• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 19, 2023

ئایینناسی لای غەزالی

كامەران مەلا ئەحمەد

پێشەکی
لە بنەڕەتدا قسەکردن لەسەر ئایینناسی وەک زانستێکی نوێی ناو زانستە مرۆڤایەتییەکان بۆ تێگەیشتن لە ئایین وەک یەکێک لە دیاردەکان، ڕووبەرێکی فراوان داگیر دەکات. لەگەڵ ئەوەی ئایینناسی زانستێکی نوێیە، بەڵام هێندە گرنگە کۆمەکیمان دەکات تا بتوانین بە شێوەیەکی باشتر و واقیعییانەتر لە ئایین تێبگەین لە دەرەوەی ئایین خۆی. ئەمە بەو واتایەی دوو جۆر تێگەیشتن لە ئایین هەیە: تێگەیشتنێک لە ناو ئایین خۆیدا لە ڕێگەی تێکستە پیرۆزەکان و ئەو لێکدانەوە و ڕاڤانەی زانایان و شارەزایانی ناو مەعریفەی ئایین خۆی بۆیان کردووە. بۆ ئایینێکی وەک ئیسلام بریتییە لە قورئان و فەرموودە/تێکستی پیرۆز و تەفسیر و تەئویل بۆ دەقەکان لە چوارچێوەی هەر سێ بازنەی (ئیمان) و (ئیسلام) و (ئیحسان)دا، ئەمەش بریتییە لە ئایینناسی لەناو خودی ئایین ئیسلام خۆیدا. لە بەرامبەردا پەنابردن بۆ زانستەکانی کۆمەڵناسی و مێژوو و ئەفسانە و دەروونناسی و هێرمەنتیکا و بەکارهێنانی میتۆدەکانیان بۆ تێگەیشتن لە ئایین وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و دەروونی و مێژوویی و کولتووری هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە ئایین لە دەرەوەی خودی ئایین خۆی. ئەمەی دووەم جۆرە مامەڵەیەکە بۆ هەموو ئایینەکان یەک شتە و جیاوازی ناکات لە نێوان ئایینی ئاسمانی وەک ئیسلام و مەسیحی و جولەکە یان ئایینی مرۆیی وەک هیندۆسی و بودیزم و کۆنفۆشیۆسی و هاوشێوەکانیان.
لێرەدا هەوڵ دەدەم کەسێکی دیار و خاوەن کاریگەری وەک (غەزالی – ١١١١ز) بکەمە بیانوو بۆ تێگەیشتن لە ئیسلام وەک ئایین و دیاردەیەک. هەڵبەت هەڵبژاردنی (غەزالی) بێ هۆ نییە، چونکە ئەم کەسایەتییە خاوەن پێگەیەکی دیار و کاریگەری هەیە لەسەر کۆی سیستمی مەعریفی ئیسلامی و بەهۆی ئەوەی خاوەن ئەزموونێکی قووڵ و تایبەت و پرۆژەیەکی گەورەی مەعریفی بووە، سەرەڕای ئەوەی کەسێکی ئەنسکلۆپیدی/مەوسوعییە. لە کۆی بەرهەمەکانیدا دەردەکەوێت خاوەن دیدگایەکی نوێیە بۆ ئایین، هەر وەک چۆن خاوەن تەئویلێکی تایبەت بە خۆیەتی بۆ ڕاڤەکردنی ئایین وەک دیاردە و ئایین وەک بەرنامە بۆ ژیان و ئایین وەک ڕزگارکەری مرۆڤ. ئەمەش بەو واتایەی (غەزالی) خاوەنی تێگەیشتنێکی تایبەت بە خۆیەتی بۆ بازنەکانی (ئیمان) و (ئیسلام) و (ئیحسان) کە کۆی بەرهەمەکانی بۆ ئەم ڕاڤەیە تەرخان کردووە کە بریتی بوو لە پرۆژەی تەمەنی.

