• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 15, 2024

تێڕوانینی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بۆ ڕووسیا لە کۆنتێکستی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت

وەرگێڕانی لە ڕووسییەوە: کەیوان سدیق محەمەد

پوختە

   ئەم توێژینەوەیە شرۆڤەی وێنەی ڕووسیای هاوچەرخ لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی دەکات و تیشک دەخاتە سەر هۆکارە سەرەکییەکانی پێکهاتنی وێنەی نێودەوڵەتیی ئەو وڵاتە، هاوکات لە پرسی تایبەتمەندیی تێڕوانینی دەوڵەتانی عەرەبی بۆ وێنەی ڕووسیا دەکۆڵێتەوە. لێکۆڵینەوەکە بایەخێکی تایبەت بە لەمپەر و سەختییەکانی بەردەم پێکهاتنی وێنەیەکی ئەرێنیی ڕووسیا لە وڵاتانی جیهانی عەرەبی و ڕیگاکانی لابردنی ئەو بەربەستانە دەدات. لە هەمان کاتدا، توێژینەوەکە کاریگەرییەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەتی ڕووسیا لە ئۆکراین لە سەر تێڕوانینی وڵاتانی عەرەبی بۆ مۆسکۆ لەبەرچاو دەگرێت. هەروەها، نموونەی بەکار‌هێنانی ”هێزی نەرم” لە پەیوەندی لەگەڵ دروستکردنی وێنەیەکی ئەرێنیی ڕووسیا لە وڵاتانی جیهانی عەرەبی دەخاتە ڕوو. جەخت لە سەر کاریگەریی میدیا دەکرێتەوە وەک ئامرازێکی بنەڕەتیی سیاسی و دەروونی کە کاریگەری لە سەر پێکهاتنی وێنەی دەوڵەت دادەنێت.

وشە کلیلییەکان: وێنەی ڕووسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەنداوی عەرەبی، دیپلۆماسیی گشتی، ڕۆژنامەگەری، میدیا، میدیای عەرەبی

دیپلۆماسیی گشتیی ڕووسیا

   ڕووسیاش وەک وڵاتانی چالاک لە بواری سیاسەتی دەرەکیدا، هەوڵی بەرەوپێشبردنی بوارە بنەڕەتییەکانی کارکردن لە چوارچێوەی دیپلۆماسیی گشتی دەدات.

   پڕۆگرامی پەروەردەیی و ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی، دیپلۆماسیی ڕێڕەوی دووەم، پڕۆگرامی مرۆیی فراوان، کاری پێکەوەیی، هەروەها کار  و چالاکی لە بڵاوکردنەوەی زانیاری بۆ هاوڵاتییانی دەرەوە؛ لە نێو بوارە سەرەکییەکانی دیپلۆماسیی گشتیی ڕووسیادان.  لەتەک ئاڕاستە سەرەکییەکانی دیپلۆماسیی گشتی، میتۆدی دیکەی کارکردن هەیە کە تایبەتە بە سیاسەتی دەرەکیی ڕووسیا. لە ژێر ناوی بوارە سەرەکییەکانی دیمپلۆماسیی گشتی، دەکرێت ئاماژە بە کارکردن لەگەڵ هاونیشتمانییانی ڕووسیا لە دەرەوە، بابەتی پاراستنی ڕاستیی مێژوویی و سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی ساختەکردنی مێژوو لە فەزای گشتیی نێودەوڵەتی، دیپلۆماسیی دیجیتاڵی (فەیسبوک و تویتەر) بکەین. هەروەها، پەیوەندییە دەرەکییەکانی کڵێسەی ئەرسەدۆکسی ڕووسیا و هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ هەرێم و شارە دەستەخوشکەکان. شایانی باسە دیپلۆماسیی پەرلەمانی، کارپێکەوەیی گەنجان و هاوکاری و هەماهەنگی لە ڕێگەی دۆستایەتی و  فۆرماتی جۆراوجۆری هاوکاریی کولتووری و  زمانەوانی لە ڕووسیا بەهێزن[1].

