لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئاینده‌یی؛ پوختە ده‌روازه‌یه‌كی تیۆری
له ژماره یه‌كی گۆڤاری ئاینده‌ناسی ئایاری 2020 بڵاوكراوه‌ته‌وه
د.یوسف گۆران
بەرایی
هه‌ر چه‌نده لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی وه‌ك بوارێكی مه‌عریفی له ڕووی مێژووییه‌وه كۆن نییه و بۆ ناوه‌ڕاسته‌كانی سه‌ده‌ی بیستەم ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام حه‌زی مرۆڤ و بیركردنه‌وه له زانین و پێشبینیكردنی ئاینده، به هۆكاری جیاواز، زۆر كۆنه، ڕەنگه سهرهتاکەی بۆ ده‌ركه‌وتنی مرۆڤی زیرەک(homosapiens) بگه‌ڕێته‌وه، كاتێك ئه‌م بوونه‌وه‌ره نوێیه به‌ره به‌ره له پڕۆسه‌ی به‌كارهێنانی مێشك له به‌ڕێوه‌بردنی ژیاندا چه‌ندین پرسیاری نوێی له‌سه‌ر مێژوو، ئێستا و ئایندەی خۆی و كۆمه‌ڵگاكه‌ی ده‌كرد. ئایندهبینیش، چ وه‌ك ترس و خه‌م و دڵه‌ڕاوكێ چ وه‌ك حه‌ز، به‌شێكی ئه‌م پڕۆسه مرۆڤایانهیه بووه. به‌م شێوه‌یه چیرۆك و داستان و شارستانیەتە دێرینەکان، چه‌ندین ئاماژەی جیاواز و به‌هێزی بۆ بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ له ئایندهی خۆی و كۆمه‌ڵگاكه‌ی تێدایه. به‌ڵام سه‌رباری جیانه‌بوونه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ئاینده‌یی له مرۆڤ، بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی وه‌ك بوارێكی زانستی(نه‌ك زانست) زۆر نوێیه و سه‌ره‌تا وه‌ك بوارێكی هزری و کردەیی تایبه‌ت ده‌ركه‌وت(سه‌ربازی و ته‌كنۆلۆژی)، پاشان بۆ زۆربه‌ی بواره‌كان ته‌شه‌نه‌ی كرد. له ئێستادا لە زۆربه‌ی بواره‌كانی پلاندانان، ستراتیژی، ئابووری، ته‌كنۆلۆژی، پێداگۆژی، ته‌ندروستی و ژینگه… هتد، به‌كار دێت و سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت. ده‌وڵه‌تان، كۆمپانیاكان و زانكۆكان، چه‌ندین په‌یمانگا و سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌تیان به‌م بواره دامه‌زراندووه.
ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه تایبه‌ته به لایه‌نی تیۆریی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی و ئه‌و میتۆدانه‌ی كه له‌م بواره‌دا به‌كار دێن، هه‌وڵ ده‌دات سه‌رباری ناساندنی بوارەکە له ڕووی تیۆری و میتۆده‌وه، تیشك بخاته سه‌ر ئه‌و کێشە و جیاوازییانەی كه ئه‌م بواره له بواره نزیكه‌كانی خۆیەوە هه‌یه‌تی؛ ڕوون بكاته‌وه.
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: چه‌مكی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی
به‌شی یه‌كه‌م: پێناسه‌ی چه‌مكی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی
ا. گه‌شه‌سه‌ندنی مێژوویی چه‌مكه‌كه
لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی له مێژووی گه‌شه‌سه‌ندنی خۆیدا به چه‌ندین شێوه و ناو و دهستهواژەی جیاواز ئاماژەی پێ دراوه، كه دیاره هه‌ندێكیان به قۆناغی گهشهسهندنهكه په‌یوه‌ستن و هه‌ندێكیشان به بوار و شوێن و كه‌سی بهكارهێنانهرەوە تایبه‌ت بوون.
پێش هه‌زاران ساڵ و له سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی “بیركردنه‌وه له ئاینده”، ئه‌م بواره پشتی به هه‌ندێ ئامرازی خورافی و جووڵه‌ی ئه‌ستێره‌كان دەبەست و بۆ دیاریكردنی ئایندهی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگاكان به‌كاری ده‌هێنا، بوارەکەش به ئه‌ستێره‌ناسی (تنجیم – Astrology) ده‌ناسرا، به‌ڵام پاشتر له قۆناغی تردا ئه‌م بواره زۆرتر به واقعی كرا و وشه‌ی “prophecy” كه به‌رامبه‌ر (تنبؤ، نبوءة)ی عەرەبییە و “نبی”یش به‌و كه‌سانه ده‌گوترا كه توانای پێشبینیكردن و ئاگاداركردنه‌وه‌یان هه‌بووه(5/25).
قۆناغی دووه‌می گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م بواره، به ده‌ركه‌وتنی بیری لۆژیكی و میسالی (topiaU) ده‌ست پێ ده‌كات كه زۆربه‌ی جار هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ قۆناغی پێشوو كاری ده‌كرد. ئه‌م قۆناغه به‌ئاشكرا له كۆماره‌كه‌ی ئه‌فلاتووندا دیاره، بۆچوونه‌كانی ئۆگه‌ستین و تۆماس مۆر، پاشتریش كۆندهرسێ و ماركس و كاره‌كانی لیۆناردۆ داڤنشی… هیی تر، به شێوه‌ی جیاواز بیركردنه‌وه له ئاینده و هه‌ندێ جاریش گۆڕینی ده‌رده‌خست(10/10). به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتی له سه‌ره‌تای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا و به هۆی باڵاده‌ستبوونی بیر و ئایدۆلۆژیای حه‌تمیه‌ت(determinisim) به‌رامبه‌ر به ڕووداوه‌كانی جیهان (ڕابردوو، ئێستا و ئاینده)، بیرکردنەوە لە پرسەکەی سست کرد. ئەم ئایدۆلۆژیایە پێی وایه سه‌رجه‌م ڕووداوه‌كان به هۆكاری دیاریكراوه‌وه حه‌تمین و هۆكارێكی له دواوەیە و مرۆڤیش به‌و پێیه ڕۆڵی له گۆڕینیدا نییه، چونكه مرۆڤه‌كان له چاره‌نووسێكی دیاریكراو و زه‌مه‌نێكی ته‌واو جێگیر و داخراودا ده‌ژین. ده‌ره‌نجامی ئه‌م هۆكارانه، بیركردنه‌وه له ئاینده و هه‌وڵی گۆڕینی لاوازی و سستیی ته‌واوی پێوه دەرکەوت.
له كۆتاییەكانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و پاش كه‌ڵه‌كه‌بوونی چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك له گه‌شه‌سه‌ندنی زانسته‌كانی فیزیا، ماتماتیك و گه‌ردوونناسی و پاش گهشهشهندنی ته‌كنۆلۆژیا و به‌رفراوانبوونی تواناکانی هزری و پراكتیكیی مرۆڤ، بواری بیركردنه‌وه و گۆڕین و دروستكردنی ئاینده وه‌ك كایه‌یه‌كی مه‌عریفی ده‌ركه‌وت.
پرسیاره‌كانی زانستی فیزیا ده‌رباره‌ی گه‌ردوون و كات، داڕشتنی میتۆدی زانستیی تایبه‌ت به مێژووی كات لە بارەی دروستبوون و گه‌شه‌سه‌ندن و كۆتاییهاتنی، ڕەهەندێكی زانستیی گرنگی به‌خشییه ئەم بوارە و له بۆچوونه‌كانی “كات”ی بازنه‌یی داخراو ڕزگاری كرد، بوارێك كه پێشتر فه‌لسه‌فی بوو و پێی وا بوو كات به شێوه‌ی یه‌ك ئاڕاسته، رابڕدوو، ئێستا و ئایندەیە و به‌م هەنگاوە پاڵپشتێكی تیۆریی به‌هێز بۆ خوێنده‌وه و گۆڕینی ئاینده هاتە ئاراوە(7/5).
سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م كه تیایدا زانست و ته‌كنۆلۆژیا به‌فراوانی گه‌شه‌ی كرد، به سه‌ره‌تای هه‌وڵی بهزانستیكردنی بواری ئاینده ده‌ژمێردرێت، له‌م سەردەمەدا وشه‌ی “forecast” (پێشبینی) بۆ هه‌موو بواره‌كانی لێكۆڵینه‌وه له ئاینده به‌كار ده‌هات(5/28).
ساڵی ١٩٠١، كاتێك چ. گ. ویلس كتێبی پێشبینییه‌كان(Anticipations)ی كه پاشتر به ناوی ئاشکراکردنی ئاینده (The Discovery of the Future)ی بڵاو كرده‌وه، به ساڵی ڕاسته‌قینه‌ی له‌دایكبوونی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئایندەیی هەژمار دەکرێت، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌و وانەیەی له ١٩٠٢ له پەیمانگای شاهانه‌ی بەریتانی پێشكه‌شی كرد، تیایدا به‌ئاشكرا داوای له ئه‌كادیمیستان كرد لە ڕووی ئه‌كادیمییه‌وه لەم بواره تازه‌یه بتۆژنەوە، به‌ڵام ئه‌م بواره تا نزیكه‌ی ٥٠ ساڵ پاش داواكه‌ی ویلس، به شێوه‌یه‌كی کارا به‌ئه‌كادیمی نه‌كرا(4/29). جێی ئاماژەیە ویلس بۆ لێكۆڵینه‌وه ئایندەییەکان له ساڵی ١٩٣٢دا، وشه‌ی نوێی “oresightF”ی (ئایندەبینی، دووربینی) به‌كار هێنا(2/3).
