د. حەیدەر لەشكری: ڕۆشنگەر و چاکسازانی ئایینی لە کوردستان بەربەستی زۆریان هەبووە لەبەردەم گەیاندنی هزری خۆیان
سازدانی: ئیدریس سیوەیلی و د. سالار تاوگۆزی
لهم دیمانهیهدا پڕۆفیسۆر دكتۆر حهیدهر له شكری، پسپۆڕ له بواری مێژووی ئایینهكان و تیۆری مێژوو، باس لهوه دهكات ڕیفۆرمی ئایینی دیاردهیهكی دینامیكی و فرهڕهههنده و له نهریتی جیا جیای ئایینیدا دهردهكهوێت و وهڵامدانهوهیهكی جیهانییه بۆ ئهو ئاڵنگارییانهی سیستمه باوهڕییهكان له مێژوودا تووشیان دهبن. ڕوونیشی دهكاتهوه كه ڕیفۆرمی ئایینی له ئیسلامدا له چوارچێوهی چهمكگهلی وهك (تهجدید) و (ئیصلاح) خۆی نواندووه.
ئهو پێیشیوایه ئاسان نییه بتوانین مێژووی چاكسازیی ئایینی له كۆمهڵگهی كوردیدا له ڕووی دهستپێك و تایبهتمهندییهوه له تهواوی ڕهههندهكاندا ببینین. لهو چوارچێوهیهشدا ئاماژه بهڕۆڵی زانا شارهزوری، ههولێری، دینهوهری و چهند كهسایهتییهكی دیكهی وهك: (مهولانا خالیدی نهقشبهندی، سهعیدی نورسی، مهلای گهورهی كۆیه، شێخ محهممهدی خاڵ و مستەفا زهڵمی) لهبواری ڕیفۆرمی ئایینیدا دهكات. لهلایهكی دیكهوه قسه لهسهر خوێندنهوهی ڕۆشنبیرانی كورد وهك (جهمال عیرفان) و (عهبدولخالق مهعروف) و ڕهخنهگرتنیان له هزری ئایینی دهكات كه له دهرهوهی تێگیشتنی باوی ئایینی بوون و به ڕهوته هزرییهكانی پهیوهست به مۆدێرنهوه كاریگهر بوون.
ئایینناسی: کە باسی چاکسازیی ئایینی دەکەین، (مارتن لۆسەر) و چاکسازییەکانی ناو ئایینی مەسیحیمان بیر دەکەوێتەوە، ئایا هەوڵی چاکسازی لە هەموو ئاینێکدا هەبووە و هەیە، یان بۆ یەکەمجار ئەم بیرۆکەیە لە مەسیحییەتەوە سەریهەڵداوە و پاشان بۆ ئایینەکانی دیکە گواستراوەتەوە؟
د. حەیدەر لەشكری: ئەگەر بخوازین وەڵامێکی دروستی ئەو پرسە بدەینەوە، دەبێ لە پاشخانێکی فەلسەفی ئایینناسییەوە بچینە سەر مێژووی ڕیفۆرمی ئایینی. لێرەوە دەبینین چەمکی ڕیفۆرمی ئایینی هەم قووڵە و هەمیش فرەڕەهەند، لە پێداچوونەوە بە بنەما باوەڕییەکان، سروت و ڕێوڕەسم و تێگەیشتن لە چییەتی باوەڕەوە سەرچاوەی گرتووە. بۆیە، ئەگەر فەلسەفییانە تێی بڕوانین، دەبینین ڕیفۆرم لە یەکتربڕینی هێڵەکانی مێتافیزیکا، تیۆری زانین، ڕەفتار و فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە بەرجەستە دەبێت. بەمەش بریتی دەبێت لە بڕینی مەرزە نەریتییەکانی سیستمی ئایینی، لە پێناو دۆزینەوەی جۆرێک لە گونجان لەگەڵ پێداویستییە عەقڵییەکان و پێشڤەچوونە مێژووکردەکانەوە. کەواتە لە کڕۆکی هەموو سیستمێکی ئایینیدا دەشێ چاوەڕێی ڕیفۆرممان هەبێت، بەتایبەت ئەگەر دەبینین گریمانە مێتافیزیکییەکان، ئەوانەی هەر یەک لە سیستمە ئایینییەکانی لەسەر بوونیاد نراوە، هەردەم جێگەی پرسیارن، پرسیارگەلی تایبەت بە سروشتی خودایەتی، گەردوون و پێگەی مرۆڤ تێیدا… تادوایی.
لە ڕووی مەعریفیشەوە ڕیفۆرمی ئایینی، سەرەدەری لەگەڵ سەرچاوە و دەسەڵاتی زانینە ئایینییەکان دەکات. نەخاسمە کاریگەری و کارتێکردنی نێوان سروش و عەقڵ. پرسیارەکە لەم کۆنتێکستە ئەوە بووە ئاخۆ دەقە پیرۆزەکان و نەریتە باوەکان دەتوانن لەبەرامبەر بە پشکینینی عەقڵەکیی سەربەخۆ خۆیان بگرن، یان نا. خۆ لەڕووی ئاکاریشەوە ئەگەری ڕیفۆرم لەنێو ئاییندا بوونی دەبێت، بەتایبەت هەوڵی ڕێکخستنەوەی بەها و نۆڕمە ئایینییەکان، تا لەگەڵ بنەما و تێگەیشتنی ئێستاییمان بۆ دادپەروەری و شکۆی مرۆڤانە بگونجێنرێن. تۆ تەماشا بکە، بزاوتی پەیوەست بە ڕەتکردنەوەی سیستمی چینایەتی نێو هیندۆسی، یان جێکردنەوەی مافەکانی مرۆڤ لە کۆنتێکستە مەسیحییە جیاوازەکان چەندە ئەو گونجانە ڕەفتارییە دەنوێنن. ئەم چەشنە ڕیفۆرمانە شرۆڤەی ئەو ڕاڕاییە ئاکارییانە دەکەن، کە لە نێوان فەرمانە خوداییاکان، ئەوانەی بانگەشە بۆ بنەمای جێگیر و سەروو زەمەنییانەی ئاکار دەکەن، لەگەڵ پێشڤەچوونە ئاکارییەکان لەنێو زەمەندا، کە خۆی لەگەڵ کۆنتێکستە سەردەمییەکاندا دەگونجێنێت.
خۆ لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیشدا ئەگەری ڕیفۆرمی ئایینی هەر هەیە، لەم کۆنتێکستانەدا ململانێی هێز و گرووپەکانی فشار لە پانتاییە کۆمەڵایەتییە – ئایینییە جیاوازەکان، دەرگا بەسەر چاکسازیی ئایینییدا دەکەنەوە. لێرە ڕیفۆرم دەشێ پەرچەکردار بێت لە هەمبەر بۆ نموونە سیکیۆلاربوون، یان چۆنێتی خۆپاراستن و بەرگریکردن لە بەرامبەر جیهانێک کە زۆر بە خێرایی دەگۆڕێت. خۆ ئەگەر هیگڵییانە لەبابەتەکە بڕوانین، ئەوا دەڵێین ڕیفۆرم دەشێ کۆکەرەوەی نێوان نەریت (تێز) و ڕەخنە (سەنتێز) بێت، کە ڕێگە بە پێشڤەچوون لەنێو سیستمە ئایینییەکان دەدات، بێ ئەوەی بەم پڕۆسێسە کڕۆکی ئەم ئایینانە لاواز بێت.
هەموو ئەمانه پێمان دەڵێت: ڕیفۆرم لە ناو کۆی ئایینی حەتمییەتی مێژووییانەی هەیە، تا ئەو کاتەی ئایین خۆی لە پەیوەندی ڕاستەوخۆی مرۆڤ بە خودایەتی، یان هەر هێزێک کە باوەڕەکەی پێکدێنێ دانابڕێنێت. ئەمە سەرباری خۆدۆزینەوەی ئایینەکە لەبەردەم گۆڕانە هەنوکەییەکان، وەک بۆ نموونە خۆدۆزینەوە مێتافیزیکای نەریتییانەی ئیسلامی لەبەردەم هزریی عەقڵانی ڕۆژئاواییدا. ئەمەش ڕەنگدانەوەی کارتێکردنی دینامیکیانەی نێوان ئەو ڕاستییە هەرمێنانەن، کە باوەڕە ئایینییەکە بانگەشەیان بۆ دەکات، لەگەڵ پێداویستییە مێژووییەکانی قۆناغە جیاجیاکاندا. ڕاڕاییەک لەو ناوەندە لە لای ئەهلی ئایینەکە دروست دەبێت، سەبارەت بەوەی نەگۆڕە و ئەوەی دەبێت لەگەڵ کاتدا گۆڕانی بەسەردابێت؛ خۆدۆزینەوە لەبەردەم بنەما باڵا جێگیرەکان و پێدویستییە مێژووییەکان، هەندێک لەو کەسە ئایینییانە بە ئاڕاستەی ڕیفۆرم و چاکسازیی دەبات، بەدەر لەوەی قسە لەسەر ئەوە بێت ئاخۆ ڕیفۆرمەکە پێشڤەچوونە یان گەڕانەوەیە بۆ زەمەن و شوێنێکی پێشووتر (سەردەمی زێڕین).
ئەم دەروازەیەم بە پێویست زانی بۆ داڕشتنی وردی وەڵامی پرسیارەکەتان. تا ئاماژە بەوە بدەم، کە ڕیفۆرمی ئایینی دیاردەیەکی دینامیکییە و فرەڕەهەندە و ئاساییە لە نەریتی جیاجیای ئایینیدا دەربکەوێت. بەو مانایەش بێت، وەڵامدانەوەیەکی جیهانییانەیە بۆ ئەو ئاڵنگارییانەی سیستمە باوەڕییەکان لە مێژوودا تووشییان دەبن. بۆ نموونە ئەگەر وەک لە کۆنتێکستی پرسیارەکەدا دەخوێنرێتەوە، ڕیفۆرمی پرۆتستانتی لە ئەوروپای سەدەی شانزە بە سەرکردایەتی مارتن لۆسەر، وەک نموونەی هەرە دیار و وەرچەرخانی هەرە گرنگی مێژووی ڕیفۆرمی ئایینی دەبینرێت، ئەوا بنەماکانی ڕیفۆرمەکە تایبەت نین بە سیستمی ئایینیی مەسیحییەوە. بزاوتەکەش ڕەسەنی چەمکی ڕیفۆرمی ئایینی پێکناهێنێت، بەڵکو لە زۆربەی پانتاییە ئایینییەکانی جیهانەوە چاوەڕێی ڕیفۆرم دەکرێت، هەر کاتێک گۆڕانکارییەکان وەک دەرچوون لە بنەما باوەڕییە سەرەکییەکان ببینرێن یان گرفت لە گونجاندنی پەیڕەوی ئایینی و کۆنتێکستی سەردەمییانەدا هەبێت، یانیش هەوڵی چارەسەرکردنی مشتومڕە نێوخۆییەکانی نێو سیستمێکی دیاریکراوی ئایینی هەبێت.
بەهەرحاڵ ئەوەی تایبەتمەندی بە ڕیفۆرمی پرۆتستانتی، لە سەرەتای سەدەی شانزە داوە، ڕۆحە یاخییەکەی بوو بەرامبەر بە ڕەوشی باوی ئایینی، کۆمەڵایەتی و سیاسی. بە چەشنێک ئاڕاستەی ئەم ئایینە گەورەیەی بەشێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕی. ڕیفۆرم بەرەنگاری خۆی بۆ دەسەڵاتی دەزگاییانەی کڵێسای کاسۆلیک ڕاگەیاند و بانگەوازی بۆ گەڕانەوە بۆ دەق و بنەما باوەڕییە ڕەسەن ەکانی ئایینی مەسیحی کرد. لەو تێزە ٩٥ بەندییەی لۆسەر ڕایگەیاند، ڕەخنەی توندی لە ڕەفتاری کڵێسا گرت، هەر لە فرۆشتنی چەکی لێخۆشبوونەوە بگرە تا چڕبوونەوەی دەسەڵات و سەروەت و سامان لە نێو دەزگای کڵێسادا. ئەمە سەرباری جەختکردنەوەی لەسەر بێهاوتایی کتێبی پیرۆز (sola scriptura)، بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەی ئەم دەقە تاکە دەسەڵاتە دەتوانێت سروشتی باوەڕی مەسیحی دیاری بکات، کە ئەمەش بەمانای کەمکردنەوەی ڕۆڵی نێوەندگیرانەی پیاوانی کڵێسا دەهات و پاڵپشتی شرۆڤەی تاکەکەسییانەی بۆ دەقی پیرۆز دەکرد.
ئەمە بەو مانایە نایەت ڕیفۆرمی پرۆتستانت تەنیا جوڵانەوەیەکی سیۆلۆژییانە بووبێت، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هزریش بوو. هاوکات بوو لەگەڵ دەرکەوتنی چاپخانە، کە بواری تەشەنەکردنی بۆچوونە ڕیفۆرمییەکانی دا. ئەمە سەرباری پەرەسەندنی ناسیونالیزم لە ئەوروپادا. زۆر لە حکومەتە خۆجێییەکان وەک هەڵێکیان بینی بۆ تۆکمەکردنی دەسەڵاتی خۆیان، دوور لە کاریگەرییەکانی کڵێسای کاسۆلیک. ئەم کاریگەری و کارتێکردنە ئاڵۆزە لەنێوان سیۆلۆژیا و دینامیکا کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، ئاسەواری دوورمەودای بەسەر باوەڕی مەسیحییەوە هەبوو. ئاکامەکەی گرۆی جیاجیای پرۆتستانتی دەرکەوتن، کە هەریەکەیان لێکدانەوە و شرۆڤەی جیاوازیان بۆ بنەما باوەڕییەکان و سروتە ئایینییەکان هەبووە. بەمەش ڕیفۆرم ڕۆڵی لە گۆڕانی ڕیشەیی پەیڕەوی ئایینی، ئازادیی لێکدانەوەی دەقی پیرۆز و ئۆتۆنۆمی دەسەڵاتی ئایینی هەبووە.
هەرچەندە ئەم ڕیفۆرمە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئایینیی مەسیحییەوە هەبوو، بەڵام بزاوتی هاوشێوە بۆ پێداچوونەوە و دووبارە شرۆڤەکردنەوە، لەنێو نەریتی جیاجیای ئایینیدا هەبووە، هەندێکیان سەربەخۆ و هەندێکیش وەڵامدانەوە بووە بۆ ئالەنگارییە فرەچەشن و هاوشێوەکان. ئەوەتا لە ئیسلامدا لە چوارچێوەی چەمکگەلێکی وەک تەجدید و ئیصلاح دا خۆی نواندووە. زێتریش جەخت لەسەر گەڕانەوە بۆ قورئان و سوننەت کراوەتەوە بۆ پاککردنەوەی ئایین، وەک لەلای نەریتگەراکانەوە دەبینرێت، هەر لە ئەحمەدی کوڕی حەنبەلەوە بگرە تا بزاوتە سەلەفییە هاوچەرخەکان. واتا ئەوانەی بانگەوازیان بۆ گەڕاندنەوەی نەریت و پەیڕەوە یەکەمینەکانی ئیسلام کردووە و دژ بە هەر کاریگەرییەکی دەرەکی یان چاککردنێکی نێوخۆیی بوونە. هاوتەریب ڕیفۆرمیستی ئەوتۆ دەرکەوتوون، لە شێوەی جەمالەدینی ئەفغانی و محەمەد عەبدە و جەمالەدینی حوسەینی و محەمەد باقر ئەلسەدر و تەبەتەبائی…تادوایی. ئەمانە، هەریەکە و بە پێی مەزەب و تێگەیشتنی ئایینییانەی خۆی، هەوڵی گونجانیان لەنێوان هزری ئیسلامی و مۆدێرنە داوە، جەختیان لەسەر عەقڵانییەت و زانستخوازی کردووەتەوە، لە پاڵ دەستگرتن بە ڕەسەنێتیی باوەڕدارییەوە. ئەمە بزاوتێک بووە، پێچەوانەی ڕیفۆرمی پرۆتستانتی کە جەختی لەسەر تاکگەرایی دەکردەوە، زێتر مەیلی بەلای گونجانی پراکتیزەی کۆمەڵایەتی لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکان کردووەتەوە، واتا چەشنێک لە وەڵامدانەوەی بێهاوتا بووە بۆ زەختی دەرەکی و داینامیکا نێوخۆییەکان.
لە نێو ئایینەکانی تریش ڕیفۆرم هەر هەبووە و هەیە، هەر لە جەختکردنەوەی بوزییەکان لەسەر عەقڵانیەت و ڕەفتاری تاک و دەقگەرایی بگرە، تا ڕەتکردنەوەی دابەشبوونی چینایەتی لە هیندۆسی، بۆ هەوڵی گونجانی نێوان بنەما نەریتییەکان و بەها سەردەمییەکان لە سەردەمی ڕۆشنگەریی جووەکان (Haskalah) و یەکێتیی ئاکارییانە لەبری پابەندیی سروتییانە… تادوایی. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت، کە ڕیفۆرمی ئایینی، سەرباری جیاوازی لە کۆنتێکستە مێژوویی و کولتوورییەکانەوە، چەشنێکە لە ڕاڕایی وجودییانە لەنێوان نەریت و گونجانی سەردەمییانە. هەریەک لە سیستمە ئایینییەکان هەوڵی خستنەبەریەکی بنەما بنەڕەتییەکانی خۆیان و واقیعی گۆڕاوی کۆمەڵەکانیان داوە، وەک هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی چەشنێک لە هارمۆنیا لەنێوان باوەڕ و ئەو پێشڤەچوونانەی بنەما دۆگماکان پێشتر باسیان نەکردوون و نەیانتوانیوە بەری پێ بگرن.
ئایینناسی: لە ئەدەبیاتی ئیسلامییدا زۆرتر وا وێنای چاكسازی كراوە كە گەڕانەوەیە بۆ بنەڕەتەكانی ئیسلام، زۆرجاریش كەسایەتییەكانی (ئەحمەد كوڕی حەنبەل، ئیبن تەیمیە، محەممەد كوڕی عەبدولوەهاب و … تاد) كە بە دیدێكی بنەڕەتخوازی كاریان كردووە بە سەرمەشقی چاكسازی ناودەبرێن، سەرنجی بەڕێزتان لەوبارەوە چییە؟
د. حەیدەر لەشكری: وەک ئاماژەم پێدا، لە ئەدەبیاتی ئیسلامیدا زۆربەی کات بیرۆکەی ڕیفۆرم بە گەڕانەوە بۆ بنەما یەکەمینەکانی ئیسلام و بە چەمکی وەک تەجدید و ئیسڵاح گرێدراوە؛ وێناکردنی سەردەمی زێڕین و بوونیادنانەوەی ئێستاییانەی. کەسانی وەک ئەحمەدی کوڕی حەنبەل، ئیبن تەیمیە و محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب، لە میانەی پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی ئوسوڵییانە، لە سەردەستەکانی ئەم تێگەیشتنەن بۆ ڕیفۆرم. هزری ئەوان ئەو چوارچێوە تیۆرییەی داڕشتووە، کە پەیڕەوکارانی ئەو ڕێبازە خۆیان تێدا جێگیر کردووە و جەختیان لەسەر پاککردنەوەی باوەڕ لە هەر بیدعەکارییەک کردووەتەوە. بەو مانایەش بێت لەلای ئەوان چاکسازی بە مانای نوێگەری نایەت، بەڵکو دۆزینەوەی هەنوکەییانەی ئەو پاکێتیی و ڕەوانییەیە، کە پێیانوایە لە بنەما یەکەمینەکانی ئیسلامدا هەبووە و درەنگتر دەستیان لێ هەڵگیراوە. ئەو مانایەش بە ناوکۆی فەرمودەییەوە گرێدراوە، لە پێغەمبەر دەگێڕنەوە کە خودا لە سەری هەر سەدساڵێک کەسێک بۆ ئوممەتی ئیسلام دەنێرێت ئایینەکەیان بۆ نوێ دەکاتەوە. فەرموودەکە کراوەتە گرێژەنەی هەر نوێکردنەوەیەکی ئایینی، چونکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی چاکسازی موقەدەرێکی خوداییە، لەپێناو بوژاندنەوەی ئایین. لەو چوارچێوەیەدایە ئەو کەسایەتییانەی لە پرسیارەکەتدا ناوت هێناون و هی تری سەر بە ڕەوتی عەقڵی ویستویانە کار لەسەر گونجانەکە بکەن، کە لە وەڵامی پرسیاری پێشوو ئاماژەم پێدا؛ گونجانی بنەمای جێگیر و ڕەوشی گۆڕاوی کۆمەڵگە. لەمەشدا هەوڵیانداوە جیاوازی لەنێوان بوارە بنەڕەتیی و نەگۆڕەکان لەگەڵ لاوەکی و لق و پۆپەکان بکەن، کە دەشێ گونجانەکە بیانگرێتەوە.
ئەحمەدی کوڕی حەنبەل داکۆکی توندی لە پابەندبوون بە دەقە بنەڕەتییەکانی ئیسلام (قورئان و سوننە) کردووە؛ دڵسۆزیی بۆ دەق و ڕەتکردنەوەی هەر خوێندنەوەیەکی کەلامناسانە بۆ باوەڕی ئایینی. پێیوابوو هزری سەردەمییانە ئەو پاکێتییەی لە بنەماکانی ئیسلامدا هەیە ناهێڵێت و ڕێگە بە بیدعەکاری دەدات، کە هۆکارە بۆ لاوازبوونی باوەڕ. لێرەوە ئەو ڕێبازە فیقهییەی دایمەزراند (حەنبەلی)، بۆتە بەردی بناغەی زۆر لە جوڵە ئیسڵاحییەکانی دواتر و سەنگی مەحەک لە داڕشتنی گوتارەکانیان. لەوانەش هی ئیبن تەیمییە. خۆ گوتاری ئیبن تەیمییە، وەک گوتارێکی سەربەخۆ خۆی نانوێنێ، هزرەکەشی داهێنەرانە دەرناکەوێ تا ئەوکاتەی جەخت لەسەر پابەندبوونی ڕەها بەو شەریعەتە دەکاتەوە، کە لە چەند سەدەی یەکەمی مێژووی دوای هاتنی ئیسلامەوە گەڵاڵە ببوو، وەک حەقیقەتێکی پیرۆزکراوی سەروو زەمەن، دەنوێنرێ. ڕاستە ئەو تەنیا زانایەکی نەریتییانەی حەنبەلی نەبوو، کە توانیبووی لەنێو سیستمێکی دیارکراوی هزرییەوە ئەو حەقیقەتە پیرۆزکراوە سەروو زەمەنییە بەرجەستەبکات، بەڵام دواجار هزری ئەو پوختەی بەرهەمی ئەو کولتورە دەقگرتووەی نێو یادەوەریی کولتوریی حەنبەلییەکان بوو، یادەوەرییەک ئوسوڵییەتی سوننەگەرا بە پرۆسەیەکی دوور و درێژی پیرۆزکردنەوە، دایڕشتبوو؛ وەک تاکە ڕاڤەی ڕاستەقینەی ئیسلام و هەڵگری مانای حەقیقەتی ڕەهای ئایینەکە، خرابووە ڕوو. ئەو لەنێو ئەو خەیاڵدانەدا بیری دەکردەوە، کە وێنایەکی کۆنکرێتییانەی ئەو سەردەمە زووەی تێدا کرابوو و وەک تاکە پارادیمی قەبوڵکراو دەخرایە ڕوو؛ هیچ پرسیار و ڕەخنە و بیرلێکردنەوەیەکی لەخۆ نەدەگرت. بۆیە گوتاری ئەوە، ئەگەر ئەقڵانیانەش بخرێتەوە ڕوو، ئەوا هەر بریتی بووە لە جڵەوکردنی عەقڵ لەپێناو ڕەتکردنەوەی تەواوی بۆچوون، بیروڕا و گرووپبەندییەکی هزری و فەلسەفی، کە لەدوای ئەو زەمەنە پیرۆزەوە دەرکەوتبوو و چەشنێک لە دینامیکای بە مشتومڕی نێو کایەی ئایینیی بەخشیبوو.
هزری چاکسازییانەی ئیبن تەیمییە مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. تێڕوانین بۆ ئەم کەسایەتییە دابەش بووە لە نێوان ئەوانەی وەک پەڕگیرێک دەیبیننن کە خوێندنەوەیەکی کۆنکرێتی و داخراوی بۆ ئیسلام هەبووە، لەگەڵ ئەوانەی پێیانوایە ئەوەی ئەو بەرهەمی هێناوە ڕەخنەگرتن بووە لەو گەندەڵییانەی کایەی ئایینی گرتۆتەوە و خواستویەتی ئیمانداری سەردەمەکەی نوێبکاتەوە. لێرەوە هزری ئەو جێکەوتەی بەسەر جوڵە و بزاوتی جیاوازەوە هەبوو، لە ڕەوتە سەلەفییەکەی محەمەدی کوڕی عەبدولوەهابەوە بگرە تا بە بزووتنەوە ڕیفۆرمە هاوچەرخەکان دەگات. بزووتنەوە ڕیفۆرمیستانەکەی وەهابی زۆرترین سوودی لە تێزەکانی ئەو وەرگرتوە، بەتایبەت لە دژایەتی کردنی فۆڕمە تەریقەتییە سۆفیگەرییەکە، کە لە سەردەمی محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب باڵی بەسەر تێگەیشتنی جڤاکە ئیسلامییەکان بۆ ئایین کێشابوو.
هەرچۆنێک بێت زۆرجار توێژەران جەخت لەسەر ڕەهەندە سەربازی و توندوتیژەکانی ڕێبازی ڕیفۆرمیستانەی وەهابیزم دەکەنەوە، کە بووەتە هۆی لەناوبردنی بەشێکی زۆری کولتوری ئایینی، کە بە ئیسلامی نەزانییە. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک وایدەبینن جوڵانەوەکەی ئەو پێداوستییەکی سەردەمییانە بووە، بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو نەزانییەی دەوری هزری موسڵمانانی دابوو، لە گەڕانەوەی بۆ نەریتی دەقییانەی ئایین و بە لاڕێیدا بردوون.
ئەم کەسایەتییانە هەرسێکیان بەرجەستەی ڕێبازی ئوسوڵی نێو ڕیفۆرمی ئیسلامی دەکەن. ئەوەی کۆیان دەکاتەوە گەڕانەوەیە بۆ دەقی بنەڕەتی، جەختکردنەوە لەسەر یەکتایی ڕەها و ڕەتکردنەوەی هەر داهێنانێک کە لەگەڵ گوتاری قورئانی و نەریتیی پێغەمبەریدا ڕێک نایەتەوە. کاریگەری ئەمانە بەسەر هزری ڕیفۆرمخوازانەی ئیسلامی دوور مەودا بووە تا بە ڕیفۆرمیستە مۆدێرنەکانی وەک جەمالەدینی ئەفغانی و محەمەد عەبدە و رەشید ڕەزا پەیڕەوکارانی قوتابخانەکەیان دەگات. وەک دەزانین لەگەڵ ئەم ناوانە چەمکی ڕیفۆرمی ئیسلامی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و کاریگەر بووە بەو کۆنتێکستە کۆمەڵایەتی، سیاسی، سیۆلۆژی و هزرییەی تێیدا ژیاون. بەلای ئەوان ڕێبازی چاکسازی لە خورکردنەوەی چەمکی گونجاندنەوە زێتر نوێندراوە؛ گونجاندنی بەها ئیسلامییەکان لەگەڵ هزری مۆدێرنەوە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر نوێکردنەوەی هزر و ڕیفۆرم لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.
ئایینناسی: مێژووی چاکسازی ئایینی لەناو کورددا بۆ کەی دەگەڕێنیتەوە؟
د. حەیدەر لەشكری: ئاسان نییە بتوانین مێژووی ڕیفۆرمی ئایینی لە جڤاکی کوردی، لە ڕووی دەستپێک و تایبەتمەندیشەوە، لە تەواوی ڕەهەندەکانیدا ببینین. ئەمەش بە شێوەیەکی سادە، پەیوەستە بەوەی هێشتا بەشێکی سەرەکی مێژووی بیروباوەڕی ئایینی خۆی نادیار و نەنووسراوەتەوە و لە دەرەوەی ئەو کۆنتێکستە بینراوەیە کە هزری ئایینی، بەتایبەت لەدوای هەژموونی ئیسلام و بوونی بە ئایینی زۆرینەی کورد، پێیدا گوزەراوە. من ئەگەر لەو ساتە بیر لەو مێژووە دەکەمەوە چەندین ناوم بە هزردا دێت، هەندێک نوێنەرایەتی ئیسلامی فەرمی دەکەن و هەندێکیش لە چوارچێوەی سێکت و گرۆ ئایینییە تایبەتەکانەوە دەرکەوتوون و هزری ڕیفۆرمیستانەی خۆیان نواندووە (بڕوانە ڕۆڵی چاکسازییکارییانەی هەریەک لە شێخادی لە کۆنتێکستی ئێزدی و سان سەهاک لە کۆنتێکستی یارسانیدا، شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵە لە کۆنتێکستی هەقە…تادوای). خۆ ئەگەر لە مێژووی ئیسلامی سوننی (شافیعی – ئەشعەری) لە پانتاییە کوردییەکە ڕابمێنین، ئەوا دیسان چەندین ناو دێنە هزر و لە چەندین قۆناغدا ڕۆڵی فیگەری جیاجیا دەبینین، کە تێگەیشتنی کوردییان بۆ ئەو ڕێبازە ئایینییە شێوەگیر کردووە و ڕۆڵیشیان لە تۆکمەکردنی هەوڵە ڕیفۆرمییەکانی کارەکتەرە گشتییەکانی نێو ئەو ڕەوتە هەبووە، بۆ نموونە ڕۆڵی زانا شارەزورییەکان، هەولێرییەکان، دینەوەرییەکان…تادوایی، لە تۆکمەکردن و هێشتنەوەی هزرە ڕیفۆرمیست خوازەکەی ئیمامی غەزالی. ئەم کەسە کاریگەری زۆری بەسەر گەڵەڵابوونی فۆرمی تێگەیشتنی دەستەبژێری کوردیی (سوننەی شافیعیی – ئەشعەری) بۆ ئیسلام و هەر چاکسازییەک کە دەشێ تێیدا بکرێ هەبووە. هەوڵەکانی ئەو لە کەمکردنەوەی دژیەکییەکانی نێوان فیقهی ئیسلامیی ئۆرسۆدۆکسی و فەلسەفە و کەلامناسی و سۆفیزم، تاڕادەیەکی باش تێگەشتنە کوردییەکەی دیاری کردووە. بەتایبەت لە شێوەگیرکردنی مێتۆدی هزرینی ئایینی و بنەما ڕەوشتییەکانی ئۆرسۆدۆکسیی سوننی. هەر بۆ نموونە ئەو زەمینەیەی بۆ هەبوونی مەنتقی ئەریستۆیی خۆشکردبوو، بووەتە مۆدێلی باوی خوێندن و تێگەیشتن لە زانستە ئایینییەکانی پانتاییە کوردییەکە و هەر هەوڵێکی ڕیفۆرمیستانە، ئەگەر لەو چوارچێوە شەریعەتیی – باوەڕیی – ڕۆحانیی و زانستییەدا هەبووبێت. بیرمان نەچێت گفتوگۆ و تێزەکانی ئەو تا نوکە، لەو پانتاییە و فراوانتریش، بابەتێکی گرنگی گفتوگۆن، بەتایبەت ئەگەر قسە هاتبێتە سەر پەیوەندی نێوان عەقڵ و ئیمان، ڕۆڵی فەلسەفە لە هزریی ئایینی، ئاوێتەکردنی ئاکار و ڕۆحانییەت لە چوارچێوەی ڕێساییانەی ئیسلامدا. هەربۆیە ئامادەیی ئەو و تۆخبوونەوەی ئەو ئامادەییەی لە قۆناغە مێژووییەکان، جومگە بنەڕەتییەکانی هزرە ڕیفۆرمیستەکانی لە پانتاییە کوردییەکە بە زیندوویی هێشتۆتەوە. بێ ئەوەی ئەمە بەو مانایە بێت ڕەخنەی لێ نەگیراوە و ڕیفۆرمیستی جیاواز لە دەرنەکەوتبن. ئیبن سەڵاحی شارەزووری دەشێ نموونەیەکی هەرە دیار و جیاواز بێت، کە هەوڵیداوە لە سنوری مەزهەبی شافیعییەوە، دژ بە جێکەوتە نەرێنییەکانی فەلسەفە و مەنتیقەوە بووەستێ و پارێزی لە پاکێتیی دۆگمای ئایینی بکات.
کارەکتەرێکی تر، کە دەشێ لە کۆنتێکستی مێژووی ڕیفۆرمی ئایینیی کوردی بنوێنرێت، مەولانا خالیدی نەقشبەندییە. ئەو لەوەدا ڕیفۆرمیستە، کە لە ڕێبازەکەیدا چەشنێک لە هاوسەنگی خستە نێو ڕەهەندی عیرفانییانە و پابەندیی شەریعەتییانە. ئەو، وەک دەزانین لەسەردەمێکی پڕ ململانێی سیاسی و تەشەنەکردنی ڕەفتاری سۆسیۆ – ئایینيی ناجۆر دەرکەوتووە، بۆیە بانگەوازی بۆ فۆڕمێک لە چاکسازی کردووە، کە بوژاندنەوەی پاکێتیی ڕۆحانی و ئاکاریی لەخۆدەگرت. دیدگای ئەو گەڕانەوە بوو بۆ ئیسلامێک، بەربەست بێت لەبەردەم بێبەهایی ڕۆحی و هەڵوەشانەوەی کۆمەڵایەتیدا. سۆفیزمێک لە چوارچێوەی شەریعەتییانەدا بتوانێ پێداویستییە ڕۆحانییەکانی مرۆڤەکانی سەردەمەکەی بەجێ بگەیەنێت. هەربۆیە زۆر لەو سروت و ڕێوڕەسمە تەریقەتییانەی ڕەتکردەوە، کە هەژموونیان بەسەر ئەم کایە ئایینییەدا کردبوو؛ وەک پاڵپشتی زیاد لە پێویست بۆ نوشتە و جادوگەری و سروتی ناجۆر. بەمەش ڕێبازە نوێگەرەکەی (خالیدییەی موجەدیدییە)، وەک ڕیفۆرمێک لە بواری سۆفیزمی ئیسلامی خۆی نواندووە. هەر ئەمەش یەکێک لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی خێرای بوو، نەک هەر لە سەرتاپای کوردستان بەڵکو لە زۆر بەشی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لە ئاسیای ناوەڕاست و باشوری ئەم ئیمپراتۆریەتە. ڕێکهێنانەوەی بنەما شەریعەتییەکان و چەمک و دەستەواژە و کردەوە سۆفییانەییەکان، ئەهلی تەریقەت و شەریعەتی بۆ ڕێبازە نوێییەکە ڕاکێشاوە و هاوکار بووە لە گۆڕینی ڕوانگە و دیدی زۆر لە زانایانی سەردەمەکەی (وەک بۆ نموونە گەورە زانا یەحیای مزوری). موکڕبوونی مەولانا خالید لەسەر ئەوەی، کە دەبێت تەسەوف ڕۆڵێکی کاریگەری لە نێو دۆزەکانی جڤاکدا هەبێت، هەروەها هاندانی لایەنگر و موریدانی بۆ پابەندبوون بە یاسا و ڕێسا شەرعییەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و جەختکردنەوە لەسەر وێنای ئەرێنییانەی کەسی سۆفی لەو ناوەندە کۆمەڵایەتییەی تێیدا دەژی، هەموو ئەوانە هۆکاربوون بۆ بە ڕیفۆرمزانینی ڕێبازەکە و چۆنیەتی ئەو بڵاوبوونەوەیە خێرایەی. بەچەشنێک زۆری نەبردوە، هەر لە پانتییە کوردییەکە، بۆتە هێزێکی دینامیکانەی نوێبوونەوەی ئایینی و کۆمەڵایەتی.
