بژاردە قورسەكانی خوێندن لە سایەی پەتای كۆڤید 19
د.سەڵاح عەزيز
بەپێی رێكخراوی یونسكۆی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، زیاتر لە 177 دەوڵەت خوێندنگا و زانكۆكانی خۆیان داخستووە، ئەمەش بە گەورەترین وەستانی خوێندن دادەنرێت لە مێژوودا.
ژمارەی خوێندكارانی دابڕاو پترە لە 1.2 ملیار، جگە لەمەش دەرگای كتێبخانە، مۆزەخانە و پێشانگا هونەرییەكان داخراون و چالاكییەكانی میوزیك و وەرزش هەڵوەشێنراونەتەوە، سەرجەم ئەو رێوشوێنانەش خۆپارێزییە لە توشبوون بە ڤایرۆسەکە بەهۆی تێكەڵییەوە.
داخستنی ناوەندەكانی خوێندن بووەتە هۆی وەستانی فێربوون و رەوتی پێشكەوتنی خوێندكاران، ئەمەش كێشەیەكە پێویستی بەچارەسەرە. وڵاتانی پێشكەوتوو لەڕووی تەكنەلۆژیاوە خوێندنی لەسەر هێڵ یان لە دوورەوە ـ یان پەیڕەوكردووە بۆ بەردەوامی خوێندن، بەڵام ئاستی سەركەوتنی ئەم بژاردەیە هێشتا دیار نییە، چونكە هێشتا لەژێر تاقیكردنەوەدایە.
وڵاتانی تازە گەشەكردوو كە زۆرترین فێرخوازیان هەیە لەڕووی ژمارەوە دوو گرفتی سەرەكییان هەیە لە پەیڕەكردنی “خوێندن لەدوورەوە” بەپێی راپۆرتی یونسكۆ:
گرفتی یەكەم: 89% فێرخوازەكانیان ئامێر، ئایپاد و كۆمپیوتەریان نییە لە ماڵەوە.
گرفتی دووەم: 82% خەڵك بە باشی هێڵی ئینتەرنێتیان پێ ناگات بەبەردەوام، ئەمەش وادەكات وەك وڵاتانی رۆژئاوا لە خزمەتگوزاریی خوێندنی لەسەر هێڵ بەهرەمەند نەبن.
ئەم راستیانەی سەرەوەش جیاوازی تەكنەلۆژی نێوان وڵاتانی پێشكەوتوو لەگەڵ تازە گەشەسەندوو دەردەخات، كە ئەركی چارەسەركردنی دەكاتە پێویستی، چونكە جیهان بەكاریدەهێنن و بڵاوبونەوەی كۆرۆنا سەلماندی بۆ هەندێ كاتی قەیران دەكرێت بەكەڵك بێت.
لە لایەكی ترەوە هەندێ دەوڵەتان، هەوڵی قوتاركردنی ساڵی خوێندن دەدەن، لە رێگای تاقیكردنەوە لەو بڕە پرۆگرامەی كە خوێنراوە بەر لە راگرتنی دەوام كە دەكاتە نزیكەی 70% ی پرۆگرامی بڕیار لێدراو، بەڵام ئەم چارەسەرە بۆ ساڵانی ئایندە كێشە و گرفت دروست دەكات، چونكە سروشتی خوێندن وەهایە كە كەڵەكەبوونە و پشتی بەستووە بە پرۆگرانی خوێنراوی ساڵانی پێشوو، بەم هۆیەشەوە بژاردەی رزگاركردنی ساڵی خوێندن لەسەر حسابی قوربانیدان بە زانین لە ماوەی دووردا، بژاردەیەكی خراپە.
راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان بە ناونیشانی “التقدم المحرز نحو تحقيق أهداف التنمية المستدامة” كە لە 24/7/2019 دا بڵاوكراوەتەوە، جەخت لە بەروپێشڤەچوونی باشی پەیوەست بە خوێندن دەكاتەوە لە رێگای مسۆگەركردنی خوێندنی باش و گشتگیتر بۆ هەمووان و بتەوكردنی چانسی فێربوون بە درێژایی ژیان بۆ هەموو لایەک، لەبەر رۆشنایی ئەمەش، بژاردەكانی “خوێندن لەسەر هێڵ” و “رزگاركردنی ساڵی خوێندن” مسۆگەری خوێندنی باش ناكەن، كە یەكێكە لە 16 ئامانجی پەرەپێدانی بەردەوام.
باشتر وەهایە لە وەرزی هاوین یان سەرەتای پایزی داهاتوو، فێرخوازان پرۆگرامە نەخوێنراوەكان تەواو بكەن بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی ئێستا، لە راستیشدا بێبەشكردنی مامۆستایان و خوێندكاران لە پشوو باجێكی سوكترە لە بێبەش بوون لەفێربوون. لە پاش كۆتاییهاتنی قەیرانەكەش پێویستە مامۆستایان رابهێنرێن لەسەر بەكارهێنانی تەكنیك و فێركردن لە دوورەوە، هەروەها خوێندكارانیش رابهێنرێن لەسەر بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای نوێی خوێندن.
وەرگێڕانی: سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی