• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 22, 2023

جیهانگیری و دەرکەوتنی ئیسلامی سیاسیی سەلەفیی جیهادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

نووسینی: عەلیڕەزا سەمیعی ئیسفەهانی، حەمدوڵا ئەکوانی، موحسین شەفیعی سەیف ئابادی

وەرگێڕان: ئارام مەحموود

پێشەکی
لە لایەکەوە باسی جیهانگیری بووەتە هۆی گۆڕانی بنچینەیی لە جیهانی ئەمڕۆدا و بیرمەندانی ناچار کردووە باس لە جیهانێکی نوێ بکەن، لەلایەکی تریشەوە تەکنەلۆجیا نوێیەکانی پەیوەندی، بوونە هۆی ئاڵۆزکردنی چۆنێتی ڕێکخستنی چینە کۆمەڵایەتییەکان، بەها و یاساکان. لەگەڵ دەرکەوتنی ئامڕازەکانی وەک کۆمپیوتەر، مانگە دەستکردەکان و ئینتەرنێت، گۆڕانی بنچینەیی دروستبوو، کە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، ئامادەیی بەردەوامی ڕاگەیاندنەکان، یاساشکێنی و لێکهەڵوەشانی پێوەرە گشتییەکان، هێمای ئەو گۆڕانکاریانەن. لە واقیعدا جیهانگیری بە بەهێزکردنی تاکگەرایی، شووناسی کۆمەڵەکانی ڕووبەڕووی قەیران کردووەتەوە. بەرفراوانی ئەم قەیرانە بە کێبڕکێ لەگەڵ سەقامگیری و ئاسایشی جیهانی ڕابردوو، بووەتە هۆی دروستبوونی شووناسی بەرگریکاری، کە دژی جیهانگیری دەوەستنەوە.

ئەمڕۆ باسی ئیسلامی سەلەفی – جیهادی لە گرنگترین باسەکانە، کە بە ئافراندنی تێگەیشتنێک، هێنانەبوونی ناسنامەی بە کۆمەڵ و سوودوەرگرتنی کاریگەر لە تەکنەلۆجیای زانیاری، بەڵێنی دروستکردنی جیهانێکی یۆتۆپیایی بە ئەندامانی داوە و پێیان دەڵێت، کە لە بەرامبەر قەیرانی ناسنامە و تێگەیشتن هاوکاریان دەکەن.

جیهانگیری و باسی ئیسلامی سیاسی سەلەفی – جیهادی
1.جیهانگیری
شیکاری باسی جیهانگیری نە ئەو بە دیاردەیەکی پێویست دادەنێت و نە دیاردەیەکی جێگیرکراو کە لەناو ناچێت، بەڵکو وەک باسێک وەک پۆلێنێکی نوێ بۆ پەیوەندییەکانی هێز دایدەنێت و بەردەوام لەبەردەم لەناوچوون و گرفت لەلایەن باسە ڕکابەرەکانەوە دەیبینێت. لەم پەیوەندییەدا هێما و چەمکەکانی وەک سیاست، ئابووری و کولتوور لە دەوری کڕۆکی ناوەندی ئەم باسە، بۆ واتای تایبەت دەگێڕدرێتەوە. ئەم هێمایانە لە دەوری کڕۆکی جیهانگیربوونی لیبڕالیزم، بە وردی پۆلێن دەکرێن، لەم باسەدا لیبڕالیزم دەکەوێتە چەقەوە و هێماکانی وەک مرۆڤ تەوەری، مۆدێرنیزم، سیکۆلاریزم، ئاشتیخوازی، باوەڕی خەڵک و شیکاری لانی کەمی ئایین لەو هۆکارە گۆڕاوانەن کە بە پشت بەستن بە کڕۆکی لیبڕالیزم واتایان پێدەدرێت و لە پلەی جیهانگیریدا دووبارە دادەڕێژرێنەوە. لەلایەکی ترەوە هەموو باسێک لایەنی نەرێنی هەیە، کە بە هۆیەوە ناسنامە بە خۆی دەبەخشێت.
لەبەرئەوە جیهانگیری لە پلەی کڕۆکی ئەودا جیهانگیربوونی لیبراڵە، هەژموونی لیبراڵ لە پلەی نموونەیەکی کارا، ئاسایی و سروشتی دەردەخات و هێرش دەکاتە سەر باسەکانی تر بە مەبەستی لەناوبردنیان.
2.ئیسلامی سیاسی سەلەفی – جیهادی
سەلەفییەکان لە دابەشکاریدا بۆ سێ گرووپی نەریتی، ڕیفۆرمخواز و جیهادی دابەش دەبن. لەم نووسینەدا جەخت لەسەر ئیسلامییە سەلەفییە جیهادییەکان کراوەتەوە. زۆرێک پێیانوایە خاڵی دەستپێکی باسی سەلەفی جیهادی، دەرکەوتنی سەید قوتبە. کڕۆکی ئەم وردە باسە، شیکاری تایبەتی شەریعەتی ئیسلامە، لەمڕووەوە بنچینەییترین هۆکارە لاوەکی و ڕووکارەکانی ئەم باسە ڕووبەڕووبوونەوەی سیکۆلاریزم، شیکاری هەژموونی بۆ ئایین، گەڕانەوە بۆ سەلەف، ڕابەرایەتی، خوا تەوەری و جیهادە.
لە ڕوانگەی سەید قوتبەوە کۆمەڵگەکانی ئێستا بۆ دوو جۆری ئیسلامی، یان جاهیلی دابەش دەبن، لەم نێوانەدا ئاستی ناوەند بوونی نییە. لەسەر بنەمای ئەم پۆلێنە و بە بڕوای سەید قوتب لاوازی باوەڕ و کاڵبوونەوەی بنەما ئایینییەکان، کۆمەڵگە بە جاهیل دەکات و دەبێت شەڕی لەگەڵ بکرێت. لەبەرئەوە لە ناوەندی قوتابخانەی سەلەفییە جیهادییەکاندا، جیهاد و بەرەنگاری لەگەڵ ئەم ئەندێشەیە پەیوەندییەکی دانەبڕاوی هەیە. لە دۆخی ئێستاشدا ئەم بزاڤە فکرییە لە قاڵبی گرووپەکانی وەک داعش و بەرەی نوسرە، لە چوارچێوەی ناسنامەی ئەوی تردا، لەگەڵ پاڵپشتی ئیسلام و لەبەردەستدا بوونیدا، هۆکاری جیهاد بۆ بانگەشە بۆ ئیسلام و موسوڵمان کردن دەگێڕنەوە، لە کاتێکدا ئەم گرووپە جیهادیانە بە تێڕوانینی ئەوی تر و بە دووژمن دانان، هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری جیهان و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوورخستنەوەی خەڵکن لە ئیسلام.

