• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 14, 2021

جینۆساید، تاوانێکی گەورە و وانەیەکی بچووک

ئامادەكردن: عەدنان ئەحمەد

کورد بە درێژایی مێژووی خۆی چەندین جار ڕووبەڕووی جینۆساید و ھەوڵی لەناوبردن بووەتەوە، کەم ناوچەی کوردستان ھەیە بەر شاڵاوەکانی ئەنفال، بۆردوومان، کیمیاباران و ھەوڵی لەناوبردن نەبووبێتەوە. بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بەشێکی زۆری ئەو ستەم، ھێرش و پەلامارانەی کراوەتە سەر ھەرێمی کوردستان؛ دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە.

جینۆساید چییە؟

جینۆساید پێناسەی جۆربەجۆری بۆ کراوە و پۆلێنبەندیی بۆ کراوە. بە ھۆی جیاوازی و جۆراوجۆریی ئاستی ئەو تاوانانەی بە جینۆساید ناو دەبرێن، پێناسەی جیاواز و جۆربەجۆریش بۆ ئەم چەمکە کراوە. ئاوارە حسێن مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری ئایندەناسی بەم شێوازە باسی جینۆساید دەکات و دەیناسێنێت: جینۆساید تاوانێکی نێودەوڵەتییە کە لەسەرووی ھەمووی تاوانە نێودەوڵەتییەکاندایە. واتە گەورەترین و مەترسیدارترین تاوانی نێودەوڵەتی و ناوخۆییە. جینۆساید چەمکێکی نوێیە بۆ تاوانێکی کۆن و بۆ یەکەم جار ساڵی ١٩٤٤ لەلایەن یاساناسێکی جوولەکەی پۆڵەندیی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەمەریکی بە ناوی رافایل لێمکن بەکار ھات، کە دکتۆرای ھەبوو لە بواری یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی و ٤٩ کەسی نزیکی لە ھۆڵۆکۆستدا بەر جینۆساید دەکەون، بۆیە ھەوڵی دۆزینەوەی ناوێک دەدات بۆ ئەم تاوانە و لەوێوە چەمکی جینۆساید وەک ناو لە کتێبەکەیدا بە ناوی “یاسای ناوەندی لە ئەورووپای داگیرکراودا” جێگیر دەکرێت.

ساڵی ١٩٤٨ بۆ یەکەم جار نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتننامەیەک دەردەکات بە ناوی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید و سزادانی تاوانبارانی کە لە ١٩ مادە پێک ھاتووە. لە مادەی دوودا دەڵێت: جینۆساید بریتییە لە کوشتن، ئەشکەنجەدانی جەستەیی و ھزری، خستنەژێربارێکی مەترسیدار بۆ لەناوبردنی گرووپێک، ڕێگریکردن لە زاوزێ و زۆربوون لەنێو ئەندامانی گرووپەکەدا، ڕاگواستنی منداڵانی ئەو گرووپە بۆ گرووپێکی دیکە بەزۆر، ھەموو ئەمانە بۆ لەناوبردنی گرووپ و کۆمەڵێک ھەموویان یان بەشێکیان.

د. مارف عومەر گوڵ، شارەزا لە یاسای نێودەوڵەتی، بەم جۆرە باس لە جینۆساید و ڕووداوەکانی جینۆسایدی دەکات، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان سەیری ڕووداوەکان بکەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، کارەسات و ڕووداوی زۆر جەرگبڕ ھەیە لە مێژووماندا، بەڵام با باسی سەردەمی ڕژێمی بەعس بکەین تاکوو تاوانەکانی ئەم دواییەی داعش. کورد وەک گرووپێکی تایبەتمەند ئەم تاوانانەی بەرامبەر کراوە: ڕاگواستنی بەکۆمەڵ، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، وێرانکردنی ناوچەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەرفراوان و گشتی، تاوانی ئەنفالەکان و بەکارھێنانی چەکی کیمیایی. ئەم ڕووداوانە ھەموویان دەبنە ھۆی کۆمەڵکوژییەکی فراوان، فەوتاندنی مرۆڤ و زیندەوەران، ئەمە جگە لە شێواندن و ژەھراویکردنی سروشت، ئەمانە ھەموویان تاوانی نێودەوڵەتین.

کورد بەر سیاسەتێکی دڕندانە و سەخت کەوتووە کە بووە ھۆی فەوتاندنی نەتەوەیی. بۆ نموونە لە تورکیا کە ناوچەکانی لێ سەنراوەتەوە و ناتوانرێت پێی بوترێت کوردستان، لە سووریا لەلایەن ڕژێمی سووریا  و تورکیاوە بەر ھێرش کەوتووە و سیما نەتەوەییەکانی لێ زەوت کراوە. ئەوەی لە عێراقیش ڕووی دا و تاکوو کەوتنی ڕژێمی بەعس بەردەوام بوو، ھەر بە ھەمان شێوە بوو. بۆ دیاریکردنی تاوانی جینۆسایدیش، ئێمە بڕیاری پەرلەمانی عێراق و بڕیاری دادگای تاوانکاریی عێراقمان ھەیە. لە تاوانی جینۆسایدیشدا کەم و زۆریی ژمارەی قوربانییەکان مەرج نین، مەرجی تایبەتی بۆ ویستی تاوانکار ئەوەیە ئەو کۆمەڵە مرۆڤە بفەوتێنرێت کە تاوانەکەی بەرامبەر کراوە، ئەویش بە شێوەی ڕاستەوخۆ کوشتن، فەتاندنی لەسەرخۆ، داگیرکردنی وڵات و پەرتەوازەکردنی خەڵکەکەی، دابڕینی خەڵکەکە لە یەکتر و دابڕینیان لە شێوەژیانی ئاسایی خۆیان لە ڕووی زمان، کولتوور، پێکھاتەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی. کە ئەمانە ھەمووی تێک چوو، دەبێتە فەوتاندنێک کە سەرباری لایەنی جەستەیی، فەتاندنی بایۆلۆجی، کولتووری و ئابووری. گرنگە ئاماژە بە ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٤٨ی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەین کە باس لە دوو جۆر تاوانی جیۆساید کراوە، تاوانی فیزیکی کە فەوتاندنی جەستەییە، لەگەڵ تاوانی بایۆلۆجی کە بریتییە لە ڕێگاگرتن لە کۆمەڵە مرۆڤێک زیاد بکەن، بە ئامرازی پزیشکی بێت یان دەرمانخورادکردن، یان دابڕینی ھاوسەرەکان لە یەکتر و ڕێگەگرتن لە منداڵبوون، ئەمانە ھەموویان دەبنە ھۆی فەوتاندنی خەڵکەکە.

ئەمە جگە لە باسکردنی دوو جۆری دیکە کە باس کران، بەڵام نەتوانرا لە ڕێککەوتننامەکەدا دابنرێن، ئەوانیش کولتووری و ئابوورین. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین باسی پڕۆسەکانی ئەنفال بکەین، دیھاتەکان وێرانکران، ژمارەیەکی زۆری خەڵکەکە بۆ باشووری عێراق ڕاگوێزران و زیندەبەچاڵ کران، بەشێکیشی لە ناوخۆی وڵات و دەرەوە پەرتەوازە بوون. بەم جۆرە زەمینە کولتوورییەکە نەما، زمان و پیوەندییە کولتوورییەکان لەبەریەک ھەڵوەشێنران، مێژووی خەڵک شێوێنران و کولتوورەکەیان ڕووبەڕووی فەوتان کرایەوە.

لە ڕووی ئابوورییشەوە ناوچەکان وێران کران و سەرچاوە ئابوورییەکان تاڵان كران و کوێر کرانەوە، تاکوو خەڵکەکە نەتوانێت بە شێوەی جاران بەرھەمھێنان بکات، ئەمەش مردنێکی لەسەرخۆی خەكەکە بوو، چونکە خەڵکی ئەم ناوچانە ڕەنگە نەتوانن بچنە سەر ژیانە ئاساییەکەی جاران و کاری بەرھەمھێنان بکەن.