مێژووناس و زانای بواری حكومڕانیی ئه‌ڵمانی؛ پڕۆفیسۆر ئۆسیپ. ك. فلێختمان، یه‌كه‌م كه‌س بوو دوای شه‌ڕی دووەمی جیهانی، لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی هێنایه بواری ئه‌كادیمییه‌وه. فلێختمان بۆ یه‌كه‌م جار ده‌سته‌واژه‌ی زانستی ئایندەیی یا ئایندەناسیی(futurology) به‌كار هێنا. ئاینده‌ناسی لای فلێختمان به سیستمێك له مه‌عریفه‌ی ڕێكخراو كه تایبه‌ته به بابه‌تێكی دیاریكراو، پێناسه كرا(9/69). ساڵی ١٩٥٧ فه‌یله‌سووف و سه‌رمایه‌داری فه‌ڕه‌نسی؛ گاستون بیرجهر، بۆ یه‌كه‌مین جار وشه‌ی “prospective”ی له‌م بواره‌دا به‌كار هێنا کە بە مانای “کارتێکەر لە ئایندە”ش دێت. بیرجهر پێی وا بوو ئه‌م بواره ته‌نها هه‌وڵی بینینی ئاینده نادات، به‌ڵكوو كاریش بۆ ئاینده ده‌كات. ئه‌م زاراوه‌یه تا ئێستاش له‌نێو فهڕەنسییهكاندا باوه. پاشان له ساڵی ١٩٦٠ ئاینده‌ناسی فهڕەنسی؛ بیرتراند د. جۆڤنێل، زاراوه‌ی (futuribles – ئایندەتۆژینەوەیی) به‌كار هێنا، گۆڤارێكیشی به‌و ناوه وەشاند. جۆڤنیڵ پێی وا بوو ئاینده پێشتر دیاری نه‌كراوه و نه‌زانراوه، به‌م پێیه چه‌ندین مه‌ودا و جۆری جیاواز بە ئایندە خرایە به‌رده‌م ده‌وڵه‌تان، ده‌ره‌نجامی كۆتایی ئایندەکانیش به ده‌ستتێوه‌ردانی مرۆڤەوە په‌یوه‌سته(10/69).
له كۆتایی شه‌سته‌كانیشدا گۆڕانكاریی بەرچاو له به‌كارهێنانی چەمکی نوێ بۆ لێكۆڵینه‌وەكانی ئایندەکان(futures studies) ڕووی دا، به به‌كارهێنانی به شێوه‌ی “كۆ”. هه‌ردوو بیرمه‌ند جه‌یمس داتۆر و ئهلینورا ماسینی، پێداگری و جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ئه‌م دهستهواژەیه ده‌كرد و وه‌ك هه‌ڵوێستێكی فه‌لسه‌فییش بۆ فره‌یی ئاینده و ههمهچهشنبوونی ناساندیان؛ لێیان دەڕوانی. ئه‌م زاراوایه ساڵی ١٩٧٣ به دامه‌زراندنی “یه‌كێتیی جیهانی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئاینده”، زیاتر چه‌سپا. پهیڕەوانی ئه‌م دهستهواژەیه(Futures studies -لێکۆڵینەوەکانی ئایندەیی)، وه‌ك بوارێكی فره‌پسپۆڕی كه چه‌ندین پسپۆڕی جیاواز، خوێندن، فه‌لسه‌فه، ئابووری، مێژوو، سایكۆلۆجیا، كۆمه‌ڵناسی لەخۆ دەگرێت؛ ناساند، کە مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ چه‌ندین ئایندەدا ده‌كات.
ئه‌مڕۆ سه‌رباری فراوانیی به‌كارهێنانی لێكۆڵینه‌وەکانی ئاینده‌یی، هێشتا هه‌ندێ زاراوەی تر به‌كار ده‌هێنرێت، بۆ نموونه؛ وشه‌ی دید یان دووربینین(foresight)، كه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا به‌كار ده‌كات و ئێستاش به‌كار دەهێنرێت. پێناسه‌ی دید یان دووربینین(foresight)، لای ده‌نیس لۆڤێرج پێشبینیكردنه له ڕووی پراكتیكی و چه‌ندایه‌تییه‌وه(2/12)، واته شێوازێكی پراكتیكیی پێ به‌خشیوه. كاركه‌رانی بواری پلاندانان و ستراتیژی، خۆیان به نزیك له‌م ده‌سته‌واژه‌یه ده‌بینن و پێیان وایه قووڵایی و فراوانیی زیاتر به كاره‌كانیان ده‌دات. به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتی هەردوو دهستهواژەی لێکۆڵینەوەکانی ئایندەیی(futures studies) و دووربینین(foresight)، له ئێستادا له ڕووی پراكتیکەوە بۆ یه‌ك مه‌به‌ست به‌كار دێت.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌م بواره له قۆناغی دروستبوونەوە پڕۆسه‌یه‌كی ناڕوون بوو، به‌ڵام له ئێستادا، به‌پێی ڕوانینی هه‌ندێ زانا، چه‌ندین خه‌سڵه‌تی له‌خۆ گرتووه، گرنگترینیان: فرەدیسیپلینی، ئاڵۆزی، جیهانی، پێوانه‌یی (نۆرماتڤ)، زانستی، هاوبەشیپێکار و بهشداریپێكەری(7/132).
پێش خستنەڕووی پێناسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئایندە یان ئایندەیی، گرنگه سه‌ره‌تا ئاماژە بەوە بکرێت كه سه‌رباری بوونی ئیشكالیه‌تی زۆر له‌سه‌ر ناونانی بواره‌كه، له‌نێوان لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی یان ئایندەناسی(futurelogy) یان دید و دووربینین(foresight) یان (futuribles)… هتد، لەم توێژینەوەیدا “لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی” كراوەتە بنه‌مای ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی كه له “ئاینده” ده‌كۆڵنه‌وه، ئەمەش لەسەر چه‌ند بنه‌مایه‌ك:
١. ساڵی ١٩٧٣ كاتێك ناولێنانی بواره‌كانی تایبه‌ت به ئاینده زۆر و فراوان بوو، فیدراڵیه‌تی جیهانی بۆ لێكۆڵینەوەی ئاینده‌یی، بۆ كۆكبوون له‌سه‌ر ناوێكی یه‌كگرتوو، ڕاپرسییه‌كی جیهانیی له‌نێو پسپۆڕانی بوارەکەدا ئه‌نجام دا، کە تیایدا زۆرینه له‌سه‌ر “لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی” كۆك بوون(10/70)، له‌و ساوه تا هەنووکە لەنێو چهمكەکانی دیکەدا زیاتر برەوی پێ دراوە.
٢. لە لایه‌نی زمانه‌وانییه‌وه، “لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی” ڕەنگدانهوهی ئه‌و دۆخه‌یه كه ئه‌م بواره پێیدا تێده‌په‌ڕێت كه له باشترین حاڵەتدا به میتۆدی زانستی یان بوارێكی مه‌عریفی ده‌ستنیشان کراوە و نه‌گه‌یشتووەته ئاستی بەزانستبوونیبوونی وەک زانستێکی دیاریكراو.
٣. ئه‌م دهستهواژەیه كه به شێوه‌ی “كۆ”یه، ڕەنگدانهوهی كرانه‌وه‌ی زیاتری بواری ئایندەنۆڕییە لە هەر چەمکێکی دیکەی هاوتای کە زیاتر نزیک بێت لە مێژووی گه‌شه‌سه‌ندنی دهستهواژەکەوە و لەخۆگری گۆڕانكاریی گه‌وره‌یە بۆ فرەچهشنیی ئاینده(prular future).
ب. ناساندنی چه‌مك
سوهه‌یل عینایهتوڵلایی نووسه‌ری پاكستانی، باوەڕی وایە لێكۆڵینه‌وه‌ی ئایندەیی، لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕێكخراوهییه (systematic) بۆ ئایندەیەکی خوازراو (preferred) و گریمانەبۆکراو (probable) و ئه‌گه‌ره‌كان (possible)، كه تیایدا دیدی جیهانی و ئه‌فسانه‌كانیان (myths) له هه‌ر جۆرێکی ئایندهكاندا جه‌ختی له‌سه‌ر كراوتەوە(4/38).
زانای ئه‌مەریكی ئیدوارد كۆرنش ده‌ڵێت: “ئه‌و زانسته‌یه كه چاودێریی (رصد)ی گۆڕانكاری له دیارده‌یه‌ك ده‌كات و هه‌وڵی ده‌ستنیشانكردنی ئه‌گه‌ره جیاوازه‌كانی لە ئاینده‌دا ده‌دات، ئەمەش به خستنه‌به‌رده‌ستی هاوكاری بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره نزیكهكەیان(5/83).”
به‌ڵام پێنتی مالاسكا کەمێک جیاوازترە و پێی وایه لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی بوارێكی عه‌قڵانیی بههادارییه (rational_value field)، به‌و شێوه‌یه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م زانسته سروشتییه‌كان ناكۆكه لەوەدا کە ئه‌وان ئامانجی بێلایه‌نیی به‌ها (valueneutralism )یان هەیە، بەڵام لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی؛ بێلایه‌ن نییه و ئامانجی ناساندن و ده‌ستەبه‌ركردنی ئایندهی هه‌یه(9/13).
تیۆمۆ كواساش وا بۆی ده‌چێت كه ئه‌م بواره به‌شێكه له بیركردنه‌وه‌ی ستراتیژی، كه له دید و پێشبینی و عه‌قڵانیه‌تی به‌هاكان پێك هاتووه(9/15).
به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌كرێت لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی به بوارێكی ئاكادیمیی مه‌عریفیی فره دیسیپلین بۆ دیراسه‌كردنی سه‌رجه‌م تهخهسووسه زانستییه جیاوازه‌كان پێناسه بكرێت، به چاودێریكردنی ئاینده له لایه‌نه خوازراو و پێشبینیكراو و گریمانەیی و به ئامانجی دیاریكردنی ئاینده‌یه‌ك یان زیاترکردنی ئه‌لته‌رناتیڤ (بدیل)ەکانی ئایندە.