جیهانگیری، قەیرانی تێگەیشتن و دەرکەوتنی ناسنامەی سەلەفی
لە بارەی چۆنێتی قەیرانی تێگەیشتن لە سەردەمی جیهانگیریدا دەبێت بوترێت، کە جیهانگیری لە ڕووی هاردوێرەوە لەو لایەنەوە بە قەیرانی تێگەیشتنەوە گرێی خواردووە، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی گرنگی شوێن.
لێرەدا مەبەست لە شوێن، فەزای کۆمەڵایەتییە، کە پەیوەندی بە جوگرافیایەکی تایبەتەوە هەیە. شوێنی جوگرافی، فەزای تایبەتی کۆمەڵایەتی دەسەپێنێت. لەگەڵ ڕەخساندنی پەیوەندی مرۆڤەکان لە ڕیگەی تەکنەلۆجیای پەیوەندی کردنەوە، فەزای کۆمەڵایەتیش بەرفراوان دەبێت و بە لایەنی کەمەوە لە سنوورداری جوگرافیای ڕابردوو دەردەچێت. لەم ڕووەوە جیهانگیری بە هۆی تایبەتمەندی هاردوێرەوە بووەتە هۆی هاتنەبوونی قەیرانی ناسنامە، واتا بە هەمان ئەو شێوەیەی کە (کاستلز) دەڵێت؛ بە هۆی جیهانگیرییەوە ناسنامەکانی پێشوو کە لەگەڵ شوێن و فەزای کۆمەڵایەتی سنووردار پێناسە دەکران، ڕووبەڕووی ئەو دۆخە نوێیە دەبنەوە. کاتێک جیهانگیری ئەم دوورییانە لە چوارچێوە هاردوێرییەکەی کەم دەکاتەوە، بە میکانیزمی لێکدانی ژیان و یەکگرتووییەکەی دەبێتە هۆی لەناوبردنی کولتوورە جۆراوجۆرەکان. نەمانی سنوورەکان و نەمانی گرنگی شوێن دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندی و یەکگرتوویی مرۆڤەکان زیاتر بێت و لە ئەنجامدا فەزای کۆمەڵایەتی پێشوو لە بەرژەوەندی فەزای کۆمەڵایەتی گەورەتر، کاریگەری لەسەر دروست دەبێت، چونکە کاتێک مرۆڤ پێیوابوو کە دیاردەیەک ڕەش یان سپییە و بە شێوەیەکی تایبەتی لێی دەڕوانی، ئاگاداری ئەوە دەبێت کە مرۆڤی تری وەک ئەو دەژین و ئەم دیاردەیە لە فۆڕمێکی تردا دەبینن، بۆ ئەو، ئەو نادیاری، گومان و پرسیارە دروست دەبێت، کە ئایا بە ڕاستی تێڕوانینی من ڕاست بووە، یان ئەوەی ئەوی تر دەیبینێت، ڕاستە؟ وەک (هانتینگتۆن) دەڵێت، نەمانی سنوورەکانی ناسنامە دەبێتە هۆی ئەوەی بە جۆرێک لە جۆرەکان دژیەکی و بەریەککەوتن لە نێوان مرۆڤەکان دروست بێت، یان بکەوێتە ناو ناکۆکی نێوان شارستانێتی و کولتوورەکان، ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی ئەوەی قەیرانی تێگەیشتن و قەیرانی ناسنامە ببێتە کێشە، چونکە قەیرانی ناسنامە هاوشانی قەیرانی تێگەیشتنە. لەبەر ئەوە تایبەتمەندی هاردوێریی جیهانگیری بە لێکدانی کولتوور و شارستانیەتەکان لە کولتووری جیهانیدا، زەمینە بۆ شۆکێک دەڕەخسێنێت، کە بە قەیرانی ناسنامە و تێگەیشتن لێکدراوەتەوە.

لە ڕاستیدا هۆکاری ئەمجۆرە قەیرانە گرێی خواردووە لەگەڵ پووکانەوەی سیستمی دەسەڵاتداری واتاداری مۆدێرنەی ڕۆژئاوایی و دەرکەوتنی بزاڤە پۆست مۆدێرنەکان. بە سەرنجدانە ئەم بابەتە، ئامادەکارییەکان ئێمە بەرەو فەزایەک دەبەن کە مرۆڤەکان لە دۆخی جیهانگیریدا بە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و گرفتەکان، پێویستیان بە تێرکردن و ڕزگارکردنە. لەم بارەدا کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی عەرەبیی، ئارامی و ئۆقرەیی لەدەستداوە و بووەتە قوربانی قەیران و نیگەرانییە ناوخۆییەکان، چونکە لەم ناوچەیەدا جیهانگیری، ناسنامە دەسەڵاتدارەکان و تاک وتاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی عەرەبی ڕووبەڕووی گرفتی زۆر کردووەتەوە و بۆیان قورسە سیستمێکی تێگەیشتن و ناسنامەیەکی هاوبەش بۆ ئەندامەکانیان پێناسە بکەن؛ لەمڕووەوە وا دەردەکەوێت کە لە دونیای نوێدا دوو بابەت بۆ نەتەوە و وڵاتان ڕوویداوە: 1) گەڕانەوە بۆ باوەڕەکانی خۆیان کە لەبەردەستدا بوون و لە ئەنجامی فشاری زۆری کولتووری ڕۆژئاوایی و جۆری حکومەتی دیکتاتۆری و هەندێکجاریش ناسیۆنالیستی، ئەمڕۆ بزووتنەوە ئیسلامییە توندڕەوەکانی گێڕاوەتەوە بۆ ئەو هەبوونە کەموکورتەی لە رابردوودا هەیانبووە تا زیندووی بکەنەوە، چونکە دەزانن کە بە پێچەوانەوە ناسنامە و هەژموونی ئەوان لەناودەچێت و نامێنێت. 2) لەو گەڕانەوەیەدا زێدەڕۆیی کراوە.
تا بەر لە چوونە ناو ئەو پرۆسەیەوە زۆرتر ئایدۆلۆژیا باوەکان و دەسەڵاتی سیاسی ناسنامە و تێگەیشتنیان دیاریدەکرد، بەڵام بە توندبوونی جیهانگیری، ئەم میکانیزمە ڕووی لە پووکانەوە کرد و پەیڕەوانی لە بەرامبەر شەپۆلەکانی سەرچاوە گرتوو لە قەیرانەکانی ناسنامە و تێگەیشتن بە تەنیا جێهێشت. ئەمڕۆ ڕێکخراوەکانی وەک داعش و بەرەی نوسرە خوازیاری خۆبەڕێوەبەری لە سنووری خۆیاندان بۆ ئەوەی هێزی تەواو کۆبکەنەوە بە مەبەستی هێرش کردنە سەر ئەوەی خۆیان بە ستەمکار ناوی دەبەن.

