• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 16, 2024

چەمی گابار؛ دابینکردنی ئاسایشی وزە وەک یەکێک لە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە هەرێمی کوردستان

فەرزان چاڵشکان

بەرایی
“دۆڵی گابار لە نێوان زنجیرە چیاکانی گاباردا، دوای پاککردنەوەی لە تیرۆریستان لە دۆڵی جەهەنمەوە دەبێت بە دۆڵی بەهەشت”، ئەمە ناونیشانی ڕاپۆرتێکی تەلەفزیۆنیی فەرمیی تورکیا (TRT) بووە دەربارەی دەستپێکردنی پڕۆسەی گەڕان‌و دەرهێانی نەوت لە زنجیرەچیای گابارو ناوچە سنوورییەکانی نێوان باکوورو باشووری کوردستان.
لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری نوێی تورکیادا، پڕۆسەی گەڕان‌و پشکنین بە دوای نەوتدا دەستیپێکردووە، بەڵام لە لایەکەوە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان‌و لە لایەکی دیکەوە نەبوونی تەکنەلۆژیای پێویست ڕێگر بووە لە بەردەم دۆزینەوەی ئەو نەوتەی بە ئاڵتونی ڕەش ناسراوە. لە هەمان کاتدا خاکی تورکیاش بە جۆرێکە کە هەتا ئێستا نەتوانراوە کێڵگەی نەوتی وەهای تێدا بدۆزرێتەوە کە شایەنی باسکردن بێت.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، تورکیا لە سایەی گەشەکردن‌و بەرهەمهێنانی فڕۆکەیبێفڕۆکەوانەوە بە ئاستی بەرز، توانیویەتی هەتا ڕادەیەکی زۆر ناوچە سنوورییەکانی وڵاتەکەی لە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پاکبکاتەوە. لێرەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان سەقامگیری بۆ ناوچەکە گەڕاوەتەوە، هەر ئەمەش دەرفەتی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتە بەخشیوە بۆ ئەوەی بتوانن پڕۆسەی گەڕان‌و پشکنین بۆ نەوت لە خاکی باکووری کوردستان، کە هاوسنووری خاکی باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان‌و عێراق‌و سوریایە، بکەن.
دواجار تورکیا چاویبڕیوەتە سامانی ژێرزەویی ئەو ناوچەیەو تەنانەت بوونی پەکەکەو یەپەگە لە باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ لەشکرکێشی بۆ ئەو ناوچانەو دەکرێت بە هێواشی لەگەڵ دەستبەسەداگرتنی خاکەکەیدا، نەوتی ئەو ناوچەیەش وەک بەشێک لە سامانی ژێرزەویی خۆی مامەڵەیپێوەبکات.

