مێژووى په‌روه‌رده و خوێندن له حوجره‌كانى كوردستاندا
ڕانانی: ئلیاس تاهیر
ئه‌م په‌رتووكه له نووسینى مامۆستا حه‌مه‌كریم هه‌ورامی-یه به‌رگى یه‌كه‌م و چاپى یه‌كه‌مى ساڵى 2008 له هه‌ولێر چاپكراوه، خاوه‌نى ئه‌م په‌رتووكه نووسه‌رێكى دیارى كوردستانه. ئه‌م په‌رتووكه دابه‌شكراوه بۆ سێ ده‌روازه‌ى سه‌ره‌كى كه هه‌رسێكیان ته‌رخانكراون بۆ شیكردنه‌وه‌ى بابه‌تى نووسین و خوێندن، سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردن و سه‌رهه‌ڵدان و چۆنێتى به‌ره‌و پێشچوون و گۆڕانكارى له‌لاى هه‌موو ئایین و نه‌ته‌وه و ئایدیا جیاوازه‌كانى ئه‌م جیهانه له سه‌رده‌مى كۆنه‌وه هه‌تا ئێستا.
له ده‌روازه‌ى یه‌كه‌مدا نووسه‌ر له ژێر ناونیشانى نووسین .. خوێندنه‌وه .. قوتابخانه.. زۆر به‌وردى و گشتگیری باسى بیروڕا و تێروانینه جیاوازه‌كانى سه‌رهه‌ڵدان و پێشكه‌وتنى ئه‌م چه‌مكانه‌ى كردووه، به‌تایبه‌ت دامه‌زراندنى قوتابخانه وه‌ك مه‌ڵبه‌ندێك بۆ نووسین و خوێندن كه له دۆڵى دوو ڕووبار قوتابخانه سۆمه‌ری، ئه‌كه‌دی و بابلییه‌كانى وه‌ك نموونه هێناوه‌ته‌وه، پاشان به‌هه‌مان شێوه بوونى قوتابخانه له‌لاى ئاشوورى و ساسانى و زه‌رده‌شتییه‌كانیش شي ده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها له‌م ده‌روازه‌یه‌دا گرنگى ته‌واو دراوه به قوتابخانه و فێربوون له‌لاى ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه ده‌ڕواننه ئایین وه‌ك بنه‌مای یاسای ژیان، مه‌سیحیه‌ت و كۆنفۆشیوس و هیندییه‌كان، كه پێداگرى كردووه له‌سه‌ر گرنگيدانی ئه‌م سێ ئايینه بۆ به‌هێزبوونى بوارى په‌روه‌رده به نووسین و خوێندن و قوتابخانه، به هۆى بیر و باوه‌ڕى ئایینى و هه‌بوونى كتێبی پیرۆز.
له كۆتایی ئه‌م ده‌روازه‌یه‌شدا نووسه‌ر گرنگی داوه به یۆنان و مامۆستايانى ئه‌وكات وه‌ك ئه‌رستۆ و ئه‌فلاتونى وه‌ك نموونه‌ى مامۆستاى په‌روه‌رده‌كار وه‌رگرتووه و ڕۆڵیانى له دامه‌زراندنى قوتابخانه و دروستكردنى شێوازى په‌روه‌رده و وانه‌ونته‌وه باس كردووه. له ده‌روازه‌ى سێهه‌میشدا نووسه‌ر دووباره كه دیاره به‌هۆى گرنگى ئه‌م بابه‌ته گه‌ڕاوه‌ته‌وه لاى ئه‌رستۆ و به شێوه‌یه‌كى ورد باسى شێوازى بیر‌و فه‌لسه‌فه‌ى ئه‌م زانایه‌ى كردووه، له شێوازى په‌روه‌رده و گرنگیدان به لۆژیك و ئیسانۆجى و په‌روه‌رده‌ى فێرخوازان له‌و قوتابخانه‌یه.
لێره‌دا گرنگه ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه نووسه‌ر هه‌رچه‌نده به قووڵى چووه‌ته ناو مێژووى خوێندن و نووسین له ڕابردوودا، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه نووسه‌ر نه‌یتوانیوه هیچ جۆره په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان ئه‌م شارستانیه‌تانه و ڕێباز و فه‌لسه‌فه‌ى خوێندن له كوردستان بدۆزێته‌وه له كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆ، یاخود ناراسته‌وخۆ، كه ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوورى و جیاوازى ئایینى ئیسلام و بیر و فه‌لسه‌فه‌ى شارستانیه‌ته‌كانى تر‌ى وه‌ك مه‌سیحیه‌ت و یۆنان و ڕۆمان…هتد، به تایبه‌ت كه حوجره‌كانى كوردستان بە ڕوونى مۆركێكى نه‌ته‌وه‌یی و خۆماڵى په‌یڕه‌و كردووه، كه له شێوازى مانه‌وه و وانه‌وتنه‌وه و مامۆستاكان و ….هتد زۆر جیاوازه له هه‌موو ئه‌وانه‌ى پێشتر باسكران.
هه‌رچى ده‌روازه‌ى دووه‌مى ئه‌م په‌رتووكه‌یه تایبه‌ت كراوه به‌باسى په‌روه‌رده و خوێندن له سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى ئایینى ئیسلام و شێوازه‌كانى په‌روه‌رده و پێگه‌یاندن. سه‌ره‌تا به سه‌رده‌مى ئومه‌وییه‌كان ده‌ست پێ ده‌كات، كه جگه له هه‌ندێك خاڵبه‌ندى بۆ قورئانى پیرۆز و وه‌رگێڕانى كتێب له زمانه‌كانى یۆنانى و ڕۆمانى بۆ زمانى عه‌ره‌بی و هه‌وڵێكى لاوازى ڕاڤه‌ى قورئان لاى ئومه‌وییه‌كان هیچى تر به‌دى ناكرێت، وه‌ك نووسه‌ر ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات وا ده‌رده‌كه‌وێت ئومه‌وییه‌كان هیچ ویست و سۆزێكیان بۆ په‌روه‌رده‌ى منداڵ و فێربوونی زانست نه‌بووبێت، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت له كۆتایی ده‌سه‌ڵاتیاندا ده‌نگێكی كه‌م ده‌بیسترا بۆ به‌هێزكردنی په‌روه‌رده و بره‌ودان به زانست، كه مایه‌وه بۆ سه‌رده‌می دواتر له لای عه‌باسییه‌كان به ته‌واوه‌تی ده‌ركه‌وت و جێگه‌ی خۆی كرده‌وه. سه‌رده‌می دواتر كه عه‌باسییه‌كانن به‌و هه‌سته ده‌ستى پێ كرد كه كاتێك خه‌لیفه‌كانی عه‌باسی گه‌یشتبوونه ئه‌و بڕوایه‌ی دونیای پێشووتر نه‌ماوه و ئێستا سه‌رده‌می ده‌ركه‌وتنی هه‌ندێک زانست و پرسیاره كه وه‌ڵامی ده‌وێت، لێره‌وه بره‌ویان به هه‌ندێك لایه‌نى زانستی دا، كه زیاتر خۆی له توانای تێكه‌ڵكردن و گونجاندنی بنه‌ماكانی ئایینی ئیسلام ده‌بینیه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ندێک زانستی نوێ. ئه‌وه‌ی گرنگ بێت له‌م سه‌رده‌مه‌دا سه‌ر هه‌ڵدانی چه‌ند گرووپێك بوو كه گرنگیان به زانستی قورئان و فه‌رمووده ده‌دا و ده‌ستیان برد بۆ لێكدانه‌وه‌ی نوێ و به‌شداری عه‌قڵ و ژیری و گونجاندنی له‌گه‌ڵ واقیعی ئه‌و كات، كه وه‌ك هه‌ندێك قوتابخانه ده‌ركه‌وتن و زانست و په‌روه‌رده‌یان ده‌ست پێ كرد. ئه‌وه‌ی جێگای بایه‌خه ئه‌وه‌یه مزگه‌وت تاكه شوێن بوو هه‌تا كۆتایی سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كان وه‌ك شوێنی په‌روه‌رده و فێركردن و وه‌رگرتنی زانست، ته‌نانه‌ت گفتوگۆ و قسه‌كردنیش له‌سه‌ر بابه‌ته جیاوازه‌كان هه‌ر لێره‌دا ئه‌نجام ده‌درا و هیچ شوێنێكی تر بۆ خوێندن نه‌بوو. تەنیا ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت له كۆتایی سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كاندا له سه‌رده‌می خه‌لیفه مەئمون یانه‌یه‌كی به‌ناوی یانه‌ی حیكمه دامه‌زراند، كه زیاتر كاریان وه‌رگێڕانی په‌رتووك و ئه‌و بابه‌ته زانستیانه بووه له زمانه‌كانی غه‌یری عه‌ره‌بی بۆ زمانی عه‌ره‌بی و سوود لێوه‌رگرتنی.