ئیسلامی سیاسی سەلەفی – جیهادی و دژیەکی تێگەیشتن لەگەڵ جیهانگیری
شیکاری مێژووی ڕووبەڕووبوونەوەی نەریتی ئیسلامی و مۆدێرنە پیشانی دەدات کە ڕووبەڕووبوونەوەی موسوڵمانان لەگەڵ دواکەوتوویی بە هۆی داگیرکاری و دیکتاتۆری لە قاڵبی پەنابردنە بەر سێ باسی (ڕۆژئاوایی، نەتەوەپەرستی، ئیسلامەتیی) هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارە درا. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەزموون و پێدراوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە بە سەرنجدانە قووڵی باوەڕی موسوڵمانان و جوگرافیای کولتووری جیهانی ئیسلام، زۆرێک بەو ئەنجامە گەیشتوون کە تەنیا بە بەدەستهێنانی باسی ئیسلامەتیی دەتوانن بە ئامانجی کۆتایی بگەن. هەڵبەتە جێی باسە باسی ئیسلامەتیی باسێکی یەکگرتوو نەبووە و قۆناغی جیاجیای تێپەڕاندووە. ئەم باسە بە تاکتیکی جیاواز، بەڵام بە ستراتیژی یەکسان، توانی تێگەیشتن دروستبکات و لەو چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک پێدراو بخاتەڕوو، هەروەها نەرمە هێز بۆ بزاڤی ئیسلامی بڕەخسێنێت. لە کۆتاییدا ئەم بزاڤانە توانیان شوێنەواری وێرانکەر و کەمتر دروستکەر لە سەر ئاستی ناوخۆ، جیهانی ئیسلام، هەروەها بواری نێودەوڵەتی جێبهێڵن. لەم چوارچێوەیەشدا باسی وەک ئیسلامی سیاسی سەلەفی – جیهادی بە جۆرێک واتا بە چەمکەکان دەدات کە لە ڕووکاردا دژە واتای باسی باڵادەستی جیهان بێت. ئەم باسە لە ڕووبەڕووبوونەوەدا لەگەڵ کڕۆکی لیبڕالیزم لە چوارچێوەی باسی جیهانگیری، هۆکاری ناوەندی شەریعەت لەگەڵ شیکارێكی یاساشکێنانە و هۆکاری تر پۆلێن دەکرێت.

1.شەریعەت
لە ڕوانگەی ئیسلامی سیاسی سەلەفی – جیهادییەوە شەریعەت بە واتای گەڕانەوەیە بۆ ڕەگ و ریشەی ڕەسەن و دێرینی بنەماکانی باوەڕ. بە بڕوای ئیسلامییە سەلەفی – جیهادییەکان، حوکمەکانی شەریعەتی ئیسلامی هیچ جێگەیەکیان بۆ ئیجتیهاد نییە و شەریعەت بە گۆڕانی زەمەن و شوێن گۆڕانی بەسەردا نایەت. لە واقیعدا مەبەست لە سەرکوتکردنی بیدعە و سوککردنی حوکمەکانی شەریعەت لە سوننەتدا، خۆنوێکردنەوە لە ئاییندا نییە، بەڵکو نوێکردنەوەی پەیوەندی ئومەت لەگەڵ ئایینە، چونکە لە نێوان ئایین و باوەڕداری جیاوازی هەیە. بە بروای ئەم باسە، ئایین جێگیرە و نوێ نابێتەوە، بەڵام باوەڕداری دۆخێکە کە خەڵک بۆ ئایین ئەو پەسەند دەکەن. دوو هۆکار بۆ نوێبوونەوە هەیە: سەرەتا ئەوەیە کە دەقە شەرعییەکان سنووردارن و ڕووداوەکانی ڕۆژگار دوورودرێژن و بیدعەکان زۆر دەبن؛ دووەم، گشتگیری ئیسلامی و شەریعەت لە زمەن و شوێندا. لەبەر ئەوە شەریعەت لە دۆخی ئیستادا لەگەڵ گۆڕانی زەمەن و شوێن ناگۆڕێت، شەریعەت ئیجتیهادی تێدا ناکرێت، هەروەها ئەو کەسانەی دەڵێن هەندێک حوکم لەگەڵ گۆڕانی زەمەن دەگۆڕێن، بەڵام بنەما و بنچینەکان ناگۆڕێن.
بێجگە لەوە بانگهێشت بۆ دەسەڵاتداری خوا لە ڕیگەی جێبەجێکردنی تەواوی شەریعەت لە سەرجەم لایەنەکاندا و دوورکەوتنەوە لە نەرمی نواندن لەم بوارەدا، تایبەتمەندی گرنگی باسی ئیسلامی سەلەفی – جیهادییە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوان لەگەڵ باسی جیهانگیری بە تایبەتی لە بەشی حوکمە کۆمەڵایەتی و سیستمەکانی مافدا زیاترە. لە چوارچێوەی باسی جیهانگیریدا ئەم هەوڵەی سەلەفییەکان جۆرێک گەڕانەوە بۆ دواوە و دژیەکە لەگەڵ ڕێدۆزی مۆدێرنە لە بارەی مرۆڤەکان و کۆمەڵگە، لەمڕووەوە بەردەوام بیرمەندە لیبراڵ و نیولیبراڵەکان لە باسی جیهانگیریدا لە بارەی پێشێلی مافەکانی مرۆڤ، بە تایبەتی مافی ژنان و منداڵان و کەمایەتییە ئایینییەکان بە هۆی جێبەجێکردنی شەریعەت نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن. پشتڕاستکەرەوەی ئەمە وەک بەردبارانکردنی ژنان و کوشتنی منداڵان لە لایەن ئیسلامی سەلەفی داعش و بەرەی نووسرەوە. بە بڕوای ئەم گرووپە وەلاوەنانی شەریعەت و یاسا ئیسلامییەکان و بەها مەزهەبییەکان بە تایبەتی لە سەردەمی نوێدا، کۆمەڵگە ئیسلامییەکانی وەک سەردەمانی بەر لە ئیسلام لە (جاهیلیەت) و ڕێ لێ بزر بوون نوقم کردووە. بە ناوهێنانی کۆمەڵگە ئیسلامییەکان بە جاهیلی بەو ئەنجامە دەگەین کە سەرجەم حکومەتە نائیسلامییەکان (بە واتای حکومەتەکانی دژ بە شەریعەت بەپێی شیکاری ئەوان) ڕەوایەتیان نییە. ئەم بەکارهێنانە بەرفراوانە کە سەرچاوەکەی لە تێگەیشتنی ناڕاستی ئەوان بۆ قورئانە، وا دەردەکەوێت کە موسوڵمانان لەم جۆرە کۆمەڵگانەدا ئەرکی سەرشانیانە دژی دەوڵەتەکانیان خەبات بکەن و ڕووبەڕووی حکومەت بوەستنەوە.
ئەم پێناسەیە بۆ شەریعەت و ئەمجۆرە پابەندییە بە ئەوەوە پیشانی دەدات کە کەلێنی قووڵ لە باسەکانی نێوان جیهانگیری و ئیسلامی سیاسی سەلەفیدا هەیە، لە لەلایەکی ترەوە بۆ ئەو سەلەفیانەی سەرقاڵی لێکەوتەکانی لیبڕالیزم بوون، هێزێکی کولتووری بەرهەمهێناوە، واتا بەرەنگاری دژی جیهانگیری لیبراڵ، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاکگەرایی و چێژگەرایی ڕۆژئاوایی، ئەمە فۆڕمێکی کولتووری لەخۆگرتووە؛ بۆ نموونە ئەبوبەکر بەغدادی لە بەشێک لە وتارەکەیدا کە نزیکەی 15 خولەک بوو بانگەشەی ئەوەی کرد کە “ئێمە فەرمانمان پێکراوە بۆ جێگیرکردنی ئایین، دژی دوژمنەکانی خوا بجەنگین … و ئەم کارەش بە بێ هێز و توانا نایەتە دی”. لە قاڵبی ئەم تێگەیشتنەدا ئایینداری ڕیاکارانە جێگەی مۆدێرنە دەگرێتەوە، بە شێوەیەک کە سەرنجی لەسەر لایەنە نامادییەکانی پێشکەوتن و پێگەی ئەو لە فۆڕمەڵەبوونی کۆمەڵگەی پشتبەستوو بە بنەما ئەخلاقییەکانی ئیسلامییە، لە کاتێکدا کە جیهانگیری پشتیوانی جۆرێک لە سیستمی نێودەوڵەتی سەرمایەداری دەکات. لە بەرامبەردا جەماوەری سەلەفی و پەراوێزخراو و دژە حکومەت لە وڵاتانی عێراق و سوریا و ژمارەیەکی تر لە وڵاتانی عەرەبی، خوازیاری ڕێگەچارەی کۆتایی لە چوارچێوە مەزهەبییەکەیدان، هەڵبەتە بە شێوەیەکی ڕووکار. چەند دەیە نوێبوونەوە و گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە جیهانی ئیسلامدا، کە زیاتر بەپێی نموونە ڕۆژئاواییەکان بووە، هاوکات یەکگرتوویی ئابووری لە ئابووری جیهانیدا و دوورکەوتنەوەی کولتووری لە ڕۆژئاوای لەگەڵدا بووە، چونکە بە بڕوای سەلەفییەکان و بە تایبەتی سەلەفییە جیهادییەکان لە ڕابردوودا جیهانگیری بە داگیرکاری و ڕووبەڕووبوونەوەی مەزهەبی و ئاڕاستەی نەریتگەرایی کۆتایی هات، کە بەرهەمەکەی جیهانێکی مۆدێرن و بێبەش لە ناوەرۆکی ئەخلاقی، بە تایبەتی ئایین بوو، لەمڕووەوە ئێستا ئایینداری بە شێوازی داعش و بەرەی نوسرە لە پلەی جێگرەوەی مۆدێرنە، بووەتە تایبەتمەندی هەندێک وڵاتی ئیسلامی.

