هەدەپ؛ یەکیەتیی بوون
(Mahsum Sağlam)نوسینی: مەحسوم ساغڵام
ڕۆژنامەی ژیانی نوێ (Yeni Yaşam Gazeyesi)
وەرگێڕانی: ئەیاد کەمال ڕەشید
گەلی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا ساڵانێکە هەوڵ بۆ سەلماندنی بوونی خۆی دەدات. بەدەر لەوەی تا ڕادەیەکی زۆر ئەم بوونەی سەلماندووە، لەگەڵ ئەوەشدا کێشەی ئازادیی هەبووە، هەر بۆیە هەدەپ(١) وەک درێژکراوەی پارتە سیاسییەکانی دیکەی کورد لە تورکیا توانیویەتی ئەم بوون و ئازادیبوونەی بەدەستبهێنێت و درێژەی پێ بدات.
بزوتنەوەی سیاسیی کورد بزوتنەوەیەکە کە زۆرترین ناوی حیزبەکانی لە مێژووی سیاسیی تورکیادا گۆڕیوە و بەم مانایە نوێبوونەوەی ئەزموونکردووە. لە پڕۆسە سەختەکانی هەر قۆناغێکدا خۆی وەک جێگرەوە (ئەڵتەرناتیڤ) نیشاندەدات و لە لایەکی دیکەشەوە بە شێوەیەکی جێگیر لە ڕێگەی هەوڵە بەردەوامەکانیەوە هێزی زیاتر بەدەستدەهێنێت و پێشدەکەوێت. هیچ لایەنێکی تر لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نییە ڕووبەڕووی قەدەغەکردن و داخستن و لێکۆڵینەوەی لەو شێوەیە بووبێتەوە.
کەواتە ئەو دەسەڵاتە چییە کە گۆڕین و گۆڕانکاری دروستدەکات! لە جوگرافیایەکدا کە کۆنەپەرستی سەرەڕای هەموو هێرش و فشارەکان ئەوەندە بەهێزە، توانای نوێبوونەوە لە کوێوە سەرچاوەدەگرێت!
لە کاتێکدا هەموو سەرکردە سیاسییەکان لە زینداندان و سەدان کەسایەتی سیاسەتیان لێ قەدەغەکراوە، کە لە حیزبدا ڕۆڵی چالاکانە دەگێڕن، ئەم بزوتنەوە سیاسییە کە بووەتە ئامانجی ئاشکرای هەموو حکومەتێک لە تورکیا، لە کوێوە وزە و پاڵنەری خۆی بەدەستدەهێنێت! لە ١٥ی تشرینی یەکەمدا یەسەپە لە کۆنگرەی چوارەمیدا ناوی خۆی گۆڕی بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ). ناوی هەدەپ سەرجەم حیزبە کوردییەکانمان بیردەخاتەوه که له ساڵانی ڕابردوودا داخراون. پێویستە قۆناغە مێژووییەکانی ٣٤ ساڵەی بوونی ئەو هێز و بزوتنەوە نەتەوەییە لەبیرنەکەین کە وەک نەریتێکی سیاسی هەدەپی دروستکرد و لە ئاستێکی باڵای مەیدانی سیاسیی تورکیادا ئەسپی خۆی تاودەدات.
پارتە داخراوەکان
دوابەدوای کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ی تورکیا، سیاسەتی کورد دوای ١٠ ساڵ لەگەڵ پارتی کرێکارانی گەلدا (ھەپ) لە ٧ی حوزەیرانی ١٩٩٠ گەڕایەوە گۆڕەپانی سیاسی. کاندیدەکانی هەپ توانییان لە سەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکراتی گەل (سەهەپە) لە هەڵبژاردنە گشتییەکەدا کە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٩١ بەڕێوەچوو، بەشدارییبکەن و ١٨ پەرلەمانتار بنێرنە پەرلەمانەوە.
