ئەفغانستان 100 ئه‌ندامی دیكه‌ی تاڵیبانی ئازادکرد
دەوڵەتی ئه‌فغانستان 100 ئه‌ندامی دیكه‌ی بزوتنەوەی تاڵیبانی له گرتووخانه‌ی باگرام ئازادكرد.
جاڤید فایسال وته‌بێژی شورای ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌فغانستان، له لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، بەپێی رێككه‌وتنی نێوان ئه‌مریكا و تاڵیبان، 100 به‌ندکراوی دیكه‌ی تاڵیبان له گرتووخانه‌ی باگرام ئازادكراون.
ئاماژەی بەوەش کرد، ژماره‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی تاکو ئێستا ئازادكراون گەیشتووەتە ٢٠٠ كه‌س.
وته‌بێژی شورای ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌فغانستان راشیگەیاند، ناوی ئه‌ندامەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان به سیستمی پشكنینی ناسنامه‌دا تێپه‌ڕێندراوه و به‌ڵێنشیان لێوه‌رگیراوه كه دووباره دەست نەکەنەوە بە شەڕکردن.
فایسال باسی لەوەش کرد، لیستی گۆڕینه‌وه‌ی دیله‌كانیان له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه ئاڕاستهكراوه و ئه‌وانه‌ی ناویان له لیسته‌كه‌دا هەیە، به پێی ته‌مه‌ن، باری ته‌ندروستیی و تاوانه‌كانیان هەموویان ئازاد دەکرێن.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ یه‌كه‌م گرووپی چەکدارانی تاڵیبان ئازاد كران، كه پێكهاتبوون له ١٠٠ كه‌س.
لە یەکی ئەم مانگە، شاندێكی بزوتنەوەی تاڵیبان كه پێكهاتبوو له سێ كه‌س، بۆ بابەتی كاروباری دیل گۆڕینه‌وه، سه‌ردانی كابوڵی پایتەختی ئەفغانستانیان كرد.
کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ لە مەراسیمێکدا و بە ئامادەبوونى نوێنەرى ١٨ وڵات، کە لە نێوانیاندا وەزیرانى دەرەوەى ئەمریکا، قەتەر، تورکیا، پاکستان و چوار ڕیکخراوى نیودەوڵەتى ئامادەبوون، بزوتنەوەى تاڵیبان و ئەمریکا بەبێ ئامادەبوونى نوینەرى حکومەتى ئەفغانستان، ئیمزایان لەسەر ڕیکەوتننامەی نێوانیان بۆ کۆتایى هێنان بە درێژترین شەڕى ئەمریکا کرد.
ئەم رێککەوتننامەیە وەک گەڕانەوەى هیوا بۆ بنیاتنانەوەى ئەفغانستان و دەستپێکردنى قۆناغێکى نوێ لە ژیانى سیاسى لەو وڵاتە سەیر دەکرێت.