به‌شی دووه‌م: ئیشكالیه‌تی په‌یوه‌ندیی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی به بواره زانستییه‌كانی ترەوە
به هۆی نوێیی ده‌ركه‌وتنی بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده وه‌ك بوارێكی ئه‌كادیمی-مه‌عریفی، ئه‌م كایه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌ندێ بواری زانستیی دیکەدا تێكهڵە و هه‌ندێ جاریش ئیشكالیه‌تی میتۆدی و زانستیی دروست كردووه. لێره‌دا هه‌ندێك له‌و بواره نزیكانه دەخەینە ڕوو:
ا. لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی له‌نێوان زانست و كایه‌ی زانستیدا
هه‌رچه‌نده زانای ئه‌ڵمانی؛ ئۆسیپ، له شه‌سته‌كاندا ئاینده‌ناسیی وه‌ك زانست ناساند کە به “futuorogy”ی ناو بردووە، پێی وا بوو كه ته‌نها جیاوازییان له‌گه‌ڵ زانسته‌كانی تر ئه‌وه‌یه بێلایه‌ن نییه، به‌ڵكوو مه‌به‌ستداره(5/30). به‌ڵام تاكوو ئێستا بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی له‌لایه‌ن کۆمەڵگەی زانستییەوە وه‌ك زانستێكی سه‌ربه‌خۆ نەناسێنراوە.
زانست له ساده‌ترین پێناسه‌یدا، به‌پێی فه‌رهه‌نگی ئۆكسفۆرد، لێكۆڵینه‌وه‌ی پێكهاته و هه‌ڵسوكه‌وتی بواره‌كانی فیزیا و سروشت و كۆمه‌ڵگە له ڕێی چاودێریكردن و بهئهزموونکردنەوە(تجربه)(12/1050). له‌م پڕۆسه‌ی دیراسهكردنهدا، یاسای زانستیی گشتی و بێلایه‌ن ده‌دۆزرێته‌وه كه توانای ڕاستینەی خۆی ده‌پارێزێت له هه‌ر كات و شوێنێكدا كه جێبه‌جێ ده‌كرێت. واته ڕاستییه ئهزموونكراوهكانی زانست (یاسای زانستی) له هه‌مان دۆخی خوازراو، ئەنجام و شێوازێكی ڕەهای هه‌یه و نهگۆڕە.
به‌ڵام گه‌ر به‌راوردێكی نێوان زانست و كایه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی بکەین، ده‌بینین:
١. زانست بوار و دیسیپلینی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، له به‌رامبه‌ردا كایه‌ی لێكۆڵینه‌كانی ئاینده تایبه‌ت نییه، فره‌بوار و فرەدیسیپلینه.
٢. ڕاستینەییەكانی زانست (یاسا)، به‌تایبه‌ت زانسته سروشتییه‌كان و فیزیا، ڕەها و گشتگیر و داڕنراو )موجەڕەد) و ئه‌زموونكراوه، به به‌راورد له‌گه‌ڵ كایه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی كه كراوه‌یه به‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌گه‌ره‌كانی ئایندەدا و پێشتر تاقی نه‌كراوه‌ته‌وه.
٣. ڕادەی دڵنیابوون له پێشبینیكردن بۆ یاسا تاقیكراوه‌كانی زانست زۆر به‌رزه، چونكه له هه‌موو كات و شوێنێكدا هه‌مان ده‌رئه‌نجامی هه‌یه، له به‌رامبه‌ردا لێكۆڵینەوەكانی ئاینده‌یی به هۆی بوونی ئیراده‌ی مرۆڤه‌وه؛ ده‌رئه‌نجامی دڵنیاكه‌ره‌وه و جێگیری بۆ ئاینده نییه، به‌مه‌ش بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی زیاتر له زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نزیكتره نه‌ك زانسته سروشتییەکان و فیزیاوە، به‌ڵام ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش جیاوازه كه فره دیسیپلین و بواری پسپۆڕیی هه‌مه‌چه‌شنه.
به‌م شێوه‌یه سه‌رباری به‌كارهێنانی هه‌ردوو بوار بۆ میتۆدی زانستی، به‌ڵام تاكوو ئێستا جیاوازیی ته‌واو لەنێوان ئه‌م دوو بواره‌دا هه‌یه و ناكرێت لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئاینده‌یی وه‌ك زانستێكی تایبه‌ت بناسرێن، له‌م قۆناغەی ئێستای گه‌شه‌سه‌ندنیدا ده‌كرێت وه‌ك بوارێكی ئه‌كادیمی-مه‌عریفی سه‌یر بكرێت.
ب. پلاندانان و ستراتیژ و شیكردنه‌وه‌ی سیاسی و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی
سه‌رباری بوونی نزیكی له شێوه‌ی كاری پلانداڕێژه‌ران و ئاینده‌ناسان، به‌ڵام جیاوازیی بنه‌ڕه‌تی له نێوانیانیشدا هه‌یه.
له ڕووی مه‌ودای زه‌مه‌نییه‌وه، پلاندانان، گه‌ر ستراتیژییش بێت، له ٢٠ ساڵ تێناپه‌ڕێت، له مه‌ودای ١-٥ ساڵ كاری سه‌ره‌كیی خۆی داده‌ڕێژێ، به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه ئاینده‌ییه‌كان مه‌ودایان فراوانه و له ٥ زیاترە و له ٢٠ تا ٥٠ ساڵیش ده‌ڕوات، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكی بۆ ١٠٠ ساڵ زیاتره(4/40).
له ڕووی میتۆدی مامه‌ڵەكردن له‌گه‌ڵ ئاینده و ئهگهرهكانیدا، پلاندانان زیاتر كار له‌سه‌ر ده‌ستنیشانكردنی سیناریۆ ده‌كات كه له نێویاندا سیناریۆی خوازراو هه‌ڵده‌بژێرێت و كاری بۆ ده‌كات، به‌ڵام زۆربه‌ی جار سه‌رجه‌م سیناریۆكان نزیك و په‌یوه‌ستی یه‌كن. به‌پێچه‌وانه‌وه، میتۆدی كاركردنی ئاینده‌ناس زیاتر كراوه‌یه به‌ته‌نها، خۆی به سیناریۆیه باوه‌كانی ئێستا نه‌به‌ستۆته‌وه، به‌ڵكوو هه‌وڵی دروستكردنی ئایندهی ئه‌لته‌رناتیڤ ده‌دات كه زۆر له سیناریۆ باوه‌كانی پلانداڕێژه‌ران جیاوازتره(9/16-29).
پلان و پلانی ستراتیژی؛ زیاتر كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئاینده ده‌كه‌ن وه‌ك شێوه‌یەك له كۆنترۆڵ و قۆرخكاریی ئاینده، به‌ڵام ئاینده‌ناس له لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی ئه‌وه‌نده‌ی گرینگی به دروستكردنی ئایندهی جیاواز یان فرهئایندهیی ده‌دات، كه‌متر خه‌می قۆرخكردنیهتی.
پلاندانان و ستراتیژیه‌ت ئه‌ركێكی پراكتیكییان هه‌یه به وه‌رگێڕانی دیدێكی دیاریكراو بۆ جێبه‌جێكردنی به کردەیی، ستراتیژیست یان پلانداڕێژه‌ر بێ بوونی دیدێكی ڕوون بۆ ئایندهی كورت یان درێژ، ناتوانێت هه‌نگاوی پراكتیكی دابڕێژێت، به‌ڵام ئاینده‌ناس به دیاریکردنی دیدێك و بژارده‌یه‌ك، به‌شی سه‌ره‌كیی كاره‌كه‌ی ته‌واو ده‌بێت و ئیتر كاری داڕێژه‌ر و ستراتیژیستەكانه بۆ جێبه‌جێكردنیان.
سه‌باره‌ت به بواری شرۆڤەی سیاسییش، ئه‌م بواره جه‌خت له‌سه‌ر شیکاری مەبەستێتیی سیاسه‌تێكی دیاریكراو ده‌كات و پرسیار له‌سه‌ر كۆی گوتار و چوارچێوه‌ی بڕیاردان ناكات. بهپێچهوانەوە، ئاینده‌ناسی و بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئایندەیی، له ڕێی خستنەڕووی كێشه‌كان و مەسەلە تازه ده‌ركه‌وتووه‌كان و پرسیار و سیناریۆ و ئایندهی ئهلتهرناتیڤەکانەوە، هه‌وڵی گواستنه‌وه و گوزه‌ركردن له ئێستاوه بۆ ئاینده‌یه‌كی ته‌واو جیاواز ده‌دات، واته كۆی سیستمه‌كه ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه.
ته‌وه‌ری دووه‌م: چوارچێوه‌ی چه‌مكی (conceptual framework( لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی
– ڕەههند و چوارچێوه
یه‌كێك له‌و ڕەخنە توندانەی كه به‌رده‌وام ئاڕاسته‌ی بواری لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئاینده ده‌كرێت، ئه‌وه‌یه كه بونیادێكی به‌هێزی تیۆری بۆ چه‌مكه‌كان نییه و چوارچێوه‌یه‌كی ڕێكخراوی نییه بۆ ناسینه‌وه و فێربوونی. ڕەخنه‌گرانی، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی گومانیان له زانستیبوونی بوارەکە هه‌یە، پێیان وایه كه لێكۆڵینەوەكانی ئایندەیی به هۆی نه‌بوونی چوارچێوه‌یه‌كی چه‌مكیی(مفهومی) به‌هێز و نه‌بوونی كایه(حقل)یەکی تایبه‌ت به خۆی نه‌ك به پسپۆڕییەکانی تر، به بوارێكی زانستی و مه‌عریفی ئەژمار ناکرێت.
