• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 5, 2024

مێژووی حوجره‌ی  نه‌ریتی له‌ كوردستان و مه‌نهه‌جی خوێندن تێیاندا

د. سالار تاوگۆزی

پێشه‌كی                                          

            حوجره‌كانی نەریتی لە کوردستاندا مێژوویەکی کۆنیان هەیە، بە درێژایی ئەو مێژووە مەنهەجێکی خوێندن پەیڕەو کراوە کە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک و لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دیکە جیاواز بووە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی مەنهەجی ئەو حوجرانە لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ لە یەک نزیک بوون و ئێمە لە ئەم توێژینەوەیەدا – کە بەشێکە لە توێژینەوەیەکی گەورەتر- هەوڵ دەدەین بیانخەینە پێش چاوی خوێنەر.

توێژینەوەکە بە ناونیشانی: (مێژووی حوجرەکانی ئیسلامی نەریتی لە کوردستان و مەنهەجی خوێندن تێیاندا) نووسراوە. ئامانجیشی ئەوەیە مەنهەجی خوێندن لە حوجرەکانی ئیسلامی نەریتیدا لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ بخاتە ڕوو، هەروەها جیاوازی مەنهەجەکە لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دیکە و لە حوجرەیەکەوە بۆ حوجرەیەکی باس بکات. بایەخەکەشی لەوەدایە لیستی مەنهەجی حوجرەکانی کوردستان نیشان دەدات و جیاوازییەکانیان دەخاتە ڕوو.

 هه‌روه‌ها توێژینه‌وه‌كه‌ ده‌یه‌وێت به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌شدا بگه‌ڕێت:

  • ئایا مه‌نهه‌جی حوجره‌كانی كوردستان له‌ كۆندا چی و چۆن بووه‌ و ئێستا چییه‌ و چۆنه‌؟
  • ئایا ئه‌و مه‌نهه‌جه‌ به‌كه‌ڵكی واقیعی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ دێت؟

به‌ربه‌سته‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌ش بریتین له‌ په‌رته‌وازه‌یی و جیاوازی له‌ مه‌نهه‌جه‌كان، ئه‌مه‌ش هه‌وڵێكی زۆری ویست تا توێژه‌ر له‌ڕێگه‌ی سه‌رچاوه‌ و په‌یوه‌ندیكردن و سه‌ردانكردنی حوجره‌كانه‌وه‌ زانیاری سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌رۆكی مه‌نهه‌جه‌كان و شێوازی گوتنه‌وه‌یان ده‌ستبكه‌وێت.

له ‌ڕووی ناوه‌رۆكیشیه‌وه‌، توێژینه‌وه‌كه‌ له‌ پێشه‌كییه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك و دوو ته‌وه‌رو ئه‌نجامه‌كان و لیستی سه‌رچاوه‌كان پێكدێت. توێژه‌ر له‌ ده‌روازه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌دا باسی له‌ مه‌به‌ست له‌ ئیسلامی نه‌ریتی و چه‌مكی مه‌نهه‌جی كردووه‌. له‌ ته‌وه‌ری یه‌كه‌میشدا (مێژووی حوجره‌ی ئیسلامی نه‌ریتی) له‌كۆنه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ نیشانداوه‌. ته‌وه‌ری دووه‌میشی تایبه‌ت كردووه‌ به‌ خستنه‌ڕووی (مه‌نهه‌جی حوجره‌ی ئیسلامی نه‌ریتی). له‌توێژینه‌وه‌كه‌یشیدا په‌یڕه‌وی له‌ ڕێبازی مێژوویی كردووه‌.

له‌ كۆتاییدا، توێژه‌ر ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه‌ی باس كردووه‌، پاشان ناوی سه‌رچاوه‌كانی له‌ لیستێكدا تۆمار كردووه‌.

ده‌روازه‌:

مه‌به‌ست له‌ ئیسلامی نه‌ریتی و چه‌مكی مه‌نهه‌ج

مه‌به‌ست له‌ ئیسلامی نه‌ریتی

      مه‌به‌ستمان له‌ ئیسلامی نه‌ریتی ئه‌و مۆدێله‌ی ئیسلامه‌ له ‌باوك و باپیرانه‌وه‌ بۆمان ماوه‌ته‌وه‌ و له‌سه‌ری ڕۆشتووین و به‌شێوه‌ی بۆماوه‌یی و ته‌ڵقین و لاساییكردنه‌وه‌ وه‌رمان گرتووه‌، هه‌ر لەسەر ئەو بنەمایەش حوجرەکانی ئیسلامی نەریتی پەیدا بوون کە مەنهەجی خوێندن تێیاندا لەسەر بنەمای بۆماوەیی و گوێگرتنە. ئەو مامۆستایانەشی لە ئەم حوجرانەدا وانەیان گوتووەتەوە زیاتر سەر بە ڕێبازی سۆفیگەری و مەزهەبی شافیعی و عەقیدەی ئەشعەری بوون. حوجرەکانی ئیسلامی نەریتی لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ بەوە جیا دەکرێنەوە کە سەرچاوەیەکی دارایی سەربەخۆیان هەبووە و لەلایەن خەڵکی گوندەکانی کوردستانەوە، یان لەلایەن چەند شێخ و کەسایەتییەکەوە پاڵپشتیی دارایی کراون.

چەمکی مەنهەج

وشەی (منهج) لە بنەڕەتدا وشەیەکی عەرەبییە، لە فەرهەنگی بەناوبانگی (لسان العرب)دا بە مانای (ڕێگای ڕوون) و (ڕێگای ڕاست) هاتووە (ابن منظور، 1999، ل 300). هەروەها لە (فەرهەنگی شیرین)دا بە مانای (ڕێگەی ئاشکرا و ڕوون، بەرنامە، ڕێباز، ڕێ و شوێن، پلان، نەخشە، بەرنامەی خوێندن و قوتابخانە)ش هاتووە (نظام الدین، 2007، ل 760). دەشکرێت بە (پێڕەو) یان (پەیڕەو)یش وەریبگێڕینە سەر زمانی کوردی. بەڵام لەناو کورددا زیاتر وشە عەرەبییەکە بەکار دێت، ئەویش بەهۆی کاریگەریی زمانی عەرەبییەوە لەسەر زمانی کوردی.

مەنهەجیش بەپێی پێناسە کۆنەکەی بریتییە لە ئەو ڕێگایەی مامۆستا و قوتابی بۆ گەیشتن بە ئامانجە خوازراوەکان دەیگرنە بەر. بەڵام پێناسەی پەروەردەیی نوێ بۆ مەنهەج ئەوەیە کە دەڵێت: بریتییە لە گشت ئەو ئەزموونە پەروەردەیییانەی کە قوتابخانە مەبەستێتی و پلانی بۆ داڕێژاون بۆ ئەوەی لە هەموو ڕوویەکەوە پەرە بە هەموو قوتابییان بدات (الأسدی، 2021، ل 1-3).

مەنهەجی کۆن لەسەر بنەمای کۆنی پەروەردەیی دامەزراوە کە مامۆستا تێیدا سەنتەرە. لە ئەم جۆرە پەروەردەدا بایەخ بە لە بەرکردنی بابەتەکان و حەقیقەت و چەمک و بنەماکانی ناوی دەدرێت. ئەم جۆرە لە پەروەردە ماوەیەکی زۆر باو بووە، تەنانەت ئێستاش زۆرێک لە مامۆستایان پەیڕەوی دەکەن، کە تێیدا ڕۆڵی مامۆستا تەنیا بایەخدانە بە لایەنی مەعریفی و مامۆستا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ زانیارییەکان بە زیهنی قوتابییەکانی دەگەیەنێت. لە مەنهەجی کۆندا زۆر جار لایەنی پراکتیزەکردن فەرامۆش دەکرێت، شێوازی وانەگوتنەوەکەش تەڵقینی و لەبەرکردنە، مەنهەجەکەش تژییە لەبابەتی خوێندن. ئەمە جگە لەوەی ئەم مەنهەجە قوتابخانە یان ناوەندی خوێندن لە کۆمەڵگە و کێشەکانی دادەبڕێت.

بەڵام مەنهەجی نوێی خوێندن کە لەسەر بنەمای بیری فەیلەسوفە پەروەردەییەکان و ئەزموونی پەروەردیارەکان دامەزراوە، هەر لە ناو پۆل و هۆڵەکانی خوێندن یان حوجرەدا قەتیس ناخوات، بەڵکو لایەنی کارامەیی و ویژدانی و کولتووری و دەروونی و کۆمەڵایەتی و هونەری و مەعریفی قوتابیش پێکەوە ڕەچاو دەکات و ڕێگای وانەگوتنەوەی جۆراوجۆر و تەکنۆلۆژیای پەروەردە و فێرکردن و زیرەکی دەستکردیش بەکار دەهێنێت و قوتابیش دەکات بە سەنتەر.

مه‌نهه‌جی نوێ وه‌ك مه‌نهه‌جی كۆن جێگیر و چه‌سپاو نییه‌ و ته‌نیا له‌لایه‌ن پسپۆڕانی ئه‌و زانسته‌وه‌ دانه‌نراوه‌ كه‌ ده‌خوێنرێت، هه‌روه‌ها بایه‌خ به‌ له‌به‌ركردن و ته‌ڵقین و زاڵبوون به‌سه‌ر قوتابیدا نادات. مه‌نهه‌جه‌كه‌ لەلایەن گرووپێک لە پسپۆڕانی زانست و پەروەردە و دەروونزانییەوە لەسەر بنەمایەکی فەلسەفیی دانراوە و ئامانجی ئەوەیە گەشە بە کەسێتی قوتابی بدات و سەرچاوەی جۆراوجۆر بخاتە بەردەستی و بە شێوازی نوێی وانەگوتنەوە بابەتەکانی بۆ ڕوون بکاتەوە و بە شێوەیەکی دیموکراسییانە و نەرم و نیان هەڵسوکەوتی پەروەردەیی لەگەڵدا بکات و بیکات بە کەسێکی ئەرێنی و دانەبڕاو لە واقیع (الأسدی، 2021، ل 1-3) ئەمەش مەنهەج لە مانا تەسکە کۆنەکەی دەباتە دەرەوە کە تەنیا بریتی بێت لە پرۆگرامێک کە چەند کتێبێک لەخۆ دەگرێت وەک لە مەنهەجە کۆنەکەدا دەیبینین. مەنهەجی نوێ بەردەوام خۆی ئەبدەیت دەکاتەوە، تەنها لە خوێندنی پەرتووکدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو لە کۆمەڵە ئەزموون و چالاکییەکی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و هونەری و وەرزشی پێکدێت لەلایەن ناوەندی خوێندنەوە پلانڕێژی بۆ کراوە و قوتابی لە دەرەوە یان ناوەوەی خوێندنگەکەی دەیخوێنێت (القیسی، 2018، ل 39 – 41).

ئەگەر لە ڕوانگەی کۆنی و تازەییەوە، مەنهەجی حوجرە و ناوەندەکانی خوێندنی ئایینی لە کوردستان هەڵبسەنگێنین، دەگەین بەوەی مەنهەجەکە بەگشتی کۆنە و مامۆستا تێیدا سەنتەرە و پشت بە پرۆگرامێکی دیاریکراو دەبەستێت و بەشێوەیەکی تەڵقینی بە فەقێکان یان قوتابییەکانی دەوترێتەوە و مامۆستاو پرۆگرام تیایدا سەنتەرن ئەمەش ” گوزارشت لە تێڕوانینێکی کلاسیکییانە دەکات کە پێداگیری لە وانەگوتنەوەیەکی ترادسیۆنی یان سوننەتی دەکات، کە تێیدا مامۆستا لە ڕێگەی پرۆگرامە گشتییەکانەوە وانە بە خوێندکاران دەڵێتەوە بەبێ ئەوەی خوێندکاران هیچ ڕۆڵێک لەو پرۆسەیەدا ببینن. بەداڕشتنەوەیەکی دیکە ئەم تیۆرییە کلاسیکییانە، خوێندکار وەکو ئۆبێکت دەبینن نەک وەکو سوبێکت (بکەر)” (سەعید، 2022، ل 42)، بۆیە خوێندکار هیچ ڕۆڵێکی پێنەدراوە ئەوە نەبێت گوێگرێکی باش بێت بۆ مامۆستا (بکەر) هەروەک لە خوێندنی حوجرەکاندا دەیبینین، ئەمەش وادەکات گوێگر بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی لا دروست نەبێت وەک ئەوەی لەمەنهەجی خوێندنی حوجرەکاندا هەیە کە خوێندکار/ فەقێ بۆی نییە هیچ ڕەخنەیەکی لە ئەو کتێبە بگرێت کە مامۆستا/ مەلا پێی دەڵێتەوە، تەنانەت لە هەندێک باردا فەقێ بەچاوی پیرۆزییەوە سەیری ماددەکە دەکات و زاتی ئەوە ناکات هیچ قسەیەک لەسەر قسەی ئەو زانا ئایینی و ئیمامانە بکات کە ناویان لە کتێبە مەنهەجییەکانیدا هاتووە وەک بڵێی قسەی ئەوان سەنگی مەحەکە و هیچ بوارێکی بۆ ڕەخنەگرتن نەهێشتووەتەوە، بۆیە شێوازی کلاسیکییەی وانەگوتنەوە کە جێگەیەکی بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و ڕەخنە بەگشتی تێدا نییە و وەک پیرۆز سەیری مەنهەج دەکات، پێویستی بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی هەیە.

کەواتە مەنهەج ڕێگایەکە بۆ گەیاندنی زانیاری لە مامۆستاوە بۆ قوتابی بەڕوونی. مەنهەجی نوێ تەنیا لەسەر ڕێگا کۆنەکەی وانەگوتنەوە ناڕوات بەڵکو چەند ڕێٍگایەکی نوێ بەکاردەهێنێت لەگەڵ تەکنۆلۆژیای زانیاری کە هاوکاری مامۆستایە لە گەیاندنی مەنهەجدا. کەچی لەمەنهەجی کۆندا مامۆستا هەوڵدەدات بەشێوازێکی تەڵقین ئاسا بابەتەکان بئاخنێتە مێشکی قوتابیەوە و ئەویش لەبەریان بکات و دواتر بۆ مامۆستای بڵێتەوە. بەڵام لە مەنهەجی نوێدا قوتابی سەنتەرە و بایەخ بە لایەنی بایۆلۆژی و دەروونی و کەسێتی و دەوروبەری و حەز و خولیاکانی دەدرێت. سەرەڕای ئەوانەش مەنهەجی نوێ شێوازی وانەگوتنەوەی جۆراوجۆر بەکاردەهێنێت و بەردەوامیش خۆی نوێ دەکاتەوە و پەرە بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دەدات کە لەمەنهەجە کۆنەکەدا نییە.

ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: مێژووی حوجره‌ی ئیسلامی نه‌ریتی

      مێژووی قوتابخانه‌ی ئیسلامی – به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ – بۆ سه‌ره‌تای دابه‌زینی سروش (وحی) بۆ پێغه‌مبه‌ر محمد (د.خ) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ماڵی (ئه‌رقه‌می كوڕی ئه‌رقه‌م) هه‌بوو کە تێیدا پێغەمبەر ئەو ژمارە کەمەی خەڵکی کۆ دەکردەوە کە بڕوایان پێی هێنا بوو تا پەیامی ئیسلامیان بۆ ڕوون بکاتەوە. پاشان مزگەوتی (قباء) دامەزراو لەوێ موسڵمانان ڕاستەوخۆ لە پێغەمبەرەکەیانەوە فێری دەستوورەکانی ئایینی ئیسلام دەبوون کە پشتی بە قورئان وەک کتێبێکی ئاسمانی دەبەست. هەروەها ئیمام (محەممەدی کوڕی سەحنون) باسی لەوە کردووە لە سەردەمی خەلیفەکانی ڕاشیدیندا هەندێک قوتابخانە (کتاتیب) بۆ لەبەرکردنی قورئان و فێربوونی زانستەکان هەبوون. لە شاری مەدینەش قوتابخانەیەک بەناوی (دار القرآ‌ن) بۆ لەبەرکردنی ئایەتەکان هەبووە. لەدوای دەستپێکردنی فتوحاتی ئیسلامیش کەتاتیبەکان زیاتر دیارو فراوان بوون و چەند قوتابخانەیەک لە بەسرە و کوفەو فوستات و قەیرەوان کرانەوە و لەسەدەی سێیەم و چوارەمی کۆچیدا گەیشتنە ترۆپک. لە سەردەمی عەبباسییەکانیشدا بایەخێکی زۆر بە خوێندن درا و چەند مزگەوتێک دامەزران کە هاوکات قوتابخانەش بوون، لەوانە مزگەوتی (المنصور) لە بەغداد و چەند مزگەوتێکی دیکەی هاوشێوە لە کوفەو بەسرە. لەناو ئەو مزگەوتانەشدا بازنەی زانستی هەبووە کە چەندین زانستی ئایینی و زمانەوانی و گەردوونناسی و بیرکاری و پزیشکی و…هتد خوێنراوە.

سەبارەت بە مێژووی قوتابخانە ئایینییەکان لە کوردستان، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کاتێک فتوحاتی ئیسلامی لە سەردەمی (عومەری کوڕی خەتتاب)دا بە سەرکردایەتی (عیازی کوڕی غەنەم) گەیشتە کوردستان و کوردەکان موسڵمان بوون، چەند مزگەوتێک دامەزران و بوون بە هەوێنی دامەزراوە پەروەردەییەکان. خۆ ئەگەر بەدڵنیایییەوە (جابانی کوردی) کورد بێت، ئەوا مانای وایە کوردەکان پێش ساڵی (18)ی کۆچی پەیوەندییان بە ئیسلامەوە کردووە (البرواری، 2013، ل 564 – 567) . کە دەڵێین (ئەگەر جابانی کوردی کورد بێت) ڕەچاوی ئەوە دەکەین لە هەندێک سەرچاوەی ئیسلامیدا بە (جابان الصردی) ناوی هاتووە و (الصرد)یش ناوی شوێنێکە (العسقلانی، 1995، ل 540). بەڵام سەرچاوەی دیکەش هەیە لە کوردبوونی ئەم هاوەڵەی پێغەمبەر دەدوێت و دەڵێت: وشەی (الصردی) لە (الکردی)یەوە وەرگیراوە و (ک)ی وشەکە گۆڕاوە بە (ص)، ئەگەر شوێنێک هەبووایە بەناوی (الصرد) ئەوا (یاقوتی حەمەوی) لە کتێبەکەیدا بەناوی (معجم البلدان) باسی دەکرد، بەڵام هیچ شوێنێکی بە ئەو ناوە باس نەکردووە، وەلێ ناوی یەکێک لە گوندەکانی هەمەدانی بەناوی (سَرْدَرۆذ) هێناوە. ئەو سەرچاوە دەڵێت: ڕەنگە (صردی) لە (سردی)یەوە وەرگیرابێت و نیسبەت بێت بۆ (سردروذ) کە ناوی گوندێکە (الهسنیانی، 2018، ل 90).