ئایینناسی
ڕۆیستۆن پیک (١٩٨٠ ز) دەڵێت: “مێژووی ئایین بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و بابەتییانە لەو شتانەی ئایینە جیهانییەکان تاوتوێیان دەکەن لە ڕابردوو و ئێستادا. ئەم لێکۆڵینەوەیەش مەبەستییەتی لێکۆڵینەوە لە خودی ئایین بکات و خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانی نێوان ئایینەکان دەربخات و چەمکی ئایین بەشێوەیەکی گشتی پوخت بکاتەوە، لە ڕێگەی ئەمەشەوە جیاکارییەکانی هەستی ئایینی ڕوون بکاتەوە. بەمەش ئایینناسی بابەتێکە دەکەوێتە نێوان مێژوو لەلایەک و دەروونناسی و کۆمەڵناسی لەلایەکی دیکەوە”(1). بەم پێیە ئایینناسی هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە ئایین لە دەرەوەی ئایین وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و دەروونی و دەرکەوتەیەک لەناو مێژوودا.
بۆ یەکەمجار )ماکس مۆلەر-١٩٨٠ ز) چەمکی “ئایینناسی” وەک ناونیشانی کتێبەکەی (Religions Wissenchaft) بەکارهێنا کە بەواتای “لێکۆڵینەوەی زانستی لە ئایین” دێت.(2)

چەمکی ئایین لە زمان و لای بیرمەندان
وشەی “دین” لە ئەکەدییەکانەوە وەرگیراوە کە بە واتای دادگا و لێپێچینەوە دێت و ئەوانیش لە سۆمەرییەکانەوە وەریانگرتووە کە پێیان وتووە “ئور” واتە شار. چونکە شار شوێنی دادگا و جێبەجێکردنی دادپەروەرییە. لای گریکە کۆنەکان ئەم چەمکە واتاکەی لە دەست دا، چونکە لای گریکەکان “Polis” بە واتای شار، سیاسەت، پۆلیس، دادگا دێت. بەڵام چەمکی ئایین لای ئەوان بە واتای “کریست” بەکار دێت و هیچ پەیوەندی بە چەمکە سۆمەرییەکەوە نییە.
چەمکی ئایین لای هیندییەکان بە واتای رێکخستنی شاراوە لە سروشت، ژیانی مرۆڤ و ڕەفتاری زیندەوەرەکان و ژیان دێت، کە بە گوێرەی ئەم سیستم و رێکخستنە دەڕۆن بەڕێوە. لە زمانە ئەوروپییەکاندا “ئایین” بریتییە لە دۆخی دەروونی ئاییندار و تەرزی ئایینداریکردن. هەر وەک چۆن “ئایین” وەک ڕاستییەکی دەرەکی گەردوونی بریتییە لە باوەڕی ئایینی/ عەقیدە/دۆکترینی ئایینی.(3)
لە زمانی عەرەبیدا چەمکی (الدین) بریتییە لە خودی ملکەچبوون و بێ دەسەڵاتی، فەرمانبەرداری. کاتێک دەوترێت (و قوم دین) واتە، فەرمانبەردارن و ملکەچن. (المدینة) واتە ئەو شوێنەی فەرمانبەرداری دەسەڵاتدارانی تێدا دەکرێت. هەروەها کاتێک دەوترێت (الالە هو الدیان) واتە، خواوەند خاوەن دەسەڵاتە، دادوەرە، بڕیاردەرە، سیاسەتکار و بەڕێوەبەرە، لێپرسینەوە دەکات، ئەو کەسەیە پاداشت دەداتەوە و هیچ کردەوە و کارێک بە فیڕۆ نادات و مایەپووچی ناکات، جا بە باشە پاداشت دەداتەوە، یان بە سزا.(4)