نەوت لە تورکیا
هەرچەندە لە ساڵی (١٩٣٤)ەوە پڕۆسەی گەڕان‌و دۆزینەوەی نەوت لە تورکیا دەستیپێکردووە، بەڵام لە ماوەی (٢١) ساڵدا تەنها (٩٥) بیرەنەوت دۆزراوەتەوە.(١) بۆ یەکەم جار لە ساڵی (١٩٤٨) ئالڤی سرۆدۆ سوینسێن (Alvin Theodore Schwennesen)ی ئەمریکی وەک یەکەم جیۆلۆجیستی بیانیی کۆمپانیای نەوتی سکۆنی ڤاکوم (Socony-Vacuum Oil Company) لە دوای کنەوپشکنینێکی ورد لە ڕێگەی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلەوە ئاماژەی بە “کاریگەریی گەورەی نەوت لە هەستانەوەو گەشەپێدانی ئابووریی تورکیادا” کردووە.(٢)
لە ساڵی (١٩٥٤) دەزگایەکی تایبەت لە ژێر ناوی “کۆمپانیا نەوتییە هاوبەشەکانی تورکیادا (Türkiye Petrolleri Anonim Ortaklığı) دامەزرا، لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتدا؛ کۆمپانیای نیشتیمانیی نەوتی تورکیایش دەستيکرد بە کارکردن لە بەواری هایدرۆکاربۆندا. لە ساڵانی (١٩٥٤-٢٠٠٤) سێهەزارو (١٤٠) بیرەنەوت دۆزرایەوە، لە هەزارو (٣٤٤) بیرەنەوتیاندا دەست بە پڕۆسەی دەرهێنانی نەوت کراوە. هەتا ساڵی (٢٠٠٤) تورکیا ڕۆژانە (٤٥) هەزارو (٧٠٠) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، دوای دە ساڵ ئەم ڕێژەیە بۆ (٤٩) هەزارو (٣٠٠) بەرمیلی ڕۆژانە بەرزکراوەتەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ناوەندی توێژینەوە سیاسی، ئابووری‌و کۆمەڵایەتییەکان (سێتا) (SETA Araştırmaları Merkezi) (SETA)، کە ناوەندەکەی لە ئەنقەرەیە، ڕێژەی (٧٣٪)ی نەوتی تورکیا دەکەوێتە پارێزگای باتمان، (٢٦٪) لە ئادیامان‌و تەنها (١٪)ی نەوتی تورکیا دەکەوێتە ناوچەی تراکیای ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەوە(٣)
بە گشتی دەتوانرێت پڕۆسەی گەڕان‌و پشکنین‌و دۆزینەوەو بەرهەمێنانی نەوت لە تورکیا بە سەر چەند قۆناغێکدا دابەشبکرێت؛ قۆناغی یەکەم: (١٩٢٣-١٩٥٦)، قۆناغی دووەم: (١٩٥٦-١٩٧٢)، قۆناغی سێیەم: (١٩٧٢-٢٠٠٣)، قۆناغی چوارەم: (٢٠٠٣-٢٠١٧)، قۆناغی پێنجەم‌و کۆتایی لە (٢٠١٧)وە هەتا ئێستا بەردەوامە. هەرچەندە لە قۆناغی یەکەمدا تەنها ڕێگە بە دامەزراوە دەوڵەتییەکان دراوە کار لەم بوارەدا بکەن، بەڵام دواتر ڕێگە بۆ کۆمپانیا تایبەتییەکانیش کراوەتەوە پڕۆسەی گەڕان‌و پشکنین‌و بەرهەمهێنانی نەوت جێبەجێبکەن.
ڕاگەیاندنی “سیاسەتی وزەو کانزای نیشتیمانی (مێمپ) (Milli Enerji ve Maden Politikası) (MEMP)لە ساڵی (٢٠١٧) وەک مژدەیەک وا بوو بۆ هاوڵاتیانی تورکیا. بەم جۆرە پڕۆسەی گەڕان‌و دۆزینەوەی هایدرۆکاربۆن‌و سوتەمەنی لەو وڵاتە پێینایە قۆناغێکی تازەوە، بە جۆرێک ئومێدێکی زۆر لە لای بەرپرسانی تورکیا لە سایەی ئەم سیاسەتە تازەیەدا دروستبووە، كە پەیوەستە بە جیهانی دەرەوەوە لە دابینکردنی وزەو سوتەمەنی بۆ وڵاتەکەیان هەتا ڕادەیەکی باش کەمبکەنەوە. بە گوێرەی ئەم سیاسەتە تازەیە، “بستێک خاکی تورکیا نامێنێت کە گەڕان‌و پشکنینی نەوت‌و گازی سروشتیی تێدا نەکرێت، ئەو ناوچانەیش کە پێشتر کنەوپشکنینی تێدا کراوەو بێهیوابوون لە بوونی ئاڵتوونی ڕەش تێیدا، گەڕان‌و پشکنینی تێدا دووبارەدەکرێتەوە.”(٤)
لەگەڵ گەڕان‌و پشکنینی زەویدا، تورکیا دەستیکردووە بە گەڕان‌و پشکنین لە سنوورە ئاوییەکانی دەریای ڕەش، دەریای، ناوەڕاست، دەریای ئیجەو گەرووی بۆسفۆڕ لە ئەستەنبوڵ. ساڵی (٢٠١٧) یەکەم کەشتی گەڕان‌و دۆزینەوەی گازی سروشتی‌و سوتەمەنیی بە ناوی فاتیح (Fatih Gemisi) ڕەوانەی ناو ئاو کرد. ساڵی (٢٠١٩) کەشتیی یاڤوز (Yavuz Gemisi)و ساڵی (٢٠٢٠) کەشتیی قانونی (Kanuni Gemisi)و ساڵی (٢٠٢٢) کەشتیی عەبدولحەمید خان (Abdülhamid Han Gemisi)ی ڕەوانەی سنوورە ئاوییەکانی کرد. ساڵی (٢٠٢٠) لە دەریای ڕەشدا کێڵگەیەکی گەورەی غازی سروشتی دۆزرایەوەو ناونرا کێڵگەی غازی سەکاریا (Sakarya Gaz Sahası)، ئەمەش لە جیهاندا گەورەترین کێڵگەی غاز بووە لەو ساڵەدا دۆزرابێتەوە.
لە کاتی دۆزینەوەی ئەو کێڵگە غازەدا توانای بەرهەمهێنانی تورکیا لە غازی سروشتیدا تەنها (٤٤١) ملیۆن مەتر سێجای ڕۆژانە بووە، بەڵام دوای دەستکردن بە دەرهێنانی غاز لەو ناوچەیەداو لە نیسانی (٢٠٢٤)دا توانای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی غازی سروشتی تەنها لە کێڵگەی غازی سەکاریا (٤) ملیۆن‌و نیو مەتر سێجا بووە.(٥)
لە هەمان کاتدا لە قەزای جەیهانی سەر بە پارێزگای ئەدەنە لە ساڵی (٢٠٢٢) دوو بیرەنەوت دۆزرایەوە، کە لە هەردووکیاندا (٨) ملیۆن بەرمیل نەوت هەیە.(٦)