بۆ ده‌رخستنی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ تیۆرهكردنی ئه‌م بواره و زانینی ئه‌و ته‌كنیك و پرنسیپ و میتۆدانه‌ی ئاینده‌ناسان له‌م بواره‌دا به‌كاریان هێناوه، ئه‌م ته‌وه‌ره ده‌كه‌ینه دوو به‌ش: یه‌كه‌میان تایبه‌ته بە ڕەهەندەكانی لێكۆڵینه‌وه ئایندەییهكان و به‌و میتۆدانه‌ی له‌م بواره‌دا سوودی لێ وه‌رگیراوه، دووه‌میش تایبەتە بە چوارچێوه چه‌مكییه‌كه‌ی بوارەکە.
به‌شی یه‌كه‌م: ڕەهەندهكانی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی و میتۆدی به‌كارهاتوو (شیکردنەوە، ڕاڤەکردن، پێشبینیکردن، ڕەخنەگرتن و پێکەوەییبوون):
ئاینده‌ناسان و بڕیارده‌ران و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له بواری بیركردنه‌وه و كاركردن بۆ ئاینده كار ده‌كه‌ن، ڕەهەند و میتۆدی كاره‌كانیان تا ئاستێكی زۆر سوودیان له‌و میتۆده زانستییانەی کە پێشتر هه‌بووه؛ وه‌رگرتووه، کە پێنج جۆر له‌خۆ دەگرێت:
١. ڕەههند و بیری شرۆڤەیی
سوودوه‌رگرتن له شێوازی لێكۆڵینه‌وه‌ی شرۆڤەیی(شیكاری)، له پڕۆسه‌ی دروستكردنی ئایندەدا گرنگ و پێویسته. ئاشكرایه بۆ داڕشتنی هه‌ر پرۆژەیهكی ئاینده‌یی، سه‌ره‌تا داتا و زانیاری كۆ ده‌كرێنه‌وه و به شێوه‌ی جیاواز تۆمار دەکرێن(input)، پاشان میتۆدی شیكردنەوە بۆ پۆلێنكردنی داتا و زانیارییه‌كان ده‌ست پێ ده‌كات كه ئامانجی سه‌ره‌كیی دیاریكردنی ڕەوتی ڕووداوه‌كانه(trends). لێرە كه‌سی شرۆڤەکار هه‌وڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی چەند پرسیارێکی سه‌ره‌كی ده‌دات: دۆخه‌كه چۆن دێتە پێشچاو و چییه؟(whats ?seem to be hapeening). وەڵامی ئەم پرسە و بەدواداچوونی گرنگه و پێناسه‌ی كاره‌كه‌ی ئاڕاسته‌ی ئه‌و كه‌س و لایه‌نه دەكات كه بابەتەکەیان لاگرنگە و کارەکەیان بۆ ده‌كات(11/9-12).
٢. ڕاڤەکردن (ته‌فسیر – interpretation):
میتۆدی ڕاڤەیی، هه‌وڵی تێگه‌یشتن و دۆزینه‌وه‌ی لایه‌نه شاراوه‌كانی ڕووداو و ئاڕاسته‌کان و گرێدانیان به‌یه‌كه‌وه ده‌دات، له ڕێی ئاشکراكردنی لایه‌نه واتایی و قووڵه‌كانی داتا و شیكردنهوەكان، لێره پرسیاری سه‌ره‌كیی: “له ڕاستیدا چی ڕوو ده‌دات؟”(?whats really happening)، كه گرنگه وه‌ڵامی ڕوونی هه‌بێت. میتۆدی سه‌ره‌كیی ئاینده‌ناس لێره دۆزینهوەیە، ئه‌وه‌ی عینایهتوڵڵایی پێی ده‌ڵێت توێ قووڵه هۆكارییەکان(causel layered analysis) دروستبوونی ڕووداوه‌كانه، كه بۆ چوار توێی سه‌ره‌وەی ڕووكه‌ش(litany): هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی، گوتار و جیهانبینی، تا ئه‌فسانه. ناسینی ئه‌م توێیانە ته‌نها له شێوازدا نییه، به‌ڵكوو لایه‌نی زهمهنییشی تێدایه و په‌یوه‌سته به قووڵایی و مه‌ودای كارتێكردنیانەوە. به‌كارهێنانی ئه‌م میتۆدی ڕاڤەكردنە بۆ دانانی چوارچێوه‌یه‌كی تێگه‌یه‌شتن بۆ مه‌سه‌له‌كانی به‌رده‌ست و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارەکەی سه‌ره‌وه، گرنگه(11/11).
٣. ئایندەبینی (پێشبینیکردن) (prospective)
ڕەهەندی ئایندەبینی و پێشبینیكردن، هه‌وڵی په‌ره‌پێدان و دروستكردنی ئاینده‌یه‌كی ئه‌لته‌رناتیڤ ده‌دات، له ڕێی پێشنیاركردنی ڕێگه‌چاره‌ی نوێ بە به‌كارهێنانی ته‌كنیكی جیاواز، وه‌ك: سیناریۆ، ته‌كنیكی دێڵفی، گێژەڵووکەی زەینی، پەنێڵ و… هتد، به‌ڵام باوترینیان سیناریۆسازییه.
زۆر جار دروستكردنی سیناریۆ و دیاریكردنی لایه‌نه جیاوازه‌كانی هه‌ر سیناریۆیه‌ك، كار و ئامرازی سه‌ره‌كیی ئه‌م میتۆده‌یه.
ئاشكرایه دروستكردنی سیناریۆ ئه‌وه‌نده‌ی به‌سووده، ده‌كرێت هێندەش مه‌ترسیدار بێت، به‌تایبه‌ت گه‌ر زانیاری و داتای ته‌واو یان پسپۆڕیی نه‌بێت، یان به‌وردی ئامانجی پرۆژەكه لەبەرچاو نەگرێت. دووركه‌وتنه‌وه له ئامانج یان پێشكه‌شكردنی سیناریۆی ناواقعی، ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی پێشه‌وه‌یه.
به‌كورتی: لە ڕەهەندی پێشبینیدا هه‌وڵی هاندان ده‌دات بۆ گه‌ڕان به‌دوای بیركردنه‌وه و ئه‌ڵتەرناتیڤی نوێ و به پێچه‌وانه‌ی بیری باوی دامه‌زراوه‌كه و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه ڕەنگه ڕوو بدات و باشترین بژارده‌ش ده‌خاته به‌رده‌م دامه‌زراوه‌كه یان پرۆژەكه.
٤. میتۆدی ڕەخنەیی
ڕەهەند و میتۆدی ڕەخنەیی، به هیچ شێوه‌یه‌ك كار له‌سه‌ر پێشبینیكردنی ئاینده ناكات، به‌ڵكوو جه‌خت له‌سەر ناڕوونی و نادیاریی(undifine) ئێستا و ئاینده ده‌كات. ڕەخنەگهرایی پێی وایه دونیابینیی ئێستامان به‌رده‌وام لاواز و شایستەی کارتێکردنە و تێکشکانە(fragile)، چونكه ده‌رئه‌نجامی سه‌ركه‌وتن یان زاڵبوونی گوتارێكی مه‌عریفییه به‌سه‌ر یەکێکی دیکەدا. لای لایەنگرانی ئەم میتۆدە، گوتاری مه‌عریفیی باو به‌م شێوه‌یه له مێژوودا له ڕووی ئهپستمۆلۆجییەوە دروستبوون و به‌رده‌وام زاڵبوون و دابڕانی گوتاری مه‌عریفی له‌ئارادایه.
ڕەهەندی ڕەخنهیی له لێكۆڵینه‌وه ئاینده‌ییه‌كان، پاش پۆستبونیادگهرایی گوڕی وەرگرت. ئامانجی سه‌ره‌كیی ئه‌م میتۆده، ته‌نگه‌تاوكردنی په‌یوه‌ندییه دهسهڵاتدارییهكانی ئێستایه به ڕەخنەگرتن و نیشاندانی دابڕانه مێژووییه جیاوازەكانی په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و بیر و بههاكانە، سه‌ره‌نجام هاندانیان به‌ره‌و گومانكردن له شێوه‌ی ئێستای سیستمه‌كان و ناپارێزراوی و ناجێگیرییان، به‌مه‌ش بوارێك و ئاماده‌ییه‌كی مه‌عریفی بۆ ئامادەسازیی(استحضار – evoking) ئایندهیەکی ئه‌لته‌رناتیڤ و جیاواز فه‌راهه‌م ده‌كات. ئاشكرایه به‌كارهێنانی ئه‌م میتۆده له لێكۆڵینه‌وه ئاینده‌ییه‌كان، ئاماده‌یی فیكری لای ئاینده‌ناس دروست ده‌كات بۆ گومانكردن له ئێستا و ئاینده باوه باڵاده‌سته‌كان و ئاسۆی بیركردنه‌وه له ئایندهی جیاواز و سیناریۆی جیاواز؛ فراوانتر و ئازادتر ده‌كات.
٥. میتۆدی پێكه‌وه‌یی (تشاركی)
له میتۆد و ڕەهەندی پێكه‌وه‌ییدا، ئامانجی دیاریكراوی خاوه‌ن بهرژەوهندی یان پرۆژەكه ڕۆڵی سه‌ره‌كیی هه‌یه له كۆكردنه‌وه‌ی ئایندهناسهكان و خاوه‌ن بهرژەوهندییهكان بۆ دروستكردنی دیدێكی پێكه‌وه‌یی بۆ ئاینده. هه‌وڵی سه‌ره‌كی لێره، گه‌شه‌پێدانی پێشبینییه‌كانه بۆ ئه‌گه‌ر و خوازراوه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی.
