• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 28, 2022

ڕانانى ئایندەیى ژمارە (١٠) ى ساڵى٢٠٢٢

ئايندەى پێكهێنانى حكومەتى نوێ لە گێژاوى ململانێكانى عێراقدا

ململانێكانى نێو ماڵى شيعە- سونە- كورد و كاريگەرييە نێودەوڵەتى و هەرێمييەكان

– ڕانانی ئایندەیی ژمارە (١٠)

– توێژەران: د.یوسف گۆران، د.ئومێد رفیق فتاح، د.عابد خالد رسول، د.هەردى مهدى میکە

– سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ئایندەیی – سلێمانى – هەرێمى کوردستان

– نيسانی ٢٠٢٢

پێرستى تەوەرەکان

 

تەوەری یەکەم: ململانێى شیعە ـ شیعە و کاریگەرىی لەسەرچەقبەستووىی ئایندەى عێراق.

تەوەری دووەم: ماڵی پەرتەوازەی کوردستانی؛وەرچەرخاندنی هەل بۆ هەڕەشەی سەر هەرێم.

تەوەری سێیەم: ململانێ دواخراوەكانى ماڵى سوننە و پێكهێنانى حكومەتى نوێى عێراق.

تەوەری چوارەم: كاريگەرييە نێودەوڵەتى و هەرێمييەكان لە پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی به‌غداد.

سەرەتا

زياتر لە شەش مانگ بەسەر دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا (١٠ى تشرینی یەکەمی ٢٠٢١) تێپەڕبووە و هێشتا هێزە سیاسییەکان لە هەنگاوەکانی هەڵبژاردنی سەرکۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، لە چوارچێوەی یەکەمدان، بە ڕوانینەوە بۆ ڕووداوەکانی دوو ساڵی ڕابردووی عێراق و نێوچەکە و ئەو بارگۆڕان و وەرچەرخانە سیاسییانەی هاتوونەتە کایەوە، لە هەرکاتێک زیاتر عێراقییەکان و ناوماڵى هەريەك لە پێكهاتەکانی شیعە و سوننە و کورد پێویستییان بە نزیکبوونەوە و لێکگەیشتن هەیە، هەڕەشە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بەردەرکەی سەرجەم عێراقی گرتووە: ئەگەری بووژانەوەی تیرۆر، سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی نێوەڕاست و خواروو، ئەگەری جێهێشتنی هاوپەیمانان، توندتربوونی ململانێ هەرێمی و سەرووهەرێمییەکان و ڕۆڵی توندتر و کاریگەرتری ئێران و تورکیا لەسەر سەروەریی و دەستێوەردانی سیاسیی لە عێراقدا نموونەی کەمی ئەو هەڕەشانەن کە یەخەی عێراقیان گرتووە. بە پێچەوانەی ئەم هەڕەشە زیندووانەی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق، هێزە سیاسییەکانی نێو پرۆسەی سیاسیی لە هەرسێ ماڵەکە، لە هەمووکات زياتر هەم لەگەڵ یەک و هەم لە نێوخۆی خۆشیاندا، لێکترازانی زیاتر و خۆیان بۆ دەستبادانی نوێ بەرامبەر یەک ئامادەکردووە، لە کاتێکدا هیچ یەک لە تەوژمە سیاسییەکان و هاوپەیمانێتییە نوێکان لە پێکێهێنانی حکومەتدا تا ئێستا بێ ئەوانی دیکە لە بڕینی هەنگاوەکاندا سەرکەوتوو نەبوون.

ڕانانی ژمارە دە؛ لە چوار تەوەردا تاوتوێی دۆخی عێراقی لە ڕەهەندی ململانێکانی نێوماڵى هەر پێكهاتەيەک لە شیعە، سوننە و کورد، و کێشەکانی نێوخۆیان و کاریگەریی هێزە نێودەوڵەتييەكان و وڵاتانی هەرێمایەتی لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراق کردووە و سیناریۆ ئایندەییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی بۆ قۆناغەکانی داهاتوو خستووەتەڕوو.


تەوەری یەکەم:

ململانێى شیعە ـ شیعە و کاریگەرى لەسەرچەقبەستووى  ئایندەى عێراق

لەدواى هەڵبژاردنەکانى ١٠/١٠/٢٠٢١ و ڕاگەیاندنی ئەنجامى هەڵبژاردن و دەرکەوتنی هاوپەیمانى سەدر وەک گەورەترین براوەى شیعەکان بە ٧٣ کورسى پەرلەمانى، ململانێیەکى توندى لە نێوان هێزە شیعەکان دروست بوو بە تایبەت لە نێوان هێزە شیعیەکان لەلايەك و ڕەوتی سەدر لەلاكەيەكەيتر، تا گەیشتن بەوەى کە هێزەکانى دەوڵەتى یاسا و هاوپەیمانى فەتح تانە لە ئەنجامى هەڵبژاردنەکان بدەن، بەڵام دواجار دادگاى باڵاى فیدراڵى بە بریارێک ئەم کەیسەى یەکلایکردەوە، لە گێمى یەکەمدا سەدرییەکان یارییەکیان بردەوە و ئەنجامى هەڵبژاردنەکان ڕاستاندنى بۆ کرا و هەمووان ئەنجامەکەیان پەسەندکرد، گێمی دووەمى ململانێکە ئەو کات دەستى پێکردەوە کە دانیشتنى یەکەمى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندرا و سەرۆکى ئەو ئەنجومەنە بە رێککەوتنێکى سێ قۆڵی: ڕەوتى سەدر، هاوپەیمانى سونە (عەزم و تەقەدوم) و پارتى دیموکراتى کوردستان، سەرۆکى ئەنجومەنی نوێنەرانیان هەڵبژارد، ئەم ڕێککەوتنە درزێکى گەورەترى کردە نێو پێکهاتەى شیعەکانەوە، تا دروستکردنى دوو بەرەى جیاواز (هاوپەیمانى چوارچێوەى هەماهەنگى) لە بەرامبەر ڕەوتى سەدر و هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەکەی کە دواتر ناونرا (ڕزگاری نیشتمان- إنفاذ وطن). بەڵام لە دواى سێ دانیشتنى پەرلەمانى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار هاوپەیمانى سێ قۆڵى شکستى هێنا لە ئەنجامدانی دانیشتنى یاسایى بۆ هەڵبژاردنى سەرکۆمار و ڕاسپاردنی لیستی یەکەم بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانى( حکومەتى زۆرینەى نیشتیمانى).