جینۆسایدی کورد

چەند ڕووداوێک لە مێژووی کورد لە ھەرێمی کوردستاندا ھەن کە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و بواری جینۆساید؛ دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە. لە بارەی ئەوەی کامانەن ئەو ڕووداوانەی لە مێژووی نزیکی کورددا دەکرێت وەک جینۆساید ناویان بھێنرێت، ئاوارە حسێن دەڵێت: کورد نەتەوەیەکە و وەک قوربانی جیاوازە لە داگیرکەرەکانی. ھەموو ئەو تاوانانەی لە دژی کورد ڕوویان داوە، ئامانجی زۆرینەیان بریتی بووە لە لەناوبردنی ھەموو کورد یان بەشێکی، کەواتە دەتوانین پێیان بڵێین جینۆساید. ھەر لە ڕێککەوتننامەی لۆزان بۆ دامرکاندنەوەی شۆڕشی شێخ مەحموود، شۆڕشەکانی بارزان، سووتاندنی دێکان، بۆمبارانی قەڵادزێ و ھەڵەبجە لە ساڵی ١٩٧٤، ڕاگواستنی خەڵکی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ و ١٩٧٩، ئەنفالی بارزانییەکان لە ١٩٨٣، کیمیابارانی ھەڵەبجە لە ١٩٨٨، پڕۆسەکانی ئەنفال، جینۆسایدی کوردانی فەیلی، کۆڕەوەکەی ١٩٩١ و تاکوو ئەوەی لە شنگال ئەنجام درا. دادگای باڵای تاوانکاریی عێراقی کە لە ساڵی ٢٠٠٥دا دامەزراوە، بەگوێرەی مادەی ١١ کە پێناسەی جینۆساید دەکات، چوار کەیسی کوردی بە جینۆساید ناساندووە، کەیسەکانیش بریتین لە ئەنفال، ئەنفالی بارزانییەکان، کوردانی فەیلی و کیمیابارانی ھەڵەبجە.

د. فایەق گوڵپی؛ چاودێری سیاسی، بەم جۆرە ئەو ڕووداوانە دەخاتە ڕوو کە دەتوانرێت بە جینۆساید ناو ببرێن: دەیان ڕووداوی کۆمەڵکۆژی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە بەرامبەر گەلی کورد ئەنجام دراون، بەڵام کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال گرنگترینی ئەو کۆمەڵکوژییانەن کە بە پێوەری زانستی و نیودەوڵەتی بە جینۆسایدی گەلی کورد پێوانە دەکرێن.

یەکەم: کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە کە لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن هێزی ئاسمانیی سوپای عێراقەوە ئەنجام درا، بە فەرمانی سەرکردەکانی عێراق سەددام حسێن و عەلی حەسەن مەجید، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی (گازی خەردەل و گازی دەمارەکانی) دژی خەڵکی مەدەنیی ئەو شارە و گوند و ئوردووگاکانی دەوروبەری بەکار هێنا. نزیکەی پێنج هەزار کەسی مەدەنی شەهید بوون، دەیان هەزار بریندار بوون، ئەوانەی لەوێ مانەوە؛ ئاوارەی شارەکانی دیکەی هەرێم و وڵاتی ئێران بوون. ژمارەیەک لەوانەی ئاوارەی شارەکانی دیکەی هەرێم بوون و ژمارەیەک لەوانەی دواتر لە ئێران گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی عێراق دەستگیر کران و ئەنفالی کردن.

ئەمە یەکەم جارە لە مێژوودا دەوڵەتێک بە چەکی کیمیایی خەڵکی مەدەنیی وڵاتەکەی خۆی کۆمەڵکۆژ بکات، ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا چەکی کیمیایی گازی دەمارەکان دژی مرۆڤ بەکار بێت. لەبەر ئەوەی گازی دەمارەکان کە لە سەروبەندی جەنگی جیهانیی دووەمدا لەلایەن وڵاتە بەشەڕهاتووەکانی ئەو کاتەوە دروست کرا؛ لە شەڕەکەدا بەکار نەهێنرا، دوای ئەو شەرەش بەڵگە نییە کە لە هیچ شەرێکی تردا بە کار هاتبێت.

هۆکاری کیمیابارانی هەڵەبجە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ڕێکەوتی ١٤/٣/١٩٨٨، شاری هەڵەبجە و دەوروبەری لەلایەن هێزی ئۆپۆزسیۆن و سوپای پاسداری ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا و سوپای عێراق لەو دەڤەرە شکا و ناوچەکەی بەجێ هێشت، خەڵکی هەڵەبجە لەو شەڕەدا هیچ تاوانێکیان نەبووە و هاوکاریی ئەو هێزانەیان نەکردووە کە کۆنترۆڵی هەڵەبجەیان کردووە.

دوەم کارەساتی دیکەی کۆمەڵکوژیی گەلی کورد کە بە جینۆساید پێوانە کراوە، پڕۆسەکانی ئەنفالی ساڵی (١٩٨٨)ە کە هەشت پڕۆسە بوون، ئەنفالی یەک لە مانگی شوباتەوە لە ناوچەی دۆڵی جافایەتی لە باکووری سلێمانی دەستی پێ کرد، ئەنفالی هەشت لە مانگی ئابدا لە ناوچەی بادینان کۆتایی هات.

لە پڕۆسەکانی ئەنفالدا سوپای عێراق و هێزە چەکدارەکانی دیکە، سەرەتا بە تۆپ و فڕۆکەی جەنگی چەکی کیمیاییان بەکار دەهێنا، دواتر هێرشی زەمینییان بۆ ئەو شوێنە دەکرد. ئەوەی بیتوانیایە ڕابکات؛ لە ئەنفال ڕزگاری دەبوو، ئەوەی دەکوژرا؛ دەکوژرا، ئەوەی دەست سوپای عێراق بکەوتایە؛ بە ماشێنی سەربازی ڕەوانەی بیابانەکانی عێراق دەکرا، بە کۆمەڵ دەیانکوشتن و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا دەیانشاردنەوە.

لەم پڕۆسانەدا سەدان هەزار کەس ژیانی لەدەست دا، هەموو گوندەکانی هەرێمی کوردستان چۆڵ و وێران کران، دەیان ناحیە و قەزای هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانیدا چۆڵ کران و وێران کران.

کورد و کەمتەرخەمی

یەکێک لە پرسیارە جددییەکانی ئێستا ئەوەیە ئایا کورد توانیویەتی بەپێی پێویست کار لەسەر جینۆساید بکات؟ ئەگەر نا، کێ بەرپرسە؟ بۆچی کورد نەیتوانیوە کار لەسەر گەورەترین ڕووداوی مێژووی خۆی بکات و بە جیھانی بناسێنێت، کێ بەرپرسە لەم کەمتەرخەمییە؟

د. مارف عومەر گوڵ بە ڕەخنەگرتن لە کەمتەرخەمیی کورد؛ ھەڵسەنگاندن بۆ ئەم پرسە دەکات و دەڵێت کورد کاری لەسەر پرسی جینۆساید کردووە، بەڵام زۆر کەم و لاوازە، لە ئاستی تاوانەکە و قوربانییەکانیدا نییە، چونکە تاوانەکە فەوتاندنی میللەتێکە، دەبووایە کورد بەیەکگرتوویی کاری لەسەر بکردایە نەک بەپچڕپچڕی. بەشێک لە کارەکان تاکەکسین، حکومەتیش ھەندێک کاری کردووە، بەڵام دەبووایە گەورەتر بووایە و دەزگایەکی گەورەی نەتەوەیی دروست بکات کە کار لەسەر ئەم کەیسە بکات و لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتییشدا بە پلان و بەرنامە کاری لەسەر بکات.

باس لەوەش دەکات جینۆساید دەتوانێت ببێت بە زەمینەی یاسایی چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوایەتیی گەلی کورد، بەڵام بەداخەوە کورد خۆی نەیتوانیوە ئەو زەمینەیە دروست بکات و کاری لەسەر بکات تاکوو بە جیھانی بناسێنێت و بەدەممانەوە بێن. ڕاستە جیھان دوای ١٩٩١ بەدەنگ کوردەوە ھاتن، بەڵام کارێکمان کرد بەدەنگەوەھاتنەکەمان لەدەست دا، یەکێک لەو ھۆکارانەش کێشە ناوخۆییەکانمان بوو.