2.ڕابەرایەتی
ئەم وتەیەی ئەبوبەکر بەغدادی کە دەڵێت “من رابەری ئێوەم، هەر چەندە باشترینی ئێوە نیم، کەواتە ئەگەر بینیتان بە باشی کارم کرد، پشتیوانیم بکەن، ئەگەر بینیتان هەڵەم کرد، ئامۆژگاریم بکەن”، پیشانی دەدات کە نەک تەنیا ڕابەرایەتی لە باسی ئیسلامی سەلەفی – جیهادیدا هۆکارێکی گرنگ و تایبەتی کاریگەرە، بەڵکو ئەوەندە بەهێزە، کە لە کاتی هەڵەکردندا، خەڵکانی تر و پەیڕەوانی تەنیا دەتوانن ئامۆژگاری بکەن و ناتوانن ڕووبەڕووی ببنەوە. بە شێوەیەکی گشتی لە ڕوانگەی ئیسلامی سیاسی سەلەفی – جیهادییەوە دەتوانرێت ڕۆڵی ڕابەرایەتی و سنووری ئەرکەکانی ئەو لە چوار کاردا کورت بکرێنەوە: 1) پاراستن و بانگەشە بۆ ئایین و مەعریفە و بەهاکانی ئەو و ڕێگری لە لادان و بیدعە تێیدا. 2) فەتوا و ڕوونکردنەوەی حوکمەکانی ئیسلام بە سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکان و سوننەتی پێغەمبەر و هاوەڵانی.
3) دادوەری و جێبەجێکردنی حوکمە دادوەرییەکان و سنووری خوایی.
4) سەرپەرشتی کۆمەڵگەی ئیسلامی لەڕووە جیاجیاکانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، سیاسی، ئابووری و سەربازییەوە. دەتوانرێت پشتڕاستکەرەوەی ئەو باسە لە گرووپە سەلەفییەکانی داعش و بەرەی نووسرەدا ببینرێت. لەم گرووپانەدا پلەبەندی ڕابەرایەتی توند هەیە. فەرماندەکان بەرپرسیارێتی ئەرکی هێزەکانیان لە ناوچەیەکی تایبەت لە ئەستۆیە، لەوانە گواستنەوەی بۆمبە خۆکوژییەکان و چۆنێتی سوود وەرگرتن لێیان. ئەم پێکهاتە ڕێکخراوەی پەیوەندییەکان، توانایەکی تایبەتی بە ڕابەرانی باڵا بەخشیوە، لە کاتێکدا زۆرێک لە شیکەرەوە ڕۆژئاواییەکان و توێژەرانیش لە وڵاتانی ئیسلامی، گاڵتەیان بە ڕاگەیاندنی خیلافەتی بەغدادی دەکرد، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە ڕابەری داعش بەمکارە پیشانی دا، کە ستراتیژێکی داڕشتووە. ئەو لە وتارەکەی ساڵی 2014دا ئامۆژگاری ئەندامانی داعشی کرد، کە هەوڵەکانیان زیاتر بکەن بۆ ئەوەی بتوانن هەموو خواستەکانیان بەدەست بێنن. لەبەر ئەوە ئەوەی لە بارەی پشتیوانانی ئیسلامی سیاسی سەلەفی – جیهادی، بە تایبەتی داعش بە تەواوی ڕوونە، ئەوەیە کە ئەوان خۆیان بە خاوەن بەڵێن بۆ ڕابەرەکانیان دەزانن.

لە کاتێکدا کە لە چوارچێوەی باسی جیهانگیریدا خراپترین مۆدێلی سەقامگیری سیاسی بریتییە لە بەسرانەوەی چارەنووسی سیستمی سیاسی بە چارەنووسی کەسێکی خراپەوە، چونکە هەر جۆرە گۆڕانێک لە نووکی سیستمەکەدا، تێکڕای پێکهاتەی سیستمەکە تووشی قەیران و هەڕەشە دەکات. ئەم بابەتە لە سیستمە پاشایەتییەکاندا بە میکانیزمی دەسەڵاتداری میراتگری و هەڵبژاردنی منداڵ، یان خزمانی پاشا بۆ پلەی جێنشین، بە جۆرێک چارەسەر کراوە، هەروەها مردنی پاشا و جێگرتنەوەی جێنشین بە شیوازێکی سروشتی و ڕەوا هەژمار دەکرێت و هەڕەشە لە تێکڕای پێکهاتەی سیستمەکە ناکات، بەڵام لە پێکهاتەی سیستمی ئیسلامی سەلەفی – جیهادی، نە میکانیزمی پاشایەتی میراتگری بوونی هەیە، نە میکانیزمی دیموکراتی هەڵبژاردنی رابەری نوێ، بۆ نموونە، بەغدادی لە کاتێکدا خۆی بە خەلیفەی موسوڵمانان دەزانی، کە هاووڵاتییان، یان نوێنەرانیان لە ئەنجومەنی هەڵبژێردراوی ئەو ئامادە نەبوون و لە دیاریکردنی رابەردا ڕۆڵیان نەبووە، لەم ڕووەوە بنەمای ڕەوایی و پەسەندکراوی ڕابەرایەتی ئەو، هەروەها ڕابەرایەتی نوێی دوای ئەویش لە پێکهاتەکەیدا بە تەواوی جێی گومانە. بێجگە لەوە لە ئەگەری پەسەندکردنی رابەرایەتی لەسەر بنەمای دیموکراسی، ڕابەرایەتی لە جیهانگیریدا دەبێت زیرەکی و ڕۆشنبیری باڵا و بەڕێوەبەردن و هەماهەنگکردنی بەهێزی هەبێت، چونکە لە چوارچێوەی ئەو باسەدا، لە قۆناغێکدا کە جۆراوجۆری و جیاوازی لە سەرجەم لایەنەکانی ژیانی مرۆڤایەتیدا بە تەواوی پەسەندکراوە، زیاتر لە ڕابردوو هەست بەوە دەکرێت، کە دەبێت ڕابەری کاریگەر بوونی هەبێت. بێگومان لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم رابەرانە توانای بەڕێوەبردنی فرە کولتوورییە. لەم نێوانەدا سەرنجدان لە زیرەکی و هەوڵدان بۆ گەشەپێدانی گرنگی هەیە، بێگومان لە جیهانی ئاڵۆزی هەزارەی سێیەمدا، ئەو رابەرانە دەتوانن کاریگەریان لەسەر فەرمان، ڕابەرایەتی و بەڕێوەبردنی هاوبەشی جیهان هەبێت، کە پلەی بەرچاویان لە زیرەکی ڕۆشنبیری لە خۆیاندا گەشە پێدابێت و بە باشی لۆجیکی ڕاوێژ و مافی دەنگدانی خەڵک و هێزی هەڵبژاردنی ئەوانیان بۆ دەرکەوتبێت.