پڕۆسەی دەرهێنانی نەوت لە گابار
لە ساڵی (٢٠٢٢)ەوە پڕۆسەی گەڕان‌و دۆزینەوەی نەوت لە زنجیرەچیاکانی گابار دەستیپێکردووە، لە هەندێک ناوچەدا بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر ڕێگە بە ناوچەی شاخاویی سەخت‌و تاشەبەرددا دروستکراوە.
لە زنجیرەچیاکانی گابار لە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان، لە گەرمەی پەتای کۆرۆنادا بیرەنەوت دۆزرایەوە. لە ساڵی (٢٠٢١) بیرەنەوتێک لە گابار دۆزرایەوە کە نزیکەی (١٥٠) ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە، بە لەبەرچاوگرتنی نرخی ئێستای نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، ئەم بڕە بە نزیکەی (١٢) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. ئەم بیرەنەوتە لە (١٠) یەکەمین بیرەنەوتی جیهانە کە لە ناوچە وشکانییەکاندا لەو ساڵەدا دۆزرابێتەوەو زۆرترین بڕی نەوتی خەمڵێنراوی تێدابێت.(٧)
دوای ئەمەش لە کێڵگەی نەوتی شەهید ئەسما چەلیک (Şehit Esma Çelik Sahası) (٢٦) بیرو لە کێڵگەی نەوتی شەهید ئایبیکە یاڵچن (Şehit Aybike Yalçın Sahası) (٥) بیرو لە کێڵگەی نەوتی شەهید تەغمن ئاکدەنیز (Şehit Teğmen Akdeniz Sahası)دا (٢) بیر کەوتووەتە بەرهەمهێنانی نەوت. لە کاتێکدا ئەو بیرەنەوتە تازانە دۆزراونەتەوە، بەرهەمی ڕۆژانەی نەوت (٦٩) هەزارو (٣٠٠) بەرمیل بووە، لەم ڕێژەیەش (٥٥) هەزارو (٦٠٠) بەرمیل نەوتی خاو لەلایەن دەزگای کۆمپانیا هاوبەشە نەوتییەکانی تورکیاوە بەرهەمهێنراوە،(٨) بەڵام لە (١١)ی نیسانی (٢٠٢٤) ئاڵپارسڵان بایراکتار (Alparslan Bayraktar)؛ وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ڕایگەیاند کە هەمان دەزگا “تەنها لە گابار ڕۆژانە (٤٠) هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەرهەمدەهێنێت.”(٩)
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی دەزگای کۆمپانیا نەوتییە هاوبەشەکانی تورکیا لە (٣)ی مایسی ٢٠٢٣، “لە چیاکانی جودی‌و گابار بڕی یەکملیار بەرمیل نەوتی خاو هەیە.”(١٠)
بیرەنەوتەکانی گابار بە گەورەترین بیری نەوت ئەژماردەکرێن کە لە مێژووی ٧٠ ساڵەی کۆمپانیای نیشتیمانیی نەوتی تورکیادا دۆزرابێتنەوە، لە (٢)ی مایسی (٢٠٢٣) ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، ڕایگەیاند کە “لە ناوچەی گابار بیرەنەوتێک دۆزراوەتەوە لە قوڵایی (٢) هەزارو (٦٠٠) مەتردا توانای بەخشینی (١٠٠) هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەیە”،(١١) لە کاتێکدا لە ساڵی (٢٠٢٤) هەوڵی زیادکردنی ژمارەی بیرەنەوتە دۆزراوەکان لە گابار لە (٣٣) بیرەوە بۆ (٩٥) بیر دەدرێت، هەتا حوزەیرانی ئەمساڵ ڕۆژانە (٥٠) هەزار بەرمیل نەوت لە گابار دەرهێنراوە.(١٢) لە هەمان کاتدا عەلی یەرلیکایا؛ وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا ڕایگەیاند کە “هەتا کۆتایی (٢٠٢٤) لە بیرەنەوتەکانی پارێزگای شرناخەوە ڕۆژانە (١٠٠) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنین”.(١٣) بە گوتەی ئاڵپارسڵان بایراکتار، “ئەم بڕەش ڕۆژانە (٣) ملیار دۆلار بۆ گەنجینەی دارایی تورکیا دەگێڕێتەوە.”(١٤) هەروەها چاوەڕواندەکرێت “هەتا کۆتایی (٢٠٢٤) تورکیا ژمارەی بیرەنەوتەکانی تەنها لە شرناخ، هەکاری‌و وان بۆ (١٤٠) بیر زیادبکات‌و لە سەرانسەری وڵاتدا ڕۆژانە بڕی (٢٠٠) هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەرهەمبهێنێت”،(١٥) واتە تەنها لە گابار نیوەی نەوتی تورکیا بەرهەمدەهێنرێت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بەشێک لە شارەزایان‌و ئەندازیارانی بواری نەوت‌و غاز، ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی تورکیایان “وەک بەشێک لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان‌و سەرۆکایەتیی کۆماری (٢٠٢٣)و هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی (٢٠٢٤)” ڕاڤەکردووەو پێیانوایە “پێش تەواوکردنی پڕۆسەی گەڕان‌و هەڵکەندنی بیرو دەرکردن‌و لیکۆڵینەوەی لە تاقیگەدا، قسەکردن لە سەر بڕی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکان دژی بنەما زانستییەکان‌و ئەندازیاریی نەوتە.”(١٦)

