نەرمینواندنی قارەمانانە (نرمش قهرمانە)
هەورامان فەریق
نەرمینواندنی قارەمانانە، وەك زۆرێك لە چەمكە ئێرانناسییەكانیتر ـ هەڵبەت زیاتر پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی ئێران و پەیوەندییەكانی دەرەوە ـ چەمكێكی تایبەت بە ئێران و جێی مشتومڕ بووە. سەبارەت بە بەكارهێنانی چەمكەكە، دەگوترێت ئەم چەمكە بۆ یەكەمجار لە لایەن ڕێبەری كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەكار هاتووە. هەڵبەت هەندێك بە تەكتیك، هەندێك بە ستراتیج و هەندێك بە باوەڕ لێكی دەدەنەوە. زۆركاتیش شرۆڤەكارانی لایەنگری ئەو جۆرە لە سیاسەتكردن، بۆ ئەوەی بەرگێكی ئایینی بكەن بە بەریدا، دەگەڕێنەوە بۆ ڕێككەوتننامەی حودەیبییە یان ڕێككەوتنی ئاشتی نێوان حەسەنی موجتەبا و معاویەی كوڕی ئەبو سوفیان(1).
لە دوای شۆڕشی ئێرانەوە، دوو باڵی شۆڕش لە ئێراندا هاوشانی یەكتری گەشەیان كردووە؛ چاكسازیخوازان و بناژووخوازان. بە تێپەڕبوونی كات دژیەكیی و جیاوازی سیاسەتكردن لە نێوان دوو بەرەكە بەردەوام زیاتر بووە. یەكێك لەو كێشە گەورانەی كە هەمیشە بەرۆكی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی بەرنەداوە، پەیوەندییەكانی بووە لەگەڵ ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئێران. ڕێبەری كۆماری ئیسلامی كە نوێنەرایەتی ئەو ڕەوتە باڵادەستەی ئێرانی كردووە كە هەمیشە بە چاوی گومان و نەبوونی متمانەوە سەیری ڕۆژئاوای كردووە، پێی وایە كە متمانەكردن پێیان خواردنەوەی جامە ژەهرەكەیە.
سەبارەت بە كات و ساتی بەكارهێنانی چەمكەكە، ڕای بەهێز ئەوەیە كە بۆ یەكەمجار لە وتار و كۆبوونەوەیەكی ڕێبەردا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە، سەفیرەكان و كاربەدەستاندا لە ڕێككەوتی (7/8/1996ز- 17/5/1375)، ئەو چەمكەی بەكار هێناوە. لەو وتارەدا بەمشێوەیە چەمكی نەرمینواندنی قارەمانانە بەكار دەهێنێت: نوێنەرانی سیاسیی ئێران لە جیهاندا دەبێت تیژتر لە شمشێر، نەرمتر لە پارچەی حەریر و بتەوتر لە بەرد و پۆڵابن. پانتایی سیاسەتی دەرەوە، پانتایی نەرمینواندنی قارەمانانەیە. بەڵام نەرمییەك كە لە بەرامبەر دوژمندا، تیژ بێت(2). هەر زوو، لایەنگرانی ڕێبەری و بناژووخوازەكان دەستیان بە شرۆڤە و بڵاوكردنەوەی چەمك و گوتارەكە كرد. لەوكاتەوە تا هەنووكە ئەم چەمكە بووەتە جێی مشتومڕی چاكسازیخوازان و بناژووخوازان و جێگەی شرۆڤەی چاودێرانی سیاسی هەردوولا. لایەنگرانی بناژووخوازان هەر لە ڕۆژی بەكارهێنانی چەمكەكەوە و ماوەجارێك بۆ ئەوەی چاكسازیخوازان زۆر دڵ بەم چەمكە خۆش نەكەن و بەتایبەت لە بواری پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا و ڕۆژئاوادا پێی لێ ڕانەكێشن، دەست بە ڕوونكردنەوە و ڕاستكردنەوەی هەڵەتێگەیشتن لەم چەمكە دەكەن. ئەوان پێیان وایە كە مەبەستی ڕێبەری لەم چەمكە بریتی نییە لە پاكشەكشێ لە بنەما چەسپاوەكانی ڕژێم و هەڵوێستەكانی، بەڵكو مەبەست لێی جووڵە دروستە دیپلۆماسییەكانە(3). ئەوان ئەم جۆرە لە سیاسەتكردن یەكسان دەكەن بە مانۆڕی هونەرمەندانە بۆ گەیشتن بە مەبەست. بەو واتایەی كە ڕێبواری ڕێگەی خودا، كاتێك بە ئاڕاستەی دروشمە جۆراوجۆرە ئیسلامییەكان دەڕوات، دەبێت بۆ گەیشتن بە دروشمەكان هەموو ڕێگایەك بگرێتەبەر. هەڵبەت ڕێبەری ئێران هەركات پێویستی كردبێت بەتایبەت لە چركەساتە هەستیارەكانی وەكو دانووستانەكاندا ڕوونكردنەوەی زیاتر لەسەر چەمكەكە داوە: بۆ نموونە لە كۆبوونەوەیەكی تردا، وێڕای ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر نەرمینواندن و مانۆڕی هونەرمەندانە و قارەمانانە دەدات لە هەموو پانتاییە سیاسییەكاندا، بەڵام دیسانەوە جەخت لەسەر تێنەپەڕاندنی هێڵە سوورەكان، ستراتیجە بنەڕەتییەكان و دروشمەكانی ڕژێم دەكاتەوە(4).