3.گەڕانەوە بۆ پێشین (سەلەف)
زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە شێوەیەکی گشتی وڵاتانی عەرەبی لە قۆناغە درێژمەوداکانی شارستانیەتێکن کە تا ئێستا لە سەردەمی داڕمان، قەیران و دواکەوتووییدان و لە کاروانی شارستانێتی جێماون. لەم دۆخەدا بوونیادگەراکان هەستدەکەن کە کۆمەڵگە دواکەوتووەکەیان بەرهەمی دیکتاتۆری ناوخۆیی و داگیرکاری دەرەکییە، کە هەردوویان هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مۆدێرنە و سەردەمی پەیوەندی. ئەم سێ هۆکارە، واتا شارستانێتی داڕماو، دیکتاتۆری ناوخۆ و داگیرکاری دەرەکی بە جۆرێک لە جۆرەکان زیندووکەرەوە، لە قاڵبی ئەفسانەی گەڕانەوە بۆ خودی ڕەسەن و دەستلێنەدراوی دێرینە، بۆ نموونە پشتیوانانی بەرەی نوسرە، گرووپەکەیان بەمجۆرە پێناسە دەکەن: “بەرەیەکی پیرۆز بە تێڕوانینێکی سەلەفی کە باشترین جیهادییەکانی لە گۆشە و کەناری زەوی لە گرووپێکدا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەشار ئەسەدی نەفرەتلێکراو و سەربازەکانی لەناو ببات و حکومەتی خوا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دابمەزرێنێت، بەڵام نەک تەنیا گۆڕینی ڕووکار لە کەس و ناوەکان، وەک ئەوەی لە یەمەن، میسر، تونس و لیبیا ڕوویدا، بەڵکو ئامانجەکانی بەرەکە بۆ ئەم جیهادە ئەوەیە کە تێکڕای سیستمی حکومەت بگۆڕێت و دادپەروەری، ئازادی و یەکسانی (بە پێناسەیەکی دروستکراو) لە وڵاتەکە بێنێتە دی، وەک خوا فەرمانی کردووە، نەک بەو شێوەیەی ڕۆژئاوا برەوی پێدەدات”.
لەم چوارچێوەیەدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هۆکارانە، ئەوان جیهادێکی ناوخۆییان دەستپێکردووە، کە دەتوانرێت لە نموونەکانی وەک کوشتنی هاووڵاتییانی بێتاوان تێیگەیشت. هەڵبەتە ئەنجامی جێ مەبەستیان لەم بزاڤەدا بەدەست نەهات، لە ژێر کاریگەری هەلومەرجی ئەو جیهانگیرییەی دوای ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات دروستبوو، ئەوان بە ئاڕاستەیەکی تر کە هۆکاری سەرەکی دیکتاتۆری ناوخۆ و ڕەگ و ڕیشەی سەرجەم گرفتەکان لە ڕوانگەی بوونیادگەراکانەوە هەژمار دەکرا، ڕۆیشتن و جیهادی بە ڕووکار پیرۆزیان ڕاستەوخۆ دژی ڕۆژئاوا و مۆدێرنە دەستپێکرد، لە کاتێکدا کە باسی جیهانگیری ڕێگەچارەی گرفتەکانی کۆمەڵگە لە خۆگونجاندن لەگەڵ سیستمی لیبراڵ دیموکراسی مۆدێرندا دەبینێتەوە.
لە بەرامبەردا ئیسلامییە سەلەفی – جیهادییەکان زۆرێک لەم سیستمانە بە دژ لەگەڵ ئیسلام هەژمار دەکەن و شکست و ناکامییەکانی کۆمەڵگە موسوڵمانەکان بە سەرچاوە گرتوو لە غەفڵەتی ئەم سیستمانە لە ئیسلام دەزانن، لەم ڕووەوە مۆدێرنە بە جاهیلیەتی سەردەمی نوێ ناودەبەن و هەندێک جار ئەم تێڕوانینە لە دیدی توندڕەوە سەلەفییەکانەوە بە کوفر و بێباوەڕی هەژمار دەکرێت، لەم ڕووەوە لە بەرامبەر نەریت و مۆدێرنەدا، ڕێگەیەکی سێیەمیان هەڵدەبژارد و ئیسلامی سەلەفی لەخۆگری سیستمی تەواوی کۆمەڵایەتی لە سەرجەم بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کولتووری ئەو پێناسە کرد و گونجان لەگەڵ ئەو بە گەرەنتی خۆشبەختی مرۆڤایەتی لێکدایەوە، لێرەوە پێویست نەبوونی شارستانێتی ڕۆژئاوا ڕادەگەیەنن، بەڵام بە چەکی مۆدێرن و سەرجەم پشتیوانییەکانی ڕۆژئاوا دوای ئامانجەکانی خۆیان دەکەون!