لێرەدا گرنگە ئەو هۆکارانەی ڕۆڵیان هەیە لە تۆخکردنەوەى ململانێكانى نێوماڵی شیعە و بەبنبەستگەيشتنى پەيوەندييە سياسييەكانى نێوانيان باس بکرێن:

یەکەم : ئاستەکانى هاوسەنگى نوێنەرایەتى و کارگێڕى

لەبەرئەوەى دابەشکاریی پۆستەکانی حکومەت و یەکە کارگێڕییەکان بە پێوەرى پشکپشکێنەى پێكهاتەيى و حیزبی و ناوچەییە،  بە تایبەتى دواى ئەوەى ئەنجومەنى پارێزگاكان هەڵوەشێنرایەوە، کە هەردوو ڕۆڵى یاسادانان و چاودێرى دەبینى لە سنورى یەکە کارگێرییەکاندا، ئێستا تاکە دەزگاى نوینەرایەتى لۆکاڵى پارێزگایە لەرووى پێشکەشکردنى هەموو جۆرە خزمەتگوزاریییە گشتیەکانەوە، بۆیە شەڕى یەکلاکردنەوەى ئەم پۆستانە، یەکێکە لە هۆکارەکانى قوڵکردنەوەى ململانێکانى، بە تایبەت دواى ئەوەى هەردوو پارێزگارى نەجەف و ناسرییە بۆ ڕەوتى سەدر یەکلایى بووتەوە، ئەم گۆرانکارییە نەخشەى دابەشکردنى سیاسى گۆڕى، چونکە زۆربەى زۆرى پارێزگاکانى باشورى عێراق لە پێشوودا لاى هێزەکانى حیزبى دەعوە و ڕەوتى حیکمە و فەتح بوون.

دووەم: ململانێى چەکدارى  حکومەتى زۆرینەى نیشتیمانى 

هەرچەندە زۆربەى هێزە سیاسیيە شیعەکان لەهەردوو بەرەى چوارچێوەى هەماهەنگى و ڕەوتى سەدر خاوەنى هێزى ناڕێکخراون و لە چوارچێوەى فەرمیدا لە ژێر سێبەرى حەشدى شەعبیدا ڕێکخراون، بەڵام بنچينەى ململانێکە لەم ئاستەدا ئەوەيە کەوا لە سەدر دەيەوێت لە ڕێگەى بانگەشەى ڕێکخستنەوەى هێزەکان کۆنترۆڵى دەوڵەت بکات، هێزەکانى چوارچێوەى هەماهەنگىش ترسى گەورەیان ئەوەیە ئەم درووشمە بۆ لێپرسنەوە بێت. فاکتەرێکى تر لە پاڵ ئەم فاکتەرەدا بابەتى حکومەتى زۆرینەى نیشتیمانیيە، کە نیگەرانییەکانى زیاتر کردوە، چونکە دەستورى عێراقى زیاتر لە ناوەڕۆکدا دەستورێکى تەوافوقییە، پێداگرییەکانى سەدر بۆ دروستکردنى حکومەتى زۆرینەى نیشتیمانى بە لێکدانەوەیەکى تر بەپەراوێزخستن و دورخستنەوە ئەوانى دى دەخوێنرێتەوە.

سێیەم: دەسەڵاتى باوکایەتى

دواى ئەوەى ماوەیەکى درێژخایەنە مەرجەعى باڵاى شیعەکان (عەلی سیستانى) خۆى بەدوور گرتووە لە هەموو ڕایەکى سیاسى، بەهۆکارى بێلایەنى و فاکتەرى هەڵکشانى تەمەن و خۆتەرخانکردن بۆ کارى ئایینى، بۆشاییەکى سیاسی دروستبووە، ئەم بۆشاییە کارى کردووتە سەر لێکترازانى زیاتری هێزە شیعیەکان، ئەوەى لە فەزاى شیعەکاندا دەتوانێت یارییەکە بگۆڕێت کۆمەڵێک فاکتەرە، شەڕى کاریزماى ئاينى و سیاسى، باکگراوندى سیاسى، سوودوەرگرتن لە میراتى مێژوویى بنەماڵە و پاشخانى کۆمەڵایەتى لە کاروبار ئاینى و سیاسەتدا، پشتگیرى جەماوەرى لەڕێگەى گوتارى پۆپۆلیستى، ئەم فاکتەرانە پیکەوە، بۆ کەسێکى وەکو موقتەدا سەدر ڕێگە خۆشکەرن کە چانسى زیاترى لە سەرکردە سیاسیەکانى تر دەبوو ئەگەر پلەکانى کاریزماى مەرجەعى ئاینى هەبوایە، لانى کەم لەڕووى پلەبەندى پێدانى ئەم نازناوە لە روانگەى مەزهەبى شیعیەوە. سەدر زیاتر لە جارێک بانگەشەى ئەوەی کردووە کە دەبێت ئەو حکومەتەى سەدر دروستى دەکات باوکانە بێت، لە بەرامبەردا هێزەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى وا موقتەدا سەدر دەناسێنن کە تەنها سەرکردەیەکى سیاسییە نەک مەرجەعێکى ئاینى، چونکە سەدر بەرەى خۆى هەیە، بەیەک دوورى لەگەڵ هەموو هێزەکان نییە. لەلایەکى ترەوە ئەو ململانێ مێژوییەى لە نێوان باڵەکانى حیزبى دەعوەى ئیسلامیدا هەبووە و چەندین جیابوونەوەى لە وێستگە جیاوازەکاندا بە خۆوە بینیووە، رۆڵى نەرێنى هەیە لە قووڵبوونەوەى ململانێکان، بە تایبەت کە بنەماڵەى سەدر خۆیان بە خاوەنى ڕاستەقینەى حیزبەکە دەزانن. بۆیە بەڕوونى ئەو ململانێ مێژووییە لە نێوان سەدر و مالیکىدا دیارە، ڕەنگە مێژووى پێکدادانى حکومەتى سەردەمى مالیکى لەگەڵ هێزەکانى سوپاى مەهدى سەر بە ڕەوتى سەدر کاریگەریى بەرچاوى هەبێت لە چەقبەستنى زیاترى نێوان ئەم دوو ڕەوتە، چونکە سەدر ئەوەى نەشاردۆتەوە كە نایەوێت فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا لە حکومەتدا بەشداربن.


تەوەری دووەم: ‌

ماڵی پەرتەوازەی کوردستانی؛ وەرچەرخاندنی هەل بۆ هەڕەشەی سەر هەرێم

بە ڕوانین بۆ دۆخی گەرمی سیاسیی و ناجێگیریی و ناڕوونی ئایندەی نێوچەکە، ڕەنگە هیچ کات هێندەی ئێستا کورد پێویستیی بە یەکڕیزی و هاوشانی بۆ یەکخستنی تواناکان و کەمکردنەوەی هەڕشە ئایندەییەکان نەبووبێت، بەڵام پێچەوانەکەی لەسەر زەمینی واقیع دەبینرێت. ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە لەگەڵ باهۆزی هەڕەشە و نائارامییەکاندا، ماڵی کوردیش بەدەست شەپۆلە توند و لاوازەکانەوە ئاراستەکەی دەگۆڕدرێت و ئەوەشی نابینرێت یەکخستنی گووتار و دانانی ستراتیژ و کۆدەنگییە لەسەر ئامرازەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان و قۆستنەوەی دەرفەتەکانە.