دوای نزیكەی سی ساڵ لە تێپەڕبوون بەسەر بەكارهێنانی ئەو چەمكەدا، هەركات چاكسازیخوازان ویستبێتیان جومگەكانی دەسەڵات بگرنەوە دەست، بەرامبەرەكەی خۆیان بەوە تۆمەتبار كردووە كە هەرچی شكست و نەهامەتییە دێت بەسەر خەڵكی ئێران و سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا، لەبەر ملنەدانی ئێران بووە بە دانووستان لەگەڵ ڕۆژئاوادا، بەتایبەت لە دۆسییەكانی چەكی ناوەكی، دەستوەردان لە وڵاتانی تر و پەرەپێدانی بە موشكەلی بالیستی. بە پێچەوانەوە، كاتێك بناژووخوازان باڵادەست دەبنەوە، باڵەكەیتر بەوە تۆمەتبار دەكەن كە ملدانیان بە دانووستان و ڕێككەوتنەكانی وەك (5+1)، ئەوانە ئێرانیان زەلیلتر كردووە و دەستی ڕۆژئاوایان بەسەر ئێراندا باڵا كردووە. كاتێكیش ئەنجامی دانووستانەكان جێی ڕەزامەندی ئەوان بێت، بە ئاشكرا هۆكاری سەركەوتنەكە دەگەڕێننەوە بۆ ئەو جۆرە لە سیاسەتكردن. بۆ نموونە سەعیدی جەلیلی كە یەكێكە لە ڕكارە سەرسەختەكانی چاكسازیخوازان چەند بە گرنگییەوە باس لە دەستكەوتەكانی ئەو سیاسەتە دەكات كە چۆن بە هۆی هونەری دیپلۆماسییەوە، ئالەنگاری دۆسییەی ناوەكییان كردووە بە دەرفەت بۆ بەهێزتركردنی ئێران(5).
چەمكەكە هێندە لاستیكی و گشتگیرە كە دەتوانرێت بە خراپ بەكارهێنانی كاریگەرییەكی هەمەلایە لەسەر ئێران دروست بكا. لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە تا سیاسەتی ئێران لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و ناوچەكە و كەیسی مافی مرۆڤ و ژن لە نێوخۆی ئێراندا. هەروها كاریگەری ڕاستەوخۆی ئەم جۆرە لە سیاسەتكردن لەسەر بژێوی ژیان و دۆخی ئابووری خەڵكی وڵاتەكە.
