مێژووی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا
تاریخ ڕوابط ایران و امریکا
جان قەزوینییان
ئامادەکردنی: ئێرانناسی
قەزوینیان ناوێکی دیاری بواری ئێرانناسییە، مێژووی پەیوەندی ئێران و ئەمریکا بابەتی لێکۆڵینەوەی ئەم پەڕتووکە بە نرخەیە، کە لێکۆڵینەوەیەکی درێژە پەردە لەسەر بابەتی ئێران- ئەمریکا لادەبات و زۆر شتی نەگوتراوی تێدایە، لەگەڵ ئەوەی قەزوینییان لە ئەمریکا دەژی، بەڵام بە ڕادەیەکی باش هەوڵی داوە ئێران و کێشەکانی بێلایەن ببینێت و داهاتووی ئێرانێشی لێ دیاربێت.
ئەو پێی وایە؛ “هەموو حیکایەتێک لەسەرەتاوە دەستپێدەکات، بۆ تێگەیشتن لە حیکایەتی ئێران دەبێت لە کۆتاوە دەستپێبکەین، ئەو چرکەساتەی خەنجەرەکان لە کێلان دێنە دەر و نەعرەتەکان بەرزتر دەبن و توڕەیی دەگاتە ئاستی باڵا و عاشقەکانیش بەڕێی خۆیاندا دەڕۆن” بەڵێ ئێران ئەو حیکایەتەیە کە دەبێت لە کۆتاوە بیخوێنینەوە، لە ماوەی چل و شەش ساڵی ڕابردوو کە پەیوەندی ئێران و ئەمریکا تێکچووە، شەڕی درێژخایەنی وشەکان دژی یەکتر بەردەوامە، نزیکەی نیو سەدەیە گشت بە شوێن تاوانبار و بێتاواندا دەگەڕێن.
جان قەزوینییان کاتێک سەرنج دەخاتە سەر ئێران و تواناکانی لە پشتی پەردەوە ئەو پەیامە ڕادەست دەکات، کە بۆچی بەو هەموو پوتانسێڵە زۆرەی کە ئێران خاوەنیەتی، بەڵام هێشتا پێگەی خۆی لە مێژوودا بۆ نادۆزرێتەو؟ ئێران خەرمانێکی ترە لەو ئاگرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هیچ کات نەکوژاوەتەوە!
ئێران لە ڕووی دانیشتوان و ڕووبەری خاک و بە هەشتا ملیۆن ژمارەی دانیشتوانەوە دووهەمین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ڕۆڵی گرنگی لە سیاسەتی ناوچەکەدا هەیە. چەندین سەدەیە ئێران لە چوارڕیانی شارستانییەتەکانی ناوچەکە جێگیرە. لەسەر ڕێگەی ئاوریشمە کە خاڵی بە یەکگەیشتنی وڵاتان بووە. ئێران ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە لە بەستنەوەی باکوور بە باشوور و ڕۆژئاوا بە ڕۆژهەڵاتی جادەی ئاوریشم، یەکێک لە گرنگترین ئەو وڵاتانەیە کە خاوەنی دووەمین یەدەکی نەوت و گازی جیهانە، ئێران کۆنترۆڵی گەروی هورمزی لایە، یەک لەسەر پێنجی وزەی نەوتی جیهان بەوێدا تێپەڕ دەبێت. شوێنی ژیانی سەرزیندووترین و خوێنەوارترین نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
نەتەوەیەک کە بە بەراورد لەگەڵ دراوسێکانی خۆی هاوترازە لەگەڵ شارستانییەت و بەهاکانی جیهان، بێگانەبوون لەگەڵ وڵاتێکی لەو چەشنە لە ڕاستیدا بێگانەبوونە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خود. ئێران ڕۆڵی سەرکردایەتی کردنی ئایینزای شیعەی هەیە لە جیهاندا. هەرچەند تەنها وڵات نییە کە زۆرینەوەی دانیشتوانەکانی شیعەن. ئێران بۆ جیهانی ئیسلامی وەک ڤاتیکان وایە و ناوەندی یەکێک لە دوو باڵە گەورە و مەزهەبییەکەی جیهانی ئیسلامە، دوور کەوتنەوەی ئەمریکا لە ئێران زۆر بێمانایە. ئێران جیاواز لە زۆرینەی وڵاتانی ناوچەکە، سنوورەکانی بەرمەبنای خەتکێشی ئیستعماری دروست نەبووە. دەسەڵاتەکەشی هیچ کات لە حاکمی ئیستعمارییەوە بە میرات بۆ نەماوەتەوە، بەڵێ ئێران گرنگە، بەڵام گرێ کوێرەی پچڕانی پەیوەندی ئێران لەگەڵ ئەمریکا لە کوێدایە؟ هۆکارەکەی چییە؟ ئەو گرێیە دەکرێتەوە؟ قەزوینییان لەم کتێبە نایابەی هاوڕاز و هاوکەلام لەگەڵمان دەبێت، بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارگەلی لەو چەشنە. کتێبەکە لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە، قەزوینیان شاعیر نییە، بەڵام هەر بەشەو بە ناوی وەرزێکی ساڵەوە داناوە.