بەرهەمهێنانی نەوت لەودیو سنوور
جگە لە ناوخۆی وڵات، کۆمپانیا هاوبەشە نەوتییەکانی تورکیا لە وڵاتانی دراوسێ‌و نزیکی ئەو وڵاتە سەرقاڵی گەڕان‌و دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوتن. ئەم کۆمپانیایە لە ڕوسیا، عێراق، ئەفغانستان، ئازەربایجان‌و قوبروسی باکوور لە (١٠) پرۆژەی نەوتیدا بەشدارییکردووە. جگە لەمانەش، تورکیا تەنها لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لەگەڵ وڵاتانی لیبیا، ئێران، ڤەنزوێللا، تورکمانستان، سۆماڵ‌و مەغۆلستاندا چەندین ڕێککەوننامەی تایبەت بە گەڕان‌و دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت‌و غازی سروشتیی واژۆکردووە.
دۆزینەوەی نەوت لە تورکیا هاوکاتە لەگەڵ گەشەکردنی بەردەوامی وزەی نوێبووەوەدا
بانگەشەکانی تورکیا بۆ دۆزینەوەی نەوت‌و گازی سروشتی لە کاتێکدایە کە جیهان هەوڵی ڕزگاربوون لە دوکەڵی سوتەمەنی دەدات، بەجۆرێک زۆرێک لە وڵاتان پێشبڕکێیانە بۆ دۆزینەوەی وزەی جۆراوجۆری جێگرەوەی سوتەمەنی، بە تایبەتی بەرهەمهێنانی وزە لە خۆر، هەواو ئاو لە گەشەی بەردەوامدان‌و هێدی هێدی پێویستی بە نەوت‌و بەرهەمەکانی سوتەمەنی کەمدەبێتەوە.

تورکیا چاویبڕیوەتە سامانی ژێرزەویی باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان‌و لە دەرفەتێک دەگەڕێت لەگەڵ خاکی ئەو ناوچەیەدا نەوتەکەشی وەک بەشێک لە سامانی ژێرزەویی خۆی مامەڵەیپێوەبکات.

بە گوتەی شارەزایان، لە تورکیا ساڵانە بڕی (٣٣٠) ملیار کیلۆوات وزەی خۆر لە کاتژمێرێکدا بەکاردەبرێت، ئەمە لە کاتێکدایە بەرهەمی ساڵانەی ئەو وڵاتە لە وزەی خۆر (٤٠٠) ملیار کیلۆوات بووە لە کاتژمێرێکدا. لە لایەکی دیکەوە، باس لەوە دەکرێت کە پڕۆسەی گەڕان‌و پشکنین بۆ سوتەمەنیی وەک نەوت‌و غازی سروشتی لەگەڵ ئامانجە پلانبۆدانراوەکانی تورکیادا بۆ ساڵی (٢٠٥٣) بۆ سفرکردنەوەی بەکاربردنی بەرهەمی سوتەمەنی لە تورکیاو جیهان یەکناگرێتەوە، هەر بۆیە ڕاگەیاندنی دۆزینەوەی نەوت‌و غازی سروشتی لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیاوە وەک مژدەیەکی گەورە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە “بە واتای دواکەوتنی تورکیا لە ڕێڕەوی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی وزە لێکدەدرێتەوە.”(١٧)
لێرەوە شارەزایان پێشنیاری کارکردن لە بواری بەرهەمهێنانی وزە لە خۆرو هەواوە بە گونجاوتر دەزانن لە گەڕان بە دوای سوتەمەنیدا، بە تایبەتی سوتەمەنییەک لە ناوچەیەکی شاخاویی سەختی وەک گابار، کە هاوسنوورە لەگەڵ عێراقداو ناوچەیەکی مەترسیدارو ناسەقامگیرە، جگە لە بانگەشەیەکی سیاسی‌و هەڵبژاردن، واتایەکی دیکەی وەک گەشەکردنی ئابووریی لێناخوێنرێتەوە.

دۆزینەوەی نەوت لە زەلکاوی قەیرانی ئابووریدا
هەوڵەکانی تورکیا بۆ دۆزینەوەو بەرهەمێنانی نەوت لە کاتێکدایە کە ئەو وڵاتە بە دەست قەیرانێکی قوڵی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەردەوامی هەڵئاوسان‌و گرانبوونی نرخی پێداویستییەکانی ڕۆژانەدا، بە گوێرەی دوایین ئاماری ناوەندە جیاوازەکانی ڕاپرسی، (٦٠٪) بۆ (٨٦٪)ی هاوڵاتیان کێشەی ئابووری بە یەکەم پرسی وڵاتەکەیان دەزانن، کە شایستەی چارەسەرکردن بێت.(١٨) لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی زیاتر لە (٣٠٪)ی هاوڵاتیان پێیانوایە هیچ پارتێکی سیاسی ناتوانێت چارەسەری قەیرانی دارایی بکات،(١٩) لەبەرئەوە هاوڵاتیان ڕەخنەی توند لە دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە دەگرن، لە بریی چارەسەرکردنی کێشەی ئابووری، خەڵکی سەرقاڵدەکەن بە دۆزینەوەی چەند بیرەنەوتێکەوە، کە نازانرێت هەتا کۆتایی هەتا چەند خەرجیی دەرهێنانی نەوتەکە لە داهاتەکەی کەمتر دەبێت، هەر بۆیە گوتەو لێدوانی بەرپرسانی ئەنقەرە بە بەشێک لە جەنگی دەروونی‌و پەردەپۆشکردنی کێشەی ئەمنی‌و سەربازی لە سنووری عێراق‌و سوریا ڕاڤەدەکرێت‌و ڕەوایەتیدانە بە بەکوشتدان‌و برینداربوونی سەدان سەربازو خەرجکردنی بودجەیەکی زۆر بۆ جەنگ.