به‌هه‌ر حاڵ، ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه‌ گرنگه‌ مێژووی خوێندنی ئایینیی ئیسلامیی‌ له‌ كوردستان كه‌ گومانی تێدا نییه‌ له‌مزگه‌وت و حوجره‌كانه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ سه‌ره‌تای هاتنی ئیسلامه‌وه‌ بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ – به‌كوردستانیشه‌وه‌ – ده‌ستی پێكردووه‌. تاوه‌كو ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌میش مزگه‌وت و حوجره‌ ڕۆڵێكی باڵایان له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی خوێنده‌واری و پێگه‌یاندنی زانای ئایینی و ئه‌دیب و ڕۆشنبیری كورددا به‌گشتی هه‌بووه‌ (قادر، 2023، ل 122).

       نووسه‌ری دیاری كورد (حه‌مه‌ كه‌ریم هه‌ورامی) كه‌ خۆیشی سه‌رده‌مانێك فه‌قێ بووه‌، ڕه‌گ و ڕیشه‌ی مێژوویی حوجره‌ی فه‌قێ – وه‌ك به‌شێك له‌ قوتابخانه‌ی ئیسلامی – بۆ ئه‌و (كتاتیب)انه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می ئومه‌ویه‌كاندا په‌یدا بوون. سه‌ره‌تای په‌یدا بوونی حوجره‌ش به‌نده‌ به‌ مزگه‌وته‌وه‌، چونكه‌ مزگه‌وت له‌كۆنه‌وه‌ له‌پاڵ ڕۆڵه‌ ئایینییه‌كه‌ی، ڕۆڵی فێرگه‌یشی گێڕاوه‌، ئه‌م ڕۆڵه‌ی دوایی مزگه‌وت له‌ كوردستاندا، بۆ یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن ئه‌میرێكی ئه‌تابه‌گییه‌وه‌ به‌ناوی (ئه‌با مه‌نسوور سه‌رفه‌ته‌كین) به‌مزگه‌وت دراوه‌.

      هه‌ندێك سه‌رچاوه‌یش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن (خدری كوڕی نه‌سری كوڕی عوقه‌یل) كه‌ له‌ساڵی (487)ی كۆچی به‌رانبه‌ر (1085)ی زایینی له‌دایك بووه‌، له‌ به‌غدا له‌سه‌ر ده‌ستی زانا ئایینییه‌ شافیعی مه‌زهه‌به‌كان خوێندوویه‌تی، پاشان هاتووه‌ته‌ هه‌ولێر و ئه‌میری ناوبراو مزگه‌وتێكی بۆ بنیات ناوه‌ تا وانه‌ی تێدا بڵێته‌وه‌، مزگه‌وته‌كه‌ش به‌ناوی باپیری ئه‌و مه‌لاوه‌ ناوی (مزگه‌وتی عوقه‌یلی) لێده‌نرێت، له‌دوای مردنی مه‌لا خدر، نه‌وه‌كانی له‌مزگه‌وته‌كه‌دا وانه‌یان گوتووه‌ته‌وه‌.

       هه‌ر له‌سه‌ر ڕێبازی باوكی مه‌نسوور، سوڵتان (موزه‌فه‌ره‌دینی گوگبوری) كه‌ له‌ نێوان ساڵانی  (586-630ك/1190-1232ز) ژیاوه‌، بایه‌خی به‌ حوجره‌ داوه‌ و مه‌نهه‌جی خوێندنی قوتابخانه‌ ئایینییه‌كانی به‌غدادی هێناوه‌ته‌ هه‌ولێر. ئه‌مه‌ش دوو شتمان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه‌؛ یه‌كه‌م، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌لاخدر هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی مه‌زهه‌بی شافیعییه‌ له‌كوردستان. دووه‌م، ئه‌وه‌یه‌ ته‌مه‌نی حوجره‌ی فه‌قێ له‌كوردستاندا بۆ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی شه‌شه‌می كۆچی، به‌رانبه‌ر سه‌ده‌ی یازده‌یه‌می زایینی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ئه‌و پێڕه‌وه‌ی فه‌قێ له‌حوجره‌كانی سه‌ر به‌ مزگه‌وتدا له‌سه‌ری ڕۆشتووه‌ زیاتر كتێب بووه‌، زۆربه‌ی كتێبه‌كانیش به‌زمانی عه‌ره‌بی بوون، هه‌ندێك كتێبی فارسیشیان تێدا بووه‌. كتێبه‌ مه‌نهه‌جییه‌كانیش له‌ حوجره‌یه‌كه‌وه‌ بۆ حوجره‌یه‌كی دیكه‌ و له‌ ده‌ڤه‌رێكه‌وه‌ بۆ ده‌ڤه‌رێكی دیكه‌ جیاوازییان تێدا بووه‌ (هه‌ورامی، 2008، ل 271- 277، 278، 279). به‌ڵام له‌ڕاستیدا مێژووی بنیاتنانی یه‌كه‌م حوجره‌ له‌كوردستاندا ڕوون نییه‌، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی گومانه‌ كه‌ مه‌لا خدر بۆ یه‌كه‌مجار حوجره‌ی له‌ هه‌ولێر كردبێته‌وه‌، چونكه‌ پێش ئه‌و چه‌ندین زانای گه‌وره‌ی شاره‌زووری له‌كوردستاندا هه‌بوون، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ زۆر بوون ڕۆشتوون بۆ شاره‌ ئیسلامییه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك به‌غدا و له‌وێ وانه‌یان گوتووه‌ته‌وه‌، بۆ نموونه‌ (ئه‌بوبه‌كری كوڕی ئه‌حمه‌دی شاره‌زووریی) كه‌ له‌ ساڵی (298)ی كۆچی به‌رانبه‌ر (910)ی زانینی كۆچی دوایی كردووه‌، له‌ به‌غداد مامۆستا بووه‌. دیاره‌ ئه‌م زانا ئایینییه‌ شاره‌زوورییه‌ و زاناكانی دیكه‌ی شاره‌زوور هه‌موویان له‌به‌غدا و ده‌ره‌وه‌ی كوردستاندا هه‌ڵنه‌تۆقیون، به‌ڵكو پێشتر له‌ زێدی كوردان خوێندویانه‌و دواتر بۆ شارو ناوچه‌كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ڕۆشتوون (قه‌ره‌داغی، 2009، ل 20).

 له‌ حوجره‌كانی كوردستاندا چه‌ندین فه‌قێی خه‌ڵكی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیش هه‌بوون، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ حوجره‌كانی كوردستان ناوبانگی باشیان له‌جیهانی ئیسلامیدا هه‌بووه‌. هه‌ر له‌ جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیشدا چه‌ندین زانای ئایینی گه‌وره‌ی كوردی وه‌ك موفتی پێشووی عێراق مامۆستا مه‌لا (عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕڕیس) و چه‌ندین گەورەزانا (علامة‌)ی وه‌ك (مه‌لا ئه‌بوبه‌كری موسه‌ننیفی چۆڕی) و (قزڵجی) و (زه‌هاوی) هه‌بوون كه‌ ده‌رچووی حوجره‌كانی كوردستان بوون و له‌ناوچه‌ عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌كاندا وه‌ك موفتی و قازی كاریان كردووه‌ و به‌ناوبانگ بوون، ته‌نانه‌ت “مه‌لای كورد گه‌یشتووه‌ته‌ شه‌نگهای له‌ چین و بوخاراو سه‌مه‌رقه‌ند و هیندو مه‌راكیش و ئه‌فریقا، جگه‌ له‌ میسرو شام  و حیجازو وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست” (عه‌لیاوه‌یی، 2013، ل ج).

            هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له‌ (هه‌ڵه‌بجه‌) و (هه‌ورامان) به‌شێك بوون له‌هه‌رێمی شاره‌زووری ئه‌وكات، ده‌یان زانا و خامه‌ به‌ده‌ستیان پێگه‌یاندووه‌ و له‌شاره‌كانی (موسل، هه‌ولێر، شام و میسر) بوون به‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی دیاری ئایینی و زانستیی، به‌ڵام زانیاری پێویست سه‌باره‌ت به‌ فێربوونی سه‌ره‌تاییان یان پێشینه‌ی خوێندنیان زۆر نییه‌، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه‌ به‌هۆی بایه‌خدانی زیاتری مێژوونووسان به‌ شه‌ڕو شۆڕه‌وه‌ بووبێت نه‌ك بزاوتی  زانستی، ئه‌و زانیارییانه‌یشی سه‌باره‌ت به‌ زانایانی شاره‌زوور له‌به‌رده‌ستدان لێره‌ و له‌وێ مێژوونووسانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی و گه‌ڕیده‌كان و ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كان نووسیویانه‌، بۆ نموونه‌ مێژوو نووس و جوگرافیناسی دیاری ئیسلامیی (یاقوتی حه‌مه‌وی) له‌ كتێبی (معجم البلدان)دا هێمای بۆ خوێنده‌وار و قازی و فه‌قیهه‌ گه‌وره‌كانی شاره‌زوور كردووه‌، له‌به‌ر زۆری ژماره‌یشیان نه‌یتوانوه‌ ناوی هه‌موویان بهێنێت. هه‌روه‌ها ئیمام  (ئه‌بو حامیدی غه‌زالی) دانی به‌وه‌دا ناوه‌ ئایینی ئیسلام له‌سه‌ر سێ دینگه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ كه‌ (ده‌ینه‌وه‌ری، ئامێدی و شاره‌زوور)ن ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ مێژوووی خوێندنی ئایینی له‌كوردستاندا كۆنه‌ (قادر، 2023، ل 123، 125) و هه‌ر له‌كۆنیشه‌وه‌ مه‌نهه‌جێك دانراوه‌ كه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و به‌پێی تێپه‌ڕینی كات هه‌ندێك گۆڕانكاریشیان تیادا كراوه‌.

                 له‌ كۆندا، له‌ سیستمی خوێندنی حوجره‌دا، یاسایه‌كی نووسراوی كۆنكریتی نه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت تاقیكردنه‌وه‌ش نه‌بووه‌ یان زۆر كه‌م بووه‌. له‌بری تاقیكردنه‌وه‌ موناقه‌شه‌و دیبه‌یتی زانستی هه‌بووه‌ له‌نێوان فه‌قێكاندا، به‌تایبه‌تی له‌شه‌وانی  سێشه‌ممه‌ و هه‌ینی و له‌ ئه‌و كاتانه‌ی فه‌قێی حوجره‌كان سه‌ردانی یه‌كترییان كردووه‌، ئه‌مه‌ش سوودی زۆر به‌فه‌قێكان گه‌یاندووه‌، ئه‌وه‌ی موناقه‌شه‌ی له‌سه‌ر بكرایه‌ تا مردن له‌بیر نه‌ده‌چووه‌وه‌ (عه‌لیاوه‌یی، 2003، ل 39، 40). شێوازی خوێندن له‌ حوجره‌كانی ئیسلامی نه‌ریتیدا به‌پێی مه‌نهه‌جه‌ كۆنه‌كه‌ مامۆستا سه‌نته‌ری بووه‌، به‌ڵام چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌بووه‌ كه‌ جیاوازن له‌خوێندن له‌ قوتابخانه‌ فه‌رمییه‌كانی میری، تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیش له‌م خاڵانه‌دا ده‌رده‌كه‌ون (به‌رزنجی، 2007، ل 9):

  • مه‌رج نییه‌ فه‌قێ له‌منداڵییه‌وه‌ ده‌ست به‌خوێندن بكات.
  • مه‌رج نییه‌ له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا، له‌ته‌مه‌نێكی دیاریكراودا، قۆناغه‌كان ببڕێت و ته‌واویان بكات.
  • كه‌وتن و مانه‌وه‌ی فه‌قێ له‌قۆناغێكدا وه‌ك سیستمی قوتابخانه‌ی میری نییه‌.
  • مه‌رج نییه‌ فه‌قێ مه‌ڵبه‌ندی خوێندنی لێوه‌ نزیك بێت، به‌ڵكو هه‌ر له‌ سوخته‌ییه‌وه‌ ئه‌م شوێن و ئه‌و شوێن ده‌كات.
  • خوێندن له‌ حوجره‌دا وه‌كو حوێندنی قوتابیانی قوتابخانه‌ی میری ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی نییه‌.
  • به‌زۆری فه‌قێ له‌ هه‌ڵبژاردنی مامۆستادا ئازاده‌.
  • ئه‌و هه‌موو ڕێنماییه‌ی له‌ قوتابخانه‌ی میریدا هه‌ن، له‌حوجره‌دان كه‌من.

ته‌وه‌ری دووه‌م:

مه‌نهه‌جی حوجره‌ی ئیسلامی نه‌ریتی

      مه‌نهه‌جی خوێندنی حوجره‌ی نه‌ریتی له‌ كۆمه‌ڵه‌ كتێبێك پێكدێت كه‌ مه‌رج نییه‌ فه‌قێ تا ئه‌و كاته‌ی مۆڵه‌تی مه‌لایه‌تی (الإجازة العلمیة‌) وه‌رده‌گرێت هه‌موویان بخوێنێت، مۆڵه‌ته‌كه‌ش وه‌ك بڕوانامه‌ی زانكۆ وایه‌، بریتییه‌ له‌ نووسراوێك كه‌ ناوی مه‌لای تازه‌و هه‌موو ئه‌و مه‌لایانه‌ی پێشووی تیایه‌ كه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌ك مۆڵه‌تیان به‌یه‌كتر داوه‌، ئه‌مه‌ش دیكۆمێنتێكی گرنگه‌ و ڕه‌سه‌نایه‌تی خوێندنه‌كه‌ ده‌رده‌خات. كتێبه‌كانیش به‌سه‌ر ئه‌م قۆناغانه‌ی خواره‌وه‌دا دابه‌ش كراون:

  • قۆناغی یه‌كه‌م، كوتابی – قوتابی
  • قۆناغی دووه‌م، سوخته‌یی
  • قۆناغی سێیه‌م، ناسكه‌ موسته‌عید (مقدمات)
  • قۆناغی چواره‌م، موسته‌عیدی ته‌واو
  • قۆناغی پێنجه‌م، دوا ماده‌كان (المواد الأخیرة)

       هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌م قۆناغانه‌ ژماره‌یه‌ك كتێبی بۆ دانراوه‌ كه‌ به‌مشێوه‌ی خواره‌وه‌ به‌سه‌ر قۆناغه‌كاندا دابه‌ش ده‌بن:

  • قۆناغی یه‌كه‌م، كوتابی

      قوتابی حوجره‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ (سیپاره‌)ه‌وه‌ ده‌ستی پێده‌كرد كه‌ بۆ ناسینی پیته‌كان به‌كارده‌هات، دواتر ده‌چووه‌ سه‌ر خوێندنی قورئانی پیرۆز و له‌ جوزئی (عَمَّ)ه‌وه‌ ده‌ستی پێده‌كرد، هاوكات مه‌رج بوو ورده‌ كتێبه‌كانی وه‌ك: (لوغه‌تنامه‌ی ئه‌حمه‌دی، ئیسماعیل نامه‌، باغه‌بان، سه‌نگتراش، نان و ماست، ناگه‌هان، بیاداود، گولستان و بوستان) بخوێنێت، به‌ڵام ئه‌م ورده‌ كتێبانه‌ له‌ حوجره‌كانی ده‌ڤه‌رێكه‌وه‌ بۆ ده‌ڤه‌رێكی دیكه‌ یان له‌ حوجره‌یه‌كه‌وه‌ بۆ حوجره‌یه‌كی دیكه‌ جیاواز بوون و مه‌رجیش نه‌بووه‌ سوخته‌ هه‌موویان ته‌واو بكات.

قۆناغی دووه‌م، سوخته‌یی

       ده‌رچووانی قۆناغی یه‌كه‌م كه‌ ده‌هاتنه‌ قۆناغی دووه‌م به‌ (سوخته‌) ناوده‌بران و ئه‌م كتێبانه‌یان ده‌خوێند: (عه‌وامیلی جورجانی، عه‌واملی بوركه‌وی، كتێبی فتح القریب له‌ فیقهی شافیعی، كتێبی سه‌عدوڵڵای گه‌وره‌، كتێبی سه‌عدوڵڵای بچووك، كتێبی أنموذج، كتێبی شرح مغني المحتاج، كتێبی عوامل الدواني، كتێبی إظهاری مه‌لا حه‌سه‌ن، كتێبی مراح الأرواح، كتێبی مقصود، كتێبی بنا‌ء، كتێبی إظهار البركوي، كتێبی منوب، كتێبی فعل سعد الله، كتێبی الصمدیة، كتێبی تصریف مه‌لا عه‌لی و قزڵجی و قه‌ره‌باخی، كتێبی الاستعارة‌، كتێبی الوضع).

  • قۆناغی سێیه‌م، ناسكه‌ موسته‌عید

سه‌ره‌تای ئه‌م قۆناغه‌ به‌ كتێبی (جامی) ده‌ستپێده‌كات و پاشان ده‌بوایه‌ هه‌ر له‌و قۆناغه‌دا ئه‌م بابه‌تانه‌ش ته‌واو بكات: (كتێبی الفتاوی/ قول أحمد، كتێبی عبدالله یزدي، كتێبی شرح الشمسیة‌ ومغني الطلاب، كتێبی السیوطي وأبو طالب، كتێبی الشافیة‌ وسلم المنطق).