هەنووکە چەند پرسێکی سەرەکی یەخەی ماڵی کوردییان گرتووە و ئاسۆی چارەسەریشیان بە گوێرەی جوڵەی هێزە پێکهێنەرەکانی کوردستان و دووری مەودای گوتارەکانیان، نادیار و ڕوو بە درزی زیاترە. هەندێکیان ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە نێوخۆی هەرێمەوە و هەندێکیشیان بەرهەمهاتووی ململانێ عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانن، لە گرنگترینیان:

١. پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان:

بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ساڵى ١٩٩٢، چەند مانگێکی دیکە، کۆتایی خولی ئێستای پەرلەمانە و پێویستە لە مانگى (تشرينى دووەم)ى ئەم ساڵدا هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام بدرێت، بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوو و بە ئێستاشەوە ڕێککنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر هەردوو پرسی هەمواری یاساکە و  پێكهاتەى کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسى، نەک ئامادەکارییە یاسایی و کارگێڕییەکانیان پەکخستووە، بەڵکو نیوماڵی کوردیشی دوولەت کردووە و هەڕەشەی نوێی بۆ درووستکردووە، كە بێگومان كاريگەييان لەسەر بەشدارى كورد لە حكومەتى نوێى عێراقدا دەبێت.

٢. پرسی شێوازی بەڕێوەبردنی سامانی سروشتیی هەرێم:

ئاشكرايە كە ئەم پرسە لە بنەڕەتدا يەكێكە لەتەوەرەكانى ململانێى نێوان هەرێمى كوردستان و حكومەتى فيدراڵى عێراق، كە لە لايەك هەرێمى كوردستان بە ڕاڤەكردنى تاك لايەنەى خۆى بۆ هەندێك دەقى دەستورى عێراقى ساڵى ٢٠٠٥ بەمافى خۆى دەزانێت لە سنورى خۆيدا نەوت بەرهەم بهێنێت و هەناردەى بكات، لەبەرامبەريشدا حكومەتى فيدراڵى عێراق، بەپێى چەند دەقێكيتر لە هەمان دەستور، پێداگرى لەسەر دەسەڵاتى حەصرى خۆى دەكات لەم بوارەدا. كەواتە ناكۆكيەكان لەم پرسەدا لەنێوان هەرێم و عێراقە، نەك لە نێو لايەنە كوردييەكاندا، بەتايبەت كە هەر لەسەرەتاوە یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات وەک پێکهێنەرانی سەرەکی حکومەتی هەرێم، بەرهەمهێنان و هەناردەكردنى نەوت بە ڕێککەوتن و هاوبەشی هەردوولايان بووە و یەکدیدگاش بوون لە بەڕێوەبردنییدا، بەڵام ئەم دیدگا هاوبەشە لەئەگەرى  ڕێككنەكەوتنى ئەو دوو لايەنە لەسەر چۆنێتى بەشداريكردنيان وەك هێزە سەرەكييەكانى پێكهاتەى كورد لە حكومەتى ئايندەى عێراقدا، گرەنتى بەردەوامبوونى نييە، بەتايبەت لە دواى بڕيارەكەى دادگاى فييدراڵى سەبارەت بە نادەستوريبوونى بەرهەمهێنان و هەناردەكردنى نەوت لەلايەن هەرێمى كوردستانەوە، وا دەخوازێت كە هەرێم لەچوارچێوە ئەو پێشهاتە ياساييە نوێيەدا دەست بە گفتوگۆ و ڕێككەوتنى توكمەتر لەجاران لەگەڵ حكومەتى فيدراڵى بكات، ئەمەش وا پێوست دەكات ئەمجارە كورد ديدگايەكى بەهێزتر و يەكگرتووتر لەسەر مافى خۆى بۆ بەڕێوەبردنی سامانە سروشتييەكانى ناو سنورى هەرێمەكەى خۆى لەبەرامبەر حكومەتى فيدراڵيدا بخاتەڕوو.

٣. پرۆسەی سیاسیی بەغدا و لێکەوتەکانی لەسەر ماڵی کوردستانی

پاش دوا هەڵبژاردنی عێراق (٢٠٢١)، پرسێکی نوێ کە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و دیاریکردنی سەرکۆمار و ترازان و جەمسەربەندیی نێو ماڵی شیعەیە، لەبری دروستکردنی هەل، بە پێچەوانەوە پرژی ململانێکە نێوماڵی کوردیشی گرتەوە و هەر لە پاش دەرکەوتنی ئەنجامەکانەوە، هێزە کوردستانییەکان هەريەكەو بە ئاڕاستەى جيا بەرەو بەغدا بەڕێ کەوتن؛ هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستانە بە ڕێککەوتن لە بەرەی سێقۆڵی (بارزانی-صەدر-حەلبووسی)دا بوو. بەهۆی کاردانەوەی ئەم بەرەیە و پێداگری پارتی-یش لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و تەحەفوزاتی یەکێتی لەسەر قاڵبی بەرە سێقۆڵییەکە، یەکێتی نیشتمانی (بە لێکگەیشتن و هاوهەڵوێستی نەک ڕێککەوتن) لە بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی نزیکبوویەوە و ئەوەی مایەوە کورسیەکانی نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامییە  وەک ڕێککەوتن لەگەڵ هیچ لایەک لەم جەمسەرانە ڕێککەوتنیان نییە، بەڵام بەپێی هاوکێشە و دۆخە کاتییەکانی نێو پرۆسەی سیاسیی، هەماهەنگییان لەگەڵ تشرینییەکان و هەندێجار لەگەڵ هاوپەیمانی سێقۆڵی و بگرە چوارچێوەی هەماهەنگیشدا هەبووە.

لەهەموو ئەگەرەکاندا ئەوەی ڕوونە: ماڵی کوردی پەرتەوازەیە و هیچ کاتێک بەدرێژایی ١٩ساڵی پرۆسەی سیاسیی عێراق، هێندەی ئێستا بێ بەرنامەى هاوبەش نەبووە، لەکاتێکدا باشترین هەل و کات بۆ دەستکەوتی سیاسیی و شوناسی و نیشتمانی کوردستانی، هیچکات هێندەی ئێستا هەلی باشی بۆ کورد پێنەبووە. بەڵام دەبینرێت بە پێچەوانەوە ئەم هەلە بووەتە هەڕەشە و ماڵی کوردستانی لەتتر و دەستکەوتە ناتەواوەکانی ئەزموونی هەرێمیشی خستووەتە ژێر هەڕەشەوە.


