• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 20, 2020

هەوراز و نشێوەکانی خوێندنی ئەلكیترۆنی لە كوردستان

ئامادەكردن: عەدنان ئەحمەد

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە 4ی تشرینی دووه‌می 2020ی گۆڤاری ئایندەناسی

وەك زۆربەی وڵاتانی جیهان، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خوێندنی ساڵی ڕابردووی لە ھەرێمی کوردستان پەک خست و نەتوانرا بەو شێوەی پلانی بۆ دانرابوو؛ تەواو بکرێت. ئەمساڵیش دەستپێکردنی ساڵی نوێ (2020-2021) لەبەردەم هەمان هەڕەشە و بارودۆخدایە و خوێندکاران ناتوانن وەك ساڵانی ڕابردوو ڕوو لە قوتابخانە بکەن و لەناو پۆلەكان درێژە بە خوێندن بدەن، لەبەر ئەمەش وەزارەتی پەروەردە سیستمی تێكەڵی هەڵبژارد.

بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە بۆ خوێندنی بازنەی (1-3) لەناو پۆل و ئەوانی تر بە ئۆنلاین، ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەوە و ڕۆژی 17ی ئەیلوول؛ یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان داوای كرد وەزارەتی پەروەردە بە بڕیارەكانی پێشوویدا بچێتەوە و خوێندن لە هۆڵەكاندا دەست پێ بكاتەوە. یەكێتیی مامۆستایان ئاماژەی بەوەش کردبوو ئەگەر حكومەتی هەرێم مووچەیان بۆ دابین بكات، ئەوا هەموو زەمینەیەك بۆ خوێندن لەبارە.

سەبارەت بە ڕەخنەکان، د. سەیوان عەلی بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، لە لێدوانێکیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو: “ئێمه‌ وتوومانه‌ خوێندنی ئه‌لیكترۆنی نه‌ك خوێندنی ئۆنلاین، هه‌ندێك له‌ قوتابخانه‌ تایبه‌ته‌كان ئۆنلاین ده‌خوێنن، به‌ڵام له‌ خوێندنگا حكومییه‌كان وتوومانه‌ خوێندنی ئه‌لیكترۆنی، واته‌ ئێمه‌ مادده‌كان تۆمار ده‌كه‌ین، قوتابی ده‌توانێت سوودی لێ ببینێت له‌ كاتێكدا كه‌ كاره‌با هه‌یه‌. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ئۆنلاین بێت، كاتژمێر 8:00-ی به‌یانی هه‌موو قوتابییه‌كان پێویسته‌ گوێ له‌ مامۆستا بگرن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌لیكترۆنی بێت ده‌توانیین ئێمه‌ تۆماری بكه‌ین، كاتژمێر (8:00)یش كاره‌با نه‌بێت، كاتژمێری دواتر هەیە قوتابیان دەتوانن سەیری بکەن.”

ئاماژەی بەوەش کردبوو: “نزیكەی‌ 900 قوتابخانه‌مان هه‌یه‌ لە 900 گوند کە ئینته‌رنێتیان ناگاتێ، قوتابیانی ئه‌م 900 گوندە وتوومانه‌ پێویسته‌ له ‌خوێندنگاكاندا ده‌وام بكه‌ن و بڕۆنه‌وه‌ قوتابخانه‌كان، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و قوتابخانانه‌ قوتابییان كه‌متره‌ له‌ قوتابخانه‌كانی ناوشار.”

ڕۆژی یەكشەممە، 27/9/2020، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە قوتابخانەی ئامادەیی بەحرکەی کچانی شارۆچکەی بەحرکە لە پارێزگای  هەولێر، زەنگی دەستپێكردنی ساڵی  نوێی (٢٠٢٠-٢٠٢١)ی خوێندنی لێدا. سەرەڕای لێدانی زەنگی دەستپێکردنی خوێندن، بەڵام بەشێکی مامۆستایانی ھەرێم بایکۆتی دەوامیان کرد و خوێندنی ئەلیکترۆنییان ڕەت کردەوە.