پێموایە کەسێکی تر لە دوادواییەکانی سەردەمی کلاسیکی مێژووی هزریی کوردی، ڕیفۆرمیستانە ڕۆڵی گێڕابێ، ئەگەرچی کاریگەریی زۆر کەمتر و سنوردارتر بووبێت لە هی مەولانا خالید، حاجی قادری کۆییە.. ئێمە پێستر لە کتێبی واهیمەی شێخەکان و خەیاڵدانی حاجی قسەمان لەسەر ڕەهەندی ڕیفۆرمیستانەی دەقە شیعرییەکانی حاجی کردووە. لەوێدا ئاماژە بەوەدراوە، کە ڕەخنەی ئەو لە نهریتی تهریقهتییانه، تێگهیشتنی سۆفییانه و زاڵبوونی جیهانبینیی شێخگهرایانه له بهرێكدا، ئینجا بانگهشهی گهڕانهوه بۆ نهریت و تێگهیشتنی نەریتییانەی ئایین لەبەرەکەی دیدا، چەشنە ڕیفۆرمێكی ئایینیی بوو. ئەو هاوشێوهی ڕیفۆرمیستە ئیسلامییەکانی سەردەمەکەی بوو لەوەی تێز و بۆچوونی جیاوازی بۆ ڕەوشی هەنووکەییانەی جڤاکی کوردی هەبوو. حاجی لهوهدا لهگهڵ بۆچوونی ڕیفۆرمیستەکانی وەک ئەفغانی و عەبدە یهكی دهگرتهوه، كه دهبێ چاکسازیی به ڕووبهڕووبوونهوهی تێگهیشتنی نەریتییانەی سۆفیگهری تەریقەتیی دهست پێبكات. تا ئایین ئهو وزهیهی تێدا بگهڕێتەوە، بتوانێت له ئێستای موسڵماناندا (كه بۆ حاجی موسڵمانی كورده) به كارایی بمێنێتهوه. به بینینی ئێمه ئەوەی حاجی جیا کردووەتەوە ئەوەیە، کە ئایین لای ئهو، كهمتر هۆشیارییهكی ترانسندنتاڵییانەیە وهك ئهوهی – بە مانا عیرفانییەکەی – مهبهستێك بێ له خۆیدا. بهڵكو لهنێو ئهو گوتاره، ئهركێكی ههیه دەبێ جێبهجێی بكات. له سنورە تەریقەتییەکەدا ناتوانێ ئهم ئهركهی ههبێ، وهك هەندێک کارەکتەری سۆفی بانگهشهیان بۆ دهكرد و كهسێكی وهك محهمهد عهبدهش پهسهندی كردوه. ئهمه چ جای ئهو ئهركه ناسنامهییهی، خوێندەوارە کوردەکە له سهرتاپای گوتاره شیعرییەکەی خواستوویەتی. له دهقه شیعرییەكاندا به ئاشكرا دیاره، كه ئهو له چهند وێستگهیهك، لهگهڵ ئەم گوتارە ڕیفۆرمیستییە، هاوڕا ماوهتهوه. بهتایبهت له مهسهلهی پابهندبوون به ئیسلامی نەریتیی – ئۆرسۆدۆكسییانه. ئهوه نهبێ، ئهو هیچ تروسكاییهكی لهو کارا نوێییانەی پانتایی کوردی نەبینیە، کە شێخانی تەریقەت بوون، بەتایبەت له پێشخستنی بنهما شهرعییهكانی ئهو فۆڕمهی ئیسلام، کە لای ئەو قەبوڵکراو بووە. ئهو تهنیا له ئههلی شهریعهتدا پارێزهری نهریت و فۆڕمی قهبوڵكراوی تێگه و ڕهفتاری ئایینیی بینیوه. كێشهی بەردەم گوتاری ڕیفۆرمیستانەی حاجی ئەوە بوو، کە تێگهیشتن و بهرههمهێنانی كوردانه بۆ باوهڕی ئایینی، له زۆربهی باردا، تێگهیشتنێكی سۆفیگهرییانهی میللی و بهرههمهێنان و شێوهگیرییهكی تهریقهتییانه بووه. گوتاری ئەوان ئامادهیی ئیسلامی له زهمینهی كوردیدا، ڕهنگڕێژ كردبوو. ئهمهش له دیدی حاجییەوە، ڕهوشێكی سۆسیۆ – سیاسی ئهوتۆی هێنابووە ئارا، کە ڕیشەکەی لە دوێنێ دایە و هەنووکەیی نەدەبۆوە، تا ئهوكاتهی كۆی هزری سۆفییانه زاڵ بووە بهسهر ئاگایی دهستهجهمعییهوه، بێ پرسین له بههای شهریعهتییانهی ئهم هزر و تێگهیشتنە و جێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی، کە حاجی بە مەترسیداری دەزانین.
کەسایەتیەکی تری کورد، کە دەشێ هەڵوەستەی جدیی لەسەر بکرێت و بەشێکی گرنگی مێژووی هزریی ئایینی کوردی پێکدەهێنێ سەعیدی نورسییە. ئەو لەو دەگمەن کوردانەیە، کە ڕیفۆرمیستانە کاری لەسەر کایەی ئایینی کردووە. سەعیدی کوردی بە یەکێک لە یەکەمین ئەو کەسانە دادەنرێت، کە لە دوای داڕمانی دەسەڵاتیی نەریتییانەی ئیسلامی (دەوڵەتی عوسمانی) بیریان لە چاکسازی کردووەتەوە، بەتایبەت گونجاندنی بنەما ئایینییەکان و داخوازییەکانی مۆدێرنەی ڕۆژئاوایی (بەتایبەت زانستی نوێ و هزری عەقڵانییانە)، کە هاتبووە نێو ماڵی موسڵمانانەوە. پاشخانی هزری ئەو، وەک ئاماژەم پێدا ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی و جێگرتنەوەی بوو بە دەوڵەتێکی سێکیولاری نەتەوەگەرای وەک تورکیای کەمالی. لە پەیامەکانی نور جەختی لەسەر گرنگیی پاراستنی ئیسلام وەک پێداویستییەکی ڕۆحانی و هزریی لە پانتایی ئیسلامی کردووەتەوە. پێیوابووە ئەو تێگەیشتنە تازەباوەی هاتبوو و دوپاتی دەکردەوە، کە گوایە دژیەکییەک لەنێوان ئیمان و عەقڵدا هەیە، چەشنێکە لە خۆدزینەوە لە تێگەیشتنی وردی ئیمان خۆی، کە تێگەیشتنێکی ئاوا دەشێ ئەوەمان بۆ ڕوونبکاتەوە ئەم دوو کایەیە نەک هەر دژیەک نین بەڵکو یەکتر تەواو دەکەن. ئەو وا لە جیهانی سروشتی دەڕوانی، کە بەڵگەیە لەسەر هەبوونی یەکتایی خودا (تەوحید). هەربۆیە دەبینین لە زۆربەی پەیامەکانی، پێش ئەویش لەو وتارانەی بە کوردی و لەژێر ناوی سەعیدی کوردی بڵاوی کردبوونەوە، هانی موسڵمانانی داوە تێکەڵ بە توێژینەوەی زانستیی سەردەمییانە ببن، چونکە بەهۆیەوە دەتوانن قوڵتر و وردتر لە خودا وەک خالق بگەن.
جێگەی سەرنج بوو، نورسی هەوڵی داوە، جیاواز لە ڕیفۆرمیستانی پێشوو و هاوسەردەمی، خۆی لە پێشکەشکردنی چارەسەری سیاسی بەدووربگرێت و ڕیفۆرم لە ئاستی گشتییەوە بۆ ئاستی تاک بگوازێتەوە. ئەو وایبینییە تاکی ڕوناکبیری ڕوحانی دەتوانێت بنەمای کۆمەڵێکی دادوەر و هارمۆنی دابڕێژێت. بەداخەوە سیاسەتی ستەمکارانەی کەمالی بواری ئەوەی نەدا هزرە ڕیفۆرمیستەکانی لە سەردەمی خۆیدا جێکەوتەیان هەبێت، بەتایبەت کە پەیامەکانی بە نهێنی بڵاودەکرانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پڕۆسێسی نهێنیبوون و ئەستەمی دەستگەیشتن زیاتر سەرنجی خەڵکی ڕادەکێشا. درەنگتریش بوونە چوارچێوەیەکی گرنگی هزریی ئیسلامی و کاریگەریان خستۆتە سەر هزر و چاڵاکیی ئیسلامییانە. دۆزینەوە و جێکردنەوەی گوتاری ڕۆشنگەرانەی سەعیدی نورسی لە کۆنتێکستی هاوچەرخی هزری ئیسلامی، دەریخست لە بەرهەمهێنانی تێگەیشتنی ورد لەبارەی هەندێک لە دۆزە سەردەمییەکان، چەندە پێش کاتی خۆی کەوتبوو؛ جەختکردنەوەی لەسەر ڕیفۆرمی ناتوندوتیژانە، فێرکردن، پەروەردەی تاکی ڕۆحانی بەسیاسیی نەکراو، نموونەیەکی جیاوازی کاریگەری و کارتێکردنی تاکی موسڵمان لە ئێستای جیهان نواندووە. ئەمە سەرباری ئەوەی بانگەوازی بۆ بەیەکەوەژیانی ئایین و لێکتێگەیشتنی سیستمە باوەڕییەکان، وایکردووە جیاواز بێت لە زۆر لەو ڕیفۆرمیستانەی تێزەکانیان بوونە پاڵپشتی هەندێک ڕەوتی توندڕەی ئوسوڵی. نورسی، لەمیانەی چارەسەرکردنی ئەو ئالەنگارییە وجودی و هزرییانەی مۆدێرنە بۆ تاکی باوەڕداری دروست کردووە، پلانێکی بۆ کاریگەریی پۆزەتیفانەی ئەم تاکە خستووەتەڕوو، بێ ئەوەی ئەمە لە چەمکی ئیمان کەم بکاتەوە.
ئەم کارەکتەرانەی باسمان کردن، هەریەکە و لە زەمەن و شوێنی خۆی، ڕیفۆرمیستانە لە ئامادەیی ئایینیان ڕوانیوە و پێموایە هەڵوەستەکردن لەسەر بەشدارییەکانیان، هەر دیبەیتێکی داهاتوو لە زەمینەی ڕۆشنبیریی کوردی سەبارەت بە ڕیفۆرمی ئایینی قوڵتر دەکات و فرەڕەهەندتری دەکات. جگە لەوانیش لیستەکە دوور و درێژە و دەیان کەسی زانا، ئەکادیمیست، سیاسەتمەدار لەخۆ دەگرێت.
