمانە لە دوور مەوداشدا ببنە پێشینە.
حكومەتی كازمی كە گفتی هەڵبژاردنی پێشوەختە، گێڕانەوەی چەك بۆ دەستی دەوڵەت و دانانی بودجەیەكی تایبەتی بۆ دۆخی كۆرۆنا داوە، لە دۆخێكی زۆر ئاڵۆز و قەیراناویدا دەستبەكار دەبێت. موچەی فەرمانبەران كە لە عێراقدا بەهەوێنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی لە قەڵەم دەدرێت، مەترسی بڕین و كەمكردنەوەی لەسەرە لەپاش قەسابخانەی نرخی نەوت و دابەزینی داهاتی وڵات لە 7 ملیارەوە بۆ 1.4 ملیار دۆلار لەمانگی نیساندا. لە لایەكیترەوە داعش خەریكی خۆنمایشكردن و “غەزای رەمەزان” ییە، لە رێگای ئەو سێ هەزار چەكدارەی لە هەندێک ناوچەی شلۆقی ئەمنییدا بڵاوەی پێكردووە.
ئەو خۆپیشاندانە جەماوەریانەشی كە پاش دەوروبەری 600 كوژرا و 25 هەزار بریندار، لە شوباتی ئەمساڵ بەهۆی مەترسییەكانی كۆرۆناوە راوەستان، وردە وردە خەریكی سەرهەڵدانەوەن. باوەڕیش وەهایە لە هاوین و تەمموزدا وەك نەرێتی ساڵانەی عێراق، جارێكیتر بە تین و تاوی جارانەوە سەرهەڵبدەنەوە، بەتایبەت كە ئامانجە سەرەكییەكانی هێشتا جێبەجێ نەكراون و وەك خۆیانن.
لە دەرەوەی هاوكێشە ناوخۆییەكانی عێراق، مستەفا كازمی لە بەرداشی ململانێیەكی سەختی ئێرانی- ئەمەریكیدایە لە ساڵی هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆشكی سپی، هەرچەندە وەها بڵاوە كە كازمی بەهۆی باكگراوەندی كاركردنی لە سەرۆكایەتی دەزگای هەواڵگری عێراق، دۆستی هەردوو دوژمنەكەیە (تاران و واشنتۆن)، بەڵام ئێرانییەكان ناوبراو بە بژاردەیەكی ئەمەریكی دەزانن و وادیارە تاران بە ناچاری قبوڵی كردووە. جگە لەوەش چەكی “حەشدی ویلایەت” وەك تەلی دڕكاوی لەسەر رێگەی كازمی دەمێننەوە، بەتایبەت پاش ئەوەی كەمپینەكانی هەندێک لە چالاكە شیعەكان و بەیاننامەكانی كەتائیبی حیزبوڵڵا، سورن لەسەر ئەوەی كازمی بە “خائین” و بەشدار بدەنە قەڵەم لە “تاوانی كوشتنی سەركردەكانی سەركەوتن؛ قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی”.
لەدەرەوەی ئەم تۆمەتەش چەكی گروپە وەلائییەكانی حەشد و هەژموونی سەدرییەكان، وەك كارتی گەورەی گوشار بەسەر سەرۆك وەزیرانەوە ئەمێننەوە، هەر ئەمەش عادل عەبدولمەهدیان بەو سەرەنجامە تاڵەی دوایی گەیاند.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا عێراق و ئەمەریكا دەچنە دانوستانێكی گرنگ و بنجبڕەوە بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانیان، بەپێی فۆرین پۆلیسی، دۆناڵد تڕەمپ هەوڵ دەدات لەم ماوەیەدا 600 ملیۆن دۆلار، هاوكاریی بۆ مەشقی هێزە عێراقییەكان دابین بكات بۆ شەڕی داعش، جگە لەوەش پاڵپشتی ئەمەریكا لە شەڕی داعش بەردەوام دەبێت، بەتایبەت چاودێری ئاسمانی و هەواڵگری، جگە لەوەش 120 ملیۆن دۆلاری تر هاوكاریی ئەمەریكا لە رێگایە بۆ پاڵپشتی ئابووریی. لە ساڵانی رابردووشدا پشتیوانی ئەمەریكا هۆكاربووە بۆ دەستخستنی ملیارەها دۆلار قەرز و پشتیوانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ عێراق، ئەوەش با بوەستێت كە یەدەگی نەختینەیی عێراق لە بانكی فیدراڵی ئەمەریكی پارێزراوە و ساڵانە ملیارەها دۆلاری لەشێوەی 100 دۆلاریدا لێ شەحن دەكرێت بۆ بەغدا، ئەمەش سەرچاوەیەكی گرنگ و ئاسانی دابینكردنی دراوی قورسە.
سەرجەم هاوكاری، پاڵپشتی و دەستگیرۆییە ئەمەریكیانەش كاتێك بەردەوام دەبن، عێراق هاوكاری بەرنامەكانی تڕەمپ بێت لە مانگەكانی كۆتایی حوكمڕانی ویلایەتی یەكەمیدا، ئەوەش بە روونی لە لێدوانەكانی پۆمپیۆ و بەرپرسانی تری ئەمەریكیدا جەختی لێدەكرێتەوە، ئەمەش بارگرانییەكی قورسە لەسەر مستەفا كازمی كە لە سەرەتای رێگاوە لەژێر هەڕەشە و كاریگەریی كارتەكانی ئێران و چەكی باڵە ئێرانییەكانی حەشدی شەعبیدایە.
ئێرانییەكان لەسەر زەوی كاریگەرن، بەڵام ئاسمانی عێراق بە دەستی ئەمەریكییەكانەوەیە، جگە لەوەش ئەگەر عێراق لە سەردەمی كازمیدا بە شێوەی سەردەمی عەبدولمەهدی بەرەو كۆشی ئێران بخزێت، ئەوە دوور نییە دووچاری توڕەیی و سزای ئەمەریكی ببێتەوە كە زیاتر لە بژاردەیەكن وەك:
بلۆككردنی پارەی سەركردە و بانكەكان، بەئامانجگرتنی كەسایەتییە گومانلێكراوەكان، دووریش نییە بگاتە كوشتنی كەسایەتییەكان لە چەشنی سیناریۆی سلێمانی و ئەبو مەهدی، بەڵام جارێك ئەمەریكییەكان پاداشتی كازمی ـ یان كرد بە درێژكردنەوەی وادەی رێگەپێدانی هاوردەكردنی گازی سروشتی تا ئەوكاتەی حساب و كتابی راستەقینەی نفوزی ئەمەریكی و ئێرانی لەسەر ئەرزی عێراق لە مانگەگانی داهاتوودا دەست پێ دەكات.