نووسه‌ر پاش ئه‌مانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كوردستان و ده‌ست ده‌كات به دیاریكردنی كاتى سه‌رهه‌ڵدانى حوجره كه سه‌رهه‌ڵدانى حوجره ده‌به‌ستێته‌وه به دروستكردنی مزگه‌وت، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ڕاسته دروستكردنى یه‌كه‌م مزگه‌وت له كوردستان ناتوانرێت بزانرێت چ كاتیك بوه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كان وا ده‌گه‌یه‌نن كه (خدرى نه‌سرى كورى عوقه‌یل 478 ك _ 1085 ز) له به‌غدا خوێندنى ته‌واو كردووه و گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان له شارى هه‌ولێر ئه‌میر ئه‌با مه‌نسور سه‌وفه‌ته‌كین مزگه‌وتێكى بۆ بوونیاد ده‌نێت، تێیدا ده‌ست ده‌كات به فێركردنى فێرخوازان . هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كان ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه سوڵتان موزه‌فه‌ر یه‌كه‌م كه‌س بووه مزگه‌وتى له شارى هه‌ولێر دروست كردووه، كه‌واته سه‌ره‌تاى دروستبوونى مزگه‌وت و دامه‌زراندنى حوجره‌ى فه‌قێ له كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ده‌ى شه‌شه‌مى كۆچى به‌رامبه‌ر پانزەی زایینی.
نووسه‌ر لێره‌دا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌وه‌ى یه‌كلا كردووەته‌وه كه حوجره و فه‌قێ و خوێندنى ناو حوجره له سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنییه‌وه هه‌تا سه‌رده‌مى ئێستاش چۆن بووه هه‌روه‌ك خۆى ماوه كه ده‌ڵێت (حه‌ز ده‌كه‌م لێره‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌مه‌وه كه په‌روه‌رده‌ى ئیسلامى له مزگه‌وته‌كاندا چۆن له سه‌ره‌تادا سه‌رىهه‌ڵدا به هه‌مان جۆر و متیۆد و مه‌به‌سته‌وه، بێ گۆڕان و ده‌ستكارى ماوه و نه‌گۆڕاوه، چونكه خۆى له ئاڵوگۆڕه‌كانى ڕۆژگار دوورخستووه‌ته‌وه و نه‌يویستووه له كه‌وڵه‌كۆنه‌كه‌ى خۆى بێته ده‌ره‌وه، بۆیه ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌دا گه‌وره ده‌بێت ده‌سته پاچه ده‌رده‌چێت و له داوێنى كۆمه‌ڵ و ده‌ره‌وه‌ى ژیانى هاوچه‌رخدا ده‌ژى).
به‌ڵام به تێڕوانین و وردبوونه‌وه له‌و چه‌ند دێڕه‌ى نووسه‌ر بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه به‌ته‌واوه‌تى بێ ئاگایه له په‌روه‌رده‌ى حوجره‌ى سه‌رده‌مى ئه‌مڕۆمان و شێوازى خوێندن و بابه‌تى خوێندراو، كه له ڕاستیدا ده‌رچوانى حوجره‌ى ئه‌مڕۆ نه‌وه‌ك له داوێنى كۆمه‌ڵگا نین، به‌ڵكو به ڕۆڵ و كاریگه‌ر، یان له كۆى كه‌ناڵه‌كانى ناو كۆمه‌ڵگادا ئاماده‌ن و كه‌سانی زانا و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی باڵاشیان تێدا هه‌ڵكه‌وتووە.
نووسه‌ر بۆ سه‌لماندنی ئه‌م تیڕوانینه‌ی هاتووه به وردى باسی شێوازی خوێندنی له حوجره كردووه له ئه‌لف و بێ هه‌تا حینجه كردن، پاشان بۆ خه‌تمه‌ی قورئان ئه‌م فێربوونه‌ش زۆر كات له ته‌نیشت حوجره‌كان بووه له شوێنێك كه نووسه‌ر به سوخته‌خانه ناوی بردووه. (هه‌رچه‌ند ئه‌م زاراوه‌یه به گشتی غه‌ریب و نائاشنایه و نازانم نووسه‌ر ئه‌م وشه‌ی له كوێ وه‌رگرتووه) . له پاش خه‌تمكردنی قورئانی پیرۆز فێرخوازان ده‌ستیان ده‌كرد به فێربوونی نووسین له سه‌ر هه‌ر شتێك بوایه كه به‌رده‌ست بووه، وه‌ك پارچه مقه‌بایه‌ك، یان له‌وحه‌یه‌ك …….. هتد، لێره‌وه ئه‌وانه‌ی مه‌به‌ستیان فێربوونی زیاتر بوایه به‌رده‌وام ده‌بوون، ده‌بوونه فه‌قێ و زانستی زیاتریان ده‌خوێند، پاشان ورده ورده ده‌بوونه كۆلكه مه‌لا و به هه‌ندێک كاروباری ساده‌ی ئایینی پیرۆزی ئیسلام هه‌ڵده‌ستان، وه‌ك یاسین خوێندن و ته‌ڵقین و نوشته نووسین و …. هتد، یاخود پاشتر ده‌بوونه میرزا، واته له لای ئاغایه‌ك، یاخود شێخێك ده‌مانه‌وه و وه‌ك ڕۆشنبیرێك له‌و كاته‌دا ته‌ماشا ده‌كران، كه خوێندن و نووسینیان ده‌زانی. لێره‌دا نووسه‌ر گفتوگۆیه‌ك پێكده‌هێنێت سه‌باره‌ت به ئه‌و ورده كتێبانه‌ی كه منداڵ پێش قۆناغی فه‌قێ بوون ده‌یانخوێند وه‌ك ئیسماعیلنامه، باغه‌بان، سه‌نگتراش، ئه‌حمه‌دی كه دانراوی شێخ مارفى نۆدێ-یه، نه‌وبه‌هار كه دانراوی ئه‌حمه‌دی خانی-یه، ڕۆڵه بزانی كه دانراوی مه‌لا خدری ڕواری-یه … هتد، هه‌موو ئه‌مانه ده‌بوونه سه‌رچاوه و هۆكاری دامه‌زراندن و ڕۆشنفكری و بناغه‌ی ڕه‌وشتی باشیان بۆ فه‌قێ داده‌نا، پاشان له دوای ته‌واوبوونی زانستی فه‌قێ و بوون به مه‌لا (وه‌ك نووسه‌ر ده‌ڵێت) ئه‌مانه جارێكی تر ده‌بوونه هۆكاری ڕوناككردنه‌وه‌ی ئاسۆی فیكری ئه‌م مه‌لایانه و شاعیر و ئه‌دیبه ناوداره‌كانی لێوه په‌یدا ده‌بوو.