بەشی یەکەم: بەهار
چەندین سەدە پێش ئایەتوڵڵا خومەینی و شای ئێران، شارێک هەبوو بە ناوی پرسپۆلیس. پایتەخی هەخامەنشییەکان بوو. لە دووریشەوە سەریر کرابا، بەو هەموو جوانییەیەوە، ترسی دەخستە ناو دڵی پاشاکان و ڕێبوارانەوە. پرسپۆلیس حوکمی نزیکەی شەست ملیۆن کەس لە ژمارەی سەد ملیۆنی جیهانی سەدەی پێنجەمی پێش زاینی دەکرد. ئەو ئێرانە پاش ڕۆژگارێکی دوور و درێژ لە ناو گڵ و بەردی شوێنەواری دۆزرایەوە. بەڵام ئێران هەر بەردەوام بوو. ساڵی ١٩٧١ کاتێک دوا پاشای ئێران لە هەمان شوێن پێکێک شەرابی سووری لە دەستی پێشخزمەتە فەرەنساییەکەی وەرگرت، ویستی بە جیهانیان بڵێت: بەڵی ئێران بە سوپایەکی چوارسەد هەزار کەسی، ئێستا شەکراوی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا نۆش دەکات. بەڵام مێژوونووسان نەیان پرسی ئەم پەیوەندییانە چۆن دروستبوون؟
لە ساڵی ١٨٥٠ خەڵکی ئەمریکا و ئەورووپا تینووی ناسینی ئێران بوون، لەوەش زیاتر لە ساڵی ١٧٢٠ کاتێک بەشی زۆری خاکی ئەمریکا ژێردەستەی بەریتانیا بو،و ئەو خولیای ئێرانناسیە بوونی هەبووە. ئەمریکاییەکان لە نیوەی سەدەی نۆزدەیەم نەتەوەیەکی تازەیان ناسی کە لای ئەوان نوێ بوو. توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا و بەریتانیای هەبوو، ئێران بۆ ئەمریکا درێژکراوەی پاشایەتی هەخامەنشی و خاشایارشا بوو، کە ئەمریکا دەیناسی و ناوی لە کتێبی خوێندنی ئەمریکا بە کورتکراوەیX دەنووسرا، نەتەوەیەک بە بیری چاک و ڕۆحێکی عیرفانی و شاعیرانە خۆر لە عەرەبی پەڕگیر باشتر دەهاتە پێش چاو. یەکەم جار لە مێژوودا کە ئێران و ئەمریکا یەکتریان بینی لە ساڵی ١٨٣٠ و کاتێک بازرگانانی ئەمریکا بە دەیان گاڵۆن ڕام (جۆرێک لە خواردنەوە کحولییەکان) گەیشتنە ئێران، یەکەم بانگخوای پڕۆتستانی ئەمریکی بە ناوەکانی جاستین و شارلۆت پرکینز گەیشتنە شاری ورمێ. قوتابخانەیەکیان لەو شارە دروستکرد. ماریۆ یۆهان ئسقۆفی ورمێش یەکەم ئێرانی بوو کە لە ساڵی ١٨٤١ سەردانی ئەمریکای کرد. سامۆئیل گرین ویلر بنیامین یەکەم وەزیر موختار (سەفیر)ی ئەمریکا بوو لە ئێران(١٨٣٣-١٨٨٥). لەم بەشەدا نووسەر بە وردی مێژووی پەیوەندی ئەمریکا و ئێران تا جەنگی یەکەمی جیهانی دەخاتە بەر لێکۆڵینەوەی وردی مێژوویی گێڕانەوەی حیکایەتی بەهاری ئێران و ئەمریکا.
بەشی دووەم: هاوین
ئێران لەگەڵ جیهان پێ دەنێتە سەدەی بیستەم، هەم ئەمریکا و هەم بەریتانیا قۆناغێکی تازەی بەڕێوەبردنی جیهان ئەزموون دەکەن. ئەورووپا ئاوسە بە گۆڕانکاری، بۆنی نەوت و وزەی جیهانیی مەست کردووە. لەسەرەتای سەدەی بیستەم ئەمریکا هێندەی نەوت هەبوو، کە نەیدەزانی چی لێ بکات، ڕێژەیەکی زۆری نەوتی خۆی لەسەر ئاستی جیهانیی بەکاردەهێنا. ئێرانیش ئارام سەرقاڵی گۆڕانکاری ناوخۆیی بوو، پەیوەندی ئەمریکا و بەریتانیا باش نەبوو. شاکانی قاجار تا دێت زیاتر لە سەنتەری دەسەڵاتی خۆیان دادەبڕان. ڕەزا خان وەک سەربازێکی بە توانا سەری هەڵداوە و گلۆڵەی بە شای ئێران لێژ کردوە. سەردەمێکی تازە هاتووە. بەڵام ئەمریکا هەر پابەندە بە دۆستایەتی ئێران. ئەویش لە ڕاستیدا پابەند بوون بو بە بنەماکانی ویڵسن.