ڕۆژی ٩ی ئەیلوول، وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ۱۰ی ۱۰ی ۲۰۲۰، دەستپێکی دەوامی فەرمییە بۆ قوتابیانی قۆناغی یەکەم و دووەمی بنەڕەتی، لەناو پۆل، هەروەها دەستپێکی خوێندنی ئەلیکترۆنییە بۆ قۆناغی سێیەمی بنەڕەتی تا یازدەی ئامادەیی. بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، کەناڵی ئاسمانی پەروەردەیی بەبەردەوامی وانەکانی قۆناغی ۳ی بنەڕەتی تا ۱۱ی ئامادەیی پەخش دەکات.

 

بڕیارەکە ناچارییە؟

ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی ئەیلوولی ۲۰۲۰، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێم، سەبارەت بە چۆنێتیی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی (۲۰۲۰-۲۰۲۱)، ڕاپۆرتی وەزارەتی پێشکەش بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، لەم ڕاپۆرتەدا چەندین بژاردە خراونەتە ڕوو، پاش هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی لەلایەن وەزیری تەندروستی، بە هۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا  ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بە شێوازی خوێندنی ناو پۆل نەکرێنەوە، لە هەمان كاتیشدا پڕۆسەی خوێندنیش ڕانەگیرێت، بۆ ئەوەشی ساڵی خوێندنی قوتابیان و خوێندکاران نەفەوتێت و لە کاتی دەستپێکی دەوام خوێندنی ئەلیکترۆنی و خوێندنی ئۆنلاین پەیڕەو بکرێت، جگە لە قۆناغی ۱۲ی ئامادەیی.

چەند ڕۆژێک دواتر، ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆ بووەوە و چەند بڕیارێکی لەسەر دەستپێکی ساڵی نوێ خوێندن دا. وەزیری پەروەردە، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند بڕیار دراوە ڕۆژی 27ی ئەیلوول، خوێندنی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەست پێ بکاتەوە، ئەوەش بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان. سەبارەت بە پۆلە سەرەتاییەکان، وەزیری پەروەردە وتی بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەم خوێندنی پۆلەکانی یەک و دووی سەرەتایی لەناو قوتابخانەکان دەست پێ دەکات و پۆلەکانی دیکە بە شێوەی ئۆنلاین دەبێت. لە بارەی گوندەکانیش، ئاماژەی بەوە کرد دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکان کە سەرجەم قۆناغەکان لە گوندەکان خوێندن دەست پێ بکەنەوە، چونکە گوندەکان خوێندکاریان کەمە و دەکرێت کۆنتڕۆڵ بکرێن.

بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە، وەزارەتەکە و بڕیاردەرانی ڕایانگەیاندووە ناچار بوون ئەم بڕیارە بدەن و ڕێگای دیکەیان نەبووە. وەزارەت پڕۆسەکەش بە “ئەلیکترۆنی” ناو دەبات نەک “ئۆنلاین”.

دڵشاد عەبدولڕەحمان وەزیری پەروەردە لە کابینەی پێنجەمی حکومەتی ھەرێم، لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ گۆڤاری ئایندەناسی لە بارەی بڕیاری خوێندن بە ئەلیکترۆنی وتی ئەم بژاردەیەی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا ھەڵیان بژاردووە بۆ خوێندن لەسەر ھێڵ و ئاوێتە، بڕیارێکی ناچارییە، بژاردەکانی بەردەمیشیان زۆر نەبوون، لەبەر کۆمەڵێک ھۆکار، لەوانەش: کەمیی توانای دارایی لەو دوو وەزارەتەدا، وەک دەزانرێت مامۆستایان ماوەیەکی زۆرە مووچەیان وەرنەگرتووە، سەرەڕای نەبوونی ژێرخانێکی گونجاو کە بتوانرێت بژاردەکانی خوێندن زیاتر بکرێت.

لەبەر ئەوە دەتوانرێ بوترێت ھەڵبژاردنی ئەم دوو بژاردەیە لەناو ئەو بژاردانەی لەبەر دەستی ئەو دوو وەزارەتەدا بووە؛ دوو بژاردەی خوازراو نین، بەڵام ناچاری بوون، واتە دوو بژاردە نین کە بتوانن پڕۆسەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە شێوەیەک ببەن بەڕێوە کە مەرجەکانی پەروەردە و فێربوون دابین بکەن.