د. فایەق گوڵپی بەم جۆرە قسە لەسەر ئەم پرسە دەکات: کە دەڵێی کورد دەبێت خەڵک و دەسەڵات لە یەک جیا بکەینەوە، ئەوەی کە دەبێت کار لەسەر جینۆساید بکات دەسەڵاتی هەرێمە، بە بڕوای من دەسەڵاتی کوردی نەیتوانیوە کار بۆ ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد بکات، هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەو سیاسەتەی لە هەرێمی کوردستاندا پەیڕەو دەکرێت سیاسەتێکی حزبیی دەسەڵاتخوازییە، سیاسەتێکی نەتەوەیی و دیموکراتی نییە، ئەو عەقڵیەتە کوردییەی کە سیاسەتی هەرێم لە کوردستان و عێراق ئاراستە دەکات، عەقڵیەتێکی خێڵەکی و دەسەڵاتپەرستییە، بیر لە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد ناکاتەوە، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی گەلی کورد نادات، تەنها بیر لە پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان واتە حزب و بنەماڵە دەکەنەوە. لەدوای ڕاپەرینەوە تا ئەمڕۆ، لایەنە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم دۆزی گەلی کورد، خاکی گەلی کوردستان و سەروەری و کەرامەتی گەلی کورد، لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتیان و پێگەی سیاسی و ئابوورییاندا هەراج دەکەن، ئەگینا هیچ مەعقول نییە وا هەژدە ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی سەددامدا تێپەڕیوە کە گەلی کوردی جینۆساید کردووە، نوێنەرانی کورد لە عێراق و لە هەرێم کاری جددییان نەکردووە بۆ ئەوەی حکومەتی نوێی عێراق جینۆسایدی گەلی کورد بە فەرمی بناسێت و قەرەبووی سیاسی، ڕۆحی و ئابووریی خەڵکی کوردستان بکاتەوە.

ئاوارە حسێن لەسەر پڕۆسەی بەجینۆسایدناساندنی ڕووداوە تراژیدییەکانی کوردستان؛ بڕیاربەدەستانی ھەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەوە و دەڵێت بەرپرسان بەرپرسن، لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی تاکەکەس و توێژەران چەندین ھەوڵ دراوە بۆ ناساندنی پرسی جینۆسایدی کورد، بەڵام جیھان لە ئەمڕۆدا مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەدا دەکات نەک تاکەکەس، بۆیە چالاکیی تاکەکەسی ھێزی دامەزراوەی نییە لەسەر ئاستی جیھان. حکومەتی ھەرێم بڕیاربەدەستی یەکەمە لە ئەم پرسەدا، بۆیە حکومەت باشتر دەتوانێت نوێنەرایەتیی ئەم پرسە بکات و کاری لەسەر بکات. نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێم لە وڵاتانی جیھان دەتوانێت ساڵانە کۆنفرانس ڕێک بخات، لۆبی دروست بکات، چالاکی بکات، فشار دروست بکات و کار لەسەر ئەوە بکات ئەو وڵاتەی نوێنەرایەتییەکەی تێدایە جینۆسایدی کورد بناسێنێت و بە یاسا دانی پێدا بنێن.

ئاوارە حسێن تیشک دەخاتە سەر ئەوەی پێویستە کورد سوود لە باڵوێزە کوردەکان وەربگرێت و دەڵێت ڕێگایەکی دیکە بریتییە لە باڵوێزەکانی کورد لە حکومەتی عێراق لەو وڵاتانەی تێیدان، ئەم کوردانە دەتوانن وەک دامەزراوە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، چونکە بەئاسانی دەتوانن بەرپرسانی ئەو وڵاتە ببینن کە تێیدا باڵوێزن، بەتایبەتی دەسەڵاتی یاسادانانی ئەو وڵاتانە تاکوو بە یاسا جینۆسایدی کورد بناسێنن.

جینۆسایدی کورد وەک کەیسێکی جیھانی

یەکێک لەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی حکومەتی ھەرێم دەکرێت ئەوەیە کە نەیتوانیوە جینۆساید بکات بە کەیسێکی جیھانی و سەرەڕای چەندین نوێنەرایەتی و خەرجکردنی پارەیەکی زۆر، نەتوانراوە لە ئاستی جیھاندا ئەم تاوانە گەورانە کاریان لەسەر بکرێت و بناسرێنرێن.

د. فایەق گوڵپی بە ڕەخنەگرتنەوە لە دەسەڵاتدارانی کورد، ھۆکاری بچوککردنەوەی جینۆساید و بەجیھانینەکردنی دەخاتە ئەستۆی حکومەتی ھەرێم و یەکێتی و پارتییەوە: بە بڕوای من هۆکاری سەرەکی کە کورد نەیتوانیوە جینۆساید بکات بە کەیسێکی جیهانی، دیسان سیاسەتی دەسەڵاتدارانی کوردە  نەک گەلی کورد، دەسەڵاتدارانی هەرێم لەدوای ڕاپەرین وا هەڵسوکەوتیان کردووە کە جینۆسایدی گەلی کورد خەتای گەلی کورد بووە، خەتای سەرانی ڕژێمی سەددام نەبووە، کە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق سزای لەسێدارەدانی بۆ سەددام و هاوکارەکانی دەرکرد، سەرۆککۆماری عێراق کە کورد بوو ئامادە نەبوو ئیمزا لەسەر لەسێدارەدانی سەددام حسێن و دارودەستەکەی بکات. ئەو فڕۆکەوانەی (تارق ڕەمەزان) کە بۆردوومانی کیمیایی هەڵەبجەی کردبوو، لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە دەستگیر کرا و لە سلێمانی زیندانی بوو، بەبێ دادگاییکردن ئازاد کرا. دژی هەستوسۆزی خەڵکی کوردستان، دەسەڵاتدارانی هەرێم سەرانی ڕژێمی ئەنفال و کیمیابارانیان لە هەولێر و سلێمانی پەنا دا. ڕێکخراوی چاک هەوڵی دا لە دانیمارک نزار خەزرەجی سەرۆکئەرکانی سوپای عێراقیی سەردەمی ئەنفال و کیمیاباران بباتە بەردەم دادگا لەسەر ئەنفالەکان، بەڵام سەرانی کورد (پارتی و یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی) داکۆکییان لە نزار خەزرەجی کورد، نامەیان بۆ دادگای دانیمارک نارد کە نزار خەزرەجی  بێتاوانە.