ئایینناسی: مەلای گەورەی كۆیە و شێخ محەممەدی خاڵ وەك دوو نوێگەری بیری ئیسلامیی كوردیی سەدەی بیست ئەژمار دەكرێن، چ تایبەتمەندی و خەسڵەتێك بیری ئەم دوو كەسایەتییە لە نوێگەرە موسڵمانە عەرەبەكان جیادەكاتەوە؟
د. حەیدەر لەشكری: ڕەنگە جیاوازی هەرە بنەڕەتی هەمەگیربوون و تایبەتێتی گوتاری ئایینییان بێت. هەردوو زانا کوردەکە، بەو پاشخانە هزرییەی نوێگەرە ئیسلامییەکان (بەتایبەت ئەفغانی و عەبدە)ەوە هاتون بانگەوازی نوێبوونەوە لە زەمینە خۆجێیە کوردییەکە دەکەن. هەردوو زانا بە ئاگابوون لەو تێگەیشتنە نوێییانەی لە نێو هزریی ئیسلامیدا جێگەیان ببۆوە. بۆیەشە ئەگەر هاتون بۆ کورد دواون، بەشێکی زۆر لە پرسگرانەیان بینیە کە گەورە ئیسڵاحییەکان کردویانەتە خەمی گشتی، هەر لە مەسەلەی تەوحید و ئەوانەی گومانی دەخەنە سەر (شیعەکان، سۆفییەکان…) بگرە تا مەسەلەی پەیوەندیی نێوان عقڵ و ئیمان. ئەگەریش وردیان کردووەتەوە، ئەوا بە مەبەستی کورداندنی پرسەکان بووە تا ئاستی ئەوەی ڕیفۆرم پەیوەست کراوە بە هەبوونی نەتەوەییانەوە. ئەوەتا لای مەلای جەلیزادە پرۆژەی ڕیفۆرم بە تێگەشتنی باوی ئایینیی دەستپێدەکات، بەتایبەت ڕەتکردنەوەی توندی شێخگەری و باوەڕبوون بە خورافە و هەژموونی ڕێوڕەسمە تەریقەتییەکان، کە بەلای ئەو مەسەلەکە تەنیا بریتی نییە لە زەرەردان لە سیستمی دروستی باوەڕداری، بەڵکو زەرەردانە لە کوردبوون وەک بەها و ناسنامە. ڕەنگە زۆرانێکمان ئەو دوو دێڕە شیعرەی ئەومان بیستبێت، کە دەڵێ:
بە ڕیشی پان و پرچی پڕ لە ئەسپێ بناغەی ئیشی کوردان چۆن دەچەسپێ
هەتا شێخێ لە کوردستان بمێنێ. ئومێدی زیندەگانیت پێ نەمینێ
واتا نوێگەری و بانگەشەبۆکردنی خراوەتە خزمەت شوناسە ئیتنییەکەوە، بۆیە دەبینین ئیش لەسەر بوونیادنانەوەی مرۆڤی کورد دەکات، بە تێگەیشتنێکی جیاوازی ئایینییەوە. ئەمەش سەنتێزی گوتاری ئایینی ئەوە؛ کورد لە جیهاندا چۆن بێت؟ هەر لە سیستمی پەروەردەکەیەوە بگرە تا بە بنەمە عەقیدەییە وردەکانی وەک مەهدی مونتەزەر دەگات. ڕەنگە بوار نەبێت تەواوی ئەم گوتارە لێرە ڕوون بکەینەوە، بۆیە با نموونە بە داگیرکردنی ویستی تاک لەلایەن زانای نەزانەوە بهێنینەوە. دەڵێ زاناکان ئەمە دەکەن بەبیانووی ئەوەی چارەنوسی مرۆڤ هەر مردنە و دەبێ ژیان بێبەها ببینێ و دەستەوەستان لە چاوەڕوانی مەرگی خۆی بێت. کەچی ئەو پێیوایە قودرەتی مرۆڤ سنووری بۆ نییە و ناکرێ لە کۆنتێکستی ئایینییەوە کردەوە بەرزەفت بکرێت. لەم ڕووەشدا چەند دێڕە شیعرێکی هەیە، ڕەخنەن لە زاناگەلی گرنگی وەک فەخری ڕازی و ماتوریدی و پرۆگرامێکی نوێگەرانەن بۆ هزری ئایینی لە پانتاییە کوردییەکە، کاتێک دەڵێ:
خۆزیا ئیمامی ڕازی لەم عەسرە زیندوبا. تا لە سونعی بەشەری تەیارەی بدیبایە
ئەوجا ئیمانی دەینا بە قودرەتی بەشەری. قەت ئینکاری نەدەکرد بە تەقلیدی ئەشعەری
بەگشتی مەلای جەلی و شێخی خاڵ و سەججادی و دەیانی هاوشێوەیان، ورد لەسەر تێگەشتنی نەریتییانەی کوردەکان بۆ ئایین وەستاون، ئینجا هاتوون ڕەخنەیان لێگرتووە و تەنیا جەختیان لەسەر ئەو ڕەگەزانە کردووەتەوە، کە دەشیا هاوکار و هاندەری تاکی کورد بن بۆ سەردەمیبوون و گونجان لەگەڵ ئێستای دونیادا، چونکە بۆ ئەمانە پرسەکان بۆ کورد دووجار بارن، بارن بەسەر هەبوونی کوردانە و ئیماندارانەیان لە زەمەنێکدا کە پێویستی بە نوێبوونەوە و خۆگۆڕین هەبووە.
ئایینناسی: تا چەند ڕۆشنگەران و چاکسازانی ئایینی کورد سەرکەوتوو بوون لە گەیاندنی گوتار و ئارگۆمێنتەکانیان بە ئاڕاستەیەكی ئەرێنی بۆ خزمەتی كۆمەڵگەی كوردیی؟
د. حەیدەر لەشكری: ڕۆشنگەر و چاکسازانی ئایینی لە کوردستان بەربەستی زۆریان هەبووە لەبەردەم بۆ گەیاندنی هزری خۆیان، کە لە سەردەمانی پێشوو زۆر هۆکاری هەبووە، لە ستەمی سیاسیی سیستماتیکەوە بگرە، تا پەراوێزخستنی ناسنامەی کوردی و بیرنەکردنەوەی ئایینییانە بە زمانی کوردی. ئەو ڕابوونە کولتورییەی لە چەند دەیەی دواییدا دەکرا چاوەڕێی ئەوەی لێ بکرایە کاریگەرانەتر گوتار بەرهەمبهێنن و سەرنجی بەردەنگی زۆری کوردی، لایەنیکەم باوەڕداران، ڕابکێشن. بەتایبەت ئەگەر زمانی کوردی، بڵاوکردنەوە و دەرکەوتنی دەزگای زانستیی – ئەکادیمیش بەرەبەرە بوونە تەوەرەیەکی گرنگی نێو پانتایی هزریی ئایینییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بڵاوبوونەوەی هزری ڕیفۆرمیستانە لە گوتاری ئایینیی کوردیدا ناوەندیی نەبووەتەوە. ڕەنگە بەشێکی پەیوەست بێت بە ناجێگیریی سیاسی، دابەشبوونی سیاسیی – نێوخۆیی و هەژموونی گێڕانەوە نەریتییەکان و هەوڵی قۆرخکردنی لە زەمینەی کۆمەڵایەتی کوردیدا. ئەمەش پێویست بەوە دەکات تێگەیشتنێکی قوڵمان هەبێت لەسەر سیاسەتی ناسنامە، بوژانەوەی نەریت، ناسنامەسازیی بەرە دژیەکەکان (ئیسلامی، عەلمانی) و بەربەستەکانی بەردەم چاکسازی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە زەمینەیەک کە پێشتر خرابووە پەراوێزی مێژووی ڕیفۆرمەوە. ئەم ڕەوشە گشتییە وایکردووە هەست بەوە نەکرێ کارەکتەرە کاراکانی نێو هزری ئایینی بەرنامەی هەمەگیری ڕیفۆرمیستانەیان هەیە، ئەوەندەی وەک وتاربێژ (فۆڕمی هەرە خوازراوی کارەکتەری ئایینیی سەردەم) خۆ بنوێنن. بچۆ ڕاپرسییەک بکە لە نێو خەڵکی شەقامی باوەڕداران ، تا بزانی جێکەوتەی هزری زانایەکی وەک د. مستەفا زەڵمی یان تەنانەت هەر ڕیفۆرمخوازێکی نێو ڕەوتە ئایینییەکان، کە خوێندنەوەی هزرییانەیان بۆ دیاردەی ئایینی هەیە زیاترە، یا کۆلکە بانگخوازێک ی زمان زبر لە وتارداندا.
لەدەرەوەی ئەلقە ئایینییەکە خوێندنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد بۆ ئایین و ڕەخنەگرتنیان لە هزریی ئایینی، مێژووی خۆی هەیە. ڕەنگە سەرەتاکانی کاری دەستەبژێری کوردی، لە دەرەوەی تێگەیشتنی باوی ئایینی پەیوەست بووە بە کاریگەربوون بە ڕەوتە هزرییەکانی پەیوەست بە مۆدێرنەوە، هەر لە جەمال عیرفانەوە بگرە تا بە دڵداری شاعیر و عەبدولخالق مەعروف دەگەیت، دەبینی خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ چییەتی ئایین بە گشتی و ئامادەییەکانی لە جڤاکی کوردیدا هەبووە، کە ڕەنگە ئێمە نەتوانین لە چوارچێوەی چاوپێکەوتنێکدا تایبەتمەندی هەریەک لەوان و ئەو سیستمە هزریەی پەیڕەویان لێ کردووە بخەینە ڕوو.
گوتاری پەڕگیری ئایینی و ناسیونالیستیی، هاوتەریب، کاریان لەسەر نواندنی عەبدولخالق مەعروف وەک دژە دین و دژە ئیسلام کردووە، لەکاتێکدا خوێندنەوەیەکی نا ئایدۆلۆژییانەی کتێبەکەی دەریدەخات، کە لە پاشخانێکی ڕیفۆرمیستانەوە هاتووە سەرەدەری لەگەڵ گوتاری ڕۆشنبیریی و ئایینیی کوردی کردووە، لە بابەتێکی هەستیاری وەک پێگەی ژن لە کۆنتێکستی ئایینییدا. ئەو دابڕانێکی بینیوە لەنێوان ئەوەی دەستەبژێرە کوردییەکە بانگەشەی بۆ کردووە، لەبارەی یەکسانی هەردوو ڕەگەز، لەگەڵ تێگەیشتنی دەقی ئایینی و گێڕانەوە مێژووییەکان سەبارەت بە هەمان بابەت. تۆ تەماشاکە، لە مەسەلەی مافی کارکردنی ئافرەت چۆن هەرزە گوتاری ڕۆشنبیریی کوردی هەڵدەوەشێنێتەوە، کە تێیدا هەستەکییانە جەخت لەسەر ئەو مافە کراوەتەوە؛ هێنانەدەرەوەی ژن لە ماڵ و جێکردنەوەی لە بازاڕی کار (فەزای گشتی). مەعروف ئەمەی بە ماف نەزانیوە و پێیوایە یەکسانبوون دەبێت لەسەرووی ئەم گوتارە بانگەشەکارییانەوە بێت. ئەو وایبینیە ڕێگەدان بە کارکردن نەک هەر مافی بە ژن نەداوە، بەڵکو چەشنێکی تری چەوساندنەوە بووە. بەوەی ناچار بەوە بووە، هەم ڕۆڵی پێشووتری بگێڕێت هەمیش کاری دەرەوە. ئەو یەکسانبوون بە کەسێتی گرێداوە و وایبینییە کە ماف مافی مرۆڤبوونە، لەدەرەوەی هەر ڕەوت و ڕووگەیەک، کە بیروباوەڕ دیاری کردبێت. خۆ هەر ئەمەش دەتوانێت بەهانەی ئابوری نایەکسانی پووچ بکاتەوە، بەوەی ڕێگەدان بە ژنان بەرهەمهێن بن و خودان ئابوری سەربەخۆ بن، تا لە ڕێگەی ئەمەوە یەکسان ببنەوە لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر، کە پیاوە. ئەم تەرزە بیرکردنەوەیە لە گرفتەکە، سەپاندنی ڕوانگەی پیاوانە بووە لە ناسینەوە و ڕاگەیشتن بەسەر ڕەهەندەکانی گرفتە سۆسیۆ – ئایینییەکە و چارەسازییەکەی. لێرەوە ڕەخنەی ئەو لە کۆنتێکستی ڕیفۆرمی ئایینیدا جێگەی دەبێتەوە، بەڵام لە ڕەهەندێکی تەواو جیاواز لەوەی لەنێو کۆنتێکستە باوە کوردییەکە خرابووە ڕوو. ئەو ڕەخنەی لە بەپیاوکردنی گرفتەکە هەبووە، چونکە دواجار پیاوبوون ڕێگربووە لەو چەشنە مافبەخشینەدا. واتا ڕەخنەی ئەو لە ناتێگەیشتنی گوتارە ڕۆشنبیرییەکە بووە لە ماناکانی یەکسانی، ئازادی و ماف خۆیەوە و ئەمەش گرێدەدات بە نەبوونی خوێندنەوەی دروستی کۆنتێکستە ئایینییەکەوە. ئەو گوتویەتی ناکرێ تۆ ئیش بۆ سەپاندنی ئەو چەمکانە بکەیت لە ناوکۆیەکی ئەوتۆی سۆسیۆ – ئایینییەوە، کە ڕێگربووە لەوەی ڕەگەزی نێر خۆی ورد لەم چەمکانە بگات و لەنێوخۆیدا جیاواز لەوەی هەیە تاقی کردبنەوە. ئەگەر وای نەکردووە، ئەوا تەنیا وەک پلانێکی نێرینانە دەمێنێتەوە بۆ گەیشتن بە جەستەی ژن و بە هەمان ئەو ئەنجامە دەگات کۆمەڵە نەریتییەکە لە ژندا بینییەتی و لەنێو دەقدا ڕەوایەتی بۆ دۆزیوەتەوە.