ئاینده و خاوه‌ندارێتی لێرەدا بۆ ئه‌م كه‌سانه كه گرنگیی پێ ده‌ده‌ن و ئامادەسازیی بۆ دەکەن کە له ئێستاوه “وه‌به‌رهێنان”ی تێدا بكه‌ن، به‌ڵام وه‌ك بوارێكی ناجێگیر ئه‌م ئاینده‌یه به‌رده‌وام پێویستی به پێداچوونه‌وه و لێپێچینه‌وه هه‌یه، چونكه گەر وا نەبێت، هیچ كات توانای دروستكردنی دیدێكی ته‌واوکار(متكامل) بۆ ئاینده ده‌سته‌به‌ر ناكرێت(4/42).
ڕەهەند و میتۆده‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌وه، هەریەکەیان خه‌سڵه‌ت و شێوازی كاركردنی خۆیان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا ئاماژەی پێ کرا، ڕەهەند و گرنگیی به‌كارهێنانیانه له بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌ییدا. هه‌روه‌ها كه‌سی ئاینده‌ناس(futurest) گرنگه ئاگاداری سه‌رجه‌م ئه‌م میتۆدانه بێت، چونكه به‌كارهێنانی میتۆده‌كان له لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌پێی پرۆژەكان و بابهتهكان و مه‌ودای زه‌مه‌نییان؛ ده‌گۆڕدرێت.
به‌شی دووه‌م: چوارچێوه‌یه‌كی چەمکی (conceptual framework) بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی
ئاینده‌ناسان و لێكۆڵیارانی بواری توێژینه‌وه‌ی ئاینده‌یی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی لایه‌نی مه‌عریفی، هه‌وڵێكی زۆریان بۆ دروستكردنی چوارچێوه‌یه‌كی تیۆری بۆ ئه‌م بواره نوێیه داوه، به‌م پێیه له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابڕدووهوه چه‌ندین چوارچێوه‌ی تیۆرییان لەم ڕووەوە به‌رهه‌م هێناوه. لێره بواری خستنەڕووی سه‌رجه‌م چوارچێوه‌كان نییە، به‌ڵام ده‌كرێت ئاماژە بە گرنگترینیان بكرێت كه بریتین له: چوارچێوه‌ی پرۆسێسی ئاینده‌یی داتۆر (dator)، كه بنه‌ماكه‌ی له ساڵی ١٩٧٩دا داڕێژراوه، هەروەها چوارچێوه‌ی شه‌ش کۆڵەکەیی (پایەیی – pillars)ە، كه دەرکەوتنی بۆ ساڵی ٢٠٠٣ ده‌گه‌ڕێته‌وه (4/45)، لێره‌دا به‌كورتی هه‌وڵی ڕوونكردنه‌وه‌یان ده‌ده‌ین:
١. چوارچێوه‌ی شه‌ش کۆڵەکەیی (pillars)
ئه‌م چوارچێوه‌یه لای زۆرینەی لێكۆڵەرانی بواری ئاینده‌ناسی به‌كار دێت و ده‌كرێت وه‌ك بوارێكی تیۆری بۆ پڕۆسه‌ی ناساندن و دروستكردنی دید به‌كار بهێنرێت، هه‌روه‌ها وه‌ك بوارێكی پراكتیسیش سوودی لێ وه‌رگیراوە. ئه‌م پایە و کۆڵەکانەش بریتین له: نه‌خشه‌كێشان – داڕشتن(mapping)، پێشبینیكردن(anticipation)، كاتدانان (timing)، قووڵبوونه‌وه (deepening)، دروستكردنی ئه‌لته‌رناتیڤ، گوزه‌ركردن(transformation). ئه‌م شه‌ش کۆڵەکەیە ده‌كرێت وه‌ك یه‌ك پڕۆسه‌ی یەک له‌دوای یه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، بۆ ده‌رخستنی كۆی پڕۆسه‌ی تیۆریی ئاینده‌ناسی و دیراسه‌كردنی بابه‌ته‌كانی، هه‌روه‌ها ده‌كرێت له ڕووی پراكتیكییه‌وه به‌جیاش بۆ بابه‌تێكی دیاریكراو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.
یه‌كه‌م: نه‌خشه‌كێشان
ئه‌م پایەیە له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ساده داڕێژراوه، كه به‌ستنه‌وه‌ی مێژووە به ئێستاوە و به‌ره‌و ئاینده و خوێندنه‌وه‌ی ڕووداو و ئاڕاستهكان له‌سه‌ر بنه‌مای چاودێریكردنی ئاڕاسته مێژوییه‌كان، كه بوونیان له ئێستادا هه‌یه یان نا و كاریگەرییان بۆ ئاینده چییە؟ لێكۆڵەر لێرەدا ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه بزانێت له كوێوه هاتووین؟ ئێستا له‌كوێین؟ بۆ كوێ ده‌ڕۆین؟ به دیراسه‌كردنی ئه‌و ئاڕاسته و دیاردانه، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه چ شتێكی مێژوو له ئێستادا به‌رده‌وامیی هه‌یه و ڕه‌نگه بۆ ئاینده‌ش بمێنێته‌وه، هه‌روه‌ها چ ئاڕاسته‌یه‌ك دابڕان یان لاوازیی تێدایه و به‌ره‌و نه‌مان ده‌ڕوات، به‌م شێوه‌یه ئاینده لامان ڕوونتر ده‌بێت و ده‌توانین خۆمانی بۆ ئامادە بكه‌ین.
گه‌ر ئه‌م پرنسیپه لەسەر ئاستی خوێندنه‌وه‌ی ئاڕاسته باوه‌كانی ئێستای جیهان جێبه‌جێ بكه‌ین، ده‌بینین له ئێستادا پێنج ئاڕاستەی سه‌ره‌كیی جیهانی له‌ئارادایه كه بریتین له: ١. گه‌شه‌سه‌ندن: باوه‌ڕ به ته‌كنۆلۆجیای زیاتر، باوه‌ڕبوون به عه‌قڵانیه‌ت، مرۆڤ ناوه‌ندی جیهانه. ٢. ڕووخان: پێیان وایه مرۆڤ گه‌یشتۆته دوا سنووری توانای خۆی و به‌ڵكوو تێیپه‌ڕاندووه، كاره‌ساتی ژینگه و ئه‌تۆمی دروست كردووه. ٣. گه‌یا(gais): به مانای ڕوانین بۆ زه‌وی وه‌ك ڕۆحێك و بوونه‌وه‌رێكی گه‌وره و باخێك كه تیایدا كولتووره‌كان؛ گوڵهكانیەتی، پێویستیی ته‌كنۆلۆجیای كۆمهڵایەتی بۆ چاككردنه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی كه دروستمان كردووه، له ڕێی هاوبه‌شیی زیاتری ژن و پیاو، مرۆڤ و سروشت، مرۆڤ و ته‌كنۆلۆجیا. ٤. به‌جیهانیبوون: نه‌هێشتنی به‌ربه‌سته‌كانی نێوان كولتووره‌كان و مرۆڤه‌كان له ڕێی بازاڕی ئازاد و جووڵه‌ی ئازادی سه‌رمایه و نه‌هێشتنی دۆگمایی و ئایدۆلۆجیا. ٥. گه‌ڕانه‌وه بۆ ئاینده: گه‌ڕانه‌وه بۆ كاته ساده‌كان، ئه‌و كاتانه‌ی دابه‌شبوونی چینایەتی ڕوون و ساده‌تر بوو، ئه‌و كاته‌ی ته‌كنۆلۆجیا كه‌متر زیانبه‌خش بوو، ئه‌م ئاڕاسته‌یه پێی وایه مرۆڤه‌كان ڕێگاكانیان ون كردووه.
بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ئایندەی ئه‌م کۆڵەکەیە، گرنگه شرۆڤەی کارلێکی نێوان ڕابڕدوو و ئێستا و ئایندهی هه‌ر یه‌كێ له‌و ئاڕاستانه‌ی سه‌ره‌وه یان هیی تر، بۆ دیاریکردنی ئاینده‌یه‌كی نوێ بكرێت. به‌كورتی: ئه‌م کۆڵەکەیە به وته‌ی عینایه‌توڵڵا، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌هه‌ندوه‌رگرتنی قورسایی مێژوو و گوشاری ئێستا و ڕاكێشان به‌ره‌و ئاینده داڕێژراوه.
دووه‌م: پێشبینیكردن
ئه‌م پرنسیپه به‌گشتی سوودی له میتۆدی شرۆڤەیی بابه‌ته تازەداهاتووەکان (المستجده) وه‌رگرتووه. شرۆڤەی تازەداهاتووەکان؛ هه‌وڵی ناساندنی ئه‌و ناوچه و شوێنانه ده‌دات كه نیشانە و ئاماژەی ئامێزی دیارده‌ی نوێن (bellweather)، هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه‌ی هه‌ل و ئه‌گه‌ره نوێكان. بابه‌ته‌كانی وه‌ك ئایا له ئاینده‌دا ده‌رمانخانه‌ی زیره‌ك ده‌بێته به‌شێك له جەستەمان؟ خواردنی گۆشت دەبێتە نایاسایی؟ نانۆتهكنۆلۆژی چۆن جه‌سته‌مان ده‌گۆڕێت؟ ته‌مه‌نمان چه‌ند درێژ ده‌كات؟ ئایا لێكۆڵینه‌وه‌ی ئایندەیی ده‌بێته به‌شێك له پڕۆگرامەكانی خوێندنی زارۆکان؟ ئه‌مانه و ده‌یان بابه‌تی سیاسی، ئه‌منی، ئابووری و ته‌كنۆلۆژی…هتد، له‌خۆ ده‌گرێت.