تەوەری سێیەم: ‌

ململانێ دواخراوەكانى ماڵى سوننە و پێكهێنانى حكومەتى نوێى عێراق

لەقۆناغەكانى سەرەتاى دواى هەڵبژاردنە پەرلەمانييە پێشوەختەكەى ٢٠٢١، کەمێک ئارامتر لە دۆخى هەردوو ماڵى (شيعە) و (كورد)، ماڵی سوننە و براوەکانی هەڵبژاردنیان تاڕادەیەک ناکۆکی و ململانێیان کەمتر خۆی نواند، كاتێك وابەستە و پێکەوەگرێدراوتر جوڵانەوە و لە پشکی خۆیان لە سێ سەرۆکایەتییەکە (سەرۆکی پەرلەمان)یان هەر زوو برد، لانى كەم لەسەر ئاستى ئەو هێز و قەوارە و هاوپەيمانييە سوننييانەى كە لە هەڵبژاردنەكەدا سەركەوتووبوون، چونكە هەر زوو دواى بڵاوبوونەوەى ئەنجامە بەراييەكانى ئەو هەڵبژاردنە زۆربەى ئەم هێزە سونييانە جۆرێك لێك تێگەيشتن و نزيكييان هەبوو بۆ چۆنێتى بەشداريكردن لە حكومەتى نوێ و دابەشكردنى بەركەوتەكانى سونە لە دەسەڵات و پايەكان لە نێوانی خۆياندا. بەڵام ئەم لێكنزيكييەى نێوان سوننەكان زۆر درێژەى نەخاياند و هەنووکە قسە لە جیابوونەوەی زۆربەى باڵی “عەزم” لە نێو ئەم بەرەیەدا دەکرێت کە چەندین کورسی لەگەڵ خۆیدا دەبات، تەریب بەم هەواڵەش گەڕاندنەوە و ئەستۆپاکیی دادگایی چەندین سەرکردەی نەیار و داواکراوی پێشتر (عیساوی و حاتەم)، لە گۆڕەپانی سیاسییدا دەرکەوت، کە کۆمەڵێک کەسایەتی کاریگەری نێو ماڵی سوننە بوون و دوور نییە وەک جەمسەربەندییەک بەرامبەر بەرەی حەلبووسی-خەنجەر قووت ببنەوە (لەم کردەیەشدا پەنجە بۆ “هەماهەنگی” و ئێران درێژ دەکرێت کە کۆمەکاریان بێت) و دوولەتی ماڵی سووننەش بەردەوامبێت. بەڵام گریمانەی ئەوەش دەکرێت ئەم لەتبوونەی سوننە ڕێی لێبگیرێت لەڕێگەی فشار و دەستێوەردانی هەریەک لە ئیمارات و تورکیاوە ئەندازەکاریی بکرێت.

بەگشتی لەدواى هەڵبژاردنە پێشوەختەكە، وا دەردەکەوت ئەمجارە هێزە سوننەکان سووربن لەسەر سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ڕۆڵى خۆيان لە نەخشەی سياسىی عێراقدا، لەپێناو دەرچوون لەو چوارچێوە تەقلیدييەى کە لە ساڵی 2003 ەوە ڕيتمى حوكمكردنى عێراقی لەسەرى ئاژواوە، كە هەميشە تيايدا ڕكێڤکردنی زۆربەی جومگەکانی دەوڵەت لەدەست هێزە شيعەكان بووە، لەبەرامبەر بەشداریکردنێكی ڕووكەشى و پەراوێزى پێكهاتەکانی تر تێيدا بەتایبەت پێكهاتەى سوننە.

هەرچەندە هێزە سوننەکان هەردەم پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان وەرگرتووە، کە سێیەمین پۆستی باڵای سيستەمى حوكمڕانى عێراقە لە سايەى دەستور ٢٠٠٥ دا، لەپاڵ چەندین پۆستى وەزارى و كارگێڕى باڵا لە كابينە یەک لەدوای یەکەکانى حكومەتدا، بەڵام بەنزیکەيی لەماوەى دوو دەیەیەى ڕابردوودا هەميشە سوننەكان گلەییان لە باڵادەستى و هەژموونی شیعە بەسەر زۆربەی جومگە هەستیارەکانی وڵاتدا هەبووە، ئەم گلەييەش لەخۆڕا نەبوو بەڵكو لە زەمينەى واقعدا بەڵگەدار بوو، بۆ نمونە سەرجەم دامەزراوە و دەستە سەربەخۆكانى وەك (دەستەى دەستپاكی، ڕاگەياندن و پەیوەندیەکان، بانکی ناوەندی، وەبەرهێنان، ناکۆکييەكانى موڵکدارى…)، كە دامەزراوەگەلێكن لە زۆربەی وەزارەتەکانی ناو كابينەى حکومەت گرنگترن، هەمیشە سەرۆکایەتیی ئەم دەستانە بۆ کەسایەتییە شیعیەکان قۆرخكراو بووە، وێڕاى قۆرخکردنی زۆربەی وەزارەت و دەزگا ئەمنییەکان لەلايەن شیعەوە، جگە لە وەزارەتی بەرگری کە وەک نەریت بە كەسايەتييەكى سونە دراوە بەڵام بە ڕەزامەندی هێزە شیعییەکان دەستنیشان کراوە.

هەڵبەت ئەو لێكنزيكييە ڕێژەييەى لەدواى هەڵبژاردنەكەى ئۆكتۆبەرى ٢٠٢١ لە نێو ماڵى سوننە دروستبوو بەر لە هەڵبژاردنەكە چاوەڕوانكراو نەبوو، كە ئەو دەمە چەند هێزێك كێبڕكێييان لەسەر دەنگەكانى شەقامى سوننى دەكرد، گرنگترينيان بريتيبوون لە (هاوپەیمانیی تەقەدوم – بەسەرۆکایەتی محمد حەلبوسى سەرۆكى پێشووى ئەنجومەنى نوێنەران) و (هاوپەیمانیی عەزم – بەسەرۆکایەتی خەميس خەنجەرى بازرگان) و (هاوپەيمانى گەلمان شوناسمانە – بەسەرۆکایەتی ئەحمەد محمد جەبوری) و (حزبی جەماوەر – بەسەرۆکایەتی ئەحمەد عبدالله جەبوری) و (پرۆژەی نیشتمانی – بەسەرۆکایەتی جەمال ئەلزاڕی) و (لیستی موتەحيدوون – بەسەرۆکایەتی ئوسامە نوجێفی سەرۆکی پێشووتری ئەنجومەنى نوێنەران) لەگەڵ چەندين هێز و قەوارە و كەسايەتى ديكەى سوننى سەربەخۆ. بەڵام ئەنجامەكانى هەڵبژاردنەكە ئەم هێزانەى بەشێوەيەك ڕيزكردەوە كە هەندێكيان بوونە سەرەكى و هەندێكيشيان مايەپوچ دەرچوون، كە تيايدا تەقەدوم وەك هێزێكى سەرەكى (٣٧) كورسى بردەوە، عەزم (١٤) كورسى، گەلمان شوناسمانە (٣) كورسى، پرۆژەى نيشتمانى (١) كورسى، جەماوەر (١) كورسى و موتەحيدوونيش (هیچ) کورسییەکی بەدەستنەهێنا.