نووسه‌ر به‌شێكی گه‌وره‌ی ده‌روازه‌ی دووه‌می په‌رتووكه‌كه‌ی ته‌رخان كردووه بۆ وه‌ڵامی پرسیارێك كه چه‌نده پرسیارێكی تری به دوای خۆیدا هێناوه، ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی كه ئایا حوجره له كوێوه هاتوه؟ پایه‌كانی حوجره چین؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه نووسه‌ر درێژه به باسه‌كه ده‌دات و ده‌نووسێت، حوجره تاكه ده‌زگای خوێندن و ڕوناكبیری بووه له كوردستاندا، مه‌لا و زانا و پیاوی ئایینی و خوێنده‌واری پێگه‌یاندوه، كه بناغه‌ی حوجره‌ش ئه‌و كتێبانه‌یه كه بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی زانستی ناو حوجره و فه‌قێكان له‌وێوه ده‌روازی فێربوونیان ده‌ست پێ كردووه، هه‌ر بۆیه ده‌توانین بناغه‌ی سه‌ره‌كی و پایه‌ی بنه‌ڕه‌تی دامه‌زراندنی حوجره به سێ پایه‌ى سه‌ره‌كییه‌وه ببه‌ستینه‌وه كه ئه‌مانه:
1- پێڕه‌و 2- مامۆستا 3- فه‌قێ
پایه‌ى یه‌كه‌م: پێڕه‌و: مه‌به‌ست له پێڕه‌و گشت ئه‌و بابه‌تانه بووه كه وه‌ك مه‌نهەج له حوجره‌دا خوێنراون، به گشتی له حوجره‌دا پێنج جۆر زانست ده‌خوێنرێت كه ڕاستیدا هه‌ندێکیان به مه‌به‌ستى به هێزكردنی هزری فه‌قێ بووه بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له بابه‌تی سه‌ره‌كی كه قورئان و فه‌رمووده‌یه، ئه‌م زانستانه‌ش ئه‌مانه‌ن:
1- زانستى ڕێزمانی زمانى عه‌ره‌بی و سه‌رف – (علم النمو والصرف).
2- ڕه‌وانبێژی به هه‌ر سێ به‌شه‌كه‌یه‌وه ( البیان – البدیع – المعانى).
3- لۆژیك و ئادابی دیده‌وانی – المنطق و أداب المناضرة.
4- زانستی كه‌لام و لاهوت و حیكمه‌ت.
5- التفسیر – الفقه – أصول الفقه – الحدیث.
له هه‌ندێک لە حوجره‌كانی كوردستاندا له‌گه‌ڵ ئه‌م زانستانه به‌شێوه‌یه‌كی كه‌م و كورت زانستی بیركاری و ئه‌ندازیاری و ئه‌ستێره‌ناسیش خوێندراون، كه نه‌بوونه‌ته به‌شێك له پێڕه‌و وه‌ك مه‌نهه‌جی حوجره جێگای خۆیان نه‌كردووه‌ته‌وه. بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر نووسه‌ر لیستی ئه‌و كتێبانه‌ی نوسیوه كه بۆ ئه‌و پێنج بواره‌ی پێشووتر باسمان كرد، ده‌خوێندران له حوجره‌كانی كوردستان و زۆربه‌یان له‌سه‌ر ڕێبازی ئیمامی شافیعین.
گرنگترین ئه‌و سه‌رچاوانه ئه‌مانه بوون:
1- فتح القریب – فقهى ئیمام شافعى-یه.
2- فتح المعین 3- إعانه الطالبین 4- مغنى المعتاج 5- منهاج الطالبین
6- تحفه المحتاج 7- النهایة
له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا له حوجره‌دا گرنگی زۆر ده‌درا به ته‌فسیری قورئانی پیرۆز، هه‌تا فه‌قێ بتوانێت له‌مانای ڕاسته‌قینه‌ی ئایین تێبگات، نه‌وه‌ك له كاتێكدا بكه‌وێته هه‌ڵه‌وه له ماناكردنی ئایه‌تێك، هه‌ر وه‌ك چۆن له بواری فه‌رمووده‌شدا له حوجره گرنگی ته‌واو ده‌درا به كتێبه‌كانی:
1- جامع الصحیح ئیمامى بوخارى
2- صحیح المسلم
3- مسند امام أحمد
4- جامع الترمذى
5- سنن النسائى
6- سنن ابن ماجه
نووسه‌ر له‌م خاڵى پێڕه‌وه‌دا باسێكی له‌سه‌ر بابه‌ته خوێندراوه‌كانی مه‌نهه‌جی فه‌قێ كردووه به ناوی حاشیه، یاخود قه‌ید و ته‌زبیب كه گرنگی ته‌واوی هه‌بووه له خوێندنی ڕۆژانه‌ی فه‌قێ و هۆكاری سه‌ره‌كی تێگه‌یشتن بووه له خودی بابه‌ته‌کە، كه حاشیه و قه‌ید و ته‌زبیب بریتی بوون له‌و نووسینانه‌ی كه به وردی و به شێوه‌ی هێڵی كورت و لار له چوارچێوه‌ی مه‌تنی سه‌ره‌كی ده‌نوسران وه‌ك شه‌رحی زیاتر بۆ ڕوونكردنه‌وه كه له سه‌رده‌می ئێستادا په‌راوێز له كۆتایی هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌ك شوێنی ئه‌مانه‌ی گرتووه‌ته‌وه.