ئەو ڕووداوەی کە دەنگی هەپی گەیاندە ڕایگشتیی تورکیا و جیهان، ڕێوڕەسمی سوێندخواردن بوو لە ٦ی تشرینی دووەمی ١٩٩١. لە مەراسیمی سوێندخواردنەکەدا کە لە پەرلەمان بەڕێوەچوو، هاتیپ دیجلە (Hatip Dicle)؛ پەرلەمانتاری ئامەد، پێش خوێندنەوەی سوێندەکەی وتی: “من و هاوڕێکانم لە ژێر فشاری دەستووردا ئەم دەقە دەخوێنینەوە.” پاشان لەیلا زانا بە دەستەسڕێکی زەرد و سور و سەوز کە هێمای کورد و کوردستان بوو بە یەخەیەوە و بە قردێلەیەکی هەمان ڕەنگ بە قژیەوە ڕۆیشتەسەر کورسی. دوای سوێندخواردن لەیلا زانا بە زمانی کوردی دەڵێت: “من بە ناوی گەلی تورکیا و گەلی کوردەوە ئەم سوێندە دەخۆم.” دوای ئەو ڕووداوە کە وەک “قەیرانی سوێند” لە مێژوودا تۆمارکراوە، فەرمانگەی سەرۆکی داواکاری گشتیی تورکیا لێکۆڵینەوەیەکی لە دژی هەپ دەستپێکرد. کاتێک ئەگەری داخستنی هەپ دەرکەوت، پارتی ئازادی و دیموکراسی (ئۆزدەپ) لە ٢٥ی حوزەیرانی ١٩٩٢ دامەزرا. لەم نێوەندەدا لە ٣ی تەمموزی ١٩٩٢دا دۆسیەی داخستنی هەپ دەستیپێکرد. ئەو دۆسیەیە بووە هۆی داخستنی هەپ لە ١٤ی ئەیلوولی ١٩٩٣. بەم ڕووداوە بۆ یەکەم جار سیاسەتی کوردی داخرانی حیزبی بەخۆیەوەبینی. هەروەها دۆسیەی داخستنی ئۆزدەپ کرایەوە، کە وەک جێگرەوە (ئەڵتەرناتیڤ) دامەزرابوو.
سێیەمین پارتی سیاسی کە بزوتنەوەی سیاسیی کوردی لە تورکیا دامەزراند، پارتی دیموکرات (دەپ) بوو. کاندیدانی پارتی دیموکرات کە لە ٧ی ئایاری ١٩٩٣ بە سەرۆکایەتیی یەشار کایا (Yaşar Kaya) دامەزرا، ئەوانە بوون کە لە سەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکراتی گەل چوونە پەرلەمانەوە. دوای یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی دیموکرات، ٧ لە بەڕێوەبەری بارەگاکانی دەستبەسەرکران و یەشار کایاش لە ١٦ی ئەیلوولی ١٩٩٣ لەلایەن دادگای ئاسایشی ئەنقەرەوە دەستگیرکرا.
کاتێک دادگای دەستووریی ئۆزدەپی لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ١٩٩٣ داخست، بۆ جاری دووەم سیاسەتی کوردی ڕووبەڕووی داخستنی حیزبی بووەوە.
دەستگیرکردنی پەرلەمانتارانی پارتی دیموکرات
لە ٢ی ئازاری ١٩٩٤ پارێزبەندی لە سەر هاتیپ دیجلە، لەیلا زانا، ئۆرهان دۆغان، ئەحمەد تورک، سری ساکیک و پەرلەمانتاری سەربەخۆی شرناخ؛ مەحمود ئاڵتیناک هەڵگیرا. هەر لەو ڕۆژەدا ئۆرهان دۆغان و هاتیپ دیجلە لە کاتی دەرچوونیان لە پەرلەمان دەستبەسەرکران. وێنەی سەری ئۆرهان دۆغان کە لەلایەن ئەفسەرێکی پۆلیسەوە دادەنەوێنرێت و سواری ئۆتۆمبێلێکی دەکەن، وەک هێمای خەبات و تێکۆشانی ئەو سەردەمە تۆمارکراوە. ئەو پەرلەمانتارانە لە ١٦ی ئازاری ١٩٩٤ دەستبەسەرکران و ڕەوانەی زیندانی ناوەندی ئەنقەرە کران. تورکیا بە هۆی ئەم دۆسیەیە لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سزادرا.
پێویستە قۆناغە مێژووییەکانی ٣٤ ساڵەی بوونی ئەو هێز و بزوتنەوە نەتەوەییە لەبیرنەکەین کە وەک نەریتێکی سیاسی هەدەپی دروستکرد و لە ئاستێکی باڵای مەیدانی سیاسیی تورکیادا ئەسپی خۆی تاودەدات.