ئاوارە حسێن پێی وایە کورد و دەسەڵاتی کوردی نەیویستووە ئەگینا دەیتوانی جینۆساید لەسەر ئاستی جیھاندا بناسێنێت و کاری لەسەر بکات: پێم وایە بەرپرسانی کورد نەیانویستووە، ئەگەر بیانەوێت دەتوانن بە پرسی جینۆساید؛ دەوڵەتی سەربەخۆش ڕابگەیەنن کە لای بەرپرسانی کورد بازرگانی بەم درووشمەوە دەکرێت. وەک دەزانین چەند گەل بە کەیسی جینۆساید دەوڵەتیان دروست کردووە، لە ئیسرائیلەوە بیگرە تاکوو سربیا، بۆسنە، مەکدۆنیا، کرواتیا، تەیموری ڕۆژھەڵات و دواترینیشیان باشووری سوودان کە بە کەیسی جینۆساید توانیویانە دەوڵەت دروست بکەن و ڕایبگەیەنن. کورد کە نەیتوانیوە، ھیی ئەوە بووە کە نەیویستووە و کاری لەسەر نەکردووە، ئەگەرنا دەتوانین بە کەیسی جینۆساید ئەو مافانە بەدەست بھێنین کە تاکوو ئێستا بەدەستمان نەھێناون و ئەوانەشی بەدەستمان ھێناون؛ بیانپارێزین. بەرپرسانی کورد دەرفەتێکی باشیان لەبەر دەستدایە لەسەر ئاستی نیشتمانی، چونکە لەسەر ئاستی عێراق چوار کەیس لەلایەن دادگای باڵای عێراقییەوە وەک جینۆساید دانی پێدا نراوە، ئەمەش گەورەترین پاڵپشت و کارتی بەھێزە ئەگەر حکومەتی ھەرێم بیەوێت لەسەر ئاستی جیھانی کار لەسەر بەفەرمی ناساندنی جینۆسایدی کورد بکات. بۆیە ئێمە بەراورد بە ھەندێک گرووپ و گەلی دیکەی وەک ئەرمەنییەکان کە تورکیا نەک دانی بە جینۆسایدەکەیاندا نەناوە، تەنانەت نکۆڵییشی لێ دەکات؛ باشترین، چونکە دەوڵەتی ئەنجامدەر دانی بە جینۆسایدەکەماندا ناوە کە دادگای بەغدای پایتەختی جینۆسایدکەرمانە، واتە ئێمە لەسەر ئاستی جیھان کارت و پاڵپشتێکی بەھێزمان ھەیە تاکوو کار لەسەر جینۆسایدەکەمان بکەین. کە نەکراوە، حکومەتی ھەرێم بەرپرس و کەمتەرخەمە.

د. مارف عومەر گوڵ بە ھەمان شێوە ڕەخنە لە مامەڵەی دەسەڵاتی کوردی لەم پرسەدا دەگرێت: دەسەڵاتی کوردی زۆر بەبێ بەرنامە کاری کردووە، ئەوەندەی کاری لەسەر خۆخۆری کردووە، کاری لەسەر بابەتە نەتەوەییەکان نەکردووە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. نوێنەری کورد لە وڵاتان ھیی حزبەکانن و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرنامەیەکی یەکگرتوو نییە، نەشتوانراوە دۆستەکانی کورد و ئەو ھەستوسۆزەی بەرامبەر کورد ھەبووە لە جیھاندا بەکاری بھێنن و لە خۆیانی کۆ بکەنەوە. عەقڵی کورد نەیتوانیوە بگات بە ئاستی عەقڵی جوولەکە، ئەگەرنا دەمانتوانی کاری زۆر باش بکەین و پشتگیریی جیھان بۆ مەسەلە ڕەواکەمان بەدەست بھێنین. ئەمە جگە لەوەی کورد نەیتوانیوە بچێتە ناو سیاسەتی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی، تاکوو ئەو پشتگیرییانە فراوانتر بکات کە لە جیھاندا ھەن و لێی کراوە، بۆ نموونە پشتگیریی پەرلەمانتارانی بەشێک لە وڵاتانی جیھان.

ھەلی نیشتمانسازی

بەشێکی ئەو کۆمەڵ، نەتەوە و گەلانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و جینۆساید بوونەوە، دوای کارەساتەکان دەستیان بە خۆدروستکردنەوە و خۆڕێکخستنەوە کرد. جینۆساید نەک لەناوی نەبردن، بەڵکوو کردیان بە ھەلێک بۆ نیشتمانسازی، خۆبەڕێوەبردن، شوناس بەھێزکردن و تەنانەت دروستکردنی دەوڵەت. ئەم گەلانە بە لۆبیکردن، دیپلۆماسیەتی زیرەکانە و پەیوەندی دروستکردن؛ توانییان جینۆسایدەکەیان بە ھەمووان  بناسێنن و جیھان ناچار بکەن بە یاسا دان بە دۆسییەکەیاندا بنێت.

سەرەڕای چەندین تاوانی جینۆساید، بۆچی کورد نەیتوانی ئەم کارە بکات کە گەلانی جینۆسایدکراو ئەنجامیان دا؟ بۆچی نەتوانرا جینۆساید لە نیشتمانسازی و دروستکردنی دەسەڵاتی کوردیدا کاری لەسەر بکرێت، وەک ئەوەی جوولەکە کردیان؟

د. مارف عومەر گوڵ بە نموونە ھێنانەوە بە ئەزموونی جوولەکە، ھەڵسەنگاندنی خۆی دەکات و دەڵێت: کورد ناتوانێت بیرکردنەوە، عەقڵ، لێکدانەوە، سیاسەت و دیپلۆماسیەتی لە ئاستی جوولەکەدا بێت، ئەگەر بیتوانیایە دەیتوانی ساڵی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ ھەموو کەرکووکی بکڕیایە، بەڵام ئەوەندەی کێشەی حزبایەتی و دزییان مەبەست بووە، مەسەلە نەتەوایەتییەکەیان مەبەست نەبووە، ئەمەش بێئومێدییەکی گەورەی لای خەڵکی کوردستان دروست کرد و گەیشتە ئەم قۆناغە ناڕوونەی ئێستا کە نازانرێت بەرەو کوێ دەچێت. ھیچ دوور نییە ئەو ڕووداو و جینۆسایدانە دووبارە ببنەوە، لە کاتی ھاتنی داعش بینیمان دووبارە بووەوە.

د. فایەق گوڵپی لەم بارەیەوە دەڵێت: هزری سیاسی و سیستمی حوکمڕانیی جوولەکەکان لە خزمەتی خەڵک و گەلی جوولەکەدایە، هزری سیاسیی سیستمی حوکمڕانیی کوردستان لە خزمەتی بنەماڵە، حزب و وڵاتانی داگیرکەری کوردستاندایە. دوای ڕاپەڕین، هەر کاتێک پەیوەندیی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ ڕژێمی بەغدا باش بووایە، لە یادی هەڵەبجە و ئەنفالدا دەسەڵاتدارانی هەرێم لەسەر ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە بێدەنگ دەبوون و یادی کارەسات و جینۆسایدیان نەدەکردەوە، هەر کاتێکیش پەیوەندییان لەگەڵ ڕژێمی بەعسی ئەنفال و کیمیاباراندا تێک بچووایە، لەسەر ئەنفال و کیمیاباران سووکەگلەییەکیان لە سەددام دەکرد، بەوەدا دەردەکەوێت کە دەسەڵاتدارانی هەرێم؛ ئەنفال و کیمیابارانیان وەک تاکتیک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکار هێناوە، ناساندنی جینۆسایدیان وەک پڕۆژەیەکی ستراتیجی بۆ سەرخستنی دۆزی کورد بەکار نەهێناوە. لە هەمان کاتدا دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت کە دەسەڵاتدارانی کورد لە هەرێمدا پابەندی سیاسەتی وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستانن و بەبێ بڕیاری ئەو وڵاتانە دەست بە ئاویشدا ناکەن، هیچ وڵاتێکی داگیرکەری کوردستان بە عێراقیشەوە لەگەڵ ئەوەدا نین کە کورد وەک گەلێکی جینۆسایدکراو بناسرێت و سوود لەو جینۆسایدە وەربگرێت بۆ نیشتمانسازی و دەسەڵاتداریی هەرێمی کوردستان.