پایه‌ی دوه‌م: مامۆستا: نووسه‌ر لێره‌دا به پێناسه‌ی مامۆستا ده‌ستی پێ كردووه وه‌ها ساغ بووه‌ته‌وه كه مامۆستا تەنیا فێركار نییه، به‌ڵكو په‌روه‌رده‌كاریشه، واته ئه‌ركی سه‌ره‌كی مامۆستا ئه‌وه‌یه فێرخواز له‌گه‌ڵ زانسته‌كه‌دا فێری ئاداب و ڕه‌وشت و چۆنێتی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ واقیعی ژیان و سوودوه‌رگرتن له‌و زانسته بكات، لێره‌وه نووسه‌ر هه‌وڵیداوه بگاته ئه‌و خاڵه‌ى كه مامۆستای حوجر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پایه‌یه‌كی زۆر سه‌ره‌كییه له دانانی حوجره و پێگه‌یاندنی فه‌قێ، به‌ڵام مامۆستایانی حوجره تەنیا كاریان گه‌یاندنی زانستی ناو كتێبه‌كان بووه و به هیچ شێوه‌یه‌ك كه‌م، یان زۆر لایان نه‌داوه و به ڕێگه‌ی ته‌قلیدی وشكە فه‌قێ فێری ئه‌و زانسته كراوه، وه‌ك نووسه‌ر ده‌ڵێت (فێربوون له حوجره تەنیا زانیاری ماشینه‌وه‌یه، زانیارییه‌كه‌ش به هیچ جۆرێك په‌یوه‌ندی دوور و نزیكی به ژیان و ده‌وروبه‌رى فه‌قێوه نییە).
لێره‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكه‌ین، وه‌ڵامی پرسیارێك وه‌ربگرین، ئایا له سه‌رده‌مانی پێشوو له كوردستاندا كاتێك قوتابخانه‌كان نه‌بوون، كه‌سانی ڕۆشنبیر، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئایینناس، خوێنده‌وار، ئه‌دیب و شاعیرانیش هه‌ر ده‌رچوی حوجره‌ی مزگه‌وته‌كان نه‌بوون؟ ئایا كه‌سی تر هه‌بوون؟ هه‌ر تاكێكی كورد كه زانیاری كه‌میشى له‌سه‌ر حوجره و فه‌قێ هه‌بێت وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ی لاڕوونه.
مامۆستای حوجره‌ش پلەبە‌ندی هه‌بووه هه‌موو مامۆستاكان یه‌ك ئاست نه‌بوون، مامۆستای گه‌وره كه پێی ده‌وترا (مودەریس) ئه‌و مامۆستایه بووه كه له‌لایه‌ك وتارخوێن و پێشنوێژی مزگه‌وتی كردووه، له‌لایه‌كى تره‌وه وانه‌ی ئه‌و فه‌قێیانه‌ی وتوه‌ته‌وه كه چه‌ند قۆناغێكیان بڕیوه و گه‌یشتوونه‌ته پله‌ی كۆتایی، جۆری دووه‌می مامۆستا ئه‌و مه‌لایانه بوون كه له قۆناغانی دووه‌م و سێهه‌می فه‌قێیه‌تیدا ده‌رسیان وتوه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا جۆرێكی تری مامۆستا هه‌بووه كه پێی وتراوه موسته‌عید، خۆى هێشتا فه‌قێ بووه، به‌ڵام هه‌ندێک پله‌ی بڕیوه و زیره‌ك بووه و مامۆستاكان ڕێگه‌یان پێداوه وانه به قۆناغی یه‌كه‌می فه‌قێكان بڵێته‌وه، به گشتی لێره‌دا نووسه‌ر ئه‌وه‌ی خستووەته‌ڕوو كه مامۆستا لایه‌نی یه‌كه‌م و كۆتایی پێدانی زانست بووه، هه‌رچی لای ئه‌م ده‌رچووبێت فه‌قێ وه‌ریگرتووه، له حوجره‌شدا هیچ په‌له له خوێندن نه‌كراوه و مادده‌ی دیاریكراویان بۆ كاته‌كان نه‌بووه، به‌ڵكو به‌پێی توانا و پێویستی ڕۆژانه وانه خوێندراوه.
پایه‌ى سێهه‌م: فه‌قێ:
فێرخواز، یاخود ئه‌و منداڵانه‌ی ده‌چوونه مزگه‌وت بۆ خوێندن به شێوه‌یكی به‌رده‌وام ده‌مانه‌وه و درێژه‌یان به خوێندن ده‌دا پێیان ده‌وترا فه‌قێ، هه‌رچه‌نده بۆ وه‌رگرتنی فه‌قێ ته‌مه‌نێك دیاری نه‌كراوه، به‌ڵام به گشتی منداڵانی دێهاته‌كانی كوردستان له ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵی هه‌تا هه‌ژده ساڵیش ده‌چوونه مزگه‌وت و ده‌بوونه فه‌قێ، خوێندن له مزگه‌وته‌كانی كوردستان به‌كرێ نه‌بووه، هیچ كات مامۆستا هیچ بڕه پاره‌یه‌كی به‌رامبه‌ر وانه وتنه‌وه به فه‌قێ وه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵام ماڵی ئه‌و منداڵه‌ى كه ده‌بووه فه‌قێ له گه‌لێك بواردا یارمه‌تی و هاوكاری مامۆستایان داوە، به نموونه ئه‌گه‌ر كه‌سوكاری فه‌قێ دانیشتووی گوند بووبن ئه‌وا یارمه‌تی ماڵی مه‌لایان ده‌دا به زه‌كات و سه‌رفیتره و خه‌یرات، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر هه‌ر پێویستییه‌كی به هاوكاری ببوایه وه‌ك چاككردنى خانوو، یاخود ڕنین و دروێنه‌ی باخێك، یان پارچه زه‌وییه‌ك كه كشتوكاڵی تێدا كردبێت، ئه‌وا خه‌ڵكی گوند به تایبه‌ت كه‌سوكاری فه‌قێ ئاماده‌بوون بۆهاوكاری و یارمه‌تیدان.
له هه‌ندێک گونده‌كانی كوردستان به هه‌ر هۆكارێك بێت نه‌توانراوه له مزگه‌وتی گوند فه‌قێ هه‌تا كۆتایی وه‌رگرتنی زانست بمێنێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه یاخود تەنیا خه‌تمه‌ی قورئانی پیرۆزیان كردووه و فێری ئه‌لف وبێ بوون، كه ئه‌وه ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره بووه بۆ خۆیان و خێزانه‌كانیان، چونكه دواتر بۆ یاسینی نه‌خۆش و ترسی منداڵ و ته‌ڵقینی مردوو و….هتد، سوودی ته‌واویان لێ وه‌رگیراوه، هه‌روه‌ها وانه‌یان به منداڵانی گوندیش وتوه‌ته‌وه و فێری قورئانیان كردوون. به‌ڵام هه‌ندێکی تریان به‌رده‌وامیان به خوێندن داوه و ده‌ستیان كردووه به گه‌ڕان به دوای مامۆستای زیره‌ك و خاوه‌ن زانست هه‌تا بتوانن له كۆتاییدا پله‌ی مه‌لایه‌تی وه‌ربگرن (ئیجازه‌ی علمی)، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ند گوند و ناوچه‌ی تر گه‌ڕاون و ساڵانێك ماونه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێکيان چوونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بۆ وه‌رگرتنی زانست، وه‌ك ئێران وتوركیا.