“لە دۆڵی جەهەنمەوە بۆ دۆڵی بەهەشت”؛ دۆزینەوەی نەوت وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندەی دەوڵەت
تورکیا هەر زوو لەگەڵ دۆزینەوەی نەوتدا لە زنجیرەچیاکانی گابار، پڕوپاگەندەی سیاسیی دەستپێکرد، بە جۆرێک کێشەی نەبوونی ئاسایشی وزەو نەوتی بەستووەتەوە بە بوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە (پەکەکە).
میدیای تورکیا، بەبێ جیاوازیی دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن، بە جۆرێک باس لە دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن کە دەبێت بە ڕەحمەت‌و مایەی سەقامگیریی ئاسایشی وزەو سوتەمەنی بۆ تورکیا.
شارەزایان باس لەوە دەکەن کە لەگەڵ کێشەی تەکنیکی‌و نەبوونی یاخود کەمیی ئامرازی تەکنەلۆژیی پێشکەوتوو و بەرزیی نرخی بەرهەمهێناندا بەراورد بە فرۆشتنی نەوتی گابار، هۆکارێکی گرنگی دواکەوتنی گەڕان‌و پشکنین‌و دۆزینەوەی نەوت لەو ناوچەیە “دەگەڕێتەوە بۆ ناسەقامیگریی ئەمنی.”(٢٠)
یەکەم کێڵگەی نەوت لەلایەن حکومەتەوە بە ناوی ئەسما چەلیکەوە (Esma Çelik) ناونراوە، ئەسما کارمەندێکی هێزی پاککەرەوەی زەوییە مینڕێژکراوەکان بووە، لە کاتی پاککردنەوەی ئەو ناوچەیەی کە نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە، بە هۆی تەقینەوەی مینێکەوە گیانیلەدەستداوە،(٢١) هەر بۆیە لە سەرجەم بابەتە میدیاییەکانی پەیوەست بە دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوتەوە لە گابار، باس لە چیرۆکی “شەهیدبوونی” ئەسما چەلیک دەکرێت. کێڵگە نەوتییەکانی دیکەش کە ژمارەیان (١٠) کێڵگەیە، هەر بە ناوی سەربازو پلەدارەکانی سوپاو هێزە ئەمنییەکانەوە ناونراوە، کە بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی تورکیا لەو ناوچەیەدا “شەهیدبوون”. لێرەوە میدیای تورکیا بابەتی دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتە بە ڕەهەندی ئەمنی‌و سەربازییەوە دەبەستێتەوەو ڕایگشتیی تورکیا بەو ئاڕاستەیەدا دەبات کە دابینکردنی ئاسایشی وزەو سوتەمەنی لە تورکیادا پەیوەستە بە بەهێزی‌و تۆکمەیی هێزی ئەمنی‌و سەربازیی وڵاتەکەوە.

لە هەر بابەتێکی میدیاییدا درەنگکەوتنی دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت لە گابار دەبەسترێتەوە بە “بوونی تیرۆرسیتان”ەوە لەو ناوچەیە، لە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی تورکیادا لە ڕێگەی وەرگرتنی لێدوانی بەرپرسانی حکومیی ناوچەکەوە، موختاری گوندەکان‌و هاوڵاتیانی نزیک لە دەسەڵات “گەریلا وەک بەڵایەک بۆ تورکیا بە گشتی‌و بە تایبەتی بۆ ناوچە کوردییەکان وێنادەکرێت”، سەرجەمیان دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوت لە گابار لە دوای “پاککردنەوەی ناوچەکە لە تیرۆریستان” دەکەن بە بەڵگە بۆ “تۆمەتبارکردنی گەریلا بە سەرچاوەی کێشەکان.”
تەنانەت خودی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش لە گوتارێکیدا لە وان لە (٥)ی مایسی (٢٠٢٣) ئاماژەی بەوە داوە کە “لەمەودوا گابار لەگەڵ تیرۆردا ناویناهێنرێت، بەڵکو وەک ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە نەوت ناویدەهێنرێت.”(٢٢) لێرەشدا ئەردۆغان ناوی گاباری بەستووەتەوە بە “تیرۆر”ەوەو ڕاستەوخۆ بە خەڵکی دەڵێت: “ڕزگاربوونی ناوچەکە لە بەڵای تیرۆر سەرەتای گواستنەوە دەبێت لە قۆناغی شەڕو کوشتار بۆ قۆناغی وەبەرهێنان‌و گەشەی ئابووری لە ناوچەکەدا.”
بە هەمان شێوە سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکیدا لە شرناخ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان‌و سەرۆکایەتیی کۆماردا ڕایگەیاند کە “ئەوانەی دەیانەوێت بە درۆو هەواڵی ناڕاست میللەتەکەمان ڕەشبینبکەن، ئامانجیانە تورکیا بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی تیرۆرو تۆقاندن، بەڵام ئێمە دەمانەوێت شرناخ بکەین بە یەکێک لە ناوچە بەرهەمهێنەرەکانی وڵاتەکەمان. کارێک دەکەین کە جارێکی دیکە تیرۆریستان نەتوانن شرناخ بکەن بە لانکەی خۆیان. هەتا دوێنێ لە ترسی تیرۆر کەس نەیدەوێرا بێتە شرناخەوە، بەڵام ئێستا هاوڵاتیان لەوپەڕی کامەرانیدا ژیان بەسەردەبەن‌و دەستکراوە بە وەبەرهێنان لە بواری نەوت‌و سوتەمەنیدا”. جارێکی دیکە ئەردۆغان جەختی لە سەر بەسەرچوونی “سەردەمی تیرۆر”و سەرەتای خۆشگوزەرانی‌و ئاوەدانی کردەوە!
لە هەمان کاتدا میدیای تورکیا دەیەوێت بە ڕایگشتیی وڵاتەکەی بڵێت: بە هۆی بوونی نەوتەوە، لە گابارو ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق‌و تورکیا لەلایەن زلهێزەکانی جیهانەوە، گرووپی چەکداریی دژ بە تورکیا دروستکراوە، بۆئەوەی لە بریی گەشەی ئابووری‌و پێشخستنی وڵات، تورکیا سەرقاڵببێت بە “ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”و بەدیهێنانی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکانی.