(شیشرون – ٤٣ پ . ز) پێیوایە ئایین ئەو بەستەرەیە کە مرۆڤ بە خواوە دەبەستێتەوە. (شلایەر ماخەر – ١٨٣٤ ز)ی فەیلەسوفی ئەڵمانی دەڵێت: بنەمای ڕاستێتی ئایین هەستکردنمانە بە پێویستی بوون و شوێنکەوتنی ڕەها. (هێردەر – ١٨٠٣ ز) لەو بڕوای دایە کە ئایین لوتکەی مرۆڤبوون و گەشەکردنە کە هاوسەنگ و گونجاوە لەگەڵ تواناکانی مرۆڤ. (هێربرت سپنسەر – ١٩٠٣ ز) بەو جۆرە پێناسەی ئایینی کردووە کە بریتییە لە باوەڕبوون بە هێزێک کە ناتوانرێت کۆتاییەکەی لە سنووری کات و شوێندا وێنا بکرێت، ئەمەش ڕەگەزی سەرەکییە لە ئاییندا.(5)
(ئیمیل دۆرکهایم – ١٩١٧ ز) گەورە کۆمەڵناسی فەڕەنسی لە پێناسەکردنی ئاییندا دەڵێت: ئەو بیر و باوەڕ و کردارانەیە کە پەیوەستن بە شتە پیرۆزەکانەوە، کە دابڕاو و قەدەغە کراون، بەشێوەیەک شوێنکەوتووەکانی لە یەک یەکەی مەعنەویدا کۆدەکاتەوە و پێیان دەوترێت (میلەت – الملة).(6)
بەشێوەیەکی گشتی ڕەگەزە بنەڕەتییە پێکهێنەرەکانی ئایین بریتین لە:
١-باوەڕبوون بە شتێک لە سنووری پیرۆزیدا، ئەمەش جیای دەکاتەوە لە شتە دنیایی و سیکۆلارەکان.
٢- باوەڕبوون بە بوونی سیستمێکی گەردوونی لە بەرامبەر کایەی پیرۆزدا. کە شانۆیەکە بۆ چالاکی خواوەندەکان، بەشێوەیەک پێویستە ملکەچی یاسا گشتییەکان (Nomus- ناموس)، یان عەقڵ ( Logos) بێت و بە گوێرەی دیاردە سروشتییەکان بڕوات بەڕێوە.
٣-باوەڕبوون بە بوونی پەیوەندی و کاریگەری ئاڵوگۆڕی نێوان هەر دوو پشتێنەی پیرۆز و ناپیرۆز.
٤-ئەنجامدانی چەند کردەیەکی سروتی (ڕیتواڵ/تەقس) بە ئامانجی نزیککردنەوەی سروشتی مرۆڤ و سروشتی پیرۆز، لە نێویاندا سۆفیگەری و زوهد و دنیا نەویستی.
٥- دامەزراندنی کارەکان و سروتەکان (تەقسەکان) لەسەر کۆمەڵێک بۆچوون کە بە باوەڕەکان (Beliefs) ناسراوە. بنەما فەلسەفییەکانی تیۆلۆجیا (خواناسی) و ئەفسانەی ئایینەکان دیاری دەکات.
٦- پابەندبوون بە کۆمەڵێک شتی قەدەغەکراوەوە، کە پیرۆزییەکەی لە سەرچاوە پیرۆزەکەوە وەرگرتووە.
٧- پێشکەشکردنی قوربانی بە سەرچاوە پیرۆزەکە، بە پاشا پیرۆزەکە.
جگە لە ڕەگەزەکانی ئایین، هەر ئایینێک چوار جۆری سەرەکی هەیە:
١-ئایینی تاکە کەسی: بریتییە لە هەستێکی کەسی و ئەزموونێکی تاکە کەسی و تایبەتیش نییە بە کەسێکەوە، بەڵکو هەموو تاکەکان تێیدا بەشداری دەکەن بە پلەی جیاواز.
٢- ئایینی بە کۆمەڵ (دەستەجەمعی): بە شێوەیەکە تاکەکان ئەزموونی تایبەتی خۆیان لەناو یەکتردا ئاڵوگۆڕ پێدەکەن. هەوڵدەدەن هاوبەشی پێبکەن. ئەزموونە کەسییەکانیان لەناو ئەزموونە گشتییەکەیاندا دەردەبڕن.
٣- دامەزراوە فەرمییە ئایینییەکان: لەگەڵ دەرکەوتنی شار و دامەزراوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا دامەزراوە ئایینییەکانی وەک پەرستگاکان و پیاوانی ئایینی دەرکەوتوون.