هەرچۆنێک بێت، ئەوەی لە ئەزموونی ڕەخنەیی عەبدولخالق مەعروف و کەسانی تر، سەر بە هەردوو بەرەی ئایینی و سیکیۆلار، لە خوێندنەوەی دیاردەی ئاییندا گرنگ بوو هەبێت و نەبووە میتۆدێکی ڕوون و پاشخانێکی تیۆری بوو، لە دەرەوەی بازنەی وتاردان و هەڵوێست وەرگرتنەوە سەرەدەری لەگەڵ ئەم دیاردەیە بکات. ئەمە وایکردووە کاریگەریی دوورمەودایان نەبووبێ، بەتایبەت لە مەسەلەی تێگەیشتنی کوردانە بۆ دیاردەی ئایین، بەتایبەت ئیسلام. چوارچێوەی میتۆدی و پاشخانی تیۆری دەتوانێ چەشنێک لە هارمۆنیای کولتوری بخاتە بەردەست، بەتایبەت لەنێوان خۆماڵیبوون و هەمەگیرێتی، ئەمە سەرباری ئەوەی گوتاریی ڕەخنەیی دەشیا ڕێنمایی ستراتیژییانە پێشکەش بکات، کە ببێتە گەرەنتی ئەوەی قسەکردن لەسەر ڕیفۆرم لەگەڵ فرەیی و جیاوازبوونی زەمینەی کوردی ڕێک بێتەوە و بچێتە سەرووی دابڕانە ئایدۆلۆژییەکانەوە، کە دەیەوێت ئایین لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا بگرێت و ببینێت. ئەمە واتا تێپەڕاندنی مەرزە نەریتییەکانی خوێندنەوەی ئایین بێ نەفیکردنی بەرامبەر و دراوە سیۆلۆژی یان سیکیۆلارەکانیان. لێرە ئەوەی دەبووە سەنگی مەحەک ڕیفۆرم بوو لە خۆیدا، بەو متمانەیەوە کە لە بەڵگەسازی و ڕاستاندن و ئەگەرەکانی جێبەجێکردنی بەرنامە ڕیفۆرمییەکانی تۆکمە دەکرد. نەک ڕیفۆرم و دژە ڕیفۆرم وەک یەک خۆ بنوێنن و عەلمانی و ئوسوڵیمان بە یەک تۆنی دەنگ ڕەخنەبارانی هزری نەخوێندراوە ی یەکتر بکەن.
بەگەڕانەوە بۆ بابەتە بنەڕەتییەکە دەخوازم بڵێم ڕۆشنگەر و ڕیفۆرمیست، ئەوکاتە دەتوانن باشتر خۆ بنوێنن، ئەگەر لێهاتوانە لە دینامیکای ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و سیاسی جڤاکی کوردی بگەن، کە تێکەڵییەکی سەرنجڕاکێشی پەیوەندیی خێڵەکیی – نەریتییانە، دابەشبوونی سیاسی، شرۆڤەی فرەجۆر و تا ئاستی دژیەکی بۆ ناسنامە تێدایە. لە زەمینەیەکی ئاوادا چڕکردنەوەی بانگەوازی ڕیفۆرم بە وتاردانی سەرپێییانە هیچی لێ شین نابێت، هەڵچوونی ئان و ساتانە نەبێت. کۆکردنەوەی کورتبڕانەی خەڵکی بە دەوری وتاربێژان ئەوپەڕەکەیەتی و تا پێویستی سۆسیو سیاسییانە بەم گوتاربێژە بڕ دەکات. ئەزموونیش پێماندەڵێ ماوەیەکی کورتە و دادەمرێتەوە. لەکاتێکدا ئەوەی دەشێ کاریگەریی درێژمەودای هەبێت گوتارێکی فرە دیسپلینانەی دەزگاییانەیە، لەپێناو داڕشتنی سیستمێکی هەمەگیر و تۆکمەی هزری، کە ناشێ و ناکرێ هیچ هەوڵێکی ڕیفۆرمیستانە خاڵی بێت لە سیستمێکی ئاوا، ئەگەر دەیەوێت جێکەوتەی بەردەوامی هەبێت. وەرگرتنی دید و تیۆری پەتیی لە سۆسیۆلۆژیا، زانستی سیاسەت، ئەنترۆپۆلۆژیا، ئەمە سەرباری ئەو هەموو لق و پۆپەی ئایینناسی خۆی لێی بۆتەوە، دەشێ هاوکاری زۆر باش بن لە زەمینەسازی بۆ گفتوگۆی نێوان گرۆ و کۆمەڵە دژیەکەکان، لەوپەڕی پارێزگار و نەریتگەراکانەوە بگرە بۆ ئەوپەڕی لیبڕال و دژە دینەکان، لە ڕوانگە و هەڵوێستیان بۆ ئایین خۆی لە زەمینە کوردییەکەدا.
خۆ ئەگەر ئەوە بکرێت، ئەوە هێشتا هیچمان نەکردووە جگە لە زەمینەسازی، دوای ئەوە، ئەی ڕیفۆرمیست خۆت و ئارگیومێنتەکانت و بەڵگەسازیت لەپێناو خەلقکردنی دیمەنێکی هزریی دینامیکانە کە، بۆ ئەوەی بەرهەمداربێت، دێت فرەچەشنی هزری دەکاتە کۆڵەگەی هەرە بنەڕەتی خوێندنەوەی هەر دیاردەیەکی پەیوەست بە کایەی ئایینییەوە.
ئایینناسی: لەسەر ئاستی دەستەبژێری ڕۆشنبیری كورد، چەند توانراوە توێژینەوە دەربارەی مێژووی ئایین و ئایینناسی بە ئاڕاستەی چاكسازی و نوێگەری بە شێوەیەكی ئەكادیمی ئەنجام بدرێت؟
د. حەیدەر لەشكری: بێگومان بە پەرەسەندنی کایەی ئەکادیمی لە کوردستان چاوەڕێی ئەوەش دەکرا مێژووی ئایین و ئایینناسیش چەند هەنگاوێک بە ئاڕاستەی ڕیفۆرم بچێتە پێش. بەڵام وردبوونەوە لە بەرهەمی زۆرینەی هەژمونگەرای کارەکتەرە ئەکادیمییەکان، وەک زۆر بوارەکانی تری زانستە مرۆڤایەتییەکان، بێ ئومێدت دەکات. بەرنامەی کاری بەشەکانی ئایین و زانستە شەرعییەکان، توێژینەوەی بڵاوکراوە و تێز و نامە زانستییەکان زۆرن، بەڵام دەبینی بەدەست چەندین کۆت و پێوەندی جەوهەرییەوە دەناڵێنن، لەهەموویان زەقتر دابڕانیانە لەوەی لەهەمان بوار و پسپۆڕیدا لە جیهانی ئەکادیمی، لەهەردوو ئاستی تیۆری و میتۆدیدا، دەگوزەرێ. بەشی هەر بنەڕەتی ئەو کارانەی هەن، هێشتا گفتوگۆن لەسەر ئەو جەدەلە فیقهیی، کەلامیی، ئوسوڵیی…یانەی لەسەردەمی کلاسیکدا هەبوون و بە ڕای بنبڕ کوژراون و تەڕایەتی ئەوەیان تێدا نەماوە ببنە دەستپێک بۆ بەرهەمهێنانی تێگەیشتنەکی جیاواز و سەردەمییانە. بەشێکی بەرچاویشی تەرخانکراوە بۆ کار و بەرهەمی زانایانی پێشین و کۆنتێکستی مێژووی پێشکەوتنی خوداناسیی ئیسلامی. لەم کارانەدا ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەو دابڕانەیە لەنێوان هزری ئایینی و هەنوکەی توێژەردا هەیە؛ جێکەوتە و لێکەوتەکانی ئەو مێژووەی بیروباوەڕ بەسەر تێگەشتنی ئێستایانەی کۆمەڵەی کوردی بۆ ئیسلام. بەداخەوە کەمتر جەربەزەیی هزریی دەبینرێت لە نوێکردنەوەی بابەت و میتۆدی کارکردن، ڕێگە بە پەرەسەندنی جیاوازی هزری ئایینی و تێگەیشتنمان بۆ ئامادەیی ئەم دیاردەیە لە زەمینەی کۆمەڵایەتیی کوردستانی بدات. بەمەش واهەست دەکەیت خەمی توێژەران شتێکە و خەمی کۆمەڵ و باوەڕداری سەردەمەکە شتێکی تر.
ئەوەی گوتم تێبینی گشتین لەسەر گوتارە باوەکە، دەشێ هەندێک کەسایەتیمان هەبن، لە کۆنتێکستە ئەکادیمییەکە وەک خودان پرۆژەی ڕیفۆرمیستی ببینرێن. خۆ، وەک پێشتر ناوم هێنا، کەسێکی وەک دکتۆر زەڵمی ئاسان نییە تێپەڕێنرێ. ئەو لە بوارەکەی خۆیدا، بەتایبەت دوبارە ناسینەوەی فیقهی ئیسلامی لە کۆنتێکستی هاوچەرخدا. بەڵام هەوڵی ئەو و چەندانی تر زیاتر وەک دەرچوون لە ڕێسای باو دەنوێنرێن نەک ڕێسایەکی گشتی بواری لێکۆڵینەوەی ئایینی لە کوردستاندا. واتا – ئەگەر بە زمانی ئەهلی پسپۆڕییەکە بدوێین – ئەوانە ئیستیثنان نەک قاعیدە. ئەوەی قاعیدەکەیە مانەوەیە لە سنوری تێگەیشتنە نەریتییەکانی کۆی زانستە ئایینییەکان و ئەوەی دەبێ بخوێنرێ و ئەوەی نابێ بخوێنرێ و ئەوەی دەبێ لەبارەوەی بنوسرێ و ئەوەی نابێ بنوسرێ. هەمووشی بەهەمان ئەو میتۆدە کلاسیکییەی زانایەکی گوندێکی ئەو پەڕی کوردستان لە سەدەی چواردە کاری لە سەر ئەحکامی زەواج و تەڵاقدا کردووە! ئەمە لە دەمێکدا دۆزە سۆسیۆ – سیاسی، سۆسیۆ – ئەخلاقییە سەردەمییەکان ئەوەند هەستیار و چارەنووسسازن، پێویستیان بە توێژینەوەی ڕەخنەیی زۆر جیدی هەیە بۆ تێگەیشتنی باشترمان لە ڕەهەندە ئایینییەکەی ئەم دۆز ۆ کێشە و ئالەنگارییانەی هەن و دەبن.