ھۆمەر قەرەداغی پسپۆڕی بواری پەروەردە، بە گۆڤاری ئایندەناسیی ڕاگەیاند لە ئەزموونی وڵاتی سوێد؛ خوێندن لەسەر ھێڵ جێبەجێ کراوە، لەبەر ئەوەی ھەموو قوتابییەکان کۆمپیوتەریان ھەیە و دەتوانن لە ماڵەوە لەسەر ھێڵ بخوێنن. سیستمەکەش تێکەڵە، بەشێک لە قوتابیان لە ماڵەوەن و بەشێکی دیکە لە قوتابخانە، بۆ نموونە پۆلی حەوت لە قوتابخانەن و ھەشت لە ماڵەوە، ڕۆژێکی دیکە بەپێچەوانەوە، ئەمەش وا دەکات ھەموو قوتابیان سوود لە سیستمەکە ببینن و لە قوتابخانەش دانەبڕێن. واتە ھەموو ئاسانكاری و ئامادەکارییەکی پێویست کراوە بۆ ئەم جۆرە لە خوێندن، لە کوردستان ئەمە ئاسانكاری نییە، بۆیە جێبەجێکردنی ئەم سیستمە لە کوردستان ئاسان نییە.

ھەر لەدوای بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەوە، یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕەخنەی لە بڕیارەکە گرت. ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ گۆڤاری ئایندەناسی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە ھەڵدەسەنگێنێت و دەڵێت شێوازی ئاوێتە بە گونجاوتر دەزانم، چونکە بارودۆخی ئەمڕۆ وای کردووە نەتوانرێت قوتابیان بە قەرەباڵغیی جاران ببرێنەوە ناو پۆل، بەڵام دەکرێت سێ ڕۆژ بە سێ ڕۆژ، یان بۆ ھەندێک بابەت ئامادە بن و بۆ ھەندێک بابەت لەسەر ھێڵ بن.

باسی لەوەش کرد خوێندنی ئاوێتە بۆ خوێندنی باڵا گونجاوترە و بڕیاری خوێندنی لەسەر ھێڵ لە وەزارەتی پەروەردە ناچاری بوو، چونکە ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخی تەندروستی خراپتر و کۆرۆناش زیاتر تەشەنە دەکات، بەڵام پێم وا بێت لە ھەرێمی کوردستان ئەم خوێندنە بەتەواوەتی سەرکەوتوو نابێت و کێشە و گرفتی بۆ دروست دەبێت. کارەبامان تەواو نییە، ھێڵی ئینتەرنێت باش نییە، لە کۆی سیستمەکەدا کێشە و گرفتمان ھەیە، قوتابی و مامۆستایان شارەزای تەواوەتییان نییە لەم بوارەدا، ئامێری پێویست نییە و دابینکردنی قورسە بە ھۆی دۆخی داراییەوە.

 

باشی و خراپییەکانی سیستمەکە

دڵشاد عەبدولڕەحمان بە تیشک خستنە سەر دۆخی ھەرێمی کوردستان؛ لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی سیستمەکە دەخاتە ڕوو، ھەر یەکێک لەم بژاردانە کێشەی خۆی ھەیە؛ نەبوونی ھێڵی ئینتەرنێت لە ھەموو ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان، نەبوونی ئامێری پێشکەوتووی مۆبایل و کۆمپیتەر لای ھەموو خوێندکاران کە باری داراییان خراپە، ئەمانە و چەندین ھۆکاری دیکە وا دەکەن ئەم ڕێگایە لە ھەرێمی کوردستاندا تووشی گرفت و کێشە ببێتەوە.

زۆر گرنگە قوتابی لەناو پۆلدا گوێبیستی وانەکان ببێت، ئامادە ببێت، ھاتوچۆی قوتابخانە بکات و کولتووری فێربوون و قوتابخانە فێر ببێت، بەڵام دیارە بڕیارەکەی ھەردوو وەزارەت، بەتایبەت وەزارەتی پەروەردە، لە ناچارییەوەیە. گەورەترین کێشەی بەردەم پڕۆسەکە، لە ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، پێنەدانی مووچەیە، تاکوو ئەم ساتەش ئەو بڕیارەی کە خوێندن بۆ پۆلە سەرەتاییەکان لە قوتابخانەدا بێت؛ ئەستەمە جێبەجێ بکرێت، لەبەر ئەوەی زۆربەی زۆری مامۆستایان ئامادە نین بچنە پۆلەکانی خوێندنەوە، بۆیە ئاستەنگەکان زۆرن.