  • قۆناغی چواره‌م، موسته‌عیدی ته‌واو

     كتێبه‌ دیاریكراوه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ بریتین له‌ (كتێبی شرح المنهج له‌ فیقهی شافیعی، كتێبی البیضاوی، كتێبی المدارك، كتێبی البخاري، كتێبی تحفة‌ المحتاج فی شرح المنهاج، كتێبی الفرائض، كتێبی گلنبوی ئاداب به‌شه‌رحی (پێنجوێنی و قه‌ره‌داغی)، كتێبی (رسالة‌ في المذهب الحنفي، كتێبی قوشچی له‌باره‌ی الوضع، كتێبی عصام الدین له‌باره‌ی زانستی ڕوونبێژی، كتێبی كمال الدین له‌باره‌ی زانستی سه‌رف، كتێبی سه‌ید عه‌بدوڵڵا، كتێبی إرشاد العباد إلی سبیل الرشاد، كتێبی ریاض الصالحین كه‌ فه‌رمووده‌یه‌، كتێبی منهاج الطالبین، كتێبی فتح المعین).

  • قۆناغی پێنجه‌م، دواماده‌كان

      ئه‌مه‌ دوایین قۆناغه‌كانی مه‌لایه‌تییه‌، دوای ئه‌مه‌ مه‌لا مۆڵه‌تی زانستی وه‌رده‌گرت، له‌م قۆناغه‌دا ئه‌م كتێبانه‌ی ده‌خوێند: (شرح الشمسیة‌ له‌گه‌ڵ حاشیه‌كه‌ی، گلنبوی برهان، شرح العقائد، كتێبی (میر أبو الفتح)، كتێبی جلال الدین الدواني، كتێبی المطول، كتێبی جمع الجوامع، كتێبی القاضی مع تعلیقات لاری، تهذیب الكلام، كتێبی التشریح، شرح الجغمیني، خلاصة الحساب، الأسطرلاب، ربع المجیب والمقنطر، أشكال التأسیس، شرح المطالع، شرح المواقف، شرح المقاصد، شرح الطوالع، التلویح  و مختصر المنتهی).

به‌گشتی خوێندنی حوجره‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایی (25) ساڵی پێچووه‌ و به‌خۆڕاییش بووه‌، به‌ڵام مه‌رج نه‌بووه‌ فه‌قێ له‌ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌دا هه‌موو ئه‌و كتێبانه‌ی ناومان بردن بخوێنێت، هه‌روه‌ها هه‌موو حوجره‌كان هه‌مان مه‌نهه‌جیان نه‌بوو، به‌ڵكو مه‌نهه‌جه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و كتێبانه‌یان له‌خۆیان ده‌گرت كه‌ ناومان بردن، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ندێك حوجره‌ هه‌ندێك كتێب خوێنراوه‌، له‌ حوجره‌یه‌كی دیكه‌ نه‌خوێنراوه‌، ئێستاش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ ماوه‌ته‌وه‌ ( به‌رزنجی، 2007، ل 10- 15، 41).

له‌كۆندا به‌گشتی فه‌قێ هه‌ر له‌یه‌ك حوجره‌ و له‌یه‌ك ده‌ڤه‌ر و لای یه‌ك مامۆستا نه‌یخوێندووه‌، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی زانستی زیاتر و ئه‌زموونی جۆراوجۆرتر وه‌ربگرێت، له‌چه‌ند حوجره‌یه‌كدا خوێندوویه‌تی، له‌و پێناوه‌شدا له‌ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ر گه‌شتی كردووه‌، به‌و هۆیه‌یشه‌وه‌ زمان و دیالێكتی جۆراوجۆر فێر بووه‌ و دنیابینی و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی فراوان بووه‌. فه‌قێ  هه‌بووه‌ باوكی مه‌لا بووه‌ و حوجره‌ی هه‌بووه‌، به‌ڵام هه‌ندێك كتێبی له‌حوجره‌كه‌ی باوكی خوێندووه‌ و پاشان به‌حوجره‌كانی دیكه‌دا گه‌ڕاوه‌، ئه‌م نه‌ریتی گه‌ڕان به‌دوای حوجره‌ی باشترو مامۆستای باشتره‌دا تا ئه‌مڕۆش په‌یڕه‌و ده‌كرێت ” له‌ناو مه‌لاو فه‌قێیان ده‌زاندرا كام مه‌لا له‌و عیلمه‌دا باڵاده‌سته‌ بۆیه‌ فه‌قێ شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كرد ئه‌و كتێبه‌ی لای فڵان مامۆستا خوێندووه‌ كه‌ له‌و عیلمه‌دا زۆر شاره‌زا بووه‌، بۆ عیلمێكی تر چوه‌ته‌ لای مامۆستایه‌كی تر كه‌ ئه‌ویش له‌و بواره‌دا ناوی هه‌بووه‌. كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پڕ بوه‌ له‌ مه‌دره‌سه‌و زانایانی گه‌وره‌و ناودار كه‌ له‌ زرۆبه‌ی وڵاتانی ئیسلامییه‌وه‌ ڕوویان تێكردوونه‌… له‌ بوخاراو سه‌مه‌رقه‌نده‌وه‌ هاتوون بۆ خوێندن. واته‌ فه‌قێ به‌ئازادی هات و چۆی كردوه‌و به‌ ئازادی شوێنی خوێندنی خۆی هه‌ڵبژاردووه‌ و ئازادیش بوه‌ له‌وه‌ی چ ده‌خوێنێ، به‌مه‌رجێ مامۆستاكه‌ی ڕازبی بێ” (عه‌لیاوه‌یی، 2003، ل. ب.ج).

هه‌روه‌ها فه‌قێ ئازاد بووه‌ له‌وه‌ی ڕیزبه‌ندی كتێبه‌ مه‌نهه‌جییه‌كان تێكبدات، كتێبه‌كانیش به‌سه‌ر دوازه‌ عیلمدا دابه‌ش ده‌بوون كه‌بریتین له‌ ( النحو، الصرف، البلاغة‌، الفقه، أصول الفقه، المنطق، الآداب، الكلام، الفلسفة‌، الهیئة‌ والفلك، الریاضیات والهندسة‌، فقه اللغة‌) ئه‌مانه‌ دوازه‌ عیلمه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی حوجره‌ بوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا (زانستی پزیشكی، زانستی كیمیا، ڕاڤه‌ی قورئان، فه‌رمووده‌ناسی)ش خوێنراوه‌. له‌ بواری ئه‌ده‌بدا كێشناسی شیعر (علم العروض) و ئه‌ده‌بیاتی كوردی و عه‌ره‌بی و فارسیش خوێنراوه‌ (البرواري، 2013، ل 568).

ڕیزبه‌ندیی و ژماره‌ی دوازده‌ عیلمه‌كه‌ش جێگیر نییه‌ و زیادو كه‌میان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ناو كورده‌واریدا هه‌ر دوازده‌ عیلمه‌كه‌ به‌ناوبانگ بوون، ئه‌گه‌رنا له‌ چه‌رخی (12-14)ی كۆچیدا نزیكه‌ی (24) عیلم بووون. هه‌ندێك له‌وانه‌ عه‌ره‌بی بوون، هه‌ندێكی دیكه‌یان له‌ بێگانه‌وه‌ له‌سه‌رده‌می عه‌بباسییه‌كاندا وه‌رگیراون و وه‌رگێڕدراون. دوازده‌ زانسته‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ش ئه‌مانه‌ن:

  • علم الآداب والمناظرة
  • علم المعاني والبلاغة
  • علم الصرف والاشتقاق
  • علم النحو والإعراب
  • علم الوضع
  • علم البدیع
  • علم البیان والاستعارات والمجاز
  • علم أصول الفقه
  • علم الفقه والمیراپ والشریعه‌
  • علم الكلام والعقائد
  • علم التفسیر
  • علم الحدیث

ئه‌و عیلمانه‌یشی له‌ نا مسوڵمانه‌كانه‌وه‌ وه‌رگیراون ئه‌مانه‌ن:

  • علم المنطق والمیزان والفلسفة‌
  • علم الحكمة‌ والطبیعیات
  • علم العناصر
  • علم الإلهیات
  • علم الهندسه‌ والمقیاس
  • علم الحساب والجبر
  • علم الریاضیات والأفلاك
  • علم العروض
  • علم الخط والإنشا‌ء
  • علم معرفة‌ المیقات والأوقات وفصول السنة والقنوات
  • علم الكف والرمل والأكاسیر
  • علم القیافة‌ والخراسة‌ والتشریح
  • علم الطب

        به‌ڵام فه‌قێ هه‌موو ئه‌م عیلمانه‌ی نه‌خوێندووه‌. هه‌ر فه‌قێیه‌كیش به‌ڕاده‌ی زیره‌كی و ئه‌و مه‌نهه‌جه‌ی خوێندوویه‌تی، پێ به‌پێ به‌ په‌یژه‌ی زانستدا سه‌ركه‌وتووه‌ و به‌ ئه‌ندازه‌ی زانینه‌كه‌ی ناوی لێنراوه‌، هه‌ر له‌ئه‌مه‌شه‌وه‌ جۆره‌كانی مه‌لا په‌یدا بوون كه‌ بریتین له‌:

  • مه‌لای هه‌ره‌چاك
  • مه‌لای چاك
  • مه‌لای تێگه‌یشتوو زیره‌ك
  • كۆلكه‌ مه‌لا
  • گۆلكه‌ مه‌لا

        ئه‌ركی هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌م مه‌لایانه‌ش له‌ حوجره‌كان و كۆمه‌ڵگه‌دا دیاریكراو بوو، بۆ نموونه‌: مه‌لا هه‌ره‌چاكه‌كان ده‌یانتوانی مۆڵه‌تی مه‌لایه‌تی به‌ ئه‌و فه‌قێیانه‌ بده‌ن كه‌ دوا ماده‌كانیان ده‌خوێند. ئه‌م مه‌لایانه‌ له‌لای پیاوی گه‌وره‌و خانه‌دان ڕێزی تایبه‌تییان هه‌بوو، له‌دوایان ده‌گه‌ڕان بیانكه‌ن به‌ مه‌لاو خزمه‌تیان بكه‌ن. ئه‌مانه‌ مه‌لای دوازده‌ عیلم بوون، پێیشان گوتراوه‌ مه‌لای (ابن الحجر) و حوجره‌كانیشیان له‌ (30) فه‌قێ كه‌متری لێنه‌بووه‌ (عه‌لیاوه‌یی، 2003، ل 93).