لە ساڵەکانی ١٩٢٠ ئەمریکا سەرقاڵی کنە و پشکنین بوو لە وێرانەکانی تەختی جەمشید. بەڵام لە هەمان کاتدا بە لاچاو سەرنجی لەسەر نەوتی ئێران بوو. هاوینی پەیوەندی ئێران و ئەمریکا لێوانلێوە لە ڕووداوگەلی فرە جەمسەر. شەڕی دووەمی جیهانی و داگیرکردنی خاکی ئێران و لە تاج خستنی ڕەزا خان و دانانی محەمەد ڕەزای کوڕی لە شوێنی. کۆنفرانسی تاران و لوتکەی سێ دەوڵەتی گەورەی جیهانی، محەمەد ڕەزا شای گەنج و کاڵ و پشت گوێخستنی لە وڵاتەکەی خۆی.
شای ئێران کەم ئەزموونانە خوازیار بوو لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی ئێران دەست بۆ هەڵبژاردنەکە ببات بە سوودی خۆی، بەڵام ڕووبەڕووی بەرەنگاری توند بووەوە. چەپەکان و عەشرەتەکان و سەرکوتکراوانی سەردەمی باوکی، پەڕلەمانێکیان خستە ناو دەستی پاشای گەنج کە سەرکەوتنێکی زۆر لاواز بوو. ڕووداوەکانی دکتۆر محەمەدی موسەدیق و دەستوەردانی ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی ئێران، حیکایەتی دوور و درێژی هاوینی پەیوەندییەکانە، نووسەر بە شێوەیەکی ڕوون و ڕەوان تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕووداوانە.
بەشی سێێەم: پایز
بەڵێ بەڵێ قوربان… شاه دەسەڵاتی خۆی جێگیر دەکرد، هەوڵەکانی بۆ هاوڕاکردنی ئەمریکا لەگەڵ خۆی، دواتر کودەتا بەسەر موسەدیق بە هاوکاری ئەمریکا سەرکەوتووبوو. موسەدیق و گۆچانەکەی بۆ هەمیشە نێردرانە ماڵەکەی خۆی لە ئەحمەدئابادی کەرەج و هەر لەوێ پاش چەندین ساڵ و بە بێدەنگی لەوی کۆچی کرد و هەر لە ماڵەکەی خۆی بە خاک سپێردرا.
پەیوەندی ئێران و ئەمریکا گەیشتە ئاستێکی باڵا، شا فراوانخواز بوو. خەونی گەورەی هەبوو، هەندی سەرکەوتنی لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان بەدەستهێنابوو، لەگەڵ ئەوەشدا خەونی ئەتۆمی هەبوو، بەڵام خاکی ژێر پێی زۆر پتەو نەبوو. سیاسەتی ناوخۆیی خراپ بوو. ڕۆحانییەکی سەرکێش بەربەست بوو لە ڕێگەی، ئەویش ئایەتوڵڵا خومەینی بوو، ڕووداوەکانی نێوان شا و ئایەتوڵڵا بەشێکی مێژووی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بوو. مەرجەعیەت کێشەی هەبوو لەگەڵ سەڵتەنەت. پاشان شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئەو پایزە بوو کە شای تێدا دەربەدەر کرا.
بەشی چوارەم: زستان
داگیرکردنی سەفارەتی ئەمریکا لە ئێران ئەو ڕووداوە بوو، کە تا ئێستاش مشتومڕی زۆری لەسەرە، کاریگەری ئەو ڕووداوە، کە لە لایەن هەندێک گەنجی شۆڕشگێڕەوە ئەنجام درا تا ئێستاش هەر بەردەوامە، بووە هۆی ساردی و پچڕانی پەیوەندی ئێران و ئەمریکا. مێژووی نوێی ئێران بۆ نەوەی تازە لێرەوە دەستپێدەکات. هەموو ڕووداوەکانی شۆڕش بە چڕی لەم بەشە چاوی دەخرێتە سەر. هەموو پەڵە سیاسییەکانی ئێران و هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات سەرکەوتوو نەبوون لە نۆژەنکردنەوەی ئەم بەستەڵەکەی نێوانیان، سەرتاپای ئەم کتێبە بەنرخە عەوداڵی گەیشتنە بە وەڵامی پرسیارێک ئەویش ڕێگەچارەی چارەسەرکردنی گرێکوێرەی پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمریکا چییە؟ بەڵێ بۆ تێگەیشتن لە حیکایەتی ئێران دەبێت لە کۆتاوە بیخوێنینەوە.