لە دەمى هەڵبژاردنەكاندا ململانێيەكى توند لەنێوان (تەقەدوم) و (عەزم) هەبوو بەشێوەيەك كە ببوە جێى ڕەخنە و نيگەرانى زۆرێك لەسونە، گوايە باشتربوو سوننەكان بەيەك ليست بچنە كێبڕكێى هەڵبژاردنەوە، لەترسى پەرتەوازەبوونى دەنگەكانيان بەرامبەر هێزە كوردستانى و شيعييە نەيارەكانيان لە هەندێك لە ناوچە سوننييەكاندا. بەڵام دواى هەڵبژاردنەكان بەكاوەخۆ هەردوو هاوپەيمانييەكەى حەلبوسى و خەنجەر، بە پاڵنانی هەندێک هێزی هەرێمی وبە سوودوەرگرتن لە دروشمەکەی موقتەدا صەدر كە بريتيى بوو لە (حكومەتى زۆرينەى نيشتمانى) و خوازيارە تەنها پشت بە هێزە سەرەكييەكانى نێو ماڵى شيعە و سونە و كورد ببەستێت وەك شێوازێكى نوێى پێكهێنانى حكومەتى داهاتووى عێراق، هەردوولا بەمەبەستى بەشدارى لە بونيادنى ئەو حكومەتە ململانێ و ناكۆكييەكانى نێوانيان وەلانا و جۆرێك لێكتێگەيشتنيان لەناو ماڵى سوننەدا گەڵاڵەكرد، هاوپەيمانێتیشیان لەگەڵ صەدر پێکهێنا، بەم هەنگاوەش يەكەميان (حەلبوسى) توانى لە ٩/١/ ٢٠٢٢ دا جارێكيتر سەرۆكايەتى پەرلەمان مسۆگەر بكات، دووەميشان (خەنجەر) خوازيارە بە يەكێك لە جێگرەكانى سەرۆك كۆمارى داهاتوو يان جێگرێكى سەرۆك وەزيرانى نوێ دابنرێت، ئەمە جگە لەوەى كە دواتر بووەتە سەرۆكى (هاوپەيمانى سيادە)، كە هێزەكانى ناو (تەقەدوم و عەزم) و چەند هێزێكي ترى سوننەى لەخۆگرتووبو، كە بەپێى هەندێك مەزەندە نزيكەى ٧٠ كورسى ئەنجومەنى نوێنەرانى لەدەوبوو. بەڵام ئێستا بە ئەگەری جیابوونەوەى ١٠ بۆ ١٣ کورسی لە هاوپەيمانى عەزم بە سەرۆكايەتى (موسەنا سامەڕائى) و چوونيان بۆ پاڵ (چوارچێوەى هەماهەنگى) هەڕەشەیەکی جدیی لەسەر بەردەوامبوونى ئەو بەرەيە هەيە.

كەواتە ئەو لێکنزیکییەى لەدواى هەڵبژاردنەكان لە ناو ماڵى سوننەدا بوو، وەك چاوەڕواندەكرا تەنها هەنگاوى تەكتيكى چەند كەسايەتييەك و بۆ دەسكەوتى تايبەت بوو، نەك لەپێناو كۆتاييهێنان بە ململانێ گەوهەرييەكانى نێوانیان بێت، گەرچى بۆ ماوەيەكى كاتى دوايخستن. چونكە ئەم ململانێيانە لە بنەڕەتدا ململانێى كەسیين و لەپێناو بەدەستهێنانى سەرۆكايەتيى كۆى سوننەدان، نەك بۆ يەكخستنى ماڵى سوننە بێت لە دەورى چەند ئامانجێك كە بتوانێت دەربازيان بكات و لە ماڵوێرانييەكانى دواى جەنگى داعش و دياريكردنى چارەنووسى بێسەروشوێنانى ئەو جەنگە و گەڕاندنەوەى ئاوارەکانی سوننە بۆ زێدى خۆيان و كۆتاييهێنان بە هەژموونى هێزە وەلائيەكانى حەشد لە نێوچەكانى نيشتەجێبوونيان و سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەیان.

زياتر لەمەش، لێکنزیکی كاتى نێوان لايەنەكانى پێكهاتەى سوننە و دواخستن يان بەردەواميپێدانى ململانێكانى نێوانيان، بەدوور نييە لە كاریگەری ئەو دابەشبوون و لێنزيكبوونەوە ئيقليمى و نێودەوڵەتييانەى كە هەنوكە لە ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جيهانيشدا هاتوونەتە ئاراوە. بۆيە لە سايەى ئەم كەشە هەرێمی و نێودەوڵەتييەدا و بەمەرجى درێژەكێشانى ئەو ململانێ و ناكۆكييانەى ئێستا لە ناوماڵى شيعە و كورددا هەن، پێدەچێت كاريگەرى ڕۆڵى سوننەكان لە يەكلاكردنەوەى گرێى هەڵبژاردنى سەرۆك كۆمارى دادێیی عێراق و دياركردنى ئەو كەسايەتييەش كە بۆ سەرۆكايەتى ئەنجومەنى وەزيرانى نوێ دەپاڵێورێت، بەندبێت بە ڕادەى توندى ئەو ململانێ دواخراوانەى كە چاوەڕوان دەكرێت لە دواى پوكانەوەى لێكنزيكييە تەكتيكييەكەى حەلبوسى – خەنجەر جارێكيتر سەرلەنوێ بتەقنەوە.

تەوەری چوارەم: ‌

كاریگه‌رییه‌ نێودەوڵەتى و هه‌رێمییه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق

 هه‌ر له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی ڕوخاندنی ڕژێمی دیكتاتۆریی سه‌ددام، له‌ لایه‌ن هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانەوە و پاشان دانانی حاكمی مه‌ده‌نی (پۆل برێمه‌ر) و حوكمكردنی عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ بۆ ماوه‌ی یه‌كساڵ، لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە، ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ دامه‌زراندن و بنه‌ما دامه‌زراوه‌یی و حوكمڕانییه‌كانیدا، كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ری نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییەوە، به‌ڵام له‌وكاته‌وە ‌تا ئه‌مڕۆ ئێران و ئه‌مریكا دوو یاریكه‌ری سه‌ره‌كی نێو گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراق بوون، بۆ ئێستاش، سه‌رباری گۆڕانكاری له‌ ڕۆڵی هه‌ردووكیان و ده‌ركه‌وتنی یاریكه‌ری ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی دیکە، هێشتا هاوكێشه‌ی هەرێمایەتی و نێوده‌وڵه‌تی ( ئه‌مریكا وئێران) له‌ پێكهێنانی  حكومه‌تی به‌غداددا گرنگی خۆی له‌ده‌ست نه‌داوه‌.