بەم جۆرە میدیای تورکیا بە ناڕاستەوخۆو لە ڕێگەی جەختکردنەوە لە سەر ئاسایشی وزەو سوتەمەنی لە پارێزگای شرناخ‌و زنجیرە چیای گاباری هاوسنووری هەرێمی کوردستانەوە ڕەوایەتی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان دەدات‌و بەدەر لە لایەنی ئەمنی‌و ئاسایشی، ڕایگشتیی تورکیا ئاڕاستەدەکات بەوەی دابینکردنی ئاسایشی وزەو سوتەمەنیی تورکیا پەیوەستە بە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارامەوە لە خاکی هەرێمی کوردستان‌و عێراقدا.

ئۆپەراسیۆنەکانی باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان لە پێناوی دابینکردنی ئاسایشی وزەو سوتەمەنیدا
نیازی تورکیا بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەشێکی خاکی هەرێمی کوردستان لە زنجیرەچیاکانی گارە، مەتینا، قەندیل، خواکوڕک بریتی دەبێت لە دەرهێنانی نەوت لەو ناوچەیەو ئاودیوکردنی بۆ ئەنقەرە. بەڵگەش بۆ ئەمە، جەختکردنەوەیە لە سەر “پەیوەستیی ئەو بیرەنەوتانەی لە زنجیرەچیای گابار دۆزراونەتەوە لەگەڵ بیرە نەوتەکانی باکووری عێراقدا.”(٢٣) تەنانەت مەلیکان بیلگی (Melikan Bilgi)؛ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیا نەوتییە هاوبەشەکانی تورکیا (Türkiye Petrolleri Anonim Ortaklığı Müdürü) ڕایگەیاندووە کە “ئەو نەوتەی لە ژێر زنجیرەچیاکانی گابارو خاکی تورکیادایە، ناوەندی سەرەکیی ئەو نەوتەیە کە لە ژێر خاکی عێراق‌و سوریادایە”، بەڵام بە هۆی بەرزیی خاکی تورکیاوە لە سوریاو عێراق، نەوتەکە بەرەو ژێر خاکی ئەو دوو وڵاتە دەڕوات.(٢٤) لێرەوە دەکرێت لە ئایندەدا تورکیا بیانوو بە عێراق‌و سوریا بگرێت بەوەی نەوتی ژێرخاکی وڵاتەکەی دزەدەکاتە خاکی عێراق‌و سوریاوەو بەم جۆرە داوای پشکی نەوت لە دیمەشق‌و بەغداد بکات، بە تایبەتی لە دۆخێکدا عێراق‌و سوریا داوای پشکی خۆیان لە ئاوی ڕوبارەکانی دیجلەو فورات لە ئەنقەرە بکەن.
هەر لە بنەڕەتدا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەوڵەکانی گەڕان‌و پشکنین بۆ نەوت لە تورکیا بریتی بووە لەوەی “ئەو وڵاتە دراوسێی ئێران، عێراق‌و سوریا بووە، لە سەر ئەم بنەمایە بەرپرسان‌و شارەزایانی تایبەتمەند بە بواری نەوت لە تورکیا پێیانوابووە سەرچاوەی بەشێک لە نەوتی ئەو وڵاتانە دەکرێت لە چیاکانی باشوورو خۆرهەڵاتی تورکیادا بێت.”(٢٥)

ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش لە گوتارەکەی ساڵی ڕابردوویدا لە شرناخ جەختی لە سەر گرنگی‌و پێویستیی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی “لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری تورکیا” کردەوەو ئاماژەی بەوە داوە کە “بە درێژایی ناوچە سنوورییەکانی باشووری تورکیا ناوچەی ئارام” دروستدەکەن، بەم جۆرەش وەک ئەردۆغان باسیکردووە، “بە تەواوی ڕێگری لە پریشکی ئەو ئاگرە دەکەن کە بە ڕووی تورکیادا هەڵکراوە.”(٢٦) لێرەوە ڕووندەبێتەوە لەگەڵ ئامانجی ڕێگری لە “تیرۆرو مەترسی لە سەر ئاسایشی نیشتیمانیی تورکیا”، دابینکردنی ئاسایشی وزەو سوتەمەنی‌و دەستبەسەرداگرتنی نەوتی بەشێک لە باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان ئامانجێکی گرنگی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیایە.
سەرەڕای هۆشدارییەکانی بەشێک لە شارەزایان بۆ دەستبەرداربوونی تورکیا لە خۆسەرقاڵکردن‌و بەفیڕۆدانی کات‌و بودجە لە پڕۆسەی گەڕان‌و پشکنین‌و بەرهەمهێنانی نەوت‌و غازی سروشتی، بەردەوامیی بەرپرسانی تورکیا لەو کارەیان ئەو لێکدانەوەیە بەهێزتردەکات کە تورکیا دەیەوێت بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەست بە سەر بەشێک لە خاکی باشوورو ڕۆژئاوای کوردستاندا بگرێت‌و دواتریش بە بەهانەی جۆراوجۆر نەکشێتەوەو لێرەشەوە دەستبکات بە دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوت لە باکووری عێراق‌و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا.
هەر لێرەشەوە ڕووندەبێتەوە کە تورکیا مەبەستی نەبێت هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەو هیوایەی خۆی دەست بە سەر ئەو نەوتەدا بگرێت‌و دەرهێنان‌و هەناردەکردنی بە تەواوی بکەوێتەژێر دەستی خۆیەوە.
کۆتایی
هەرچەندە لە دوای ڕوخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی‌و دامەزراندنی کۆماری تورکیا، هەوڵی گەڕان‌و دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوت لەو وڵاتە زۆر سست‌و لاواز بووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی ئەنقەرە هیچ کات بێهیوانەبوون لە دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت، بە جۆرێک بتوانن بە لایەنی کەمەوە پێداویستیی ناوخۆیی وڵاتەکەیان لە نەوت‌و غازی سروشتی دابینبکەن. بە تایبەتی لە دە ساڵی ڕابردوودا لە سایەی گەشەی تەکنەلۆژیای فڕۆکەیبێفڕۆکەوانی تورکیاو پاککردنەوەی خاکی ئەو وڵاتە لە گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان، تورکیا چاویبڕیوەتە نەوتی زنجیرەچیاکانی باکووری کوردستان، بە جۆرێک ئومێدیان هەیە بەوەی وەک ئاوی ڕوباری دیجلەو فورات، سەرچاوەی زۆرێک لە نەوتی عێراق‌و سوریا دەستبەسەردابگرن.
لە هەمان کاتدا تورکیا بوونی چەکدارانی پەکەکەو یەپەگە لە باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاکی ئەم ناوچەیەو لێرەشەوە دەست بە دەرهێنانی نەوت لەم دوو هەرێمەدا بکات.
سەرەڕای ڕەخنەی پسپۆڕانی ئەو وڵاتە لە سەر جۆری ئەو نەوتەی تورکیا لە زنجیرەچیاکانی گابار دەریدەکات، کە لەوانەیە خەرجیی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی زیاتر بێت لە داهاتەکەی، بەڵام بەرپرسانی ئەنقەرە دۆزینەوەی هەر بیرەنەوتێک بە دەرفەتێکی زێڕین دەزانن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن‌و پڕوپاگەندەی سیاسی‌و ناشرینکردنی زیاتری وێنای پەکەکەو بە ئاشکرا بوونی گەریلا لەو ناوچانە بە هۆکاری دواکەوتنی ئابووری‌و سوودوەرنەگرتن لە سامانی ژێرزەوی‌و نەوتی ئەو ناوچانە دەزانن.