          له‌حوجره‌ نه‌ریتییه‌كاندا له‌پاڵ خوێندنی ئه‌و زانستانه‌دا، فیقهی مه‌زهه‌به‌كانی دیكه‌ی جگه‌ له‌ مه‌زهه‌بی شافیعی خوێنراوه‌، بۆ نموونه‌ له‌ مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فی (الدر المختار) و حاشیه‌كه‌ی به‌ناوی (رد المحتار) خوێنراوه‌ كه‌ به‌ حاشیه‌ی (ابن عابدین) ناسراوه‌. هه‌روه‌ها له‌ مه‌زهه‌بی (حه‌نبه‌لی) كتێبی (المغني) خوێنراوه‌. له‌مه‌زهه‌بی (مالیكی)ش كتبێبی (مواهب الجلیل شرح مختصر خلیل) خوێنراوه‌ (البرواري، 2013، ل 575)

شێوه‌ی خوێندن له‌حوجره‌كانی ئیسلامی نه‌ریتیدا له‌ حوجره‌یه‌كه‌وه‌ بۆ حوجره‌یه‌كی دیكه‌ گۆڕاوه‌، له‌هه‌ندێكیاندا ته‌نیا وانه‌ ئایینییه‌كان خوێندراون، له‌هه‌ندێكی دیكه‌یان فه‌قێكان په‌روه‌رده‌ی ڕۆحی و عیرفانی كراون وه‌ك له‌ (حوجره‌ی خانه‌قابی بیاره‌)دا هه‌بووه‌ هه‌یه‌. هه‌روه‌ها فه‌قێكان له‌ناو خۆیاندا پرسیاریان له‌یه‌ك ده‌كرد و بابه‌ته‌ ئایینییه‌كانیان تاوتوێ ده‌كرد، له‌ڕووی جلوبه‌رگیشه‌وه‌ فه‌قێكان پۆشاكی كوردییان له‌به‌ر ده‌كرد و ئێستاش هه‌روایه‌.

      كه‌واته‌ زانست و بواره‌ مه‌عریفییه‌كان له‌ مه‌نهه‌جی حوجره‌كانی ئیسلامی نه‌ریتیدا جۆراوجۆر بوون، فه‌قێكانیش هه‌ر به‌ خوێندنه‌وه‌ سه‌رقاڵ نه‌بوون، زۆرجار خۆیان به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاته‌وه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌ و شیعریان داناوه‌ و شه‌ڕه‌ شیعریان كردووه‌. هه‌ندێك جاریش یاری كورده‌وارییان كردووه‌، له‌وانه‌ : (فڕی فڕی قه‌ل فڕی، گه‌نم گه‌نم، كڵاو فڕكێنه‌..تاد) “. (زه‌ڵمی، 2014، ل 53)، به‌ڵام ئێستا هه‌موو ئه‌و یاریانه‌ ناكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و یارییانه‌ نه‌فه‌وتێن، پێویسته‌ وه‌ك كه‌له‌پورێكی میللی  و به‌شێك له‌ فۆلكلۆری كوردی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌وه‌ بكرێت. هه‌روه‌ها به‌شێك له‌ ئه‌و زانست و كتێبانه‌ی له‌حوجره‌كانی كۆندا خوێندراون، ئێستا ناخوێندرێن و قۆناغه‌كانی خوێندنیش حوجره‌ش له‌هه‌ندێك حوجره‌ گۆڕانكارییان تێدا كراوه‌، وه‌ك له‌م خشته‌ی خواره‌وه‌ ده‌یبینین كه‌ له‌ (8) قۆناغ پێكدێت و له‌لایه‌ن حوجره‌ی مزگه‌وت و خانه‌قای بیاره‌وه‌ بۆمان نێردراوه‌. له‌ حوجره‌ی ناوبراو، پێش ئه‌وه‌ی سوخته‌یه‌ك بچێته‌ ناو قۆناغه‌كانی خوێندنی حوجره‌وه‌، ده‌بێت قوتابییه‌كه‌ قورئانی پیرۆز ته‌واو بكات و به‌مشێوه‌ی خواره‌وه‌ش قۆناغه‌كان ببڕێت :

 

 

قۆناغی یه‌كه‌م

 

1-     كتاب الأحمدية وهو قاموس عربي كردي بالنظم للشيخ معروف النودهي، العوامل للجرجاني
2-     الآجرومية
3-     كتاب البناء في علم الصرف
4-     تصريف الزنجاني
5-     أيها الولد للإمام الغزالي
6-     حفظ جزء عم
قۆناغی دووه‌م 1-     الأنموذج في النحو
2-     عقيدة العوام أو جوهرة التوحيد
3-     هداية المستفيد في علم التجويد
4-     متن الغاية والتقريب (فتح القريب) في الفقه الشافعي
5-     حفظ جزء (تبارك) مع تفسير الجلالين
قۆناغی سێیه‌م 1-     الإظهار للعلامة البركوي
2-     تصريف الملا علي الأشنوي
3-     المنظومة البيقونية في مصطلح الحديث
4-     رسائل العرفان في الصرف والنحو والوضع والبيان للشيخ عبد الكريم المدرس
5-     المنهاج للإمام النووي (العبادات)
6-     متن الجزرية في التجويد
قۆناغی چواره‌م 1-     الفوائد الضيائية لمولانا عبد الرحمن الجامي
2-     المنهاج للإمام النووي (المعاملات)
3-     تفسير النسفي (الجزء الأول)
4-     مباحث في علم القرآن
5-     العقيدة الطحاوية
قۆناغی پێنجه‌م 1-     البهجة المرضية أو شرح ألفية ابن عقيل
2-     شرح شافية ابن الحاجب
3-     نزهة النظر شرح نخبة الفكر
4-     المنهاج (النكاح والطلاق)
5-     تفسير النسفي (الجزء الثاني)
6-     رياض الصالحين
7-     شرح الرحبية في علم الفرائض

 

قۆناغی شه‌شه‌م 1-     مغني الطلاب شرح إيساغوجي. حاشية عبدالله يزدي على المنطق.
2-     آداب البحث والمناظرة، د.محمد محيي الدين عبد الحميد
3-     كلنبوي آداب مع حاشية البينجويني
4-     المقالات في المقولات للشيخ عبد الكريم المدرس
5-     شرح المنهج (العبادات) وتفسير النسفي (ألجزء الثالث)
قۆناغی حه‌وته‌م 1-     شرح العقائد النسفية للتفتازاني
2-     مختصر المعاني أو منزل المباني شرح الأقصى الأماني للقاضي زكريا
3-     شرح المنهج (المعاملات)
4-     فتح المغيث شرح ألفية الحديث للحافظ العراقي
5-     تفسير البيضاوي (الجزء الأول)
قۆناغی هه‌شته‌م 1-     جمع الجوامع بشرح المحلي
2-     كتاب (النكاح والطلاق) من تحفة ابن حجر
3-     أجزاء من صحيح البخاري ومسلم – كتابة البحث
4-     تفسير البيضاوي ( الجزء الثاني)
5-     القواعد الفقهية

    هه‌روه‌ها مه‌نهه‌جی خوێندن له‌ حوجره‌ی (به‌حركه‌)  له‌ (3) قۆناغ پێك دێت، به‌ڵام پێش ئه‌وانه‌ پێویسته‌ قوتابی قورئان ته‌واو بكات و به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ قۆناغه‌كان ببڕێت:

 

 

 

 

 

 

 

قۆناغی یه‌كه‌م (سوخته‌)