یه‌كه‌م:ئه‌مریكا

  هه‌رچه‌نده‌ پاش كشانه‌وه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مریكا (ساڵی ٢٠٠٩)، ئه‌م وڵاته‌ ڕۆڵی سیاسی له‌ عێراقدا پاشه‌كشه‌ی كردووە، به‌ڵام شه‌ڕی داعش له‌ سوریا و عێراق جارێكی تر ئه‌مریكای هێنایه‌وه‌ نێوچه‌كه‌. له‌ سه‌رده‌می  سه‌رۆكایەتیی ترامپدا(٢٠١٧-٢٠٢١) ئه‌مریكییه‌كان پاڵپشتی حكومه‌ته‌كانی عادل عه‌بدو‌لمه‌هدی و كازمییان كرد و به‌ ئاشكرا گوشاری توندیان خسته‌ سه‌ر ئێران.  پاش كوشتنی قاسمی سلێمانی، ئاراسته‌یه‌كی به‌هێز لای ئه‌مریكیه‌كان له‌ عێراقدا په‌یدا بوو كه‌ هه‌وڵی دو‌رخستنه‌وه‌ی هێزو لایه‌نه‌كانی نزیك ئێران له‌ ده‌سه‌ڵاتی عێراق بدرێت. به‌م شێوه‌یه‌ پاڵپشتی خۆی بۆ داواكاری تشرینیه‌كان و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌ربڕی كه‌ تیایدا حكومه‌تێكی(دور له‌ تاران) هه‌ڵبژێردرێت.

    پێده‌چێت له‌سه‌ره‌تادا گه‌شبینیه‌كی ئه‌مریكی بۆ په‌لەكردن له‌ پەكهێنانی حكومه‌ت پاش هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٢١ له‌ ئارادا بووبێت، به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر زوو پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی كرد و پشتگیری ده‌ركه‌وتنی به‌ره‌یه‌كی “شیعی- سوننی- كورد”یان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت دەربڕی، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی هه‌ردوو لایه‌نی سه‌ره‌كی كوردستانی(یه‌كێتی و پارتی) كه‌وتنه‌ نێو ململانێی توندەوە، به‌هۆی داواكاریی چاوه‌ڕێنه‌كراوی پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار و هه‌روه‌ها به‌هۆی سه‌نگه‌رگرتنی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ شیعییه‌كانی تر دژ به‌ سه‌در و سه‌ركه‌وتنیان له‌ په‌كخستنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران، له‌ ئێستادا ئه‌مریكییه‌كان و رۆژئاوا به‌ گشتی لە هه‌مان هه‌ڵوێستی سه‌ره‌تایان خاوبوونەتەوە‌.

 له‌لایه‌كی دیکە‌وه‌ گفتوگۆ ئه‌تۆمییه‌كانی ڤییه‌نای نێوان ئه‌مریكا و ئێران و شه‌ڕی ئۆكرانیا-روسیا كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا له‌ عێراق جێهێشتوه‌. هەنووکە به‌هۆی سه‌ر‌قاڵییان به‌ شه‌ڕی ئۆكرانیا وسه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ئه‌منی له‌ ئه‌وروپا، واشنتۆن و برۆكسل كه‌متر له‌جاران ئاماده‌ییان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وەی ڕاستەوخۆی‌ دژ به‌ ئێران له‌ نێوچه‌كه ‌و عێراقدا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ده‌كرێت ببێته‌ هۆكارێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پاڵپشتی ئه‌مریكا بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق دور له‌ كاریگه‌ری ئێران و لایەنگرەکانی له‌ عێراقدا.

دووه‌م: ئێران

 هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٢١ی عێراق، له‌سه‌ره‌تادا وا لێكده‌درایەو كه‌ شكستێكی گه‌وره‌ی به‌ره‌ی دۆسته‌كانی ئێرانه‌‌، به‌ڵام دوای زیاتر له‌ شه‌ش مانگ له‌ هه‌ڵبژاردن له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار هێشتا به‌ره‌ی(دژ به‌ ئێران) دورن له‌ به‌ده‌سهێنانی به‌رهه‌مه‌كانی هه‌ڵبژاردن.

 ئێرانییه‌كان به‌هۆی هاوكارییكردنی عێراق دژ به‌ شه‌ڕی داعش و دامه‌زراندنی میلیشیاكانی (حه‌شدی شه‌عبی) توانیان ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان له‌ عێراق په‌ره‌پێبده‌ن، هه‌رچه‌نده‌ له‌دوای ٢٠٠٣وه‌ و به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی ئه‌وسای شیعه‌، په‌یوه‌ندی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌بووه‌، به‌ڵام جیاوازیی نێوان مەرجەعەکان و ململانێی سیاسی  نێوان ماڵی شیعه‌ به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌ شیعه‌كانی عێراقیان هاندا بۆ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی ئیقلیمی تر. له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠٢١ یش ئه‌م ڕه‌وته‌ به‌ ڕونی ده‌ركه‌وت.

   پێده‌چێ سه‌رباری گوشاره‌كانی ئه‌مریكا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێران له‌ عێراق به‌ تایبه‌ت باش كوشتنی قاسم سلێمانی، به‌ڵام هێشتا ئه‌سته‌مه‌ هیچ حكومه‌تێك بێ ره‌زامه‌ندی ئێران و دۆسته‌كانی له‌ عێراق پێكبهێنرێت، هێشتا به‌شێكی به‌رچاوی شیعه‌ی عێراق ئه‌و وڵاته‌ به‌ نزیك و ته‌نانه‌ت به‌ مه‌رجه‌عی ئایینی و سیاسی ده‌بینن، بۆیه به‌ پاڵپشتی تاران به‌ره‌یه‌كی چالاكی سیاسییان (چوارچێوه‌ی هه‌مانگی) دروستكردوه‌، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌رده‌وامی شه‌ڕی ئۆكرانیا و ڕوسیا  كاریگه‌ریی  هه‌بووه‌ له‌ به‌هێزكردنه‌وه‌ی هه‌ژمونی ئێران له‌ سوریا و عێراق، به‌تایبه‌ت پێویستیی بازاڕی نه‌وت و گازی جیهانی به‌ تواناكانی ئێران پاش ئه‌وه‌ی وڵاتانی كه‌نداو دژی داواكاری ئه‌مریكا بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌وی كه‌می نه‌وت و گازی روسیا وه‌ستان. به‌م شێوه‌یه‌، هه‌وڵی ڕۆژئاوا بۆ دورخستنه‌وه‌ی ڕوسیا له‌ بازاڕه‌كانی وزه‌، پێگه‌ی ئێرانی له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی و وزه‌ی هه‌رێمی و جیهانی به‌هێزكرده‌وه‌. به‌كورتی دور نیه‌ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ به‌غدا بۆ كاتێك دوا بكه‌وێت كه‌ هه‌ردوو لایه‌نی سه‌ره‌كی(ئێران و ئه‌مریكا)  له‌ گۆشه‌نیگای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی پاش جه‌نگی ئۆكرانیا به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی نوێیان له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ بۆ دروست ‌بێت، یاخود لانیکەم یەکلاببنەوە لە ڕێککەوتن یان ڕێککنەکەوتن.