له حوجره‌كانیشدا دوو جۆر فێرخواز هه‌بوون، یه‌كه‌میان پێی ده‌وترا سوخته، كه بریتی بوون له‌و منداڵانه‌ی تازه ده‌هاتنه حوجره و ده‌ستیان ده‌كرد به خوێندنی ئه‌لف و بێ و جوزئی عه‌مه، جۆری دووه‌میان پێى ده‌وترا موسته‌عید و ئه‌و فه‌قێیانه بوون كه پله‌یه‌كی باشیان له خوێندنی حوجره بڕیوه، دواتر ئه‌مانه ده‌بوونه مامۆستای منداڵی سوخته و وانه‌یان پێده‌وتن، دوای وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی مامۆستای گه‌وره. خوێندن له حوجردا ئازادانه بووه، واتا هیچ یاسایه‌كی دانراوی دیاریكراو نه‌بووه بۆ خوێندن، وه‌ك ماوه‌ی ته‌واوكردنی كتێبێك، یاخود كاتی ڕۆژانه‌ی خوێندن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا به هۆكاری پیرۆزی بابه‌ته‌كانی خوێندراو و ڕێزی مامۆستای حوجره هه‌موو كات شێوازێك له په‌یوه‌ستبوون به ئاداب و خوێندن و هه‌ڵسوكه‌وت هه‌بووه، كه وه‌ك یاسایه‌كی لێهاتووه و هه‌موان پێوه‌ی په‌یوه‌ست بوون. ده‌رگای حوجره‌كانی كوردستانیش كراوه بوون و ئه‌و كه‌سانه‌ی هاتوون بۆ خوێندن سه‌یری پله‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، یاخود هه‌ژاری و ده‌وڵه‌مه‌ندیان نه‌كراوه، ئه‌وه‌ی گرنگ بووبێت تەنیا ئه‌ده‌ب و زیره‌كی بووه.
یه‌كێك له بابه‌ته گرنگه‌كانی تری حوجره بریتی بووه له جێگرتن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حوجره زۆر گه‌وره نه‌بووه، نه‌توانراوه ڕێژه‌یه‌كى زۆری فه‌قێ وه‌ربگرێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه جێگه گرتن بۆ فه‌قێ خاڵێكی گرنگ بووه و به‌بێ جێگه ئومێدی مانه‌وه و خوێندن له حوجره زۆر لاواز بووه، به‌تایبه‌ت له كاتێكدا كه فه‌قێ بیویستیایه له حوجره‌یه‌كه‌وه بۆ حوجریه‌كی تر بگوازێته‌وه، ئه‌وا هه‌بوونی جێگه مه‌رجی سه‌ره‌كی بووه بۆ وه‌رگرتن، مامۆستاش تەنیا سه‌رچاوه بووه بۆ دیاریكردنی ژماره‌ی گونجاو بۆ هه‌ر حوجره‌یه‌ك.
له باسێكی تردا نووسه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه حوجره و سوخته‌خانه‌ش تەنیا بۆ كوڕان بوون و كچان به هیچ شێوه‌یه‌ك شوێنیان تێیدا نه‌بووه، چونكه به گشتی ئافره‌تان له مزگه‌وت دوور بوون و شوێنیان نه‌بووه، ئه‌گه‌ر هه‌ندێکجار كچانیش فێری قورئان خوێندن بووبن، یاخود كچی مه‌لا بوون، یان هاوسه‌ر و خوشكی فه‌قێ. لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه مامۆستا (محەممەد عەلی قه‌ره‌داغی) له كتێبێكدا به‌ناوی (دیفاعێك له خوێندن له حوجره‌كانی كوردستان)دا وه‌ڵامی هه‌ندێک تێڕوانینی نووسه‌ری داوه‌ته‌وه، له‌وانه‌ش به به‌ڵگه و باسێكی پوخت ئه‌وه‌ى سه‌لماندووه كه ئافره‌تانی زۆر هه‌بوون له كوردستان كه حوجره‌یان هه‌بووه و وانه‌یان وتوه‌ته‌وه، منداڵانی كچیان فێری قورئانی پیرۆز كردووه وه‌ك:
1- حوجره‌ی مه‌لا فاتیمه له ده‌رگه‌زێن.
2- حوجره‌ی مه‌لا ڕه‌عنا به‌رامبه‌ر مزگه‌وتی شێخ سه‌لام.
3- حوجره‌ی مه‌لا خه‌جێ له گه‌ڕه‌كی سه‌رشه‌قام.
4- حوجره‌ی ناجیه خان له گه‌ڕه‌كى سه‌رشه‌قام.
5- حوجره‌ی مه‌لا عاسم له گه‌ڕه‌كی كانێسكان.
سه‌باره به سه‌رچاوه‌ی بژێوی فه‌قێ له حوجره، هه‌رچه‌نده سه‌رچاوه‌یه‌كی دیاریكراوی نییه، به‌ڵام حوجره‌كانی كوردستان له‌سه‌ر پێنج جۆر سه‌رچاوه بژێوی خۆیان دابین كردووه، كه ئه‌مانه‌ن:
یه‌كه‌م: ڕاتبه: ڕاتبه بریتییه له كۆكردنه‌وه‌ی خواردن و كه‌لوپه‌ل به شێوه‌یه‌كی ڕۆژانه، یاخود مانگانه له لایه‌ن فه‌قێوه له سنووری گوند، یاخود مزگه‌وت كه دوو جۆری هه‌یه:
1– ڕاتبه‌ی گشتی: ڕۆژانه فه‌قێیه‌ك، یان دوو فه‌قێ به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام وه‌ك نه‌ریتێكی باو و چه‌سپاو له لایه‌ن مامۆستاوه ڕاده‌ستپێردران هه‌موو ئێوارانێك ماڵ به ماڵ ده‌گه‌ڕان و له ده‌رگایان ده‌دا و ده‌یانوت (ڕاتبه‌ی فه‌قێ ڕه‌حمه‌تی خوداتان لێبێت) ئه‌و ماڵانه‌ی كه ڕاتبه‌ی به‌رده‌وامیان پێ ده‌دان هه‌ندێک جار بۆیان ده‌كردن به خواردن و ماڵه‌كانی تر به گوێره‌ی هه‌بوون نان، یاخود هه‌ر جۆره خۆراكێكی تریان ده‌به‌خشیه فه‌قێكان، وه‌ك ماست و هێلكه و ساوه‌ر و……هتد. به‌م شێوه‌یه به تێروته‌سه‌لی خواردنی ڕۆژانه‌ی حوجره دابین ده‌كرا.
2- ڕاتبه‌ی تایبه‌ت: دوو فه‌قێ ساڵانه له كاتی كۆكردنەوەی خه‌له و خه‌رمان ڕوویان ده‌كرده شوێنی كۆكردنه‌وه‌كه و به ناوی زه‌كات، یاخود سه‌ده‌قه بڕێكی باشیان له به‌روبوومی ئه‌و ساڵه كۆده‌كرده‌وه، پاشان ده‌یانفرۆشت و پاره‌كه‌یان ده‌دا به جلوبه‌رگ و كتێب و پێویستی بۆ حوجره. ئه‌وه‌ی جێگای باسه لێره‌دا مامۆستا به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌م داهات و كۆكراوه‌یه به‌شی هه‌ڵنەدەگرت و بۆ خۆی به‌كاری نه‌ده‌هێنا.