چەلەحانێی لایەنگرانی نەرمینواندن بەتایبەت لە كابینەی حەسەنی ڕۆحانییەوە زیاتر بوو. ئیدی ڕێبەر ناچار بوو بە ڕوونكردنەوەی زیاتری چەمكەكە بە نموونەهێنانەوەی یاریزانێكی زۆرانبازی. ئەو ئاماژەی بەوە كرد كە یاریزانێك هەندێك جار لەبەر هۆكاری هونەری، نەرمی دەنوێنێت بەڵام لەبیری ناكات كە بەرامبەرەكەی كێیە و ئامانجەكەی چییە. لەو كاتەوە وەها ڕاڤە كرا كە مەبەستی ڕێبەر ئەوە بووە كە دەوڵەتەكەی ڕۆحانی تەنیا دەبێت جووڵە دیپلۆماسییەكان بە كایەی تەكنیكی لە بەرنامەی ناوەكیدا سنووردار بكەن(6). ئیدی لەوكاتەوە بناژووخوازان چەندین جار دەوڵەتەكەی ئەویان بە تەنازولكردن بەرامبەر بە ڕۆژئاوا تۆمەتبار كرد. ئەم مشتومڕە لە سەردەمی ڕۆحانیدا و بەتایبەت لەو خولەدا كە موحەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوە بوو، گەیشتە لووتكە.
ئێستاش لەسەردەمی مەسعود پزشكیاندا ئەم جۆرە لە سیاسەتكردن ئێرانی خستووەتە گێژاوێكەوە كە وادیارە دەرچوون لێی زۆر ئەستەم بێت. پزشكیان (2/3/2025)، بە ئاشكرا باسی لەوە كرد كە ئەو لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دانووستانە لەگەڵ ئەمریكادا هەروەك چۆن لە كۆبوونەی ساڵانەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا ڕایگەیاندبوو. بەڵام ڕێبەری ئێران ئەو پێشنیازەی ڕەت كردووەتەوە. بۆیە ڕەخنەی لەم جۆرە سیاسەتكردنە گرت(7). دواجار، ئێران و پزشكیان چاك دەزانن و ترسی ئەوەیان لێ نیشتووە كە نە دۆناڵد تڕەمپ، ئۆباما و جۆ بایدنە، نە هەژموونی ئێرانیش ئەو هەژموونەی جارانە. بەتایبەت كە لە ساڵی 2016 سیاسەتی تڕمپیان تاقی كردووەتەوە كە سیاسەتی هێرشبردنی پەیڕەو كردووە و لە ساڵی 2018، بە یەك واژوو لە ڕێككەوتی بەرجام هاتەوە دەرەوە. سیاسەتی ئەمریكا بە بێ گوێدانە نەرمینواندن، سیاسەتی (ئەوپەڕی پەستان) و سەپاندنی هەرچی زیاتری گەمارۆی نەوتی و بانكی دەگرێتەوە بەر و وەك پێشتر پەستان دەخاتە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ سزادانی هەرچی زیاتری ئێران. دوو مانگی ئایندە ڕوون دەبێتە كە تا چەند دۆناڵد تڕەمپ سوورە لەسەر ئەو وادەیەی بۆ ڕێبەر و ئێرانی داناوە بۆ ئەوەی مل بە دانووستان بدات و ڕادەی نەرمینواندنەكە چەندە.
- https://rasekhoon.net/article/show/758927 واکاوی تاکتیک «نرمش قهرمانانه» در بیان امام خامنهای رێككەوتی دوایین سەردان (19/3/2025)
- https://farsi.khamenei.ir/news-content?id=17885 دیدار مسئولان وزارت امور خارجه و نمایندگان سیاسی جمهوری اسلامی ایران با رهبر انقلاب ڕێككەوتی دوایین سەردان (19/3/2025)
- https://www.bbc.com/persian/iran/2013/09/130918_l93_iran_us_khamenei_speech ‘نرمش قهرمانانه’ یعنی چه؟ ڕێككەوتی دوایین سەردان (20/3/2025)
- دوایین سەردان (20/3/2025) اولین باری که رهبر انقلاب از لفظ «نرمش قهرمانانه» استفاده کردند کی بود؟ https://shorturl.at/XbF4w
- هنر دیپلماسی ما، تبدیل چالش هستهای به فرصتی برای قدرتمندتر شدن ایران بود. https://shorturl.at/XTFfY ڕێككەوتی دوایین سەردان (20/3/2025)
- https://iranwire.com/fa/blogs/4700/ منظور رهبر ایران از نرمش قهرمانانه چیست؟
ڕێككەوتی دوایین سەردان (20/3/2025)
- https://www.bbc.com/persian/articles/c3rnpq39wz2o پزشکیان: من موافق مذاکره بودم، رهبری گفت با آمریکا مذاکره نکنیم ڕێككەوتی دوایین سەردان (20/3/2025)