ئاوارە حسێن بە ئاماژەدان بە پڕۆسەی نیشتمانسازیی جوولەکەکان، تیشک دەخاتە سەر ھەڵەکانی کورد لەم پڕۆسەیەدا: جوولەکەکان وەک گرووپێکی جینۆسایدکراو لێزانانە کاریان لەسەر ئەم پرسە کرد، ھۆڵۆکۆستیان کرد بە ئەدەب، یاسا، فەلسەفە، سینەما و ھونەر و لە ھەموو ڕەھەندەکانەوە کاریان لەسەر کرد و کردیان بە بەشێک لە ویژدانی تاکەکانیان. ئەوان جینۆساید بۆ نەوەکانیان دەگێڕنەوە، چەندین سەنتەری لێکۆڵینەوە کاریان لەسەر کردووە، کردوویانە بە پڕۆگرامی خوێندن و بەردەوام یادی دەکەنەوە. تۆ کاتێک دەتوانیت جینۆساید بناسێنێت بیکەیت بە بینراو و پیشانی ھەمووانی بدەیت، بەم جۆرە دەتوانیت جینۆسایدەکەشت بوەستێنیت، جوولەکە ئەمەی کرد و ئێمە نەمانکرد. ئێمە تاکوو ئێستا لە کوردستاندا مۆنۆمێنتێکی شیاومان نییە کە ھاوشێوەی مۆنۆمێنتەکانی جیھان بێت کە کەلوپەلی قوربانی و ڕزگارکراوانی تێدا بێت و بە زمانە نێودەوڵەتییەکان و کوردی لەسەریان نووسرابێت و خرابێتە ڕوو، تاکوو گوزارشت لە مێژووی جینۆسایدی کورد بکەن. ئەوەی ھەمانە، لە ئاستی جینۆسایدەکەماندا نییە. تاکوو ئێستا فیلمێکی گونجاومان لەسەر جینۆسایدمان نییە، کە پێویستی بە بودجەیەکی باش ھەیە و پێویستت بە ئەکتەری دەرەوە ھەیە تاکوو ئازارە گەورەکانی بۆ نموونە دەستدرێژیی سێکسیی سەر قوربانییەکان پیشان بدەنەوە. تاکوو ئێستا جینۆسایدی کورد بەشێک نییە لە پڕۆگرامی خوێندن، پڕۆگرامێک لە وەزارەتی پەروەردە دانراوە، بەڵام پڕۆگرامێکی لاوازە. لە بەشی یاسای زانکۆی ھەڵەبجە لە ساڵی ٢٠١٤ ئەم بابەتەمان جێگیر کرد، بەڵام ئەمساڵ ھەڵپەسێردرا، بەو بیانووەی کە ئەم وانەیە لە زانکۆکانی دیکەدا نییە و دەبێت پڕۆگرامەکانی ھەموو زانکۆکانیش ھاوبەش بن. لە کاتێکدا ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ٦ی ٦ی ٢٠١٧وە بڕیاری داوە کە جینۆسایدی کورد و گەلان لە ھەموو بەشەکانی زانکۆکان بخوێنرێت، بەڵام تاکوو ئێستا ئەم بڕیارە لە چەند زانکۆیەکی وەک ھەڵەبجە، چەرمۆ و سۆران جێگیر کراوە، بەڵام لە بەشەکانی دیکە ناخوێنرێت و ئەوە لە بەشی یاسای زانکۆی ھەڵەبجەش ڕاگیراوە. ئەگەر تۆ جینۆسایدەکەت نەکەیت بە بەشێک لە پڕۆگرامی خوێندنەکەت، چۆن دەتوانیت کاری لەسەر بکەیت! بۆیە ئێمە تاکوو ئێستاش جینۆساید دەکرێین و ناتوانین گەرەنتیی ئەوە بکەین کە کورد جینۆساید ناکرێتەوە، ھۆکارەکەشی ئەوەیە لە ئاستی جیھاندا بە یاسا دانی پێدا نەنراوە.

جینۆساید چیی بەسەر کوردستاندا ھێنا؟

جینۆساید تەنھا بۆ لەناوبردنی ھەموو یان بەشێکی گەلی کورد لە ھەرێمی کوردستان نەبوو، بەڵکوو بۆ ھەڵتەکاندنی ژێرخانی ئابووری، ھەڵوەشاندنەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و وێرانکردنی دۆخە تەندروستییەکەی بوو، ئەمە جگە لە دەیان زیانی دیکە کە تاکوو ئێستاش کاریگەرییان لەسەر ھەرێمی کوردستان و دانیشتووانەکەی ماوە.

د. فایەق گوڵپی بەم جۆرە باس لە دەرئەنجامەکانی ڕووداوەکانی جینۆساید لەسەر ھەرێمی کوردستان دەکات: وێرانکردنی گوندەکان، دابڕاندنی خەڵکی کوردستان لە ئاو و زەویی کوردستان، وشککردنی کێڵگە و باخەکان، زیانی ئابووریی گەورەش لە گەلی کورد. هەزاران کەس بەگەنجی گیانیان لەدەست دا، هەزارانی دیکەش تا ئەمڕۆ بەدەست ئازار و کاریگەریی برینی چەکی کیمیایی و چەکی دیکەوە دەناڵێنن. چەندان چەم و جۆگەی کوردستان پووکانەوە و وشک بوون، سەوزایی لە کوردستاندا کەم بووەوە. لە ڕووی کۆمەڵاتییەوە خەڵکی کوردستان لە یەک دابڕان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کاڵ بوونەوە. لە ڕووی کولتوورییەوە زیانی مەزنی بە کوردستان گەیاند، لەبەر ئەوەی کولتووری نەتەوەیی هەر گەلێک لە گوندەکاندا سەر هەڵدەدات و دەپارێزرێت و گەشە دەکات، بێ گوندکردنی کوردستان بۆ ماوەیەک زیانی کولتووریی گەورەی لێ کەوتەوە.

د. مارف عومەر گوڵ باس لە کاریگەریی زیانەکان دەکات و دەڵێت: جینۆساید زیانێکی زۆر گەورەی لێ داوین، لە ئاستی نەتەوەییدا ھەلاھەلای کردین، لە ڕووی ئابووری، نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئاوەدانی ئێمە وێران کراین. سەرلەبەری ئێمە ھەڵتەکێنرا و کراین بە ناحەزی یەکتری، کراین بە پێخۆری سیاسەتێکی دڕندانەی ناوخۆیی و بێبەزەیی و پشتتێکردنی نێودەوڵەتی. زیانێکی زۆر بە ژێرخانی ئابووریمان کەوت و شار و لادێکانمان وێران کران، ئێستاش لەژێر کاریگەریی ئەو زیانانەداین، ئەم تاڵانکاری و زیانانەی بە ھۆی جینۆسایدەوە بەر سەرچاوە ئابوورییەکانمان کەوت، وای کرد دەسەڵاتی کوردی لە ئێستادا تەنھا چاوی لە نەوت بێت نەک پلانی کشتوکاڵی و ئابوورییەکی بەھێز. ئەو سۆز و ڕووتێکردنەوەی جیھانیش پەیوەندیی بە ھەلومەرج و گۆڕانکاریی ناوچەکەوە ھەبوو، چونکە عێراق و وڵاتانی ناوچەکە سیاسەت و بەرژەوەندیی زلھێزەکانیان خستە مەترسییەوە، ئەگەرنا چۆن لە کاتی تاوانەکدا چاویان لێ خەواندین!

ئاوارە حسێن بە دەستنیشانکردنی ڕووداوەکانی جینۆساید لە کوردستان، باس لە زیانە جۆربەجۆرەکانی جینۆساید لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: جینۆساید واتە ھەوڵی لەناوبردنی نەتەوەیەک لە قۆناغێکی دیاریکراودا، بۆیە جینۆساید زیانێکی ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەندروستیی گەورەی لە کوردستان داوە. لە ھەڵەبجە زیانێکی تەندروستیی گەورەی داوە. پێم وایە جینۆسایدی کورد قووڵترین جینۆسایدە و ئەمەش دەربڕین و بڕوایەکی سۆزدارانە نییە، بەڵکوو لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە جینۆسایدی کورد بەردەوامە. لە ساڵی ١٩٨٨دا جینۆسایدی ھەڵەبجە ئەنجام دراوە، بەڵام وا ٣٣ ساڵ تێدەپەڕێت و ھێشتا بریندارەکان ساڕێژ نەبوون و لێیان شەھید دەبێت، ئەمەش بە ھۆی کاریگەریی چەکە قەدەغەکراوەکان. ئەم کارەساتە کاریگەریی ھەبووە لەسەر منداڵلەبارچوون و شێواویی جەستەی منداڵە لەدایکبووەکان. ئەوە جگە لەو وێرانییەی ئەم جینۆسایدە دروستی کرد، بۆ نموونە لە چۆڵبوونی گوندەکان کە تاکوو ئێستا ئاوەدان نەبووەتەوە، مینڕێژکردنی گوند و کێڵگە کشتوکاڵییەکان، تێکدانی ژینگەی کوردستان.