4.ڕووبەڕووبوونەوەی سیکۆلاریزم
ڕووبەڕووبوونەوەی سیکۆلاریزم لە هۆکارە سەرەکییەکانی باسی ئیسلامیی سەلەفی – جیهادییە. لەسەر ئەو بنەمایە بە نەریتکردنی سیستمە کۆمەڵایەتییەکان و وەلاوەنانی ئایین لە دروستکردنی کاریگەری ڕاستەوخۆ لەو وتەزایانەیە کە بزووتنەوە سەلەفی و بوونیادگەراکان لە ڕەگ و ڕیشە و بنچینەوە دژی ئەون و بۆ سەرجەم کاروبارە کۆمەڵایەتییەکان لە دەقی قورئان و سوننەتدا دەگەڕێن و ئایین بە خاوەنی پەیامی کۆمەڵایەتی گشتگیر دەزانن. پشتیوانانی ئیسلامی سیاسی سەلەفی پێیانوایە پرۆسە یاسایی و دەوڵەتییەکان دەبێت شوێنکەوتەی ئیرادەی خوا و وتەکانی ئەو لە دەقە پیرۆزەکاندا بن، بە وتەیەک دەبێت دەوڵەت شوێنکەوتەی خوا بێت، چونکە بە وتەی قورئان حوکم تەنیا بۆ خوایە (حوکم و فه‌رمانڕه‌وایی (هه‌مووشت) هه‌ر به‌ده‌ست خوایه‌)(سورەی ئەنعام، ئایەتی 57). لەم ڕووەوە زۆربەی چینە بوونیادگەرا و سەلەفییەکان لەگەڵ بوونی ناکۆکی جۆراوجۆر لە ئاڕاستەکانیان، چاویان لەسەر کاری کۆمەڵایەتی و سیاسی هاوبەشە و بێ شاردنەوەی مەیلەکانیان، بەردەوام تایبەتمەندی بزووتنەوەی سیاسیان لە خۆیاندا پاراستووە، لەم ڕووەوە بوونیادگەرایی کاردانەوەی گرووپە ناڕازییەکان بەرامبەر پرۆسەی سیکۆلار و دژە نەریتییە، کە ژمارەیەک بە (جیهانی لاتینی بوون) ناویان ناوە. ئەوان بە گەڕانەوە بۆ رابردوو و جەختکردنەوە لەسەر واتایەکی هەژموونی بۆ ئایینی ئیسلام، هەوڵ دەدەن دەسەڵاتی ئەو بۆ کاروباری دادوەری، ئابووری و حکومەت بگێڕنەوە. گرووپە سەلەفی – جیهادییەکانی وەک داعش و بەرەی نوسرە لە سوریا و عێراق، نموونەی بەرجەستەی ئەم جۆرە کاریگەریەن. بوونیادگەرا توندڕەوەکانی ئەم وڵاتانە لەگەڵ بانگەوازی ئایینی، خوازیاری پێکهێنانی حکومەتی ئیسلامی لەسەر بنەمای شیکارییە مەزهەبییە تایبەتەکانی خۆیانن. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پاڵنەری خەبات و تیرۆرەکانی خۆیان لە وەهمی لەناوچوونی ئایین و نەریتی پێغەمبەری ئیسلام لە سەردەمی نوێدا وەردەگرن.

لەم ڕوانگەیەوە تایبەتمەندی بنچینەیی تێڕوانینی گرووپە جیهادییەکان ڕۆحی پەرستشی وشک و پێدانی پیرۆزی بە دەستکەوتە کەلامی و فیقهییەکانی پێشووە. ئەوان سەردەمی سەرەتا و ناوەڕاستی ئیسلام بە قۆناغی ئاڵتوونی و پارێزراو لە هەر هەڵەیەک دادەنێن و لە بارەی شیکار و لێکدانەوە ئایینییەکانی ئەم قۆناغە باوەڕی دەمارگیرانەیان هەیە. لەم چوارچێوەیەشدا یاسای تایبەتیان داناوە:
“بەکارهێنانی نێرگەلە و جگەرە حەرامە، دەبێت ژنان حیجاب بکەن. هەر کەسێک دژی باوەڕەکانی داعش بێت، بە توندی سزا دەدرێت. ئەندامانی داعش لە قوتابخانەکان لە کچان دەدەن، دەستی ئەو کەسانە دەبڕن کە دزی دەکەن، ئەو ئۆتۆمبێلانەی نێرگەلەیان هەڵگرتووە، دەیانسوتێنن. ئەوان ئەو کەسانە سزا دەدەن کە تەنیا جگەرەیەکی پێوە بگرن”.
بێجگە لەوە لەم قوتابخانەیە ئیجتیهاد و هەڵێنجانی نوێ هیچ جێگەیەکی نییە و هاووڵاتییان زیاتر پابەند دەبن بە پەیڕەویکردن لە وشە و گوتاری زانا سەلەفییەکان. تێگەیشتنی لاساییکردنەوەی ئەوان بۆ ئایین، بووەتە هۆی ڕەشبینی و دوژمنایەتی ئەوان لەگەڵ ژیانی ڕۆژئاوایی و بە نەریت بوونی ئایین. بە گشتی دژایەتی گەندەڵی کولتوور و شارستانێتی ڕۆژئاوا لە دروشمە بنچینەییەکانی سەرجەم گرووپە سەلەفی – جیهادییەکانە، بەڵام چاوپۆشی لە خراپە ئەخلاقی و کولتورییەکانی خۆیان دەکەن!