ئێستا ئەوەی ڕوونە کێشەکە ئەوەیە لەم پڕۆسەیەی کە ئێستا بڕیاری لەسەر دراوە لە ھەرێمی کوردستان، لانی کەمی فێربوون دابین دەکرێت، واتە خوێندکارەکە بڕوانامە وەردەگرێت، بەڵام ھێندەی پێداویستیی بڕوانامەکە فێر نەکراوە و فێر نەبووە، بۆیە دیسانەوە دوای دەرچوونی لە زانکۆ، ئەو خوێندکارە ڕووبەڕووی ئەوە دەبێتەوە کە زۆر زۆر بەزەحمەت بتوانێت ھەلی کاری دەست بکەوێت، لەبەر ئەوەی توانای زانستیی لاوازە.

ھۆمەر قەرەداغییش پەیوەست بە کوردستان، سەبارەت بە باشی و خراپیی سیستمەکە بەم جۆرە باسی ڕەھەندەکانی بڕیارەکە دەکات، خوێندنی سەرھێڵ باش دەبوو بۆ کوردستان ئەگەر ئامادەكاریی بۆ بکرایە، سیستمی ئەلیکترۆنی پێش بخرایە، ھەموو قوتابیان کۆمپیوتەر و ھێڵی ئینتەرنێتی باشیان ھەبووایە، بۆیە ئەم سیستمە بۆ کوردستان کەمێک زەحمەتە. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت ھەندێک کار بکرێت کە ئاسانکاری بکەن، بۆ نموونە وەک سوێد بەشێک لە قوتابیان لە ماڵەوە و لەسەر ھێڵ بن، بەشەکەی دیکە لەناو پۆلدا بن، بەم جۆرە دابەش بکرێن، بەڵام ئەمە ھەر زەحمەتە بۆ کوردستان، چونکە ئامادەکاری نەکراوە و لەلایەن بەرپرسانیشەوە خەمساردییەکی زۆر ھەیە، ئەمەش زیانێکی زۆر گەورە لە ئایندەی کوردستان دەدات.

یاسا بەرکارەکان و خوێندنی ئەلیکترۆنی

یەکێک لەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە دەکرێت، ئەوەیە کە بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی سیستمی خوێندن و پەسەندکردنی بڕوانامە لە کوردستان و عێراق و یونسکۆش، دەبێت خوێندن لەناو پۆل و ڕووبەڕوو بێت.

دڵشاد عەبدولڕەحمان لە بارەی ئەم بابەتەوە دەڵێت، سەبارەت بە دانپێدانانی ھەرێم، عێراق و یونسکۆ بە بڕوانامەکاندا، کێشە دروست نابێت، چونکە یونسکۆ پەیوەندیدار نییە بەوەی متمانە بە بڕوانامەی وڵات یان ھەرێمێک بدات، بەڵکوو ئەو وڵاتانە خۆیان بەپێی ڕێککەوتنی نێوانیان دان بە بڕوانامەی یەکدیدا دەنێن، بۆ نموونە کە خوێندکارێک لە وڵاتێکی دەرەوە بڕوانامە بەدەست دەھێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ ھەرێم یان عێراق، سەیری ئەوە ناکرێت ئایا یونسکۆ دانی بەو بڕوانامەیدا ناوە یان نا، بەڵکوو بەراوردی دەکەن لەگەڵ ئەو پرەنسیپانەی خۆیان دایانناوە و بەپێی ئەوە ھاوتای دەکەن. کەواتە ئەم بابەتە پەیوەندیدار نییە بە یونسکۆوە کە ئایا متمانە بەو بڕوانامەیە دەدات یان نا. لە کوردستان، عێراق و دنیای دەرەوەشدا، ھێندەی ئەوەی بڕ و چۆنێتیی فێربوون گرنگە، بەتایبەت بۆ زانکۆ و خوێندنی باڵا، ھێندە بڕوا و متمانەدان بە بڕوانامە گرنگ نییە. لەبەر ئەوە ئێستا دابینکردنی ھەلی کار، بەتایبەت کە زۆربەی زۆری دنیا بەرەو بازاڕی ئابووریی ئازاد دەڕوات، واتە کەرتی گشتی خزمەتگوزارییەکانی کەم کردووەتەوە، دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا زۆر کەم بووەتەوە، کەرتی تایبەتیش ھەلی کار بەوە نادات کە ئایا بڕوانامەی ئەو دەرچووە باوەڕپێکراوە لە یونسکۆ یان نا، ئەوەی گرنگیی پێ دەدات ئەوەیە چی فێر بووە.