ئەو سیاسەتمەدارانەی کوژراون
گەلی کورد ساڵانێکە هەوڵ بۆ سەلماندنی بوونی خۆی دەدات. بەدەر لەوەی تا ڕادەیەکی زۆر ئەو بوونەی سەلماندبوو، کێشەی ئازادییشی هەبوو. سیاسەتی کوردی هەمیشە جەختی لە سەر ئازادی و دیموکراسی و ئاشتی کردووەتەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش خەباتی سیاسیی کورد لە تورکیا لە ئاستی قوربانیداندایە. ساڵانی نەوەدەکان سەختترین قۆناغەکان بوون بۆ سیاسەتی کوردی. ڤەدات ئایدن (Vedat Aydın) لە کاتێکدا سەرۆکی لقی ئامەدی پارتی کرێکارانی گەل بوو، لە ٥ی تەمموزی ١٩٩١ لەلایەن ژیتەم (Jitem)ەوە ڕفێنرا و کوژرا. مەهمەت سینجار (Mehmet Sincar) لە کاتێکدا پەرلەمانتاری پارتی دیموکرات بوو، لەلایەن حیزبولکۆنترا (Hizbulkontra)؛ ئەندامانی دەوڵەتی قووڵ (Derin Devlet)ەوە کوژرا، فایک جاندان (Faik Candan)؛ پارێزەری کورد، کە ماوەیەک سەرۆکی لقی ئەنقەرەی پارتی کرێکارانی گەل بووە و دواتر بەردەوامبووە لە پیشەی پارێزەری، لە ١٤ی کانوونی دووەمی ١٩٩٤ لە ئەنقەرە کوژرا. سەدان سیاسەتمەدار و ئەندامی حیزبە کوردییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا و هەروەها ئەو نیشتیمانپەروەرانەی کە دەچوونەناو بینای لق و ناوچەی حیزبەکەیانەوە، بە دەستی ئەندامانی دەوڵەتی قووڵ دەکوژران.
ساڵانی ٢٠٠٠ و دۆسیەی پیلانگێڕیی کۆبانێ
هەرچەندە لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ و دوای ٢٠٠٠دا نەریتی سیاسی لەگەڵ “هەدەپ، دەهەپ، دەتەپە، بەدەپە و هەدەپە”دا بەهێزتربوو، بەڵام کوژران و گرتنی ئەندامان و داخستنی پارتەکان بەم پڕۆسەیە کۆتایینەهات.
دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ؛ هاوسەرۆکانی هەدەپە، ئیدریس بالوکەن؛ جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە و پەرلەمانتاران؛ عەبدوڵا زەیدان، فێرهات ئێنجو، لەیلا بیرلیک، گولسەر یەڵدرم و نورسێل ئایدۆغان، خاڵی وەرچەرخان بوو لە دۆسیەی پیلانگێڕیی کۆبانێ. لە بەرانبەر ئەم هێزە سیاسییە بەهێزتر و هەڵکشاوەدا، دەوڵەت چیتر بە هێزی تایبەت نا، بەڵکو بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە لە هەوڵدایە بۆ کۆتاییهێنان بەم بزوتنەوە نەتەوەییە.
هیچ پارت و بزوتنەوەیەک لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نییە هێندەی ڕووبەڕووی قەدەغەکردن و داخستن و لێکۆڵینەوەی هاوشێوەی پارتە کوردییەکان لە تورکیا بووبێتەوە.
هەدەپ؛ یەکیەتیی بوون
بێگومان هێزی سیاسیی کورد دەسەڵاتی خۆڕاگریی ٣٤ ساڵەی خۆیی لە واقیعی گەلی خۆڕاگرەوە وەردەگرێت. وەڵامی پرسیاری “لە هەموو هەڵبژاردنێکدا دەنگ بە کێ دەدەیت؟”، “دەنگ بە خۆم دەدەم.” لێرەدا هێما و ناوی حیزب زۆر بە ڕوونی دەرناکەوێت. وشەی “بە خۆم” پەیوەندیی بە دامەزراندنی یەکڕیزییەوە لەگەڵ حیزبدا هەیە. لە سۆفیگەریدا ئەمە پێی دەوترێت یەکێتیی بوون. یەکیەتی کە بە واتای یەکگرتوویی دێت، مانایەکی نوێ بە “بوون” دەدات کە واتای بوونە، واتە یەکگرتوویی بوون یان بوونی یەکگرتوویی، هەرچەندە نەتەوەیی نییە، بەڵام گەلی کورد لە سایەی نوێنەرایەتیی حیزبی سیاسیی هەدەپەدا توانیویەتی ئەو یەکڕیزییە بەدەستبهێنێت.