1-     كتاب الأحمدية، للشيخ معروف النودهي، وهو عبارة عن قاموس صغير (عربي – كردي)، وإذا كان الطالب متقدماً في مراحل الدراسة الأكاديمية قد لا يطالب بهذا الكتاب.
2-     العوامل الجرجانية للشيخ عبدالقاهر الجرجاني)، (الآجرومية للإمام الصنهاجي)، (الأنموذج للإمام الزمخشري)، (الإظهار للعلامة البركوي)، جميعها في علم النحو.
3-     كتاب متن الغاية والتقريب، في الفقه.
4-     الأربعين النووية) في أحاديث رسول الله -صلى الله عليه وسلم- يفضل حفظه.
5-     كتاب (البناء) و (تصريف الزنجاني للشيخ إبراهيم الزنجاني) و (تصريف ملا علي للعلاّمة الأشنوي)، أو (شرح التفتازاني على تصريف العزي) بدلا من تصريف ملا علي، وكل هذه الكتب في علم الصرف.
6-     رسالة الاستعارة والوضع لملا أبي بكر المير روستمي) في علم البلاغة والوضع.
7-     الفقه المنهجي في الفقه على مذهب الإمام الشافعي)، تمت إضافتها في الآونة الأخيرة، أو كتاب (إعانة الطالبين)، يفضل قرائتهما.
8-     (الصمدية) في علم النحو، أو (قطر الندى)، يفضل قرائتهما.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

قۆناغی دووه‌م ( فه‌قێ)

1-     (جوهرة التوحيد) أو(عقيدة العوام) أو (بدأ الأمالي) في العقيدة.
2-     الفوائد الضيائية للعلامة عبدالرحمن الجامي).
3-     البهجة المرضية للإمام السيوطي)، أو (شرح ابن عقيل على ألفية الإمام مالك).
4-     (سيد عبدالله) أو (كمال) كلاهما شرح شافية ابن الحاجب في علم الصرف.
5-     مغني الطلاب)، أو (حسامكاتي)، كلاهما شرح (إيساغوجي)، أو (الأساس في المنطق).
6-     (طلنبوي آداب) أو (آداب البحث والمناظرة) لمحمد محي الدين عبدالحميد.
7-     المنهاج للإمام النووي في الفقه على مذهب الإمام الشافعي.
8-     شرح الرحبية في الفرائض.
9-     في علم الحديث: (شرح الإمام السيوطي على ألفية الحافظ العراقي)، أو (التقريب والتيسير للإمام النووي) أو (نزهة النظر شرح نخبة الفكر كلاهما للحافظ ابن حجر العسقلاني) أو (رحمة المغيث في علم الحديث) تأليف الشيخ ملا طاهر البحركي.
10-  قسم الفرائض في كتاب (شرح المنهج للشيخ زكريا الأنصاري).
11-  شرح ورقات إمام الحرمين لجلال الدين المحلي.
12-  (رياض الصالحين) للإمام النووي في أحاديث رسول الله صلى الله عليه وسلم.
 

 

 

 

 

قۆناغی كۆتایی(موسته‌عید)

علم أصول الفقه للشيخ (عبدالوهّاب خلاّف).
رسائل الرحمة في المنطق والحكمة للشيخ عبدالكريم المدرس، أو (شرح عبدالله اليزدي على تهذيب المنطق) في المنطق.
شرح العقائد النسفية للعلامة التفتازاني.
مختصر المعاني في البلاغة للعلاّمة التفتازاني.
الكافي في العروض والقوافي)، أو (ميزان الذهب) في علم العروض.
جمع الجوامع) في أصول الفقه، أو (لب الأصول) مع شرحه غاية الوصول لشيخ الإسلام زكريا الأنصاري.
كتاب (الطلاق) وكتاب (النكاح) من (تحفة المحتاج) للشيخ ابن حجر الهيتمي.
تفسير سورة (الفاتحة) و (الكهف) و (يس) من تفسير الإمام البيضاوي أو مدارك التنزيل للإمام النسفي.
أجزاء من (صحيح البخاري) أو (صحيح مسلم).
قديماً كان الطلاب يقرأون كتاب (تهذيب الكلام)، و(مغني اللبيب)، و(شرح الشمسية)، (إيضاح المناسك للإمام النووي) لكن الآن قلت الهمم.

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌كۆندا، خوێندن له‌ حوجره‌كاندا هه‌ر له‌ سێ قۆناغ پێكهاتووه‌، به‌ڵام ئێستا له‌ هه‌ندێك حوجره‌ گۆڕانكاری له‌ قۆناغه‌كاندا كراوه‌ و بووه‌ به‌ هه‌شت قۆناغ وه‌ك بینیمان. له‌كۆن و له‌ ئێستاشدا كاتێك فه‌قێ قۆناغێك ته‌واو ده‌كات، وانه‌ی به‌ ئه‌و فه‌قێیانه‌ ده‌گوته‌وه‌ كه‌ له‌قۆناغی خوارترن (البشدري، 2022، ل 443-444) ئه‌مه‌ش ده‌بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی حوجره‌كان كێشه‌ی كه‌می مامۆستایان نه‌بێت و فه‌قێی وانه‌بێژیش به‌باشی له‌ زانسته‌كان بگات.

هه‌روه‌ها (وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی) مه‌نهه‌جێكی بۆ حوجره‌كانی ئیسلامی نه‌ریتی داناوه‌ و له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕێنماییه‌كدا له‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی فه‌رمیشدا بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ (وقائع كوردستان، 2021، ل 21) به‌ڵام تا ئێستا هه‌موو حوجره‌كان له‌سه‌ر ئه‌م مه‌نهه‌جه‌ ناڕۆن كه‌ به‌مشێوه‌ی خواره‌وه‌یه‌و من به‌بێ هیچ گۆڕانكارییه‌ك دایده‌نێم، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵه‌ی زمان و ڕێنووس و نووسینی ناوی كتێبه‌كانی تێدایه‌:

خوێندنی فه‌قێیان له‌ حوجره‌ ده‌ست پێده‌كات به‌ خوێندنی قورئانی پیرۆز، كۆتایی دێت به‌ (بحث التخرج). خوێندنه‌كه‌ش به‌مشێوه‌ی خواره‌وه‌ قۆناغ به‌قۆناغ له‌ ئه‌م خشته‌یه‌دا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌وه‌ دانراوه‌،  به‌ڵام له‌خشته‌كه‌دا چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌ك له‌نووسینی ناوی كتێبه‌كاندا هه‌یه‌ و ئێمه‌ وه‌ك خۆیان ده‌یاننوسین:

ژ  كتابی خوێندن ده‌قی مه‌نهه‌ج
1. ختم القرآن الكريم القرآن الكريم  

 

 

    بخوێندرێ بۆ ماوه‌ی (2) ساڵ

قۆناغی یه‌كه‌م

2. أحمد  لغة
3. عوامل جرجاني _ بركوي، اجرومية نحو
4. بناء، تصريف زنجاني صرف
5. أنموذج نحو
6. فتح القريب فقه
7. رياض الصالحين تزكية وموعظة
8. إظهار نحو
9. تصريف ملا علي صرف
10. هداية المستفيد او ما يعادلها تجويد
11. استعارة، كوردولوجي بيان
12. ملا جامي نحو
13. تيسير مصطلح الحديث، الأربعين النووية مع الحفظ علوم الحديث طحاوي
14. مغني الطلاب منطق  

    بخوێندرێ بۆ ماوه‌ی (2) ساڵ

قۆناغی دووه‌م

15. فقه السيرة، إدارة المساجد محمد رمضان البوطي
16. ابن عقيل نحو
17. متن المنهاج فقه
18. شرح الرحبية، قسم الفرائض من كتاب شرح المنهج فرائض
19. سيد عبدالله، حقوق الإنسان في الإسلام صرف، بحث
20. رسالة في علوم القرآن، أحمد عادل كمال، مانع القطان البرهان في علوم القرآن
21. عبدالملك السعدي، شرح العقائد النسفية عقائد
22. مختصر المعاني، علم النفس التربوي بلاغة (البيان، معان، بديع)
23. جمع الجوامع، الورقات أصول الفقه  

   بخوێندرێ بۆ ماوه‌ی (2) ساڵ

قۆناغی كۆتایی

24. جزء من صفوة التفسير، مدارك، بيضاوي مع حفظ ثلاثة أجزاء من القرآن الكريم تفسير القرآن
25. ئه‌ده‌ب و مێژوو ڕێزمانی كوردی الثقافة الكوردية
26. فن الخطابة دعوة
27. مقاصد الشريعة لطاهر عاشور فقه
28. فقه المقارن، أدلة الأحكام فقه
29. مقارنة الأديان، بحث تخرج الحديث

          له ‌كۆتایی ئه‌م ته‌وه‌ره‌دا ده‌گه‌ین به‌وه‌ی بۆچوونی جیاواز سه‌باره‌ت به‌ مێژووی حوجره‌ی نه‌ریتی هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌موو ڕایه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن خوێندنی حوجره‌ مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها مه‌نهه‌جی خوێندنه‌كه‌یش  به‌سه‌ر چه‌ند قۆناغێكدا دابه‌ش ده‌بێت، هه‌ر قۆناغێكیش كۆمه‌ڵه‌ كتێبێك له‌خۆ ده‌گرێت، به‌ڵام هه‌م كتێبه‌كان و هه‌میش قۆناغه‌كان له‌حوجره‌یه‌كه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی دیكه‌ جیاوازی و لێكچوونی هه‌یه‌.