بەشە فەرمییە تایبەتمەندەکانی سیستمی دیپلۆماسیی گشتی

– وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لەوانەش بەشی پەیوەندی لەگەڵ سوبێکتەکانی[2] ڕووسیا، بەشی هاوکاریی مرۆیی فرەلایەنە و پەیوەندییە کولتوورییەکان، پەرلەمان و کۆمەڵە گشتییەکان، کە بەشی پەیوەندیی هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان (کاری کۆکردنەوە و شیکاری و زانیاری و ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە قازانجنەویستەکان لە سەر ئاستی ڕووسیا و نێودەوڵەتی) لەخۆی دەگرێت. بەشی زانیاری و چاپەمەنی (کاری ڕوونکردنەوە و پێدانی زانیارییە لە چێوەی دیپلۆماسیی گشیدا). بەشی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان (کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان). بەشی کارکردن لەگەڵ هاونیشتمانییانی ڕووسیا لە دەرەوەی وڵات.

– پەرلەمانی ڕووسیای فیدراڵ (ئاڕاستەی پەرلەمانیی دیپلۆماسیی گشتی) بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی ئەنجوومەنی فیدراڵی و کۆمیتەی دۆمای دەوڵەتی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی

– دەزگای فیدراڵی بۆ کاروباری کۆمەڵەی دەوڵەتانی سەربەخۆ، هاونیشتمانییانی ڕووسیا کە لە دەرەوەی وڵات دەژین، هاوکاریی مرۆیی نێودەوڵەتی. ”ڕۆس سەترودنیچێستڤە”  کە ڕێکخراوێکی قازانجنەویستی ناحکومیی نیشتمانییە و چالاکییەکانی پەیوەندییان بە ئەجێندای نێودەوڵەتییەوە هەیە، یان لە چەقی پرسەکانی سیاسەتی دەرەوەدان، وەک بەڕێوەبەری سەرەکیی پڕۆژەکان لە بواری دیپلۆماسیی گشتی و هاوکاریی ڕۆشنبیری و مرۆیی نێودەوڵەتی، هەروەها پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پەروەردەیی بە خوێندکارانی بیانی لە ڕووسیا؛ کار دەکات.

– وەزارەتی پەروەردە و زانست (بەشی هاریکاریی خوێندنی قوتابییانی بیانی لە ڕووسیا). جگە لەوەش، ئاڕاستەی زانیاری و ڕاگەیاندنی دیپلۆماسیی گشتیی ڕووسیا بریتییە لە ئاژانسی زانیاریی نێودەوڵەتی (ڕەسییا سیڤۆدنیا – Россия сегодня)، کە سپوتنیک؛ ”ئاژانسی هەواڵی جیهانی” و ”Russia Today” سیستمی زانیاریی کەناڵەکان بە زمانە بیانییەکان لەخۆ دەگرێت. جگە لە بەشە فەرمییەکان، ستروکتور و ڕێکخراوە گشتییە پەروەردەیی، ئەکادیمی و نادەوڵەتییەکان وەک زانکۆکانی ڕووسیا، ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان، کە لە لایەن دەوڵەتەوە ئاڕاستە و پشتیوانی دەکرێن، وەکوو فۆندی گۆرچاکۆڤ بۆ پشتیوانیی دیپلۆماسیی گشتی، ”ڕووسکی میر” فۆندی پشتیوانی و پارێزگاری لە مافی هاونیشتمانییانی ڕووسیا لە دەرەوە، دامەزراوە ئەکادیمی و شیکارییە گەورەکانی ڕووسیا وەکوو: ئەنجوومەنی ڕووسیا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، یانەی گفتوگۆی نێودەوڵەتی (ڤاڵدای)، پەیمانگای ڕووسیا بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، ئەنجوومەنی سیاسەتی دەرەکی و بەرگری، پەیمانگای ئابووریی جیهانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پریماکۆڤ و پەیمانگا زانستییەکانی دیکەی سەر بە ئەکادیمیای زانستیی ڕووسیا. هەروەها ڕێکخراوە قازانجنەویستە بچووکە نێودەوڵەتییەکان کە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن و بەشداریی چالاکانە لە پەرەپێدانی پڕۆژەی دیپلۆماسیی گشتی دەکەن.