هەرچۆنێک بێت، دەشێ گرفتی دەستەبژێری ئەکادیمی کوردستانی لە بەرهەمهێنانی گوتارێکی سەردەمییانە لەبواری لێکۆڵینەوەی ئایینی بە بەربەستی ڕیشەیی لە ستراکتۆر و هزردا گرێ بدەین. لێرەش یەکێک لە گرفتەکان هەر بە سیاسیکردنی کایەی ئایینی بووە، چ لەلایەن گرۆ و ڕەوتە سیاسییەکان بووبێ یانیش – وەک پەرچەکردارێک بۆ ئەمان – لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە بووبێت. بەچەشنێک کەمتر هەست بە بوونی دەزگای سەربەخۆ لە لێکۆڵینەوەی ئایینی دەکرێت؛ یان ئیسلامییەکان پاڵپشتی دەزگای ئاوان یان دەسەڵاتە بە ناو عەلمانییەکە؛ دەزگای بەسیاسیکراو کە تا ئاستی دەزگا ئەکادیمییەکانیش درێژ بۆتەوە و بەرهەمێکی بەسیاسیکردنی کایەی ئایینە. هەر ئەمەش وایکردووە کارەکتەری بەرهەمهێنراوی نێو ئەم دەزگایانە دووچاری داماڵینی ئازادیی هزریی بووە، بەچەشنێک ئەوەی گرنگە لەپشت گوتاری زانستیی ئایینیدا سوود و قازانجە سیاسییەکەیە، نەک شرۆڤە و لێکدانەوەکانی بەپێی مێتۆدە پێشکەوتووەکانی بواری ئایینناسی. ئەمە سەرباری هەژموونی لێکدانەوە و شرۆڤەی قۆتابخانە نەریتییەکان و پۆلێنبەندییەکانیەتی. هەر ئەمەیە وادەکات گرفتە سەردەمییەکان کەمتر لە گرفت و کێشە مێژووییەکان سەرنجی توەژەرە بە ئەزموون و تازەکارەکانیش ڕابکێشن.
بێگومان لەدایک نەبوونی نەریتی فرەدیسپلینیش هۆکارێکی تری چەقبەستنی توێژینەوە ئەکادیمییەکانە. گوتاری هاوچەرخیی سیۆلۆژی وادەخوازێ پسپۆڕانی بوارەکە ڕوو بکەنە چەندین بواری ترەوە؛ زانستی سیاسەت، ئابوری، کۆمەڵناسی و تەنانەت زانستە ئیکۆلۆژییەکان تا بتوانن لە ماجەڕای فرەڕەهەندەکانی گڵۆبالیزم و مۆدێرنە بەسەر ئەم گوتارە و کۆی دیاردەی باوەڕداری بگەن. خۆ بۆ تێگەیشتن لە فاکتەرە نێوخۆییەکانیش مەسەلەکە هەر هەمان ئەو خوێندنەوە فرەڕەهەندەی پێویستە. ئەوەمان لەبەرچاو بێت، کە ناجێگیری ئابوری و کۆمەڵایەتی لە عێراق و کوردستان، بۆتە بەربەستێک لەبەردەم بە توانای وڵات و هەرێمەکە لە برەودان بە سیستمی پێشکەوتووی هزری، توانای تۆکمەکردنی ڕوانگە سیۆلۆژییە جیاوازەکانی، لە دەرەوەی شوێنە نەریتییە چەقگرتووەکان و ڕەوتە ئایدۆلۆژییە تۆقێنەرەکانەوە، هەبێت؛ شوێنێک بن بۆ تێگەیشتنی بابەتییانە لە هەموو ئەو ڕەهەندانەی ئایینناسی هەیەتی، نەک بۆ پەردەپۆشکردن و جوانکردن یان ناشیرینکردن یاخود پڕۆسێسی لەبیرخستنەوەی هەندێک ڕەهەند و تۆخکردنەوەی ئامادەیی هەندێکی تریان بێت. وەک ئەوەی تەنیا بەدوای میانڕەوی ئایینی بیت و ئایدۆلۆژییانە چاوپۆشی لە توندڕەوی ئایینی بکەیت، وەک لە هەوڵە ڕیفۆرمییەکان ی سێکتەری خوێندن، لە نزمترین ئاستییەوە بۆ هەرە باڵاکەیدا بینیمان.
ڕەنگە بوارێکی لێکۆڵینەوەی ئایینی، کە من پێموایە هەندێک کاری لەسەر کراوە و گرنگە پشتگیری زیاتری بکرێت، ئەویش ناوکۆی هزریی ئایینیی کوردییە، بەتایبەت گەڕان بەدوای هێڵە یەکتربڕەکانی ئایین و ناسنامە و نەتەوە. ئەکادیمیانی ئێمە، باش و خراپ، کاری زۆریان لەسەر مێژووی کورد و جوڵانەوەکانی لەنێو زەمەندا کردووە، بەڵام کەمتر ڕەهەندە ئایینییەکانی کوردبوون و لێکەوتەی ئەم ڕەهەندە بەسەر مێژووەکە سەرنجی توێژەرانی ڕاکێشاوە. لێکۆڵینەوەی قووڵی ئەو پەیوەندییە دیار و نادیارەی ئایین و کوردبوون، لایەنیکەم دەتوانێ وابکات باشتر لە هەوڵە ڕیفۆرمیستەکانی هەندێک لە زاناکانمان بگەین و تیشک بخاتە سەر چۆنیەتی سەرەدەری دەستەبژێری ئایینی کوردی لەگەڵ کاریگەرییە نێوخۆییەکان بەسەر تێگەیشتن و ناسنامەی ئایینی. ئەمە دەشێ هەر نموونەیەک بێت بۆ بوارێکی توێژینەوە. بەڵام خۆ قووڵبوونەوە لە ئامادەیی ئایین لە جڤاکی کوردی توێژینەوەی هەمەگیرتر و فرەدیسپلینانەی زۆرتری دەوێ تا باشتر ڕوون ببێتەوە و لەگەڵیشیدا بتوانین بەشداریی کوردی لە کۆنتێکستی هزریی ئیسلامی و ئایینی بەگشتی باشتر بگەین. بێ فراوانکردنی دیدگا، نوێکردنەوەی میتۆدی هزرین و ڕاگەیشتن بە تیۆرە جیاجیاکان، تێگەیشتنمان لەو بەشدارییە کوردییە سەرپێیی دەمێنێتەوە و هەوڵە ڕیفۆرمییەکانیش لەبەرگرتنەوەی هەوڵی ئەوانی تر دەبێت و بەزۆر دەکرێتە بەر زەمینە کوردییەکە.
ئایینناسی: لە هەرێمی كوردستان چەندین پارت و ڕەوتی ئیسلامیی هەن، چ پێگەیەكیان لەناو چاكسازی ئایینی هەیە؟ ئایا دەكرێت ببنە بەشێك لە چاكسازی ئایینی و چۆن؟
د. حەیدەر لەشكری: نکۆڵی لەوە ناکرێ پارت و ڕەوتە ئیسلامییەکانی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە شێوەگریبوونی هەستی گشتیی ئایینیدا هەبووە و کەم تا زۆریش کاریگەریان بەسەر سیاسەتی هەرێمەکە، بەتایبەت سیاسەتی دینییەوە هەبووە. ئەمانە، کە لە یەک کاتدا قەوارەی ئایینی و سیاسین، گوتاری گشتیان بەدەوری ئاوێتەکردنی بەها ئیسلامییەکان بە سیستمی فەرمانڕەوایی دەسوڕێتەوە، لەگەڵ بانگەوازکردن بۆ بەدیهێنانی چاوەڕوانییە سۆسیۆ – سیاسییەکانی گەلی کورد. واتا زۆرجار وایدەنوێنن ئەرکی پارتی و ڕەوتییانەی ئەوان بریتییە لە دۆزینەوەی هارمۆنیایەک لەنێوان بەها ئیسلامییەکان و خواستە کوردییەکان، لەگەڵ چارەسەرکردنی ئالەنگارییە کۆمەڵایەتییەکانی وەک گەندەڵی، نادادوەریی کۆمەڵایەتی و چاکسازی لە ڕەوتی حوکمڕانی هەرێمەکە. نکۆڵیش لەوە ناکرێت ئەو پارت و ڕەوتانە بایی ئەوەندە توانایان هەیە ڕێبەرێتی هەر پرۆژەیەکی ڕیفۆرمانەی ئایینی بکەن، کە لەگەڵ دراوە سەردەمییەکاندا بگونجێ، لەوانەش هاوسەنگی لەنێوان بەها ئایینییەکان و بنەما دیموکراتییەکان، تۆکمەکردنی دادوەریی کۆمەڵایەتی و هاندانی لێبوردەیی ئایین لەو پانتاییە فرەڕەنگ و فرەچەشنەی کوردستان هەیەتی.
بەڵام ئەوەی مێژووی ئەو پارت و ڕەوتانە بخوێنێتەوە، دەبینێت کاراییان لە بەجێ گەیاندنی ڕیفۆرمێکی بەرچاوی ئایینی سنوردارە، ئەگەرچی لە وتاردا هەموو کات جەختی لەسەر دەکەنەوە. ئەمەش بەر لە هەموو شتێک پەیوەستە بە پارچەپارچەبوونی سیاسی و ململانێی ئایدۆلۆژییەوە. ئەوان پەیوەندیان بە یەکتر و بە گرووپە سێکولارەکان زۆربەی کات ناجێگیرە و مشتومڕێکی سۆفستاییەنەی پێوە دیارە زیاتر لەوەی دیبەیت و گفتوگۆی قوڵ بێت و توانای لەخۆگرتنی دیدە جیاوازەکان بۆ ئامادەیی کایەی ئایین و جێکەوتە سۆسیۆ کۆمەڵایەتییەکانی هەبووبێت.
ڕەنگە بەشێکی ئەو هەژاریی گوتاری ڕیفۆرمانەیان پەیوەست بێت بەوەی دەرکەوتنی پارتە ئایینییەکان، گەڵاڵەبوونی گوتارە ڕیفۆرمیستییەکەیان خۆجێیی نەبووە، بەڵکو کەسە یەکەمینەکان کاریگەربوون بەو وەرچەرخانە سۆسیۆ – ئایینییانەی لە سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە جڤاکی ئیسلامی بەخۆیەوە بینییە. واتا پەیوەست بووە بە ڕەوشە گشتییەکەی دەرکەوتنی ئیسلامی سیاسیی هاوچەرخ. ئەو فۆڕمەی ڕیفۆرمی پراگماتییانە بەکارهێناوە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕەسەنێتی ئایین و هەژموونی ڕادیکاڵانە بەسەر سیستمی حوکمڕانی. وەگەرنا بەشی زۆری ئەو بزاوتانە لە ئاستی ئایینی و مەزهەبییەوە شتێکی نوێیان پێ نەبووە و نییە، ئەوەندەی وەک شارل سان پرۆ بۆی چووە کاریان لەسەر هەڵایسانی سۆزدارانەی جەماوەر کردووە و دەکەن، کار بۆ دروستکردنی هەستی گشتی دەکەن لەپێناو دروستکردنی فشار لەسەر هزری تاکەکەسییانە، کە ئەمەش بە قازانجی حزبیبوونیان دەشکێتەوە، نەک ڕیفۆرمی ئایینی. ئەوان ڕیفۆرمیان ڕوکەشییانە بینی و لە نێو چەند دروشمێکدا چڕ کردەوە (ئیسلام چارەسەرە)، نەک گوتاری هزریی تۆکمە. بەسیاسیکردنی گوتار کاری ئەوانی لە بوونیادنانی ئایدۆلۆژیایەکی کۆمەڵایەتی – سیاسی چڕ کردەوە. ئەمەش وایکردەوە، ئەگەر لەلایەن پارتە سیاسییە کوردییەکان گوازراوەتەوە پانتاییەکەی ئێمە، ئەو ڕیفۆرمەی ئەوان بانگەوازیان بۆ کردووە، گشتی دەربکەوێت. چونکە هۆکاری دەرکەوتنی ڕەوتە گشتییەکە خۆجێیی نەبۆتەوە. هەروەها سەرقاڵبوونی ئەم ڕەوت و پارتانە بە ململانێ ڕوکەشییەکانی کاری سیاسی و حەزی هەژموونکردن (کە لەمەدا فەرق و جیاوازیان لەگەڵ غەیرە ئیسلامی تەواو کاڵ بۆتەوە) وایکردووە کەمتر بەدوای خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی ئەم ئامادەیی و جێکەوتانەوە بن، کەمتر بەدوای داڕشتنی گێڕانەوەیەکی هەمەگیری دیاردەی ئایینی بن، کە گونجاو بێت لەگەڵ پێداویستییە سۆسیۆ – ئایینییەکان و دۆزی هاوچەرخی کوردییەوە. ئەو پارت و ڕەوتانە ئەگەر دەخوازن جێکەوتەی ڕیفۆرمیستانەیان ببێت وا پێویست دەکات لۆکاڵی ببنەوە لە تێڕامان و هزریاندا، با میتۆد و ڕێبازی کاریشییان هەمەگیرتر بمێنێتەوە. هەوڵبدەن پرۆگرامی ڕیفۆرمانەیان لەگەڵ گرنگیدانە کردەکییەکانی پانتاییە کوردییەکە بگونجێنن.
