مێژووی ئێرانی مۆدێرن
خوێندەوەی بارام مەجید خان
یەرەواند ئابراهامیان بۆ خەڵکی ئێران ناوێکی ئاشنایە بە کتێبی ئێران لەنێوان دوو شۆڕشدا. ئێرانی و ئەرمەنی نەژادە. لە ساڵی ١٩٤٠ لە تاران هاتووەتە دنیا. لە لەندەن لە ساڵی ١٩٦٣ و لە زانکۆی ئۆکسفۆرد ماستەری لە مێژووی ئەورووپا بەدەست هێناوە. پاشان لە زانکۆی کۆڵۆمبیا ماستەری دووەم و بڕوانامەی دکتۆرای لە ساڵی ١٩٦٩ بەدەست هێناوە. لە ڕووی فیکرییەوە خۆی بە سۆشیالدیموکرات دەزانێ. ڕوانگەیەکی نیۆمارکسیستی بۆ هەڵسەنگاندنی مێژووی ئێران هەیە. لە لێکۆڵینەوەی مێژووی هاوچەرخی ئێران، لەگەڵ حیزبی تودەی ئێران هاودڵی نیشان دەدات. نووسینەکانی زیاتر لەژێر کاریگەریی خەباتی سیاسیی خۆی ئەنجام داوە. لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە مێژووی قاجار و هاوکێشەکانی، سەرنجی زۆرێک لە بیریاران بەلای خۆیدا کەمەندکێش دەکات. پرسیاری سەرەکیی ئابراهامیان لە مێژووی هاوچەرخ ئەوەیە کە بۆ لە ئێران، لە ماوەی یەک سەدەدا دوو شۆڕشی گەورە ڕوویان دا؟ ململانێ و کێشمەکێشی نێوان سەڵتەنەت و مەرجەعیەت لە ئێران و ڕەگوڕیشەکانی ئەم ململانێیە بە شێوازیکی ورد و ئەکادیمیانە دەخاتە ڕوو.
نووسینەکانی زیاتر بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەکاتەوە[1]. ئەبراهامیان لە نووسینەکانیدا خوازیارە تیشک بخاتە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران لەگەڵ دیاردەی مۆدێرنیزمدا. هەلومەرجی ئێرانی سەردەمی شاکانی قاجار لە چ ئاستێکدا بوو کە ئێران باوەشی بۆ مۆدێرنیزم کردەوە؟ و ئەو گرفتانە چی بوون لە میللەت و دامەزراوە فەرمییەکانی ئێران ڕووبەڕووی دەبوونەوە؟ مێژووی ئێرانی هاوچەرخ یەکێکە لەو کتێبە دەگمەنانەی کە بە دیدێکی مێژوویی و ئەم ڕووداوانە لێک دەداتەوە و بە شێوەیەکی گشتی تیشک دەخاتە سەر ڕووداوەکان. ئاسۆی گۆڕانکارییەکانی داهاتووش، لەم لێکۆڵینەوەیەدا بەڕوونی بەدیار دەکەون.
بابەتەکانی ئەم کتێبە بۆ سەر شەش بەشی سەرەکی دابەش دەبن، کە هەنگاوبەهەنگاو دەمانباتە ناو بابەتە گرنگەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران.
- پاشاکانی ستەمکاری: دەوڵەت و کۆمەڵگا لە سەردەمی قاجاردا. ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و سەرەداوەکانی کێشە حکومی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران دەخاتە ڕوو. هەیکەلی حوکمڕانیی سیاسی لە ئێرانی سەردەمی قاجار و تەکنەلۆژیای ئەو سەردەم و بنەماکانی کۆمەڵگای ئێران. هەروەها باس لەسەر هێزی ئایینی و پێکهاتەی عەشایری و کولتووری لە ئێران. هەوەها شەڕەکانی ئێران و ڕووس کە کاریگەریی لەسەر ڕووداوەکانی داهاتوو دانا. ئێران لەم شەڕانەدا لەپڕ و لەناکاو ڕووبەڕووی ڕۆژئاوایەکی پێشکەوتوو بوونەوە. ئێرانیش خەونی پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینی. ئێرانییەکان خۆیان لەگەڵ ڕۆژئاوا هەڵدەسەنگاند، هەمووان بەشوێن ڕێگایەکدا دەگەڕان بۆ ئەوەی ڕێڕەوی پێشکەوتن بدۆزنەوە. ئەمە شۆکی یەکەم بوو کە بەر جەستەی ئێران کەوت. پرسیاری سەرەکیی ئەبراهامیان ئەوەیە کە لەم بەرەوپێشچوونەی ئێرانییەکان بەرەو مۆدێرنیزم، چەند قۆناغیان بڕیوە و ڕووبەڕووی چەند کێشە و گرفت بوونەتەوە. ئێران لەم قۆناغەدا ڕووبەڕووی دەوڵەتێکی هەژار بوویەوە، هاوکات هەژاری لەسەر هەموو ئاستەکان بەناو کۆمەڵگادا بڵاو بووەوە و دەستی کۆمپانیاکانی بێگانەی لە وڵات کردەوە.
- ڕیفۆرم و شۆڕش: باس لە گرنگترین ڕووداوی سەدەی نۆزدەی ئێران دەکات، ئەویش شۆڕشی مەشرووتەیە. ڕەگوڕیشەکانی و شەڕەکانی ناوخۆ و ململانێی نێوان حکومەت و پیاوانی ئایینی. لەدایکبوونی پەرلەمانی ئێران و سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی شای ئێران و کێشە و ململانێکانی ناو شاری تاران و لەدایکبوونی یەکەم شۆڕشی مێژووی هاوچەرخی ئێران. کۆتاییەکانی سەردەمی قاجار لەگەڵ ئەوەدا کە مەشرووتەخوازەکان باڵادەستیی خۆیان سەپاند، بەڵام کێشە و گرفتەکان لەبن نەدەهاتن و تا دەهات ئاشووب و فیتنە سەرتاسەری وڵاتی داگیر دەکرد. دەستتێوەردانەکانی فەڕەنسا و ئینگلیز و ڕووسەکان ڕۆژبەڕۆژ ڕووی لە زیادبوون دەکرد. زەمینەی دەرکەوتنی ڕەزا خان و کودەتای بەسەر شۆڕشدا، بەوردی باسی لێوە کراوە.
- سیاسەت و دەستی پۆڵایینی ڕەزا شا: دیاردەی دەستتێوەردانی وڵاتانی كۆڵۆنیاڵی و کودەتای ڕەزا خان و بەلاڕێدابردنی شۆڕشی مەشرووتە و بونیاتنانی ئێرانی دوای شۆڕش. ڕەزا خان پێشوازیی لە سیستمی مۆدێرنی جیهانی کرد و چاکسازییەکانی بە سوپا و یەکخستنەوەی دەستی پێ کرد و توانیی دەسەڵاتی سەرۆکهۆزەکان لەناو بەرێت. هەنگاونان بۆ بونیاتنانی دامەزراوەی فەرمی و پێشکەوتووی حکومی و جێگیرکردنی شیوازێکی نوێ لە حوکمڕانیی وڵات. چاککردنی ڕێگاوبانەکان و ڕێگای شەمەنەفەر و دامەزراندنی کارگە و چاکسازیی ئابووری. هاوکات پەنجەرەکانی ئێرانی بەرامبەر ڕۆژئاوا کردەوە و هەموو دیاردەکانی مۆدێرنیزمی وەک جادەی پان و پارک و جلوبەرگی ڕۆژئاوایی کردەوە. پڕۆژەی مۆدێرنیزم لە ئێران دوو ڕوخساری هەبوو: یەکەمیان مۆدێرنیزمی مەشرووتە، کە لە هێزە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرچاوەی دەگرت. دووەم: مۆدێرنیزمی ڕەزا خانی کە پشتبەستوو بوو بە دوو کۆڵەکەی سوپا و بێرۆکراسی کە بە بەکارهێنی هێز جێبەجێی دەکرد. سەرەنجام پڕۆژەی مۆدێرنیزمی ڕەزا خانی توانیی بەسەر پڕۆژەی مەشرووتەدا سەر بکەوێت.
- دەورانی نەتەوەپەرستی و ناسیۆنالیزم: گیڕانەوەی سەردەمی ناسیۆنالیستیی ئێران و ڕووداوەکانی دکتۆر محەمەدی موسەدیق و ڕۆڵ و کاریگەریی حیزبی تودەی ئێران لە مێژووی هاوچەرخدا. ململانێکانی دەسەڵات و کەسایەتییە کاریگەرەکانی ئەم قۆناغە، بەتایبەت کەسایەتیی تەیمورتاش کە بەکرداری ڕۆڵ و کاریگەریی زۆری هەبوو. ڕۆحی نەتەوەپەرەستیی ئێران و ئەو ئومێدەی ڕووناکبیران و ڕۆشنبیرەکان لەم قۆناغەدا، جێگای سەرنجە.
- شۆڕشی سپیی (ئیسڵاحاتی ئەرزی) محەمەد ڕەزا شا و دەورانی بەڕێوەبردنی وڵات و هەڵسوکەوتەکانی ئەو سەردەمەی ئێران. حیزبی رەستاخیز لەلایەن شای ئێران دامەزرا و یەکەم هەنگاوی دەستبردن بوو بۆ هەندی چاکسازی لە سیستمی کشتوکاڵیی ئێران و چارەسەرکردنی کێشەی یاسای زەویوزار لە ئێران. نەوت و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی و دەرهاویشتەکانی؛ هێزگەلی سیاسیی زۆری لێ کەوتەوە کە دژایەتیی سیاسەتەکانی شای ئێرانیان دەکرد، کە بەرجەستەترینیان پارتی چەپڕەوی تودەی ئێران بوو.
- کۆماری ئیسلامیی ئێران: جێگیرکردنی دەستوور بۆ ئێران و حکومەتی بەهێز لە ئێران: شۆڕشی دووەم لە مێژووی ئێراندا لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ بەرجەستە بوو. بونیاتی ئەم شۆڕشە لەسەر بنەمای کێشە کەڵەکەبووەکانی سەد ساڵی ڕابردووی ئێران و ئەو کێشە و ململانێیانەی لەنێوان دەسەڵاتی دینی و هێزە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن هێزە سیاسییە چەپڕەوەکانی و میللی مەزهەبییەکانی ئێران ڕوویان دا. ئەبراهامیان لە سەرەتای ئەم باسەدا کلیلی باسەکە بە دەقێکی بیرمەندی گەورەی فەڕەنسا ئالکسی دوتۆکۆڤیل دەبەستێت کە: “شۆڕشەکان هەمیشە حکومەتی بەهێزتر بونیات دەنێن”…
[1] بەشیك لە نووسینەکانی: ١. ایران بین دو انقلاب، ٢. تاریخ ایران مدرن، ٣. کودتا، ٤. خمینیسم (مقالاتی دربارە جمهوری اسلامی)، ٥. اسلام رادیکال، ٦. اعترافات شکنجە شدگان، ٧. مردم در سیاست ایران، ٨. مقالاتی در جامحە شناسی ایران، ٩. انارشیسم در انقلاب روسیە، ١٠. یک انارشیست امریکایی و …