وڵاتانی ڕۆژئاوا بانگەشە بۆ وێنەیەکی شێوێنراوی جیهان دەکەن، کە لە سەر بنەمای لێکدانەوەی سیاسی و یەکلایەنە بۆ ڕووداوەکانی ئێستا پێک هاتووە. ئەمەریکا گوشاری زیاتر دەخاتە سەر هاوبەشەکانی لە کەنداو بۆ بڵاوکردنەوەی چیرۆک و لێکدانەوەی نەرێنی و شەڕانگێزانە دژ بە ڕووسیا. بۆ ئەوەی زیانی گەورە بە ناوبانگی ڕووسیا لەم ناوچەیە نەگات، پێویستە شرۆڤەی ئەو هۆکارە سەرەکییانە بکرێت کە کاریگەرییان لە سەر تێڕوانینی دانیشتووانی وڵاتانی عەرەبی لە سەر ڕووسیا هەیە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو توانا ئەگەرییانەی کە هەن لە جێبەجێکردنی دیپلۆماسیی گشتیدا و ئەمەش کۆمەکی دامەزراوەی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا دەکات کاریگەرتر کارلێک لەگەڵ ئامانجەکانی لە جیهانی عەرەبیدا بکات.

ڕووسیا لە تێڕوانینی وڵاتانی کەنداوی عەرەبیدا

   لە چەمکی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیای فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٣، بایەخێکی زۆر بە کاری زانیاری دراوە. دامەزراوە سەرەکییەکانی بەرپرسیار لەم ئەرکە بریتین لە ئاژانسی زانیاریی نێودەوڵەتی (ڕەسییا سیڤۆدنیا – Россия сегодня)، ئاژانسی هەواڵی نێودەوڵەتی و ڕادیۆی سپوتنیک و سیستمی زانیاریی کەناڵەکان (Russia Today). چەمکەکە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە لە تێڕوانینی دەوڵەتی ڕووسیادا کاری ڕوونکردنەوە و پێدانی زانیاری وەک ئاڕاستەی سەرەکیی کاری دیپلۆماسیی گشتیی ڕووسیا چەسپاوە. لە ساڵانی ڕابردوودا بەهێزبوونی ئەو بوارەمان لە ڕێگەی کاری زانیاری (Russia Today) و دیپلۆماسیی نوێی دیجیتاڵی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاوە بەدی کرد[3].

   لەگەڵ فراوانبوونی ئامادەیی فرەلایەنەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەیاندنی هەڵوێست و دیدگای مۆسکۆ بە هاوڵاتییانی بیانی[4] تا دێت پێویستر دەبێت. ئەم ئەرکە لە پاشخانی گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییە گەورەکاندا بووەتە کارێکی بە پەلە. هەڵمەتی بێوێنەی زانیاری دژ بە ڕووسیا، کاری ڕوونکردنەوە و پێدانی زانیاری لە دەرەوە، وەک یەکێک لە ئەولەویەتەکانی دیپلۆماسیی گشتی زیاتر کردووە. لەم چوارچێوەیەدا، چاودێریی میدیای بیانی بەسوودە و هاوکارمان دەبێت تا لایەنە بەهێز و لاوازەکانی وێنەی ڕووسیا لە فەزای زانیاریی جیهانی عەرەبیدا دەستنیشان بکەین.