جینۆسایدی بارزان وەک نموونە وەربگرین بۆ زیانە کۆمەڵایەتییەکان، ماوەی نزیکەی ٢٠ ساڵ ھاوسەرگیری نەما، چونکە پیاوەکان ئەنفال کران، ئەمەش کاریگەرییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتیی قورس و خراپی لەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچەیە ھەبوو.

نزیکەی ٣٦٠٠ مزگەوت، کڵێسا و زیاد لە چوار ھەزار گوند وێران کران، لە ڕەگەوە ھەڵکەندنی دوو ملیۆن درەختی بەردار، ئەمانە زیانە گەورەکانی جینۆسایدی کورد بوون.

جینۆسایدێکی بێ قەرەبوو

چەند لایەن و کۆمپانیایەک لە پڕۆسەکانی جینۆسایددا ھاوکاریی ڕژێمی بەعسیان کرد و چەکی قەدەغەکراویان پێ فرۆشت، بەڵام ئەوەی سزا درا زیاتر بەرپرسانی ڕژێمی بەعس بوون و ئەم لایەن و کۆمپانیایانە سزا نەدران. تەنانەت قەرەبووی قوربانییانی جینۆساید و خەڵکی کوردستانیش نەکرایەوە، ئەمە لە کاتێکدا عێراق ناچار کرا قەرەبووی کوێت بکاتەوە، لە کاتێکدا کوەیت کەمتر لە کورد لەسەر دەستی بەعس زیانی بەر کەوت. لەسەر ئەم زیانانە، بۆ لایەنی بەشدار و قەرەبووەکان دەکرێت چی بکرێت؟ ئاوارە حسێن بەم جۆرە و لە چەند ڕەھەندێکەوە وەڵام دەداتەوە: بێگومان دەکرێت کاری لەسەر بکرێت، بەڵام ساڵانێکە ھاوار  دەکەین کە ئەو دادگایەی کە لە بەغدا پێک ھێنرا بە ناوی دادگای باڵای تاوانکاریی عێراقی بۆ دادگاییکردنی سەرانی ڕژێمی بەعس، چوار کەیسی بە جینۆساید ناساند، بەڵام شێوازی یاسای دادگاکە بە شێوەیەک دانرا کە تەنھا مرۆڤ دادگایی بکرێت، کە پێی دەوترێت کەسی سروشتی. لە یاسادا دوو کەس ھەیە، سروشتی و یاسایی. کەسی یاسایی بریتیە لە دەوڵەت، کۆمپانیا و ڕێکخراو. چۆن مرۆڤ بەرپرسیایەتیی تاوانیان دەکەوێتە ئەستۆ، ئەم کەسە یاساییانەش بەرپرسیاێتیی تاوانیان دەکەوێتە ئەستۆ بەرامبەر ئەو تاوانانەی بە ناوی ئەوان یان لەبریی ئەوان ئەنجام دراوە، بەڵام لە دادگای باڵای تاوانکاریی عێراقیدا بەرپرسیاێتیی تاوانکاری تەنھا بۆ مرۆڤ دانرا و بۆ کەسە یاساییەکان دانەنرا، بۆ نموونە دەوڵەت. واتە تۆ لەم دادگایەدا ناتوانیت دادگایی ئەو کۆمپانیایانە بکەیت کە ساڵی ١٩٨٨ و پێشتر و دواتر چەکی کیمیاییان بە ڕژێمی سەددام حسێن فرۆشتووە و ئەویش لە دژی کورد بەکاری ھێناوە.

ئەگەر ئەم دادگایە کەسی یاساییشی دادگایی بکردایە، ئەوا دەتوانرا لە ڕێگای ئەم دادگاوە چەندین کۆمپانیا دادگایی بکەیت، سزایان بدەیت و قەرەبووشیان لێ وەربگریت، ئەمەش دەخرایە خزمەت ئاوەدانکردنەوەی کوردستان. ئەوەی نەمانکردووە پێشتر و ئێستا دەتوانین بیکەین، ھەموارکردنەوەی یاسای ئەم دادگایەیە، ئەمەش بە نوێنەرانی کورد دەکرێت، تاکوو یاسای ئەم دادگایە تەنھا لە کەسی سروشتیدا کورت نەکرێتەوە و کەسی یاساییش دادگایی بکات.

یەکێک لە پرەنسیپە گرنگ و بەھادارەکانی یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی ئەوەیە کە تاوانی نێودەوڵەتی بەسەر ناچێت و تێپەڕینی کات نابێتە ھۆی ئەوەی کە تاوانی سەر تۆمەتباران بوەستێنێت و ھەڵیبگرێت، چونکە تاوانەکە ئاسایی نییە، بە تێپەڕینی چەند مانگ و چەند ساڵێک قوربانی سکاڵای تۆمار نەکرد مافەکەی بفەوتێت.

زیانەکانی سەر کوردستان بە ٣٨٤ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەمەش لە ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن لیژنەیەکی حکومەتی ھەرێمەوە دیاری کراوە. حکومەتی ھەرێم لە ساڵی ٢٠١٣دا داوای ئەم قەرەبووەی کردووە، بەڵام تاکوو ئێستا قەرەبووەکە نەکراوەتەوە. ململانێ سیاسییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھۆکارێکی سەرەکیی قەرەبوونەکردنەوەکەیە، ھۆکارێکی دیکە ئەوەیە حکومەتی ھەرێم بە یاسایەکی پەرلەمان لە ساڵی ٢٠١٣دا ناڕاستەوخۆ ئەرکی قەرەبوونەکردنەوەکەی لە حکومەتی پێشووی عێراقەوە بۆ حکومەتی ھەرێم گواستووەتەوە، بۆیە عێراق قەرەبووەکە ناکاتەوە و دەبێت حکومەتی ھەرێم خۆی ئەم قەرەبووە بکاتەوە، چونکە حکومەتی ھەرێم نەوت و غازی سروشتی دەفرۆشێت، ئەمە خاڵێکی گرنگە و دەبێت قوربانییانی کوردستان ئاگادار بن.

د. فایەق گوڵپی دەسەڵاتی کوردی بە بەرپرسیار دادەنێت و دەڵێت: ئەو لایەنانەی هاوبەشی عێراق بوون لەم ڕووداوانەدا، ئەو کۆمپانیا بیانییانە بوون کە چەکی کیمیاییان بە ڕژێمی سەددام فرۆشت، بەداخەوە تا ئەمڕۆ دەسەڵاتی کوردی لەسەر ئەو تەوەرەیە کاری نەکردووە، هەر ڕێخراوێکیش لەو بوارەدا هەوڵی کاری دابێت، دەسەڵات ڕێگریی لێ کردووە. ئەگەر دەسەڵاتدارانی کورد لە هەرێم و لە عێراق فشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی جینۆسایدی کوردستان بە فەرمی بناسێنێت، ئەو کاتە کۆمپانیاکانی چەکی کیمیایی و دەوڵەتی عێراق ناچار دەکرێن قەرەبووی کوردستان بکەنەوە.