گۆڕان پێویستە، دیارە لە سەدەی بیستویەکدا خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بە تەنیا هیچ مانایەکی نەماوە. کاتێک کێشەی گەورەی ئەمڕۆ سەرمایەداریی مۆدێرنەیە و لە سەر پایەکانی دەوڵەت و پیشەسازی و سەرمایەداری بەردەوامی بە خۆی دەدات، کەواتە مەگەر تەنها بوونی خەباتێکی ئایدیۆلۆژیی پەیوەست بە سەرمایەدارییەوە بتوانێت توانای مانەوە پیشانبدات. ئاشکرایە ئەوانەی دیموکراسی و ئیکۆلۆژی و ئازادیی ژنان ناکەن بە بنەمای کارەکانیان، ناتوانن وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی سەردەم بن. هۆکاری بوونی هێزی هەدەپ هەر لێرەدا بەڵگەیە لە سەر ئەوەی کە دەتوانێت بەهێزببێت. نەریتی میراتی سۆشیالیستی چەپ ڕوانگەیەکی فراوانی هەبووە لە خەباتی کوردستان و دیموکراتیبوونی تورکیا، کە دەتوانێت چەندین مۆدێلی چارەسەری پێشنیاربکات بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەدەپ درەختێکە کە هەرچەندە تازەش بێت، بەڵام ڕەگێکی قووڵی داکوتیوە، کە بە قەد سەوزیەکەی میوەکەیشی پێگەشتووە، سێبەرەکەی بە سەر هەموو ئەوانەوەیە کە دیموکراسی و ئازادی و ئاشتییان دەوێت و دەبێت بە چەترێک تا لە ژێریدا بە ئارامی بژین.
دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانی خاڵی وەرچەرخان بوو لە دۆسیەی پیلانگێڕی بەرانبەر بەم هێزە سیاسییە بەهێزتر و هەڵکشاوەدا، دەوڵەت چیتر بە هێزی تایبەت نا، بەڵکو بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە لە هەوڵدایە بۆ کۆتایهێنان بەم بزوتنەوە نەتەوەییە.
یەسەپە و هەدەپ ئامانجی نەژادپەرستەکانن، دادگای دەستوورییان بەدەستەوەیە
دەوڵەت باخچەلی؛ سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) کە نوێنەرایەتیی تەوژمی نەژادپەرستیی تورکیا دەکات، ڕایگەیاندووە: “لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا پارتی چەپی و سەوز (یەسەپە) کە بریتییە لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، بە ماکیاژکراوی چوارەمین کۆنگرەی جوداخوازییان سازدا. لەو هۆڵەی کە ئەم کۆنگرە تیرۆریستییە تێیدا بەڕێوەچوو، سروودی نیشتیمانیی تورکیا نەبیسترا، ئاڵای تورکیا هەڵنەواسرا، بە پیشاندانی وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی تیرۆریست و منداڵکوژ پاکانەیان بۆ کوشتن و خیانەت کرد. هیچ دەنگێک نە لە کلیچدارئۆغڵو و نە لە هاوبەشە سەرخۆشەکانیان نەبیسترا. کلیچدارئۆغڵو کە بە بوختانی خۆی دەوڵەت بە ڕزیو ناودەبات، بەڵام ئەم داپۆشینی داڕزینەکانی خۆیەتی. ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، دوو تیرۆریست دەستگیرکران، کە یەکێکیان پەرلەمانتاری یەسەپە بووە و بە ئۆتۆمبێلێکی تیرۆریستە جوداخوازەکان دەچوونەپاڵ ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە. واتە جارێکی تر سەلمێنراوە کە کەسێکی بێشەرەف لە سەر کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا دانیشتووە، کەچی لە بنەڕەتدا لە ڕیزی تیرۆریستاندا بووە. بەڕێز کڵچدارئۆغڵو، هاوەڵانت دیسانەوە دانانیشنەوە و پلان بۆ ڕۆیشتنەسەر شاخ دادەنێن بە قاچاخی، بەڵام سەربازە قارەمانەکانی ئێمە ناهێڵن هیچیان هەناسەبدەن، سوپاس بۆ خودا. هەدەپە لە یەسەپەوە جارێکی تر پۆشاکی خۆی گۆڕی و ئەم جارە بوو بە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەل (هەدەپ). گۆڕەپانی سیاسیی تیرۆر و جوداخوازی کە لە ساڵی (١٩٩٠)ەوە لە ژێر ناوی بەکۆدکراوی ‘هەپ، ئۆزدەپ، دەپ، هادێپ، دێهاپ، بەدەپە، هەدەپە، یەسەپە’ کە لە سەر هێڵی خیانەتن، ئێستا وەک هەدەپ بەردەوامی بە ڕێبازی خۆیان دەدەن. ئەوەی ئێمە ناتوانین لێی تێبگەین، ئەوەیە کە دادگا دەستووری چی دەکات؟ لە ساڵی (٢٠٢١)ەوە بە چ مافێک و بۆ چ مەبەستێک و بۆ کێ دەیەوێت خۆی شیرینبکات، کە دۆسیەی داخستنی هەدەپەی بە کراوەیی هێشتووەتەوە و بڕیاری کۆتایی لە سەر نەداوە. ناوەکەی هەر چییەک بێت، چ بەڵگەنامە و زانیاری و بەڵگەیەکی زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی دەست و پێی سیاسیی جوداخوازەکان بە شێوەیەکی یاسایی ببڕدرێتەوە؟”
هەدەپ درەختێکە کە هەرچەندە تازەش بێت، بەڵام ڕەگێکی قووڵی داکوتیوە کە بە قەد سەوزییەکەی میوەکەیشی پێگەشتووە، سێبەرەکەی بە سەر هەموو ئەوانەوەیە کە دیموکراسی و ئازادی و ئاشتییان دەوێت.