٤- کۆبوونەوە ڕۆحی و ئایینییەکان: کە مۆرکێکی کۆمەڵایەتییان هەیە و دامەزراوەی لاوەکین.(7)

پێکهێنەرە بنەڕەتییەکانی ئایین
ئایینەکان لەهەر شوێن و کاتێکدا بن لە چوار پێکهێنەری بنەڕەتی و چوار پیکهێنەری لاوەکی پێکدێن (8) کە بریتین لە:

چەمکی ئایین لای غەزالی
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە غەزالی پێناسەی چەمکی (ئایین)ی نەکردووە، لە کاتێکدا کۆی نووسینەکانی بە گشتی و کتێبی (احیاء علوم الدین)ی بەتایبەتی باس لە خودی ئایین دەکات. بەمەش ئەگەر بمانەوێت بەناو نووسینەکانیدا بگەڕێین تا پێناسەیەکی ڕوون و دیاریکراو بۆ چەمکی (ئایین) لای غەزالی بدۆزینەوە ئەوە دەستمان ناکەوێت. پێدەچێت لە دوو دیدەوە سەرچاوەی گرتبێت، ئەوانیش: چەمکی ئایین ئەوەندە ڕوونە کە پێویست بە پێناسەکردن ناکات، بەڵکو هەر پێناسەکردنێک لێڵی دەکات. یان، چەمکی ئایین هێندە ناڕوونە ناتوانرێت لە قاڵب بدرێت و لە ژێر سایەی پێناسەیەکدا کۆبکرێتەوە، هەر بۆیە هەر هەوڵدانێک بۆ پێناسەکردنی چەمکی ئایین رەنگە حەقیقەتی ئایین لەدەست بدات. بەڵام بە تێڕوانین لە کۆی بەرهەمەکان و نووسینەکانی غەزالی لە بوارەکانی کەلام و ئوسوڵی فیقهـ و فیقهـ و تەسوف و لۆژیک و فەلسەفەدا کتێبی نوسیوە. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە غەزالی نەک تەنیا شارەزابووە، بەڵکو خودی ئایین بۆ ئەو جێگەی پرسیار و پرس و مشتومڕ بووە. هەوڵی داوە لە ئایین تێبگات لە ڕووبەرە فراوانەکەیەوە و لەسەر ئاستی تاکە کەس و کۆمەڵگە و کولتوور و عەقڵانیەت و شەریعەت و ئەخلاق و وجودیشەوە. بە دەربڕینە کلاسیکییەکە، غەزالی بە وردی و فراوانی لە بوارەکانی ئیمان/حەقیقەت و ئیسلام/شەریعەت و ئیحسان/تەریقەت کاری کردووە و هەوڵی داوە لێی تێبگات و جارێکی دیکە تەئویلیان بکاتەوە. لە دیارترین کارەکانی ئەم ڕووبەرە فراوانەی لەخۆ گرتبێت کتێبی (احیاء علوم الدین)ەکەیەتی کە پرۆژەیەکی فراوانی مەعریفییە. بە واتایەکی دیکە، ئایینی ئیسلام لە دیدی غەزالییەوە لە ئیمان و ئیسلام و ئیحسان پێکدێت و ئەم سێ ڕووبەرە کۆکەرەوەی کۆی بابەتەکانی ئایینن. کەواتە ئەگەر بمانەوێت لە ئایین خۆی تێبگەین، ئەوا پێویستە بە وردی ئاگاداری ئەم سێ ڕووبەرە بین.