ئەحمەد گەرمیانییش کە ڕێکخراوەکەیان پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە مامۆستایانەوە ھەیە، لەم بارەیەوە گومان دەکات ئەم سیستمە لە داھاتوودا کێشە بۆ بڕوانامەی دەرچووان دروست بکات، لەم ڕووەوە ئاماژە بەوە دەکات پێناچێت یونسکۆ کێشەی ھەبێت لەسەر ئەم بابەتە، چونکە دۆخەکە جیھانییە و کێشەیەکی ناوخۆیی نییە. تاکوو ئێستا لە کوردستان یاسایەک نییە دان بنێت بە خوێندنی لەسەر ھێڵ، ئەو کەسانەشی ساڵانی پێشوو لە دەرەوەی ھەرێم لەسەر ھێڵ خوێندوویانە و بڕوانامەیان بەدەست ھێناوە، حکومەت دانی بە بڕوانامەکانیاندا نەناوە، لە پەرلەمان یاسا و لە حکومەتی ھەرێم و عێراقیش ڕێنمایی دەرنەچووە لەسەر ئەم جۆرە خوێندنە و ئەگەر ھەیە لە ئایندەدا ئەم سیستمە کێشەی یاسایی بۆ دروست ببێت، بۆیە دەبێت لە پەرلەمانەوە کاری لەسەر بکرێت و پڕۆژەیاسا ئامادە بکرێت و یاسای بۆ دەربکرێت کە بتوانێت لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بیگونجێنێت.

نایەکسانی و سیستمی ئەلیکترۆنی

لە ھەرێمی کوردستان دەرفەتی یەکسان وەک یەک نەخراوەتە بەردەم ھەموو قوتابیان لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش وای کردووە لە دۆخە نائاساییەکانی وەک ئێستا، بەشێک لە قوتابیان لە بەشەکەی دیکە زیاتر ڕووبەڕووی کێشە و گرفت ببنەوە.

ئەحمەد گەرمیانی سەبارەت بەم پرسە دەڵێت واقعەکە وایە کە دەرفەتی یەکسان نەخراوەتە بەردەم ھەموو قوتابییەک، ھەموو قوتابییەک ھەمان ھەلی نییە کە ھێڵی ئینتەرنێت و ئامێری زیرەکی ھەبێت، تەنانەت جیاوازیی ڕەگەزی ڕۆڵی ھەیە و بەشێک لە کچان لەلایەن خێزانەکانیانەوە ڕێگەیان پێ نادرێت مۆبایلیان پێ بێت، دەرفەتی تەواو نەخراوەتە بەردەم ھەموو قوتابییەک و ئەمە ڕاستییە. باشترین چارەسەر بۆ ئەم بارودۆخە بۆ ھەرێمی کوردستان ئەوەیە زۆر پەلە نەکەین لە دەستپێکردنی خوێندن (ھەر چەند دەستی پێ کرد و بڕیارەکە درا)، بەڵام ئەگەر بکرێت ھەفتەی دوو ڕۆژێک قوتابیان سەردانی قوتابخانە بکەن و مامۆستاکانیان ببینن تاکوو مامۆستاکان ڕێنماییان پێ بدەن، بەم جۆرە قوتابیان دانابڕێن لە قوتابخانە، پڕۆگرامەکانیش کەم بکرێنەوە و ئەرکی ماڵەوە زیاد بکرێن، ھەندێک وانە ھەیە لا ببرێن و خشتەی وانەکان دووبارە بکرێنەوە، خول بۆ مامۆستایان بکرێتەوە، کار بۆ شارەزاکردن و ئاشناکردنی قوتابیان بە خوێندنی سەرھێڵ و چۆنێتیی بەکارھێنانی ئەم سیستمە بکرێت. وەک یەکێتیی مامۆستایان پڕۆژەیەکی دوو لاپەڕەییمان پێشکەشی وەزارەتی پەروەردە کرد، کە چارەسەری باشی تێدایە ئەگەر کاری لەسەر بکرێت.