سێیه‌م: كاتدانان
ئه‌م کۆڵەکەیەش جه‌خت لەسه‌ر كاتدانان بۆ ئاینده(timing the future) ده‌كات و میكانیزم و قۆناغ و شێوازه‌كانی گۆڕانی كردۆته ئامانج. لێره‌دا باس له چه‌ندین شێواز و میكانیزمی گرنگ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كات و ئایندەدا دەکرێت، كه لێكۆڵەرانی ئه‌م بواره گرنگییان پێ داوه، كه بریتین له:
– ئایندهی ڕاستەهێڵیی (linear) یه‌ك ئاڕاسته‌یه: له گه‌شه‌سه‌ندنی به‌رده‌وامدایه و گه‌ر به‌کارایی كار بكرێت، فەراهەم ده‌بێت. نووسه‌ره دیاره‌كانی ئه‌م بۆچوونه، ئۆگه‌ست كونت(١٨٧٥) و هێربه‌رت سپنسه‌ر(١٩٧٣)ن.
– ئایندهی بازنه‌یی: لێره‌دا ئاینده بازنه‌ییه، سه‌روخواره، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له سه‌ره‌وه‌یه، ڕەنگه سبه‌ی له خوارەوە بێت، ئه‌وانه‌ی له خوارەوەن، به هۆی خۆنهگونجاندنیان له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆ، به‌رهه‌می ژینگه‌ی دوێنێن و زۆر بەئه‌سته‌م خۆیان له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌كانی ئه‌مڕۆ نوێ ده‌كه‌نه‌وه. ئیبن خه‌لدوون، شپینگله‌ر، سو ما شین؛ له دامه‌زرێنه‌رانی هزریی ئه‌م ئاڕاستهیەن. به‌پێی ئه‌م میتۆده، وڵاتان و میلله‌تان و دامه‌زراوه‌كان له‌نێوان دوو جه‌مسه‌ردا ده‌جووڵێنه‌وه: ناوەندێتی و ناناوەندێتی (سێنتراڵی و ناسێنتراڵی)، مۆدێرنێتە و ئایین، ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی. لێره‌دا گه‌ر توانای زانینی جووڵه‌ی بهندۆلهكهمان هه‌بێت، ئه‌وسا ده‌توانین ستراتیژێكی كارا بۆ ئاینده دابڕ‌ێژین.
– ئایندهی پێچخواردوو (حه‌له‌زۆنی – spiral): لێره‌دا زه‌مه‌ن پێچاوپێچە، واته لە لایەک یه‌ك ئاڕاستە و پێشوەچووە و لە لایەکی تر بازنه‌یی و داخراوه. به بوونی سه‌ركرده‌ی هانده‌ر و كاریزمایی، ده‌كرێت ئاینده دروست بكرێت. ڕاسته رابڕدوو دۆگمایەکە به‌سه‌ر ئێستادا و كێشەسازە بۆی، به‌ڵام نابێت به‌ته‌واوی دوور بخرێته‌وه، پێویسته بكرێتە به‌شێك لێی بۆ به‌هێزكردنی گیانی ئاڕاسته‌كردنی ئاینده. گرنترین بیرمه‌ندی ئه‌م میتۆده، فه‌یله‌سووفی هیندی؛ “پرابهات. ر. ساركار”ە.
– ئاینده زۆر جار له‌لایه‌ن كه‌مینه‌یه‌كی داهێنه‌ر دروست ده‌كرێت: ئه‌و كه‌مینه‌یه ده‌كرێت کەمینەیەکی ئابووری، ته‌كنۆلۆژی، كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری و سیاسی بێت. ئه‌م كه‌مینانه به پێچه‌وانه‌ی لاساییكردنەوەی ڕێوشوێنه كۆنه‌كان ناكه‌ن و ڕێگای نوێ دهگرنە به‌ر و خه‌ڵكانی تریش دوایان ده‌كه‌ون، به‌م شێوه‌یه ئایندهی جیاواز و فرەئایندهیی دروست ده‌بێت. كاتێك گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام جێی كه‌مینه‌ی داهێنه‌ر ده‌گرێتەوە، ده‌رئه‌نجامه‌كان زۆر زیاتر و گه‌وره‌تر ده‌بن. دیارترین تیۆرسێنەکانی ئه‌م میتۆده، “ئاڕنۆڵد تۆینبی” و “ڤێڵفریدۆ پاریتۆ”ن.
– زۆر سه‌رده‌می مێژوویی دیاریكراو هه‌یه كه كاری چه‌ند كه‌سێكی كه‌م، كاریگه‌ریی گه‌وره دروست ده‌كات: ئه‌و سه‌رده‌مانه ئه‌و كاته‌ن كه ڕێوشوێنه كۆنه‌كان چیتر بێسوودن، ئه‌وه‌ی بۆ دوێنی سه‌ركه‌وتوو بوو، ئه‌مڕۆ بێكهڵكه. ئێمه ئێستا له‌و دۆخه‌دا ده‌ژین. ئه‌م میتۆده لای زۆربه‌ی ئاینده‌ناسان بۆ قۆناغی گوزه‌ركردن (په‌ڕینه‌وه) په‌سه‌نده. گرنگترین كه‌سانی ئه‌م بواره: ئه‌لڤین تۆفله‌ر، ئۆلیڤه‌ر ماركلی، جیمیس داتۆر، پرابهات .ر. ساركار و زۆرێکی دیکەن.
چواره‌م: قووڵكردنەوەی ئاینده (deepening the future)
گرنگترین میتۆد كه لێره‌دا به‌كار دەهێنرێت، شیكردنی توێژاڵەکان (ڕەهەندەکان)ی هۆكاره (causal layered analysis) (1/50). ئه‌م میتۆده هه‌وڵی چاڵکردن و قووڵكردنەوە و دەرخستنی به‌ره‌و ئاینده ده‌دات. ئه‌م میتۆده له چوار ڕەهەندی سه‌ره‌كی پێك دێت:
یه‌كه‌میان: ڕووكه‌شی (litany)، یان ئه‌وه‌ی به ئایندهی “ڕۆژ دوای ڕۆژ” ناسراوه. لێره مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شت و داتا ئاساییه ڕۆژانهییەكاندا ده‌كرێت و مه‌ودای ئاینده‌یی زۆر كورته، وه‌ك شیكردنه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ی هه‌واڵه‌كان.
دووه‌م: توێژاڵی هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تییه، ڕەهەندێکی قووڵە، گرنگی به هۆكار و بزوێنه‌ره ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسیی ڕووداوه‌كان ده‌دات و شییان ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها له ڕووی زه‌مه‌نییه‌وه له هیی یه‌كه‌م درێژخایه‌نتره.
سێیه‌م: توێژاڵی قووڵتره، كه گوتار و جیهانبینی(worldview) كه‌سه‌كانه. ئه‌مه ئه‌و وێنه گه‌وره‌یه‌یه كه باس له پاڕادایمەكان ده‌كات و ژێرخانی بیركردنهوە و ئیدراكمان پێك دەهێنێت و ده‌مانجووڵێنێت.
چواره‌م: ئه‌فسانه و چیرۆكه‌كانه(myths)، كه له قووڵترین شوێنی ئیدراكماندایه و ناسنامەشمان ڕەنگدانهوهی ئه‌م ئه‌فسانه و چیرۆكانه‌یه.
ئاشكرایە توێژاڵەکانی یه‌كه‌م و دووه‌م زۆرتر دیار و ئاشكران، به‌ڵام سێیه‌م و چواره‌م ناڕوونن، له شیكردنهوەشدا كه‌سی ده‌ره‌كی بەئه‌سته‌م دەتوانێت په‌ی بە ڕەهەند و ئاستی سێیه‌م و چواره‌م ببات.
بۆ دروستكردنی دێدێكی قووڵ بۆ بابه‌تێكی دیاریكراو، ده‌كرێت سوود له هه‌ر چوار توێژاڵەکەی شرۆڤەکردن وەربگیرێت. بۆ نموونه؛ گه‌ر بابه‌تێكی “په‌یوه‌ست به دابه‌زینی ئاستی خوێندن” شرۆڤە بكرێت، ده‌كرێت قسه له‌سه‌ر ڕاهێنان و په‌ره‌پێدانی توانای مامۆستایان بكرێت به چاره‌سه‌ر بۆ توێژاڵ (ڕەهەند)ی یه‌كه‌م. له ئاستی دووه‌میشدا گۆڕینی سیستمی خوێندن، پێداگۆجی به چاره‌سه‌رێكی قووڵتر سه‌یر ده‌كرێت. له ئاستی سێیەمیشدا باس له به‌هێزكردنی ڕۆڵی خوێندكار ده‌كرێت و مامۆستا چیتر نه‌بێته ناوەندی پڕۆسه‌ی خوێندن، واته گۆڕینی پارادایم و بیركردنه‌وه‌ی باو بۆ مامۆستا و خوێندكار. له ئاست و توێژاڵی چواره‌میشدا، بیر و باس له ئه‌فسانه و چیرۆكه باوه‌كانی ئه‌م بواره بکرێت. بۆ نموونه؛ گوزارەی “مامۆستا هه‌موو كاتێك باشتر و زیره‌كتره له خوێنكارەکانی و… هتد”، له به‌رامبه‌ردا چیرۆك و ئه‌فسانه‌ی بونیادنه‌ری نوێ دروست ده‌كرێت. به‌م شێوه‌یه به گرێدانی سه‌رجه‌م ئه‌م توێژاڵ و ئاستانە، ده‌توانرێت چاره‌سه‌ری قووڵ و دوورمه‌ودا (ئاینده‌یی) بۆ كێشه‌كان بدۆزرێته‌وه.
پێنجه‌م: دروستكردنی ئه‌لته‌رناتیڤ
له‌م پرنسیپه‌دا گرنگتین میتۆدی به‌كارهاتوو، سیناریۆیه. میتۆدی سیناریۆسازی كه ئێستا(حاضر) له‌به‌رده‌م چه‌ندین ئایندهی جیاوازدا ده‌كاته‌وه، ئاستی ناڕوونیی ئاینده گه‌مارۆ ده‌دات و مه‌ترسییه‌كانی به زانین و ناسینی كه‌م ده‌كاته‌وه، سه‌ره‌نجام ئاماده‌كاریی عه‌قڵی بۆ پێشبینیی ئاینده په‌ره پێ ده‌دات.