کاتێک ئیمان بە دەربڕینی پێغەمبەرانە بریتییە لە باوەڕهێنان بە خوا و جیهانی نادیار لە فریشتەکان و رۆژی دوایی و پێغەمبەران و کتێبە پیرۆزەکان(9)، ئەوا ئەمە لای غەزالی بریتییە لە زانستی کەلام، چونکە ئەم زانستە وردەکارییەکانی ئەم شەش بنەمایەی ئایینمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. چونکە ئایین بە بێ بیروباوەڕ ئایین نییە. دەڵێت: لە گرنگترین کارێک بۆ هەموو مرۆڤایەت ئەوەیە بەختەوەری هەمیشەیی و نەبڕاوە بەدەست بهێنن، لە سەرگەردانی خۆیان بپارێزن و بە دوور بگرن. بۆ ئەمەش پێغەمبەران هاتوون و بە مرۆڤایەتییان وتووە خوای گەورە چەند مافێکی بەسەر بەندەکانییەوە هەیە لە کردارەکانیان و گوفتارەکانیان و بیروباوەڕەکانیاندا، بۆیە هەر کەسێک زمانی ڕاستی نەدرکێنێت، ویژدانی حەق داینەپۆشیبێت، کرداری ئەندامەکانی جەستەی نەڕازێنێتەوە، ئەوە دوارۆژ و چارەنووسی بۆ ئاگر و سزایە.(١٠) ئاماژەی بەوەش داوە مەرگ بابەتێکە گومانی تێدا نییە و هەر ڕوودەدات، کەسێکیش کاتێک دێت و دەڵێت: من پێغەمبەر و ڕەوانەکراوی خوام، پێویستە لەسەرمان بزانین خوا کێیە؟ ئایا دەتوانێت قسە بکات تا فەرمانمان پێ بکات و ڕێگری ئەنجامدانی چەند کردارێکمان لێ بکات؟ ئایا ئەو کەسەی دەڵێت من پێغەمبەرم ڕاست دەکات، یان نا؟(11) دەتوانین بڵێین بەم دەربڕینەی غەزالی بە کورتی باسی لە هەر چوار پێکهێنەرە سەرەکییەکەی ئایین کردووە، کە بریتییە لە بیڕوباوڕەکان و ئەفسانە و سروت و بابەتەکانی دوای مەرگ. لەوەی پێویستە بزانین خوا کێیە و ئەو کەسەی بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەکات بزانین ڕاست دەکات، یان نا، پەیوەندی بە بیروباوەڕەوە هەیە، لەوەی بزانین خوا کێیە پێویستیمان بە ئەفسانە، چیرۆکی پەیدابوونی خوا هەیە لەسەر زەوی. خوا فەرمانمان پێدەکات چی بکەین و چی نەکەین دەچێتە ناو سنووری سروت و ڕیتواڵەکانەوە. بە هەمان شێوەش ئایین هاتووە تا بەختەوەری هەمیشەیی و نەبڕاوە بە دەست بهێنین تەواو پەیوەستە بە مەرگ و ژیانی دوای مەرگەوە.
ئەگەر چاوێک بە پێشەکی کتێبی (احیاء علوم الدین) بخشێنین، تێدەگەین چەمکی ئایین چ واتایەکی تایبەتی لای غەزالی هەیە، ئەویش لە ڕێگەی هۆکاری نووسینی ئەم کتێبەوە بۆمان ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت: ئەو زانایانەی رێنماییکارن بۆ ئایین لەم سەردەمەدا نەماون و کەمبوونەتەوە، زانستی رێگەی بەرەو دواڕۆژ کە خوای گەورە لە قورئاندا بە فیقهـ و حیکمەت و زانست و ڕۆشنایی و نوور و ڕێنشاندان و پێگەیاندن ناوی هێناوە لەناو خەڵکدا کۆکراوەتەوە و لە بیرکراوە. ئەم کتێبەم داناوە تا زانستەکانی ئایین لە خۆیدا کۆبکاتەوە.(١٢)
هەر لە پێشەکی هەمان کتێبدا ئاماژەی بەوە داوە، کە کتێبەکە لە چوار بەش پێکدێت، ئەوانیش: پەرستش و نەریتەکان و لەناوبەرەکان و ڕزگارکەرەکان. هەرچی پەرستشەکانە لەسەر بنەمای زانست دامەزراون و بە گوێرەی ئەوەی پێغەمبەر هێناویەتی پێویستە پەرستشەکان ئەنجام بدرێن. کە بە زمانی ئایینناسییانە بریتین لە سروت و ڕیتواڵەکان.
