گرەوی ئێران و گەڕانەوە بۆ پێکی ژەهر
د.هەردی مەهدی میکە
ئەمریکا بەرامبەر ئێران پەیتاپەیتا دۆخەکە توندتر دەکات، ژینگەی ئابوریی و سیاسیی ناوخۆی ئەو وڵاتەش، نە بەدڵی خەڵکەکەیەتی و نە بەدڵی رژێمەکەشی. پرسیار ئەوەیە بۆچی ئێران سەرەڕای دەرککردنی ئەو دۆخە و پەراوێزکەوتنی لە سیاسەتی نێودەوڵەتییدا، کەچی هێشتا لە چالاکیی دەرەکیی و جەنگ بە وەکالەتەکانی سڵ ناکاتەوە؟ لەگەڵ ئەوەشدا کە هیچکات هێندەی ئێستا بژاردەکانی ئێران بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا کەم و سنوردار نەبون، بژاردەکانی ئێران بەنزیکەیی، بۆ هەڕەشەی توندوتیژیی و تێکدانی وڵاتانی نزیک لە خۆیی و وڵاتانی کەنداودا کورت بوەتەوە، کەواتە گرەوی تاران لەسەر چییە؟
تاران وەک جۆرێک لە یەقین، بەوە گەیشتوە کە مامەڵەی ژێرکاریی و دانوستاندن لەگەڵ کۆشکی سپیدا لەسەردەمی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترمپدا بە کۆتا گەیشتوە. بۆ کورتمەودا دەزگای فەرمیی سیاسەتی دەرەوەی، پرۆئێرانییەکان، لۆبییە ژێربەژێرەکانی و وڵاتانی ئەوروپا ناتوانن وا لە واشنتۆن بکەن دەست لە گوشار و فشار هەڵبگرێت، ئەوەش دەزانێت وروژاندنی زیاتری واشنتۆن، دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، بەڵام هێشتا لە ئاست چاوەڕوانیی ئەمریکادا نەکشاوەتەوە. بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گرەوی ئێران لەسەر دو فاکتەرە، کە هەردوکیان هەم پەیوەستن بە یەکەوە و هەم پەیوەستن بە کاتەوە نەک جوڵەیەکی سیاسیی شەترەنجییانە:
١. هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و دەرنەچونەوەی دۆناڵد ترەمپ.
٢. دادگاییکردنی و دورخستنەوەی لە کۆشکی سپیی.
وادیارە ئەوەی دوەمیان، بەهۆی مکوڕی کۆمارییەکانەوە، ئەو ئومێدەی سەوز نەکرد و نزیکە لە مەحاڵ.
بۆ (گرەوی یەکەم هەڵبژاردنەکان)، ترەمپ بە هۆی چەند جوڵەیەکی جەماوەرپەسەندی خۆیەوە، ئەم مەترسییەی لە خۆی دورخستۆتەوە، لەوانەش: کوشتنی ئەمیری داعش ئەبوبەکر بەغدادی، فەرمانداری سوپای قادسی ئێرانیی قاسم سولەیمانی و سەرکردەی حەشدی شەعبیی ئەبومەهدی موهەندیس. جیا لەوەش بە هۆی فشاری ئابورییەوە لە دو ساڵی رابردودا، دۆخی ناڕەزایەتیی ئێرانیی چەند هێندە کردۆتەوە و خۆپیشاندانەکانی ئێران، جۆرێک لە کاریگەریی ناوخۆیی لەسەر ئیران جێهێشت و لایەنگرانی تیۆریای ترەمپ کە بریتییە لە ‘فشاری زۆرتر لەسەر تاران’ بەهێزکردوە. زیاتر لەوەش دۆخی ئابوریی ئەمریکا و زیادبونی هەلی کار، ئەو ئەگەرە بەهێز دەکەن کە دەنگی ترەمپ بەرزتر دەبێت لە ڕکابەرەکانی و هەلی هەڵبژاردنەوەی دەباتە پێشەوە.