   لە دەرئەنجامدا دەتوانین بڵێین کە ڕووسیا سەرکەوتوو بوو لەوەی خۆی لە کاریگەرییە نەرێنییەکان و ئەو زیانانەی دەکرا بەر ناوبانگی وڵاتەکە بکەون لە پاشخانی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت، بەدوور بگرێت. چاودێریکردنی میدیا عەرەبییەکان، خاڵە بەهێز و لاوازەکانمان نیشان دەدات. لە خاڵە بەهێزەکان:

– نەبوونی دوژمنایەتیی مێژوویی و بوونی پەیوەندیی دۆستانە لە نێوان ڕووسیا (پێشتر یەکێتیی سۆڤیەت) و وڵاتانی عەرەبیدا.

– سەرکردەیەکی بەهێز کە بە شێوەیەکی نەریتی لە ڕۆژهەڵات ڕێزی لێ دەگیرێت.

تێڕوانینێکی هاوبەش لە لایەن ڕووسیا و دەوڵەتانی کەنداوەوە هەیە بۆ گواستنەوەی جیهان لە یەکجەمسەرییەوە بۆ جیهانێکی فرەجەمسەر، وەک پڕۆسەیەکی مێژوویی حەتمی و نەگەڕاوە.

   بێگومان میتۆد و تواناکانی هێزی نەرمی ڕووسیا لە ناوچەکەدا دەتوانرێت بە دڵنیاییەوە بە ئەرێنی حیساب بکرێت و تەواوکەری ئەو هێزە زبرە بوو کە ڕووسیا لە سووریا نیشانی دا. لێرەدا مەبەستمان لە هێزی نەرم؛ چالاککردنی ئەو پەیوەندییە کولتووری و زانستی و پەروەردەییانەیە کە لەگەڵ جیهانی عەرەبیدا هەن و لە سەردەمی سۆڤیەتەوە ماونەتەوە. لەم ڕوانگەیەوە کارکردن لەگەڵ میدیای عەرەبی بۆ باشترکردنی وێنەی ڕووسیایە لە جیهانی عەرەبیدا.

خشتەی ژمارە (1): چاودێرکردنی میدیای وڵاتانی کەنداوی عەرەبی

 

پێشنیارەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کاریگەریی دیپلۆماسیی گشتیی ڕووسیا

   شایانی باسە کە ستراتیژی ڕووسیا بۆ پێشخستنی دیپلۆماسیی دیجیتاڵی پێویستە نەک تەنها هەنگاوی ورد بۆ کارکردن لەگەڵ هاوڵاتییانی عەرەبیزمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێت هەڵبگرێت، بەڵکوو ئەلگۆریتمەکانی بەرپەرچدانە و ڕێگریکردن لە تێکدانی زانیاری  (ترۆڵینگ، دروستکردنی لاپەڕەی ساختە و هەڵمەتی زانیاریی نادروست) بەکار بهێنێت. جێبەجێکردنی ئەم جۆرە ئەلگۆریتمانە لە پاڵ هەنگاوەکانی دیکەدا، پێویستە سەرچاوەی زانیاری و هەواڵی بەهێزی فەرمی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی، لە ژێر چاودێریی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، بە ناوەرۆکێکی کواڵتیی بەرز و ڕووماڵکردنی خێرای ڕووداوە گەورەکانی ناوچەکە لەخۆ بگرێت.