نەژادپەرستان دادگاشیان قەبوڵ نییە
دەوڵەت باخچەلی دەڵێت: “من ڕاشکاوانە بە هەموو جیهانی ڕادەگەیەنم، هەروەک چۆن شكاتم لە هەدەپە و خیانەتکاران کردووە، بە ناوی نەتەوەکەیشمەوە لە قیامەتدا شکات لە دادگای دەستوورییش دەکەم و یەکبەیەکی مافەکانمانی لێ دەسێنمەوە، بە هۆی ترسیان لە داخستنی پارتەکەیان هەدەپە بە ناوی یەسەپەوە بەشداریی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری کرد، لە ڕاستیدا ئەمە گاڵتەکردنە بە دادپەروەریی تورکیا و نەتەوەکەمان. دەمەوێت ڕاستەوخۆ لە سەرۆک و ئەندامانی دادگای دەستووری بپرسم؛ کەی بیر لە بینینی ئەو ڕیسوایی و زەلیلیە دەکەنەوە کە ڕوودەدات! دادپەروەرییەک لە کاتی خۆیدا جێبەجێنەکرێت، پێی ناگوترێت دادپەروەری. ئایا ئەم ڕاستییە نازانن! بڕیاری دادگای دەستووری بە هێشتنەوەی دۆسیەی هەدەپە هێشتا بە کراوەیی، لە کاتێکدا پەیوەندیی لەگەڵ قەندیلدا هەیە و پشتیوانی لە تیرۆریستان دەکات، بە دڵنیاییەوە لەگەڵ شەرەفی یاسا و ناموسی دیموکراسیدا ناگونجێت. ئەوەی پێویستە بکرێت، ڕوون و ئاشکرایە، هەدەپە و هەر پارتێک وەک درێژەپێدەری سیاسەتی ئەو حیزبە دامەزرا، پێویستە دەستبەجێ دابخرێت و مۆڵەتنەدرێت ڕێکخراوێکی سیاسیی جوداخواز و وێرانکەر جارێکی دیکە دابمەزرێتەوە.”
____________________
١-پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ) (Halkların Eşitlik ve Demokrasi Partisi (HEDEP)) نوێترین ناوی ئەو پارتە کوردییەیە کە نوێنەرایەتیی ڕەوتی نەتەوایەتیی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا دەکات. دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) (Halkların Demokratik Partisi (HDP)) بە هۆی مەترسیی داخستنی لەلایەن دادگای دەستووریی تورکیاوە بڕیاریدا لە ژێر چەتری پارتی چەپی سەوزدا (یەسەپە) (Yeşil Sol Partisi (YSP)) بەشداریی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بکات. دوای هەڵبژاردنەکانیش هەدەپە کۆنگرەی بەست و بەرپرسانی ئەو حیزبە بڕیاریاندا لە چوارچێوەی یەسەپەدا بەردەوامبن لە خەباتی سیاسی. دواجار لە کۆنگرەی چوارەمی یەسەپە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ناوی پارتەکە گۆڕدرا بۆ پارتی دیموکرات و یەکسانیی گەلان (هەدەپ) (Halkların Eşitlik ve Demokrasi Partisi (HEDEP))، بۆیە هەدەپ نوێنەرایەتیی درێژکراوەی ١١ پارتی داخراوی سیاسیی کوردی دەکات لە باکووری کوردستان و تورکیا.
___________________
لینكی بابەتەكە:
(https://yeniyasamgazetesi5.com/hedep-birligin-varligi/)