سێییه‌م: توركیا

 هه‌رچه‌نده‌ توركیا پێشتر ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا نه‌بوه ‌و ته‌نها له‌رێی قه‌ته‌ر و به‌شێك له‌ سوننه‌كان و كورده‌كان كاریگه‌ریی سنورداری هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی نزیكبونه‌وه‌ی ئه‌م دواییه‌ی نێوان توركیا و ئیمارات و زۆر له‌ وڵاتانی كه‌نداو كاریگه‌ریی توركیا له‌سه‌ر دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی جیاوازی شیعی- سونی- كورد په‌ره‌ی سه‌ندوه‌.

 ڕاستی كاریگه‌ری توركیا له‌ هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق له‌ دوو وێستگه‌ی سه‌ره‌كی ده‌ركه‌وت: یه‌كه‌میان كاتێك توانی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ دوو سه‌ركرده‌ی دیاری سوننه‌ (حه‌لبوسی و خه‌نجه‌ر) كۆبكاته‌وه ‌و رێكیان بخات به‌ وه‌رگرتنی سه‌رۆك په‌رله‌مان بۆ حه‌لبوسی و به‌رامبه‌ر پۆستی جێگری سه‌رۆك كۆمار یان جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ خه‌نجه‌ر. وێستگه‌ی دووه‌میش نزیككردنه‌وه‌ی سێ لایه‌نی سه‌ره‌كی(سه‌در، سوننه‌، پارتی) به‌ هاوكاری ئیمارات له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك هاوپەیمانێتی و هه‌وڵدان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و دورخستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی تر.

 هه‌رچه‌نده‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ی كه‌ توركیا به‌ هاوكاری ئیمارات پشتگیری كرد وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئێستا له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ نەیتووانیووە هەنگاوی ڕیشەیی بۆ ئامانجەکەی بەرێتە پێشەوە‌.

به‌شێكی زۆری شیعه‌كان، به‌وانه‌ی كه‌ نزیكی توركیاشن، نیگه‌رانن له‌ ڕۆڵی توركیا له‌ فایلی نه‌وت و گازی كوردستاندا، سه‌باره‌ت به‌ سوننه‌كانیش دۆستی هه‌ره‌ نزیكی توركیا كه‌ ئوسامه‌ نوجێفی بوو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ شكستی هێنا و خه‌میس خه‌نجه‌ریش ته‌نها خاوه‌نی ١٣ كورسی په‌رله‌مانییه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ قورسایی سه‌ره‌كی سوننه‌كان لای حه‌لبوسی(٣٤ كورسییە) كۆبۆته‌وه‌ كه‌ دۆستی نزیكی ئیماراته‌، به‌مه‌ قورسایی توركیا له‌نێو سوننه‌كاندا به‌نده‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیماراتدا.

چواره‌م:ئیمارات

ئه‌م میرنشینه‌  به‌هۆی پشتگیری له‌ سوننه‌كانی عێراق، به‌ تایبه‌ت حه‌لبوسی، له‌لایه‌ك و دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ و هه‌ندێ لایه‌نی شیعی و كورد له‌لایه‌كی ترەوە، ئێستا ڕۆڵێكی زیاتری له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی عێراق ده‌گێڕێت.

  ئیمارات دوای كرانه‌وەی‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و توركیادا، سیاسه‌تێكی جیاواز له‌ نێوچه‌كه‌ په‌یڕه‌و ده‌كات، ئه‌م سیاسه‌ته‌ ته‌نانه‌ت له هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر‌ شه‌ڕی ڕوسیا و ئۆكرانیاشدا ده‌ركه‌وت، کاتێک‌ نه‌چووه‌ پاڵ ئه‌مریكا و بێلایه‌نی خۆی ڕاگه‌یاند. پێده‌چێت له‌ دروستكردنی به‌ره‌ی(سه‌در، حه‌لبوسی، پارتی)دا رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوبێت، ئه‌ویش به‌ بانگێهشتكردنی سه‌ر‌جه‌میان بۆ ئیمارات، ئێستا به‌ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران لەلایەن حه‌لبوسییەوە كه‌ دۆستێكی نزیكی ئیماراته،‌ سه‌ركه‌وتنی دیاری له‌عێراقدا تۆماركردوه‌.

  به‌ڵام به‌مانه‌وه‌ی كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نێوان ئێران و ئیمارات و نزیككه‌وتنه‌وی ئه‌مریكا – ئێران له‌سه‌ر فایلی ئه‌تۆمی و هی تر، ره‌نگه‌ رۆڵی ئیمارات له‌ دیاریكردنی چاره‌نوسی حكومڕانی له‌ عێراق روو له‌ پاشه‌كشه‌ بكات.

ده‌ره‌نجامەكان

١- ده‌ره‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٢٢، وا ده‌ركه‌وت كه‌ به‌ره‌یه‌كی نوێ به‌ سه‌ركردایه‌تی  سه‌در-حه‌لبو‌سی- پارتی  زۆرینه‌یه‌ك پێك دێنێت كه‌ له‌توانایدا بێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی عێراق به‌ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌وه‌ بگرنه‌ده‌ست، به‌ڵام پاش تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌ شه‌ش مانگی هه‌ڵبژاردن، هێشتا جگه‌ له‌ دانانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، شكستیان هێناوە له‌ ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و پێکهێنانی حکومەتدا.

٢- له‌دوای ٢٠٠٤ وه،‌ هه‌مو حكومه‌تێك‌ له‌ عێراق به‌ سازانی نێوخۆیی كورد-شیعه‌-سوننه‌ پێكهاتووه‌، به‌رده‌وامیش كورد و شیعه‌ له‌ نێوخۆیاندا یه‌ك ده‌نگ بوون، به‌ڵام له‌ ئێستادا ڕە‌وتی سه‌در بانگه‌شە بۆ حكومه‌تی زۆرینه‌  نه‌ك سازان دەکات، ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ توانی حه‌لبوسی و پارتی بهێنێته‌ به‌ره‌ی خۆیه‌وه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌ په‌راوێزخستی هێزه‌ كوردستانی و شیعی و سوننیه‌كانی دی.