د. مارف عومەر گوڵ ھۆکاری قەرەبووکردنەوەی کوێت و قەرەبوونەکردنەوەی کوردستان دەستنیشان دەکات و دەڵێت: کوێت دەوڵەتە و پاڵپشتیی نێودەوڵەتیی ھەیە، سەروەت و سامان و ئابوورییەکی بەھێزی ھەیە، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کوێت وا دەکات لا لەو وڵاتە بکرێتەوە. زۆر گرنگە عێراق ھەست بەو بەرپرسیارێتییە بکات کە حکومەتی پێش ٢٠٠٣، بە ناوی وڵات، حکومەت، سیاسەت، دیپلۆماسیەت و ئاسایشی عێراق ئەو تاوانانەی کردووە، لەبەر ئەوە لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، ھەر حکومەتێکی دیکە ببێتە حوکمڕان؛ نوێنەرایەتیی وڵاتەکە دەکات، بۆیە دەبێت ھەڵگری یاسایی ئەو ڕووداوانە بێت کە بە زیان بۆ وڵاتەکە شکاونەتەوە. تاوانی جینۆسایدکردنی کورد گەورەترین ڕووداوە کە چەند بۆ کورد بە زیان شکاوەتەوە، بە ھەمان شێوە بە زیان بۆ عێراق شکاوەتەوە. بۆیە عێراق دەبوو بۆ کڕینەوەی سومعەی نێودەوڵەتیی خۆی ئەم کارەی بکردایە، دەبوو بەرپرسانی عێراق دانیان بە تاوانەکاندا بنایە و بەدەنگ کوردەوە بھاتنایە کە کورد مافی خۆیەتی قەرەبوو بکرێتەوە. دەسەڵاتی کوردییش نەیتوانیوە فشار لەسەر عێراق و وڵاتانی دیکەش دروست بکات تاکوو  قەرەبووی کورد بکاتەوە. پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی کورد لەگەڵ بەغدا زۆر بەخراپی ھاتووە، لە بەغداش ھەمیشە ئاڕاستەیەکی توند و شۆڤێنی بەرامبەر کورد ھەبووە، دەنگی باشیش ھەبووە کەم بووە، ئاڕاستە خراپەکە ڕۆڵی خراپیان بینیوە کە نەھێڵن کورد بە مافەکانی بگات.

جینۆساید و ناسنامە

جینۆساید چەندین دەوڵەتی دروست کرد و دەیان گەلیش بە بەکارھێنانی ئازارەکانیان توانییان مافە بەدەستھاتووەکانیان بپارێزن و ئەو مافانەش بەدەست بھێنن کە لێیان زەوت کراوە، ئەمەشیان لە ڕێگای ڕاکێشانی سەرنجی جیھان بۆ ئازارەکانیان کرد و توانییان جیھان بکەن بە بەرگریکاری جینۆسایدەکەیان، ئەی کورد بۆچی نەیتوانی ئەم کارە بکات؟

د. مارف عومەر گوڵ لەسەر ئەوەی بۆچی کورد سوودی لە جینۆساید لە پرسی نەتەوەیی و شوناسدا نەبینیوە، پێی وایە: زۆر باش دەتوانین وەک پێناس و پرسی نەتەوایەتی سوود لە تاوانی جینۆساید وەربگرین. میللەتێک لەبەردەم فەوتاندا بووە، ھەر میللەتێکیش بەشێکە لە مرۆڤایەتی، لە ڕووی کولتوور، شارستانی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، واتە ئێمەش بەشێکین لە مرۆڤایەتی، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئێمە کاریگەریمان لەسەر سیاسەت، ئابووری و دیپلۆماسیەتی نێودەوڵەتی لاوازە، ئەو سەروەت و سامانەی کە ھەمانە بۆ ئەوەی تەرخان بکرێت تاکوو کاریگەریمان لەسەر ئابووری و دیپلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بۆ دروست بکات؛ بە خراپ بەکار دەھێنرێت، لە کاتێکدا دەتوانرا سەروەت و سامانەکەمان تەرخان بکرێت تاکوو لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە سوودی لێ وەربگرین. لە ھەموو وڵاتێکدا ئابووری ڕۆڵی گرنگی ھەیە لە دروستکردنی ناسنامەی نەتەوەیی، پەیوەندیی دیپلۆماسی و پێشکەوتنی وڵات، بۆیە دەکرا دەوڵەمەندییە ئابوورییەکەمان بەکار بھێنین بە جۆرێک کە ئێستا بەغدا ناچاری ئێمە بووایە نەک بەپێچەوانەوە. لە ڕووی کولتوورییشەوە دەسەڵاتی کوردی بەرنامەیەکی تۆکمەی نەبووە ڕابردوو؛ کولتوور، ئەدەب، ئابووری، فۆلکلۆر، ھونەر و مێژووی ئەم میللەتە بە جیھان بناسێنێت، دەبووایە دەسەڵاتی کوردی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەکییش بە جۆرێکی دیکە ڕەفتار لەگەڵ کولتووری کوردیدا بکات و بە جیھانی بناسێنێت.

ئاوارە حسێن بەم جۆرە تیشک دەخاتە سەر ئەم ھەڵە ستراتیژییەی کورد: تەنھا جینۆساید بەسە بیکەین بە ناسنامەمان. ئەو نەتەوە و گرووپەی لە مێژوودا ڕووبەڕووی جینۆساید دەبێتەوە، دەبێتە گرووپێکی ڕێزلێگیراو. ئەگەر جینۆسایدەکەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە یاسا دانی پێدا بنرێت، ئەوا پاراستنیان دەکەوێتە ئەستۆی نەتەوە یەکگرتووەکان و جارێکی دیکە جینۆساید ناکرێنەوە، لەبەر ئەوەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی لە ئاستیدا بێدەنگ بووە دواتر دەبێتە گرووپێکی ڕێزلێگیراو، ئەم جینۆسایدەش دەبێت بە ناسنامە و سیمبولی ئەم نەتەوەیە. بۆیە دەبێت بە جۆرێک کار لەسەر جینۆساید بکرێت کە ببێت بە ناسنامەی کورد کە جینۆساید کراوە و قوربانی بووە، دەستیشی سوور نەبووە بە خوێنی ئەوانی دیکە و مەترسییش نییە لەسەر پێکھاتە و نەتەوەکانی دیکە.

د. فایەق گوڵپی بە ڕەخنەگرتن لە بەرپرسانی کورد ھەڵسەنگاندن بۆ ئەم پرسە دەکات و پێی وایە: ئەو کەس و لایەنانەی ئەمڕۆ کاروباری هەرێم بەڕێوە دەبەن و لە عێراق نوێنەرایەتیی کورد دەکەن، یان ئەوانەن کە لە ڕابردوودا پیاوی ڕژێمی بەعس بوون، یان ئەوانەن لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام لە دەرەوەی وڵات بۆ پارەپەیداکردن و دەوڵەمەندبوون گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و پۆستیان وەرگرتووە، یان ئەوانەن کە شێتی دەسەڵاتن، ئەگەر ڕژێمی ئەنفال و کیمیاباران بمایە، ئێستا هەر ئەوان دەسەڵاتدار و بڕیاربەدەست دەبوون، ئەم جۆرە سیاسییانە نەک لە هەرێمی کوردستاندا، لە هەر شوێنێکی دیکەشدا بن کار بۆ بەرژەوەندیی گشتی ناکەن.

کورد چیی لە جینۆساید وەرگرت و وەردەگرێت؟

چەندین ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی جینۆساید بەسەر گەلی کورددا تێپەڕیوە، ئەم ساڵانە کاتێکی درێژ و دەرفەتێکی گەورە بوون تاکوو کورد کار لەسەر ئەم پرسە بکات، بەڵام جینۆساید و ساڵەکان تێپەڕین، کورد جینۆسایدەکەی فەرامۆش کرد و تەنھا ئازارەکەی ھێشتەوە.

 لە بارەی ئەوەی لە ئەم ساڵانەدا دەبووایە کورد چۆن کار بکات، دەبووایە چی بکریت و دەبێت چی بکرێت، ئاوارە حسێن باس لە گرنگیی یاسا و پەرلەمان دەکات و دەڵێت: پەرلەمانی کوردستان جێگایەکی زۆر گرنگە بۆ ئەم پرسە. ساڵی ٢٠١٧ لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی نەتەوە جینۆسایدکراوەکان لە بوداپێستی پایتەختی ھەنگاریا بەشدار بووم، چەندین زانکۆ بەشدار بوون کە یەکێکیان زانکۆی تەلئەبیبی ئیسرائیل بوو. مامۆستایەکی ئەو زانکۆیە وتی ھەڵەبجە و ئەنفال لەنێو پڕۆگرامی جینۆسایدی زانکۆی تەلئەبیب جێی کراوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە کوردستانی خۆماندا جینۆسایدی کورد ناخوێنرێت. کارەسات ئەوەیە تاکوو ئێستا لە کوردستاندا یاسایەک نییە دانی بە جینۆسایدی کورددا نابێت، لە کاتێکدا بەردەوام باسی ئەوە دەکرێت حکومەتی ھەرێم بەرھەمی خوێنی شەھید و جینۆسایدکراوەکانە، کەچی پەرلەمانەکەی یاسایەکی نییە دانی بە جینۆسایددا نابێت، ئیتر چۆن داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکەین بە یاسا دان بە جینۆسایدەکەماندا بنێت!