لە کاتێکدا لە چوارچێوەی باسی جیهانگیریدا، سیکۆلاریزم خۆی لێ لانادرێت. لەبەر ڕۆشنایی تێڕوانینی تێگەیشتنی سیکۆلاریزم، مەزهەب و ئایین مادام سنووردارن لە بواری تاکە کەسیدا، نابێت دەستوەردان بکەن لە دانانی سیاسەتە گشتییەکاندا، لەم بارەدا لە ئالودەبوونەکان ڕزگاریان دەبێت و جێی ڕێزن. لەبەر ئەوە لە جیهانگیریدا، سیکۆلاریزم لە هەوڵی خوێندنەوەی سەربەخۆیی حکومەت لە ئایینە، بەڵام نەک سەربەخۆییەک کە لەگەڵیدا شەڕ و بەرەنگاربوونەوە بکات، نەک ئەوەی کە گرنگی بە ئایین نەدات، بەڵکو لە فەرهەنگی واتاسازی خۆیدا سەرجەم ئایینەکان بە بەڕێز هەژمار دەکات و ڕێگە بۆ ڕزگاری کۆمەڵگە لە دەمارگیری، نەتەوایەتی و مەزهەبگەرایی و پانتایی مامەڵە و لێکتێگەیشتنی نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و بەها ئایینیەکان بە ئامانجی پاراستنی سیستمی سەرمایەداری دەڕەخسێنێت. لەبەر ئەوە دەتوانرێت بوترێت لە حکومەتی سیکۆلاردا بە پێچەوانەی دەوڵەتی ئیسلامی جێ مەبەستی سەلەفییەکان، لە ڕووی تیۆرییەوە دەوڵەت هەرگیز لە ئایینداری تاک و کۆمەڵگەدا دەستوەردان ناکات، بە هەمان ئەو شێوەیەی کە ئایینیش لە پێکهاتە و دەسەڵاتداری دەوڵەتدا ڕۆڵی نییە و هیچ یەکێکیان کۆنترۆڵی بە سەر ئەوی تردا نییە.
5.جیهاد
چەمکی جیهاد و توندوتیژی لە باسە گرنگەکانی ئیسلامی سیاسی سەلەفی – جیهادییە. کارەکانی گرووپەکانی وەک داعش، لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق، لەوانە موسڵ، سەڵاحەدین و چەند بەشێکی کەرکوک، هەروەها تاوانەکانی ئەم گرووپە دژی تورکمان، ئێزیدی و شەبەک-ەکان، ئینکاری لێناکرێت. ئەم کارە توندوتیژییە بەرفراوانە نوێیانە جۆرێکی تایبەتی توندوتیژی لە ئاستی باڵای خۆیەتی، کە لە ڕووی ئامانج و ژمارەی زیانەکانەوە لە توندوتیژی ئیسلامییەکان لە رابردوودا جیای دەکاتەوە.
جیهانگیری بانگەشەی ئەوە دەکات، کە ڕووکردنە دیموکراسی لە پلەی واتادا، پەیوەندی باڵای لەگەڵ دروستکردن و ئاشتی لە نێوان دەوڵەتان هەیە، لەم ڕووەوە گۆڕانی واتای چەمکەکانی وەک دەسەڵاتداری و ناسنامەی نیشتمانی لە پرۆسەی جیهانگیریدا زەمینەی گونجاوی بۆ بەرفراوانکردنی دیموکراسی ڕۆژئاوا بۆ ئەوپەڕی سنوورە نیشتمانییەکان ڕەخساندووە، لەم ڕووەوە نموونەی دیموکراسی بەرفراوان و جیهانی کە لە ڕووی تیۆرییەوە باوەڕی بە یەکسانی هەموو مرۆڤەکان و ڕەتکردنەوەی توندوتیژی هەیە، بە گونجاوترین جێگرەوە بۆ نموونەی دیموکراسی لیبراڵ هەژمار دەکرێت. لە چوارچێوەی باسی جیهانگیریدا، دیموکراسی زیاتر لەوەی لەگەڵ نەتەوەپەرستی بگونجێت، لەگەڵ چەمکی مافی مرۆڤ لە فەرهەنگی ڕۆژئاوادا یەکسانە، چونکە جیهانگیری ئەندێشەی مافەکانی مرۆڤ، لەگەڵ پەسەندێتی جیهانی دیموکراسی، گۆڕەپانی یاسایی و سیاسی گونجاو بۆ هێنانە بوون و پاراستنی ئاشتی جیهانی بە تێگەیشتنە ڕۆژئاواییەکە دەڕەخسێنێت. لە چوارچێوەی باسی جیهانگیریدا، مافەکانی مرۆڤ، دیموکراسی بە ئاشتی جیهانییەوە گرێ دەدات. بەرفراوانی ئەندێشەی مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان، لە لایەکەوە یارمەتی دیموکراسی جیهانی و لە لایەکی تریشەوە هاوکاری ئاشتی جیهانی دەدات. بڕیارە نوێیەکانی مافەکانی مرۆڤ، وەک چەمکی مافی ئاشتی، گەشە و ژینگە لەگەڵ یەکتردا پەیوەندی نزیکیان هەیە و بەدەستهێنانیی دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی گرنگترین هەڕەشە ئاسایشییە نوێیەکان. لەبەر ئەوە ئایدیای هاووڵاتی جیهانی کە تێگەشتنی تەوەربوونی جیهانە، هەستی بەرپرسیارێتی جیهانی بە لاوازکردنی ناسنامە نەتەوەیی، مەزهەبی و نیشتمانییەکان دەبەستێتەوە.
لە خاڵی بەرامبەردا ئیسلامی سەلەفی – جیهادی بە جۆرێکی تر و بە بێگانەبوونی توندوتیژتر خوێندنەوە بۆ چەمکەکان دەکەن، چونکە سەرجەم سەلەفییەکان پێیانوایە کە لە دەقە مەزهەبییەکاندا جۆرێک ڕەهەندی جیهانی بوونی هەیە. لە ڕوانگەی ژمارەیەک لە شیکەرەوان ئەگەر لە دەقە مەزهەبییەکاندا جۆرێک ڕێنوێنی بۆ جیهادیش بوونی نەبێت، دووبارە فەزای گشتی دەقی پیرۆز ئاماژەیە بۆ ئەوە، لەم ڕووەوە باسی ئیسلامی سەلەفی – جیهادی لە دۆخی دونیای فرەیی هاوچەرخدا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی توندوتیژی بەرهەم دێنێت، لەبەر ئەوە جۆرێک پەیوەندی لە نێوان سەلەفیەت و ڕادیکالیزم لە نموونە جیاجیاکانی بوونیادگەرایی ئیسلامیدا بەرچاو دەکەوێت.