دووه‌م: ده‌قنه: ساڵانه له وه‌رزی پاییزدا خه‌ڵكی گوند هه‌موو پێداویستی و خۆراكی خۆیان و كۆده‌كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی زستاندا بێ پێویستى بن، هه‌موو ساڵێك فه‌قێیه‌ك، یان دوو فه‌قێ ده‌گه‌ڕان و به‌شی حوجره‌یان له‌و كۆكراوه‌یه وه‌رده‌گرت و پاشان له لای یه‌كێك له پیاوه‌كانی گوند دایانده‌نا و به گوێره‌ی پێویستی ڕۆژانه، یاخود هه‌فتانه به‌شێكیان لێ وه‌رده‌گرت و به‌كاریان ده‌هێنا.
سێیه‌م: جومعانه: مه‌به‌ست له جومعانه ئه‌وه‌یه كه له ڕۆژی جومعه‌دا و له كاتی وتاری نیوه‌ڕۆ مامۆستا داوای له خه‌ڵكانی گوند، یاخود گه‌ڕه‌ك ده‌كرد كه هاوكاریی حوجره بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م جۆره بانگه‌واز و داواكارییه له كاتێكدا ده‌بوو كه مامۆستا و فه‌قێكانیش هه‌ستیان ده‌كرد كه خه‌ڵكانى نزیك مزگه‌وت و ئه‌وانه‌ی ڕاتبه ده‌ده‌ن به حوجره كه‌م ده‌رامه‌ت بوون و ناتوانن به‌شی بژێوی حوجره دابین بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه مامۆستای حوجره هه‌ڵده‌ستا به ئاگاداركردنه‌وه‌ی مامۆستای وتاربێژی مزگه‌وتی گوندێكی تر، كه حوجره‌ی نییە، یاخود گه‌ڕه‌كێكی تر كه ئه‌گه‌ر حوجره له شاردا بوبێت و دوو فه‌قێیان ده‌نارد كه هه‌ستن به كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ر هاوكاری و كۆمه‌كێك كه پاش بانگه‌واز به ده‌ست ده‌هات، ئه‌مه‌ش ده‌بووه سه‌رچاوه‌یه‌كی دارایی باش بۆ حوجره و سوودێكی باشى لێ وه‌رده‌گیرا. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌م بانگه‌واز و هاوكارییه تەنیا بۆ حوجره نه‌بووه، به‌ڵكو هه‌ندێک جار ئه‌گه‌ر یه‌كێك له فه‌قێكان زۆر نه‌دار و ده‌ستكورت بوایه پاش ئه‌وه‌ی مامۆستا بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دا ئه‌م كاره‌یان بۆ ئه‌نجام ده‌دا.
چواره‌م: مه‌لایه‌تی ڕه‌مه‌زان: ئه‌و فه‌قێیانه‌ی كه پله‌ی موسته‌عیدیان وه‌رگرتبوو له خۆیان ڕاده‌بینی كاتێك مانگی ڕه‌مه‌زان ده‌هات، ده‌چوونه ئه‌و گوندانه‌ی كه مه‌لایان نه‌بوو، بۆ مانگی ڕه‌مه‌زان پێشنوێژی و بانگدان و وتارخوێنیان ده‌كرد و ده‌مانه‌وه هه‌تا نوێژی جه‌ژنیشیان ده‌كرد، به‌م شێوه‌یه خه‌ڵكی گوند هه‌رچیه‌ك له زه‌كات و سه‌رفیترەیان هه‌بوو ده‌یاندا به مه‌لا و ئه‌گه‌ر قسه‌زان و ده‌نگ خۆش بوایه بۆ ڕەمەزانی داهاتووش بانگیان ده‌كرده‌وه. خه‌ڵكی گوند زۆر ڕێزیان لێده‌نا و به جوانی له‌و مانگه‌دا خزمه‌تیان ده‌كرد، مه‌لاى ڕه‌مه‌زان كه فه‌قێی موسته‌عید بوو به‌م داهات و هاوكارییه ته‌واوی پێداویستی خۆی دابین ده‌كرد و هه‌ندێکیشى بۆ كاتی پێویست هه‌ڵده‌گرت، چونكه ئه‌م داهاته‌ی كه به هۆی مه‌لایه‌تی ڕه‌مه‌زان ده‌ستده‌كه‌وت تایبه‌ت بو بۆ خودی فه‌قێ، نه‌وه‌ك بۆ حوجره.
پێنجه‌م: ئیسقات: كاتێك كه‌سێك كۆچی دوایی ده‌كات و له نوێژكردن لاواز بووه، یاخود هه‌ر نوێژی نه‌كردووه، كه‌سه نزیكه‌كانی (میراتگره‌كان) بانگی مامۆستایه‌كى ئایینیان ده‌كرد و بڕێك پاره دیاری ده‌كرا له جیاتی هه‌موو ئه‌و نوێژانه‌ی كه كۆچكردوو نه‌یكردوون، ئه‌و بڕه پاره‌یش بۆ مامۆستا و هه‌ندێک جاریش بۆ حوجره‌ی فه‌قێیان بووه، به‌م كرداره ده‌وترێت ئیسقات. به‌م شێوه‌یه بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه كه ئیسقات زۆر كات بووه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی داهات و دارایی بۆ مه‌لا و فه‌قێكانى، ئه‌م داهاته‌ش كه‌م نه‌بووه، چونكه له‌لایه‌ك مردن به‌رده‌وام هه‌یه و یه‌خه‌ی مرۆڤه‌كان ده‌گرێت، له‌لایه‌كی تریش بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه له‌جیاتی نوێژ دیاری ده‌كرا كه‌م نه‌بوو، كه ده‌توانین بڵێین بۆ سه‌رده‌می پێشووتر به یه‌ك ئیسقات خه‌رجی مانگێكی حوجره دابین ده‌كرا.
ئه‌وه‌ى شایه‌نی باسه ئه‌وه‌یه كه له حوجره‌دا له نێوان فه‌قێكاندا گیانێكی پڕ له خۆشه‌ویستی و ڕێز و هاوكاری هه‌بووه و هیچ نه‌بیستراوه و نه‌بینراوه حوجره‌ی فه‌قێ له‌سه‌ر خه‌رجی، یاخود داهات و خۆراك كێشه‌یان هه‌بووبێت.
له باسێكی تردا نووسه‌ر هه‌وڵیداوه له ڕێگه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده و مه‌به‌سته‌كانی په‌روه‌رده‌كردن بگاته ئامانجێك، كه ئایا فه‌لسه‌فه و مه‌به‌ست (ئامانج) له خوێندنی حوجره‌دا هه‌بووه؟ به گشتی نووسه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه هه‌موو په‌روه‌رده یه‌ك مه‌به‌ست و فه‌لسه‌فه‌ی هه‌یه، ئامانجێك دیاریكراوه بۆ كۆتا خاڵی په‌روه‌رده‌كردن، چه‌ند نموونه‌ی بۆ گه‌یشتن به ئه‌م مه‌به‌سته باس كردووه، له چین مه‌به‌ستی په‌روه‌رده ئاماده‌كردنی كه‌سانێكه بۆ ڕابه‌رایه‌تیكردن، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ بنه‌ما ڕه‌وشتییه‌كانی ئایینی كۆنفۆشیۆسدا یه‌كده‌گرێته‌وه، هه‌روه‌ها له یۆنان و زۆربه وڵاتانی دیكه‌ى ڕۆژئاوا مه‌به‌ستی په‌روه‌رده‌كردن ئاماده‌كردنی تاكه بۆ خودی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی بگاته پایهیە‌كی ته‌واو و هاوسه‌نگی و یه‌كانگیری له نێوان هێزی لاشه و هۆشدا.
