• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 13, 2021

شه‌ڕى وزه‌ گه‌ورەکان

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (7)ی ئایاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

كتێبی “شەڕی وزەی گەورە” له‌لایەن “جان مارى شۆفالی” نووسراوە و لميس عه‌زب وەرێگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی. ئەم بەرهەمە  بە يه‌كێك‌ له‌ كتێبه‌ گرنگه‌كانی بوارى ئاسايشى وزه‌ دادەنرێت، كە تیایدا بابه‌تى جه‌نگى گه‌وره‌ى ئاينده‌ شرۆڤه‌  ده‌كات لەنێوان كاره‌كته‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان. نووسه‌ر‌ فاكته‌رى وزه‌ به‌ يه‌كێك له‌ فاكته‌ره‌ سه‌ره‌كييه‌كانى ململانێى نێوده‌وڵه‌تى ده‌زانێت و باس له‌ گرنگیى ئه‌م فاكته‌ره‌ ده‌كات له‌ گه‌وره‌بوونى هێزەكان و دابه‌شبوونى به‌ره‌كان له‌نێوان دۆستايه‌تى و نه‌يارێتيدا. نووسەر باس له‌و ململانێ شاراوه‌يه‌ ده‌كات بۆ به‌ده‌ستكه‌وتنى وزه‌ له‌ سه‌ده‌ى بيست و يه‌ك، له‌ سايه‌ى ئه‌و گۆڕاوه‌ نێوده‌وڵه‌تيیانه‌ى كه‌ هه‌ژموونيان كردووه‌ به‌سه‌ر تواناى ده‌وڵه‌تان له‌ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر وزه‌ى جيهانيدا.

شۆفالی‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ هێڵه‌كانى پاڵنه‌رى ململانێكان بكۆڵێته‌وه‌، شيكارييه‌كانى پشتئه‌ستووره‌ به‌و ڕاستييه‌ مێژووييانه‌ى كه‌ جووڵێنه‌رى شه‌ڕە‌ گه‌وره‌كانن له‌ مێژووى په‌يوه‌ندييه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كاندا، هەروه‌ها كارى كردووه‌ له‌سه‌ر ته‌وه‌رى دووه‌مى ململانێكان له‌ ڕوانگه‌ى وه‌ستان له‌ وێستگه‌كانى گه‌يشتن به‌ كۆنتراكت و ڕێكکه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانى وزه‌ى نوێ و گه‌يشتن به‌ ئاڵۆگۆڕكارى و هاوكارى له‌ بوارى ده‌ستگه‌يشتن به‌ وزه‌ نوێيه‌كان و وزه‌ى نوێ له‌ بوارى ئاشتيدا.

نووسه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى كتێبه‌كه ‌و له‌ به‌شى يه‌كه‌م و پێشه‌كیى كتێبه‌كه‌دا، له‌سه‌ر ئابوورى و وزه‌ وه‌كوو يه‌كێك له‌ پايه‌ سه‌ره‌كييه‌كانى ئابووریى ده‌وڵه‌تان ڕاوه‌ستاوه‌، چونكه‌ به‌ ڕاى نووسه‌ر، وزه‌ يه‌كێكه‌ له‌ بابه‌ته‌كانى گره‌وى ده‌وڵه‌تان و ململانێ بۆ به‌ده‌ستهێنانى، بۆيه‌ ته‌نانه‌ت ئاسايشى وزه‌ له‌ ڕوانگه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى كه‌ بەكاربه‌رن  و هاورده‌ى ده‌كه‌ن؛ به‌ جۆرێك پێناسه‌ ده‌كرێت كە جياوازه‌ له‌ پێناسه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى هه‌نارده‌ى ده‌كه‌ن. پرسيارى گه‌وره‌ش له‌سه‌ر بابه‌تى وزه‌ دروست بووه‌ كه‌ ئايا وزه‌ فاكته‌رى سه‌ربه‌خۆيى و گه‌شه‌يه‌، ياخود وزه‌ به‌ڵايه‌كى ئابوورييه ‌و سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕە‌شه‌ى وڵاتى به‌رهه‌مهێنه‌ره‌؟
بۆيه‌ له‌ بابه‌تى وزه‌ و گه‌يشتن به‌ وزه‌، تێڕواننى ئه‌مەريكا و ئه‌ورووپا و چين جياوازه‌.

له‌ به‌شى يه‌كه‌مدا، نووسه‌ر له‌سه‌ر ڕە‌هه‌ندى مێژوویى بابه‌تى وزه‌ ڕاوه‌ستاوه ‌و ئه‌م به‌شه‌ى ته‌رخان كردووه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر شه‌ڕە‌كانى ڕابردوو و ئه‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ ده‌كرێت وه‌كوو سه‌رچاوه‌ى مێژوویى سووديان لێ وه‌ربگێرێت، له ‌شه‌ڕى خه‌ڵووز و ئاسنه‌وه‌ بۆ شه‌ڕ و ململانێ له‌سه‌ر نه‌وت و پاشان وزه‌ى نوێ، ته‌نانه‌ت شه‌ڕى گه‌وره‌ى به‌دواى خۆيدا هێناوه‌ كه‌ ديارترينيان شه‌ڕى عێراقه‌، تا ده‌گات به‌ مه‌ترسيدارترين ململانێ و ده‌رچوونى چه‌ندين په‌يماننامه ‌و ڕێككه‌وتنى نێوده‌وڵه‌تى بۆ قه‌ده‌غه‌كردنى چه‌كى ناوەكی.