      خوێندن له‌ حوجره‌ له‌سه‌ر بنه‌مای مامۆستا سه‌نته‌رییه‌ و پشت به‌ شێوازی ته‌ڵقینی و وه‌رگرتن و هه‌ندێكجار له‌به‌ر كردن و گوتنه‌وه‌ ده‌به‌ستێت. مه‌نهه‌جه‌كه‌ش هه‌ر له‌كۆنه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ گۆڕانكاییه‌كی ئه‌وتۆی تێدا نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌یشی كراوه‌ بریتییه‌ له‌ لابردنی چه‌ند كێتبێك و دانانی چه‌ند كتێبێكی دیكه‌ له‌شوێنی، هه‌ندێك زانست و كتێبی لابراون و هیچ له‌شوێنیان دانه‌نراوه‌، بۆ نموونه‌: له‌كۆندا ئه‌م كتێبانه‌ خوێندراون: (شرح الشمسیة‌، خلاصة‌ الحساب، شرح الطوالع، التلویح، مختصر المنتهی، تهذیب الكلام، مغنی اللبیب، شرح الشمسیة، إیضاح المناسك للإمام النووي …تد) به‌ڵام ئێستا ناخوێنرێن. هه‌ندێك كتێبی دیكه‌ش هه‌ن وه‌ك (عوامل الجرجاني، عوامل البركوي، فتح القریب، ریاض الصالحین و فتح القریب) كه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆش ده‌خوێنرێت.

 

ئه‌نجامه‌كان

  • مه‌نهه‌جی حوجره‌و ناوه‌نده‌كانی خوێندنی ئایینی ئیسلامی نه‌ریتی به‌گشتی كۆنن و پشت به‌ شێوازی ته‌ڵقینی ده‌به‌ستن، بۆیه‌ پێویستییان به‌ پێداچوونه‌وه‌ و چاودێری هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شێوازی وانه‌گوتنه‌وه‌ بگۆڕن و به‌ واقیعه‌وه‌ ببه‌سترێنه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌ زانستییه‌كان و شێوازه‌كانی وانه‌گوتنه‌وه‌ی سه‌رده‌مدا هه‌ڵبكه‌ن.
  • مێژووی یه‌كه‌م حوجره‌ی ئیسلامی نه‌ریتی له‌كوردستاندا ڕوون نییه‌ و شاره‌زایان بۆچوونی جیاوازیان له‌سه‌ری هه‌یه‌.
  • به‌درێَژایی مێژووی حوجره‌كان، هه‌ندێك گۆڕانكاری له‌ مه‌نهه‌جدا ڕوویانداوه‌، به‌ڵام گۆڕانكارییه‌كی شه‌كڵی بووه‌ و ته‌نیا له‌ لابردنی كتێبێكی مه‌نهه‌جی و خوێندنی كتێبێكی دیكه‌دا كورت بووه‌ته‌وه‌.
  • به‌به‌راورد به‌ ڕابردوو، گۆڕانكاری تاڕادده‌یه‌ك به‌رچاو له‌ ئه‌و مه‌نهه‌جی حوجره‌دا ده‌بینین، به‌تایبه‌تی ئه‌و مه‌نهه‌جه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بۆ حوجره‌كانی ناردووه‌، به‌ڵام گشت حوجره‌كان په‌یڕه‌وی مه‌نهه‌جه‌ی ئه‌وقاف ناكه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی مه‌نهه‌جه‌كه‌ی ئه‌وقافیشدا كه‌موكوڕی هه‌یه‌.
  • مه‌نهه‌جی حوجره‌كانی ئیسلامی نه‌ریتی له‌ڕووی زمان و نه‌ته‌وه‌وه‌و میانڕه‌وی و پێكه‌وه‌ژیانه‌وه‌ خزمه‌تێكی زۆریان به‌ كورد و كوردستان كردووه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌ی جیاواز و زانستی عه‌قڵییان تێدا خوێندراوه‌ و سه‌رچاوه‌ی مادی و مه‌عنه‌وییان ناوخۆیی بووه‌.
  • هه‌ندێك له‌ ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی ئاراسته‌ی حوجره‌كانی ئیسلامی نه‌ریتی كراون دروستن و هه‌ندێكی دیكه‌یان نادروستن و زیاده‌ڕه‌ووییان تێدایه‌ و ڕه‌خنه‌ی بابه‌تی نین.
  • خوێندنی مه‌نهه‌جی حوجره‌كانی ئیسلامی نه‌ریتی جاران ماوه‌یه‌كی زۆری خایاندووه‌ و به‌ (20) تا (25) ساڵ ته‌واو كراوه‌. هه‌روه‌ها له‌حوجره‌دا زیاتر له‌ دوازده‌ عیلم هه‌بوون، به‌ڵام فه‌قێیه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به‌ مه‌لا تا دوازده‌ عیلمی خوێندووه‌، بۆیه‌ پێیانگوتووه‌ مه‌لای دوازده‌ عیلم، به‌ڵام له‌ ئه‌مڕۆدا مه‌رج نییه‌ مه‌لایه‌ك تا ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رده‌گرێت ئه‌و دوازده‌ عیلمه‌ش بخوێنێت.
  • خوێندنی زانسته‌ عه‌قڵییه‌كان له‌حوجره‌كانی ئیسلامی نه‌ریتی زیاتر هه‌وێنی میانڕه‌وی و پێكه‌وه‌ ژیان بووه‌.
  • مه‌نهه‌جی حوجره‌كانی كوردستان به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ واقیع ئه‌مڕۆی كوردستان و گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌مدا گونجاو نین، چونكه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ تیایدا خوێندراون گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین تێگه‌یشتنی جیاواز و بابه‌تی نوێی زانستیش هه‌ن كه‌ له‌حوجره‌كاندانین.

سه‌رچاوه‌و ژێده‌ره‌كان

به‌زمانی كوردی

یه‌كه‌م: كتێب

– به‌رزنجی، عومه‌ر شێخ له‌تیف (2007)، ره‌وشی حوجره‌ له‌ پێگه‌یاندنی زانا ئایینییه‌كانی شاری هه‌ولێر، هه‌ولێر: چاپخانه‌ی مناره‌.

– زه‌ڵمی، مسته‌فا (2014)، كاروانی ژیانم، به‌رگی یه‌كه‌م 1924-1955.

– عه‌لیاوه‌یی، مه‌لا محه‌مه‌د عه‌لی (2003)، ژیانی فه‌قێیاتی له‌ كوردستاندا له‌سه‌ده‌ی 13 و 14ی كۆچیدا.

– قه‌ره‌داغی، محه‌مه‌د عه‌لی (2009)، دیفاعێك له‌ خوێندن و له‌ حوجره‌كانی كوردستاندا: سلێمانی، ناوه‌ندی ئارا.

– نظام الدین، فاضل (2007)، فه‌رهه‌نگی شیرین، چ4، سلێمانی: ده‌زگای سه‌رده‌م.

– هه‌ورامی، حه‌مه‌ كه‌ریم (2008)، مێژووی په‌روره‌رده‌و خوێندن له‌ حوجره‌كانی كوردستاندا، به‌رگی یه‌كه‌م، هه‌ولێر: چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری.

دووه‌م: نامه‌ی ئه‌كادیمی

-قادر، لقمان محمد (2023)، پێگه‌ی شێخانی نه‌قشبه‌ندی له‌ هه‌ورامان و هه‌ڵه‌بجه‌ (1918- 1958)، ماسته‌رنامه‌، زانكۆی سڵێمانی، كۆلێجی زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان، به‌شی مێژوو.

سێیه‌م: ئینته‌رنێت

-سه‌عید، فایه‌ق (2022)، دیداكتیكی تیۆری له‌ قۆناغی پێشخوێندگه‌وه‌ بۆ زانكۆ، كتێبی یه‌كه‌م، دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌یی فام.

-وه‌قایعی كوردستان (2021)، رێنمایی ژماره‌ ( 2)ی ساڵی (2021) رێنمایی كردنه‌وه‌ی حوجره‌ی فه‌قێیان ڕێكه‌وتی سه‌ردانیكردنی: (20/ 9/ 2023):

https://drive.google.com/file/d/18GmdQmRPixo7OwCfUJnAde-lbmMeLOBk/view?pli=1

 به‌زمانی عه‌ره‌بی

یه‌كه‌م: كتێب

– ابن منظور (1999)، لسان العرب، ط3، لبنان: دار إحیا‌ء التراث العربي.

– القیسي، ماجد أیوب ( 2018)، المناهج وطرائق التدریس، عمان، دار أمجد للنشر والتوزیع.

– الهسنیاني، دحام إبراهیم (2018) سیرة الصحابی جابان الكردي وابنه التابعی میمون وروایاتهما، أربیل: مكتب التفسیر.

دووه‌م: گۆڤاری زانستی

-البرواري، زكي ملا حسین (2013) الحاله‌ العلمیة ودور المساجد المدرسیة‌ فی كوردستان العراق، المؤتمر الدولي للعلوم الإسلامیة‌ بین المدارس التقلیدیة والكلیات الدینیة‌ المعاصرة‌، جامعة‌ بنكول.

-البشدري، عابد أحمد، مدرسة بیارة ودورها العلمي في كردستان العراق 1307- 1400هـ، مجلة كلیة‌ العلوم الإسلامیة‌، العدد (70)، 30 حزیران 2023م.

سێیه‌م: ئینته‌رنێت:

-الأسدي، نعمة‌ (2021)، مفهوم المنهج، تاریخ الزیارة‌: (18، 8، 2023):

https://www.researchgate.net/publication/348691531_mfhwm_almnhj.

Send this to a friend