 

ئەزموونی وڵاتان بۆ ھەرێم

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەموو جیھاندا بڵاو بووەتەوە و پڕۆسەی خوێندنی ناو پۆلی پەک خستووە، بۆیە ھەموو وڵاتان ناچار بوون پەنا بۆ ڕێگای نوێ ببەن، لەبەر ئەم ھۆکارەش وڵاتان دەتوانن سوود لە ئەزموونی سەرکەوتووی یەکتر وەربگرن، سوێد یەکێکە لەو وڵاتانەی ھەوڵی داوە قوتابیان لە خوێندنی ناو پۆل دانەبڕێن و ئەم پەیوەندییەی نێوان قوتابخانە و قوتابیان پارێزراوە.

ھۆمەر قەرەداغی سەبارەت بەم ئەزموونە بۆ ھەرێم پێی وایە کوردستان دەتوانێت سوود لە ئەزموونی وڵاتێکی وەک سوێد ببینێت، بەڵام دەبێت پێشتر ئامادەکاری بۆ سیستمەکە بکرێت. کوردستان دەتوانێت سوود لە ئەزموونی وڵاتێکی وەک سوێد ببینێت، واتە قوتابیان ھەم لەسەر ھێڵ بخوێنن و ھەم بتوانن لە پۆلدا ئامادەییان ھەبێت، بەم جۆرە قوتابیان لە ژینگەی قوتابخانەش دانابڕێن، بەڵام دەبێت پێشتر ئامادەکاری بۆ سیستمەکە بکرێت. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانیش پێی وایە دەبێت سوود لە ھەموو ئەزموونەکان وەربگیردرێت، بەڵام پێویستە ئەوەیان وەربگیردرێت کە گونجاوە لەگەڵ کولتووری کوردستان، ئێران و ئەردەن تا ڕادەیەک گونجاون لەگەڵ بارودۆخی ئێمە، بەڵام دەبێت ئێمە لەگەڵ کولتوور، واقع و باری دارایی خۆمان بیگونجێنین. سەبارەت بە کاریگەریی دۆخی دارایی لەسەر وەرگرتنی ئەزموونی وڵاتانی دیکە، دەڵێت خوێندنەکە ئەلیکترۆنی بێت یان ناو پۆل، بەگشتی دواکەوتنی مووچە کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی پەروەردە دەبێت. مامۆستا کێشەی نییە لەسەر ھێڵ پڕۆسەکە جێبەجێ بکات یان بچێتە ناو پۆل، بەڵکوو کێشەی ھەیە و مووچەی وەرنەگرتووە، باری دارایی و مەعنەویی باش نییە، ئەمەش کاریگەریی خراپی دەبێت.

ئایندەی پەروەردەی ھەرێم و سیناریۆکان

چەند ساڵێکە پسپۆڕ و ڕەخنەگرانی بواری پەروەردە، لە ھەڵسەنگاندنیاندا بۆ دۆخی پەروەردە ڕەخنە لە سیستمەکە و پڕۆسەی خوێندن دەگرن، داوای ڕیفۆرمی ھەمەلایەنە و چاککردنی گوزەرانی مامۆستایان دەکرێت، بەرپرس و پسپۆڕانیش ھۆشداری دەدەن لە بارەی ئێستا و ئایندەی سیستمی پەروەردە لە ھەرێم و داوا دەکەن گۆڕانکاریی جددی ئەنجام بدرێت.