٣- سه‌باری ئه‌وه‌ی شه‌قامی سیاسی شیعه‌ دیارده‌ی نوێی وه‌ك تشرینییه‌كانی به‌خۆوه‌ بینی و هاتنه‌ نێو په‌رله‌مانه‌وه‌، به‌ڵام نه‌تواندرا پارسه‌نگی هێزه‌ كلاسیكییه‌  ئاینیه‌كان لاسه‌نگ بكه‌ن، ئێستا داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ره‌كان كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بوو، له‌ ئه‌جێندای سیاسی پێكهێنانی حكومه‌تدا نین‌.

٤- به‌هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی “حكومه‌تی زۆرینه‌”  له‌لایه‌ن به‌ره‌ی سه‌در و حه‌لبوسی و پارتی-یەوە، هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتنی ململانێی ئاشكرای نێوان دوو هێزی سه‌ره‌كی كورد(یه‌كێتی و پارتی) له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار كه‌ پێشتر لای یه‌كێتی‌ بوه‌، نێوماڵی كورد، وه‌ك هی سوننه‌و شیعه‌، دووبه‌ره‌كی توندی تێكه‌وتووه‌، به‌شێوه‌ك كه‌ كاریگه‌ری نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر پێگه ‌و ده‌سه‌ڵاتی كورد له‌ به‌غداد هه‌یه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌رێمی كوردستانیش تەشەنەی کردووە‌.

٥- له‌ سه‌ره‌تادا به‌هۆكاری هەرێمی و نێوخۆیی سوننه‌كان به‌ یه‌كده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی ده‌ركه‌وتن و تووانییان پشكی خۆیان(سه‌رۆك په‌رله‌مان) له‌دوای هه‌ڵبژاردن مسۆگه‌ر بكه‌ن. به‌ڵام له‌ ئێستادا به‌ره‌ی سوننه‌ش درزی تێكه‌وت و بەشێکی ڕە‌وتی (عه‌زم)ی سوننی جیابوونه‌وه ‌و چوونه‌ پاڵ به‌ره‌ی دژەوە. به‌م شێوه‌یه‌ ڕوون نیه‌ له‌ ئاینده‌دا له‌ شێوه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت و پۆسته‌ باڵاكانی تری سوننه‌كان به‌ چ شێوه‌یه‌ك دابه‌شده‌كرێت.

٦-ململانێی شیعه‌- شیعه‌ له‌ ئێستادا ناونیشانی سه‌ره‌كیی كێشه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراقه‌، هه‌وڵی سه‌دڕ بۆ دورخستنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی وه‌ك مالكی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی كه‌ دووه‌مین هێزی شیعه‌ی پاش سه‌درە،‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی په‌كخستووه‌ و ته‌وقیتاته‌ ده‌ستورییه‌كانی تێپه‌ڕاندوه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو لایه‌نه‌ نه‌توانن له‌سه‌ر خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كان پێك بێن، ڕە‌نگه‌ په‌كخستن و پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت له‌ عێراقدا درێژە‌ بكێشێت ودواجار بیر له‌ بژارده‌ی تر وه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان یان گوشارخستنه‌ سه‌ر دادگای فیدڕاڵی بۆ ده‌ستێوه‌ردان یان ده‌سپێكردنی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری ملیۆنی بكرێته‌وه‌، كه‌ بێگومان ئه‌مه‌ عێراق ده‌باته‌ نێو تونێلێك له‌ نائارامی مه‌ترسیدار. چونكه‌ تائێستا كلتوری ئوپۆزسیۆن بوون له‌ عێراقدا زۆر لاوازه‌و زۆربه‌ی ململانێ سیاسییه‌كان شێوازی سفری(هەموو شت یان هیچ)یان هه‌یه‌.

بەڵام دیوێکی دیکەی ململانێى پێکهاتەى شیعە، ئەوەیە ڕەنگە بە هۆکارى دەرەکى بوبێت یان رێکەوتنى نێوخۆیى هەرچەندە کێشەکانیش گەورە بن، وەک لە ئەزموونەکانی رابردوودا بینراوە، لە دواجاردا بەرژەوەندى گشتى پێکهاتەکە زاڵبووە و گرێکوێرەى سیاسىیان کراوەتەوە، بەڵام لەئێستادا بەهۆى نەبوونى ئەم فاکتەرانە قورسە لە ئایندەى نزیکدا باس لە ڕێکەوتن بکرێت، چونکە: (لە دواى پرۆسەى ئازادیى عێراق، مەرجەعى باڵا لەسەر ڕوداوەکان بەردەوام هەڵوێستى هەبووە، ئێستا نەبوونى قسەى فەرمى مەرجەعى باڵا واى کردووە بۆشایى گەورە دروست بێت. فاکتەرى وادە دەستورییەکان(التوقیتات الدستوریە) پاڵنەرى سەرەکى بووە لەوەى هێزەکان پەلە بکەن لە پێکهێنانى حکومەت و بەردەوامى بدەن بە پرۆسەى سیاسى. شەقامى سیاسى زۆر کاریگەر تر بوو لە ئێستا، خۆپیشاندانى تشرینی و دەرئەنجامەکانى، تا ڕادەیەکى زۆر بێمتمانەیى و بێهیوایى دروستکردوە، بە تایبەت كە دەرئەنجامەکانى لە ئاست چاوەڕوانى خۆپیشاندەراندا نەبوو. چەک قسەى یەکلاکەرەوە دەکات، بۆیە هیچ هێزێک لەو هێزانە ناتوانن دەستبەردارى دەسەڵات بن).

٧- دور نیه‌ ئێرانییه‌كان (وه‌ك پێشتر) بتوانن رۆڵێك له‌ نزیككردنه‌وه‌ و یه‌كخستنی ماڵی شیعه‌ بگێڕن كه‌ ده‌بێته‌ هۆی زووتر پێكهێنانی حكومه‌ت، به‌ڵام ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ به‌نده‌ به‌ چه‌ندین هۆكاری تری وه‌ك كه‌متربوونه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان تاران و واشنتن و هه‌وڵدانی هه‌ردولا بۆ قایلكردنی دۆسته‌كانیان و نزیكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو سه‌ركرده‌ی نه‌یاری شیعه‌ (سه‌در و مالكی)، به‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی ته‌وافوقی كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ كاریگه‌ره‌كان نوێنه‌رایه‌تیان تێیدا هه‌بێت.

 

ڕانانى-ئایندەیی-ژمارە-10- 2022کوردى

Futuristic Readings No.10-2022


 

Send this to a friend