بۆ داڕشتنی سیناریۆش، چه‌ندین ته‌كنیکی جیاواز هه‌یه: یه‌كه‌میان فره‌چه‌شنه، دوه‌میان دوو گۆڕاو(متغیر)، سێیه‌م كه وه‌ك سیناریۆی نموونه‌یی ده‌ناسرێت و باس له به‌رده‌وامیی گه‌شه‌سه‌ندن ده‌كات، چواره‌میان داڕمانی ئێستایه، پێنجه‌میان به‌رده‌وامبوونی دۆخهكهیە، شه‌شه‌م گوزهرکردنە بەرەو دۆخێكی نوێ. ته‌كنیكی دیکەش په‌یوه‌سته بە ڕەهەندی جیاوازەوە: سیناریۆی خوازراو(ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت)، سیناریۆی ڕەتكراوە (نامانه‌وێت)، سیناریۆی تێكهڵە له‌نێوان خوازراو و ڕەتكراودا، ڕەههندی كۆتاییش “سیناریۆی دوور”ە.
شه‌شه‌م: گوزه‌ركردن بەرەو ئاینده
له‌م قۆناغه‌دا، ئاینده خه‌ریكه به‌ره‌و بژارده خوازراوهكانمان چڕ ده‌بێته‌وه. لێره‌دا سێ میتۆدی سه‌ره‌كیی كاركردن هه‌یه: میتۆدی دیدگهیی(visioning)، میتۆدی په‌خشكردن(backcasting)، میتۆدی تێپەڕاندن(transcened) (4/48-58).
میتۆدی دیدگهیی
دید و بهدیدگاییبوون له بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئایندەییدا، مه‌سه‌له‌یه‌كی ژیانییه. دیده‌كان؛ كه‌س و گرووپه‌كان هان ده‌دات له چوارچێوه‌ی “ئێستا” ده‌ربچن و بیر له ئه‌گه‌ره‌كانی ئاینده بكەنەوە، هه‌روه‌ها پێیان ده‌ڵێت كه‌ی پێویسته ئامانجه كورتمه‌وداكان بكرێنە قوربانیی ئامانجه دوورمه‌وداكان.
بۆ پێشخستن و گه‌شه‌پێدانی دید، سێ ڕێچکەی سه‌ره‌كی هه‌ن: شیكردنه‌وه له ڕێی سیناریۆوە، شیكردنه‌وه له ڕێی پرسیارەوە، شیكردنهوە له ڕێی وێناكردنی داهێنانەوە (creative visualization).
له میتۆدی شیكردنەوه له ڕێی سیناریۆدا، سه‌ره‌كیترین بابه‌ت؛ سیناریۆی خوازراوه كه پێمان باشه و په‌سه‌نده و هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین، ئه‌م سیناریۆیه لێرەدا دروستكه‌ری سه‌ره‌كیی دیدهكهیه.
سه‌باره‌ت به میتۆدی دید له ڕێی پرسیارەوە، لێره‌دا چه‌ندین پرسیار ئاڕاسته‌ی خۆمان ده‌كه‌ین، به وه‌ڵامدانه‌وه‌یان؛ وێنای ئه‌و دیده‌مان بۆ گه‌ڵاڵه ده‌بێت. بۆ نموونه؛ ده‌پرسین: پێویسته ڕۆڵی خوێندنی باڵا له بازاڕی كاردا چۆن بێت؟ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ بازاڕی كاردا چۆن بێت؟ چ جۆره پێداگۆجییهك ئه‌و كاره ده‌كات؟ مامۆستاكانی پێویستیان به چی ده‌بێت؟ شێوه‌ی لێوه‌رگرتنی خوێندكار چۆن بێت؟ ئه‌م پرسیارانە و هیی دیکەش، دیدێكی ئایندهییمان بۆ گه‌ڵاڵه دەكەن و به ئامانجی سه‌ره‌كیمان دەمانبهستێتهوه.
میتۆدی سێیه‌م كه وێناكردنی داهێنانه، لێره‌شدا جەختكردن له‌سه‌ر ئایندهی خوازراو؛ كاری سه‌ره‌كییه. کە تێیدا داوا له كه‌سه‌كان ده‌كرێت چاویان دابخه‌ن و خۆیان به‌ره‌و ئاینده به‌رن، چه‌ند پرسیاری سه‌ره‌كی له كه‌سه‌كه دەكرێت، بۆ نموونه؛ چه‌ند ساڵ له پێشه‌وه‌ی ئێستادایت؟ كوردستان چۆن ده‌بینیت؟ په‌یوەندیی هێزه ناوخۆییه‌كان چۆنه؟ سه‌روه‌ریی یاسا و دادی كۆمه‌ڵایه‌تی له چ ئاستێكدایه؟ ئاشكرایه پرسیاره‌كان بۆ ئه‌وه‌یه كه “ئه‌و ئاینده‌یه‌ی خوازراوه، به وێناكردن” ببینرێت، زیاتر گفتوگۆیە له‌گه‌ڵ حه‌ز و بیره شاراوه‌كانی كه‌سه‌كه. له كۆتاییدا دوای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كان، نهخشەیهكی گریمانەیی دیده‌كه‌مان لا گه‌ڵاڵه دەکات.
میتۆدی په‌خشكردن (ingbackcast)
ئه‌م میتۆده له‌لایه‌ن “ئه‌لیس بۆلدین”ەوە ساڵی ١٩٩٥ گه‌شه‌ی پێ درا، دوای دروستبوونی دیدێك بۆ ئاینده سه‌باره‌ت به بابه‌تی دیاریكراو، قۆناخی په‌خشكردن واته گواستنه‌وه‌ی دیده‌كان بۆ ئه‌و ئاینده خوازراوه‌ی كه دیاری كراوه. ده‌ستپێكردنی ئه‌م پڕۆسه‌یه، پێویستی به دانان و جێبه‌جێكردنی پلانێك و ته‌رخانكردنی بودجه‌یه‌ك ده‌بێت. لێره‌دا گرنگه ئاماژە به‌وه بكرێت كه مه‌رج نییه ئایندهی خوازراو ئایندهیەکی باش بێت، به‌ڵكوو بۆ ئایندهی خراپیش ده‌كرێت جێبه‌جێ بكرێت. بۆ نموونه؛ كاتێك بمانه‌وێ بزانین بۆچی و چۆن گه‌یشتینه ئه‌م دۆخە ناپەسەندەی ئێستا؟ به لێكۆڵینه‌وه له‌و دۆخ و سیناریۆیانه دەبێت کە ئێمه‌ی گه‌یانده ئێستا، كه ئاینده‌یه‌كی نه‌خوازراوه بۆ ئه‌و ڕابردووه.
میتۆدی تێپەڕاندن (transcened)
ئه‌م میتۆده به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌و دۆخه دانراوه كه دیدەكان به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون یان دژ به یه‌ك ده‌بن، واته دوو دیدی به‌هێز له یه‌ك كایه‌دا كار ده‌كه‌ن، تووشی به‌ركه‌وتن ده‌بن. كاری سه‌ره‌كی لێره‌دا ئه‌وەیە هه‌ردوو دیده‌كه پێویسته سازش بۆیه‌ك نه‌كه‌ن، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه له ڕێی گێژەڵووکەی زەینییەوە ئهلتەرناتیڤێكی نوێی داهێنه‌رانه كه هه‌ردوو دیده‌كه له‌خۆ بگرێت، بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە دروست دەكرێت.
٢. چوارچێوه‌ی چه‌مكی ڤۆرۆ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئایندە (foresight)
ئه‌م چوارچێوه‌یه له بنهڕەتدا له‌لایه‌ن “میتبێرگ هۆرتن” و “سلاوته‌ر”ەوە دانراوه، به‌ڵام ساڵی ٢٠٠٣ له‌لایه‌ن جۆزێڤ ڤۆرۆوه گه‌شه‌ی پێ درا. به‌پێی ئه‌م چوارچێوه‌یه، پڕۆسه‌ی ئاینده‌ناسی له چوار قۆناغی سه‌ره‌كی پێك دێت: داخڵكردن(input)، خودی پڕۆسه‌ی کار لەسەر ئاینده‌ناسی(forsight work)، قۆناغی به‌رهه‌م(output)، دوا قۆناغیش ستراتیژە(11/8).
قۆناغی داخڵكردن (input)
له‌م قۆناغه‌دا داتا و زانیاریی پێویست له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه كۆ ده‌كرێته‌وه. لێره‌دا چه‌ندین ته‌كنیك به‌كار دێت وه‌ك ده‌لفی و پانێل، كه ئامانجی سه‌ره‌كیی كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین ڕا و داتا و زانیارییه، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك سلاوته‌ر ده‌ڵێت: “ئایندهی نزیكمان لا دروست بێت”. لێره‌دا ژینگه‌ی كێشه‌كه، واته سه‌رجه‌م زانیاری و په‌یوه‌ندی و دۆخ و… هتد، دیراسه و ڕووپێو ده‌كرێت، کە هه‌ندێك به ڕووپێوی ستراتیژی ناوی ده‌به‌ن، هه‌ندێكیش ته‌نها چەمکی ڕووپێوی ژینگه‌یی بۆ به‌كار ده‌هێنن.
قۆناغی كاری دووربینیكردن (foresight work)
له‌م قۆناغه‌دا پڕۆسه‌ی دروستكردن و داڕشتنی دووربینی (ئاینده‌بینی) گه‌ڵاڵه ده‌کرێت، خودی پڕۆسه‌كه له نێوخۆدا به سێ قۆناغ: (شیكردنه‌وه، شرۆڤە و پێشبینی)دا تێده‌په‌ڕێت.