لە ڕووی ئاستی زانست و جیهانبینی و جۆری ئاگاییەوە، ئێستا ئەو دۆخەی لە زانستەکانی جیهانی ئیسلامدا خەریکە بەهێز دەبێت، جۆرێک سەلەفیەت و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو لەگەڵ گێڕانەوەکانی خستووەتە بەرنامەی کارەوە. سەرجەم ئەو واژانەی ئەمڕۆ بوونە هۆی ئەوەی جیهانی ئیسلام و ئەندێشەی سیاسی ئیسلام بە توندی تۆمەتبار بکرێن و متمانەی موسوڵمانان و وڵاتان لەدەست بدەن، جۆرێک گێڕانەوەی نەریتی، پێوەری و ئامانجدارە کە زۆر واقیعی نین و زۆر بڕوایان بە پەند و پراگماتیزم هەیە. لەم چوارچێوەیەدا و لە بەرامبەر بە بێگانەکردنی باسی جیهانگیری، سەلەفی – جیهادییە موسوڵمانەکان جیاوازیان لە دروستکردنی ناسنامەدا دەوێت، لەم ڕووەوە بە دووبارە داڕشتنەوەی ڕادیکاڵانە بۆ ئیسلام و لە ڕیگەی جیاکاری و دوورکەوتنەوە لە زانستی مرۆیی، ناسنامەیان بەدەست دێنن. لە ئەنجامدا لەگەڵ پێکهێنانی باسی ئیسلامی سیاسی سەلەفی – جیهادی، ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ ئەندێشە و کاری هەڵنەسەنگێنراو کە لە ئەپستمۆلۆجیای زۆر ڕووکاری ئەواندا ڕەگ و ڕیشەی هەیە، جیهانی ئیسلامی دووچاری دووبەرەکی، ئاژاوە و دابەشکاری دەکات. لە ڕووی مەعریفییەوە ئەوان بێ هیچ تێڕوانینێکی ئیجتیهادی و ڕەخنەیی بە شێوازی گێڕانەوە دەگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو و زانینیان دەگێڕنەوە بۆ کتێبی پیرۆز (قورئان) و بە زانستی خوا ناوی دەبەن. جێی باسە ئەوان بەردەوام بە ناوی خواوە قسە دەکەن و بە ڕەتکردنەوەی مێژوو و پابەندی بە دەقەکانی دونیای هاوچەرخ بە زانستێکی زۆر کەم، بێ بیستنی ڕاستییەکان و خوێندن و مەعریفە، بە باوەڕێکی تەواو، توانایەکی جددی و پراکتیکی، دەست دەکەن بە کوشتنی موسوڵمان و ناموسوڵمانەکان و مەحکوم کردنی ئیسلامی ڕاستەقینە. ئەپستمۆلۆجی تیرۆریستان و دەربڕینی توندوتیژییە ناباوەکان، ڕووخسارێکی باوەڕداری لە کرداری بێ ئەندێشە بۆ ئەوان تۆمار دەکات، کە بە بەدۆزەخ کردنی دونیا، بە مەبەستی دروستکردنی بەهەشت لە خەونەکانیاندا، ڕابەرایەتی شەڕی پارتیزانی توندوتیژ دەکەن، لە کاتێکدا هاووڵاتییانی وڵاتانی وەک عێراق و سوریا کەمترین توانا و ژێرخانی بژێوی و ئابووریان هەیە. ئەوان بە باوەڕە ڕووكەشەكەیان لە لایەکەوە موسوڵمانان لەگەڵ یەکتردا بە شەڕ دەدەن، لە لایەکی تریشەوە وڵاتانی تری ئیسلامی دووچاری دووبەرەکی دەکەن.
بەپێی دژیەکی لە نێوان دوو باسی جیهانگیری و ئیسلامی سەلەفی – جیهادی، دەتوانرێت بەڵگە بهێنرێتەوە کە ئەو واتایەی جیهانگیری بە هۆکارە جێمەبەستەکانی دەدات، لە لایەن زۆرینەی هاووڵاتییانی کۆمەڵگەی عەرەبی و بە تایبەتی سەلەفییەکانەوە ڕووبەڕووی گرفتی جددی دەکرێتەوە. هۆکارەکانی وەک هیومانیزم، ڕەتکردنەوەی رابەرایەتی و جیهاد، برەودان بە سیکۆلاریزم، ڕووبەڕووبوونەوەی نەریتگەرایی (traditionalism)،کولتوور، لەگەڵ نەریت و باوەڕە ئایینییەکانی هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرووپە جیهادییەکان و شووناسە بەرگریکارەکان یەک ناخوێنێتەوە و بێ بەشە لە مەرجەکانی متمانە پێکردن، کە (لاکلائۆ و موفە) بۆ سەرکەوتنی باسێک دەریدەبڕن.
لەم چوارچێوەیەدا پێدەچێت باسی ئیسلامی سیاسی سەلەفی – جیهادی بە نزیکەیی بە درککردن بە دۆخی ناسەقامگیری باسە باڵادەستەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دروشمەکانی وەک جیهادی ئیسلامی، حکومەتی شەرعی و پاراستنی ئیسلام، لە هەوڵدایە وەڵامێک بۆ قەیرانە هەنووکەییەکە بدۆزێتەوە و دووبارە ئامانجی فەزای کۆمەڵایەتی دابڕێژێتەوە و لە ڕیگەی شیکردنەوەی دووبارەی هۆکارە لەرزۆکەکان لە هەوڵی دروستکردنی بابەتی بوونی کۆمەڵایەتی نوێدا بێت. لەبەر ئەوە باسی ئیسلامی سیاسی سەلەفی – جیهادی لە لایەکەوە لە ژێر کاریگەری پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کولتووری سەرچاوەگرتوو لە ئیسلام لەم کۆمەڵگانەدایە و ناچارە پۆلێن کردنی باسەکانی بە پشتبەستن بە خوێندنەوە ئیسلامییەکان ئەنجام بدات، لە لایەکی ترەوە لە ئەنجامی کاریگەری سەپێنراوە جیهانییەکاندا، هۆکار و هێماکانی باسی باڵادەستی جیهانگیری بە تێڕوانینی لیبراڵانە لەگەڵ باسەکانی خۆیدا دژیەک ببینێت، لەم ڕووەوە هەوڵدەدات بە داڕشتنی تایبەتی و تاکی ئیسلامی سیاسی، خۆی بخاتە ناو دەقی ژیانی سیاسی کۆمەڵگەی سیاسییەوە و خۆی لە پەراوێزخستوویی و لەناوچوون بپارێزێت.

دەرەنجام
لەم توێژینەوەیەدا هەوڵمان دا بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی جیهانگیری لە سەر دەرکەوتن و پەرەسەندنی ناسنامەی سەلەفی – جیهادی لە دونیای نوێدا لێکبدەینەوە. دەرەنجامە بەدەستهاتووەکان لە توێژینەوەکە پێمان دەڵێن، کە باسی جیهانگیری لە لایەکەوە بە بەگشتگیر کردنی کولتوور و تێڕوانینی تایبەتی هەژموونی، بوار لەبەردەم بەهای باسەکانی تر بەرتەسک بکاتەوە و یەک کولتوور دەهێڵێتەوە، لەم ڕووەوە ئەو کولتوورەی دەبێتە جیهانی، کولتووری بەکاربەریی ڕۆژئاوایە، لە لایەکی ترەوە جیهانگیری بە پەکخستنی دروستکردنی ناسنامەی نەریتی، جۆرێک قەیرانی گشتگیری ناسنامە و تێگەیشتن لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا، بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی عەرەبی هێناوەتە بوون. لەم بارەدا باسی ئیسلامی سیاسی سەلەفی – جیهادی بە پشتبەستن بە چەمکە گشتییەکانی وەک شەریعەت، ڕابەرایەتی، جیهاد، سەلەفییەت و ڕووبەڕووبوونەوەی سیکۆلاریزم، دووبارە شوناسی ئەو سەلەفی و جیهادیانە هەموار دەکاتەوە کە کاریگەریان لەسەر دروستکردنی وێنەیەکی نەخوازراو بۆ چەمکە ئیسلامییەکان و سەپاندنی نائەمنی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.

ئەوان لە پرۆسەی ئەو دروستکردنی ناسنامەیەدا بە شیکاری خۆویستانە و توندڕەوانە بۆ ئیسلام، بانگەشە بۆ (حەق) لە بەرامبەر (باطل)، ڕاپەڕین و جیهاد لە بەرامبەر بێدەنگی، گەڕانەوە بۆ سەلەف لە بەرامبەر نەزانیی (جەهالەت) مۆدێرن و … تاد دەکەن، لە کاتێکدا کە لایەنی بەرامبەر و (بێگانە)ی ئەوان لاببەین، دەبینین خۆیان هیچ ڕاستییەکیان لەگەڵدا نییە، بەڵکو بە هاوکاری ڕۆژئاوا و بە دروستکردنی ناسنامەی بە کۆمەڵ و تێگەیشتنی قۆرخکراو، ناسنامەیەکی نوێ دروست دەکەن، بەڵام نەک بە گەڕانەوەی لۆجیکی بۆ سوننەت، بەڵکو بە واتادان بە بابەت و بەرژەوەنییە نەریتییەکان، بە مەبەستی هێنانەدی دونیایەکی یۆتۆپیایی کە تێیدا بە بڕوای ئەوان جەماوەری بێبەش و ڕۆشنبیرانی ناڕازی ناسنامەی نوێ بەدەستدێنن. لەبەر ئەوە تاکەکان بە پەنا بردنە بەر ناسنامەی ئیسلامی سەلەفی و جیهادی، داوای هاوکاری لە بیری مێژوویی خۆیان دەکەن و لە بەرامبەر شەپۆلەکانی جیهانگیری، بیر لە دونیای یۆتۆپیایی و خوازیاریان دەکەنەوە. ئەم جۆرە ئەندام بوونە لە گرووپ و بزووتنەوە سەلەفی – جیهادییەکان جێگرەوەیەکی هەڵە دێنێتە بوون، کە بەپێی بەڵگە مێژووییەکان تەمەنێکی کورتی دەبێت.

———-
سەرچاوە:
پژوهشهای سياست اسلامی / سال سوم / شمارە هفتم / بهار و تابستان ١٣٩٤

Send this to a friend