به‌م شێوه‌یه نووسه‌ر پرسیار له‌سه‌ر مه‌به‌ست و فه‌لسه‌فه‌ی خوێندن ده‌كات له حوجره، كه پرسیاری كردووه، ئایا ئه‌و مه‌به‌سته سه‌ره‌كییه چییه كه حوجره‌ی فه‌قێ له پێناویدا دروست بووه؟ هه‌روه‌ك نووسه‌ر ئاماژه‌ی پێكردووه مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی له سه‌رده‌مانی پێشوودا له سه‌ره‌تاكانی دامه‌زراندنى حوجره‌دا فێربوونی قورئانی پیرۆز بووه له لایه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی ئایینی پیرۆزی ئیسلامه و له لایه‌كى تر وه‌ك ڕێگایه‌ك بۆ فێربوونی زمانی عه‌ره‌بی بووه، به درێژایی دروستبوونی حوجره هه‌تا سه‌رده‌می ئێستا ئه‌م مه‌به‌سته نه‌گۆڕاوه هه‌ر فێربوونی قورئانه‌كه‌یه. لێره‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكه‌ین كه قورئان كۆتا به‌رنامه و ئایینه خودا بۆ مرۆڤایه‌تی ناردویه‌تی و هه‌رچی شه‌ریعه‌ت و یاسایه‌كیش له ئیسلامدا هاتبێت هه‌تا كۆتا ڕۆژی دونیایه، به بڕوای زۆرینه‌ی زۆری زانایانی شاره‌زا له ئایین و قورئان ئه‌و بڕوایه‌یان هه‌یه كه قورئان بۆ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانه و وه‌ڵامی هه‌موو پرسیارێكیشى تێدایه، جا ئه‌گه‌ر وایه ده‌بێت هه‌ر قورئان مه‌به‌ست و ئامانجی سه‌ره‌كی بێت له خوێندنی حوجره.
له شیكردنه‌وه‌ی باسی سودێكی دیكه‌ی حوجره، نووسه‌ر ده‌ڵێت قوتابی حوجره ئه‌گه‌ر تا دوا ماوه‌ی خوێندنه‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت ده‌بێ به مه‌لایه‌كی پایه‌داری ناو كۆمه‌ڵگه كه ئه‌مه مه‌به‌ستێكی هاوژینانه‌ی تاكه كه‌سییه، به‌ڵام له دوور و نزیكه‌وه په‌یوه‌ندی به بنه‌ما و فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كورده‌وارییه‌وه نییه.
به‌ڵام دووباره لێره‌دا نووسه‌ر زۆر به ڕوونى له واقیع ده‌رچووه بێ ئاگا له‌وه‌ی كه هه‌ر مه‌لا و ده‌رچوانی حوجره و مه‌دره‌سه‌ی مزگه‌وت بوون زۆرترین ڕۆڵ و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر بواره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تى، وه‌ك پێكهێنان و ئاشته‌وایی و ئامۆژگاری هه‌بووه، هه‌روه‌ها له بواری سیاسی وه‌ك سه‌ركردایه‌تی شۆڕش ده‌ركه‌وتوون و له بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ر وه‌ك شاعیر و ڕۆشنبیر ڕۆڵیان گێڕاوه و له مێژوودا ده‌ركه‌وتوون.
له‌دوای باسكردنی فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده نووسه‌ر شیكردنه‌وه‌ی بۆ ڕێگه‌كانی وانه وتنه‌وه له حوجره‌كانی كوردستان كردووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌موو زانستێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه وه‌ك زانست، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی دروستبوونی ڕێگای تایبه‌ت بۆ گه‌یاندنی ئه‌و زانسته، دواتر شێواز و ڕێگای سروشتی خۆی دیاری ده‌كات و له زۆر كاتدا پێی ده‌ناسرێته‌وه. وانه‌وتنه‌وه له حوجره‌كانی كوردستان هه‌روه‌ك نووسه‌ر جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كات له یه‌ك شێواز تێنه‌په‌ڕیوه هه‌ر له سه‌رده‌می كۆنه‌وه هه‌تا ئێستا وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه، ئه‌ویش شێوازی بیستن و وتنه‌وه بووه، واته فه‌قێ ئه‌وه‌ی ڕۆژانه له مامۆستاكه‌ی گوێی لێ ده‌بێت به ته‌واوه‌تی وه‌ك خۆی وه‌ریده‌گرێت و له‌به‌رى ده‌كات پاشان ڕۆژی دواتر دێته‌وه لای مامۆستا و ئه‌وه‌ی له به‌ری كردووه بۆی ده‌ڵێته‌وه، ئیتر ئه‌مه جیاوازی نییە كه فه‌قێ زیره‌ك بووه، یاخود نا، گه‌وره‌یه، یان بچووك، گرنگ ئه‌وه‌یه زانسته‌كه له سنگدا بێت، نه‌وه‌ك تەنیا له‌نێو كتێب. نووسه‌ر جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌م ڕێگایه كه له سه‌ره‌تاوه هه‌بووه و هه‌ر ماوه و هه‌تا ئێستاش په‌یڕەو ده‌كرێت، هیچ گۆڕانكاری و ڕێگای نوێ نه‌هاتووەته ناو وانه‌وتنه‌وه له حوجره و شێوازی ته‌قلیدی زاڵه.
به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش نووسه‌ر له‌مه‌دا به هه‌ڵه‌دا چووه، چونكه حوجره‌كانی ئێستای مزگه‌وته‌كانی كوردستان ڕێگای زۆر نوێ و شێوازی جیاواز به‌كارده‌هێنن بۆ وانه‌وتنه‌وه و ته‌كنه‌لۆژیا به‌كاردێت له وانه‌كان و زۆر گرنگی به مانا و تێگه‌یشتن ده‌درێت، واته زۆر زیاتر له‌وه‌ی تەنیا له‌به‌ركردن بێت، به‌ڵكو مانا و مه‌به‌ست و ئامانجه.
هه‌رچی سه‌باره‌ت به ڕاڤه‌كردنی ده‌قه‌كانی ناو كتێبه‌كانى خوێندراوه له حوجره هه‌مووی به زمانی كوردی ڕاڤه كراوه، هه‌رچه‌نده زمانی كوردی له سه‌رده‌مانی پێشووتردا زۆر وشه‌ی زمانی عه‌ره‌بی تێدا بووه، به تایبه‌ت له حوجره‌كان و له‌لای فه‌قێ كه زیاتر له خه‌ڵك و هاووڵاتی ئاسایی له ژێر ئه‌م كاریگه‌رییه بوون، به‌ڵام هه‌موو ڕاڤه‌كان و لێكدانه‌وه‌كانی زیاتر بۆ تێگه‌یشتن به زمانی كوردی كراون، زمانی عه‌ره‌بی تەنیا بۆ فێربوون و تێگه‌یشتن بووه له ده‌قه بنه‌ڕه‌تییه‌كه. نووسه‌ر لێره‌دا ئه‌م ڕاڤه‌كردنه وه‌ك ناچاری سه‌یر ده‌كات و ده‌ڵێت، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مه خزمه‌تی زمانی كوردی نه‌كردووه، به‌ڵكو هه‌ندێک ده‌ق و شیعر و ئه‌ده‌بیاتیان به زمانی توركی، یاخۆ فارسی نووسیوه.