له قۆناغی شیكردنه‌وه‌دا، به سوودوه‌رگرتن له‌و داتا و زانیارییانه‌ی كۆ كراونەتهوه و داخڵ كراون، هه‌وڵ ده‌درێت وه‌ڵامی پرسیاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌م قۆناغه بدرێتەوە: “چی ڕوو ده‌دات؟” لێره هه‌وڵی دەربازبوون له‌و شڵه‌ژانه ده‌درێت كه به هۆی داتا و زانیارییە فراوان و هه‌ندێ جار دژبهیهكانە کە لەبەردەم شرۆڤەکاردا ده‌بێت و هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تاییش بۆ داڕشتی ڕێسای بچووك ده‌نرێت. ته‌كنیكه به‌كارهاتووه‌كان لێرەدا شرۆڤەی ئاڕاستهكان و ڕێكخستنی كاریگه‌ریی یه‌كتربڕ و… هتد، دەبن.
به شێوه‌یه‌كی گشتی شرۆڤەکردنەکە باس له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵگە ده‌كات كه پێشینه‌ی هه‌یە، به‌ڵام گرنگه لێره‌دا توانای جیاكردنه‌وه‌ی ئاڕاسته‌كانی هەبێت، هه‌روه‌ها توانای ناساندنی گه‌وره‌بوونی ئاڕاسته‌یه‌ك کە به‌ره‌و ڕەوتی سەرەکی(mainstream) دەڕوات و ناساندنی به‌ریه‌ككه‌وتنی ئاڕاسته‌كانی هه‌بێت. دوور نییه له شرۆڤەكهدا هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاڕاستهكان به‌ره‌و لاوازبوون یان نه‌مانی ئاڕاسته‌یه‌ك بڕوات، دیاره سه‌رجه‌میان په‌یوه‌ستن به قه‌باره‌ی داتا و زانیارییه‌كان و پسپۆڕی و توانای شرۆڤەکردنی زانستییەوە.
له قۆناغی ڕاڤەکردندا كه پاش شیكردنه‌وه دێت، پرسیاره‌كه ده‌گۆڕدرێت بۆ پرسیاری وردتر و سنووردارتر: “له واقعدا چی ڕوو ده‌دات؟” به دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ندێ ئه‌گه‌ری قۆناغی پێشوو، لێكدانه‌وه‌ی قووڵتر بۆ هۆكاره جیاوازه‌كان و خوێندنه‌وه، وه‌ڵامێكی جیاوازمان ده‌ست ده‌كه‌وێت. قووڵبوونه‌وه و میتۆدی ڕەخنەگرتن و شرۆڤەی توێژاڵەکانی هۆكار و بیركردنه‌وه‌ی سیستماتیكی، هێمای سه‌ره‌كیی ئه‌م قۆناغه‌ن.
قۆناغی پێشبینیكردن، كه دواهه‌مین قۆناغی ئایندەبینی و دووربینییه. لێره‌دا پرسیاری سه‌ره‌كی “ڕەنگه چی ڕوو بدات؟” له‌م قۆناغه‌دا، ته‌كنیكه‌كانی سیناریۆسازی و بهدیدگاكردن (visioning) و پێوانه‌یی (normative) به‌كار دێن و تاقی ده‌كرێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له كۆتاییدا ئایندهكان له سه‌رجه‌م ڕووه‌كانی خوازراو، ئه‌گه‌ری و گریمانەیی وێنا بكرێت. به كۆتاییهاتنی پێشبینیكردن، قۆناغی كار و دووربینی كۆتایی دێت.
قۆناغی سێیه‌م، دەرچە و به‌رهه‌مە (output). له‌م قۆناغه‌دا ئه‌ركی ئاینده‌ناس ده‌گۆڕدرێت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره سه‌ره‌كییه: چی پێویسته بكرێت؟ واته دوای دروستكردنی دیدێك و وێنایه‌ك بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و دیده، گرنگه وا بکرێت بهپراكتیكییش جێبه‌جێ بكرێت، به‌وه‌ی له سه‌ره‌تادا بزانرێت كه پێویسته چی بكرێت. ته‌كنیكه‌كانی ۆرك شۆپ و نمایشکردن (پرێزنته‌یشن) و ئاماده‌كردنی ڕاپۆڕت، چه‌ند میتۆدێكی كاری ئه‌م قۆناغەن.
قۆناغی ستراتیژ، دوا قۆناغی پڕۆسه‌ی دووربینیكردنه. پاش ئه‌وه‌ی وێناكردن و بژاردە خوازراوه‌كان بەڕوونی ئاماده ده‌بن، له ستراتیژدا جێبه‌جێ ده‌كرێن. ئه‌م قۆناغه، وه‌ڵامی ئه‌م دوو پرسیاره سه‌ره‌كییه ده‌داتەوە: “ئێمه چی ده‌كه‌ین؟ چۆن ده‌یكه‌ین؟” دیاره گرنگه لێره ئاگامان له‌وه بێت كه پێویستە دووباره ههڵسهنگاندنەوەی به‌رده‌وام بۆ ئامانجه‌كانمان له‌نێوان قۆناغی داخڵكردن (چوونەنێو – input) و به‌رهه‌مدا (دەرچە – output) بكرێت، ئەمەش بە مه‌به‌ستی دڵنیابوون له دوورنه‌كه‌وتنه‌وه له ئامانجه‌كان. ئه‌و ته‌كنیكانه‌ی لێرەدا به‌كار دێن زۆرن، له‌وانه گه‌شه‌پێدان و پلانی ستراتیژی، ۆرك شۆپ و سیمینار.
ئه‌نجام
دوای ئه‌م گه‌شته كورته به‌نێو مێژووی بیركردنه‌وه له ئایندەناسی لای مرۆڤ، دەركه‌وتنی كایه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی وه‌ك بوارێكی مه‌عریفی، پاشان ئاكادیمی و خستنەڕووی بنه‌ما تیۆرییه‌كانی ئه‌م كایه نوێیه و ئه‌و میتۆد و ته‌كنیكانه‌ی تیایدا به‌كار دێن، ده‌كرێت چه‌ند ده‌ره‌نجامێك به‌ده‌ست بێنین:
١. ئاڕاسته‌ی بیركردنه‌وه له ئاینده زۆر كۆنه، بۆ سهرەتاكانی ده‌ركه‌وتنی مرۆڤی عاقڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه و شارستانیەتە دێرینەکان و كۆمه‌ڵگەكان تا كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م به شێوه و ته‌كنیكی جیاواز گوزارشتیان لێ كردووه. به‌ڵام ته‌نها دوای ده‌ركه‌وتنی زانسته نوێكانی وەک فیزیا، ماتماتیك و گه‌شه‌كردنی نوێی ته‌كنۆلۆژیا، قۆناغی ڕاسته‌قینه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی ده‌ستی پێ كرد.
٢. له سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی ئه‌م كایه نوێیه، پرسیار له‌سه‌ر بهزانستیبوون و بهئهكادیمیبوونی ورووژێنراوه، به‌ڵام هه‌ر زوو وڵاتان پاش كۆتایی شه‌ڕی دووه‌می جیهانی، به هۆكاری پراكتیكی (سه‌ربازی و ته‌كنۆلۆجی و ئابووری)، گرنگییان به‌م بواره نوێیه داوە و دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ت و بودجه‌یان بۆ تەرخان كرد.
٣. له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه، پاش په‌سه‌ندكردنی وه‌ك بوارێكی ئه‌كادیمی، سه‌ره‌تای داڕشتنی بناغه‌ی تیۆری بۆ ئه‌م كایه مه‌عریفییه ده‌ست پێ كرا. ئه‌م پڕۆسه‌یه تا ئێستا به‌رده‌وامه و ته‌واو نه‌بووه، به‌ڵام بنه‌مای گرنگی بۆ داڕێژراوه. ئامانجی سه‌ره‌كیی تیۆریزه‌كردنی ئه‌م بواره، دوورخستنه‌وه‌یه‌تی له‌و ڕەخنانه‌ی كه پێیان وا بوو ئه‌م بواره یارییه‌كی (ترف) فیكرییه و بنه‌مای تیۆری و میتۆدی دیاریكراوی كاركردنی نییه و بۆیه له ڕووی پراكتیكییه‌وه فێربوونی ئه‌سته‌مه.
٤. بیردۆزه‌كانی ئه‌م بواره، هه‌وڵی زۆر ده‌ده‌ن كه ئه‌م كایه‌یه به لایه‌نی پراكتیكییەوە ببه‌ستنه‌وه. به‌پێی بیردۆزه‌كان، پڕۆسه‌ی بیركردنه‌وه و پلاندانی ستراتیژی، چ له ئاستی وڵاتان یان دامه‌زراوه‌كان یان كۆمپانیا و كه‌سه‌كان، بێ بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاینده‌یی و دووربینیكردن؛ ناتەواو و كه‌موكورتن و به‌ڵكوو ڕەنگە نه‌زۆكیش بن.
٥. لای وڵاتان و كه‌سه‌كان و دامه‌زراوه‌كان، به هۆی ئاڵۆزیی ڕۆژگاری ئه‌مڕۆوە، به‌رزبوونەوەی ئاستی ناڕوونی و مه‌ترسی له ئێستا و ئاینده، لێكۆڵینه‌وه ئاینده‌ییه‌كان وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی عەقڵانی و هێمنانه و ئهكادیمیانەن بۆ كه‌مكردنەوەی ئاستی مه‌ترسییه‌كان و ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌گه‌ر و بژارده‌كان، سه‌ره‌نجام به‌خشینی بڕێك له ئارامی و دڵنیایی و باوه‌ڕ به‌رامبه‌ر به خوێندنه‌وه و دروستكردنی ئایندەشە.
لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئاینده‌یی؛ پوختە ده‌روازه‌یه‌كی تیۆری |