دڵشاد عەبدولڕەحمان کە ساڵانی نێوان ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٩ وەزیری پەروەردەی ھەرێم بووە، پێی وایە دۆخی ئێستای پەروەردە ئێجگار دژوار و ناھەموارە، ئەگەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر بەجددی بیر لە چارەسەری ڕیشەیی نەکاتەوە، دۆخەکە بەرەو خراپتریش دەڕوات، لە پەروەردە و خوێندنی باڵاش. لەبەر ئەوەی بەداخەوە حکومەتی ھەرێم لەژێر کۆنترۆڵی حزبەکاندایە، ھەر بڕیارێکیش حکومەت بیدات، ئەگەر حزبەکان کۆک نەبن لەسەری؛ جێبەجێ ناکرێت. بۆیە پێویستە ئەم حزبانە کە حکومەتیان پێک ھێناوە، لانی کەمی بەرپرسیارێتییەکانیان بەرامبەر بە خەڵک جێبەجێ بکەن، ئەویش ئەوەیە کە داھاتی کوردستان بە شێوازێکی  شەفاف کۆ بکرێتەوە و لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکاندا خەرج بکرێت. حکومەتی ھەرێم وەک حکومەتێکی کۆمەڵایەتی کار بکات، واتە بەشی زۆری داھات بۆ خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بێت کە پەروەردە و خوێندنی باڵا لە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانن. سەبارەت بە چارەسەریش، ئاماژە بەوە دەکات چارەسەر ئەوەیە داھات بەشەفافی کۆ بکرێتەوە، جومگەکانی گەندەڵی بنبڕ بکرێن، ئەو داھاتەی کە ھەیە بە شێوازێکی شەفاف لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا کە لە بوارە سەرەکییەکانن؛ خەرج بکرێت، بەدەر لەوە ئایندەیەکی ناڕوون و ناتەندروست چاوەڕێی پەروەردە و خوێندنی باڵایە لە ھەرێم.

ھۆمەر قەرەداغی دەست دەخاتە سەر برین و کێشەکانی سیستمی پەروەردەی ھەرێم و بەم جۆرە باس لە ئایندەی پڕۆسەی خوێندن دەکات: “ئایندەی سیستمی پەروەردە لە کوردستان بە باشی نابینم، چونکە ھیچ ھەوڵێک نادرێت ڕیفۆرم لە سیستمەکەدا بکرێت و یاسایەک دابنرێت بۆ قوتابخانەکان و کاری پێ بکرێت، تاکوو دۆخەکە بەرەو پێشەوە ببرێت. ئەوەی دیارە تاکوو ئێستا سیستمی پەروەردەی کوردستان بەپێی یاسا بەڕێوە ناچێت، بەڵکوو بە ڕێنمایی و بەپێی میزاجی وەزیری نوێ بەڕێوە دەبرێت. کە وەزیری نوێ دێت، بۆی ھەیە ئەو بڕیارانەی وەزیری پێشوو داونی؛ بیانگۆڕێت، تەنانەت بەڕێوەبەرە گشتییەکان خۆیان ھەندێک کار دەکەن.”

سەبارەت بە پرسی چاکسازی و کاریگەریی لەسەر ئایندەی سیستمی پەروەردەی ھەرێمیش، باس لەوە دەکات ھیچ چاکسازییەکی گەورە لەم سیستمەدا نەکراوە تاکوو بەرەو پێشەوەی ببات، ئەمەش وای کردووە قوتابی و مامۆستا متمانەیان بەو سیستمە نەمێنێت کە تێیدا دەخوێنن و وانەی تێدا دەڵێنەوە. حکومەت و پەرلەمانی کوردستانیش ھیچ ھەوڵێک نادەن تاکوو گۆڕانکاری لە سیستمەکەدا بکرێت و بەرەو پێشەوە ببرێت.

قەرەداغی وەک نموونەی ئەو کێشانە؛ باس لە تاقیکردنەوەکان دەکات و دەڵێت وەک نموونەش تاقیکردنەوەکان لەو بابەتە گرنگانە بوو کە دەبووایە کاری لەسەر بکرێت، بۆ نموونە تاکوو ئێستاش تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ وەک مۆتەکەیەک وایە بەسەر قوتابیانەوە، ھیچ ڕیفۆرمێک لەم بابەتەدا ناکەن کە بتوانرێت وا لە قوتابیان بکرێت بە توانا و بەبێ ترس بەشداریی تێدا بکەن و ئەو نمرەیە بەدەست بھێنن کە خۆیان دەیانەوێت و ھەوڵی بۆ دەدەن.

لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی پەوەروەردە بڕیاری دابوو ١٠ی تشرینی یەکەم دەستپێکی دەوامی فەرمییە بۆ قوتابیانی قۆناغی  یەکەم و دووەمی بنەڕەتی لەناو پۆل، دەستپێکی خوێندنی ئەلیکترۆنییشە بۆ قۆناغی سێیەمی بنەڕەتی تا یازدەی ئامادەیی، بەڵام تاکوو ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، بەشێکی زۆری مامۆستایان بەتایبەت لە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان، ئامادە نین بچنە نێو ھۆڵەکانی خوێندنەوە، ئەمەش وای کردووە پلانی وەزارەتی پەروەردە بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی ڕووبەڕووی کێشە و گرفت ببێتەوە و خوێندکارانیش لە دوودڵی و نیگەرانیدا بن سەبارەت بە ئەمساڵی خوێندنیان.

چەند ڕۆژێک بەسەر دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندندا تێپەڕیوە، بەڵام تاکوو ئێستا لە ھەموو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە یەک وانە نەخوێنراوە و قوتابیانیش نەچوونەتە قوتابخانەکانیان، سەرەڕای پێدانی مووچەیەکیش، مامۆستایان سوورن لەسەر بایکۆتکردن و دەڵێن مەرجی ئەوان بۆ شکاندنی بایکۆتەکەیان لانی کەم بریتییە لە پێدانی مووچەی تەواو، دوانەکەوتنی، نەھێشتنی پاشەکەوت و ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری خوێندنی ئەلیکترۆنی.

 

 

پڕۆفایلەكان

دڵشاد عەبدولڕەحمان محەمەد

 ساڵی ١٩٥٩ لە سلێمانی لەدایکبووە، ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستی کیمیای خاک، لە ساڵانی 1987 بۆ ١٩٩٥ مامۆستا بووە لە کۆلێژی پەروەردە -زانکۆی سەلاحەدین. لە ساڵانی ١٩٩٥ بۆ ٢٠٠٥ ڕاگر و سەرۆکی زانکۆی پۆلی تەکنیکی سلێمانی بووە. لە ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٦ دەبێتە سەرۆکی پرۆژە تایبەتەکانی نەوت لە ھەرێمی كوردستان. لە 2006 بۆ ٢٠٠٩،  وەزیری پەروەردە بووە لە کابینەی پێنجەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

ئەحمەد سابیر گەرمیانی

ساڵی ١٩٧٢ لە شارۆچکەی قۆرەتووی سەر بە خانەقین لەدایک بووە.خاوەنی ٢٠ ساڵ ئەزموونی مامۆستایەتییە.

لە ساڵی ٢٠٠٤ لە کاری رێکخڕاوەیی کاری کردووە، سەرۆکی لقی گەرمیان / سەکرتاریەتی هەولێر بووە، دوای یەکگرتنی یەکێتی مامۆستایان و لە ساڵی  ٢٠٠٧ بووەتە جێگری سەرۆکی لقی گەرمیان و لە ساڵی ٢٠١١ بووە بە ئەندامی سکرتاریەت. لە ئێستادا نیشتەجی شاری هەولێرە و قوتابی ماستەرە لە بەشی مێژووی نوێ لە کولێژی ئادابی زانکۆی سەلاحەدین.

هۆمەر قەرەداخی

شارەزا و پسپۆڕی بواری پەروەردەیە و ۳۸ ساڵە لە وڵاتی سوید دەژی، ماوەی 31 ساڵە لەبواری پەروەردە کار دەکات. لەم ماوەیەدا وەک بەڕێوەبەری پەروەردە، بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستاش کاری کردووە.

____________________________________________________

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.

گۆڤاری ئایندەناسی ژماره(4‌)تشرینی دووەمی 2020

Send this to a friend