هەرچی بابەتە نەریتییەکانە (العادات) ئەوا ئەو بابەتانەن کە مرۆڤ ناتوانێت دەستبەرداریان بێت، بە تایبەتی مرۆڤی ئاییندار. ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە هۆکارەکانی سەرگەردانی و تێداچوونی مرۆڤ و باوەڕدارەوە لە بنەڕەتدا پەیوەستن بە بابەتە ئەخلاقییەکان و پاکژکردنەوەی دەروون و دڵەوە. کۆتا بەشیش بریتییە لەو بابەتانەی مرۆڤ لە ژیانی دونیا و دوای مەرگ فریای دەکەون و ڕزگاری دەکەن، کە بریتییە لە پابەندبوون بە ئەخلاقە جوانەکان و گەیشتن بە پەلی ڕاستگۆیان و نزیکانی خوا، بە گوێرەی بەڵگەکانی شەرع و عەقڵەوە.(13)
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، غەزالی زۆربەی کات لە جیاتی چەمکی (ئایین) چەمکی (شەرع/شەریعەت) بە واتا فراوانەکەی بەکار دەهێنێت و مەبەست لێی خودی ئایینە. هەروەها بە ئاماژەدان بەو بابەتانەی نەریتین و مرۆڤ خوی پێوە گرتوون، بنەما بنەڕەتییەکانی ژیانی مرۆڤن لەسەر ئاستی تاک وەک خواردن و خواردنەوە و جلوبەرگ و شوێنی حەوانەوە، یان ئەو بابەتەی پەیوەستن بە مانەوەی مرۆڤ وەک جۆر، کە بریتییە لە سێکس و هاوسەرگیری لە چوارچێوەی بەشی دووەم لە ژێر ناونیشانی (ربع العادات – چواریەکی نەریتەکان)دا کۆی کردوونەتەوە و پێمان دەڵێت تا چ سنوورێک ئایین دەست لەم بابەتانە وەردەدات لە کاتێکدا ئایین هەبێت، یان نەبێت مرۆڤ بە سروشتی خۆی سەرقاڵی پرکردنەوەی ئەم جۆرە پێداویستییانە دەبێت. بەڵام دەستوردانی ئایین لەم بوارەدا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئایین تەنیا گرنگی بە ژیانی دوای مەرگ نادات، بەڵکو سەرەتا هەوڵدەدات ژیان لێرە، پێش مەرگ بەشێوەیەک ڕێکبخات مرۆڤ بگەیەنێتە بەختەوەری، چونکە ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتی ئایین گەیاندنی مرۆڤە بە بەختەوەری. لەم بارەوە دەڵێت: هەر کەسێک لە وتەکانی پێغەمبەر –دروودی خوای لەسەر بێت- ورد بێتەوە لەو بارەوە کە زۆر گرنگی داوە بە رێنماییکردنی خەڵکی و نەرمی و بەسۆزبوونی لەگەڵیان تا پەلێکشیان بکات بۆ جۆرەکانی نەرمی و نیانی و جوانکردنی ئاکارییان و ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان خەڵک، بە کورتی، ڕێنماییکردن و بانگکردنی خەڵکی بۆ ئەو شتانەی کە بە بێ ئەو شتانە خەڵکی ئایین و ژینیان چاک نابێت.(14)
لەمەوە دەردەکەوێت کە ئامانجی سەرەکی ئایین بە دیدی غەزالی تەنیا چاکسازی کردن نییە بۆ ژیانی دوای مەرگ، بەڵکو پێش ئەوە رێکخستنی ژیانی ئێرەیە بە جۆرێک شایستە بێت بە مرۆڤ.

دەرەنجامەکان
١-غەزالی چەمکی ئایینی پێناسە نەکردووە، بەڵکو بە گوێرەی بەرهەم و نووسینەکانیی، ئایین بریتییە لە ئیمان و ئیسلام و ئیحسان، زۆربەی کات لە جیاتی چەمکی (ئایین) چەمکی (شەرع و شەریعەت)ی بەکار هێناوە.
٢- لای غەزالی ئایین بە ئامانجی رێکخستنی ژیان لێرە پێش مەرگ و دەستەبەرکردنی بەختەوەری بۆ مرۆڤ کار دەکات. بە گرنگیدان بە ژیانی دوای مەرگ تا مرۆڤایەتی لە بەختەوەری هەمیشەییدا بن.