ئایینناسی: لە ئێستادا ململانێی فیکری نێوان موحافیزکاران و ڕیفۆرمخوازان سۆشیاڵ میدیای لە جیهانی ئێمە تەنیوە، پێشبینیت بۆ ئایندەی ئەو ململانێیە چییە و بەڕای جەنابت لە بەرژەوەندی کام لا دەشکێتەوە؟
د. حەیدەر لەشكری: ململانێی فیکری نێوان نەریتگەراکان و ڕیفۆرمخوازان بەشێکی گرنگی مێژووی هزری ئایینییە نەک هەر لە پانتاییەکی سنورداری وەک کوردستان بەڵکو لەهەر زەمینەیەک هێشتا ئایین یەکێک لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی – ئایینیی پێکبهێنێت. لە زەمینەی ئێمەشدا تێکەڵبوونێکی ئاڵۆسکاوی ڕەهەندە مێژوویی، کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، کولتوریی و حوزوری تەکنۆلۆژیایە لەگەڵ یەکدا. هەر ئەمەش وادەکان شیکردنەوەی پێویستی بە گەڕانەوە بێت بۆ کۆمەڵێک تیۆری گرنگی کۆمەڵایەتی و سیاسی، کە ڕەنەگە زەحمەت بێت لەم دەرفەتە کورتەی ئێرە بتوانین ئەم کارە بکەین. چونکە مشتومڕەکان لە ڕوکەشدا سانا و ساکار خۆ دەنوێنن و وەک دژەبۆچوونی ئایدۆلۆژییانەی بۆ نموونە نێوان دەقگەرا و عەقڵگەرا، حەنبەلی و ئەشعەری، ئیسلامی نەریتی و ئیسلامی سیاسی، ئەهلی تەریقەت و ئەهلی شەریعەت…تادوایی، وێنا دەکرێن. بەڵام خۆ کڕۆکێکی زۆر قوڵتریان هەیە و بەرجەستەی ململانێیەکی فراوانتر لەسەر ناسنامە، سیستمی بەها، ئاڕاستەکانی پێشڤەچوونی جڤاکییانە دەکەن. بەتایبەت لەو زەمەنی کرانەوەی ناچارییانەی ئەم جڤاکەمان بەسەر دەرەوە و ڕەشەباکانی.
سۆشیاڵ میدیا ڕوتەختی گۆڕاوی گفتوگۆی گشتین، بازاڕی لەنگەن! هاوکارن لە بەدیموکراسیکردنی هوروژمی بەردەوامی ئایدیاکان و پاڵشتی گێڕانەوەی هەردوو بەرەی موحافیز و ئیسڵاحی دەکات. خۆ ئەگەر لە ڕوانگەیەکی کۆمەڵایەتییەوە قسەی لێ بکەین، ئەوا دەشێ بڵێین ئەو پلاتفۆڕمانە ئاسانکاری دەکەن لە بوونیادنانی کۆناسنامە و جوڵەی جیاوازی کۆمەڵایەتی، هەر ئەمەش وادەکات ببێتە پانتایی هەرە لەباری ململانێی ئایدۆلۆژییە ڕکابەرەکان. تۆ تەماشابکە چۆن نەریتگەراکان لەوێدا کولتوری ئایینی و ڕۆشنبیریی بۆ خۆیان و بەپێی خوێندنەوەی ئایدۆلۆژییانەیان بەرجەستە دەکەنەوە، بەردەوامیش جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پابەندبوون بە بەها نەریتییەکان ئەسڵی کاری ئەوانە، بۆ پاراستنی ناسنامەی جێگیر و نەگۆڕی ئایینی، لەبەرامبەر بە ڕەشەباکانی جیهانگەرایی و مۆدێرنەی ڕۆژئاوایی. ئەم فۆڕمەی گێڕانەوەش، سەدای خۆی لەلای ئەو توێژە کۆمەڵایەتییانە هەیە، کە خەمی لەدەستدانی ناسنامەی مێژووکردی ئایینی و نەریتەکانیان هەیە، بەتایبەت کە زەمینەکەمان زوو زوو تووشی شۆکی ئابوری دەبێت و ناجێگریی کۆمەڵایەتی بەدوادادێت و گەڕانەوە بۆ ئەسڵ و بنەما دەبتەوە باسوخواسی ڕۆژانە. لای خۆشییانەوە بەرەی ڕیفۆرمیست، هەوڵدەدەن پشت بە سۆشیاڵ میدیا ببەستن بۆ بەرەنگاربوونەوەی شرۆڤە و لێکدانەوە دۆگماکانی دیاردەی ئایین، زۆرجاریش هەوڵدەدەن چەمک و خەمە کۆمەڵایەتییە سەردەمییەکان بهێننە پێشەوە و شرۆڤەی پێویستی هەنوکەییانە بکەنە بەهانە بۆ سەلماندنی پێداویستییە ڕیفۆرمییەکان لە ناوکۆی باوی ئایینییدا. ئەم چەشنە گوتارەشیان سەرنجی نەوەی نوێ ڕادەکێشن، کە لە بنەڕەتدا بەسەر دونیای دەرەوەدا کراوەن و بە کاریگەری زەمینە کۆمەڵایەتییەکانیان پێویستیان بە شرۆڤەیەکی دینییانە هەیە، کە ڕەوایەتی بەو کرانەوەیان ببەخشێت، ئەمە سەرباری ئەوەی بتوانێت هەڵوێستیان لەبەرامبەر بە پرسگەلی وەک لاوازیی حوکمڕانی، بێکاری، گەندەڵی…تۆکمەتر بکات. بێگومان سروشتی ڕای گشتیش، کە نەرمە لە کاریگەربوون بە وتارە ڕەوانبێژییەکانەوە، بواری زیاتر لە پلاتفۆڕمەکانی سۆسیاڵ میدیا بەخشیوە لەوەی ببێتە گۆڕەپانی بەریەککەوتنی هەردوو ئایدۆلۆژیا و هەوڵی هەردوو بەرە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی زۆرینە.
لێرەوە وایدەبینم تێگەیشتن لەو هێزە ستراکتۆرییانەی کاریگەریان بەسەر هەڵوێستی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، بناغەیەکی باش دەبێت بۆ پێشبینیکردنی دەرەنجامی ئەو ململانێ ئایدۆلۆژییە بەردەوامە. ڕەنگە لە کورتمەودادا موحافیزکاران بتوانن پێگەیەکی هەژمونگەرایان هەبێت، بەتایبەت لەو شوێنانەی دەزگا کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیش مەیلیان بەلای لێکدانەوەی نەریتییانەی ئایین و ڕۆڵی هەیە لە بەخشینی ڕەوایەتی بە سەروەرێتی باڵای سیاسییەوە. هۆکارگەلێکی وەک حوکمی هیرارکییانە و ئابوری ڕەیعیی خودان سروشتێکی کولتوریی موحافیزکارانە، بەو فۆڕمەی لە کوردستان باڵادەستە، ژینگەیەکی لەبارە بۆ تەشەنەکردنی ئایدۆلۆژیای نەریتگەرا و پەراوێزخستنی هزر و تێڕوانینی ڕیفۆرمیستانە.
لەگەڵ ئەمەشدا، هۆکاری دی هەن پاڵپشتن بۆ هزری ڕیفۆرمیستانەی درێژمەودا. توێژێکی بەرچاوی نەوە نوێیەکەی هەرێم، لە ڕێگەی خوێندن و میدیای دیجیتاڵییەوە، بەرەبەرە تێکەڵ بە هزرە جیهانییەکان دەبن. ئیدی خەریکە بە هزری ڕەخنەیی، لە دەرەوەی چوارچێوە ئایدۆلۆژییەکانی هزرینەوە، جێیەک بۆخۆیان دەکەنەوە و خەمی گەورەتر لەوەی نەریتی موحافیزکار دەیسەپێنێ، هەڵدەگرن، بەتایبەت نادادیی ئابوری و جێکەوتەکانی گۆڕانی تەکنۆلۆژی. ئا لێرە ڕیفۆرمیستەکان، ئەگەر لەو بازنەی تۆقینە نەریتییەی بەسەر هزریندا سەپێنراوە دەربچن، دەتوانن ڕێبازە ڕیفۆرمیستییەکانیان لەگەڵ ئەو گۆڕانە بگونجێنن و ئەوەی دەیڵێن و لێی دەدوێن، ئەگەر لە ئەسری تێگەیشتنە سیاسییەکەیان بۆ ئایین ڕزگاریان ببێت، سەدایەکی قوڵتری لە زەمینە کۆمەڵایەتییەکە هەبێت. بەتایبەت خۆ دەبینن چۆن موحافیزکاران دەستەوەستانن بەرامبەر زۆر لە پرسە هەنوکەییەکان و لەنێو گفتوگۆ سەفستاییەکانیاندا ناسنامەی خۆیان وێڵ کردووە.
ئاڕاستەی ئەم گفتوگۆ هزرییانە دواجار لە مەسەلە هەنوکەییەکاندا چڕ دەبێتەوە و مشتومڕە نەریتییەکان، لەبەر ئەو چوارچێوە کۆنکرێتییانەی بۆیان داڕێژراوە کەمتر سەرنج ڕادەکێشن. ئەوکات ڕیفۆرم دەشێ مانای خۆی لە نێوەندی باوەڕداراندا ڕوونتر بکاتەوە. نەک لەپێناو کۆکردنەوەی زۆرترین لایەنگر و دروستکردنی کەسێتیی حەماسی، بەڵکو لە پێناو گفتوگۆی قوڵتر و فرەڕەهەندتری کۆی ئەو پرسانەی بەشێکن لە خەمی گشتی. ئەوە بەو مانایە نایەت ململانێکان کۆتاییان بێت و لایەنێک بەسەر لایەنێک سەربکەوێت. مەسەلەکە ئاوا ئاسان نییە و هەر تێگەیشتنێکی ئاواش بەشدارییە لە جەدەلە ئایدۆلۆژییە بێ کۆتاکە. خۆ ئەسڵەن دەشێ لەو گفتوگۆیەدا هێڵی سێیەم دەربکەوێ، هەوڵی کۆکردنەوەی کۆمەڵێک بنەمای نەریتی و مۆدێرن لە ناوکۆیەکی گوتارییانە بدات و چارەسەر لەمەدا ببینێ. بەڵام دواجار گفتوگۆکە هەر بەردەوام دەبێت و ئەوەی پێشبینی بکرێت ئاڵۆسکاوی زیاتر و فرەڕەهەندبوونیەتی. دەشکرێ لەمە هیوای دروستبوونی دیمەنێکی هزریی فرە ڕەهەند بین لەناوکۆی ئیسلامیی -کوردیدا.