دواجار دەکرێت دەستبەسەرداگرتنی نەوتی باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان یەکێک بێت لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئەو وڵاتە.
__________________
پەراوێزو سەرچاوەکان
1.MAPEG, Petrol İstatistikleri, https://www.mapeg.gov.tr/Custom/Petrolistatistik, 26.07.2024.
2.Çolak, Mustafa, Daşdemir, Hasan, Türkiye’de Petrol Varlığı Çalışmalarına Bir Örnek: Schwennesen Raporu, Selçık Türkiyet Degiri, Aralık / December 2022; (56):19-38, e-ISSN 2458-9071, doi 10.21563/sutad.1221947\, sayfa 19 https://dergipark.org.tr/tr/download/article-file/2843509.
3.Özdemir, Büşra Zeynep, Türkiye’nin Petrol Üretimi ve Gabar Petrolü, 16.05.2024, https://www.setav.org/odak/odak-turkiyenin-petrol-uretimi-ve-gabar-petrolu, 25.07.2024.
4.NTV, Bakanımız Sn. Alparslan Bayraktar, NTV’de gündeme ilişkin açıklamalarda bulundu, 19.04.2024, https://www.youtube.com/watch?v=oAai1p2jjOg, 25.07.2024.
5.Özdemir, Büşra Zeynep, Türkiye’nin Petrol Üretimi ve Gabar Petrolü, 16.05.2024, https://www.setav.org/odak/odak-turkiyenin-petrol-uretimi-ve-gabar-petrolu, 25.07.2024.
6.Ensonhaber, Adana’da su seviyesinde petrol çıktı, 30.11.2022, https://www.ensonhaber.com/ic-haber/adanada-su-seviyesinde-petrol-cikti, 25.07.2022.
7.Özdemir, Büşra Zeynep, 3 SORUDA – Türkiye’nin petrol rezervi keşifleri, 26.12.2024, https://www.aa.com.tr/tr/analiz/3-soruda-turkiyenin-petrol-rezervi-kesifleri/2772820, 25.07.2024.
8.Özdemir, Büşra Zeynep, Türkiye’nin Petrol Üretimi ve Gabar Petrolü, 16.05.2024, https://www.setav.org/odak/odak-turkiyenin-petrol-uretimi-ve-gabar-petrolu, 25.07.2024.
9.T.C. Enerji ve Tabii Kaynaklar Bakanlığı, Günlük 40 Bin Varil Üretime Geçtik, 11.04.2024, https://enerji.gov.tr/haber-detay?id=21279, 25.07.٢٠٢٤.
10. Çakan, Şeyhmus, Gabar ve Cudi artık petrol bölgesi, 14.03.2024, https://www.yirmidort.tv/yazarlar/seyhmus-cakan-3/gabar-ve-cudi-artik-petrol-bolgesi-162074, 25.07.2024.
11.Asya Robins, Gabar Dağı’ndaki petrol rezervi hakkında neler biliniyor, 100 bin varil hedefi için uzmanlar ne diyor?, 05.05.2023, https://www.bbc.com/turkce/articles/cn0edzxlp4do, 25.07.2024.
12.TRT Haber, Gabar petrolünün kuyudan depolara uzanan yolculuğu, 25.07.2024, https://www.youtube.com/watch?v=q3QU0zgnZ8s, 25.07.2024.
13.Haber GLOBAL, Gabar Gerçeği Ortaya Çıkardı! Ne Irak Ne Suriye, Petrolde Dengeler Değişiyor, 02.01.2024, https://www.youtube.com/watch?v=OI0-ST1Eor8, 25.07.2024.
14.NTV, Bakanımız Sn. Alparslan Bayraktar, NTV’de gündeme ilişkin açıklamalarda bulundu, 19.04.2024, https://www.youtube.com/watch?v=oAai1p2jjOg, 25.07.2024.
15.Özdemir, Büşra Zeynep, Türkiye’nin Petrol Üretimi ve Gabar Petrolü, 16.05.2024,https://www.setav.org/odak/odak-turkiyenin-petrol-uretimi-ve-gabar-petrolu, 25.07.2024.
16.Asya Robins, Gabar Dağı’ndaki petrol rezervi hakkında neler biliniyor, 100 bin varil hedefi için uzmanlar ne diyor?, 05.05.2023, https://www.bbc.com/turkce/articles/cn0edzxlp4do, 25.07.2024.
17.Asya Robins, Gabar Dağı’ndaki petrol rezervi hakkında neler biliniyor, 100 bin varil hedefi için uzmanlar ne diyor?, 05.05.2023, https://www.bbc.com/turkce/articles/cn0edzxlp4do, 25.07.2024.
18.Yurttas TV, Müsavat Dervişoğlu ve Fatih Erbakan’dan AKP’lileri çılgına çevirecek açıklama! CHP’ye destek mesajı! 01.08.2014, https://www.youtube.com/live/DXu5XkLYM08, 03.08.2024.
19.Yetkin, Murat, Erdoğan’ın CHP’li belediyelere yüklenme hesabı ters tepebilir,26.07.2024,https://www.youtube.com/watch?v=AIOgkSSRylY, 28.07.2024.
20.AsyaRobins, Gabar Dağı’ndaki petrol rezervi hakkında neler biliniyor, 100 bin varil hedefi için uzmanlar ne diyor?, 05.05.2023, https://www.bbc.com/turkce/articles/cn0edzxlp4do, 25.07.2024.
21.GZT News, The story of the oil discovered in Gabar Mountain: GZT filmed special, 22.01.2023, https://www.youtube.com/watch?v=ba9zFHhKkdw, 25.07.2024.
22.Çakan, Şeyhmus, Gabar ve Cudi artık petrol bölgesi, 14.03.2024, https://www.yirmidort.tv/yazarlar/seyhmus-cakan-3/gabar-ve-cudi-artik-petrol-bolgesi-162074, 25.07.2024.
23.TV100, Gabar’daki Petrolün Çıktığı Yer, 04.05.2023, https://www.youtube.com/watch?v=zeawhnChRjE, 25.07.2024.
24.Haber GLOBAL, Gabar Gerçeği Ortaya Çıkardı! Ne Irak Ne Suriye, Petrolde Dengeler Değişiyor, 02.01.2024, https://www.youtube.com/watch?v=OI0-ST1Eor8, 25.07.2024.
25.Çolak, Mustafa, Daşdemir, Hasan, Türkiye’de Petrol Varlığı Çalışmalarına Bir Örnek: Schwennesen Raporu, Selçık Türkiyet Degiri, Aralık / December 2022; (56): 19-38, e-ISSN 2458-9071, doi 10.21563/sutad.1221947\, sayfa 32\, https://dergipark.org.tr/tr/download/article-file/2843509.
26.Çakan, Şeyhmus, Gabar ve Cudi artık petrol bölgesi, 14.03.2024, https://www.yirmidort.tv/yazarlar/seyhmus-cakan-3/gabar-ve-cudi-artik-petrol-bolgesi-162074, 25.07.2024.

Send this to a friend