به‌شى دووه‌مى ئه‌م كتێبه‌ ته‌رخان كراوه‌ بۆ باسكردنى بابه‌تى شه‌ڕەكانى ئه‌ورووپا له‌ پێناو ئازادكردنى بازاڕى وزه‌، بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ش ئه‌ورووپا ده‌يان ئه‌زموون و ڕێگه‌چاره‌ى هاوكارى و ململانێى تاقی كردووەتە‌وە، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ لانى كه‌مه‌وه‌ پێداويستیيه‌كانى بازاڕى ئه‌ورووپا له‌ وزه‌ى هاوچه‌رخ دابين بكات بۆ وڵاتانى ئه‌ورووپا. سه‌ره‌تاى دروستبوونى يه‌كێتیى ئه‌ورووپا، له ‌ڕێكکه‌وتنى خه‌ڵووز و ئاسنه‌وه‌ دروست بوو له‌ ساڵى 1955.

به‌شى سێيه‌مى ئه‌م كتێبه‌ گفتوگۆیە له ‌باره‌ى ‌شه‌ڕ و ململانێ بۆ گه‌يشتن به‌ بازاڕى كاره‌با، به‌تايبه‌تى وزه‌ى كاره‌باى نوێ كه‌ بەلاى نووسه‌رەوە يه‌كێكه‌ له‌ بواره‌ زيندووه‌كانى ململانێى ئابوورى له‌ هه‌ردوو ڕە‌هه‌ندى كێبڕكێ و هه‌ژمووندا.

له‌ به‌شى چواره‌مدا باس له‌ غازى سروشتى و هه‌ڵپه‌ى دانووستاندن ده‌كات بۆ گه‌يشتن به‌ بازاڕێكى ترى زيندوو و ڕكابه‌ر كه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى نابه‌رامبه‌رى سروشتى له‌ جيهاندا دابه‌ش بووه‌، ئه‌مه‌ش واى كردووه‌ ململانێى ئاينده‌ له‌‌سه‌ر ده‌ستبه‌سه‌راگرتن و گه‌يشتن و كردنه‌وه‌ى بازاڕى گازى سروشتى بتوانێت قسه‌ى يه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ ئابووریى وزه‌دا بكات.

به‌شى پێنجه‌م ته‌رخان كراوه‌ بۆ باسكردن له‌ بابه‌تى شه‌ڕى گه‌يشتن به‌ به‌رهه‌مهێنان و دابينكردنى نه‌وت وه‌كوو وزه‌يه‌كى كۆن و نوێ، واته‌ ئه‌و وزه‌يه‌ى كه‌ به‌ ماناى كات و ده‌رهێنانى به‌بازاڕكردنى كۆنه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام له‌ ڕووى به‌ها و بازاڕە‌وه‌ پێگه‌يه‌كى ئابووریى زيندووى هه‌يه‌، بۆيه‌ نه‌وت ڕكابه‌ره‌ سه‌ره‌كييه‌كه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى چه‌ندين شه‌ڕ، له ‌هه‌مان كاتدا چه‌ندين هاوپه‌يمانييه‌.

له‌ به‌شى كۆتاييدا له‌سه‌ر شه‌ڕى سه‌ده‌ى بيست و يه‌ك ده‌وه‌ستێت، كه‌ به‌ “هاوكێشه‌ى جۆهانسبۆرگ” ناوى ده‌بات. ئەم كتێبه‌ له ‌ڕووى داتا و زانيارييه‌وه‌ پشتئه‌ستووره‌ به‌ ده‌يان سه‌رچاوه‌ى نوێ و شيكاریى ئابوورى به‌ ميتۆدى زانستى شيكارى، بۆ پێشبينيكردنى بازاڕى وزه‌ و ململانێى ئاينده‌ له‌سه‌ر وزه ‌و بازاڕى وزه‌. ئه‌م بابه‌ته‌ دابڕاو نييه‌ له‌ شه‌ڕى گه‌وره‌ له‌نێوان كارەكته‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تيیه‌كان بۆ دۆزينه‌وه‌ى ئامرازى مۆدێرن بۆ به‌كارهێنانى ئاشتییانەی وزه‌ى نوێ له‌ ڕێگه‌ى كاراكردنى په‌يماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كانه‌وه،‌ كه‌ ڕێگره‌ له‌ مه‌ترسیى به‌كارهێنانى وزه‌ى نوێ وه‌كوو هه‌ڕەشه‌ له‌سه‌ر ئاسايش و ئاشتیى جيهانى.

___________________________________

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.

 

گۆڤاری ئایندەناسی ئایار 2021

Send this to a friend