   بەشی زمانی عەرەبیی ماڵپەرە فەرمییەکان کە  سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا و ڕووداوە دیپلۆماسییەکان دەگوازنەوە، نەک تەنها وەک سەرچاوەی زانیاری و هەواڵ سوودیان لێ وەربگیرێت، بەڵکوو وەک سەکۆیەک بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی دیپلۆماسیی گشتی بەکار بهێنرێن. بۆ نموونە، بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی پڕۆگرامی هەناردەی خوێندنی ڕووبەڕوو (ناوپۆل) و خوێندنی ئۆنلاین، هاوکاریی کولتووری، گەشتیاری، هەروەها بە ئامانجی پەرەپێدانی پڕۆژەی هاوبەش لە نێوان نوێنەرانی بزنسە گەورەکان.  پڕۆگرامەکانی هەناردەی پەروەردە و خوێندن شایانی بایەخپێدان و پشتیوانیی تایبەتن لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاوە، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە پسپۆڕانی وڵاتانی جیاوازی ناوچەکە لە زانکۆ پێشەنگەکانی سۆڤیەت و ڕووسیا بڕوانامەیان وەرگرتووە. خوێندنی باڵای ڕووسیا، خوێندکارانی میسڕ، سووریا، لوبنان، یەمەن، تونس و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و تێبینی دەکرێت کە ئەمەش خولیایەکی زۆر بۆ فێربوونی زمانی ڕووسی لە سەرانسەری جیهان دروست دەکات. جگە لەوەش، هەناردەکردنی سەرکەوتووانەی خوێندن و پەروەردەی سۆڤیەت و ڕووسیا بووە هۆی دروستکردن و پێگەیاندنی کۆمەڵێک پسپۆڕ لە پسپۆڕیی جیاواز.

   ئەم پسپۆڕانە زمانی عەرەبی و ڕووسی دەزانن و لە کایە جیاوازەکانی زانست و ڕۆشنبیری و پەروەردەدا کار دەکەن. بەشداریپێکردنی ئەم پسپۆڕانە لە پڕۆژە و بۆنە جیاوازەکاندا و لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی دیپلۆماسیی گشتی و دیجیتاڵیدا گرنگە، بەو پێیەی توانایەکی گەورەیان هەیە بۆ کارکردنی کاریگەرانە لەگەڵ گرووپە بەئامانجگیراوەکان لە ناوچەکەدا.

   چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە سەرەوە باس کران و جێبەجێکردنی سەرچاوەکانی ئێستای دیپلۆماسیی دیجیتاڵی کۆمەکی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دەکات، بە گشتی و  بە شێوەیەکی کاریگەرتر لەگەڵ ئامانجەکان لە جیهانی عەرەبی کار بکات.

   ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ پێکهاتنی دیپلۆماسیی دیجیتاڵی کاریگەرانەی ڕووسیا لە ئاستێکی بەرزی تەکنەلۆژیدا و بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی دەروونی و ڕەفتاریی هاوڵاتییانی عەرەبیزمان. کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوە فیکرییە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا، دەتوانێت بەشدارییەکی بەرچاو لە دورستکردنی زانیاری بە ناوەرۆکی نوێوە و وەکوو بەدیل (بۆ نموونە ئەو زانیاریانەی لە لایەن ئەمەریکاوە بڵاو دەکرێنەوە) بکات.

پەراوێزەکان

[1] Доклад РСМД «10 шагов на пути к эффективной публичной дипломатии России»//Российский совет по международным делам. — Режим доступа: https://russiancouncil.ru/news/prezentatsiya-doklada-10-shagov-na-puti-k-eff ektivnoy-publichnoy-diplomatii-rossii/(дата обращения: 07.05.2023)

[2] ڕووسیا لە ڕووی کارگێڕییەوە، لە  شار، کۆمار، ناوچەی فیدراڵی، ئۆکروگی ئۆتۆنۆمی و… هتد؛ پێک دێت و هەموویان بەیەکەوە پێیان دەگوترێت سوبێکت. (وەرگێڕ)

[3] Концепция внешней политики Российской Федерации (утверждена Президентом Российской Федерации В. В. Путиным 31 марта 2023 г.). Министерство иностранных дел Российской Федерации. М.: МИД России. URL: https://www.mid.ru/ru/detail-material-page/1860586/(дата обращения: 01.05.2023)

[4] Иванов С. Е. Еще раз к вопросу о целях и принципах политики России на Ближнем Востоке  и в Северной Африке//Вестник Дипломатической Академии. № 1 (3), 2015, с. 16–21.

Send this to a friend