ئەگەرچی ئایدۆلۆژیا و ڕەفتار و ئامانجی ئێران، هێشتا لەسەر ئامانجە سەرەتایییەکانی شۆڕش سورە و نایەوێت تەنها لە چوارچێوەی ئێراندا قەتیسی بکات، ئەمەش بە ئەرک و ئامانجێکی سەرونیشتمانیی و مەزهەبیی دەزانێت، بەڵام دانوستاندنیش رەتکراوە نییە، دانوستاندن بە بێ گەیشتنە ئامانج لای ئێرانییەکان لە ناچاریی دایە و ئیمام خومەینی گوتەنی “پیاڵەی ژەهرە بەڵام دەکرێت بخورێتەوە.”
ئێران لە هەرکات زیاتر ناچاری نەک دانوستاندن بەڵکو بە نیوە-دانوستاندن لەڕێی دەستی سێیەمەوە رازییە (کە زۆرجار عێراق و عوممان ئەم ئەرکەیان بۆ راپەڕاندوە). کێشەی ئیران ئەوەیە دەزانێت کە ئەمریکا تا هەڵبژاردن ناچێتە ئەم ناو ئەم ئەگەرەی کە ئێران دەیخوازێت.
بەڵام ئێران هەر بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی کە فشار و گەمارۆکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، لەم دو ساڵەی رابردودا، لە هەرکات توندتر بوە، کۆشکی سپیی چەندبارەی کردۆتەوە کە ئامانجی گوشار و فشاری زۆر و پرۆسەی ‘سفرکردنەوەی فرۆشی نەوتی ئێران’، نینۆککردن، چاککردنی رەفتار و سنوردارکردنییەتی لەو وڵاتانەدا کە پرۆ-ئێرانییەکان تێیدا چالاکن.
هێشتا دۆخەکە ئاوایە؛ دڵخوازی تەواوی ئەمریکا نییە. ئێران پەلەکانی هەر ماون، بگرە مەترسیدارترە، (چونکە زۆرجار پەلەقاژە ترسناکترە لە پەلامار)، ئێستا لە هەرکات زیاتر وڵاتانی کەنداو (وەک پێگەی ستراتیژیی و بەرژەوەندیی ئەمریکا) هەڕەشەلێکراون، لەڕێی لێدانی ئارامکۆ و بەندەرێکی ئیماراتیشەوە تاران ساڵی رابردو چەند پەیامێکی نارد. عێراق لە هەرکات زیاتر مەترسیی شەڕی ناوخۆی لەبەردەم دایە و تێکچون و بەرهەڕەشەکەوتنی ئامانجەکانی ئەمریکا وەخۆوە دەبینێت، ئەمانە کارتی فشاری ئێرانن و ئەمریکا هەستیارە بەرامبەریان.
ئێرانیش ئەوە دەزانێت کە چیتر دۆخی ئابوریی بۆ ناوخۆ و توانای مرۆیی و لێچونی ماددی لە دەرەوەی ئێران لەمە زیاتر بەرگە ناگرێت، کەواتە بۆ ئەم تەنگژانە بۆ واشنتۆن دەسازێنێت؟ تاران لەم رەوتەیدا تەکتیکی “پەلامار بدە تا دوژمن دێنیتە سەرمێز” گوشاری بۆ ئەوەیە ترەمپ وەک ئۆباما لێبکات و ناچار بە کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر ئێران بکات و یان زیاتریان نەکات.
راستییەک لەبەرچاوگرتنی پێویستە، واشنتۆن (بۆ هەنوکە) نیازی روخاندن و هەڵگێڕانەوەی رژێمی ئێرانیی نییە، (ئێرانیش ئەمە دەزانێت) چونکە هەم سەختە، هەم دۆخ و هاوکێشە هەرێمییەکانی ناوچەکە، هەژمونی ڕوسیا و چین روخاندنی ڕژێمی ئێرانییان بۆ ئەمریکا دواخستوە، چونکە گەر ئەوەش روبدات ئەوا بۆ ئێستا دوا دەوڵەتی سودمەند لەو روداوە ئەمریکا دەبێت. بەڵام ئەمە بە مانای دانوستاندنیش نایەت. بۆ کورتمەودا، ئیدارەی تڕەمپ دەیەوێت بەرهەمی فشارەکانی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا بچنێتەوە، تا ترەمپ چوار ساڵی ئایندەی تەواو بکات، ئەوکات دەستکراوەتر دەبێت، چ پەلاماری ئێران و چ دانوستاندن لەگەڵ تاراندا، جێکەوتەکانی بۆ ترەمپ شایستەی مامەڵەن.
د.هەردی مەهدی میکە