ئاوارە حسێن ناساندن لە دانپێدانان جیا دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات: کورد لەسەر ئاستی ناساندن جینۆسایدەکەی ناسێنراوە، بەڵام پێویستمان بەوەیە بە یاسا دانی پێدا بنێرێت، واتە یاسایەک لە پەرلەمانی ئەو وڵاتانە دەربچێت و دان بەوەدا بنێت کە ئەوەی دژی کورد کراوە جینۆساید بووە، ھەر ھاوڵاتییەک نکۆڵی لەمە بکات یان ڕەوایەتی بەوە بدات کە بەسەر کورددا ھاتووە، ڕووبەڕووی سزای دارایی و بەندکردن ببێتەوە. ئەمە لە ١٩٤٨وە بۆ جوولەکە، ئەرمەنی و روەنداییەکان کراوە، ئێمە تاکوو ئێستا تەنانەت لە پەرلەمانەکەی خۆیشماندا یاسایەکی وەھامان نییە، ئیتر مایەی شەرمەزارییە بڵێین کارمان بۆ جینۆسایدەکەمان کردووە. کە لە پەرلەمانەکەی خۆت یاساکەت نەبێت، ناتوانیت داوای ئەم یاسایە لە پەرلەمانی عێراقیش بکەیت.

وەک چەند کاری ئایندەش کە دەبێت کورد کاریان لەسەر بکات، دەڵێت: چەند کارێکی دیکە کە پێویستە بکرێن، بریتین لە بەستنی کۆنفرانس و سیمیناری زانستی لە بارەی جینۆسایدی کورد. مادام خوێندکارانی تواناسازی لەسەر خەرجیی حکومەتی ھەرێم دەچن، زۆرینەیان ناچار بکرێن توێژینەوەکانیان لە بارەی جینۆسایدەوە بێت و لەو وڵاتانە بڵاو بکرێنەوە، تاکوو ببێتە ڕێگایەک بۆ ناساندنی جینۆساید و دانپێدانانی.

دروستکردنی لیژنەیەکی زمانزانی شارەزای ناحزبی وەک لیژنەی باڵای نێودەوڵەتیی بە جینۆساید ناساندن و دانپێدانانی جینۆسایدی کورد، ئەم لیژنەیە دڵسۆزانە کار بۆ بە جینۆساید ناساندنی کورد بکات.

لە دەستووری عێراقدا ڕێگا دراوە بەوەی ھەر پارێزگایەک دەتوانێت نوێنەری خۆی ھەبێت لە باڵوێزخانەکانی دەرەوە بە مەبەستی بووژاندنەوەی پارێزگاکەی، دەکرێت چوار پارێزگاکەی ئێمە لە باڵوێزخانەکانی عێراق نوێنەریان ھەبێت و لەتەنیشت بووژاندنەوەی پارێزگاکەیان، کار لەسەر پرسی جینۆساید بکەن.

د. فایەق گوڵپی سیاسەتی “حزبی و خێڵەکییانە” بە ڕێگری بەردەم کارکردنی نیشتمانی لەسەر جینۆساید دادەنێت: دەبووایە لەباتیی سیاسەتی حزبی و خێڵەکییانە، سیاسەتی نەتەوەیی-نیشتمانی پەیڕەو بکرایە، دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم سەربەخۆ و چالاک بکرایە، دەسەڵات بە پەرلەمان و حکومەت و دادوەری بدرایە، تاکوو ئەو دەزگایانە دوور لە دەستوەردانی حزب و وڵاتانی دەرەوە کاریان لەسەر جینۆساید بکردایە. دادگای عێراق و پەرلەمانی عێراق دانی بە جینۆسایدی گەلی کورددا ناوە، دەبوو دەسەڵاتی کوردی لە هەرێم و لە عێراق کاری جددیی بکردایە تا حکومەتی عێراقیش جینۆسایدی کوردی لە کەیسی کیمیابارانی هەڵەبجە و کەیسەکانی تردا بناسیایە، ئەوکات کورد لە عێراق و لە جیهانیشدا دەستکەوتی سیاسیی گەورەی بەدەست دەهێنا، بەڵام تا ئێستا لەو بارەیەوە هیچیان دیار نییە.

د. مارف عومەر گوڵ جگە لە ڕەخنەگرتن، پێشنیاری خۆیشی دەخاتە ڕوو: دەبووایە کورد زۆر شتی بکردایە، لە ئاستی ناوخۆ سەنتەرێکی فراوانی ناوخۆی ھەبووایە، بە زمانە زیندووەکانی جیھان، لەو سەنتەرەدا دۆکیۆمێنت، بەڵگەنامە، بڕیارەکانی دادگا، بڕیارەکانی حکومەت و پەرلەمان، کارە حکومی و تاکەکەسییەکان لە بارەی پرسی جینۆساید کۆ بکرانایەتەوە. ھەر لەم سەنتەردا دەیان شارەزا، پسپۆڕ، ئەکادیمی و ڕۆژنامەنووسی کورد و ناکورد بانگ بکرانایە و کاریان لەسەر ئەم بەڵگەنامە و بڕیارانە بکردایە، دواتریش کارەکان بە کوردی و زمانە زیندووەکان بڵاو بکرانایەتەوە، تەنانەت سەنتەرەکە لقی لە دەرەوەی کوردستانیش ھەبێت. ئەو پارەیەی لەو سەنتەرە خەرجیان دەکرد لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بۆ کارێکی زانستی و نەتەوەیی دەچوو نەک گەندەڵی و بەھەدەردانی پارە.

پڕۆفایل

د. مارف عومەر گوڵ  

ساڵی ١٩٥٦ لە کەرکووک لە دایک بووە  و خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لەم شارە تەواو کردووە .

ساڵی ١٩٨٢ بەکالۆریۆسی لە بەشی یاسای کۆلێجی یاسا و ڕامیاری لە زانکۆی بەغدا تەواو کردووە .

ساڵی ١٩٩٠ لە زانکۆی کییەڤ لە ئۆکرانیا، ماستەری لە یاسای نێودەوڵەتاندا تەواو کردووە، تێزی ماستەرەکەی بە ناونیشانی: ئامرازە یاساییەکانی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاریی تاوان جینۆساید دا؛ جینۆسایدی کورد بە نمونە .

ساڵی ١٩٩٥ بڕوانامەی دوکتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتاندا وەرگرتووە لەسەر تێزی: کێشەی کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەیی گەلی کورد لە یاسای نێودەوڵەتاندا .

ڕاگری پێشوی کۆلیجی یاسا بووە لە زانکۆكانی کۆیە و سلێمانی.

ئاوارە حسێن

ساڵی ١٩٨٧ لە کۆمەڵگەی زۆرەملێی خورماڵ لەدایک بووە.

ساڵی 2011 بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە یاسا – زانکۆی سلێمانی و ساڵی 2013 بڕوانامەی ماستەری

لە یاسای نێودەوڵەتیی زانکۆی پونەی هیندستان بەدەستهێناوە.

خوێندکاری دوا قۆناغی دکتۆرایە لە بواری یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی لە زانکۆی سۆران.

دەستەی دامەزرێنەری بەشی یاسا و یەکەم سەرۆکبەشی یاسای زانکۆی هەڵەبجەیە.

فایەق محەمەد گوڵپی

ساڵی ١٩٥٧ لە گوڵپی ناوچەی هەورامان لەدایک بووە.

ساڵی ١٩٨١ کۆلێژی پزیشکیی تەواو کردووە و لە ١٩٨٢ تا ڕاپەرینی ١٩٩١ پێشمەرگە بووە.

لە نێوان ساڵانی 2004-2008 سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بووە.

ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان بووە.

 

 

گۆڤاری ئایندەناسی ئازاری2021

Send this to a friend