به‌هه‌مان شێوه له‌م بابه‌ته‌دا نووسه‌ر جارێكی تر خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی بۆ واقیعی حوجره كردووه له ساڵانی ڕابردوو له كوردستان، ئه‌گه‌ر سه‌یری واقیعی ڕابردوو بكرێت زمانی كوردی له‌و كاته‌دا زۆر بێ ناز بووه زمانه‌كانی تر زۆر زاڵبوون و ڕاڤه‌كردنی ده‌قه‌كان به زمانی كوردی خزمه‌تێكی باشی ئه‌م زمانه‌ى كردووه، چونكه لایه‌نی كه‌م ده‌یانتوانی به زمانه‌كانی عه‌ره‌بی، یاخود توركی و فارسی ئه‌مه بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌مه هه‌ڵه‌یه بڵێین حوجره هیچ خزمه‌تێكى به زمانی كوردی نه‌كردووه.
یه‌كێكی تر له شێوازه‌كانی خوێندن له حوجره بریتی بووه له ده‌وركردنه‌وه، واتا خوێندنی هه‌ر بابه‌تێك كه ڕۆژانه ده‌خوێندرا بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌ر بكرێت و بیر نه‌چێته‌وه، ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجه ده‌وركردنه‌وه له حوجره هه‌ندێک تایبه‌نمه‌ندى خۆى هه‌یه، كه بریتین:
1- فه‌قێ ڕۆژانه جگه له‌و بابه‌ته تازانه‌ی ڕۆژی پێشتر خوێندویه‌تی، هه‌وڵیداوه هه‌ندێک، یاخود زۆربه‌ی بابه‌ته‌كانی پێشووتریش ده‌ور بكاته‌وه بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی به كاتی زیاتر بووه.
2- زۆربه‌ی كات فه‌قێ به هاتوچۆ له‌ناو مزگه‌وت، یاخود هه‌یوانی مزگه‌وت ئه‌م كاره‌ی ئه‌نجام ده‌دا، به‌م هۆیه‌وه ڕۆژانه هاتوچۆكردنى فه‌قێ له‌ناو مزگه‌وت زۆر بووه و به ئاشكرایی نوێژخوێنان ئه‌مه‌یان بینیوه.
3- هه‌ندێک له‌و بابه‌تانه‌ی كه ڕۆژانه ده‌وركراونه‌ته‌وه پێویستیان به ده‌نگێكی خۆش و ئاوازێكی (له‌حنێكی) تایبه‌ت بووه بۆ ئه‌وه‌ی زووتر له‌به‌ر بكرێن و بیر نه‌چنه‌وه، هه‌ربۆیه فه‌قێ له حوجره زۆر كات به ده‌نگی خۆش و ئاوازی جیاواز سه‌رنجی نوێژخوێنانیان ڕاكێشاوه و هۆكاریش بووه بۆ به‌هێزبوونی چه‌سپاندنی بابه‌ته‌كه له فیكریاندا.
ئه‌وه‌ی كه‌ماوه كۆتا باسی ژیانی حوجره و فه‌قێیه، كاتێك دوای چه‌ند ساڵ له خوێندن و ڕه‌نج كێشان و مانه‌وه له حوجره‌ی مزگه‌وت و گه‌ڕان له‌م شوێن بۆ ئه‌و شوێن، ئینجا قۆناغی كۆتایی دێته پێشه‌وه كه بریتییه له وه‌رگرتنی ئیجازه‌ی دوانزه علیم، كاتێك فه‌قێ دوانزه علیم ته‌واو ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئاشكرا بێت و هه‌موان بزانن ئیجازه‌ی پێ درا، كه مه‌رج نه‌بووه لای هه‌مان مامۆستا بێت كه زۆربه‌ی وانه‌كانى پێوتوه، به‌ڵكو زۆر جار بۆ ئه‌م مه‌به‌سته مامۆستا داواى له فه‌قێكان ده‌كرد كه كات و شوێن دیاری بكه‌ن بۆ ئاهه‌نگی پێدانی ئیجازه، بۆ ئه‌م ئاهه‌نگه‌ش چه‌ند ئاماده‌كارییه‌ك پێویست بوو:
1- دیاریكردنی مزگه‌وتێك گه‌وره بێت، یاخود وا باشتر بووه مزگه‌وتی ئه‌و مامۆستایه بووبێت كه ئیجازه‌كه‌ی به‌خشیوه.
2- بانگهێشتی خه‌ڵكانێك كه نزیكن له مزگه‌وت و حوجره بۆ ئاماده‌بوون له‌م ئاهه‌نگه.
3- ئاماده‌كردنى مێزه‌ری سپی و جبه‌یه‌ك كه له‌م ئاهه‌نگه‌دا ده‌كرایه به‌ر فه‌قێ.
4- خوێندنه‌وه‌ی وتار و مه‌ولایه سه‌لیم به ده‌نگی خۆش و ده‌ف لێدان.
5- هه‌ندێک كات نانخواردن، یاخود شیرینی تێدا ده‌به‌خشرایه‌وه.
6- له كۆتایی ئه‌م ئاهه‌نگه‌شدا زۆر كات فه‌قێ كه ئیجازی وه‌رگرتووه بووەته مه‌لا و مزگه‌وتی بۆ دیاری ده‌كرا.
به‌م شێوه‌یه خوێندنی فه‌قێ له حوجره كۆتایی ده‌هات و سه‌ره‌تای قۆناغی نوێ ده‌ستی پێ ده‌كرد وه‌ك مه‌لا له مزگه‌وت.
له كۆتایی ئه‌م باسه گرنگه به كورتی ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه حوجره له سه‌رده‌مانێك له كوردستان گرنگترین شوێنی زانست و زانیاری بووه و هۆكاری پێگه‌یاندنی كه‌سانێك بووه كه بوونه‌ته هۆی ده‌ركه‌وتنی ئه‌م ده‌ره‌نجامانه:
1- پاراستنی ئایینی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری كه ئایینی ئیسلامه و تێكه‌ڵكردنی به ژیانی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتیان كه دواتر بووه‌ته به‌شێك له دابوونه‌ریت.
2- دروستبوون و ده‌ركه‌وتن و مانه‌وه‌ی كه‌سانێك كه كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بووه.
3- هه‌ندێک كات به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ڕۆڵی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیان بینیوه به خوێندنی ئایه‌ت و نووسینى نوشته.
4- كه‌سانێكی هه‌ڵكه‌وتوو وه‌ك سه‌ركرده و پێشه‌وا له حوجره‌وه ده‌ركه‌وتون و ڕۆڵیان له‌سه‌ر سیاسه‌ت و خزمه‌تى دۆزی میلله‌ت و نیشتمان هه‌بووه.
5- ده‌ركه‌وتنی كه‌سانی ئه‌دیب و شاعیر و هونه‌رمه‌ند و ڕۆشنبیر كه كاریگه‌ریان له‌سه‌ر نووسینه‌وه‌ی به‌شێكی مێژووی میلله‌ته‌كه‌مان هه‌بووه.