٣- یەکێک لە ڕێگاکانی بووژاندنەوەی ئایین و گێڕانەوەی ڕۆڵی سەرەکی ئایین، بە بووژاندنەوەی زانستەکانی ئایین دەبێت. بەمەش مرۆڤ نەتوانێت لە زانستەکانی ئایین تێبگات، ئەوا ناتوانێت لە خودی ئایین و ئەو ڕۆڵەی دەیگێڕێت تێبگات.
٤- بە گوێرەی میتۆدی ئایینناسی، غەزالی کاری کردووە بۆ ناساندنی ئایین لە ناو ئایین خۆیەوە، نەک لە دەرەوەی ئایین. بەمەش لە کۆی نووسینەکانیدا گرنگی داوە بە بیروباوەڕ و ئەفسانە و سروتەکان و ژیانی دوای مەرگ، کە پێکهێنەری سەرەکی ئایینن، هەر وەک چۆن گرنگیشی داوە بە ئەخلاق و ڕێساکانی و ژیاننامەی پێغەمبەران و پیاوچاکان و گرووپەکان بە تایبەتی سۆفییەکان و سۆفیگەری کە پێکهێنەری لاوەکی ئایینن، بەڵام لای غەزالی خودی ئەم بابەتانە کڕۆکی ئایینن، نەک پێکهێنەری لاوەکی.

——–
سەرچاوەکان:
١-العوا، الدكتور عادل و المستشرق جيب. علم الأديان و بنية الفكر الأسلامي. منشورات عويدات بيروت – لبنان. الطبعة الأولى تشرين الأول ١٩٧٧. ص ٥ – ٦.
٢- الماجدي، خزعل. علم الأديان تاريخه، مكوناته، مناهجه، أعلامه، حاضره، مستقبله. مؤمنون بلاحدود للدراسات و الأبحاث. الطبعة الأولى ٢٠١٦. ص ٤٩.
٣- سەرچاوەی پێشوو. لاپەڕە ٢٥ – ٢٧.
٤- سەرچاوەی پێشوو. لاپەڕە ٢٧.
٥- علي، غيضان السيد. فلسفة الدين المصطلح من الأرهاصات إلى التكوين العلمي الراهن. العتبة العباسية المقدسة، المركز الأسلامي للدراسات الأستراتيجية. الطبعة الأولى ٢٠١٩. ص ٢٨ – ٢٩.
٦- الماجدي، خزعل. علم الأديان تاريخه، مكوناته، مناهجه، أعلامه، حاضره، مستقبله. مؤمنون بلاحدود للدراسات و الأبحاث. الطبعة الأولى ٢٠١٦. ص ٢٨.
٧- سەرچاوەی پێشوو. لاپەڕە ٢٦ – ٣٢.
٨- سەرچاوەی پێشوو. لاپەڕە ٣٢.
٩- البغا و مستو، الدكتور مصطفى و محي الدين. الوافي في شرح الأربعين النووية. دار ابن كثير بيروت – لبنان. الطبعة الحادية العشر ١٩٩٩. ص ١١.
١٠- الغزالي، أبي حامد محمد بن محمد بن محمد. الأقتصاد في الأعتقاد. دار المنهاج للنشر و التوزیع، الجدة – المملكة العربية السعودية. الطبعة الثانية ٢٠١٢. ص ٧١.
١١-سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ٧١ – ٧٢.
١٢- الغزالي، أبي حامد محمد بن محمد بن محمد. إحياء علوم الدين. دار الكتاب العربي بيروت – لبنان. طبعة ٢٠٠٨. ص ١٠.
١٣- سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٠ – ١١.
١٤. الغزالي، أبي حامد محمد بن محمد بن محمد. المنقذ من الضلال. ضمنة مجموعة رسائل الأمام الغزالي. دار الفكر للطباعة و النشر بيروت – لبنان. الطبعة الأولى ٢٠٠٣. ص ٥٦٣.

Send this to a friend