گروپی سێیەمی بەندکراوانی تاڵیبان ئازادکران
حکومەتی ئەفغانستان گروپی سێیەمی بەندکراوانی تاڵیبانی ئازادکرد.
جاوید فەیسەڵ وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەفغانستان رایگەیاند، 100 بەندكراوی دیكەی بزووتنەوەی تاڵیبانیان لە گرتووخانەی باگرام لە كابول ئازادكردووە.
باسی لەوەش کرد، ئازادکراوەکان ناویان لەو لیستەدا بوو كە پێشتر لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە رادەستی حكوومەتی ئەفغانستان كرابوو.
وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەفغانستان وتیشی، بەڵێننامە لەو بەندکراوانە وەرگیراوە کە ئازادکراون کە جارێكی دیکە نەگەڕێنەوە ناو ریزەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان.
بەمەش ژمارەی ئەو بەندكراوانەی بزوتنەوەی تاڵیبان تا ئێستا ئازادکراون، گەیشتە 300 كەس.
لە کۆتایی شوباتی رابردوودا، دوای نزیكەی دوو ساڵ لە كۆبوونەوە و گفتوگۆکردن، ئەمریكا و بزووتنەوەی تاڵیبان لە قەتەر رێككەوتنی “هێنانی ئاشتی بۆ ئەفغانستان”یان ئمزا کرد.
بەپێی رێککەوتنەکە ئەمریكا لە ماوەی ١٣٥ رۆژدا، ژمارەی سەربازەكانی لە ئەفغانستان بۆ هەشت هەزارو ٦٠٠ سەرباز كەم دەكاتەوە.
بەپێی رێکەوتنەکە پێنج هەزار لە بەندكراوەكانی تاڵیبان ئازاد دەكرێن و نزیكەی هەزار بەندكراوی حكوومەتی ئەفغانستانیش لەلایەن تاڵیبانەوە ئازاد دەكرێن.
بە پابەندبوونی بزوتنەوەی تاڵیبان بە رێككەوتنی ئیمزاکراو و گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ حكوومەتی ئەفغانستان، ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ١٤ مانگدا، تەواوی هێزەكانیان لە ئەفغانستان دەكشێننەوە.